ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi
بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان
Liberty without equality is the exploitation; Equality without Liberty is the slavery
” ئازادی به‌بێ یه‌کسانی، به‌هره‌کێشییه؛ یه‌کسانیش به‌بێ ئازادی، کۆیله‌تی”
” آزادی بدون برابری بهره‌کشی است؛ برابری بدون آزادی، بردگی است”
” الحرية من غير مساواة، استغلال؛ والمساواة من غير حرية، استعباد”
“Liberty without equality is the exploitation; Equality without Liberty is the slavery”
“Özgürlük eşitlik olmadan sömürü olduğunu Eşitlik özgürlük olmadan kölelik olduğunu”
स्वतंत्रता के बिना समानता है शोषण; स्वतंत्रता के बिना समानता गुलामी है
” مساوات کے بغیر آزادی کا استحصال ہے، آزادی کے بغیر مساوات غلامی ہے “
” Tự do mà không bình đẳng là việc khai thác, bình đẳng mà không có Tự do là chế độ nô lệ “
சமத்துவம் இல்லாமல் லிபர்டி சுரண்டல் உள்ளது; லிபர்டி இல்லாமல் சமத்துவ அடிமைத்தனம்
เสรีภาพความเสมอภาคโดยไม่เป็นประโยชน์; ความเท่าเทียมกันโดยไม่ต้องเป็นทาสลิเบอร์ตี้
“Liberty tanpa kesetaraan adalah eksploitasi; Kesetaraan tanpa Liberty adalah perbudakan”
” Liberty walang pagkakapantay-pantay ay ang pagsasamantala; Ang Equality walang Liberty ay ang pang-aalipin “
没有平等的自由就是剥削,没有自由平等的奴役
” Bərabərlik olmadan azadlıq istismar edir; Azadlıq olmadan bərabərliyi olan köləlik deyil “
平等なしにLibertyは搾取である。自由なしで平等は奴隷です。
” Свобода без равенства эксплуатации; равенство без свободы есть рабство “
” Uhuru bila usawa ni unyonyaji; Usawa bila Uhuru ni utumwa “
” Ազատություն առանց իրավահավասարության է շահագործման, հավասարություն, առանց Ազատության է ստրկության “
평등없는 자유는 착취이며 자유없는 평등은 노예 제도입니다
Ελευθερία χωρίς ισότητα είναι η εκμετάλλευση? Ισότητα χωρίς ελευθερία είναι η σκλαβιά
Libète san egalite se eksplwatasyon an; Egalite san Liberty se esklavaj la
مانگرتنی گشتی لە ئیسپانیا
ئەمڕۆ 29.03.2012 مانگرتنی گشتی لە ئیسپانیا لەسەر بانگەشەی سەندیکاکانی [General del Trabajo (CGT), Confederación Nacional del Trabajo (CNT) and Solidaridad Obrera (SO) ] ئیسپانی دەستی پێیکرد، تا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لەبەرەنجامی پێکدادانەکاندا زیاتر لە ٥٨ کەس لە خۆپیشاندەران دەستگیر کراون و ٧ پۆلیسیش بریندار بوون.

ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ئێستا هەر بەردەوامە، ئیسپانیای زۆر بەخەستی گرتۆتەوە و ڕێیژەی بێ‌کاری لە ٢٤% و میری ئەو ولاتە کەوتۆتە ژێیر فشارێیکی زۆرەوە، هەم لەلایەن تێکڕای دانیشتوانی ئیسپانیاوە، کە ماوەیەکی زۆر نزیك لەمەوپێیش بە بڕی ١٥ ملیارد یورۆ خزمەتگوزارییەکانی کەمکردنەوە و سەرەنجام کرێیکاران و فەرمانبەرانێیکی زۆر کاریان لە دەستدا و باج و نرخی پێیداویستییەکانی خەڵکیش چووە سەرەوە. لەلایەکی دیکەشەوە میری ئیسپانیا هاوکات لەژێر فشاری یەکێیتی ئەوروپا و دامودەسگە دراوییەکانیشدایە، چونکە سەرۆکشالیار (مارانو ڕەجاوی)، کە سەرۆکی پارتی Conservative People Party نەیتوانی بەپێی مانیفێیستەکەی بڕوات، کە دەسگە دراوییەکان بەسەریاندا سەپاندبوو؛ دەبێیت عەجزی میزانێی ئیسپانیا بەڕێیژەی لە 5.8% بێنێئتە خوارەوە، بەڵام ئەو دەڵێیت کە تەنیا دەتوانرێیت بەڕێژەی لە 5.3% لەبەرامبەر گەشەکردنی داهاتی نەتەوەییدا ، بهێینێیتە خوارەوە.

مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ لەچاو مانگرتنە گشتییەکەی سێبتەمبەری ساڵی 2010، پشتیوانییەکی زیاتری لەلایەن خەڵکییەوە لێدەکرێت، ئەم مانگرتنە لەسەر ئەوەیە، کە میری ئیسپانیا بڕیاری داوە بە بڕی ٤٠ ملیارد یورۆی دیکە لە بودجەی بیمەکانو خزمەتگوزاریەکان کەم کاتەوەو گەلێیکی تریش لە کرێیکارانو فەرمانبەران بێیکار بکات هەروەها باجیش لەسەر خەڵک سەربخا ت، بێ لەمانەش دەیەوێت یاسایەکی تازەش دابنرێیت، تاکو دەرکردنی کرێیکاران و فەرمانبەران ئاسان بکات و مافێکی ئاواشیان نەبێت و دەستکاری بەند و مەرجی کۆنتراکتی پەیوەستی نێیوان کرێکاران و خاوەنکار و ۆمپانییەکان ، کە ئێیستا کار دەکەن، بە زەرەری کرێیکاران و لە قازانجی خاوەنکار و کۆمپانییەکان، دەستکاری بکات.

مانگرتنی گشتی لە پورتوگال
دەنگوباسەکانی ئابووری ئەوروپا و ئەو زانیارییانەی کە لە سندوقی دراوی نێیودەوڵەتی و بانکی ناوەندی ئەوروپا و بانکی جیهانییەوە دزە دەکەن، ئەوە نیشان دەدەن، کە ئابووری ئەوروپی بەگشتی و دراوی یورۆ بەتایبەتی بەردەوام لە پاشەکشەکردندایە، بەڵام تەنها گیروگرفتەکە لەڕووی کات و شوێنەوەیە، کە جاروبار خامۆش و بێیدەنگ دەبێیت و دیسانەوە هەر زوو سەرهەڵدەداتەوە.

لە ئێستادا نۆرەی پورتوگالە، کە باری ئابووری زۆر خراپە، بۆیە یەکێیتی ئەوروپی دەیەوێت بە بڕی ٧٩ ملیارد یورۆ قەرز، لەو قەیرانەی کە تێییکەوتووە دەریبێینێیت. بێگومان بۆ ئەمەش یەکێیتی ئەوروپا و دەسگە دراوییەکان بۆ دەستگرۆییکردنی پورتوگال بەندومەرجی خۆیان هەیە، کە هەندێك لەوانە زیادکردنی باج و کەمکردنەوەی خەرجییەکانە لە هەموو بوارەکاندا و دەرکردنی کرێیکاران و فەرمانبەران و گەلێیکی دیکەی لەمانە.
لەبەرامبەر ئەم هێڕشەدا یەکێیك لە سەندیکا سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە، کە نوێینەرایەتی زۆربەی هەرە زۆری کرێیکارانی هەموو بەشەکانی هاتوچۆ بە هاتووچۆی ئاوییشەوە دەکات، مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند و لەلایەن گەلێیك لە سەندیکا بچووکەکانیشەوە پشتگیری لێکراوە. شایانی باسە ئەوەش بڵێیین، کە ئەمە نە یەکەم مانگرتنی گشتییە و نە دواهەمینیشە، هەربۆیە سەندیکاکە ڕایگەیاند، مانگرتنی دیکەشی بەدوادا دێیت.
ڕۆژی 8ی مارچ، بۆ ؟
لێرەدا پرسیارەکە لەسەر ئەوە نییە، کە چۆن ئەو بۆنەیە لەو ڕۆژدا سەری هەڵداوە، چونکە یەکەم بۆ کەسانێك کە دڵەخورپەی ئازادی و یەکسانییانە، بەدڵنیاییەوە بەسەرهاتی ئەو ڕۆژە و چۆنیەتی بوونی بە ڕۆژی جیهانی دەزانن و ئەوەش دەزانن کە جیهانیبوونی ئەم ڕۆژە بارەتەقای کۆششی تەنیا ژنێك (کلارا زیتکین) نییە وەك چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو بەرهەمی خەباتی نەپساوەی بزاڤی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازە شانبەشانی بزاڤە سۆشیالیستییەکان لە چەند ساڵی یەکەمی پاش ڕووداوەکە لە جیهاندا و بەو جۆرە بەردەوامی خەبات لەو پێناوەدا گەیاندییە ئەو ئاستە کە زۆرێك لە وڵاتان ناچاربوون مل بەوە بدەن، کە بیکەنە پشووی فەرمی.
بەڵام هەر زوو وەك هەر ڕووداو و دیاردە مێژوویی پاش پیرۆزکردنی و بەرتەسککردنەوەی لە یاد و ئاهەنگگێڕاندا، گۆڕا بە ڕۆژێکی ناکارا لە خەباتی یەکسانیخوازانەدا و تەنانەت لەو ولاتانەدا کە چەپەکان تێیدا لە دەوڵەتدا بوون، ئەم ڕۆژە لە هەلی پاگەندی پارتی و نیشاندانی هێزی دەوڵەت، هیچی دیکە نەبوو. ئەمەش بەپێی ڕەوتی مێژوویی ڕووداوەکان و ئاڵوگۆڕی دیاردەکان لەژێر کارایی گۆرانی مێژوویدا، شتێکی چاوەڕوانکراوە، هەروەك بۆنە ئایینییەکان و سەردانی مەرقەدەکان بەپێی ڕەوتی مێژوویی بوونەتە شوێنی بەیەکگەیشتن و ڕابواردن، هەرئاواش ڕۆژی جیهانی ژنان بووەتە بۆنەی پاگەندەی دەسەلاتداران و چەپە دەسەلاتخوازەکان و کرۆکە شۆڕشگێڕییەکەی لەدەست داوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئەم ڕۆژە لە هەر وڵات و ناوچەیەك و لە بەرنامەی هەر پارتێکی رامیاریدا، ڕوخسارێکی دیکەی بەخۆوە گرتووە و کراوەتە بۆنەی مەزهەبی و ناسیونالیستی و پارتیی و لە بۆنە و یادێکی شۆرشگێڕانەوە کراوە بە ڕۆژێك بۆ پەخشکردنی ئایدیۆلۆجیا جۆراوجۆرەکان و هەلێك بۆ بازرگانی، بۆ نموونە ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا لەبری پشووبوونی ئەم ڕۆژە، دەسەڵاتداران فەرمانیان دەرکردووە، کە هەموو کەسێك (ژنان) دەبێت بە پۆشاکی کوردییەوە بچێت بۆ سەرکار و خوێندن، کە بێجگە هەلی بازرگانی و کەوڵکردنی ناوەڕۆکی ئەو ڕۆژە هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی ژن و بە جیهانیبوونی ئەم ڕۆژەوە نییە.
ئەگەر لەمانەش بگوزەرێین، پرسیارێکی دیکە یەخەمان دەگرێت، ئەگەر ژنان لە ساڵێکدا ڕۆژێکیان هەیە، ئەی 364 ڕۆژەکەی دیکە هی کێن؟ ماف و ئەرك و ڕۆڵ و ڕێوشوێنی ژنان لە ڕۆژەکانی دیکەدا چییە و چۆن دەبێت؟
بێجگە لەمە پارتە رامیارییەکان لەپێش هەموویانەوە پارتە چەپەکان، هەموو ساڵ لەم ڕۆژەدا دەزگەی پاگەندەیان دەخەنەگەڕ و ڕۆژی پاشتر تەنانەت ژنە پاشرەوەکانیشیان دەگەڕێنەوە ڕۆلی ئاساییان و بوخچەی ئازادی و یەکسانیخوازییان تا ساڵێکی دیکە دەپێچنەوە و سەدان ڕووداو و کارەسات و کوشت‌وبڕ و بازرگانی بەسەر ژناندا دێن و دەکرێن، چەنەبازە ڕامیارەکان بێجگە لە بەیاننامەی پاگەندەیی بۆ پارتەکەیان و ئایدیۆلۆجییەکەیان، هیچی دیکە بە ئەرکی خۆیان نازانن!
ئەمە وێنە ڕاستەقینەکانی پشت پاگەندە و هەوڵی دەسەڵاتەکان و چەپەکانە، بۆیە بە بڕوای ئێمە بەشداریکردن لە بەئاهەنگکردنی ئەم ڕۆژە و والاکردنی مەیدان بۆ پاگەندەی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازان خزمەتکردنە بە کۆنەپەرستی و کۆیلەراگرتنی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
ئێمە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، لەم بارەوە بۆچوونگەلێکی دژەتەوژممان هەیە، کە لەم خالانەی خوارەوەدا خۆیان کورت دەکەنەوە :
ڕۆژی 8ی مارچ و بەجیهانیبوونی ئەم ڕۆژە بارەتەقای پاڵەوانبازیی هیچ سەرکردە و دەستەبژێرێك نییە و تەنیا بەرهەمی خەباتی نەپساوەی بزاڤی ئازادیخوازانەی ژنان و بزاڤی سۆشیالیستیی جیهانە بەگشتی.
ڕۆژی 8ی مارچ، ڕۆژی ئاهەنگگێران و خۆرازاندنەوە و مەیخواردنەوەی ناو هۆڵ و باڕەکان نییە، بەڵکو ڕۆژی ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستلەکارکێشانەوە و داگیرکردنی پارلەمان و کارگێڕییەکانە.
ڕۆژی 8ی مارچ، ڕۆژی تیندان و باگەوازکردن بۆ ئایدیۆلۆجییە مەزهەبی و ناسیونالیستی و چەپی و نیئۆلیبرالییەکان نییە، بەڵکو ڕۆژی بانگەوازکردنە بۆ خەباتی جەماوەری و کۆمەڵایەتیی بۆ پاشەکشێکردن بە ڕەوتی کۆنەپارێز لە کۆمەڵگەدا.
بە بۆچوونی ئێمە چەوسانەوەی ژنان کاری تاکە پیاوێك نییە، وەك ئەوەی فێمینیستە بۆرجوازییەکان و چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵکو کارکرد و بەرهەمی دەسەلاتی رامیاریی و دەسەڵاتی کولتوورییە، کە جیاوازی چینایەتی مامانی لەدایکبوونیانە.
ئێمە لەو بڕوایەداین، تا سەروەری مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا بمێنێت و تاوەکو پێناوێك بۆ چەوسانەوەی مرۆڤ بمێنێت، ژنان وەك بەشێك لە کۆمەڵگە ئازادی یەکجارەکی بەدەست ناهێنن، هەروەها بە پێچەوانەی پاگەندەی فێمینیستە بۆرجوازییەکانەوە، لە دیموکراتترین دەسەلاتی بۆرجوازیدا و لە سایەی لیبرالیترین یاسایاندا، پیشەسازی سێکسی و کۆیلەتی ژنان و مناڵان لە پەرەسەندنەوەدایە.
بە بۆچوونی ئێمە، ئازادی هەر تاك و توێژ و چین و نەتەوەیەك تەنیا لە دەستی خودی خۆیدایە و هیچ هێزێك ناتوانێت کۆیلەیەك ڕزگار بکات، ئەگەر خۆهوشیاری ئەو کۆیلەیە خۆی نەبێتە هاندەری خەباتی بۆ ئازادبوونی، لەم پەیوەندەدا تاوەکو ژنان ئازادی خۆیان لە پاشکۆیی پرسی نەتەوە و وابەستەیی پارتە ڕامیارییەکان و چەقبەستن لە پیرۆزیی ئایدیۆلۆجیاکان، جیا نەکەنەوە، وەك ئەزموونە مێژووییەکان نیشانمان دەدەن، شکست لەدوای شکست گەورەتر و بەئازارتر دەبێت.
ئێمە هاوکاتی ئەوەی کە کۆڕ و کۆمەڵی خۆهوشیاریی ژنان بەپێویست و کارا دەبینین، بەشداریی و چالاکبوونی ژنان لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا بە مەیدانی سەرەکی خەبات و چەکی کارا بۆ سەپاندنی داخوازییەکانمان و مەیدانچۆڵکردن بە دەسەلاتی رامیاریی و دەسەلاتی کو‌لتووریی دەبینین و دەزانین. ژنان بەبێ بەشداری چالاکانەیان لە خەباتی سەربەخۆی ئابووریی ئەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانەدا و بەبێ بەشدارییان لە پێکهێنان و بوونیان لە پەیکەربەندیی ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکاندا، ناتوانن هاوکار و هاوچین و هاوەڵ و هاوسەرە پیاوەکانیان ناچار بە بەشداریکردن لە خەباتی یەکسانیخوازانەدا بکەن و ناتوانن ببنە دینەمۆی خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ کۆتاییهێنان بە کۆیلەتی خۆیان.
هەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، ئێمە هەموو ڕێکخراوێکی بەناو جەماوەریی ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، ساڵمەندان و کەمئەندامان و مناڵان و … تد، کە لەسەر پەیکەربەندی قوچکەیی واتە دەسەلاتداریی هەندێك بەسەر هەندێکی دیکە، پێکهاتوون، ڕەتدەکەینەوە و پێموانوایە کە دەستەمۆیی و نادەربەرستیی ژنان زیاتر و قوڵتر دەکەنەوە و ئەمە بۆ خەباتی هەموو چین و توێژە کۆمەلایەتییەکان بە هەمان شێوە دەبینین.
با ئەم ساڵ ئاهەنگ و کۆڕە میریی و پارتیی و دەسەلاتخوازانەکان بایکۆت بکەین و لەبەرامبەردا خۆمان لە کۆڕ و کۆمەڵی سەربەخۆیی شوێنەکانی کار و خوێندن و گەرەکەکاندا ڕێک بخەین و داخوازییەکانمان بەڕووی کۆمەڵگە و دەسەلاتدارانیدا بەرز بکەینەوە و دەسەلاتی ڕامیاریی و کو‌لتووریی وەك بکەر و ڕاگری کۆیلەتی یاسایی و کۆمەڵایەتی ژنان بخەینە ژێر پرسیارەوە.
ئازادی و یەکسانی ژنان تەنیا لە خۆهوشیاریی و خۆڕێکخستن و خۆکارابوون و خۆبیرکردنەوەی خودی ژناندایە
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
7ی مارچی 2012
ئازادی بەبێ یەکسانی، بەهرەکێشیییە **** یەکسانی بەبێ ئازادی، کۆیلەتی ***** دادپەروەریش بەبێ ئازادی و یەکسانی، درۆیەکی پیرۆز *****Azadî bebê Yeksanî, Behrekêşîyye ***** Yeksanî bebê Azadî, Koyletî ***** Dadperwerîş bebê Azadî û Yeksanî, Droyekî pîroz. anarkistan@activist.com
چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك دەربارەی وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك جیهاد حەمەكەریم
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 29.02.2012
له ڕێكەوتی (16.01.2012)دا بابه‌تێكم له‌ژێر ناوی بۆچی درو‌ستكردنی گروپه لۆكاڵییه‌كان زه‌روریه، بڵاوكرده‌وه. هه‌ر به بە یەك دوو ڕۆژێك دوای ئەوە كاك (جیهاد حه‌مه كه‌ریم) لە نامه‌یه‌كدا بۆمن، ڕاوبۆچونی خۆی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كەم ده‌ربڕی، پاشانیش بۆ بڵاوكردنەوە ناردی بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی و هه‌ندێك له‌ماڵپه‌ڕه كوردییه‌كان. بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رنجه‌کانی کاک جیهاد، تکایه کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه http://www.emrro.com/cendsernceklep.htm
پێشه‌كی من سوپاسی كاك جیهاد ده‌كەم، كه لە وەڵامدانەوەمدا خۆی ماندوو كرده‌وه به‌وه‌ی بایەخێكی زۆری بە بابەتەكەم داوه و داواش له كه‌سانی تر ده‌كات كه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ته لای من ئه‌وه‌نده‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵكی گرنگه له كردنی دایه‌لۆگدا، ئه‌وه‌نده باری سه‌رنجه‌كانیان كه كێ ڕاسته‌و كێ هه‌ڵه‌یه گرنگ نییه، چونكه من ڕام وایە كە ڕه‌نگه ڕاستییه‌كان له‌لای كه‌سمان نه‌بن هه‌تا پلانه‌كه ده‌خرێته فۆڕمی كاركردنه‌وه ئه‌و كاته خودی كاركردنه‌كه به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ دروستی و نادروستی كارەكە، هه‌ر بۆیه من لێره‌دا ڕه‌خنه له وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك جیهاد ناگرم، به‌ڵكو له ڕوانگه‌ی بۆچونه‌كه‌ی كاك جیهاده‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م تاكو چه‌ند ڕونكردنه‌وەیەك بده‌م به‌و مه‌به‌سته‌ی گه‌ر كه‌لێنێك له نووسینه‌كه‌مدا هەبووبێت یا ته‌موومژێكی له‌سه‌ر بووبێت نه‌یهێڵم و لایبه‌رم.
1- من باسم له درو‌ستكردنی گروپی لۆكاڵی كردوه، كه به‌ڕای من ئه‌و گروپه لۆكاڵیانه‌ی كه من وێنام کردوون تەنانەت له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئه‌مه‌ریكای لاتینی و شوێنه‌كانی تریشدا به ده‌گمه‌ن هه‌ن – دیارە ئه‌مه‌ش ئەوە ناگه‌یێنێت كه ئه‌مه بیرۆكه و ئایدیای منه– به‌ڵام له كوردستاندا نه پێشتریش و نه ئێستاش بوونیان نه‌بووە و نییە. ئه‌وه‌ی كه من ده‌یڵێم نه‌ك هه‌ر گروپ و ڕێكخراوە مه‌ده‌نییه‌كان نین كه ئێستا له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا به كوردستانیشه‌وه، ده‌ستبه‌كارن، به‌ڵكو گروپه فشاریه‌كانیش نین كه له به‌ریتانیا و سه‌رجه‌می وڵاته ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌مه‌ریكاو گەلێك شوێنی تریشدا ده‌ورێكی گه‌لێك گرنگیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی كه له نووسینه‌كه‌ی كاك جیهادا هاتووه لای من زیاتر دوو لایه‌ن دەگرێتەوە. یه‌كه‌م: گروپ و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كانن، كه هه‌مه ڕه‌نگه‌ن و پارتێك یا ڕێكخراوێكی سیاسی‌یان له پشته‌وه‌یه. دووهه‌میان گروپه مه‌ده‌نییه‌كانن كه ئه‌مانه‌ش پشتوپه‌نای خۆیانیان هه‌یه. من له‌و دیمانه‌یه‌ی كه ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له هاوینی ساڵی پاردا له‌گه‌ڵیا كردم، بار و سه‌رنجی خۆمم سه‌باره‌ت بەو گروپه مه‌ده‌نیانە ڕونكردۆته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مە لێره‌دا خۆم له دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌پارێزم.
بەڵام بەپێویستی دەزانم كە هه‌ر زۆر به‌كورتی به‌راوردێك له نێوانی ئه‌و جۆره گروپانه‌ی كه من لە نوسینەكەمدا باسم كردوون له‌گه‌ڵ گروپه فشارییه‌كاندا بكه‌م، چونكە وەكو پێشتر وتم گروپه فشارییه‌كان له ئه‌وروپاو هەندێك شوێنی تردا زۆر كاران و گه‌ڵیك جاریش ئامانجه‌كانیان به‌ده‌ستده‌هێنن.
گروپە فشارییه‌كان وه‌ختین، بۆ گیرۆگرفتێك، داخوازییه‌كی كۆمۆنێتیه‌كه دروستدەكرێن، زۆربه‌ی وه‌خت هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی تر چ له ناو خه‌ڵكانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا، خودی شاره‌وانییه‌كه‌دا، چ له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی ناو گه‌ڕه‌ك و شاره‌وانییه‌كانی تردا، نییە. ئه‌م گروپانه ڕیفۆرمیست و ڕیفۆرمخوازن. ئه‌مان پانتایی بۆچوون و چالاكییه‌كانیان ته‌سكه و بەر‌بڵاو نییه، هەر لەبەر ئەمەش بزنس و بزنسمانه‌كان، ده‌سه‌ڵاتداران، به مه‌ترسیداریان نازانن له‌سه‌ر خۆیان و وروژاندنی كۆمۆنێتییه‌كەش، كە لە كاتێكدا بزنس و دەسەڵاتداران هیچ وه‌ختێك و له هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا له‌گه‌ڵ سێ پرسی گرنگدا نایه‌نه‌وه: مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگه و ته‌ندروستی كرێكاران و كارمەندان و كۆمۆنێتییەكەش، وە دەسەڵاتیش هەمیشە پشتگیری لە بزنس کردووه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌دا پشتگیری زیاتریشی لێدەكات. بازاڕی ئازاد و ئازادی بزنس، كاریگەرییان لەسەر ملیاردێك زیاتر لە خەڵكی داناوە و ژینگەشیان وێرانكردوە. گەر بەتایبەتیش تەماشای دەوریان بكەین، ئەوە بۆ نموونە بڕواننە دەوری كۆمپانیای شێڵ لە نەیجیریا، كۆكەكۆلا لە هیند، بریتش پیترۆڵ لە ئەمەریكا و مەكسیكۆ، نەوتوقیر لە ئەلبێرتای كەنەدا،ڕۆڵی سوپەرماركێتە گەورەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا لەو شوێنانەی كە بوونیان هەیە بەتایبەت ئەمەریكای لاتین. ئەمە جگە لەوەی هەر لە بریتانیادا دەسەڵات هەتا بتوانێت ناهێڵێت مانگرتن و خۆپیشاندان و چالاكی ڕاستەوخۆ بكرێت. ساڵانەش هەزارەها كرێكار و كارمەند سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەن كارەكانیان تۆمار دەكەن لە زیانپێگەیشتنی تەندروستییاندا. لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێم كه ده‌سه‌ڵات و دەوڵەت و بزنس زیاتر له سه‌رده‌مه‌کانی پێشتر تێكەڵاون بەیەكدی بوونەتە بەشێك لەیەكتری و بەرژەوندییەكانیان لەیەكتری جیاناكرێتەوە. تەنانەت لە كوردستانیشدا كە زوربەی كاربەدەستان و بەرپرسەكان یا هەر خۆیان بزنسمانن یا نیوە بزنسمان و نیوە سییاسیین. لە مەسەلەی پشتگیریكردنیشیان لە بزنس، تەنها ئەوە بەیاد دەهێنمەوە : لە كاتی مانگرتنەكەی كرێكارانی كارگەكەی چیمەنتۆ لە تاسڵوجە، دەسسەڵات چۆن چوو بەهانای فاروقی مەلاموستەفاوە و دەستی چوو بە خوێنی كرێكارەكاندا.
وەكو وتم گروپە فشارییەكان بەو دەورەی دەیگێڕن مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بزنس، دروستناكەن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بزنس و ده‌سه‌ڵات به‌ئاگابێننه‌وه كه ئه‌وان خه‌ریكن هێڵی سوور دەبەزێنن. ئه‌مان باوه‌ڕیان به هاوپشتی و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و ده‌ره‌وی وڵاتیش نییە هه‌ر بۆیه ئه‌مان بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری یا خه‌ڵكی دروستناكه‌ن و نه نیەتی ئه‌وه‌شیان هه‌یه و نه هانی خه‌ڵكیش بۆ ئەوە ده‌ده‌ن.
هه‌رچیش ئه‌و گروپه لۆكاڵیانه‌ن كه من باسم كردوون، ڕاسته گروپی فشارین به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها خاڵی ده‌ستپێكردنی چالاكییه‌كانیانە بۆیه نه كاتیین و نه ئامانجه‌كانیشیان له‌ته‌واوبووندایه و نه ڕیفۆرمخوازیشن به‌و مانایه‌ی كه خۆیان لەگەڵ دەسەڵات و بزنسدا بسازێنن یا بگونجێنن، بۆیه هه‌وڵی كۆتایی ئه‌وان بۆ كۆتاییهێنانه به‌و ئیدارانه و ده‌سه‌ڵاتانه له‌پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانی تردا. له بابه‌ته‌كەمدا من له‌سه‌ر ئه‌مه به‌درێژی دوواوم، لەبەر ئەوە پێویستی بە ڕونكردنەوەی زیاتر نییە، تەنها ئەوەندە دەڵێم كە گروپە لۆكاڵییەكان لە كوردستاندا نە لە دێرزەمانەوە هەن و نە خۆشیان سەپاندووە و نە هەمیشەییشن، هەر لەبەر ئەمەش ئەو تایتڵەی كە هەڵم بژاردوە بۆ باباتەكەم، لای خۆم، پڕ بە پێستی بابەتەكەیە.
من لێره‌دا خۆم له باسی گروپ و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان كه هێزی حیزبی و حیزبی ده‌سه‌ڵاتیان له پشته‌وه‌یە، لادەدەم چونكه هه‌موومان ئه‌و كاره‌ساته ده‌بینین كه چ فێل و چاوبه‌ستكردنێك له خه‌ڵكی له‌ژێر ئه‌و ناوه‌دا دەكرێت.
پێش ئه‌وەشی بچمه سه‌ر خاڵی دووهه‌م ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم پێموایه جفات و كۆمۆنیتی و كه‌مه‌نه‌ته‌وایه‌ت و هۆز و تیره و تایه‌فه و رەگەز، جیاوازن له گروپی لۆكاڵی. من تێنه‌گه‌یشتم كه چۆن كاك جیهاد ئه‌و دووانه‌ی به‌یه‌ك چواندووه و كردوونی به‌یه‌ك.
2- من ئاوا تێدەگه‌م كه چاوچنۆكی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ یا هۆز و تیره و لایه‌نه‌كانی، له‌وكاته‌وه دروستبووه كه كۆمه‌ڵگه له قۆناغی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌شاعه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وە گوێزرایه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تی، واته له كۆمه‌ڵگەیه‌كه‌وه كه موڵكیه‌تی تایبه‌تی تیادا نه‌بووه و هه‌موو شتێك، هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه سروشتیه‌کان موڵكی كه‌س نه‌بوون بۆیه تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موویان به‌پێی پێویستی خۆیان به‌كاریان هێناوه. به‌ڵام هه‌ر به پێنانه قۆناغی كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تییه‌وه، كه موڵكیه‌تی تایبه‌تی تێیدا وجودی پەیاكردووە و سەقامگیر بووە، ئیتر نه‌ك هه‌ر ژیانی خه‌ڵكی گۆڕی سه‌باره‌ت به بەده‌ستهێنان وبەكارهێنانی پێویستییه‌كانی ڕۆژانه‌یان، به‌ڵكو ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌مهێنانە نوێیەی كه دروستیشی كرد كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش دانا‌و دیاری كرد، ئیتر له‌مه‌وه ژیانی خه‌ڵك و ڕێڕه‌وی ئەو ژیانە به‌ته‌واوی گۆڕرا، واته تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه چین نه‌بوو، موڵكییه‌ت و بەر‌هه‌مهێنانی تایبه‌تی نه‌بوو، نه‌هجی ژیانی خه‌ڵك له سه‌ر پێداویستییه‌كانی ڕۆژانەی دیاری ده‌كرا و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شی ده‌ویست، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تیدا، له قۆناغی موڵكیه‌ت و به‌رهه‌مهێنانی تایبه‌تیدا، خه‌ڵكانێك، توێژاڵێك، چینێك دروستبوون له‌سه‌ر پێداویستییه‌کان یا ئه‌وه‌ی كه پێویستیان بوو بۆ ژیانیان، نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو ئه‌م سونه‌تی ژیانه له پێداویستییه‌وه یا پێوویستییه‌وه گۆڕرا بۆ ده‌مه‌وێت، یا ده‌بێت هه‌م بێت. واته وه‌ك بە ئینگلیزی دەڵێن له Need وه گۆڕرا بۆ Want، كه جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ش له نێوانی ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا هەیە. كه كۆمه‌ڵگەی به‌شه‌ری گه‌یشته قۆناغی سه‌رمایه‌داری و چڕ بوونه‌وه و پۆلینه‌بوونی چینه‌كان، ئەم كێشەیە زیاتر و باشتر ده‌بینرێت، مرۆڤ تێیدا ده‌بێته ئامێرێكی كاركردن و هه‌میشه‌ش له دڵه‌ڕاوكێی له ده‌ستدانی كاره‌كه‌یی و خێزانەكەیی و سەرپەناكەشیدا ( جێگا‌و مه‌سکه‌نه‌که‌ی) ده‌بێت، فشاری سەختی كاروباری ژیان و زیادكردنی داخوازییه‌كانی، ژیانی هەرە زۆرینەكەی مرۆڤی كردۆتە دۆزەخ. بەتێپەڕبوونی ڕۆژگاریش ئەم بارودۆخەش سه‌ختتر دەبێت بۆیە مرۆڤ زیاتر خۆپه‌رست ده‌كات، بێته‌حه‌مولی دەكات، به‌رهه‌ڵستی به‌رامبه‌ر ژیان و كێشه‌كانی كه‌متر ده‌كاتەوە، توشی نائومێدی و بێهوده‌یی و سه‌رسامی ده‌كات، بەژیانی خۆی، به ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی نامۆی ده‌كات، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك جار ژماره‌یه‌ك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە به‌رەو كردنی كارێكی نا‌شیاو ده‌بات وه‌كو له ده‌ستدانی ژیانی خۆی یا كوشتنی سه‌رجه‌می ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی یا خەڵكی تر.
من ڕام وایه سیسته‌مه‌كه، كۆمه‌ڵگەكه خه‌ڵكی دروست ده‌كات، ماركس وته‌نی مرۆڤه‌كان ڕۆڵه‌ی یا بوونه‌وه‌ری سه‌رده‌می خۆیانن. هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه كاراكته‌ر و كه‌سایه‌تی و لێوه‌شاوه‌یی و به‌توانایی و لاوازی و به‌هێزی تاكەكان دروستدەكات. له زۆربه‌ی زۆریشماندا هه‌ر ئه‌م سیسته‌مە و كۆمه‌ڵگه‌كەی فه‌شه‌لبوونی تاكه‌كانی یا سه‌ركه‌وتنیان له ژیانیاندا بۆ دیاری ده‌كات. تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه له ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌له‌وه كه كۆمەڵگە و سیسته‌مه‌كه بۆیان ده‌ڕه‌خسێنێت، پێدەگەن، یا خێزانه‌كانیان، كه به‌شێكن له سیسته‌مه‌كه ده‌یانداتێ، ئیدی هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانی فه‌رده‌كه‌وه ده‌توانیت دواڕۆژه‌كه‌ی بخوێنیته‌وه مەگەر ( قەزاو قەدەر) بە ئاقارێكی تردا بیبات، بۆیه زۆر ڕاسته گه‌ر هه‌ندێك جار بڵێین كه تۆ سیسته‌مه‌كه یا كۆمەڵگەكە هەڵنابژێریت به‌ڵكو ئەو تۆ هه‌ڵده‌بژێرێت. بۆ نموونە له زۆربەی بوارەكانی ژیاندا وه‌كو: بێ‌ئیشی، ته‌ندروستی خراپ، منداڵی خراپ، لانه‌وازەیی و بێجێگەوڕێگەیی، بەشداری و ئاڵان لە جەنگەوە، تۆ هه‌ڵیان نابژێریت به‌ڵكو سیستەمەكە بۆت هه‌ڵده‌بژێرێت.
بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نن كه ئیتر تاك له كۆمه‌ڵدا، گروپ، ڕیكخراوبوونی خه‌ڵكی ڕۆڵی نییه له گۆڕینی كۆمه‌ڵگه و سیسته‌مه‌كه‌دا. دیاره ئه‌مه‌ش بۆخۆی بابه‌تێكی تره‌و هه‌ر له‌وێدا ده‌توانرێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بدرێته‌وه كه بۆ هه‌ندێك خه‌ڵك له‌گه‌ڵ هه‌موو خراپی و زوڵم و زۆر و ناڕێكی و نادادپه‌روه‌رێتی سیسته‌مه‌كەدا ده‌ڕۆن؟ بۆچیش هه‌ندێك به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه؟ وه بۆچی كۆمه‌ڵێكیش به‌بێبایەخ كێشه‌كان وەرده‌گرن و خۆیان ناكه‌ن به‌خاوه‌نی؟ هه‌روه‌ها بۆچی كۆمه‌ڵێكی تریشمان هه‌لی دەربازبوونی لەم سیستەمە نییە و چی تر خۆی لە بەرامبەریدا بۆ ناگیرێ و سەرئەنجام تێكوپێك دەشكێت و ناچاری له ده‌ستدانی ژیانی خۆیشی و خێزانیشی دەكات ؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە كاری ئه‌م بابه‌ته نییه به‌ڵام تەنها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم هۆكاری بناغه‌یی بۆ به‌شدارینه‌كردنی خەڵكی له چالاكییه‌كاندا، لە دژایه‌تینەكردنی زوڵم و زۆر و نادادپه‌روه‌رێتی كۆمه‌ڵایتیدا، هەرگیز مه‌سه‌له‌ی خۆپه‌رستی و هەستنەكردن بە بەرژەوەندییەكانی و كه‌م بایەخدان به ژیان نییه.
3- منیش وه‌كو گه‌لێكی ترمان ده‌زانم كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له سیسته‌مه‌كانی پێشتری خۆی پیشكه‌وتوو تره، مرۆڤیش له هه‌ندێك ڕوه‌وه تێیدا ئازادتره،( به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ و فشارخستنه‌سه‌ری له‌م سیسته‌مه‌دا به‌هۆی ته‌کنه‌لۆجیای نوێوه زۆر به ئاسانی ده‌کرێت، بۆ نموونه گه‌ر ئه‌مه‌ریکا که‌سێکی بوێت له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م وڵاتانه‌دا، ده‌توانێت بیهێنێته‌وه ژێر ڕکێفی خۆی، که 30 ساڵ له‌مه‌و پێش ئه‌مه مه‌حاڵ بوو) ، ژیانی زۆربه‌شیان له چاو ژیانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و كۆیله‌یه‌تی، له ڕوی خۆراک و پۆشینه‌وه، گه‌لێك باشتره. ئه‌م ئازادیبوونه‌ی مرۆڤ، ئەم باشێتی ژیانه‌شیان له‌هه‌موو ڕویه‌كه‌وه، عه‌تایه‌ك یا خه‌ڵاتێك نه‌بووه كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به‌خه‌ڵكی بەخشیبێت. سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌پێناوی مانه‌وە و گه‌شه‌پێدان به‌خۆیی و زیادكردنی بڕی سوود و قازانج ناچار بووه كه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كۆتانه‌ی كه لە سیستەمەكانی پێش خۆیدا ئاڵابووونه گه‌ردنی كرێكاران و ڕه‌رنجه‌داران و خه‌ڵكانی تره‌وه، ببێت، بە داماڵینیان یا بە شلكردنیان. لەم سیستەمەدا ده‌بێت خه‌ڵك له‌ماڵ بێته ده‌ره‌وه بۆسه‌ر كارگه و به كۆمه‌ڵ و گروپ ده‌ست به‌كاربن، ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌شیان كرێ بدرێتێ تاكو هه‌م هێزی ئه‌وه‌شیان تیابێت كه بێنه‌وه بۆ ئیش و هه‌م توانای ئەوەشیان هەبێت لە كڕینی ئه‌و كاڵایانه‌ی كه له‌لایه‌ن خۆیان و هاوكارەكانیانەوە ده‌خرێنە بازاڕه‌وه، بکڕرێت، بۆیه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بۆ بەردەوامبوونی ژیانی، پێویستی به به‌ندومه‌رجێكی نوێی كاركردن، شوێنێكی نوێ، ژینگه‌یه‌كی نوێ، ئیداره‌یه‌كی نوێ هەتا هەبوونی نیقابەی كرێكاران، نقابه‌یه‌کی گۆشت خۆر به‌ڵام نه‌ک ئێسقان شکێن، هه‌بووە و هەیە.
هه‌ر نمونه‌یه‌كی بچوكی ئاسایی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ئیمه‌یل و فه‌یسبوك و تیوێته بتوانرایه یاساخ بكرایه به دڵنیاییه‌وه سه‌رمایه‌داری ده‌یكرد چونكه ئه‌م سێ ڕێگەیه‌ی كۆمینیكه‌یشن بوونه‌ته چه‌كێكی گرنگ و كاریگەر له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه كه له خودی سیسته‌مه‌كه خۆی، پێده‌درێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه بونه‌ته به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی خه‌ڵك و كارئاسانی بۆ ئەمانیش و بۆ سیستەمەكەش دەكات چ لە ڕێكخستنی ژیانی تایبه‌تی خەڵكی خۆیاند، لە خوێندنیاندا، ئیش و كاریاندا، له ڕاپه‌ڕینی ئیشوكاری ڕۆژانه‌ی خۆیاندا وه‌كو مامه‌ڵه كردن له گه‌ڵ بانقه‌كاندا، دوكانه‌كاندا، ئۆفیسه‌كاندا، زانكۆ و قوتابخانه‌كاندا، خەستەخانەكاندا، له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی هاتوچۆكردن و گه‌شتوگوزاركردندا، گه‌لێكی تریش، كە بۆ خودی سیستەمەكەش بە سوودبەخش دەگەڕێتەوەو کارئاسانی بۆ ده‌کات، دەبێت ئەو سێ ڕێگەیەی كۆمینەكەیشن بەردەوام بن تاكو ئەو كاتەی كە مەترسی تەواو لەسەر دەسەڵات و بزنس پەیدا دەكەن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ژیان له سای سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا ژیانێكی گه‌لێك گه‌لێك قورسه، سیسته‌مێكی به‌ڕبه‌ڕیانەیە و ئێسك و پروسسكی مرۆڤ دەشكێنێت و شیرازەی كۆمەڵگە و پەیوەندی كۆمەڵایەتی دەبچڕێنێت. ئه‌م سیسته‌مه‌یه كه جه‌نگی دروستكردوه، نادادپه‌روه‌ری و هه‌ژاری و نەبوونی و نامۆیی و خۆكوشتن و ڕه‌وكردن و ژینگە وێرانكردنی، گه‌لێك زیاتر كرده‌وه، نه‌ك به‌پێچه‌وانەكەیەوە. هه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌یه كه له ڕێگەی ده‌سگه‌كانی وه‌كو ڕاگه‌یاندن و پارت و رێكخراوه‌كان و پێگە‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردن و دەسگە چاراتییەكان( ده‌سگه یا کۆمه‌ڵه خێرخواییه‌کان) و هه‌تا دین و مه‌زهه‌بیشه‌وه، كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر سه‌رجه‌می تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه داناوه كه ئه‌مانه‌ش له خۆیاندا ئاستی ڕوناكبیری و هۆشمه‌ندی و هه‌تا په‌یوه‌ندی نێوان تاكەكانی كۆمەڵ و چالاكییەكانیشیان دیاری دەكات.
منیش وه‌ک كاك جیهاد كێشه‌م له‌گه‌ڵ مرۆڤدا هه‌یه، به‌ڵام من له خلالی سیسته‌مه‌كه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌كه‌وه ئه‌م كێشه‌یه‌م هه‌یه، واته ڕه‌گوڕیشه‌ی مرۆڤه‌كانی، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌گێڕمه‌وه بۆ سیسته‌مه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه، ئه‌وه سیسته‌مه‌كه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه كه مرۆڤه‌كانی دروستكردوه، هه‌ر ئه‌ویشه وای لێكردوه، وەكو پێشتر باسم كرد، كه هه‌موو بەهایەكی مرۆڤانه‌ی لایان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، نامۆی كردون به‌خۆشیان و به‌هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ریشیان، خۆپه‌رست و دڕنده‌ی كردوون.
ئێمه هه‌مانه و نیمانه هه‌ر ئه‌م مرۆڤانه‌مان هه‌یه، خۆ له گه‌ردونێكی تره‌وه مرۆڤ ناهێنین، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌م مرۆڤانه بكه‌ین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆ گه‌ر ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ مرۆڤەكاندا نه‌بێت بۆچی ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵگه بگۆڕین؟ خۆ ئەگه‌ر ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئاسماندا هه‌بووایه ئه‌وه ده‌بووایه له ئاسمانه‌وه ده‌ستمان پێبكردایه، هه‌ربۆیه‌ش گۆڕینی مرۆڤه‌كان ده‌بێت له‌گۆڕینی كۆمه‌ڵگه و سیسته‌مه‌كه‌وه ده‌ستپێبكات. له‌ناو خێزانه‌وه له قوتابخانه‌وه ده‌ستپێبكات، گەرچی ئه‌م گۆڕانكارییه لەناو خێزاندا یاقوتابخانه‌دا تاڕادەیەك كارێكی ئاسان نییه و نابێت چونكه بە ئاشكرا دەبینین ئه‌م دوو یه‌كه كۆمه‌ڵایه‌تییه ملكه‌چی یاسا و ڕێسكانی ئابووری سه‌رده‌من، ملكه‌چی پێوه‌ندی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هەنوكەن، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو یه‌كه‌یه‌ش كه بۆ سیسته‌مه‌كه زۆر زه‌رورن گەر له هاوشانی سیسته‌مه‌كه‌وه نه‌ڕۆن ئه‌وه یا سه‌رئه‌نجام تێده‌شكێن یا ئه‌وه‌تا شتێكی نه‌شاز ده‌رده‌چن.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم گله‌یی له خه‌ڵكی ناكه‌م كه ئەگه‌ر وه‌لا به‌رن بۆ لایه‌ك یاخود شوێنێك بۆ یارمه‌تی، یا به‌شانوباڵی كه‌سان و لایه‌نی یارمه‌تیده‌ردا هەڵبدەن وه‌كو نموونه‌كه‌ی كه كاك جیهاد هێناویەتییه‌وه سەبارەت بەوەی كە خەڵكی بڕێك دۆلار وه‌ربگرێت له ئه‌مه‌ریكیه‌كان. بێگومان ئەمە هەڵوێستی خەڵكانی بار لارن، بەشێكن لە خەڵكانێك كە سیستەمەكە خستونیەتە پەراوێزی ژیانەوە، پەراوێزی كۆمەڵگەوە، خۆ خەڵكی لەم حاڵەتەدا كە زەرورە بەوە، داوای دەوڵەتی سەربەخۆ ناكات، جا ئەمە ڕاستە یا هەڵەیە ئەوە مەسەلەیەكی ترە. خۆ له ڕاستیشدا گه‌ر هەركەسێك به وردی ته‌ماشای بابەته‌كه‌ی من بكات جه‌وهه‌ری باسه‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی لە پێداویستییەكانی خۆیەوە دەڕوانێتە كێشەكان. بێگومان من باس لەوە ناكەم كە خەڵكی دەبێت دەست لە ئەمەریكییەكان پان بكاتەوە بۆ دۆلارێك، یا كارێكی نادروست بكات بۆ بەدەستهێنانی پارەو پلەو سامان. من لە بابەتەكەمدا دەڵێم خەڵكی ده‌بێت كار بۆ به‌دیهێنانی پێداویستیه‌كانی ژیانی بكات، خه‌بات و چالاكی بۆ ئه‌وه بكات، چونكه ئه‌و پێداویستیانه‌یه كه ده‌سته‌به‌ری ژیان و مانه‌وه‌یان ده‌كات، ئه‌مانه‌ن كه ته‌ماسی ته‌واو ڕاسته‌وخۆیان به ژیانیانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خه‌ڵكی هوشیارن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان و پێویستیان به ڕابه‌ر و سه‌كرده و كادیری به‌توانا و بە ئەزمون نییه تاكو پێیان بڵێن ئه‌وه مه‌كه‌ن و ئه‌وه بكەن. هه‌موو ئه‌و داخوازیانه‌ش له ڕێگای گروپه لۆكاڵییه‌كانه‌وه دێته دی نه‌ك له ڕیگەی په‌ڕله‌مان و سیاسییه‌كانه‌وه.
من لێره‌دا به‌راوردی ئه‌م كۆمه‌ڵگەیه‌ی ژیر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به كۆمه‌ڵگه‌كانی پێشتر ناكه‌م، چونكه بەراورد كردن لای من یەكەم : وادەگەیەنێت كە ئێمە دەبێت خۆمان بە بەختەوەر بزانین و سوپاسگوزار و مەمەمنوون بین كە لە سایەی سیستەمێكی ئاوا بەڕبەریدا دەژین، كە بەهیچ شێوەیەك خۆمان هەڵمان نەبژاردووە. دووهەمیش: له زۆر وه‌ختتدا به‌راوردكردن كارێكی هه‌ڵه‌یه چونكه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك جوودایه له‌وانی تر چ له‌ڕووی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه، له‌ڕووی موسته‌لزه‌ماتی ژیانی تاكه‌كانییه‌وه، له‌ڕووی كاراكته‌ری تاكه‌كانییه‌وه چ له ڕووی پێداویستیه‌كانی ژیانیشیانه‌وە.
من لێرەدا ئەوە دووپات دەكەمەوە كه له بابه‌ته‌كه‌مدا باسم له‌وه كردوه كه ئەگەر چه‌په‌كان، كۆمۆنیسته‌كان ده‌ورێكی كاریگه‌رتریان له‌سه‌ر به‌رده‌وام پێدان و پته‌و كردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری زیاتر له ڕاستڕه‌وه‌كان نه‌بوبێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم كه كەمتر نەبووە . هه‌ر بۆ نموونه ته‌ماشای بزوتنه‌وه چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانی چه‌رخی ڕابوردوو بكه، ته‌ماشای ڕۆڵیان له ئه‌وروپا و بزوتنەوەكانی ئه‌م دواییه‌ی جیهان بكە.
لە هەمان كاتیش‌دا من سنوور و ئایدیا ناسه‌پێنم به‌سه‌ر خه‌ڵكدا، من له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆجیه‌تدا نیم . من باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه ئێمه ده‌بێت به مێشكێكی كراوه‌وه، له شێوه‌ی دایەلۆگدا به هێنانە‌وه‌ی به‌ڵگه و به‌ڵگه‌نامه قسه له‌سه‌ر سه‌رجه‌می شته‌كان بكه‌ین، بۆیه لای من هیچ شتێك نه هه‌میشه‌ییه و نه ئه‌زه‌لییشه، ده‌بێت هه‌موو شتێك قابیل به لێكؤڵینه‌وه و شیكردنه‌وه و ئاڵ‌وگۆڕكردن بێت، به‌ڵام هه‌رچی ئایدۆلۆجیا و ئایدیای سه‌پاو هه‌یه، هیچ هەلێك بۆ ئەوانەی كە لە سەرەوە وتم ناهێڵێتەوە.
سه‌رچاوه‌کانی وزه (1) تاک، (2) جەماوەر
و. لە عەرەبییەوە بە بەراورد لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی: سەلام عارف
( تاک*)
به‌رامبه‌ر به پله‌وپایه‌خوازی و زۆره‌ملێ و ڕقوکینه‌ی سۆسیالیزمی ده‌سه‌ڵاتگه‌را، مرۆی ئازادیخواز –ئه‌نارکی– پێشنیاری دوو سه‌رچاوه‌ی وزەی شۆڕشگێڕ ده‌کات تاك و خۆخۆیی جه‌ماوه‌ر،ئه‌وه‌ش به‌پێی حاڵه‌ته‌کان ده‌گۆڕێت، ئایا ئازادیخواز تاکڕه‌وخوازتره؟ یان کۆمه‌کخوازتر؟ – أغستن هلمون–له گه‌ڕان و ڕاپرسییه‌که‌وه، گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه، که ناتوانین ئه‌وه بهێنیینه پێش چاومان، که ئازادیخوازێکی کۆمه‌کخواز هه‌بێت ته‌واو داماڵراو بێت له تاکڕه‌وخوازی.
ئه‌و ده‌مه‌ی بیروبۆچوونی دژەتاکڕه‌وی antindividualismeی هیگلی باو بوو له مه‌یدانی فه‌لسه‌فی و ڕه‌خنه‌گرتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا (شتێنه‌رstiner) جێگه‌وپێگه‌ی شیاوی گه‌ڕاندەوه بۆ تاك، ئه‌و له‌و بڕوایه‌دا بوو و پرسیای ئه‌وه‌ی ده‌کرد، مه‌گه‌ر خراپه‌کارییه‌کان و بێفه‌ڕی (خۆپه‌رستیی بۆرژوازی) نه‌بوو که پاڵی نا به ڕیفۆرمخوازه‌کانه‌وه به‌ره‌یه‌ك دژی ئه‌و خۆپەر‌ستییه دروست بکه‌ن؟ ئه‌ی له‌دایکبونی وشه‌ی سۆسیالیزمیش دژ به تاکڕه‌وخوازی، هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو؟
–شتێنه‌ر– کاکڵه‌ی تاکی تاقانه، به‌رز ده‌نرخێنێت و پێیوایه، که هیچ نییه له‌و بچێت و سروشتیش، هه‌ر یه‌ك دانه‌ی لێ دروست کردووه. ئه‌و بیروتێگه‌یشتنه‌ی ئه‌و تازه‌ترین لێکۆڵینه‌وه‌ی بایۆلۆجی پشتگیری ده‌کات. ئه‌و فه‌یله‌سوفه گۆشه‌گیره که‌وته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئازادیخوازییه‌وه وه‌ك بێگانه‌یه‌کی سه‌یروسه‌مه‌ره ته‌ماشا ده‌کرا. ئه‌وانه‌ی له ده‌وری مابوون، ته‌نها ئه‌وانه بوون که له خۆی ده‌چوون، که‌چی ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ڕزگارکردنی تاك له نامۆبوون** بۆته ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ئه‌م سه‌رده‌مه و له‌و ڕزگارکردنه‌دا خۆی ده‌رده‌بڕێت. (سێون فیل ) له بابه‌تێکدا ناڕازییه و سکاڵا له ده‌ست ئه‌وه ده‌کات، که ئه‌ده‌بی مارکسی هیچ وه‌ڵامێکی ئه‌و پرسیارانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، که پێویستییه‌کانی به‌رگریکردن له تاك سه‌پاندونی، هه‌روه‌ها هیچیشی پێ نییە ده‌رباره‌ی ئه‌و شێوازه تازه‌نه‌ی داپڵۆسین که دوای سه‌رمایه‌داریی کلاسیك هاتونه‌ته کایه‌وه، که‌چی –شتێنه‌ر پێش ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکی هزری خۆی خستۆته گه‌ڕ دژی ئه‌و شێوازانه‌ی داپڵۆسین.
ڕاسته شێوازی نووسینی –شتێنه‌ر– شێوازێکی په‌خشانی بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا بڵێی بریندارکه‌ر و هوروژێنه‌ر بووه، زۆرجاریش ڕه‌ق و وشک بووه، بۆ نموونه وتویه‌تی: ”هێنده ده‌سه‌پاچه مه‌بن و خۆتان نزم ڕامه‌گرن، له‌بریی ئه‌وه‌ی ئازادیی خۆتان به خۆتان به فیڕۆ ده‌ده‌ن خۆتان به خۆتان بدۆزنه‌وه (…) با هه‌ر یه‌که‌تان – من–أنا–ی جێبه‌جێکار بێت.” ”جگه له‌و ئازادییه، که تاك بۆ خۆی ده‌ستی ده‌خات، ئازادییه‌کی دی بوونی نییه، ئازادیی به‌خشراو ئازادی نییه، چونکه ده‌سه‌ڵاتێکه له خۆتیان دزیوه.” هه‌روه‌ها وتویه‌تی: ”جگه له خۆم هیچ حاکمێك ناتوانێت بڕیاری ئه‌وه بدات، که من هه‌ڵه‌م یا ڕاستم.” ”من ته‌نها ئه‌و کاتانه هه‌ڵه‌م، که ئه‌قڵم ئازاد نییه و، به‌ڵام ده‌مه‌وێت کارێك ئه‌نجام بده‌م، تۆ وه‌ك تاکێکی تاقانه ده‌توانیت، هه‌موو شتێك دروست بکه‌یت، نه ده‌وڵه‌ت، نه کۆمه‌ڵ، نه مرۆڤایه‌تی توانای ئه‌وه‌ی نییه ئه‌و شه‌یتانه، واته ئه‌و تاکه تاقانه‌یه، خه‌فه و سه‌رکوت بکات. بۆ ئه‌وه‌ی تاکێک ئازاد بێت، ده‌بێت ده‌ست بکات به چاوپێداخشانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه، که له باوباپیر و مامۆستاکه‌یه‌وه فێریان بووه، ده‌بێت له‌وێشه‌وه ده‌ست پێ بکات، که ناونراوه ڕه‌وشتی بۆرژوازی، چونکه ڕه‌وشتی بۆرژوازی گۆڕه‌پانی ته‌راتێنی بۆرژوازی خۆیه‌تی و ئه‌و ڕه‌وشته‌ش زۆر نزیکه له ئاسمانی ئایینه‌وه، ئه‌ویش خۆی له خۆیدا په‌ڕپووته و له ڕێساویاسای بۆرژوازی قه‌رزکراوه، چونکه خۆی نه‌یتوانیوه تێگه‌یشتن و بیروبۆچوونی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆی دروست بکات، ناچار یاسا بۆرژوازییه‌کانی گواستۆته‌وە بۆ لای خۆی.”
–شتێنه‌ر– به تایبه‌تی ڕه‌خنه له ڕه‌وشتی سێکسی ده‌گرێت، که نێردراوه عیلمانییه‌کان ئه‌و ڕه‌وشته سێکسییه (خۆشه‌ویستی–شه‌یدایی)ه‌یان له کریستیانیزمه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌وانه‌ش، هیچ گرنگییه‌ك ناده‌ن به بانگه‌وازه جه‌سته‌ییه‌کان و هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان خستۆته گه‌ڕ و شه‌پازله‌ش ده‌ده‌ن له ده‌موچاوی بێڕه‌وشتی، هه‌روه‌ها به‌و حوکمه پێش کاتییانه‌ش، که له کریستیانیزمه‌وه فێریان بوون ڕه‌شبینی له‌ناو جه‌ماوه‌ری میللی‌دا بڵاو ده‌که‌نه‌وە و گه‌لیشی پێ هان ده‌ده‌ن، که به هه‌مان دڕنده‌یی پۆلیس ڕه‌فتار بکات و بجه‌نگێت دژی ئه‌وه، که له‌به‌ر چاوی ڕه‌شکراوه و شوناسنامه‌ی بێڕه‌وشتی پێ به‌خشراوه، ئه‌و دڕنده پۆلیسییه به جۆرێك ڕه‌ووشت ده‌پارێزێت، حکوومه‌ت به‌و حکومه‌تییه‌ی خۆیه‌وه، ئاوه‌ها نایپارێزێت.
–شتێنه‌ر– پێش شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونی هاوچه‌رخ ده‌که‌وێت و تێبینی ئه‌وه ده‌کات که ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه موتووربه ده‌کرێین و ده‌کرێینه کێڵگه‌یه‌ك و به جۆرێك خووڕه‌وشته ئاینییه‌کانمان تێدا ده‌چێنرێن و ڕه‌گه‌کانیان وا ئه‌ستوور و پته‌و ده‌بن، کە قووتاربوون لێیان هه‌روا کارێكی ئاسان نابێت. داپڵۆسینی ئه‌و ڕه‌وشتسازییه ده جار به زه‌برتره له‌وی پێشوو، چونکه له هۆشماندا ژه‌نگ هه‌ڵده‌هێنێت. ”لاوان وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕ ڕاپێچی خوێندگاکان ده‌کرێن، له‌وێ فێری قسه‌وباسه ڕزیو و سواوه‌کان ده‌کرێن، تا ئه‌و قسه‌وباسانه‌ش ته‌واو له به‌ر نه‌که‌ن، به باڵق و ڕه‌شید دانانرێن.” –شتێنه‌ر– دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی بۆده‌قه‌کان و دابونه‌ریته‌کان بووه، وتوویه‌تی خوا هۆشمه‌ندی ئه‌رکه‌کان و یاساکانه، ئه‌وانه‌ش درۆکانن، که مێشکی ئێمه‌یان پێئاخنیوه و دڵمان پڕ کراوه له‌و درۆیانه، جادووگه‌ران، پیاوانی ئایینیش کاروکاسپیان بۆته له خشته‌بردنی گه‌نجان. شتێنه‌ر– له گه‌ڕانه‌که‌یدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگه‌وپێگه‌ی شیاو بۆ تاك (التحت الشعوري)*** فرۆیدی ده‌دۆزێته‌وه، به‌و جۆره پێشانی ده‌دات کە –من–أنا–ی به‌هێز بواری که‌س نادات زاڵ ببێت به‌سه‌ریدا و ده‌سته‌مۆی بکات، ئیمپراتۆریه‌تی هزریش له ئاست–من–دا شکست ده‌هێنێت و، –من–أنا– که‌سێکی تر ناتوانێت ده‌ریببڕێت و پیهێنێته پێش چاوی خۆی و به ده‌سته‌کانی بیگرێت.
ئێمه له‌و قسه‌وباسانه‌ی –شتێنه‌ر–دا، هاواری سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه‌ی بوون –الفلسفة الوجودیة-philosophie extentille- ده‌بیستین، با لێره‌دا له (وایدابنێن یان گریمانێک)ه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش خۆم ده‌که‌مه که‌ره‌سه‌ی ئه‌و گریمانه(…) من ته‌نها –من–ی خۆم به کار ده‌هێنم، تا لێی بخۆم و خۆشی لێ ببینم(…) من ئه‌وه‌نده هه‌م تا لێی ده‌خۆم، به واتایه‌کی تر تا قوتی ده‌ده‌م، ئەگه‌ر ئه‌وه مانایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وه ده‌به‌خشێت،که من بوونم هه‌یه.
پێنووسه‌که‌ی – شتێنه‌ر– گڕ ده‌گرێت و ده‌که‌وێته داوی دژایه‌تییه‌وه، تا ئه‌و ڕاده‌یه که خۆی له به‌ره‌ی دژه‌کۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه و ژیانی ناو کۆمه‌ڵگه به مه‌حاڵ ده‌زانێت ”حه‌ز و ویستی ئێمه ژیانێکی گۆشه‌گیرییه” میلله‌ت مردووه، منم خێر و به‌ره‌که‌تی سبه‌ینێ ”به‌ختیاریی میله‌ت، نه‌هامه‌تی و ناخۆشیی منه.” ئەگه‌ر به دیده و بیروبۆچوونی من مه‌سه‌له‌یه‌ك ڕاست بوو، ئه‌وا ئیتر ڕاسته، ده‌شێت به بیروبۆچوونی ئه‌وان ڕاست نه‌بێت، ئه‌وه گیروگرفتی من نییه، گیروگرفتی خۆیانه، با به‌رگری له بیروبۆچوونه‌کانیان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ناسکی و وڕکگرتنه‌ی ئه‌و و ئه‌وانه‌ش که وه‌ك ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که کاکڵه‌ی هزریان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵدایه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر که‌له‌ڕه‌قه و پرسیاری ئه‌وه ده‌کات، که چۆن چوونه ناو قاوغێکه‌وه ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ت لێناگرێت، به ئاره‌زووی خۆت بژیت؟
له ڕاستیدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لای ئه‌و که‌سه‌یه که به باشی له تاکایه‌تیی خۆی گه‌یشتووه. تاك ده‌توانێت په‌یوه‌ندی دروست بکات له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه نزیکانه‌ی که له خۆی ده‌چن و دەتوانێت له‌گه‌ڵیاندا یه‌ک بگرێت. که‌سێك کاتێك کتێبێك ده‌نووسێت به پێویست، پێویستی به خوێنه‌ره، ئه‌و تاکه به‌وانی تره‌وه نه‌بێت به‌هێز نابێت، هه‌نووکه کۆی هێزی تاکه‌کان به‌هێزتره. کاتێك تاکێك خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند ملیۆنێکی تردا ده‌بینێته‌وه، ئه‌و کاته به باشی تێده‌گات که ده‌توانن داهێنان و دروستکردنکاری بکه‌نه پیشه‌ی خۆیان. له‌و په‌یوه‌ندی و یه‌کگرتنه‌دا، به پێویست به‌خشین و وه‌رگرتنه‌وه، له‌سه‌ر سه‌کۆی هاوبه‌شی سه‌قامگیر دەبن. بێگومان له‌و حاڵه‌ته‌دا که ده‌بێت ئه‌و هاوبه‌شییه ئازاد و ئاره‌زومه‌ندانه بێت، –شتێنه‌ر– ئه‌و کۆمه‌کگه‌رییه به په‌یمانێکی ئازاد ده‌زانێت و سەبارەت به‌وه وتویه‌تی: ”ئه‌و هاوبه‌شییه تۆ به کار ده‌هێنێت، داوای که‌مێکیش خۆبه‌خشینت لێده‌کات، به هه‌مان شێوه تۆش ئه‌و هاوبه‌شییه به کار ده‌هێنیت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆت و داوای خۆبه‌خشینیشی لێده‌که‌یت. ئه‌وه‌ی گرنگه، ئه‌وه‌یه که ئه‌و خۆبه‌خشینه ناڕژێته گۆزه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئامێره‌کانیه‌وه، من ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆم هانده‌رمن بۆ ئه‌و خۆبه‌خشینه.”
نووسه‌ری کتێبی (الواحدي و ملکیته unique et sa propriété )**** کاتێك مه‌سه‌له‌ی حزب ده‌هورووژێنێت و بابه‌ته سه‌رده‌مییه‌کانی ده‌خاته ڕوو، نواندن و هزری نوێنه‌رایه‌تیی حزبی ده‌داته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه و ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وتوویه‌تی: ”حزب له کوێ بوو، پێویسته شوێنی بکه‌ویت، به چاری ناچاری و به‌بێ پێچوپه‌نا و به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها پشتگیری بیروباوه‌ڕه‌کانی بکه‌یت و له‌گه‌ڵی یه‌کانگیر بیت، ده‌بێت ئه‌ندامه‌کان کڕنووش به‌رن بۆ ویست و ئاره‌زووه‌کانی حزب، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و ویست و ئاره‌زووانه‌ش که هیچیان تێدا به‌سته نییه، ناشبێت به هیچ کلۆجێک پرۆگرامی حزب بخەنە خانه‌ی گومانه‌وه و دەبێت به دڵ و به گیان له‌گه‌ڵیدا بن(…) هه‌ر که‌سێکیش له‌م حزبه‌وه هه‌وار بۆ لای حزبێکی تر بگوێزێتەوە، ئه‌وه ئیتر ئه‌و که‌سه له کونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وە و خیانه‌تکاره، حزب تاشه‌به‌ردێکی مۆنۆپۆلکاره.” ئا به‌و مانایه و به‌و چه‌شنه، له دیدی–شتێنه‌ر–ەوە، حزب هاوبه‌شیکار نییه، ته‌نها لاشه‌یه‌که و هیچی تر. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌و حزب ڕه‌فز ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فزکردنه‌شدا، ئه‌و هیوا و خواستی خۆی گرێداوه به هاوبه‌شیکاریی سیاسییه‌وه. ئه‌وه‌تا وتویه‌تی: ”گومانم له‌وه نییه که که‌سانێك هه‌ن هاوبه‌شیم ده‌که‌ن. من ئه‌و که‌سانه ده‌دۆزمه‌وه و سوێندخواردنیش فه‌رز ناکه‌ین به‌سه‌ر یه‌کتردا.” که‌واته به‌و لۆجیکه، ئه‌و ئاماده نییه بچێته حزبێکه‌وه، که چوون و ده‌ستکێشانه‌وه تێیدا ئازاد و ئاره‌زومه‌ندانه نه‌بێت و شتی به‌سه‌ردا فه‌رز بکرێت. ئه‌و، له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا، دژایه‌تی یه‌ك هزری و یه‌ك ڕه‌فتاریش ده‌کات.
ئەگه‌ر سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کان( ئه‌نارکیسته‌کان) ڕه‌خنه‌یان له –شتێنه‌ر– گرتبێت له‌به‌ر ئه‌وه بووه که ئه‌و له که‌مزانیاریی خۆیه‌وه ده‌رباره‌ی –برۆدۆن–، برۆدۆنی خستۆتە خانه‌ی کۆمونیزمی ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌وه. ڕه‌خنه‌ی – برۆدۆن–یش له –شتێنه‌ر– له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. برۆدۆن بڕوای وابووه که ”تاکڕه‌وی ڕیالیستییه‌کی مرۆییه و کۆمه‌کگه‌ری ته‌واوکاریه‌تی.”
که‌سانی ڕێبازی هه‌ڵلووشینی تاك له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه، هیچ به‌هایه‌ك بۆ مرۆ دانانێن، ئه‌و جۆره بیروباوه‌ڕه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ری هاوبه‌شکاریه‌وه‌یه، چونکه داماڵینی تاك له که‌سایه‌تییه‌که‌ی، ئەگه‌ر مانایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وه ده‌به‌خشێت که ڕێبازێك هه‌یه کۆمه‌ڵه له زیندوویی و جمووجۆڵه سه‌ره‌کییه‌کانی دادەماڵێت.
–برۆدۆن– ڕیزکردنی تاکه‌کان به ته‌نیشیت یه‌که‌وه، به‌بێ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانی له نێوانیاندای ڕه‌ت کردۆته‌وه و به یۆتۆبیای تاکڕه‌وخوازانی زانیوه، چونکه ئه‌و بڕوای وا بووه که ”به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان زۆره” و ده‌بێت وه‌ك هێزێکی مه‌زنی کۆمه‌کگه‌رایی له‌به‌ر چاو بگیرێن.
–باکۆنین–، له هه‌مان کاتدا، تاکڕه‌وخواز و هاوبه‌شیخوازیش بووه. هەمیشە جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه، که ”تاکی ئازاد، کۆڵه‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئازاده”. ئه‌و هه‌ر له‌و لۆجیکه‌شه‌وه ڕوانیویه‌ته مافه‌کان، که ده‌بێت مافه‌کانی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کان دابین بکرێن. بۆ نموونه مافی چاره‌نووس، به جیابوونه‌وه‌شه‌وه به‌و مه‌رجه، که تاک سوودمه‌ند بێت ده‌بێت تاك له‌وه‌دا ئازاد بێت و بتوانێت بڕیاری ئه‌وه بدات، که ئایا لای په‌سه‌نده سه‌ر به کۆمه‌ڵ بێت، یا نه‌بێت؟ ئه‌و کاته بەپێی بڕیاری خۆی، چه‌نده سه‌ر به کۆمه‌ڵه، هێنده‌ی ئه‌وه ئه‌رك بکه‌وێته سه‌ر شانی، واته ده‌بێت تاك به بڕیاری خۆی ببێته هاوبه‌شیکار، یا نه‌بێته هاوبه‌شیکار. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئازاد بێت له کوێ ده‌یه‌وێت بژی بتوانێت بژی، له بیابان، له شاخ، له جه‌نگه‌ڵ و…تاد. هه‌ر تاکێکیش ئازاده له خۆسزاداندا، واته مافی په‌یڕه‌وکردنی خۆسزایی ده‌رباره‌ی کرداره‌کانی خۆی، هیچ لایه‌ن و که‌سێکی تر بۆی نییه سزای هیچ لایه‌ن و که‌سێکی تر بدات. مرۆ چه‌نده هۆشمه‌نده له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، هێنده‌ش هۆشمه‌نده به کرداره‌کانی خۆی و سزادانیش. کۆمه‌ڵ ده‌رهه‌ق به تاك ئه‌رکه‌کانی زۆرترن له مافه‌کانی، کۆمه‌ڵ ناتوانێت هیچ جۆره چاودێری و ده‌سه‌ڵاتێك بسه‌پێنێت به‌سه‌ر تاکدا، سه‌باره‌ت به‌و تاکانه‌ش که هێشتا باڵق و ڕه‌شید نین، هه‌موو ئه‌رکه‌کانیان له‌سه‌ر شانی کۆمه‌ڵه.
–باکۆنین– کاتێك دێته سه‌ر باسی ئازادیی ڕه‌ها و کامڵ، ده‌ست ده‌کات به زیاده‌ڕۆیی و ده‌که‌وێته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سنووربه‌زاندن و قه‌به‌کردنی بابه‌ته‌کان و وتویه‌تی: ”خۆم چۆنم ده‌وێت، ده‌توانم ئاوه‌ها هه‌ڵسوکه‌وت به که‌سایه‌تیی خۆمه‌وه بکه‌م، ته‌مه‌ڵ بم، یا بزێو و گورجوگۆڵ، به که‌رامه‌ته‌وه به ڕه‌نجی شانی خۆم بژیم، یا نێتخراپ و چڵیتانه، متمانه و سۆز و به‌زه‌یی که‌سانی تر به کار بهێنم بۆ خۆم و سوودی لێوه‌ربگرم، به‌ڵام به‌و مه‌رجه، که ئه‌و متمانه و سۆز و به‌زه‌ییه ئاره‌زومه‌ندانه پێم به‌خشرابێت، هه‌روه‌ها بۆشم هه‌یه، به‌دڕه‌وشتانه بچمه ناو هاوبه‌شییه‌کانه‌وه و خراپیان بکه‌م، ئازادیی تاک و گشتیش بشێوێنم، ئه‌وه‌ی بۆ خۆمی به ڕه‌وا ده‌زانم، به ڕه‌وای نه‌زانم بۆ که‌سانی تر” ”ئەگه‌ر به ئازادی به‌رگری نه‌کرا له ئازادی، ئه‌وا نه به‌رگری لێده‌کرێت، نه پێویستیشه لێی بکرێت” له‌وه تۆقێنه‌رتر نییه که به ناوی ئازادیپاراستنه‌وه له ئازادی بدرێت.
–باکۆنین– ده‌رباره‌ی بێڕه‌وشتی، بڕوای وا بووه، که بێڕه‌وشتی له بۆگه‌نی و خراپی کۆمه‌ڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه، ڕووخاندنی کۆمه‌ڵی به ئه‌رک و پێویستییه‌کی مێژوویی زانیوه. ئه‌و بڕوای وا بووه که ڕه‌وشتبه‌رزی پابه‌ندی ئازادییه و ته‌سکردنه‌وه‌ی بواری ئازادی و سه‌پاندنکاری له ژێر په‌رده‌ی پارێزگاریی ڕه‌وشتدا، خۆی له خۆیدا، نه‌ك هه‌ر لێدانه له ڕه‌وشت، به‌ڵکوو داپڵۆسینییشه. هه‌نووکه هه‌وڵی نه‌هێشتنی بێڕه‌وشتی مایه‌پووچ بووه، بۆته هۆی به‌رفراوانکردنی بێڕه‌وشتی، سه‌پاندنی یاسای توندوتیژ بێسوود بووە و هه‌ر بێسوودیش ده‌بێت، چونکه تێسره‌واندنه له ئازادیی تاک.
ده‌رباره‌ی ئه‌و که‌سانە که گیروگرفتی ده‌ماغیان هه‌یه، یا ته‌مه‌ڵن، یا خراپه‌کارن، –باکۆنین– له‌وه زیاتر که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه کە مافه سیاسییه‌کان دەبێت لەو کەسانە وه‌ربگیرێته‌وه، له‌گه‌ڵ هیچ جۆره سزایه‌کی تردا نه‌بووه. تاك مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی ده‌سبه‌رداری هه‌موو مافه‌کانی خۆی ببێت. سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانیش، ده‌بێت وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بکرێت و ده‌بێت سزاکان چاکسازی بن، نه‌ك هه‌ر سزای ڕه‌قوته‌ق بن، ده‌بێت تاکه‌کان ئه‌و مافه‌شیان هه‌بێت، بڕیاره یاساییه‌کان ڕه‌ت بکه‌نه‌وه و ملکه‌چیان نه‌بن، ده‌بێت تاك بتوانێت خۆی دەر‌بڕێت و بڕیاری ئه‌وه بدات، که بێبه‌رییه له کۆمه‌ڵ و له کۆمه‌ڵ بچێته ده‌ره‌وه و ئه‌رکی پاراستنی کۆمه‌ڵ له کۆڵی خۆی بکاته‌وه.
–باکۆنین– له‌گه‌ڵ بڕوای ته‌واوی به ئازادی ڕه‌های تاکدا، گرنگییه‌کی مه‌زن و تایبه‌تی داوه به مه‌سه‌له کۆمه‌ڵگه‌ری ”من ئازاد نیم، ئەگه‌ر ئازادییه‌که‌م له ئازادیی ئه‌وانی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت.” ئازادیی تاکڕه‌وی مرۆ ناگاته مه‌نزڵ، ئەگه‌ر ئازادیی هه‌موو تاکه‌کانی تر نه‌بێته ته‌واوکاری، ئه‌وه‌ش خۆی له خۆیدا بریتییه له هاوبه‌شیی ئاره‌زوومه‌ندانه. -باکۆنین– بڕوای وا بووه که هاوبه‌شییه‌کان خه‌ڵکی زۆر ڕاده‌کێشێت، ئه‌و بڕوایه‌شی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، که هاوبه‌شییه ئاره‌زوومه‌نده‌کان زۆر لایه‌نی هه‌مه‌جۆری باشیان هه‌یه، ئا له‌و حاڵه‌ته‌شدایه، که به باشی ده‌رده‌که‌وێت، که تاکڕه‌و زیاتر کۆمه‌ڵخوازه. سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه –باکۆنین– هیچ نه‌رمونیانییه‌کی نه‌نواندووه، به‌رامبه‌ر به –خۆپه‌رستی– به مانا وشک و توندوتیژه‌که‌ی. به واتایه‌کی تر، نه‌رمونیانی له‌گه‌ڵ تاکخوازیی بۆرژوازی، که هانی تاك ده‌دات ببێته دڕنده‌یه‌کی لرفلێده‌ر. به بیروبۆچوونی ئه‌و، ئه‌و جۆره تاکه گۆشه‌گر و نامۆیه، مردووییه‌کی هزری و وره‌یی و مادیشه له هه‌مان کاتدا.
ئه‌قڵییه‌تی –باکۆنین– ئه‌قڵییه‌تێکی ته‌باییکردن و پێکه‌وه‌گرێدانی فراوانه، واته بانگه‌واز و هه‌وڵدانه بۆ دروستکردنی پردێك لەنێوان تاك و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ردا، هه‌موو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له په‌یوه‌ستبوون و شوێنکه‌وتنی –به‌خشین– و –وه‌رگرتنه‌وه–، واته ئاڵوگۆڕکاری نێوان تاك و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر. زیره‌کتره‌کانتان، به‌هێزتره‌کانتان، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌دا نین، واته ئه‌وانه‌ش پێویستییان به‌و په‌یوه‌ندییه هه‌یه و به‌رهه‌می ئیراده‌ی جموجۆڵی جه‌ماوه‌رین و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه هه‌ڵناکه‌ن و ناژین.
میراتگره ڕۆحانییه‌کانی**** –باکۆنین–، واته ئازادیخوازه –ئه‌نارکییه– ئیسپانییه‌کان، له‌گه‌ڵ بڕوای ته‌واویاندا به هاوبه‌شیخوازی، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی1936دا تاك له یاد ناکه‌ن، به ئاشکرا، ده‌ستی ڕێز ده‌خەنە سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی تاك و به‌رز ده‌ینرخێنن –دییغو أباد دو سانتیان– وتویه‌تی: حه‌ز و ویستی تاکخوازی له بن نایه‌ت و له داهاتووشدا به هه‌زاران شێوه خۆی ده‌رده‌بڕێت و هیچ هێزێکیش ناتوانێت خۆی بدات له قه‌ره‌ی و بیگه‌وزێنێت، تاکڕه‌وخوازی گوێ ناداته کۆسپه‌کان و به‌رده‌وام گوژمی خۆی به‌تینتر ده‌کات، تا زه‌مینه‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت و خۆی ده‌سه‌لمێنێت.
سه‌رچاوە: التحرریة من العقیدة الی الممارسه/دانییل غریین
*بڕوانه کۆتایی کتێبه‌که، بابه‌تی –ته‌واوکارییه‌کان ده‌رباره‌ی شتێنه‌ر./ و–ع
** نامۆبوون، aliénation لای مارکس به مانا ئاسایی و یاساییه‌که‌ی به مانای پرۆسیسی فرۆشتن vente دێت. له مارکسیزمدا که‌سی نامۆ ئه‌و که‌سه‌یه که ئه‌قڵ و جه‌سته‌ی خۆی ده‌فرۆشێت به هزری بۆرژوازی و له ڕووی ئایینی، ئابووری و سیاسییەوە نامۆ ده‌بێت و ملکه‌چه‌كپێکردن و داپڵۆسینی کارێکی ئاسان ده‌بێت.-و–ع
*** ما التحت الشعوري–م بۆ وشه‌ی subconscien به‌کارهێناوه، بۆ که‌مهۆشمه‌ندی، یا بۆ ئه‌و ئاسته که نزیك ده‌بێته‌وه له هۆشمه‌ندی، واته هۆشمه‌ند نییه، به‌ڵام ده‌توانێت بگاته هۆشمه‌ندی. و–ع
**** له‌وێدا له‌بریی ڕۆحانییه‌کان، ده‌توانین ده‌روێش، مورید، زاهد و پیری ته‌ریقه‌ت به کار بهێنین، ئه‌وه زیاتر لای سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌کان باوه، چونکه ئه‌وان فه‌لسه‌فه و ڕێبازه‌که‌ی خۆیان به ئایین و ڕاستیی ڕه‌ها ده‌زانن و مامۆستاکانی ئه‌و ڕێبازه‌ش، به دوایین پێغه‌مبه‌ری ڕێبازه‌که ده‌زانن. به‌داخه‌وه ناو به‌ناو لای ئه‌م یا ئه‌و سۆسیالیستی ئازادیخوازیش ئه‌وه به‌دی ده‌که‌ین، جا بۆ ئه‌وانه، هه‌ر ئه‌وه‌م له ده‌ست دێت، بڵێم، جارێك–برۆدۆن– له نامه‌یه‌کیدا بۆ –کارل مارکس– نووسیویه‌تی: تکایه با تۆ و من هه‌وڵی ئه‌وه نه‌ده‌ین ئایینێکی نوێ دروست بکه‌ین، با ئه‌و ئایینه زانست و لۆجیکیش بێت. و–ك–
***** الواحدي و ملکیته، کتێبی ئه‌و فه‌یله‌سوفه 1806-1856 لای هه‌ندێك ڕه‌خنه‌یه له لیبریالیزمی سیاسی، به‌ڵام دانییل غریین به ته‌باییکردنی کۆمونیزم و ئازادیی تاکی ده‌زانێت. و.ع
سه‌روه‌ری یاسا و دادگە، كه‌مپه‌ینی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌كه‌ی له‌نده‌نی بڵاوه پێكرد، ئەوەش شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 28.02.2012
ئەو كەمپەینەی كە لە ڕۆژی 15.10.2011 دەستیپێكرد و نزیكەی 4 مانگ و نیوی خایاند، سەرلەبەیانی زووی ئەمڕۆ ،28.02.2012 ، كۆتایی هات.
لە دەوروبەری كاتژمێری 12.30 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆدا ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیس بە هەموو پێویستییەكانی لێدان و شەڕەوە بە هەڵوێستێكی شەڕەنگێزانەوە لەگەڵ ئامادە بوونی ژمارەیەكی زۆری تری پۆلیس بۆ كاتی پێویست و بە یارمەتی ژمارەیەك لە كارمەندانی دیکە بۆ یارمەتیدانی پۆلیس كە پێیان دەڵێن Bailiffs هەڵیانكوتایە سەر كەمپەكە و تەنها پێنج خولەكیان مۆڵەت بە خه‌ڵكه‌كه دا، تاكو شوێنەكە بەجێبهێڵن. لەهەمان كاتدا خۆیان كەوتنە هەڵوەشاندنەوەی هەموو چادرەكان و هەرچییەك لەو ناوەدا هەبوو. سەرئەنجام پاش سووكه شه‌ڕێك و دەستگیركردنی 20 كەس و برینداربوونی چەند كەسێك كەمپەكە چۆڵ كرا.
شایانی باسە كە بزنس (كۆمپانیا گەورەكان) و خاوەن زەوییەكە و كەنیسە هەر لە سەرەتاوە دەیان ویست ئەو كه‌مپه‌ینه له‌وێدا هه‌ڵكه‌نن، هه‌رچه‌نده لە دواییدا كەنیسە لە ژێر فشاری خەڵكانی خۆیی و دەرەوەی خۆیدا لەو بڕیارە كشایەوە. بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كه‌مپه‌ینه‌كه كۆمپانیاكان و خاوه‌ن زه‌وییه‌كه سکاڵای یاسایی‌یان لە دادگەدا بە بیانووی پیسوپۆخڵی كەمپەكە، زیادبوونی دز ی‌و تاوان لەو ناوەدا، ڕێگرتن لە سەردانیگەرانی كه‌نیسه و خەڵكانی ئاسایی لە كاروباری ڕۆژانەیاندا، نه‌بوونی ئاسایش و په‌یڕه‌وینه‌كردنی پلانی سه‌لامه‌تی هەروەها بیانووی ناشیرینی دیمەنی كەمپەكه‌ش، تۆمار كرد. گەرچی لە دادگەدا لەلایەن پارێزەری كەمپەكەوە بە بەڵگەنامەوە هەموو بیانووەكانی بزنس و خاوەن زەوییەكە، ڕەتكرانەوە، سەرەڕای ئەوەش دادگە لە ڕۆژی 20.02.2012 بڕیاری ئەوەی دا كە دەبێت شوێنەكە چۆڵبكرێت و هیچ شوێنەوارێكی كه‌مپه‌ینه‌كه نەمێنێت، ئیتر پۆلیسیش سەرلەبەیانی ئەمڕۆیان بە هەل و كاتێكی باش زانی له جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگەدا بۆ هێڕش كردنە سەر كەمپەكە.
هه‌ڵبه‌ته من لێره‌دا باس له چونیەتی دروستبوون و ئامانجی ئه‌و كه‌مپه‌ینه ناكه‌م ، چونكه ئه‌مه له كاتی خۆیدا له وتارێكدا، بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا ده‌مه‌وێت بیڵێم كۆتاییهێنانی كەمپه‌ینه‌كه‌یه گه‌رچی جێگەی داخه، به‌ڵام ئه‌م سه‌رئه‌نجامه‌ش، واته به‌ده‌رنانیان له‌و شوێنه به به‌كارهێنانی یاسا و زۆری پۆلیس له ژێر فشاری بزنس و كۆمپانیا گه‌وره‌كاندا ، كارێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو.
له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نكورتی ئه‌م شێوه‌یه‌ی ئەمجارە له خه‌باتدا، كه كاری ڕاسته‌وخۆ بوو، به‌ده‌ر له كۆنترۆڵی پارت و ڕێكخراوه سیاسیه‌كان ، گرتنه‌به‌ری ئه‌م جۆره چالاكیانه ،كاریگه‌ری خۆی هه‌یه و ئه‌زموونێكی باشیشه بۆ كوردستان و شوێنه‌كانی دیکەی وه‌كو ئه‌وێ ، كه كاری ئاوا به‌ده‌ر له خواستی پارته‌كان و سەر‌كرده ناودار و ناسراوه‌كان به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه درێژخایه‌ن نه‌بوو، هه‌روه‌ها نه‌بووه بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ، به‌ڵام به‌ڕای من، ئامانجی خۆی له چوارچێوه‌ی ئه‌و قه‌واره بچووكه‌ی خۆیدا پێكا ، وەكو: هایلایتكردنی به‌ربه‌ریه‌تی ئه‌م سیسته‌مه، وه‌ك كه‌مپه‌ینێكی گه‌وره‌ی پڕۆپاگه‌نده بۆ خواسته‌كانی كه‌مپه‌ینه‌كه به ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكانێكی زۆر ، چالاكییەك كە له ده‌ره‌وه‌ی خواستی پارت و ڕێكخراوه سیاسییه‌كان به چه‌پ و ڕاست و لیبراڵیانه‌وه، ئەنجامدرا ، به‌كارهێنانی دیمۆكراسی ڕاسته‌وخۆ له ده‌ركردنی بڕیار و كردنی چالاكییه‌كانیاندا، په‌یڕه‌ویكردنی پرسی ئاسایش و سه‌لامه‌تی خودی خه‌ڵكانی كه‌مپه‌كه و سەردانیگەرانی، نانه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی گه‌وره و درو‌ستكردنی مشتومڕێكی پەیگیرانەی له نێوانی پیاوانی كه‌نیسه سەبارەت بە خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕاستییه كه ئایا كه‌نیسه ده‌بێت چ لایه‌ك هه‌ڵ ببژێرێت ؟ واته له‌گه‌ڵ هه‌ژاران و به‌ش خوراواندا بێت یا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندان و زۆرداران و ده‌سه‌ڵاتداراندا؟ په‌ره‌دان به گیانی به‌یه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و كاركردن به هه‌ره‌وه‌زی و دا‌به‌شبوونی كار و فه‌رمانه‌كان به‌ڕێكوپێكی، به‌ئاگابوونی زیاتر له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و نیشتەجێی و ڕۆشنبیری و سیسته‌می په‌روه‌رده‌كردن له به‌ریتانیا و په‌یوه‌ستبوونی زیاتر به كۆمۆنێته‌كانه‌وه و كاركردن له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌مانه له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی شاره‌زاوه كه له گۆڕه‌پانی كه‌مپه‌كه یا له‌ناو چادرێك كه هه‌ر بۆ موحازه‌ره‌دان بوو، تیشكیان ده‌خرایه سه‌ر، ڕێزگرتن له ڕای جیاوازی یه‌كتری و هه‌بوونی هه‌موو ئازادییه‌ك له ڕاده‌ربڕین و به‌كارهێنانی مایكرۆفۆنه‌كاندا، هه‌بوونی قاوه‌خانه و چێشتخانه و كتێبخانه و چادری فریاگوزاریی له هه‌بوونی كێشه‌ی ته‌ندروستیدا، شوێنی ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌ی كه‌مپه‌كه و چادری به ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكی له مافی یاساییان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پۆلیس و دادگەدا، ئه‌مانه و گه‌لێكی دیکە، كه هه‌ر هه‌موویان ئه‌زموونێكی گه‌وره‌بوون به‌ڵام له شوێنێكی بچو‌وكدا، كه ده‌بن و بوونه‌ته وانه‌یه‌كی به سوود بۆ هه‌موو لا‌یه‌كمان.
ئه‌وه‌ی كه من لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی زیاتری بخەمە سەر ته‌نها دوو خاڵه:
خاڵی یه‌كه‌م : یاسا و سه‌روه‌رێتی یاسا، كه له وڵاتێكی وه‌كو بریتانیادا چۆن بووه‌ته كۆت و زنجیرێك و ئاڵاوه‌ته گه‌ردنی هه‌موو ئازادیخوازان و ئه‌وانه‌ی كه بیانه‌و‌ێت هه‌ر به حاڵ نه‌ك ته‌نها گۆڕانكارییه‌كی بچووك بكه‌ن، به‌ڵكو گه‌ر بیشیانه‌وێت ده‌ستی بۆ به‌رن و بیری لێ بكه‌نه‌وه. هه‌ر به‌م یاسایه، ده‌توانرێت هه‌موو كار و چالاكییه‌كانیان پێ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه ، خۆ هه‌ر پێیه‌كیش خوار دابنێن ، پۆلیس ده‌توانێت به پاڵه‌په‌ستۆ به‌ره‌و پۆلیسخانه و دواتریش داداگە، ڕاپێچیان بکات.
له ئه‌مڕۆی بریتانیادا ، سه‌روه‌رێتی یاسا، بوار و قه‌واره‌ی ئازادی و سه‌رجه‌می چالاكییه‌كانی وا بەرته‌سك كردۆته‌وه كه ئەستەمه له ژێر سایه‌ی یاسادا بتوانرێت شتێك بكرێت كه ئه‌نجامێك بداته ده‌ست . چونكه ڕه‌نگه سه‌روه‌رێتی یاسای پێ له‌كه‌دار و له‌ق بكرێت، كه ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و بزنسه‌وه قه‌بوڵ ناكرێت، ئیدی هه‌ر له په‌خشكردنی بانگه‌وازێكه‌وه ، كردنی لفلێتینێكه‌وه لە به ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكی لە كێشەیەك، تا خۆپیشاندانێكی بچووك، گردبوونه‌وه له سه‌ر شۆسته‌یه‌ك له‌به‌رده‌می دوكانێكدا ، له‌به‌رده‌می ئۆفیسێكدا، كه‌نیسه‌یه‌كدا ، مزگه‌وتێكدا، كردنی پرۆتێستێكی بچووك له هه‌ر شوێنێكدا، مانگرتن و پشتیوانی و به ده‌مه‌وه‌چوونی مانگرتنێكه‌وه له‌لایه‌ن كرێكاران كارگه‌رانی دیکەوه، نووسینێك، كۆبونه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت بە هاندانی خه‌ڵكی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌رێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ، یا پڕوپاگه‌نده‌كردن دژی لایه‌نێك، دژی كه‌سێكی پله‌و پایه‌دار كه ڕه‌وایه ئه‌مه‌ی دژ بكرێت، دژی قاوه‌خانه‌یه‌ك، چێشتخانه‌یه‌ك یا شوێنێكی وه‌كو مه‌كدۆناڵد، به‌رگه‌ركینگ و گه‌لێكی دیکە. ئیتر هه‌ر له ژێر ناوی پاراستنی ئاسایش، نانه‌وه‌ی پشێوی ، به‌رگرتن له هاتوچۆی خه‌ڵكی كه ڕه‌نگه ببیته هۆی نوچدانی زه‌لامێك له كاتی تێپه‌ڕبوونیدا، یا بە بیانووی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ی ده‌كرێت له‌سه‌ر زه‌وی یا له‌به‌رده‌م موڵكی تایبه‌تی كه‌سانێكدا یا كۆمپانیایه‌كدایه .
بەم شێوەیە ئه‌و یاسایه‌ی كه هه‌یه ئه‌وه‌نده بیانوو ده‌داته ده‌ست پۆلیس و دادگە و ده‌سه‌ڵات، كه هه‌رچۆن بجوڵێیته‌وه به یه‌كێك له به‌نده‌كانی ئه‌و یاسایه ده‌توانرێت باڵبه‌ست و په‌لبه‌ست بكرێیت و ناویشت لای پۆلیس بچێته لیستی ڕه‌شه‌وه ، دواتریش خۆ ئەگه‌ر چاودێریش نه‌كرێی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ئه‌وه بێگومان پەروەندەیەكت له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆ دروست دەکرێت.
شایانی باسه گه‌ر لێره‌دا بڵێم به‌تایبه‌تیكردنی شوێن و كه‌رته گشتییه‌كانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت، لایه‌نه خراپه‌كانی هه‌ر ئه‌وانه نین كه گه‌لێكمان ده‌یانزانین، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ده‌توانرێت كه ڕاوه‌ستانی خه‌ڵك یا كردنی پرۆتێستێك له به‌رده‌میاندا، له ڕوی یاساییه‌وه به كارێكی نایاسایی و قه‌ده‌غه‌كراو دابنڕێت له‌ژێر به‌ند و بڕگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و شوێنه موڵكی خه‌لكه ، واته موڵكی تایبه‌تییه. ته‌نانه‌ت گه‌لێك شەقام و كۆڵان له بریتانیادا، پیاسه‌كردن یا ڕۆیشتن به‌ناویاندا قه‌ده‌غه‌یه، چونكه تایبه‌تییه.
كه‌چی سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه كه ئۆپۆزۆسیۆنی هه‌موو وڵاتان به كوردستانیشه‌وه به شان‌و و باڵی یاسا و سه‌روه‌رێتی ئه‌و یاسایه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن، كه ئێمه لێره به‌ده‌ستییه‌وه گیرمان خواردووه، خه‌ڵكه هه‌ژاره‌كه‌ش دوایان ده‌كه‌ون بەبێئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه یاساش وه‌كو هه‌موو شتێكی دیکە له‌م جیهانه‌دا، چینایه‌تییه.
دووهه‌م: بڕیاره‌كه‌ی داداگە به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌مپه‌ینه و بڵاوه‌پێكردنیان ، وه‌كو له‌سه‌ره‌وه باسم كرد ، كارێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو، له هه‌مان كاتیش‌دا نابێت نائومێدیمان بداتێ، به‌ڵكو له بری ئه‌وه ده‌بێت خاڵی لاوازی بزووتنه‌وه‌كه‌مان بزانین و ببێته ده‌رسێك بۆمان، تاكو له داهاتوودا سوودی لێ وه‌رگرین.
به‌ڕای من بەتەنها گردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی له شوێنێكدا و چووونه سه‌رشه‌قامه‌كان و خۆڕێكخستنیان له‌وێ، بەس نییه، چونكه كه‌سێك ناتوانێت بزانێت چاره‌نووسی كردنی چالاكییه‌كی درێژخایه‌ن ، مانگرتن و خۆپیشاندانێكی چه‌ند ڕۆژی یا بزووتنه‌وه‌یه‌ك، به‌ره‌و كو‌ێ ده‌ڕوات و چی به‌سه‌ردێت، چونكه هه‌موو ئه‌و چالاكییانه پابه‌ند‌ن به چه‌ند هه‌لومه‌رجێكی خۆیی و بابه‌تییه‌وه، كه له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌بوونی ئه‌م هه‌لومه‌رجانه‌ش قابیلی ئاڵوگۆڕو چڕ بوونه‌وه‌ی بار‌و دۆخ و زه‌مینه‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی كه به پله‌ی یه‌كه‌م گرنگه و ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكرێت ، خۆڕێكخستنی خودی خه‌ڵكی خۆیه‌تی پێشهاتنە سەر شەقامیان سه‌باره‌ت به پێداویستیه‌كانی ژیانیان. به واتایه‌كی دیکە باشتره كه خۆ ڕێكخستنیان هانیان بدات بچنه سه‌ر شه‌قام یا هه‌ستان به هه‌ر چالاكیه‌ك ، زیاتر له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی له‌سه‌روبه‌ندی لێکشاوه‌كه‌دا خۆیان ڕێكبخه‌ن . گه‌رچی خۆڕێكخستن له كاتی ڕودانی ڕوداوه‌كاندا كارێكی باش و گه‌لێك پۆزەتیڤە به‌ڵام خۆڕێكخستن له‌و قۆناخه‌دا ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه كارێكی گران و ئاڵۆز ده‌بێت به‌پێی تێپەربوونی ڕوداوه‌كان به په‌له، هه‌میشه‌ش ئاوه‌ڵا ده‌بێت بۆ كه‌رت بوون و دەستەمۆكردن و كۆنترۆ كردنییان له‌لایه‌ن پارت و ڕێكخراوه سیاسییه‌كانه‌وه ، كه به ڕێكخراوه‌یی دێنه سه‌ر شەقام و ده‌شزانن چی‌یان ده‌وێت و ده‌مێكیشه له ئاماده‌باشی ئه‌وه‌شدان.
من لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌وه بكه‌م كه پێش ئه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان ڕامان كێشێنه سه‌ر شه‌قام، ده‌بێت چی بكه‌ین و چۆن خه‌ڵكی خۆی ڕێك بخات پێش هاتنه سه‌ر شەقام ، چونكه من ئه‌مه‌م له بابه‌تێكی تایبه‌تیدا له ژێر ناوی بۆچی درو‌ستكردنی گروپه لۆكاڵییه‌كان زه‌رورییه؟ لە مانگی ڕابوردوودا بڵاوكردەوە و به درێژی لەسەری دوواوم.
ده‌ردی یۆنان به ده‌رمانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی چاره‌سه‌ر ناکرێت
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن 13/02/12
مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ڕابوردوو بابه‌تێکم سه‌باره‌ت به‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی ئه‌وروپا به گشتی و یۆنان و ئیتالیا به تایبه‌تی، له ژێر ناوی : ئایا گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان ئه‌م قه‌یرانه ئابورییه‌ی که ئه‌وروپا تێی که‌وتوه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، بڵاوکردوه ، ئێستاش پاش 4 مانگ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و بار‌و دۆخه‌داو به‌رده‌وامبوون له حوکمڕانی ده‌موچاوه تازه‌کاندا نه‌ک هه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نه‌کرد به‌ڵکو له ڕاستیدا کێشه‌کانی زیاتر قوڵ کردۆته‌وه‌و گه‌یاندویه‌تییه قۆناغی لابه‌لاکردنه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی.
ئه‌مه‌ی که له‌سه‌ره‌وه وتم ئاماژه‌کردن نییه به‌وه‌ی که گوایه ئه‌وه‌ی من وتومه ئاوا ده‌رچوو یا واده‌ر‌ده‌چێت، چونکه نه من پێشبینییه‌کی تازه‌م کرده‌وه و نه شتێکی جیاشم له قسه‌و بۆچونی سه‌ده‌ها هه‌زاران که‌سانی تر له خه‌ڵکه ئاسایییه‌که، وتووه، به‌ڵام نه‌ک سیاسیی و ئابوریناسه لیبراڵه‌کان . ئه‌و ڕه‌وته‌ی که ئێستا یۆنان ده‌یگرێته به‌رو دواتریش پورتوغال و ئیسپانیا‌و ئیتالیا‌و هه‌ندێکی تر له وڵاتانی ئه‌وروپا به دوایدا، چاوه‌ڕوانکراوه.
بانقی ناوه‌ندی ئه‌وروپی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌کێتی ئه‌وروپا، به هه‌رسێکیان ، شه‌ڕێکی گه‌لێک سه‌ختیان به‌سه‌ر نزیکه‌ی سه‌رجه‌می خه‌ڵکی یۆنان‌دا، سه‌پاندووه ، ئیدی خه‌ڵکی ڕێگایه‌ک یا هه‌ڵبژێرێکی تریان له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و که‌وتنه جه‌نگی شه‌ڕی مان و نه‌مانه‌وه. ئاخر له وڵاتێک‌دا که ڕێژه‌ی به‌تاڵه له نێوان گه‌نجانی ته‌مه‌ن 16 بۆ 24 له سه‌دا 43 بێت ، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش له سه‌دا 20.9 بێت و گه‌شه‌ی ئابوری له‌م وڵاته‌دا به به‌راورد له 4 ساڵ له‌مه‌وپێش له سه‌دا 16 دابه‌زیبێت و سێیه‌کی دانیشتوانه‌که‌ی به هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌و فشاری ده‌سگه و دامه‌زراوه دراوییه‌کانه‌وه فڕێدرابێته ژێر هێلی برسێتییه‌وه. وڵاتێک که سه‌رتاپای سه‌روه‌ت و سامانی له هه‌ڕاجدا بێت یا بخرێته ڕه‌هنی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی ئه‌م ده‌سگه دراوییانه‌وه، ئیدی ده‌بێت چ ڕێگاچاره‌یه‌کی تری له‌به‌رده‌مدا مابێت بێجگه له به‌گژاچوونه‌وه و به‌رگری کردن له ژیانی، له مانه‌وه‌ی ، له که‌رامه‌تی.
دوو ساڵ به‌ر له ئێستا یۆنان به بڕی 109 ملیار یۆرۆ بۆ قورتار بوونی له قه‌یرانه‌که‌ی، قه‌رزی درایه. بێگومان قه‌رزه‌که به‌سترایه‌وه به کۆمه‌ڵێک مه‌رج و به‌ندی قه‌به‌و نابه‌جێوه، تاکو یۆنان بتوانێت ئابورییه‌که‌ی ببوژێنێته‌وه. به‌ڵام وه‌کو ده‌رکه‌وت قه‌رزه‌که بارودۆخه‌که‌ی به‌ره‌و خراپتر برد، بۆیه یۆنان ناچار بوو که داوای قه‌رزێکی تر بکات، سیاسییه‌کان و ته‌کنۆکراته‌کانی ده‌سگه دراویه‌کانیش بڕیاریان دا که به‌بڕی 109 ملیار یورۆی تر ده‌ستگرۆیی یۆنان بکه‌ن، ئه‌م ڕه‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵه‌ش بڕیار بوو له کۆتایی ساڵی ڕابوردوودا سه‌ربگرێت و یۆنانیش له سایه‌ییدا بکه‌وێته سه‌ر پێی خۆی. به‌ڵام ئه‌م ده‌ستی ده‌ستی پێکردنه‌و دانانی کۆمه‌ڵێک به‌ندو مه‌رجی تازه، وایکرد که تا ئێستاش ئه‌و کۆمه‌که نه‌گاته ده‌ستی ده‌وڵه‌تی یۆنان.
یه‌ک ساڵ وتووێژ له نێوانی فه‌رمانڕه‌وایانی یۆنان و سیاسییه‌کان و ده‌سگه دراویه‌کان و زیاتر خراپ بوونی بار‌و دۆخی ئابوری که له‌سه‌ر لێواری هه‌ره‌سهێنانه ، سه‌رئه‌نجام سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆکی پارته‌کان و شالیاری دارایی، به‌م شه‌رته تازانه‌ی ده‌سگه دراوییه‌کان ڕازی بوون، وه‌کو: پاشه‌که‌وتکردنی 3.3 ملیار یورۆ به که‌مکردنه‌وه‌ی لایه‌نی خواروی کرێی کار به ڕێژه‌ی له سه‌دا 22 ، له ماوه‌ی 3 ساڵدا ده‌رکردنی 150 هه‌زار کارمه‌ندو کرێکار له که‌رته‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌ت، دابه‌زاندنی مووچه‌ی کرێکاران و کارمه‌ندان و پاره‌ی خانه‌نشینی و زیاد کردنی باج بۆ جاری دووهه‌مو دانه‌وه‌ی قه‌رز به‌بڕی 14.5 ملیار یورۆ که یۆنان ده‌بێت هه‌تا 20-03-12 ئه‌م بڕه قه‌رزه بدات.
دوێنێ شه‌و، 12-02-12 ، په‌ڕله‌مانی یۆنان له وتووێژێکی درێژ‌و ئازاراویدا بۆ ده‌نگدان به وه‌رگرتنی قه‌رزه‌که، له لایه‌ن سه‌رۆک شالیارانه‌وه، که شالیاری دارایی و سه‌رۆکی پارته‌کانیش هه‌موویان ڕێکن له‌سه‌ر ئه‌وه ، پێیان ڕاگه‌یه‌نرا: که ده‌نگ نه‌دان یانی داخستنی قوتابخانه‌کان و خه‌سته‌خانه‌کان، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، نه‌دانی کرێی کار‌و موچه‌و پاره‌ی خانه‌نشینی ، یانی ئیفلاس بوونی یۆنان، ده‌گه‌یه‌نێت. به‌م قسه حه‌ماسیانه‌و له‌پاڵ هه‌ڕه‌شه‌کردن له هه‌ر ئه‌ندامێکی په‌ڕله‌مان که سه‌ر به پارته‌کانی فه‌رمانڕه‌وان، به دوور خستنه‌وه‌یان گه‌ر ده‌نگ بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه نه‌دات. سه‌رئه‌نجام 199 له کۆی 300 ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان ڕازی بوون به مه‌رجه‌کانی قه‌رزه‌که‌و جێبه‌جی کردنی سیاسه‌تی ده‌سگه دراوییه‌کان له به‌رامبه‌ر 74 ده‌نگ که دژی وه‌ستانه‌وه.
هه‌ر دوابه‌دوای ده‌نگدانه‌که بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی 43 ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان که به‌شێکی زۆریان شالیارن، که 20 یان سه‌ر به پارتی پاسۆکن و 23 که‌ی تریان سه‌ر به پارتی دیمۆکراسی نوێن، درا . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که پێشتر 5 له شالیاره‌کان وکو وه‌رگرتنی هه‌لوێست سه‌باره‌ت به ڕازی بوونی حکومه‌ت به مه‌رجه‌کانی ده‌سگه دراویه‌کان، ده‌ستیان له کار کێشایه‌وه.
هه‌رچیش له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی په‌ڕله‌مان بوو خۆپیشانده‌ران له هه‌موو کۆمه‌ڵ و توێژاڵه جیاجیاکانه‌وه ناڕه‌زایی و دژایه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به په‌ڕله‌مان، ده‌رده‌بڕی، به‌شێک له‌مانه‌ش به‌ناچاری که‌وتنه شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه له‌گه‌ڵ پۆلیسدا و زیاتر له 40 پۆلیس بریندار بوون و هه‌روه‌ها زیاتر له 40 بیناو دوکانی جیاجیاش ئاگری لێکه‌وته‌وه.
له‌گه‌ڵ قوڵ بوونه‌وه‌ی کێشه‌که‌دا ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران و کۆمه‌ک پێکه‌رانیان ڕۆژ به ڕۆژ له زیاد بووندایه. ڕۆژی هه‌ینی ڕابوردوو، 10-02-12 نیقابه‌ی پۆلیس ئیننزارێکی بۆ پیاوانی ته‌کنۆکراتی ده‌سگه دراویه‌کان، به تایبه‌ت به‌رپرسه‌کانی ده‌سگه‌ی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ، ده‌رکر‌دوه‌و داوای له داوه‌رو دادگا کردوه که ئه‌مری گرتنیان سه‌باره‌ت به‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی که به‌رامه‌به‌ر به خه‌ڵکی یۆنان، کردویانه، ده‌ربکه‌ن. ئه‌م نیقابه‌یه که نوێنه‌رایه‌تی دووبه‌ش له سێ به‌شی پۆلیسی یۆنان ده‌کات، له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کدا که هه‌ر ئه‌و ڕۆژه ده‌ری کردوه ده‌ڵێت” له کاتێکدا که هه‌ر به‌رده‌وامن له سه‌ر سیاسه‌تی وێرانکاری ، به ئاگاتان ده‌هێنینه‌وه ، که ئیتر ئێوه ناتوانن به‌کارمان بهێنن له به‌شه‌ڕ دانماندا له‌گه‌ڵ براکانماندا، ئێمه قه‌بوڵ ناکه‌ین که دژی باوک و دایکمان، براکانمان، منداڵه‌کانمان، هاوڵاتیانمان، که پرۆتێست ده‌که‌ن و داوای گۆڕینی ئه‌و سیاسه‌ته ده‌که‌ن، به‌شه‌ڕمان بده‌ن ” درێژه به به‌ڵگه‌نامه‌که‌یان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن ” ئێمه که نوێنه‌ری یاسایی پۆلیسی یۆنانین ، ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه ، که ئێمه ئه‌مری گرتن بۆ ئه‌وانه ده‌رده‌که‌ین که یاسایان پێشێل کردوه به دانی به‌رتیل و له‌باربردنی دیمۆکرسیه‌ت و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی”
ئه‌م بڕیاره‌ی نیقابه‌ی پۆلیس بڕیارێکی گه‌لێک گرنگه‌و ناوه‌رۆکه‌که‌ی گه‌ر به ته‌واویش جێبه‌جێ نه‌کرێت، درزێک ده‌خاته ڕیزه‌کانی پۆلیسه‌وه‌و دڵی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران له ئاستی هێزی پۆلیسدا کرمێ ده‌کاتو تین و وزه‌یه‌کیش به به‌رهه‌ڵستیکه‌ران و خۆپیشانده‌ران ده‌دات.
لێدوان و مشت و مڕ کردن و دواتر بڕیاردان له سه‌ر به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات، ڕوتانه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵک، زیاد کردنی باج ، که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌و کرێی کار، که‌مکرندوه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌کان و فرۆشتنی ئه‌وانه‌شی که ماوه‌ته‌وه ، به برسی کردن و خستنه سه‌ر جاده‌ی خه‌ڵکانی زگورت و خێزان و خانه‌واده‌یه‌کی زۆر به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ی کرێی خانوو سلفه‌ی عه‌قاره‌وه، ئه‌مانه‌و گه‌لێکی تر، که له ناو هۆڵی په‌ڕله‌مان له‌لایه‌ن ئه‌و په‌ڕله‌مانتارانه‌وه مشتومڕی له‌سه‌ر کراوه، کارێکی ناڕه‌واو نادروسته، چونکه ئه‌مان بۆ ئه‌مه هه‌ڵنه‌بژێرراون، واته له لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه مافی ئه‌مه‌یان پێنه‌دراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که Lucas Papademos ، سه‌رۆکی حکومه‌ت ، به ده‌نگدان نه‌بوه‌ته سه‌رۆک شالیاران ، به‌ڵکو له لایه‌ن سیاسییه‌کان و ده‌سگه دراویه‌کانه‌وه دانراوه. ئه‌مانه هه‌مووی جێگای سه‌رنجن و حه‌قیقه‌ت و جه‌وهه‌ری دیمۆکراسیه‌ت و حوکمی لیبراڵ و حکومه‌تی مه‌ده‌نی ، ده‌رده‌خات.
ئه‌م ڕۆژانه‌ی دووایی له ژیانی خه‌ڵکی یۆنان‌دا ڕۆژانێکی کاربڕن (حاسم)، که به‌ڕای من ڕه‌نگه ته‌نها 3 چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌که‌یان، بهێڵێته‌وه: یه‌که‌م: یا ده‌بێت ده‌سگه دراوییه‌کان له سه‌رجه‌می قه‌رزه‌کانی یۆنان خۆش بن و بۆ ئه‌وه‌شی ئابوری یۆنان ببوژێته‌وه ده‌بێت قه‌رزی تازه‌شیان به بێ سوودو بێ مه‌رج پێبده‌ن. دووهه‌م: یا حکومه‌تی یۆنان ناتوانێت مه‌رجه‌کانی ئه‌م ده‌سگه دراویانه به‌جێبگه‌یه‌نێت ، ئیتر ناچار ده‌بێت له زۆنی یورۆ بێته ده‌ره‌وه که ئه‌مه‌ش که‌لێنێکی گه‌وره له‌و زۆنه‌دا دروست ده‌کات و ڕه‌نگه هه‌ندێک له وڵاتانی تریش به‌دوای خۆیدا ڕا‌کێشێت، سه‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ره‌سی ته‌واوی یورۆ قوڵ بوونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌زمه‌ی دراو‌و ئابوری له سه‌رانسه‌ری جیهاندا. سێهه‌م: یا سه‌رکه‌وتنی ده‌سگه دراوییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتداران به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕیو دا که ئه‌مه‌یان کارێکی تا ڕاده‌یه‌ک مه‌حاڵه هه‌م به هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆژ به ڕۆژ بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ، جه‌ماوه‌ر، له یوناندا به‌هێز تر ده‌بێت به له ده‌ستدانی باوه‌ڕ به سه‌رجه‌می سیاسیه‌کان چ له یۆنان و چ له ئه‌وروپادا ، هه‌م به‌گرتنه‌به‌ری چالاکی ڕاسته‌و خۆ که ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ده‌سگه خزمه‌تگوزارییه‌کان و بانق و کارگه‌و شوێنه‌کانی تر ده‌خاته پلانی کارکردنه‌وه، چونکه ئه‌م جۆره چالاکیانه کاریگه‌ره‌و له بره‌ودایه و له هه‌فته ی ڕابوردووه‌وه ده‌ستی پێکردوه ئه‌ویش له ده‌ست به‌سه‌راگرتنی خه‌سته‌خانه‌ی گشتی کلیکس، Klkis ، له ئه‌سینا و دواتریش به‌شێکی په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندان که له‌لایه‌ن کارمه‌ند و کارگه‌رانی ناو خۆیانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی که گروپی لۆکا‌ڵی یه‌کجار زۆر بۆ مه‌به‌ستی جیاجیا له یۆنان‌دا دروست بووه.
شۆڕش پاڵه‌وانه‌کان ده‌یکه‌ن، گه‌مژه و گه‌نده‌ڵه‌کان به‌رهەمه‌که‌ی ده‌خۆن
ئه‌نوه‌ر فه‌تاح محه‌مه‌دئه‌مین
وردبونه‌وه‌یه‌ک له رووخاندنی ئه‌م رژێمانه‌ی میسر، تونس، لیبیا‌و عێراقیش. ئه‌بینین که خه‌ڵک دێته سه‌ر شه‌قاماکان و خۆیان به‌کوشت ده‌ده‌ن و داوای ڕوخاندنی سه‌رۆکی ڕژیم ده‌که‌ن، واده‌زانن که ئه‌و سه‌رۆکه روخا له دوای ئه‌و که‌سێکی تری فه‌رمانره‌وا دیت ئیتر هه‌موو گیروگرفته‌کانی خۆپیشانده‌ر له ته‌وته‌می عەقڵیا حه‌ل ده‌کات.
به‌شی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه ناموو بێئیراده کراون، مه‌ستبوونیان به فکری دینی و قه‌ومی یان فکری گاڵته‌جاڕی دیمۆکراتخوازان. به‌جۆرێک ئاگایان له برسێتی خۆشیان نه‌ماوه، بوونه‌ته یان کراونه کۆیله‌ی شیعاری به‌تاڵی حیزبایه‌تی،خه‌ڵکی کراوه به ئاله‌تێکی قورمیشکراوی حیزبی و کاری خۆبه‌خشی کۆیلایه‌تی به‌به‌رداکراوه، بۆته ئامڕازێکی سودمه‌ند بۆ نوخبه‌یه‌کی سیاسی، که ئه‌و نوخبه‌یه‌ش ئه‌و بزوتنه‌وانه ده‌که‌نه ئامرازێک بۆ ئه‌وه‌ی به په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ربکه‌ون و له بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیه‌وه که له سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتدان ببنه ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌مان دامه‌زراوه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی رژیمی پیشوو به‌کار بهیننه‌وه بۆ لیدانی خه‌باتکه‌رانی ئەمڕۆکە به‌بیانووی درۆینە و روکه‌شانه‌ی دروستکراو و ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی که پیش‌تر دوایان که‌وتبوون بۆ وه‌ده‌سهینانی کورسی ده‌سه‌ڵاتیان ، ئیستا له مه‌حکه‌مه‌ی شۆرشدا به‌سزای گه‌ل و میله‌تیان ده‌گه‌یه‌نن و ئەو میله‌ته‌ش که به‌ده‌ست بازرگانانی خوینه‌وه بێهۆشکراوه و کراوه‌ته خوێنه‌خۆر و خوێنی خۆی ده‌خواته‌وه.
ئه‌م باسه‌ی که من کردومه به‌ده‌ها جار زیاتر تکرار بۆته‌وه، من لیره‌دا نامه‌وێت ئامۆژگاری که‌س بکه‌م، به‌ڵکو من ئه‌م واقعه ئاوا ده‌خوێنمه‌وه، هه‌ڵبه‌ته خه‌ڵک که به‌شداری بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ده‌کات له‌پیناو باشکردنی ئاستی ژیانێتی، واته بزوتنه‌که ناوه‌رۆکێکی چینایه‌تی هه‌یه و زۆرینه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وانه ئه‌نجامێکی پێچه‌وانه‌یی پێ هاتۆته‌دی له جیاتی قوربانیه‌کان که بونه‌ته‌سوته‌مه‌نی بزوتنه‌وه‌که سودمه‌ند بن، جه‌لاده‌کان خۆیانیان پێ تازه ده‌که‌نه‌وه، شـمشێڕی زوڵمی تیا تیژ ده‌کرێته‌وه بۆ ملی خه‌ڵکانی دژ به ده‌سه‌ڵآت. ئه‌وه‌ی که‌پێی ده‌وترێ به‌هاری عه‌ره‌بی یان کوردی له بیبه‌ختیدا ئه‌وه‌ی دواییان بوو، که ئاراسته‌که‌ی بۆ جیگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بوو و گۆڕینی ده‌مامک نه‌ك ماف و نان .
هیوم، فه‌یله‌سوفێکی ئینگلیزه ده‌ڵێ: ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌سته به ملکه‌چکردنه‌وه، ملکه‌جکردنیش په‌یوه‌سته به سودمه‌ندیییەوه،ئه‌و که‌سه‌ی له‌پێناو سودێکی که‌مه‌وه خۆی ملکه‌چکردووه به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێت یان شتێکی تر ئه‌وا ئه‌و که‌سه نامۆ بو ئیراده کراوه و وا تێگه‌یه‌ندراوه که له گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتێک بۆ یه‌کێکی تر ئوتوماتیکی چی چه‌وسانه‌وه‌یه له‌سه‌ری نامێنی وه‌ک گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سونه بۆ شیعه، عه‌ره‌ب به کورد ،ڕژێمی حوسنی موباره‌ک بۆ ئیخوان موسلمین، یان ئوپۆزسێونێکی تر له‌هه‌ر به‌رگ و پۆشاکێکدا بێت. ئیتر ئه‌وه‌ی له مێژوو نه‌گات مێشکی ده‌بێته زبڵخانه‌ی فکری حیزبی و ژیانیشی ده‌کرێته ژیانی بێهوده و سه‌گ مه‌رگی.
کاری ئوپۆزسیونی حیزبی ئه‌وه‌یه که جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیکی شلۆق و پەککەوتەیە که نه‌توانێ خزمه‌ت به سسته‌می به‌رهه‌مهینانی سه‌رده‌م بهێنێ به‌شێوه‌یه‌کی کارا و ئه‌م ئۆپۆزسیونه‌یه ده‌یه‌وێت ببێته نوێنه‌ری سسته‌مه‌که له دووتوێی سودمه‌ندی نوخبه‌وه ( کۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێرراو بۆ ده‌سه‌ڵات)
محه‌مه‌د ئاراگۆن ده‌ڵێ: حیزبی فه‌رمانڕه‌وا یان ئه‌و حیزبه‌ی ده‌خوازێ شوێنی حیزبی فه‌رمانره‌وا بگرێته‌وه، ئه‌وا به‌زه‌روریه‌ت پڕۆسه‌یه‌ک له پڕۆسه‌کانی شاردۆته‌وه و په‌رده‌پۆشی کردووه، ده‌مامک به‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی شته‌کاندا ده‌کات و له واقعی مێژوویی دایانده‌بڕێ.
حیزبه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیا سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی تاڵان ده‌که‌ن و ده‌یکه‌ن به‌گه‌رووی خۆیان و خێزانه‌کانیاند او واش له خه‌ڵکی بێ ئاگا ده‌گەیێنن، که ئەگەر ئه‌وان (نوخبه) نه‌بێت نه‌ک گورگ، رێوتش میله‌ت ده‌خوا، به‌ڵام حیزب به‌ناوی ڕزگارکردنه‌وه ، میله‌ت کۆیله ده‌کات و خه‌ڵکیش هه‌یه دیفاع له کۆیله‌یه‌تی خۆی ده‌کات.
نیتشه ده‌ڵێ: ئه‌وانه‌ی دژی درنده‌کان ده‌وه‌ستن و جه‌نگیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن نابێت له ئاکامدا خۆیان ببنه دڕنده. من پێم وایه حیزب ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدایه و یان به‌ته‌مای ده‌سه‌ڵاته شه‌ڕ له‌سه‌ر کێکی ده‌سه‌ڵات و به‌شی گه‌وه‌ره ده‌که‌ن و خۆیان به مرۆڤی مه‌زن ده‌زانن و هەره بۆیه‌ش به‌شی مه‌زنیان گه‌ره‌که. ئه‌و ئۆپۆزسیونه‌ی که دێته سه‌ر حوکم وه‌کو ده‌سته‌براکانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ره‌ی خۆده‌زانێ که سه‌ره‌یه‌تی له‌و راوروت و تاڵانییەی که نوێنه‌رانی میله‌ت لێی بەهرەمەندن، ده‌بێت لێی بێبه‌ش نه‌بێت و نه‌کرێت.
با بێمه سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ که‌س ده‌ڵێن یان گه‌ره‌کیانە له ڕێی په‌رله‌مان و مه‌جالسه‌کانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاته‌وه یان ئه‌م نقابه و ئه‌و نقابه و دامه‌زراوه‌کانی سێبه‌ری حوکمه‌تی ده‌سه‌ڵاتداردا ماف و نان بۆ خه‌ڵکی په‌یدا بکه‌ن، ئه‌وانه ته‌نها خه‌ڵک یه‌کسان ده‌که‌ن به خۆیان و له جیاتی خه‌ڵک، به‌شه‌کەی خه‌ڵکی ده‌خۆن، که ئه‌وه‌ش چڵکاوخۆری و کاسه‌لێسییه به‌ڵام تواناکه‌ی ئه‌و دامه‌زاوانه بای ئه‌وه‌نده‌یه له‌به‌رده‌م پشکی مام شێر و پڵنگا. جا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که ئاوات و هیواکانی ده‌به‌ستیته‌وه به‌و دامه‌زراوانه‌وه که شایسته‌ی هیچ نین ،فریو ده‌خۆن و ده‌کەو‌نه سێبه‌ری که‌سانی دۆراو و فێڵبازانه‌وه. ئه‌و دامه‌زراوانه کاریان ڕاکێشانی خه‌ڵکی نائاگایه بۆ سێبه‌ری هه‌وانته‌چییه‌کانی ده‌سه‌ڵآت و خه‌ڵکی ملکه‌چ بکه‌ن بۆ سه‌رۆکی که‌ڵه‌گا، له‌ژیر دروشمی به‌تاڵ و به‌رنامه‌ی ناڕۆشن و تێکئاڵاودا. من ده‌ڵێم پێویسته ئه‌و خه‌ڵکانه که که‌وتونه‌ته دوای حیزبایه‌تی و ریابیکرێنه‌وه، دەرچوونیان له‌و نامۆییه‌ی که تییکه‌وتون که ئه‌وه کاری مێژوو ده‌بێت، له‌بری ئه‌وه له ده‌وری داواکارییه ئابووریی و کۆمه‌ڵاییه‌تیه‌کانی خۆیان کۆ ببنه‌وه و له ڕێکخراوێکدا خۆیان ڕێک بخه‌ن که خاوه‌نی ده‌نگ و ماف و ئیراده‌ی خۆیان بن و سه‌رکرده و بنکرده‌ی نه‌بێ، به‌وه‌ش کۆیله و کرێگرته‌ی تێدانابێ ، ده‌بێت هه‌رکه‌سه خاوه‌نی خۆی و چاره‌نوسی خۆی بێت و له وه‌ش بگات که‌س ناتوانێ که‌سیکی تر رزگار بکات یان له نامۆی ده‌ریبهێنێ ، ئه‌گه‌ر رۆڵی مێژووی خۆی نه‌دۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ش مێژوو واته چالاکی ژیانی رۆژانه و داواکاریه‌کانی ده‌تگه‌یه‌نێته ئه‌و قه‌ناعه‌ته. ئایا ئه‌و ڕێکخستنه وه‌کو ریکخستنی حیزبه لینینیه‌کانه؟ هه‌ڵبه‌ته پێشتر له‌وه دواوم لێره‌دا دوباره‌ی ناکه‌مه‌وه ، نه‌خێر وه‌ڵامه‌که‌یه‌تی . چونکه حیزب کۆیله دروستده‌کا ت و به‌شه‌ر رزگار ناکات، سه‌رۆک به‌هۆی حیزبه‌وه ده‌بێته خاوه‌ن سه‌روه‌ت و سامانێکی مه‌زن هه‌ر له‌وێشه‌وه چه‌وسانه‌وه زیاتر ده‌بێت.
ئه‌نجلس ده‌ڵێ که‌سانی خێڵ راوروتیان له‌لا ئاسانتر و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌تره له‌کاری به‌رهه‌مهێنان. بۆیه زۆر ئاساییه له کۆمەڵگەی خێڵەکیدا خه‌ڵک له ده‌وری حیزب کۆببێته‌وه، ببیته که‌ره‌سه‌یه‌کی سه‌رکوتکه‌ریش له‌سایه‌ی ئه‌و حیزبه‌شدا، وه‌کو هیگڵ ده‌ڵێ ده‌سه‌ڵات سه‌ربه‌ستی خه‌ڵکی تر ره‌فز ده‌کات تا سه‌ربه‌ستی خۆی بپارێزێ ، بۆیه حیزب که پاره‌ی گه‌یشته ده‌ست زیاتر خه‌ڵک ده‌خه‌نه سه‌رچۆک بۆ کڕنوشبردن بۆ عائله‌ی فه‌رمانڕه‌وا که‌چی که‌سانێك هینده نائاگان، به قسه‌ی خۆش و ئامۆژگاری ده‌یه‌وێت به‌گورگ بڵێ گؤشت مه‌خۆ، نازانێ ده‌ست هه‌لگرتنی ده‌سه‌ڵات له گه‌نده‌ڵی و کۆیله‌کردنی خه‌ڵکی مانای نه‌مانێتی.
که ده‌سه‌ڵات وه‌عدی درۆ به‌خه‌ڵک ده‌دا و وته‌ی نامه‌عقول به میله‌ت ده‌ڵێت، ئەوانه‌ش که ده‌ڵێن ئیمه هه‌موومان یه‌ک میله‌تین به‌وه یه‌عنی هه‌موو جیاوازیه‌کانی کۆمه‌لگا مه‌حف ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی دکتاتۆریه‌ته ، من ده‌ڵێم چۆن زەرورەتی مێژوو سیسته‌می خێڵایه‌تی تێکشکاند ئاوا ده‌بێت خه‌ڵكی حیزب تیکبشکێنێ یان ژیانی ئاسووده بونی نییه.دیمکراتییه‌ت له‌م سسته‌مه‌دا بۆته درۆیه‌کی زه‌ق و ئیسک قورس، به‌جۆرێک په‌رله‌مان بۆته به‌شێکی ته‌واوی جهازی داپڵۆسیین، خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێک نامۆ و نابینا نه‌بێ ناتوانێ خۆی له‌و ڕاستییه لابدات. بۆیه به‌هاری عه‌ره‌بی و کوردی به‌هاری ده‌سه‌ڵاتدارانه و پاراستنی جهازی داپلۆسینه.ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یر بکه‌ین که‌س داوای لابردنی دامه‌زراوه‌کانی قه‌مع و ئیرهاب و حوکمی ئیعدام و به‌دادگایکردنی قه‌سابه‌کانی کۆمه‌ڵ نه‌کردووه و ناکات، هه‌ر له‌وه ده‌چێ که زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ حه‌زیان به‌قامچی لێدان و دارکاری جه‌ڵاده‌کان بێت . هه‌ڵبه‌ته مێژوو شتی باشتری له هه‌گبه‌که‌یدا هه‌یه که کۆمەڵگە به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی تر به‌رێت ئیتر له کۆمۆنه دروستکردن بێت یان ڕێکخستنی خۆجێیی (لۆکه‌ڵ گروپ) که کاری ته‌نها داواکاری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه مه‌به‌ست ئه‌مه‌ی دواییانه ، ئه‌و ڕێکخستنه‌ی که من به‌ڕاستی ده‌زانم پێوستی به ڕسته‌و و ده‌سته‌واژه‌ی شادیهێنه‌ر و قه‌شه‌نگ نییه به‌ڵکو ڕسته‌ی ساکار و مانابه‌خش و میکانزمی عه‌مه‌لی ئه‌وێت، که وه‌ک مۆم به‌رده‌مان ڕۆشن کاته‌وه، که وازی له ملکه‌چی گوتاری رابردوو هێنابێ و توانای حه‌لی گیروگرفتی ژیانی خه‌ڵکی پێبێت، به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه که ته‌نها نوێنه‌ری چینی مشه‌خۆری کۆمەڵگەن، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م وتانه‌ش ده‌چنه خانه‌ی مردوانه‌وه ئه‌گه‌ر کۆمەڵگە و میژوو نه‌یکاته به‌شێك له بیکردنه‌وه‌ی خۆی.
ئاشکرایه حقیقه‌ت هه‌مووی لای چه‌ند که‌سێك نییه ، به‌ڵام ئه‌وه‌م له‌لا ئاشکرایه که گره‌وی ریکخستنی حیزبایه‌تی ته‌نها فریودان و کۆنترۆڵکردنی خه‌ڵکه، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی نوخبه‌دا که ئه‌وانیش هه‌زاره‌ها بیری به‌د له‌ژیر په‌رده‌ی گوڵینیدا له کاردایه بۆ لێدان و دارکاری دواتری هاتنه سه‌ر حوکم، خەڵکانێکیش هەن هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش ده‌زانن به‌ڵام هێشتا دیفاع له کۆیلایه‌تی خۆیان ده‌کەن.
هیگڵ ده‌ڵێ: به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی کۆیله‌یه‌ک ، وه‌کو زاتێک جارێکی تر خۆی بخاته‌وه ناوجه‌نگه‌وه و سه‌ربه‌ستییه‌که‌ی له خاوه‌نه‌که‌ی وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌م به‌ئاگاهاتنه‌وه‌یه هه‌موو جارێك ببێته بنچینه‌یه‌ک بۆ شۆڕش و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێکی تر، زۆرجار کۆیله ئه‌م ڕاستییه ده‌زانێ به‌ڵام هێشتا غه‌ریزه‌ی ژیان به‌سه‌ریا زاله و له مردن ده‌ترسێت …کۆیله‌که ده‌یه‌وێت خۆی له‌و لێپرسینه‌وه مێژوویه بدزێته‌وه و به‌شوێن بیانودا ده‌گه‌ڕێ، که شؤڕش له‌پێناوی سه‌ربه‌ستیدا پێوێست نییه.

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.