تێڕامانی من لەم هەواڵە

جوتیار

23/02/2024

ێڕامانی من لەم هەواڵە ئەوەیە، لەو قەیرانە سەراپاگیرەدا چۆن ماسیە گەورەکان ماسیە لەخۆ بچوکترەکان لوش دەدەن!

جا تۆی بێ کار تۆی کرێکار گەر بەتاك بتەوێت ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببیتەوە نەک ووردە ماسی سەرەمێکوتەش نیت،

تێڕامێنە لەتەک چ دۆخێکدا بەرەو ڕوویت! کاتێک دەوڵەت دەوڵەت لوش دەدات!

هیچ بەڕەیەک نیە تا ڕاکێشانی قاچتی پێ پێوانە بکەیت!

کاپیتالیزم و میکانیزمەکەی ماشینێکی بێئامانە نەک بەشەر بەرد و داریش دەهاڕێت!

لەدەمی ئەم حوتەدا تۆ لە بنێشت دەچیت!

یەک چارە هەیە هەموو وەردە ماسیەکان بەیەکگرتوو بوونیان دەتوان گەرووی ئەم حوتە بگرن و نەتوانێت دەم بەیەکدا بدات و هەناسە بدات تا دەخنکێت!

هیچ ڕێگەیەکی دیکە نیە!

https://www.facebook.com/share/p/6TKkqsw5ekxTJRSD

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، میسر شاری گەشتیاریی “رەئس حیکمە” لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی بە 35 ملیار دۆلار بە ئیمارات دەفرۆشێت، شارەکە 170 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بەنزیکەیی هێندەی 20%ـی ڕووبەری شاری ئەبوزەبی دەبێت

کرێکاران و کارمەندانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی لوفتانزە لە مانگرتندان

20/02/2024

کرێکاران و کارمەندانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی لوفتانزە ئەمڕۆ ، سێ شەمە ، هەتا بەیانی چوارشەمە کاتژمێری 7.10 سەر لە بەیانی لە مانگرتندان .

مانگرتنەکەیان هەموو فۆڕکەخانە سەرەکییەکانی لە : دوزلدۆرف، کۆڵن، بەرلین ، شتۆتگارد ، هەمبەرگ ، میوشن ، فرانکفۆرت گرتۆتەوە .  کۆمپانیاکە دەڵێت دەتوانن تەنها لە سەدا دەی گەشتەکان بەڕیوە بەرن و هەموو ئەوانی دیکە هەڵوەشاوەتەوە.

کارمەندان و کرێکارانی لوفتانزا داوی زیادکردنی موچەکەیان بە ڕێژەی لە سەدا 12.5 دەکەن . سبەینێ ، جوارشەمە ، جارێکی دیکە وتووێژ لە نێوانی ئیدارەی کۆمپانیاکە و نوێنەری کرێکاران و کارمەندەکاندا لە ڕێگای نقابەوە دەستپێدەکاتەوە.

لە ئێستادا بارودۆخی ئابووری ئەڵمانیا زۆر خراپە بە هۆی بوونی مانگرتنی هەندێکی دیکەی بەشە کرێکارییەکانەوە ، دەوڵەت دەڵێت مانگرتنەکان زیانێکی گەورەی لە داهاتی دەوڵەت داوە بڕێکی باشی دراوی لە میزانییەی دەوڵەت دەهێنێتە خوارەوە.

گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا 281 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە

19/02/2024

پێنج گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهان کە لە لیستی کۆمپانیاکاندان، لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە زیاتر لە چارەکێکی تریلیۆن دۆلار قازانجیان بەدەستهێناوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە و پارەی ماڵان.

بەپێی هەواڵێکی گڵۆباڵ ویتنێس، “کۆمپانیا گەورە سەرەکییەکان” – بی پی، شێڵ، شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و تۆتال ئینێرجیز – 281 ملیار دۆلار (223 ملیار پاوەند)یان بەدەستهێناوە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە شوباتی 2022.

 جووتە کۆمپانیای بی پی و شێڵ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە بە کۆی گشتی 94.2 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە کە دەکاتە 75 ملیار پاوەند.

کۆمپانیای گڵۆباڵ ویتنێس مەزەندە دەکات کە ئەمە بەسە بۆ دابینکردنی هەموو پارەی کارەبای ماڵەکانی بەریتانیا بۆ ماوەی 17 مانگی لەسەریەک. کۆمپانیای شێڵ لە چارەکی دووەمی ساڵی 2022ەوە 58.9ملیار دۆلار (47 ملیار پاوەند) قازانجی بەدەستهێناوە.

کۆمپانیای بی پی کە ساڵی ڕابردووش هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی کەشوهەوا، لە سەرەتای شەڕەکەوە 35 ملیار دۆلار (28 ملیار پاوەند) قازانجی بەدەستهێناوە. کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا – شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و تۆتال ئینێرجیز – بە کۆی گشتی قازانجیان زیاتر لە 187 ملیار دۆلار بووە (148 ملیار پاوەند). لێکۆڵەری باڵای سووتەمەنی بەردینی گڵۆباڵ ویتنێس، پاتریک گەیلی دەڵێت: “داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا بۆ ملیۆنان کەس وێرانکەر بووە،  کە لە ژێر سێبەری شەڕدا دەژین، تاوەکو ئەو ماڵانەی لە سەرانسەری ئەوروپادا هەوڵی  گەرمکردنی ماڵەکانیانن.”  “ئەم شیکارییە دەریدەخات کە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە هێڵی پێشەوە چی ڕوودەدات، واتە کە خەڵك چۆن دەژی، کۆمپانیا گەورەکانی سووتەمەنی بەردینی براوەی سەرەکی شەڕی ئۆکرانیان.”

کێڵگەوانانی  هیندستان جارێکی تر ناڕەزایەتی دەردەبڕن

14/02/2024

دوای دوو ساڵ لە کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکەیان کێڵگەوانانی  هیندستان، گەڕانەوە بۆ سەر شەقامەکان و داوای گەرەنتی نرخی بەرهەمەکانیان دەکەن.  هەزاران کێڵگەوان  بەرەو دلهی ڕێپێوان دەکەن لە کاتێکدا دەسەڵاتداران پایتەختی هیندستانیان کردووە بە قەڵایەک و بە تەلی بەرگریی و بلۆکی کۆنکرێتی بەربەستیان دروستکردووە  بۆ ئەوەی هەوڵی ڕاگرتنی خۆپیشاندەران بدەن.

. کێڵگەوانەکان لە ساڵی 2020 دەستیان بە ناڕەزایەتییەکی ساڵێک کرد دژی هەنگاوی حکومەت بۆ هێنانەکایەی چاکسازییە کشتوکاڵییە مشتومڕاوییەکان. هەزاران کەس لە سنوورەکانی پایتەخت کەمپیان کرد و دەیان کەس بەهۆی گەرما و سەرما و Covid… ژیانێکی زۆر ناڕەحەتیان بردەسەر و نەخۆش کەوتن . ئەم بزووتنەوەیە بووە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان بۆ حکومەتەکەی نارێندرا مودی سەرۆک وەزیران.

کێڵگەوانەکان  مانگرتنەکەیان هەڵوەشاندەوە دوای ئەوەی حکومەت یاسا پێشنیارکراوەکانی کشتوکاڵی لە ساڵی 2021 هەڵوەشاندەوە و ڕێککەوتن لەسەر تاوتوێکردنی داواکارییەکانی دیکەیان، لەوانە گەرەنتیکردنی نرخی بەرهەم و کشانەوەی دۆسیەی تاوانکاری دژی خۆپیشاندەران.  ئێستا هاتوونەتەوە سەر شەقام و دەڵێن دەیانەوێت ئەو بەڵێنانەی ئەوکاتە بە بیر حکومەت بخەنەوە.

ئەمڕۆ بۆ دووم ڕۆژ پرۆتێستەکە بەردەوامە و پۆلیسی هیندستان بە درۆن لە ئاسمانەوە  گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاوی لە زەمینەوە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کێڵگەوانەکان  بوەستێنن کە داخوازی ئاساییان هەیە لە ڕێپێوان بۆ شاری دلهی پایتەخت.

زۆربەیان لە ویلایەتی پەنجابەوە، هاتوون و هێشتا 200 کیلۆمەتر لە دلهییەوە  دوورن – هەزاران هێزی ئەمنی و پۆلیس  جێگیرکراون بۆ ئەوەی ڕێگاکەیان بگرن. ئەوان  دەڵێن، حکومەت دوای ناڕەزایەتییەکان دوو ساڵ لەمەوبەر قسەکەی شکاندوە ونەیبرۆدتە سەر .

گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم بەیانییە  دەریدەخەن کە هەزاران پۆلیسی ئاژاوەگێڕ و  هێزی نیمچە سەربازیی بەدرێژایی سنوورەکانی دلهی جێگیرکراون بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران دوور بخەنەوە. کێڵگەوانەکان دەڵێن فیشەکی پلاستیکی و لاستیکی  دژیان بەکارهێنراوە. هاوکاتیش ڕەخنەیان لە میدیاکان گرتووە و دەڵێن تێڕوانینێک دروست دەکەن کە کێڵگەوانەکان  “تیرۆریست”ن یان هاوتەریبن لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.

ڕەنگە باوەڕ نەکەیت

12/02/2024

بە گوێرەی ڕ اپۆرتێک کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی گاردیان –دا بڵاوکراوەتەوە،  دەڵێت لە 5 ستافی بەشی تەندروستی ئینگللتەرە یەکێکیان بریتانی نییە و بێیانەیە ئەمانە لە 214 وڵاتەوە هاتوون و لێرە کار دەکەن .  ئەو وڵاتانەی کە بە زۆری لێوەی هاتوون :  هیندستان، فلیپین ، پورتوگال،  نایجیریا، گانا، تۆنگا-ن. 

+ لە 1,282,623 کە لە ئینگلتەرە خزمەتی کردووە قەومییەتیان زانراوە لە سەد 20.4 یان، بریتانی نین . ئەم ڕێژەیە لە سێبتەمبەری ساڵی 2016 دا لە سەدا 13 بووە .  لە سێبتەمبەری 2009 دا لە سەدا 11.9 بووە.

+ هەر لە 10 نێرس 3 دانەیان بریتانی نیین  کە لە سەدا 30 ی کۆی ژمارەکە پێكدەهێنن ، دکتۆرەکان لە سەدا 36.3 یان بریتانی نین .

+ ئەوانەی کە لە هیندستانەوە دێن لە سەدا 10.1  بە دوای هیندییەکاندا فلیپینییەکانن کە لە سەدا 7.7 کۆی ژمارەکەن.  دوای ئەمانیش نایجیرییەکانن کە لە سەدا 2.5 پێكدەهێنن و ئیرلەندییەکان دێن کە لە سەدا 1.1 ن .

+ لە نێوان ئەمانەدا هیندییەکان  باوترین ڕەگەزنامەی غەیرە بەریتانی بوون لەنێو پزیشکەکاندا، کە لە 8%ی سەرجەم پزیشکانی پێکهێناوە، لە دوای ئەویش پاکستانی (3.7%)، میسری (2.9%) و نەیجیریا لە سەدا 2 وە .

 +  هەروەها ڕێژەی ئەو مامانانەی کە خەڵکی بەریتانیا نین لەم دواییانەدا بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، لە 7.1% لە ساڵی 2020 بۆ 9% لە ساڵی 2023 دا.

ناڕەزاییەکانی کێڵگەوانەکانی ئەوروپا  فراونتر و چڕتر بوەوە

10/02/2024

کێڵگەوانەکانی  ئەوروپا ناڕەزایەتییەکانیان دژی ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەرزبوونەوەی نرخەکان زیاتر کرد و ڕێگاکان لە پۆڵەندا، هەنگاریا، ئیسپانیا و بەلجیکا داخران.

 لە ڕۆژئاوای پۆڵەندا نزیکەی 1400 تراکتۆر بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکدا کرد لە پۆزنان و ڕێگاکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا گیرا. بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەریەک تراکتۆرەکان هاتوچۆی چەند ناوچەیەکی ئیسپانیایان بڕیوە، بەو هیوایەی بچنە ناو شارەکانی لەنێویاندا تۆلیدۆ و زاراگۆزا.  ناڕەزایەتییەکان، کێڵگەوانەکانی  لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا هانداوە گەرچی ناڕەزایەتییەکانیان زۆر جیاوازە. کێڵگەوانەکانی  پۆڵەندا و هەنگاریا گلەیی ئەوە دەکەن کە یەکێتی ئەوروپا کارێکی پێویست ناکات بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی دانەوێڵەی هەرزان لە ئۆکرانیا و کەمکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان .  ئەوان دەیانەوێت یەکێتی ئەوروپا مەرجێک لەسەر شۆفێرانی بارهەڵگری ئۆکرانیا بگەڕێنێتەوە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەت بۆ کارکردن لە سەرانسەری 27 وڵاتی ئەندامدا.

 لە پۆڵەندا ڕیزەکانی تراکتۆرەکان کە زۆربەیان ئاڵای پۆڵەندایان لەسەر بوو، لە 256 شوێن لەسەر ڕێگاکان دەرکەوتن و هاتوچۆیان گرت و پۆلیسی ناچارکرد ڕێگاکانی لادان ڕێکبخات.   یەکێک لە گەمارۆکان هاتوچۆی لە دەروازەی سنووری مێدیکا لە ڕۆژئاوای شاری لڤیڤی ئۆکرانیا ڕاگرت.

خەڵکی شارەکە دەڵێن نزیکەی شەش هەزار کێڵگەوان کۆبوونەتەوە. زۆرێک لە کێڵگەوانەکان  لافیتەیان پێبوو کە دەیانگوت نەخێر بۆ ڕێککەوتنی سەوزی یەکێتی ئەوروپا، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی بوو. لە شاری بیدگۆسچ  کە کۆمەڵێک تایە و پەڕۆ ئاگریان تێبەردرابوو، هەروەها ئاڵایەکی یەکێتی ئەوروپا بەشداری زیاتریان لە پیسکردنی ژینگەدا کرد. کۆمەڵێک خۆپیشاندەر هەوڵیاندا بە زۆر بچنە ناو بینایەکی دەسەڵاتی ناوخۆیی بەڵام پۆلیس سپرەی بیبەری بەکارهێنا بۆ ئەوەی بیانوەستێنێت. وەزیری نوێی کشتوکاڵ، چیسلاو سیکیێرسکی، لە پرزیبۆرۆڤیس لە باکووری ڕۆژئاوای وارشۆ، لەگەڵ کێڵگەوانانی ناڕازی  کۆبووەوە و وتی: “کێڵگەوانەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، چونکە لە دۆخێکی سەختدان. ئەرکی من، وەک وەزیری کشتوکاڵ، ئەوەیە ئەمڕۆ لێرە بم لەگەڵ کێڵگەوانەکان  بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەم”. .

لە لایەکی دیکەوە سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری کرد کە تا ساڵی 2040 ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 90% کەم بکرێتەوە بە بەراورد بە ئاستی ساڵی 2015،.

ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە خۆشە ، دەسەڵاتخوازان دەیانەوێت لەسەر کورسییەکەی ژیانیان کۆتایی بێت

زاهیر باهیر

09/02/2024

پیاوە خەرەفاوەکەی ئەمریکا کە تەمەنی 81 ساڵە و دەیەوەێت بۆ سوڕێکی دیکەی حوکمڕانی کە 4 ساڵی دیکە دەخایەرنێت ، واتە کۆتایی 2028 خۆی کاندید بکاتەوە گەرچی لە پشکنینی زاکیرەیدا بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیە دەڵێت ” زۆر هەژارە”  شکستی هێنا. کەچی هێشتا دەلێت نا ئەو ڕاپۆرتە هەڵەیە و زاکیرەی باشە.  هاوکاتیش  پیاوانی نێو ئیدارەکەی نامەیەکیان ناردوە بۆ لیژنەکە و لۆمەیان کردووە لەسەر هەڵسەنگاندنی زاکیرەی سەرۆکەکەیان.

بەڵام خۆ قسەکان و لێدوانەکانی شاهیدی تەواوی حاڵی زاکیرەی ئەو نەگبەتەن . 

چەند نموونەیەك: لەم ڕۆژانەدا لە دیمانەیەکدا نەیتوانی ساڵ و سەردەمی ئەو کاتەی کە بریکاری سەرۆك بووە بڵێت هەروەها نەیتوانی بزانێت کە کەی کوڕەکەی مردووە،، کە زۆر دوور نییە.   هەر لەم ڕؤژانەدا کە باسی جەنگی غەزە و ئیسرائیلی کرد ناوی سەرۆک سیسی میسر بە سەرۆکی مەکسیکۆ برد .  هەر ئاواش لە دیمانەیەکی دیکەدا کە قسەی لەسەر ئەڵمانیا کرد وتی : قسەی لەگەك هەڵمەت کۆڵ کردوە لەو بارەوە ، کە هەڵمەت کۆڵ لە سالی 2017 دا مردوووە ، بایدن مەبەستی ئەنجولا مێرکڵ بوو .  ئەمانە 3 نموونەی زۆر نزیک و هەنووکەین و ئاشکرایە کە پێشتریش زۆری بزڕکاندووە.

هۆکاری سەرەکی جەنگ لە ئێستادا

زاهیر باهیر

09/02/2024

ڕودانی جەنگەکان بە تایبەت لە لایە زلهێزەکانەوە هۆکارەکانی وەکو چەرخی ڕابوردوو پێشتر نییە کە بە دوای دۆزینەوەی بازاڕ و سەرفکرنی شەپۆلدانەوەی کاڵاکاندا بگەڕێن .  لە ئێستادا سەرمایەداری تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی ئەو گرفتە حەل بکات وەکو حەلکردنی گەلێکی دیکەی گرفتەکانی.

باشترین هۆکارێك کە ئێستا زۆر وەخت جەنگ لە پێناوییدا ڕوودەدات بۆ  داپۆشینی قەیرانەکانی خودی دەوڵەتەکانە ، هەناردەکردنی ئەزمەکانێتی ، سەرقاڵکردنی دانیشتوانێتی بە کێشەیەکی زۆر زۆر گەورەترەوە کە ژیانی خۆیان و سەراپای خانەوادەکانیان لە مەترسیدایە .

ئەوە جەنگە کە ئەو قەیرانانە حەل دەکات ، ئەوە جەنگە کە باشترین وەسیلەیە بۆ لەباربردنی بزوتەنەوەی کرێکاران و هەموو چەوساوەکان ، ئەوە جەنگە کە ئاهێك بە بەری  سیستەمەکەدا دەهێنێتەوە و بەردەوامی پێدەدات، ئەوە جەنگە کە دوای تەواوبوونی بوژانەوەی جووڵەی ئاوەدانکردنەوە و ژیانەوەی ئابووری دەست پێدەکاتەوە، ئەوە جەنگە کە هەموو شتێکی دیکە تێكدەشکێنێت کە لە خزمەتی خودی سیستەمەکە و مانەوەیدا نەبێت   … گەر جەنگ نەمێنێت ڕەنگە زۆر شت بگۆڕێت .

لەم بارەدا بە دەیەها نموونە هەن ، هەر دوور نەڕۆین لە جەنگی فۆکلەنددا کە بریتانیا لە ساڵی 1982 دەستی پێکرد لە سەردەمی مارگرێت تاچەری ئەو کاتەی کە سەرۆك وەزیران بوو . ئەو ، تاچەر و حوکمڕانییەکەی لە قەیراندا دەژیا ، تەنانەت  چوار مانگ  پێش دەستپێکردنی جەنگەکە ڕێژەی پەسەندی کەسایەتی خۆی هاتە خوار لە سەدا 15 بەڵام کە جەنگ دەستی پێکرد و دوای سەرکەوتنەکەی ئەو ڕێژەیە بەرزبووەوە بۆ لە سەدا 41 لە مانگی نیساندا،  لە مانگی ئایاردا زیاتر بەرز بووەبوو بە لە سەدا 56 .

هەر ئاواش کاتێك ئاخوندەکان هاتنە سەر حوکم لە ئێراندا لە هەموو لایەکەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و مانگرتن و تەق و تۆق پەیدا بوو .  ئەوانیش زیرەکانە خەلکیان بە هاوکاری سیستەم و سەروەرانی سیستەمەکەوە ئاڵان لە شەڕێکی 8 ساڵەوە و پرزەیان لە هەموو کەسێك نەك هەر لە ئێراندا ، بەڵکو لە عێراقیشدا  بڕی.

هەر دوور مەڕۆ شەڕی داعش لە و شوێنانەی کە ڕویدا ، بە تایبەت لە هەردوو کوردستانی ڕؤژئاوا و باشوور .  لە باشوور خێر و بەرەکەت بوو کە بەسەر دەسەڵاتدا باری ، توانرا بایاخی سەرەکی و ئەرکی سەرەکی هاووڵاتیان لە داخوازییە سەرەکییەکانەوە بگۆڕێت بۆ لەناوبردنی مەترسی داعش.  ئەمەی کە ئێستا لە کوردسستاندا دەیبینین بەرەنجامی ئەوەیە وەک:  نەبوونی مووچە ، لاوازی موعارەزە ، بەهێزبوونی دەسەڵات و بوونی پێشکەوتووترین ئامێر و چەك و تەکنەلۆجیا کە بە سەرێکی لە هاووڵاتیانی پێدەدەن .

بێ گومان زۆر زۆر نموونەی دیکەش هەیە بەلام بۆ ئەوەی درێژتری نەکەمەوە لێرەدا دەواستم.  

بەم زووانە خۆپیشاندەرانی دەمامکدار دەکرێت  ڕووبەڕووی دەستگیرکردن ببنەوە

08/02/2024

بە گۆوێرە ی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس کە پۆلیسیشی لێ ئاگارداکردۆتەوە ئەو خۆپیشاندەرانە کە دەمامک بەکاردەهێنن، دەتوانن ڕووبەڕووی دەستگیرکردن ببنەوە. سزاکانیان  تا مانگێک زیندانیکردن و غەرامەکردنی هەزار پاوەندە.

ئەم بڕیارە بە زووترین کات دەخرێتە بەردەم پەڕلەمان تاکو پشتڕاستبکرێتەوە و لە مانگی نیساندا ببێتە یاسا و بەکاربهێنرێت لە لایەن هێزی پۆلیسی ئینگلتەرە و وێڵسەوە .

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ دوابەدوای بێ تاوانی ئەو چوار خۆپیشاندەرەدایە کە لە زیانە ” تاوانکارییەکان”  پاککرانەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2022دا یاسای بازرگانی پەیکەرەکەی  خاوەنکۆیلە  ئێدوارد کۆلستۆنیان لە شاری بریستۆڵ ڕووخاند.  ئەوان بە سەرکەوتوویی باسیان لەوە کرد کە مافی خۆیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و بیرکردنەوە و ویژدان بەکاردەهێنن .

 ئەم یاسایە هەر دەمامکدار ناگرێتەوە بەڵکو هەندێك دیاردەی دیکەش دەگڕێتەوە کە ڕەنگە لای پۆلیس بە یاسا تاوان بێت کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بەکارهێنراوە .

یاساخکردنی دەمامك لە ڕاستیدا زۆر بێ مانایە و نامرۆڤانەیە،  هەر بۆ نموونە ژنانی لاقەکراو ، پەنابەران کە دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی بەرانبەر بەوەی کە پێێان کراوە دەردەبڕن  یاخود دژ بە یاسا نامرۆییەکان ، نایانەوێت بناسرێن بە هۆکاری سەلامەتی و وێنە نەگرتنیان .  یاخود ئەو ناڕەزاییانەی کە لە بەردەم سەفارەتەکانی وەکو ئێران و ئەفغانستان و چین و ڕوسیا و میسر و ئەوانی دیکەدا دەکرێن ، زۆریان هەیە نایانەوێت بۆ سەلامەتییان بێ دەمامك بیکەن .

خۆپیشاندانە گەورەکەی دوێنێی ئەڵمانیا

04/02/2024

دوێنێ، شەمە ، 03/02/24  لە ئەڵمانیا زیاتر لە 200 هەزار کەس لە شارەکانی وەکو درێسدن، ماینز، هانۆڤەر، بەرلین و گەلێك شار و شارۆچکەی دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان دژ بە پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی AfD.

ئەمە هەفتەی چوارەمە کە خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبێت کە جەرەسێكە بۆ پارتی ئەی ئێف دی کە نەخۆیان قەبوڵ دەکرێن و نە سیاسەتەکانیشیان .

 سەرەتای ئەم هەفتەیە، ڕاپرسییەکی فۆڕسا دەریخست کە پشتگیریکردن لە AfD بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمموزەوە بۆ خوار 20% دابەزیوە، دەنگدەران خۆپیشاندانی سەرتاسەری وڵاتیان دژی ڕاستڕەوی توندڕەو وەک گرنگترین پرس هێناوەتەوە.

بەڵام هەر زوو لە لایەن سیسییەکان و دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە ئەم دەرفەتە قۆزرایەوە و هانی خۆپشاندان و بەشداری خەڵکی زیاتر دەکەن ،  ئەمەش زیاتر بە لە لاڕێبردنی خەڵکییە سەبارەت بە کێشە سەرەکییەکانی کە ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا هەیە و خودی ئەڵمانیا لە لێواری چونە ناو  قەیرانێکی ئابووریدایە.

هەر لەو بارەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵز، لەسەر ئێکس  [ تیوتەی کۆن ] نووسیویەتی: “چ لە ئایزناخ، هۆمبۆرگ یان بەرلین: لە شارە بچووک و گەورەکانی سەرتاسەری وڵات، زۆرێک لە هاووڵاتیان کۆدەبنەوە بۆ خۆپیشاندان دژی لەبیرچوونەوە، دژی ڕق و کینە و قسەی ڕقاوی دەکەن”. ئاماژەی بەوەشکرد، ناڕەزایەتییەکان “نیشانەیەکی بەهێزن لە بەرژەوەندی دیموکراسی و دەستوورەکەمان  …… نیشانەیەکی بەهێزن لە بەرژەوەندی دیموکراسین “.