نقابەی سایەقەکانی میترۆ و قیتار  لە بریتانیا هەڕەشەی سیاسییەکان و بڕیارەکەی پەڕلەمان پشتگوێ دەخەن

14/07/21

دوای ئەوەی کە هەرە زۆرینەی ئەندامانی نقابەی سایەقەکانی میترۆ و ئەو کرێکارانەشی کە کاریان پەیوەستە بەوانەوە دەنگیان بۆ مانگرتن دا و دواتریش هەر ئەو شەوە پەڕلەمان بڕیاری بە هێنانی کرێکارانی ئیزرابششکێن دا ، هێشتا نقابە هەر سوورە لە سەر بڕیاری مانگرتن .

دۆێنێ نقابە ڕایەگەیاند 40 هەزار لە ئەندامەکانی لە ڕۆژی 27ی ئەم مانگەدا بۆ 24 سەعات ماندەگرن و گەر داخوازییەکانیان جێ بەجێنەکرێت ئەوە لە داهاتووشدا ماندەگرنەوە. 

لە ڕاستیدا ئەمە پلانێکی زۆر دروستە چونکە 24 سەعات مانگرتن یانی زوو تر دەست لەکار هەڵگرتن بە گەیاندنی قیتارەکان بۆ تیرمیناڵی وەستاندنیان لە کاتی ئاسایی.  هەر ئاواش ڕۆژی 28 ی مانگیش هەتا نزیکی نیوەڕۆ کارکردنیان ئاسایی نابێتەوە ئەمەش وا دەکات کە فشاری زیاتر بخەنە سەر بزنس و حکومەت .  لە لایەکی دیکەشەوە مانگرتنی 24 سەعات پلانی هێنانی کرێکارانی ئیزرابشکێن هەڵدەوەشێنێتەوە و تەنها کارەکان ئاڵۆزتر دەکات تاکو ئاسانکاریی بۆ کۆمپانیاکنی خاوەنکار.

نقابە و ئیدارە هەر لە وتووێژدان ، نقابە ئامادەیە لە سەدا 4ی کرێ بۆ ئەمساڵ و لەسە 4یش ساڵی داهاتوو زیاد بکات ، بەڵام نقابە بەمە ڕازینییە و دروسستانە دەڵێن ئەم ڕێژەیە تەنانەت قەرەبووی ئەم سێ ساڵەش ناکاتەوە کە کرێیان بۆ زیاد نەکراوە.

حکومەت و دەوڵەت بێ یەك نابن

جیهان نۆرمان

13/07/2022

سەرکردە دز و گەندەڵەکەی  سریلانکە ئەم بەیانییە ڕایکرد  

زاهیر باهیر

13/07/2022

پاش خۆپیشاندان و پرۆتێستێكی زۆر و مانگرتنی کرێکارانی سریلانکە دواجار توانییان کۆتایی بە حوکمداری خێزانی ڕاجەپاکسە  بهێنن .  دوا سەرۆکیان کە Gotabaya Rajapaksa، ڕۆژی شەمەی ڕابوردوو ، 09/07 پاش داگیرکردنی ماڵ و ئۆفیسەکەی بە ناچاری ڕایکرد و خۆی شاردەوە.  لە شوێنێکی شاراوەوە قسەکەرەکەی ڕایگەیاند کە ڕۆژی 4شەمە واتە ئەمڕۆ، 13ی مانگ بە فەرمی دەست لەکار دەکێشێتەوە.  لەگەڵ ئەوەشدا خۆپیشاندەران باوەڕیان پێنەکردو هەر بەردەوامن لە خۆپیشاندانا بەڵام ئەمڕۆ 4 شەمە ، 13ی مانگ بەکاتی وڵاتی مالی گەیشتە ئەوێ . مالی کە وڵاتێکی بچوکە و تەنها ڕوبەرەکەی 8.30 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە زۆر بچوکە بۆ دانیشتوانەکەی کە 252,768 کەسن .

ڕاجەپاکسە ویستی ڕۆژی دووشەمە ڕابکات ، کە چووبووە فڕۆکەخانە لەوێ کارگەرانی فرۆکەخانە لە بەشی مۆرکردنی پەساپۆرت ، پەساپۆرتەکەیان بۆ مۆر نەکرد و ئیتر ناچاری گەرانەوە بوو بۆ حەشارگە شاراوەکەی .  بەڵام ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی جێتی سەربازیی خۆی و خێزانەکەی و دوو پاسەوانی شەخسی بە دزییەوە دەرچون و گەیشتنە وڵاتی مالی .

ڕاجەپاکسە پیاوێکی زۆر گەندەڵ و دز و بێ بەزەیی بووە .  لە نێوانی ساڵی 2005 و 2015دا وەزیری بەرگری بوو کە براکەی سەرەککۆمار بووە.  لەو کاتەدا توانی بە زەبری کوشتن و فڕاندن و هەڵکەندنی تامیلییەکان زیاتر لە 40 هەزار لە پڵنگەکانی تامەلی بکوژێت و ئێستا زۆرێكیان هەر بێ ناونیشان و بێ شوێنن .

بۆچی تا ئێستا بە فەرمی دەست لەکار کێشانەوەی ڕانەگەیاندووە؟

تا ئێستا ئەم کابرایە بە فەرمی دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە ئەویش لەبەر ئەوەی هێشتا نەگەیشتۆتە جێگای مەبەستی کە ئیمارەتە.  ئیمارات وڵاتی سەرۆکان و دیکتاتۆرانی تڕۆکراو و لێکەوتوە ، کە بریارە ئەمڕۆ بگاتە ئەوێ .  بە گوێرەی یاساو دەستوری سریلانکە سەرۆك کۆمار پارێزبەندی هەیە هەتا بە فەرمی سەرۆك بێت ناتوانرێت بدرێتە دادگە .  ئەمیش دەیزانی کە هەر بە فەرمی دەست لەکار بکێشێتەوە یەکسەر دەگیرێت پاش تۆمارکردنی دەعوا  لەسەری  دەدرێتە دادەگە.

چی چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا؟ :

بڕیارە لەم یەك دوو ڕۆژەدا حکومەتی نوێ پێكبهێنرێت.  خۆپیشاندەران نایانەوێت ئەوانەی لە حوکمی پێشوودا بەشدار بوون بە هۆی دزی و گەندەڵییانەوە لە حکومەتی نوێدا بەشدار بن .

دروستبوونی حکومەتی نوێ زەحمەتە بتوانێت بارودۆخی سریلانکە سەقامگیر بکات.  سریلانەکە 51 ملیار دۆلار قەرزاری صندوقی دراوی نێودەوڵەتیە و مایە پوچی خۆی ڕاگەیاندووە چونکە ئەوەی زەررورە لەوێ دەستناکەوێت .  بۆ ئەوی کە تۆزێك بارودۆخە بێتەوە سەر خۆی بۆ ماوەیەکی کەم، ئەوە دەبێت صندوقی دراوی نێونەتەوەیی 4 ملیار دۆلاری دیکەی بە قەرز بداتێ ، ئەمەشی پێنادرێت ئەگەر حکومەتی نوێ سەر بە ئەمەریکا و غەرب نەبێت .

دەکرێت حکومەتی نوێ پەنا بۆ پوتین بەرێت تاکو نەوت و غازی هەرزانی پێبدات و شتێکیش قەرزی بداتێ ، ئەم بژێرەیەشی لەبەردەمدایە .  هیندستان چی تر ئامادە نییە کە هاوکاری ئابوریی بکات هەر وەکو چۆن ئامادە نەبوو کە ڕاجەپاکسە بە تەیارەی سەربازیی ڕابکات بۆ ئەوێ.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕووداوەی کە لە سریلانەکە روی دا گەورەترین روداوە لە دوای ” سەربەخۆبوونییەوە” لە ساڵی 1948 وە چونکە خەڵکەکەی توانییان خراپترین حکومەت کە زیاتر لە 20 ساڵە لەوێ حوکم دەکات بە بڕواکردنە سەر خۆیان و یەکێتییان و بەکارهێنانی کەمترین توندوتیژی لە لایەن ئەمانەوە کۆتاییان بە ڕژێمی کۆن هێنا.  ئێستاش هەر کەس و لایەنێکی دیکە بێنە سەر حوکم گەر چاکسازی لە ژیانی خەڵکیدا نەکەن بە دڵنیاییەوە هەمان خەڵك بە ئەزموونی زیاترەوە دەتوانن ئەویش لا بدەن .

ئەوەی گرنگە لێرەدا بەرگری و بەرخۆدانی خەڵکییە دژ بە زوڵـم و زۆر و ستەمکاریی، زۆر زیاتر لەوەی کە کێ دەهێننە سەر حوکم ، چونکە ڕووداوەکان بە گوێرەی خواستەکانی خۆمان ڕوو نادەن و هەلو مەرجی لانی کەم ناوچەییاان دەوێت بۆ ئەوەی کە دەتەوێت بیکەیت ، بۆیە ڕاپەڕیوان بە گوێرەی ئەو هەل و مەرج و بارودۆخەی کە بۆیان دەڕەخسێت گۆرانکاری دەکەن نەك بە گوێرەی لەوەی کە سەد دەر سەد دەیانەوێت.

……….

وێنەی دووهەم وێنەی خەڵکییە کە لە ڕیزدان بۆ بینینی ناوو دەرەوەی کۆشکی سەرەککۆمار.

پەڕلەمانی بریتانیا دوێنێ شەو دەنگیان بە بڕیارێکی مەترسیدار دا

زاهیر باهیر

12/07/2022

 لە پۆستەکانی پێشتردا ئاماژەم بەوە کردوە کە بریتانیا ڕووبەروی شەپۆلێکی گەورەی مانگرتن و خۆپیشاندان دەبێتەوە.  هەر دوێنێ ، دووشەمە ، 11/07/22  بەشێکی کرێکارانی نقابەی کرێکارانی پەیوەندییەکان بۆ ماوەی 24 سەعات مانیان گرت.  مانگرتنەکەش بووە هۆی داخستنی 114 لە پۆست ئۆفیسە هەرە گەورەکانی چەقی شار و بەشێکی تریان ڕؤژی 5شەمە ماندەگرن و هەروەها کرێکارانی پۆستی ڕۆیەڵیش [ پاشایەتیی] لە هەفتەی داهاتووەوە لە مانگرتندا دەبن .

لە کاتێکدا کە ئەمان دەنگیان بۆ مانگرتن داوە نقابەی کرێکارانی سایەقی قیتارەکان ، میترۆکان کە خاوەنکارەکانیان 8 کۆمپانیای جیاوازن  ، دوای گەرانەوەی دەنگەکان ، دوێنێ 2شەمە ڕایانگەیاند کە زۆرینەی ئەندامەکانیان بە ڕێژەی لەسەدا 83 و 93 بە گوێرەی شوێنی کارکردنیان دەنگیان داوە.  ئەوانیش بە فەرمی ڕایانگەیاند کە ئەگەر لە وتووێژەکەیاندا لەگەڵ کۆمپانیاکان ڕێنەکەون ئەوە ماندەگرن.  داواشیان لە حکومەت و وەزیر هاتوچۆ و بزنس کرد کە ئەوان واز لە ئیدارەی کۆمپانیاکان بهێنن و ڕێگری نەکەن لە پەسەندکردنی ئەو ڕێژەیەی کە نقابە داوای دەکات.

ئەوە ڕاستییە کە حکومەت بەربەستێکی گەورەیە ڕێگا نادات کە کۆمپانیاکان دەستیان کراوە بێت لە وتووێژیانا لەگەڵ نقابەدا بە پاساوی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە نابێت موچە ، یا کرێ بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوێت ، هاوکاتیش موچەی بەڕێوەبەرو جێبەجێکاری کۆمپانیاکان بە ڕێژەی لە سەدا 32 سەرکەوتووە.

هەر بە دوای ئاشکراکردنی دەنگدان بە مانگرتن یەکسەر قوو کرا بە پەڕلەمانتارانا کە ئامادەبن تاکو دەنگ لەسە ئەو لائیحەیە بدرێت کە ماوەیەکی زۆرە حکومەت ئامادەکاری بۆ دەکات و  لە هەوڵی ڕازیکردنی ئەندام پەڕلەمانەکاندایە تاکو دەنگی پێبدەن.

پرۆژەکەش ئەوەیە کە حکومەت دەیەوێت لە بەشە هەرە سەرەکییەکانی شادەماری پیشەسازییدا وەکو هاتووچۆ، خەستەخانە، ئاگرکوژانەوە و هەندێك بەشی دیکەدا مانگرتن یاساخ بکەن .  بەڵام دواتر هاتنە سەر ئەوەی کە لە نوسینەگەکانەوە کرێکارانی ئیزرابشکێن بهێنن و ئەمەش ببێتە یاسایەك تاکو ئەمە ببێتە ڕێگرێکی گەورە بۆ مانگرتنی کرێکارانی ئەو بەشە.

لە دانیشنتەکەی دوێنێ شەودا بە داخەوە کە حکومەت بردییەوە بە دەنگی 289 بۆ 202 واتە تەنها 202 دەنگ دژ بەو بریارە وەستانەوە.

مەترسی سەرکەوتن و بەجێگەیاندنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە ئەو ئیزرابشکێنانەی کە دەیانهێنن و جێگای کرێکارەکانیان پێدەگرنەوە ڕاهێنانی تەواویان پێنەکراوە لە لێخوڕینی قیاتارەکاندا ئەمە جگە لەوەی کە ئاشنا نیین بە سکەکان چونێتی کارکردن بۆیە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی بەکارهێنەرانی قیتارەکان دروستدەکات.  لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەی بێکاریی لە کرێکارەکان دەکات بە هێڵانەوەی ئیزرابشکێنەکان لەسە کارەکە  بێ  بەهابوون و هەژموونی مانگرتنی ئایندە.

بە رای من تاکە ڕێگرێك لەم بریارە ئەمانەی خوارەوەیە :

یەکەم : نقابەی مەرکەزی مانگرنتی گشتی ڕاگەیەنێت کە زۆر زۆە مەحاڵە.

دووەم:  کە موعارەزەیەکی گەورە لە لایەن خەڵکییەوە نیشانبدرێت ، کە ئەمەشیان هەر مەحاڵە.

سێیەم: بردنی حکومەت بۆ دادگە و داگە بڕیار بدات کە هێنانی کرێکارانی نەشارەزاو بێ مەهارەت لەو بەشەدا مەترسی گەورە لەسەر ژیانی بەکارهێنەرانی قیتار دروستدەکات .  ئەمەیان ڕەنگە بکرێت و ڕنگیشە دادگە ڕێگر بێت لە بڕیارەکەی حکومەت.

ئەوەی کە ئێستا دەیکەن دەبوایە لە سەرەتای شەڕەکەدا بتانکردایە

زاهیر باهیر

10/07/2022

ئێوە هاتن ڕانەمەرێکی بێ ئەژمارەتان خستە بەردمی گەلە گورگێكی کەڵبە تیژی برسی … ئێوە هاتن لە پێناوی مەرام و هەیمەنەکردنی ئەو بەشەی دیکەی دونیا کە لە چەند وڵاتێکی کەم پێکهاتووە گەلێکی هەژار و نەگبەت کە ماوەیەکی کەمە لەگەمە سیاسییە خوێناوییەکانی ئێوە ڕزگاری بووە کردتانە قوربانی ئەو ئامانج و پلانانەی کە چەند ساڵێکە بۆ پوتین-تان داناوە … ئێوە هاتن دانەجیڕەی چەند ساڵەتان لە ڕوسیا و چاوبرسێتی و تەماح و هەژموونی خۆتان لە سەروماڵ و خوێن و خاکی ئۆکرانییە هەژارەکاندا چڕدەکردەوە ، گەورەتر و زەقتر دەکردوە… خۆتان ئۆکرانیاتان لە سای گەمژە سەرکردەیەك و کەسێكی بوغرادا کردە قوربانی پیلان و پلانی خۆتان …

 ئەمانەتان هەموو کرد بە بێ ئەوەی بچوکترین خوێندنەوەتان بۆ مێژوی ڕوسەکان و سیاسەتی ڕوسیا و کەسایەتی پوتین کردبێت … بێ  ئەوی بزانن کە پوتین لە ناوجەرگەی سیستەمەکەوە چاوی هەڵهێناوە و بەخوڕایی نەگەیشتۆتە ئەو پلە و پایەیە ..  ئەو کابرایە کە هەرچی ڕەحم و بەزەیی و مرۆڤایەتی هەیە تێدانییە، گوێ لە بەکوشتدانی هەزاران هەزار لە هاونشتمانیانی نییە ..

ئەو وەکو ئێوە بە پارەی دەڵاڵی[ لۆبیی] و بە هاوکاری کۆمپانیا گەورەکان هەڵنەتۆقیوە و تورەقی نەکردوە … ئێوە واتان دەزانی کە هەر لە هەفتەی یەکەمدا پوتین شاری کیڤ و شارە گەورەکانی دیکە دەگرێت و سوپاکەی بڵاوەپێدەکات و بۆی ئیدارە نادرێت و بەشێکی زۆری سوپا رادەکات و یاخی دەبێت؟.  لەناو ڕوسیاشدا واتان دەزانی کە ڕاپەڕینیێکی وەکو ئەوەی میسر و هۆنگکۆنگ و تونس و بەلەڕوس و … دروستدەبێت ، لە ماوەیەکی کەمدا ئیتر پوتین دەروخێت و ئێوەش بە مەرامی خۆتان دەگەن .

بەڵام کارەکان هەر هەمووی پێچەوانە بووەوە.  لە گەمارۆ و سزادانی  ئابوورییدا هاووڵاتیان و دانیشتوانتان زەرەرەی هەر گەورەی کرد تا ئەو ڕادەیەی کە مەترسی گۆڕینی ڕژێمیشی لەسەرتان دروستکردووە .  لە ڕوی سەربازیشەوە پوتین و سوپای ڕوسیا بە هەوای شان ، هێدی هێدی کیسەڵ ئاسا دەجوڵێن و شوێن دەگرن و شار و خاك وێران دەکەن و کەسانی بێ تاوان دەکوژن و پەردەوازەیان دەکەن .

ئێستا پاش ئەم هەموو کارەساتە ، ئێستا پاش سەدەها ملیار دۆلار و یورۆ وەکو هاوکاری جەنگ و ڕاهێنانی بەشێکی سوپای ئۆکرانیا و مرۆدۆستی و پارێزگاری لە شوێنە خزمەتگوزارییەکان سەرف کرد … ئەو کاتەی کە دەزانن کە چی تر ئێوە هیچتان لەگەڵ پوتین –دا بۆ ناکرێت و ئەو زۆرزانانە  مێزی قومارەکەی بە وارەکەشییەوە بەسەرتاندا قڵپ کردۆتەوە و مەترسی هێنانە خوارەوەتان لە حوکمدا هەیە ….داوای چارەسەری دیپلۆماسیانە دەکەن … ئیتر ئێوە دەزانن کە ڕوسیا نەك هەر شەڕی ساردی بەڕێکرد و کردییە شەڕی گەرم بەڵکو وای کوڵاندووە دوای ئەم شەڕە خۆشتان بێت یا ترشتان ئەو دەبێتە برابەشتان…..  داوای وەستانی شەڕەکە دەکەن … داوای سازش و ڕێکەوتن دەکەن   …. هەی هوو ، هەی هوو بەداخەوە پاش وێرانکردنی ئۆکرانیا و کوشتن و بڕینی سەدان هەزار کەس … ئەوجا دێن داوای ڕێکەوتن دەکەن.  ئەی بۆچی لە سەرەتادا ڕێگر بوون لە ژێنیسکی کە لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکەوتن بکات؟

تازە زۆر درەنگە ڕوسیا ئەوەندە هاتۆتە ناوەوە لە هەڵوێستی بەهێزییەوە قسەتان لەگەڵ دەکات و  قرمی زۆر زیاتری لێتان خۆشکردووە .

ڕەحەمەت لە کورد : ئێوە بۆ ڕیش چوون بەڵام سمێڵی ئۆکرانییە هەژارەکانیشتان نایە بانی … ئێستا ئێوە دەبێت ڕێکەوتن لەسەر ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا [ مارشاڵ پلان] بکەن کە ئەو کاتەش پوتین مەرجی خۆی دەسەپێنێت کە دەبێت کۆمپانیا گەورەکانی ڕوسیاش پشکی تەواویان هەبێت لە چننینەوەی ئەو سەروەت و سامانەدا کە لە سەر لافاوی خوێنی ملیۆنێك لە ئۆکرانییەکان و سەربازەکانی ڕوسیا پەیدادەکرێت .

دوا پاڵ

09/07/2022

چەند مانگێکە سریلانکییەکان لە دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان و داگیرکردنی خانوی تایبەتی بەرپرسانی دەوڵەتی سریلانکەدا بەردەوامن. جار جا پشوییەکیان وەرگرتوە و دواتر گوڕێكی ئێکجار بە تینیان بەخۆیان داوە ، جاری وا هەبووە کە چەند ڕۆژێك خامۆش و بێ دەنگ بوون بەڵام لە پڕێکدا بە دەیەها هەزار کەس لە سەر شەقامەکان بوون .

ئـەمڕۆ ، شەمە 09/07 ، لوتکەی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا پاش دواپاڵیان بە حکومەتەوە ، پاش ئەوەی کە بە سەدەها هەزار کەس کەوتنە سەر شەقامەکان بە تایبەتی لە پایتەختی سریلانکەدا کە کۆڵۆمبۆیە ، هێڕشیان کردە سەر کۆشك ئۆفیسی سەروک کۆماری ئەوێ و داگیریان کرد سەرۆك کۆمار بە پەلە ڕای کردووە و ئێستا خۆی شاردۆتەوە هاوکاتیش بڕیاری دا کە ڕؤژی 4 شەمە ، 13/07 بە تەواوی دەست لەکار بکێشێتەوە .  هەر لەو کاتەدا کە داگیریان کرد زۆرێك لە خۆپیشاندەران کەوتنە مەلە کردن لە مەلەخانەکەی کۆشکدا، کە مەگەر لە تی ڤی دا بینیبێتیان.

لە لایەکی دیکەوە دایان بەسەر ماڵە تایبەتییەکەی سەرەكوەزیرانا و ئاگریان تێبەردا.

هێڕشی خەڵکی برسی و نەدارا ، نەخۆش و پەککەوتە ، قوتابیان و مامۆستایان ، کڕێکاران و چنی ناوەند ، نە بە پۆلیس و نە بە هێزی تایبەتی سەرەک کۆمار نەوەستێنران و کۆڵیان پێنەدارا هەتا ئەوەی کە ویستیان بەدەستیان هێنا .

حکومەتی سریلانکە کە ماوەیەکی زۆرە لە لێواری مایەپووچیدا بوو کە نە نەوت و نە بەنزین و نە گازۆیل و نە دەرمان و نە کارەبا و نە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، هیچ کام لەمانە دەست نەدەکەوت و صندوقی دروای نێودەوڵەتیش هەر دەستی دەستیان بە سەرەک کۆمار و ئیدارەکەی دەکرد لە دانی قەرزێكدا کە بتوانرێت قەیرانەکە بۆ ماوەیەك برەوێنێتەوە .

 لە کاتێکدا کە حکومەت لەوەدا سەرکەوتو نەبوو لە 06 ی ئەم مانگەدا پەنایان برد بۆ پوتین کە نەوت و غازیان بە نرخێکی هەرزان پێبدا، بەڵام پوتین ڕەتیکردەوە.  بەم کارەش پوتین ڕۆڵی هەبوو لە گۆڕینی ڕژێمدا.

گومانی تێدا نییە کە خۆگریی و متمانە بەخۆیی و سووربوونی سریلانکیییەکان  لەسەر داخوازییەکانیان بوە هۆی سەرکەوتنی کۆتاییان لەم قۆناخەدا.  هاوکاتیش گومانی تێدا نییە کە ئەمە ئیلهام و ورە بە خەڵکانی شوێنەکانی دیکە دەبەخشێ و ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕینی هەندێك ڕژیم .

چەند پارێزەرێکی بریتانی دەیانەوێت تورکیا بەرنە دادگە 

زاهیر باهیر

08/07/2022

ئەوە ماوەی چەند ساڵێك گروپێک لە پارێزەرە باڵاکانی بریتانیا لەسە کەیسی ئێزیدییەکان کار دەکەن و دۆکۆمێنتێکی ئێکجار زۆر و وردیان کۆکردۆتەوە  لە جینوسایدکردنی ئێزیدییەکاندا دژ بە دەوڵەتی و توکیا و هەروەها عێراقیش کە ڕێگرییان نەکردووە لە هاتنی داعش و کوشتارگەی ئێزیدییەکاندا.

گروپی ئەم پارێزەرانە کە لە ژێر ناوی ” لیژنەی دادی  ئێزیدیی” کە 3 ساڵە کار لەسە ئەو کەیسە دەکەن کە 5 ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤی گرتۆتە خۆی و  سەرۆکی ئەم لیژنەیەش Sir Geoffrey Nice کە کاتی خۆشی ئەم تاوانبارانی یۆگۆسلاڤیای دا بە دادگە.

 ئەم لیژنەیە بڕیارە لەم مانگەدا لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بکەن کە 13 وڵاتی بە خۆوە گرتوە کە  بە گوێرەی   رێککەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم وڵاتانە بە جۆرێك لە جۆرەکان بەرپرسیارن کە نەیانتوانیوە بەر بەو  کوشتارگەرییە بگرن . 

ئەگەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە سەرکەوتووبێت ئەوە ئەم وڵاتانە دەبێت قەرەبووی قوربانییەکان بکەنەوە .

ئەمان بەڵگەی ئەوەشیان لە لایە کە تا ئێستاش جێنۆسایدی ئێزدییەکان لە سوریاش و لە عێراقیش هەرر بەردەوامە بە هێڕشی درۆنی تورکیا و هەر وەها بێ دەربەستی عێراق سەبارەت بەوە .

 بە گوێرەی راپۆرت و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانی ئەم لیژنەیە لانی کەم 5000 ئێزیدی کوژراون و 400 هەزاریشیان دەربەدەر بوون و 2800 ژن و منداڵیشیان تا ئێستا ونن و دیارنین یاخود هەر لە لای داعشن لەو کاتەوەی کە  ڕفێنراون .

ئەم لیژنەیە بەڵگەی پێویست و واقیعییان لەسەر تورکیا کۆ کردۆتەوە کە یا بە ئاگا بوون لەوەی کە کەسان هەبوون ڕاهێنیانی چەکیان پێکراوە بۆ کوشتنی ئێزیدییەکان و کەچی تورکیا چاوی خۆی لێنوقانوون.  هەر وەها پۆلیسەکانی سەر سنور چاوپۆشیان لە چەکدارانی داعش و هەندێك هاووڵاتی خودی تورکیا کردووە کە سنوریان بەزاندوو هاتوونەتە ناو عێراقەوە. ئەمە جگە لە یارمەتی و هاوکاریکردنیان.  سەبارەت بە دەوڵەتی عێراقی ئەوان گلەیی ئەوە دەکەن  و بەڵگەی ئەوەیان هەیە کە عێراق هاوکاری پێشمەرگەیان نەکردووە لە وەستاندنی هێڕشی داعش و لە قڕبوونی ئێزیدییەکاندا .  چەند بەڵگەیەکیشیان لەسەر قەتەر کۆکرۆتەوە ، بەڵام دەڵێن بنەمایەکی زۆر واقیعیانەی نیە .

ئەم لیژەنەیە بە تەمان تورکیا بەرنە بەردەمی دادگەی باڵای ئەوروپی سەبارەت بەو کارەساتە.

بڕیارێکی گرنگی حکومەتی فەرەنسا

زاهیر باهیر

07/07/2022

دوێنێ سەرەکوەزیرانی فەرەنسا بڕیاری دا کە کۆمپانیای EDF  کە یەکێکە لە هەر کۆمپانیاگەورەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە  لە جیهاندا  و بکرێتە کەرتی گشتی .

ئەم کۆمپانیایە لە ئێستادا لە سەدا 84 موڵکی دەوڵەتە باقییەکەی تایبەتییە ساڵی  پارەکە 165 هەزار کارمەند و کرێکار ئێشیان تێدا کردووە و سەرمایەکەی 85 ملیار یورۆیە.

 هۆی ئەم بڕیارە گەورەیەی فەرەنسا  دوو هۆی گرنگ و هۆکارێكی لاوازە . یەکەم: لە بەر ئەوەی ماکرۆن کۆنترۆڵی پەڕلەمانی فەرەنسای لە دەستچووە بە هۆی نوقسانی 40 پەڕلەمانتارەوە کە لەم هەلبژاردنەدا لە دەستی دا چی تر ناتوانێت دەستکراوە بێت لە بەجێهێنانی بڕیارەکانی حکومەت.  دووەم: لەبەر ئەوەی کە وەکو هەموو دەوڵەتیکی ئەوروپی بەرزبوونەوەی نرخی غاز بە ڕێژەی جیاواز هەڵکشاوە.  بۆ نمونە لە فەرەنسا نرخی غاز بە ڕێژەی لە سەدا 17 بەرزبووەتەوە ئەمەش کولفەی ژیانی خەڵکیئ زیادکردووە کە ڕەنگە ببێتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵك بۆیە ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە لە بەدەوڵەتیی کردنی ئەم کۆمپانیایە و هاوکاتیش بۆ جەماوەرییبوونی حکومەتە.

سێیەم کە هۆکارێکی لاوازە: ئەم کۆمپانیایە ، ئی دی ئێف ، پلانی دامەزراندی محەتەی نوەوەی لە فەرەنسا و بریتانیادا کردووە بەڵام کارەکان زۆر هێواش و سست دەڕوات ، ئەمەش وەکو سزایەك حکومەتی نوێی فەرەنسا بە سەر ئەو کۆمپانیایەدا دەیدات .

ئەمەریکاو بریتانیا دۆستی کەس نین ، تەنها بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن

زاهیر باهیر

06/07/2022

ئەوەندەی من بزانم لانی کەم بۆ چەند سەدەیەکە کە ئەمەریکا و بریتانیا لە مێژوی هاوکاری میللەتانی مەزڵوم و بزوتنەوەی جەپ بێ بەشن.  لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك نەك هەر لەناو کورددا بەڵکو لەناو گەلێك لە نەتەوەکانی دونیادا هێشتا ئەمەریکا و بریتانیا و غەرب بە هاوپشت و یارمەتیدەری میللەتانی نەگبەت و بزوتنەوە و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکان دەزانن.

دیارە ئەم تێڕوانینەش یا لەنەزانیی مێژوی  ئەم وڵاتانەوەیە یاخود خۆیان لەگەڵ ئەم ئاڕستەیەدان، یان زۆر دژ بە کۆمۆنیزم / سۆشیالیزمن.

لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەرککردن بەوەی کە من دەیڵێم [ با نەڵێم حەقیقەت] نە پێویستت بە خۆێندنەوەی کتێب هەیە و نە پێویستت بە ڕێکلامەی باشی و بە ڕەحمی و مرۆڤدسۆستی ئەم وڵاتانە هەیە. هەر تەماشایەکی واقیع بکە بزانم تۆ لە هیچ شوێنێکدا ئەوە دەبینیت کە ئەمانە لایەکیان لە لایەك کردبێتەوە کە لەبەرخاتری بەرژەوەندی خۆیان نەبووبێت، لە زۆر حاڵەتیشدا ئەو گۆڕانکاری و ڕاپەڕین و پرۆتێستانەشی کە کراون ئەوەمان بۆ دەردەخەن هاوپشتی هەر لایەکیان بووبن ئەوە بێ گومان لەبەر ئەوە بووە کە دژ بە خەڵکانی هەژار و بی دەرەتاننی ئەو وڵاتە بووە و ئایدنەکەی بۆ خۆیان بووە.

من زۆر جار کە ڕوداوێك لە شوێنێك ڕوودەدات یەکسەر تەماشای هەڵوێستی ئەم وڵاتانە دەکەم گەر بە ئیجابی بوو بەرانبەریان ئەوە دڵنیام کە چی تر پێویست ناکات ئومێدێکت هەبێت ، گەر پێچەوانەش بوو ئەوە بزانە هیوایەك هەیە.

تۆ هەر تەماشای ئەو گوڵباران و پارەڕژان و چەکبارانە بکە کەبەسەر ئۆکرانیایدا دەیڕژێنن و دەیبارێنن، دەبێت هەر زۆر بە گومان بیت.  ئاخر ناکرێت لە ئەمەریکا ئەو هەموو مەحرومبوونە لە هەموو شت هەیە دەوڵەت لەوێ دەربەستی نەبێت بەڵام هاوکات بە پەرۆش بێت بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئۆکرانیا و دڵیان پێیان بسوتێ!!. یاخود بریتانیا ، کە کابرایەکی وەکو بۆریس جۆنسۆنی  گەندەڵ و درۆزن کە دوو جار لەسەر کارەکانی پێشینەی لەسە درۆ دەرکراوە. کابرایەکی  ڕایسست، بە بەفیڕۆدانی پارەی خەڵك و دەرهێنانی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لەسەر بناخەی درۆکردن کە لە سەدا 4ی برسێتی و هەژاری ئەم وڵاتە بە هۆی ئەوەوەیە.، کەچی تۆ بە ڕاستگۆ و دڵسۆزی ئۆکرانیا و ئۆکرانییەکانی بزانیت!! ، کە لە کاتێکدا لێرە ئەم کابرایە ڕاست نەك هەر لەگەڵ هاوولاتیانی بریتانیادا ناکات بەڵکو لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرەکانی خۆیشیدا ناکات!!، لە کاتێکدا لێرە ئەو هەمو کەلێن و کەلەبەرە کەوتۆتە هەموو بەش و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵی بریتانی کەچی ئەم یارمەتی و هاوکاری ئۆکرانیایە. ئەمە خێرە؟!!

سەرکردەیەکی بوغرا و بێ ئاوەزی وەکو ژێنیسکی کە شایانی نەك هەر ستایش نییە بەڵکو دادگاییکردنە لە لایەن هاووڵاتییەکانییەوە بەوەی کە  بە فیتی ئەمەریکا و غەرب ئاوای بەسەر هێنان. کەچی ئەم سەکردەیە  کەسی هەرە نزیک و دڵسۆزی کابرای گەندەڵ و درۆزنی سەرەكوەزیارانی بریتانیایە.  

ئایا دەکرێت کەسانێك کە وەفا و دڵسۆزی و کاریان بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی خۆیان نەبیت کەچی بۆ وڵاتێکی دیکەیان هەبێت ؟ عەجەبا خێرە کە بۆریس ،سەرەكوەزیران ، ئامادە نییە پارەی تەواو لە خەستەخانەکانا خەرج بکات ، کرێی کرێکاران وکارمەندانی ئەم وڵاتە بە بڕێکی شیاو پەسەند بکات، کەچی لەو لاشەوە چەند ملیارێك پاوەند بداتە ئۆکرانیا؟ ئایا ئەمانە جێگای گومان نیین؟

کرێکارانی نەرویج لە مانگرتندان

06/07/2022

کرێکارانی نەرویج کە لە  بواری نەوت و غازدا کاردەکەن ئەوە بۆ 3 ڕۆژە لە مانگرتنندان و داوادەکەن کە کرێیان بۆ زیادبکرێت بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکانی بژێوییەوە کە بەشی زۆری جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا خولقاندویانە . 

ئەم کرێکارانە لە  بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی غازیاندا گەر حسابی بە بەرمیلی  نەوت بکەیت یەکسانە بە 89 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.  مانگرتنی ئەم کرێکارانە بووەتە هۆی داخستنی 3 کێڵگەی نەوت و غاز .

ئەم مانگرتنەش کارایی خۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی غاز لە بریتانیادا داناوە .  بە گوێرە ڕاپۆرتی ئەمڕۆی بزنس مانگرتنەکە نرخی غازی لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە 3 مانگ لەمەوبەر سەرخستووە.  تێرمیناڵی Easington لە نێوان مانگی یەک تا نیسانی ئەمساڵدا 70%ی هاوردەی بەریتانیای لە نەرویجەوە گواستۆتەوە و لە ساڵی 2021دا 67%ی لە هاوردەکردنی لە نەرویجەوە بەرپرسیار بووە.

نقابەی کرێکاران دەڵێت مانگرتنەکە 3 سایتی دیکەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەگڕێتەوە کە کارایی خۆیان لەسەر 333 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە گەر حسابی بە بەرمیلی نەوت بکەیت دادەنێت، کە ئەم ژمارەیە 264 هەزار لە غازی سروشتی گرتووە بەخۆوە.

ئەگەر مانگرتنەکە زیاتر بێت، ئەوا دەتوانێت کاریگەری لەسەر زیاتر لە دەرهێنانی یەک ملیار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەبێت یان نزیکەی 60%ی هەناردەی نەرویج لە ڕۆژی شەممەوە.