ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

داگیرکردنی دوورگەی چاگۆس و لەلایەن بریتانیا و ئەمەریکاوە و خەباتی 40 ساڵەی خەڵکەکەی بۆ گەڕانەوەی

04/10/2024

دوورگەی چاگۆس کە بەشێکە لە خاکی زەریای هیندی بەریتانیا و سەر بە مۆریشسە لە ئەفەریقا، مێژوویەکی ئاڵۆزی هەیە کە بە کۆلۆنیالیزم و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان دیاری کراوە. لە سەرەتادا لەلایەن چاگۆسییەکانەوە نیشتەجێ بوون، دوورگەکان بە پلەی یەکەم بۆ کشتوکاڵی چاندنی گوێزی هیندی بەکاردەهێنران. لە ساڵانی شەستەکاندا حکومەتی بەریتانیا دانیشتوانی چاگۆسیان دەرکرد بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە دیێگۆ گارسیا بکاتەوە کە گەورەترین دوورگەی دوورگەکانە. ئەم گواستنەوەیە جێی مشتومڕ بوو و بووە هۆی بەردەوامبوونی شەڕ و ناکۆکی یاسایی لەسەر مافی چاگۆسییە ئاوارەبووەکان. بنکە سەربازییەکە ڕۆڵێکی ستراتیژی لە سیاسەتی بەرگری ئەمریکا و بەریتانیادا گێڕاوە. چاگۆسییەکان بەردەوامبوون  لە گەڕان بەدوای دادپەروەری و مافی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

کاتێک کە داگیر کرا نزیکەی 2000 کەسیان لەو دوورگانە ئاوارە کرد.  گەر چی دوورگەکە زۆر دوورە لە بریتانیاوە بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لە ناوەڕاستی زەریای هیندیدایە ، دەرکردنی ئەو کۆمەڵە خەڵکە تا ساڵی 1973 ی خایاند.

لە بەرامبەر دەرکردنی ئەمانە  لە زێدی خۆیان و بەکرێدانی درێژخایەن دوورگەکە بە ئەمەریکا، واشنتۆن داشکاندنی 14 ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی بەریتانیا کرد لە کڕینی چەکی ئەتۆمی پۆلاریسی ئەمریکی.

دوورگەکە  بوو بە خاکی زەریای هیندی بەریتانیا (BIOT)، British Indian Ocean Territory . ئەم دوورگەیە لە سالی 1965 وە لە مۆریس جیابووەتەوە لەبەرئەوە ئەوەی بریتانیا کردی  پێچەوانەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو  کە بە گوێرەی بڕیارنامە 1514ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکەکرتووەکان کە لە ساڵی 1960دا پەسەند کرا کە پێش سەربەخۆیی، کۆڵۆنییەکان قەدەخە دەکات ، پێشتر لە ساڵی 1965 لە مۆریس جیا بووبووەوە.

هەر لە سەرەتاوە لە لایەن خەڵکەکەیەوە کەمپەینی گەڕانەوە بۆ دوورگەکە ڕاگەیانراوە و 5 جار کەیسەکەیان گەیاندۆتە داداگا بەڵام هەمیشە دادگە دژیان وەستاوەتەوە .  بەڵام ئەمان هەر بەردەواوم بوون لە وتووێژ و دانوستاندا. یەکەمین خولی دانوستان لە کۆی 13 خولی دانوستان لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد. لەگەڵ ئەوەشدا بریتانیا لە ڕێگای یاساییەوە بە دادگە، هەمیشە پەیگیریی لە بڕیاری مانەوەی دوورگەکە کردووە . هەر ئاواش  لەنێویاندا بۆچوونێکی ڕاوێژکاری ساڵی 2019 ی دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان – و دەنگدانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگەو بریتانیا بووە.

لەم ڕۆژانەدا ڕیککەوتننامەیەك لەو بارەوە کرا. ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە مافی گەڕانەوە دەدات بۆ چاگۆسییەکان، کە بەریتانیا لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەریکردن، ئەمەش وەک تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی و یەکێک لە ئەڵقە هەرە شەرمەزارکەرەکانی کۆلۆنیالیزمی دوای جەنگ وەسف دەکرێت.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە بەریتانیا دوورگەکانی چاگۆس دەگەڕێنێتەوە بۆ مۆریس و کۆتایی بە چەندین ساڵ ناکۆکی دەهێنێت ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنەوەی دوا کۆلۆنی ئەفریقای بەریتانیا دوای 13 خولی دانوستان و فشاری نێودەوڵەتی دێت.

ئاسایشی بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا زیاتر ئاڵۆزتر بوو، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 60 پەنابەری تامیل کە بە هیوای گەیشتن بە کەنەدا دوای ئەوەی بە بەلەمێک لە باشووری هیندستانەوە ڕۆیشتن، ماوەی سێ ساڵە لە دوورگەکەدا گیریان خواردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکەوە بڕیارێک دەربچێت سەبارەت بەوەی کە ئایا بە شێوەیەکی نایاسایی لەوێ ڕاگیراون یان نا.

گەندەڵیی سیاسییەکان لە بریتانیا بەردەوامە

زاهیر باهیر

22/09/2024

گەندەڵی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەگمەن نییە کە بێت و بڕوات یا تەنها لە ناو توێژاڵییکی دیاریکراوی کۆمەڵدا دەربکەوێت. گەندەڵی  خەسڵەت و تایبەتمەندی ئەم سیستەمەیە یا دروستتر خەسڵەت و تایبەتمەندی هەموو جۆرە  دەسەڵات و دەستڕۆیشتوو پاوەرێکە ئیدی هەرچۆن ناویان لێبنێیت.

 پەرلەمانتارانی بریتانیا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 700 هەزار پاوەندیان وەک دیاری و میوانداری بێبەرامبەر وەرگرتووە. ئەمە لە کاتێکدا کە چاوی ڕۆژنامە و چاودێر و کۆمەڵە خێرخوازەکانیشیان لەسەر بووە.

شیکار و ڕاپۆرتێکی نوێ ئاشکرای دەکات، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 700 هەزار پاوەند دیاری و میوانداری بێبەرامبەر لەلایەن پەرلەمانتارانەوە وەرگیراوە بۆ هەموو شتێک لە بلیتی ئاهەنگی تایلۆر سویفتەوە تا سواربوونی کۆپتەر.

 ئەم ئامارانە بە پشتبەستن بە داتای تۆماری بەرژەوەندییەکانی پەرلەمانتاران لە نێوان ئەیلوولی 2023 و ئابی 2024، ڕووی داوە . وەرگرتنی دیاری لەلایەن سەرۆکوەزیران و بازنەی ناوەوەی ئەوەوە بەردەوام بووە . بەپێی تۆماری بەرژەوەندییەکانی پەرلەمانی، سەرۆکی پارتی کرێکاران، کیری ستارمەر، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 65 هەزار پاوەندی وەک دیاری وەرگرتووە، لەوانە جل و بەرگی نوێ و شوێنی نیشتەجێبوون کە لەلایەن وەحید عەلی هاوتای ملیۆنێری پارتی کرێکارانەوە پارەی بۆ دابینکراوە،  کۆی بەهای ئەوەی وەریگرتووە لە هەموو پەرلەمانتارێکی تر زیاترە.

بەڵام پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران [ حیزبی موحافزین] سوودێکی بەرچاویان لە دیارییەکانی خێرخوازە دەوڵەمەندەکانیش وەرگرتووە – 141 پەرلەمانتاری تۆری 359,891 پاوەندیان وەک دیاری بێبەرامبەر وەرگرتووە، لەنێویاندا بلیتی پارەی پیشەسازی ئاو [ یەکێك لە کۆمپانیاکانی ئاو ئەوەندە خزمەتگوزارییەکەی خراپە کە بەرەو ئەوە دەڕوات کە بکرێتە کەرتی دەوڵەتیی]  و هەزاران پاوەند لە سواربوونی هێلیکۆپتەر و شتی ترەوە لەلایەن بەخشەرە دەوڵەمەندەکانەوە،  ئەمە بەپێی شیکاری ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر.

 لە هەمان ماوەی ساڵدا 118 پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران بە بەهای 298 هەزار و 151 پاوەند دیارییان بەدەستهێناوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تەمموزەوە نزیکەی 80 هەزار پاوەند لە کۆی گشتی پارەی بێبەرامبەر دراوە بە پەرلەمانتاران، کە زۆربەیان بە پەرلەمانتارانی تازە هەڵبژێردراو دراوە. یەکێک لە گەورەترین پۆلەکانی بەخشینی بێبەرامبەر بلیتی تۆپی پێ یان ئاهەنگەکان بوو کە لە یاریگاکانی تۆپی پێدا میوانداری دەکران، کە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە 96 هەزار پاوەند.

یەکێک لە خەرجکەرە بەرچاوەکانی دیکە کە بواری یاری قومارە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار پاوەندی بۆ دیاری بۆ پەرلەمانتاران خەرج کردووە. لە کاتێکدا کە پاسی میوانداری کۆمپانیاکان بۆ یارییەکانی تۆپی پێ و پاڵەوانێتییەکانی گۆڵف و یارییەکانی تێنس باو بوو، هەروەها 11 پەرلەمانتار بلیتی بێبەرامبەریان بە بەهای زیاتر لە 17 هەزار پاوەند وەرگرت بۆ گەشتەکەی تایلۆر سویفت بۆ سەردەمەکان.

مانگرتنی کرێکاران لە ئیسرائیل  ڕاگیرا

03/09/2024

دوێنێ، دوو شەمە ، کە لەسەر بانگەشەی سەندیکایەکی سەرەکی ئیسرائیل مانگرتن لە کاتژمێری 6 ی سەر لەبەیانی بە کاتی ئیسرائیل دەستی پێکرد ، بەڵام هەر دوێنێ شەو  بە بڕیاری دادگە لە سەعات 2.30 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ئیسرائیل ڕاگیرا و ڕێگایان پێنەدرا کە بەردەوام بن لە مانگرتنەکەدا بە بیانوی ئەوەی کە مانگرتنەکە نایاساییە و زیان بە ئابووری ئەوێ دەدات.

مانگرتنی دوێنێی کرێکارنی ئیسرائیلی گەر چی درێژەی نەکێشا و بەداخەوەش بە زۆری هەر کرێکارانی کەرتی دەوڵەتی مانیان گرت بەڵام ڕۆڵی خۆی هەبوو ، هەر هیچ نەبێت ناڕەزایی و هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر حکومەتەکەی نێتەنیاهو دروست کرد.  دوای ئەوەش پاڵپشتێکی گەورەش بوو بۆ داخوازی ئاگربەستی و خێزان و دۆستانی دیلەکان.

هاوکاتیش ئەوە بەڵگەیەكە لە هەزاران بەڵگە کە بۆچی دەبێت دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکرێت، چونکە دەوڵەت هەموو شتێکی لە دەستدایە و هەر هەمووشی بە گوێرەی یاسا یاخود بە زۆر بەکاردەهێنیت لە مانەوە و بەرقەراربوونی خۆی و  سیستەمەکەدا ، کە خودی خۆی پایەی سەرەکییەتی.  دژایەتیکردنی سیستەمی سەرمایەداری بێ دژایەتیکردنی پایە سەرەکییەکەی چەمکێکی ئایدۆلۆژی ڕووتە و باشترین خزمەت بە سیستەمەکە و مانەوەشی دەکات .

مانگرتنی گشتیی لە ئیسرائیل لە سەعات 6ی ئەم بەیانییەوە دەستی پێکرد

02/09/2024

زیاتر لە نیو ملیۆن خەڵک لە سەر شەقامەکانە و هەندێك لە شەقامە سەرەکییەکانی تەلئەبیب لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داگیر کراون.

سەرۆکی نقابە دەڵێت ” مانگرتنی گشیی زەروورییە بۆ لەرزاندنی پایەی ئەوانەی کە پێویستیان بە لەرزاندنە”  هاوکاتیش حکومەت داوای لە دادگە کردووە کە بە یاسا مانگرتنەکە ڕاوەستێنیت چونکە زەرەری زۆر گەورە لە ئابووری ئیسرائیل دەدات .

مانگرتنەکە بە هۆی کوژرانی 6 کەس لە دیلەکان و داخوازی ڕاگرتنی شەڕ، دەستی پێکردووە.  قسەکەری سوپای ئئسرائیلی دەڵێت کە هەر هێزەکانمان لە دیلەکان نزیکبوونەوە حەماس دیلەکانی کوشت .  ئەمەش ئەوەندەی دیکە خێزانی دیلەکان و خەڵکی تری شێتگیر کردووە ، چونکە گەر پێشتر ئاگربەستی بکرایە ژیانی ئەوانی دەپاراست.

.  قوتابخانە و شارەوانی و ئۆفیسەکانی حکومەت و هەندێك لە بزنسەکانی کەرتی تایبەتی و زۆرێك لە ستافی خەستەخانەکانیش داخران و کارمەندان و کرێکاران و دکتۆر و نێرس و مامۆستا و ئەوانی دکیکە بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوونەوە ، هاوکاتیش سەرەکی ترین فڕۆکەخانەی ئیسرائیل لە تەلئەبیب لە سەعات هەشتەوە داخراوە و نازانرێت کەی دەکرێتەوە.

ئایە شەڕی نێوانی حیزبوڵا و ئیسرائیل ڕوودەدات ؟

زاهیر باهیر

28/08/2024

بەیەککردن و یەكێتی و یەکڕیزیی.  لە سەراپای شتەکانی دیکەدا وەکو نانەوەی جەنگ و گرانی و دەمکوتکردن و سەرکوتکردنی نەیاران و چەوساندنەوە و ڕوتاندنەوەی ئەو میللەتەی کە بانگەشەی نوێنەرایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ دەکەن، گرنگی دان بە دەزگە سەرکوتکەرەکانی سیخوڕی و سەربازی و پۆلیسی و دروستکردنی ئەیجنت و لایەن وەکو بەکرێگیراویان…تد هەمو ئەمانە ڕەوایە و شیاوی کردنن و هەمیشەش دەکرێن.

دوای بەیەکادانەکەی ڕۆژی یەکشەمەی ڕابوردوو، 25/08/2024 ، و هێڕشی حیزبوڵا بۆسەر ئیسرائیل و ڕەتدانەوەی ئیسرائیل، بارودۆخەکەی ئەوەندە مەترسسیدار کرد کە زۆربەمان چاوەڕوانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە بووین کە خەریك بوو لە گریمانەوە ببێتە ڕووداوی ڕاستیی.

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا من رام وایە شەڕی نیوانی حیزبوڵا و ئیسرائیل گریمانێکی زۆر کەمی هەیە چونکە هیچ لایەکیان نە ئامادەن بۆی و نە خوازیارین، چونکە دەزانن بە زیانیان دەگەڕیتەوە.

هەرچی حیزبوڵایە دەیەوێت وەکو خۆی بمێنێتەوە و لاواز نەبێت، بەتەنگهاتنەوەی فەلەستین و حەماس لای ئەو، زیاتر گرنگ نییە لە مانەوەی خۆی.  حیزبووڵا دەزانێت ئیسرائیل و دەوڵەتەکەی واقیعێکی سەپێنراوە نە بەوان و نە بە کەس ناگۆڕرێت ، گەر ئەوان دژ بە نەمانی یا هەتا لاوازبوونی ئیسرئیل بوونایە باشترین هەلیان بۆ هاتە پێشەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەردا دەیانتوانی هاوکاری حەماس بکەن و کاریگەرترین  زەربە بە ئیسرائیل بگەیەنن کە لە کاتێکدا  ئیسرائیل چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە ڕووی دا و چەند کاتژمێرێکیشی ویست تاکو هێزەکانیان بگاتە ئەو ناوچەیە .

لەمانەش زیاتر حیزبوڵا ئەو حەقیقەتەش دەزانێت کە زەحمەتە جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دا پێبکرێت .  جەنگکردنی لەگەڵیا جەنگکردنە لەگەڵ ئەمەریکا و سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا. حیزبوڵا لە ئێستادا ئەوەندە بەهێزە کە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لوبنانی گرتووە، بە شەڕەکەی دژ بە ئیسرائیل نەک هەر خۆی لاواز و پەرپووت دەبێت بەڵکو بارودۆخی لوبنانیش ئەوەندە خراپ دەبێت کە ژیان بۆ دانیشتوانەکەی نامێنیتەوە، لەولاشەوە وڵاتانی عەرەبی ئامادە نابن کە بێ هەلومەرجی گران و قورس هاوکاری بیناکردنەوەی لوبنان بکەن .

حیزبوڵا جەنگی مانەوەی دەکات هەم لەسەر ئاستی لوبنان و هەمو لەسەر ئاستی ناوچەکە.  ئەو ناو بەناو هێڕشانەی بۆ سەر ئیسرائیل و هەڕەشەکانی تەنها بۆ سەرمایەی سیاسییە و لۆف و دەورانێکە هەم لە جەماوەرەکەی خۆی دەدا و هەم لە فەلەستینییەکان و لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەش .  حیزبوڵا مانەوەی زۆر پێباشترە لە شەڕێکی دۆڕاو و تیاچوونی .  حەسەن نەسروڵا ئەمانە باش دەزانێت بۆیە هەتا بۆی بکرێت خۆی لەو شەڕە لادەدات .

هەرچیش ئیسرائیلە ، جەنگی لەگەڵ حیزبوڵا ئاسان نییە ، ئەو لە ئێستادا لە سێ بەرەی جەنگدایە، لەگەڵ ئێران ، لەگەڵ حەماس، لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی کە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکانن و داوای وەستانی شەڕەکە و هێنانەوەی دیلەکان و دەست لەکارکێشانەوەی سەرەك وەزیران و حکومەتەکەی دەکەن . لە لایەکی دیکەوە نێتەنیاهو دەزانێت کە ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەوەیان ناوێت ، شەڕکردن لەگەل حیزبووڵادا ئاسان نیە .

 حکومەتی ئیسرائیل لە ئێستادا 80 هەزاری لە دانیشتوانەکەی کە دەکەونە ژێر لوولەی تۆپەکانی حیزبوڵاوە  گواستۆتەوە و گەر شەڕەکە دەست پێبکات ئەوە ژمارەی ئەوانەی کە کارایی جەنگیان لەسەر دەبێت و دەبێت بگوێزرێنەوە هەر زۆر دەچێتە سەرەوە.  لەمەش زیاتر گریمانی هاتنە ناوەوەی ئێرانیش هەیە و هەروەها خۆپیشاندانی گەورە لە دژی شەر بە تایبەت لە لایەن هاووڵاتیانی ئیسرئیل و وڵاتانی ئەوروپا و هەندێك لە وڵاتانی دیکەی  دونیاوە ، ئەمە جگە لەوەی کە لایەنەکانی دیکە کە سەر بە ئێران-ن ئەوانیش گورزی خۆیان لە ئیسرائیل دەوەشێنن.

کەواتە بڕیاردانی جەنگەکە نە بۆ حیزبوڵا و نە بۆ ئیسرائیل ئاسان نییە ، تا ڕادەیەك بڕیارێکی خۆکوژییە . بەڵام وەکو لە سەرەتاشدا وتم حیزب و دەوڵەت و سیاسییەکان هەموو خراپەکارییەکیان لێدەوەشێتەوە هیچ شتێك لایان نا ئاسیی و ئەستەم نییە.

Zaherbaher.com

Israeli Prime Minister Benjamin Netanyahu looks on as the US Secretary of State gives statements to the media inside The Kirya, which houses the Israeli Defence Ministry, after their meeting in Tel Aviv on October 12, 2023. Blinken arrived in a show of solidarity after Hamas’s surprise weekend onslaught in Israel, an AFP correspondent travelling with him reported. He is expected to visit Israeli Prime Minister Benjamin Netanyahu as Washington closes ranks with its ally that has launched a withering air camp

مانگی  هەنگووینی بردەنەوەی پارتی کرێکارانی بریتانیا لە بەسەرچووندایە

زاهیر باهیر

25/08/2024

ئەوە خەسڵەتی سەرەکی حیزبەکانە کە لە کاتی هەڵبژاردندا چەندەها خاڵی پۆزەتیڤ کە تا ڕادەیەك کاراییەکی باش لە سەر ژیانی زۆرینەی خەڵکەکە دادەنێت لەنێو مانیفێستەکەیاندایە .

بێ گومان لە بەرانبەر ئەمەدا چەندەها خاڵی نێگەتیڤیش لە دەرەوەی مانیفێستەکەیە کە هەرگیز لە بانگەشەی هەڵبژاردندا ناویان ناهێنرێت .  ئەمە جگە لەوەی کە گۆڕانکاری لە هەڵبژاردندا تەنها لە سەروی حکومەتدا دەکرێت نەك لە سەراپای دامەزراوە ئابووری و ڕۆشنبیری و تۆڕە سیخوڕییەکان و پۆلیس و جێنڕالەکان و سوپا و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتدا بکرێت.

لە ئێستادا لەوە دەکات مانگی هەنگووینی ، کە من ناوی مانگی درۆ و دەلەسە و هەڵخەڵەتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی لە لایەن پارتی کرێکارانەوە لە بریتانیا ، لێدەنێم لە تەواو بووندایە .  ئەمان هەر بە هاتنە سەر حوکم دوای چەند ڕۆژێك وەزیری دارایی ڕایگەیەند کە 12 ملیار پاوەند نوقسانی لە  بوجەدا هەیە کە پارتی موحافیزین بەرپرسن لێی و ئەمانیان ئاگەدار نەکردۆتەوە .  دوای هەفتەیەك وەزیر ئەم ژمارەیەی بۆ 22 ملیار پاوەند سەر خست .  

ئێمە نازانین ئەمە تا چەندێك ڕاستە یا درۆیە بەڵام ئەوە دەزانین کە ئەمە باشترین بیانووە بۆ ئاشکراکردنی پلانە نهێنییەکانیان و خاڵەگرنگەکانی کە لە دەرەوەی مانیفێستەکەیاندا بوون تاکو ئەم کەلێنەی بوجە بە  کردنی جەند ڕیفۆرمێک کە کرێکاران و سەراپای توێژاڵەکانی دیکە باجەکەی دەدەت بۆ پڕکردنەوەی. ئیتر ئەمان بە بەردەوامی هەرەشە و ڕاگەیاندنی ئەوە دەدەن:  کە ئابوری بریتانیا وێران بووە لەسەر دەستی 14 ساڵەی حکومەتی حیزبی موحافزیندا… ، کەس نابێت چاوەروانی باشکردنی بکات ئا بەم زوانە …، پێویستە زۆر شت هەیە بکرێت و هەموان ئامادە بن بۆ هاوکاری چاککردنی بریتانیای تێشکاو … زۆرێك لەم ڕاگەیاندنانە بە بەردەوامی دەبینستین.

هەنگاوی یەکەمی ئەمان بڕینی یارمەتی پارەی وزەیە لە زیاتر لە 11 ملیۆن خانەنشینکراو  کە لە زستاندا هەموو خانەنشینێك 200 پاوەندی پێدەدرا بۆ هاوکاری دانی پارەی غاز و کارەبا.  حکومەت دەڵێت دەبێت تەنها هاوکاری هەرە هەژارەکان بدرێت کە یەك ملیۆن و نیون نەك هەموو خانە نشینێك.   هەروەها چاوەڕوان نەکردنی پارەی زیادەیە لە لایەن کرێکارانی کەرتەکانی دەوڵەتەوە …

ئەمانە ئەو ڕیفۆرمانەن کە حکومەت دەیەوێت لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا بیکات. ئەمە  لە کاتێک کە نرخی وزە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە لە سەدا 10 بەرزدەکرێتەوە ، 4 ملیۆن منداڵ ژیانیان لەژێر هێڵی برسێتییەوەیە یا خود برسین ، تا کۆتایی مانگی تەموز زیاتر لە 50 ژن لێرە کوژراوە کە لە کاتێکدا لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 100 ژن کوژراون  .6 ملیۆن کرێکار کرێیان لە خوار لانی کەمی کرێی ساڵانەوەیە ، نزیکەی 2 ملیۆن کەس کە زۆربەیان کار دەکەن بە هاوکاری سێنتەرەرکانی خۆراك بەخشینەوە دەژین ، ژمارەی ئەوانەی کە لە سەر شەقام و بەردەم دوکان و تونێلەکاندا ژیان دەبەنە سەر بە ڕێژەی لە سەدا 37 سەرکەوتووە .  ئەمانە و زۆری تر .

حکومەت ڕێگا چارەی دیکەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەلێنەی بووجە [ گەر ڕاستیش بێت ] ئەویش نەك بە بڕینی هاوکارییەکان و بەرزنەکردنەوەی کرێ و موچە ، بەڵکو بە زیادکردنی باج لەسەر هەرە دەوڵەمەندەکان.  بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نقابەی ‘یونایت’ کە دووەم گەورترین نقابەی بریتانیایە گەر حکومەت باج لەسەر ئەوانەی کە لە 4  ملیۆن پاوەند داهاتیان زیاترە گەر بە تەنها لەسەدا 1 بەرز بکرێتەوە، ئەوە دەکرێت 25 ملیار پاوەند بۆ بوجە کۆبکرێتەوە کە ئەمە کافییە بۆ پرکردنەوەی کەلێنەکەی بووجە و بەرزکردەنەوەی موچەی هەندێك لە کریکارانی کەرتەکانی دەولەت.  

بڕیارەکەی دادگەی باڵای بەنگلادش ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆکان ناوەستێنێت

22/07/2024

دوای تەشەنەکردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و بەشداریکردنی زۆرینەیەکی دیکەی خەڵك لە سەرانسەری بەنگلادشدا،  قەدەخەکردنی هاتووچۆ ، لە ژێر فشاردا داداگەی باڵا ناچار بوو کە بڕیارەکەی پێشتری هەڵوەشێنێتەوە بۆ هەمیشە.  بڕیارەکەی پێشوو کە دانانی بەشی جەنگاوەران و نەوە و کەسوکاریان لە سەر کاری حکومەتی بە ڕێژەی لە سەدا 30 بوە هۆی خۆپیشاندان و نارەزایی خۆێندکاران، دوێنی یەكشەمە بڕیارەکە  بە دائیمی هەڵوەشێنرایەوە .

ژمارەی کوژراوان تا دوێنێ گەیشتە 150 کەس بە گوێرەی میدیای ناوخۆ ، بەڵام حکومەت ئامادە نییە هیچ ڕاگەیاندنێك لەو بارەوە بدات . بڕیارەکەی دوێنێی دادگە خوێندکارانی سارد نەکردۆتەوە و داخوازی دیکەیان هەیە پێش ئەوەی بوەستن لە چالاکییەکانیان لەوانە: سزادانی بەرپرسان و بکوژانی خۆپیشاندەرانی بێ تاوان ، قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانیان ،دەرکردنی ئەو بەرپرسانەی کە تاوانبارن، پۆزش هێنانەوەی سەرەك وەزیران ، شێخ حەسینە و دەست لەکارکێشانەوەی بریکاری زانکۆکان کە ناڕەزاییەکانی تێدا ڕویان داوە  و هەروەها کار بۆ بێ کاران و …. تد  

ڕاگەیاندنی هاتووچۆ لە بەنگلادش سەرانسەرییە و حکومەت جێندەرمەی دابەزاندۆتە سەر شەقامەکان

21/07/2024

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی زانکۆکان زۆر فراوانتر بووە لەوەی کە حکومەت و بەرپرسانی بەنگلادش چاوەڕوانیان دەکرد. لەوە دەرچووە کە تەنها پرسی خوێندکاران بێت بەڵکو بووەتە پرسی هەرە زۆرینەی خەڵکی لە بەنگلادش دا. قەدەخەکردنی هاتووچۆ هەر لە دەکای پایتەخت دا نەمایەوە بەڵکو لەسەر ئاستی نەتەوەیی ئەم یاسایە ڕاگەیەندرا. هاوکاتیش داخوازییەکانی خوێندکاران چی تر ڕیفۆرم نییە ئەوەی کە لەسەر پرسی ، حسە یا  بەشی خوێندکارانی زانکۆکان بۆ نەوەکانی جەنگاوەرانی ساڵی 1971 ی سەربەخۆیی بەنگلادش هەڵوەشێنرێتەوە ، بەڵکو ئێستا داخوازییەکەیان لە پاڵ داخوازی هەمواندا ڕوخاندنی حکومەتە . 

بێ کاری و گەندەڵی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و نەبوونی ئازادیی داخوازییەکانی خەڵکی زیاتر و فراوانتر و ڕادیکالتر کردۆتەوە، ئەمەش دوای کوژرانی زیاتر لە 115 کەس و برینداربوونی چەند هەزار کەسێك بە تایبەت دوای بڕینی هەموو خەتەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی گولەی ڕاستی لە بری گولەی پلاستیکی  دوای بڕینی ئینتەرنێت کە چی تر هەواڵەکان ناگاتە  دەرەوەی بەنگلادش و بەرچاو ناکەوێت .

لە ئێستادا حکومەت دوو فرمانی گەورەی دەرکدرووە : یەك : بانگکردنی چیندرمە بۆ سەر شەقامەکان کە ئەمەش بەڵگەی کاریگەری و فراوانبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و لاوازی پۆلیس .  دوو: فرمانی بە پۆلیس داوە  کە هەر کەس لە هەر شوێنێکدا دەرکەوت تەقەی لێبکەن و بەرپرسیار نابن.

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی بەنگلادش بەردەوامە

19/07/2024

گەر چی شێخ حەسینە سەرەكوەزیرانی بەنگلادش پاشەکشەی لەو قسانە کرد کە سوکایەتی و ناشیرینکردنی خوێندکارانی خۆپیشاندەر بوو، سەرزەنشتی ئەوانەشی کرد کە بوونە هۆی کوژرانی خۆپیشاندەران ، بەڵام خوێندکاران بایاخیان بەو هەنگاوانەی شێخ حەسنییە نەدا و بەردوامن لە خۆپیشاندانەکانیاندا.

پێشتریش  بە شێوەی کاتیی بڕیارەکەی کە لە دادگە ڕاگەیانرابوو سەبارەت بە بەش و حسەی نەوەکانی جەنگاوەرەکان کە لە سەدا 30 لەوان مافیان هەیە  بۆ دامەزراندن لە دامەزراوە حکومییکان ڕاگیران .  بڕیارەکەش سەبارەت بە  نەوەکانی ئەو کەسانەیە  کە لە سالی 1971 دا کوژراون لە پێناوی سەربەخۆیی بەنگلادشدا و ئەو مافەیان هەیە .    

دوێنێ، 5شەمە، 32 کەس لە خۆپیشاندەران لەسەر دەستی پۆلیس دا کوژارون و پێشتریش 7 کەسی دیکە ، کۆی ژمارەی کوژراوان لە ئێستادا 39 کەسە .  هاوکاتیش پۆلیس دەڵێت نزیکەی 100 پۆلیس بریندار بوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەسێك کە لە خەستەخانەی ‘ دەکا ‘، پایتەختی بەنگلادش، کاردەکات زیاتر لە 1000 کەس بە برینداری گەیەنراونەتە خەستەخانە .

دوێنێ خۆپیشاندەران هێڕشیان کردە سەر بینای محەتەی تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی و ئاگریان تێبەردا ، هاوکاتیش بە هۆی هەلیکۆپتەرەوە توانرا 60 پۆلیس کە لە زانکۆی کەنەدیدا بوون ، بۆ ئەوەی نەکەونە بەردەستی خوێندکاران ڕزگار کران .

خۆپیشاندان و نارەزاییەکان لە چەند شارێکی دیکەش جگە لە دەکا بەردەوامە ، حکومەت بۆ ئەوەی تەواوی بەنگلادش نەگرێتەوە بۆ دوو ڕۆژە ئینتتەرنێتیان داخستووە .

بەنگلادش یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکانی دوونیا و لە لایەن کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و بریتانیا و وڵاتای ئەوروپییەوە هێزی کاری ئەوێ کە هەرە زۆرینەیان ژنانن لە دروستکردنی پۆشاکی هەمە جۆرەی جوانیی و پۆشاک و پێڵاوی  وەرزش و تەپلە و کڵاو و تۆپ ، ناکۆکی چینایەتی لە برەو و تیژبوونەوەدایە .  ئەمە لە کاتێکدا کرێی سەر کار زۆر کەمە و کارگە و کارخانەکانی دروستکردنی پۆشاکیش بە دەگمەن هەلومەرجی کارکردنیان تێدایە و هیج جۆرە هەنگاوێکیش نەنراوە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا  کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی کرێکارەکەن ڕەچاو بکات ، هەر ئەمەشە کە ناو بەناو ئاگرێك دەکەوێتەوە یاخود بینای کارگەیەك هەرەس دەهێنێت و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کرێکار دەبنە قوربانی .

بزوتنەوەی ژنانی کرێکار لە بەنگلادش بەهیزە و بەرگری لە مافە ڕەواکانیان دەکەن و بە بەردەوامی دەچنەوە بەگژ خاوەنکار و ساماندارەکاندا کە لە لایەن حکومەتی بەنگلادشەوە پارێزگاری تەواویان لێدەکرێت.

May be an image of 4 people, fire, crowd and text

حکومەتەکان بە ڕۆلی خۆیان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ توندڕەو و  فاشیزم دروست دەکەن

26/06/2024

ئەم تایتڵە هەموو حکومەتەکان دەگرێتەوە لە چەپ و ڕاست و دینییانەوە.  بەڵام لێرەدا من هەر قسە لەسەر فەرەنسا دەکەم .  ئیمانیۆل ماکرۆن ماوەیەك لەمەوبەر بانگەشەی هەڵبژاردنی گشتی کرد و یەکسەر پەڕلەمانی حەل کرد تاکو خولی یەکەمی هەڵبژاردن ڕۆژی 30 مانگ و خولی دووەم ڕۆژی 7ی مانگی تەمووز بکرێت.

هۆکاری ئەم بانگەشەیەش دۆڕاندنی پارتەکەی بوو لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی ئەوروپادا لە بەرانبەر مارین لۆپێن دا .  ماکرۆن و حیزبەکەی هەر لە هاتنە سەر حوکمیانەوە لە هەڵبژاردنی پێشتردا تۆوی زیادبوون و گەشەکردن و گەورەبوونی لۆپێن  و حیزبەکەی چاند ئەویش لەبری ئەوەی کە دەستبکاتە هەندێك ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و پەروەردەیی تاکو هەم جێ پێی خۆی توندوتۆڵتر بکات و هەم جێ پێی لۆپێن و ڕاوستڕەوە توندڕەوەکان لەق بکات ، ئەم پێچەوانەکەی کرد.

چۆن ئەمەی کرد؟

با بە کورتی تەماشای مێژوی حوکمڕانی ماکرۆن و حیزبەکەی بکەین کە لە نوسینی چەند نوسەرێك سەبارەت بە بارودۆخی فەرەنسا وەرگیراوە:

هەرچەندە مارین لۆپێن خۆی لە قسە و باسەکانی باوکی بەدوور دەگرێت، کە ژوورە گازییەکانی هۆلۆکۆست بە “وردەکاری” مێژوو ناودەبات و   پارتەکەی لۆپێن RN هەوڵی سڕینەوەی ڕابردووی قورسی خۆی داوە، بەڵام ناوەکی ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستی پارتەکە هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکان . بە وتەی مێژوونووس لودیڤین بانتیگنی و کۆمەڵناس ئوگۆ پالێتا، نوێنەرایەتی “مەترسی فاشیست” دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن ماکرۆن کە لە ساڵی ٢٠١٧دا وەک “نە ڕاست و نە چەپ” خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید کرد و دڵنیایی دایە دەنگدەران کە وڵات  دەگۆڕێت.

لە سەرەتای خولی یەکەمیدا، ماکرۆن نازناوی “سەرۆکی دەوڵەمەندانی” بەدەستهێنا. باجی سەروەت و سامانی هەڵوەشاندەوە و باجی تەختی لەسەر داهاتی سەرمایە داناوە و ڕێژەی باجی بۆ کۆمپانیاکان دابەزاندووە. ئەو دەستڕاگەیشتن بە یارمەتی بێکاری سنووردار کرد، کەمترین تەمەنی خانەنشینی بەرزکردەوە، یارمەتی نیشتەجێبوون بۆ هەژاران کەمکردەوە، ئەو زیانانەی کە کرێکاران دەتوانن داوای دەرکردنی نادادپەروەرانەیان بکەن، سنووردار کرد و ڕۆڵی سەندیکاکانی لە دانوستانەکانی مووچەدا لاواز کرد. لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئاسوودەژیانی، هەڵاوسان بەرزبووەوە. کاریگەرییەکەی بەرزبوونەوەی هەژاری و ناڕەزایەتی گشتی بووە.

لە بەرامبەردا حکومەت پەرلەمانی بەدەر کرد و دەنگی ئەوانی وەرنەگرت  بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەتکرابوونەوە، هەروەها سەرکوتکردنی گردبوونەوەکانی کرد. بۆ نموونە لە سەردەمی بزووتنەوەی gilets jaunes (پەسەك زەردەکاندا)دا سەدان خۆپیشاندەر بە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە لە زۆربەی ئەورووپا قەدەغەکراون، بە سەدان خۆپیشاندەر لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە برینداربوون و جەستەیان خراپ پێکراوە. پاشان ماکرۆن ڕەتیکردەوە کە لەژێر دەسەڵاتی یاسادا توندوتیژی پۆلیس ڕوودەدات. هاوکات حکومەتەکەی دەسەڵاتی نوێی بە پۆلیس داوە، وەک مافی تەقەکردن لە کەسێک کە لە وێستگەیەکی هاتوچۆ هەڵدێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە دەکوژرێن لە دوو هێندە زیاتر بێت. ژمارەی زیندانەکان – کە نزیکەی هەموو مانگێک ژمارەیەکی پێوانەیی دەشکێنێت – بەهۆی ئەم ڕێبازە توندترە بۆ دادپەروەری تاوانکارییەوە بەرزبووەتەوە.

ئایا ئەمانە هاوکاری مانەوەی ماکرۆن و حوکمێکی ئاوا دەکات، یاخود پەرەسەندن و گەشەکردن و ڕاستڕەوە توندوتیژەکان و فاشییەکان دەکات و لە کۆتاییشدا  هاتنەسەر حوکمیان ؟؟