ئامانجی ئەنارشیستەکان

ئایا دەکرێت ئێمە ئەنارشیست بین و بەناوێکی دیکە خۆمان بە کۆمەڵ و هاوچینەکانی خۆمان خۆمان بناسێنین؟

وەڵام: نەخێر!

ئێمە ئەنارشیستین و بۆ کۆمەڵی ئەنارشی تێدەکۆشین، چوونکە بە بۆجوونی ئێمە بەس لەنێو کۆمەڵی ئەنارشی (واتە کۆمەڵی ناچینایەتی/نادەوڵەتیی/سەربەخۆ/فێدراڵ) ئێمە دەتوانین بە ژیانی شاییستە و ئاسوودەیی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی بگەین.

هەڵبەتە، ئێمە چاوەڕوانی بەدیهاتنی وەها کۆمەڵێک بە شەو و ڕۆژێک یان بە کودەتا و ڕاپەڕین و ڕووخانی حکوومەت ناکەین. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، بەگوێرەی بوار و توانا و هێز و ئامادەیی هاوئامانجەکانان، چەندی بکرێت، خەونەکانمان کردەیی بکەینەوە و بەدیبێهین، ئیدی ئەوە لە بەدیهێنانی دەسکەوتێکی گچکەی کاتییەوە تاکو ڕووخاندنی سیستەمی ڕامیاری و کۆمەڵی چینایەتی دەگرێتەوە؛ دەکرێت ئەم ڕۆژ بەس بتوانین هەفتەیەک پێکەوە سەیرانێکی ئەنارشیستییانە بکەین، یان بەیانی بتوانین هەرەوەزییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بچووک پێکبهێنین، یان چەند ساڵی دیکە فێدراسیۆنی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ئاسۆییە جەماوەرییەکان پێکبهێنین، یان بایکۆتێکی ئابووریی، بایکۆتی دەنگدان، بایکۆتی باجدان، یان هەنگاوێکی دیکە بنێین. بەڵام، هەرگیز بڕوامان، بە لەنێوبردنی پەڕجووییانە و یەک شەو و ڕۆژانەی ڕێگرەکانی کۆمەڵی ناچینایەتی، نییە!

چوونکە هەڵوەشاندنەوەی سیستەم و کۆمەڵی چینایەتی و ڕۆنانی کۆمەڵی ناچینایەتی، لە توانای دەستەیەکی پێشڕەو، یان کودەتای سەربازیی، یان بردنەوەی پارلەمانیی، یان هەڵچوون و خۆنیشاندان و ڕاپەڕینێک نییە، بەڵکو پڕۆسێسی بەردەوامی گۆڕانی شۆڕشگەرانەی کۆمەڵایەتییە و هەردەم پابەندی چەندایەتی و چۆنایەتی و ئاستی خۆهوشیاریی شۆڕشگەڕانەی ئێمە چەوساوان بوە و هەیە و دەبێت.

ئێمەش (ئەنارشیستەکان) خۆمان بە بەشێک لەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییە دەزانین و هەین و دەبین. نە زیاتر و نە کەمتر. ئیدی لەبەر ئەوە ئێمە ئەنارشیستەکان هیچ شتێکمان بۆ شاردنەوە لە هاوچینەکانمان و لە دوژمنەکانیشمان نییە و ئەوە نیشاندەدەین، کە هەین؛ واتە

دژی هەبوونی چین و سەروەر و کۆمەڵی چینایەتی

خوازیاری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی و کۆمەڵی ناجینایەتی

ساڵی نوێ زۆر بە خراپ دەستی پێکرد ، دەستپیکێکی باش نییە

04/01/2024

سەرەتای ساڵی نوێ دەردەکەوێت کە سامانداران و گەورە بەڕێوەبەرەکانی بەریتانیا داهاتی ئەمساڵیان باشتر دەبیت تاکو پار .

بە گوێرەی راپۆرتێك کە توێژینەوەیەکی چڕ و پرە هەندێك لە بەڕیوەبەرە گەورەکانی  داهاتی 3 ڕۆژ کاردنیان هەتاکو ئەم نیوەڕۆیە ، 5شەمە، کاتی نانخواردن یەکسانە بە تەواوی بڕی داهاتی ساڵێکی کرێکارێک ، کارمەندێك کە 34،963 پاوەندە پێش داشکاندنی باج. 

  هاوکاتیش ئەوەش هەیە کە شەپۆلی مانگرتنەکان بەردەوام دەبێت . ئەوە لە دوێنێوە دکتۆرەکان کە لەژێر چاودێری دکتۆرە پسپپۆڕەکان و خاوەن ئەزموونەکاندا کار دەکەن، بۆ ماوەی 6 ڕۆژ لە مانگرتندان و بڕیاریان داوە گەر داخوازییەکانیان جێ بەجێ نەکرێت کۆڵنادەن لە مانگرتن .

هەر ئاواش کرێکارانی هێلی قیتاری ژێرزەمنی ڕۆژی 4 شەمەی ئایندە  10ی مانگ لە لەندەن ماندەگرن .

دەیەها هەزار دکتۆر کە هێشتا لەژێر  چاەدێری دکتۆرانی شارەزا و خاوەن ئەزمووندان بۆ شەش ڕۆژ مان دەگرن

زاهیر باهیر

03/01/2024

مانگرتنی دکتۆرەکان بۆ ماوەی 6 ڕۆژ لە ئەمڕۆوە ، 4شەمە لە سەعات 7ی ئەم بەیانییەوە دەستی پێکرد .  ئەمە دەیەم جاریانە لە مانگی مارتی ساڵی پارەوە ، 2023 ، کە مانگرتن دەکەن و تا ئێستاش 34 ڕۆژ مانیان گرتووە .  مانگرتنی جاری پێشوویان بۆ 3 ڕۆژ بوو پێش کریسمس بوو، ئەم  مانگرتنەیان درێژترین مانگرتینانە دوای ئەوەی کە لە مانگی تەموزی پارەکەدا کردیان بۆ ماوەی 5 ڕۆژ.

دکتۆرەکان داوای بەرزکردنەوەی موچەیان بە ڕێژەی لە سەدا 35 دەکەن کە لە سەدا 26 ی  بۆ قەربوو کردنەوەی ساڵانی پێشوویانە واتە لە 2008 وە کە تا ساڵی 2019 هیچیان بۆ زیادنەکراوە لە 2016 شەوە ئەوەی هیچی دیکەیان بۆ زیاد نەکراوە لەو ڕیژەیەدا مووچەیان وەستاوە . ئەو زیادکردنەش زۆر لە خوار سەرکەوتنی کولفەی تێچونی ژیانەوە بووە.

ئەمە لە کاتێکدا سیاسییە بێ مۆڕاڵەکانی بریتانیا بە بەردەوامی موچەیان بۆ زیاد کراوە ، کە جگە لە هەڵوەڕی و وێرانکردنی ژیانی خەڵکی بە بڕینی بیمەکان و کەمکرنەوەی ئازادییەکانمان بەرگریکردن لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دەنگدان بۆ جەنگ و لایەنگریکردنی حکومەتە فاشیی و دیکتاتۆرەکانی دونیا هیچیان نەکردووە و ناشی کەن ، تەنها سك دەلەوەڕێنن ، ئێم پییەکان توێژالێکی ئاشکرای توفەیلی کۆمەڵن.

با ئێستا بەراوردێك بکەین لە نێوانی مووچەی پەڕلەمانتارەکان و دکتۆرەکاندا هەر لە سالی 2008 وە :

2008: MPs – £61,820, first year junior doctors – £28,274

2009: MPs – £64,766, first year junior doctors – £28,274

2010: MPs – £65,738, first year junior doctors – £28,274

2011: MPs – £65,738, first year junior doctors – £28,274

2012: MPs – £65,738, first year junior doctors – £28,274

2013: MPs – £66,396, first year junior doctors – £28,274

2014: MPs – £67,060, first year junior doctors – £28,274

2015: MPs – £74,000, first year junior doctors – £28,274

2016: MPs – £74,962, first year junior doctors – £32,398

2017: MPs – £76,011, first year junior doctors – £32,398

2018: MPs – £77,379, first year junior doctors – £32,398

2019: MPs – £79,468, first year junior doctors – £32,398

2020: MPs – £81,932, first year junior doctors – £32,398

2021: MPs – £81,932, first year junior doctors – £32,398

2022: MPs – £84,144, first year junior doctors – £32,398

2023: MPs – £86,584, first year junior doctors – £32,398

لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا پەرلەمانتارەکان لە 61،820 پاوەندەوە مووچەیان سەرکەوتووە بۆ 86،584

May be an image of 10 people and text

ژیاننامەی نێسترۆ ماخنو

01/01/2024

“……… لەگەڵ ئەوەشدا ئەنارکیزمی ماخنۆ تەنیا لە پڕوپاگەندەی زارەکیدا قەتیس نەبوو، گەر چی ئەمە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگرانی نوێ، گرنگ بوو. بە پێچەوانەوە، ماخنۆ پیاوێکی کرداریی/عەمەلی بوو کە تەنانەت لە کاتێکدا سەرقاڵی هەڵمەتە سەربازییەکان بوو، لەو کاتەشدا هەوڵی دەدا بیرۆکەە ئەنارکیستییەکانی خۆی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم کردەوەی لە چوونە ناو شارۆچکەیەکدا — دوای کردنەوەی دەرگای زیندانەکان — ئەو بڕوایەی دەڕەواندەوە کە هاتووە بۆ ناساندنی فۆرمێکی نوێی حوکمڕانی سیاسی. ڕاگەیاندنەکانی بڵاودەکرانەوە و دانیشتووانیان ئاگادار دەکردەوە کە ئێستا ئازادن ژیانیان بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانن بۆ خۆیان ڕێکبخەن، سوپا یاخیبووەکەی “دیکتەیان ناکات و فەرمانیان پێنادات هیچ کارێك بکەن”. ئازادی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە ڕاگەیەندرا، هەرچەندە ماخنۆ حەزی بەهاندانی ئەو ڕێکخراوانە نەدەکرد کە لە هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسییاندا بوون، بەگوێرەی ئەوە کۆمیتە شۆڕشگێڕییەکانی بەلشەفیکەکانی هەڵوەشاندەوە و ئەندامەکانیانی ڕاسپارد کە “هەندێک مامەڵەی ڕاستگۆیانە ئەنجام بدەن” [13 ]

” لێرەدا ئامانجی ماخنۆ توڕدانی هەژموونی هەموو جۆرەکانی هەیمەنەکردن بوو، ئامانجی ئەو هاندانی چارەنووسی ئابووری کۆمەڵایەتی و بڕیاردانی خۆیی بوو . لە یەکێک لە جاڕنامەکانی لە ساڵی ١٩١٩دا دەڵێت: ” ئەوە کاری جوتیاران و کرێکاران خۆیانن بۆ خۆڕێککخستنی خۆیان و بگەنە لە یەكتێگەیشتنی یەکتر لە هەموو بوارەکانی ژیانیانادا و بەهەر شێوەیەك کە خۆیان بە ڕاستی دەزانن “.

………………………………

نووسینی مێژوونووس Paul Avrich

13. Volin, The Unknown Revolution, p. 631

لە ژیاننامەی نێستۆر ماخنۆوە

“لە ئۆکرانیا لە ساڵانی 1918-1920، وەك لە ئیسپانیای ساڵانی 1936-1939، تاقیکردنەوەی ئازادیخوازانە لە سەردەمی بارودۆخی شەڕی مەدەنی و لاوازبوونی ئابووری و سەرکوتی سیاسی و سەربازیدا ئەنجامدرا، بۆیە نەیتوانی بەردەوام بێت. هۆکارەکەش لەبەر نەبوونی هەوڵدان، یاخود نەبوونی خۆتەرخانکردن و پەرۆشیبوون بۆ ئەنارکیزم نەبوو. لە هەموو هەڵمەتەکانی ماخنۆدا ئاڵایەکی ڕەشی گەورە، هێمای کلاسیکی ئەنارشی، بەسەر سوپاکەیدا دەشەکایەوە، کە بە دروشمی “ئازادیی یان مەرگ” و “زەوی بۆ جوتیاران، کارگەکان بۆ کرێکاران” نەخشێرابوو. کۆمیسیۆنی ڕۆشنبیری-پەروەردەیی پێكهاتبوو لە ڤۆلین، Volin ، ئارشینۆڤ، Arshinov ، و بارۆن، Baron سەرنووسەری گۆڤارەکانی ئەنارکیستی و ڕاگەیاندن و بەیانی ئەنارکیستییان دەردەکرد و وتاریان لەسەر ئەنارکیزم پێشکەش بە سەربازەکان دەکرد. لەوەش زیاتر، کۆمیسیۆنەکە شانۆیەکی ئەنارکیستی دامەزراند و پلانی دانا قوتابخانەی ئەنارکیستی بە مۆدێلی ئێسکولا مۆدێرنای فرانسیسکۆ فێرێر، Francisco Ferrer’s Escuela Moderna ،لە ئیسپانیا بکاتەوە.”

ژیاننامەی پیاوی ئەفسانەیی نێستۆر ماخنۆ

Paul Avrich

چۆن هەست بەوانی تر بکەین؟ چۆن ناکۆک بین؟ گرووپی LGBTوەک نموونە

شاخەوان

26/12/2023

من ئەگەر ناکۆکم لەگەڵ شتێکدا، ئەوە بۆ خۆم و لە ئێستادا ناکۆکم بەو شتە، ئەو ناکۆکییەی من هەمە لەگەڵ شتەکاندا هەرگیز بیانووی سەپاندن نییە بەسەر ئەوانی تردا، ئەمە لە سۆنگەی ئەوەوە دێت کە بارودۆخێک منی بەم چەشنە لە ناکۆکی گەیاندووە و ئەوی تریش بارودۆخێکی تر بەو چەشنە تایبەتییەی خۆیی گەیاندووە… لەم چەند دێڕەی سەرەوەدا دەمەوێت بڵێم؛ تاک خۆی سەنتەری خۆیەتی، نەک نموونەی باڵا بۆ ئەوانی تر.

لە بارێکی باشدا مرۆڤ پێویستی بە ئارگۆمێنتسازی و گفتوگۆی زانستی و عەقڵانی شتەکان هەیە بۆ هەڵسەنگاندن، بەتایبەتی هەڵسەنگاندنی شتە گشتییەکان، ئەوەش بە جۆرێک کە نەبێتە دۆگم و هەمیشە چەند گریمانەیەکی زیندوو و کراوە بەهەند وەربگیرین.. ئالەم حاڵەتەشدا ئێمە خەریکی عەقڵسەنتەری یاخود مرۆڤسەنتەرین.. بەم جۆرەش هێشتا ئێمە دەتوانین (بابەتی) هەڵسەنگاندن بکەین نەک (خودی).. بۆ نموونە ئێمە دەکرێت باسی جوانییەکانی ئەو گوڵە بکەین کە لە تابلۆیەکدا هەیە و هەستی پێ بکەین، بەڵام ئەم باسە هەرگیز باسی راستەقینەی خودی گوڵە هونەرییەکەی ناو تابلۆکە نییە..

بەگشتی ئامرازەکانی (تێگەیشتنی مرۆڤ لەوانی دی) ساکار نین، پێناچێت هیچ ئامرازێکی تێگەیشتنی مرۆڤ هەبێت خراپ نەبێت، بەڵام دەشێت پەنابردنە بەر باشترین ئامرازە خراپەکان، لە پەنابردنە بەر خراپترین ئامرازە خراپەکانی تێگەیشتن، باشترین هەوڵێک بێت کە بتوانین لە ئێستادا بیدەین.

یەکێک لە باشترین ئامرازە خراپەکانی تر کە بەهرەیەکی زۆر تایبەتی مرۆڤە، خۆلەبریدانان-ە. سەیرکردنی بابەتیانەی دیاردە و شتەکان بەس نین بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین، بەڵکو هەوڵدان بۆ ئەوەی خۆت بخەیتە شوێنی شتەکان و کەسەکان، حەقیقەتێکی زیاتر بە باری سەرنج و باری تێگەیشتن دەدەن، ئەمە لە باشترین حاڵەتدا زەحمەتە و لە خراپترین حاڵەتیشدا ئاستەمە.

بابەتی LGBT یەکێکە لەو شتانەی بەر لەوەی خۆی کێشەیەکی گەورە بێت، کێشەی گەورەی تێگەیشتنە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، مقابەلەی کەسێکی هاورەگەزخوازم بینی، باسی ئەو دۆزەخە کۆمەڵایەتی و نەریتی و دینییەی دەکرد کە بە هۆی ئەو مەیلەیەوە بۆی دروست بووە، بە نزیکی هەموو شتێکی لەدەستدابوو لە پێناویدا.. بۆ منیش زۆر جێگەی پرسیار بوو، (ئایا ئەوە چییە وادەکات هێندە قوربانی بدەیت لەپێناویدا؟).. سەرەڕای ئەوەی دەربارەی لایەنی زانستی ئەو دۆخە هەندێ شتی سەرەتاییم خوێندبۆوە، وە سەرەڕای باوەری زۆرم بە ئازادی مرۆڤ.. بەلام هێشتاش نەمدەتوانی وەلامی وردی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە.. چونکە لێرەدا کێشەکە تەنها مەسەلەی کرۆمۆسۆم و ئارگۆمینتسازی نییە.. بەڵکو گەورەترین کێشەی تێگەیشتن لەم دۆخە ئاستەمی خۆلەبریدانانە، ئاستەمی تێگەیشتنی (خودی)ە. سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانم باوەڕ بەوە بهێنم کە بابەتەکە تەنها بابەتی زایەندە.. وەک گریمانەیەک وا وەریدەگرم کە بەهاگەلێکی تری هەبێت تا شایانی قوربانیدانی وەها گەورە بێت.

تۆ ئەگەر مرۆڤێکی گێتەرەسیکشواڵی (مەیلت بۆ رەگەزی بەرامبەر هەیە) ئاسانتر دەتوانیت لە رووی سیکشواڵێتیەوە خۆت لەبری ئەوی تر دابنێیت و سەرەڕای کۆمەکی کەناڵی زانیاری تر لێی تێبگەیت، بەڵام تا چ ئاستێک دەتوانیت خۆت بکەیت بە گوڵی ناو تابلۆکە و لەوێوە لە گوڵی ناو تابلۆکە تێبگەیت؟ بەهۆی ئەم کێشەیە لە کەناڵی تێگەیشتن، تەنانەت ئاستەمە لە سێکشواڵێتی رەگەزی بەرامبەریش وەکو خۆی تێبگەین.

سەرەڕای دیوە قێزەونە بازرگانییەکەی و رەواجپێدانی لە خۆرئاوا و بەتایبەتی لە USA کە دەشێت وەک بابەتی سەرمایەگوزاری قسەی زۆر هەڵبگرێت، بەڵام وەک بابەتی سێکشواڵێتی پێویستە لێیبگەڕێین بۆ خۆیان و جگە لە رێز گرتن لە ئازادیە تایبەتییەکەی خۆیان هیچی تر رێگە بە خۆمان نەدەین، چونکە تۆ ئەگەر خۆت یەکێک لە L,G, B, T نیت زۆر ئاستەمە لێی تێبگەیت.. مرۆڤێک کە فسیۆلۆژیا سێکسییەکەی لەسەر بنەمایەکی گێتەرەسێکشواڵە و فەسلەجەیەکی تایبەتی بە سێشواڵێتی هەیە، لە بنەڕەتدا ئەوەی تیادا نییە کە بتوانێت هەست بە G، یان L، یاخود B و T بکات.. ئەگەر تۆش دۆخێکی وەهات هەیەو فسیۆلۆجیای سێکسیت بە جۆرێکی ترە لەوان، باشترین شت بێدەنگبوونە وەکە رێزێک لە ئازادی و دۆخی تایبەتییان.. تا تێگەیشتن لە هەموو لایەنەکانی ئەو بارودۆخە لە زەمەنێکی تردا کە ئاستەمییەکانی تێگەیشتنی تێکشکابێت.

لە حەقیقەتدا پۆڵێنکردنی شکۆ و بەهای مرۆڤ لەسەر بنەمای رەگەزی هەڵەیەکی ترسناکە، وا تێدەگەم ژنبوون و پیاوبوون تەنها بابەتێکی جەستەیی و زایەندی رووت نییە، بابەتێکی دەروونی ئاڵۆزیشە، هەمان تێگەیشتنم بۆ ویستی ژنبوون و ویستی پیاوبوونیش هەیە.. نەک لەبەر ئەوەی کە تەنها بە مافیێکی سروشتی – فەسلەجی ئینسان دەیبینم، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە تێگەیشتنم بۆی، لەهەر سەرێکەوە دروست نایەتەوە و ئاستەمە بەلامەوە لە ئێستادا.

بوونی تۆ بەو جۆرەی هەیت لە کۆمەڵێک هۆکار و بارودۆخەوە رەوایەتی وەرگرتووە، دیارە ناچار نیت جۆرێکی تر بیت.. هەر ئەو هۆکار و بارودۆخەش بکە بە بنەما بۆ رەوایەتیدان بەوەی ئەگەر ئەوانی تر جیاواز بوون و وەک تۆ نەبوون.. کاتێک خۆمان دەکەین بە نموونەی باڵا و دەیسەپێنین بەسەر ئەوانی تردا، داخەکەی وەک ئەوە گرانە کە ئەگەر ئەوان خۆیان وەک نموونەی باڵا بسەپێنن بەسەر ئێمەدا.. لێگەڕێن.. هێندە ساکار نین ئێمەی مرۆڤ.. کیشووەری ئەمەریکامان دۆزییەوە، بە مانگ و مەریخ گەیشتووین و خەریکی لێکدانەوەی قوڵاییەکانی گەردوونین.. بەڵام هێشتاش مرۆڤ بەتەواوەتی نەگەشتووە بە قوڵاییەکانی خۆی و ئاڵۆزییەکانی زۆیی بۆ شی نەکراوەتەوە، ساکارترین میتۆدێک لەدەستمان بێت رێزگرتنە لە ئازادییەکانی ئەوانی تر، لە پێناوی ئەوەی وەک یاسا و قەڵغانێکی چەسپاو کە لە میانیدا ئازادییەکانی خۆشمان پارێزراو بێت. بۆیە بەرد لە ئازادی خەڵکی تر نەگرین، لە کاتێکدا ماڵی ئازادی هەر یەکێکمان لە شوشەیە.

خانوی بەتاڵ لە ئینگلتەرە دوو جار زیاترە لە ژمارەی ئەو خانەوادانەی کە خراونەتە هۆستڵ و ئوتێلەوە

25/12/2023

کێشەی بێ خانووبەرەی کێشەیەکی زۆر سەرەکییە لە سەراپای بریتانیادا .  ئەم کێشەیە نوێ نییە بەڵام بە تێپەڕینی زەمەن کێشەکە ئاڵۆزتر بووە و ژمارەی ئەوانەی کە خانوی نیشتەجێبوونیان نییە لە سەردایە .

دیارە ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە و پێشتر من لەسەریم نوسیوە ، لێرەشدا هەر بە کورتی هەندێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەخەمە بەرچاو :  سیاسەتی کڕینی خانوەکانی شارەوانی و دواتر  بۆ بەکرێدانەوەی و فژرۆشتنەوە، دروستکردنی ژمارەی کەمی خانو ، زیادبوونی دژمارەی دانیشتوان ، گرانبوونی ژیان وگوزەران : بەرزبوونەی ڕێژەی سلفەی عەقار و کرێ و تێچووی ژیان و نەخۆشی دەرویی و خەمۆکی و ………

ئەوانەی بێ خانووبەرەن دوو بەشن.  بەشێکیان  ئەوانەن کە هەر هیچ شوێنیکیان نییە و لە سەر شەقام و ناو تونێلەکان بەردەم شۆپەکان و پارکەکاندا دەنون .  دووەمیان : ئەوانەن کە زیاتر خێزانن و کەسانی زۆر بە رتەمەنن و یاخود خاوەنپیداویستی تایبەتین .  ئەمانە لەبەر ئەوەی خانوی شارەوانی نییە دەیانخەنە ئوتێل و هۆستڵەوە و یاخود خانوی خراپی کرێوە بە موەقەت کە شوێنەکانیان زۆر خراپە تا سەرەی خانوی شارەوانییان دێت .

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە دوێنێ لە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانیادا بڵاوبووەوە ئەوانەی بەشی دووەم، ژمارەیان  ا121،327 خێزانە و ژمارەی خانوی بەتاڵیش کە هێچیان لە 6 مانگ کەمتر نییە کە بەتاڵن 261،189 خانووە.

لە بێرمەنگەهام ژمارەی ئەو منداڵانەی ئەو خێزانانەی کە لە شوێنی موەقەتدا دەژین 9400 منداڵن ، لە شارەوانی نیوهام لە لەندەن 8600 و لە شارەوانی ئێنفیڵدا هەر لە لەندەن 4500 منداڵ و لە 11 شارەوانی دیکەی لەندەند لە نێوانی 2300 بۆ 4500 منداڵ تۆمار کراون .

بێ گومان نیشتەجێبوون لە شوێنی موەقەتدا هەمیشە دڵەڕاوکێی و نائارامی و هەست بە نیشەجێنەبوونی لەگەڵدایە .  ئەمەش کاراییەکی زۆر لەسەر دەروونی منداڵان دادەنێن و ناسەقامگیرن لەو قوتابخانانەی کە لێی دەخوێنن نازانن کەی خێزانەکەیان دەگوێزرتێتەوە بۆ شوێنیکی دیکە ئەوانیش بە دوایاندا بۆ قوتابخانەیەکی نوێ.

زیاتر لە 500 هەزار کەس کە تەمەنیان لە نێوانی 16 ساڵ و 35 ساڵدایە ماوەیەکی زۆرە کاریان نەکردووە

25/12/2023

زیاتر لە نیو ملیۆن گەنج لە بەریتانیا دەڵێن بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە، ئەمەش بەڕێژەی 44% زیادیکردووە تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا.   داتاکانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی دەریدەخەن کە زیاتر لە 560 هەزار کەس کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 35 ساڵدایە لە ڕووی ئابوورییەوە ناچالاک بوون – واتە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە لە کاردا نەبوون یان بەدوای کارەوە نەبوون.

لە ڕاپۆرتێکدا، لەلایەن دامەزراوەی تەندروستیەوە، دەرکەوتووە کە کەسانی تەمەن 16 بۆ 34 ساڵ ئێستا “ئەگەری ئەوەیان هەیە کە حاڵەتێکی سنووردارکردنی کارکردن وەک کەسێکی تەمەن 45-54 ساڵ لە 10 ساڵ لەمەوبەر ڕابگەیەنن“.

کێشەکانی تەندروستی دەروونی – لەوانەش خەمۆکی، ئەعساب و دڵەڕاوکێ – زۆرترین جار لە گەنجترین گروپی تەمەنیدا بڵاوبووەتەوە، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە تەمەنی 16 بۆ 34 ساڵدا بووە (36%) کە بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە، بەپێی ڕاپرسییەک کە کراوە.

 دەیڤید ستڕاین، مامۆستا لە زانکۆی ئێکستەر و سەرۆکی دەستەی زانستی کۆمەڵەی پزیشکی بەریتانیا، وتی کێشەکانی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی و “12 ساڵ کەم پارە خستنە  کەرتی تەندروستی گشتی” بەشداربوون لە خراپتربوونی تەندروستی دانیشتووان.  ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە لەم ڕۆژانەدا خزمەتگوزاری نەخۆشی نیشتمانیمان هەیە، نەک خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی..  ئێمە سەرنجمان لەسەر چارەسەرکردنی کەسانی نەخۆشە نەک تەندروستی مرۆڤەکان.  وە خەڵک دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی تەندروستی دەروونی نەگەیشتووە” وتی و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کاتێکدا کە کۆڤید بۆ ماوەیەکی زۆر ڕەنگە ڕۆڵی هەبووبێت لە زیادبوونەکەدا، بەڵام ئەمە ئەستەمە لە ئامارە بەردەستەکاندا.

ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە لە پۆلە تەمەنییە گەورەکاندا گەشەی کردووە، هەرچەندە ئەم زیادبوونانە بەو شێوەیە توند نەبوون، کاریگەرییان لەسەر 1.4 ملیۆن کەس هەبووە کە تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 64 ساڵدایە، کە بە بەراورد بە ئاماری ساڵی 2019 بە ڕێژەی 26.7% بەرزبووەتەوە ، و 578 هەزار کەس لە تەمەنی 35 بۆ 49 ساڵان، کە بە ڕێژەی 16% زیادی کردووە.

هەروەها لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە 3.7 ملیۆن کەس لە کاردان بەڵام حاڵەتێکی تەندروستییان هەیە کە جۆر یان بڕی کارەکانیان سنووردار دەکات. ئەمەش 1.6 جار زیاترە لە ژمارەی پێش پەتاکە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی دیکە تا ساڵی 2030 بەدەست بارودۆخی سنووردارکردنی کارەوە دەناڵێنن.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و ڕێکخراوترین چالاکییەکانی ساڵ لە بریتانیا، لە کارمەندانی تەندروستی کە بە خێرایی گەشە دەکەن

22/12/2023

زیاتر لە 200 کارمەندی بەشی تەندروستی  و لایەنگرانی کارمەندانی تەندروستی بۆ فەلەستینێکی ئازاد بنکەی سەرەکی کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەمریکی پاڵنتیریان، Palantir ،  بۆ ڕۆژێك داخست – کە کۆمپانیایەکی هاوبەشە لە ستەم و داگیرکاری سەربازی و چاودێری دەوڵەت لە سەرانسەری جیهان، لەنێویاندا کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین.

 کۆمپانیای پالانتیر کە لەلایەن ملیاردێری ڕاستڕەوی توندڕەو پیتەر تیلەوە ، Peter Thiel ،بەڕێوەدەبرێت، تازە گرێبەستێکی 330 ملیۆن پاوەندی لەگەڵ بەشی تەندروستی بریتانیا، NHS ،  پێبەخشراوە بۆ پەرەپێدانی نەرمەکاڵای سیستەمی داتا – ئەمەش پرسیاری جددی دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی چی بەسەر داتای پزیشکی تایبەتی خەڵکدا دێت.

 کۆمپانیاکە لە ئێستاوە بەشدارە لە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ و هێزە سنوورییەکان – و کاتێک داواکارییەکی ئەم دواییەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆماری نەخۆش بۆ نەخۆشە کۆچبەرەکان ڕەتکرایەوە، لەناکاو ئەم گرێبەستە درا بە پاڵنتیر.  ئەو بانگەشە جەماوەرییە لە دووەم ڕۆژی مانگرتنی پزیشکە نوێیەکان کە لە ژێڕ چاودێری پزیشکە بە ئەزموونەکاندا کار دەکەن، درا.

Click here to watch video (8 mins 54 secs)

Video from Reel News

20/12/2023

Video from Reel News..  Italian car factory occupied by workers for 2 years are demanding and planning conversion to green production (cargo bikes and solar panels)..

Reel News say ‘we don’t think it’s any exaggeration to say this is the most important climate justice struggle in Europe – and now, the most urgent too. If people can help us get the word out that’ll be much appreciated by the workers – and please pass on in particular to trade union branches and others who might be able to buy shares’

ڤیدیۆ لە ڕیل نیوزەوە

 کارگەی ئۆتۆمبێلی ئیتاڵی کە ماوەی 2 ساڵە لەلایەن کرێکارانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە  داواکاری و پلانی گۆڕینی کارگەکە بۆ بەرهەمی سەوز [ واتە ئەوەی کە لەگەڵ ژینگەدا دێتەوە ] هەیە وەکو دروستکردنی  (پاسکیلی بارهەڵگر و پانێڵی خۆر).

ڕیل نیوز دەڵێت ‘پێمانوانییە هیچ زیادەڕەوییەک بێت ئەگەر بڵێین ئەمە گرنگترین ململانێی دادپەروەرانەی کەشوهەوایە لە ئەوروپا – و لە ئێستاش زەروورترینە.  ئەگەر خەڵک بتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی هەواڵەکە بڵاوببێتەوە ئەوە زۆر لەلایەن کرێکارانەوە بەرز دەنرخێنرێت .  تکایە هەواڵەکە بگەیەنن بەتایبەتی  بە لقەکانی سەندیکاکان و ئەوانی تر کە ڕەنگە بتوانن پشک بکڕن.

……………………………………………

20/12/2