پەیوەندی نێوانی کولتور و ئاین/دین

زاهیر باهیر

18/03/2024

کولتور چییە؟ کولتور کۆمەڵە ئاداب و هەڵسوەکەوت و تێڕانینییکی هاوبەشی کۆمەڵێك خەڵکە وەکو پێوەرێكی کۆمەڵایەتی دایانناوە کە گرنگ نییە زۆر بن یا کەم کە لە شوێنیکدا جێگیر بوون.  هەرگیز کۆمەڵەکانی بەشەرییە بێ کولتور نەبوون چونکە پێداویستی ژیان و هەڵکردن بە یەکەوە و هەندێ کاری هاوبەش و چەندەها شتی دیکە زەروورییەتی دانانی جۆرێك لە یاسا و ڕێسای بەسەردا سەپاندوون.

ئاین چییە؟ ئاین بڕوا و ئیمانێکە کە خودی ئەو کۆمەڵە کەسە بۆ خۆیانی دیاری دەکەن و دروستی دەکەن  کە ئاسوودە و ئارامییەك دەداتە ڕۆحیان، ئیدی ئەوەی کە بڕوایان پێی هەبووە بینراوە یا نەبینراوە، هەستپێکراوە یاخود هەستپێنەکراو گرنگ نەبووە.  مێژوی ئاین و ئاینەکان لە چاو مێژوی کولتوری کۆمەڵەکاندا هەر زۆر زۆر نزیکە.

ماوەیەکی زۆری پێچووە کە دین/ئاین ببیتە بەشێك لە کولتوری خەڵکەکە، کۆمەڵەکە. پاشان ئەمیش بووەتە بەشێك لە داب و نەرێتی کۆمەڵ و کۆمەڵاتی ئەو کۆمەڵە ، بەڵام هەرگیز ئاین لە ململانێد نەبووە کە پاوانەی کولتور بکات، بەڵکو هاوسەنگی و ئاشتەواییەکی زۆر هەبووە لە نێوانیاندا ، هەر لەبەر ئەوەش کەس زۆری لە کەس نەکردووە و فشاری نەخستۆتە سەر ئەوی دیکە. 

بێ گومان بە تێپەڕینی زەمەن و قۆناخەکانی بەشەرییەت کارایی لەسەر هاوسەنگی نێوانی کولتور و ئاین دانراوە.  کۆمەڵگەی کوردی هەتا کۆتایی پەنجاکان-یش ئاین و کولتور لای ئاوێتە بووە و هەوڵی ئەوەی داوە کە تەنانەت  ئایەت  و وتە شەرەنگێزەکانی موحەمەدی پەیامهێنەریش ڕەتبکرێتەوە بۆیە نە لە مزگەوتەکاندا و نە لە ماڵ و نە لە قوتابخانەکاندا زۆربەی کات ئایەتە باشەکانی قورئان و وتە باشەکانی موحەمەد باسکراون و ناوهێنراون.  کەس مەبەستی نەبووە کە دین بکاتە داردەستێك بۆ مەبەستی دەسەڵاتخوازیی .

لە سەرەتای شەستەکانەوە و دواتریش بەهاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم، ڕێڕەوی دین لە بەشێك لە کولتوری کۆمەلایەتی و تا ڕادەیەك لەوەی لاوەکی بێت گۆڕدرا .  بە واتایەکی دیکە پەیوەندی نێوانی کولتور و ئاین / دین لە هاوسەنگی دەرچوو و ململانێیەکی تووندوتیژ کەوتە نێوانیانەوە تاکو دین سەرکەوێت بەسەر کولتوردا، بە مانایەکی دیکە لە بری ئەوەی کە دین وەکو بەشێك لە کولتوردا بمێنێتەوە ئاشتەوایی نێوانیان بەردەوام بێت بۆ خزمەتی کۆمەڵ، دین هەوڵی پاوانەکردنی کولتوری دا و ویستی خۆی ببێتە سەرەکی و کولتور ببێتە بەشێك لێی .  بەمشێوەیە ڕۆیشت تاکو بە گوێرەی دین داب و نەرێتی کۆمەڵایەتی و کاروباری ڕۆژانە و مامەڵە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بسەپێنرێت بەسەر کۆمەڵدا .

بە داخەوە کە سەرەنجام دین بەسەر کولتوردا سەرکەوت و ئەو هەموو کارەساتە دڵتەزێنانەیان بۆ بەشەرییەت هێناوە کە کۆمەڵگەی ئیسلامی لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا پێوەی دەنالێنێت.

ڤیدوێەکی مێژوویی لەسەر هەندێک لە چالاکییەکانی هەقە و ڕێڕەوی ژیانیان

ەمەسووری کڵاوقووت

خراپ نییە گەر گوێی لێبگیرێت لە مێژوی چەند ساڵێك ئاگەدار بیت

https://vm.tiktok.com/ZGeffk4aw

ڕایسیسیزم لە بریتانیادا بە تایبەت لە نێو ئەندامانی حیزبی حاکمدا لە هەڵکشاندایە

16/03/2024

پێشتر بە پۆستێك  قسەمان لەسەر ئەمە کردووە و بە ئامارەوە نیشانمان داوە کە دوای ڕوداوەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار مەیلی ڕایسستی و هەراسانکردنی ڕایسستیانە بەرانبەر بە موسڵمانان و جوولەکەکان لە زیاد بووندایە .

ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم دیاردە قێزەوەندە لە برەودایە و لە ئێستاشدا وەزیر و ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافزین ، حیزبی حاكم ، هەروەها هەندێك لەوانەشی کە هاوکای پارەیان بە حیزبی موحافیزین کردووە کە یەكێك لەوانە کە ناوی فرانک هێستەیەر ئیرلەندییە هەر لە ئەمساڵدا 10 ملیۆن پاوەندی بەخشیوە بەو حیزبە .

پرسەکە لێرەشدا ناوەستێت بەڵکو لەناو ئەندامانی حیزبەکەشدا بووەتە  دیاردەیەکی باو . لە 521 ئەندامی حیزبی موحافیزین لە سەدا 58 یان دەڵێن ئیسلام هەڕەشەیە لەسەر ڕێڕەوی ژیانی بریتانییەکان.  تەنها لە سەدا 18یان دەڵێن ئەم دوانە جووتن ، واتە ئیسلام و ڕێڕەوی ژیانی بریتانییەکان [ دیارە بەشێکی ئەمانە ئەندامە موسڵمانەکانی ناو حیزبە] . نیوەشیان بروایان وایە بەشێك لە شارەکانی ئەوروپا لەژێڕ کۆنترۆڵی یاسای شەریعەتدایە زۆنی نەڕۆیشتنی غەیرە موسڵمانە ، تەنهاش یەك لەسەر پێنجی ئەندامەکان باوەڕیان وایە کە ڕاگەیاندنەکە هەڵەیە. ئەندامەکانی حیزبی موحافیزین دووجار زیاتر دیدی نەرێیانەی بۆ ئیسلام هەیە، کە بەڕێژەی سەدی دەکاتە لە سەدا 40 ی ئەندامان.

لە ساڵی 2020 دا هەمان ڕاپرسی لە نێو ئەندامانی حیزبی موحافزین دا کرا تەنها لە سەدا 47 ڕایان وابوو کە ئیسلام هەڕەشەیە لەسەر ڕێڕەوی ژیانی بریتانییەکان بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە سەرکەوتووە بۆ لە سەدا 58.

هەر ئاواش بە گوێرە ڕاپرسییەك لە لایەنی کۆمەڵی ” هیوا نەك ڕک و کینە”  کە لە نێوانی 25 هەزار کەسدا کراوە ، لە سەدا 43 یان وتویانە کە بریتانیا لە لێژی و تلبوونەوەدایە ،  واتە بەرەو خراپتر ڕۆیشتوە ، لە سەدا 6 یان دەڵێن ڕژێمەکە باش بەرێوە دەبرێت و لە سەدا 79 یان دەڵێن ” سیاسییەکان گوێ لە خەڵکی وەکو من ناگرن “

لە لایەکی دیکەوە پرسیاری  ئەوە کراوە کە ئایا دەنگدەرانی حیزبی موحافیزین هەر عاشقی دیمۆکراتین ، لە سەدا 48ی ئەوانەی کە جاری پێشتر دەنگیان بۆ حیزبی موحافیزین داوە حەز دەکەن کە ” سەرکردەیەکی بەهێز و یەكلاییکەرەوەیان هەبێت کە گوێ بە دەنگی پەڕلەمان نەدات و پشتگوێی بخات یاخود پەسەندی نەکات ” سێیەکی ئەو 25 هەزار کەسە دەڵێن ” لە هەندێك بارودۆخدا بەکارهێنانی تووندوتیژی زەروویە بۆ بەرگرییکردن لە شتێك کە باوەڕی بەهێزت پێی هەیە”

دژ بە پانابەران کۆچ هێنەران بە بەراورد بە سالی 2022 بە ڕێژەی لە سەدا 20 سەرکەوتووە.   سەبارەت بە کێشەی خۆرهەڵاتی ناوەند ، لە سەردا 38ی ئەمانە لایەنگری لایەنێکیان دەکەن ، لە سەدا 22 لەگەل فەلەستینییەکاندان و لە سەدا 16 لەگەرڵ ئیسرائیل دا ، لە سەدا 27 یش لایەنگری هیچ لایەکیان ناکەن. 

کورد دەلێت: قور بەسەر ئەوەی فیرعەون پێی دەڵێت کافر

15/03/2024

دوێنێ لە بریتانیا پێناسەی نوێی فەرمی سەبارەت بە ” تودندووتیژی” بە پەڕلەمانتاران وترا و ئیتر ئەمە ڕێسا و یاسایەك دەبێت کە بە گوێرەی ئەوە مامەڵە لە گەڵ گروپە تودندڕەواکان دەکرێت.

پێش ئەوەی بێمە سەر کرۆکی بابەتەکە، پرسیارێك دێتە پێشەوە:  ئایا لە حکومەت ، دەوڵەت لە دونیادا توندووتیژتر هەیە؟ ئایا ئەوە کە لە دونیادا ڕوودددات دەوڵەت باعیسی نییە ؟ هەژاری ، بێ کاری ، بێ شوێن و جێگایی ، نەخۆشییەکان ، دروستکردنی گروپە تووندڕەوەکان، شەڕی نێو گەلان دەوڵەتان یاخود شەڕی ناوخۆ ، سەرچاوەی ڕایسیسزم ، فاشیسزم ، هەڵاواردان  دەیان کەم وکووڕی دیکەی نێو کۆمەڵ، دەیەها نادادوەری کۆمەڵایەتیی، نەبوونی یەکسانیی …. هەمو ئەمان کێ دەیکات و کێی لە پشتەوەیە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ؟  ئەگەر دەوڵەت نییە کە پایەی سەرەکی سیستەمەکەیە؟!!

لەگەڵ ئەو بڕە پێناسەی کە من لەسەرەوە کردم بۆ دەوەلەت ،  کەچی هێشتا ئەو پێناسە بۆ توندووتیژی دەکات !! دونیایەکی سەیرە گوڵم…

ێناسەکە چۆن گۆڕاوە؟ پێناسە نوێیەکە چەق و دیقەت دەخاتە سەر ئایدۆلۆژیای گروپەکە ، کەسەکە ، لایەنەکە کە پێشتر ئەو تەرکیزە لەسەر کردار و هەڵسوکەوتەکانی گروپ و کەسەکان بوو کە دەگەڕێتەو بۆ ساڵی 2011.

پێناسە کۆنەکە  بۆ ‘ توندووتیژیی-توندڕەویی:  بەم شێوەیە :  “دژایەتی چالاکانە بەرامبەر بە بەها بنەڕەتییەکانی بەریتانیا، لەوانەش دیموکراسیی، سەروەری یاسا، ئازادیی تاک و ڕێزگرتن و لێبوردەیی یەکتر بۆ باوەڕ و بیروباوەڕە جیاوازەکان“.

 پێناسە نوێیەکە دەڵێت توندڕەوی – توندووتیژی “بەرەوپێشبردن یان پێشخستنی ئایدۆلۆژیایەک کە لەسەر بنەمای توندوتیژیی، ڕق و کینە یان لێبوردەیی دامەزراوە، کە ئامانجی ئەوەیە: 1- ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئەوانی دیکە نکۆڵی لێبکات یان لەناوببات؛ یان 2-  تێکدان، هەڵوەشاندنەوە یان گۆڕینی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی لیبڕاڵ و مافە دیموکراسیەکانی بەریتانیا؛ یاخود 3 – بە مەبەست ژینگەیەکی ڕێگەپێدراو بۆ ئەوانی تر دروست بکەن بۆ بەدەستهێنانی سەبارەت بە ئەوەی سەرەوە : یەک و دوو”

ئەو گروپانەی کە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە کە ‘ توندووتیژن- توندڕەون’ ئەمانەن. من بە ئینگلیزی وەکو خۆیان دای دەنێمەوە. ئەوەی مەبەستێتی دەتوانێت بیدات لە گۆگڵ بۆ وەرگێڕانی بۆ کوردی یا عەرەبی .  گروپەکانی کە بریارەکە دەیانگرێتەوە:

the far-right groups the British National Socialist Movement and Patriotic Alternative and the Muslim groups the Muslim Association of Britain, Muslim Engagement and Development (Mend) and Cage

ئەو ڕێکخراوانەی دیکە کە ناوەکانیان دزەیپێکراوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەچێتە چوارچێوەی پێناسەکە بریتین لە برادەران و  دۆستانی ئەقسا، 5 پایەکە و فەلەستین ئەکشن.

هەروەها ڕێگانادرێت کە وەزیرەکان و بەرپرسان دیمانە و قسە و پەیوەندی بکەن لەگەڵ هیچ کام لەو ڕێکخراوانە.

ئایا ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ بنەبڕکردنی توندووتیژیی – توندڕەویی ؟

بەڕای من ئەمە جگە لەوەی کە ئەم چوارچێوەیە دواتر زۆر گروپ و لایەنی دیکە دەگرێتەوە تا وای لێدێت کە زۆرینەی گروپەکان دەچنە لیستی ڕەشەوە، هاوکاتیش   ئەمە پێچەوانەی ئەم بڕیارە دەچنێتەوە.  هەر بۆ نموونە فشاردانان و پاڵنان بەو گروپانەوە کە بکەونە پەراوێزەوە و قسەنەکردن لەگەڵیانا و بڕینی پەیوەندی لە تەکیاندا زیاتر هانیان دەدات بەوەی کە بە ئاڕاستەی توندووتیژیدا بڕۆن لەبری هاتنیان بەرە و ئاشتی ئاشتەوایی ، هانیان دەدات کە زیاتر پەیوەندی لەگەڵ گروپی تووندڕەو و تیرۆرییستیدا دروست بکەن بە تایبەت گروپ و کۆمەڵە ئیسلامیەکان.

ئەگەر حکومەت بیەوێت هەژموون و کارایی توندووتیژی کەم بکاتەوە ئەوە دەبێت لانی کەم ئەو هەنگاوە بچوک و ئاسایانە بنێت کە من لە پۆستی پێشوومدا هەندێکیانم لیستم کردون.

مانگرتنی دکتۆرەکانی کۆریای باشوور بەردەوامە

12/03/2024

ئەوە نزیکەی سێ هەفتەیە 12 هەزار لە دکتۆرەکانی کە لەژێر چاودێری دکتۆرە ئەزمووندار و شارەزاکاندا کە لە زیاتر لە 100 خەستەخانەدا کار دەکەن  کار دەکەن لە مانگرتندان .  مانگرتنەکانیان گەیشتۆتە ئاسێکی زۆر ناسك یەكلاکەرەوەدا پاش ئەوەی کە وەزیری تەندروستی ئەوێ کەوتۆتە جێ بەجێکردنی هەڕەشەکانییەوە.

لە ئێستادا وەزیری بەشی تەندروستی دەڵێت 4،900 لەو دکتۆرانەی کە مانیان گرتوو  بروانامەی کارکردنیان لێدەسێنریتەوە گەر بەردەوامبن لە مانگرتنەکانیان ،  هاوکاتیش دوای ئەوەش 3 مانگ هەڵپەساردنی کارکرنیان و بەدواداێت کە ئەمەش دواخستنی یەك ساڵیان بۆ ئەوەی ببنە دکتۆری خاوەن ئەزموون و تایبەتمەند بە نەخۆشییەکان دوا دەخات.

ئەم 12 هەزار دکتۆرە کە لە سەدا 93 ی تەواوی هەموو دکتۆرەکانی وەك خۆیان پێکدەهێنێت دەڵێن زیادبوونی  2000 دکتۆری تر لە ساڵی 2025 وە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەتەنگەوەهاتن و خزمەتکردنی نەخۆشەکان لە لایەن دکتۆرەکانەوە لەبەر ئەوە داوای موچەی زیادە دەکەن. 

وەزیری تەندروستی لە ئێستادا هەوڵ دەدات کە  20 دکتۆری نەشتەرگەریی و 138 دکتۆری ئاسایی  لە بەشی سوپا بهێنێت تاکو کاری هەندێك لە دکتۆرەکانی مانگرتوو لە خەستەخانەکاندا بکەن .

بە داخەوە کە بە گوێرەی راپرسییەك لە سەدا 84ی بەشداربووان لایەنگری هاوردنی دکتۆری دیکە دەکەن و لە سەدا 43 داوای  سزادانی گەورە بەسەر مانگرتواندا دەکەن.

چالاکوانانی ژینگە لە ستۆکهۆڵم بلۆکی پەڕلەمانی سویدی دەکەن

12/03/2024

زیاتر لە 50 گەنج لە چالاوانانی ژینگە  بەهاوکای زاناکانی بواری ژینگە بلۆکی پەڕلەمانی سویدیان لە ستۆکهۆڵم کردووە و گریتا سەندبێرگ-یش بەشداری کردووە. .

ئەم گەنجانە نوێنەرایەتی هیچ گروپێکی دیکە ناکەن بەڵکو هی خۆیان، هاوکاتیش گروپەکانی دیکەی ژینگەش هاوپشتییان دەکەن .  چالاکییەکەی ئەمان بەدوای بە ئەندامبوونی سویدەوە بە فەرمی لە هاوپەیمانی ناتۆدا  هات کە دوێنێ ئاڵای سویدی چووە ڕیزی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆوە لە برۆکسل .

ئەمان دەڵێن تا ئێستتا سوید پێشەنگ بووە لە بواری ژینگەدا کاری زۆری لەسەر کراوە بەڵام بە بوونی بە ئەندامی ناتۆ ئەمە کاڵ دەبێتەوە و هێواش دەبێتەوە.

گریتا دەڵیت  “ بەداخەوە  کە سوید تایبەت نییە لە پشتگوێخستنی تەواوەتی قەیرانی کەشوهەوا، بە هیچ شێوەیەک وەک باری نائاسایی مامەڵەی لەگەڵدا ناکات. بەڵام چالاکانە هەوڵدان بۆ سەوزکردن و فریودان و درۆکردن بۆ ئەوەی وا دەرکەوێت کە ئەوان بەس کاردەکەن و بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆن، لەکاتێکدا لەڕاستیدا تەواو پێچەوانەکە ڕوودەدات”.

لەو بارەوە زیاتری وت ئاماژەی بەوەش کرد “سوید بە تایبەتی زۆر باشە لە سەوزایی و چوارچێوەدان بە خۆیان وەک پێشەنگی کەشوهەوا، لەکاتێکدا ئێمە دەردانی گازی ژەهراوی زۆر زۆرمان هەیە بە ڕێژەیەك بۆ هەر تاکێک ئەگەر هەموو دەردانی گازی ژەهراویمان لەخۆ بگرین، لەوانەش دەردانی گازی ژەهراوی لەسەر بنەمای بەکاربردن و بایۆجینیک و هتد و بەتایبەتی ئەگەر سەیری دەردانی مێژوویی گازی ژەهردار بکەین . بۆیە ئێمە بە هیچ شێوەیەک پێشەنگی کەشوهەوا نین”.

پاش تێپەڕینی ئەم هەموو ساڵە بەسەر ڕۆژی جیهانیی ژناندا کەچی دەبینین ….

10/03/2024

لەگەڵ تێپەرینی ئەم ماوە درێژەدا لە یادی ڕۆژی جیهانیی ژنان دا هێشتا دەبینین خەتەنەکردنی کچان لە هەڵکشاندایە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ئەم دیاردە قێزەون و دڕندەیە بەڕێژەی لە سەدا 15 لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە .  لە سالی 2016 دا 200 ملیۆن کچ خەتەنە کراون بە بەراورد بە ئاماری تازە لە ئێستادا کە سەرکەوتووە بۆ 230 ملیۆن کچ.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە لە  ئەو وڵاتانەی کە زیاتر ئەمە دەكرێت : صۆماڵیا، گیونیا، جیبۆتی، میسر ، مالیا، سۆدانە.  دیارە لە شوێنەکانی دیکەش دەکرێت بەڵام نەك بەو ڕادەیە.  ڕاپۆرتەکە بە جیا ژمارەی ئەو شوێنانەی کە ئەو دیاردەیەی تێدا باوە ئاوا باس دەکات : لە ئەفریقا 144 ملیۆن کچ ، لە ئاسیا 80 ملیۆن، لە ڕؤژهەڵاتی ناوین 6 ملیۆن .

لە ساڵی 2012 وە لە بریتانیا خەتەنکردن یاساخ کراوە ، بەڵام هێشتا یا بە دزییەوە دەکرێت یا دایکەکان کچەکانیان دەبەنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێوەی هاتوون، لەوێ دەیکەن .

پزیشکەکانی ئیرلەندەی باکور  کە لەژێر چاودێری دکتۆرە شارەزا و خاوەن ئەزموونەکاندان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر مانیان گرت

06/03/2024

ئەم پزیشکانە کە زانکۆیان تەواوکردووە خاوەن بروانامەی دکتۆرین دەبێت بۆ ماوەی 5 ساڵ ئەزموونیان هەبێت تاکو ببنە دکتۆری خێزان ، واتە پزیشکانێك کە

کە زانیاری گشتییان هەیە.  دەبێت بۆ ماوەی 9 ساڵیش کاربکەن تاکو ئیتر تەواو شارەزا دەبن لە پیشەکەیاندا.  ئەم دکتۆرانە کاتێك کە دەستدەکەن بە کار مووچەکەیان تەنها 26 هەزار پاوندە پێش داشکاندنی باج . 

ئەم دکتۆرانە لە ئیرلەندە لەمڕۆوە لە مانگرتندان تاکو بەیانی 5شەمە سەعات 8ی بەیانی.   لەسەدا 97.6 یان دەنگیان بە مانگرتن داوە و لە سەدا 63.7 یشیان ئامادە بوون کە لە بەردەم خەستەخانەکاندا ناڕەزایی دەربڕن .

کۆمەڵەی پزیشکانی بریتانیا کە نقابەی ئەوانە دەڵێت پزیشکەکان مووچەی ئەم دکتۆرانە بە ڕێژەی لە سەدا 30 یان لیداشکاوە لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا. واتە لەبری زیادبوونی موچەکەیان، موچەکەیان بە لە سەدا 15 بە فیعلی  داشکاوە بە هەڵکشانی هەموو خەرجییەکانی ژیان زائیدەن کرێی خانوو و قیستی بانق و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی دراو.

ڕووی ڕاستی دیمۆکراتییەت لە بریتانیادا

04/03/2024

سیاسییەکانی بریتانیا بچوکترین نە بەسەریاندا تێدەپەڕێت و نە بە قەرزیشی دەدەن.  لەوەتی ڕووداوەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار ڕوویداوە هێڕشی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و ڕەنگدانەوەی،  ئەوە هیچ بووەت هۆی گرانبوونی زیاتری پێداویستییەکانی ژیان لەهەموو ئەوروپادا و دڵەڕواکێی خەڵکی سەبارەت بە گەورەبوونی ئەم جەنگە، بەڵکو باشترین بیانووش بوو بۆ زیاتر کەمکرندەوەی ئازادییەکانمان .

دەربڕینی ناڕەزایی خەڵك دژ بەو کوشتار و جێنۆساسیدەی کە لە فەلەستین ڕۆژانە ڕوودەدات هەفتانە بە دەیەهاهەزار کەس دەچنە سەر شەقامەکان و داوای وەستانی شەرەکە دەکەن.  لە لایەکی دیکەشەوە مەیلی ئیسلامگەرایی و ئیسلامخوازی زیاتر بووە و هاوکاتیش هەراسانکردن و هێڕشکردنە سەر جوولەکە و موسڵمانانیش  لە زیادەبووندایە تا ئەو ڕادەیەی موسسڵـمانان هێڕش بۆ سەریان لە لایەن ڕاستڕەو و کەسانی ڕایسست و فاشیەوە بە ڕێژەی لە سەدا 365 زیادی کردوە ، هەر ئاواش هەمان شت بۆ جولەکەکان بەڵام نەک بەو ڕێژەیە.

لەتەك ئەمانەشدا سساسییە ڕایسستەکانی حیزبی حاکم ، موحافیزین ، چی تر ناتوانن مەیلی ڕایسستیانە و دژە ئیسلامییەتی خۆیان بشارنەوە خۆیان کەشف دەکەن بە ڕاگەیاندن و قسەکانیان کە خودی ئەمەش هانی زیادبوونی ڕق و کینە بەرانبەر بە موسڵمانانی بریتانی دەدات .

حکومەت و وەزیرەکانی بەوەشەوە نەوەستاون کە زۆربەی مافەکانی خۆپیشاندەران و ئەوانەی کە ناڕەزایی دەردەبڕن ، زەوت بکەن و یاسای نوێ دابنین .  لە ئێستادا دەیانەوێت کە ئەو ئەندام پەڕلەمانتارانەی کە هاوپشتی خۆیان بۆ فەلەستین و فەلەستینییەکان و گروپی ژەست فۆڕ ئۆیەل، کە گروپێکی بەرگریکەرن لە ژینگە  دەردەبڕن و دەچنە خۆپیشاندانەکان و تێكەلاویان دەبن لە پەڕلەمان سڕیان بکەن واتە مافی پەڕلەمانتارییان هەڵپەسێرن .

ئەمڕۆ بڕیارە کە وەزیری ناوخۆ و پۆلیس لەگەڵ سەرەك وەزیران کۆببێتەوە و لەسەر ئەو پێشنیارە قسە بکەن و دواتر بیخەنە پەڕلەمانەوە .  گەر ئەمە بکرێت و لە پەڕلەماندا دەنگی پێبدرێت ئەوە ئەمە دەبێتە یاسا و ئیتر پەڕلەمانتار مافی ئەوەی نابێت کە هاوپشتی فەلەستینییەکان بکات ، یانی ناتوانێت نیگەرانی خۆی و ئەوانەی کە دەنگیان بۆ داوە بگەیەنێتە پەرلەمان. 

ئەمەیە ڕووی ڕاستی دیمۆکراتییەتی بریتنایی .