جیهان نۆرمەن
١٤/١٠/٢٠٢٣
جەنگەکان چ لە ئوکرانیا، چ لە فەلەستین و کوردستان و جێگاکانی تری دونیا ئەو ڕاستییە دووبارە دەکەنەوە کە هەرگیز کۆمەلگەی سەرمایەداری ناتوانێت ئاشتی و ئاسایش بەرهەم بهێنێت. بە بێ هیچ گومانێك دەتوانین بڵێین کە ئاشتی و ئاسایشی سەرمایە بریتییە لە جەنگی بەردەوام. تێگەشتنی ئەم ڕاستییە، جگە لەوەی کە دیاردەیەکی زیندوو هەست پێکراوە، زۆر سادەو ئاسانە گەر بمانەوێ بۆ ساتێک ئاوڕ لە ڕیشەی ناکۆکییە سەرەکییەکانی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە بدەینەوە.
ئابووری سەرمایە بریتیە، وەک لە ناوەکەیدا دیارە، لە بەرهەمهێنانی سەرمایە، واتە بەهای زیادە! بەرهەمهێنانی زۆرترین زێدە بەهای، واتە سەرمایەی زۆرتر، پابەندە ڕاستەوخۆ بە چەوسانەوەی هێزی کارەوە، وە بە بەکارهێنانی سامانی سروشتەوە! واتە لە ریشەوە خودی سەرمایە بوونێکی دکتاتۆرییە، داگیرکەری ژیانی چەوساوەکانە، وێرانکەری ژیان و ژینگەیە.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا ئەمڕۆ سەرمایە، لە هەموو جێگایەک، بەرەنگاری زۆر خەبات و ڕاپەرینی چەوساوەکان بووەتەوە، بەڵام توانیویەتی دڕندانەو بێ بەزەییانە بە کوشتارو زیندانی و سزادان و ترساندن، لە ڕێگای ئامێری دەستەڵاتە چینایەتییەکانیەوە، سەرکوتیان بکات و ئامانجەکانیان بە ئاڕاستەی دژ بە بەرژەوەندی بزووتنەوەکانیان بە کار بهێنێت.
بارووزرووفی ئەمڕۆی دونیا بەرهەمی مێژووی تێشکان و شکستی خەبات و بزووتنەوەکانی دژ بە دەوڵەت و سەرمایەدارییە لە جیهاندا. خەباتەکانی ئەمرۆ بۆ لە ناوبردنی چەوساندنەوەو وێرانکاری سەرمایەداری جیهان، بۆ بەرهەمهێنانی پێکەوەژیانێکی کۆمەکی و ئازاد بێ ئامانج دەبن گەر نەتوانن خۆیان دەرباز بکەن لەو ئیدیۆلۆژی و ڕێبازانەی کە دوژمنەکانیان، کە دەوڵەت و سەرمایە، وەک مۆتەکەیەکی ووزەمژ لە ملیان کردوون!
لە نێو ئەو ڕێبازو ئیدیۆلۆژییانەدا، ناسیۆنالیزم، ڕەگەزپەرستی، ڕێفۆرمیزمی دەستەڵات و ئابووری و کۆمەلگەی سەرمایەداری، ئیدیۆلۆژی وەهم خولقێنەری ماف و ئازادی و «دەستکەوتی» دیمۆکراسی بۆ چەوساوەکان، پلەی سەرەکییان هەیە لە شێواندن و پارچە پارچەکردنی یەک بەرژەوەندی خەباتەکانی دژ بە سەرمایەداری و دەوڵەتدا!
ڕیشەی هۆکارەکان و کاریگەرییەکانی جەنگەکان ناوچەیی نین، بەرهەمی تاکە شێوازێکی سەرمایەو دەستەڵات نین، بەڵکو ڕیشەی جەنگەکان و کێشە زۆرەکانی تری دونیای ئەمرۆ لە هەموو شانەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەلگەکانی دونیادایە. هەموو، لە هەر جێگایەکی ئەم دونیایەدا بین،بەستراوین بە یەک تۆری چینایەتییەوە. ئەوەی لە ئوکرانیا، لە کوردستان، لە گەزەو ئەفریکاو ئاسیا و ئەمەریکا روودەدەن ڕاستەوخۆ پێکەوە گرێدراون! لە هەر جێگایەک، هەر بەرهەڵستییەک دژ بە سەرمایە، گەر لە یەک شانەی دونیای سەرمایەشدا بێت، هەر خەباتە دژ بە کۆی سیستەمەکە، بە کۆی سەرمایەداری لە جیهاندا! جیاوازی و ناکۆکی نێو دەستەڵات و دەستە جیاوازەکانی دەوڵەت و سەرمایە، تەنها پێشبرکێیە بۆ زیاتر چەوساندنەوەی مرۆڤەکان، بۆ سامان فڕاندن و خۆ پایەدارتر کردن لە سەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە.
لە کوێ نیشتەجێیت، هەر لەوێش خەبات بکە دژ بە دوژمنە چینایەتیەکەت! دوژمنەکەت لە خۆت دوور نییە، لە ئاسماندا نییە، بەڵکو لە ژیانی کۆیلەکراوی خۆتدایە! مەگەڕێ بە دووی خەباتدا، چونکە خۆت لە نێو جەنگەکاندا دەژیت.







پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.