ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

کرێکارانی پۆستی مەلیکیی داخوازییەکانیان بەدەستهێنا

22/04/2023

پاش 11 مانگ وتووێژی نێوانی نقابە و ئیدارەی پۆستی مەلیکیی و پاش 18 ڕۆژ مانگرتن لە ساڵی پاردا توانرا چۆك بە  ئیدارە دابدەن لە بەرانبەر زیادکردنی موچەیان بە ڕێژەی لە سەدا 10 و هەر کرێکارێك ئەندامی نقابە بێت کە 115 هەزر ئەندامن لە سەرجەمی هەموان کە 140 هەزارن و ئەوانەشیان کە ئەندامی نقابە نین یەکێ 500 پاوەندیش وەرگرن کە ئەمە لە ئاستی زیادکردنی موچەیاندایە بە ڕێژەی لەسەدا 2.

زیادکردنی موچەکەیان بەم شێوەیە لە ڕۆژی 01/04 ساڵی پارەکەوە ، 2022 ، بەڕێژەی لە سەدا 2 موچەکەیان بەرزبکرێتەوە ، لە یەکی ئەم مانگەشەوە ، واتە مانگی نیسان ، لە سەدا 6 و هەروەها لەسەدا 2 لە 01/04 /2024 یشەوە. هاوکاتیش بەزۆر کارپێکردنی کرێکاران لە ڕۆژانی یەکەشەمەدا هەڵگیرا و هەتا مانگی نیسانی 2025 دەرکردنی کرێکاران نابێت، دوای ئەوەش قابیل بە وتوێژە ، واتە وتووێژی لەسەر دەکرێت نەك ئیدارە فرمانی دەرکردنی ژمارەیەك لە کرێکارا بدات.خودی نقابە لەسەر ئەم خاڵانەی سەرەوە لەگەڵ ئیدارەدا ڕێكکەوتووە و بڕیارە ئەم مامەڵە و پێکهاتنە بخرێتە بەردەم سەراپای ئەندامانی نقابەوە تاکو ڕای لەسەر بدەن کە قەبوڵی بکەن یا نا ، بەڵام ئامۆژگاری نقابە قەبوڵکردنێتی .

چالاکی نوێی بزوتنەوەی یاخیبوون لە فەنابوون/ لە لەناوچوون

بزوتنەوەی یاخیبوون لە لەناوچوون لە دوێنیوە ، هەینی، 21/04، دەستیان کردەوە بە کردنی چالاکییە ڕاستەوخۆییەکان بۆ ماوەی 4 ڕۆژ .  ئەم بزوتنەوەیە بە هاوکاری 200 گروپی دیکە توانی بە هەزاران کەس بخاتە سەر شەقامەکانی لەندەن.  ئەمجارەیان تاکتیکیان گۆڕیوە هەر کۆمەڵێک لەبەردەمیی یەكێك لە ئۆفیسی یا بارەگای وەزارەتەکاندا وەکو بەشی ژینگە و هاتووچۆو کێڵگەوان و ئاژەڵداری و وەستانی پرۆژەی HS2 کە ڕاکێشانی هێڵی  ئاسنینە بۆ شەمەندەفەری زۆر خێرا لە نێوانی چەند شارێکدا کە بووەتە هۆی بڕینەوەی سەدەها درەختی بە تەمەن و چۆڵکرنی چەند گوندێك و وێرانکردنی چەند  پارك و پارچە زەوەییەك.   ئەمە جگە لە گردبوونەوە لەبەردەمی شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیران و بەرانبەر پەڕلەمان و شوێنەکانی دیکە .بزوتنەوەکە لەم چالاکییەیاندا دوو داخوازی گرنگیان هەیە و ئینزاری حکومەتیان کردووە کە ئەگەر هەتا ڕۆژی دووشەمە ، 24/04، سەعات 5ی پاشنیوەڕۆ داخوازییەکانیان جێ بەجێینەکات ئەوە چالاکی نادیاری چاوەڕوننەکراوی دیکە دەکەن .  ئەو دوو داخوازییەش : یەك : وەستانی دانی مۆڵەتی نوێ بە کۆمپانیاکان لە پرۆسەی پشکنین بۆ نەوت و غاز .  دوو: دروستکردنی ئەنجومەنی هاووڵاتیان بۆ ئمێرجنسی . 

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

16/04/2023

بەشی سێیەم

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو و کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.

 تکایە گەر نایخوێنیتەوە لایکی مەکە. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

……………………………….

دوو: کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژنان:

هەژاری سووتەمەنی لە ئێستادا 7.5 ملیۆن ماڵی لە بریتانیادا گرتۆتەوە   14 ملیۆن کەسیش لە جۆرە خانویەکدا دەژین کە ستاندەردی ژیانیان تێدا نییە بە هۆی بوونی شێ و کەڕو و دزەی ئاو و نەبوونی تەواوی ئامرازەکانی گەرمبوونەوە و نەبوونی هەواکێش لە ژوور و مەتبەخەکانیاندا.  هاوکاتیش 271 هەزار بێ خانووبەرەن یا لە ئوتێلی خراپدا دانراون، یاخود لە هۆستڵ و خانوی زۆر خراپی خاوەنخانووەکان.  ئەمە جگە لەوەش کە ژمارەیەکی زۆرێش لە سەر شەقامەکان و دووتوێی دوکان و ژێر چادری دوکانەکان و تونێلبانەکاندا ژیان دەبەنە سەر.  

بێ کاریی بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەڵام ئەوانەی کە کار دەکەن بەشێکی زۆریان نیمچە کار ٠ پارتتایم، کار دەکەن.  کرێکار و کارگەرێکی زۆر هەن کە ژمارەیان چەند ملیۆنێکە کە کرێکەیان لە خوار لانی کەمی کرێوەیە.  یەك ملێون و 600 هەزار کەس هیچ جۆرە گرێبەستێکیان لەگەڵ خاوەنکاردا نییە کە لێرە پێیان دەڵێن لەسەر زیڕۆ کۆنتراکتن.

جیاوازی نێوانی کرێ و موچەی نێوانی پیاوان و ژناندا لە کەرتە تایبەتییەکاندا ، ئەهلییەکاندا ، لە نێوانی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 18یە.  نیو ملیۆن ژن زیاتر  لە پیاوان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت و 13%یان لەسەر گرێبەستێکن  کەپێی دەلێن زیڕۆ کۆنتراکت.   زیاتر لە 2 ملیۆن ژن لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت، کە دەکاتە 14%ی سەرجەم ژنانی کرێکار، لەکاتێکدا 1.4 ملیۆنن کە لە (9%)ی پیاوانن.  بە گشتی لە 60%ی هەموو ئەو کارانەی کە مووچەیان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوەیە، لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.  شیکارییەکانی نقابەی مەرکەزی بریتانیا ئاشکرای دەکات، ژنان دوو مانگ بەخۆڕایی کاردەکەن و جیاوازی مووچە بە ڕێژەی 15% یە دوای ئەوەی ژنان منداڵیان دەبێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر دەبێت.  بەپێی شیکاری هەمان داتای فەرمی نقابە  ژنان بە تێکڕا ساڵانە مووچەیان 29 هەزار و 684 پاوەندە، لەکاتێکدا پیاوان تێکڕای مووچەی ساڵانەیان 35 هەزار و 260 پاوەندە.

بەهۆی نایەکسانی کرێ و موچە لە نێوان ژنان و پیاواندا کردنی کەمپەینی گەورە و چالاك ساڵی 2017 حکومەت ناچار کرا بەوەی کە بڕیارێك دەرکات کە دەبێت شەفافییەت لەو پرسەدا هەبێت و پێویستە مووچە لە ڕێکلامەکانی کاردا ئاشکرا بکرێت وەک ئەوەی لە هەشت ویلایەتی ئەمریکادا ڕوودەدات. سکاندیناڤیەکان هەموو تۆمارەکانی باجی داهات بڵاودەکەنەوە.  بڕیارەکە ئەوە بوو ئەو 10،000 کۆمپانیا گەورەیەی کە ژمارەی کرێکارەکانیان 250 کرێکار یاخود زیاترن دەبێت هەموو ساڵێك بە ڕاپۆرتێک موچە و کرێی هەردوو رەگەزەکە بخەنە ڕوو.  مەبەستیش لەم ڕاپۆرتە هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی کرێ و مووچەی نێوانی ژنان و پیاوان و چارەسەرکردنی  بوو، بەڵام پاش تێپەڕینی 6 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا هێشتا ئەو کەلێنە گەورەیە هەر بەردەوامە.

هەفتانە دوو ژن بۆ سێ ژن لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی نزیك و ناسیاویانەوە یا نەناسیاوەوە دەکوژرێن.  لانی کەم هەموو دوو یا سێ ڕۆژ جارێك منداڵێك ، گەنجێک کەسێكی لە سەرو 18 ساڵەوە دەکوژرێت کە زۆربەیان لەسەر کێشەی مەوادە هۆشبەرەکانن .

ڕادەی بەرزبوونەوەی سووی بانق لە مانگی دیسەمبەری 2021 وە تاکو ئێستا 11 جار بەرز بووەتەوە کە لە ئێستادا بەڕێژەی لە سەدا 4.75 .  ئەم بەرزبووەنەوەش کارایی و زەحمەتێكی زۆری لەسەر ئەوانەی سلفەی عەقاریان لایە ، یاخود قەرزی بانق بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان، یان کرێچین و خاوەنخانوو کرێیان لەسەر بەرزدەکاتەوە هەیە. لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە، تاکو 09/02/23 733 خانوو لە لایەن بانقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی لە سەدا 134 لەچاو ساڵی پێشوودا بەرزبووەتەوە.

دەبێت ئاماژەش بەوە بکەم کە کاتێك مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم ڕێژەی باج لە سەدا 60بوو لەسەر ساماندارانی گەورە و ەهەندێك لە کۆمپانیاکان بەڵام لە بەهاری 1988 نایجڵ لۆوسۆن کە وەزیری دارایی ئەو کاتە بوو بودجەی بەهاری ساڵی 1988ی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی بەخشینێکی گەورە، ڕێژەی سەرەوەی باجی داهات لە 60% بۆ 40% کەمکردەوە و ڕێژەی باجیشی لە سەر کرێکاران و فرمانبەران کە پێی دەڵێن باجی بنەڕەتی  لە 27% بۆ 25% کەمکردەوە.

درێژەی هەیە

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

16/04/2023

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو و کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.

 تکایە گەر نایخوێنیتەوە لایکی مەکە. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

…………………

یەك : تێجوونی ژیان:

ژیان و گوزەران بەو ڕادەیە گرانبووە کە بەراورد لەگەڵ داهاتی تاکەکان و خێزانەکاندا ناکرێت.  نرخی  غاز و کارەبا بەڕێژەی لە سەدا سەد چوەتە سەرەوە  و بەنزین و گازۆیل-یش بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو سەرکەوتوە.

  لیرەد ناکرێت نکوڵی لە دوو ڕوودای گەورە بکەین کە کاراییان لەسەر ژیانی بریتانییەکان زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داناوە.  یەکەمیان دەرچونی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمە تا ڕادەیەك گرانی لەسەر خەڵکی دروست کردوە و هەر لە سەرەتاوە بەهای دراوی بریتانیای بەڕێژەی لە سەدا 18 شکاند.  دووهەمیان شەڕی  نێوانی ناتۆ و ڕوسیایە لەسەر خاکی ئۆکرانیا، ئەمەش کارایی خۆی لەسەر نرخی پێداویسیتیەکانی ژیان داناوە.

لەگەڵ ئەو دوو ڕاستییەشدا دەتوانین بڵێین  پێش هاتنی پەتای کۆرۆنا و هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و جەنگی ناتۆ و ڕوسیا نرخی هەموو شتێك لەبەرزبووەنەوەدا بوون،  بەڵام نەك وەکو ئێستا.  ئەوەشی تێبینی دەکرێت  ئەوەیە کە نرخ زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەچێتە سەرەوە بەڵام هەرگیز نایەتە خوارەوە یا ناگەڕێتەوە ئەو کاتەی پێش بەرزبوونەوەی.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای نرخی پێداویستییەکان لە سەدا 18 زیادی کردەوە. بۆ نموونە نرخی فاصۆلیای نێو قوتوو بە ڕێژەی لە سەدا 35 و سۆسی تەماتە بە ڕێژەی لە سەدا 39 و شۆربای تەماتە لە سەدا 73 و شامپۆ لە سەدا 21 و شامپۆی دەستشۆردن لە سەدا 25 بەرزبوونەتەوە لەپاڵ بەرزبوونەوەی نان و شیر و پەنیر و ماست و هێلکە و ڕۆن و گۆشت و خوێ و شەکر و قاوە و چا و هەموو چەشنەکانی میوە و کەرەسەکانی خواردنی ڕووەکی تا دەگاتە  خواردن و خواردنەوە لە دەرەوەی ماڵ و سەفەرکردن.

لە توێژینەوەیەکی پارتی کرێکاران لێرە، هەندێك ڕاستیان سەبارەت بە ژیانی خەڵکی خستۆتە بەرچاو.  لەو ڕاپۆرتەدا پارتی کرێکاران ڕایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2019وە، تێچووی خانووبەرە و سووتەمەنی و کارەبا بە بڕی 1480 پاوەند بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا خواردن و خواردنەوە غەیرە کحولیەکان 700 پاوەند زیادیکردووە.  تێچووی گواستنەوە 800 پاوەند بەرزبووەتەوە، کەلوپەلی ناوماڵ و خزمەتگوزارییەکان 360 پاوەند زیادی کردووە و تێچووی جل و بەرگ و پێڵاو بە ڕێژەی 140 پاوەند بەرزبووەتەوە.

بەم شێوەیە قورسی ژیان ئاوای کردووە کە ژمارەی سێنتەرەکانی بەخشینەوەی کەرەسەکانی خواردن گەیشتۆتە 3000 .  ئەم سێنتەرانە لە نێوانی ساڵی 2021 و 2022 دا دەستگرۆیی 800 هەزار منداڵیان کردووە بە بەخشینی کەرەسەی خواردەمەنی. 2.1  ملیۆن کەس بە هاوکاری ئەم سێنتەرانە دەتوانن بژین کە لە کاتێکدا زۆرێکیان کار دەکەن : مامۆستان ، نێرسن، پاککەرەوەی شەقامەکان و ئۆفیسەکانن،  ئەوانەی کە بێ بوونی کۆنتراکت کاردەکەن.

راپۆرتێکی نوێی نقابەی مامۆستایان کە ڕاپرسییان کردووە لە نێو 8 هەزار مامۆستادا، لە نێوانی ئەو مامۆستایانەی کە تەمەنیان 29 ساڵ و کەمترە،  هەر لە سێ مامۆستایان لە ئینگلتەرە یەکێکیان ژەمێکی خواردن دەبوێرن بۆ ئەوەی بتوانن پێدا ڕابگەن.  هەروەها  لە هەر پێنج مامۆستا یەکێکیان کاری دووەم دەکات لەبەر ئەوەی  مووچەکەی ناتوانێت لەگەڵ تێچووی ژیاندا بڕبکات.

لە ئێستادا 14.4 ملیۆن کەس لە هەژارییدا دەژین کە 4.2 ملیۆنیان منداڵن. 9.7 ملیۆن لە کەسانی پێگەیو ، [سەرو 18 ساڵەوە] یا ژەمی خوادنیان کەمکردۆتەوە یاخود ژەمێك نانخواردنیان تەرك داوە تاکو بتوانن بەو داهاتەی کە هەیانە بژین . لە 10 کەس  6 کەسیان توانای کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکان کە جەوهەرین بۆ ژیان نییە.

بەرزبوونەوەی کەرەسەکانی خوادن و خواردەمەنی لە پاڵ بەرزبووەنەوەی بیتاقەی هاتووچۆدا کارایی گرنگی خۆی لە سەر تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ داناوە چ لە ڕوی داراییەوە و چ لە رووی دەرونییەوە.

ئەوە نەبێت  هەر تاکەکانی کۆمەڵ بەدەست ئەم بارو دۆخەوە بناڵێنن ، لە راستیدا زۆرێك لە بزنسە بچوکەکان و ناوەنجییەکانیش مایەپووچ بوون.  هەر بۆ نموونە 150 پەب [ شوێنی خواردنەوە] لە مانگی یەکەوە لێرە داخراوە لەبەر ئەوەی کە پارەی کارەبا ئەوەندە چووەتە سەرەوە نادرێت . ئەمە بە بەراورد بە داخستنی 32 پەب لە هەمان مانگی ساڵی ڕابووردوودا. پارەی وزە لە 13 هەزار پاوەندەوە بۆ 37 هەرزار پاوەند سەرکەوتوە.  لە چاوپێکەوتنێکدا  خاوەن پەبێك  دەڵێت لە مانگی یەکی ساڵی پاردا پارەی کارەبا 460 پاوەند بووە، بەڵام هەر هەمان مانگی ئەمساڵ بووە 2100 پاوەند.  ئەمە لە باسی پەبێكدا بوو  کە مێژوی بۆ 150 ساڵ دەگەرێتەوە. مەترسی ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ساڵ، 2000 پەب دابخرێت کە دەبێتە هۆی بێ کار بوونی 25 هەزار کەس کە لە کاتێکدا لەهەموو ساڵی 2022 تەنها 386 پەب داخراون .

درێژەی هەیە

باسی ئازادیی خۆپیشاندان و پرۆتێست مەکە، دوژمنەکەت جیهانییە

18/04/2023

دوێنێ دووشەمە، 17/04، گەنجێکی 28 ساڵی فەرەنسی بە ناوی Ernest Moret  کە لە یەكێك لە بڵاوەکراوەکانی فەرەنسادا  کار دەکات بە یورۆ ستار سەعات 7.30ی ئێوارە لە پاریسەوە گەیشتە محەتەی کینگس کرۆس لە لەندەن .  هەر بە گەیشتنی یەکسەر لە لایەن پۆلیسەوە گلدرایەوە کەوتنە پشکنین و لیكۆڵینەوە بە پاساوی گومانی تیرۆریزم و هەڵگرتنی ماتریاڵی مەترسیداری  تیرۆر. 

دواتر پۆلیس پاساوی کارەکەیان کرد کە  ئێرنست بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسادا کردووە .  ئەمەش  پێدەچێت بە ڕوونی ئاماژە بێت بۆ هاوبەشی نێوان دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و بەریتانیا لەم بابەتەدا. پۆلیس  ئاماژەی بەوەشکردووە، “داوا لە ئێرنست کراوە کە دەستبەرداری مۆبایلەکەی بێت و کۆدەکانی بە پۆلیس بڵێت  بەبێ ئەوەی هیچ پاساو و ڕوونکردنەوەیەک پێشکەش بکرێت..  بەڵام ئێرنست ئامادە نەبوو ئەوە بکات و ئیتر بە فەرمی لەم بەیانییەوە ئێرنست  دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیس، تۆمەتبارکرا بە ڕێگریکردن لە ئەمری پۆلیس  بەهۆی ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە کۆدی تەلەفونەکەی “

ئێرنست  تا ئێستاش دەستبەسەری پۆلیسە .  قسەکەری نقابەی ڕۆژنامەوانی و نوسەران لە بریتانیا وتی  “ئێمە ئەم کارانە بە پێشێلکارییەکی توڕەیی و ناڕەوا دەزانین بۆ بنەما سەرەکییەکانی ئازادیی ڕادەربڕین و نموونەیەک لە خراپ بەکارهێنانی یاساکانی دژە تیرۆرە……ئێمە پێمان وایە ئەم هێرشە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕینی بڵاوکەرەوەیەک، دەرکەوتنێکی دیکەی ئەو خلیسکانەیە بەرەو ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە و تاکڕەوانە کە حکومەتی ئێستای فەرەنسا لە بەرامبەر ناڕەزایی و ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریدا گرتووەتەبەر زۆر گرنگە هەموو بەرگریکارانی بەها دیموکراسییە بنەڕەتییەکان بە بەهێزترین بۆچوونیان  دەرببڕن.”

ئەم ئێوارەیە پرۆتێستێکی گەوەرە لە بەردەم قونسلییەتی فەرەنسا کرا بۆ فشارخستنە سەر هەردوو حکومەت تاکو ئێرنست بەربدرێت.

ئەمە ئازادی و دیمۆکراتی وڵاتانی دیمۆکراتی و دیمۆکراتخوازە کە خەڵکانێکی زۆری لای خۆمان و وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپا دەمیان بۆ ئەم دیمۆکراتیە و ئازادییە لیك دەکات .

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

16/04/2023

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو و کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.

 تکایە گەر نایخوێنیتەوە لایکی مەکە. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

……………………..

ئەگەر پێشکەوتنی سەرمایەداریی باشبوونی بارودۆخی هەژاران و چەوساوەکان بوایە، ڕەنگە ئێستا ئێمە لە شوێنێکی دیکە بوینایە. هەرگیز ناتوانین لە جەوهەری پرسەکان بگەین چارەیان بۆ دەستنیشان بکەین گەر لە واقیعەوە ڕەچاویان نەکەین، چونکە ئەوەی زادەی هزر و ئەزموون و مێژووە واقیعە، نەك پێچەوانەکەی.  کەواتە ئەوە واقێعە کە فکر دەڕەخسێنی و ئەزموونەکانیش بەڕێدەکات.  هەر ئاواش ئێمە دەبێت لە واقیعەوە چارەسەرەکان هەڵهێنجین نەك فکر بەباڵای واقیع ببڕین.

لە  تەمەنی سەرمایەداریدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا ئەم سیستەمە نەچۆتە پێشەوە و جیهانیی نەبۆتەوە. بۆ ئەمە پێویست بە بەڵگە و ئامار ناکات چونکە ڕاستییەکان لەژیانی خۆمان و خێزانەکانماندایە، خزاوەتە هەموو بەشەکانی ژیانمان لە پەروەوەردەی خێزانی و پەروەردەی ناو دایەنگا و باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی تا دەگاتە خوێندنی باڵا و تافی کارکردنمان و خانەنشینی و مردنیشمان.

بەچاوخشاندنێك بە ڕابوردوو و ئێستاماندا لە زۆر ڕووەوە نابینم کە ژیانمان کارئاسایی بۆ کرابێت، بەختەوەری و ئارامیی و ئاسایش لە ناومان و لە دڵ و دەرونماندا چەکەرەی زیاتری سەندبێت. نەك هەر ئەوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ژیانمان خراپتر و قورستر و گرفتەکانمان قوڵتر و فشاری دەرونی و کۆمەڵایەتیمان فرەتر دەبێت .

قسەی من لەسەر ژیانە لە بریتانیادا کە لە دوای ئەمەریکاوە ئێرە سێنتەری گەورەی ئەم  سیستەمەیە کە لە هەموو ڕویەکەوە لێرە سەقامگیرتر و چەسپاوترە تاکو وڵاتانی دیکە. بینینی  جیاوازییەك لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورپا و وڵاتانی سکەندناڤیا پەیوەندی بە کولتوری تایبەتی خۆیانەوە و گەشەنەکردنی سەرمایەداریانەیانە بە ڕادەی بریتانیا.

سەبارەت بە پرسی ژیان لە بریتانیا باشتر بووە یا خراپتر، دەبێت هەموو یا هەر هیچ نەبیت لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی  دانیشتوانەکەی بگرین بە بەراورد بە 30  تا 40ساڵ لەمەوبەر.  لەم بارەیەشدا با ئامار و بەڵگەکان، خۆیان بدوێن.

درێژەی هەیە

سەدان کرێکار لە مەخزەنەکانی ئەمازۆن لە بریتانیا لە مانگرتندان

16/04/2023

لە ئەمڕۆوە، یەکشەمە، 16/04 کرێکارانی 5 مەخزەنی ئەمازۆن لە بریتانیا کە ئۆنلاین بۆ ئەمازۆن کاردەکەن بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە مانگرتندان .  هەروەها لە ڕۆژانی 21 ی ئەم مانگەشەوە تاکو 23ی مانگ دووبارە ماندەگرنەوە بۆ زیادبوونی کرێیان.

لە کاتێکدا کە کۆمپانیای ئەمازۆن ساڵانە قازانجێکی بێ وێنە و لە هەموو کۆمپانیاکانی دیکە قازانج زیاتر دەکات کەچی ئامادە نییە لە 11 پاوەند زیاتر لە کاتژمێرێکدا بە کرێکارەکانی بدات.  کارکردن لە ئەمازۆن  وەکو هەواڵەکان و ڕاپۆرتەکان ڕایدەگەینن جۆرێکە لە کۆیلایەتی بۆیە کرێکاران داوای مافی زیاتریان دەکەن بە زیادکردنی کرێ و مووچەیانەوە.  

چالاکییەکی ڕاستەوخۆی گروپی مافی ئاژەڵان لە بریتانیا

16/04/23

دوێنێ شەمە ، 15/04، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی مافی ئاژەڵان پێش دەستپێکردنی کێبڕکێی ئەسپسوارەکان  لە بۆنەیەکی گەورەی نیشتمانیدا، گەیشتنە شوێنی ئەو کێبڕکییە و دەستیان کرد بە دابەشکرنی بەیان و ڕاگەیاندنەکانیان بەڵام پۆلیس هەراسانی دەکردن کە گوایە ئەوە موڵکی تایبەتییە و ئەمان مافی چالاکیکردنیان نییە لەوێدا ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هەر بەردەوامبو.

بەشێکی دیکەیان بە لافتە و هیتافەوە پێشوازییان لە بینەران دەکرد کە یەكێک لەو لافیتانە ”  ئێوە گرەو لەسەریان دەکەن ، بەڵام ئەوان دەمرن”  ڕاپەرن و هەنگاوی ڕاستەوخۆ بگرنەبەر بۆ بینینی کۆتایی هاتنی ئازاری ئاژەڵان بە هەموو شێوەکانیەوە .  ئەمە  لە کاتێکدا بوو کە 70 هەزار کەس ملی دەنا بۆ تەماشاکردن.

ببینە چۆن ئازادییەکان ئێکجار تەسککراونەتەوە لە شوێنێك کە موڵکییەیتی تایبەتی بێت یاخود هی حکومەت یاخود شوێنی خەڵک وەکو شەقام و کۆڵان و پارک، پۆلیس بە بڕگەیەکی یاسایی دەتوانیت قەدەخەی چالاکییەکەت بکات و دەستبەسەریشت بکات. کەچی لەو لاشەوە دەڵێت هاووڵاتیان مافی خۆپیشاندان و ناڕەزاییکردنی ئاشتیانەیان هەیە.

لە ڕاگەیاندنەکەیاندا یەکێکیان وتی ” ئێمە نەتەوەیەکی ئاژەڵدۆستین، بەڵام ئەو ئازارەی ئەم بوونەوەرە جوانانە ڕۆژانە تووشی دەبن، دەربڕی ئەو ناوەڕۆکە نییە      پێویستە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ خۆشویستنی ئاژەڵەکان کە ئازاریان نەدات. – دەزانم هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ دێن بۆ ئاینتری [ شوێنی کێبڕکێکەیە] بۆ بینینی پێشبڕکێکان دەڵێن ئەسپەکانیان خۆشدەوێت.  بەڵام ئەو ئازارانەی کە ئەوان ئەزموونی دەکەن، پێویستە هەموومان تووشی شۆک بکات. هەر بۆیە بڕیارم داوە جەستەم بخەمە نێوان ئەو ئەسپانە و مردن لەسەر یاریگای پێشبڕکێکان، نەک قومار بە ژیانیان بکەم”.

هەر لەو ڕاگەیاندنەدا هاتوە و دەڵین “ئەسپە پێشبڕکێییە بێتاوانەکان بەدەست پیشەسازییەکەوە دەناڵێنن کە سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی پارەیە لە چەوساندەوە و بەکارهێنانیان “. ئاینتری بەردەوامە لە بکوژێکی بەرهەمدار لە ئەسپەکان.” دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە ماوەی 3 ڕۆژدا کە ئامادەکاری بۆ دوێنێ دەکرا 3 ئەسپی زۆر گرانبەها گیانیان لەدەستدا ، دوانیان لە دوێنێدا بوو.

هەروەها خۆپیشاندەران ڕێگای ئۆتۆمبێلی[ مۆتۆڕوەی 57 ] M57 یان بە خۆ لکاندن  بە قیرتاوەکەوە داخست و بووە هۆی داخستنی مۆتۆڕوەیەکە بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر.  پۆلیس هاتوچۆی بە هەردوو ئاراستەکەدا ڕاگرت لەسەر ئەو ڕێگایەی کە لە ڕێگای ئۆتۆمبێلی M62ەوە دەڕوات بۆ یاریگای پێشبڕکێکان.

ئەمڕۆ ڕۆژی یەکلایکەرەوەی بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسایە

زاهیر باهیر

14/04/2023

ئەمڕۆ هەینی ، 14ی مانگ، ڕۆژی لابەلاکردنەوەی ئەو بڕیارەیە کە ئیمانوێڵ ماکرۆن سەپاندی بەسە هاووڵاتیانی فەرەنسەدا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ .

ئەم بڕیارە هێشتا هەر بڕیارە ، هەر لائیحەیەكە تاکو لە لایەن ئەنجوومەنی دەستوری فەرەنساوە پشتڕاستدەکرێتەوە.  ئەمڕۆ ڕۆژی ئەو بریارە گەورەیەی ئەو ئەنجوومەنەیە بۆیە پێشبینی دەکرێت کە سەلماندنی ناڕەزایەتی و دژایەتیکردنی بڕیارەکە گەورەترین خۆپیشاندان و پرۆتێست لە فەرەنسا بەتایبەت پاریس ڕووبدات و هێز و بازوو  پیشانبدرێت تاکو ئەنجوومەنەکە بڕیارەکەی حکومەت ڕەتبکاتەوە.

زۆر زەحمەتە بزانرێت ئەنجوومەنەکە چ بریارێک دەدات. دانی بڕیارێکی ئاوا بە هەر لایەکیاندا بێت ئەنجامەکەی زۆر کاریگەر دەبێت ، بۆیە ڕەنگە ئەنجومەنەکە بریارێکی ئاوا بدات کە لە ناوەڕاستدا بێت یاخود نەگەنە بریارێک و دانیشتنی دووهەم و سێهەمی پێویست بیت کە ئەمەش دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی بارودۆخەکە لەم شێوەیەی ئێستادا.

هاتنی جۆ بایدن بۆ ئیرلەندە و کولفەکەی

زاهیر باهیر

12/04/2023

بۆ یادکردنەوەی بۆنەی ئاشتەوایی نێوانی لایەنە ناکۆکەکانی ئیرلەندەی باکور کە  25 ساڵ لەمەوبەر بوو ، جۆ بایدن تەشریفی گەیشتە ئیرلەندەی باکور و دواتریش دەچێتە ئیرلەندەی باشووریش.

گەشتەکەی بایدن تەنها 3 ڕۆژە بەڵام 7 ملیۆن پاوەند لەسەر باجدەران دەکەوێت .  ئەمە هەر لە بارەی سەلامەتی و پاراستنی ژیانییەوە ، جارێ هەرچی ڕێگاو شەقامی نزیک و دووری ئەوە داخراوە و بە پۆلیس گیراوە بۆ ئەمەش نەبا پۆلیسی ئیرلەندەی باکوور لە عەوێزەی نەیەن ، لە لەندەنیشەوە 300 پۆلیسی مودەڕەب نێرراون.  پاراستن و سەلامەتی بایدن ئەوەند گرنگە کە تەنانەت تەواوی مەنهۆڵەکانی ئەو شەقامانەی کە پێیدا دەروات یا نزیكن لێوەی هەمووی هەڵدرایەوە و پشکنێررا ، سەگی زیرەکی بۆنکەر تەواوی ژورەکان و حەمام و هۆڵەکان و مەتبەخ و باڕی نێو ئوتێلەکەیان پشکنی بە بۆنکردنیان و گەڕانیان بۆ مەوادی مەمنوعە و مەترسیدار .

ئەو 7 ملیۆن پاوەندە تەنها بۆ سەلامەتی و پاراستنیێتی ، ئەی کولفە هاتنی ، ، کولفەی ئەو هەزار کەسەی کە لەگەڵیدایە ، خواردنی ، مانەوەی لە ئوتێلدا ، گواستنەوە بۆ شوێنەکانی وەکە خۆی دەلێیت بینیینی خزمە دوورەکانی و سەر گۆڕی باپیرە باپیرە گەورەی .  ئەمانەش هەمووی پارەن و تێچوونن کە هەر هەمووی پارە بە فیڕۆدانە و دزییە لە ڕەنجی شانی خەڵکانی ئیشکەر و ڕەنجدەر.

بۆ بایدن باشە کە خۆی بدزێتەوە لە گەورەترین ئابڕووچونی ئەمساڵی ئیدارەکەی کە بڕێكی زۆر لە هەرە هەرە دۆکۆمێنتە سڕییەکانی پەنتاگۆن کەوتنە دەستی سۆشیال میدیا و ڕوسیا کە زانیاری زۆر زۆر هەستیاری تێدایە لەوانە بڕی ئەو تەقەمەنی و چەکانەی کە کە ئۆکرانیا ماوێتی کە بەرەو تەواو بوون دەڕوات ، ژمارەی هێزە تایبەتییەکانی بریتانیا  و ئەمەریکا و  وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کە لە ئۆکرانیان و هاوکاری و ڕاهێنان بە سوپای ئۆکرانیا دەکەن، دۆکۆمێنتەکان باس لە پارە و هاوکاری دیکە و هەروەها لۆمەی هاوپەیمانان دەکەن .  

تا بایدن دەگەڕێتەوە تۆزێك کێشەکە سووك دەبیت و دەستدەکرێت بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە زیاتر لە هەزار کەسی ناوجەرگەی ئیدارەکەی کە ئەکسێسیان بۆ خوێندنەوەی دۆکۆمێنتە هەرە سڕەییەکان هەیە.