جۆرجیا مێلۆنی ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتەوە دەربارەی کێشەی پەنابەران

16/11/2024

پرسی پەنابەر لە ئیتالیا خاڵی سەرەکی مانیفێستەکەی سەرەکوەزیرانی ئیتالیا جۆرجیا میلۆنی بوو کە گوایە دەتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە .  چارەسەرەکەی ئەو ڕێکەوتنێك بوو لەگەڵ حکومەتی ئەلبانیا تاکو پەنابەران کە ڕوودەکەنە ئیتالیا بییاننێرن بۆ ئەلبانیا بۆ ئەمەش واژۆی پەیمانەکەی نێوانی خۆی و حکومەتی ئەلبانی کردووە بە هاوپشتی و ئاگەداریی سەرۆکی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرشێلا ڤۆن دێر لیین (Ursula von der Leyen ) بە بڕی پارەی یەك بلیۆن یورۆ لە 5 ساڵدا  بۆ ناردنی 3000 کەس بۆ ئەوێ و دواتر بنێرێنەوە بۆ وڵاتانی وەکو  بەنگلادش و میسر گوایە لەوێ ئاسایش هەیە

لەگەڵ کردنی ئەم مامەڵەیەشدا تەنها توانییان 24 پەنابەر بنێررێت بۆ ئەلبانیا.  لەو 24 کەسە 5 کەسیان کەمتر لە 12 سەعات لەوێ ماونەتەوە و ڕزگاریان بووە و ئەوانی تریان دوای 48 سەعات سەرنگون بوون .

هەر ئەمە گرفتەکەی ئەم دوو ژنە نەبوو بەڵکو لە 4ی ئۆکتۆبەردا دادگەی باڵای ئەوروپی  ناردنی هەر پەنابەرێكی بۆ ئەلبانیا بە نایاسایی دانا و وتی  : ئەو وڵاتانە ناتوانن ئاسایشیان تێدا بەرقەرار بێت ئەگەر هەموو ناوچەکە ئاسایشی نەبێت .

یەكێك لە پارتە موعارەزەکان دەڵێت ئەوان زوو ئاگەداری ئەو مەترسییەیان کردوونەتەوە و خۆشیان بە ئاگا بوون لێی .  هەر وەها دەڵێ ئەو زەرەرە گەورەیە دەکرا 4.5 ملیۆن نەخۆشی پێ چارەسەر بکرایە کە ساڵێك دەبێت چاوەڕوان بکەن بۆ چارەسەر.

ئێران تاکتیکی نوێ دەگرێتەبەر

14/11/2024

ڕژێمی ئاخوندەکان بڕیاریان داوە بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی کە حیجاب/ پەچە و لەچك ناکەن وەکو کەسانی دەروون نەخۆش حسابیان بۆ بکرێت بۆیە بڕیارێکی نوێیان داوە کە لەمەولا سزای ئەو ژنانە ناردنیانە بۆ کلینکی چارەسەری دەرونیی.  بەڵام وەکو باس دەکرێت ئەمە سێنتەرێکە بۆ ئەشکەنجەدانی دەرونی و جەستەیی .  چالاکوانێك کە لە ئێران دەژی و نایەوێت ناوی بهێنرێت دەڵێ ” ئێمە شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ دەستکەوتنی پارویەك نان ، حکومەت هیچ دەربەستی ئەوە نییە ، بەڵام دەربەستی پارچە پەڕۆیەکە بۆ داپۆشینی قژمان .  ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە بچینەوە سەر شەقامەکان “

بۆ ئەوانەی کە ئەمەریکییەکان بە گەمژە دەزانن

Zaher Baher

10/11/2024

لە سەروبەری هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ-دا سەدەها وتار و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نوسراوە و کراوە سەبارەت بە دەنگدانی ئەمریکەییەکان بە ترامپ لەبری هارس ، بەتایبەت ژنان کە ترامپ بە دوژمنی ژنان ناسراوە.

بەڕای من هیج گەلێك/ نەتەوەیەك ، هیچ تاکێک  گەمژە نییە کە بەرژەوەندی خۆی نەزانێت ، بە دڵنیاییەوە گەر لە ڕۆشبیران و توێژەرەوە سیاسییەکان زیرەکتر نەبن ئەوە لەوان کەمتر نین .  ئەمە نەك هەر بۆ ئەمەریکیەکان و کورد ڕاستە بەڵکو بۆ هەموو میللەتێك ڕاستە .  دروستیی ئەمەش لەوەدایە کە ئەوەی ڕا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێك یا حیزبێك دەدات تەماشای بەرژەەوندی خۆی دەکات.  لەوانە بەرژەوەندی ئابووریی ، پاشخانی خێزانی و کۆمەڵایەتی ، دینی ، کولتور ، تێروانین لە ڕابوردو و ئێستا و بەتایبەت داهاتوش .  زۆرن ئەو هۆکارانەکەی کە بنەمای دەنگدانن.

قسەی من زیاتر لەسەر ئەمریکییەکانە کە ڕۆژانە لە ماڵپەڕە کوردییەکان و پەیجەکانی فەیسبووکدا دەیبینین کە چۆن نوسەر و پۆستنوس و دیمانەکار بە خەڵکی ئەمەریکیدا دەڕشێنەوە ، بە بێ ئەوەی کە دوی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئەوێ کەوتبێت، بێ ئەوەی زمانێکی دیکە زیاتر لە کوردی بزانێت ، بێ ئەوەی پەنا بۆ ئامارێك بەڵگەیەك بۆ پاڵپشتکردنی قسە و بۆچوونەکانی ببات.

وەکو وتم خەڵکی بە هۆکاری جیا جیا دەنگ دەدات و سەرۆکێك یا حیزبێك هەڵدەبژێرێت . لەو هۆکارانەی کە من لەو وتار و توێژینانەوە لێیان حاڵی بووم زۆرن کە بڕێکیان سەرەکین و ئەمانەن:   لە سەدا 45 خەڵکی  ئەمەریکی بار و دۆخی ژیانیان لە 4 ساڵ لەمەوبەر باشتر نییە، ڕێژەی هەڵئاواسانی پارە بەرزە  . هەردوولایان واتە ترامپ و هارس پەنایان  بۆ ملیاردەرەکان دەبرد بۆ هاوکاری داراییان بۆ بەردەوامیدان بە کەمپەینەکەیان .  کەمپەینەکەی ترامپ یاخود مانیفێستەکەی زۆر ڕوون و ئاشکرا و بێ شاردنەوە بوو : لەسەر پرسی ئیسرائیل و فەلەستییەکان، لەسەر شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، لەسەر پرسی ژنان و لەباربردنی کۆرپەلە ، لەسەر پرسی ترانس و هاوڕەگەزخوازان ، لەسەر کەسانی پەنابەر و کۆچبەر ، لەسەر پرسی باخ و گومرگ ، لەسەر پرسی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان ، لەسەر پرسی ناتۆ، لەسەر دەرکردنی زۆرێك لە کەسانی مشەخۆر و ناپێویست لە کۆشکی سپی و شوێنی تردا ، لەسەر پرسی ژینگە … لەسەر هەر هەمووی هەلوێستی ترامپ روون و ئاشکرابوو ، بەڵام مەرجیش نییە هەموویان جێ بەجێبکات.

هەرچیش کەمپەینی هارس بوو ، هەڵویستێکی ڕونی لە کێشە و شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین نەبوو ، بەم هۆکارەش بڕێکی زۆری دەنگی لەناو کۆمۆنێتی عەرب و موسڵماناندا بە تایبە لە ولایەتی موشیگاند لە دەستدا . لە پرسی ئۆکرانیادا هەنگاوێکی جیاواز لە بایدن لە چونێتی کۆتایهێنانی ئەم شەرە دۆڕاوەی ئۆکرانیا نەبوو ، بە دەگمەن قسەی لەسەر ژیانی خەڵکی دەکرد و لە سەر پێداویستییەکانیان. هەڵوێستێکی شلۆق و سەقەتی هەبوو  لەسەر ناتۆ و لەسەر سەرۆکی تورکیا و عێراق و سعودییەوە و ئێران و زۆر شوێنی دیکە.  شتێکی نوێی کاربڕ یا کردەیی لە بەرنامەکەیدا نەبوو.

خەڵکی دێت لبە زۆری  لەو ڕوانگەیەوە دەنگ دەدات نەك لە ڕوانگەی ڕەنگی پێست و تەمەن و سەر بە چ پارتێکە.  دوای ئەوەش خەڵکی دابەش بووە بەسەر توێژاڵی جیاجیادا کە لەو پەناگەیەوە قسە دەکات و ڕادەدات.  هەروەها دین لە ئەمەریکادا بەهێزە بۆیە زۆرێ لە ژنان لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەلەدا نین ، لەگەڵ پرسی هاوڕەگەزخوازو  ترانس و جێندە ئایدێنتەتی و هاوسەرگیری لە نێوانی هەمان ڕەگەزدا نین .

دوای ئەمەش خەڵکی ژیانی زۆر خراپ بووە ئەویش بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیاوەیە بۆیە ئەمان دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێت ، ئۆکرانیا زەوی و هەیبەتی دەدۆڕێنێت، یا نایدۆڕێنێت لای ئەوان شتێك نیە ، کوردواتەنی کچی خۆیان ناکەنە قوربانی کوڕی خەڵکی .  بزنسی بچوك و دەستگێڕ و هەتاهەندێك لە کۆمپانیا گەوەرەکانیش  دەیانەوێت کە گومرگ لەسەر هاوردەی دەرەوەی ئەمەریکا بەتایبەت وڵاتی چین کە مەترسی لەسەر ئابووری ئەمەریکا داناوە زۆر بەرز بێت تاکو ئەو دەرگایە بەسەر چین داخەن بۆ ئەوەی کاڵاکانی خۆیان سەرف بکەن . مووچەخۆر نایەوێت باجی لەسەر بەرزبکرێتەوە.  دایکان و باوکان نایانەوێت ئەمەریکا شەڕێکی دیکە دروست بکات یاخود بئاڵێت لە شەڕێکی دیکەوە تاکو منداڵەکانیان لە دەست بدەن و هاوکاتیش ئەوەندەی دیکە ژیانیان گرانتر بێت .  نایانەوێت کولتوری ئیسلامی بەسەریاندا زاڵببێت و ژیانیان لێ تاڵ بکرێت ، ویلایەتەکانیش وەکو سعودییەو و ئێران و ئەفغانساتان و پاکستان و عیراق و … تدی لێبێت، خەڵک شەریعە و مەحکەمەی ئیسلامی ناوێت . 

هەموو ئەمانەیە کە لە ئەمەریکادا دەنگی بۆ ترامپ زیاد کرد تاکو بە هارس .  جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەمەریکییەکان دەبەنگ و گەمژەن یاخود ئەوانەمان کە هیچ نازانین و لە خۆمانەوە دەنوسین و ئەم نەتەوە و ئەو کەس ئەو لایەن بە گەمژە دەزانین ؟ ئایا خودی خەڵکی خۆی بەرژەوەندی خۆی دەزانێت یا ئێمە کە لەدەرەوەی ژیانی ئەوانین؟

ئەم پرسە لە کورستانیشدا هەر وا بووە خەڵکانێک کە دەنگیان بە یەکێتی یا پارتی یا نەوەی نوێ ، یا ئیسلامی داوە گەمژە نەبوون و نین ، خۆیان بەرژەوەندی خۆیان لەمن لە کەسانی دەرەوەی من باشتر دەزانن .  خەڵکی زیرەکن لە پێگەی ئابووری و دارایی و ئەوانەی سەرەوە کە باسم کردن دەنگ دەدەن .

نموونەیەکی بچوك : پێش هەڵبژاردنەکەی کوردستان لە یەكێک لە تەلەفونەکانما بۆ دایکم ، لێم پرسی دایە دەنگ بە کێ دەدەیت؟ لە وەڵامدا وتی دەنگ بە باڤڵ و یەکێتی .  وتم بۆچی دایە؟ وتی باڤڵ دەستی هەموو مافیاکانی کورت کردۆتەوە هەموویان چونەتەوە پێستەکەی خۆیانەوە ، دوو: وتی باڤڵ لەگەل حکومەتی عێراق دا ڕێکەوتووە موچەی خانەنشینی چوارقات کردوە .  وتی من خانەنشینەیەکەم نزیکە 50 دۆلار بووە ئێستا دەبێت بە 200 دۆلار ، بۆیە دەنگی پێدەدەم .  دەی قسەیەکی بۆ من نەهێڵایەوە گەرچی من پێم نەدەوت دەنگ مەدە یا دەنگ بە لایەنێکی دیکە بدە.  ژنێکی نەخوێندەواری  نزیکەی 85 ساڵ لە من باشتر بیردەکاتەوە تاکو گەر پێی بلێم نا دەنگ مەدە یا بەم و بەوی بدە . دیارە هەموو کەسێك وەکو دایکی من وریایە بە بەرژەوەندی خۆی و هەر لەو پێگەیەوە دەنگ دەدات .

Zaherbaher@com

خەڵکی لە ئیسپانیا لە مافەکانیان خۆش نابن

10/11/2024

 ڕوودانی لافاوەکەی ناوچەی ڤالەنسیا کە لە29ی مانگی پێشوود ڕوویدا و بووە هۆی قوربانیبوونی 220 کەس و هێشتاش چارەنوسی 80 کەس نادیارە .  لەم بارەشدا خەڵکی ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن دژ بە سەرۆکی ئەو ناوچەیە .

خەڵکی هۆشیارە و دەزانن بەردێك لە ئاسمان بکەوێتە خوارەوە دەستی حکومەت ، دەوڵەتی تێدایە .  من جارێکی دیکە بە نموونەوە قسەم لەسەر ئەمە کردووە ، کە ڕوودانی هەر شتێك دەستی حکومەت یا دەوڵەتی تێدایە ئیتر بە ڕاستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ.

بە هۆی ڕوودانی ئەو کارەساتەوە خەڵکی ئەوێ خۆپیشاندانی گەورەی ڕێكخست. یەکێک لەو خۆپیشاندانانەی ئەم ڕۆژانە نزیکەی 200 هەزار کەس بەشداری کرد و  داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەڤەرەکە ‘کارلۆس مازۆن’ دەکەن .  ئەوان ڕوودانی ئەو هەموو زیانە ڕۆحی و ماڵییە لە چاوی ئیدارەکەی ئەوی دەناسن ، کە لەسای پێشەوچوونی تەکنەلۆجیا و زانستدا لە ئێستادا تا ڕادەیەك پێشبینی چونێتی کەش و هەوا بۆ ماوەی دە ڕۆژی ئایندە دەکرێت، بەو جۆرە دەکرێت قوربانیییەکان زۆر کەم ببێتەوە .

لە کاتێکدا کە لە سێنەتری مەرکەزی کەش و هەوای  دەوڵەتی ئیسپانیاوە چەند ڕؤژێك پێش ڕوودانی لافاوەکە ڕاگەیەنراوە کە کەش و هەوایەکی زۆر توند بە ڕودانی لافاویشەوە بەڕێوەیە.  بەڵام مەرکەزی کەش و هەوای ئەو دەڤەرە هیج ڕاگەیاندن ێکی پێشوەختی نەداوە لەبەر ئەوە خەڵکی سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون .

ئەمە هۆکاری ڕوودانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانە کە بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی کەسی یەکەمی دەڤەرەکە کە کارلۆس مازۆنە .  چەندەها دروشمی جیا جیا لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە بەرزکراوەتەوە لەوانە ” مازۆن دەست لەکار بکێشەرەوە ” ” تۆ ئێمەت کوشت” ” ئێمە دەستمان لە لیتەدا غەرق بووە و دەستی تۆش لە خوێندا”

کۆمەڵی سەوزی ئیسپانیش پێشنیاری ئەوە دەکەن بۆ حکومەت کە کۆمپانیاکانی غاز و نەوت پارەی ئەم زیانە بدەن چونکە زیاتر لە 6 دەیەیە دەربارەی قەیرانی ژینگە و کەش و هەوا زانراوە و لە ئارادایە .

گەرچی ئەم لافاوە کارەساتێکی گەورەی بەسەر خەڵکی ئەو دەڤەرەدا هێنا بەڵام هاوکاتیش خەڵکی ئیکجار زۆر لەیەکدییەوە نزیک کردەوە بە هاوکاری و یارمەتیدانی یەکدی و کردنی کاری هاوبەش و هەرەوەزی لە زۆر بواری ژیانیاندا لە پاککردنەوە و راماڵینی لیتەو فڕێدانی کەرەسە زەرەرمەندبووەکان و پەیداکردنی خۆراک  و خواردەنەوە.

 

مانگرتوانی کۆمپانیای بۆینگ دەنگیان بە ئۆفەری کۆمپانیاکە دا

05/11/2024

پاش 7 هەفتە مانگرتن و ئامادەبوونی ئیدارەی کۆمپانیاکە بە دوو ئۆفەر، دوا جار بە نێوەندگەری کۆشکی سپی و هاوکاری جۆن بایدن کۆمپانیای بۆینگ ئامادەیی خۆی دەربڕی بە زیادکردنی لە سەدا 38 ی مووچەی کرێکارەکانی لە ماوەی 4 ساڵدا، بۆ ئەمەش دەبێت کۆمپانیاکە 1.1 ملیار دۆلار بخاتە سەر بوجەی مووچە.  کرێکارەکان بە ڕێژەی لە سەد 59 دەنگیان بە پەسەندکردنی ئۆفەرەکە داو بڕیارە لە 12ی مانگد بگەڕینەوە سەر کارەکانیان،  هاوکاتیش یەکسەر پشکەکانی کۆمپانیاکە بەڕێژەی لە سەدا 1.9 بەرز بووەوە.

لەم ماوەیەشدا کۆمپانیاکە ڕۆژانە 100 ملیۆن دۆلاری زیان لێکەوتووە .

سەرۆکی سەندیکاکە ، جۆن هۆڵدن ، سەبارەت بە ئۆفەرەکە و پەسەندکردنی لە لایەن کرێکارەکانەوە دوای نێوەندگیری ڕاستەوخۆی کۆشکی سپی وتی ”  ئەمە سەرکەوتنە و سەرمان بەرز ڕادەگرین ”  وتیشی. ” ئێستا کاری ئێمەیە بگەڕێینەوە سەر کارەکەمان “

جۆ بایدن، یەکەم سەرۆکی ئەمریکا چووە ڕیزی کرێکارە مانگرتووەکانەوە وەکو دەربڕینی هاوپشتی پیرۆزبایی لە کۆمپانیاکە و سەندیکاکە کرد کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ڕایگەیاند و وتی: لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئێمە کارەکانی موزایەدەی بەکۆمەڵمان نیشانداوە. ” گرێبەستە باشەکان سوود بە کرێکاران، بازرگانان و بەکاربەران دەگەیەنن – و کلیلی گەشەپێدانی ئابووری ئەمریکان لە ناوەڕاستەوە بۆ دەرەوە و لە خوارەوە بۆ سەرەوە.”

سەندیکا داوای لە کرێکارانی مانگرتووی کۆمپانیای بۆینگ دەکات کە پشتگیری لە ئۆفەری نوێی کۆمپانیاکە بکەن

03/11/2024



کرێکارانی کۆمپانیای بۆینگ لە 13ی ئەیلولەوە لە
مانگرتندا سەبارەت بە بەدەستهێنانی داخوازییەکانیان، وەکو زیادکردنی موچەیان بە
بڕی لە سەدا 40 و گەڕانەوەی ئەو بیمانەی کە پێشتر هەیانبوو هەروەها پرسی خانەنشینی
و پارەکەیان کە 10 ساڵ لەمەوبەر بڕاوە .سەندیکاکەیان کە 33هەزار ئەندامی هەیە ماوەیەکی زۆر
لە وتووێژدا بوو سەبارەت بە ناکۆکییەکانی کرێکاران و ئیدارەی کۆمپانیاکە دوای ئەوە
کە کۆمپانیاکە کە تەنها ئۆفەری لە سەد 25 کرد، بەڵام کرێکاران بە زۆرینە ڕەتیان
کردەوە و بەردەوامییان دا بە مانگرتنەکەیان . 
دواتر کۆمپانیاکە ئەو بڕەی کە بەڵێنی دابووە زیاد کرد بۆ لە سەدا 30 بەڵام
هێشتا کرێکارەکان ڕەتییان کردوە چونکە لە ئاستی داخوازییەکەیاندا نەبووە هەروەها
داخوازییەکانی دیکەیان فەرامۆشکرابوون  لەبەرئەوە بەڕێژەی لە سەدا 64 ڕەتکرایەوە .بەڵام دوای ئۆفەری
نوێی کە لە سەدا 38 لە ماوەی 4 ساڵدا سەندیکاکەیان داوایان لێدەکات دەنگ بە ئۆفەرە
نوێیەکە بدەن کە  باشترکردنی گرێبەستە کە
بریتییە لە زیادکردنی مووچەی 38% لە ماوەی چوار ساڵدا، ئەمەش هیوای کۆتاییهێنان بە
وەستاندنی کۆمپانیاکە زیاد دەکات دوای زیاتر لە حەوت هەفتە. لەم بارەدا ڕەنگە کرێکارەکان پاڵپشتی زیادکردنی مووچەیان بە ڕێژە
تازەکە کە لە سەدا 38 بکەن هەروەها  گەڕانەوەی خانەنشینییەکەیان و قازانجی دیاریکراو
کردووە کە دە ساڵ لەمەوبەر لەدەستیان داوە.  

وەزیری دارایی بریتانیا کەسێکی پسپۆڕ بە کرێ دەگرێت بۆ ئامۆژگاری لە کەمکردنەوە و بڕینی پارەی بیمەکان

01/11/2024

ئەو وێنەیەی کە دەیبینیت وێنەی دەیڤید گۆلدستۆنە کە وەزیری دارایی بۆ ماوەی ساڵێک گرتویەتی بەکرێ هەر ڕۆژێکی کارکردنی بە 950 پاوەند ،بەڵام مەرج نییە کە هەموو ڕۆژێك کاربکات گوایە ئەم کابرایە خاوەنی ئەزموونێکی زۆر زۆرە لە زۆر بواری ژیاندا .  وەزیری داراییش دەیەوێت کە پاشەکەوتی پارە بکات بە گەڕاندنەوەی بەشێك لەو پارەیە بۆ بودجەی دەوڵەت ، بۆ ئەمەش ئەمان وەکو پێشتر وتومە هێڕشیان لە سەنگەری پێشەوە بۆ سەر کەسانی بارخوار و نەگەبەتەکانی کۆمەڵن .  بەشێك لەوانەش ئەو خەڵکانەن کە خۆیان ژیانیان ، خراپەو پارەی بێ کاری یا لەسەر جۆرێك لە بیمەکان یاخود پارەی خانەنشینی دەژین. گوایە ئەمەش ڕیفۆرمکردنی سیستەمەکەیە .

 

جەنگەکان باشترین کۆتی پامانن و قوڵترین قەیرانیشن کە وزەمان لێدەبڕن

Zaher Baher

29/10/2024

هەڵگیرسانی شەڕ ، جەنگ کاریگەرترین ئامرازە بۆ وزە لێبڕینمان ، بۆ برسیکردنمان ، بۆ هەڵوەشانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتییمان، بۆ دابڕین لە یەکدی ئەندامانی خێزانیمان ، بۆ بەکوشتدانی یەکدیمان، بۆ لەبیربردنەوەی پرسی چینایەتیمان ، بۆ گەڕانەوەمان بۆ سەردەمێك کە هەرگیز پێش جەنگ چاوەڕوان نەکراو بووە .

لە مێژوودا ڕویداوە وەکو چۆن لە هیندستان و لە ئیرلەندە کە دەوڵەتی  سەرمایەداری بریتانی برسێتی وەکو چەکێکی کاریگەر بۆ سەرکوتکردن و پرزە لێبڕینی گەلانی هەردوو وڵات بەکارهێنا.  بەڵام برسێتی ئەو کارایە دانانێت لەسەر وێرانکردنی میللەتەکە وەك کارایی جەنگ چونکە تەنها برسییان دەکات و برسیکردنەکەش زۆر چار دەبێتە هۆکاری یەکگرتن و هاوکاری و کۆمەکی یەکدی خودی خەڵکەکە خۆی.

بەڵام شەڕ بە ڕاستەو خۆ و ناڕاستە و خۆ ئەو مەبەستە و دەیەها مەبەستی دیکە دەداتە دەست ، جگە لەوانە کارگەی دروستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان  بە بەردەوامیی لە برەو دا دەبن.  بە مانایەکی دیکە  قازانج لە هەڵکساندا دەبێت .

هەر بەم نزیکانە شەڕی نێوانی ئۆکرانیا و روسیا بە هاوکاری ناتۆ، هەروەها ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و ئێران دووبارە بەهاوکاری ئەمەریکا و غەرب دوو نموونەی زیندوی ئەم دوو ساڵەن .

جەنگ وەبەرهێنانێکی ئێکجار گەورەیە بۆ ئەمریکا و کەنەدە و وڵاتانی ئەوروپادا ئەوەی مەبەستیانە لە سوودی ئابووری و بەردەوامیدان بە سیستەمەکە و پرزەلێبڕینی کرێکاران و سەراپای هەژاران و بەرزبوونەوەی نرخی هەموو کاڵاکان و بەدەستهێنانی نفوسی سیاسی و ڕانەوەسستانی کارگەکانی چەک و تەقەمەنی و فرۆشتنیان و وابەستەکردنی زیاتری وڵاتانی شەڕ پێفرۆشراو و سەراپای ئامانجەکانی دیکەیان بەدەستدەهێنن.

ئەمە جگە لە وردە شەڕەکانی دیکەی وەکو سۆدان و میانمار شوێنی دیکە کە بەردەوامن .

تێچووی ئابووری گەورەی شەڕەکەی نێوانی ئۆکرانیا و ڕوسیا  لە زیادبووندایە. بانکی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات کە لە دوو ساڵی یەکەمدا 152 ملیار دۆلار (117 ملیار پاوەند) زیانی ڕاستەوخۆی ئۆکرانیای لێکەوتووەتەوە.  نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشبینی دەکات بۆ بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا 486 ملیار دۆلار پێویست بێت.

واشنتۆن لە دوای دەستپێکردنی شەرەکەوە کە لە مانگی شوباتی 2022، دەستی پێکردووە 64 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی پێشکەش کردووە. لەوە دەکات  بەشێک لەو قەرزە 50 ملیار دۆلارییە بۆ کڕینی ئەو چەکانە بەکاربهێنرێت کە لەلایەن ئەمریکاوە دروستکراوە.  بریتانیاش سەرەڕای بڕێکی زۆری هاوکاری ئۆکرانیا حکومەتی نوێش بڕیاری داوە تا ساڵی 2030 ساڵانە 3 ملیار پاوەند هاوکای ئۆکرانیا بکات هەر لەم ڕۆژانەشدا بڕیاریێکی دیکەی دا کە  بەریتانیا بڕی 2.26ملیار پاوەندی دیکە بە قەرز دەدات بە ئۆکرانیا بۆ چەک بۆ شەڕی ڕووسیا.  هاوکاتیش بەریتانیا خەرجییەکانی بەرگری زیاد دەکات بۆ 2.5%ی داهاتی وڵات لە 2.32% لە ئێستادا.

 ئەمە لە کاتێکدا کە خودی حکومەتی بریتانیا کە لە مانگی تەموزدا هاتنە سەرحوکم کردیان بە گاڵە کە گوایە 22 ملیار پاوەند لە بوجەی دەوڵەتدا نوقسانە بۆ ئەمەش هەندێك بڕیاریان داوە بۆ دابنیکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە کە بەششی زۆری دەکەوێتە سەر کرێکاران و هەژاران. هەروەها ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی قەرزکردنی بەرفراوانتر بە بڕی 50 ملیار دۆلار (38.5 ملیار پاوەند) بدرێت بە ئۆکرانیا کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن ئەندامانی گروپی حەوتەوە پشتڕاست بکرێتەوە.

ئابووری غەززە 350 ساڵی دەوێت تاکو بگەڕێتەوە سەردەمی پێش شەڕەکە

27/10/2024

ئەوەی کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دا کردی کە بیانووەیەکی  گەورەی  دایە دەستی ئیسرائیل نەك غەززەی بە جۆرێك وێران کرد کە ئەو هەموو ماوەیەی دەوێت تاکو بگەڕێتەوە بۆ تەنها پێش دەستپێکردنی شەڕەکە ، بەڵکو سەری خۆی و حیزبوڵاشی خوارد، ئەوانیشی گێڕایەوە بۆ سەرەتای هەشتاکان،  هەرگیز تازە ئەوان نابنەوە بە هێزێکی کاریگەری ناوچەکە .  تەنانەت حکومەتی ئاخوندەکانیشی بە جۆرێك لاواز کرد کە ئەوانیش جارێ تر ناتوانن ببنەوە بە هێزێکی گەوەرەی ناوچەکە و یاری بە چارەنوسی 5 وڵات بە خودی ئێران خۆشییەوە بکەن .

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان  ئابووری غەززە ٣٥٠ ساڵ دەخایەنێت تا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش شەڕ ڕاپۆرتەکە دەڵێت ‘ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکان لە غەززە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتی بێ وێنەی بەجێهێشتووە’

بەرهەمی بیناسازی بە ڕێژەی ٩٦%، بەرهەمی کشتوکاڵ بە ڕێژەی ٩٣%، بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ٩٢% و بەرهەمی کەرتی خزمەتگوزاری بە ڕێژەی ٧٦% دابەزیوە. هاوکات ڕێژەی بێکاری لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە ٨١.٧%، ئەمەش ڕێژەیەک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ئەگەری زۆرە خراپتر بێت یان بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “کاردانەوە دوور مەوداکان بۆ ساڵانی داهاتوو دەمێننەوە و ڕەنگە دەیان ساڵ بخایەنێت بۆ گەڕانەوەی غەززە بۆ دۆخی پێشوو.

کاتێک ئاگربەست ئەنجامدەدریت  گەڕانەوە بۆ ڕەوتی گەشەی ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٢٢ ئەوە دەگەیەنێت کە غەززە ٣٥٠ ساڵ دەخایەنێت تەنها بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئاستی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٢دا.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەپێی خەمڵاندنە وردەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا باسکراون، لە غیابی ئەو سنووردارکردنانەدا، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ مەزەندە دەکرێت کە بەرهەمی ناوخۆیی گشتی غەززە بە تێکڕا ٧٧.٦% زیاتر بووبێت لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی.

لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا – پێش دەستپێکردنی شەڕەکە – ئابووری غەززە بە ڕێژەی ساڵانەی نزیکەی ٣٪ بەرەو دابەزین دەچوو. لە ساڵی ٢٠٢٣ بە گشتی بە ڕێژەی ٢٢.٦% دابەزیوە و ٩٠%ی ئەو دابەزینە لە چارەکی چوارەمدا بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە تا کۆتایی مانگی تەمموزی ٢٠٢٤، ٨٨%ی بیناکانی قوتابخانەکان هەندێک زیانیان بەرکەوتووە، ٢١ لە کۆی ٣٦ نەخۆشخانە لە خزمەتگوزاری کەوتوون و ٤٥ لە کۆی ١٠٥ دامەزراوە تەندروستییە سەرەتاییەکان کاریان نەکردووە.  زیاتر لە 62% بینای نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، هەروەها زیاتر لە 59%ی ژێرخانی کەرتی ئاو و پاکوخاوێنی  زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

پەکەکە نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات

Zaher Baher

25/10/2024

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی وتووێژی نێوانی پەکەکە و حکومەتی تورکیا لە ئارادایە.  پێناچێت ئەمە کاری ئەم چەند ڕۆژە بێت بەڵکو لانی کەم پێشینەیەکی چەند هەفتەیی هەیە.  بەم بۆنەشەوە  توێژەرەوانی کورد و ناکورد زۆری لەسەر دەنوسن و هەندێکیشیان خەنجەر لە کا دەدەن.  هەندێك لە سەرانی پەکەکەش کۆمێنتی خۆیان داوە و ئەوانی دیکەش بە دوای ئەماندا دێن هەر وەکو پێشتر دیتومانە.

بۆ من هۆکاری ڕوودانی  وتووێژەکە و کێ قسە دەکات و کێ دیمانە دەکات هیچ گرنگییەکی نییە، ئەوەی گرنگە ئەمە دەرفەتێکە و هاتۆتە پێشەوە کە پەکەکە دەبێت لەم بار و دۆخەدا بیقۆزێتەوە هەتا ئەگەر ئەنجامێکیشی نەبێت چونکە هەر هیچ نەبێت پشوویەکی باش دەبێت بۆ خودی پەکەکە خۆی و بۆ کوردستانی باکور و باشور و تا رادەیەکیش ڕۆژئاواش .  پشوویەك دەبێ کە چی تر کەسە دەرکەوتوو چالاکەکانی نێو پەکەکە و ڕۆژئاوا لە تورکیادا راونانرێن و ناگیرێن، پشوویەکە هەر ئاواش تا ڕادەیەك ئاسایش بۆ باشووری کوردستانیش دەگەڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت دۆستان و ئەندامانی پەکەکە ترسی تیرۆرکردنیان چ لە ڕێگەی تیرۆری چەکەوە یاخود درۆنەوە نابێت .  پشوویەك دەبێت کە بارودۆخی یەکێتی نیشتمانیش تا ڕادەیەك ئاسایی دەکاتەوە و فڕۆکەخانەی سلێمانیش گەر بۆ وەختییش بێت دەکرێتەوە .

سوود و قازانجی ئەم هەلە ئەوەندە زۆرە کە لیستێکە و من نامەوێت بیکەمە مەبەست و کرۆکی  بابەتەکەم.  لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەوە دەبینم کە رەنگە زۆرێك هەبن لە ناو خودی پەکەکە هەتا بە سەرکردەکانیشیانەوە ڕاگرتنی شەڕ و وتووێژکردن پەسەند نەکەن، بەڵام لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە بۆ هەردوولا ، ئەوانەی کە لەگەڵیدان و ئەوانەشی کە دژن پێی دبێت رەچاو بکرێن.

یەك: ئایا پەکەکە لەو کاتەوەی، واتە مانگی تەموزی 2015 وە کە ئەردۆگان شەری بەسەردا سەپاندن چ هەنگاوێکیان ناوە؟ چەندێك زەرەریان بە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا گەیاندووە ؟ چەندێك پرسی کورد لەوێ چووەتە پێشەوە؟ کوردان و کوردستانی باشوور و باکور و ڕۆژئاوا و تا ڕادەیەکیش تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش، چەندێك لەم شەڕە نابەرانبەرییەدا سوود یا زییانیان بینیوە؟ چەندێك پێگەی هەردوولایانی واتە دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەی لە ‘نێو کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی’ بەهێز یا لاواز کردووە؟ ئەمانە و  پرسیارگەلێکی دیکە دەبێت بکرێت و خودی کەسەکە تاو وتوێ بکات پێش دانی بڕیارەکەی.

 بێ گومان بۆ پرسیارەکان  وەڵامی جیا جیامان دەبێت ئەویش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئێمە  لە سەرچاوەی سۆز و ویست و حەزی خۆمانەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین یاخود لە واقیع و بارودۆخی ناوچەکە و تا رادەیەکیش جیهانەوە تەماشای دەکەین؟  بۆ من کە هەر لە 2015 وە دژ بەو شەرە بووم و چەندەها وتارم بە کوردی و بە ئینگلیزی لەسەری نوسیوە و دەیەها پۆستیشم  لە فەیسبووکدا کردوە چونکە هەمیشە بە دوور لە سۆز و حەزی خۆم قسەم کردووە، بەڵکو بە تێڕوانین لە واقیع و پشتبەستن بە بەڵگە و زەمینەی بزوتنەوەکە لە باکور و تورکیا و هەژمون و لێکەوتەی ئەو بزوتنەوەیە چ نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر بزوتنەوەکەی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دادەنێت. من لەو دەلاقەیەوە تەماشام کردووە و هەڵوێستی خۆمم لێ وەرگرتووە،

ڕەتکردنەوەی وتووێژ لە هەلوێستی هێز و ئاسۆڕوونی و بوونی بەربیینیەکی باشتر لە پاشەڕۆژێکی نزیکتردا، رەنگە لۆژکانە بێت. بەڵام لە کاتێکدا کە بزوتنەوەیەکی چەکدارانەت هەبێت و ئەرکی سەرەکی تەنها بەرگریکردن بێت لە خۆی و باشترین چالاکی ئەو کەمپەینی ڕزگارکردنی بە تەنها ئۆجەلان، بێ لە هاوەڵەکانی لە بەندیخانە و ڕۆژانە و هەفتانە دەیان کەسانی چالاک و دۆست و ئەندامانت لە دەست بدەیت و نە لە باشووردا بتوانیت ئازادانە بسوڕێیتەوە و جالاکییەکانت بکەیت و هەمیشەش لە مەترسی تیرۆی درۆن و چەشنەکانی دیکەی تیرۆر بیت و هاوکاتیش دەسەڵاتی کوردیش ئەوە پارتییە دەست لەگەڵ هەموو لایەکدا تێکەڵ دەکات دژ بە پەکەکە ، خاك ، میللەت، سامان هەڕاج دەکات هەر بۆ ئەو مەبەستە ، یەکێتیش ڕێگا نادات کە هچ چالاکییەک دژ بە تورکیا و دەوڵەتی تورکیا بکرێت ، بەڵکو ڕێگا دەدات ، راستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ تورکیا کێی بوێت لە زۆنەکەیدا تیرۆری بکات یا بیفڕێنێت ، ئەمانە و زۆر زۆری تر.  باشە لە حاڵەتێکی ئاوادا وتووێژ ئەگەر هەر بە مەبەستی دانی پشوویەكیش بێت باشتر نییە لەو شەڕە دۆڕاوە؟ بە درێژایی شەری 9 ساڵ و وادەبێتە 4 مانگیش لەگەل حکومەتی تورکیادا پەکەکە و کورد زیانی نەکردبێت قازانجی نەکردووە ، جەماوەرێتییان گەر نەهاتبێتە خوارەوە نەچۆتە سەرەوە … ئیتر بۆچی وتووێژ نەکرێت؟؟ دوای ئەوە وتووێژە بە سەر نەگرتنیشی چ زیانێکی هەیە و دەبێت؟

دوو: مەرجەعێتی ئۆجەلان:   مەرجەعیەیەت ئەو سەرچاوەیە کە بۆ حەلی گرفتەکان و دانی بڕیارە سەرەکییەکان لایەنەکان و کەسەکان دەگەڕێنەوە بۆی. مەرجەعییەت یانی پیرۆزکردنی ئەو سەرچاوە و بڕیار و لێکدانەوەکانی ، یانی نابیناکردنی هەر هەموو ئەوانی دیکەی ئەو حیزبە، ئەو بزوتنەوەیە ، یانی بە مەبەست و بەدەستی خۆت نابینا و نەبان لە واقیع و ڕاستییەکان دەکەیت ، یانی خۆڕادەستکردنی کەسانێك کە دەکرێت  ئامۆژگاری و بڕیارەکانیان نادروست بن ، یانی نەفیکردنی کەسایەتی خۆت و هەڵپەساردنی مێشکت، یانی وابەستەیی بە کەسێك بە ڕایەك و بڕیارێك گەرچی پێشوەخت دەزانیت کە هەڵەیە….تد .

دیارە من  هەر بە  تەنها مەبەستم  پەکەکە و دۆستان و هەوادارانی پەکەکە نییە ، بەڵکو هەموو حیزب و ڕابەر و سەرکردەکانە ڕۆحانی یاخود ناڕۆحانی لە هەر هەموو ناوچەکەدا.  دەرد و پەتای پیرۆزیی و پیرۆزکردنی ڕابەر و سەرکردە و بوون بە مەرجەعییەت هەر  پەکەکەی نەگرتۆتەوە بەڵکو هەموو حیزبەکانی ناوچەکەی لە کۆن و نوێدا گرتۆتەوە، هەر تەماشای بارزانی باوك و کوڕ، جەلال تاڵەبانی، سەرکردە و ڕابەرەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و حیزبوڵا و حەماس و … تد گرتۆتەوە کە ناکرێت و نەگونجاوە ڕا و بڕیاری ئەو ڕابەر و سەرکردانە بە هەند وەرنەگیرێت و ڕەتبکرێنەوە.

سەبارەت بە پەکەکە و ئۆجەلان،  ڕاستە ئۆجەلان بە جەستە بەندە بەڵام بە هزر و هەڵوێست و نوسینەکانی گەورەترین هەژموونی خۆی بەسەر پەکەکەدا زاڵ کردووە، نەك هەر سەرکردەیەکی کۆن و کارامەی پەکەکەیە بەڵکو ڕابەرێکی ڕۆحیشیانە .  ئۆجەلان بە مێژوی خەباتی ناو شار و شاخ  و بەندکردنی بۆ ئەم هەموو ساڵانە، لای پەکەکە و دۆستەکانی لە هەموو کورستانەکاندا پیاوێکی ئەفسانەییە و  پیرۆز کراوە ، پیرۆزکردنیشی سەرچاوەی ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی ئەوەی دێتە پێش و ئەوەی ڕووی داوە، بۆیە  قسە و بڕیارەکانی ئۆجەلان ئەوەندە سەنگ و قورسایی خۆیان هەیە ڕەتکردنەوەیان دەچێتە خانەی مەحاڵەوە .

پەکەکە وەکو حیزبێکی قوچەکەیی و ئیدۆلۆجیست و خاوەن دسپلینێکی تووند و تۆڵ کە تا ئێستاش تینیۆتی بە قسە و نوسینەکانی ئۆجەلان دەشکێ و ئاوی حەیاتیانە، لێبڕین و وشکبوونی ئەو ئاوە کارەسات بەسەر پەکەکەدا دێنیت، بیرمەندی یەکەم و ڕەسەنی پەکەکەیە و نەك هەر ئەوەندە بەڵکو پەکەکە ئەوەندە بڕوای بە خودی ئۆجەلان و نوسینەکانی هەیە کە لابەلاکردنەوەی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دووتوێی مێشك و لاپەڕەی کتێبەکانی ئەودا دەبینین.

قسەکەی ‘دەوڵەت باخچەلی’ سەبارەت بە  پرسی کورد لە تورکیادا ڕاستە، کە  نە لە ئەدەنەیە و نە لە قەندیل بەڵکو لە ئیمڕاڵییە ، چونکە پەکەکە ناتوانن لە بڕیارەکانی ئۆجەلان دەرچن چونکە ئەوەندەیان پیرۆز کردووە و لە ئاسمانە ناکرێت بێهێننە سەرزەوی ، ناتوانیت قسەی بشکێنیت و خۆت کافر و مولحید بکەیت ، خۆت بێ حورمەت و تڕۆ بکەیت.  ئەوە، ئەوە بڕیاری سەرەکی تا ڕادەی ئاگربەستی و وتووێژ و ڕێکەوتن و هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و واژۆی دوا دەستنووسی بڕیار و پلانەکان دەکات  .  قسەی دووهەمی باخچەلی، ئەمەشیان هەر ڕاستە کە دەڵێت با ئۆجەلان بەر بێت و قسەی لەگەڵدا بکرێت . باخچەلی زۆر بە باشی پەکەکە و ڕۆڵ و هەژموونی ئۆجەلان لەسەر پەکەکە و قورسایی بڕیارەکانی دەناسێت، ئەوەندە گەمژە نییە قسە فڕێ بدات .  ئەو کە دەڵێت با ئۆجەلان بێت دژایەتی خۆی بۆ تیرۆریزم بەیان بکات بەو مەبەستە نییە کە ڕۆشنبیر و نوسەری کورد و سیاسییەکان شرۆڤەی بۆ دەکەن . ئەو دەڵێت با وتووێژی لەگەڵدا بکرێ، با بێتە دەرەوە لە بەندیخانە و ڕووبەڕوو دانوسستاندنی لەگەڵ بکرێت. ئەو دوای ئەمانە ئەو داخوازییە لە ئۆجەلان دەکات کە دژ بە تیرۆریزم و تیرۆر بوەستێتەوە . ئۆجەلان دەزانێت کە پەکەکە گەر لە کۆندا لە کاری تیرۆریستیدا گلابێت ، ئەوە ئێستا پەکەکە تیرۆریست نییە ، ئەوە حکومەتی تورکیایە کە بە درێژایی دروستبوونی فاشست بووە و لە ئێستاشدا دەوڵەتێکی فاشست و تیرۆریستییە.

من زۆر دەمێکە وتومە گەرچی ئۆجەلان بەندە بەڵام بیرکردنەوەی، تێڕاوانینی بۆ پرسی کوردی تورکیا و داهاتوی پەکەکە لەم بارودۆخەدا و تێپەڕینی قۆناخی جەنگی چەکداریی زۆر لەوانەی لە قەندیل دانیشتوون و بە حساب لە دەرەوەن و بەند نین، باشتر و دروستترە . ئۆجەلان ئاگربەستی دەوێت، ئەو یەکلاکردەنەوەی پرسی کوردی لە تورکیا بە وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەوێ نەك لە ڕێگەی بزوتنەوەی چەکدارییەوە، بزوتنەوەی چەکداری کوتانی ئاسنی ساردە، ئەگەر لەو کوتانەشدا پرژێکی لێ ببێتەوە سەروگوێلاکی ئەوانە دەگرێتەوە کە دەیکوتن نەك دووژمنەکانی.  بزوتنەوەی چەکداری ڕۆڵی بەسەر چووە هەڵوەشاندنەوەی و جێگرتنەوەی بە خەباتی جەماوەریانە و ڕووکردنە شەقامەکانی شار و بۆ هەموو ئەو حیزبانە، بە پیرەوەچوونی پەڕلەمان لەڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەزاری خێرە و دەی بەرکەت.  بەرنامەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات کە جۆزیف پرۆدۆن و مورەی بوکچین باسیان کردووە لە ڕێگەی حیزب و بزوتنەوەی چەکداررییەوە ناکرێت، بگرە حیزب تەگەرە و گەورەترترین بەربەست و دوژمنی سەرسەختی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتن.

ئەمەی کە ئێستا پەکەکە دەیکات نە بەرخۆردانە و نە جەنگی بەرەنگارییە و نە سوودیشی هەیە ، ئەمە شەر لە بەتاڵی باشترەی مەسەلە کوردییەکەیە. گرنگ نییە حیزبەکان، بزوتنەوەکان چ دروشمێك بەرز دەکەنەوە و چ بانگەشەیەك دەکەن و چەند شەهید دەدەن؟ گرنگ ئەوەیە کە ئایا لە زەمینەی واقیعدا چ گۆڕانکارییەك دەکەن؟ ئایا ئەوەی کە دەیکەن کەمتر زیانبەخشە لە بەرانبەر ئەوەی کە بەدەستی دەهێنن؟ جەماوەرییبونیان لە شەڕێکی نەبڕاوەی بێ دەستکەوتدایە یاخود هێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادیی و دادەوەری کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەك هەنگاونان بۆ جۆرێك لە یەکسانی؟

پەکەکە پێویستی بە چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی ئەم نۆ ساڵەیدا هەیە ، گەر لەم سات و وەختەدا نەتوانن ئەوە بکەن، ئەگەر ئەم دەرفەتە کە ئێستا ڕەنگە بێتە دی  هەر هیچ نەبێت دەتوانن سوودی لێببینن و بەخۆیاندا بچنەوە.

تکایە تۆش، قەڵەم بەدەستی کورد خەنجەر لە کا مەدە ، تۆ گەر باوك و دایکی ئەو کوڕ و کچە گەنجانە نیت لەو شەڕەدا گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی، خۆ ڕەنگە خۆت باوك یا دایك بیت . تکایە قسەی زل مەکە و هانی بەردەوامییدانی شەڕ بدەیت و خۆتیش مێشێك میوانت نەبێت و بە هیچ جۆرێك پریشکی ئەو شەڕە تۆ و خێزان و ئازیزانت نەگرێتەوە.  ئەوە ئەو پەڕی بەدڕەوشتییە.