ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

(سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و کەتواری ئەم ڕۆژگارە

ئایا لە ئێستا (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) بوونی ھەیە؟

ئەرێ و نەخێر. بەداخەوە بەس لەنێو کۆمەڵەکانی ئامازۆن و چەند کۆمەڵێکی دیکە لە ئەفەریکا و خواردووی ئاسیا جۆرە سرووشتییەکەی ھەیە، کە زادەی کۆمەڵە سرووشتییەکانە و وەک سەرچاوەی سیستەمی سرووشتیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ ماوە و بە بەرخودان بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری و نەزمی تازەی بازار [نیئۆلیبرالیزم] خۆی پاراستووە و لە ھەموو گۆشەکانی جیھان تێکۆشان بۆ گێڕانەوە و نۆسازکردنەوەی ھەیە و ئاوا مرۆڤناس و کۆمەڵناسەکان ئاماژەدەدەن و کەسانی لێکۆڵەر و گەشتیاران دەڵێن، ھێشتا لە گۆشە و کەناری جیھان کۆمەڵە سەرەتاییەکان ماون، کە جۆرە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەیەتییان ھەیە؛ تاکو ڕادەیەک بەشێوەی کۆمونەیی دەژین.
ھەڵبەتە نەبوونی ئەوان لە ئەم ڕۆژگارەی ئێمە بەڵگەی ئەوە نییە، کە نەبوون و نابن. چونکە ئەگەر تەنانەت بەس خەیاڵێکی خۆشیش بێت، ئەگەری بەدیھاتنی ھەیە، ھەڵبەتە ئەگەر ھوشیاری و ویستی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ بەدیھێنانی بوونی ھەبێت؛ چونکە ھەموو گۆڕانەکان و ھەموو سیستەمەکان و ھەموو ئەوەی کە لە ئەم ڕۆژ ھەیە و سەرھەڵدەدات، بەرەنجامی خەیاڵکردنی مرۆڤ بوون و پاش ئەوەی کە مرۆڤەکان بۆ ئەزموونکردنی خەیاڵەکانی خۆیان کۆششیان کردووە، خەیاڵە ئەستەمەکان گۆڕاون بە کەتواری ڕۆژ و پەرەیان سەندووە و جیھانگیر بوون؛ ڕۆژگارێک سیستەمی (خێڵایەتی)ی و (دەرەبەگایەتی)ی و (بۆرجوازی)ی لەئارانەبوون و لەنێوچوونی دووانی یەکەم خەیاڵ بوو!
لە ئەو بارەوە لەوانەیە باشترین نموونە سیستەمی سەرمایەداریی و جیھانگیریی نەزمی تازەی بازار [نیئۆلیبرالیزم] بێت، کە ئەگەر سەد ساڵێک پێشتر کەسێک لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا لە بارەی سەرھەڵدانی سیستەمی سەرمایەداریی قسەی بکردایە و بیگوتایە “ڕۆژگارێک دەوڵەت سەراپای ژییان و بوونی و نەبوونی مرۆڤ و کۆمەڵ ژێردەست دەکات و بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەت ھیچ کار و چالاکیێک و پڕۆژەیەک بوارنادرێت”، یان ئەگەر پەنجا ساڵێک پێشتر لە ھەر گۆشەیەکی جیھان کەسێکی بیگوتایە “ڕۆژگارێک نەزمی بازاری بەڕەڵای نیئۆلیبرالیزم ھەموو گۆشەکانی جیھانی داگیردەکات و وەک نیویۆرک و واشنتن و لەندەن و ..تد خواردنی مێکدۆناڵد و تۆڕی سێکسفرۆشیی دەگەنە ھەرێمی کوردستان”، بەدڵنیاییەوە ھەموو خەڵک دەیگوت “خەیاڵپڵاوییە”، ھەر ئاوا کە ئێستا بە ئەم بیرۆکە پێشنیارکراوەی من و ھەزاران خەیاڵی دیکەی ئازادیخوڵزیی و یەکسانیخوازیی و دادپەروەریخوازیی بە ئەستەم دەزاندرێن و دەکرێن بە مایەی گاڵتەوگەپی کەسە ڕامیارکراوەکان و کەسە پاشڕەوەکانی ئەوان و ملکەچەکانی سیستەمی دەوڵەتیی.
لەبەر ئەوە و لەسەر ئەو بنەمایەی کە خەیاڵە ئەستەمەکانی دوێنێ کەتواری ئەم ڕۆژە هەن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەریخواز پەیگیرانە بۆ بەدیھاتنی خەیاڵەکانی ئێستا کۆشش بکات، بەدیھاتنی خەیاڵەکانی ئەم ڕۆژەی ئێمەش ئەستەم نین و نابن؛ ھەموو کەتوارێک بە ئاستی ھوشیاریی مرۆڤەکان پەیوەست هەیە، ئەگەر خەڵک خۆ-ھوشیار بێت، بەدیھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ئاسانترە و ئەگەر خەڵک بە ھەمیشەیی-بوونی سەروەریی چینایەتی خۆشباوەڕ بێت، بەردەوامی و تەشەنەکردن و گەشەکردنی سیستەمی ڕامیاریی [سیستەمی پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی و سەروەریی چینایەتی] مسۆگەرتر دەبێت و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی وەک خەیاڵێکی خۆش دەمێنێتەوە. هەر ناهوشیاریی و خۆشباوەڕیی چەوساوانە بوە بە خاڵی بەهێزیی سیستەمی بەڕێوەبەریی چینایەتیی و هاوکات بوە بە خاڵی لاوازیی بەرەی شۆڕش و سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.

کۆکاکۆلا و ماکدۆناڵد و پێپسی بە گەورەترین پیسکەرانی  بەریتانیا دەستنیشان کران

22/07/2023

بەپێی وردبینییەکی ساڵانەی کۆمپانیاکانی کۆکاکۆلا و ماکدۆناڵد و پێپسی وەک گەورەترین پیسکەر لە بەریتانیا دەستنیشانکراون.  گروپی کەمپەینی  Surfers دژ بە پیسی ئاوەڕۆ زیاتر لە 30,700 مادەی پیسکەری تاکەکەسی پشکنیوە کە لەلایەن 4,000 زانای هاوڵاتیەوە لە تەنیشت کەناراوەکان، ڕێڕەوی کەناڵەکان، و شەقامەکانی شاردا لە ماوەی 12 مانگدا تا 5ی حوزەیرانی20222 کۆکراونەتەوە.

لە وردبینیەکەدا دەرکەوتووە کە 12 کۆمپانیا بەرپرسیارن لە زیاتر لە دوو لەسەر سێ (70%)ی پیسبوونی مارکەی ئەو بوتڵ و کوپ و پلاستیك و ئەوانەی دیکە کە لە خواردن و خواردنەوەی سەفەرییدا بەکاردەهێنرێت کە لە ماوەی ساڵەکەدا کەڵەکە بوون.  کۆکاکۆلا بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک دەرکەوت کە گەورەترین پیسکەری بەریتانیایە، و بەرپرسیارە لە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی (17%)ی پیسبوونی پلاستیکی مارکە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە دەستپێشخەرییەکانی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی پلاستیک دەستپێکردبوو.

ماکدۆناڵد پلەی دووەمی بەدەستهێنا و 11%ی ئەو شتە پیسکەرانەی کە دەستنیشانکراون پێکدەهێنێت، پێش کۆمپانیای پێپسی کەوت کە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.  لە نێوانیاندا سێ کۆمپانیاکە بەرپرسیار بوون لە 37%ی هەموو پیسبوونەکە، کە دوو خاڵ لەسەدا دابەزیوە لە چاو وردبینی ساڵی ڕابردوو. پیسکەرەکانی دیکەی سەرەکی بریتین لە تێسکۆ، هاریبۆ، نێستلە، هاینێکن، مارس، کارلسبێرگ و ڕێدبول.

ئیزی ڕۆس، بەڕێوەبەری کەمپەین لە کۆمپانیای Surfers Against Sewage، وتی ئەنجامەکان “شۆککەر بوون، بەڵام بەداخەوە سەرسوڕهێنەر نین“. ئەو وتی: ساڵ لە دوای ساڵ هەمان تاوانباران دەبینین کە بەرپرسیارن لە بڕێکی قێزەون لە پیسبوونی بە پلاستیک لە کەناراوەکانمان، و لە شار و لادێکانمان. دەبێت لێپرسینەوە لە پیسبوونیان بکرێت”.

جێگای سەرسوورمان نییە کە کۆمپانیا و سەراپای بزنس  نەك هەر ژینگەیان وێران کردووە بەڵکو دونیایان وێران کردووە و ژیانیان نەهێڵاوەتەوە ،  نەك هەر بەشێكی گەورەشن لە دەوڵەت و ستیستەمەکە بەڵکو خۆیان دەوڵەت و سیاسەتمەدار و لە لوتکەی هەرەمی سیستەمەکەدا وەستاون و لە پێناوی قازانج و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە لە هیچ شتێك سڵ ناکەنەوە تەنانەت لە ملشکاندنی خۆشیان .

مانی بزنس بە هەموو جۆرتە کۆمپانیا گەورە و بچوکەکانییەوە بەستراوە بە مانی دەوڵەتەوە و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە .

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کینیا بەردەوامە

21/07/2023

دوێنێ 5شەمە ،ژمارەی کوژراوان گەیشتە شەش خۆپیشاندەر.  لە مانگی مارتی ئەمساڵەوە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژ بە گرانی تێچوی ژیانی خەڵکی و تێکدانی خانووە کۆنەکان و دروستکردنی شەقام و خانوی باش بۆ دەوڵەمەندان زیاتر لە 30 کەس کوژراون .  هەروەها ژمارەی برینداران و گیراوانیش زۆر زیاتر سەرکەوتووە لەوەی کە دوێنی ڕاگەیاندرا.

هاوکاتیش سەرۆکی پارتی موعاریز کە خۆی وەکو یەكێك لە خۆپیشاندەرەکان وتی لە شوێنی زۆر سەلامەتدایە ، داوا دەکات کە ئەمڕۆ، هەینی،  ملیۆنێك کەس بچنە سەر سەقامەکان .

جێی سەرسوڕمان نییە کە لەوێش وەکو هەموو شوێنێکی دیکە حیزبە موعاریزەکان  دەیانەوێت سەرمایەی گەورە لەسەر هێز و خۆێنی خەڵكانی ڕاپەڕیو دروست بکەن ، کاتێکیش کە خۆیان دەچنە سەر کورسی دەسەڵات، ئەوانیش باشتر نابن لە حیزبە حوکمڕانەکانی پێش خۆیان .  

خۆپیشاندانەکان لە کینیا بەردەوامە

20/07/2023

بەرزبوونەوەی تێچونی ژیان لە کینیا و بەرزکردنەوەی باج-یش (تەکس)  لە لایەن حکومەتەوە بوونە هۆی هاتنە سەر شەقامی خەڵکانێکی زۆر لە نایرۆبی پایتەختی کینیا و چەند شارێکی دیکە. بیانوی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی تەکس ئەوەیە گوایە قەرزی کینیا زۆر بەرزە و هەروەها خەڵکی پیویستی بە هاوکارییە ، بۆیە دەبێت تەکسی بەرزکردۆتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆتێك دوێنێ ، ڕۆژی 4شەمە 2 کەس لە خۆپیشاندەران  بە دەستی پۆلیس کوژراون و زیاتریش لە 14 بریندار گەیەنداراونەتە خەستەخانەکان .  هاوکاتیش زیاد لە 300 کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەسگیر کراون .

مانگرتنی دکتۆرە پسپۆڕەکان لە ئینگلتەرەدا

20/07/2023

دوای کۆتاییهاتنی 5 ڕۆژ مانگرتنی دکتۆرەکانی کە خزمەتیان لە 8 ساڵ کەمترەو بەششێکیان هێشتا لەژێر چاودێری دکتۆرە خاوەن ئەزموونەکان و تایبەتمەندەکاندا کاردەکەن ، لە ئەمڕۆوە 5شەمە ، 20/07 ،  دکتۆرە خاوەن ئەزموون و شارەزاکان کە تایبەتندییان هەیە لە جۆرەی نەخۆشییەکاندا  بۆ ماوەی 48 سەعات ماندەگرن .

هاوکاتیش دکتۆرەکانی ددان کە سەر بە بەشی چارەسەر و تەندروستی بریتانیان لەگەڵ ئەم دکتۆرانەی دیکەدا مان دەگرن تا سەعات 7ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەم، 22/07. مانگرتنی ئەم دکتۆرانەش بۆ زیادکردنی موچەیە

لە ئێستادا حکومەت بڕیاری داوە کە موچەکەیان بە ڕێژەی لە سەدا 6 بەرزبکاتەوە بەڵام ئەمان ڕازی نیین و زۆر بە کەمی دەزانن کە لە کاتێکدا موچەی فیعلییان لە ساڵی 2008 وە تاکو ئێستا بە ڕێژەی لە سەدا 35 دابەزیوە بەهۆی گرانبوون تێچووی ژیان وبەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو .  ئەمان هەڕەشەی ئەوە دەکەن گەر حکومەت ئامادە نەبێت بۆ وتووێژ و بەدەستهێنانی داواکەیان ئەوە لە مانگی داهاتووشدا ، مانگی ئاب، بۆ 48 سەعاتی دیکە ماندەگرنەوە.

هەر ئاواش کرێکارانی نقابەی قیتارەکانی سەر زەوی کە شارەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە  و سەر بە 14 کۆمپانیان ئەوانیش 24 سەعات لە مانگرتندا دەبن .  ئەمان ئەمە یازدەهەمین جاریانە ئەمساڵ کە ماندەگرن  بۆ زیادکردنی موچەکەیان و مەرجی کارکردن و دەرنەکردنی کرێکاران .  ئەمە جگە لەوەی کە لەم ماوەیشدا حەکومەت بڕیاری دا کە زۆربەی زۆری محەتەکانی قیتارەکانی ژێرزەوی و هەندێك لەوانەی سەر زەوی لەسەرجەمی 1007 محەتە  دابخات.

نقابە بەمە زۆر ناڕازی بوو چونکە بوونی کرێکاران و کارمەندان لە محەتەکاندا زەروورن هەم بۆ سەلامەتی بەکارهێنەران و هەم بۆ هاوکاری پیر و پەکكەوتە و ئەوانەی کە زمانی ئینگلیزی نازانن یاخود ئەو ژن و پیاوانەی کە بە عەرەبانەی منداڵەکانیانەوە قیتار بەکاردەهێنن و پێویستیان بە یارمەتییە.  ئەمەش خالێکی دیکەی ناکۆکی نێوانی نقابە و ئیدارەی قیتارەکان و حکومەتە .

سکرتێری نقابەکە دەڵێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە لە لایەن حکومەت و ئیدارەی قیتارەکانەو هیچ پەیوەندییەکیان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پیوە نەکراوە.  بڕیاررە لەم مانگەدا دوو جاری دیکە واتە لە ڕۆژی 22ی مانگ و 29ی مانگ دووبارە مانگبگرنەوە .  زیاتر لە 20 هەزار کرێکار و کارمەند بەشدان لە مانگرتنەکەدا. 

نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە بریتنایا بە دانەوەی  قیستی قەرزەکانیاندا ڕاناگەن و بەشێکی زۆریان کێشەی درونییان هەیە

زاهیر باهیر

19/07/2023

قورسبوونی ژیان لە بریتانیا بە سەرکەوتنی هەموو پێداویستییەکانی ژیان و بەرزبوونەوەی بڕی سوو کە 13 جار لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2021 بەرزبووتەوە و پێشبینی ئەوەش دەکرێت بۆ جاریکی دیکەش ، جاری چواردەهەم ،سبەینێ یاخود 5شەمەی ئایندە بەرزببێتەوە ژیانی زیاتر قورس کردووە.  هاوکاتیش موچە و کرێ بە ڕێژەی لە نێوانی لە سەدا 5 و لە سەدا 6 بەرزکراوەتەوە کە زۆر زۆر لە خوار ڕیژەی بەرزبوونەوەی پیداویستیەکاندایە.  لە لایەکی دیکەشەوە بۆ هەندێك بەشی کرێکاران و کارمەندان لە ڕاستیدا کرێ و موچەی فیعلی لە ساڵی 2009 وە تا ئێستا بە ڕێژەی لە سەدا 35 دابەزیوە.

لەم ڕۆژانەدا ڕاپرسییەکی YouGov بۆ ڕێکخراوی خێرخوازی پەیمانگای سیاسەتی پارە و تەندروستی دەروونی کراوە و دەرکەوتووە کە 12%ی بەشداربووان لە ڕاپرسییەکەدا  لانیکەم لە دانەوەی پارەی قائیمەی وزە و قەرزی کارتی بانق و هی خانوو هەروەها هی قەرزی ئاسایی و دانی کرێی خانوودا ڕاناگەن و لە دواوەن .  بڕێکی زۆر لەمانە کێشەی دەروونییان بۆ دروست بووە.

توێژینەوەکە وای قەبڵاندووە کە ئەمەش یەکسانە بە 3 ملیۆن کەس کە لە پارەدانی یەکێك لەو قیستانەی سەرەوەدا  دواکەوتوون و لە دوو ساڵی پێشوودا تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا 60% ڕایانگەیاندووە کە هەستیان کردووە ناتوانن لەگەڵ دانی قیستەکاندا لەکاتی خۆیدا ڕێبکەن  بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچوونەکانی ژیان، هاوکاتیش  تەنها 9%یان  لە سەرەتای قەیرانی تێچووی ژیانەوە ئامۆژگاری چونیتی دەستگرتنەوە بە پارەوە یا خود ڕاگەیشتن بە دانەوەی قەرزەکانیاندا وەرگرتووە.

بێ گومان ئەم ڕێژەیە بەردەوام لەسەر کەوتندا دەبێت بە هۆی ئەوەی کە بارودۆخی ئابووری لە بریتانیادا ڕوو لە باشی نییە . گەرچی بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆ ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە بڕی لە سەدا 8.7  وە لە مانگی حوزەیرانەوە دابەزیوە بۆ ڕێژەی لە سەدا 7.9 .  بەڵام ئەم ڕێژەیە جێگای پرسیارە لانی کەم لەبەر 3 هۆ :

یەك: نرخی سەراپای پێداویستییەکان نەك هەر وەکو خۆیەتی و ڕاوەستاوە و وەك مانگەکانی پێشتر ، بەڵکو هەندێکیان چوونەتە سەرەوە .

دوو : ڕاگەیاندنەکان سیاسیانەیە واتە بە مەرامی سیاسی دەکرێن لەو بارەشدا مەرج ڕاست بێت . ئەم ڕاگەیاندنەی ئیستاش گوماناوییە. بۆ نمونە: لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕیشی سوناكی سەرەك وەزیران 5 کارنامەی گرنگی بۆ خۆی دانا کە تا کۆتایی ساڵ ئەنجامیان بدات . کە لەوانە دابەزینی ژمارەی هاتنی پەنابەران و کۆچبەران بوو دووەمیان هێنانەخوارەی بڕی هەڵئاوسانی پارەیە بۆ نیوەی ئەو کاتەی واتە نزیكبوونەوەی لە ڕێژەی لە سەدا 5 وە .

سێ: هۆکارەکە هەر سیاسیانەیە: نموونەیەکی دیکە لە ئێستادا کە ماوەیەی زیاتر لە 6 مانگە شەپۆلی مانگرتن بەردەوامە بۆ زیادکردنی موچەو و کرێ.  بیانوی سەرەکی نقابەش زیاد بوونی تێچووەکانی ژیانە بە زمانی سیاسی و ئابووریناسەکانیش بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاواسانی پارەیە .  بۆیە گرنگە لە ئێستادا بانگەشەی ئەوە بکرێت و پێداگری لەسەر ئەوە بکرێت کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دابەزیوە ئەمەش یانی دەبێت مانگرتوان بەو ڕێژەیەی کە بۆیان دانراوە لە زیادبوونی موچە و کرێیان رازی بن .

پارتی کرێکارانی بریتانیا وردە وردە لەو پەیمانانەی کە دابونی پەشیمان دەبێتەوە

زاهیر باهیر

18/07/2023

کاتێك کە کیری ستارمەر هەڵبژێرراو بە سەرۆکی پارتی کرێکاران گەلێک بەڵینی دا کە  لە مانیفێستۆی سەرۆکی پێشوودا ، جێرمی کۆربن ، بوون ، کە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەوانە.

بەڵام ئێستا هەر جارە و لە یەکێکیان بە بیانوویەك پەشیمان دەبێتەوە .  چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە بەڵێنی  دانی مەنحە بە قوتابیانی زانکۆ پەشیمان بوەو ئەگەر بێنە سەر حوکم .  لەم ڕۆژانەشدا لە بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتێکی حیزبی موحافیزینی حوكمڕان پاشەکشەی کرد .

پێش ساڵی 2017 خێزانەکانی بریتانیا پارەی بیمەی منداڵانیان بۆ منداڵەکانیان وەردەگرت چەندێك منداڵیان بوایە .  بەڵام لە ساڵی 2017 دەدا وەزیری دارایی بریاری دا کە تەنها بۆ 2 منداڵ لە خێزانەکەدا پارە سەرفبکرێت .  ئەم سیاسەتەش بوەتە هۆی ئەوەی کە 250 هەزار منداڵ بخاتە حاڵەتی زۆر هەژارییەوە و 850 هەزاری دیکە بەرەو هەژاری بەرێت.

بیانوی سەرۆکی حیزبی کرێکاران و وەزیری دارایی سێبەر ئەوەیە کە پارەیان نابێت و ئەو کاتەی کە ئەو بەڵینەیان دا باری ئابووریی بریتانیا زۆر باشتر بوو لە ئێستا .

ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە ئەمان کە هێشتا حیزبی موعارەزەن بەڵێنەکانیان دەشکێنن ئەی کە دێنە سەر حوکم ؟  پێشبینی ئەوە دەکرێت کە کاتێك  دێنە سەر حوکم ئەو کاتە ڕەنگە هێڵێکی سەرەکی جیاکەرەوە لە نێوانی خۆیان و حیزبی موحافزین دا نەمێنێت .   

دەزگەی سێنتەری فکر، Thinktank ، ڕاگەیاندنەکەی سەرەكوەزیرانی بریتانیا بەدرۆدەخاتەوە

23/07.2023

شەپۆلی مانگرتنی یەك بەدوای یەکی کرێکاران و کارمەندانی بەشی گشتی سەر بەدەوڵەت لە مانگرتنندان سەبارەت بە زیادکردنی کرێ و مووچە .  ئەمە لە کاتێکدا کە لە لایەن خەڵکەوە هاوپشتییەکی زۆریان لێدەکرێت کەچی سەرەکوەزیران و وەزیرانی بەشە جیا جیاکان ئامادە نین لەگەڵ نوێنەری کرێکارەکاندا کە نقابەن وتووێژ و سازش بکەن .

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی بریتنایا ڕیشی سوناك زیادکردنی مووچەی بەلایەنی کەمەوە 6%ی بۆ ملیۆنان مامۆستا و پەرستار و پزیشک و پۆلیس ڕاگەیاند و پێی ڕاگەیاندن دوایین ئۆفەر “کۆتاییە” و دانوستانەکانی دیکە ناکرێت، سەرەڕای هەڕەشەی ڕێوشوێنی زیاتری مانگرتن.

سوناک ئاماژەی بەوە کردووە کە سەندیکاکان کە داوی زیاتر دەکەن وەکو چەوسێنەر ڕەفتار دەکەن کە داواکاری “ناڕاستەقینە”یان هەیە کە زیان بە دارایی حکومەت دەگەیەنن و مەترسی خراپترکردنی هەڵاوسانیان هەیە.

بەڕاگەیاندنی ئەم پەیامانە دەزگەی مەرکەزی فکر-ی بریتانی هاتنە سەر خەت و دەڵێت بەرزبوونەوەی مووچەی کەرتی گشتی بە ڕێژەی 10%، شتێکی کەم بۆ هەڵاوسان زیاد دەکات.

ئەم دەزگەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەتوانرێت کە موچە بە ڕێژەی لەسەدا  10.5% زیادبکرێت بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی کەرتی گشتی بۆ ئاستی پێش پەتاکە دوای ئەوەی هەڵاوسان لەبەرچاو بگیرێت هێشتا ئەوەندە ناچێتە سەرەوە بەڵکو تەنها  لە سەدا 0.14 ڕیژەی هەڵئاوسانی پارە سەر دەخات ئەویش بە قەرزکردنی پارەی زیاتر .

لە ئینگلتەرا زیاتر لە 100,000 شوێنی بەتاڵی پڕنەکراوە لە NHSدائیرەی تەندروستی بریتانیا هەیە، لەکاتێکدا دامەزراندنی کارمەند بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان بە ڕێژەی 40% لە خوار ئامانجەکانی وەزارەتی پەروەردەوەیە.

بەپێی  ئەو دەزگەیە تەنانەت بە یەکلاییکردنەوەی مووچەی 6%، وااتە بەرزکردنەوەی موچەیانن بەو ڕێژەیە  کرێکارێکی کەرتی گشتی ئەمساڵ 1400 پاوەند خراپتر دەبێت بە بەراورد بە تەنها پێش پەتاکە، چونکە کرێی مووچە هاوتەریب نەبووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

مانگرتنی بەشێکی زۆری ددکتۆرەکان لە ئینگلتەرە

13/07/2023

ئەمڕۆ 5شەمە، 13ی مانگ ئەو دکتۆرانەی کە ماوەی خزمەتیان کەمتر لە 9 ساڵە بۆ بەرزبوونەوەی موچەیان بۆ ماوەی 5 ڕۆژ ماندەگرن .  مانگرتنەکەیان لە سەعات 7ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە تاکو سەعات 7ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 18ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئەمان داوای زیادکردنی موچەکەیان بە بڕی لە سەدا 35 دەکەن کە لە قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی 2008 -2009 وە موچەی فعلییان بە ڕێژەی لەسەدا 26 دابەزیووە کەواتە داخوازی ئەمان لە ڕاستیدا بۆ زیادکردنی موچەکەیان بەڕێژەی لە سەدا 9 یە .

وزەیری تەندروستی و وەزیری دارایی تەنها ئامادەن کە بە ڕێژەی لە سەدا 5 مووچەکەیان بەرزبکەنەوە بۆیە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوانی هەردوو لایاندا.  بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەوڵەت مانگرنتی 5ڕۆژی ئەمان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 600 هەزار مەوعیدی خەستەخانە و نزیکەی بزربوونی 365 هەزار ستاف لەو ماوەیەدا کە مانگرتنەکە کارایی خۆی دادەنێت .

هاوکاتیش بەتەواوبوونی مانگرتنەکەی ئەمان مانگرتنی دکتۆرە پسپۆرەکان کە لە بەشێکی تەندروستیدا شارەزاو تایبەتن بۆ 2 ڕۆژ دەست پێدەکات .  مناگرنتی ئەوان لە ڕۆژی 20ی مانگەوە لە سەعات 7ی سەرلەباینییەوە تاکو ڕۆژی 22ی مانگ تاکو سەعات 7ی سەرلەبەیانی دەخایەنێت.

 کچانی خوێندکاری زانکۆکانی ئێران ئایندەیان دەکەنە قوربانی پرنسپڵەکانیان

زاهیر باهیر

12/07/2023

دژایەتی کردنی حکومەتی ئێران هەر بەردەوامە بەڵام لە شوێنی جیا جیادا و بە کردنی چالااکی جیا جیا.  لە ئیستادا زۆرێك لەو خوێندکارانە ڕوبەرووی حکومەت دەبنەوە بە نەپۆشینی حیجاب لە هەندێك لە زانکۆکانی ئێران ، لەوانە زانکۆی تاران.

زیاتر لە 60 خوێندکار دەیانەوێت بە بێ حیجاب بەردەوامی بدەن بە خوێندنەکەیان بەڵام لە لایەن ئیدارە زانکۆوە کە فرمانی فەرمی حکومەتە ڕێگەیان پێنادررێت و پێیان ڕاگەیانراوە کە خۆێندنیان ڕادەگیرێت و پلەی تاقیکردنەوەکانیان سفریان پێ دەدرێت . ئەمە جگە لەوەی کە گرتن و دەستبەسەرکردنی گەنجان هەر بەردەووامە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دیمانەی لەگەڵ 9 خوێندکار کە خوێندنەکانیان لە لایەن ئیدارەوە راگیراوە و ڕێگایان پێنادەن کە بچنەوە داخلییەکانیان .  یەکێکیان لە دیمانەکەدا وتی  بەهۆی ڕەتکردنەوەی حیجاب لەبەرکردنی بەکۆمەڵ لە ناو کەمپەکە قەدەغە دەکرێین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکوتکردنی توندوتیژانە بەسەرماندا کراوە بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە دانیشتووین لە ناڕەزایەتیدا“. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئەمنیی “بە توندوتیژی لە پۆلەکان دەریانکردین”  یەکێکی تریان وتی پرۆفیسۆرەکەیان هێڕشی کراوەتە سەر و رێگای پێ نادرێت کە بێتەوە زانکۆ لەبەر ئەوەی کە هاوپشتی بۆ ئەوان دەربڕیوە .

ئەنجوومەنی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە لانیکەم40 خوێندکاری کچ بەهۆی “بەتەواوی ڕەچاونەکردنی” یاساکانی حیجاب “بە مەرج” لە خوێندن ڕاگیراون.  بەڵام ڕێکخراوی ناحکومی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (HRAI) باس لەوە دەکات کە لانیکەم 64 خوێندکار لە خوێندن ڕاگیراون و سێ خوێندکار دەرکراون.

خوێندکارێکی خەڵکی شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە 40هەمین ڕۆژی مردنی مەحسا ئەمینی، چەندین جار شەقم لێدراوە. لە وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە سڕ دەکرێمەوە، ساڵێکی تەواو لە دواوە دەبم. ، خەونم بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات دەبینی، بەڵام بەداخەوە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، ئایندەم تاریکە”.

خوێندکارێکی خەڵکی تاران دەڵێت: دوای سێ ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی پۆستێک سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدان، تیمی ئاسایشی زانکۆ دوای هەڵکوتانە سەر هۆڵی نیشتەجێبوونمان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەمدا گرت.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەروەها پۆستەری ناڕەزایەتی یان هەر شتێکی پەیوەست بە شۆڕشی بەردەوامیان کۆدەکردەوە و ئاگاداریان کردینەوە لە دەرئەنجامە خراپترەکان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “گومانم هەیە ئەو ئەفسەرانەی کە دەچنە ناو بەشەناوخۆییەکانمانەوە لە تیمی ئاسایشی زانکۆکە بن.  پێشتر هەرگیز نەمبینیون،  ڕۆژی دواتر لەگەڵ سێ هاوڕێم بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرام”.

خوێندکارێکی دیکە لە تاران وتی: ئیدارەی زانکۆ وەک باڵێکی درێژکراوەی کۆماری ئیسلامی مامەڵە دەکات. من خەریکی ئامادەکردنی داواکارییەکانم بووم بۆ خوێندنی ماستەر لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ترسم هەیە نە نامەی پێشنیارکردنم پێ بگات، نە نمرە پەیوەندیدارەکانی پێویست بۆ داواکارییەکەم وەربگرم. لەلایەن ئیدارەی زانکۆکەمەوە ئاگادارکرامەوە کە ئەگەر داوای لێبوردن نەکەم و پۆستەکانی سۆشیال میدیا بۆ پشتگیریکردن لە شۆڕش پاشەکشە نەکەم، نمرەی سفر بەدەست دەهێنم”.

خوێندکارێکی تریش وتی دادگاییکردنێکی هاوشێوەی دادگا لە زانکۆکاندا بەڕێوەدەچێت و لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانە بڕیار لەسەر ژنان دەدرێت و دواتر ڕاگیراون.  بەڵام لەبارەی چارەسەرەکەیەوە وتی: “کەسانێک هەن چاویان لەدەستداوە؛ کەسانێک هەن کە کوژراون.  بە بەراورد بەو شتانەی کە لە پێناو ئازادی ئێراندا تووشی بوون، سڕکردنی من هیچ نییە.”