ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

مارکس و ئەنارکیزم*

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

بەشی چوارەم

مارکس وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، (Rheinische Zeitung ) کە یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکانی دیموکراسی ئەڵمانیا، لەو ڕێگایەوە بە گرنگترین نووسەرانی سۆسیالیستیی فەرەنسا ئاشنا بوو ، هەرچەندە خۆی هێشتا پشتگیری لە دۆزی سۆسیالیستی نەکردبوو.  پێشتر باسمان لەوە کردووە کە لە نوسێنێکیدا ئاماژە بە ڤیکتۆر کۆنسیدرانت و پیێر لیرۆکس و پرۆدۆن (Victor Considerant ، Pierre Leroux  ، Proudhon)  دەکات و گومانی تێدا نییە کە کۆنسیدرانت و پرۆدۆن ئەو مامۆستایانە بوون کە ئەویان بۆ سۆسیالیزم ڕاکێشاوە.  بێ هیچ گومانێک، کتێبی موڵکیەت چییە؟ کاریگەرییەکی سەرەکی بوو لەسەر گەشەکردنی  مارکس وەك سۆسیالیستێك.  بەم پێیە لە گۆڤاری دەوریدا  باسی پرۆدۆنی ئیلهامبەخش بە “خۆڕاگرترین و ژیرترین نووسەرانی سۆسیالیستی” ناودەبات[7 ] .  لە ساڵی 1843دا کە سانسۆری برۆسسیا ‘ ڕینیشە زایتونگی’ (Rheinische Zeitung)  بێدەنگ کرد، مارکس وڵاتی بەجێهێشت و هەر لەو قۆناغەدا بوو کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی نا.  ئەم گۆڕانکارییە لە نامەکانیدا بۆ نووسەری بەناوبانگ ئارنۆڵد ڕوج (Arnold Ruge) تێبینی کراوە و تەنانەت زیاتریش لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی “خێزانی پیرۆز، ڕەخنەیەك لە ڕەخنەی ڕەخنەگرانە” کە بەیەکەوە لەگەڵ فرێدریك ئەنگڵس بڵاویکردووەتەوە، تەواو دیار و بەرچاوە.  کتێبەکەی ساڵی 1845 ی  بە ئامانجی جەدەلکردن لە دژی ئەو مەیلە دەرکەوت کە بیرمەندی ئەڵمانی برۆنۆ باوەر (Bruno Bauer ) [8 ] سەرۆکایەتی دەکرد.  سەرەڕای بابەتە فەلسەفییەکان، کتێبەکە باسی ئابووری سیاسی و سۆسیالیزمیشی کردووە و بە تایبەتیش ئەم بەشانەن کە لێرەدا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە.

لە هەموو ئەو بەرهەمانەی مارکس و ئەنگڵس چاپیان کردووە، ‘ خێزانی پیرۆز’ [The Holy Family ] تاکە بەرهەمە کە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە و سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان چاپیان نەکردووەتەوە.  ڕاستە، فرانز مێهرینگ، [Franz Mehring ] جێبەجێکاری ئەدەبییاتی مارکس و ئەنگڵس، بەهاندانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی ساڵانی سەرەتای خۆیان وەك سۆسیالیستە چالاکەکان خێزانی  پیرۆزیان’ بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمە دوای شەست ساڵ لە دەرچوونی بۆ یەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها هۆکارێکی دیکەش  بڵاوکردنەوەکەیان بۆ کەسانی موتەمەکین و پسپۆڕان بوو، بەو پێیەی کڕینی بۆ کرێکار زۆر گران بوو.  جگە لەوەش، پرۆدۆن ئەوەندە نەناسراو بوو لە ئەڵمانیادا،  تەنیا زۆر کەم کەس دەرکیان بەوە کردووە کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو بۆچوونانەی کە مارکس لە یەکەم جاردا لە سەر ئەو و نوسینەکانی دەریبڕیون و ئەو بۆچوونانەی کە دواتر هەیبێ.

لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بە ڕوونی گەشەسەندنی سۆسیالیزمی مارکس و ئەو کاریگەرییە بەهێزە نیشان دەدات کە پرۆدۆن بەسەر ئەو گەشەسەندنەدا هەیبوو. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ مارکس دان بەوەدا دەنێت کە پرۆدۆن هەموو ئەو شایستەیانەی/ تایبەتمەندییانەی هەیە، کە دواتر دەکرا مایەی بایاخ و ڕینمایی  بێت بۆ مارکسییەکان.

با بزانین لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی 36دا چی دەڵێت:

“هەموو دیراسەکان لەسەر ئابووری سیاسی، موڵکییەتی تایبەتی بە شتێکی ئاسایی وەردەگرن و حاشا هەڵنەگرە، ئەم بنەما بنەڕەتییە بۆ ئەوان ڕاستییەکە جێی مشتومڕ نییە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری بۆ تەرخان ناکەن، لە ڕاستیدا ڕاستییەکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت  تەنها “ڕێکەوتە ” ، وەک ئەوەی’سەی’  (Say  ) ساویلکانە دان بەوەدا دەنێت [9 ] . بەڵام پرۆدۆن لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەکاتە یەکەم لێکۆڵینەوەی یەکلاکەرەوە و بێبەزەیی و لە هەمان کاتدا زانستیی لەسەر بنەمای ئابووری سیاسیی، موڵکییەتی تایبەتیی.  ئەمە ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورەیە کە کردوویەتی، پێشکەوتنێک کە شۆڕشێک لە ئابووری سیاسیدا دەکات و بۆ یەکەمجار زانستێکی ڕاستەقینەی ئابووری سیاسی دەکاتە مومکین . کتێبەکەی پرۆدۆن ‘ موڵکییەت چییە’ بۆ ئابووری سیاسی مۆدێرن هێندەی کارەکانی’ سێیس’ گرنگە کە ‘ سێیەم ئیستەیتە’*** (The Third Estate )بۆ سیاسەتی مۆدێرن”.

جێگای سەرنجە کە ئەم قسانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی کە مارکس دواتر لەبارەی بیرمەندی گەورەی ئەنارکیستەوە دەیگوت.  لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ سەبارەت بە کتێبەکەی پرۆدۆن  ‘موڵکییەت چییە؟’ دەڵیت یەکەم شیکاری زانستییە بۆ مەڵکییەتی تایبەتیی  و ئەوەی کە ئەگەری دروستکردنی زانستێکی ڕاستەقینەی لە ئابووری نیشتمانییەوە کردەوە.  بەڵام لە نامە مەشوورەکەی  کە بۆ مردنی پرۆدۆن بۆ سۆزیالدێمۆکرات-ی نوسی ،( Sozialdemokrat ) هەمان مارکس ئیدعای ئەوە دەکات کە لە مێژوویەکی زانستی تەواوی ئابووریدا ئەو کارە بەدەگمەن باسکردنێک هەڵدەسەنگێنێت.

درێژەی هەیە

…………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

*** پێش شۆڕش، کۆمەڵی فەرەنسی بەسەر سێ ڕیزبەندی / پۆلینە یان ئیستەیتەکانی  پاشایەتیدا  دابەش بوو بوو – ئیستەیتی/ پۆلینەی  یەکەم ( قەشە و کاهین و ڕۆحانییەکان)، ئیستەیتی/ پۆلینەی دووەم ( نوبەلاکان / ئەشراف) و ئیستەیتی/ پۆلینەی سێیەم( خەڵکانی ئاسایی ) کە دژ بە پاشایەتی و دەسەڵاتداران بوون کە  نزیکەی 27 ملیۆن کەس ژمارەیان بوو، واتە لەسەدا 98ی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو کاتە. ئەم ئیستەیتە کە لەو دوانەی تر ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام لەبەرچاو ون بوون واتە لە ڕوی سیاسییەوە  حسابیان بۆ نەدەکرا، نوێنەرایەتی نەبوو لە حکومەتدا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حکومەت نەبوو.  ئەندامانی ئیستەیتی  سێیەم لە سواڵکەر و کۆڵبەری تێکۆشەرەوە تا دەگاتە پیشەکاران و کرێکارانی شار؛ لە دوکاندار و چینی ناوەندی بازرگانییەوە تا دەوڵەمەندترین جوتیاران و دوکانداران و بازرگانانی بچوك.  سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەم بەشە و گرنگی بینینی ڕۆڵیان لە  ئابووریدا، تاڕادەیەك  هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەت یان بڕیاردانی ڕژێمی ئەو کاتەدا نەبوو.   بێزاری و ناڕەزایی و ئازارەکانی ئەم بەشە لە خەڵکی،  بوونە هۆکاری سەرەکی شۆڕشی فەرەنسا.

[7] Rheinische Zeitung, 7 January 1843.

[8] B. Bauer : بی.باوەر یەکێک بوو لە ئەندامە بەئەمەکەکانی بازنەی بەرلین “ئازاد”، کە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی بیری ئازادی ئەڵمانی (نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لەوێدا دەبینرا.  کەسایەتییەکانی وەک فۆیەرباخ، نووسەری کتێبی جەوهەری مەسیحیەت، کە بەرهەمێکی قووڵی بێدینیە، یان ماکس ستێرنەر، نووسەری کتێبی ئیگۆ و خۆی.  بیری پاوانخوازانەی کارل مارکس لەگەڵ بیرکردنەوەی ئازادی بی.باوەر و هاوڕێکانیدا لە بەیەکداداندا  بوو.  لە نێویاندا نابێت ئی.باوەر لەبیر بکەین، کە کتێبەکەی Der Kritik mit Kirche und Staat [ڕەخنەیەک لە کەنیسە و دەوڵەت] بوو بە تەواوی،  لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چاپی یەکەم 1843 دەستی بەسەردا گیرا و سووتێنرا .  چاپی دووەم (بێرن، 1844) بەختی باشتری هەبوو.  بەڵام نووسەر خۆی نا،  بەهۆی بیرۆکە دژە دەوڵەت و دژە کڵێساکانیەوە تەنها سزای بەسەردا سەپێندرا و زیندانیکرا.  (تێبینی سەرنوسەر.)

[9] J. B. Say,   ئابووریناسێکی ئینگلیزی ئەو سەردەمەیە کە بەرهەمە تەواوبووەکانی ماکس ستێرنەر وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئەڵمانی.  فۆبیای کارل مارکس بۆ بیرمەندی ئەنارکیستی فەرەنسی (وەک دەزانین هەژاری فەلسەفەی ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە فەلسەفەی هەژاری پرۆدۆن) یان بۆ ئازادبیرانی ئەڵمانی (کتێبی بەرفراوانی بەڵگەنامەکانی سۆسیالیزم هەوڵێکی بێهودە و پێکەنیناوییە بۆ ئەوەی کەمێک لە(زە ئیگۆ و خۆی – ماکس شتێرنەر)، هەروەها دژی ئەم کۆمەڵناسە ڕاپەڕیوە، کە لەو کاتەدا زۆر باسی لێدەکرا لەلایەن هەر کەسێکەوە کە ڕەخنەی لە دەوڵەت بوو و هەوڵی ڕزگاربوون لە ستەمکارییەکەی دەدا. (تێبینی سەرنوسەر)

………………………………

تێبینی : وەردپرێس ڕێگا نادات کە هێمای ئەنارکیزم [ A ] لە پاڵ مارکس دا دابنێم ، شوێنەکەی هەر بە ڕەشی ماوەیەوە

گەمەی ساڵانەی سیاسییەکانی  ئەمەریکا

19/05/2023

هەموو سالێك چەند گەمەیەکی سیساسی لە هۆڵی کۆنگریسی ئەمەریکیدا لە نێوانی دیمۆکرات و کۆمارییەکاندا دەکرێت .

گەمەی سەرەکییان گەمەی قەرزکردنە لە بانقی فیدراڵی بۆ تێپەڕاندنی کێشەی دارایی حکومەت لەوانە بوجەی سۆشیاڵ سکوێرێتی [ بیمەی بێ کاریی ] ، چارەسەر و نەخۆشی و دەرمان ، پارەی ئەوانەی کە لە بەشەکانی  حکومەتدا کار دەکەن و هەروەها کولفەی سوپاش کە لە ئێستادا ساڵانە لەسەدا 12 بوجەی ئەمەریکا دەبات.

ئەم قەرزکردنەش  بەناو کێشەی گەوەرە لە نێوانی ئەم دوو حیزبەدا دروست دەکات ، لەبەر ئەوەی سنورێك دانراوە بۆ ئەو قەرزە کە داخوازی زیاتر لەلایەن جەماعەتی موعارەزەوە ڕەتدەکرێتەوە یاخود هەندێك بەند و شەرت دادەنێن بەسەر حیزبی حاکمدا، کە ئێستا دیمۆکراتەکانن. ئەو سنورەش بە زمانی ئەوان پێی دەلێن Debt Ceiling .

ئەم قەرزەش ساڵانە لە نێوانی 400 ملیار دۆلار بۆ 3 تریلۆنە . لە ساڵی 1960 وە ئەم قەرزە 76 جار زیادی کردووە حکومەت توانای دانەوەی نییە .  لەو کاتەوە تا ئێستا چووەتە 31.4 تریلۆن دۆلار . قەرزەکانا بە گوێرە ساڵەکان و ڕووداوەکان و بارودۆخی هەمە لایەنەی ئەمەریکاوە گۆڕاوە .  بۆ نموونە بە هاتنی ڕێگن بۆ سەر حوکم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا، قەرزەکە بەرەو زیادی ڕۆیشت چونکە ڕێگن بڕی باجی کەم کردەوە لەبەر ئەوە خەزێنەی دەوڵەت رووی لە کەمی کرد .

لە نەوەدەکاندا سەردەمی شەڕی سارد چی تر پێویستی نەدەکرد وەکو جاران پارە لە سوپاو سیخوڕییدا سەرف بکەن بۆیە پارەیەکی باش گەرایەوە بۆ دەوڵەت و بوجەی دەوڵەت لە هەڵکشاندا بوو .  بەڵام کە جۆرج بوشی کوڕ هاتە سەر حوکم ئەمیش باجی کەمکردەوە ، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی پارەی خەزێنەوە و زیادکردنی قەرز .  شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان  و کەمپەینەکانیش لەسەر باجدەرەانی ئەمەریکا نزیکە 6 تریلۆن دۆلار کەوتووە .

کاتێک کە قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 دەستی پێکرد، حکومەت ناچار بوو خەرجییەکانی زۆر بکات بۆ ڕزگارکردنی بانکەکان و زیادکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ڕێژەی بێکاری گەیشتە 10%..

بە هاتنی پەتای Covid-19کۆرۆنا حکومەتی ئەمریکی زنجیرەیەک پڕۆژەی  پەسەند کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپترین کاریگەرییەکانی پەتاکە کە لە کۆتاییدا کۆی گشتی 5 ملیار دۆلار بوو.

لە ئێستاشدا حکومەت کە دیمۆکراتەکانن قەرزیان پێویستە کە خستیانە بەردەم کۆنگریس لە 26ی نیساندا کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرد بە مەرجێك کە بڕی قەرزەکەی ئێستا لە  1.5 ملیار دۆلار تێنەپەڕێنێت هەروەها حکومەت دەبێت  4.8 تریلیۆن دۆلاری لە قەرزەکە لە ماوەی دە ساڵدا کەمبکاتەوە.

بۆ پاساودانی دانی قەرزەکە و ڕازیبوونی کۆمارییەکان  هەر لە مانگی یەکی ئەمساڵدا                                  

 جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە سەر بە دیمۆکراتە  لە مانگی یەکدا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس وتی”  جێبەجێنەکردنی ئەرکی حکومەت زیانێکی قەرەبوو نەکراوەیە بە ئابووری ئەمریکا و بژێوی هەموو ئەمریکییەکان و سەقامگیری دارایی جیهانی دەگەیەنێت.. وەبەرهێنەران باوەڕیان بە دۆلاری ئەمریکی لەدەست دەدا و ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابووری بە خێرایی و کەمکردنەوەی هەلی کار لە نزیکەوە …. “

ئەم کێشەیە هێشتا هەر بەردەوامە بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش ئەو وەختەی کە بۆی دانراوە  گرفتەکە لابەلا دەکرێتەوە گەمەکەش تەواو دەبێت  لەبەر ئەوەی شکانی دۆلار و کشانەوەی سەرمایەداران لە وەبەرهێنان و زیادەبوونی ژمارەی بێ کاران ، بێ گومان نەك هەر کارایی ئابووریانەی خۆیان لەسەر ئەمەریکا دادەنێن بەڵکو لەسەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی جیهانیش دادەنێت.

……………………….

وێنەکەش پرۆتیستی کرێکاران و کارمەندانی ئیدارەی ئەمەریکیە کە داوا لە کۆنگریس دەکەن کە ئەو کێشەیە حەل بکەن . بە واتایەکی دیکە گەر حەلی نەکەن ئەوە ئەمان زۆربەیان دەردەکرێن یا کرێ و موچەیان کەمدەبێتەوە .  ببینە چۆن کێشەی دەوڵەت و حیزبە سەرمایادارەکان یەخەی ئەم کرێکارە هەژارانەی گرتۆتەوە کە بە بێ پرۆتێستەکەی ئەمانیش کێشەکە هەر حەل دەبێت لەبەر خاتری بەردەوامی سیستەمەکە.

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

06/05/2023

بەشی نۆ:

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.  گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

……………………..

هەشت: هەڵاواردن/ جیاوازی و  پرسی ڕایسیزم و مامەڵەی ژنان لە لایەن کۆمپانیاکان و پۆلیسەوە:

بریتانیا بە گشتی و لەندن بە هۆی هەبوونی ئیتنیکئیەکی زۆری فرە نەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانەوە ڕویانکردۆتە بریتانیا، لەندەن بە شارێکی کۆسمۆپۆلێتی دادەنرێت.  گەرچی خەڵکانی ڕەشپێست و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی خۆیان توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە و بەشداری بکەن  لە بزنس و لە سپۆرت و لە بواری میدیا و کۆمیدی و پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی دیکەدا و کلتوری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازای و هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەت بەرانبەر خەڵکانی ڕەشپیست و خەڵکانی ئاسێوی.  جیاوازی و هەڵاواردن و بەکەمگرتنی ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن زۆربەی لایەنەکانیژیانییانی گرتۆتەوە چ لە دەستکەوتنی کار و بەرزکردنەوەی پلەیان و چ  لە دانی کرێ و موچەدا لەگەڵ خەڵکانی سپیپێست و خەڵکە ئەسڵییەکەدا جیاوازییان دەکرێت.

ئەم جوداکاری  و جۆری مامەڵەیە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی ڕەشپێستەکان و ئیتنیکییە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی بێ کاری و یاخود کاری خراپ لە ڕوی وەختی چوونە سەر کار و لە ڕوی شوێنی سەر کارەوە و  نیشتەجێبوونیان لە شوێنی خراپ و خراپ مامەڵکردنیان لە لایەن خاوەنخانووەکانەوە هەروەها پۆلیسیشەوە، ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە.

بەڵگەکان و ئامارەکان ئەوەندە زۆر و حاشا هەڵنەگرن کە تەنانەت خودی حکومەت  و میدیا و پۆلیس- یش لەم دواییەدا نەیانتوانی نکوڵی لێبکەن و سەلماندیان.

مامەڵەی پۆلیس بەو ڕادەیە خراپە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان [ ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن]  و  هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان تا ڕادەی ئەوەی کە پۆلیس تاوانبار کراوە بەوەی کە دەزگایانە ڕایسستن و سێکسیستن ، واتە دامەزراوەی پۆلیس لە ڕوی دەستورییەوە ڕایسستن . تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت هەندێك لە پەڵەمانتارەکان و پایەبەرزان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە دەکەن و دروستکردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا.

ڕاپۆرتیێکی نوێ کە لە مانگی مارتدا کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت لەسەر داوای خودی حکومەت، نیشانی دەدات کەزیاتر لە 1500 پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی تەنها شەش مانگدا. هەر ئەم ڕاپۆرتە بەدواچونی لە هەموو لایەنەکانی کاروباری پۆلیسەوە کردوە و دەڵێت ئەو کەیسانەی داخراون لە سەدا 70 کەیسەکانی خراپی مامەڵەی پۆلیس بوون کە 136 کەیس بوون داخراون.  لە سەدا 91 کەیسەکانی سکاڵاو گلەیی بوون کە 290 کەیس بوون فڕێدراون، واتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە.  سەبارەت بەم پێشێلکردنەی مافی خەڵك تەنها 13 پۆلیس بە هۆی نادروستی مامەڵەیانەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵام کەسیان دەرنەکراون .

ڕاپۆرتەکە ئاماری وردی تر دەدات، ڕایگەیاندووە لە سەرانسەری ئەو 40 هێزی پۆلیسەی کە زانیارییەکانیان لەبەردەستدا بوو، 428,355 کەیس دەرئەنجامێکی تۆمارکراویان هەبوو، بە واتایەکی دیکە سکاڵاکان تۆمارکراون، ڕێژەی ئەو پۆلیسانەشی کە تۆمەتبارکراون هێزی پۆلیس تەنها بە ڕێژە لە سەدا 6 لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە .  لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پۆلیس کێشەی  لەگەڵ  بەڵگەکاندا هەبووە، یاخود  قوربانییەکان لەبەر هۆیەك لە دۆسیەکە کشاونەتەوە.

ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر توانی ئەم ئامارە بە ساڵی 2018 بەراورد بکات .  لە بەراوردەکەدا ئاشکرای کرد  کە لە ساڵی 2018ەوە نزیکەی 80 ئەفسەری پۆلیس لە 22 هێز لە ئینگلتەرا و وێڵس ڕووبەڕووی ڕێکاری دیسپلینیی بوونەتەوە بەهۆی پەیوەندی سێکسی نەشیاو یان بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ قوربانییەکان و شایەتحاڵان و گومانلێکراوەکاندا. بارو دۆخەکە بەو ڕادەیە خراپە کە لە ئێستادا هەفتانە دوو تا سێ پۆلیس ڕووبەڕووی دادگایکردن دەنبەوە.

ئەوە نەبێت پۆلیس هەر مامەڵەی ژنان و دانیشتوان ئاوا نادروست بکات، بەڵکو پۆلیس هاوەڵانی خۆشیان هەر ئاوا مامەڵە کردووە.  لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا  دەرکەوتووە کە نیوەی پۆلیسی ڕەشپێستی بەریتانیا بەدەست ڕووداوی مامەڵەی ناشیرین و ڕایسستییەوە لەلایەن هاوکارە پۆلیسەکانیانەوە دەناڵێنن. دەرکەوتووە کە لە سەدا 49% هەستیان بە دوورخستنەوە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییەکان و کارەکانیانەوە کردووە بەهۆی ڕەگەز یان نەتەوەوە خراپ مامەڵە کراون. بەڵام بۆ ئەوانەی گلەیی و مامەڵە ناشیرینەکانیان ڕاپۆرت کردووە بۆ ڕێژەی بۆ لە سەدا 70 بازی داوە.

سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی پۆلیس –یش دەربارەی خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکی  لێرەدا هەر بە کورتی چەند ئامارێك و بەڵگەیەك دەخەمە بەرچاو.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنین و تاقیبکردن و توێژینەوەی مانگی مارتی ئەمساڵ  کە 363 لاپەڕەیە پڕە لەو کارانەی کە بە وتەی تۆێژەرەوەی ڕاپۆرتەکە کە خودی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتیان دانراون ، کەچی خۆیان بکەری ئەوانەن .  لانی کەم لە سەدا یەك پۆلیس تاوانبارکراوە بە شکاندنی دووجاری ستاندەری پۆلیس، هەروەها گلەییەکان و سکاڵاکان  400 ڕۆژی خایاندووە بۆ لابەلاکردنەوەیان.

پۆلیس هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی ئاسێوی و ڕەشپێستەکانە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە یاسای وەستان و پشکنین چۆنیان بوێت بیسەپێنن.  لەم  بارەدا پۆلیسیش درێخی نەکردوە لە مامەڵەی جوداخوازیی، کردەوەی ناشیرین و گوێنەدان بە سکاڵای کەسی وەستێنرا و یا پشکێنراو کە زۆر جار بە گرتنیان هەر لە ناو ڤانەکەدا کەسی گیراو گیانی لە دەستداوە، یاخود لە مەرکەزی پۆلیس بە بەستنەوەی و ڕاگرنتی لەسەر دەم، گیانی دەرچووە ، ئەمە جگە لەوەی کە گەلێك لە کەسانی گەنجی ڕەشپێستیان کوشتوە بە بیانوی ئەوەی چەکی پێییە دواتریش دەرکەوتووە کە بێ تاوان بووە.

وەستان و پشکنین کچانی گەنجی ڕەشپێستیشی گرتۆتەوە .  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێوە کە لە لایەن کۆمیساری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە  کچانی ڕەشپێست سێ هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لەلایەن پۆلیسیەوە ڕابگێرین ڕوتیان بکەنەوە و بیانپشکنن. لەم بارەدا سەدەها کەیس هەیە کە لێرەدا ناکرێت باسیان بکەم .

هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 110 منداڵ و گەنجانی مێینە تووشی ڕوتکردنەوە، واتە داماڵینی پۆشاك لە لایەن پۆلیسەوە بوونەتەوە کە زۆریان کچانی گەنجی رەشپێست و  ئیتنیکییەکان بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی داواکاری ئازادی زانیارییەوە بەدەست هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای ئازادی لێکۆڵیەنەوە شیکراونەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی، نزیکەی نیوەی (47%) ئەوانەی کە تووشی ئەم مامەڵە ناشیرینە بوونەتەوە  ڕەشپێست بوون.  لە نێوانی کچانی گەنجی تا تەمەن 19 ساڵ و سەروتر بە ڕێژەی لە سەدا 36 ڕووبەڕووی ئەو پشکنین و ڕووتبوونەوەیە بوونەتەوە .

دۆزینەوی ئەم بەڵگە و ئامارانە کە لە ڕاپۆرتێکی کۆمیساری منداڵاندا دەرکەوتووە  منداڵانی ڕەشپێست 11 هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە سپیپێستەکانیان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .

بێ متیمانەیی خەڵکی بە حکومەت و پۆلیس و دادگا بە ڕادەیەکە کە تەنها 20%ی دەنگدەران متمانەیان بە حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی تاوانەکان ببێتەوە و کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا 71% متمانەیان بە حکومەت نییە. تەنها 27% متمانەیان بە دادگا و سیستەمی دادوەری هەیە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تەنها 31% متمانەیان بە پۆلیس هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی تاوان.

درێژەی هەیە

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

16/04/2023

بەشی پێنج

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو و کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.

 تکایە گەر نایخوێنیتەوە لایکی مەکە. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

……………………….

چوار: بەشی کشتوکاڵی و خودکیفابوون:

لە زۆربەی وڵاتاندا کە هێشتا دەستی سیاسەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ و  بازاڕی ئازادی پێ نەگەیشتبوو وەکو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت ڕوسیای پێش هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوش لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە پرسی دانەوێڵە و میوە و سەوزە و کەرەسەی شلە و شلەمەنیدا تا ڕادەیەك خودکیفا بوون زۆر کەمتر پێویستیان بە وڵاتانی دەرەوە دەبوو.  تەنانەت لادێکان و گوند نشینەکان لە گەلێك وڵاتدا بە عێراق و کوردستانیشەوە مەگەر هەر پێویستیان بە نەوت و چاو شەکر بوبێت و بگرە شارەکان  پابەند بوون بە لادێکانەوە نەك پێچەوانەکەی .

ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان وڵاتانی وەکو میسر و ئەردەن ئەوەندە دانەوێڵەیان هەبوو هەناردەی درەوەیان دەکرد.  گەشەی بە گووڕی سەرمایەداری وگشتگیریبونەوەی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاندا ئیتر وردە وردە ئەو وڵاتانەی کە بەشی خۆیانیان هەبوو لەوە ڕوتکرانەوە و بوونە وابەستە کە لە کاتێکدا بە هۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشوکاڵەوە دەبوایە بەروبووم زیاتر بوایە .

هەمان دەرد بەسەر بریتانیاشدا هاتووە.  لە ساڵانی چلەکانی چەرخی ڕابووردوودا زۆربەی پێداویسیتیەکانی خۆی دەفع دەکرد هەر لە دانەوێڵە و گۆشت و بەروبومە شیرەمەنییاکانەوە تا دەگەیشتە میوە و سەوزە و هەموو شتیێکی دیکە کە لە لایەن کێڵگەوانەکانەوە دابین دەکران.  بەڵام لە کۆتایی هەفتاکانەوە بریتانیا لە ڕوی بەروبومی کشتوکاڵییەوە ڕوو لە کزی و کەمییە تا ئەو ڕادەیەیە دانەوێڵە هاوردە دەکات.  پەنیر و ماست و گۆشت و ماسی سەوزەو میوە و کەرەسەکانی دیکەی چێشتلێنانیش لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنێت هەر لە وڵاتانی ئەورپاوە تا دەگاتە کەنەدەو ئەمەریکا و ئۆسترالیا .

هەر چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بوو کە بریتانیا کەوتبووە قەیرانی گەورەی نەبوونی سەوزە و میوە و کەرەسەی زەڵاتە وەکو خەیار و تەماتە و بیبەر و کەرەسەکانی دیکە کە زۆربەیان لە ئیسپانیا و مەغریب و تونسەوە دەهێنرێت. ئەم گرفتە بەهۆی گۆڕانی  کەش و هەوا و بەفر و بارانەوە بوو  کە بووە بەتاڵبوونی  ڕەفەکانی شۆپە گەوەرەکان، ئەوانەشی بوونیان هەبوو  نرخەکانیان دوو قات سەر کەوتبوون.

هاتەنە دەرەوەی بریتانیاش لە یەکێتی ئەوروپا نەك هەر نرخی پاوەندی لە سەرەتادا بە ڕێژەی لە سەدا 18 شکاند و 5 ساڵ دوای ئەوەش واتە لە ساڵی 2021 دا هێشتا بەهای داشکانی پاوەند بە ڕیژەی لەسەدا 15 بوو، هەر ئاواش نرخی ئەوکەرەسە و پێداویستیانەی کە لەوێوە هاوردە دەکران بە گوێرەی شکانی بەهای پاوەند، نرخیان بەرزبوونەوە.  خودی ئەمەش جارێکی تر کارایی خۆی لەسەر گرانی و خراپبوونی ژیانی خەڵکی دانا.

درێژەی هەیە

هاتنی جۆ بایدن بۆ ئیرلەندە و کولفەکەی

زاهیر باهیر

12/04/2023

بۆ یادکردنەوەی بۆنەی ئاشتەوایی نێوانی لایەنە ناکۆکەکانی ئیرلەندەی باکور کە  25 ساڵ لەمەوبەر بوو ، جۆ بایدن تەشریفی گەیشتە ئیرلەندەی باکور و دواتریش دەچێتە ئیرلەندەی باشووریش.

گەشتەکەی بایدن تەنها 3 ڕۆژە بەڵام 7 ملیۆن پاوەند لەسەر باجدەران دەکەوێت .  ئەمە هەر لە بارەی سەلامەتی و پاراستنی ژیانییەوە ، جارێ هەرچی ڕێگاو شەقامی نزیک و دووری ئەوە داخراوە و بە پۆلیس گیراوە بۆ ئەمەش نەبا پۆلیسی ئیرلەندەی باکوور لە عەوێزەی نەیەن ، لە لەندەنیشەوە 300 پۆلیسی مودەڕەب نێرراون.  پاراستن و سەلامەتی بایدن ئەوەند گرنگە کە تەنانەت تەواوی مەنهۆڵەکانی ئەو شەقامانەی کە پێیدا دەروات یا نزیكن لێوەی هەمووی هەڵدرایەوە و پشکنێررا ، سەگی زیرەکی بۆنکەر تەواوی ژورەکان و حەمام و هۆڵەکان و مەتبەخ و باڕی نێو ئوتێلەکەیان پشکنی بە بۆنکردنیان و گەڕانیان بۆ مەوادی مەمنوعە و مەترسیدار .

ئەو 7 ملیۆن پاوەندە تەنها بۆ سەلامەتی و پاراستنیێتی ، ئەی کولفە هاتنی ، ، کولفەی ئەو هەزار کەسەی کە لەگەڵیدایە ، خواردنی ، مانەوەی لە ئوتێلدا ، گواستنەوە بۆ شوێنەکانی وەکە خۆی دەلێیت بینیینی خزمە دوورەکانی و سەر گۆڕی باپیرە باپیرە گەورەی .  ئەمانەش هەمووی پارەن و تێچوونن کە هەر هەمووی پارە بە فیڕۆدانە و دزییە لە ڕەنجی شانی خەڵکانی ئیشکەر و ڕەنجدەر.

بۆ بایدن باشە کە خۆی بدزێتەوە لە گەورەترین ئابڕووچونی ئەمساڵی ئیدارەکەی کە بڕێكی زۆر لە هەرە هەرە دۆکۆمێنتە سڕییەکانی پەنتاگۆن کەوتنە دەستی سۆشیال میدیا و ڕوسیا کە زانیاری زۆر زۆر هەستیاری تێدایە لەوانە بڕی ئەو تەقەمەنی و چەکانەی کە کە ئۆکرانیا ماوێتی کە بەرەو تەواو بوون دەڕوات ، ژمارەی هێزە تایبەتییەکانی بریتانیا  و ئەمەریکا و  وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کە لە ئۆکرانیان و هاوکاری و ڕاهێنان بە سوپای ئۆکرانیا دەکەن، دۆکۆمێنتەکان باس لە پارە و هاوکاری دیکە و هەروەها لۆمەی هاوپەیمانان دەکەن .  

تا بایدن دەگەڕێتەوە تۆزێك کێشەکە سووك دەبیت و دەستدەکرێت بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە زیاتر لە هەزار کەسی ناوجەرگەی ئیدارەکەی کە ئەکسێسیان بۆ خوێندنەوەی دۆکۆمێنتە هەرە سڕەییەکان هەیە.

پرسی پەنابەر و کۆچبەر و بە سیاسیکردنیان لە بریتانیادا

زاهیر باهیر

30/03/2023

ئەوەی ئاشکرایە  نزیکەی 160 هەزار کەیسی پەنابەر هەیە کە تا ئێستا دەستیان لێنەدراوە، بەردەوامیش ژمارەشیان زیاتر دەبن بە هۆی هاتنی خەڵکی نوێوە کە هەر پارەکە تەنها بە بەلەم زیاتر لە 45 هەزار کەس هاتوونەتە بریتانیاوە.

سیاسییەکان و میدیای فەرمی و گروپە تووندڕەوەکان و ڕایسستەکانیش هاتووهاواریان دەگاتە کەشکەلانی فەلەک  لە کردنی قسە  و ڕاگەیاندن و دروشم و نوسینی ژاری ڕایسستیانە و دژە بێیانەیی دەڕێژن تا ئەو ڕادەیەی کە لەم ماوەیەی پێشوود چەند جارێک هێڕش کرایە سەر ئەو ئوتێل و سێنتەرانەی کە پەنابەرانیان تیادا داناوە.

من دڵنیا نیم  ئەمەی کە حکومەتی بریتانی دەیکات و پرسی پەنابەر لە پەڕلەمان و لە میدیا دەوروژێنی و یاسای دژ بە پەنابەراند دەردەکات تا نەفیکردنیان بۆ ڕوانداو و وڵاتانی دیکە، چی لە پشتەوەیە ، بەڵام ئەوە دەزانم کە لابەلاکردنەوەی کێشەی پەنابەر زۆر ئاسانە و ئەوەندەی ئێستاش تێچووی دەوڵەتی تێدا سەرف ناکرێت .

میدیا و حکومەت دەڵێن ڕۆژانە پەنابەر 6 ملیۆن پاوەند دەکەوێت لەسە باجدەرانی بەریتانیا . ڕەنگە ئەمە ڕاست بێت جونکە کولفەی پۆلیس و نقڵکردنی پەنابەر و دابینکردنی جێگاو ڕێگایان و ناندان پێیان و پاراستنیان و زۆر تێچوونی دیکە ڕەنگە ئەوەندە پارەی بوێت ئەمە جگە لەوەی کە حکومەت 130 ملیۆن پاوەندی داوە بە حکومەتی ڕواندە بۆ کردنەوەی کەمپ بۆیان کاتێک کە دەیاننێرنە ئەوێ.  سەرەڕای ئەمەش حکومەت ڕێکەکەوتنی 5 ساڵەی لەگەڵ فەرەنسا کردووە بە دانی 500 ملیۆن پاوەند بە فەرەنسا تاکو لەوێش کەمێك بکرێتەو بۆ پەنا بەران.  بەڵام حەلی ئاسانتر و کردەیانەتر هەیە وەکو تەعینکردنی کارمەندی زیاتر بە کردنەوەی دەورە وکۆرسی 2 مانگی بۆیان بۆ هەڵسەنگاندنی کەیسەکانی پەنابەر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەوانەی کە خۆیان مافی پەنابەرییان پێ ڕەوا دەبینین بیاندەنێ ئیتر ئەوانیش کار دەکەن و باج دەدەن لە بری ئەوەی کە لە باجدەر بخۆن.  ئەوانەشی کە مافی پەنابەرییان ڕەتدەکرێتەو ڕێگای یاسایی دەگرنە بەر.  حەلی دووهەم لە بری ئەمە هەر پەنابەرێ دەگات  هەر لە ڕێوە ڤیزەی 6 مانگیان بدەنێ لەگەڵ پارەی سۆشیال و جێگاو ڕێگا تاکو ئەو 6 مانگە هەوڵ بدەن شتێك زمان فێر ببن و کارێك بدۆزنەوە ، گەر لەو ماوەیەدا نەیانتوانی ئەوە بکەن ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن .

بەڵام کە حکومەت هیچ یەکێك لە ئەمانە ناکات جێگای پرسیارە بۆچی ڕۆژانە 6 ملیۆن پاوەند سەرف دەکەن و دەیکەنە هەرا لە میدیا و لەم ڕێگەیەوە هاوکاری  ڕایسست و گروپە توندڕەوەکان دەکەن  کە بەهێزتر بن و دژایەتی خەڵکانی بێیانە لە پەنابەر و کۆچبەر و ئەوانەشمان کە دەمێکە لێرەین بکەن؟ لە ڕاستیدا سیاسەتێکی سەیرە و مەگەر هەر خۆیان سەری لێدەربکەن و مەبەستەکەی بزانن.

ماکرۆن هەنگاوی یەکەمی تێشکانی ناوە ، هەنگاوی دووهەم و کۆتایی ماوە

زاهیر باهیر

25/03/2023

مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕازییەکان خۆیان دا لە  10 ڕۆژ کە ڕۆژ بە ڕۆژیش تەنانەت بە گوێرەی میدیای فەرمی ژمارەیان زیاتر و ڕک و کینەیان ئەستورتر و سووربوون لەسە داخوازییەکانیان توندتر بوونەتەوە.  بە گوێرەی میدیای فەرمی فەرەنسا خۆپیشاندەران و ناڕەزییان ژمارەیان 1.1 ملیۆن کەسن بەلام نقابە ژمارەکەی بە لە سەرو و 3 ملیۆن کەسەوە  خەمڵاندووە .

ئەمەش نیشانەی کۆڵنەدانی خەڵک و بەردەوامیدانە بە کولتوری شۆڕشگێڕانەی یاخێتی میللەتی/ میللەتانی  فەرەنسایە کە لە پێاوی مافە ڕەواکانیان ئامادەن خەبات بکەن و بەردەوامبن .

بڕیار بوو کە پاشای بریتانیا ، مەلیك چارلس زیارەتی فەرەنسا بکات بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئێستای فەرەنساوە زیارەتەکەی هەڵوەشاندەوە ، ئەمەش نشوستییەکی دیکە بوو بۆ ماکرۆن لەپال خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا .

لە دیمانەکەی ڕۆژی 4 شەمەی دا ماکرۆن هەنگاوی یەکەمی نا بۆ تێشکانی کە وتی ” پێ لەوە دەنێم کە من نەمتوانی خەڵکی بەوە قایل بکەم کە تەمەنی خانەنشینی ببێتە 64 ساڵ” ئەم دان پیانانە خۆی لە خۆیدا بێ ئاگایی ئەو دەردەخات لەو میللەتەی کە سەرۆکایەتیان دەکات ، نە دەزانێت هەژاران چۆن دەژین ، نە دەشزانیت بەرگری خەڵکی و بە گژاچونەوەی میللەتەکەی لە چ ئاستێکدایە و تەنانەت بە ئاگاش نییە لەوەی کە ئایا لە پەڕلەماندا دەنگی سەرکەوتنی یا تێپەڕبوونی پرۆژەکەی بەدەستدەهێنێت و دەبێتە یاسا یا نا.

  کابرا ئاگای لە ژیانی هەژاران نییە، ئێ ناهەقیشی نییە کەسێك سەعاتێكی 80 هەزار یۆرۆی لە دەستدابێت ئاوا بە ئاشکرا و بێ شەرمانە دیمانە بکات و قسە لەسەر ژیانی خەلکانی ئاسایی فەرەنسا بکات .  ئەوە بوو هەر بە پەلە دەستی خستە ژێر مێزەکەوە و سەعاتەکەی داکەند .  داکۆکیکەرانی دەڵێن بۆیە دایکەندووە چونکە بە مستەکۆڵە دەیدا لە مێزەکە تاکو نەشکێ و دەنگی نەیەت.

ماکرۆنی هەنگاوی دووهەم کۆتایی ماوە کە بینێت ، کە بە ڕای من دەکرێت یەکێك بێت لەم 3 هەنگاوە :  یەك: بێ شەرم و شکۆ پەشیمان ببێتەوە لە بڕیارەکەی و شکستی خۆی دەربڕێ.  دوو: سەرەك وەزیرانەکەی بکاتە بەرخی قوربانی و شانەکە لەسەری ئەودا بشکێنێت و حکومەتەکەی هەڵوەشێنێتەوە تاکو کەوڵەکەی خۆی بپارێزێت.  سێ: یا ئەوەندە کەرامەت و ڕیزلەخۆبوونی هەبێت و دەست لەکار بکێشێتەوە و بچێتە زبڵخانەی مێژوی دژ بە بەرگرییکردنی خەڵكەوە .     

پەراوێزکەوتنی بێنجەمین نێتەنیاهو

زاهیر باهیر

24/03/2023

ئەوەی ئاشکرایە دەسەڵاتخوازان و دەسەڵاتداران دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هاوچین و هاوتووێژەکانیان بەکاردەهێنن.  بۆ ئەمەش هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و درۆیەك بەکاردەهێنن.  نێتەنیاهو-ش بە هەمان شێوە ، دوای ماوەیەکی دوورودرێژ لە حوکمڕانییەکەی و گلان لە گەندەڵی خەڵاتوەرگرتن و بزنس و بۆ نزیکانی خۆی ویسترا ببرێیە دادەگە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە سەرۆك وەزیران  بوو و پارێزبەندی هەبوو نەدەکرا .

نێتەنیاهو لە کۆتایی ساڵی رابووردووە کەوتە هاوپەیمان و گرێبەستی لەگەڵ توندڕەوەکان و دینیە فەناتیکەکاندا لەو بارەوە چەند ڕێکەوتنێکیان کرد کە هەردوو لایان بەند و مەرجەکانی ئەوی تریان پەسەند کرد .  یەکێك لەو بەندانە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دادگا و داداگاییکردن بوو لە هەندێك بواردا هەر بۆ نموونە کە مودەعی عام نەتوانێت متمانە بداتەوە بە نێتەنیاهو تاکو خۆی هەڵبژێتەوە بۆ سەرەک وەزیران بە پاساوی ئەوەی کە ئەو چی تر شیاوی ئەو پلە و پایەیە نییە  و گەڕانەوەی ئەم بڕیارە گرنگانە بۆ دەنگی پەڕلەمان.

بە دەرکردنی بڕیارێکی ئاوا لە لایەن نێتەنیاهووەوە هەوڵدانی تاکو بکرێتە یاسا ڕووبەڕوی خۆپیشاندان و پرۆتێستێکی ئێکجار گەورەی فراوان بووەوە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاکو دوێنی هەر بەردەوام بوو لە ڕۆژانی پشوو هەروەها دەوامیشدا زۆر جار.

پرۆتێستەکان هەموو توێژاڵ و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی تەنانەت ئەکادیمی و سەرکردەکانی سوپاشی گرتەوە لەپاڵ ئەکتەر و نوسەر و ڕۆژنامەوان و تەنانات تیمی فڕینی فڕۆکەکان کە هەر دوێنێ کە نێتەنیاهوو ویستی بێت بۆ لەندەن زۆرێکایان ئامادە نەبوون کە بیگەیەنن بۆیە ئەو لە سەفەرەکەی زۆر دواکەوت و ئەمڕۆ گەیشتە لەندەن.

دانیشتوانی ئیسرائیلئ ئەو بریارەی نێتەنیاهوو بە دژایەتیکردنی سیستەمی دیمۆکراتی دەزانن و دەزانن بۆ ئەوەیە تاکو ئەو ڕوبەڕووی دادگە نەبێتەوە .  هەرەوها دەشزانن هاوپەیمانی ئەو لەگەڵ ڕاستڕە و دینییە توندڕەوەکاندا گەورترین زەربە لە نەتەوەی جوولەکە دەدات چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەووەی ئیسرائیل.

توندڕەو و دینییەکان بەو رادەیە دژ بە فەلەستینییەکانن تەنانەت وەزیری دارایی لەم رۆژانەدا وتی : شتێك نییە بە ناوی  فەلەستینییەوە  . خودی نێتەنیاهو زۆر توندە بەرانبەر بە ئێران و دەیەوێت هێڕشی بکاتە سەر بۆ ئەمەش لە هەوڵی قایلکردنی یەکێتی ئەوروپا و بریتانیادایە و سەفەری چەند ڕؤژی پێشوی بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە و ئەمڕۆش بۆ لەندەن بەشێكی سەفەرەکەی هەر بۆ ئەو مەبەستەیە.

ڕابەری دینی جولەکەکان لە لەندەن پەیامێکی ناردە دەرەوە بۆ جولەکەکان تاکو لە هاتنی نێتەنیاهو بۆ ئێرەو پاش ئەوەی دوێنێ شەو بە دەنگی 61 بۆ 47 دەنگ پرۆژەکەی نێتەنیاهو بوو بە یاسا، کە بەشداری بکەن لە پرۆتێستی ئەمڕؤدا سەبارەت بە هاتنی نێتەنیاهو.

نتێەنیاهو بە تەواوی لە ناو ئیسرائیل و دەرەوەیشی پەراوێز کەوتووە و خۆشی نازانێت چی بکات و نازانرێت کابینەکەشی تا کەی بر دەکات بە هۆی ئەوەی کە لە مێژوی ئیسرائیل دا وەکو دەوترێت حکومەتی وا ڕاستڕەو و توندڕەو نەبووە .

بەرەیەکی جەنگ بەردەوامە هێشتا ، دەیانەوێت بەرەیەکی دیکەشمان بۆ بکەنەوە

زاهیر باهیر

23/03/2023

سبەینێ 24ی مانگ سیازدە مانگی ڕێکە شەڕی ناتۆ و ڕوسیا بەردەوامە و بەرەکانی جەنگ فراوانتر و توودوتیژ تر دەبێت و تا ئێستاش ئەگەر داگیرکردن نیشانەی بەهێزی و پێشەوەچونی لایەنێکی شەڕکەران بێت ئەوە ڕوسیا لە پێشەوەیە و کارەساتەکەشی  هەموو ئەوروپای  بە گشتی و بریتانیای  بە تایبەتی گرتۆتەوە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بریتانیا دەیەوێت بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە. دەیەوێت رابەرایەتی جەنگە وێرانکارییەکان لەدەست ئەمەریکا بسەنێتەوە و خۆی تەندبیرکەر و پلاندانەەری جەنگی لەمەودوا  بکات کە گوایە بە حسابی ئەمان چین هێڕش دەکاتە سەر تایوان ، کە لە کاتێککدا بەڵگەیەکی ئاوا لەبەر دەستدا نیە بۆ سەلماندندی ئەم قسەیە جگە لە هەڕەشەی چین کە تایوان بەشێكە لە چین.

لە ئێستادا بریتانیا بە ئاشکرا دەیەوێت هانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بدات بۆ ئەم شەرە و هەر ئاواش میدیای بریتانیاش بە بەردەوامی ئەوە دەدەن بە گوێی دانیشتوانی بریتانیادا کە چین مەترسی گەوەرەیە لەسەر ئاشتی و ئازادیی جیهان و نێودەوڵەتی، هاوکاتیش بە ڕاستە و خۆ و ناڕاستەخۆ ئەوە دەدات بە گوێی تایواندا کە لەبەردەم هێڕشی داگیرکاریی چیندان .

ئەوەتا ئێستا هەندێك لە پەڕلەمانتارانی بەریتانیا داوای یارمەتی بۆ تایوان دەکەن ،ئەوەندەی کە بتوانرێت،  بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژ بە هێڕشی چین .  بۆ ئەمەش شاندێک لەم پەڕلەمانتارانە لەم هەفتەیەدا لە سەردانەکەیدا بۆ تایوان چاویان بە سەرۆکی تایوان کەوت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان بەریتانیا و چین  ماوەیەكە خراپە و ئەم سەردانەش خراپتری دەکات.

بۆب ستیوارت، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران [ موحافیزین ] و سەرۆکی شاندەکە،  هەر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، تایوان “لە هێڵی پێشەوەی دیموکراسیدایەو خۆی بەڕێوەدەبا  پەیامەکە ئەوەیە کە تا بتوانین هاوکاری تایوان بکەین لە بەرگریکردنەکەیدا”

لە ڕاستیدا بریتانیا پێشتریش  کەمتەرخەمی لە هاوکاری و یارمەتیدانی تایوان نەکردوە . لە ساڵی 2022  فرۆشی بەریتانیا لە ئامێرەکانی پەیوەست بە بەرگری بۆ بەرنامەی ژێردەریایی تایوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.  لە نۆ مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا حکومەتی بەریتانیا 25 مۆڵەتی بەخشی کە کۆی گشتی 167 ملیۆن پاوەندە (206 ملیۆن دۆلار)  بەو کۆمپانیایانە کە پێکهاتەکانی پەیوەست بە ژێردەریایی و تەکنەلۆژیا هەناردە دەکەن بۆ تایوان .

  ئەم ئامارە کە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە، زیاتر بووە لە تێکڕای هاوکاری بریتانی لە  شەش ساڵی ڕابوردوودا کە  لە ساڵی 2008دا پەسەندکرابوو، کە لە ئێستادا بە بری 3.3 ملیۆن پاوەند بەرزبووەتەوە.

ئەو خێمەیەی کە دەیبینیت!!

14/03/2023

بە ملیۆینەها خەڵك لە هیندستان  کە دەوڵەت و ئابوری لیبراڵ و نیو-لیبراڵ شکسیئ پێهێناون و پەراوێزی خستوون ژیانیان یا  لە خێمەی ئاوادایە  یاخود ماڵێک کە لە لەوح و تەنەکە دروستکراون .

هیندستیان گەرچی لە دوای چین بە وڵاتی سێیەم دادەنرێت کە پاشکەشە بە ئەمەریکا بکات لە ڕوی ئابوورییەوە،  بەهۆی گەشەی ئابوورییەوە کە ئابووری لیبراڵ و نیو-لیبراڵ لە ئێستادا 400 ملیۆن کەسی داهاتی ڕۆژێکیان تەنها دۆلارێکە .  ئەمە جگە لە نەبوونی ئاوی پاك و کارەبا و غاز.

بریتانیا لە ساڵی 2010 دا هاوکاری 421 ملیۆن پاوەندی بە دەوڵەتی ئەوێ کردووە لە نێوانی ساڵانی 2016 و 2021 بریتانیا پاش گۆڕینی سیاسەتی خۆی لە هاوکاری دەوڵەتەوە بۆ سەرمایەگوزاریی لە مارکێت و بزنسسدا لەوێ هەم بۆ قازانجی بێ گومان چینی ساماندارانی  ئەوێ و هی بریتانیا 2.7 ملیار پاوەندی لەوێ سەرف کردووە .

هاوکاری بریتانیا بۆ هیندستان گوایە بۆ سەقامگیرکردنی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی قسەکردن و ڕادەربڕینە ، بەڵام ئەوەی ڕاستیە بریتانیا ئەو 3 مافەی بەلاوە گرنگ نییە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە دەوڵەتی هیندستان ساڵ بە ساڵ و جار بە جار دوای هەڵبژاردن لەو سێ ڕووەوە خراپتر بووە.