ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

تەسکبوونەوەی زیاتری ئازادییەکانمان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە

زاهیر باهیر

05/12/2023

ئەوەی ئاشکرایە لای گەلێكمان دەوڵەتەکان بە چەپ و ڕاستیانەوە ، بە دیمۆکراتی و دیکتاتۆریانەوە هەموو ڕووداوەکان بە باش و خراپیانەوە دەدقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە پاراستن و بەردەوامییدان بە سیستەمی سەرمایەداری کە خودی خۆیان پایە سەرەکییەکەین .

نموونە زۆرە لەو  بارەوە، نزیکترینیان قەیرانە داراییەکەی 2008 ، پەتای کۆرۆنا، ئێستاش 7ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، 2023 . لەم ڕووداوەنەدا نە کۆمپانیا گەوەرەکان و نە خاوەنکار و نە دەوڵەت قسوریان نەکردووە لە بەکارهێنانییان وەك پاساوێك  دژ بە خەڵکانی هەژار و چەوساوە و دانیشتوانی وڵاتەکانیان.

من لێرەدا هەر وەکو بەڵگەیەك چەند شتێک دەخەمە بەرچاو کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕۆژی یەکشەمەوە وەرمگرتووە.

+ ئازادی ڕادەربڕین لە مەترسیدایە کاتێک کۆڕ و جێگای قسەکەران هەڵدەوەشێنڕێتەوە، جا چ قسەکردنەکە  لەلایەن چەپەوە بێت یان ڕاست.

+ ئاهەنگی خەڵاتکردن بۆ ڕۆماننووس و وتارنووسی لەدایکبووی فەلەستین ئادانیا شیبلی لەلایەن پێشانگای کتێبی فرانکفۆرتەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە بەهۆی “ئەو شەڕەی کە حەماس دەستیپێکردووە“.   ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە بەرلین، بودجەی کەمکراوەتەوە بەهۆی میوانداریکردنی بۆنەیەکی ڕێکخراوی دەنگی جولەکە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەنگۆی ئەوش هەیە کە دابخرێت.

+  فەرەنسا هەموو خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەلەستین قەدەغە دەکات.

+ مایکل ئایزن لە پۆستی سەرنووسەری گۆڤاری بایۆپزیشکی ئیلایف لە پۆستەکەی دوورخرایەوە بەهۆی دووبارە تویتکردنی پۆستێکی ماڵپەڕی تەنزئامێزی پیاز کە بە مانشێتی “ڕەخنە لە غەززییە مردووەکان گیرا بەهۆی بەکارنەهێنانی دوا وشە بۆ ئیدانەکردنی حەماس

+ دەیڤید ڤێلاسکۆ، سەرنووسەری گۆڤاری ئارتفۆروم کە گۆڤارێکی پێشەنگی هونەرییە، بەهۆی واژۆکردنی نامەیەکی کراوە کە داوای “رزگاری فەلەستین و… کۆتاییهێنان بە کوشتن و زیانگەیاندن بە هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی و ئاگربەستی دەستبەجێی” دەکات، لە کارەکەی دوورخرایەوە.

+ زانکۆی کۆڵۆمبیا دوو گروپی خوێندکاری، خوێندکاران بۆ دادپەروەری لە فەلەستین و دەنگی جوولەکەکان بۆ ئاشتی ڕاگرت.

+ هۆتێلەکانی هیڵتۆن دوای فشاری ژووری بازرگانی جولەکەکانی ئۆرتۆدۆکس کۆنفرانسێکی لە شاری هیوستن لەلایەن کەمپەینی ئەمەریکا بۆ مافەکانی فەڵەستین هەڵدەوەشێنێتەوە.

+ لە بەریتانیا، وەزیری زانست، میشێل دۆنیلان، دوو ئەکادیمیستی دەستنیشناکرد لە چاوەدێریکردنیان  بە تایبەتی سەبارەت بە ڕەخنەگرتن، بەهۆی بۆچوونەکانیان دەربارەی ئیسرائیل و ململانێی غەززەوە، کە بۆچونیان لەگەڵ میدیای فەرمی دەوڵەتییدا نایەتەوە.

+ زانکۆی هیوای لیڤەرپوول وتارێکی ڕەخنە لە سیاسەتی ئیسرائیل لەلایەن مێژوونووسی بەریتانی-ئیسڕائیلی ئەڤی شلایمەوە هەڵدەوەشێنێتەوە ( ئیلغادەکاتەوە)

+ پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ناوەڕۆک لە چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و سایتە هەواڵییە فەلەستینییەکان لادەبەن، یان ئەکاونتەکانیان ڕادەگرن.  ئینستاگرام لە بایۆسی بەکارهێنەرانی فەلەستینیدا دەشڵێت “تیرۆریستانی فەلەستینی بۆ ئازادی خۆیان دەجەنگن”. دواتر داوای لێبوردن دەکات، ئیدیعا دەکات کە  هەڵەیەکە لە وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکیدا”

+ کەسان و ڕێکخراوەکان، لەنێویاندا زۆربەیان کە جولەکەن، قسە و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان هەڵوەشاونەتەوە، قەدەغەکراون یان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان.

+ ڕەنگە لە هیچ شوێنێکدا هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی دەربڕینی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین هێندەی ئەڵمانیا توند نەبووبێت. فەیلەسوفی ئەمریکی جوولەکە سوزان نەیمان نووسیویەتی: “لە بەرلین، وشەی ‘ئاپارتاید’ دەتوانێت خێراتر هەڵبوەشێنیتەوە لەوەی کە وشەی N لە نیویۆرک هەڵبوەشێتەوە.”

+ ئەو ،  سوزان نەیمان،  دەڵێت، ئەڵمانیا زۆر “رێبازێکی فۆرمولەیی بۆ حیساباتی مێژوویی” گرتۆتەبەر، سەیری جولەکەکان دەکات “وەک ئەوەی بە دەنگێکی یەکپارچە قسە بکەن کە بۆ هەمیشە لەسەر ستەمکاری خۆیان جێگیر بوون  “. لە کۆتاییدا دەڵێت: “ئێستا گومانم هەیە زۆرترین شت دەتوانین لە [ئەڵمانیا] فێربین،

+ نووسەرێکی دیکەی ئەڵمانی ئەمریکی، دیبۆرا فێڵدمان، تێبینی ئەوەی کردووە کە تەنیا ئەو جولەکانەی کە ڕەخنەیان لە ئیسرائیل نییە، وەک جوولەکەیەکی ڕاستەقینە سەیر دەکرێن.  وەک کەسێک کە لە مێژە بە هەمان شێوە قسەی لەسەر تێڕوانینەکانی کۆمەڵگا موسڵمانەکان کردووە – کە موسڵمانە لیبڕاڵ و عەلمانییەکان کە ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن زۆرجار بە “ناڕەسەن” لە قەڵەم دەدرێن – ئەوە دیدگایەکە کە من لێی تێدەگەم.  نەیمان و فێڵدمان هەردووکیان واژۆکارن لەسەر نامەیەکی کراوەی نووسەران و هونەرمەندان و ئەکادیمییە جوولەکەکانی ئەڵمانی کە “سەرکوتکردنی نائارامکەری ژیانی مەدەنی لە دوای توندوتیژییە ترسناکەکانی ئەم مانگە لە ئیسرائیل و فەلەستین” ئیدانە دەکات.

+ هۆکارەکانی پشتی پەردەی سەرکوتکردنی دەنگە لایەنگری فەلەستینییەکان لە ئەمریکا جیاوازن، بەڵام لێرەشدا زۆر کەس تووشی سەرسوڕمان بوون. جنێڤیڤ لاکیر، مامۆستای یاسا لە زانکۆی شیکاگۆ و پسپۆڕی پێشەنگی ئازادی قسەکردن و یاسای دەستووری ئەمریکا، تێبینی دەکات: “ئەو تەرازووە من و چڕییەکەی سەرسام کردووە“. ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەست دەکەیت وەک مەکارتیزمێکی نوێ وایە… سەرکوتکردنی قسەکردن کە ماوەیەکە نەمانبینیوە. ”  خەڵک لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و هەڵدەوەشێنەوە نەک بەهۆی “بەرەوپێشبردنی توندوتیژی” بەڵکو “داوای ئاگربەست” و “ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل“. لاکیر دەڵێت مانای “قسەی ڕقاوی” فراوانتر بووە “بۆ ئەوەی ئەو قسەیە بگرێتەوە کە بە بڕوای من بە تەواوی ڕەوایە، زۆرجار قسەی لایەنگری ئاشتییە. ”  هەوڵێکە بۆ دووبارە کێشانەوەی هێڵە ئەخلاقییەکان لە دەوری ئەوەی کە بە قبوڵکراو دادەنرێت بۆ پووچەڵکردنەوەی دیدگا فەلەستینییەکان.

ڕۆڵی ئیسرائیل لە ڕوداوەکان و جیهاندا

زاهیر باهیر

04/12/2023

ئیسرائیڵ کە دەوڵەتی یەکەمی سەربازییە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و هاوكاتیش یەکەمین و باشترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە،  بۆ مانەوەی خۆی و هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ زۆرینەی دەوڵەتانی دوونیادا هەمیشە ڕۆڵی گەوەرەی هەبووە و هەیە لە هاوکاری و هاوپەیمانێتی ئەو وڵاتانەدا .

من لێرەدا هەنێك لەو ڕۆڵانەی ئیسرائیل هەر بۆ زانیاری لیست دەکەم :

+ ساڵی 1980 ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ میسردا کە ئەو کاتە لە ئاشتیدا بوون غەزەیان  گەمارۆ دا.

+ شەش لە کۆی نۆ هاوبەشی بازرگانی سەرەکی ئیسرائیل لە گەڵ وڵاتانی  گروپی حەوتدان.

+  سێ سەرچاوەی سەرەکی ئیسرائیل بۆ هاوردەکردنی چەک وڵاتانی گروپی حەوتە.  هاوکاتیش گروپی حەوت بەردەوام دژی داوای ئاگربەستی بووە لە غەززە. لە 27ی تشرینی یەکەم، کاتێک بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای ئاگربەستی بەپەلەی لە غەززە دەکرد بە دەنگی 121 دەنگی زۆرینە پەسەندکرا، فەرەنسا تاکە دەوڵەتی گروپی حەوت بوو کە دەنگی بەڵێی دا.

+ لە سەرانسەری باشووری جیهانیشدا دژایەتی ئیسرائیل بەستراوەتەوە بە مێژووی هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی سەرکوتکەر لە ئەمریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریقا.

+  لە ئەمریکای لاتین ئیسرائیل لە کاتی جینۆسایدکردنی مەیانەکان لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەکی بۆ حکومەتی گواتیمالا دابین کرد.

+ ئیسرائیل دابینکەرێکی سەرەکی چەک بوو بۆ دیکتاتۆری پینۆشێت لە شیلی، دیکتاتۆری سۆمۆزای-شی لە نیکاراگوا چەکدار کرد، پشتیوانی لە سەرکوتکردنی سەربازی لە ئەلسەلڤادۆر و ئەرجەنتین کرد. دەوڵەتی مەکسیكی  چەکدار کرد لە شەڕەکەیدا دژی یاخیبوونی زاپاتیستا.

+ لە ئەفریقا ئیسرائیل پشتگیری لە ڕژێمە کەمینە سپی پێستەکان دەکرد لەکاتێکدا ڕووبەڕووی پەرەسەندنی گۆشەگیری نێودەوڵەتی بووبووەوە.  لە ماوەی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئیسرائیل پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەفریقای باشووری ئاپارتاید پەرەپێدا و بە درێژایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو وەک یەکێک لە بەهێزترین لایەنگرانی وڵاتەکە مایەوە.

+ ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بازرگانیکردن لەگەڵ ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ڕۆدێسیا دوای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1967 سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، کەچی ئیسرائیل چەکی بە دیکتاتۆری مۆبوتو لە زایر فرۆشت.

+ شانبەشانی چالاکییەکانی دیکەی ئاسیا – بازرگانیکردن لەگەڵ دیکتاتۆری سوهارتۆی ئەندەنوسیا و دیکتاتۆری مارکۆس لە فلیپین، فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناسیۆنالیستی هیندۆسی مودی لە هیندستان (کە بووەتە گەورەترین کڕیاری چەکی ئیسرائیل لە جیهاندا) و فرۆشتنی چەک بە جونتای میانمار/ بێرما.

+ ئیسرائیل ناوبانگێکی زۆری لە زۆربەی باشووری جیهانیدا دەرکرد وەک هاوپەیمانێکی سەرسەختی حکومەتە سەرکوتکەرەکان کە هەوڵدەدەن خەبات و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەناوببەن.  لەم بوارەدا مێژوویەک لە لێدوانی ڕەگەزپەرستانە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە پشکێنراوە.  بۆ نموونە لە ساڵی 2006 باڵیۆزی ئیسرائیل وتی کە “ئیسرائیل و ئوسترالیا وەک خوشک وان لە ئاسیا” چونکە “ئاسیا لە بنەڕەتدا ڕەگەزی زەردە” لە کاتێکدا “ئۆسترالیا و ئیسرائیل … لە بنەڕەتدا ڕەگەزی سپی پێستن“.

بەڵێ، دەنگدەر باشتر دەزانێت، بەڵێ، هەمیشە کڕیار لەسەر حەقە

شاخەوان

21/11/2023

نوح هەراری، وەک زمانی دووهەمی لیبرالیزم زۆر باشتر زمانی یەکەمی لیبرالیزم بەرجەستە دەکات.. هەمیشە ستەمکاری دوو زمان و گوتاری هەیە، زمانێک کە رەوان و راستەوخۆ دەیپارێزێت، کە بریتییە لە زمانی دەربار و میدیا و لەشکر و تفاقەکانی، زمانەکەی تر ئەو زمانەیە کە جێگەی زمانی نەیارەکانی دەگرێتەوە.. زمانی ساختچییەکانی.

پێش ئەوەی نەیارە رەسەنەکانی لیبرالیزم، لیبرالیزم بدەنە بەر رەخنەی جددی، هیچ لەوە بۆی باشتر نییە کە لیبرالیزم خۆی رەخنەکانی خۆی مەسرەف بکات.. بەتایبەتی ئەگەر ئەم زمانە بەو جۆرە فریودەرانەیە هەڵسوڕێت کە لە زاری (هەراری)دایە.

(٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) پڕە لە جەغدکردنەوە لەوەی کە هەمیشە کڕیار لەسەر حەقە، خواستی ئەو بەسە بۆ خستنەرووی کاڵاکان.. هەرچەندە ئەمەش قسە زۆر هەڵدەگرێت.. ئەمما بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، بەبێ ئەوەی هەموو خوێنەرێک پێیبزانێت! وەک (پێشەکی یەکەم)ی ئارگۆمێنتسازییەک بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی لەوێوە زیهنی خوێنەر خۆشە بکات تا بە (بەڵێ، هەمیشە دەنگدەر باشتر دەزانێت!) رازی ببێت.. ئالێرەشەوە دوو پایەی زۆر بەهێزی ستەمکاری سەرمایەداری دەچەسپێنێت، کە بازاڕ و سەروەرگەرایی-نوخبەوییە.

وەک چۆن پێیوایە خستنەڕووی کاڵاکان مافی بێچەندووچوونی کڕیارە ئەگەر داوای بکات، ئاوەهاش رابەرەکان مافی بێچەندوچوونی سەروەرێتیان هەیە، چوونکە لەلایەن دەنگدەرەکانیانەوە هەڵبژێردراون. لە کاتێکدا پرۆسەی کڕین زۆر جیاوازە لە پرۆسەی دەنگدان.

پرۆسەی کڕین، پرۆسەیەکە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا روو دەدات، هەرکەس کاتێک کە کاڵایەک دەکڕێت بۆ پرکردنەوەی پێداویستییەکی خۆی پەنا دەباتە بەر پرۆسەکە، هەرگیز هیچ کڕیاریک ئامادە نییە کاڵایەک بۆ کۆی خەڵکی کۆمەڵگەکەی هەڵبژێرێت و بیکڕێت.. تەنانەت ئەگەر زۆر کەیفی بەوەش بێت.. بەڵام لەبەر ئەوەی لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا نرخ هەیە و خۆڕایی نییە، بۆیە کڕیار تا دواهەوڵ دەیەوێت بە کەمترین نرخ بەدەستی بهێنێت و معامەلەیەکی گەرمیشی دەکات.. بێ گومان لە وەها دۆخێکدا کریار نەک کاڵای دڵخوازی خۆی بۆ هەموو کۆمەڵگەکەی ناکڕێت.. تەنانەت خۆی لە وێرکردنی کڕیارەکانی نزیکیشی دەپارێزێت.

دەنگدان بەخۆڕاییە، لە زۆر شوێن دەنگدەرەکان شاباشیش دەکرێن.. هەر لەبەر ئەوە، بە پێچەوانەی کڕیارەوە، دەنگدەر تا دواڕادە سەخاوەت دەنوێنێت لە دەنگداندا.. وە هەوڵ دەدات ئەو کاڵا سیاسییەی کە ئەو خواستی لەسەری هەیە و هەڵیدەبژێرێت بیسەپێنێت بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا. ئا لێرەدایە کە جیاوازی گەورە دەکەوێتە نێوان کریار و دەنگدەر و ئارگۆمێنتەکەی هەراری وەک مردارەوەبوویەک بۆگەن دەکات. چونکە ئەوەی کە بەشێک لە کۆمەڵگە، جا ئەگەر زۆرینە بن یان کەمینە، کاڵایەک بکڕن تەنها بۆ خۆیانی دەکرن و رەزیلیشی تیادا دەکەن، رەنگە ئاواتی ئەوەش نەخوازن کە خەڵکێکی زۆترت ببنە موشتەریی تا کار لە بڕی خستنەڕوو نەکات و نرخی نەفڕێت، بەڵام مەترسی گەورەی دەنگدەر لەوەدایە کە ئەو کاڵا سیاسییەی کە بە خۆڕایی و بە سەخاوەتەوە هەڵیدەبژێرێت دواتر بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا دەیسەپێنێت.

ئەگەر دەنگدەر کاندیدەکانیان تەنها لە ژیانی خۆیان بار بکەن، تەحەموولی خەرجییەکانیان بکەن، ئەگەر خۆیان زیان و قازانج و تێچووی ژیانی رابەرەکانیان لە ئەستۆ بگرتایە، دەکرا دەرئەنجامی ئارگۆمێنتەکەی هەراری لەگەڵ پێشەکی (کڕیار لەسەر حەقە) بهاتایەتەوە.. بەڵام بەدبەختییەکە ئەوەیە ئەو پارچە و کاڵا سیاسیانەی کە دەنگدەر هەڵیاندەبژێرێت، خەرجییەکەی لەسەر کۆی کۆمەڵگە دەکەوێت، تەنانەت ئەگەر بەشداری دەنگدانیشی نەکردبێت.. تەنانەت ئەگەر زۆرینەی کۆمەڵگەش بەشدار نەبووبن لە مەهزەلەی هەڵبژاردنی کاڵا سیاسی و سوڵتەییەکان.

کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردینی ملیۆنان دۆلاریان بۆ یاسادانەرانی ئەمریکا خەرج کردووە کە سپۆنسەری پڕۆژە یاسای دژە ناڕەزایەتیان کردووە

26/10/2023

بەپێی ڕاپۆرتی گرینپیس لە ئەمریکا، نزیکەی 60%ی کار و چالاکییەکانی نەوتی و گازییەکان لە ناڕەزایەتی پارێزراون بەهۆی ئەو پارەیەی کە بۆ لۆبیکردن خەرجکراون.

کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردینی ملیۆنان دۆلاریان خەرج کردووە بۆ لۆبیکردن و بەخشینی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ یاسادانەرانی ویلایەت کە سپۆنسەری یاساکانی دژە ناڕەزایەتیان کردووە – کە ئێستا نزیکەی 60%ی کار و چالاکییەکانی گاز و نەوتی ئەمریکا لە ناڕەزایەتی و نافەرمانی مەدەنی دەپارێزن، بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی گرینپیس، Greenpeace  ، ئەمریکا هەژدە ویلایەت لەوانەش مۆنتانا، ئۆهایۆ، جۆرجیا، لویزیانا، ویرجینیای ڕۆژئاوا و داکۆتا یاسای بەرفراوانیان بۆ دژە ناڕەزایەتی دەرکردووە کە سزاکانی سەرپێچیکردن لە نزیک ژێرخانی بەناو گرنگ وبەرز و وەبەرهێنان و خۆشگوزەرانی دەکەنەوە. ئەمەش مەترسیدارتری دەکات بۆ کۆمۆنێتییەکان بۆ دژایەتیکردنی بۆری و پڕۆژەکانی تری سووتەمەنی بەردینی کە هەڕەشە لە زەوی و ئاو و کەشوهەوای جیهانی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە 10 کۆمپانیای سەرەکی کە لە ساڵی 2017ەوە زۆرترین لۆبییان بۆ پڕۆژە یاسای دژە ناڕەزایەتیەکان کردووە، 9 کۆمپانیای سووتەمەنی بەردینین، لەوانە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی ئێکسۆن مۆبیل، کۆچ ئیندستریز و ماراسۆن پترۆلیۆم، هەروەها کۆمپانیاکانی کەنەدی ئێنبریج و تی سی ئینێرجی (ترانس کەنەدا) . جگە لەوەش، 25 کۆمپانیای سووتەمەنی بەردینی و وزە لەم ماوەیەدا زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاریان بەخشیوە بە سپۆنسەرانی پڕۆژە یاسای دژە ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەت، بەپێی زانیارییەکانی بەدواداچوونی دارایی سیاسی.

ئێمە دەبینین پەرەسەندنی تاکتیکەکان بۆ تاوانبارکردن، چەوساندنەوە و سکاڵاکردن لەسەر ئەوانەی کاردەکەن بۆ کردەوەی کەشوهەوا، مافەکانی ڕەسەن و دادپەروەری ژینگەیی… [وەک] کۆمپانیاکانی نەوت و گاز ڕێگەی نوێ دەدۆزنەوە بۆ دواخستنی گواستنەوە بۆ وزەی پاک و پاراستنی قازانجی خۆیان، ئیبۆنی تویلی مارتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گرینپیس ئەمریکا وتی. چالاکوانانی هێڵی پێشەوە نابێت ڕووبەڕووی مەترسی یاسایی توندڕەو و گۆڕینی ژیان ببنەوە بەهۆی دانانی جەستەیان بەکردەوە بۆ ئەوەی هەسارەکەمان ببێتە شوێنی نیشتەجێبوون.’ لە ساڵی 2017ەوە زیاتر لە 250 پڕۆژە یاسای دژە ناڕەزایەتی لە 45 ویلایەتدا پێشکەشکراون لەنێویاندا یاسای نەهێشتنی بەرپرسیارێتی شۆفێر لە لێدانی خۆپیشاندەران و دروستکردنی تاوانی گەورە بۆ خۆپیشاندانەکان کە وەک ئاژاوە لێکدەدرێتەوە، بەپێی سەنتەری نێودەوڵەتی یاسای قازانج نەویست (ICNL) .

یاسادانەران ئیدیعایان کردووە کە ئەو پڕۆژە یاسایانە پێویستن بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی، سەرەڕای ئەوەی یاساکانی قەدەغەکردنی کردەوەی توندوتیژی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی پێشتر هەن لەکاتێکدا زۆرینەی ڕەهای ناڕەزایەتییەکان لە ئەمریکا ناتوندوتیژن. لە ویلایەتی مینیسوتا، جێبەجێکردنی یاسا – کە لەگەڵ دەزگاکانی دی3  وەرگرتووە – زیاتر لە هەزار دەستگیرکردن لە نێوان کانوونی دووەمی 2020 و ئەیلوولی 2021 دا ئەنجامدرا لەکاتێکدا خۆپیشاندەرانی ناتوندوتیژ هەوڵیاندا ڕێڕەوگۆڕین و فراوانکردنی.  بۆری نەوتی 1097 میلی تار ساندز لە ڕێگەی زەوی و ڕێڕەوی ئاوی ڕەسەنەوە. بەلایەنی کەمەوە 967 تۆمەتی تاوانکاری تۆمارکراون لەنێویاندا سێ کەس کە بەپێی یاسای نوێی پاراستنی ژێرخانی گرنگی ویلایەتەکە تۆمەتبارکراون.

 کچانی خوێندکاری زانکۆکانی ئێران ئایندەیان دەکەنە قوربانی پرنسپڵەکانیان

زاهیر باهیر

12/07/2023

دژایەتی کردنی حکومەتی ئێران هەر بەردەوامە بەڵام لە شوێنی جیا جیادا و بە کردنی چالااکی جیا جیا.  لە ئیستادا زۆرێك لەو خوێندکارانە ڕوبەرووی حکومەت دەبنەوە بە نەپۆشینی حیجاب لە هەندێك لە زانکۆکانی ئێران ، لەوانە زانکۆی تاران.

زیاتر لە 60 خوێندکار دەیانەوێت بە بێ حیجاب بەردەوامی بدەن بە خوێندنەکەیان بەڵام لە لایەن ئیدارە زانکۆوە کە فرمانی فەرمی حکومەتە ڕێگەیان پێنادررێت و پێیان ڕاگەیانراوە کە خۆێندنیان ڕادەگیرێت و پلەی تاقیکردنەوەکانیان سفریان پێ دەدرێت . ئەمە جگە لەوەی کە گرتن و دەستبەسەرکردنی گەنجان هەر بەردەووامە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دیمانەی لەگەڵ 9 خوێندکار کە خوێندنەکانیان لە لایەن ئیدارەوە راگیراوە و ڕێگایان پێنادەن کە بچنەوە داخلییەکانیان .  یەکێکیان لە دیمانەکەدا وتی  بەهۆی ڕەتکردنەوەی حیجاب لەبەرکردنی بەکۆمەڵ لە ناو کەمپەکە قەدەغە دەکرێین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکوتکردنی توندوتیژانە بەسەرماندا کراوە بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە دانیشتووین لە ناڕەزایەتیدا“. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئەمنیی “بە توندوتیژی لە پۆلەکان دەریانکردین”  یەکێکی تریان وتی پرۆفیسۆرەکەیان هێڕشی کراوەتە سەر و رێگای پێ نادرێت کە بێتەوە زانکۆ لەبەر ئەوەی کە هاوپشتی بۆ ئەوان دەربڕیوە .

ئەنجوومەنی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە لانیکەم40 خوێندکاری کچ بەهۆی “بەتەواوی ڕەچاونەکردنی” یاساکانی حیجاب “بە مەرج” لە خوێندن ڕاگیراون.  بەڵام ڕێکخراوی ناحکومی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (HRAI) باس لەوە دەکات کە لانیکەم 64 خوێندکار لە خوێندن ڕاگیراون و سێ خوێندکار دەرکراون.

خوێندکارێکی خەڵکی شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە 40هەمین ڕۆژی مردنی مەحسا ئەمینی، چەندین جار شەقم لێدراوە. لە وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە سڕ دەکرێمەوە، ساڵێکی تەواو لە دواوە دەبم. ، خەونم بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات دەبینی، بەڵام بەداخەوە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، ئایندەم تاریکە”.

خوێندکارێکی خەڵکی تاران دەڵێت: دوای سێ ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی پۆستێک سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدان، تیمی ئاسایشی زانکۆ دوای هەڵکوتانە سەر هۆڵی نیشتەجێبوونمان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەمدا گرت.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەروەها پۆستەری ناڕەزایەتی یان هەر شتێکی پەیوەست بە شۆڕشی بەردەوامیان کۆدەکردەوە و ئاگاداریان کردینەوە لە دەرئەنجامە خراپترەکان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “گومانم هەیە ئەو ئەفسەرانەی کە دەچنە ناو بەشەناوخۆییەکانمانەوە لە تیمی ئاسایشی زانکۆکە بن.  پێشتر هەرگیز نەمبینیون،  ڕۆژی دواتر لەگەڵ سێ هاوڕێم بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرام”.

خوێندکارێکی دیکە لە تاران وتی: ئیدارەی زانکۆ وەک باڵێکی درێژکراوەی کۆماری ئیسلامی مامەڵە دەکات. من خەریکی ئامادەکردنی داواکارییەکانم بووم بۆ خوێندنی ماستەر لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ترسم هەیە نە نامەی پێشنیارکردنم پێ بگات، نە نمرە پەیوەندیدارەکانی پێویست بۆ داواکارییەکەم وەربگرم. لەلایەن ئیدارەی زانکۆکەمەوە ئاگادارکرامەوە کە ئەگەر داوای لێبوردن نەکەم و پۆستەکانی سۆشیال میدیا بۆ پشتگیریکردن لە شۆڕش پاشەکشە نەکەم، نمرەی سفر بەدەست دەهێنم”.

خوێندکارێکی تریش وتی دادگاییکردنێکی هاوشێوەی دادگا لە زانکۆکاندا بەڕێوەدەچێت و لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانە بڕیار لەسەر ژنان دەدرێت و دواتر ڕاگیراون.  بەڵام لەبارەی چارەسەرەکەیەوە وتی: “کەسانێک هەن چاویان لەدەستداوە؛ کەسانێک هەن کە کوژراون.  بە بەراورد بەو شتانەی کە لە پێناو ئازادی ئێراندا تووشی بوون، سڕکردنی من هیچ نییە.”

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

V

بەشی دەیەم

لینین شتێکی تری لەبیر کرد، شتێک کە بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی سەرەکی هەیە لەو بابەتەدا. ئەویش  ئەمەیە:  کە ڕێک مارکس و ئەنگڵس بوون کە هەوڵیان دا ڕێکخراوەکانی ئینتەرناسیۆنالی کۆنیان ناچارکرد بەرەو چالاکیی پەرلەمانی بڕۆن، بەمەش خۆیان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار کرد لە فرۆشتنی بە جوملەی بزوتنەوەی  کرێکاری سۆسیالیستی لە  زەلکاوی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا. نێونەتەوەیی، یەکەم  هەوڵێك بوو بۆ کۆکردنەوەی کرێکارە ڕێکخراوەکانی هەموو وڵاتێک بۆ یەک سەندیکای گەورە کە ئامانجی کۆتایی ڕزگارکردنی ئابووریانەی کرێکاران بوو. لە کاتێکدا جیاوازیبوونی بەشە جیاوازەکان لە بیرکردنەوە و تاکتیکەکانیاندا، زۆر گرنگ بوو کە مەرجەکانی پێکەوە کارکردنیان دابنرێت و دان بە ئۆتۆنۆمی تەواو و دەسەڵاتی سەربەخۆی هەریەک لە بەشە جیاوازەکاندا بنرێن .  ئەو کاتەی ئەمە دەکرا نێونەتەوەیی بە گەورەیی و بەهێزەوە گەشەی کرد و لە هەموو وڵاتێکدا پەرەی سەند.  بەڵام ئەمە هەمووی لەو ساتەدا بە تەواوی گۆڕا کە مارکس و ئەنگڵس دەستیان کرد بە هاندانی فیدراسیۆنە نەتەوەییە جیاوازەکان بەرەو چالاکیی پەرلەمانیی مل بنێن، کە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی خەماویی لەندەن لە ساڵی 1871 ڕوویدا، کە تێیدا ڕەزامەندییان لەسەر بڕیارێك بەدەستهێنا کە بەم مەرجانەی خوارەوە کۆتایی هات:

“بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بەکۆمەڵەی چینە موڵکدارەکاندا چینی کرێکار ناتوانێت وەک چینێک چالاکی / کار بکات . تەنها بەوە نەبێت کە خۆی لە حزبێکی سیاسیدا پێکبهێنێت، جیاواز بێت لە هەموو ئەو حزبە کۆنانەی کە لەلایەن چینە خاوەندارەکانەوە پێکهێنراون و دژایەتییان دەکات؛ کە ئەم یەککەوتنەی چینی کرێکار بۆ حزبێکی سیاسی زەروورییە، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی، لە هەڵوەشاندنەوەی چینەکان، کە شتێکی حەتمییە؛ لە پێکەوەگرتنی هێزەکان کە چینی کرێکار پێشتر بەهۆی خەباتە ئابوورییەکانیەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، دەبێ لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازێک بۆ خەباتەکانی دژی دەسەڵاتی سیاسی خاوەنزەوی و سەرمایەدارەکان. کۆنفرانسەکە ئەندامانی نێونەتەوەیی ( ئینتەرناشناڵ) بە ئاگا دێنێتەوە: کە لە دەوڵەتی ڕادیکالی ( میلتانت)  چینی کرێکار، بزووتنەوە ئابوورییەکەی و چالاکییە  سیاسییەکەی بە شێوەیەك یەکگرتوون کە جیا ناکرێنەوە”.

ئەو کارە دەکرێت و دەبێت کە هەر بەشێك/کەرتێك  یاخود فیدراسیۆن لە نێونەتەوەییدا بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکات،  چونکە ئەوە تەنها ئەرکی یاخود وەزیفەی ئەندامەکانێتی کە کاری ئاوا بکەن.  بەڵام ئەوەی کە ئەنجومەنی/ لیژنەی  جێبەجێکار دەبێ بیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی گروپەکانی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەتیش پرسێک کە نەخراوەتە بەردەم کۆنگرەی گشتی، کارێکی سەپێنراو  بوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ڕۆحی نێونەتەوەیی بوو و بە زەروورە دەبێتە هەژاندنی ناڕەزایەتی وزەبەخش لەلایەن هەموو تاك و توخمە شۆڕشگێڕەکانەوە.

کۆنگرەی شەرمەزارکەری لاهای لە ساڵی 1872 تاجی نایە سەر ئەو کارانەی مارکس و ئەنگڵس ئەنجامیاندا، بە گۆڕینی نێونەتەوەیی بۆ ماشێنێکی/ئامرازێکی هەڵبژاردن، لەنێویاندا بەندێکی کارا بە پابەندکردنی بەشە جیاوازەکان بە خەباتکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی.  کەواتە مارکس و ئەنگڵس تاوانبار بوون بە کەرتکردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ هەموو دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەر ئەوان بوون کە لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوە چەقبەستن و شێواندنی سۆسیالیزمیان هێنایە ناوەوە.

درێژەی هەیە

………………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

III

بەشی هەشتەم

هەر وەک چۆن سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە ساڵی 1871 و ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس هێماکانی (ئیشارەتەکانی) نەمانی نێونەتەوەیی ( ئەنتەرناسیۆنالی) کۆن بوو، بە هەمان شێوەش شەڕی گەورەی ساڵی 1914 ئاشکرابوونی مایەپوچیی سۆسیالیزمی سیاسی بوو.

پاشان شتێکی شاز ڕویدا و  هەندێکجاریش شتی نامۆ ڕوویانداوە ڕاستیشە، کە تەنها لەڕووی  نەفامی ( جەهل) تەواوەوە و بە ئاگا نەبوون لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کۆن دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە.

بەلشەفیکە سەربەخۆکان، کۆمۆنیستەکان و ئەوانی دیکە، بە بەردەوامیی میراتگرانی سۆسیال دیموکراتە کۆنەکانیان بە گزیکەرێکی شەرمەزارکەرانە بە بنەماکانی مارکسیزم تۆمەتبار دەکرد.  ئەوانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستییان لەناو زەلکاوی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا گیر کردووە، هەڵوێستی مارکس و ئەنگڵسیان بەرامبەر بە دەوڵەت بە هەڵە لێکداوەتەوە، ئا لەم جۆرە قسانە.  لینین، سەرکردەی ڕۆحی بەلشەفیکەکان، هەوڵیدا بنەمایەکی تۆکمە بە تۆمەتەکانی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی دەوڵەت و شۆڕش بدات، کە بە بڕوای قوتابییەکانی لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە و پاك و پەتی بووە بۆ مارکسیزم. لینین بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی تەواو ڕێکوپێک لە وەرگیراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکات و نیشانی بدات کە “دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی زانستی” لە هەموو کاتێکدا دوژمنی دیموکراسی و زەلکاوی  پەرلەمانی بوون و ئامانجی هەموو هەوڵەکانیان نەمانی دەوڵەت بووە.

مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە لینین تەنیا لەم دواییانەدا ئەمەی زانی ئەویش  کاتێک پارتەکەی بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکانەوە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، خۆی لە کەمینەدا بینیەوە.   تا ئەو کاتە بەلشەفیکەکان هەر وەک پارتەکانی دیکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا بە وریاییەوە کردبوو تاکو  لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسیدا ناکۆك نەبن. ئەوان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر-ی ساڵی 1917دا بە بەرنامەیەکی گەورەوە بەشدارییان کرد بەو هیوایەی زۆرینەیەکی گەورە بەدەستبهێنن. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کەمینەیەکدا ماونەتەوە شەڕیان دژی دیموکراسی ڕاگەیاند و ئەنجوومەنی دامەزرێنەریان هەڵوەشاندەوە، ئەو کاتە لینین کتێبی  ‘دەوڵەت و شۆڕشی’ بۆ پاساودانی هەڵوێست و کەسایەتی خۆی ، دەرکرد.

درێژەی هەیە

………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

III

بەشی حەوتەم

لە 20ی تەمموزی 1870 کارل مارکس بۆ فرێدریك ئەنگڵس-ی نووسی ” فەرەنسییەکان پێویستیان بە لێدانێك/زەربەیەك هەیە.  ئەگەر پرۆسییەکان سەرکەوتوو بن ناوەندگەرایی دەسەڵاتی دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناوەندگەرایی چینی کرێکاری ئەڵمانی.  زیاتریش لەوە، باڵادەستی ئەڵمان ناوەندی کێشکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە فەرەنساوە دەگۆڕێت بۆ ئەڵمانیا. هەروەها مرۆڤ دەبێت بزووتنەوەکە لە ساڵی 1866 بە ئەمڕۆ بەراورد بکات بۆ ئەوەی بزانێت چینی کرێکاری ئەڵمانی لە ڕووی تئیۆری و ڕێکخستنەوە لە فەرەنسییەکان باڵاترە. باڵادەستبوونی بەسەر فەرەنسییەکان لەسەر شانۆی جیهانی بە هەمان شێوە بە مانای زاڵبوونی تئیۆری ئێمە بەسەر تئیۆری پرۆدۆن و هتد دێت”.

مارکس ڕاستی دەکرد: سەرکەوتنی ئەڵمانیا بەسەر فەرەنسادا بۆ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپی  بە مانای ڕێڕەوێکی نوێ بوو.  سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ و لیبڕاڵی وڵاتانی لاتین فڕێدرا و جێگایان بۆ دەوڵەتگەرایی وتئیۆرییەکانی مارکسیزمی دژە ئەنارکیستی جێهێشت.   بەمەش  گەشەسەندنی ئەو سۆسیالیزمە زیندووە و داهێنەرەی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی دۆگماتیزمێکی گاڵتەجاڕی نوێوە ڕوویدا کە ئیدیعای زانینی تەواوی واقیعی کۆمەڵایەتی دەکرد، لە کاتێکدا ئەم ئیدیعایە  زیاتر نەبوو لە تێکەڵەیەکی دەستەواژەی تیۆلۆژی/ لاهوتیی  و زۆربڵێیی قەدەریانە/ جەبریانە  و دەرکەوت کە گۆڕی هەموو بیرکردنەوەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بوو.

هاوکات لەگەڵ بیرۆکەکاندا، شێوازەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات.  لەبری گروپە شۆڕشگێڕەکان بۆ پاگەندە و ڕێکخستنی خەباتی ئابوریی، کە لەوەدا نێونەتەوەییەکان کۆرپەی کۆمەڵی ئایندە و ئۆرگانە گونجاوەکانیان بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن دەبینی، کەچی بووە هاتنی سەردەمی حزبە سۆسیالیستەکان و نوێنەرایەتی پەرلەمانیی پرۆلیتاریا.  وردە وردە پەروەردەی سۆسیالیستیانەی کۆن کە کرێکارانی بەرەو داگیرکردنی زەوی و وەرشەکانی کارکردن ( وۆرک شۆپەکان) دەبرد لەبیرکرا، جێگەی  بە دیسیپلینێکی نوێی حزبیی کە وەك باڵاترین ئایدیالی خۆی سەیری گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی دەکرد گیرایەوە.

نەیاری گەورەی مارکس، میخایل باکونین، بە ڕوونی گۆڕانی لە هەڵوێستەکەدا بینی و بە دڵێکی گەورەی خەمبارەوە  پێشبینی ئەوەی کرد کە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەوروپادا بە سەرکەوتنی ئەڵمانیا و ڕووخانی کۆمون دەستپێدەکات. باکۆنین لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو بوو، ڕەنگی مردوو لە دەم و چاوی نیشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەند دێڕە گرنگانەی لە 11ی تشرینی دووەمی 1874: بۆ ئۆگارێڤ (Ogarev ) نووسی:

“بیسمارسکیزم کە میلیتاریزم و دەسەڵاتی پۆلیسی و قۆرخکاری داراییە لەژێر ناوی دەوڵەتی نوێدا لە یەك سیستەمدا خۆی گرتۆتەوە ، هەموو شوێنێك داگیر دەکات.  بەڵام ڕەنگە لە دە یان پانزە ساڵدا پەرەسەندنی ناجێگیریی ڕەگەزی مرۆڤ جارێکی دیکە ڕۆشنایی بخاتە سەر ڕێگاکانی سەرکەوتن. ” لەم بۆنەیەدا باکونین هەڵەی کرد، نەیتوانی حیساب بکات کە نیو سەدە دەخایەنێت تاوەکو بیسمارکیزم لەناو کارەساتێکی ترسناکی جیهانیدا تێدەشکێت.

درێژەی هەیە

……………………………………

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .  بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

III

بەشی شەشەم :

بۆ نموونە نووسینە سیاسییەکانی مارکس لەم قۆناغەدا، ئەو بابەتەی کە لە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) ی پاریس بڵاوی کردووەتەوە، نیشانی دەدات کە چۆن لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی پرۆدۆن و تەنانەت بیرۆکە ئەنارکیستەکانیشیدا بووە.

ڤۆروارتس (Vorwaerts ) گۆڤارێکی دەوری بوو کە لە پایتەختی فەرەنسا لە  ساڵی 1844 لە ژێر سەرپەرشتی هاینریش بێرنشتاین (Heinrich Bernstein ) دەردەچوو، سەرەتا تەنیا لە دیدی تێڕوانینییەوە لیبڕاڵ بوو،  بەڵام دواتر دوای بزربوونی  ئانالێس جێرمانۆفرانسایز، (Anales GermanoFrancaises )  بێرنشتاین (Bernstein  ) پەیوەندی بە بەشداربووانی کۆنەوە کرد بەم جۆرە هاوکارانی پێشوی ڕازی کرد بە پەیوەندیکردن بە بزوتنەوەی سۆشیالیستییەوە. ئیتر لەو کاتەوە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) بوو بە زمانی  فەرمی سۆسیالیزم و بەشداربووانی زۆر لە دوا بڵاوکراوەکەی  ئەی ڕوج (A. Ruge ) لە نێوانیاندا باکونین، مارکس، ئەنگڵس، هاینریچ هاین، (Heinrich Heine ) جۆرج هێرویگ (Georg Herwegh ) و هتد بە بەشداریکردنیان نوسینەکانیان بۆ نارد.

مارکس لە بڵاکراوەی ژمارە 63 دا (7 August 1844) بەرهەمێکی جەدەلسازیی  بەناوی “تێبینی ڕەخنەیی لەسەر وتارەکەی ‘پاشای پرۆسیاو و چاکسازی کۆمەڵایەتی’ ’” بڵاوکردەوە.   لەوێدا لێکۆڵینەوەیەکی لە سروشتی دەوڵەت کرد و بێتوانایی تەواوەتی دەوڵەتی نیشاندا لە کەمکردنەوەی نەهامەتی کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی هەژاریی.  ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر لە ڕەوتی وتارەکەیدا دەیخاتە ڕوو، بە تەواوی ئەنارکیستن و بە تەواوی لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەدا دەگونجێن کە پرۆدۆن و باکونین و بیرمەندەکانی دیکەی ئەنارکیزم لەم پێوەندییەدا خستوویانەتە ڕوو.  خوێنەران بۆ خۆیان دەتوانن لەم بڕگەیەی خوارەوە لە لێکۆڵینەوەکانی مارکس حوکم بدەن:

” دەوڵەت …. هەرگیز سەرچاوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان لە ‘دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگەدا’ دا نابینێت.  لە و شوێنەی  حیزبە سیاسیەکان هەبن، لە ڕاستیدا هەر حیزبێک ڕەگی هەموو خراپەیەک لە حیزبە موعاریزەکەدا دەبینێت لەبری خۆی ، کە حزبێکی دژبەرە و لە حوکمڕانی دەوڵەتدا وەستاوە.  تەنانەت سیاسەتمەدارە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان نەک لە سروشتی جەوهەریی دەوڵەتدا ئەو خراپەیە دەبینن بەڵکو لە فۆرمێکی دەوڵەتی دیاریکراودا بەدوای ڕیشەی خراپەکاریدا دەگەڕێن، کە ئارەزووی ئەوە دەکەن بە فۆرمێکی دەوڵەتی جیاواز جێگەی بگرنەوە.

” لە ڕوانگەی سیاسییەوە دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگە دوو شتی جیاواز نین. دەوڵەت سیستەمی کۆمەڵگەیە.  ئا لەو بارەدا دەوڵەت دان بە بوونی کەموکوڕی کۆمەڵایەتیدا دەنێت، هۆکارەکانیان یان لە یاساکانی سروشتدا دەبینێت، کە هیچ دەسەڵاتێکی مرۆیی ناتوانێت فەرمانی پێبکات/ دەستی تێوەردا، یان لە ژیانی تایبەتدا کە وابەستەی دەوڵەت نییە، یان لە چالاکییە نابەجێیەکانی ئیدارەدا، کە وابەستەی ئەوە نییە.  بەم شێوەیە ئینگلتەرا هۆکاری هەژاریی لە یاسای سروشتدا دەبینێت کە بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتووان دەبێت هەمیشە لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانیان، زیاتر بن.  لە لایەکی ترەوە ئینگلتەرە هەژاری بە ئیرادەی خراپی هەژارانەوە دەبەستێتەوە، هەروەک چۆن پاشای پرۆسیا بە هەستی نامەسیحی دەوڵەمەندەکان ڕوونیدەکاتەوە و هەر وەک چۆن ڕیکەوتنامە/پەیمان بە عەقڵیەتی دژە شۆڕشگێڕانەی گوماناوی خاوەن موڵکەکان لێکیدەداتەوە یاخود دەیبەستێتەوە .  بۆیە ئینگلتەرە سزای هەژاران دەدات، پاشای پرۆسیا ئامۆژگاری و لۆمەی دەوڵەمەندەکان دەکات و ڕێکەوتننامەکە سەری خاوەن موڵکەکان دەبڕێت.

“لە کۆتاییدا، هەموو دەوڵەتێک لە کەموکوڕییە بەڕێکەوتەکان یاخودلە کەمووکوڕییە ئەنقەستەکانی[ بە مەبەست] ئیدارەدا بەدوای هۆکارەکەدا دەگەڕێن، هەر بۆیەش بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکانیدا لە ڕێوشوێنەکانی ئیدارە و ئیدارەداندا دەگەڕێت. بۆچی؟ ڕێک لەبەر ئەوەی ئیدارە و ئیدارەدان ڕێکخستنی  چالاکی دەوڵەتن.”

درێژەی هەیە

………………….

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

نایەکسانی نێوانی ژنان و پیاوان لە داهاتدا لە بریتانیا

29/05/2023

ژنان لە بریتانیادا دوو جار ڕووبەری نایەکسانی لە گەڵ پیاواندا دەبنەوە.  جارێکیان  لە ئێستای کارکرندیاندا لە مووچە و کرێدا لە هەمان کاردا کە پیاوان دەیکەن ، ئەم جۆرە جیاوازییە تا ڕادەیەکی زۆر زانراوە .  بەڵام ئەمەی دووهەمیان واتە ئایندەیان  کە لە بڕی کەمیی موچەی خانەنشینییانە کەمتر زانراوە.

  بە گوێرەی ڕاپۆرتە نوێیەکان ، لە نێوانیاندا ڕاپۆرتێکی سەندیکای مەرکەزی بریتانییایە  لە توێژینەوەکەیدا مەزەندە دەکات کە جیاوازی لەسەدا 40.5 لە داهاتی خانەنشینی بۆ ژنان و پیاوان لە نێوان ساڵانی 2020/2021 .  ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو گەورەترە لە جیاوازی مووچەی جێندەیی کە لە ساڵی 2021دا نزیکەی 15.4% بووە.  

لە دەرەوەی کار، ژنان بەشێکی زۆری چاودێریکردنی بێ مووچە لە کۆمەڵگادا ئەنجام دەدەن، جا ئەمە چاودێریکردنی منداڵە بچووکەکان بێت یان چاودێریکردنی ئەندامانی خێزان کە نەخۆشن.  لە ئەنجامدا ژنان زیاتر بە شێوەی نیوەکاتی [ پارتایم ] کار دەکەن.. ئەمەش یانی دانی تەکس و بیمەی تەئمیم کەمتر دەدەن کە ڕۆڵی لە پارەی خانەنشینییاندا هەیە.    داتاکانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی بۆ ساڵی 2022 ئاشکرای دەکەن کە 38%ی ژنان لە کاری نیوەکاتیدا بوون بە بەراورد بە 14%ی پیاوان

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی توێژینەوەیەکی حیزبی لەیبەر  پارتی کرێکاران دەڵێت  کە جیاوازی مووچەی ڕەگەزیی/جێندەیی بۆ ژنانی تەمەن 50 ساڵ پێش ساڵی 2050  بەردەوام دەبێت.

شیکارییەکەی پارتی کرێکاران دەریخستووە کە بەناو مووچەی یەکسان لە کرێکارانی ژن کە لە نزیک دەرکردنی یاسای مووچەی یەکسان لە ساڵی 1970 لەدایک بوون، پێناچێت لە ماوەی ژیانی کارکردنیاندا ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە.

توێژینەوەیەک کە بۆ ئانلیس دۆدز، وەزیری حیزبی لەیبەر بۆ کاروباری یەکسانیی ژنان ئەنجامدراوە، حیسابیان کردووە کە ڕێژەی خاوی گۆڕانکاری لەگەڵ مووچەی یەکسان بۆ ژنان لە تەمەنی 50 ساڵیدا بەم شێوەیە، جیاوازی مووچەی ڕەگەزی پێش ساڵی 2050 بەو ڕێڕەوەی ئێستا لەناو ناچێت.

داتاکانی ڕاپرسی ساڵانەی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی سەبارەت بە کاتژمێرەکان و داهاتەکان دەریدەخەن کە جیاوازی مووچەی ڕەگەزیی زۆرترینە بۆ ژنانی تەمەن 50 بۆ 59 ساڵ، کە 11.7% بۆ کرێکارانی تەواوکات[ فولتایم].  ئەمەش نزیکەی چوار هێندەی ژنانی تەمەن 30ساڵ زیاترە.

شیکارییەکە دەریخستووە کە لە نێوان هێزی کاری ژنانی تەمەن 50 بۆ 64 ساڵدا، 185 هەزار کەسی دیکە لە سەرەتای تووشبوون بە کۆڤیدەوە لە ڕووی ئابوورییەوە ناچالاک بوون، لە کاتێکدا مووچەی ڕاستەقینەی ژنانی تەمەن 40 و 50 ساڵان لە ساڵی 2010ەوە بە ڕێژەی 1000 پاوەند لە ساڵێکدا دابەزیوە.

بەپێی توێژینەوەکان  لە مانگی شوباتدا بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی یەک لە هەر 10 ژن کە تەمەنیان لە نێوان45 بۆ 55ساڵدایە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی دەرکەوتنی  نیشانەی نەخۆشییەوە و نەبوونی پشتیوانی لە شوێنی کارەکانیان، کارەکانیان جێهێشتووە.