ئەو وڵاتەی کە ژنان  پێشەنگن و کاراییان لەسەر شێوە و فۆرمی حکومەتەکەی هەیە، کە چی کەمتر ناسراون و دەناسرێن

نوسینی : Niha Masih

و: Zaher Baher

19/08/2026

ئەمەی خوارەوە ڕاپۆرتێکی دوورو درێژە لە سەر خەباتی مەیدانیانەی ژنان لە هندستان لە لایەن ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی کراوە و دوێنێ ، 18/08/2026  بڵاوکراوەتەوە .

من تایتڵەکەیم گۆڕیوە و بەشێکی زۆریم کردووە بە کوردی .  بە پێویستم زانی کە خوێنەری کورد بە تایبەت ژنانی کورد بیبینن و لێوەی وانە و ئەزموون وەرگرن کە زەروورە ژنان بێنە مەیدانی چالاکی مەیدانییەوە .  ئەم ڕاپۆرتە / ڕیپۆرتتاچە لە ڕاستیدا دەبێت  وزە و پەیامێکی گەورە و گرنگ بدات بە هەموومان بەتایبەت ژنان .

Zaher

ئەو وڵاتەی کە ژنان  پێشەنگن و کاراییان لەسەر شێوە و فۆرمی حکومەتەکەی هەیە, کە چی کەمتر ناسراون و دەناسرێن

زۆر شت هەیە بۆ ئەو ژنە نائاساییانەی کە ژیانی ئاسایی دەژین،  سەرەڕای ئەوەش هیندستانیان لە قاڵب داوە. ژنان ڕۆڵیان زۆر زیاتر لە ژیانی گشتی وڵاتەکەدا هەبووە و گۆڕیوە لەوەی کە بوونیان لە سیاسەتی فەرمیدا ئاماژەی پێدەکات.

لە کاتێکدا هیندستان لە کۆتایی هەفتەدا 79 ساڵەی لەدایکبوونی خۆی بەسەردەکردەوە، بەیادی خۆمم هێنایەوە و  بیرم لە فرەیی بزووتنەوەکانی خەڵک دەکردەوە، گەورە و بچووک – هەروەها ئەو ژنانەی کە یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی ئەو بزوتنەوانەدا.

لە کاتی خەباتی هیندستاندا بۆ ئازادی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، ژنان بایکۆتی کاڵای بەریتانیایان ڕێکخست، خوێی قاچاخیان دروست دەکرد و ڕێپێوانیان دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس، بەرپرسیاری و ڕۆڵەکانیان گرتە ئەستۆ ئەو ڕۆڵانەی کە بەزۆری پیاوان زاڵن بەسەریاندا.

لە بزووتنەوەی ‘چیپکۆ’ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کە دەربڕینی ناڕەزایی بوو بەرامبەر بە بڕینی دارستانەکان ، ژنان جەستەیان دەخستە مەترسییەوە ، بە دەوری دارەکاندا خۆیان دەئاڵاند بۆ ئەوەی نەبڕدرێن، ئەمەش خەباتێکی لۆکاڵی کردە كێشەیەکی نیشتمانی  بۆ ژینگە و گەشەپێدان.

 لەم دواییانەدا داپیرەکان لە شاهین باغ  چالاکی دانیشتنیان گرتە بەر  بۆ دەربرینی ناڕەزایەتی  بەرامبەر یاسای هاووڵاتیبوون، کە ڕەخنەگران بە جیاکارییەوە ئیدانەیان کردووە، پێیان وابوو بواری بەرەنگاری و ناڕەزایەتی  دروستکردووە ، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێک پێیان وابوو وجودیان نییە .

ئەمڕۆ ڕێگاکانی ژیانی گشتی بۆ ژنان چەند بووە هێندە زیادی کردووە، سۆشیال میدیا وایکردووە ئەو کەسانەی کە پەیوەندی سیاسییان نییە دەکرێت  لەبە چاوی گشتدا بن. بەڵام مانای ئەوە نییە هەموو بەربەستەکان نەماون. سیاسەتی هەڵبژاردنەکان تا ڕادەیەکی زۆر سەختە شکاندنیان ، بە تایبەت بۆ ژنان. شیکارییەکی ساڵی 2025 ی کۆمەڵەی چاکسازییە دیموکراتییەکان دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی سەرجەم ژنە پەرلەمانتار و یاسادانەرانی ویلایەتەکان لە خێزانە سیاسییەکانەوە هاتوون، لەکاتێکدا بۆ پیاوان 18%یە.

سەرۆکی کۆمەڵەی چەپی خوێندکارانی سەرتاسەری هیندستان، بورە فاستد  بۆ ماوەی 23 ڕۆژ لە مانگرتنی خواردندا بوو، داوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی کرد لەسەر دزەپێکردنی کاغەزی تاقیکردنەوەکان و دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بزوتنەوەی سیسرکدا. ئێستا، ئەو گەشتێکی وڵات دەکات وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی گەیاندنی Gen Z Rising سەبارەت بە چاکسازییەکانی پەروەردە.

بورەی 29 ساڵ دەڵێت “من خوێندکاری دکتۆرام لە زانکۆی جەواهیرلال نەهرۆ لە بواری شانۆ و خوێندنی نمایشدا. تێگەیشتنی سیاسی خێزانەکەم زۆر جیاوازە لە تێگەیشتنی من. سەرەنجام پەیوەست بووم بە سیاسەتەوە چونکە ئەوە تاکە ڕێگە بوو کە دەمتوانی مانای ئەو سەردەمە بزانم کە تێیدا دەژیام – بۆ ئەوەی دەستەپاچە و بە تەواوی بێدەسەڵات نەبم لەو بڕیارانەی کە بۆ من دەدرێن، کە پێویستە لەلایەن خۆمەوە بدرێن. بۆ ئەوەی قسەیەکم هەبێت لەوەی کە دەیکەم، چۆن دەیکەم و چی لە دەوروبەرمدا دەکرێت. ئەوەی تەحەمول دەکرێت کامەیە ، چی باشە، نادادپەروەری چییە – هەموو ئەم پێناسانە لە ڕێگەی سیاسەتەوە بۆ من مانای هەبوون، یەکەم شت کە فێری کردم ئەوەیە  کە سیاسەت تەنها دروشم و ناڕەزایەتی نییە، سیاسەت هەر ئەو زمانەیە کە لە مێشکی  خۆتاندا دایدەڕێژن، ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ هاوڕێکانتان، خێزان و هاوتەمەنەکانتان هەتە.

ئازادی وەک خوێندکار واتە توانای خوێندن لە زانکۆیەکدا کە مۆدێلی پەروەردە نەکراوە بە دەرفەتێک بۆ قازانج.  لە کوێدا پەروەردە شتێکە کە یارمەتی کۆمەڵگەکان دەدات لە دۆگماتیزم و کۆنەپەرستی و ئۆرتۆدۆکسییەوە بەرەو پێشەوە بچن”.

مۆدێل و ئەکتەر و شانۆکارێکی خەڵکی شاری مومبای بوو،  ڕەهیا ئاهیری 27 ساڵ، بڕیارەکەی لە ماوەی چەند چرکەیەکدا دا کە بە شێوەیەکی جەستەیی ڕێگری لە ڤانێکی پۆلیس بکات کە خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراوی تێدابوو – چالاکییەك کە بەر هەڵمەتێکی ڕێکخراو و ڕق لێبوونەوە کەوت. – من لە تەمەنی چوار ساڵ و نیوەوە دەستم بە شانۆ کردووە، فێری هاوسۆزی و تێگەیشتن لە ئازارەکانی کەسانی دیکە بووم، تەنانەت ئەو کەسانەی نایانناسم، هەمیشە بەو باوەڕە پەروەردە بووم کە ئەگەر شتێکی هەڵە ببینیت دەبێت دەستتێوەردان بکەیت و  هەنگاو بنێیت.     

ئازادی بۆ من ئەوەیە کە دەنگم هەبێت، بە متمانەوە بیخەمە ئەودیو و شەرم نەکەم. بۆ وێنەیەک بە جلی مەلەوانییەوە گاڵتەم پێکرا. بەڵام ئەی ئەو مامانەی کە لە کەناری ڕوباری غانج  جلێکی [ وەك شەڕواڵێکی کورت وایە- زاهیر ] کورت لەبەردەکەن؟ جلەکانم کارەکتەری من نین. جلەکانم ناتوانن ئەو خاڵە یان ئەو ڕاستییە داپۆشن بۆ بوونی منە لەوێ، ئەو ڕۆژەش یارمەتی 20 خوێندکارم دا کە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەوە. کەواتە، جلەکانم تەنها جلەکانی خۆمن.

بەڕاستی کینە وای لێکردم خۆم دووەم پێشبینی بکەم. دوو ڕۆژی یەکەم [دوای ناڕەزایەتییەکەی مومبای] زۆر قورس بوو، چونکە هێشتا هەوڵم دەدا سەرم بەوەوە سەرقاڵ بکەم کە ڕوویداوە. ئەوان نەیانتوانی هەڵە لە قسەکانی مندا بدۆزنەوە، بۆیە دەستیان کرد بە پرسیارکردن لە کارەکتەری من. لە ڕێگەی ئینستاگرامەکەمەوە ڕۆیشتن و بۆیان دەرکەوت کە من مۆدێلم. باسی ئەوەیان کرد کە من چی لەبەر دەکەم.  گوتیان پێم بۆ بەردەم کامیرا ئەو کارە دەکات. کاتێک ڕقەکە ئەستورتر بوو و دەستی کرد بە هەژان و ڕژان.  پرسیارم کرد من ئەوە بووم، کە شتێکم کردبێت بۆ ئەوەی کەسێک توڕە بکەم؟ ئایا شتێکی هەڵەم کردووە؟’ پاشان تێگەیشتم ئەمە واقیعەکەم ناگۆڕێت. ئەوە ناگۆڕێت کە من وەک مرۆڤێک کێم. پێویست ناکات خۆم بۆ کەس بسەلمێنم”.

‘پۆلیس سەردانی گوندی باوباپیرانمیان کردووە و داوای زانیارییان لەسەر من کردووە’: دانیش عەلی، تەمەن 24 ساڵ

دانش لە نێو ئەو چالاکوانە خوێندکارانە بوو کە لە جەنتەر مەنتەر مانیان لە خواردن گرتبوو. ئەندامی سەندیکای خوێندکارانی زانکۆی جەواهیرلال نەهرۆیە، بەهۆی تێکدانی سیستەمی کامیرای  ناسینەوەی دەموچاو لە کتێبخانەی کەمپەکەدا بۆ ماوەی ساڵێک سزای هەڵپەساردنی خوێندنی دەدرێت. ئازادی لای ئەو بە قووڵی کەسایەتییە و ڕەگ و ڕیشەی لە ناسنامەی خۆیدا هەیە وەک ژنێکی موسڵمان. – من خەڵکی شارۆچکەیەکی زۆر بچووکی شاری مادیا پرادێشم، تەنانەت کەس لە خێزانەکەم سەردانی شارەکەی نەکردبوو، بۆیە چوونە دلهی بۆ خوێندنی باڵا نزیک بوو وەک ئەوەی بچمە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن.

 لە دوای ناڕەزایەتیەکەوە پۆلیس سەردانی گوندی باوباپیرانمیان کردووە و داوای زانیاری لەسەر من دەکەن، تەلەفۆنیان بۆ باوکم کردووە، داوایان لێکردووە پێم بڵێت سەرنجم لەسەر خوێندنەکەم بێت.

وەک چالاکوانێکی خوێندکاری ئازادی واتە بتوانین بە ئاشکرا ڕەخنە لە حکومەت بگرین و بڵێین ئێمە سیاسەتەکانیمان بەدڵ نییە. دەڵێن ئازادی بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر تاکایەتی خۆت [ واتە بە تەنگەوە هاتنی هەر خۆت – زاهیر]  و گرنگی نەدان بە کۆمەڵگە چی دەڵێت، دایک و باوکت چی بڵێن یان دەوڵەت چیت لێدەکات!!!.   بەڵام ئازادیی بە واتای هاووڵاتییەکی یەکسان بوون لەم وڵاتەدا دێت . موسڵمانانی ئەم وڵاتە وایان لێدەکرێت هەست بکەن کە ئەوان لاوەکین و هیچ مافێکیان نییە تاکو ناسنامەی ئایینی یان کولتووری خۆیان دەرببڕن. من هاووڵاتییەکی یەکسانم و نامەوێت کەس بە پێچەوانەوە پێم بڵێت”.

‘ئەوەی پێشتر کاردەکات، کارایی دادەنێت … لەگەڵ گەنجان کارناکات’: ڕاتنا سینگ، تەمەن 31 ساڵ

ئەو پیشەکەی لە بواری یاسا و ڕۆژنامەگەریدا گۆڕی بۆ ئەوەی پەیوەندی بە پارتی جاناتا سیسرکەوە بکات، کە ئێستا وەک سەرۆکی یاسایی لەوێ کاردەکات. ئەو هەستی بە ڕاکێشانی ناڕەزایەتییەکان کرد، بینی کارەکانی لە داواکاری خوێندکاران بۆ لێپرسینەوە ڕەنگدانەوەی هەبوو. سەرەتا دوودڵ بوو لەوەی ببێتە کەسی دەرکەوتوی  ڕووخساری گشتی، بەلام کاتێک پێویستیان بە دەنگی مێینە بوو، وەک وتەبێژ، هەنگاوی نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک لە قوتابخانەی یاسا بووم، زۆربەی هاوپۆلەکانم دەچوونە ژوورەکانی یاسا بۆ مەشقکردن بەڵام من هاوینەکانم بە وانەوتنەوە بە منداڵان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەسەر دەبرد، پەروەردە شتێک بووە کە زۆر هەستیار بووم بەرامبەری، و پێموایە پێویستە هەموو منداڵێک دەستی پێی بگات. خەڵکێکی زۆر ڕەخنەیان لێدەگرتین و [ بە ئێمەیان دەگوت] نەوەیەکی بێ تەحەمول. ئێمە بێ تەحەمولین چونکە دەمانەوێت گۆڕانکاری ببینین. ناتوانین ناڕەزایەتی دەرببڕین و باش بین کاتێک کە وەڵامەکانمان/ داخوازییەکانمان  لە حکومەت وەرناگرین.  هەروەها ئێمە بە سیاسەتی دابەشکردن و  حوکمکردن  لەسەر بنەمای ئایین تەواو بووین. پارتە سیاسییەکان پێویستە لەوە تێبگەن کە ئەوەی پێشتر بۆ بیرکردنەوەیەکی دیاریکراوی خەڵک کاردەکات – لەگەڵ گەنجان ئەوە کارناکات.

ئەوەندە ناڕەزایەتی هەیە کە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەستی پێکردووە، چی تر ترسی قسەکردن نەماوە. دەبینین سەرکردەیەکی زۆر لە دەڤەرەکانی خۆیانەوە دێن، دەستپێشخەریی خۆیان دەست پێدەکەن. پێموایە ئەوە هیوایەک بە هەموومان دەبەخشێت کە بەردەوام بین”.

ملیارێک واژۆ و گلەیی و بناشت سەنگ و کارایی کردنی چالاکی ڕاستەو خۆی نییە

Zaher Baher

17/08/2026

ئەوەی کە ئەمڕۆ لە هەریـم دا دەگوزەرێت بە فرۆشتنی زەی و خاك و میللەت و پیسکردنی ژینگە و وێرانکردنی وڵات ، بازرگانی بە هەموو شتێکەوە لە گیاندار و بێ گیان ئەوەندەی پارە بۆ بازرگان و بەرپرسە مافیاکان دروست بکات ، سیخوڕی و بوون بە پیاوی دەوڵەتانی دراوسێ و لە هۆشبردنی گەنجان بە هاوردەکردنی جۆرەها مادەی هۆشبەر، گوێنەدان بە نەبوونی و بێ کاری و برسێتی و شەڕ سەیارە و ڕوداوەکانی ڕێگەو بان … زۆری تر کە هەموو ئەمانە دەکرێن و ڕوودەدەن ، لە کاتێکدا باوەڕ ناکەم لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا بکرێن قبوڵکراو بێت .

بە کوردی ئەوەی دەسەڵاتی خۆیی کوردایەتی کردویەتی صەدام حسەین هەرگیز توخنی نەکەوتووە و نەبیریشی لێکردۆتەوە کە بیکات و نە وویستویشێتی بکرێن.

لەگەڵ کردنی ئەمانەدا ناو بەناو دەبینین ڕٶشبیران و چالاکوانان دەستبەجێ بەیانێك ، ڕاگەیاندنێك دەردەکەن لەگەڵ لیستی واژۆ کردندا داو لە خەڵک دەکەن ناوی خۆی زیاد بکات .  یاخود دەکەونە دەرکردنی ڤیدۆی یوتیوب لەو بارەوە، یان کردنی دیمانەی ڕادیۆ و تی ڤی یان نوسینی پۆست و وتار .. هەمو ئەم کار و چالاکیانە تەنها بە فیڕۆدانی وزە و توانای خەڵکە ، تەنها نائومێدکردن و چەواشەکردنیانە ، تەنها هاوکاری دەسەڵات و حکومەتە چونکە ئەوان باش دەزانن کە ئەمە دوا خەباتی خەڵکە و وەکو گیزەی مێشوولە بە بناگوێیاندا تێدەپەڕێت.

من تێناگەم بۆچی گلەییکەران و واژۆچییان و دیمانەکەران لە بری ئەوەی کە دەیکەن نایەن گروپێك دروست بکەن و با ژمارەشیان زۆر کەم بێت وەکو 20 بۆ 30 کەس لەبەردەم ئەو شوێنەی کە بڕیاری ئەو گەندەڵییەی تێدا دراوە نارەزایی دەرنابڕن ، بۆ نموونە ئەگەر مزگەوتێکە و مەلا سوکایەتی بە ژنان دەکات ، ئەگەر ئەنجومەنی شارەوانییە بڕیاری فرۆشتنی پارجە زەوویەك دەدات کە موڵکی گەلە ، کارگەیەكی چیمەنتۆ یا هەر کارگەیەکی دیکە کە لە شوێنی نیستەجێبوونەکاندا دروست دەکرێت ، کردنی شوێنێك بە زبڵدان و کۆکردنەوەی هەموو کەرەسە و مادەیەکی زیانبەخشی وەکو تانجەرۆ، دروستکردنی مۆڵێك یا بارەگای حیزبێك و دائیرەیەك بۆ حکومەت لە پارچە زەوویەکدا لەبری کردنی بە باخچەیەك، بە خەستەخانەیەکی بچوکی حکومی  … ئەمڕۆ ئەوەندەی کەم و کوڕی ، ئەوەندەی گەندەڵی ، ئەوەندەی ڕاووڕوت ، ئەوەندو وێرانکاری  هەیە دەکرێت ئەوەندەش گروپی چالاکی لۆکاڵی بۆ هەر یەکێك لەوان دروست ببێت و چالاکی راستەوخۆ ئەنجام بدەن ، خۆیان ڕێكبخەن لە گروپی ئاسۆییدا ، بەبەکارهێنانی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ دەنگ و بڕیاریان بدەن لەسەر هەرچی دەیانەوێت. لیفلێت بنوسن و بڵاوی بکەنەوە ، ماڵپەڕ دروستبکەن و چالاکی بکەن ….دواتر لە تۆڕێكی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ گروپەکانی دیکەدا یەكبگرنەوە و هاوکاری و هاوپشتی یەکدی بکەن.

ئەمانەن کاری عەمەلی بەرهەمدار لەبری ئەو چەلەحانیانەی کە لەسەر دیوارەکانی فەیسبوك و دیمانەکانی تی ڤی و دەرکردنی ڤیدۆ و کۆکردنەوەی واژۆ…تد

کێڵگەوان و کرێکارانی هیندستان ناڕەزایی دەردەبڕن

12/08/2026

سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری هیندستان لەسەر شەقامەکان ڕۆژی دووشەمە ، 10/08/2026 ڕێپێوانیان کرد وەکو دەربڕینی ناڕەزایی، هاوکاتیش و هەزاران کەسیش مەترسی دەستگیرکردنیان کەوتە سەر. ناڕەزاییەکان بەشێک بوون لە بانگەوازێکی نیشتمانی هاوبەشی سەندیکاکانی کێڵگەوان و کرێکاران کە دژی ڕێکەوتنە بازرگانییە پێشنیار کراوەکەی دەوڵەتن  لەگەڵ ئەمریکا و وروژاندنی داواکارییەکانی دیکە.ن.

 خۆپیشاندەران کە پێکهاتبوون لە کێڵگەوانان و کرێکارانی کەرتی نافەرمی و فەرمی، خوێندکاران، گەنجان و ژنان، لە چەندین شار و شارۆچکەی هیندستان بە هەڵگرتنی لافیتە و ئاڵای سوورەوە بەرەو فەرمانگە حکومییەکانی خۆیان ڕێپێوانیان کرد و دروشمی یەکگرتوویی کێڵگەوانان و کرێکارانیان دژی سیاسەتەکانی حکومەت بەرزکردەوە.

هەروەها لە هەندێک شوێن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کە هەوڵیان دەدا ڕێگری لە ڕێپێوانەکانیان بکەن، تێکهەڵچوون و گەمارۆی کاتیی فەرمانگەکانی حکومەتیان دا..

 خۆپیشاندەران داوای کشانەوەی ڕێککەوتنە بازرگانییە پێشنیار کراوەکەی هیندستان و ئەمریکایان کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە ڕاگەیەندرا و بە پێچەوانەی کشتوکاڵی هیندستان ناویان برد،  هەروەها میساقێکی وردیان لەسەر داواکارییەکە بڵاوکردەوە.

 لە شوێنە جیاوازەکاندا کۆبوونەوەی گەورە ڕێکخرا کە وتاردەران شکستەکانی حکومەتی نارێندرا مودییان، سەرەكوەزیران،  بیرخستەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنە گەورەکانی پەیوەست بە خۆشگوزەرانی جووتیارانی وڵاتەکە.  وتاردەران باسیان لەوە کرد کە چۆن زنجیرەیەک یاسا کە لەلایەن ئەم حکومەتەوە هێناوەتە ئاراوە، لە ڕاستیدا زیانیان بە بەرژەوەندی کێڵگەوانان و ئابووری گوندنشینەکانی وڵات گەیاندووە، کە لە مێژە لە ناڕەحەتیدایە.  وتاردەران حکومەتیان تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردن لە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەمریکا، حکومەتی ڕاستڕەوی توندڕەو کە پارتی باڵادەستی هیندۆسی بەهاراتیا جاناتا (BJP) سەرۆکایەتی دەکات، جارێکی دیکە ملکەچبوونی خۆی بۆ دیکتاتۆرییە ئیمپریالیستییەکان و بێباکیی خۆی لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی وڵاتەکە ئاشکرا کردووە.

 ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکانی ویلایەتە جیاوازەکانی هیندستان چالاکییان ئەنجام دا  وەک ڕۆژئاوای بەنگال، کیرالا، تامیلنادو، تریپورا، ڕاجاستان، هەریانا، ئاسام، ماهاراشترا و چەندانی تر.

زیاتر لە 40%ی هێزی کاری هیندستان و نزیکەی 60%ی دانیشتووانەکەی هێشتا پشت بە کشتوکاڵ و بوارە پەیوەندیدارەکان دەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان. نزیکەی 70%ی هیندییەکان هێشتا لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین. دەیان ساڵ چاکسازییە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئابووری گوندەکان و کشتوکاڵ هەبووە و ناڕەحەتییەکی زۆری کشتوکاڵی لێکەوتووەتەوە هەزار جووتیار بەهۆی قەرزداری و نەبوونی ئامرازێکی بەدیل بۆ ژیان خۆیان کوشتووە. ئەو ناڕەحەتییە ملیۆنان کەسی ناچار کردووە واز لە کشتوکاڵ بهێنن و کۆچ بکەن بۆ شارەکان و بەدوای سەرچاوەی بەدیل بۆ بژێوی ژیاندا بگەڕێن.

لە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل-دا

11/08/2026

شاخ

لە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل-دا تێمایەک هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن دەسەڵات وادەکات مرۆڤە باشەکان لە ژێر فشار و زوڵمدا بگۆڕن بۆ بەشێک لە ستەمکاری و تەسلیمبوون، ژوری ١٠١ ژورێکە کە تایبەتکراوە بۆ ئەم ئامانجە، لەوێدا فشاری تایبەت بەکاردەهێنرێت تا رۆحی بەرەنگاری هەر مرۆڤێکی جوامێر بگۆڕن بۆ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لە دڵڕەقی سیستەمەکە.

لە کەمپەکانی قڕکردنی جولەکەکانیشدا لە ئەڵمانیای نازی، تیمێک هەبوون بە ناوی (سۆندەر کۆماندۆ) کە لە زیندانییەکان خۆیان پێکهاتوو، ئەم کۆماندۆیانە لە پێناوی زۆرتر مانەوەی خۆیاندا هەماهەنگی تەواوی پۆلیسی (ئێس ئێس)یان دەکرد، لە پاراستنی ئارامی کەمپەکە و خنکاندن و سوتاندنی جەستەی قوربانییەکان کە بەشێکیان کەس و کاری نزیکی خۆیان بوون.

لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا زۆر کەس دەبوونە تەواری و جاشی سیستەمە ستەمکارەکە تا بەو هۆیەوە خۆیان لە زوڵم و ستەم بپارێزن.

ئێستاش لە سایەی جەردەسالارییەکەی هەرێمەوە هەمان تێما هەیە، کەمێ لە مرۆڤە جوامێرەکان، بەشێکی کەم لە خەڵکە باشەکە توانیویانە تا ئێستا تەحەمولی ژووری ١٠١ی زوڵم و بێداردی سوڵتەی هەرێم بکەن. تەنانەت یاسا لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ داد، ئامرازێکە بۆ زوڵم، بەشی هەرە زۆری ئەو زوڵمەی لەسەر خەڵکی کوردستانە بە یاسا پالپشتیکراوە، لە بری ئەوەی دادوەر لە لۆژیک و فەلسەفەی دادپەروەری رابمێنێت، تەنها جاڕچییەکە و فەرمانی قەڕاڵەکان دەخوێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە رەشبینی و بێئومێدی لە رزگاربوون هێندەی تر ئیرادەی مرۆڤە باشەکان دەهاڕێت، جیا لە بەرەنگاری و مردنێکی شکۆمەندانە، تەنها یەک رێگە کراوەیە کە ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی تا هەتایە قوربانی نەبیت، ببیت بە سۆندەر کۆماندۆ، یان ببیت بە وینستۆنی ژوری ١٠١ی ناو رۆمانەکەی ئۆروێل.. ببی بە بەشێک لە ستەمکارییەکە بۆ ئەوەی لە بەشێکی ئەو هەموو هەڕەشە و ئیهانە و چەوساندنەوەیە رزگارت ببێت… ئەگەر نابیت بە سۆندەر کۆماندۆ ئەوا هەر لەو جێگەیەدا بە فیشەکێکی زوڵم و ستەم بەلاتدا دەهێنن، ئەگەر نابیت بە بەشێک لە کاسەلێسی حیزبی بیگ برازە دەبێت تەحەمولی جڕوجانەوەرەکانی ناو ژوری ١٠١ بکەیت..

دەردی پابەندی بە ئەخلاقەوە، ئازاری رێزگرتن لە شکۆی خۆت، مەینەتییەکانی باشبوون لەم فەزایەدا زۆر قورسە.. زەلیلییەکی ئێجگار قورسە، لەبەر ئەوەی نەبووین بەبەشێک لە سیستەمە هیچ و پوچەکە دەبێت تەحەمولی ئەو زەلیلییە بکەین..

باشبوون لەم فەزایەدا بە بڕی ئیکرامییەکان و ژمارەی رێزلێنانەکانت ناپێورێت، بەڵکو بە رادەی زەلیلیمان پێوانە دەکرێت.. ئەگەر تۆ لەمن زەلیلتریت دڵنیابە هی ئەوەیە کە لە من جوامێرتر و باشتریت.

ناڕەزایی گەنجان سەبارەت بە دەستکەوتنی کار و گەندەڵی لە هیندستان

11/08/2026


هەزاران گەنجی توڕە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن، دوێنێ، ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ پۆلیس لە ویلایەتی جارخاند کە یەکێکە لە هەژارترین ویلایەتەکانی هیندستان، بەیەکدادان دروست بوو، لەکاتێکدا ناڕەزایەتییەکی چەند هەفتەیی بەهۆی ناڕێکییەکانی دامەزراندنی کارمەند بۆ کارە تامەزرۆییەکانی حکومەت پەرەی سەند و بوو بە ڕێپێوانێک بۆ سەر ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی هیندستان.

پۆلیس فشاری  ئاوی و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا دژ بە ناڕەزاییکەران، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بەسەر بەربەستەکاندا سەرکەون و بەرەو ئەنجوومەنی لە ڕانچی پایتەختی ویلایەتەکە بگەن. بەشێک لە خۆپیشاندەران بە سەما و چەپڵە لێدان وەڵامیان دایەوە، لەکاتێکدا کە پۆلیس هەر وەکو کاری هەمیشەیی دڕندانە بەرانبەریان وەستایەوە.

ئەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی سیسرکەکان هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی بە سەرکردایەتی گەنجان – کە وەک گاڵتەجاڕییەکی ئۆنلاین دەستیپێکرد و گەشەی کرد بۆ ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری بەهۆی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی  وەرگرتنی پزیشکی نیشتمانی – حکومەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی پارتی بی جێ پی خستە ژێر فشارێکی زۆرەوە و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردە.

دەسەڵاتداران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە نەیانتوانیوە ڕێگری لە ناڕێکی لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکانی خزمەتگوزاری گشتیدا بکەن، لەوانە دزەکردنی کاغەزی تاقیکردنەوەکان و فێڵکردن و دەڵێن ئەو ئابڕووچوونانەی کە گوایە ڕوویانداوە هەلێکی دادپەروەرانەی لە دەستداوە و گەنجانی بێ بەش کردووە.








لە کاتێکدا کە ئێمە …

06/08/2026

لە کاتێکدا کە ئێمە گیرۆدەی دوو شەڕی گەورەی وێرانکەر بوینەتەوە ، ئۆکرانیا و ڕوسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، لە کاتێکدا کە نرخی زۆربەی پێداویستییەکانی ژیان بە بیتاقەی گەشتەکانیشەوە یەك قات و نیو یاخود دوو قات زیادی کردووە ، لە کاتێکدا ئێمە لەبەر گەرمای ئەمساڵدا و کەوتنەوەی ئاگرەکان گەورەترین زەرەرمەند بووین ، کەچی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز ، وزە دووقات زیاتر لە ساڵانی پێشتر قازانجیان کردووە .

تەماشای ئامارەکان  بکە:

تێكڕای قازانجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە نێوان شەڕ و قەیرانی کەشوهەوادا 93 ملیار دۆلار قازانج بووە.

 هەشت لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لە ماوەی تەنیا سێ مانگدا زیاتر لە 90 ملیار دۆلار قازانجیان کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕەکەی  ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل نرخی وزەی بەرزکردەوە و قەیرانی کەشوهەوا کە بەهۆی دەردانی گازی ژەهراوییەوە بووە هۆی شەپۆلی گەرمای کوشندە..

  قازانجی چارەکە ساڵی  کۆمپانیای بی پی [ بریتش پیترۆڵ]  لە سێ مانگی کۆتایی مانگی حوزەیران زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 5.73 ملیار دۆلار (4.27 ملیار پاوەند)، ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تێکدانی هەناردەکردنی وزە لە کەنداوەوە.

لە لایەکی دیکەوە  گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەوروپا لە سێ مانگی تا مانگی حوزەیران قازانجی پاکی خۆی دوو هێندە کرد و گەیشتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار، ئەمەش بەرزترین داهاتە لە دوای داهاتی پێوانەیی لە چەند مانگی دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا.

تەماشا بکە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارمەتی کۆمپانیای نەوتی سعودی ئارامکۆی داوە کە لە سێ مانگی کۆتایی هاتنی 30ی حوزەیراندا قازانجی پاکی ⁠44% بەرزبێتەوە بۆ 32.69 ملیار دۆلار، سەرەڕای گیرانی  گەرووی هورمز، ئەمەش بەهۆی زیاتر داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە پاڵاوت و کیمیاییەکان و نەوتی خاوەوە.

قازانجی کۆمپانیای شێڵ زیاتر لە دوو هێندە دوای بازدانی نرخی نەوت و گاز.  کۆمپانیای شێڵ دووەم بەرزترین داهاتی چارەکی خۆی تۆمارکردووە ، چونکە بەرزبوونەوەی بازاڕی وزە کە بەهۆی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بووە، یارمەتیدەر بووە بۆ دوو هێندەکردنی پوختی  قازانجی  بۆ نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە ماوەی سێ مانگی تا مانگی حوزەیران. گەورەترین کۆمپانیای نەوت و غازی ئەوروپا قازانجی چارەکێکی 9.8 ملیار دۆلار (7.4 ملیار پاوەند)ی ڕاگەیاند، کە زیاتر لە دوو هێندە زیاترە لە چارەکی دووەمی ساڵی ڕابردوو و بەرزترین ڕێژەی داهاتی تۆمارکردووە لە چەند مانگی دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا.

لە دەرونزانی کۆمەڵناسیدا چەمکێک هەیە پێیدەڵێن…

شاخ

31/07/2026

لە دەرونزانی کۆمەڵناسیدا چەمکێک هەیە پێیدەڵێن (دەرەچەی بەتاڵکردنەوەی پەستان) کە لە رووی سیاسییەوە زۆر کەڵکی لێوەرگیراوە بۆ ئارامکردنەوەی نارەزایەتییەکان.

ئەمە بە مەنجەڵێکی بوخار دەچوێنرێت لەسەر ئاگر، ئاگرەکە نموونەی ستەمکاریی و هەژاری و ئازارەکانە، کوڵان و بە هەڵبوونەکە ئازار و نارەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکە، ڤاڵڤەکە (دەرەچەی دەرچوونی هەڵمەکە) ئامرازی رێگریکردنە لە تەقینەوەی نارەزایەتییەکان.

دەسەڵات خەریکە دەگاتە لوتکەی ستەمکاری لەسەر خەڵکی، موچە نییە، خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە، گەندەڵی و چەتەیی وڵات و بەهای مرۆڤی داڕزاندووە.. نارەزایەتی خەڵکی پەنگی خواردۆتەوە.. بەڵام بۆ ئەوەی تەقینەوە و گۆڕانی کردەیی روو نەدات، هەر دەسەڵات خۆی ڤاڵڤێکی لەسەر داناوین بۆ خاڵی کردنەوەی پەستانەکانی سەر ژیانمان. وەک (حسبی الله و نعم الوکیل، جوێندان، دوعاکردن، پۆست و کۆمێنت، نوکتە و تانەلێدان..) لە بەرامبەر ستەمکاری دەسەڵاتدا ئا ئەم کردە بێفەڕەیان بۆ خەڵکی جێهێشتووە تا پەنگخواردنەوەکانمان نەگەنە تەقینەوەیەکی کرداری و تەنها بە باوبژە و هەڵمێکی کەمی نارەزایەتییەکان ببنە بۆڵەبۆڵێکی نا کارا و رق و بێ ئومێدی و تورەییمان ئارام بکاتەوە. لەولاشەوە ستەمکاری پایەدار بمێنێتەوە.

جوێن و دوعا و بۆڵەبۆڵ و باوبژەکان نەبوایە، ئێستا پەستانی نارەزایەتییەکان بە تەقینەوە گەیشتبوون.

ئەو هەموو حسبی الله و نعم الوکیلە بەردێکی زۆر بچوک بوونایە و بگیرانایەتە دەسەڵات، ئێستا تەخت و تاراجی دەسەڵات ڕوخابوو، تفێک بووتایە ئێستا لافاو دەسەڵاتی ڕاماڵیبوو..

دەوڵەتی بەناو دیموکراسی لەسەر جوتێ پێڵاو..

شاخ

30/07/2026

دەوڵەتی بەناو دیموکراسی لەسەر جوتێ پێڵاو ڕاوەستاوە، تاکێکیان ئۆۆزسیۆنە و تاکەکەی تری حیزبی دەسەڵات..ئەگەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەهۆی تاقە حیزبێکەوە ستەمکاری درێژە پێبدەن، ئەوا ستەمکاری دیموکراسی (تەمسیلی) هەرگیز ناتوانێ بژی بەبێ ئۆپۆزسیۆن.
حیزبەکانی دەسەڵات سامانی هەرێمیان دزی، بەڵام حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئیرادە و غیرەتی خەڵکیان دزی.ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزە ساختەچیەی ناو سیاسەتە، کە بەهەمان ئیمتیازی دەسەڵات، خەڵکی بێدەنگ و بێ چالاکی دەکات، بەخەڵکی دەڵێت ئێوە هیچ مەکەن و ناڕەزایەتیەکان بە ئێمە بسپێرن.. تەنانەت کاتێک خەڵکی دەتەقنەوە بە ڕووی دەسەڵاتدا، دەستبەجێ ئەم فۆڕمە ساختەچیە دەستدەکات بە قۆرخکردنی.ئەوەی کە زەحمەتە بەو نزیکانە ناڕەزایەتیەکان بە فیعلی سەرهەڵبدەن، پەیوەندی بەو قۆرخکاریەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن دەیکات..ئەنجامی ناڕەزایەتیەکانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دواتری باشترین نموونەن.. کە چۆن گەندوگوەکانی ئۆپۆزسێۆن لە ڕێگەی بوق و بۆقەکانیانەوە لغاویان کرد..بەعس ئیرادەی خەڵکی پێنەکوژرا، ئۆپۆزسیۆن کوشتی.. ئەگەر ئومێد بە ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری نیە دژ بە دەسەڵات، لەبەر ئەزموونی تاڵی خەڵکە لەگەڵ ئەو چالاکیانەدا… ئەگەر ڕاپەڕین ئەو چەتەگەریە بەرهەم بهێنێ و ئەگەر ناڕازیبوون مشەخۆری ئۆپۆزسیۆنبەرهەم بهێنێ، ئیدی چۆن وڵات و ئیرادەی خەڵکی تاڵان ناکرێ؟!ئۆپۆزسیۆن زیانی بۆ دەسەڵات هەبووایە، بێگومان قەدەغەی دەکرد
.

بزوتنەوەی خوێنکاران و گەنجان لە هیندستان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا

٢٦/٠٧/٢٠٢٦

دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو بۆ دروستبوونی ئەم بزتنەوەیە و زۆرێك لە شارو هەرێمەکانی هیندستانی گرتەوە. یەك: دزەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان بوو کە بووە هۆی هاتنە سەرشەقام و خۆکوشتنی زیاتر لە ١٢ خوێندکار کە بێ هیوا بوون لەو ئایندەیەی کە بەتەمای بوون.  هۆکاری دەستبەجێ دزەپێکردنی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی پزیشکی بوو، کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان خوێندکار هەبوو. خۆپیشاندەران دەڵێن، دووبارە شکستهێنان لە سیستەمی تاقیکردنەوەکاندا، پیشە و تەندروستی دەروونی زۆرێک لە گەنجانی تێکداوە. داواکاری سەرەکی سیاسی ئەوان دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردەی هیندستان، دارمێندرە پرادان بووە، کە ئەوان بەرپرسیاری ئەم شکستانەی دەزانن.

 دوو: بزووتنەوەکە کە لە مانگی ئایاردا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی لێدوانێکی سەرۆکی دادوەری هیندستان بە شێوەیەکی بەرفراوان بە بەراوردکردنی گەنجانی بێکار بە “سیسرك cockroaches” لێکدرایەوە. ئەمەش هۆکارێکی گەورە بوو کە گەنجان و خوێنکاران بە سوکایەتییەکی گەورەیان بە خۆیان دانا.  

زۆرێک لە خوێندکاران و دەرچوان هەستیان بە سووکایەتیکردن کرد و دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە بە شێوەیەکی ئیرۆنی و کردیان بە هێمای ناڕەزایەتی نەک شەرمەزاری.

 ئەوەی وەک هەڵمەتێکی ئۆنلاین دەستی پێکرد، بە خێرایی ملیۆنان فۆڵۆوەری بۆ خۆی ڕاکێشا و پەرەی سەند و بوو بە ناڕەزایەتی ڕاستەقینە لە سەرانسەری هیندستان.

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەیان هەزار لایەنگر لە نیودەلهی کۆبوونەوە و هەوڵیان دا بەرەو پەرلەمان ڕێپێوان بکەن.  بەڵام پۆلیش ڕێگری لێکردن و بە مادەی فرمێسك ڕێژ و فشاری ئاو و لێدان و سەرکوتکردن بەکارهێنرا.  

وەزیری پەروەردەی هیندستان، دارمەندرا پرادان، دوای هەفتەیەک لە خۆپیشاندانی جەماوەری دەستی لەکارکێشایەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی دایە دەست بزووتنەوەیەکی نوێی گەنجان کە تەحەدای بێ وێنەی بۆ حکومەتی نارێندرا مودی دروستکردووە.

ناڕەزایەتییەکان لە لایەن بزووتنەوەیەکی سیاسی گەنجانی تازە پێکهاتوو بە ناوی پارتی جاناتا جاناتا کە لەم هەفتەیەدا پەرەی سەندووە و بووەتە ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە ناڕەزایەتی لاوان.

جانتار مارتار و ئەوانی دیکە  کە دامەزرێنەری بزوتنەوەکەن  دوای سەرکەتنەکەیان  سڵاوی لە “ئازایەتی” ئەو خوێندکارانە کرد کە بە ژمارەیەکی زۆر دەرچوون، تەنانەت کاتێک تووشی توندوتیژی پۆلیس بوون  سەرکەوتوو بوین و ئەوەمان کردووە، بە هاوارەکانی “سەرکەوتن بۆ هیندستان” و “بژی شۆڕش.

قازانجی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی نەرویج لە سەردەمی ئەم شەڕەی نێوانی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا  دوو هێندە بۆ 11.5 ملیار دۆلار سەرکەوتووە.

23/07/2026

کورد دەڵێت خۆشیان بێت جووتی دەگەڕێت، باران بێت ئاشی دەگەڕێت ئەمە بە تەواوی بەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەدا جێ بەجێ دەبێت .

 کۆمپانیای ‘ ئیکوینەر’ لە دوولاوە سوودمەند بووە لە بارودۆخەکە .  لە لایەکەوە بەگەمارۆدانی گەروی هورمز کە کارایی زۆر خراپی لەسەر وزەی چیهانی بە تایبەت ئەوروپا دانا.  بەمەش کۆمپانیای ئیکوینەر سوودمەندە بووە  لە بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.  لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی نرخی وزە [ کارەبا،  بەنزین، گازۆیل و غاز]  کە نرخیان زۆر سەرکەوتووە ، هەر لە بریتانیا بە تەنها کارەبا بە بڕی نزیکەی لە سەدا 50 لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا نرخەکەی زیادی کردوە.

قازانجەکانی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی نەرویج لە ماوەی سێ مانگی تا کۆتایی مانگی حوزەیران نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 11.5 ملیار دۆلار (8.6 ملیار پاوەند)، ئەمەش بەهۆی بازدانی نرخی نەوت و گاز کە بەهۆی شەڕەکەوە خولقاوە.