پرۆتێست دژ بە یاسای نوێی پەنابەران

14/03/2023

دوێنێ ئێوارەکەی ، 13/03/23 ، دووشەمە نزیکەی 1000 کەس لەبەردەم پەڕلەمانی بریتانیدا ناڕەزایییان دەربڕی دژ بە یاسا نوێیەکەی حکومەتی بریتانی لە کاتێکدا کە پەڕلەمان قسە و خوێندنەوەی دووەهەمیان بۆ لائیحەکە دەکرد.

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لائیحەکە بە دەنگی 312 ئەندام پەڕلەمان لە بەرانبەر 250 دەنگدا پەسەندکرا .پرسی ئەم یاسا نوێیە دەنگێکی زۆری لەناو زۆێك لە خەڵكدا لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵدا داوەتەوە کە زۆربەیان ڕێکن لەسەر ئەوەی کە یاسایەکە دژ بە مافی مرۆڤە و پەنابەران وەکو تاوانبار و داگیرکەر دەبینێت .  لەوانەی کە بەشدارییان کردبوو لە پرۆتێستەکەدا دروشمی جیا جیایان بۆ پاڵپپشتی لە پەنابەران هەڵگرتبوو و دەیانوتەوە،  لەوانە:  چیتان دەوێت؟ پەڕینەوەی سەلامەت ؟ کەی دەتانەوێت ؟ هەر ئێستا … کێ بەشی خزمەگوزاری دروستکردووە و ڕاگرتووە ؟  کۆچبەران دروستان کردووە…… کۆچبەر و پەنابەر بەخێربێن بۆ ئێرە، لۆمەی کۆچبەر مەکە، لۆمەی سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف] بکەن… زۆری تر لەم دروشمانە.  

مانگرتن و پرۆتێستی کرێکاران لە فەرەنسا بەردەوامە

14/03/2023

تا ڕۆژی دووشەممەش هەزاران تۆن زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکانی پاریس مایەوە، لە کاتێکدا کرێکارانی  زبڵ و خاشاك کۆکردنەوە پێیان نایە  هەشتەمین ڕۆژی  مانگرتنەکەیان  لە دەربڕینی  ناڕەزایەیی بەرامبەر بە پێشنیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ.

ڕۆژ بە ڕۆژ زبڵ و خاشاکی زیاتر لە سەر شەقامەکانی پاریس و هەندێک ناوچەی دیکەی فەرەنسا زیاتر بڵاو دەبێتەوە.   دوای تەنها یەک هەفتە لە چالاکیی مانگرتنەکە، بە پێی هەڵسەنگاندنێکی هۆڵی شارەوانی پاریس ڕۆژی یەکشەممە، لانیکەم پێنج هەزار و 400 تەن  زبڵ و خاشاکی کۆنەکراوە لەسەر شەقامەکانی پاریس هەبوون.

چالاکیی مانگرتنەکان زیاتر پایتەختی فەرەنسایان گرتووەتەوە، بەڵام زبڵ کۆکەرەوەکانی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە وەک ڕێنیش وازیان لە کارەکانیان هێناوە و بە مانگرتوانی پاریسەوە پەیوەستبوونەتەوە.

نقابەش لە بەرانبەر حکومەتدا دەڵێت ” ئەوەی مانگرتنەکە دەوەستێنێت ئەوەیە کە ئیمانوێل ماکرۆن چاکسازییەکەی دەکشێنێتەوە.  ئەگەر ئەمە بکات، ئەوا پاریس زۆر بە خێرایی پاک دەبێتەوە.. ئێمە دەزانین چۆن ئەوە بکەین”، ڕێجیس ڤیسێلی، بەرپرسی لقی سی جی تی کە نوێنەرایەتی کرێکارانی زبڵ دەکات، بە ڕۆژنامەی فەرەنسی لۆ پاریسیانی وتووە.

ممانگرتنی دکتۆرەکان لە بریتانیاانگرتنی دکتۆرەکان لە بریتانیا

13/03/2023

 مانگرتنی 61 هەزار دکتۆر لەوانەی کە ساڵی یەکەمیانە و وەکو ڕاهینان لەژێر چاودێریدا کار دەکەن و هەروەها ئەو دکتۆرانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە دەستبەکار بوون، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لە ئەمڕۆوە دەستی پێکرد .

دکتۆرەکان کە ڕۆژانی سەر کاریان زۆر دووروو درێژە کەچی پارەیەکی ئێکجار کەم وەردگرن کە لە نێوانی 11.80 پاوەند و 14.10 پاوەندە لە کاتژمێرێکدا بە گوێرەی ئەو شوێنانەی کە کاری لێدەکەن .  ئەم کرێ کەمە لە ساڵێکدا دەکاتە 29،384 پاوەند پێش بڕینی باج لێی.

لە ئێستادا دکتۆرەکان داوای موچەزیادی بە ڕێژەی لە سەدا 26 دەکەن وەزیری تەندروستیش دەڵێت بۆمان ناکرێت کە ئەو پارەیە بدەین . ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن زۆر کەمە چونکە خوێندنی 5 ساڵ و 6 ساڵ لە کولییەی پزیشکی دەبێت قەرزی بۆ بکەن بۆ کولفەی زانکۆ و هەروەها کرێی خانوو و ژیانی ئاسایی خۆیان بۆیە لەناو خوێندکارەکاندا هەیە کە 100 هەزار پاوەندی  قەرز کردوە بۆ  تەواوکردنی ماوەی خوێندنەکەی.

مانگرتنی دکتۆر و نێرس و تیمی ئیسعاف و کارمەندەکانی دیکەی خەستەخانەکان هاوپشتی و لایەنگرییەکی ئێکجار زۆریان لە لایەن خەڵکە ئاساییەکەوە هەیە . وێنەیەك لەو وێنانە وێنەی ڕۆژی شەمەی ، 11/03ی هاتنە سەر شەقامی خەڵکییە بۆ پشتگیریکردن لێیان. 

پرۆتێستەکانی فەرەنسا بەردەوامە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی

11/03/2023

ئەمڕۆ ، شەمە ، 11/03 بۆ پینجەم ڕۆژ زیاتر لە ملیۆنێك کەس لە پاریس و هەندێك شاری دیکە چوونەوە سەر شەقامەکان بۆ ڕاگرتنی حکومەت لە سیاسەتی نوێی کە دەیەوێت تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بکاتە 64 ساڵ .

کێڵگەوان و چالاکوانی ژینگە لە  هۆڵەندا دژ بە سیاسەتەکانی حکومەت ناڕەزایەتیان دەربڕی

11/03/2023

ئەمرۆ شەمە، 11/03 لە ئەمستردام  زیاتر لە 10 هەزار کێلگەوانی  هۆڵەندی لە شاری لاهای ناڕەزایەتییان دەربڕی دژی پلانەکانی حکومەت بۆ سنووردارکردنی دانەوەی / دەردانی  نایترۆجین، سیاسەتێک کە دەڵێن کۆتایی زۆرێک لە کێڵگەکان دەبێت و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک دەبێت.  ئەمەش لە هاوشێوەی پرۆتێستی کێڵگەوانەکانی بەلجیکا کە لەم مانگەدا لەسەر یاساکانی دەردانی نایترۆجین، کردیان.

لە شوێنێکی دیکەی شارەکەدا هەزاران ژینگەپارێز شەقامێکی گەورەیان گرت لە ناڕەزایەتییەکی بێ مۆڵەتدا دژی یاساکانی باج کە دەڵێن هاندەری بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینییە. پۆلیس فشاری ئاوڕشێنی ئاوی بۆ بڵاوەپێکردنی گروپێکیان کە زیاتر لە 100  کەسی چالاکوان بوون بەکارهێنا.

هاوکاتیش خۆپیشاندەرانی لایەنگری کێڵگەکان و کێڵگەوانەکان لە لایەن گروپی هێزی بەرگریی لە کێڵگەوانەکان   لە خۆپیشاندانێکی  ئاشتیانەدا کە  ڕێکخرابوو، لافیتەیەکیان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو “نا بۆ کێلگەوان ، نا بۆ خۆراک” و “هیچ ‘کێشەیەک’ی نایترۆجین نییە”.

کۆمەڵگەی سەرمایەداریی، کۆمەڵگەی شێواندنی هەموو ڕاستیەکانە!

جیهان نۆرمان

07/03/2023

شارستانیەتی سەرمایەداری مۆدێرن بەرهەمی چەند سەدەیەکی دوورو درێژی مێژووی تێکدانی دڕندانەی کۆمەلە سروشتی و پێکهاتە کۆمەلایەتیەکانی رابووردووە. بەرهەمی مێژووی کوشتن و سزادان و کۆیلەکردنی ملوێنەها مرۆڤە بۆ پێکهێنانی ئەو چینە چەوساوەیەی کە بریتیە لە ئێمەی پرۆلێتاریای ئەمرۆی دونیا.

سەرمایەداریی بەرهەمی سروشتی «پێشکەوتن» نییە، بەڵکو بەرهەمێکی رەسەن و ڕاستەوخۆی زوڵم و تێرۆرو تێکدانی پێکەوەژیانی ئازادی مرۆڤەکانە.

درۆیە کە دەڵێن کرێکاران ناتوانن، نازانن ئەرکی بەرێوەبردنی دونیا بگرنە ئەستۆ! ئەوە کرێکارانن کە هەمیشە، لە ڕابووردودا و لە ئەمرۆدا، ئەرکی بەڕێوەبردنی دونیایان لە ئەستۆگرتووە. ئەوە سەرمایەداران نین کە باری بەڕێوربردنی کۆمەڵیان لە ئەستۆیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوان تەنها بێکەڵك و هیچ نەکەرن، ئەوان مشەخۆرن، سامان خۆرو خوێنمژی دەستەلاتداران!!

هێزی سەرەکی خەباتەکانی ڕێگای ئازادی، خۆبەختکەرانی سەرەکی رێگای پێکهێنانی کۆمەڵگەی کۆمەکی مرۆڤایەتی هەر کرێکارانن، هەر چەوساوەکانن. مێژوویی قوربانیدان و خەباتەکانی چەوساوەکان لە پەرتووکە زەبەلاحەکانی خوێندگا و زانگۆکاندا نە نوسراوە، بەڵکو زۆر باش تۆمار بووە لە شانەکانی لاشە و خوێن و دەروونی هەموو چەوساوەیەکدا!

ناوەرۆکی پرۆگرامی خواستی ئازادی و ژیان و ژینگەدۆستی چەوساوەکان لە دڵ و هەستی هەموو تاکێکی چەوساوەدایە. زمانی نوسین تەنها بە شێوەیەکی ڕوکەش دەتوانێ ئەو خواستانە،ئەو ئومێدو ئارەزووانە بخاتە ڕوو.

کۆمەڵگەی سەرمایەداریی، کۆمەڵگەی زاڵبوونی بەهای ئالوگۆڕە (بتپەرستی پارە) بە سەر ژیانی زیندووی مرۆڤی چەوساوەدا کە بەرهەم هێنەری هەموو بەهاکانە. زمانی ئیدیۆلۆژی، زمانی سیاسی هەمان پێگەی پێدراوە کە بەهای ئالوگۆر هەیەتی، واتە پێکەی پیرۆزی پارە پەرستن!

بۆ تێگەشتن لە ناوەرۆکی پێداویست و ئاستی هەموو خەباتێکی چەوساوەکان، گرنگە لە زمانی ئیدیۆلۆژییەوە، لە زمانی سیاسەتەوە نەروانینە ژیان و دیاردەکانی کۆمەڵ،بەڵکو لە ویست و خواستی چەوساوەکانەوە، وەک ئەوەی کە ماهیەتی پێداویستی بە مرۆڤ بوونیان داوای دەکات، نەک بەو شتانەی کە دەیلێن و لە سەریان دەوترێ بە زمانی ناتەواوی کۆمەڵگەی کۆیلەیەتی، بە زمانی وشکی داپچڕاو لە سۆزو هیواو هەستەکان، یاخود وەک چۆن، وە بەچ زاراوەیەکی سیاسی خواستەکانیان دەستنیشان دەکەن. پێداویستی بوونی بە کۆیلەکراوی هەموو تاکێکی چەوساوە لە خواستی ئازادی و ئاسایش و ئاسودەیی و پێکەوەژیانی کۆمەلیدا کۆ دەبێتەوە. ئەوەش ڕاستی پرۆگرامی کۆمەڵگەی داهاتووی مرۆڤایەتیە.

ئەو بوونە شتێکی خەیاڵیی و وەهم نییە، بە پێچەوانەوە، گەر بزووتنەوەیەک، گەر خەباتێکی ڕاستەقینە هەبێت دژ بە دەولەت، دژ بە سەرمایە، تەنها خەباتی ڕۆژانەی بەردەوامی چەوساوەکان خۆیانە.

پێمان دەڵێن چەوساوەکان، پرۆلیتێرەکان نازانن، ناتوانن ڕێکخستن پێکبهێنن، ناتوانن و نازانن شوارو سوپاکانی خەبات رێکبخەن و بەرێوەببەن! کە گوایە، بە وتەی سیاسەتبازەکانی سۆشیال دیمۆکراتو لینینیەکان، چەوساوەکان تەنها خەباتی «ئابووریی» دەتوانن بکەن، لە کاتێکدا کە مێژوو چەندجار ئەو ڕاستییەی بە خوێن و قوربانی چەوساوە شۆڕشگێرەکان نوسیووە، کە هەر ئەوان بوون، هەر خودی کۆیلەکان بوون کە هێزی پەلاماردانەکانیان دژ بە دەولەت و دەستەلاتداران رێکخستووە، وەک لە بزووتنەوەی کۆیلەکانی سەردەمی ڕۆمای کۆن (سپارتاکوستەکان)، شۆڕشی زەنج، بزووتنەوەی یاخیبووانی هەموو چەوساوەکانی دونیا، لە ئەمەریکاوە، تا چین، بە شۆڕشی کۆمۆنەکانی فەرەنسا و بە خەباتەکانی چەوساوەکانی ڕوسیای ئەلمانیاو ئەوروپای سەرەتای سەدەی ڕابووردو و بە خەباتەکانی کرێکارانی بەریتانیا، بە راپەرینەکانی دژی دونیای سەرمایەداری, لە ئۆکرانیا، لە ئیسپانیا، لە ئێران، لە عێراق، لە یۆنان، لە زۆر جێگای تری دونیا، چ لە ڕابووردو، چ لە ئەمڕۆدا، بناغە، هێزی بازووو، هێزی دەروونی و زهنی بزووتنەوە شۆڕشخوازەکانی مێژووی خەباتی چینایەتی هەر چەوساوەکانن، هەر یاخیبووانی دژ بە دەوڵەت و دژ بە کۆمەلگەی چینایەتین.

ئاوات و پێداویستەکانی بزووتنەوەو خەباتەکانی چەوساوەکان، لە ڕابووردو، وە لە ئێستادا هەر یەکێکە، ئەویش دەربازبوونە لە هەموو زوڵمێک، لە هەموو سوکایەتی و ترس و ستەمێک، دەربازبوونە لە چەوسانەوەو تێکدانی ژیانی کۆمەکیی ئازاد!

یاسای نوێی بریتانیا سەبارەت بە پەنابەران

08/03/2023

کێشەی هاتنی پەنابەران و کۆچهێنەران بۆ برییتانیا هەمیشە کارتێکی سەرەکی بووە لە دەستی هەردوو حیزبە گەورەکەی بریتانیا : موحافیزین و حیزبی لەیبەر، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی گشتی نزیکدەبێتەوە.

قسە و باس و ڕاگەیاندنی ئەمانیش هەر وەکو هەموو کاتێك ئەوەندە نامرۆیانە و هەڵخەڵەتێنەرانەیە کە بووەتە و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی فاشی و ڕایسست و ڕاستڕەەوەکانی بریتانیا تا ئەو ڕادەیەی کە خەڵکی توندڕەو و ڕایسستەکان هان دەدات بۆ سەر ئەو ئوتێل و سێنتەرانەی کە پەنابەرانیان تێدا کۆکراونەتەوە.

حیزبی موحافیزین کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2010 وە لەسە حوکمن چەندەها بڕیار و یاسایان لەو کاتەوە سەبارەت بە پەنابەران بۆ نەگەیشتنیان بە بریتانیا داوە و داناوە.  جێی سەرسوڕمان نییە کە تا ئێستا 43 جار ئەم حیزبە هەوڵی داوە کە ڕێگری بکات لە پەنابەران و هاتنیان بۆ ئێرە هەر 43 جارەکە شکستی هێناوە بۆیە پاش تاقیکردنەوەی زۆر ڕێگا و سەرفکردنی ملیار پاوەند بۆ ئەو مەبەستە ،   لە کۆتایی ساڵی پاردا حکومەتی ئێرە هەوڵی لەگەڵ ئەلبانیا و ڕواندە و مەغریب-دا دا تاکو پەنابەرانی بریتانی بنێرن بۆ ئەوێ .  بۆ ئەمەش هەر زوو 120 ملیۆن پاوەندیان دا بە ڕواندە بۆ ئامادەکاری و حەواننەوەی پەنابەرانی نێرداراو بۆ ئەوێ ، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا یەک دانە پەنابەر نەرێرراوەتە ڕواندە .

بێزاری و دژایەتیکردنی پەنابەر زۆر نابەجێ و ناراستە کە گوێی خەڵکی بریتانیای پێدەئاخنن چونکە بریتانیا کەمترین ژمارەی پەنابەر دەگرێتە خۆی لە چاو وڵاتانی دیکەی ئەورودا هەر بۆ نمونە ئەڵمانیا پارەکە 165،925 پەنابەر چوونەتە ئەوێ ، فەرەنسا 112،860 ئەمە لە کاتێکدا کە بریتانیا تەنها 74،751 پەنابەر هاتوون کە لەمانە 45،756 کەسیان بە بەلەم پەڕیونەتەوە ناو بریتانیا. ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2019 دەدا تەنها 1،843 پەنابەر بوون کە بە بەلەم هاتوونەتە بریتانیاوە .  کەواتە ژمارەکە سەرەڕای هەموو ئەو ڕێگریانەی کە دەکرێن لە بەرانبەر پەنابەراندا لە زیاد بووندایە .  توێژەرەوەکان لەو بوارەدا و تەنانەت ئەوانەشی کە لە دائیرەی کۆچ و پەنابەر کاردەکەن وا پێشبینی دەکەن کە ئەمساڵ 85 هەزار پەنابەر بێنە بریتانیا.  لە ماوەی ئەمساڵدا تا نوسینی ئەم چەند دێرە 5،315 کەس بە بەلەم هاتوونەتە بریتانیا.

ئەوانەی کە دێنە بریتانیا بە زۆری ئەفغانی و ئێرانی و ئەلبانی و ئەریتری و عێراقی و سوریین .

بە گوێرەی یاسا نوێیەکە هەر کەسێك بە بەلەم بێتە ناو بریتانیاوە چ ژن و چ پیاو و یا منداڵ هیچ جۆرە مافێکی داواکردنی پەنابەرێتییان نابێت یەکسەر دەستبەسەر دەکرێن لە ماوەیەکی کەمدا یا دەیاننێرنەوە بۆ وڵاتەکانی کە لێوەی هاتوون یاخود بۆ وڵاتێی دیکە کە ڕەنگە ڕواندە بێت .  هەروهە مافی هیچ جۆرە ئیستیئنافکردنی کەیسەکانیان نییە و کەیسەکانیان هەواڵەی  دادگای ئەوروپی ناکرێت .

لەم بارەوە ” نەتەوە یکەگرتووەکان” دەڵیت کە ئەمەی بریتانیا دەیکات پێشێلکردنی مافی پەنابەرانە کە خۆیان واژۆی ئەو پەیمانەیان کردووە کە وڵاتانی ئەوروپی ” نەتەوە یەکگرتووەکان هەموویان پەسەندیان کردووە”

لە ڕاستیدا مانەوەی پەنابەران و ڕاگرتنیان و وەڵامنەدانەوەیان کولفەیەکی ئێکجار زۆر لەسەر دەوڵەت دەکەوێت.  بۆ نموونە بۆ 65 هەزار کەس بۆ 28 ڕۆژ کە دەستبەرن لە شوێنێکدا پارەکەی دەکاتە 219 ملیۆن پاوەند بۆ 6 مانگە دەچێت 1.4 ملیار پاوەند کە ئەمەش پارەی باجی خەڵکییە.  بێ گومان سیاسییەکان و حکومەت ئەمە دەدەن بە گوێی خەڵکی بریتانیدا بۆیە خەڵکیش ڕقی لە پەنابەر دەبێتەوە و دەچنە سەریان ، ئەمان ئەوە ناڵێن کە بیرۆکراتییەتی سیستەمەکە و نەبوونی کارمەند و کرێکاری تەواو تاکو کەیسەکانیان بە زوویی ببینێت  و ئەوەی پەنابەری وەردەگرێت ئیتر خۆی کار دەدۆزێتەوە کە زۆرینەن ، ئەوانەشی کە وەریناگرن ئەوە چارەیەکی دیکەیان بۆ دەدۆزنەوە یا دووبارە کەیسەکەی تازە دەکاتەوە یاخود رەنگە بە پرۆسەیەکی درێژدا گەر ئەمجارەش هەر ڕەفزی بۆ هاتەوە بینێرنەوە.

پرۆتێست لە جۆرجییا

08/03/2023

دوێنێ، سێشەمە شەوەکەی ، سەدەها کەس هاتنە سەر شەقامەکانی تیبلیسی پایتەختی جۆرجیا و هەروەها بەردەم  بینای پەڕلەمان پاش ئەوەی پەرلەمان ڕای لەسەر بڕیارێکی نوێ دا سەبارەت بە ڕێکخراو و حیزبەکانی جۆرجیا، کە دەکرێت ئەم بڕیارەی ئێستا ببێتە یاسا.

بڕیارەکە  گەر ببێتە یاسا کەد دەڵێت  ”  پێویستە هەر ڕێکخراوێک کە زیاتر لە 20%ی بودجەی خۆی لە دەرەوەی وڵات وەربگرێت، وەک “بریکاری بیانی”، [ بە کوردی خۆمان شێوە عەمیلێکی وڵاتانی بێیانە] ، دەبێت  ناوی خۆی تۆمار بکات، یان ڕووبەڕووی غەرامەیەکی گەورە دەبێتەوە”  

بەم هۆیەوە خەڵکانی هەمە جۆر و مەیلی جیا جیای سیاسی چوونە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان دژ بەمە تاکو نەبێتە یاسا.  لەم بارەشدا زۆرینەی ناڕەزاییکەران داوای چونە یەکێتی ئەوروپا دەکەن ، داوای بڕینی پەیوەندی جۆرجیا لەگەڵ ڕوسیا دەکەن ، هەروەها تاوانباری حیزبی حاکم و دەسەڵاتداران دەکەن کە گوایە ئەوان دەیانەوێت تا ئێستاش هەمان یاسای کە لە ڕوسیا بەکاردەهێنرێت ، لە جۆرجیاش هەر بەکاربهێنرێت.

هەڵوێست لە کاتی خۆیدا دەبێت وەرگیرێت، بڕیار لە کاتی خۆیدا دەبێت بدرێت

زاهیر باهیر

06/03/2023

هەڵوێست ، بڕیار، قسە هەر هەموو ئەمانە دەبێت لە کات  و شوێنی خۆیاندا بن، نە درەنگ و نە زوو، گەر وانەبێت ئەوە سوودیان نابێت، بەڵکو زۆر جاریش بە زیان دەگەڕێنەوە.  ئەمەی کە دەییڵێم نەك هەر  لە کار و کاردانەوەی حیزبەکان و بزوتنەوەکاندا ڕاستن بەڵکو لە کاروبار و کاردانەوەی یاخود ڕووداوە کەسییەکانیشدا هەر ڕاستن.  کورد دەڵێت کنر و ماست بە وادەی خۆیان.

لە دوای بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیا و سوریا پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، یەكلایەنانە ئاگربەستییان ڕاگەیاند وەکو هەڵوێستێکی مرۆیانە و نییازباشیی، دواتریش هەر یەك لە سەرکردەکانی پەکەکە لەم بارەیەوە، لێدوانیان لەسەر ئاگربەستییەکە دا.  لەم ڕۆژانەشدا جەمیل بایك هاوسەرۆکی کەجەکە ڕونتر لەو بارەوە ڕایگەیاند و هەڵوێستی ئاگربەستییەکەی و دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا بە چەند مەرج و بەندێکەوە بەستەوە.

من لێرەدا ستایشی ئەو هەڵوێستە دەکەم ، نەك هەر دەڵێم کارێکی زۆر باشە و هەنگاوێی ئیكجار سوودبەخش و گەوەرەیە ، بەڵکو دەشلێم گەر پەکەکە نەیانتوانیایە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015د خۆیان بپارێزن لە داوەکەی ئەردۆگان لە هەڵگیرساندنەوەی  شەڕەکەدا، ئەوە دەبوایە هەر لەو ساڵەدا ئەم هەنگاوە گەورە و گرنگەیان بنایە و بۆ هەمیشە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ، نەك ڕادەستبوونەوەیان، ئیدی گرنگ نەبوو تورکیا حسابی بۆ دەکرد یا نەیدەکرد. 

ناکرێت تۆ بەردەوام بیت لە یارییەك کە هیچ هیوایەکی سەرکەوتنی تێدا نەبێت هەتا ئەگەر بە زۆریش بەسەرتا سەپێنرابێت. ناشکرێت بەردەوامی بدەیت بە بزوتنەوەیەك کە بە درێژایی 8 ساڵی رابووردوو تاکە سوودێکی لە زیان زیاتر نەبووبێت.

من لێرەدا نامەوێت جارێکی دیکە خۆم دووبارە و دەبارە بکەمەوە سەبارەت بە بزوتنەوەی چەکداریی، بەتایبەت بزوتنەوەکەی پەکەکە، زۆرم لەسەر ئەمە نوسیوە و زۆریش پاساوی بێ سەروبەرەی بوونی ئەو بزوتنەوە چەکدارییەم بیستوە.  زەرەر و زیانی بوونی بزوتنەوەکەم لە زۆر پۆست و وتاردا نوسیوە. ئەوەی کە لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێت بیڵێم دوو خالە:

یەك: ئایا ئاگربەستی ئێستا کارایی لە سەر بڕیاری ئاکەپە و خودی کەسی ئەردۆگان دادەنێت؟

ڕاگەیاندنی ئاگربەستیی، ئاشتەوایی، کاتیی بێت یاخود دائیمیی لە هەموو ڕویەکەوە کورد واتەنی هەزاری خێرە و دووهەزاری بەرەکەت، بەڵام هەرگیز ئەردۆگان و حکومەتەکەی نەك وەڵامی ئەرێیانەیان نابێت بەڵکو هەر ئاوڕیشی لێنادەنەوە.  هۆکارەکەشی ڕوونە یەك: زۆر زۆر درەنگە، پاش 8 ساڵی دوورودرێژی وێرانکاری و قوربانی زۆر.  دووش : حکومەتی فاشی تورکیا دەزانێت کە بڕیارەکەی پەکەکە لە لاوازییانەوەیە نەك لە بەهێزییانەوە. لە حاڵەتی ئاواشدا وەکو مێژوو پێماندەڵیت سازش لە هەڵوێستی لاوازەوە تەنها کەوڵەکەت دەپارێزێت.

دوو: بۆچی  ئەردۆگان و حکومەتەکەی بەدەم بانگەشە مرۆیانەکەی پەکەکەوە ناچن؟

ڕایسزیزم و فاشیزم و ڕیگرتن لە ئازادیی و مافە ڕەواکانی کورد بە مافی فەرهەنگ و  زمان و  سیاسەتی و کولتورییەوە  سیستماتیکییە واتە کراوە بە سیستەم و ئەمەش هەر لەسەر دەمی ئەتاتورکەوە تاکو ئێستا هەر ئاوا هاتووە.  ڕوونتر ڕایسیزم و فاشیززم لە تورکیادا پایەیەکی گەورەی ڕاگرتنی حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی تورکیا بووە هەر ئەم هۆکارەش بووە کە چارەسەری پرسی کورد لەوێ لە لولەی تفەنگەوە نەکراوە و ئێستاش ناکرێت و پایەکە درز پێنابات، بەڵکو بەهێزتری دەکات .

جەنگ دابڕان و دورخستنەوە لە یەکدی،  کوشتن و ماڵوێرانکردن و نیشتمان و سروشت خاپورکردن، چاندنی ڕك و کینەی زیاتر، زۆری تر دەخولقێنیت، ئەمەش لە درەوەی ویست و خواستی کەسان و سەرکردەکانی بزوتنەوە چەکدارییەکەیە، جونکە ئەمە سروشتی بزوتنەوە و شەڕی چەکدارییە لە هەر شوێنێکدا ڕوویدابێت هەر ئەمەی بەستۆتەوە.

ئەوەندەی جەنگ، بە تایبەت جەنگێك بەهۆی بزوتنەوەی نەتەوەییەوە هەڵگیرسابێت، ئەوەندەی حکومەتەکە بەهێز دەکات، ئاشتی ئەوەندە بەهێزی ناکات. بەهێزکردنی دەوڵەتی عەسکەرتاریی بەهۆی بوونی دەسەڵات و دروستکردنی دەیەها دەزگەی تیرۆر و سەرکوتکردن و سیخوڕی و میدیا و قەڵەمفرۆش لە تەك بوونی ساماندا دەیهێنێتە ئاراوە و کارێکی زۆر گران نییە. نمونە لەو بارەوە حکومەتەکانی کۆنی عێراق ، ئێران ، سوریا ، ئیسرائیل، سریلانکە، کۆڵۆمبیا …تد کە بزوتنەوەی چەکداریی هەمیشە سوودمەندو و بەهێزی کردون.

زۆر جاریش جەنگ دەبێتە زەروورەی وەختیی/هەنووکەیی بۆ دەوڵەت کە لە کاتێکدا دەکەوێتە قەیرانەوە،  بە حساب، بۆ لاوازکردنی قەیرانەکە دروستکردنی جەنگ زۆر زەروورە لەو نموونانەش کە لە 50 ساڵی رابوردوودا بووە ، جەنگی ئێران و عێراق ، هێڕشی بریتانیا بۆ سەر دوورگەی فۆكلاند، داگیرکردنی کوێت لە لایەن صەدامەوە، بەرپەرچدانەوەی توندی وەحشیانەی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینیەکان… تد

هەر ئاواش حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بەردەوامیدانی شەرەکەی لەگەڵ پەکەکەدا هەناردەی قەیرانە وبە قازانجیانە و بە ملیار دۆلار بزوتنەوەیەکی ئاوا دەکڕن [ تکایە مەبەستم ئەوە نییە کە پەکەکە ئەیجنتی ئەوانە و کڕراوە] چونکە هەرچی خواست و ئامانجی ئاکەپە و لەسەرو حیزبەکەشەوە ئەردۆگان و فاشییەکان و گورگەبۆرەکانی تورکیایە دەچنێتەوە.

بزوتنەوە چەکدارییەکەی پەکەکە بۆ ئەوان ئەو پەیژەیەیە کە دەتوانن پێیدا هەڵزنێن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، ئەو پاساوەیە بۆ مانەوەیان و وەسفکرنیان بە دژە تیرۆر و تیرۆریسیت لە لایەن ئەوەی کە ناونراوە کۆمێنێتی نێودەوڵەتیی، ئەو خێرەیە کە زۆرێك لە کارگەکانی دروستکردنی چەك و تەقەمەنی و تانک و فڕۆکەی جەنگی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە و کرێکارەکانیان بێ کار نابن، ئەو بیانوەیە کە کوردستانی باکور و بەشێك لە کوردستانی باشووریشی پێ خاپوور بکات، هەدەپە و ڕۆژئاواشی پێ لاواز بکات، ئەو دەستەیە کە سەرکوتی نەیارانی نێوخۆشی پیدەکات بە هەر پاساوێك کە  حکومەت دەیەوێت، ئەو فیتنەییە کە نێوانی ڕەش و ڕوت و چەوساوانی کورد و تورکی پێ تێكدەدات و دووبەرەکی دەخاتە ناویانەوە خۆشی سوودمەند دەبێت، ئەو بانگەشەی هەڵبژاردنەیە  کە دەنگی زیاتر بۆ ئاکەپە بە ناوی جەنگ دژ بە تیرۆ و تیرۆریستان و بەکرێگیراوانی بێیانەوە دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی بە هۆی میدیای دەوڵەتییەوە بە ڕشتنی ژەهری بڕواهێنانی خەڵکی بەو پاگەندانە.

بەردەوامی شەڕی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەمیشە مایەی زیادبوونی دەنگدان بووە بە حکومەتەکانی تورکیا، ئەگەر ئەمجارەش ئاکەپە هەڵنەبژێررێتەوە هۆکارەکە وەستانی جەنگی یەکلایەنەی پەکەکە نییە بەڵکو بوومەلەزەکەیە کە تا ڕادەیەك لەسەر ئاکەپە دەکەوێت.

مانگرتن و خۆپیشاندانی گەورە لە فەرەنسا

07/03/2023

خزمەتگوزاری ڕێگاوبان و شەمەندەفەر و ئاسمانی هەموویان کاریگەرییان لەسەر دەبێت لە ناڕەزایەتییەکدا بەهۆی پلانی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ

ئەمڕۆ سێشەمە ، 07/03 ، مانگرتنی گەورەی کرێکاران و کارمەندانی هاتووچۆ بەشی پاس و مترۆ و قیتار و هەروەها فڕۆکەخانکان و پاڵاوگەکان دەستیپێکرد زۆرێك لە شارەکانی فەرەنسای توشی ئیفلیجی کردووە .

مانگرتنەکە دژ بە هەوڵی حکومەتە لەسەر بەرزکرندەوە تەمەنی خانەنشینییەوە  لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ.. ئەمە جاری شەشەمە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کە سەندیکاکان مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەن ، هیوایان وایە کە بە هەمان ڕێژەی  بەشداریکردنەکەی یەکەم جار کە لە 19ی مانگی یەکدا بوو  کاتێک زیاتر لە ملیۆنێک کەس دژی گۆڕانکارییەکانی خانەنشینی ڕێپێوانیان کرد، ئەمجارەش بەو ڕێژەیە خەڵکی بەشداری بکات.

بە هۆی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانەوە پاسە ناوخۆییەکانی شار و شەمەندەفەرەکانی میترۆ لە شارە گەورەکاندا کاریگەرییان لەسەر دەبێت. کارایی لەسەر  هێڵە ئاسمانییەکانیش داناوە کە لە 30%ی گەشتەکان لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا هەڵدەوەشێنەوە بەهۆی مانگرتنی کۆنتڕۆڵکەرانی هاتوچۆی ئاسمانی..  ئەوانەشی کە شەقامەکان بەکاردەهێنن دەتوانن ڕێگاوبان و ڕێڕەوی هاتووچۆ خاو بکەنەوە و ڕێگاکانی ناو شارە گەورەکان بگرن.، کە لەم بارەشدا  پێدەچێت گەیاندن بۆ مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان پەک بخات.

فابریس میچۆد، لە لقی کرێکارانی هێڵی ئاسنی سەندیکای کرێکارانی سی جی تی دەڵێت: “بیرۆکەکە ئەوەیە فەرەنسا بوەستێنرێت“.

هەندێک لە خوێندکاران، لەنێویاندا زانکۆی ڕێنس 2 لە Brittany، شەوی دووشەممە دەستیان بە گەمارۆدانی پاوەرەکان و فاسیلەتی نێو زانکۆکە کرد.  بڕیارە ئەمڕۆ ، سێشەممە، قوتابخانەکان دابخرێن لە کاتێکدا بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان بۆ ماوەی یەک ڕۆژ مانگرتن ئەنجام دەدە.  هەروەها دەکرێت کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی خۆڵ و پیسایی ماڵان و سەر شەقامەکان  لە چەند شارێکدا بەهۆی مانگرتنی کرێکارانەوە هەبێت.

لە ڕاپرسییەکی ئیفپۆل، Ifpo poll بۆ ڕۆژنامەی یەکشەممەی ڕۆژنامەی لێ جۆرناڵ دی دیمانش، دەرکەوتووە کە تەنها 32%ی خەڵکی فەرەنسا پشتگیری لە گۆڕانکارییەکانی خانەنشینی ماکرۆن دەکەن.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: