ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

کورد دەلێت: قور بەسەر ئەوەی فیرعەون پێی دەڵێت کافر

15/03/2024

دوێنێ لە بریتانیا پێناسەی نوێی فەرمی سەبارەت بە ” تودندووتیژی” بە پەڕلەمانتاران وترا و ئیتر ئەمە ڕێسا و یاسایەك دەبێت کە بە گوێرەی ئەوە مامەڵە لە گەڵ گروپە تودندڕەواکان دەکرێت.

پێش ئەوەی بێمە سەر کرۆکی بابەتەکە، پرسیارێك دێتە پێشەوە:  ئایا لە حکومەت ، دەوڵەت لە دونیادا توندووتیژتر هەیە؟ ئایا ئەوە کە لە دونیادا ڕوودددات دەوڵەت باعیسی نییە ؟ هەژاری ، بێ کاری ، بێ شوێن و جێگایی ، نەخۆشییەکان ، دروستکردنی گروپە تووندڕەوەکان، شەڕی نێو گەلان دەوڵەتان یاخود شەڕی ناوخۆ ، سەرچاوەی ڕایسیسزم ، فاشیسزم ، هەڵاواردان  دەیان کەم وکووڕی دیکەی نێو کۆمەڵ، دەیەها نادادوەری کۆمەڵایەتیی، نەبوونی یەکسانیی …. هەمو ئەمان کێ دەیکات و کێی لە پشتەوەیە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ؟  ئەگەر دەوڵەت نییە کە پایەی سەرەکی سیستەمەکەیە؟!!

لەگەڵ ئەو بڕە پێناسەی کە من لەسەرەوە کردم بۆ دەوەلەت ،  کەچی هێشتا ئەو پێناسە بۆ توندووتیژی دەکات !! دونیایەکی سەیرە گوڵم…

ێناسەکە چۆن گۆڕاوە؟ پێناسە نوێیەکە چەق و دیقەت دەخاتە سەر ئایدۆلۆژیای گروپەکە ، کەسەکە ، لایەنەکە کە پێشتر ئەو تەرکیزە لەسەر کردار و هەڵسوکەوتەکانی گروپ و کەسەکان بوو کە دەگەڕێتەو بۆ ساڵی 2011.

پێناسە کۆنەکە  بۆ ‘ توندووتیژیی-توندڕەویی:  بەم شێوەیە :  “دژایەتی چالاکانە بەرامبەر بە بەها بنەڕەتییەکانی بەریتانیا، لەوانەش دیموکراسیی، سەروەری یاسا، ئازادیی تاک و ڕێزگرتن و لێبوردەیی یەکتر بۆ باوەڕ و بیروباوەڕە جیاوازەکان“.

 پێناسە نوێیەکە دەڵێت توندڕەوی – توندووتیژی “بەرەوپێشبردن یان پێشخستنی ئایدۆلۆژیایەک کە لەسەر بنەمای توندوتیژیی، ڕق و کینە یان لێبوردەیی دامەزراوە، کە ئامانجی ئەوەیە: 1- ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئەوانی دیکە نکۆڵی لێبکات یان لەناوببات؛ یان 2-  تێکدان، هەڵوەشاندنەوە یان گۆڕینی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی لیبڕاڵ و مافە دیموکراسیەکانی بەریتانیا؛ یاخود 3 – بە مەبەست ژینگەیەکی ڕێگەپێدراو بۆ ئەوانی تر دروست بکەن بۆ بەدەستهێنانی سەبارەت بە ئەوەی سەرەوە : یەک و دوو”

ئەو گروپانەی کە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە کە ‘ توندووتیژن- توندڕەون’ ئەمانەن. من بە ئینگلیزی وەکو خۆیان دای دەنێمەوە. ئەوەی مەبەستێتی دەتوانێت بیدات لە گۆگڵ بۆ وەرگێڕانی بۆ کوردی یا عەرەبی .  گروپەکانی کە بریارەکە دەیانگرێتەوە:

the far-right groups the British National Socialist Movement and Patriotic Alternative and the Muslim groups the Muslim Association of Britain, Muslim Engagement and Development (Mend) and Cage

ئەو ڕێکخراوانەی دیکە کە ناوەکانیان دزەیپێکراوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەچێتە چوارچێوەی پێناسەکە بریتین لە برادەران و  دۆستانی ئەقسا، 5 پایەکە و فەلەستین ئەکشن.

هەروەها ڕێگانادرێت کە وەزیرەکان و بەرپرسان دیمانە و قسە و پەیوەندی بکەن لەگەڵ هیچ کام لەو ڕێکخراوانە.

ئایا ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ بنەبڕکردنی توندووتیژیی – توندڕەویی ؟

بەڕای من ئەمە جگە لەوەی کە ئەم چوارچێوەیە دواتر زۆر گروپ و لایەنی دیکە دەگرێتەوە تا وای لێدێت کە زۆرینەی گروپەکان دەچنە لیستی ڕەشەوە، هاوکاتیش   ئەمە پێچەوانەی ئەم بڕیارە دەچنێتەوە.  هەر بۆ نموونە فشاردانان و پاڵنان بەو گروپانەوە کە بکەونە پەراوێزەوە و قسەنەکردن لەگەڵیانا و بڕینی پەیوەندی لە تەکیاندا زیاتر هانیان دەدات بەوەی کە بە ئاڕاستەی توندووتیژیدا بڕۆن لەبری هاتنیان بەرە و ئاشتی ئاشتەوایی ، هانیان دەدات کە زیاتر پەیوەندی لەگەڵ گروپی تووندڕەو و تیرۆرییستیدا دروست بکەن بە تایبەت گروپ و کۆمەڵە ئیسلامیەکان.

ئەگەر حکومەت بیەوێت هەژموون و کارایی توندووتیژی کەم بکاتەوە ئەوە دەبێت لانی کەم ئەو هەنگاوە بچوک و ئاسایانە بنێت کە من لە پۆستی پێشوومدا هەندێکیانم لیستم کردون.

ڕووی ڕاستی دیمۆکراتییەت لە بریتانیادا

04/03/2024

سیاسییەکانی بریتانیا بچوکترین نە بەسەریاندا تێدەپەڕێت و نە بە قەرزیشی دەدەن.  لەوەتی ڕووداوەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار ڕوویداوە هێڕشی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و ڕەنگدانەوەی،  ئەوە هیچ بووەت هۆی گرانبوونی زیاتری پێداویستییەکانی ژیان لەهەموو ئەوروپادا و دڵەڕواکێی خەڵکی سەبارەت بە گەورەبوونی ئەم جەنگە، بەڵکو باشترین بیانووش بوو بۆ زیاتر کەمکرندەوەی ئازادییەکانمان .

دەربڕینی ناڕەزایی خەڵك دژ بەو کوشتار و جێنۆساسیدەی کە لە فەلەستین ڕۆژانە ڕوودەدات هەفتانە بە دەیەهاهەزار کەس دەچنە سەر شەقامەکان و داوای وەستانی شەرەکە دەکەن.  لە لایەکی دیکەشەوە مەیلی ئیسلامگەرایی و ئیسلامخوازی زیاتر بووە و هاوکاتیش هەراسانکردن و هێڕشکردنە سەر جوولەکە و موسڵمانانیش  لە زیادەبووندایە تا ئەو ڕادەیەی موسسڵـمانان هێڕش بۆ سەریان لە لایەن ڕاستڕەو و کەسانی ڕایسست و فاشیەوە بە ڕێژەی لە سەدا 365 زیادی کردوە ، هەر ئاواش هەمان شت بۆ جولەکەکان بەڵام نەک بەو ڕێژەیە.

لەتەك ئەمانەشدا سساسییە ڕایسستەکانی حیزبی حاکم ، موحافیزین ، چی تر ناتوانن مەیلی ڕایسستیانە و دژە ئیسلامییەتی خۆیان بشارنەوە خۆیان کەشف دەکەن بە ڕاگەیاندن و قسەکانیان کە خودی ئەمەش هانی زیادبوونی ڕق و کینە بەرانبەر بە موسڵمانانی بریتانی دەدات .

حکومەت و وەزیرەکانی بەوەشەوە نەوەستاون کە زۆربەی مافەکانی خۆپیشاندەران و ئەوانەی کە ناڕەزایی دەردەبڕن ، زەوت بکەن و یاسای نوێ دابنین .  لە ئێستادا دەیانەوێت کە ئەو ئەندام پەڕلەمانتارانەی کە هاوپشتی خۆیان بۆ فەلەستین و فەلەستینییەکان و گروپی ژەست فۆڕ ئۆیەل، کە گروپێکی بەرگریکەرن لە ژینگە  دەردەبڕن و دەچنە خۆپیشاندانەکان و تێكەلاویان دەبن لە پەڕلەمان سڕیان بکەن واتە مافی پەڕلەمانتارییان هەڵپەسێرن .

ئەمڕۆ بڕیارە کە وەزیری ناوخۆ و پۆلیس لەگەڵ سەرەك وەزیران کۆببێتەوە و لەسەر ئەو پێشنیارە قسە بکەن و دواتر بیخەنە پەڕلەمانەوە .  گەر ئەمە بکرێت و لە پەڕلەماندا دەنگی پێبدرێت ئەوە ئەمە دەبێتە یاسا و ئیتر پەڕلەمانتار مافی ئەوەی نابێت کە هاوپشتی فەلەستینییەکان بکات ، یانی ناتوانێت نیگەرانی خۆی و ئەوانەی کە دەنگیان بۆ داوە بگەیەنێتە پەرلەمان. 

ئەمەیە ڕووی ڕاستی دیمۆکراتییەتی بریتنایی .

بە گوێرەی داتایەك ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان دوو هێندە زیاتر لە شەمەندەفەرەکان دووەم ئۆکدسیدی کاربۆن ، ،CO2،  دەردەدەن

گروپی بەڕێکردنی  شەمەندەفەر، The Rail Delivery Group (RDG) لە ڕێگای توێژینەیەکەوە لەسەر دەردانی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن  لا لایەن شەمەنەفەرەکانەوە و سەیارە کارەباییەکانەوە کە  ئەو داتایە  وردترین داتاکانی پیشەسازییە تا ئێستا کە جۆرەکانی شەمەندەفەر و ژمارەی سەرنشینەکانی تێدایە دەرکەوتووە کە شەمەندەفەرەکان نیوەی سەیارە کارەباییەکان غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەن .

بەراوردکردنەکە ئامارە فەرمییەکانی حکومەت بەکاردەهێنێت بۆ تێکڕای دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبیلی بەڕێوەبەری جێبەجێکار بەپێی دووری   باتری سەیارەی کارەبایی پەیوەدنی بە کارەباوە هەیە و باتریەکەش مادەی nickel, manganese, cobalt, lithium تێدایە .

بەپێی زانیارییەکانی RDG، چوون لە شاری ئێدنبرگەوە بۆ  لەندەن، 116 کیلۆگرام CO2 لە ئۆتۆمبێلێکی دیزڵ و 31.8 کیلۆگرام لە ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی  پاتری و 12.7 کیلۆگرام بۆ هەر کەسێک کە بە شەمەندەفەر دەڕوات، دەردەدات.

جەنگ و کاراییەکانی

28/02/2024

جەنگ  و کاراییەکانی

شاخ

28/02/2024

لە دوای دۆزینەوەی کشتوکاڵەوە گرنگترین بووارێک کە مرۆڤ تیایدا زۆرترین وزە و قوربانی تیادا خەرجکرد، پەین و چاککردنی زەوی و ئامێری کشتوکاڵی و زیادکردنی بەرهەم نەبوو.. بەڵکو جەنگ بوو.. ئەوەش تەنها و تەنها بەهۆی ئەوەی کە دۆزینەوە و چالاکی کشتوکاڵی پاوانگەرایی تایبەتی یان (موڵکیەتی تایبەتی) لێکەوتەوە.  لە پێنج هەزار ساڵی رابردوودا نزیکەی 15هەزار جەنگ روویداوە، کە نزیکەی 25 ملیۆن قوربانی لێکەوتۆتەوە، تۆ ئێستا یەکێکیت لەو یەك کەسەی کە لەناو 19 کەسدا رزگارت بووە و ماویت. تەنها لە سەدەی شازدەدا 106 و لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا بەدوای یەکدا 231 و 730 جەنگ رویداوە، سەدە دوای سەدە ئەوەی زیاتر لە هەرشتێک پەرەی پێدرواوە جەنگە، لە سەدەی بیستدا زیاتر لە 1183 جەنگ روویداوە.. کە هەموو ساڵێکی ئەو سەدەیە نزیکەی 12 جەنگی بەردەکەوێت.. لە حاڵی حازردا نزیکەی 43 جەنگی گەرمی چەکداری لەسەر زەوی هەیە. ئاوا حسابکراوە کە مرۆڤ لەو ماوەیەدا 213 ساڵ لە جەنگدا ژیاوە بەرامبەر بە تەنها 1 ساڵ لە ئاشتی سەیر لەوەدایە هەمووش پێیانوایە جەنگەکانیان رەوان! جەنگ و تفاقە مادی و مەعنەوییەکانی، زیاتر لە هەر شێک پەرەی پێدراوە، لە راستیدا باروت و خوێنی مرۆڤ گەورترین بابەتی سەرمایەگوزاری بووە نەک کشتوکاڵ و کانزا، هەزاران جار زیاتر لە ئاودێری کشتوکاڵی، خوێنی رژاوی مرۆڤ بابەتی بازاڕی سەرمایەداری بووە، هیچ ئامرازێك نییە هێندەی ئامرازەکانی کوشتن و جەنگ و کاولکاری بەرەوپێش چووبێت.  لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هەن کە ئەم سیستمە مرۆڤخۆرە، بە لوتکەی پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی دەزانن..

کاراییەکانی  

جەنگ و پاشکاراییەکانی: – ئاوارەکردن بێکارکردن برسیکردن شێواندنی باری دەروونیی نیشتەنێیانی ناوچە جەنگییەکان بەتاییبەت منداڵان پارچەپارچەکردنی ژیان و یاداوەریی و خەونەکانی مرۆڤی جەنگزەدە پچڕان و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕووی ئابوورییەوە گوڕێنی جوتیارە ئازادەکان بە کرێکارانی کرێگرتەی شاریی و کرێجی بێبەرهەم تێکدانی دیمۆگرفیای ناوچەکان وێران کردنی گوند و شارەکان ژاراویکردنی زەوییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان تێکدانی ژیانی ئاژەڵان، زیاتر ژنان و منداڵان و پیر و پەککەوتوانی دەبنە قوربانی، زیادکردنی مەیلی ڕایسستی و ڕەگەزپەرستی ، لێکەوتنەوەی کوژراو و بریندار و پەککەوتە و هەژاری و نەبوونی و گرانی ، هەروەها دابەشکردنی خەڵکی و لاوازکردنی بزوتنەوەی کرێکاران ، زیادکردنی ڕۆحییەتی قەومگەرایی زۆری دیکە لەمانە…  

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ لە بریتانیا ئەوانەی لە سەرەتای تەمەنی بیستەکاندان لە دەرەوەی کارکردندا دەمێننەوە

27/02/2024

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە ئەو نەوەیە بە هۆی کێشەی هەژاری دەروونییەوە کەمتر کاریان دەست دەکەوێت تاکو ئەوانەی کە لە چلەکانی تەمەنیاندان .

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرەتای بیستەکاندایە و کێشەی تەندروستی دەروونییان هەیە، ڕەنگە دەستیان بە خوێندنێکی جێگیر نەگەیشتبێت و لە کۆتاییدا دەتوانن لە کارەکانیان دووربکەونەوە یان لە کارگەلێکی کەم مووچەدا بن.  بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، 34%ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە تەمەنی 18 بۆ 24 ساڵدایە، نیشانەکانی تێکچوونی دەروونییان وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ یان نەخۆشی دوو جەمسەری [ ئیزدیواجی] لە ساڵی 2021-22دا ڕاگەیاندووە. ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد بە ژمارەی ساڵی 2000 کە 24% بووە، کە ژنانی گەنج یەک هێندە و نیو زیاتر ئەگەری کاریگەری نەرێنییان لەسەرە.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە داوای ڕێوشوێنی حکومەت دەکات، هەروەها دەرکەوتووە کە 79%ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە تەمەنی 18 بۆ 24 ساڵدایە و بەهۆی نەخۆشییەوە بێکارن، تەنها بڕوانامەیان لە ئاستی GCSE [ واتە پۆلی 3ی ناوەندی جاران ]  یان کەمتر هەیە. ئەمەش بەراورد دەکرێت بە 34%ی هەموو کەسانی ئەو گروپە تەمەنییە. هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە وەرزی پاییزی ساڵی 2023دا 12%ی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە تەمەنی 11 بۆ 16 ساڵدایە کە تەندروستی دەروونییان خراپە، زیاتر لە 15 ڕۆژ لە خوێندن بێبەشبوون، بە بەراورد لەگەڵ یەکێکیان لە هەر 50 هاوپۆلێکی تەندروستتر.

لە ساڵی 2022،دا 40%ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 18 بۆ 24 ساڵدا کێشەی تەندروستی دەروونییان هەبووە و لە کاردا بوون، لە کارێکی کەم مووچەدا بوون، بە بەراورد لەگەڵ 35%ی هاوتەمەنەکانیان کە تەندروستترن.  یەک لەسەر سێی ئەو گەنجانەی کە کێشەی تەندروستی دەروونییان هەیە و هیچ بڕوانامەیەکیان نییە، لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە، بە بەراورد بە 17%ی دەرچووان کە هەمان نەخۆشییان هەیە. 

ڕاپۆرتێکی دیکە کە توێژینەوەیەکە لەسەر هەژاری و نەبوونی متمانەی حاسڵکردنی خۆراکە.  داتاکان دەریدەخەن لە مانگی ڕابردوودا 15%ی ماڵەکانی بەریتانیا برسی بوون، لە کاتێکدا ملیۆنان کەس ژەمێکی خواردن دەبوێرن و ناتوانن بە بەردەوامی بازاریی بکەن، دامەزراوەی خۆراک هۆشداری دەدات کە ئەمە دەبێتە هۆکاری فراوانبوونی نایەکسانی تەندروستی.

بەپێی زانیارییە نوێیەکانی نائاسایشی ، واتە متمانە نەکردن بەبەردەوامی دەستەبەرکردنی خۆراک، ملیۆنان کەس – لەنێویاندا یەک لە هەر پێنج خێزانێک کە منداڵیان هەیە – لە چەند هەفتەی ڕابردوودا برسی بوون یان ژەمەکانیان بواردووە، چونکە بە بەردەوامی توانای کڕینی خواردنیان نەبووە. بەپێی شوێنپێهەڵگری دامەزراوەی خۆراک، 15%ی ماڵەکانی بەریتانیا – کە یەکسانە بە نزیکەی 8 ملیۆن کەسی گەورەساڵ و 3 ملیۆن منداڵ – لە مانگی یەکدا تووشی نەتوانایی کڕینی خۆراک بوون، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بەردەوام بووە بۆ  گیرفانی خێزانە کەم داهاتەکان.

نزیکەی دوو لەسەر سێ (60%)ی ئەو ماڵانەی کە لە خۆراکدا نائەمنن، ڕایانگەیاندووە کە کەمتر میوەیان کڕیوە و 44% سەوزەیان کەمتر کڕیوە، چونکە لەگەڵ قەیرانی بەردەوامی تێچووی ژیاندا دەجەنگن.  لەبەرامبەردا تەنها 11%ی ئەو ماڵانەی کە خۆراکیان هەیە کەمتر میوەیان کڕیوە و 6%ی کەمتر سەوزەیان کڕیوە.

ئاستی نائاسایشیی خۆراک، واتە نەبونی متمانە بەداهات لە کڕینی خۆراکدا – بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەکی ئاسایی دامەزراوەی خۆراک کە زیاتر لە 6 هەزار کەسی تێدا ئەنجامیداوە – کەمێک دابەزیوە لە 17.5% لە مانگی یەکی ساڵی 2023 بەڵام وەک ئەوەی لە هەفتەکانی یەکەمی پشێوی پەتای کۆرۆنا کە لە ساڵی 2020 دا بەرز بووەتەوە.

ڕاپۆرتیکی دیکە لایەنی تەندروستی بریتانییەکان دەربارەی  چارەسەری شێرپەنجە  هەڵدەسەنگێنێت  . توێژینەوەکان ئاشکرایان کردووە، تووشبووانی شێرپەنجە لە بەریتانیا تا حەوت هەفتە زیاتر چاوەڕێ دەکەن بۆ دەستپێکردنی چارەسەری تیشکی یان چارەسەری کیمیایی لە چاو کەسانی وڵاتانی بەراوردکراو. دۆزینەوە ئەو راستیانە بەڵگەیەکن سەبارەت بەوەی  کە بەریتانیا تا چەند لە دوای نەتەوەکانی دیکەیە، چونکە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی کە چانسی مانەوەی خەڵک کاریگەری چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ چارەسەرکردن لەسەرە. لە یەکەم توێژینەوەی لەم جۆرەدا، پسپۆڕانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن داتای زیاتر لە 780 هەزار نەخۆشی شێرپەنجەیان شیکردەوە کە لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2017 لە چوار وڵاتی بەراوردکاریدا دەستنیشانکرابوون، ئەوانیش ئوسترالیا، کەنەدا، نەرویج و بەریتانیا. هەشت جۆری شێرپەنجەی لەخۆگرتبوو: شێرپەنجەی سورێنچک، گەدە، قۆڵۆن، کۆم، جگەر، پەنکریاس، سییەکان و هێلکەدان.

هیوادارم بریتانیاش ئەمە بکات

زاهیر باهیر

24/02/2024

لەم ڕۆژانەدا پەڕلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری بەیاساییکردنی کانەبییان دا.  بە گوێرەی یاسای نوێ بۆ هەر تاکە کەسێکی ئەڵمانی کە تەمەنی 18 ساڵ و سەروترەوەیە دەتوانێت 3 بڕی کانەبی لە ماڵەوە بروێنیت یاخود دەتوانت 50 گرام کانەبی هەبێت لە ماڵەوە و لە دەرەوەش 25 گرامی پێبێت . 

مشتومڕی بەیاساییکردنی کانەبی و جۆری مادە هۆشبەرەکانی دیکە جگە لە کۆکاین لە ناو پەڕلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپییدا بۆ ماوەیەکی زۆرە کە بەردەوامی هەیە. لە بریتانیاش ئەمە مەسەلەیەکە بە سەدەها وتاری لە لایەن سەرکردەکانی پۆلیس و پارێزەر و خەڵکانی چەپ و سۆشیالیت و خودی پزیشك و پسپۆڕانی کە بە چارەسەرییەوە سەرقاڵن نوسراوە ، کە هەموویان لەگەڵ بەیاسایی کردنیدان.

یاساخکردنی کانەبی ، حەشیش ئەوانی دیکە بازاڕێکی گەورەی بۆ قاچاخچییەکان دروستکردووە ، مەیدانێکی کوشتارگەلی گەورەشی بۆ گەنجان و منداڵانی بریتانی درووست کردووە کە هەر ڕؤژ ناڕۆژێك گەنجێك دەدرێتە بەر چەقۆ و زۆر کاتیش چەقۆلێدراو دەمرێت .  هاوکاتیش بازاڕی بوون و وجودو فشاری گەورە و پشکنینی خەڵکانی بێ گومان و هەراسانکردنی گەنجانی ڕەشپێست و ئاسێوییەکانی لەلایەن پۆلیسەوە دروست کردووە.

لە ئەڵمانیا ماوەیەکی زۆر جەدەلی لەسە دەکرێت چونکە 7 ملیۆن ئەڵمانی دەیکێشن .  یاساکە منداڵانێک کە تەمەنیان نەگەیشتۆتە 18 ساڵ ئەم  یاسایە نایانگرێتەوە .  یاساکەش لە 01/04 وە جێبەجێدەکرێت و دوای 3 مانگیش دەکرێتە مۆڵەت وەرگرتن بەڵام بۆ مەرامی فۆرشتن نا.  ئەڵمایان سێیەم ولاتە دوای لۆکسەمبەرگ و ماڵتا لە بەیاساییکردنی کانەبیدا.

ئەگەر لە بریتانیاش ئەوە بکەن لە ماوەیەکی تۆزێك درێژدا نەك هەر گیانی سەدەها گەنج دەپارێزریت بەڵکو پارەیەکی خەیاڵیش بۆ بەشی تەندروستیش دەگێڕێتەوە و هەر ئاواش بۆ ئەرك و میزانییەی پۆلیسیش .  لە لایەکی دیکەشەوە ئەو بازاڕە ڕەشە تەسك دەبێتەوە بۆ قاچاخچییەکان کە جۆرەها مادەی نەشیا و نامۆ تێکەڵی بڕە سافییەکەی کانەبی ، حەشیش دەکەن تاکو کێشی زیاتر بکەن ،پارەی زیاتریان دەست بکەوێت و هاوکاتیش بەکارهێنەرەکانی کانەبی و حەشیش رووبەڕووی  نەخۆشی کوشندە دەکاتەوە و هەر بە گەنجێتی لە کەڵک دەکەون.  

تێڕامانی من لەم هەواڵە

جوتیار

23/02/2024

ێڕامانی من لەم هەواڵە ئەوەیە، لەو قەیرانە سەراپاگیرەدا چۆن ماسیە گەورەکان ماسیە لەخۆ بچوکترەکان لوش دەدەن!

جا تۆی بێ کار تۆی کرێکار گەر بەتاك بتەوێت ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببیتەوە نەک ووردە ماسی سەرەمێکوتەش نیت،

تێڕامێنە لەتەک چ دۆخێکدا بەرەو ڕوویت! کاتێک دەوڵەت دەوڵەت لوش دەدات!

هیچ بەڕەیەک نیە تا ڕاکێشانی قاچتی پێ پێوانە بکەیت!

کاپیتالیزم و میکانیزمەکەی ماشینێکی بێئامانە نەک بەشەر بەرد و داریش دەهاڕێت!

لەدەمی ئەم حوتەدا تۆ لە بنێشت دەچیت!

یەک چارە هەیە هەموو وەردە ماسیەکان بەیەکگرتوو بوونیان دەتوان گەرووی ئەم حوتە بگرن و نەتوانێت دەم بەیەکدا بدات و هەناسە بدات تا دەخنکێت!

هیچ ڕێگەیەکی دیکە نیە!

https://www.facebook.com/share/p/6TKkqsw5ekxTJRSD

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، میسر شاری گەشتیاریی “رەئس حیکمە” لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی بە 35 ملیار دۆلار بە ئیمارات دەفرۆشێت، شارەکە 170 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بەنزیکەیی هێندەی 20%ـی ڕووبەری شاری ئەبوزەبی دەبێت

چۆن هەست بەوانی تر بکەین؟ چۆن ناکۆک بین؟ گرووپی LGBTوەک نموونە

شاخەوان

26/12/2023

من ئەگەر ناکۆکم لەگەڵ شتێکدا، ئەوە بۆ خۆم و لە ئێستادا ناکۆکم بەو شتە، ئەو ناکۆکییەی من هەمە لەگەڵ شتەکاندا هەرگیز بیانووی سەپاندن نییە بەسەر ئەوانی تردا، ئەمە لە سۆنگەی ئەوەوە دێت کە بارودۆخێک منی بەم چەشنە لە ناکۆکی گەیاندووە و ئەوی تریش بارودۆخێکی تر بەو چەشنە تایبەتییەی خۆیی گەیاندووە… لەم چەند دێڕەی سەرەوەدا دەمەوێت بڵێم؛ تاک خۆی سەنتەری خۆیەتی، نەک نموونەی باڵا بۆ ئەوانی تر.

لە بارێکی باشدا مرۆڤ پێویستی بە ئارگۆمێنتسازی و گفتوگۆی زانستی و عەقڵانی شتەکان هەیە بۆ هەڵسەنگاندن، بەتایبەتی هەڵسەنگاندنی شتە گشتییەکان، ئەوەش بە جۆرێک کە نەبێتە دۆگم و هەمیشە چەند گریمانەیەکی زیندوو و کراوە بەهەند وەربگیرین.. ئالەم حاڵەتەشدا ئێمە خەریکی عەقڵسەنتەری یاخود مرۆڤسەنتەرین.. بەم جۆرەش هێشتا ئێمە دەتوانین (بابەتی) هەڵسەنگاندن بکەین نەک (خودی).. بۆ نموونە ئێمە دەکرێت باسی جوانییەکانی ئەو گوڵە بکەین کە لە تابلۆیەکدا هەیە و هەستی پێ بکەین، بەڵام ئەم باسە هەرگیز باسی راستەقینەی خودی گوڵە هونەرییەکەی ناو تابلۆکە نییە..

بەگشتی ئامرازەکانی (تێگەیشتنی مرۆڤ لەوانی دی) ساکار نین، پێناچێت هیچ ئامرازێکی تێگەیشتنی مرۆڤ هەبێت خراپ نەبێت، بەڵام دەشێت پەنابردنە بەر باشترین ئامرازە خراپەکان، لە پەنابردنە بەر خراپترین ئامرازە خراپەکانی تێگەیشتن، باشترین هەوڵێک بێت کە بتوانین لە ئێستادا بیدەین.

یەکێک لە باشترین ئامرازە خراپەکانی تر کە بەهرەیەکی زۆر تایبەتی مرۆڤە، خۆلەبریدانان-ە. سەیرکردنی بابەتیانەی دیاردە و شتەکان بەس نین بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین، بەڵکو هەوڵدان بۆ ئەوەی خۆت بخەیتە شوێنی شتەکان و کەسەکان، حەقیقەتێکی زیاتر بە باری سەرنج و باری تێگەیشتن دەدەن، ئەمە لە باشترین حاڵەتدا زەحمەتە و لە خراپترین حاڵەتیشدا ئاستەمە.

بابەتی LGBT یەکێکە لەو شتانەی بەر لەوەی خۆی کێشەیەکی گەورە بێت، کێشەی گەورەی تێگەیشتنە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، مقابەلەی کەسێکی هاورەگەزخوازم بینی، باسی ئەو دۆزەخە کۆمەڵایەتی و نەریتی و دینییەی دەکرد کە بە هۆی ئەو مەیلەیەوە بۆی دروست بووە، بە نزیکی هەموو شتێکی لەدەستدابوو لە پێناویدا.. بۆ منیش زۆر جێگەی پرسیار بوو، (ئایا ئەوە چییە وادەکات هێندە قوربانی بدەیت لەپێناویدا؟).. سەرەڕای ئەوەی دەربارەی لایەنی زانستی ئەو دۆخە هەندێ شتی سەرەتاییم خوێندبۆوە، وە سەرەڕای باوەری زۆرم بە ئازادی مرۆڤ.. بەلام هێشتاش نەمدەتوانی وەلامی وردی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە.. چونکە لێرەدا کێشەکە تەنها مەسەلەی کرۆمۆسۆم و ئارگۆمینتسازی نییە.. بەڵکو گەورەترین کێشەی تێگەیشتن لەم دۆخە ئاستەمی خۆلەبریدانانە، ئاستەمی تێگەیشتنی (خودی)ە. سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانم باوەڕ بەوە بهێنم کە بابەتەکە تەنها بابەتی زایەندە.. وەک گریمانەیەک وا وەریدەگرم کە بەهاگەلێکی تری هەبێت تا شایانی قوربانیدانی وەها گەورە بێت.

تۆ ئەگەر مرۆڤێکی گێتەرەسیکشواڵی (مەیلت بۆ رەگەزی بەرامبەر هەیە) ئاسانتر دەتوانیت لە رووی سیکشواڵێتیەوە خۆت لەبری ئەوی تر دابنێیت و سەرەڕای کۆمەکی کەناڵی زانیاری تر لێی تێبگەیت، بەڵام تا چ ئاستێک دەتوانیت خۆت بکەیت بە گوڵی ناو تابلۆکە و لەوێوە لە گوڵی ناو تابلۆکە تێبگەیت؟ بەهۆی ئەم کێشەیە لە کەناڵی تێگەیشتن، تەنانەت ئاستەمە لە سێکشواڵێتی رەگەزی بەرامبەریش وەکو خۆی تێبگەین.

سەرەڕای دیوە قێزەونە بازرگانییەکەی و رەواجپێدانی لە خۆرئاوا و بەتایبەتی لە USA کە دەشێت وەک بابەتی سەرمایەگوزاری قسەی زۆر هەڵبگرێت، بەڵام وەک بابەتی سێکشواڵێتی پێویستە لێیبگەڕێین بۆ خۆیان و جگە لە رێز گرتن لە ئازادیە تایبەتییەکەی خۆیان هیچی تر رێگە بە خۆمان نەدەین، چونکە تۆ ئەگەر خۆت یەکێک لە L,G, B, T نیت زۆر ئاستەمە لێی تێبگەیت.. مرۆڤێک کە فسیۆلۆژیا سێکسییەکەی لەسەر بنەمایەکی گێتەرەسێکشواڵە و فەسلەجەیەکی تایبەتی بە سێشواڵێتی هەیە، لە بنەڕەتدا ئەوەی تیادا نییە کە بتوانێت هەست بە G، یان L، یاخود B و T بکات.. ئەگەر تۆش دۆخێکی وەهات هەیەو فسیۆلۆجیای سێکسیت بە جۆرێکی ترە لەوان، باشترین شت بێدەنگبوونە وەکە رێزێک لە ئازادی و دۆخی تایبەتییان.. تا تێگەیشتن لە هەموو لایەنەکانی ئەو بارودۆخە لە زەمەنێکی تردا کە ئاستەمییەکانی تێگەیشتنی تێکشکابێت.

لە حەقیقەتدا پۆڵێنکردنی شکۆ و بەهای مرۆڤ لەسەر بنەمای رەگەزی هەڵەیەکی ترسناکە، وا تێدەگەم ژنبوون و پیاوبوون تەنها بابەتێکی جەستەیی و زایەندی رووت نییە، بابەتێکی دەروونی ئاڵۆزیشە، هەمان تێگەیشتنم بۆ ویستی ژنبوون و ویستی پیاوبوونیش هەیە.. نەک لەبەر ئەوەی کە تەنها بە مافیێکی سروشتی – فەسلەجی ئینسان دەیبینم، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە تێگەیشتنم بۆی، لەهەر سەرێکەوە دروست نایەتەوە و ئاستەمە بەلامەوە لە ئێستادا.

بوونی تۆ بەو جۆرەی هەیت لە کۆمەڵێک هۆکار و بارودۆخەوە رەوایەتی وەرگرتووە، دیارە ناچار نیت جۆرێکی تر بیت.. هەر ئەو هۆکار و بارودۆخەش بکە بە بنەما بۆ رەوایەتیدان بەوەی ئەگەر ئەوانی تر جیاواز بوون و وەک تۆ نەبوون.. کاتێک خۆمان دەکەین بە نموونەی باڵا و دەیسەپێنین بەسەر ئەوانی تردا، داخەکەی وەک ئەوە گرانە کە ئەگەر ئەوان خۆیان وەک نموونەی باڵا بسەپێنن بەسەر ئێمەدا.. لێگەڕێن.. هێندە ساکار نین ئێمەی مرۆڤ.. کیشووەری ئەمەریکامان دۆزییەوە، بە مانگ و مەریخ گەیشتووین و خەریکی لێکدانەوەی قوڵاییەکانی گەردوونین.. بەڵام هێشتاش مرۆڤ بەتەواوەتی نەگەشتووە بە قوڵاییەکانی خۆی و ئاڵۆزییەکانی زۆیی بۆ شی نەکراوەتەوە، ساکارترین میتۆدێک لەدەستمان بێت رێزگرتنە لە ئازادییەکانی ئەوانی تر، لە پێناوی ئەوەی وەک یاسا و قەڵغانێکی چەسپاو کە لە میانیدا ئازادییەکانی خۆشمان پارێزراو بێت. بۆیە بەرد لە ئازادی خەڵکی تر نەگرین، لە کاتێکدا ماڵی ئازادی هەر یەکێکمان لە شوشەیە.

زانکۆکان لەژێر فشاری خوێندکارانیاندا پەیوەندەی خۆیان لەگەڵ بانقەکاندا دەبڕن

18/12/2023

ئاشکرایە کە نەوەی نوێ بە هەر هۆکارێك بێت  زۆر زیاتر لە نەوەکانی پێش سەردەمی خۆیان بە تەنگ ژینگەوە دێن ، هەر لەبەر ئەمەشە کە سەراپای ئەو پرۆتێست و خۆپیشاندان و چالاکی ڕاستەوخۆیانەی کە لە هەر شوێنێک دەکرێن ئەوانن کە سەرپەرشتی دەکەن و ڕێکیدەخەن و ئەنجامیشی دەدەن.

پرسی ژینگە و کارایی دانەوەی پیسبوونی بە بەکارهێنانی سووتەمنی بەردین بووەتە پرسێکی سەرەکی .  زانکۆکانی بریتانیا هەندێکیان لە لایەن ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی نەوت و غازەوە هاوکارییان دەکرێت ، هەندێکی دیکەشیان لە لایەن ئەو بانقانەی کە سپۆنسەر ئەو کۆمپانیانە دەکەن و قەرزێکی باشیان بە هەل و مەرجێکی باشیا پێدەدەن، کۆمەکیان دەکرێت .

لە ئێستادا وردە وردە زانکۆکان لە ژێر فشاری خۆێندکارەکانیاندا دەستیان بە  هەنگاونانی  باش کردوو لە بڕینی ئەو پەیوەدنییەدا . 

زانکۆی کامبریج کە زانکۆیەکی پۆشی دانپێانراوی دونیایە پەیوەندی 200 ساڵەی لەگەل بانقی بارکەلیز ، کە بانقێکی زۆر گەورەیە  هەڵپەسێررا لەبەر ئەوەی ئەم بانقە ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە کۆمەك و دەسگرۆیی بە پرۆژەی نوێی نەوت و غاز نەکات .

 زانکۆکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ” لەگەڵ دەرفەتەکاندا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی بەرهەمە داراییەکان کە پارەی فراوانکردنی سووتەمەنی بەردینی نادەن ” وەک بەشێک لە “ستراتیژی پەیوەندیکردنی ئامانجی پلەی سفرێتی لەگەڵ کەرتی بانکیدا“.   خوێندکاران و کارمەندانی کامبریج داوای قەرزدەرێکی سەوزتریان [ دۆستی ژینگە] کردووە و زانکۆکە پێشتر بەڵێنی داوە تا ساڵی  2030 3.5 ملیار پاوەندەکەی لە هەموو وەبەرهێنانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان لە سووتەمەنی بەردینیدا لابدات.   مامۆستایەکی کۆلێژ بە ڕۆژنامەی  فاینانشیاڵ تایمزی وتووە: “ ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەین کە پێدەچێت سەرکردەی سبەینێ بن”. وە گەورەترین نیگەرانییەکانیان گۆڕانی کەشوهەوایە.”

هەرچەندە بانقی بارکلیز بۆ چەندین سەدە پارەی دارایی بۆ زانکۆکە دابینکردووە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی چالاکیی دارستانە باراناوییەکان، بانکی نێودەوڵەتی لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2022دا زۆرترین پارەی ئەوروپی بووە بۆ سووتەمەنی بەردینی.

لە مانگی ئەیلولدا زانکۆی لیدز پەیوەندی و حساباتی خۆی گۆڕی  بۆ بانقی لۆیدز چونکە ” کەمترین وەبەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی هەیە لە هەریەکێک لە بانکە گەورەکانی بەریتانیا“.




بەگوێرەی برگەیەکی یاسای نوێی بریتانی…

زاهیر باهیر

16/12/2023

وەکو پێشتر چەندجارێك بە پۆست و بە وتار ڕوونمکردۆتەوە کە پرسی کۆتاییهاتنی ئازادییەکانی بریتانییەکان لە سەرەتای کۆتاییاندایە .

بە گوێرەی بەشی حەوتەمی یاسای ڕێکخستنی گشتی ساڵی 2023 هەر چالاکییەك قەدەغە دەکات کە ڕێگری بکات لە چاپخانەی ڕۆژنامە، وێستگەی کارەبا، دەرهێنان یان شوێنی دابەشکردنی نەوت و گاز، بەندەر، فڕۆکەخانە، هێڵی ئاسن یان ڕێگاوبانەکان ” بە هەر ڕادەیەک ئەو چالاکییانە بەکاربهێنرێن یان کاربکەن”، لەگەڵ سزای ئەگەری 12 مانگ زیندانیکردندا.

چالاکوانێکی گروپی ‘ جەست ستۆپ ئۆیەڵ ‘ دوای ئەوەی کە بەشداری لە خۆپیشاندانێکی هێواش  و خاو و ئاشتیانەدا کردووە لەسەر شەقامێکی لەندەن، ڕۆژی 5شەمە ،14/12 ، ماوەی شەش مانگ زیندانی کرا. چالاکوانەکە ناوی ستیڤن جینگێلی تەمەن 57 ساڵدا ، ئەمەش  یەکەم زیندانیکردنە بەپێی یاسایەکی نوێ بە بیانوی ئەوەی  هەر کەسێک بە ڕێگایەکدا/ شەقامێکدا بڕوات، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوە بەهۆی “دەستوەردان لە ژێرخانی سەرەکی نیشتمانی“.

گروپی ‘ جەست ستۆپ ئۆیەڵ ‘ ڕایگەیاندووە،  ستێڤن یەکێک بوو لە نزیکەی 40 لایەنگری گروپەکەیان  کە نزیکەی 30 خولەکیان بەسەربردووە لە ڕێپێوانکردن لەسەر شەقامی  هۆلۆوەی لە باکووری لەندەن نزیکەی کاتژمێر 4ی ئێوارەی 12ی ئەم مانگە.

گروپی  جەست ستۆپ ئۆیل لە ساڵی 2022ەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی بەریتانیا هەموو بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردینی نوێ ڕابگرێت. تاکتیکەکانی گەریلا” وەکو هەڵمەتێك،  لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاماژەی پێکراوە کە ئەو گروپە و چالاکییەکانیان وەکو  توند و تیژی و دژ بەبەرژەوەندی نیشتمانی بە پەڕلەمان ناسێرا و ئەوانیش ئەم یاسا نوێیەیان کان دەرکردووە و کەوتە بەجێهێنانەوە.

لە هەڵمەتی چالاکییەکانیاند کە زیاتر نیشاندانی ناڕەزایەتی  بووە لە شێوەی  ڕێپێوانی خاودا کە لەلایەن گروپەکەوە لەو کاتەوەی چالاکی دەکەن  تا ئێستا 470 لە لایەنگرانی گروپەکە 630 جار دەستگیرکراون، کە نزیکەی نیوەی ئەو دەستگیرکردنانە بەپێی یاسا نوێیەکەیە.

وتەبێژی کەمپەینەکە وتی: “بەشی 7ی یاسای نەزمی گشتی 2023، یاسایەکە کە لەلایەن لۆبی سووتەمەنی بەردینیەوە داڕێژراوە، لە مانگی نیساندا لەلایەن ‘ پریتی پەتەلەوە’  کۆنەو وەزیری پۆلیس و ناوخۆ، پێشکەشکرا، و ‘دەستوەردان لە بەکارهێنان یان بەڕێوەبردنی ژێرخانی سەرەکی نیشتمانی’ دەگرێتەوە.  پێدەچێت ئەم حکومەتە ئێستا ڕۆیشتن بە ڕێگاکەدا/ های وەیەکاندا، ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای گشتی های وەی کردبێتە کارێکی نایاسایی کە شایەنی زیندانییە.  وتیشی، پێش ئەوەی ئەوانەی پلانیان بۆ کوشتنمان هەیە و بەردەوامن  چەند باوک زیندانی دەکرێن؟ نەوت و غازی نوێ ملیۆنان لەسەر ملیۆنان ماڵ و بژێوی ژیانیان لەدەست دەدەن.  لەلایەن حکومەتەوە، لەلایەن سیاسەتمەدارە شکستخواردووەکانەوە، لەلایەن پۆلیسەوە پارێزراون، ئەوانەی جینۆساید دەکەن بەردەوامن لە ڕۆیشتنن بە ئازادیی، ئەوانەی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر کوشتنەکان دەکوژرێن.  تۆ لە چ بەرەیەکیانی؟

گرتن و زیندانیکردنی چالاکوانان ، بە زیندانی سیاسی دەدەرێنە قەڵەم ، کەواتە لە ولاتانی ئەوروپاشدا زیندانی سیاسی هەیە کە ئەمە ڕەتی ئەو ڕاگەیاندنە بێ بنەمایەی سیاسییەکان و پۆلیس و هەموو ئەوانەشی کە بەرگری لە سیستەمی لیبراڵ و نیولیبراڵ دەکەن کە گوایە  لەم وڵاتانەدا زیندانی سیاسی نییە و تەنها ئەوانە زیندانین کە ‘ تاوان’ ئەنجام دەدەن ، بەڵام گەر لەوە بکۆڵینەوە دەرەدەکەوێت کە بەشێکی زۆر لەوانەی  کە بەندن، ڕیشەی گرتنەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی دەوڵەتمەداران و پۆلیس و ئابووریناسان لیبراڵ .