ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، کەتواریبوون و خەیاڵی بوون

“خەیاڵپڵاویی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی” و ” کەتواریی-بوونی سیستەمی ڕامیاریی”
ئەگەر کەسانێک سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی کە سیستەمی ھەرە کۆن و ھەردەمیی کۆمەڵە ئازادەکان بووە و ھەیە، بە خەیاڵپڵاویی دەزانن، دەی “با ئازادیی خەیاڵکردن لە ئێمە زەوتنەکەن و نەستێنن” ؛

ئەگەر کەسێک بەدیھاتنی سیستەمێکی ئاوا دوور و تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ناتوندوتیژ [سەرپێچیی سڤیلیست]بە بێکەڵک دەزانێت، دەی خۆ خەیاڵکردن و تێکۆشانی ناتوندوتیژانەی خوازیارانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی خەڵک ناکوژێت و ئاوارە ناکات و نشینگەکان وێرانناکات و توندوتیژیی و ئاژاوەی کۆمەڵایەتیی درووست ناکات و بەڕادەی کەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی دەپارێزێت و خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزی ئابووریی و خۆ-بەسێی ئابووریی و ژییان و بنەما کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە ئەرێنییەکانی کۆمەڵ دەپارێزێت و کەسەکان بۆ خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-بەرپرسیاریی و خۆ-چالاکیی و خۆ-بوون ھاندەدات، کە ھەرگیز ئەو شتانە لە سایەی سیستەمە دەوڵەتیی و میلیشیاییەکان بەدینایێن.

بەپێچەوانەی ئەوە، سیستەمە ڕامیارییەکانن کە کەسانی ناھوشیار و خۆشباوەڕ بە ھەردەمیی و کەتواریی و پێویستیان دەزانن، ھەمیشە و لە ھەموو شوێنێکی جیھان، ئامانجی سەرەکیی سیستەمە ڕامیارییەکان و پارتییە ڕامیارییەکان و کۆمپانییەکان و پارلەمانتارەکان و میلیشیاکان و ڕەوتە نەژادپەرست و ڕەگەزپەرست و شۆڤینیست و فاشیستەکان، بە پلەی یەکەم (لەنێوبردنی خۆ-بوون و کۆمەڵایەتیی-بوون و ھەرەوەزیی-بوونی مرۆڤەکان و کۆمەڵەکان) بووە و دەبێت و بە پلەی دووەم (پاراستنی دارایی تایبەتیی و کاری کرێگرتە و مشەخۆریی و سەروەریی کەمینەیەکی ھەلپەرست و بێویژدان و چاوچنۆکە لەسەر کۆمەڵ).

جیاواز و بێجگە لە ئەوە، کە ھەموو کەتوارێکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و زانستیی و تێکنۆلۆجیی و ڕامیاریی زادەی خەیاڵکردنی مرۆڤەکانە. ئەوەی، کە سیستەمی پاوانگەریی ڕامیاریی و چەپاوڵگەریی ئابووریی و ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتیی و گەندەڵیی بەڕێوەبەریی ئێستا بوونێکی کەتوارییە، ئایا دەبێت ئێمە ناچارانە ئەوانە بە درووست بزانین بەرانبەر ئەوانە ملکەچ بمێنین و بەرەنگاریی ئەوانە نەکەین و بۆ بەدیھێنانی سیستەمێکی گونجاوتر و ژییاندۆسانەتر و ژینگەپارێزتر کۆشش نەکەین؟

بەڵێ درووستە، سیستەمی ڕامیاریی [چینایەتی] ڕاستییەکی کەتواریی ئێستای زۆربەی کۆمەڵەکانە، بەڵام ئایا ڕەوایە و ئیدی کۆتایی مێژوو دەبێت و مرۆڤایەتی توانای تێپەڕاندنی ئەوی نابێت و کۆمەڵەکانی سەر گۆی زەمین بە ملکەچیی بۆ ئەو سزاوار دەبن؟ ئایا ھەر شتێک بوونی ھەبێت، ئیدی ڕەوا و درووست و ھەمیشەیی دەبێت؟

بێجگە لە ملکەچیی و خۆشباوەڕیی زۆرینەی خەڵک، چ شتێک سیستەمی سەرمایەداری دەکاتە سیستەمێکی ھەمیشەیی و لە سیستەمە چینایەتییە ناھەمیشەییەکانی پێش خۆی [خێڵایەتی – کۆیلایەتی – دەرەبەگایەتی] جیایدەکاتەوە و “نەمریی” بە ئەو دەبەخشێت؟

ئەگەر ھوشیاریی و ویستی کۆمەڵایەتیی ھەبێت، چ شتێک ئەگەر و نائەستەمیی کۆمەڵی ناچینایەتی ڕەتدەکاتەوە و لە کەتواریی-بوونەوەی ئەو خەونە ڕێگریی دەکات؟ کامە ڕاستیی و کامە کەتوار؟A

ھەنگاوە سەرەتاییەکانی ڕێکخستن و پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی

ھەنگاوە سەرەتاییەکانی ڕێکخستن و
پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی

– پێکھێنانی گروپەکانی ھاریکاریی و ھەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان دوور لە دەسەڵاتی پارتییە ڕامیارییەکان و کارایی ئاراستە ئایدیۆلۆجییەکان و دەسەڵاتی فەرماندارییەکان و کۆمپانییەکان و دەوڵەتەکان.

– پێکھێنانی ئەنجوومەنەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ.

– ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکان لەسەر بنەمای ئامادەیی و خۆبەخشیی و شارەزایی و تواناداریی و دڵسۆزیی و ئەزموونداریی.

– پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی گوند و شاران لەسەر بنەمای یەکگرتنەوەی فێدراڵیستییانەی خۆبەڕێوەبەریی گروپە ھاریکارەکان و ھەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان.

– ئەندامانی ئەنجوومەنەکان و ئەنجوومەنەکان ڕاسپێردراوی ڕاستەوخۆی خەڵکیی دەبن، نەک نوێنەر و جێگری خەڵک. ئەوان ڕاسپێردراوی کاتیین، نەک ھەمیشەیی و دەستنیشانکراوی پارتییەکان.

– ئەندامانی ئەنجوومەنەکان و ئەنجوومەنەکان، دەسەڵاتدار و بڕیاردەر نین و نابن، بەڵکو ئەنجامدەری داخوازی و بڕیارەکانی خەڵکیی دەبن، کە لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکانی شوێنی ژییان و بەرھەمھێنان ھەموو بەشداربووان دەربارەی ئەوان بڕیاردەدەن و بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان ئەندامانی سەرپەرشتیکردنی ئەنجوومەنەکان دەستنیشاندەکرێن.

– ئەندامانی ئەنجوومەنەکان ئازادن، ئەوان چ بیرکردنەوەیەکی ڕامیاریی یان ئایینیان ھەبێت، بەڵام ئەو مافەیان نییە، کە بیرکردنەوە و ئاراستەی ڕامیاریی و ئایینیی خۆیان لەسەر خەڵکی بسەپێنن، یان لەتەک بەرھەمھێنان و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی تیکەڵبکەن.

– ھەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکان لەنێو کۆبوونەوەی گشتیی خەڵکی ھەڵدەبژێردرێن و ھەر کات ھەر ئەندامێک لە ماوەی ئەندامەتیی سەرپەرشتیکردن و چالاکیکردن نادرووست بڕیاربدات، خەڵکەکە داخوازی کۆبوونەوەی نائاسایی دەکەن و ئەندامەتیی ئەو لەنێو ئەنجوومەن لادەدەن و ئەندامێکی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو فرمان و چالاکییانە، کە بە ئەندامی پێشین سپێردرابوون، دەستنیشاندەکرێت.

– بۆ ھەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیکردن و خزمتەکردنی ئەنجوومەن و ئەندامەکانی ئەنجومەن، ھەموو شەش مانگێک جارێک یان ساڵی یەک جار کۆبوونەوەی گشتیی خەڵکی گوندەکان یان گەڕەکەکانی شار کە ئەنجوومەنەکەیان لەوێ ھەڵبژاردووە، ئەنجامدەدرێت و لەنێو ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە بڕیاری تازە دەدرێن و بە ئەنجوومەنی تازە دەسپێردڕین و بڕیارەکانی پێشتر ھەڵدەسەنگێندرێن و ئەنجامگیرییدەکرێن و ھەر ئاوا ئەرکی ئەندامانی ئەنجومەنی تازە یان ئەندامە تازەکان دەستنیشاندەکرێت.

– پاش ھەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەنجوومەنی گوندان و گەڕەکان شاران، ئەنجوومەنی ناوچەیی ھەموو گوندەکان یان سەرتاسەریی شار ھەڵدەبژێردرێن و ھەر ئاوا ئەنجوومەنی سەرتاسەریی ھەر ھەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر [خۆبەڕێوەبەری دێمۆکراتیی «ڕاستەوخۆ»، یان فێدراسیۆنی خۆبەڕێوەبەریی ھەرێمێك] لە ڕاسپێردراوانی ھەڵبژێردراوی نێو ئەنجوومەنە ناوچەییەکان دەستنیشاندەکرێت.

– بڕیاردان لەسەر دەستووری خۆبەڕێوەبەریی و دەستنیشانکردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی وەک ھەر بڕیارێکی دیکەی مافی ھەموو خەڵکییە و لەنێو کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە بارەی بڕیاردەدرێت؛ لە شوێنەکانی ژییان و بەرھەمھێنان تاکو ئاستی گوند و شار و ناوچە و ھەرێم و کیشوەر.

– بڕیاردان لەسەر جۆری سیستەمی پەروەردە و خوێندن و ئامادەکاری و پیشەیی، بۆ ھەموو خەڵکی و کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنەکان و بە بەشداریکردنی شارەزایانی ئەو بوارانە دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە خەڵک یان دایکان و باوکان لەتەک مامۆسایان ئازادن، کە جۆری خۆبەڕێوەبەریی فێرگەی منداڵکانی ئەوان و شێوازی وانەگوتنەوە و سیستەمی خوێندنی ئەوان، یان شێوازی پەیوەندیی و پەروردەی باخچەی ساوایانی منداڵەکانی ئەوان چۆنە و پێویستە چۆن بێت، ئەوان بەخۆیان ئەو شتانە دەستنیشاندەکەن.

– سیستەمی دامەزراندنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و ھەر ئاوا ھەموو بوارەکانی دیکەی ژییان و پێویستییە گشتییەکانی خەڵک بۆ ویست و ئارەزوومەندیی خەڵک دەگەڕێتەوە و ئەنجوومەنە خۆجێی و ناوچەیی و ھەرێمییەکان بەس مافی ئەنجامدانی بڕیارەکانی خەڵکیان ھەیە و ڕاسپێردراوان ناتوانن لە جیاتی ڕاسپێرەران بڕیاربدەن.

– بەھرەمەندیی خەڵک لە خزمەتگوزارییەکان بە بەشداریکردن و خۆکۆمەکیی کەسەکان پەیوەستە؛ بەو ڕادەی کە لەنێو سیستەمی کۆمەڵایەتی خزمەتگوزارییەکان بەشداریی و کۆمەکدەکەن، ئەوەندە بەھرەمەند دەبن. ھەڵبەتە کەسانی پەککەوتە و کەمئەندام و نەخۆش و زگپڕ و منداڵان بەبێ ھیچ مەرجێک مافی بەھرەمەندیان ھەیە و دەبێت پێویستیی و ناچاریی کەسەکان لەبەرچاوبگیردرێت.

– پارتییایەتی و چالاکی ڕامیاریی و ئایینداریی لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی جیادەبن و وەک حەز و ئارەزوومەندیی کەسەکان دەمێنێتەوە و بە ھیچ جۆرێک نابێت لەتەک خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ تێکەڵبکرێن. ھەر کەس ئازادە سەر بە چ پارتییەک، ئایینێک بێت و یان نەبێت، بەڵام ھیچ کەس ئەو مافەی نابێت، کە حەزە تایبەتەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵ بسەپێنێت، یان کەسانی دیکە بە ئەنجامدان و پەیڕەوکردنی حەزەکانی خۆی ناچاربکات. ھەڵبەتە پێویستە ئەوەش ڕۆشن بێت، کە ئازادیی بیر و باوەڕ بنەمای سەرەکیی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی دەبێت.

– یەکگرتنی ھەر ھەرێمێک لەتەک ھەرێمێک دیکە یان جیابوونەوەی ھەر ناوچەیەک لە ھەرێمێک بەس لەسەر بنمەمای دەنگدانی گشتیی خەڵکی ئەو ھەرێمە یان ناوچەیە لەنێو کۆبوونەوەی ئاسایی یان نائاسایی ئەنجوومەنی خۆجێی و سەرتاسەرییەکان بڕیاردەدرێت، ئەگەر نا ھەر کۆششێک بۆ بە زۆر جیاکردنەوەی ناوچەیەک یان لکاندنی ھەرێمێک دەکەوێتە خانەی پیلانگێڕیی ڕامیاریی دژی ویست وخواستی خەڵک.

– سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ دادەمەزرێت، واتە تەواو پێچەوانەی سیستەمی پارلەمانی| دەوڵەتیی. ئەو لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئەنجوومەنە ئازادەکان، شوورا ئازادەکان، ھەرەوەزییە ئازادەکان، گروپە ئازادەکانی شوێنی ژییان و بەرھەمھێنان دادەمەزرێت و بە کۆبوونەوەی گشتیی خەڵک و بڕیاردانی ڕاستەوخۆی خەڵک پشتدەبەستێت و ھەموو بڕیاردانێک یان ڕێکەوتنێک بە ڕەزامەندیی خەڵک لەسەر بنەمای ڕاپرسییە گشتییەکان دەدرێت و ھەر بڕیاردانێک یان ڕێکەوتنێک لەسەر بنەمای پارتییایەتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتیی ڕەوایەتی نییە و دژی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و دژی مافی خەڵک و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی دەبێت.

– ئەو خاڵانە و ھەر خاڵ و بنەمایەکی دیکە، کە لەتەک پێکھێنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ بگونجێت و بە بەئامانجگەییشتنی خەڵک خزمەتبکات ….تد.

ھەر ئاوا کۆمەڵێک بنەما ھەن، کە بەبێ ئەوانە ھەرگیز سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بەدینایێت و ئەستەم دەبێت، ھەر لەبەر ئەوەیە، کە سیستەمە ڕامیارییەکان بە ھەموو جۆرێک بۆ لەنێوبردنی ئەو بنەمایانە ھەوڵدەدەن و گشت ڕامیاران (دەسەڵاتخوازان چ ڕاستڕەو و چ میانڕەو و چ چەپڕەو، چ ئایینگەرا و چ سێکولار و چ کۆنەپارێز) بەردەوام و بە ھەموو ھێز و توانا و ئایدیۆلۆجییکارییەک بۆ لەنێوبردن و لەبیرکردنی ئەوان ھەوڵدەدەن.

ھەندێک لەو بنەمایانە، کە تێکۆشان و ڕاپەڕینەکانی پێشتر وەک ئەزموون و وانە بە ئێمە بەخشیون:
– ئازادیی تاکەکەس بنەمای ئازادیی کۆمەڵ و ئازادیی کۆمەڵ تەواوکەری ئازادیی ئەندامەکانی دەبێت.
– گۆڕانی کۆمەڵ بە گۆڕانی خۆیی و بابەتیی ئەندامانی کۆمەڵ ڕوودەدات.

– بەختەوەریی و ئاساییشی گشتیی مەرجی بەختەوەربوون و بوونی ئاساییشی تاکەکەس دەبێت.
– شۆڕش ڕوودانێکی بەردەوام و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنگەرییە، شۆڕشێک کە بتوانێت مرۆڤایەتی بە خۆبەرێوەبەری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر ( کۆمەڵی ناچینایەتیی) بگەیێنێت، خۆبەخۆ شۆڕشێکی دژە-چینایەتیی دەبێت و ڕێکخستن و ئامراز و شێواز و سەنگەرەکانی دژە-چینایەتیی دەبن.

– بەبێ پاراستنی ژینگە و پەیڕەوکردنی ئابووریی ژینگەپارێز بەردەوامیی ژییان و بەدیھاتنی کۆمەڵی خۆبەسێ و خۆبەرێوەبەر ئەستەمە.

– بەبێ پاراستنی ژییانی بوونەرانی دیکە مانەوە و ھاوسەنگیی ژییانی مرۆڤ ئەستەم دەبێت.

– بەبێ لەنێوبردنی سەروەریی چینایەتیی و ڕەگەزیی و نەژادیی و کولتووریی و سڕینەوەی ھەڵاواردن و بەرتەریی و ملھوڕیی، گەییشتن بە ئاستی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر ئەستەم دەبێت.

– ئازادی بەبێ یەکسانی بەھرەکێشییە و یەکسانی بەبێ ئازادی کۆیلەتییە و ئازادی و یەکسانی بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی وەک دوو خەونی ئەستەم و دوو درۆی ڕامیاریی دەمێنن.

– مرۆڤ بۆ بەختەوەریی و ئاساییشی ژییان پێویستی بە جەنگ و دارابوون و سەروەربوون نییە، بەڵکو پێویستیی بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی ھەیە و بەدیھاتنی ئەوانەش پێویستی بە لەنێوبردنی حەز و خواستە بۆرجوازییەکان ھەیە.

– مرۆڤ و مرۆڤایەتی بۆ مانەوە و بەردەوامیی ژییان پێویستیان بە کێبڕکێ و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی نییە، بەڵکو ھاوپشتیی و ھاوخەمیی و ھاودەردیی و تەبایی و پێکەوەژییان پێویستە.

– جەنگ و پەلاماردان و سەرکوت و داگیرکردن و خۆزاڵکردن پاشماوەی سەردەمە تاریکەکانی ژییانی مرۆڤایەتیین و بێجگە لە لەنێوبردن و وێرانکردن و کوژاندنەوەی دوا ترووسکەی ژییان لەسەر گۆی زەمین، ھیچ سەرەنجامێکی دیکەیان نییە و نابێت، ئەگەر مرۆڤ سەربەخۆ و خاوەنی ھۆش و ئاوەزی خۆی بێت، سەرنجدانێکی خێرای نەھامەتییە سرووشتیی و ئابووریی و سەربازییەکانی ئێستا بۆ دیتن و دەرکەوتنی ئەو ڕاستییە بەسن.

 

لە بارەی پڕۆژەی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

دوا قسە لە بارەی پڕۆژەی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

خوێنەری ئازیز ئەم پرۆژە کڵێشەی ئایدیۆلۆجیی نەگۆڕ نییە. لەلایەن من وەک پێشنیارێک بۆ بەر چاوی ئێوەی ئازادیخواز و یەکسانیواز و دادپەریواز ئامادەکراوە، تاکو کۆششکردنی ھەموومان پێکەوە لەسەر چۆن-بوونی ئایەندەی خۆمان و کۆمەڵی خۆمان تەبا و تەواوکەری یەکدی بێت و ھەمووان پێکەوە بە سەرنج و ڕەخنە و پێشنیاری ھەمەلایەنە بتوانین پڕۆژەکە تەسەلتەر بکەین و ئەرکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و مرۆڤیی سەر شانی خۆمان ئەنجامبدەین.

لەبەر ئەوە و بۆ ئەوە، ھیواخواز ھەم، ئەگەر ھەر کەس بڕوای بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ھەیە و لەسەر بنەماکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی و خۆبەخشی کۆمەڵایەتیی تێدەکۆشێت، لە شوێنی خۆی و بە ڕادەی کات و گونجان و بواری ژییان و ئەرکەکانی خۆی لەسەر ئەم بیرۆکەیە لێکۆڵینەوە بکات و پەرەیبدات و لەنێو مەیدانەکانی بەرھەمھێنان و ژییان خۆی ئەزموونیبکات و بەرەنجامی ئەزموونکردنە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی لە بەش و ناوچە جیاوازەکان بەراوردبکات و سەرەنجامی بەراودکراوەکان بخاتە سەر نێوەڕۆکی پڕۆژەکە، تاکو کەسانی دیکە و ناوچەکانی دیکە و کۆمەڵانی دیکە لە ئەزموونەکانی پێشینان و ئێمە و دواتر کەڵکھەڵدەگرن.

نەگوتراو نەمێنێتەوە، من بەس نووسەرەوە یان ئامادەکەری ئەم پڕۆژەیە ھەم و خاوەنداریی ئەم پڕۆژەیە بۆ ھیچ کەس و گرووپ و پارتییەک یان ڕەوت و ئاراستەیەکی دەستنیشانکراو ناگەڕێتەوە و من بەس خاوەنداریی لە لایەنە لاواز و ناڕۆشن و ھەڵەکانی ئەو دەکەم و بەرپرس ھەم و دەبم، چونکە ھوشیاریی و زانیاریی و کولتوور بەرھەمی بیرکردنەوەی ھەزاران ساڵەی نەوەکانی مرۆڤایەتیین و دارایی ھیچ کەسێک نین و خاوەنداریی ئەوان بۆ سەراپای مرۆڤایەتیی دەگەڕێتەوە و کەرەستەی بازرگانیکردن نین.

لەوانەیە گوتنی ئەوەش پێویست بێت، کە ئامادەکاریی ئێستای ئەم پرۆژە بەرەنجامی کۆششی ھزریی و بەشداریی مەیدانیی من بووە و ھەیە لەسەر بنەمای سەرنجدانی ڕەوت و بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تەنانەت ڕامیارییەکان، کە من تاکو ئێستا لەنێو ئەوان بەشداربووم [ھەرچەندە پاش ساڵی ١٩٩٣ من ھیچ چالاکییەکی ڕامیاریی ئەنجامنەداوە و لەنێو ھیچ گرووپ و ڕێکخراوێکی ڕامیاریی بەشدارنەبووم]، بە پێکەوە گرێدانەوەی بزووتنەوەی ھزریی و کۆمەڵایەتیی ڕەوت و کۆمەڵە سڤێلستییەکانی چەرخی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمی ئۆروپا و ھەر ئاوا بزووتنەوە ھەرەوەزییە ئابوورییەکانی کرێکارانی فەرەنسە و ھەرەوەزیی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتیی ھەزاران ساڵەی کۆمەڵەکانی ئەو کێشوەرانەش، کە دواتر داگیرکران و کۆمەڵە ھەرەوەزەکانی ئەوان کۆکوژکران و پاش ئەوە بە “ئەمەریکا” و “ئوسترالیا” و “نیوزلەندە” و “کەنەدا” ناسێندران و لەنێو ئەوانیش کاراییدارتر و زیندووتر گرێدانەوەی و پێوەندکردنی بە ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی ئازاد-گوندەکانی ناوچەکانی میزۆپۆترامیا، کە تاکو سەردەمی منداڵی من ئەو بەھا باڵایانە کۆڵەکەی کولتووریی ئەو ناوچانە بوون و بوون بە بەشێک لە کەسایەتیی و ئاوەز و بیرکردنەوەی من و ھاوسەردەمییەکانی من.

ھەر ئاوا، ئەم نووسینەی بەردەستی ئێوەی ئازیز، زۆر جار دووبارەبوونەوە و لەیەکترچوون لەنێو ئەو بەرچاودەکەوێت، ئەوەش بۆ تازەبوونی پێشنیارکردنی بیرۆکەکە و ناچاربوون بە ڕۆشنکردنەوە و شیکردنەوەی زیاتر دەگەڕێتەوە، کە ناچارییانە دەکرێت، بەتایبەت ناساندن و ڕۆشنکردنەوەی چەند بارەی کۆمەڵێک چەمک و دەسەواژە، کە بنەمای بیرۆکەی نێو ئەم پەڕتووکە پێکدەھێنن.

من ھیواخواز ھەم، تۆی ئازیز وەک خوێنەرێکی پەیگیر و دڵسۆز و ڕەخنەگر، ھەڵەی تایپکردن و ناڕۆشنییەکان و ھەر ئاوا سەرنج و ڕەخنە و بۆچوونی خۆت بۆ من بنووسیت، تاکو لە ئامادەکردن و چاپکردنی دواتر، لەبەرچاو بگیردرێن.

———————————————————————————-
* فیلۆسۆفی (ئۆبونتو)، کە کۆمەڵێکی ئەفریکاییە، ئەوەیە “یان ھەموومان، یان ھیچ کەسمان”، واتا ئەگەر ھەژاری و بەدبەختیی بێت، پێویستە ھەمووان وەک ڕووبەڕووی بینەوە و ئەگەر خۆشگوزەرانیی و بەختەوەریی بێت، پێویستە ھەمووان پێکەوە بەھرەمەند بین.
ئەگەر یاداوەریی پێشینانی خۆمان سەرنجبدەین، زۆر بە ئاسانی ھەمان فیلۆسۆفی (ئۆبونتو)ییەکان لەنێو ژییان و پێکھاتەی کۆمەڵایەتیی لای خۆمان ھەیە و ھەبووە. بۆ نموونە لە گوندی تەوێڵە “چایەکەی ماما خاخا” بەناوبانگە، کە گوتوویەتی “نیو چایی بۆ من تێبکە و نیوەکەی دیکەی بۆ ھاوسێیەکی دیکە بەرە” و …تد.
لە ئەو بارەوە نموونەی زۆر ھەن، کە لە سیستەمە ڕامیارییەکان عیراق و ئێرانی پێشکەوتووتر و مرۆڤدۆسانەتر بوون و ھەن و ھەر گوندێکی ناوچەکە بڕۆین و سەرنجبدەین کۆمەڵێک بنەمای خۆکۆمەکیی و ھەرەوەزیی و کۆمەڵایەتیی ھەن، کە دەکرێت وەک ھەنگاوی یەکەم و سەرەتایی خۆڕێکخستنی جەماوەریی بەشەکانی کۆمەڵ و پایەکانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوبگیردرێن.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لە بریتانیا

22/06/2023

ئەمڕۆ، 5شەمە، 22/06/2023 بۆ سیازدەهەمین جار لە مانگی 12ی 2021 وە بانقی مەرکەزی بریتانیا بڕیاری دا جارێکی دیکەش ڕێژەی سوو بەرزبکاتەوە.

گوایە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو لە لەسەدا 4.5 وە بو لە سەدا 4.75 یاخود لە سەدا 5 چارەسەری هەڵئاوسانی پارە دەکات و کێشە ئابووری کە زۆرێك لە ئابووریناسەکان وا پێشبینی دەکەن: یەک : هەتا کۆتایی ساڵ ئەم ڕێژەیە دەچێتە لە سەدا 6 . دوو : ئابوری بریتانیا دەچێتە حاڵەتی ڕکودەوە.

لێرەدا پێویست ناکات بپرسییت ئایا ئەو بڕیارە ئابووری بریتانیا هەڵدەسێنێتەوە و گەشە دەکات و ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دادەبەزێت ، تەنها کردنی پرسیارێکی زۆر ئاسایی کافیییە و پێویستت بە هێنانەوەی داتا و بەڵگە نییە .  پرسیارەکەش :  گەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو چارەسەری ئابووری هەنوکەی بکردایە بۆچی لە 18 مانگدا 13 جار ئەم ڕێژەیە بەررسکرایەوە، کەچی نەك هەر کێشەکەی حەڵ نەکرد بەڵکو خراپتری کرد و خراپتریشی دەکات؟

بەڵگەکان نیشانی دەدەن بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو 1.5 ملیۆن ماڵ کە سلفەی عەقاریان لایە ڕووبەڕووی گەورەترین گرفت دەبنەوە کە زۆرێکیان ڕەنگە خانووکانیان لەدەست بچێت .  لە لایەکی دیکەشە 2.5 ملیۆنی تر کە سلفەی عەقاریان لایە و ڕێژەی دانەوەی قیستەکانیان چەساپاندووە کە لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە زۆر نزم بووە ، بەڵام لە کۆتایی سالی ئایندەدا کۆتایی دێت و ئەوانیش دەبێت بە گوێرەی سووەکەی ئێستا سلفەکانیان بدەنەوە.  ئەمە جگە لەوەی کە ئەم بەرزبوونەوەیە کارایی گەورەی لەسەر کرێچییەکانیش هەیە کە زۆربەیان موچە و کرێیەکی کەمیان هەیە. خاوەنخانوەەکان ڕێژەی بەرزبوونەوەکە دەخەنە سەر کرێی خانووەکە و بەمەش کرێچییەکان بارودۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت.  بە گوێرەی داتای نوێ قازانجی خاوەنخانووەکان لەم ساڵانەدا بە ڕێژەی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 20 چووەتە سەرەوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا هاوکاتیس قازانجی بانقەکان کە 5 دانەیان بانقی گەورەی بریتانین زۆر سەرکەوتووە و ئامادەش نین کە ڕێژەی سووەکە بۆ ئەوانەی کە سلفەی عەقاریەن لای ئەوانە کەمبکەنەوە،  بە گوێرەی داتایەکی ئەمڕؤ ئەو 5 بانقە کە

Barclays, HSBC, Lloyds, NatWest and Standard Chartered  لە نێوانی خۆیاند لە ساڵی 2022 دا 37 ملیار پاوەندیان قازانج کردووە .  مانگی پێشو بانقی Lloyds ئاشکرای کرد کە لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجەکەی 2.3 ملیار پاوەند بووە کە لە سەدا 46 لە جاو 3 مانگی ساڵی پاردا سەرکەوتووە. بانقی NatWest یش بۆ هەمان ماوە 1.9 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە بەڕێژەی لە سەدا 50 زیادی کردووە بە بەراورد لەگەڵ هەمان 3 مانگی ساڵی پێشوودا.

بەداخەوە ئەوە قازانجی خودی خۆیانە و ئەوەش بارودۆخی ئەوانەن کە قەزیان لەوان کردووە. 

دابەزاندنی ڕیژەی هەڵئاوسانی پارە یەکێك لە بەڵێنەکانی ڕیشی سوناك-ی سەرەکوەزیرانە کە  لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 5 بەڵێنی دا کە یەکێکیان ئەوە بوو کە دایبەزێنێت بۆ نیوەی ئێستای ، بەڵام لەوە ناکات ئەو بەڵێنەی بچێتە سەر لە کاتێکدا کە ڕێژەی سوو لە بەرزبوونەوەدایە .  

بەشداریکردن و کۆمەک بۆ کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی یادی١٥٠ ساڵەی یەکەمین ئینتەرناسیوناڵی دژە-دەسەڵات

بەشداریکردن و کۆمەک بۆ کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی یادی١٥٠ ساڵەی یەکەمین ئینتەرناسیوناڵی دژە-دەسەڵات

ڕۆژی ١٩ – ٢٣ی ئەم مانگە (حوزەیران/ جوون) واتە سبەینێ (دووشەممە) تاکو ڕۆی هەیینی لە شاری سانت ئیمییەر سویسرا بەرپادەکرێت. بەشداری کردن و کۆمەککردنی ئێمە ئەنارشیستانی کوردیی-زمان لەنێو ئەو کۆبوونەوە و بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، گرنگییەکی بەرچاوی  دەبێت.

هەر کەسێک و هەر گرووپێک ئامادەی کۆمەککردنی مادیی بە کۆبوونەوەکە هەیە، دەتوانێت بە کلیککردنی ئەو لینکە بڕی کۆمەکی خۆی بۆ ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە بنێرێت

https://www.helloasso.com/associations/international-federalist-association-ifa/collectes/support-the-international-anarchist-gatherings-in-st-imier-switzerland-in-july

خۆپیشاندانی Just Stop Oil لە لەندەن بەردەوامە

15/06/2023

دوێنێ چوارشەمە ١٤ ی مانگ، گروپی جەست ستۆپ ئۆیل لە سەر چوار لە جسرەکانی لەندەن ڕێپێوانی زۆر هێواشیان ئەنجامدا کە دواتر بووە هۆی دەستبەسەرکردنی هەندێکیان بە گوێرەی یاسای نوی کردنی ڕێپێوانی هێواش ، دەنگە دەنگ کردن، ئەنجامدانی چالاکی ڕاستەوخۆ و زۆر چالاکی دیکە یاساغ کراوە

مانگرتنی سێ ڕۆژی دکتۆرەکانی ئینگلتەرە

١٤/٠٦/٢٠٢٣

ئەمڕۆ ٤شەمە، ١٤/٦ مانگرتنی ٢٧ هەزار دکتۆر دەستیپێکرد کە ماوەی چەند ساڵێکە لە خزمەتدان لە سەعات ٧ سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە بۆ ٣ ڕۆژ تاکو شەمە، ١٧ی مانگ سەعات ٧ی بەیانی لە مانگرتندا دەبن.

ئەمە جاری دووەمیانە کە ماندەگرن ، مانگرتنی پێشوویان لە مانگی نیساند بوو. داخوازی ئامان زیدکردنی موچەیانە بە ڕێژەی لە سەدا ٣١ ئەم داخوازییەش گەرچی بە ڕێژەیەکی بەرز دەبینرێت تەنها بۆ هێنانە ڕیزی ئاستی موچەیانە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ کە قەیرانە داراییەکە دەستیپێکرد، چونکە لەو کاتەوە بڕی سەرکەوتنی هەڵئاوسانی پارە یاخود تێچوی ژیانی خەڵك زۆر سەرکەوتووە.

مارکس و ئەنارکیزم

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

VI

بەشی یازدەیەم و کۆتایی

کاتێک شۆڕش لە ئیسپانیا لە ساڵی 1873دا هەڵگیرسا، ئەندامانی نێونەتەوەیی  کە نزیکەی هەموویان ئەنارکیست بوون، داواکاریی حزبە بۆرژوازییەکانیان پشتگوێ خست و ڕێڕەوی خۆیان بەرەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بە ڕۆحییەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە پەیڕەو کرد.  مانگرتنی گشتی و یاخیبوون لە ئەلکۆی، سان لوکار دی بارامێدا، سێڤییل/ ئەشبیلییە ، کارتاجێنا (Alcoy, San Lucar de Barrameda, Seville, Cartagena  ) و شوێنەکانی دیکە سەری هەڵدا، کە  هەر دەبوایە بە خوێنڕشتن کپبکرێنەوە.  بەندەری کارتاجێنا زیاتر درێژەی کێشا بە مانەوەی لە دەستی شۆڕشگێڕاندا تا دواجار کەوتە ژێر هێڕشی ئاگرینی کەشتییە جەنگییەکانی پرۆسیا و ئینگلیز.  لەو کاتەدا ئەنگڵس هێرشێکی توندی کردە سەر باکونینیستەکانی ئیسپانیا لە ڤۆڵکسستات (Volksstaat ) و بەهۆی ئامادەنەبوونیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان.  ئەگەر ئەنگلس  تەمەنی بواری بدایە ، دەبوایە چۆن ڕەخنەی لە قوتابییە کۆمۆنیستەکانی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا بگرتایە!!

دوای کۆنگرەی ئاهەنگگێڕانی ساڵی 1891 کاتێک سەرکردەکانی بەناو “گەنج/لاو” لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی دەرکران، بە هەمان تۆمەت کە لینین دەبوو بیکات، دژی “هەلپەرستەکان” و “کاوتسکییەکان”، پارتێکی جیاوازیان لەگەڵ ڕۆژنامەکەیان دێ سۆسیالیست (Der Sozialist ) لە بەرلین  دامەزراند.  لە سەرەتادا بزووتنەوەکە لە ڕادەبەدەر دۆگماتیک بوو و بیرکردنەوەی نزیك بوو لە بیرکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ.  بۆ نموونە ئەگەر کەسێك کتێبی پارلەمانتاریزم و چینی کرێکاری تێستلەر (Teistler ) بخوێنێتەوە، ئەوا  هەمان بیرۆکەکانی کتێبی ‘ دەوڵەت و شۆڕشی’ لینین-ی دێنە سەر ڕێی.  وەك بەلشەفییکە ڕووسییەکان و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیسی ئەڵمانی، سۆشیالیستە سەربەخۆکانی ئەو سەردەمە  بنەماکانی دیموکراسییان ڕەتکردەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە پەڕلەمانە بورژوازییەکانا لەسەر ئەساسی  بنەما ڕیفۆرمخوازەکانی مارکسیسزم، دایەدواوە.

کەواتە ئەنگڵس چی دەگوت سەبارەت بەم “گەنجانە/لاوانە” کە وەک کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بوون بە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات بە خیانەت لە مارکسیزم؟  لە نامەیەکی بۆ سۆرجی (Sorge ) ، ئەنگڵسی بەساڵاچوو لە ئۆکتۆبەری 1891 بەم شێوە میهرەبانییە بۆی دەنوسێت  “بەرلینییە نەخۆشەکان لەبری ئەوەی وەک تۆمەتکار بمێننەوە، تۆمەتبار کراون، و وەک ترسنۆکە بێ هوودەکان ڕەفتاریان کردووە، ئەگەر بیانەوێت هەر کارێک بکەن، ناچاربوون کە لە دەرەوەی حیزب کار بکەن.  بێ گومان لە نێویاندا دەستە و دیمەنی پۆلیس و کریپتۆئانارکیست هەن کە دەیانەوێت لە نێو گەلەکەماندا کار بکەن.  هاوشان لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گەوج و خوێندکاری هەڵخەڵەتێنراو و کۆمەڵێکی جیاوازی بێ ئەدەب لە  جادووگەر هەن . بە گشتی نزیکەی دوو سەد کەسن.”                      

بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین ئەنگڵس بە چ وەسفێکی جوان ڕێزی لە “کۆمۆنیستەکانی” ئەمڕۆمان دەگرت، لەگەڵ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “پارێزەری بنەما مارکسیستەکانن”.

VII

تایبەتمەندیکردنی / کاراکتەرایزکردنی میتۆدەکانی سۆسیال دیموکراسی کۆن مەحاڵن.  لەو بارەوە لینین یەک وشەی نییە بیڵێت و هاوڕێ ئەڵمانییەکانیشی تەنانەت کەمتریان هەیە.  دەبێ زۆربەی  سۆسیالیستەکان گێڕانەوەی ئەم وردەکارییەیان لەبیر بێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی مارکسیزمن؛ هەرکەسێک زانیاری لەسەر مێژوو هەبێت لەگەڵیان هاوڕا دەبێت.  ئەوە مارکسیزم بوو کە کاری  پەرلەمانیی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند و ئەو ڕێگایەی دیاری کرد کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی پەیڕەوی لێکرد.  تەنها کاتێك کە تێگەیشتن لەمە هەبوو،  مرۆڤ تێدەگات کە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی وێڕای دژایەتی مارکسیزم دەمانگەیەنێتە خاکی بەختەوەری ئەنارکیزم.

تەواو

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

V

بەشی دەیەم

لینین شتێکی تری لەبیر کرد، شتێک کە بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی سەرەکی هەیە لەو بابەتەدا. ئەویش  ئەمەیە:  کە ڕێک مارکس و ئەنگڵس بوون کە هەوڵیان دا ڕێکخراوەکانی ئینتەرناسیۆنالی کۆنیان ناچارکرد بەرەو چالاکیی پەرلەمانی بڕۆن، بەمەش خۆیان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار کرد لە فرۆشتنی بە جوملەی بزوتنەوەی  کرێکاری سۆسیالیستی لە  زەلکاوی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا. نێونەتەوەیی، یەکەم  هەوڵێك بوو بۆ کۆکردنەوەی کرێکارە ڕێکخراوەکانی هەموو وڵاتێک بۆ یەک سەندیکای گەورە کە ئامانجی کۆتایی ڕزگارکردنی ئابووریانەی کرێکاران بوو. لە کاتێکدا جیاوازیبوونی بەشە جیاوازەکان لە بیرکردنەوە و تاکتیکەکانیاندا، زۆر گرنگ بوو کە مەرجەکانی پێکەوە کارکردنیان دابنرێت و دان بە ئۆتۆنۆمی تەواو و دەسەڵاتی سەربەخۆی هەریەک لە بەشە جیاوازەکاندا بنرێن .  ئەو کاتەی ئەمە دەکرا نێونەتەوەیی بە گەورەیی و بەهێزەوە گەشەی کرد و لە هەموو وڵاتێکدا پەرەی سەند.  بەڵام ئەمە هەمووی لەو ساتەدا بە تەواوی گۆڕا کە مارکس و ئەنگڵس دەستیان کرد بە هاندانی فیدراسیۆنە نەتەوەییە جیاوازەکان بەرەو چالاکیی پەرلەمانیی مل بنێن، کە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی خەماویی لەندەن لە ساڵی 1871 ڕوویدا، کە تێیدا ڕەزامەندییان لەسەر بڕیارێك بەدەستهێنا کە بەم مەرجانەی خوارەوە کۆتایی هات:

“بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بەکۆمەڵەی چینە موڵکدارەکاندا چینی کرێکار ناتوانێت وەک چینێک چالاکی / کار بکات . تەنها بەوە نەبێت کە خۆی لە حزبێکی سیاسیدا پێکبهێنێت، جیاواز بێت لە هەموو ئەو حزبە کۆنانەی کە لەلایەن چینە خاوەندارەکانەوە پێکهێنراون و دژایەتییان دەکات؛ کە ئەم یەککەوتنەی چینی کرێکار بۆ حزبێکی سیاسی زەروورییە، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی، لە هەڵوەشاندنەوەی چینەکان، کە شتێکی حەتمییە؛ لە پێکەوەگرتنی هێزەکان کە چینی کرێکار پێشتر بەهۆی خەباتە ئابوورییەکانیەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، دەبێ لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازێک بۆ خەباتەکانی دژی دەسەڵاتی سیاسی خاوەنزەوی و سەرمایەدارەکان. کۆنفرانسەکە ئەندامانی نێونەتەوەیی ( ئینتەرناشناڵ) بە ئاگا دێنێتەوە: کە لە دەوڵەتی ڕادیکالی ( میلتانت)  چینی کرێکار، بزووتنەوە ئابوورییەکەی و چالاکییە  سیاسییەکەی بە شێوەیەك یەکگرتوون کە جیا ناکرێنەوە”.

ئەو کارە دەکرێت و دەبێت کە هەر بەشێك/کەرتێك  یاخود فیدراسیۆن لە نێونەتەوەییدا بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکات،  چونکە ئەوە تەنها ئەرکی یاخود وەزیفەی ئەندامەکانێتی کە کاری ئاوا بکەن.  بەڵام ئەوەی کە ئەنجومەنی/ لیژنەی  جێبەجێکار دەبێ بیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی گروپەکانی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەتیش پرسێک کە نەخراوەتە بەردەم کۆنگرەی گشتی، کارێکی سەپێنراو  بوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ڕۆحی نێونەتەوەیی بوو و بە زەروورە دەبێتە هەژاندنی ناڕەزایەتی وزەبەخش لەلایەن هەموو تاك و توخمە شۆڕشگێڕەکانەوە.

کۆنگرەی شەرمەزارکەری لاهای لە ساڵی 1872 تاجی نایە سەر ئەو کارانەی مارکس و ئەنگڵس ئەنجامیاندا، بە گۆڕینی نێونەتەوەیی بۆ ماشێنێکی/ئامرازێکی هەڵبژاردن، لەنێویاندا بەندێکی کارا بە پابەندکردنی بەشە جیاوازەکان بە خەباتکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی.  کەواتە مارکس و ئەنگڵس تاوانبار بوون بە کەرتکردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ هەموو دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەر ئەوان بوون کە لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوە چەقبەستن و شێواندنی سۆسیالیزمیان هێنایە ناوەوە.

درێژەی هەیە

………………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

بۆچی سەرمایەداریی لە قەیراندا نییە ؟

زاهیر باهیر

10/06/2023

ئەوانەی لەناو چەپەکاندا کە باوەڕیان وایە کە سەرمایەداریی لە ئەزمەدایە دوو جۆرن:

یەك: ئەوانەن کە پشتیان  بە قسەکەی مارکس پرسە ئابوورییەکەی بەستووە.  دیارە لێرەدا ڕەخنە لە مارکس ناگیرێت و تانە و تەشە نییە بۆ ئەو، چونکە مارکس تەواوی پێشبینییەکانی ئایندەی کۆمەڵی لەسەر بنەمای شیکردنەوە و توێژینەوەی ئابووریی ، پیشەسازی ، کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی کردووە .

دوو: ئەو هاوڕێیانەن کە تەنها سیستەمی سەرمایەداری وەکو پێکهاتە ئابوورییەکەی دەبینن . ئەوان کە دەبینن لێرە و لەوێ چەند بانقێکی گەورە ، چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح مایەپووچ دەبن ئیتر لای ئەوان  ئەوە دەگەیەنێت کە سەرمایەداریی لە ئەزمەدایە .

ئەو هاوڕێیانە ئەوە لەبیردەکەن کە سەرمایەداریی سیستەمێکی سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی ، کولتوریی ، بازاڕیی، ڕۆسنبیریی و فەرهەنگییە هەر وەکو چۆن سیستەمێکی ئابوورییە ، بە هەرەسهێنانی لایەنە ئابوورییەکەی نەك هەر سەرمایەداریی دەڕوخێ بەڵکو زۆر باشتر  و بەهێزتر لەوەی پێشتری دروستدبێتەوە. نموونەش بۆ راستی قسەکەم ، دوای هەڵسانەوەی سەرمایەداریی لە ” قەیرانەکانی”. نموونەی نوێ  قەیرانە داراییەکەی 2008 ، دواتر ئەوەندە بە گوڕ و بەهێز هەستاوەتەوە کە  ژیانی ئێستامان خراپترە لە 2008.

گۆڕانی سەرمایەداریی لایەنە ئابووریییەکەی هەرگیز گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروست ناکات تا ئەو کاتەی کار لەسەر ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان دەکرێت بە تایبەت فەرهەنگ و کولتورەکەیەتی کە مێشکمانی داگیر کردووە لەبری هاندانمان بۆ زرگارکردنی خۆمان ، بەکاری دەهێنین بۆ زیاتر کۆیلەبوونی خۆمان لە ماڵ و موڵک و ساماندا.

من چەند جارێک ئەوەم وتووە هەر کۆمپانیایەك لە دونیادا بەڕیوەبەرەکانی بەجێی بهێلێت و ڕێگا بدرێت کە خودی کرێکارەکان بەڕیوەی بەرن دوای ماوەیەکی کورت هەر لە نێو خۆیاندا بەڕیوەبەر و چاودێر هەڵدەبژێرن، جێگای ئیدارە کۆنەکە دەگرنەوە ، هەر ئاواش سیستەمی پشك پشكێنە و قازانجی بەرهەمەکانیان دادەهێننەوە بە گوێرەی بریاری خۆیان بەڕیوەی دەبەن و خەڵکانی نێو کۆمۆنێتییەکەی کە لێوەی هاتوون بێ سوود دەبکەن و ئەو خەڵکەش هیچ ڕۆڵێکیشیان نابێت لە بڕیارەکان و دابەشکردنی بەروبوومەکانیاندا.  هۆکارەکەش ئەوەیە هێشتا زهنییەتی کرێکارەکان هەر ئەوەی کۆنە و مێشکیان لە لایەن فەرهەنگ و کولتوری سەرمایەدارییەوە داگیرکراوە و لەو خووە و نەرێت و موڵکدارێتی و مولكپەرستیە ڕزگاریان نەبووە .

هەر ئاواش پێشتریش وتومە کە دەڵێن سەرمایەداری لە قەیراندایە ، یانی لاوازە و بەرەو لاوازی و تا ڕادەی داڕمان دەڕوات .  بەڵام ئەگەر لاوازە و لە قەیراندایە چۆن مێشکی بەڕێوەبەرانی ئەو سیستەمە کە هەرە کەمینەی خەڵکن کار دەکات و شەڕ و بێ  کاری و بێ خانوو بەرەیی و گرانی و تاوان و هەڵکەندنمان لە شوێنی خۆمان وزۆر نەهامەتی دیکەمان دەتوانن بۆ دروست بکەن و بماندەن بە شەڕی هەمە جۆرە بە یەکدیدا ؟

سەرمایەداریی ئەو کاتە لە ئەزمەدایە و لە ئەزمەدا دەبێت کە ئێمە خۆمان لە دەرەوەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕێکبخەین ولە هەوڵی گۆڕینی کۆمەڵدا بین ، بەڵام پێش ئەوە دەبێت لە هەوڵی گۆڕینی خۆماندا بین .  پۆلیسەکەی ناو مێشکمان بکوژین ، داب و نەرێت و خووی سەردەم لە خۆمان پاکبکەینەوە، هەڵپەی پارە و موڵکییەت و سامان لە خۆماندا ڕەتبکەینەوە ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان دروستانە و مرۆیانە بکەینەوە.  ئەو کاتە بەگژاچوونەوەی سەرمایەداریی زۆر ئاسانە و لە ڕاستیشدا لە ئەزمەدا دەبێت .  بەڵام ئستا ئەوە ئێمەین لە ئەزمەداین نەك سەرمایەداریی.