All posts by azadebram

بەرکەوتن و بەیەکدادانی کولتووریی، یان شکستی لێکتێگەیشتنی یەکدی و بەرژەوەندخوازیی

28/08/2026

دەستەواژەی ” بەیەکدادانی یاخود بەریەککەوتنی کولتوور” ماوەیەکی درێژە لە ئارادایە بەڵام هێرشەکانی 11 ی ئەیلوولی 2001 بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن ئەم بیرۆکەیەی زۆر زیاتر بەرچاو خست.  هەر ئەو ڕۆژە جۆرج بوشی کوڕ وتی “ئەمڕۆ هاوشاریانمان، شێوازی ژیانمان، خودی ئازادیمان لە زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی بە ئەنقەست و کوشندەدا کەوتە بەر هێرش”.

بیرۆکەی ‘بەیەکادانی کولتوور’ کە دواتر بە شێوەیەکی گشتی ” بە بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان” ناسراوە. بیرۆکەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان دوای ئەوەی ساموێل پی هەنتینگتۆن ، Samuel P. Huntington ، بابەتێکی لە ساڵی 1993دا بە ناوی پێکدادانی شارستانیەتەکان نووسی ناسرا.  دواتر لە ساڵی 1996 دا فراوانتری کرد و کردییە کتێبێك. هەنتینگتۆن ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای جەنگی ساردەوە ململانێکانی داهاتوو زیاتر بەهۆی جیاوازییە کولتووری و ئایینییەکانەوە دەبن نەک جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان یان ئابوورییەکان.

ڕاگەیاندنەکەی جۆرج بووش لە ڕۆژی کارە تیرۆریستییەکەی ئەیلولی 2001 دا سەرەتایەك بوو یاخود بازدانێك بوو بۆ تێڕوانین و شرۆڤەکردنێکی جیاوازتر تاکو بکرێتە بەهانەیەك بۆ تێڕاونین لە کولتوورە جیاوازەکانی میللەتان  بەو شێوەیەی کە دەویسترێت تا ئەو ڕادەیەی کە وا لێکدەدرایەوە کە ئەمەی ڕوی داوە بەیەکدادانی کولتوورە و میللەتە کوولتور جیاوازەکانن کە خۆشییان بە کولتووری ئەمریکییەکاندا نایەت.  لە بریتانیاش وا شرۆڤەو دەکرا کە گوایە هێڕش دەکرێتە سەر شێوازی ژیانمان.

هەر لەو سەردەمەی هێڕشەکەدا بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن  زۆرێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکاران بە فراوانتر زاراوەی “بەریەککەوتنی شارستانیەتەکانیان” ناسی و دەستیان کرد بە باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و بەشێك لە جیهانی موسڵمانان. بەڵام هەندێکی تر دەیانگوت ئەم لێکدانەوەیە پرسە سیاسی و مێژوویی و ئابوورییە ئاڵۆزەکانی زۆر ئاسان کردووە.

بێ گومان جیاوازی نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکان و کۆمۆنێتییەکان تا دەگاتە جیاوازی نێوانی خێڵەکانیش، جیاوازی کولتوور بەخۆوە دەگرێت، کە ڕەنگە ئادابێکی کولتووری نەتەوەیەك، میللەتێك، لە لایەن نەتەوەکان و میللەتەکانی دیکەوە تا ڕادەیەك غەریب بێت و دەشکرێت بکەوێتە بەر کاردانەوەی خراپیشەوە.

کاتێك کە ئەم دەستەواژەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، واتە کە شێوەیەکی لاستیکی وەردەگرێت، دەشکەوێتە بەردەم ڕەخنە و شیکاری جیاوازیشەوە.  هاوکاتیش خەڵکانێکی زۆریش زاراوەکە پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە دەبینن و ڕەخنەیەکی زۆرییشیان لەو ڕوانگانە گرتووە و دەگرن. ئەوان دەڵێن ململانێکان دەرئەنجامی حەتمی جیاوازییە کولتوورییەکان نین.

ئەمڕۆ سیستەم لە ڕێگای دەوڵەت و دەسەڵات و میدیای فەرمی و سۆشیال میدیا و چین و تۆێژاڵی باڵادەستی وەکو دەستەبژێر گوێ بەو ڕەخنانە نادەن ، بگرە تێڕوانین و ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی دەیخەنە نێو بڕگە یاساییەکانەوە. ئاشکرایە سیستەم کە دەوڵەت و پایە سەرەکییەکەی مانەوەیەتی سوود لە دابەشکردنی خەڵك لە ڕێگای جیاوازی  زمان و ڕەنگ و پێست و کولتوور و نەریتی جیاوازەوە دەبینێت بەو جۆرە مامەڵەیان دەکات کە لە بەررژەوەندی خۆیەتی.  سەرەڕای ئەمەش زمان گرنگە لە دەربڕینی شتەکاندا هەندێك جار بەڕاستی زمان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەیمەنەکردن یان دوورخستنەوە بەکارهێنراوە و بەکاردەهێنرێت، کە ئەو زمانە هەموو بەرژەوەندخوازانی سیستەمەکە بە سیاسی و دەوڵەتمەداران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانەوە ڕۆژانە گوێمان لێیانە کە چۆن بەکاری دەهێنن.

ڕەنگە جێی گومان نەبێت ئەگەر بڵیین لە بریتانیا دەستەواژەی بەیەکدادانی کولتوور بە باری لوتبەرزی دامەزراوەی بریتانی و  بە نزمبینینی نەتەوەکانی دیکەوە بە هۆی کوولتورە جیاوازەکەیانەوە بە هۆکاری بوونی ئەو پاشخانە سیاسییە ئیمپریالانەوە هەیبووە ، زاراوەکان بەکارهێنراوە و مامەڵەیان پێوەکراوە.

من وەکو خۆم پێم وایە دامەزراوەی بریتانیا لەڕادەبەدەر زیرەکن و چەمکێك بەکارناهێنن بەبێ هەبوونی مانایەکی لاستیکیانە. واتە لێکدانەوە بۆ وشە/زاراوە  دەتوانێت نەرێنی و ئەرێنی بێت بەڵام چونکە بریتانیا ئیمپریالیست و کۆڵۆنیستێکی کۆنی بەهێز بووە، لە بەکارهێنانی چەمك و زاراوەکاندا پێموایە  هەمیشە لە ناو هێنانی چەمك و زاراوەکان مەبەستیان لایەنی نەرێنی بووە.

بەڵگەیەک بۆ ئەو ڕایەی سەرەوەم بەکارهێنانی دەستەواژەی ” سروشتیکردنە” .  پرۆسەی ‘سروشتیکردن’ ئەو پرۆسەیە  کاتێك پەنابەران دێنە بریتانیا و مافی پەنابەرییان پێدەدرێت ، دوای ساڵێک لە مۆڵەتی نادیار، مافی Indefinite leave یان، هەیە کە ببنە هاووڵاتی ئەم وڵاتە و خاوەنی پێناسەی بریتانی. ئەو پرۆسەیەی کە پێیدا دەڕۆن پێی دەوترێت ” سروشتیکردن، Naturalisation “.  بەرگریکەرانی ئەم دەستەواژەیە دەڵێن ئەم وشەیە “سروشتیکردن” بەو مانایە نییە کە مرۆڤ پێش ئەوەی ببێتە هاوڵاتی، “ناسروشتی” بووە.  ماناکەی لە مێژووی یاساییەوە هاتووە نەك لە مانای ئاسایی وشەی سروشتی. دەڵێن ناسنامەدان ئەو پرۆسە یاساییە کە کەسێك کە لە کاتی لەدایکبوونیدا هاوڵاتی نەبووە، دواتر لە ژیانیدا هەمان پێگەی یاسایی بەدەست دەهێنێت. هەروەها زۆرێك لە زانایانی یاسایی و حکومەتەکان ئەم زاراوەیە دەهێڵنەوە گوایە مەبەستیان ئەوە نییە کە حوکمێك لەسەر بەها و ناسنامە و مرۆڤایەتی کەسێك بدەن، بەڵکو مانای تەکنیکی جێگیرکراوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.

 بەڵگەیەکی تریان ئەوەیە : زاراوەکە تەمەنی چەندین سەدەیە و لە زۆر وڵاتدا بەکارهاتووە، لەوانە بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا.  بەڵام ئەم پاساوە دروست نییە چونکە کەنەدا و ئەمریکا و ئوسترالیا هەموویان لە سەردەمی جیاوازدا کۆلۆنی بەریتانیا بوون.

ئەوە ڕاستە گەر بڵێین لە وتووێژی ڕۆژانەی ئینگلیز-زماندا  زاراوەی “سروشتی” بەمانای شتێکی ئاسایی یان سروشتی باس دەکرێت .  بەڵام لە کاتێکدا کە پەنابەران بەو پرۆسەیەدا دەڕۆن دەکرێت کەسەکان هەست بکەن کە “سروشتیبوون”  ئەوە دەگەیەنێت کە پەنابەران تەنها دوای بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوون دەبنە کەسێکی “سروشتی” لە بریتانیادا.

لێرەدا من قسەم لەسەر زاراوەی ‘ بەریەککەوتنی کولتوورە ‘ کە زەمینەی دروستکردنی ئەم دەستەواژەیە بوونی ئەو جیاوازییە کولتوری و نەریت  ئادابەیە کە هەیە لە نێوان میللەتاند. ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ ململانێ، یان تێنەگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخان کولتووری جیاوازدا. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە جۆرێك لە تێگەیشتن لە مێژو و پێناسینی کولتوورە جیاوازەکە مامەڵە بکرێت .  

کاتێك ئەو تێگەیشتن و زانیارییە نییە دەربارەی کولتوورەکانی دیکە ئیتر لە نەزانییەوە بێت یاخود گوێ پێنەدان بێت  مشتومڕێکی توند و تیژ، توڕەیی و  ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێکان زاڵ دەبێت و  جێگای گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن  دەگرێتەوە ، کە لەوانەیە تەنها تێنەگەیشتنێك بێت، هیچ دژواری و ناکۆکییەکی تێدا نەبێت.  

بێ گومان هەندێك ئادابی کۆمەڵایەتی یا دینی هەن لەوانە نەناسینی مافی ژنان و بە کەمگرتنیان، نایەکسانییان، بەشوودانیان بە زۆر، بەشوودانی کچانی منداڵ ، خەتەنەکردنی کچان، دژایەتیکردنی هاوڕەگەزخوازان و ترانس،  ئەمانە دەبێت ڕووبەروویان ببینەوە بەڵام نەك بە بەکارهێنانی توندوتیژی و شەڕ و شۆڕ.  بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە ئاداب و نەریتە و پەیڕەوکردنی لە وڵاتانی ئەوروپا و پیشەسازی پێشکەوتودا بەیەکدادانێك لە نێوانی ئادابی ئەوان و ئاداب و نەریتی ئەمان دا دروست دەکات .

ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە هەیە لە نێوانی بەیەکادانی کولتوور و تێنەگەیشتن و نەناسینی کولتوری جیاواز، ئەو جیاوازیانە دەکرێت وەك حەتمی یان مەحاڵ دەربکەون و زاڵ ببن کە چەقبەستووانە بۆ چەواشەکردنی لایەنە جیاوازەکانی دیکە بەکاربهێنرێت.  لە ڕوی سیاسیشەوە  دەتوانرێت ئیستغلال بکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دوژمنایەتی، جیاکاری، یان تەنانەت ململانێی خوێناوی.

لە بەرامبەردا قسەکردن لەسەر “تێگەیشتن لە کولتووری یەکدی” جەخت لەسەر گفتوگۆ و فێربوون و ڕێزگرتنی یەکتر بکرێتەوە و  خەڵك هان بدرێت پێش تێگەیشتن لە داب و نەریت یان بیروباوەڕی جیاوازیان کە هەیانە،  پێش ئەوەی حوکمیان لەسەر بدەن. تێنەگەیشتن لە کولتوورێکی تر تیشك دەخاتە سەر بوونی پێویستی پەروەردە و پەیوەندی.  گفتوگۆی ڕێزدار و ئامادەیی بۆ تێگەیشتن لە کەسانی دیکە دەتوانێت پێشوەختە نەزانین و نەناسینی کولتورەکان کەم بکاتەوە هەر ئاواش  مەترسی ململانێکانیش. ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵك لەسەر هەموو بەهایەك یان ئادابێك  ڕێکبکەون.  دەکرێت بە قووڵی لە کولتوورێکی دیکە تێبگەین لە کاتێکدا کە هێشتا لەگەڵ هەندێك لە داب و نەریت یان بیروباوەڕەکانیدا ناکۆك بین. خودی ئەمەش ئاماژە دەبێت  بۆ تێگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخانی کولتووری جیاوازدا.

ئایا لە سای ئەم سیستەمەدا دەکرێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت ؟

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم دەستەواژەکە بە هەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لێکدانەوەی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت. ڕووداوەکەی سێبتەمبەری 2001 کارایی زۆر خراپی لەسەر چەمکی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی کولتور جیاواز بە شێوەیەکی نەرێیانە هەبووە و لێکدراوەتەوە. چونکە  گرفتی ئەم پرسە ئەوەیە کە زاراوەی “بەریەککەوتن” ئاماژەیە بۆ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە و تەنانەت توندوتیژیش. هانی خەڵک نادات سەرەتا بیر لە دیالۆگ، تێگەیشتن، یان هاوکاری بکەنەوە. بۆیە کاتێك سیاسەتمەداران یان میدیاکان ئەو دەربڕینە بەبێ ڕوونکردنەوە بەکاردەهێنن، دەتوانێت ترس و دوژمنایەتی بەرامبەر کولتوورەکانی دیکە بەهێزتر بکات. زۆرێکیش لە خوێنەران ئەو دەستەواژەیەیان بەو مانایە لێکداوەتەوە کە جیاوازی شارستانیەتەکان بە شێوەیەکی سروشتی قەدەریان هەیە شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن.

کاتێکیش کە قسە لەسەر گۆڕینی زاراوەکە دەکرێت بە زاراوەیەکی دیکە،  زۆرێك لە چەپەکان ، سیاسییەکان ، زانایان ڕایان وایە  کە تەنها گۆڕینی ناوەکە بەس نییە. ئەگەر حکومەتەکان، میدیاکان، یان بزووتنەوە سیاسییەکان بەردەوام بن لە وێناکردنی کولتوورەکانی دیکە وەك دوژمن، ڕەنگە لە کۆتاییدا زاراوەیەکی نوێ هەمان مانای نەرێنی بەدەستبهێنێت. بە واتایەکی تر، هەم زمان و هەم شێوازی بەکارهێنانی گرنگە.

ئەوان دەڵین ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە و لە زۆرێك لە چوارچێوەکاندا بەکارهێنانی زاراوەیەکی کەمتر ڕووبەڕووبوونەوە، باشترە. چەمکێك دەبێ تا دەتوانێت بە وردی واقیع وەسف بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ململانێ سروشتییە یان شتێکی حەتمییە.

ئەوە ڕاستییە کە  زمان کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە و ئەو زاراوانەی کە پێشنیاری دوژمنایەتی حەتمی دەکەن دەتوانن بەشداری بکەن، بە تایبەت لە قۆناغەکانی گرژی سیاسیدا، ڕەنگە  شەڕەنگێزی و لە هەندێک حاڵەتدا پشتگیری لە شەڕ بخولقێنێت.  بەڵام گۆڕینی وشەکان بە تەنیا ناتوانێت ئەو مەترسیانە لەناو ببات، هەتا ئەگەر  ڕوونکردنەوەی وردتر و گفتوگۆی گشتی بەرپرسیارانەشی لەگەڵدا بێت. ڕەنگە کردنی ئەوانە تا ڕادەیەك پرسەکە کاڵ بکاتەوە بەڵام لە ڕەگوڕیشە هەڵیناکێشێت.

کەواتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەکەوێتە سەر تێروانین و ئاراستەی فکری کەس و لایەنەکان کە ئەمەش وا دەکات کە وەڵامەکە ڕێژەیی بێت.  هەرچی چەپەکان و ڕیفرۆمیستەکان هەن زاراوەکە دەخەنە ناو مشتومڕی گشتی و سیاسیی سەرەکییەوە. زۆربەیان ئەوەی کە لە سەرەوە بەیانم کرد لایان پەسەندە .  بەڵام لابەلاکردنەوەی تەواوی کێشەکە لای ئەوان بەستراوە بە دەسەڵات وەرگرتن، دەوڵەت و گۆڕانکاری بۆ دەسەڵات و دەوڵەتێکی دیمۆکراسی کە نوێنەرایەتی تەواوی گەل بکات. بە ڕای ئەوان ئەو کاتە ئەم پرسەش دەبێتە یەکێك لە پرسەکانی دەوەڵەت و دامەزراوەکانی  کە دەتوانن بوار بۆ دانوستان و فێربوون و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بخولقێنن.       

بەڕای من کێشەکە تەنها زاراوە نییە، هەروەها لە پرۆسەی گۆڕانی دەسەڵات و دەوڵەتیشدا لابەلا نابێتەوە.  شێوازی تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان کولتوور و گەلە جیاوازەکان.  ئەوەندەی من بزانم ڕێبازی  ئەنارکیستی ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە بوونە گەورە و جێگیرەکان کە پێیان دەوترێت “شارستانیەتەکان” بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ یەکتردا ناکەونە ململانێ . بێ گومان زۆر یان کەم  موسڵمانان هەن دژایەتی پاوانخوازی ئیسلامی دەکەن و ڕۆژئاواییش هەن دژایەتی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا دەکەن.  هەروەها دەشکرێت موسڵمانانێك و ڕۆژئاوایی هەبن کە هاوکارییەکی تەواو باشیان هەبێت.

بەڕای من ڕەنگە دروستتر بێت کە دەستەواژەی “ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندی”  لە جێگای  دەستەواژەی ” بەیەکادانی کولتوری جیا یاخود شارەستانی جیا” دابنرێت.  کێ هەیە نکوڵی لەوە بکات کە کولتوری هەندێك لە وڵاتە ئیسلامییەکان، وەکو سعودییە ، پاکستان و دەولۆتکەکانی کەنداو و ئەوانی دیکە  لەگەڵ ئەمەریکا و بریتانیاو وڵاتانی ئەوروپادا زۆر جیاوازن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ‘ جیاوازی ئەو کولتورە نابێتە بەکارهێنانی توندوریژی و جەنگ لە نێوانیاندا، چونکە لە بەرژەوەندی یەکدیدا پەیوەندییەکانیان یەکە ، هەر کاتێکیش بەرژەوەندی نێوانیان نەما پەیوەدنییان گەیشتە ڕادەیەك، بێ گومان ململانێی پاوانەخوازی و دەسەڵات دەکەوێتە بەینیانەوە، لە هەندێك کاتیشدا ڕەنگە بگاتە جەنگ . لەو کاتەشدا زاراوەی کولتووری جیاواز و بەیەکادانی کولتوورەکان بۆ ناکۆکی جەنگەکان دەبنە پاساو.

جیاوازی مرۆڤایەتی بە ناچاریی، ناکۆکی و ململانێ بەرهەم ناهێنێت. ململانێ و ناکۆکی کاتێك سەرهەڵدەدات کە جیاوازییەکان بەهۆی سیستەمی دەسەڵات و باڵادەستی و کێبڕکێ و لێبوردەیی، بگۆڕدرێن بۆ دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان.

لەم قۆناخەی ئێستادا کە هێشتا دەوڵەت و پایە سەرەکییەکانی، جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵی پلەبەندیی / هیرراشی هەن و بەردەوامن دەکرێت لە ئێستادا بەشێك لە خەباتمان کەمکردنەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵات بەخۆوە بگرێت کە جیاوازی و پەیوەندی نێوان خەڵك دەگۆڕن بۆ بەرژەوەندخوازی و هەژموون و دوژمنایەتی و توندوتیژی. واتە زەروورە ئەرکی هەنووکەیمان  هاندانی دروستبوونی ، دروستکردنی  کۆمەڵگە و کۆمۆنێتی ئازاد، ئاڵوگۆڕی کولتووریی، سەربەخۆیی/ئۆتۆنۆمی تاك بێت. هەروەها خەبات دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت بە هەموو شێوەکانییەوە ، هاوپشتی نێونەتەوەیی، نەك ئەوەی کە ئەمڕۆ ناوی لێنراوە  شارستانیەت، ناسیۆنالیزم، دەسەڵاتی دەوڵەت، ململانێ و کێبڕکێی میلیتەریی، کۆمەڵی پلەبەندیی / هەرەمیی و  دەسەڵاتی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی.

 مانگرتنی پاسەکان لە سەرانسەری باکووری لەندەن دەستپێکردەوە دوای ئەوەی شۆفێران ئۆفەرەکەیان ڕەتکردەوە

26/08/2026

شۆفێرانی پاسەکان ڕێوشوێنی چالاکی مانگرتن  دەگرنەبەر بەهۆی شکستی خاوەنکار ئاریڤا لە ڕاگرتنی فێنکی لە پاسەکاند لە کاتی شەپۆلی گەرمای هاویندا

زیاتر لە 1500 شۆفێری پاس لە سەرانسەری باکووری لەندەن و ئێسێکس لەم هەفتەیەدا دەست بە چالاکییە پیشەسازییەکانیان دەکەنەوە، دوای ئەوەی ئەندامان ئۆفەرێکی خاوەنکارەکەیان ڕەتکردەوە.

 هەفتەی ڕابردوو مانگرتنی ئەندامانی نقابەی یونایت دوای دانوستانەکانی نێوان سەندیکای کرێکاران و ئاریڤا باکووری لەندەن ڕاگیرا. پاشان کرێکاران لەسەر ئۆفەرێکی نوێ دەنگیان پێدرا، بەڵام بڕیاریاندا ئەمە بایی ئەوە نییە کە کێشەکانی کارکردنی کەشوهەوای گەرم چارەسەر بکات. واتە مانگرتنەکە سبەی (سێشەممە ٢٥) بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەم هەفتەیەدا دەست پێدەکاتەوە، و دواتر بەردەوام دەبێت لە وەستان و کردنەوەی چالاکی نوێ لە ئایندەدا  تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم.

ئەندامانی نقابەی  یونایت لە کۆمپانیای ئاریڤا باکووری لەندەن دەڵین کە خاوەنکارەکەیان نەیتوانیوە کار لەسەر سکاڵای شۆفێران بکات سەبارەت بە خراپی بارودۆخی کارکردن لە کەشوهەوای گەرمدا. زۆربەی ئەو پاسانەی کە لەلایەن کۆمپانیای ئاریڤا باکووری لەندەنەوە بەڕێوەدەبرێن سیستەمی ساردکردنەوەی هەوایان هەیە نەک تەندروستی.  بفۆ ئەمەش  یونایتد دەڵێت ئەم سیستەمە تەنها توانیویەتی پلەکانی گەرما بە نزیکەی دوو یان سێ پلە کەمبکاتەوە لە کاتی شەپۆلی گەرما لەم هاوینەدا، ناو کابینەی شۆفێران لە گەرمترین ڕۆژەکاندا دەگاتە 40 پلە.

 سەندیکای کرێکاران دەڵێت ئەمە شۆفێران و خەڵکی گشتی دەخاتە مەترسییەوە چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ، شۆفێرانیش ئەگەری هەیە تووشی ماندوێتی گەرما و جەڵتەی گەرما و ئاونەمانی نێو جەستە ببن.

کەرتی هاتووچۆ لە  لەندەن (TfL) کە خزمەتگوزاری پاسەکان لە کۆمپانیای ئاریڤا ڕادەست دەکات، دەڵێت کە کار لەسەر “مەودای ڕێوشوێن” دەکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردنی شۆفێران و سەلامەتی پاسەکانیان .

شارۆن گراهام، سکرتێری گشتی نقابەی یونایت دەڵێت: شۆفێرانی پاسەکانی لەندەن کارێکی گرنگ دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخە ترسناکە خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. “ئاریڤا بە تەواوی توانای ئەوەی هەیە گۆڕانکاری مانادار بکات کە ئەندامەکانمان دەتوانن قبوڵیان بکەن. تا ئەو کاتەی ئەوە ڕوودەدات، چالاکیی مانگرتن بەردەوام دەبێت و ئەندامەکانمان لە ئاریڤا باکووری لەندەن بەردەوام دەبن لە پشتگیری تەواوی یونایت.” یونایتد ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیای ئاریڤا لەم دواییانەدا قازانجی پێش باج 156 ملیۆن پاوەند و قازانجی کارکردنی 127 ملیۆن پاوەند ڕاگەیاندووە. ئێستا مانگرتن لە 25 تا 28 ئاب، 4 تا 5 ئەیلول، 7 تا 8 ئەیلول، 18 تا 19 ئەیلول، 21 تا 22 ئەیلول، 2 تا 3 ئۆکتۆبەر، 5 تا 6 ئۆکتۆبەر، 16 تا 17 ئۆکتۆبەر و 19 تا 20 ئۆکتۆبەر ئەنجام دەدرێت. ئەو شۆفێرانەی کە بەشدارن لە کێشەکەدا لە گەراجەکانی پاسەکان لە شارەکانی بارکینگ، ئێدمۆنتۆن، ئێنفیڵد، گرایز، پاڵمێرز گرین، ستامفۆرد هیڵ، تۆتنهام و وود گرین جێگیرن.

ئەو وڵاتەی کە ژنان  پێشەنگن و کاراییان لەسەر شێوە و فۆرمی حکومەتەکەی هەیە، کە چی کەمتر ناسراون و دەناسرێن

نوسینی : Niha Masih

و: Zaher Baher

19/08/2026

ئەمەی خوارەوە ڕاپۆرتێکی دوورو درێژە لە سەر خەباتی مەیدانیانەی ژنان لە هندستان لە لایەن ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی کراوە و دوێنێ ، 18/08/2026  بڵاوکراوەتەوە .

من تایتڵەکەیم گۆڕیوە و بەشێکی زۆریم کردووە بە کوردی .  بە پێویستم زانی کە خوێنەری کورد بە تایبەت ژنانی کورد بیبینن و لێوەی وانە و ئەزموون وەرگرن کە زەروورە ژنان بێنە مەیدانی چالاکی مەیدانییەوە .  ئەم ڕاپۆرتە / ڕیپۆرتتاچە لە ڕاستیدا دەبێت  وزە و پەیامێکی گەورە و گرنگ بدات بە هەموومان بەتایبەت ژنان .

Zaher

ئەو وڵاتەی کە ژنان  پێشەنگن و کاراییان لەسەر شێوە و فۆرمی حکومەتەکەی هەیە, کە چی کەمتر ناسراون و دەناسرێن

زۆر شت هەیە بۆ ئەو ژنە نائاساییانەی کە ژیانی ئاسایی دەژین،  سەرەڕای ئەوەش هیندستانیان لە قاڵب داوە. ژنان ڕۆڵیان زۆر زیاتر لە ژیانی گشتی وڵاتەکەدا هەبووە و گۆڕیوە لەوەی کە بوونیان لە سیاسەتی فەرمیدا ئاماژەی پێدەکات.

لە کاتێکدا هیندستان لە کۆتایی هەفتەدا 79 ساڵەی لەدایکبوونی خۆی بەسەردەکردەوە، بەیادی خۆمم هێنایەوە و  بیرم لە فرەیی بزووتنەوەکانی خەڵک دەکردەوە، گەورە و بچووک – هەروەها ئەو ژنانەی کە یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی ئەو بزوتنەوانەدا.

لە کاتی خەباتی هیندستاندا بۆ ئازادی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، ژنان بایکۆتی کاڵای بەریتانیایان ڕێکخست، خوێی قاچاخیان دروست دەکرد و ڕێپێوانیان دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس، بەرپرسیاری و ڕۆڵەکانیان گرتە ئەستۆ ئەو ڕۆڵانەی کە بەزۆری پیاوان زاڵن بەسەریاندا.

لە بزووتنەوەی ‘چیپکۆ’ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کە دەربڕینی ناڕەزایی بوو بەرامبەر بە بڕینی دارستانەکان ، ژنان جەستەیان دەخستە مەترسییەوە ، بە دەوری دارەکاندا خۆیان دەئاڵاند بۆ ئەوەی نەبڕدرێن، ئەمەش خەباتێکی لۆکاڵی کردە كێشەیەکی نیشتمانی  بۆ ژینگە و گەشەپێدان.

 لەم دواییانەدا داپیرەکان لە شاهین باغ  چالاکی دانیشتنیان گرتە بەر  بۆ دەربرینی ناڕەزایەتی  بەرامبەر یاسای هاووڵاتیبوون، کە ڕەخنەگران بە جیاکارییەوە ئیدانەیان کردووە، پێیان وابوو بواری بەرەنگاری و ناڕەزایەتی  دروستکردووە ، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێک پێیان وابوو وجودیان نییە .

ئەمڕۆ ڕێگاکانی ژیانی گشتی بۆ ژنان چەند بووە هێندە زیادی کردووە، سۆشیال میدیا وایکردووە ئەو کەسانەی کە پەیوەندی سیاسییان نییە دەکرێت  لەبە چاوی گشتدا بن. بەڵام مانای ئەوە نییە هەموو بەربەستەکان نەماون. سیاسەتی هەڵبژاردنەکان تا ڕادەیەکی زۆر سەختە شکاندنیان ، بە تایبەت بۆ ژنان. شیکارییەکی ساڵی 2025 ی کۆمەڵەی چاکسازییە دیموکراتییەکان دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی سەرجەم ژنە پەرلەمانتار و یاسادانەرانی ویلایەتەکان لە خێزانە سیاسییەکانەوە هاتوون، لەکاتێکدا بۆ پیاوان 18%یە.

سەرۆکی کۆمەڵەی چەپی خوێندکارانی سەرتاسەری هیندستان، بورە فاستد  بۆ ماوەی 23 ڕۆژ لە مانگرتنی خواردندا بوو، داوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی کرد لەسەر دزەپێکردنی کاغەزی تاقیکردنەوەکان و دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەی سیسرکدا. ئێستا، ئەو گەشتێکی وڵات دەکات وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی گەیاندنی Gen Z Rising سەبارەت بە چاکسازییەکانی پەروەردە.

بورەی 29 ساڵ دەڵێت “من خوێندکاری دکتۆرام لە زانکۆی جەواهیرلال نەهرۆ لە بواری شانۆ و خوێندنی نمایشدا. تێگەیشتنی سیاسی خێزانەکەم زۆر جیاوازە لە تێگەیشتنی من. سەرەنجام پەیوەست بووم بە سیاسەتەوە چونکە ئەوە تاکە ڕێگە بوو کە دەمتوانی مانای ئەو سەردەمە بزانم کە تێیدا دەژیام – بۆ ئەوەی دەستەپاچە و بە تەواوی بێدەسەڵات نەبم لەو بڕیارانەی کە بۆ من دەدرێن، کە پێویستە لەلایەن خۆمەوە بدرێن. بۆ ئەوەی قسەیەکم هەبێت لەوەی کە دەیکەم، چۆن دەیکەم و چی لە دەوروبەرمدا دەکرێت. ئەوەی تەحەمول دەکرێت کامەیە ، چی باشە، نادادپەروەری چییە – هەموو ئەم پێناسانە لە ڕێگەی سیاسەتەوە بۆ من مانای هەبوون، یەکەم شت کە فێری کردم ئەوەیە  کە سیاسەت تەنها دروشم و ناڕەزایەتی نییە، سیاسەت هەر ئەو زمانەیە کە لە مێشکی  خۆتاندا دایدەڕێژن، ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ هاوڕێکانتان، خێزان و هاوتەمەنەکانتان هەتە.

ئازادی وەک خوێندکار واتە توانای خوێندن لە زانکۆیەکدا کە مۆدێلی پەروەردە نەکراوە بە دەرفەتێک بۆ قازانج.  لە کوێدا پەروەردە شتێکە کە یارمەتی کۆمەڵگەکان دەدات لە دۆگماتیزم و کۆنەپەرستی و ئۆرتۆدۆکسییەوە بەرەو پێشەوە بچن”.

مۆدێل و ئەکتەر و شانۆکارێکی خەڵکی شاری مومبای بوو،  ڕەهیا ئاهیری 27 ساڵ، بڕیارەکەی لە ماوەی چەند چرکەیەکدا دا کە بە شێوەیەکی جەستەیی ڕێگری لە ڤانێکی پۆلیس بکات کە خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراوی تێدابوو – چالاکییەك کە بەر هەڵمەتێکی ڕێکخراو و ڕق لێبوونەوە کەوت. – من لە تەمەنی چوار ساڵ و نیوەوە دەستم بە شانۆ کردووە، فێری هاوسۆزی و تێگەیشتن لە ئازارەکانی کەسانی دیکە بووم، تەنانەت ئەو کەسانەی نایانناسم، هەمیشە بەو باوەڕە پەروەردە بووم کە ئەگەر شتێکی هەڵە ببینیت دەبێت دەستتێوەردان بکەیت و  هەنگاو بنێیت.     

ئازادی بۆ من ئەوەیە کە دەنگم هەبێت، بە متمانەوە بیخەمە ئەودیو و شەرم نەکەم. بۆ وێنەیەک بە جلی مەلەوانییەوە گاڵتەم پێکرا. بەڵام ئەی ئەو مامانەی کە لە کەناری ڕوباری غانج  جلێکی [ وەك شەڕواڵێکی کورت وایە- زاهیر ] کورت لەبەردەکەن؟ جلەکانم کارەکتەری من نین. جلەکانم ناتوانن ئەو خاڵە یان ئەو ڕاستییە داپۆشن بۆ بوونی منە لەوێ، ئەو ڕۆژەش یارمەتی 20 خوێندکارم دا کە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەوە. کەواتە، جلەکانم تەنها جلەکانی خۆمن.

بەڕاستی کینە وای لێکردم خۆم دووەم پێشبینی بکەم. دوو ڕۆژی یەکەم [دوای ناڕەزایەتییەکەی مومبای] زۆر قورس بوو، چونکە هێشتا هەوڵم دەدا سەرم بەوەوە سەرقاڵ بکەم کە ڕوویداوە. ئەوان نەیانتوانی هەڵە لە قسەکانی مندا بدۆزنەوە، بۆیە دەستیان کرد بە پرسیارکردن لە کارەکتەری من. لە ڕێگەی ئینستاگرامەکەمەوە ڕۆیشتن و بۆیان دەرکەوت کە من مۆدێلم. باسی ئەوەیان کرد کە من چی لەبەر دەکەم.  گوتیان پێم بۆ بەردەم کامیرا ئەو کارە دەکات. کاتێک ڕقەکە ئەستورتر بوو و دەستی کرد بە هەژان و ڕژان.  پرسیارم کرد من ئەوە بووم، کە شتێکم کردبێت بۆ ئەوەی کەسێک توڕە بکەم؟ ئایا شتێکی هەڵەم کردووە؟’ پاشان تێگەیشتم ئەمە واقیعەکەم ناگۆڕێت. ئەوە ناگۆڕێت کە من وەک مرۆڤێک کێم. پێویست ناکات خۆم بۆ کەس بسەلمێنم”.

‘پۆلیس سەردانی گوندی باوباپیرانمیان کردووە و داوای زانیارییان لەسەر من کردووە’: دانیش عەلی، تەمەن 24 ساڵ

دانش لە نێو ئەو چالاکوانە خوێندکارانە بوو کە لە جەنتەر مەنتەر مانیان لە خواردن گرتبوو. ئەندامی سەندیکای خوێندکارانی زانکۆی جەواهیرلال نەهرۆیە، بەهۆی تێکدانی سیستەمی کامیرای  ناسینەوەی دەموچاو لە کتێبخانەی کەمپەکەدا بۆ ماوەی ساڵێک سزای هەڵپەساردنی خوێندنی دەدرێت. ئازادی لای ئەو بە قووڵی کەسایەتییە و ڕەگ و ڕیشەی لە ناسنامەی خۆیدا هەیە وەک ژنێکی موسڵمان. – من خەڵکی شارۆچکەیەکی زۆر بچووکی شاری مادیا پرادێشم، تەنانەت کەس لە خێزانەکەم سەردانی شارەکەی نەکردبوو، بۆیە چوونە دلهی بۆ خوێندنی باڵا نزیک بوو وەک ئەوەی بچمە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن.

 لە دوای ناڕەزایەتیەکەوە پۆلیس سەردانی گوندی باوباپیرانمیان کردووە و داوای زانیاری لەسەر من دەکەن، تەلەفۆنیان بۆ باوکم کردووە، داوایان لێکردووە پێم بڵێت سەرنجم لەسەر خوێندنەکەم بێت.

وەک چالاکوانێکی خوێندکاری ئازادی واتە بتوانین بە ئاشکرا ڕەخنە لە حکومەت بگرین و بڵێین ئێمە سیاسەتەکانیمان بەدڵ نییە. دەڵێن ئازادی بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر تاکایەتی خۆت [ واتە بە تەنگەوە هاتنی هەر خۆت – زاهیر]  و گرنگی نەدان بە کۆمەڵگە چی دەڵێت، دایک و باوکت چی بڵێن یان دەوڵەت چیت لێدەکات!!!.   بەڵام ئازادیی بە واتای هاووڵاتییەکی یەکسان بوون لەم وڵاتەدا دێت . موسڵمانانی ئەم وڵاتە وایان لێدەکرێت هەست بکەن کە ئەوان لاوەکین و هیچ مافێکیان نییە تاکو ناسنامەی ئایینی یان کولتووری خۆیان دەرببڕن. من هاووڵاتییەکی یەکسانم و نامەوێت کەس بە پێچەوانەوە پێم بڵێت”.

‘ئەوەی پێشتر کاردەکات، کارایی دادەنێت … لەگەڵ گەنجان کارناکات’: ڕاتنا سینگ، تەمەن 31 ساڵ

ئەو پیشەکەی لە بواری یاسا و ڕۆژنامەگەریدا گۆڕی بۆ ئەوەی پەیوەندی بە پارتی جاناتا سیسرکەوە بکات، کە ئێستا وەک سەرۆکی یاسایی لەوێ کاردەکات. ئەو هەستی بە ڕاکێشانی ناڕەزایەتییەکان کرد، بینی کارەکانی لە داواکاری خوێندکاران بۆ لێپرسینەوە ڕەنگدانەوەی هەبوو. سەرەتا دوودڵ بوو لەوەی ببێتە کەسی دەرکەوتوی  ڕووخساری گشتی، بەلام کاتێک پێویستیان بە دەنگی مێینە بوو، وەک وتەبێژ، هەنگاوی نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک لە قوتابخانەی یاسا بووم، زۆربەی هاوپۆلەکانم دەچوونە ژوورەکانی یاسا بۆ مەشقکردن بەڵام من هاوینەکانم بە وانەوتنەوە بە منداڵان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەسەر دەبرد، پەروەردە شتێک بووە کە زۆر هەستیار بووم بەرامبەری، و پێموایە پێویستە هەموو منداڵێک دەستی پێی بگات. خەڵکێکی زۆر ڕەخنەیان لێدەگرتین و [ بە ئێمەیان دەگوت] نەوەیەکی بێ تەحەمول. ئێمە بێ تەحەمولین چونکە دەمانەوێت گۆڕانکاری ببینین. ناتوانین ناڕەزایەتی دەرببڕین و باش بین کاتێک کە وەڵامەکانمان/ داخوازییەکانمان  لە حکومەت وەرناگرین.  هەروەها ئێمە بە سیاسەتی دابەشکردن و  حوکمکردن  لەسەر بنەمای ئایین تەواو بووین. پارتە سیاسییەکان پێویستە لەوە تێبگەن کە ئەوەی پێشتر بۆ بیرکردنەوەیەکی دیاریکراوی خەڵک کاردەکات – لەگەڵ گەنجان ئەوە کارناکات.

ئەوەندە ناڕەزایەتی هەیە کە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەستی پێکردووە، چی تر ترسی قسەکردن نەماوە. دەبینین سەرکردەیەکی زۆر لە دەڤەرەکانی خۆیانەوە دێن، دەستپێشخەریی خۆیان دەست پێدەکەن. پێموایە ئەوە هیوایەک بە هەموومان دەبەخشێت کە بەردەوام بین”.

ملیارێک واژۆ و گلەیی و بناشت سەنگ و کارایی کردنی چالاکی ڕاستەو خۆی نییە

Zaher Baher

17/08/2026

ئەوەی کە ئەمڕۆ لە هەریـم دا دەگوزەرێت بە فرۆشتنی زەی و خاك و میللەت و پیسکردنی ژینگە و وێرانکردنی وڵات ، بازرگانی بە هەموو شتێکەوە لە گیاندار و بێ گیان ئەوەندەی پارە بۆ بازرگان و بەرپرسە مافیاکان دروست بکات ، سیخوڕی و بوون بە پیاوی دەوڵەتانی دراوسێ و لە هۆشبردنی گەنجان بە هاوردەکردنی جۆرەها مادەی هۆشبەر، گوێنەدان بە نەبوونی و بێ کاری و برسێتی و شەڕ سەیارە و ڕوداوەکانی ڕێگەو بان … زۆری تر کە هەموو ئەمانە دەکرێن و ڕوودەدەن ، لە کاتێکدا باوەڕ ناکەم لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا بکرێن قبوڵکراو بێت .

بە کوردی ئەوەی دەسەڵاتی خۆیی کوردایەتی کردویەتی صەدام حسەین هەرگیز توخنی نەکەوتووە و نەبیریشی لێکردۆتەوە کە بیکات و نە وویستویشێتی بکرێن.

لەگەڵ کردنی ئەمانەدا ناو بەناو دەبینین ڕٶشبیران و چالاکوانان دەستبەجێ بەیانێك ، ڕاگەیاندنێك دەردەکەن لەگەڵ لیستی واژۆ کردندا داو لە خەڵک دەکەن ناوی خۆی زیاد بکات .  یاخود دەکەونە دەرکردنی ڤیدۆی یوتیوب لەو بارەوە، یان کردنی دیمانەی ڕادیۆ و تی ڤی یان نوسینی پۆست و وتار .. هەمو ئەم کار و چالاکیانە تەنها بە فیڕۆدانی وزە و توانای خەڵکە ، تەنها نائومێدکردن و چەواشەکردنیانە ، تەنها هاوکاری دەسەڵات و حکومەتە چونکە ئەوان باش دەزانن کە ئەمە دوا خەباتی خەڵکە و وەکو گیزەی مێشوولە بە بناگوێیاندا تێدەپەڕێت.

من تێناگەم بۆچی گلەییکەران و واژۆچییان و دیمانەکەران لە بری ئەوەی کە دەیکەن نایەن گروپێك دروست بکەن و با ژمارەشیان زۆر کەم بێت وەکو 20 بۆ 30 کەس لەبەردەم ئەو شوێنەی کە بڕیاری ئەو گەندەڵییەی تێدا دراوە نارەزایی دەرنابڕن ، بۆ نموونە ئەگەر مزگەوتێکە و مەلا سوکایەتی بە ژنان دەکات ، ئەگەر ئەنجومەنی شارەوانییە بڕیاری فرۆشتنی پارجە زەوویەك دەدات کە موڵکی گەلە ، کارگەیەكی چیمەنتۆ یا هەر کارگەیەکی دیکە کە لە شوێنی نیستەجێبوونەکاندا دروست دەکرێت ، کردنی شوێنێك بە زبڵدان و کۆکردنەوەی هەموو کەرەسە و مادەیەکی زیانبەخشی وەکو تانجەرۆ، دروستکردنی مۆڵێك یا بارەگای حیزبێك و دائیرەیەك بۆ حکومەت لە پارچە زەوویەکدا لەبری کردنی بە باخچەیەك، بە خەستەخانەیەکی بچوکی حکومی  … ئەمڕۆ ئەوەندەی کەم و کوڕی ، ئەوەندەی گەندەڵی ، ئەوەندەی ڕاووڕوت ، ئەوەندو وێرانکاری  هەیە دەکرێت ئەوەندەش گروپی چالاکی لۆکاڵی بۆ هەر یەکێك لەوان دروست ببێت و چالاکی راستەوخۆ ئەنجام بدەن ، خۆیان ڕێكبخەن لە گروپی ئاسۆییدا ، بەبەکارهێنانی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ دەنگ و بڕیاریان بدەن لەسەر هەرچی دەیانەوێت. لیفلێت بنوسن و بڵاوی بکەنەوە ، ماڵپەڕ دروستبکەن و چالاکی بکەن ….دواتر لە تۆڕێكی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ گروپەکانی دیکەدا یەكبگرنەوە و هاوکاری و هاوپشتی یەکدی بکەن.

ئەمانەن کاری عەمەلی بەرهەمدار لەبری ئەو چەلەحانیانەی کە لەسەر دیوارەکانی فەیسبوك و دیمانەکانی تی ڤی و دەرکردنی ڤیدۆ و کۆکردنەوەی واژۆ…تد

کێڵگەوان و کرێکارانی هیندستان ناڕەزایی دەردەبڕن

12/08/2026

سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری هیندستان لەسەر شەقامەکان ڕۆژی دووشەمە ، 10/08/2026 ڕێپێوانیان کرد وەکو دەربڕینی ناڕەزایی، هاوکاتیش و هەزاران کەسیش مەترسی دەستگیرکردنیان کەوتە سەر. ناڕەزاییەکان بەشێک بوون لە بانگەوازێکی نیشتمانی هاوبەشی سەندیکاکانی کێڵگەوان و کرێکاران کە دژی ڕێکەوتنە بازرگانییە پێشنیار کراوەکەی دەوڵەتن  لەگەڵ ئەمریکا و وروژاندنی داواکارییەکانی دیکە.ن.

 خۆپیشاندەران کە پێکهاتبوون لە کێڵگەوانان و کرێکارانی کەرتی نافەرمی و فەرمی، خوێندکاران، گەنجان و ژنان، لە چەندین شار و شارۆچکەی هیندستان بە هەڵگرتنی لافیتە و ئاڵای سوورەوە بەرەو فەرمانگە حکومییەکانی خۆیان ڕێپێوانیان کرد و دروشمی یەکگرتوویی کێڵگەوانان و کرێکارانیان دژی سیاسەتەکانی حکومەت بەرزکردەوە.

هەروەها لە هەندێک شوێن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کە هەوڵیان دەدا ڕێگری لە ڕێپێوانەکانیان بکەن، تێکهەڵچوون و گەمارۆی کاتیی فەرمانگەکانی حکومەتیان دا..

 خۆپیشاندەران داوای کشانەوەی ڕێککەوتنە بازرگانییە پێشنیار کراوەکەی هیندستان و ئەمریکایان کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە ڕاگەیەندرا و بە پێچەوانەی کشتوکاڵی هیندستان ناویان برد،  هەروەها میساقێکی وردیان لەسەر داواکارییەکە بڵاوکردەوە.

 لە شوێنە جیاوازەکاندا کۆبوونەوەی گەورە ڕێکخرا کە وتاردەران شکستەکانی حکومەتی نارێندرا مودییان، سەرەكوەزیران،  بیرخستەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنە گەورەکانی پەیوەست بە خۆشگوزەرانی جووتیارانی وڵاتەکە.  وتاردەران باسیان لەوە کرد کە چۆن زنجیرەیەک یاسا کە لەلایەن ئەم حکومەتەوە هێناوەتە ئاراوە، لە ڕاستیدا زیانیان بە بەرژەوەندی کێڵگەوانان و ئابووری گوندنشینەکانی وڵات گەیاندووە، کە لە مێژە لە ناڕەحەتیدایە.  وتاردەران حکومەتیان تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردن لە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەمریکا، حکومەتی ڕاستڕەوی توندڕەو کە پارتی باڵادەستی هیندۆسی بەهاراتیا جاناتا (BJP) سەرۆکایەتی دەکات، جارێکی دیکە ملکەچبوونی خۆی بۆ دیکتاتۆرییە ئیمپریالیستییەکان و بێباکیی خۆی لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی وڵاتەکە ئاشکرا کردووە.

 ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکانی ویلایەتە جیاوازەکانی هیندستان چالاکییان ئەنجام دا  وەک ڕۆژئاوای بەنگال، کیرالا، تامیلنادو، تریپورا، ڕاجاستان، هەریانا، ئاسام، ماهاراشترا و چەندانی تر.

زیاتر لە 40%ی هێزی کاری هیندستان و نزیکەی 60%ی دانیشتووانەکەی هێشتا پشت بە کشتوکاڵ و بوارە پەیوەندیدارەکان دەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان. نزیکەی 70%ی هیندییەکان هێشتا لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین. دەیان ساڵ چاکسازییە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئابووری گوندەکان و کشتوکاڵ هەبووە و ناڕەحەتییەکی زۆری کشتوکاڵی لێکەوتووەتەوە هەزار جووتیار بەهۆی قەرزداری و نەبوونی ئامرازێکی بەدیل بۆ ژیان خۆیان کوشتووە. ئەو ناڕەحەتییە ملیۆنان کەسی ناچار کردووە واز لە کشتوکاڵ بهێنن و کۆچ بکەن بۆ شارەکان و بەدوای سەرچاوەی بەدیل بۆ بژێوی ژیاندا بگەڕێن.

لە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل-دا

11/08/2026

شاخ

لە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل-دا تێمایەک هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن دەسەڵات وادەکات مرۆڤە باشەکان لە ژێر فشار و زوڵمدا بگۆڕن بۆ بەشێک لە ستەمکاری و تەسلیمبوون، ژوری ١٠١ ژورێکە کە تایبەتکراوە بۆ ئەم ئامانجە، لەوێدا فشاری تایبەت بەکاردەهێنرێت تا رۆحی بەرەنگاری هەر مرۆڤێکی جوامێر بگۆڕن بۆ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لە دڵڕەقی سیستەمەکە.

لە کەمپەکانی قڕکردنی جولەکەکانیشدا لە ئەڵمانیای نازی، تیمێک هەبوون بە ناوی (سۆندەر کۆماندۆ) کە لە زیندانییەکان خۆیان پێکهاتوو، ئەم کۆماندۆیانە لە پێناوی زۆرتر مانەوەی خۆیاندا هەماهەنگی تەواوی پۆلیسی (ئێس ئێس)یان دەکرد، لە پاراستنی ئارامی کەمپەکە و خنکاندن و سوتاندنی جەستەی قوربانییەکان کە بەشێکیان کەس و کاری نزیکی خۆیان بوون.

لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا زۆر کەس دەبوونە تەواری و جاشی سیستەمە ستەمکارەکە تا بەو هۆیەوە خۆیان لە زوڵم و ستەم بپارێزن.

ئێستاش لە سایەی جەردەسالارییەکەی هەرێمەوە هەمان تێما هەیە، کەمێ لە مرۆڤە جوامێرەکان، بەشێکی کەم لە خەڵکە باشەکە توانیویانە تا ئێستا تەحەمولی ژووری ١٠١ی زوڵم و بێداردی سوڵتەی هەرێم بکەن. تەنانەت یاسا لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ داد، ئامرازێکە بۆ زوڵم، بەشی هەرە زۆری ئەو زوڵمەی لەسەر خەڵکی کوردستانە بە یاسا پالپشتیکراوە، لە بری ئەوەی دادوەر لە لۆژیک و فەلسەفەی دادپەروەری رابمێنێت، تەنها جاڕچییەکە و فەرمانی قەڕاڵەکان دەخوێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە رەشبینی و بێئومێدی لە رزگاربوون هێندەی تر ئیرادەی مرۆڤە باشەکان دەهاڕێت، جیا لە بەرەنگاری و مردنێکی شکۆمەندانە، تەنها یەک رێگە کراوەیە کە ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی تا هەتایە قوربانی نەبیت، ببیت بە سۆندەر کۆماندۆ، یان ببیت بە وینستۆنی ژوری ١٠١ی ناو رۆمانەکەی ئۆروێل.. ببی بە بەشێک لە ستەمکارییەکە بۆ ئەوەی لە بەشێکی ئەو هەموو هەڕەشە و ئیهانە و چەوساندنەوەیە رزگارت ببێت… ئەگەر نابیت بە سۆندەر کۆماندۆ ئەوا هەر لەو جێگەیەدا بە فیشەکێکی زوڵم و ستەم بەلاتدا دەهێنن، ئەگەر نابیت بە بەشێک لە کاسەلێسی حیزبی بیگ برازە دەبێت تەحەمولی جڕوجانەوەرەکانی ناو ژوری ١٠١ بکەیت..

دەردی پابەندی بە ئەخلاقەوە، ئازاری رێزگرتن لە شکۆی خۆت، مەینەتییەکانی باشبوون لەم فەزایەدا زۆر قورسە.. زەلیلییەکی ئێجگار قورسە، لەبەر ئەوەی نەبووین بەبەشێک لە سیستەمە هیچ و پوچەکە دەبێت تەحەمولی ئەو زەلیلییە بکەین..

باشبوون لەم فەزایەدا بە بڕی ئیکرامییەکان و ژمارەی رێزلێنانەکانت ناپێورێت، بەڵکو بە رادەی زەلیلیمان پێوانە دەکرێت.. ئەگەر تۆ لەمن زەلیلتریت دڵنیابە هی ئەوەیە کە لە من جوامێرتر و باشتریت.

ناڕەزایی گەنجان سەبارەت بە دەستکەوتنی کار و گەندەڵی لە هیندستان

11/08/2026


هەزاران گەنجی توڕە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن، دوێنێ، ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ پۆلیس لە ویلایەتی جارخاند کە یەکێکە لە هەژارترین ویلایەتەکانی هیندستان، بەیەکدادان دروست بوو، لەکاتێکدا ناڕەزایەتییەکی چەند هەفتەیی بەهۆی ناڕێکییەکانی دامەزراندنی کارمەند بۆ کارە تامەزرۆییەکانی حکومەت پەرەی سەند و بوو بە ڕێپێوانێک بۆ سەر ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی هیندستان.

پۆلیس فشاری  ئاوی و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا دژ بە ناڕەزاییکەران، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بەسەر بەربەستەکاندا سەرکەون و بەرەو ئەنجوومەنی لە ڕانچی پایتەختی ویلایەتەکە بگەن. بەشێک لە خۆپیشاندەران بە سەما و چەپڵە لێدان وەڵامیان دایەوە، لەکاتێکدا کە پۆلیس هەر وەکو کاری هەمیشەیی دڕندانە بەرانبەریان وەستایەوە.

ئەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی سیسرکەکان هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی بە سەرکردایەتی گەنجان – کە وەک گاڵتەجاڕییەکی ئۆنلاین دەستیپێکرد و گەشەی کرد بۆ ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری بەهۆی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی  وەرگرتنی پزیشکی نیشتمانی – حکومەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی پارتی بی جێ پی خستە ژێر فشارێکی زۆرەوە و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردە.

دەسەڵاتداران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە نەیانتوانیوە ڕێگری لە ناڕێکی لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکانی خزمەتگوزاری گشتیدا بکەن، لەوانە دزەکردنی کاغەزی تاقیکردنەوەکان و فێڵکردن و دەڵێن ئەو ئابڕووچوونانەی کە گوایە ڕوویانداوە هەلێکی دادپەروەرانەی لە دەستداوە و گەنجانی بێ بەش کردووە.








لە کاتێکدا کە ئێمە …

06/08/2026

لە کاتێکدا کە ئێمە گیرۆدەی دوو شەڕی گەورەی وێرانکەر بوینەتەوە ، ئۆکرانیا و ڕوسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، لە کاتێکدا کە نرخی زۆربەی پێداویستییەکانی ژیان بە بیتاقەی گەشتەکانیشەوە یەك قات و نیو یاخود دوو قات زیادی کردووە ، لە کاتێکدا ئێمە لەبەر گەرمای ئەمساڵدا و کەوتنەوەی ئاگرەکان گەورەترین زەرەرمەند بووین ، کەچی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز ، وزە دووقات زیاتر لە ساڵانی پێشتر قازانجیان کردووە .

تەماشای ئامارەکان  بکە:

تێكڕای قازانجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە نێوان شەڕ و قەیرانی کەشوهەوادا 93 ملیار دۆلار قازانج بووە.

 هەشت لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لە ماوەی تەنیا سێ مانگدا زیاتر لە 90 ملیار دۆلار قازانجیان کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕەکەی  ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل نرخی وزەی بەرزکردەوە و قەیرانی کەشوهەوا کە بەهۆی دەردانی گازی ژەهراوییەوە بووە هۆی شەپۆلی گەرمای کوشندە..

  قازانجی چارەکە ساڵی  کۆمپانیای بی پی [ بریتش پیترۆڵ]  لە سێ مانگی کۆتایی مانگی حوزەیران زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 5.73 ملیار دۆلار (4.27 ملیار پاوەند)، ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تێکدانی هەناردەکردنی وزە لە کەنداوەوە.

لە لایەکی دیکەوە  گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەوروپا لە سێ مانگی تا مانگی حوزەیران قازانجی پاکی خۆی دوو هێندە کرد و گەیشتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار، ئەمەش بەرزترین داهاتە لە دوای داهاتی پێوانەیی لە چەند مانگی دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا.

تەماشا بکە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارمەتی کۆمپانیای نەوتی سعودی ئارامکۆی داوە کە لە سێ مانگی کۆتایی هاتنی 30ی حوزەیراندا قازانجی پاکی ⁠44% بەرزبێتەوە بۆ 32.69 ملیار دۆلار، سەرەڕای گیرانی  گەرووی هورمز، ئەمەش بەهۆی زیاتر داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە پاڵاوت و کیمیاییەکان و نەوتی خاوەوە.

قازانجی کۆمپانیای شێڵ زیاتر لە دوو هێندە دوای بازدانی نرخی نەوت و گاز.  کۆمپانیای شێڵ دووەم بەرزترین داهاتی چارەکی خۆی تۆمارکردووە ، چونکە بەرزبوونەوەی بازاڕی وزە کە بەهۆی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بووە، یارمەتیدەر بووە بۆ دوو هێندەکردنی پوختی  قازانجی  بۆ نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە ماوەی سێ مانگی تا مانگی حوزەیران. گەورەترین کۆمپانیای نەوت و غازی ئەوروپا قازانجی چارەکێکی 9.8 ملیار دۆلار (7.4 ملیار پاوەند)ی ڕاگەیاند، کە زیاتر لە دوو هێندە زیاترە لە چارەکی دووەمی ساڵی ڕابردوو و بەرزترین ڕێژەی داهاتی تۆمارکردووە لە چەند مانگی دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا.

لە دەرونزانی کۆمەڵناسیدا چەمکێک هەیە پێیدەڵێن…

شاخ

31/07/2026

لە دەرونزانی کۆمەڵناسیدا چەمکێک هەیە پێیدەڵێن (دەرەچەی بەتاڵکردنەوەی پەستان) کە لە رووی سیاسییەوە زۆر کەڵکی لێوەرگیراوە بۆ ئارامکردنەوەی نارەزایەتییەکان.

ئەمە بە مەنجەڵێکی بوخار دەچوێنرێت لەسەر ئاگر، ئاگرەکە نموونەی ستەمکاریی و هەژاری و ئازارەکانە، کوڵان و بە هەڵبوونەکە ئازار و نارەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکە، ڤاڵڤەکە (دەرەچەی دەرچوونی هەڵمەکە) ئامرازی رێگریکردنە لە تەقینەوەی نارەزایەتییەکان.

دەسەڵات خەریکە دەگاتە لوتکەی ستەمکاری لەسەر خەڵکی، موچە نییە، خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە، گەندەڵی و چەتەیی وڵات و بەهای مرۆڤی داڕزاندووە.. نارەزایەتی خەڵکی پەنگی خواردۆتەوە.. بەڵام بۆ ئەوەی تەقینەوە و گۆڕانی کردەیی روو نەدات، هەر دەسەڵات خۆی ڤاڵڤێکی لەسەر داناوین بۆ خاڵی کردنەوەی پەستانەکانی سەر ژیانمان. وەک (حسبی الله و نعم الوکیل، جوێندان، دوعاکردن، پۆست و کۆمێنت، نوکتە و تانەلێدان..) لە بەرامبەر ستەمکاری دەسەڵاتدا ئا ئەم کردە بێفەڕەیان بۆ خەڵکی جێهێشتووە تا پەنگخواردنەوەکانمان نەگەنە تەقینەوەیەکی کرداری و تەنها بە باوبژە و هەڵمێکی کەمی نارەزایەتییەکان ببنە بۆڵەبۆڵێکی نا کارا و رق و بێ ئومێدی و تورەییمان ئارام بکاتەوە. لەولاشەوە ستەمکاری پایەدار بمێنێتەوە.

جوێن و دوعا و بۆڵەبۆڵ و باوبژەکان نەبوایە، ئێستا پەستانی نارەزایەتییەکان بە تەقینەوە گەیشتبوون.

ئەو هەموو حسبی الله و نعم الوکیلە بەردێکی زۆر بچوک بوونایە و بگیرانایەتە دەسەڵات، ئێستا تەخت و تاراجی دەسەڵات ڕوخابوو، تفێک بووتایە ئێستا لافاو دەسەڵاتی ڕاماڵیبوو..

دەوڵەتی بەناو دیموکراسی لەسەر جوتێ پێڵاو..

شاخ

30/07/2026

دەوڵەتی بەناو دیموکراسی لەسەر جوتێ پێڵاو ڕاوەستاوە، تاکێکیان ئۆۆزسیۆنە و تاکەکەی تری حیزبی دەسەڵات..ئەگەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەهۆی تاقە حیزبێکەوە ستەمکاری درێژە پێبدەن، ئەوا ستەمکاری دیموکراسی (تەمسیلی) هەرگیز ناتوانێ بژی بەبێ ئۆپۆزسیۆن.
حیزبەکانی دەسەڵات سامانی هەرێمیان دزی، بەڵام حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئیرادە و غیرەتی خەڵکیان دزی.ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزە ساختەچیەی ناو سیاسەتە، کە بەهەمان ئیمتیازی دەسەڵات، خەڵکی بێدەنگ و بێ چالاکی دەکات، بەخەڵکی دەڵێت ئێوە هیچ مەکەن و ناڕەزایەتیەکان بە ئێمە بسپێرن.. تەنانەت کاتێک خەڵکی دەتەقنەوە بە ڕووی دەسەڵاتدا، دەستبەجێ ئەم فۆڕمە ساختەچیە دەستدەکات بە قۆرخکردنی.ئەوەی کە زەحمەتە بەو نزیکانە ناڕەزایەتیەکان بە فیعلی سەرهەڵبدەن، پەیوەندی بەو قۆرخکاریەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن دەیکات..ئەنجامی ناڕەزایەتیەکانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دواتری باشترین نموونەن.. کە چۆن گەندوگوەکانی ئۆپۆزسێۆن لە ڕێگەی بوق و بۆقەکانیانەوە لغاویان کرد..بەعس ئیرادەی خەڵکی پێنەکوژرا، ئۆپۆزسیۆن کوشتی.. ئەگەر ئومێد بە ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری نیە دژ بە دەسەڵات، لەبەر ئەزموونی تاڵی خەڵکە لەگەڵ ئەو چالاکیانەدا… ئەگەر ڕاپەڕین ئەو چەتەگەریە بەرهەم بهێنێ و ئەگەر ناڕازیبوون مشەخۆری ئۆپۆزسیۆنبەرهەم بهێنێ، ئیدی چۆن وڵات و ئیرادەی خەڵکی تاڵان ناکرێ؟!ئۆپۆزسیۆن زیانی بۆ دەسەڵات هەبووایە، بێگومان قەدەغەی دەکرد
.