کۆبونەوەی ساڵانەی دەزگە دراوییەکانی سەرمایەداریی چارەسەری گرفتەکانی ناکات

زاهیر باهیر

23/10/2024

لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی ساڵانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی ، بانقی جیهانی و نوێنەری بانقی مەرکەزی ئەوروپا و وەزیرەکانی دارایی وڵاتانی ئەوروپا  لە واشنگتۆن دی سی سەبارەت بە هەندێك گرفتی سەرەکی جیهان دەکرێت.  لە ڕاستیدا گرفتی سەرەکی جیهان خودی سیستەمەکەیە کە ئەم دەزگە دراویانە خۆیان بەشێکی گەورەی سیستەمەکەن لەتەك پایە سەرەکییەکەی کە دەوڵەتەکانن.

ئەوەی کە خاڵی سەرەکییە و پێشبینی دەکرێت کە لەم کۆبوونەوەیەدا قسە و باسی لەسەر بکرێت چەند پرسێکین.  لەوانە  ژینگە و تێكچوونی ئاو و هەواو ڕوودانی تۆفان و لافاو  لە زۆر شوێن، تەنانەت لە وڵاتانی  کە دەکەونە ناوچەی نیمچە بیابانەوە  هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ئەو ڕادەیەی کە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی زۆر لەو شوێنانەی کە پلەی گەرما زۆر زۆر بەرز دەبێتەوە. 

بە گوێرەی بۆچوونی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گرفتی سەرەکی سیستەمەکە سێ گرفتن: گەشەنەکردنی ئابووری، کە گوایە ئەمە گرفتی سەرەکییە و جیهان پێوەی دەناڵێنێت . گرفتی دووەم گرفتی قەرزارییە کە 146 دەوڵەتی جیهان بە دەوڵەمەند و هەژارییەوە بە ڕێژەی جیا جیا قەرزارن.  گرفتی سێیەم وەکو لە سەرەوە وتم گرفتی ژینگە و تێكچوونی کەش و هەوایە.

گەشەنەکردن: ڕاپۆرتەکانی کە لەسەر گەشەی ئابووریی دراون دەڵێن لە سالی 2008وە دوای ڕوودانی قەیرانە داراییەکە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دووچاری دابەزینی گەشەی ئابووری هاتوون و ئەمەش گرفتی دروست کردووە.

لە ڕاستیدا گرفتی گەشەنەکردن یاخود دابەزینی گەشەی ئابووریی وڵاتان لە سای سیستەمی هەنووکەدا دوو گرفتی گەورە دروست دەکات : یەك: گرفتی بە دواهاتنی قەیرانەکان و وابەستەی قەیرانەکان، واتە قۆرتەکانی . دوو: دابەزینی گەشەی ئابووریی یانی بوونی بەتاڵەی زیاتر ، زیادبوونی نرخی پێداویستییەکانی ژیان ، یانی کەمبوونەوەی دانی تەکس ( باج) واتە نوقسانی لە بوجەی دەوڵەتدا.  نوقسانی بوجەی دەوڵەتیش یانی کەمکردنەوەی بیمەکان و بڕینی پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی بە هەموو بەشەکانییەوە هەروەها نەدانی یارمەتی و هاوکاری نەکردنی ولاتانی لێقەوماو و لەمەش زیاتر یانی قەرزکردنی زیاتر لە لایەن حکومەتەکانەوە، کەواتە بوون بەژێر قەرزی نەتەوەیی زیاترەوە.

قەرز و قەرزاریی: بە هۆی ئەوەی سەرەوە و تەماحی زۆری خاوەنکار و کۆمپانیاکان لە کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتردا دەوڵەت ساڵانە قەرز دەکات، قەرزیش دانەوەی هەیە و دانەوەکەشی بە ڕێژەیەکی بەرزی سووە کە دەبێت دەوڵەت بیداتەوە گەر نەیداتەوە ئەوە سووەکە دەچێتە سەرەوە و کەڵەکە دەبێت.

  لەم بارەدا با سەرنجی هەندێك لەو وڵاتانە لە کۆی 146 وڵاتی قەرزار بدەین کە قەرزەکانیان وەک پێوەرێک، بە ڕێژەی داهاتی نیشتمانی لێکدەدرێتەوە، کە لە  ئەوروپا و ئەمەریکا بە (GDP)  ناودەبرێت، کە پێوەری بەردەوامیی قەرزەکان بە گوێرەی ئەوە دەخەمڵێنرێت.

 ڕێژەی قەرزەکانی ئیتاڵیا بەرامبەر بە داهاتی ناوخۆیی (GDP)  لە سەرووی 130% دایە، لە کاتێکدا ڕێژەی قەرزی  ئەمریکا لە 124%دایە.  یۆنان ڕێژەی قەرزەکەی نزیکەی 160% و ژاپۆن ڕێژەی قەرزەکەی زیاتر لە 260 %.  بریتانیا لەم دواییەدا قەرزەکەی چووە سەرووی 100%وە.  صندوقی  دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات قەرزی گشتی جیهانی تا کۆتایی ئەمساڵ 100 تریلۆن دۆلار تێپەڕێنێت.

هاوکاتیس ئەو ڕاپۆتە هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختیشی بۆ گەشەی ئابووری هەندێك وڵاتی گروپی حەوت کردووە لەوانە دەکرێت ئەمساڵ بەریتانیا سێیەم خێراترین ئابووری هاوبەش بێت لە گروپی حەوتەمدا، هاوتەریب لەگەڵ فەرەنسا و لە پشت ئەمریکاوە کە لە ڕێڕەوی گەشەکردنیدایە بە ڕێژەی 2.8% و کەنەدا کە پێشبینی دەکرێت بە ڕێژەی 1.3% گەشە بکات. ئیتاڵیا بە ڕێژەی 0.7% ، گەشەسەندنی ئابووری ژاپۆن بە 0.3% .  گەشەسەندن لە ئەڵمانیا سفر دەبێت ئەو لە ئێستادا لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ ئابوورییەکەیدا.

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی خێرخوازی دژە هەژاری گەشەپێدانی دارایی نێودەوڵەتی (DFI) دەریدەخات کە ڕێژەی دانەوەی قەرزەکان لە 42%ی  تێچووی خزمەتگوزارییەکانە.  واتە ئەگەر بڕ یار بێت کە  100 دۆلار بۆ خزمەتگوزارییەکان  تەرخان بکرێت  لە سەدا 42ی ئەمە دەدرێتەوە بە قەرزەکە. ئەمە لە لیستی 146 دەوڵەتەکەدا کە وڵاتانێکین کە تا ڕەدەیەك دەەوڵەمەندن بەڵام لە وڵاتانی ئەفریقادا ئەم بڕە قەرزە دەچێتە لە سەدا 55 ی خەرجی خزمەتگوزارییەکان کە دەدرێتەوە بە بانقی جیهانیی.

لەگەڵ ڕێژەی بەرزی قەرزکردندا کە لە کۆتایی ئەمساڵدا دەچێتە 100 تریلۆن دۆلار، کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان زیاتر قەرزارن، پرسیارەکە ئەوەیە کە پارەی ئەم قەرزە بۆ کوێ دەڕوات؟ بێ گومان بەشێکی بۆ جەنگ و بەرپاکردنی جەنگە هەروەها بەشێکی تری بە گەندەڵی دەڕوات ، بەشێکیشی بە هاوکاری هاووڵاتانێك کە خودی دەوڵەت و سیستەمەکە ئەو بارودۆخەی خولقاندووە، ئەمە جگە لەوەی کە خودی دەوڵەت و ئیدارەکانی بیرۆکراتین.  هەر ئەو هۆکارانەیە و هەندێکی دیکە کە دەبینین بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بانقی جیهانی 700 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕۆژانە لەسەر تەنها 2 دۆلار و 15 سێنت دەژین.  هەر  هەمان ڕاپۆرت ئەوەی  پشتڕاست کردۆتەوە کە زیاتر لە 3 دەیەی دەوێت تاکو ژیانی ئەو 700 ملیۆن کەسە لە جیهاندا لە قۆناخی هەژاری ڕەها دەربکرێت. لەسەدا 44 ی دانیشتوانی جیهان کە دەکاتە 3 ملیار،  ڕۆژانە لەسەر کەمتر لە 6 دۆلار و 85 سێنت دەژین.

 سەبارەت بەبەرزکردنەوەی ژیانی ئەو 3 ملیار کەسەش ئەوە چیرۆکێکی جیاوازە ئەگەر ئامانجەکە گواستنەوەی داهاتی ئەو 3 ملیار کەسە بێت بۆ سەرووی 6.85 دۆلار لە ڕۆژێکدا، ئەمەش  بۆشاییەکی دیکە دروست دەکات  لە ژیانی خەڵکدا کە  دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 46% لە سەرووی ئاستی ساڵی 2019دا.

ئەی چارە؟

بێ گومان بۆ هەموو گرفتێك چارە هەیە چونکە ڕوودانی گرفت لە روودانی هۆکارێکەوە یا ڕووداوێکەوە ڕوودەدات. بەڵام لە دید و بوونییەی سەرمایەداری و سەرمایەدارانەوە و ئەو چارەسەرانەی کە بۆی دادەنێن هەرگیز چارەسەرێکی  یەکلاییکەرەوە نییە .  حەلی یەکلاییکەرەوە خودی سیستەمەکە هەڵدەتەکێنێت و دژ بە ئامانجی ئەوانە کە بەردەوامیدانە بە سستەمەکە و زیاتر چەسپاندنی.

هەر بۆ نموونە هەموو ئەو قەرزانە کە لە لایەن بانقی جیهانی و دەزگە دراوییەکانی دیکەوە دراون هەمووی بە مەرجی قورس دراون کە کەمەری دانیشتوانی وڵاتە هەژارەکانی شکاندووە، بە برسی کردنیان، بە بەرزرکردنەوەی نرخی پیداویستییەکانی ژیانیان، بە بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت…تد .  هەر خولقاندنی ئەم بارودۆخەیە کە زۆرێك لە ئابووریناسەکان لە ناو خودی ئەو دەزگە دراوییانەدا و لە دەرەوەیان بیر لە کوژاندنەوەی ( هەڵوەشادندنەوەی) ئەو قەرزانە دەکەن و جەدەلێکی گەورەی لەسەرە.  تا ئێستا دەزگە دراوییەکان و کاربەدەستانیان بەمە ڕازی نین چونکە ئەمە کارێکی زۆر قورسە گەرچی ئەوان لە ڕێگای بەرزی ڕێژەی سووەکانەوە دەمێکە بڕی پارە ئەسڵییەکە کە بە قەرز داراوە وەرگیراوەتەوە.

لەمانەش زیاتر کۆمپانیا گەورەکانی وەکو نەوت و خەڵوزی بەردینی و سەیارە و گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە و سوپەرمارکێتەکان و ئەوانی تریان هەرگیز نەك هەر ئامادە نابن کە دەستبەرداری زیاتری قازانجیان ببن بەڵکو بە هیچ شێوەیەکیش ناتوانرێت لغاو بکرێن .  کردنی قازانجی زیاتریش لەسەر حسابی هەژارکردنی زیاتری دانیشتوانە ، لەسەر حسابی تێکدانی ژینگەیە و هەڵکەندنی خەڵکانێکی زۆر لە ڕێ و شوێن و زێدی خۆیان ، کەمکردنی داهات و زیاتربوونی هەژاری و بەتاڵەییە ، ئەمەش یانی ئەو وڵاتانەی کە توشی ئەم نەهامەتییە دەبن کە هەرە زۆرینەیان وڵاتانی هەژارن دەبێت  چاوەڕوانی هاوکاری و یارمەتی بن، ئیدی وەکو خێر یاخود وەکو قەرزێك کە بەهۆی دانەوەیەوە کە سووەکەی بەرزە هەتا ماون دەبێت پێوەی بناڵێنن.

لە لایەکی دیکەوە صندوقی دراوی نێو دەوڵەتی باوەڕی وایە لەکاتێکدا ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە5ی ئەم مانگە ئامادە دەکات، پلانەکانی بۆ سەپاندنی باجی بەرچاو ( گومرگ) بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا خستۆتە ڕوو، سیاسەتێک کە پێدەچێت زنجیرەیەک ڕێوشوێنی تۆڵە سەندنەوە بێت. پێشبینی دەکرێت لێرەدا چین بە ئامانجی سەرەکی بگیرێت، هەرچەندە کاڵاکانی یەکێتی ئەوروپاش لەبەر چاویدان، واتە ئەوانیش دەکرێت هەمان چارەنووسیان هەبێت. ئەم نیگەرانیەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی گریمانی خراپتربوونی بارودۆخەکە  زیاتر دەکات تاکو باشبوونی .

کەواتە تەنها چارەسەرێك هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی ئەم سیستەمەیە و جێگرتنەوەیەتی بە سیستەمێك ژیانی مرۆڤەکان مەبەستی بێت ، سیستەمێك کە پارە و هەموو چەشنەکانی خاوەندارێتی بە خاوەندارێتی دەوڵەتیشەوە لەناو بەرێت و بەخاوەندارێتی گشتی جێگەی بگیرێتەوە، ئابووری کۆمەڵگە چەك و بنەمای خۆشگوزەرانی ژیانی خەڵکەکەی بێت لەبری ئەوەی وەکو چەك و بنەمای  برسیکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەو چەك و تەقەمەنی جەنگ دژ بە دانیشتوان بەکاربهێنرێت.

………………

تێبینی : هەموو ئامارەکان لە دوو ئابووریناسی بریتانییەوە : Phillip Inman, Larry Elliott وە وەرگیراون .

پاش مانگرتنێکی درێژ کرێکارانی بەشی پیشەسازی بۆیین لەوە دەکات براوە بن

21/10/2024

33 هەزار کرێکاری بەشی پیشەسازی دروستکردنی فڕۆکەی بۆیین لە 15ی مانگی ئەیلولەوە تاکو ئێستا مانیان گرتووە .  مانگرتنەکەیان سەبارەت بە بەرزکردنەوەی کرێیانە بە ڕێژەی لە سەدا 40 و زیادکردنی سوودەکانیان کە لە شێوەی بیمەدایە هەروەها دانانەوەی پلانی خانەنشینی کە هەڵپەسێنرا بوو  ئەمان دەڵێن ” ئێمە فڕۆکەی کوالیتی دروست دەکەین، ژیانی زۆرێك لە خەڵك بەندە بە کارەکانمانەوە، بۆیە زانیارییەکانمان گرنگە”،  هەروەها کارمەندێکی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی کۆمپانیای بۆینگ لە دامەزراوەیەکی واشنتۆن کە بۆ ماوەی 12 ساڵە لەوێدا کار دەکات ، بە ڕۆژنامەی گاردیانی وتووە ” ئێمە شایەنی مووچەی باشتر و ڕێزگرتنی باشتر و خانەنشینی باشتر و سیاسەتی کارکردنی باشترین”

هاوکاتیش کۆمپانیاکە تەنها ئامادە بوو کە لە سەدا 25یان بۆ زیاد بکات دوو ڕۆژی دا پێیان کە بریاری لەسەر بدەن و قەبوڵی بکەن.  پێیڕاگەیاندن گەر قەبوڵی نەکەن ئەوە ئۆفەرەکە دەکێشێتەوە و زۆرێكیش لە کرێکارەکان بێ کار دەبن . کۆمپانیاکە ڕایگەیاند  ”  کە 17 هەزار کرێکار لە کارەکانیان دووردەخاتەوە بۆ ئەوەی تێچوو( کولفە) کەم بکاتەوە.”

 بەپێی ڕاپۆرتە داراییەکانی چارەکی سێیەمی کۆمپانیای بۆینگ، دەوترێت کە کۆمپانیای بۆینگ ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە.  هەروەها کۆمپانیاکە لەژێر لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا بووە بۆ ستانداردەکانی سەلامەتی و ڕووبەڕووی غەرامەکردنی چەندین ملیۆن دۆلار بووەتەوە، دوای ئەوەی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە تۆمەتی ساختەکاری تاوانکاری لە دوای ڕووداوە کوشندەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانی 737  لە ساڵانی 2018 و 2019 دا بەشداربوون.

بەڵام کرێکارەکان بە پابەندبوون بە مانگرتنەکەیانەوە و متمانە بە خۆبوونیان و پەەیوەندی دوو لە سێنەتای دیمۆکراتەکان بە کۆمپانیاکەوە ، کۆمپانیاکە بڕیاری داوە کە لە سەدا 35 کرێکەیان بۆ زیاد بکرێت ئەمەش لە ڕۆژی ئەم 4 شەمەیدا بە فەرمی دەگات نقابەی کرێکارەکان و ئەوانیش دەنگی لەسەر دەدەن کە ئایا بەو ئۆفەرە ڕازی بن یا نا .

جولەکەکان بۆرسەی نیویۆرکیان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئیسرائیل داخست. لێرەدا هۆکارەکەی دەخەینەڕوو

20/10/2024

Elena Stein*

18/10/2024

ڕۆژنامەی گاردیان

من وەك نەوەی ڕزگاربووی جینۆسایدێک، هۆلۆکۆست، ڕەتیدەکەمەوە ببمە تەماشاکەری جینۆسایدێکی دیکە.

جار لە دوای جار، شەعبان ئەلدالو، خوێندکاری ئەندازیاری سۆفتیۆری  تەمەن 19 ساڵ کە لە غەززە دەژیا، لە مردن  نزیک دەبووەوە ڕزگاری دەبوو.  دوو مانگ پێش مانگی نۆڤەمبەر ، واتە ئەو مانگەی کە بۆمبێکی دروستکراوی ئەمریکا کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە فڕێدرابووە نێو زانکۆی ئەزهەر لە غەززە تاکو وێرانی بکات، شەعبان لەوێ  دەستی بە خوێندن کربوو.

شەعبان ڤیدیۆیەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە کە چۆن خێزانەکەی – کە ئەم  وەک گەورەترینیان کە پێنج کەس بوون و ئاگەداریان بووە-  پێنج جار بەهۆی هێڕشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون. لەو سەروبەرەدا شەعبان  داوای پشتیوانی دارایی کردووە بۆ ئەوەی بۆ میسر هەڵبێن.

لە 6ی تشرینی یەکەمدا بۆمبێکی دیکەی دروستکراوی ئەمەریکا مزگەوتێکی تەقاندەوە و 20 کەسی کوشت و شەعبانیش کە لە ژێر داروپەردوودا وەك مردوو وابوو بەڵام توانرا دەربهێنرێت و لە مردن  ڕزگاری ببێت.  شەعبان دوای ئەوە چوو بۆ نەخۆشخانەی ئەقسا بۆ چارەسەری برینە زۆرەکانی.  هەر لەوێ چادرێکی بۆ خێزانەکەی دروست کرد وەکو پەناگەیەك تاکو پێکەوە بن.

پاشان بەیانی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئیسرائیل بۆمبێکی دیکەیان فڕێدا کە لەلایەن ئەمریکاوە دروست کرابوو هەر بە تەنها لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە و نێوانی 30  چادر، کە لەنێویاندا چادرەکەی شەعبان-یشی تێدا بوو   ئاگریان تێبەردرا.  خەڵک فریای برا 16 ساڵانەکەی شەعبان کەوتن کاتێک سەیری شەعبانی دەکرد کە هێشتا بە **IV ەوە بوە  و دایکی تەمەن 38 ساڵی بە زیندووی دەسوتێن.  ئەمانە هەمووی بە ڤیدیۆ گیراوە.

دوای زانینی ئەم هەواڵە بە چەند کاتژمێرێک، 500 جولەکە و هاوڕێیانیان، دایان بەسەر بۆرسەی نیویۆرک دا کە ناوەندی سەرمایەی جیهانییە دایانخست و داوایان کرد ئەمریکا چەکدارکردنی ئیسرائیل ڕابگرێت و قازانج لە جینۆساید ڕابگرێت.  لە ترسناکی و ئازاردا بەهۆی کوشتاری  فەلەستینییەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابینکراوە، و ئەم دوایین هەواڵەی کوشتنی شەعبان، دروشمی “چەککردنی ئیسرائیل ڕابگرن، با غەززە بژی”،مان بەرز کردەوە لە کاتێکدا پۆلیس زیاتر لە 200 کەسمان دەستگیرکرد و پیر و نەوەکانی هۆلۆکۆست کە ڕزگاریان بوو بوو  بە قۆڵ  و قاچ ڕاکێشان پەلکێشیان کردین .

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە سوپای ئیسرائیل تاوانی قێزەوەن و بۆردومانی نەخۆشخانە و مزگەوتەکان و کوشتنی  منداڵی زیاتر لە هەموو شەڕێکی تر لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنجامداوە  و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی کردووە. کۆمیساری ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئونروە Unrwa) بە ” شەڕی دژ بە منداڵان ” ناوی بردووە.

هەرچەندە جیهان هاوار دەکات بۆ وەستاندنی ئەم کوشتارگە سامناکە، بەڵام جۆ بایدن و کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامن لە ناردنی چەک و پارە، کە کۆی گشتی زیاتر لە 18 ملیار دۆلارە کە مایەی سەرسووڕمانە،  لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە بۆ ئیسرائیلی ناردووە.

هەمووان هەمان پرسیاریان هەیە: بۆچی ئەمریکا – و ئیدارەی دیموکراتەکان لێرەدا، کە هەوڵدەدات هەڵبژاردنێک بباتەوە – هێشتا ئیسرائیل چەکدار دەکات لە کاتێکدا ئەو کارە ئەنجام دەدات کە دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری (ICJ) بە متمانەوە  بە جینۆسایدی زانیوە، لە هەمان کاتدا ئەمە پێشێلکردنی خودی  یاساکانی ئەمریکا خۆیەتی؟

ئیدارەی بایدن دەیەوێت باوەڕت پێبهێنێت کە هۆکاری پارەدارکردنی سوپای ئیسرائیل لە پابەندبوونە بە سەلامەتی جولەکەکان..  ئەمە ئەو بەرگە ئەخلاقیەیە کە بەکاری دەهێنن، پۆشاکێکە بۆ هاوکاریکردنیان لە تاوانە قێزەونەکانی جەنگدا.

ئێمە وەک جولەکەکان ئەم ئەفسانەیە بە هەموو ڕیشاڵی بوونەکانمان ڕەتدەکەینەوە.  پێکەوە لەگەڵ دەیان هەزار جوولەکە ئەمریکییەکان کە ساڵی ڕابردوویان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ کۆتاییهێنان بە قەسابخانەکە  بەسەر بردووە، ئێمە ڕەتیدەکەینەوە مێژوو و ناسنامە و نەریتەکانمان وەک پاساوێک بۆ کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان بەکاربهێنرێت.

بەرژەوەندی ڕاستەقینەی حکومەتی ئەمریکا؟ کۆنترۆڵی هەرێم و قازانجی دارایی خۆیەتی.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە بۆردومانە بێ وچانەکەی ئیسرائیل کە لانیکەم 46 هەزار فەلەستینی کوشتووە، لەنێویاندا لانیکەم 16 هەزار و 500 منداڵ، لەگەڵ ژمارەی کوژراوانی ڕاستەقینە کە ڕەنگە زۆر زیاتر بێت هەن، نرخی پشکەکانی کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەمریکا بەرزبووەتەوە.

حەد و حەزی کۆتایی ئەوان بەهۆی ئەو ڕاستییەوە بەرز دەبێتەوە کە تاکە مەرجێک کە حکومەتی ئەمریکا لەسەر سندوقی 18 ملیار دۆلار، کە لایان وەکو ئاو وایە ، بۆ سوپای ئیسرائیلی داناوە، پرسەکە  ئەوە نییە کە چۆن ئەو بۆمبانە بەکاربهێنرێن، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە کە چۆن دەبێت بکڕدرێن.

بڕیارە ئیسرائیل چەك لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری چەکی ئەمریکا بکڕێت، کە لەم بارەدا دوو کۆمپانیای پێشەنگی لەو جۆرە بە ناوەکانی لۆکهید مارتن و ڕەیتیۆن، داهاتێکی سەرسوڕهێنەریان تۆمارکردووە کە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.

هاوکات لانیکەم 50 ئەندامی کۆنگرێس یان هاوسەرەکانیان خاوەنی پشکەکانیانن. لە کاتێکدا کە ئەم کۆنگریسمانانە دەبێ لەسەر بنەمای ئیرادەی دەنگدەرەکانیان دەنگ بدەن، بەڵام قازانجیان هەیە لە دەنگدان بۆ ناردنی ملیارەها دۆلار لە بودجەی سەربازی بۆ ئیسرائیل لەکاتێکدا کە ئیسرائیل جینۆسایدی پێ ئەنجام دەدات.

هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ لە ژیاندام ئەوەیە کە ئەو ڕۆژەی کە هەموو خێزانەکەم لە shtetl یان لە لیتوانیا کۆمەڵکوژ کران، لە جینۆسایدێکی تردا – هۆلۆکۆست – داپیرەم، نەنکم ،  تەنها بەڕێکەوت لەبەردەستدا نەبوو ، لەوێ نەبوو.

من کەسانی دیکە ئاگایان لێمبوو و گەورەیان کردم کە بڕیار نییە لێرە بم.  هەروەها بەهۆی ئەم کێشانەوە من بە ئازارەوە گەورە بووم. ئا لەم کاتەدا  دراوسێکان/هاوسێکان لە کوێ بوون؟ بۆچی تەنها وەستا بوون و تەماشایان دەکرد؟ بۆچی لاشە و تەرمی خۆیان لە نێوان بکوژەکان و خێزانەکەمدا فڕێ نەدا؟

لە کاتێکدا پۆلیسی نیویۆرک بە قۆڵ و لاق لە بۆرسەی نیویۆرک ڕاکێشیان کردمە دەروە، هەستم بە هەموو باوباپیرە جوولەکەکانم دەکرد لە پشتمەوەن، ئەوانەی کە ماون و ڕزگاریان بووە، ئەوانەشی کە ڕزگاریان نەبوو.  ئێمە ئێستا، بە قەناعەتێکی زیاتر لە جاران دەڵێین: ئێمە ڕەتیدەکەینەوە دراوسێ/ هاوسێ بین، تەنها تەماشاکەر بین و لە تەنیشتەوە ڕاوەستین .

ئەفسووس دەبوو ئەمڕۆ شەعبان یادی بیست ساڵەی لەدایک بوونی خۆی بکردایەتەوە.  لە یەکێک لە بەپەلەترین ئەرکەکانی ژیانماندا – وەستاندنی حکومەتەکەمانە لە بەردەوامبوون لە پڕچەککردنی ئیسرائیل –  ئێمە هەموومان ڕۆڵمان هەیە.

……………..

*ئیلێنا شتاین، Elena Stein ، بەڕێوبەری ستراتیجی ڕێکخستنی ڕێکخراوی دەنگی جولەکە بۆ ئاشتییە، کە گەورەترین ڕێکخراوی جوولەکەی دژە زایۆنیستییە لە جیهاندا و لە ئێستادا ڕێکخراوێکە کە زۆر بە خێرایی لە نێو جوولەکەکاندا  لە وڵاتەکەدا گەشەی سەندووە.

**هێڵێکی دەوروبەری ناو خوێنبەرەکان دەخرێتە ناو خوێنبەرەکانی دەوروبەرەوە، وەک خوێنبەرەکانی قۆڵ و دەست و قاچ و پێیەکان. ئەو دەرمانانەی بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرێن لە ڕێگەی خوێنبەرەکانەوە دەڕوات بۆ دڵ، لەوێشەوە لە ڕێگەی سیستەمی سووڕی خوێنەوە بەسەر باقی جەستەدا دابەش دەبێت

لینکە ئینگلیزییەکە:

ئەنارکۆ-سەندیکالیست لە ئیسپانیا داوای مانگرتنی گشتی کرێکاران دەکات سەبارەت بەشەڕەکە و ڕاوەستانی

19/10/2024

دەقی بانگەوازەکەی ئەنارکۆ-سەندیکالی ئیسپانیا بۆ مانگرتنی گشتی :

بە بەشداریکردنی زیاتر لە 200سەندیکا بە بانگەشەو پێشەنگبوونی سەندیکای کرێکاری ئەنارکۆ-سەندیکالیستەکان (CGT ) مانگرتنی گشتی 24 کاتژمێری لە ئیسپانیا لە 27ی ئەیلوول دا ئەنجام دەدرێت .

مانگرتنەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکەی غەززەیە.  کرێکارانی ئیسپانیا داوای پچڕانی دیپلۆماسی و بازرگانی و پەیوەندی سەربازی لەگەڵ تەلئەبیب دەکەن .

پلانی درێژخایەنی  ئەنارکۆ-سەندیکالیستەکان پێشنیار کراوە وەک تاکتیکێک بۆ وەستاندنی شەڕەکانی داهاتوو بە بەکارهێنانی مانگرتنی گشتی و یاخیبوونی گشتی لە بواری سەربازیدا. ئەگەر کرێکارانی هەردوولا وا بکەن، ئەوا چینی کرێکار هەرگیز ناتوانێت ڕێگە بە سەربڕینی شەڕێکی دیکە بدات، کە کوشتنێکی تری ئێمە خۆمانە لە نێوان خۆماندا بۆ ئارەزووی دەسەڵاتی سەرمایەدارەکان و حکومەتەکان. بۆیە نێونەتەوەیەکی بەهێز پێویستە تاکو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کرێکاریی بنیات بنرێت، ئەنارکیستەکانیش وەک شؤڕشگێر لە ڕیزی پێشەوەی ئەم بزووتنەوەیەدا دژە میلیتاریستەکان دەبێ بوەستن.

لە 7ی ئۆکتۆبەردا، یەک ساڵ بەسەر  ئەو کۆمەڵکوژییە تێدەپەڕێت کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەبەردەم هەموو جیهان کردوویەوتی. لە کاتی نووسینی ئەم هەواڵەدا، ژمارەی ئەو غەززیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون لە 40 هەزار و 543 کەس تێپەڕیوە. نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە ونن کە (زۆربەیان مردوون و و لە ژێر و دار و پەردوو هەندێکیان دۆزراونەتەوە) و 92 هەزار و 401 بریندار لە غەززە بووە.  هەروەها ئاوارەبوونی زۆرەملێی 1,900,000 دانیشتووی ناوچەکە.  جگە لەوەش 632 فەلەستینی دیکە کوژراون و 5400 بریندار و… 10 هەزار و 100 کەس لە کەناری ڕۆژئاوای فەلەستین  دەستگیر کراون.  لە لوبنان 534 کەس کوژراون و 90،000 هەزار کەس ئاوارە بوون؛ و لە سوریا نزیکەی 220 کەس گیانیان لەدەستداوە لەسەر دەستی هێزە زایۆنیستەکان. لە ناو کوژراوەکاندا  نزیکەی 17 هەزار منداڵیان تێدایە، 885 کارمەندی بەشی تەندروستی و خەستەخانەکان و 254 کارمەندی فریاگوزاری (188 لە UNRWA) و 168 ڕۆژنامەنووس.

لە بەرامبەر هاوپشتی نێونەتەوەیی سەبارەت بە جینۆسایدی فەلەستین، CGT سەندیکا داواکارییەکی سەندیکاکانی فەلەستینی وەرگرت و داوای کرد بۆ مانگرتنی گشتی لە 27 ئەیلولدا: “کردەوەی حکومەتەکانی ئێستا و پێشتریش شەرمەزارانەیە؛ هیچ سزایەک بە هیچ جۆرێک نەبوو لە کردنی بازرگانیدا لەگەڵ دەوڵەتی زایۆنیستی، هەروەک چۆن کڕین و فرۆشتنی چەک بۆ ئیسرائیل چڕتر بووەوە. دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەلایەن حکومەتی ئێستاوە هێشتا کردەوەیەکی ڕەمزیییە.

CGT – ئەنارکۆ-سەندیکالیست- داوای ئەوە دەکات کە حکومەتی ئیسپانیا دەستبەجێ کارەکانیان لە پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی و سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی پێبهێنن لەگەڵ  دانپێدانان و پاراستنی مافی گەڕانەوە بۆ هەموو پەنابەرانی فەلەستینی، و ئەوەش هەموو ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی زایۆنیست لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا.

ئێمە دژ بە دەستوری دامودەزگاکانمان و حکومەتەکان، و گوێگرتن لە بانگەوازی کرێکارانی فەلەستین، بانگەواز دەکەین بۆ کردنی چالاکی  ڕۆژێکی خەبات و مانگرتنی گشتی لە 27ی ئەیلولدا”.

لە بریتانیا دەرزی بچوککردنەوەی ناوقەد ( تەنگە) لە کەسانی قەڵەوی بێ کار دەدرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر کار

15/10/2024

حکومەتی بریتانی گوایە نەبوونی پارە و نوقسانی بوجە وای شپرزە کردووە کە هەموو جۆرە سیاسەتێکی ناڕەوا بەکاربهێنیت.

وەزیری بەشی تەندروستی دەلێی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە زۆر قەڵەون و بووتە هۆی نەخۆشی تر و وازهێنان لە کارەکانیان، یاخود نەتوانایی کار کردن ڕەنگە دەرزی باریککردنەوەی ناوقەدیان و کێش دابەزینیان  لێبدرێت .

 خەڵکانێکی زۆر بە جۆرێك لە جۆرەکان نەخۆشن و توانای کارکردنیان نییە ،.  بە گوێرەی ڕاپۆرتە نوێیەکان ژمارەی ئەوانەی کە بە هۆی نەخۆشییەوە مۆڵەت وەردەگرن یاخود کارەکانیان واز لێدەهێنن لە هەڵکشاندایە .  وەزیر دەڵیت ئەم گرفتە ساڵانە 11 ملیار پاوەند لەسەر بوجەی دەوڵەت دەکەوێت کە لە بەشی تەندروستیدا خەرج دەکرێت  کە ئەمە زیاترە کە گرفتی جگەرەکێشان و نەخۆشییەکان. .

پلانەکەی وەزیر، وەکو بەردەکە وایە کە دوو چۆلەکەی پێدەکوژیت .  یەك: ئەوانە دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کار و چی تر ئەو کلفە زۆرە لە سەر خەستەخانەکان و دکتۆرەکان [ بەشی تەندروستی ناکەون] .  دوو: ئەمانە چی تر نەك هەر پارەیان تێدا سەرف ناکرێت بەڵکو خۆیان ژیانی خۆیان زامن دەکەن و باجیش بە دەوڵەت دەدەن .

ئەمەی وەزیری تەندروستی ، لە ئێستادا گریمانە، بەڵام گریمانێکی بەهێزە و دەوڵەت پەنا بۆ هەموو شتێك دەبات بۆ پرکردنەوەی نوقسسانی بوجە .  لەم بارەشدا هەمیشە ئەوانەی کە باریان خوارە  وەکو : کەمئەندامان و دایکان و باوکانی یەكباڵ لەگەڵ منداڵێک یا زیاتر، خانەنشینان ، بێ کاران کە جۆرێك لە بیمە وەردەگرن  نیشانەیان لێدەگرن لە بری کۆکردنەوەی باج یا هەر هیچ نەبێت بە زیادکرنی لە سەدا 1ی باج لەسەر هەرە دەوڵەمەندەکان تاکو ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە ، دێت هێڕش دەکاتە سەر بارخواران و کەسە نەگبەتەکانی نێو کۆمەڵگە.

 

 

 

بایکۆتکردنی دەنگدانی ئەم جارە بەرگرتنیشە لە جەنگی نێوخۆیی دەنگدەران

بایکۆتکردنی دەنگدانی ئەم جارە بەرگرتنیشە لە جەنگی نێوخۆیی دەنگدەران

english

نا بۆ دەنگدان!
نا بۆ جەنگی میلیشیایی!
ئەوەی، کە لەبەر چی ئێمە ئەنارکیستەکان دەنگدان ڕەتدەکەینەوە، بەرەنجامی دەرکەوتەکانی مێژوویی سیستەمی پارلەمانی و ڕۆڵی ناکارای دەنگدەر وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارەن، لەبەر ئەوە هیچ پێویست ناکات، هەموو جارێک لە سەروبەندی هەر دەنگدانێک ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەربخەین، ئێمە ئەنارکیستەکان بەرانبەر سەروەریی چینایەتی و سیستەمی پارلەمانیی حکوومەت و جۆرەکانی دیکەی حکوومەت یەک هەڵوێستی مێژووییمان هەیە؛ ئەویش بایکۆتکردنی دەنگدان و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵەکانمانە وەک ئەڵتەرناتیڤ. بە هەمان شێوە خۆڕێکخستنی خۆمان لە شوێنی ژیان و کار و خوێندن وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی، چ سەندیکا زەردەکان، چ حزب، چ پارلەمان و چ خوودی حکوومەت و دەوڵەت، چونکە ئێمە خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵین لەلایەن چین و توێژە بەرهەمهێنەر و خزمەتکارەکانی کۆمەڵ.

هۆکارێک، کە ئەم جارە زیاتر لە جارەکانی دیکە ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان (کاف) بۆ دەربڕینەوە و دەرخستنی هەڵوێستی خۆمان هاندەدا، هەستکردنە بە بارگاوی-بوونی دەنگدەرانە بەگشتیی و لایەنگرانی حزبەکان بەتاییبەتی بە حەز و ئارەزووی جەنگی نێوخۆیی حزبەکان، کە پێشتر ساڵی ١٩٦٣ – ١٩٨٧ و ساڵی ١٩٩٤- ١٩٩٨ ژیان و بوون و خەونەکانی ژێردەستانی کۆمەڵی هەرێمی خستبوویە ژێر سێبەری خۆی و قوربانی ئەو جەنگانە ئێمەی چەوساوە بووین و وەک هەمیشەش براوە هەر بازرگانانی چەک و ڕامیاران بوون و هەموو جارێکیش برا-بورجوازە بەشەڕهاتوەکان پێکەوە دانیشتوونەتەوە و خوێنی ڕژاوی قوربانیانی جەنگەکانیان نۆش کردوەتەوە. ئەگەری جەنگەکە و بۆنی بارووت و خوێنی جەنگەکە لەنێو قسە و بانگەوازی سەرۆکی حزبەکان و کاندیدی لایەنەکان بەدیدەکرێت و هەر کەسێکی خۆهوشیار و ئەزموونگرتوو هەست بەو ئەگەرە دەکات و بە ئاشکرا بەشێکە لە قسەوباسی نێو شەونشینییەکانی خەڵک. تاقە ڕێگری ئەو جەنگەش بایکۆتکردنی دەنگدانە، چونکە لەباری ئەگەری دۆڕانی ینک یان پدک، بە پشتیوانی هاوبەرژەوەندە دەرەکییەکانیان جەنگەکە هەڵدەگیرسێنن، بەڵام کاتێک وەک جاری پێشوو بایکۆتکردنی دەنگدان هەموو لایەنەکان تووشی شۆک بکات، بەهیچ شێوەیەک ناوێرن هانا بۆ جەنگ بەرن!

لەبەر ئەوە، ئێمە ئەم جارە وەک جارانی پێشتووتر، بەس بۆ بایکۆتکردنی دەنگدان و خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییانە بانگەواز ناکەین، بەڵکو بۆ خۆئامادەکردنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییانە بۆ لەنێوبردنی ئەگەرەکانی جەنگی نێوخۆیی و بەرگرتن لە هەر شێوازێکی جەنگ. هەوڵدانی ئێمە بۆ بەرگرتن لە جەنگی حزبە دەسەڵاتدارە میلیشیادارەکان، کە بە ئاشکرا وەک جارەکانی پێشووتر دەزگە سیخوڕییەکانی حکوومەتی تورکیە و حکوومەتی ئێران و حکوومەتی نێوەندی ئێراق خۆشکەری ئاگری ئەو جەنگەن و هێزەکانی ینک وەک بەشێک لە لەشکری حکوومەتی ئێران و هێزەکانی پدک وەک بەشێک لە لەشکری حکوومەتی تورکیە لەنێو هەراکانی دەنگدان پەیامی ئەو جەنگە بە گوێی ئێمە دەدەن، ئەگەر دەنگی پێویست بۆ حکوومەتکردن بەدەستنەهێنن. ئێمە هیچ خوازیاری ئاشتی نێوان حزبەکان و سەرمایەداران و دەسەڵاتداران نین و هیچ کاتێکیش بۆ ئاشتی و تەبایی باڵەکانی دەسەڵات هەوڵنادەین و لەتەک دەسەڵاتداران و داراکان ئاشتی ناکەین، بەڵام بە هەموو شێوەیک دژی جەنگی چەکداری دەبین، چونکە قوربانییانی جەنگە چەکدارییەکان بەس ئێمەی چەوساوانی کۆمەڵ دەبن!

لەسەر ئەو بنەمایە و ئەزموونەکانی پێشووتری جەنگە نێوخۆییەکان، پێویستە وەک خۆئامادەکاری بۆ بەرگرتن لە هەر جەنگێکی چەکداری، ئێمە لەنێو نێوەندەکانی ژیان و کار و خوێندنی خۆمان، گرووپە خۆجێی و ڕێکخستنە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆمان بۆ وەدەرنانی میلیشیاکان و هێزە حکوومەتییەکان لەنێو نشینگەکانی ژیانی خۆمان دەرپەڕینین و هێزی بەرگری و پارێزگاری جەماوەریی خۆمان ڕێکبخەین، ئەگەر نا، وەک جەنگەکانی پێشوو گوند و شارەکان دەبن بە بەرەی جەنگی پدک و ینک، خێزانەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانمان بەسەر بەرەکانی جەنگ دابەش دەبن و خوشک و برا دەبنە بکوژی یەکدی!

ئێمە خۆمان بە بەشێک لە دەنگی ناڕازی نێو کۆمەڵ دەزانین و وەک بەرپرسیارییەکی مێژوویی بڕیاری بایکۆت و خۆئامادەکردن دژی جەنگی نێوخۆیی ڕادەگەیێنین و بەهیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە هاوپەیمانی و هەوڵی گرووپ و حزب و ئاراستە دەسەڵاتخوازەکان، چ بەرەی پارلەمانی و چ بەرەی تاک-حزبی، چ بەرەی خۆبەپێشڕەوزان!

نا بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر
نا بۆ جەنگی چەکداری
نا بۆ دووبەرەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی
بەرەو یەکێتی شۆڕشگەرانەی دژەچینایەتی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان
١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
https://linktr.ee/anarkistan

Boycotting this election is also to prevent a civil war among voter

Boycotting this election is also to prevent a civil war among voter

kurdish

No to vote!
No to militia warfare!
We anarchists reject voting because the result of the historical phenomena of the parliamentary system and the ineffective role of the voters. Therefore, there is no need to express our position every time on the eve of each vote. We anarchists have the same historical position on class sovereignty, parliamentary systems and any forms of government. It is to boycott voting. We are with social self-organization for the social self-managing of our communities as an alternative.
Similarly, self-organized groups in areas of life, work, and education serves as an alternative to rejecting all class structures, whether they are yellow trade unions, political parties, parliament, the government, or the state itself. This is because we demand social self-managed society by productive people and those who truly want to serve society.

One reason that has encouraged us, the Kurdish-speaking Anarchist Forum (KAF), to express our position now more than ever is the sense of responsibility felt by voters in general and the supporters of political parties in particular. This responsibility includes taking the right stance on wars and civil conflicts, as seen between 1963 and 1987, except for the period from 1970 to 1974, when the Kurdistan Democratic Party (KDP) was in a ceasefire and negotiation with the Iraqi government of the time. The civil war, which resumed between 1994 and 1998, cast a shadow over the lives, existence, and dreams of the people of the region. We, the oppressed, have always been the victims of these wars, while the arms dealers and politicians have been the winners. After every war, the bourgeoisie, as brothers, have sat together and feasted on the blood of the victims.

The possibility of the war and the smell of gunpowder and blood of the war can be seen and heard in the speeches and calls of the leaders of the political parties and the candidates of the parties. Any conscious and experienced person feels this possibility and became openly part of the conversation in people’s normal life.
The only obstacle to this war is to boycott the elections, because in case of defeat of the Patriotic Union of Kurdistan (PUK) or KDP, they will start the war with the support of their foreign interests. Therefore, this time, as in previous times, we are not calling only for a boycott of the vote and masses and social self- managed society, but also for mass and social preparation to eliminate the possibility of civil war and prevent any form of war.

Our efforts is to prevent the war between the ruling militia parties, which is openly fueled by the intelligence agencies of the Turkish, Iranian and Iraqi governments, while the PUK forces as part of the Iranian government army and the KDP forces as part of the Turkish government army. The result of the vote will send us the message of war if they do not get enough votes to govern.
We do not want peace between the political parties, capitalists and authorities, and we will never try for peace and unity between the wings of power and also we will not make peace with the authorities, heads of the corporations and the riches. On the basis of these and previous experiences of civil wars, in preparation for any armed war, we must mobilize our local groups and mass and social organizations to expel militias and government forces from our homes. This can be happened by organizing our mass defense and protection. Otherwise, like in previous wars, villages and cities will become the battlefields of the KDP and PUK, our families and social structures will be divided into battlefields and brothers and sisters will become killers of each other!

We consider ourselves part of the voice of the protesters in society, and as a matter of historical responsibility, we declare our decision to boycott and prepare against civil war. We will not participate in any coalition or efforts by authoritarian groups, political parties, or vanguard groups. We oppose all forms of rulers, whether they come from parliamentary systems, single-party, or multi-party politics.

No to vote!
No to bad or worse elections.
No to armed warfare.
No to mass and social divisions.
Yes towards anti-class revolutionary unity.

Kurdish-speaking Anarchist Forum (KAF)
13th Oct 2024
https://linktr.ee/anarkistan

فەرەنسییەکان یا دەبێت پەنا بەرنەوە بەر شەقام، یاخود ڕازی بن بەوەی کە بە سەریاندا دەسەپێنرێت

13/10/2024

سەرەكوەزیرانی فەرەنسا ، Michel Barnier ،    دەڵێت بوجەی دەوڵەت 60 ملیار یورۆی نوقسانە ، ئەمەش دەبێت بە  زیادکردنی باج یاخود کەمکرنەوە و بڕینی خزمەتگوازارییەکان و بیمەکان پڕبکرێتەوە.

زیادکردنی باج یەک لەسەر سێی فشاری بودجەی 60 ملیار یۆرۆ پێکدەهێنێت، ئەوەی دیکەش لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە سەرانسەری وەزارەتەکاندا دێت. خەرجکردن بۆ ئاسوودەژیانی [ بیمەکان] و تەندروستی و خانەنشینی و حکومەتە ناوخۆییەکان لێدانی ئامانجدار دەبێت، کە ڕەنگە یاسادانەرانی ئۆپۆزسیۆن، واتە پەڕلەمانتار، لە پەرلەماندا بە هۆی دەنگەوە پێچەوانەی بکەنەوە.

خۆ ئەگەر ئەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە دژی ڕەشنووسی یاسای بودجە هاتنە دەنگ و بە زۆربە بڕیار و پلانەکەیان هەڵوەشاندەوە ئەوە  حکومەت بژاردەی ئەوەی هەیە کە بەپێی مادەی 49.3 ی دەستووری فەرەنسا بەبێ دەنگدان ئەوەی کە ویتستویەتی بیسەپێنیت .  بەڵام ئەمە دەرگای دەنگدانێکی دیکەی لێسەندنەوەی متمانە دەکاتەوە،  سەرەکوەزیران جارێکی دیکە دەخاتە ژێر ڕەحمەتی ئۆپۆزسیۆنەوە.

باسکردن  لە زیادکردنی باج ،  بە زۆری زیادکردنی باجە لەسەر ئەوانەی کە داهاتییان کەمە، لەوانە مامۆستایان و خانەنشیکراوان وکارمەند و کرێکارانی بەشە خزمەتگوزارییەکان، گوایە حکومەت لەژیر فشاری کەرتی دارایی و هاودەوڵەتە ئەوروپییەکانیدایە . 

دوای ڕاپرسییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن،  حکومەتەکەی بە هاوکاری حیزبە چەپەکان کە زۆرترین دەنگیان هێنا لە حوکمدا مایەوە و ئێستاش ناتوانن بەرنامەکانی خۆیان بسەپێنن .  هاوکاتیش ئەم ئەم پلانەی حکومەت کە سیاسەتی تەقەشوفە ، واتە سك هەڵگوشین  ئەوەندە کارایی خراپ لەسەر خزمەتگوزارییەکان و بیمەکان و هەژاران دادەنێت تەنانەت حیزبەکەی مارین لیوپان دژە پێی . 

سیاسییەکان هەرگیز دانانمێنن لە دۆزینەوەی ڕێگای دیکە بۆ گەیشتن بە مەرام و جێبەجێکردنی پلانەکانیان .  بۆ نموونە وەکو باس دەکرێت ڕاگرتینی زیادکردنی پارەی خانەنشینانە بۆ ماوەی 6 مانگ کە لێرەدا حکومەت دەتوانێت 4 ملیار یورۆ بگێڕیتەوە بۆ بوجەی دەوڵەت هەروەها لابردنی 4000 مامۆستا ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی ئەو نوقسانییەی بوجە . ئەمانەش پلانن گەر کار گەیشتە کردنی فشارێکی گەورە بۆ سەر حکومەت.

کەواتە بژاردەیەك بۆ فەرەنسییەکان گەر ئەم پلان و بڕیارە لە پەڕلەماندا پێچەوانە نەکرێتەوە، دوانە ، یا دەبێت بگەڕیتەوە بۆ سەر شەقام بۆ سەپاندنی ویست و پێداوسیستییەکانیان ، یاخود ڕازیبوونە بە بڕیار و پلانەکەی حکومەت .

May be an image of 1 person

بار و دۆخی ئێستای غەززە *

12/10/2024

+ زیاتر لە 43 هەزار کەس کوژراون واش تەخمین کراوە کە زیاتر لە 10 هەزار جەستەش لە ژێر دار و پەردوودان و هێشتا کۆنەکراونەتەوە.

ئێمە دەزانین کە 48 مانگی یەکەمی ژیانی منداڵ گرینگترە بۆ گەشەکردنی مێشک لە چاو 48 ساڵی دواتر. لەگەڵ  ئەوەشدا کە
 ئەمڕۆ منداڵان نیوەی یەک ملیۆن و 900 هەزار ئاوارە لە غەززە پێکدەهێنن،
 تەنها دابینکردنی کەمێکی زەروورییەکان بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو، کۆرپە، منداڵی ساوا و ژنانی دووگیان و شیردەر هەیە.

+ غەززە ئەمڕۆ لە هەموو شتێک تا ڕادەیەك بێ بەشە ، بۆ هەر 850 کەسێک یەک تەوالێت هەیە.

+ لە سەدا هەشتا و پێنجی دایک و باوکان باس لەوە دەکەن کە منداڵەکانیان لانیکەم ڕۆژێکی تەواو بێ خۆراک بوون.

+  ئێستا 346 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ پێویستیان بە خۆراک و ماددە خۆراکییە تەواوکەرەکان هەیە و لانی کەم 50 هەزاریان بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

+ زیاتر لە 40%ی خێزانەکانی غەززە چاودێری ئەو منداڵانەیان کردووە کە هی خۆیان نین. بەگشتی 20 هەزار منداڵ بێ باوك بوون، بێ سەرپەرشتین یان لە خێزانەکانیان دابڕاون.

 + لە کۆی 10 منداڵ لە هەندێک کەمپدا شەش منداڵ تووشی بزڕکاندنی قسە بوون یا توشی جۆرێك لە لاڵێتی هاتوون ، هەروەها  کێشەی دیکەی پەیوەست بە پەیوەندیکردنەوە بوون .

+  زۆرێک لەوانەی کە بەهۆی شەڕەوە تووشی برینداربوون و بڕینی بەشەکانی جەستە بوون، تەنیا پێویستیان بە چاودێری پزیشکی و نەشتەرگەری فریاگوزاری نییە، بەڵکو پێویستیان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی و بەرنامەی خۆڕاگری هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی زەبر و زەنگەکانیان ببنەوە. منداڵانی خوار پێنج ساڵ پێویستیان بە سەنتەری چاودێری، چاودێر، مامۆستا، دەروونناس و دابینکردنی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت.

+ لە ئێستادا هیچ شوێنێک لە غەززە بە سەلامەت دانانرێت بۆ پەروەردەی منداڵان.

+  نەک هەر 11 هەزار منداڵ و 411 مامۆستا گیانیان لەدەستداوە، بە مەزەندە 15 هەزار و 394 قوتابی و دوو هەزار و 411 مامۆستاش بریندار بوون.

+ نزیکەی هەموو قوتابخانەکان و زۆرێک لە باخچەی ساوایان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە یان لەناوچوون.

+ وێنە مانگی دەستکرد کە لە مانگی تەمموزدا لەلایەن پۆلی پەروەردەی جیهانییەوە گیراوە، دەرکەوتووە کە 93%ی قوتابخانەکان هەندێک ئاستی زیانیان بەرکەوتووە، و 85%ی قوتابخانەکان پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوە دەبێت.

+ ڕاپۆرتێکی نوێی ئەکادیمیەکانی زانکۆی کامبریج و سەنتەری توێژینەوەی لوبنانی دەریدەخات کە – بەهۆی سەرەتا پەتاکە و ئێستاش شەڕ – قوتابیانی غەززە هاوتای نزیکەی دوو ساڵی خوێندنی خوێندنیان لەدەستداوە.

+ لانی کەم 885 لەوانەی لە بەشی تەندروستی و بەتەنگەوەهاتنەوە کاریان دەکرد کوژراون .

+ 128 ڕۆژنامەنوس و کارمەندی میدیا کوژراون ، 40ی دیکەش بریندار بوون ، ئەمە بێ لە کارمەندانی یو  ئێن .

+  لە سەدا 90ی خەڵکەکەی لە شوێنی خۆیان هەڵکەنراون و لە سەدا 80ی خانووە بیناکانی دیکە وێران کراون یا بە کەڵکی ژیان نەماون.

………………

*ئەم  زانایاریانە لە ئۆین جۆن ڕۆنامەنووس ، گوردن براون کۆنە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا هەروەها لە گوگڵەوە وەرگیراون.

حکومەتی بریتانیا تەنانەت بەو خۆپیشاندانانەش ڕازی نییە کە دەچێتە خزمەتی خۆی و سیستەمەکەوە  

زاهیر باهیر

10/10/2024

لە پۆستەکانی پێشوومدا بە درێژی ئەوەم باس کردوە کە ئازادییەکان لە بریتانیادا لە تەسكبوونەوە و کەمبوونەوەدایە . بەتێپەڕینی وەخت ئەو ئازادیانەشی کە هەمان بوو وردە وردە یا نامێنن یا بە گوێرەی پێویست کۆنترۆڵ دەکرێن.

لە ئێستادا پۆلیس ، دیارە بە ئاگەداری و فرمانی حکومەت،  بیر لە تاکتیکی تر دەکەنەوە بۆ گووشار خستنە سەر خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران . پۆلیس دەڵێت ساڵی پار ، مەبەست لە 7ی ئۆکتۆبەرەوەیە تاکو ئێستا خۆپیشاندانێکی زۆر زۆر و گەورە کراون، ئەوەش کاراییەکی زۆری کردۆتە سەر بوجەی پۆلیس گوایە لانی کەم 42 ملیۆن پاوەندیان لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندەران سەرف کردووە.

بەڕای ئەوان خۆپیشاندانەکان لە برەو و فراوانبووندایە بۆیە پۆلیس بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەروەر بێت دەبێت پارەی زیاتری بۆ سەرف بکرێت .  بۆ ئەمەش قسە لەسەر دوو پێشنیار دەکەن کە بە تەمان بکرێتە یاسا .  یەکەمیان پارە سەندن لە لەو ڕێکخراو و گروپانەی کە خۆپیشاندانەکان ڕێکدەخەن ، واتە دانانی باج لەسەر ئازادیی .  دووەم : سنوردانان بۆ ژمارەی خۆپیشاندەران .  ئەمەش یانی پۆلیس دەتوانێت بڵێت ئەو خۆپیشاندانە نابێت لە ئەوەندە کەس زیاتر بێت ، گەر لەوە زیاتر بێت ئەوە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بەرپرسن دەکرێن سزا دەدرێن .

ئەم پێشنیارانەی کە پۆلیس دەیکات یانی دانانی باج و گەورەترین بەربەست لەبەردەم خۆپیشاندان و ناڕەزییەکاندا .  ئەمە ئێستا لێدوانی لەسەر دەکرێت دوور نییە لە سەرەتای ساڵی نوێدا بە هاودەنگی پەڕلەمانتارەکان بکرێتە یاسا.