ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی دەھەم

ھەژێن :

دەوڵەتی نەتەوەیی، ئاڵۆزترین پێکهاتەی سیاسیی بوو کە دەبووایە نەک تەنها پاشماوەکانی دەسەڵاتی فیوداڵی پێڕابماڵێت، بەڵکو دەبووایە وەک شمشێرێکیش بەسەر ئەو چینە نوێیە [ پرۆلیتاریا ]وە ڕایبگرێت کە تازە لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا گەشەیکردبوو. ” [تاھیر ساڵح]

لێرەدا زۆر  بە سەلیقە و وردەكارییەوە، پێناسەی دەوڵەتی نەتەوەیی یا ھاوچەرخت كردووە و دێوجامەكەیت داماڵاندووە و  ھیچ بوارێكت بۆ خۆشباوەڕیی بە دەوڵەت و  نەتەوەییبوونی دەوڵەت نەھێشتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە  من لەم وەڵامانەی دواییتدا ناكۆكیی و دوو بۆچونیی دەبنم، لەوێدا كە ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ لەتەكماندا دەكەوێتە گفتوگۆ، بەتەواوی دەست بۆ كردنەوەی كرێكوێرەكان دەبەیت، بەڵام لەو ڕستانەدا كە ھانا بۆ ماركس و  ئەنگلس دەبەیت، كە لەجیاتی خۆت گفتوگۆمان لەتەكدا بكەن، نەك ھەر دژی خۆت دەوەستیتەوە، بەڵكو  خۆت لەبیردەكەیت، كە لە ساڵی ٢٠١٣دا دەژیت و ئەزموونەكان دێوجامەی شۆڕشگێڕبوونی دەوڵەت و پارت و  بۆرجوازییان شندڕ وندڕ كردووە. ئەگەر تەنیا ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ لەم وەڵامانەی دواییدا بدوایە، بەدڵنیاییەوە منیش زۆر ناچار بە وەڵامدانەوەی باسی لاوەكی نەدەبووم و زۆرتر لەسەر  چارەسەر و ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەت دەوەستام، كە خواست و پرسیاری تۆ و  ھاوڕێ فوئاد بوو لە سەرتایی ئەم مشتومڕەدا.

بەڵام لەبەر ناكۆكیبووونی چەمكی شۆڕش و شۆڕشگێریی لە بۆچوونەكاندا، كە لەلای من شۆڕش واتە لەنێوبردنی سەروەری چینایەتی، لەلای تۆ بەپێی ڕستەكانت دەكاتە گۆڕینی سەروەری چینایەتی چینێك بە چینێكی دیكە، بۆیە لە ڕستەكانی دواتردا، كە بۆرجوازی دەكەیتە سۆپەر شۊڕشگێڕ، دیسانەوە، لەتەك ئەو بۆچوونەت، كە ‘ یاسای گەشەكردنی مێژووی مرۆڤایەتی لەدەرەوەی ویست (ئیرادەی) مرۆڤەكان’ دادەنێت، دەكەویتە ناكۆكی و  بۆرجوازی بەسەر ئەو یاسایەدا زاڵدەكەیت، واتە دەیكەیتە سەرنشینێكی ڕۆڵدار و بڕیاردەر! دەكرێت من لە مەبەستی تۆ تێنەگەییشتبم، بەڵام بەپێی تێگەییشتنم، بەو سەرەنجامە دەگەم، كە دوو بۆچوونی ناكۆك بە درێژایی وەڵامەكانی ئەم دواییە دێن و دەڕۆن، وەك وتم كاتێك كە خۆت قسەدەكەیت، مرۆڤەكان، مێژوو ئاراستە دەكەن و كاتێك ھاوڕێیان ماركس و ئەنگلس قسەدەكەن، ڕۆڵەكە لە مرۆڤەكان دەستێنیتەوە و بە یاسا سەروو مرۆییەكەی دەبەخشیت. ….

ھاوڕێ، دەبێت بمبەخشیت، كە بڵێم، بەتەواوەتی دوا ڕستەی ئەنجامگیریی “گۆڕانی شێوەی بەرھەمھێنانی سەرمەیداری بۆ شێوە بەرھەمھێنانی كۆمونیستی” تێناگەم یا تێنەگەییتم، چونكە نازانم ھەڵەی داڕشتنی ڕستەكەیە یا دروستی ڕستەكە و دێژەدانەوەیە بە بێڕۆڵی و بێویستی تاك و چینەكان؟

من لەوەدا ھاوبۆچوونتم، كە لەچاو سیستەمی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی، سیستەمی سەرمایەداری ئاڵۆزترین سیستەمە كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیبێتی، بەڵام ئەو یاسا كوێرانەیە، كامەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵات و ویستی چینی بۆرجوازیدا، خۆی بەسەر دەسەڵاتەكەیدا سەپاندووە؟ ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پەرەگرافەكانی پێشوو و پرسی یاساكانی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی و گۆڕانی سیستەمەكان، ئەوا جارێكی دیكە دژی ویست و شۆڕشگێڕبوونی بۆرجوازی دەوەستیتەوە و بۆرجوازیش وەك پرۆلیتاریا دەكەیتە ڕۆبۆت و كۆیلەی یاسای كوێرانەی گەشەی مێژوو و ھەموو لێپرسراوەتییەكی مێژوویی لێدەستێنیتەوە و  لە قەفەزی تاوانباریی بەرامبەر مرۆڤایەتی ڕزگاری دەكەیت. وەك وتم من ئاوا لەم پەرەگرافە تێدەگەم، ئەگەر ئاوا نییە، تكایە لە درێژەی مشتومڕەكەماندا ڕۆشنی بكەرەوە.

ھەروەھا بێجگە لەوە لە ھەمان پەرەگرافدا، بەپێچەوانەی سەندنەوەی ڕۆڵ و ویست لە بۆرجوازی، بەرھەمھێنانی كۆمونیستی دەكەیتە فەرمانێكی بێچەندوچوون، ئایا ئەو بێچەندوچوونییە (حەتمیەتە) لە كوێوە سەرچاوەدەگرێت؛ لە یاسای كوێرانەی گەشەی مێژوو یا لە ناچاریی شۆڕشی كۆیلانی سەرمایەداری؟ ئەگەر وەڵام، یەكەم بێت، ئەوا ئەمە بۆچوونێكی دیتێرمینیستی گەشەی ئابووریی و  ملكەچی تاكەكانە بۆ ئەو گەشەیە و نە بۆرجوازی ڕۆلی لە گۆڕانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا ھەبووە  و لە پرۆلیتێرەكانیش دەتوانن ڕۆلیان لە سەرھەڵدانی بەرھەمھێنانی كۆمونیستیدا ھەبێت!

بەڵێ ھاوڕێ تاھیر، دەوڵەت ئەوەیە كە تۆ باسی دەكەیت و زیاتریش، بەڵام جارانیش ھەمان شتبووە و  ھەر ناوەڕۆكە چینایەتییەكەیەتی، كە ئەو بوونە ئەختەبوتییەی پێبەخشێوە، خۆ ئەگەر دەوڵەت، ئاوا كە لایەنگرانی پاگەندەی بۆ دەكەن، بێلایەن بووایە، بەدڵنیاییەوە دەبوو شەڕی زۆرێك لەو ھێزانەی بكردایە، كە تۆ ناوتھێناون. لێرەدا زۆر بەجوانی خەڕێكی كڕۆكی دەوڵاتمان بۆدەخەیتەڕوو، ھۆیەكەشی ئەوەیە، كە خۆتی قسەدەكەی، بەڵام كە دەكەویتە ھەوڵی خۆگرێدانەوە بە بەجێماوەكانی نێو پەرتووكەكان، دیسان ناچار دەبیت، ئەو خودای خراپەیە، كە لە لەنێوبردنیدا ڕزگاری مرۆڤایەتی دەبینی، دووبارە زیندووی بكەیتەوە، بە یاسای دۆناودۆن  بیكەیتە نێو جەستەیەكی پاكژ و  چاكەكاری پێدەسپێریت. ئیدی من لێرەوە لەتەك تۆدا نایێێنم، چونكە من خەڕێك دەبم، كە ئامادەكاریی بۆ كۆمەڵگەی نوێ، لەنێوبەری دەوڵەت بێت، نەك پاش لەنێوبردنی دەوڵەت، ئینجا بۆ پێكھێنانی یەكەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو، بكەومەخۆ.  بەبۆچوونی من، ھۆكاری ئەوەی كە تۆ یا ھاورێیانی ماركسیست ناچار بە زیندووكردنەوەی گیانی خراپەكاری دەوڵەت لەنێو جەستەیەكی پاكژدا دەبن، ئەوەیە كە تاكە ژێردەستەكان بۆ سەربازبوون لە پارتی پێشرەودا بانگەوازدەكەن و ھەموو ڕۆڵێكیان جەنگكردنە بۆ پلانەكانی پارت و كاتێك كە دەوڵەتە بۆرجوازییەكە دەڕوخێنن، خودی سەربازەكان لە تاكە بۆرجواخوازەكان خراپتر، ھیچ ئامادەییەكیان بۆ كۆمەڵگەی نوێ نییە و بەھەمان كولتوور و ڕاھاتنی جاران، زۆر ئاسایی دەبنەوە ھاوولاتی نادەربەست و ژێردەستی دەوڵەت، وەك وتم كاتێك كە ھیچ ئامادەكاریییەك بۆ كۆمەڵگەی نوێ چ بە پەروەردەی تاكی سۆشیالیست و چ بە ڕۆنانی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییە سەربەخۆكان و چ بە بەجێخستنی ھەروەزی و خۆبەرێوەبەرایەتی بەكۆمەڵ لەنێو ئەو تاك و گروپانەدا نەكردبێت، نەك مەترسی گەڕانەوەی بۆرجوازی بۆ دەسەڵات چ بە كودەتای سەربازی و چ بە فریودان و وروژاندنی كۆنەپەرستی ئایینی و ..تد، زۆر نزیكە، بەڵكو  بێجگە لە قوتكردنەوەی دەوڵەت وەك ڕێكخستنی قوچكەیی و  كۆیلەڕاگری دانیشتووان، ھیچ چارەیەكی دیكەت، نابێت.

گرفتەكە لەوەدایە، كە ئێوە ھاورێیانی ماركسیست، بە ھەمان شیمانەی ڕوخاندنی دەوڵەتی بۆرجوازی بەھۆی سەركردژایەتی پارتی پێشڕەو و پاشڕەویی پڕۆلیتێرەكان و دۆشدامان لە دووڕیانی گەڕانەوەی بۆرجوازی یا سازكردنی جەستەی پاكژ بۆ گیانێكی شەڕەنگێزدا دۆشدادەمێنن. ھەر ئەو دۆشدامانەش بوو، كە ئاوای لە بۆلشەڤیكەكان كرد ڕەوایەتی بە سەركوتی ھاوڕێكانی خۆیان بدەن.

ھاوڕێیان، بەداخەوە لەبەرئەوەی كە ھزری ئەناركی لە سەرچاوەی یەكەمەوە لە پەرتووكخانەی كوردیدا بوونی نییە، ھەرچەندە دەزانم  ھاوڕێ تاھیر تۆ ھەم فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی دەزانیت، بەڵام لەوە ناچێت ئارەزوومەندیت لە خوێندنەوەی  بۆچوونە ئەناركییەكان ھەبێت، ئەگینا دڵنیام ئەو بۆچوونەت نەدەبوو، كە ئەناركییەكان بەبێ ڕێگەچارە و ئەڵتەرناتیڤ، خوازیاری لەنێوبردنی دەوڵەت بن. لێرەدا بۆ یەكەم جار ،ناچار دەبم وتەی ھاوڕێیەكی ئەناركی (ئێڕێكۆ مالاتێستا) بھێنمەوە، چونكە قسەی خۆم نییە. مالاتێستا دەڵێت ” ئەگەر ھەر ئەمڕۆ بەبێ ئامادەكاری و ئامادەبوونی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێكخستن و دەزگە بۆرجوازییەكان، دەوڵەت، پۆلیس، پۆست، …تد لەنێوبەرین، كارەساتێك ڕوودەدات، چونكە تاكی گۆشەكراو بەم دەزگە و ڕێكخستنانە، توانای دەركی كۆمەڵگەی ئەناركی نییە…… ” . بەڵێ وەك ئەو دەڵێت، پێویستە ھەنگاوی یەكەم، لەنێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵكیدا، خەڕێكی ئامادەكردن و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤەكان بین، كەی توانیمان ئەوە بكەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە پێداویستی دەوڵەت و ڕێكخستنی بۆرجوازی نامێنێت و ڕوخاندنی ھەر زۆر ئاسان دەبێت. ئەمە ھەر ئەو پلەی گەشەكردنەیە، كە ھاورێ تاھیر باسی دەكات، بەڵام وردی ناكاتەوە.

من ناتوانم مل بە كۆیلەتی كرێگرتە نەدەم، ئەگەر ھەرەوزەییە سۆیالیستەكان ھەر ئەمڕۆ ھەلی سەربەخۆبوونم بۆ نەڕەسخێنن، چونكە زینوومانەوە و  ناچاریی ژیان، بەرەو چوونەوە سەركاری كۆیلەگەرانە بەڕێمدەكات. من ناتوانم پۆلیس ڕەتبكەمەوە، ئەگەر پێكھاتەیەكی كۆمەڵایەتی جێگەی ئەوی نەگرتبێتەوە و ئاساییشی ھەمووان نەپارێزێت ! ھەر بۆیە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە  قوچكەییە (ھەرەمی/ ھیرارشی)یە، پێویستمان بە ھوشیاربوونەوە و  پەروەردەی  ئەو تاكانەیە، كە ژیان لە سایەی وەھا سیستەمێكدا بۆیان ئەستەمە. بەڵام كاتێك كە تۆ لە سیستەمی قوچكەیی پارتدا تاكە ناڕازییەكان بەھەمان ڕێكخستنی قوچكەیی چینایەتی ڕێكدەخەیتەوە، ئیدی لۆجیك سەرەنجامی كارەكە بەرەو پێداویستی نۆژەنكردنەوەی دەوڵەت دەتبات. چونكە تەنانەت سەربازەكانی پارتیش پێویستیان بە دەزگەیەكی سەركەوتگەری وەك دەوڵەت ھەیە، ئەگیا وەك دڕندە بەردەبنە گیانی ژێردەستەكانی كۆمەڵگە، ئیدی با ھێزە تێكشكاوەكانی بۆرجوازی لەولاوە بوەستن. من بەتەواوەتی لەوە تێدەگەم و دەركی دەكەم، كە بۆ ئێوە ناتوانن دەركی كۆمەڵگەی ئازاد لە دەرەوەی دیوارەكانی ئەم زیندانەوە بكەن، چونكە سەرەتا دەزگەیەكی قوچكەیی وەك پارت دەكەنە كەڵەگا بەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستییەوە و پاشان بەبێ پەروەردە و  جێخستنی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالسیتی لەم كۆمەڵگەدا، دەتانەوێت بە شەورۆژێك بە پلانە ئابووریی و ڕامیارییە زۆرەملێییەكانی پارت، سۆشیالیزم بەرپابكرێت، ھەر بۆیە لەوەھا بارێكدا بەبێ دەوڵەت، نە سەپاندنی پلانەكان مەیسەر دەبێت و نە ڕاگرتنی تاكە بۆرجوازییە حەپەساوەكانی پاش ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازی ئاسان دەبێت. بەڵام تۆ وەرە لەبری پارت، رێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لە شوێنی كار (كارخانە و كیڵگە) و خوێندن و فەرمان و نیشتەجێبووندا وەك فێرگە و پەروەردگەی سۆشیالسیتی و ئامرازی خەباتی ڕۆژانە، ھەرەوەزییەكان لە بواری پێشەسازی و كشتكارییدا وەك نموونەی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەرە سەنگەری ئازادكردنی تاك لە كاریكرێگرتە، بزانە چۆن سیستەمی چینایەتی سەرمایە لەبەردەم گۆڕانی پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ھوشیاریی تاكی ئازادیخواز و سۆشیالیستدا دەبیێتە ئەو  شتە زیادەیەكی كە كۆمەڵگە وەك كاژێك ناچار بە فریدانی دەبێت و  بزانە وێناكردنی كۆمەڵگەی سۆسیالستی پاش نەمانی پێداویستی دەوڵەت و سیستەمی بۆرجوازیی، چەندە ئاسانە و ڕۆنانی زۆر بە ئاسانی لە توانای تاكە ئامادەكانی ئەو كۆمەڵگە نوێیەدا ھەیە و دەبێت!

بەڵێ، تا ئەو كاتەی كە كۆمەڵگە ئەو ئامادەیی پەیدانەكردبێت و  تاكەكان بەو جۆرە خۆیان پەروەردە نەكردبێت، ھەم سۆشیالیزم خەیاڵپڵاوییە و ھەم بوون و مانەوەی دەزگە بۆرجوازییەكان پێویستییەكی ناچاریی كۆمەڵگە دەبێت. بەبۆچوونی من، تا ئەو كاتەی كە ئەو ئامادەییە بۆ كۆمەڵگەی سۆشیالیستی نەبووبێتە ھەڕەشەی لەنێوبردن و ناپێویستكردنی سیستەمی سەرمایەداری، ڕێكخستنی بۆرجوازی لە ڕێكخستنی پارتی پێشرەوی كۆمونیستەكان بۆ كۆمەڵگە پێویستتر و ناچارییترە، بەڵام وەك سوشیالیستێك ئەگەرچی ھێشتاكە ئەو ئامادەییە لە قۆناخی كۆرپەلەیی خۆیدایە و لێرەو لەوێ لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا ھەرەوەزییەكان و ڕێكخراوە سەربەخۆكان وەك سەرەتایەك سەریانھەڵداوە و ھێشتا لە قوناخی ئاڵوگۊری بنەڕەتیدا نین، بەڵام بۆ تەنیا ساتێكیش نابێت لە دژایەتی دەزگە سەركوتگەرەكانی بۆرجوازی (ئەختەبوتەكەی دەوڵەت) بوەستین، ئەگەرچی ھێشتاكە لە نائامادەیی ژێردەستاندا بۆ لەنێوبردنیان، پێویست دێنەبەرچاو.

ھاوڕێ گیان، لەبەرئەوەی كە وەڵامەكان لەوە زیاتر درێژنەبنەوە، ناچارم خۆم لە وردەكاریی لەمەڕ كۆمونەی پاریس لابدەم و تەنیا ئەوەندە بڵێم، كۆمونەی پاریس ڕاپەڕیننێك بوو، كە نەھامەتی جەنگ و شكستی ھێزەكانی فەرەنسە لە بەبارمبەر  پروسەكاندا زەمینەیان ڕەخساند، ھەروەك ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر و  ئازاری ١٩٩١ی لای خۆمان بەرەنجامی شكستی جەنگبوون، دەزانم لە خوێندنەوەی ئەم ڕستانەدا، تا من ئەم ڕستەیەی دوایی بۆ زیاددەكەم، زۆر ھاورێ پەرێشان و دڵتەنگ دەبن، بەڵێ تەنیا ڕاپەڕینێك بوو وەك بەرەنجامی شكستی جەنگ، ھیچ ئامادەكارییەكی بۆ بنیاتنانی سۆشیالیزم نەبوو، جەماوەری ڕاپەڕیو وەك لە ھەموو ڕاپەڕینەكانی دیكەدا دوای قەرەباڵخی و زاڵی دەنگەكان كەوتن، كە لەو كاتەدا سۆشیالیستەكان (ماركسیستەكان، بلانكیستەكان، ئەناركیستەكان و زۆرێكی دیكە ھەرە دیارترینیان بوون) دەنگی زاڵ و  ھزری باوی كۆمەڵگە بوون و پاریس پەناگەی سۆشیالیستەكانی دونیا بوو، ھەروەك لە ڕاپەڕینی ١٩١٧دا زۆرینە دوای دەنگی زاڵكراوی بۆلشەڤیكەكان، لە ١٩٧٩ی ئێراندا زۆرینە دوای دەنگی زاڵكراوی ئیسلامییەكان و لە ئازاری ١٩٩١دا دوای دەنگی زاڵی ناسیونالیستەكان كەوت، ھەر ئاواش لە كۆمونەدا زۆرینە دوای سۆشیالیستەكان كەوت، بەڵام بەداخەوە لەبەر دوو ھۆ؛ یەكەم، نەبوونی ئامادەیی سۆشیالیستی بۆ وەڵانانی سەروەری و  تەریكەوتنەوەی ڕاپەڕینەكە لە پاریس و نەبوونی پشتیوانی، دووەم ئاگربەستی پروسەكان بۆ خۆسازدانەوەی لەشكری تێكشكاوی فەرەنسە بۆ سەركوتی كۆمونەی شۆڕشگێڕ، كە بۆی ھەبوو لە درێژەكێشان و مانەوەیدا، ڕاپەڕین ھەموو ئەوروپا بگرێتەوە و ئاگر لە سەراپای بوونی بورجوازی لە ئوروپا بەربدات. بەداخەوە ڕاپەڕین تێكشكاو و زۆرینەی جەماوەری ڕاپەڕیو  تێداچوو. بەڵام ئەگەر بھاتایە ھەلی بەردەوامی ھەبووایە و لەسەر مۆدێلەكەی بلانكییەكان بۆ سۆشیالیزم دەوڵەتیان دروستبكردایە، ئەوا شەڕەفی سەركوتگەرییەكانی پاش ١٩١٨ی بۆلشەڤیكەكان بەوان [بلانكییەكان] دەبڕا. لێرەوەیە كە تێزەكانی ماركس بۆ دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزم سەرچاوەیان بۆ سۆشیالیزمی بلانكییەكان دەگەڕێتەوە و ھەر ئەوەش بوو، كە لێنین و ترۆتسكی و ستالین و بۆلشەڤیكەكان لە ڕوسیەی پاش ١٩١٧ بە ئاگر و ئاسنباران پیادەیانكرد و ئەوەش سەرەنجامەكەی بوو، كە دیتمان و بۆ ئێمەش تەنیا خەم و شكست و ئەفسوسخواردنی بەجێھێشت!

ئینجا ھاوڕێ گیان، وەك تۆ دەوڵەتبوونی سۆشیالیزمت كردووەتە ناچاریی بۆ داھاتووش، من بۆ خۆم ئەگەر ھیچ ڕێگەیەكی دیكەم نەبێت و ناچاربم بە ژیان لەو دەوڵەتەدا، وەك ئەوەی تۆ زۆر بەدڵنییاوە دەڵێت سەرەنجامی ھەموو ھەوڵەكان ھەر دوڵەتیبوون دەبێت، ئەوا ھەر لە ئێستاوە من واز لە خەباتكردن بۆ شتێك كە بە ناچاریی سەرەنجامەكەی ھەر دەوڵەت و سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكیدا بێت، دەھێنم و لەبەرامبەر ئەو ناچارییەدا، ئازادییە ڕواڵەتی و سكبرسیبوونەكەی سەرمایەداریم لە سكتێربوونە زیندانییەكەی ئەو سۆشیالیزمە دەوڵەتییە پێباشترە، چونكە وەھا سۆشیالیزمێك [تكایە ئەمەم بە سووكایەتیپێكردن لێوەرمەگرە، چونكە فەرماندانەكەی تۆ بە مێژوو، بە وەھا دەربڕێنێك ناچارم دەكات] تەنیا بە (گاوداری و  جوجەسازی) دەبینم، كە ئاژەڵ و پەلەوەرەكان لەلایەن خاوەن و سەرپەرشتكارەكەیانەوە، مشەبوونی خواردنیان، بە مەرجی لەدەستدانی ئازادی بۆ دابیندەكرێت !

لێرەدا دیسان ناچارم بگەڕێمەوە سەر “یاسای كویرانەی دەرەوەی ویستی مرۆڤەكان” كە تۆ بە پاڵنەری گەشە و گۆڕانی مێژوویی دادەنێیت، كە بەو سەرەنجامەی گەیاندووی، دەوڵەتیبوونی سۆشیالیزم لە دەرەوەی ویستی مرۆڤەكانەوەیە و دەبێت ملی پێبدرێت، ئەگینا ڕۆنانی سۆشیالیزم ئەستەمدەبێت. كەواتە خودی سەرمایەداریش وەھا سەرەنجامێكی ناچارییە و  ئەو یاسا كوێرانەیەی سەرووی ئێمە سەپاندوویەتی و  دەبێت ملی پێبدەین و ئیدی بۆچی لە دژی خەبات بكەین و لەنێوبردنی دەوڵەتی بۆرجوازی لەپێناو چی و  چ سوودێكی ھەیە؟ ئایا ناكرێت ھەر بەپێی ئەو یاسا كوێرانە سەروو مرۆییە، دەوڵەتی بۆرجوازی خۆی بگۆڕێت بە دەوڵەتێك كە تۆ پاشگری سۆشیالیستبوونی بۆ زیاددەكەیت؟ خۆت دەزانیت من ھەم خوازیاری ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازیم و بەبێ ئەوە گەییشتن بە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بە خەیاڵ دەزانم، ھەم دژی دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمم، لەبەرئەوەی كە دەكاتەوە سیستەم و پێكھاتەی چینایەتی و سەركوتگەر؛ ئایا ئەو بۆچوونەی تۆ كە گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی ویستی كەسەكانەوە دادەنێیت و ھەرواش بەناچاری دەوڵەت بەسەر سۆشیالیزمدا دەسەپێنێت و پێماندەلێت، ھەرچی بكەین و بكۆشین، سەرەنجام دەبێت دەوڵەتمان ھەبێت، ئایا گۆڕانی بەرەبەرەی دەوڵەتی بۆرجوازی لە ڕوانگەی سۆشیالدێمۆكراتەكانەوە بەرەو دەوڵەتی سۆشیالیستی، كەتوارییتر و ئاوەزپەسندتر نییە، لەچاو ئەوەی كە دەوڵەتی سۆشیالیستی خۆبەخۆ بپووكێتەوە ؟

منیش ھاوبۆچوونتم، ئەگەر كۆمونەی پاریسی ١٨٧١ و  ئۆكتۆبەری ١٩١٧ بە ھەمان ساتی مێژوویی و بەھەمان ئامادەیی تاكەكان و لە كەشی تێكشكانی جەنگدا دووبارەببنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم جارە بەتەنیا وەك تراجیدیا دووبارە نابنەوە، بەڵكو گاڵتەجارانەتریش دەبن. بۆیە ئەگەر ئەو  بۆچوونەی تۆ “دووبارەبوونەوەی کۆمۆنەی پاریسێکی دیکە لە هەرشوێنێکی دنیادا، بە ناچاری هەمان تایبەتمەندی [ دەوڵەت بوون و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوون] لەخۆی دەگرێت. تۆ هەر ناوێکی دیکەی لێبنێیت، لە ڕووی کارکردەوە هەمان شتە. ڕێگای دووەم بۆ گواستنەوە لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم، جگە لە [دەوڵەتی پرۆلیتاریا ؛ یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]بوونی نییە” دروست و ناچاریی بێت، ئەوا بۆ مرۆڤایەتی، تێزەكەی سۆشیالدێمۆكراتی ئاوەزگیرانتر و كەم كارەساتبارتر دەبێت. لەبارەی ڕێگەی دووەم یا ئەڵتەرناتیڤی ئەناركییەكان لە ڕوانگەی منەوە [چونكە نازانم چەند ئەناركیست ئەم ڕوانگەیەی من پەسەنددەكەن] لەسەرەوە لەسەری دوام و لەو  بروایەشدا نیم تەنیا دوو ڕێگە ھەبن، چونكە دەكرێت ھەم ڕێگەچارەكەی تۆ  و ھەم ئەوەی منیش ھەڵەبێت و ڕێگەچارەی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەمیش ھەبن. تاكو ئێستا مێژووی ڕووداوەكان و ئەزموونەكان ھەڵەبوونی ڕیگەچارەی ھاوڕێیانی ماركسیستی سەلماندووە، ڕێگەچارەی ئەناركییەكانیش لە ھەنگاوناندایە بۆ خۆئامادەكردن و تاقیكردنەوە [ھەرچەندە خاوەنی چەند ئەزموومنی درەخشانە و وەك وتم ئەزموونی ئەناركییەكان لەنێوخۆرا كڕمۆڵنەبوون و نەپوكانەوە، بەڵكو بەھێزی سەربازیی تێكشكێندران، بۆیە تەنیا جوانییەكانمان دیتوون و نازانین چەندە سەركەوتوو دەبن، ئەگەر ھەلی پیادەكردنیان ھەبێت و لە ڕووی سەربازییەوە بتوانن بەرەنگاری ھێرشی دەرەكی دەوڵەتانی بۆرجوازی بكەن]، بەڵام وەك وتم سەركەوتنی ئەڵتەرناتیڤی ئەناركییەكان، بە ئامادەیی ھۆشی و  كردەیی تاكە ئازادیخوازەكانەوە پەیوەستە و بەبێ ئەوە، دەبێتە پلانێكی خۆشخەیاڵانە و بەس.

بەڵام ھاوڕێ گیان، لەبیرت نەچێت، كۆمونەی پاریس ئەوەندەی لەژێر كارایی ھزری ئەناركییەكاندا بوو، ئەوەندە لەژێر كارایی ھزری ماركسیستەكاندا نەبوو، ڕێكخستنی سۆڤیەتی یا كۆمونەیی پێش كۆمونە پێشنیاری ئەناركییەكان بوو لە نێونەتوەیی یەكەمدا، پیادەكردنیشی لە ڕاپەڕینی كۆمونەدا لەژێر ئەو كاراییەدا بوو، ھەروەھا بۆلشەڤیكەكان وەك بەڵگەنامەكانی خۆیان نیشانیدەدەن، بەناچاری دروشمی ھەموو دەسەڵات بۆ سۆڤیەتەكانیان بەرزكردەوە. لەتەك ئەوەشدا پێموانییە، كە دەبێت كۆمونە وەك خەلافەتی یەكەمی ئیسلامی لە مەكە و مەدینەدا بگەرێینەوە سەری، ھەرچەندە كۆمونەی پاریس یەكەمین بەرگرتنی ھەوڵی ئەناركییەكان دەژمێردرێت، بەڵام لەچاو ھوشیاریی ئەمڕۆی تاكە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان، زۆر سەرنجراكێش نییە و ئەگەر بەو ھەڕەمەكییەی ئەوسا بەتەمابین، كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بنیاتبنێین، ئەوا خاكبەسەر سۆشیالیزم. دەكرێت لە لایەنە پۆزەتیڤەكانیدا وەك ئەزموونگیری بگەڕێینەوە سەر كۆمونەی پاریس وەك یەكەمین ڕاپەڕینی پرۆلیتێری، بەڵام بۆ ئەمڕۆی سەردەمی جەنجاڵی تەكنۆلۆجیا و ئەنكەبوتی دەوڵەت و جیھانیبوونی بازار و گوندبوونی جیھان لە تۆڕێكی ئینتەرنێتییدا، لەو بڕوایەدانیم، كە زۆر كۆمەكگەربێت.

ھاوڕێ گیان، بەداخەوە پاش ئەوەی كە وەك ھاوڕێ تاھیری ٢٠١٣ ناوبەناو لێكدانەوەی دروست بۆ دەوڵەت و  دڕندەیی و جیھانگری سیستەمی سەرمایەداری دەكەیت، بەڵام زوو زوو دەگەرێتەوە سەر ئەوەی كە ماركس و ئەنگلس ١٤٢ ساڵ لەمەربەر چیانگوتووە. ئەمە مشتومڕەكە بەملاو و بەولادا دەبات و منیش ناچار بە درێژدادڕیی بێزاركەر دەكات، بروابكە ھەر ئێستا كە ئەم ڕستانە دەنووسم، خۆم لە ناچاریی دووبارەكردنەوەی ھەندێك شت بێزاربووم، ئینجا قوڕبەسەر خوێنەری ئازیز، كە ئەم ڕستانەی من دەخوێنێتەوە. بەڵام وەك وتم، ناتوانم خۆم لە وەڵامدانەوەیان لابدەم، چونكە قسەكردن و وەڵامدانەیان ھەم بە ھەندوەرگرتنی بۆچوونەكانی تۆیە و ھەم بەدڵنییاوە بێسوود نابێت و بەلایەنی كەمەوە، وەڵام و ئەرگومێنتێكی باشتر  لەلای تۆدا بەرامبەر من دەئافرینێت. بەڵام داواكارییەكی ھاوڕێیانەم لە تۆ و ھاوڕێیانی دیكەی ماركسیست ھەیە، كە بۆ ئەوەی مشتومڕەكە بابەتی لاوەكی لێنەبێتە و بابەتەلاوەكییەكان نەبنە بابەتی سەرەكی و بابەتە سەرەكییە دەوڵەت لەبیرنەچێتەوە، ھەوڵبدەن بۆچوونی خۆتان بكەنە وەڵام نەك ھێنانەوەی بۆچوونی ماركس و ئەنگڵس و دیگەران… وەك وتم تەنیا بە خاتری درێژنەبوونەوە و بەملا و بەولادا نەچوونی بابەتەكە و بەس، ئەگینا زۆرم پێخۆش دەبێت، ئەگەر ھاوڕێیانی ماركسیست نووسینەكان ماركس و ئەنگلس وەبگێڕن، بۆئەوەی ئێمەش ھەلی خوێنەوەیانمان بۆ بڕەخسێت.

درێژەی ھەیە ….

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a

بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t

بەشی نۆھەم : http://wp.me/pu7aS-19y

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان / بەشی نۆھەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی نۆھەم

 

ھەژێن :

ھاوڕێ تاھیر، ئەوەی كە لەنێوچوونی سەرمایەداری لە گرەوی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتییدایە، منیش ھەمان بۊچوونی تۆم ھەیە، بەڵام ناتوانم ناوی كۆمونیستبوون لەسەر ئەو شۆڕشە كۆمەڵایەتییە دابنێم، لەبەرئەوەی كۆمونیستبوون لەتەك ناو و  ڕابوردووی پارتە كۆمونیستەكان و دەوڵەتە بەناو كۆمونیستەكان، ھاوتا و ھاوواتابووە، ھەر لەبەرئەوە من شۆڕشی سۆشیالیستی، كە خاڵی ھاوبەشی نێوان ئەناركیستەكان و ماركسیستەكانە بەكاردەبەم. ئەو لێكدانەوەیە بۆ بەسەرەنجامگەییشتنی ململانێكە و خاڵی تەقینەوەی ناكۆكییە چارەسەرھەڵنەگرەكان، بەدروست دەبینم، بەڵام ھیچ پێشمەرجێكی تەكنۆلۆجی و پەسەرەندنی ئابووریی و ڕێكخستنێكی ڕامیاریی بە پێویست نازانم و تەنیا بە خاڵی دووەمەوە گرێیدەدەمەوە، كە ھوشیاریی و ئامادەیی و ناچاریی پرۆلێتێرەكانە بۆ ڕزگاربوون لە نەھامەتییەكانی سەرمایەداری و  خۆڕزگاركردن لە ژێردەستەیی سەروەریی كەسانی دیكە. وەك پێشتر وتم ئەمە لە ھەموو سەردەمەكاندا ئەگەری دەبوو، ئەگەر ھوشیاریی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕەتكردنەوەی سەروەریی لەئارادابووایە. ھەڵبەتە ھوشیاریی لەخۆیەوە نایێتەبوون و  بەرھەمی بەرەو لوتكەكشانی ململانێكەیە، كە بەپێی ئەزموونگیریی لە شكستەكان، شۆڕشگێرەكان [لێرەدا مەبەست لە دەستەیەكی ڕامیارپیشە یا ئاراستەەیەكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی نییە، بەڵكو مەبەست ھەموو كەسێكە كە ژیان لە سایەی سەروەریی كەسانی دیكەدا بە كۆیلەتی دەزانێت و  خوازیاری یەكسانی بەرھرەمەندی لە تواناییە ئابوورییەكان و دادوەریی كۆمەڵایەتییە]  بە پلەیەكی باڵاتر لە ھوشیاریی شۆڕشگێرانە دەگەن.

بەڵام بەداخەوە، وەك پێشتر وتم، ھەم ماركس و ئەنگڵس، ھەم پاشڕەوانیان، لەبەرئەوەی كە پرۆسێسی شۆڕش و  ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی یا داھاتوو بە دوای ڕوخانی سەرمایەداری دەبەستنەوە و  بەپێچەوانەی ئەوەی كە تۆ لە پەرەگرافەكانی پێشووتردا بە یاسای گۆڕان و گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی ناوی دەبەیت، ھەروەك تۆ، دان بەوەدا دەنێن، كە ڕەتگەرەوەی سیستەمەكانی پێشتر (كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی) لە مناڵدانی ھەمان سیستەمەوە سەرھەڵدەدەن و  لەڕووی بنەمای ئابووریی و پەیوەندی بەرھەمھێنان و گۆڕانی كۆمەڵایەتی و  ئامادەیی ھوشیاریی شۆڕشگیرانەوە گەشەدەكەن، بەڵام كاتێك كە دەگەنە سەر چۆنیەتی لەنێوبردنی سەرمایەداری و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی، یاساكانی گەشەكردن و  ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ڕەتدەكەنەوە، ھەر بۆیە سەرەتا بۆ ڕوخاندنی سەرمایەداری دەستەوداوێنی پارتی پێشڕەو و دواتر بۆ بەرگرتن بە گەڕانەوەی سیستەمی ڕوخاو، ناچار بە دروستكردنەوەی دەوڵەت دەبن و لەبەرئەوەی كە ناتوانن نكۊڵی لە كڕۆكی دیكتاتۆریی دەوڵەت بكەن، بۆیە دێن و پڕۆلیتاریا  دەكەنە پاشگری دیكتاتۆری دەوڵەتەكە . بەڵام ئیدی لێرەوە دەستەوداوێنی خەیاڵبافی دەبنەوە  و  تا مردنی خۆشیان و پاشڕەوانیان نەیانتوانی مەتەلی خۆبەخۆپووكانەوەی دەوڵەتەكە شیبكەنەوە و  وەك تەوقێك كردیانە ملی پڕۆلیتاریا و بوو بە ئامرازێك بۆ ڕامكاربازی ڕامیارپێشەكان.

لەبەرئەوەی پێشتر وتارێكم لەژێر سەردێری (کێ دیکتاتۆره‌، پارت یا پرۆلیتاریا؟)دا نوویسوە، بۆیە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم بابەتە ناوەستم، تەنیا دەپرسم ئەگەر شۆڕشی پڕۆلیتاریا بۆ لەنێوبردنی دژەكەی واتە بۆرجوازییە، ئەدی خۆی وەك چینێك پاش لەنێوبردنی دژەكەی، چۆن دەمێنێتەوە؟ ئایا بەبێ بوونی بۆرجوازی پرۆلیتاریا وەك چینێكی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی چینایەتی دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ئەگەر وەڵام ئەریێیە، كەواتە ئەو كات ھێشتا سەرمایەداری ماوە، كە ئەویش مابێت، ئیدی قسەكردن لە سەركەوتنی شۆڕش، بێواتایە! ئەگەر بۆرجوازی وەك چینی سەروەر نەمابێت، وەك پێشتریش وتمان، دەبێت زەمینەی مانەوە و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنانی بۆرجوازی تێكشكابن. كاتێك كە تێكشكانێكی ئاواش لە پرۆسێسێكی مێژووكردی شۆڕشگێرانەدا ڕوویدابێت، گەڕانەوەی ئەستەمە، ھەروەك گەڕانەوەی سیستەم و سەروەریی كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەڕێتەوە، ئەوەش لەبەر تێداچوونی ئامادەیی ڕاپەڕیوان بۆ مانەوە و ملدان بە سەروەریی داراكان. كاتێك ئامادەییەكی ئاوا بۆ گێڕانەوەی سەرمایەداری لەنێو ژێردەستانی كۆمەڵگەدا مابێت، كەواتە قسەكردن لە سەركەوتنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی و یەكلاكردنەوەی ململانێی چینایەتی بەلای سۆشیالیزمدا، لە ھەراوھوریای ڕامیارپپشەكان بەولاوەتر نابێت!

بەڵێ ھاوڕێ، من دەرك و تێگەییشتنم لەوە زیاتر بوارم نادات، بڕوا بە خۆم بھێنم، كە ئەوەی لە ڕوسیە ڕوویدا، شكستی تیئۆری دەوڵەتە بەناو پڕۆلیتێرەكەی ماركس و ئەنگلس نەبووبێت و لەو بڕوایەشدام، ئەگەر لەجێی لێنین و ھاوڕێكانی، ماركس و ئەنگلس و  ھەژێن و تاھیر و  زاھیر و فوئاد و ..تد بوونایە، لەوان باشترمان جێبەجێنەدەكرد. بەپێچەوانەوە، من لە شكستی ئەو تیئۆرییەدا سەركۆنەی لێنین ناكەم، ھەروا كە لە دادگەییكردنەكانی سەردەمی (ستالین)دا لەبری سەركۆنەی ستالین، بۆ یەكەمین پاكتاو یا پاڵافتەكردنی ڕیزەكانی پارت لەیەكەمین كۆنگرەی پاش ١٩١٧ لەسەر دەستی لینین دەگرێمەوە، ھەروا شكستی ئەو تیئۆرییەش بۆ ھەڵەتێگەیشتینی (ماركس و ئەنگلس)ی دەگێڕنمەوە، كە بەداخەوە لە كاتی نێونەتەوەیی یەكەمدا چەپلە و پیداھەڵدانی پاشڕەوانیان، بواری پێداچوونەوە و  پاشگەزبوونەوەیان لەو ھەڵە مێژووییە، كردە نەنگێك و ئەو دوو ھاوڕێیە نەیانتوانی بچنە ژێری.

بەپێچەوانەوەی ڕەخنەی گشت ھاوڕێ ماركسیستەكانەوە لە كۆمونەی پاریس، یەكەم ھۆكاری شكستخواردنی نەبوونیی پارتی پێشڕەو نەبوو و ھەروەھا بەرێوەربردن لەوێدا بەرەو دەوڵەتییبوون نەچوو، بەڵكو بەڕێوەبردنی كۆمونەیی (سۆڤیەتی) بوو؛ كە شانازی بۆلشەڤیزم بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، ئەوەی لە كۆمونەدا نەتوانرا دەستی بۆ ببرێت، ئەوان ئەنجامیانداوە؛ واتە پارت و دەوڵەت، ئەوەی لە ئۆكتۆبەردا پێیھەستان. بە بۆچوونی من سەرەنجامگیریی ماركس لە كۆمونە و ڕێكخستنی كۆمونەیی، گەورەترین ھەڵەی مێژوویی بوو، كە بەسەریدا تێپەڕی. ھۆكاری ئەوەش، بۆ كارایی بلانكییەكان لەسەر ماركس و ئەنگلس لەمەڕ  شۆڕش و دەوڵەت و سۆشیالیزم دەگەڕێتەوە، ئەوەی كە لێنین لە پارتی پۆلایین و دواتر لە دەوڵەتدا گەشەی پێدەدا و  مەنسووری حیكمەت لە پرسی “دەسەڵاتی ڕامیاریی و كۆمەڵگە”دا بە لوتكەی دەگەیێنێت و  بلانكیزم دەھێنتەوە نێو سەردەمی ئێمە.

لە درێژەی وەڵامەكانی ھاوڕێ تاھیردا ئاوا ھاتووە ” بۆچی شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا دەبێت قۆناغ بەندی بکرێت؟ پێویستی، دەوڵەت و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕوانگەی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە چییە؟ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە؟ ………

بەداخەوە ھاوڕێ، دەبێت ئەوە بڵیـم، كە لەم سەرنجانەی دواییتدا، بەخۆشت باسەكەت فراوانتركردووەتەوە، بۆیە منیش ناچارم و بەناچاری دەبێت قسە لەسەر گەشەی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بكەم. بەڵێ منیش لەوەدا كە گۆڕانە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان بە ڕاستەھیڵ و بە شێوەی یەكسان و لەدوای لاوازبوونی شێوەیەك لە بەرھەمھێنان، یەكسەرە كۆتایی پێنەھاتووە و شێوەیەكی دیكە لە سنووری كۆتایی ئەودا دەستیپێنەكردووە، بەڵكو ھەمیشە پرۆسێسێكی بەیەكداچوو بووە و ھەرواش دەبێت، چونكە گۆڕانی ئەوان وەك ڕوخاندنی خانوویەكی كۆن و ڕۆنانی خانوویەكی نوێ نییە، كە ڕۆنانی نوێیەكە لە خاڵی كۆتایی پرۆسێسی ڕوخانی كۆنەكەوە دەستپێبكات، نەخێر بە پێچەوانەوە، لەسەردەمی كۆیلایەتیدا زەمیندارە ئازادەكان ھەبوون، كە بە ھاوڵاتی ئازاد یا ئازادەكان ناوبراون، ھەروەك چۆن لە سەردەمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداریشدا بەتایبەت لە ئەمەڕێكا، لە كێڵگەكاندا كۆیلە ڕەشپێشتەكان ھەبوون و كاریاندەكرد.

دیسانەوە بەبۆچوونی من و لە ڕوانگەی ئەناركیزمێكەوە، كە من پاگەندەی دەكەم [چونكە لەوانەیە ئەناركیستانێك ھەبن، دژی ئەم بۆچوونەی من بن]، ئەمە یەكێكی دیكەیە لە جیاوازییە بنەڕەتییەكانی تێڕوانینی ئەناركیستی و ماركسیستی، كە ھاوڕێیانی ماركسیست، ھەموو گۆڕانێك و ھەموو ھەنگاونانێك بۆ لاوازكردن و بنكۆڵكردن لە سیستەمی سەرمایەداریدا بۆ پاش سەركەوتنی ڕاپەڕینی سۆشیالیستی ئەوەی ئەوان بە شۆڕش ناوی دەبەن، ھەڵدەگرن، واتە ئەو كاتەی كە پارتی پێشڕەو دیكتاتۆریی خۆی بەناوی پرۆلیتاریاوە ڕادەگەیێنێت و لەوێوە وەك ڕوخاندن و ڕۆنانی خانووەكە، دەست بە ڕۆنانی ژێرخانی ئابووریی و سەرخانی ڕامیاریی دەوڵەتیی بەناوی سۆشیالیزمەوە دەكەن و ئیدی ئەوی بەھەر بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێكەوە دژی یا لەتەك بڕیارەكان ناكۆك بوو، ئەوا مادامەكی لەتەك نەخشە و بڕیاری پارتدا ناكۆكە، ئۆتۆماتیكی دەبێتە دوژمنی كۆمونیزم و پڕۆلیتاریا.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەناركییەكان [لایەنیكەم من] ھەم لەبەرئەوە دەوڵەتبوونی سۆشیالیزم ڕەتدەكەنەوە و ھەم لەبەرئەوەی كە لەو بڕوایەدان، سۆشیالیزم وەك ئەلتەرناتیڤی ئابووریی و كۆمەڵایەتی لە منداڵدانی سیستەمی سەرمایەداریدا دەبێتە ئەڵتەرناتیڤ و بەشێك لە كولتووری تاكی چەوساوە، ھەڵبەتە لەوێوە كە تاكە ھوشیارەكان بەكردەوە، لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەدا، ھەم ڕێكخراوە جەماوەرییە پڕۆلیتێرییە سەربەخۆكان دەكەنە فێرگەی پەروەردەی تاكی كۆمەڵگەی نوێ و ھەم ھەرەوەزییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەنە شێوازی ڕێكخستنی سەربەخۆی ناكۆك بە سیستەمی زاڵ؛ لەم بارەوە پێویست نییە بگەڕێمەوە سەر ئەزموونەكانی ئۆكرانیا و ئیسپانیا و ئیتالیا، بەڵكو ئەوەندە بەسە سەرنجی داگیركردنی كارخانەكان لە ئەرژەنتین لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمەوە و بەڕێوەبردنیان لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتی بە كۆمەڵی كرێكارانەوە، كە ئەم ڕۆژانە لە یۆنان و میسر و ئیسپانیا ھەوڵی بۆ دراوە و دەدرێت و تەنانەت لە ئیسپانیا ھاوڕێیانی كۆمونیست [كۆمونیستی نا حزبی و نا لینینی] لەم ھەوڵەدا بەشدارییان ھەیە و لە شارەوانی ناوچەیەكدا وێرای داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و بێكاری و نەبوونی لەڕادەبەدەر، لە كۆمونەكەی ئەواندا، بەپێی دانپێدانانی ماسمیدیا، كە وەك پەڕجووی ئابووری ناوی دەبەن، كە ھەم ئابوورییان ڕوو لە گەشەیە و ھەم بێكارییان نییە و ھەم لە ئاشتی و ئارامیدا دەژین و ھەم كۆمەكی دەوروبەریشتیان دەكەن و ھەم تێروتەسەلن.

بەڵێ، لەبەر ئەو دوو ھۆیە، واتە ناھاوئاستبوونی گۆڕانەكان لە ھەموو شوێنەكان و سەردەمەكاندا و نەڕۆشتنیان بەھێڵێكی ڕاستدا، ئەو ئەزموونەی بە ئەناركییەكان چ لەسەردەمی پرۆدۆن و چ لە سەردەمی من و تۆدا بەخشێوە، كە لە دەرەوەی تێڕوانینە ڕامیاریی و تیئۆرییەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەڕێن، واتە لەنێو خودی ڕووداوەكان و گۆڕانە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندا، ھەر بۆیە، یەكەم، دەستپێكردنی گۆڕانی سۆشیالیستی لە پاش ڕوخانی سیستەمی سەرمایەداری نابینین، بەڵكو ڕوخان و تیاچوونی سیستەمی سەرمایەداریی وەك بەرەنجامی بوون و گشتگیربوونی كۆمەڵایەتییكردنەوە (سۆشیالیزەكردن)ی كەرتەكانی بەرھمھێنان و خزمەتگوزاری و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە و بەرێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی دەبینن و ڕووخانی سەرمایەداریی لە خاڵێكدا ڕوودەدات، كە ئیدی نە سیستەمی ئابووریی و نە پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنان و نە سەرخانە ڕامیارییەكەی، ناتوانن وەڵام بە كۆمەڵگە و  پێداویستییەكانی بدەنەوە و لە ململانێییەكی ڕۆژانەی توند و گشتگیر و سەرتاسەرییدا، بەلای ڕوخاندا ناھاوسەنگ دەبێت، ھەروەك سیستەمەكانی پێش خۆی؛ كۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی بەو چارەنووسە گەییشتن. دووەم، دروستكردنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و دەوڵەتیكردنی پەیوەندییە كۆمەڵیەتییەكان و كەرتەكانی بەرھەمھێنان، تەنیا شكست و گەڕانەوە بۆ سەر بنەمای چیانیەتی بەرھەمدەھینننەوە. سێیەم، ھەروا كە چین و توێژە پرۆلیتێرەكان بەخۆیان ڕاگری بەردەوامی ژیانی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەن، ئاواش ڕێكخستنە جەماوەرییەكانیان دەتوانن باشترین یەكەی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە و ئامرازی خەبات بن و ھەر ئاواش لە ڕامیارەكان باشتر دەتوانن نێوەندەكانی كار و فەرمان و ژیانی خۆیان رێكبخەن و دیسانەوە نە پێویستیان بە پارت و نە ڕامیارپێشەكان و نە دەوڵەتتی سەرووخەڵكی و نە بیروكراسییەتی توێژی فەرمانڕەای خاوەن بەرتەریی ئابووریی و دەسەڵات، ھەیە.

ئەمانە تەنیا بۆچوونی خودی منن و نازانم تا چەندە بیریارانی كلاسیك و ھاوچەرخی ئەناركیست، ھاوبۆچوونی ئەمەن، بەڵام من ئاوا لە تێڕوانینی ئەوان گەییشتووم و ئەگەر بێت و ئەوان دژی ئەمە بیربكەنەوە و كاربكەن، ئەوا من لێرەدا تەنیا خۆمم و دژی ئەوان بیردەكەمەوە.

پاشان ھاوڕێ تاھیر دەڵێت ” ئەوە لە ئیرادەو توانای کەسەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت دەوڵەتەکانیش، وەک ئۆرگانی زەبروزەنگ و ئامڕازی سەروچینایەتیدا نەبووە و نییە کە مێژوو بخەنە سەر ڕاستەهێڵێک کە خۆیان مەبەست و ئامانجیان بووە، “

ھاورێ گیان، لە وەڵامی ئەوەی كە بەبۆچوونی تۆ، ئەوەی لە ڕوسیا لەسەر دەستی بۆلشەڤیكەكان [بۆیە دەلێم بۆلشەڤیكەكان، چونكە بڕوام بە جیاكردنەوەی سەردەمی لێنین و ستالین و تا پێش كۆتایی سەرۆكایەتی گرباچۆڤ نییە و ئەوانی دواییش درێژە و تەواوكەری سەرەتاكەن]، ھەمان شت نەبێت، كە ماركس و ئەنگلس لەبارەیەوە دواون. من یەكەم ئەم نیوەپەرەگرافەی خۆت، دەكەمە وەڵام، ئەگەر : یەكەم مێژوو لە دەرەوەی ویست (ئیرادەی)ی تاكەكانەوە بێت، ئەوا قسەكردن لەسەر شۆڕش و گۊرینی سیستەمی سەرمایەداری، دەچێتە خانەی خەیاڵی فڕینی مرۆڤ … . دووەم، پێویستبوونی پارت و ڕابەر و دیكتاتۆری پرۆلیتاریا و دەوڵەت بەناوی سۆشیالیزمەوە، دەچێتە ژێر پرسیار … . سێیەم، بێتاوانی بۆلشەڤیكەكان لەوەی كلێشە ئامادەكانی (ماركس و ئەنگلس)یان پیادەنەكردبێت، دەردەخات!

بەڵام من پێچەوانەی ئەوە دەبینم، یەكەم مێژوو ویستی تاكەكان [چ ئەوانەی بەرەنگاری دەكەن و چ ئەوانەی دەستەمۆیانە چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست ڕامیارەكان و سیستەمی ڕامیاریی] ئاراستەەی دەكەن. بۆ نموونە ئەگەر كۆیلە ڕاپەڕێوەكان ھوشیاریی دژی سەروەرییان ھەبووایە و ئەو ھوشیارییە پێگەی كۆمەڵایەتی ھەبووایە [نەك لێواری شمسیر و نووكی ڕم و تیری كەوان]، ئەوا زەمیندارە ئازادەكان لە شكستی ئیمپراتۆریی كۆیلەدارەكاندا نەدەبوونە، سەروەری نوێ، ھەروا، ئەگەر لە ڕاپەڕینی جوتیاران و نەدارانی شارەكاندا ئەو ھوشیارییە دژەسەروەرییە پێگەی كۆمەڵایەتی ھەبووایە، ئەوا بازرگان و خاوەنكارخانەكان و ڕۆشنبیرە بۆرجواكان و ڕامیاركاران، نەدەبوونە سەروەری نوێ، دیسان ھەرئاوا ئەگەر ئەو ئامادەییە كەمەی ھوشیاریی دژەسەروەریی لە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا گشتگیر بووایە، ئەوا سەروەریی پارتی بۆلشەڤیك و خاوەندارێتی دەوڵەتی (سەرمایەداری دەوڵەتی) جێگەی دەوڵەتی كاتی و ئەنجومەنی دامەزرێنەران و خاوەندارێتی تایبەتی (سەرمایەداری ئازاد) نەدەگرتەوە!

ھەڵبەتە وەك پێشتر وتم، منیش لەوەدا بەتەواوەتی ھاوبۆچوونتم، كە ڕەوتی مێژوویی پەرەسەندنی كۆمەڵگە و گۆڕانی شێوەكانی بەرھەمھێنان و سیستەمە  ئابووریی و ڕامیارییەكان، لەپاڵیەكدا ڕیزكردنی كۆمەڵێك خانوو نییە، كە ئەندازیارێك  و كۆمەڵێك كرێكار نەخشەی بكێشن و ڕۆیانبنێن، بەڵكو لە شێوەی پێكھاتەی چینەكانی زەمین، تێكەڵ بەیەكدی بوون و ئەو بەیەكداچوون و تێكەڵبوونەش گۆڕانی دروستكردووە، نەك پێچەوانەكەی. بەڵام ئاراستەەكردنی مێژووی مرۆڤایەتی ئافەرێنراوی كاركردی تاكەكانە.

ھەروەھا بە پێچەوانەی دیتنی تۆوە، من پلانە ئابووریی و ڕێكخستنە ڕامیارییەكانی بۆلشەڤیزم دەقاودەق بە وركردنەوە و پیادەكردنی تێڕوانینە ڕامیاریی و بنەما دەوڵەتیەكانی ماركس و ئەنگلس دەبینم. بۆیە ناچارم لە ھەموو ھاوڕێیانی ماركسیست بپرسم، ئەگەر ئەنگۆ لەجێی بۆلشەڤیكەكان بوونایە یا ئەمڕۆكە ڕاپەڕینێكی ئاوا بێتەڕوودان، وەك ماركسیستێك چیدەكەن، بۆ نموونە ئەگەر چەند شار و ناوچەیەك دژی بوونی ڕۆڵی پارتی پێشڕەو بوون، ئەگەر كرێكاران ملیان بە پلانە ئابوورییەكان نەدا، ئەگەر ناوچەیەك داوای جیابوونەوەی كرد، ئەگەر كۆمونە كشتكارییەكان ئامادەنەبوون لە پلانی دەوڵەتیدا بتوێنەوە و ببنە ئامرازی كاری زۆرەملێ، ئەگەر لە دەروونی پارتدا، فراكسیۆنی كرێكاریی و كۆمونیستی دژ بە سەرخەتەكانی پارت و ڕامیارییەكانی دەوڵەت دروستبوون، چیدەكەن؟

بەبۆچوونی من، وەڵامدانەوە بەم پرسیارە زۆر بەئاسانی گرێكوێرەی ماركسیستبوون و نەبوونی ئەوەی لە ڕوسیا ڕوویدا، دەكاتەوە و لەباری سەلماندنی ئەرێییانەدا، دەتوانێت پشتیوانییەكی تیئۆریی پتەو بێت بۆ پێویستبوونی دەوڵەت و پارت و نێوەندگەرایی ڕێكخستنی ئابووریی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و پێویستنوونی دەسەڵاتی ڕامیاریی!

لە ساڵی (١٩٨٣)وە من بەردەوام، ئەم پرسیارەم لە ھاوڕێ ماركسیست و لێنیست و مائۆئیست و ستالینیست و حیكمەتیستەكان ھەبووە، بەداخەوە نە ڕاستەوخۆ لە دەمی خۆیانەوە و نە لە دەقی ئەو ڕەخنانەدا، كە لە ئەزموونی بۆلشەڤیكەكان گرتوویان، تا ھەنووكە وەڵامم وەرنەگرتووەتەوە، چونكە نەیانتوانیوە بیسەلمێنن، كە ماركسیزم لەمەر پارت و دەوڵەت و سۆشیالیزم شتێكی دیكەیە و ڕۆشنی بكەنەوە، بە كامە جیاوازی ماركسیزم شتێكی دیكەیە، بۆیە تەنیا ھیوایەك بۆ ڕۆشنبوونەوەی ئەو جیاوازییانە، وەڵامدانەوەیە بەو پرسیارەی لای سەرەوە.

لێرەدا پاش پرسیارەكە دەگەرێمەوە سەر پرسی گەشەی مێژووی مرۆڤایەتی، …. بەڵام ناتوانین، ئامانج و خواستی كۆیلە ڕاپەڕێوەكان لەتەك ئامانج و خواستی زەمیندارە ئازادەكانی سەردەمی كۆیلایەتی لە دژایەتی و ململانێی بەرامبەر  ئیمپراتۆری كۆیلەدارەكان یەكبگرین و  ھەروەھا ئەوە زمیندارە ئازادەكان نەبوون، كە ھەرەسیان بە ئیمپراتۆری كۆیلەدارەكان ھێنا، بەڵكو ئەوە یاخیبوون و ڕاپەڕینی بەردەوامی چەند سەدەی كۆیلەلان بوو و زمیندارە ئازادەكان، خوازیاری لەنێوچوونی كۆیلایەتی نەبوون و پاش داڕمانی ئیمپراتۆرییەكان، درێژەیان بە كۆیلەراگرتنی ڕەشپێشتەكان و  دیلگیراوەكانی وڵاتانی دیكە لەسەر كێڵگەكانی خۆیاندا و ئەمەش بووە بنەمای كۆیلەتی جوتییاران بۆ دەرەبەگەكان و  ھەروا ململانێی بازرگان و خاوەنكارگە و ڕۆشنبیرە بۆرجوازییەكان لەتەك سیستەمی فیئۆداڵێیدا ھاوتا و ھاوسەنگەری ناڕەزایەتی جوتیاران لەو سیستەمە نەبوو و ئەوە بۆرجواكان نەبوون، كە دەرەبەگایەتیان ڕوخاند، بەڵكو ئەوە ڕاپەڕین و یاخیبوونی چەندین سەدەی جوتیاران و  دوانەوەكانی كۆیلان بوو، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی ڕوخاند، بەڵام لە نائامدەیی ھوشیاریی دژەسەروەرییدا، بۆرجواكان ھەلی سەروەربوونی خۆیان دەقۆزنەوە و  مێژوو بەو جۆرە ئاراستە دەكرێت، كە دەیبینین، بەواتایەكی دیكە  ئەوە ھوشیاریی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانە كە مێژوو ئاراستەەدەكات، نەك پێچەوانەكەی. چونكە ئەگەر ئاوابێت، كە تۆ دەریدەبڕیت، ئەوا ئێمە سەرنشینانی  شەمەندەفەر و كەشتییەكین، كە ڕەوت و ئاراستەی مێژووی ئێمە دیاریدەكات!

ھەرچەندە خەریكە لە چەقی مشتومڕەكە دووردەكەوینەوە، بەڵام لێرەدا بەپێویستی دەزانم، كە جیاوازی بۆچوونی خۆم لەمەڕ ڕۊڵی چینە دارا و سەروەرەكان بخەمەڕوو، چونكە ھاوڕێ تاھیر وروژاندوویەتی و ناكرێت بازی بەسەردا بدەم، ئەویش ئەوەیە، شۆڕش لەلای من واتە ھەوڵی گێڕانەوەی ویست و مرۆڤایەتی و سەربەخۆیی بۆ تاكە ژێردەستەكان، ئیدی ئەو تاكانە سەر بە چینێك، ڕەگەزیك یا نەتەوەیەك بن، وەك ئەزموونەكانی سەراپای مێژووی مرۆڤایەتی نیشانماندەدات، ئەو گێڕانەوەیەش بەبێ شۆڕشی كۆمەڵایەتی، واتە وێرانكردنی بنەما ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی سەروەری چێنایەتی، ناییێتەدی و ھەر ھەوڵێك بە ئاراستەەیەكی دیكە، دیسانەوە سەری لە نۆژەنكردنوەی سەروەری چینایەتی دەردەچێتەوە، وەك پاش ڕوخانی سیستەمی كۆیلەكان، پاش ڕوخانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و پاش ڕوخانی دەوڵەتی بۆرجوازیی لە ڕوسییە، كە بەناوێكی دیكەوە سەروەریی چینایەتییان بەرھەمھێنایەوە. لەبەرئەوە ھیچ كات خانزادەكان و زەمیندارە ئازادەكانی لاورگی كۆیلایەتی و  بۆرجواكانی لاورگی دەرەبەگایەتی و  بۆلشەڤیكەكان یا سۆشیالدێمۆكراتەكان [مەبەستم لە تاكە ئازادیخواز و شۆسیالیستخوازەكانی خوارەوەی ڕیزی ئەو پارتانە نییە، تەنیا مەبەستم سەران و دەسەڵاتخوازنی نێو ئەو پارتانەیە]ی لاورگی بۆرجوازی، شۆڕشگێڕ نەبوون و ناشبن، چونكە تەنیا شۆڕشی چینایەتییان لەباربردووە و سەروەری چینایەتییان لە تیاچوون ڕزگاركردووە و تاكە ژێردەستە نارازییەكانیان بەناوێكی دیكە و بە كایەیەكی ڕامیاریی دیكە، دەستەمۆكردووەتەوە!

درێژەی ھەیە ….

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a

بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t

گه‌ڕان به‌ دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا / چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌کان

گه‌ڕان به‌ دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا *

دانییل گرین

و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

(١١) چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌کان **

ئه‌و چاره‌ مامناوه‌ندیی و ته‌بایوبوونه (‌Le compromis intervene) ***  زۆر له‌وه‌وه‌ دووربوو، که‌ تێکه‌ڵوپێکه‌ڵکردن له‌نێوبه‌رێت، نوێنه‌ره‌ سۆسیالیسته ‌(ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان) بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری ڕۆڵی ده‌و‌ڵه‌تیان بڵند ده‌نرخاند، له‌ کۆنگره‌ی نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیونالی یەكەم)دا  له‌ (بال) باسكردنی پرسە‌کان ته‌واو ئاڵۆزبووبوو، به‌تایبه‌تی باسی پرسی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌ مه‌زنه‌کان وه‌ك (هێڵی ئاسن و پۆست) ساڵی ١٨٧٢ له‌ کۆنگره‌ی (لاهای) له‌نێوان لایه‌نگرانی (میخائیل باکۆنین) و لایه‌نگرانی (كارڵ مارکس)دا که‌رتبوونێك ڕوویدا، دواتر ئه‌و پرسه‌ لەنێو پاشماوه‌که‌ی نێونەتەوەییدا خرایه‌به‌ر لێدوان، ئه‌و پاشماوه‌یه‌ پێیده‌وترا نێونەتەوەیی (دژه‌ ده‌سه‌ڵات،یان فیدرالیستی). ده‌رباره‌ی پرسی به‌ڕێوه‌بردنی خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌کان، له‌ نێوان سۆشیالیستە ئازادیخوازه‌کان و سۆسیالیسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کاندا جیاوازی نوێ دروستبوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان ڕه‌فتاری (مارکس)یان لا په‌سه‌ندنه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌یان به‌باشترزانی، که‌ له‌ نێونەتەوەییدا بمێننه‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ی خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌کان ده‌ڕژانه‌ نێو جه‌می خزمەتگوزارییە‌کانه‌وه‌، ده‌بوایه‌، نه‌ هاوبه‌شییه‌ کرێکارییه‌کان، نه‌ شاره‌وانییه‌کان به‌ ته‌نها ئه‌و بەرژەوەندیانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن، پێشتر (پرۆدۆن) به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی گشتی، هه‌وڵی چاره‌کردنی ئه‌و گرفته‌ی دابوو، تاكو بتوانرێت پارسه‌نگی به‌ڕێوه‌بردنی کرێکاری ڕابگیردرێت، به‌ڵام،  ‌ڕاگرتنی ئه‌و پارسه‌نگه‌کرێکارییه‌، هه‌موو لایەنەکانی ڕۆشننه‌بوون، که‌واته‌ کێ ئه‌و بەرژەوەندییانه‌ به‌ڕێوه ده‌بات‌؛ (یەكێتی شاره‌وانییه‌کان) یان (ده‌وڵه‌ت)؟ ئازادیخوازه‌کان ده‌ڵێن شاره‌وانییه‌کان،ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانیش ده‌ڵێن (ده‌وڵه‌ت).

له‌ کۆنگره‌ی نێونەتەوەییدا له‌ (برۆکسل) ساڵی ١٨٧٤سۆسیالیستی به‌لجیکی سیزار دو پاپ  César de Paepe) هه‌وڵیدا، که‌ ئه‌و دوو بیروبۆچوونه‌، واته‌ شاره‌وانخوازی و ده‌وڵه‌تخوازییه‌ پێکه‌وه‌ بگونجێنێت، ئه‌و پێیوابوو، که‌ له‌ژێر چاودێری به‌ڕێوه‌بردنێکی ناوچه‌ییدا، شاره‌وانی به‌ڕێوه‌بردنی خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌کان بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، به‌ڕێوه‌بردنه‌ ناوچه‌ییکه‌ش، سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان دایبمه‌زرێنێت.

خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌ فراوانتره‌کانیش، هه‌ندێک جار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێمی چاودێری ده‌کات، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێمیش، یەكێتی شاره‌وانییه‌ کرێکارییه‌کان دایده‌مه‌زرێنێت، هه‌موو دامه‌زراوه‌ مه‌زنه‌ سەرتاسەرییەكانیش، که‌ له‌سه‌ر ئاستی “کۆی شاره‌وانییه‌ کرێکارییه ‌ئازاده‌کان” ڕاوه‌ستاون له‌ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تدا بن، به‌ڵام به‌  تێڕوانیینی ئازادیخوازه‌کان، ئه‌و دیاریکردنه‌ ته‌موومژاوییه‌ و نوقمی گومانه‌،که‌چی (سیزار) ئه‌و گومانه‌ی به‌ له‌یه‌کترتێنه‌گه‌یشنێکی ساده‌ و شه‌ڕی (وشه‌کان)ی ده‌زانی، جا که‌ شه‌ڕ شه‌ڕی وشه‌کان بوو، ئه‌ی ئه‌و خۆی بۆ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و وشه‌یه‌ نه‌بوو؟

زۆرینەی له‌ ئازادیخوازه‌کان بینیان ،که‌ ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌و به‌لجیکیه‌، ده‌بێته‌ مایه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌ بیروبۆچوونی ئه‌وان وابوو، که‌ به‌ پێویست (ده‌وڵه‌تی کرێکاری) ده‌کرێته‌ (ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵات سه‌پێن-دولة تسلطیة-) که‌واته‌، گه‌ر شه‌ڕ شه‌ڕی وشه‌کانه‌، بۆ ده‌بێت  ڕێکخستنه‌ کۆنه‌ له‌ناوبراوه‌که‌ و کۆمه‌ڵگه‌ی نوێی بێحکومه‌ت هه‌مان ناویان هه‌بێت؟ دواتر له‌ کۆنگره‌ی (بێرن) ساڵی ١٨٧٦ (مالاتستا) بڕیاریدا، که‌ خزمەتگوزارییە‌ گشتییه‌کان پێویستی به‌ یه‌ك ڕێکخستنی ناوه‌ندی هه‌یه‌،به‌ڵام نابێت له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوەیانببات ،ساڵی ١٨٧٧ له‌ کۆنگره‌ی سۆسیالیستی جیهانی له‌ (گینیت) (سیزار دو پاپ)  بیرۆکه‌ی (دوڵه‌تی کریکاری) یان (ده‌وڵه‌تی میلی) په‌سه‌ندکرد، که‌ ده‌کرێت ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تی کرێکاری بێت، بێگومان بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو،چونکه‌ بارودۆخی ده‌ره‌کی قۆناخێکی گواستنه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت، له‌و قۆناخی گواستنه‌وه‌یه‌دا بوونی ده‌وڵه‌ت پێویسته‌، ئه‌و کاته‌ی بارودۆخه‌ ده‌ره‌کییه‌که‌ نامێنێت و ده‌وڵه‌ت ئامرازه‌کانی کارکردن ده‌داته‌ ده‌ست هاوبه‌شییه‌ کرێکارییه‌کان، ئه‌و وێناكردنە‌ ڕواڵەتییه‌، ئازادیخوازه‌کانی ڕازینه‌کرد، چونکه‌، ده‌وڵه‌ت هه‌رچییه‌ك زه‌وت بکات، هه‌رگیزاو هه‌رگیز نایگه‌ڕێنێته‌وه.

***********************************************************

په‌ڕاوێز

 *په‌رتووکی (من العقیدة الی الممارسة) دانییل غیرین .

 **بابه‌تی (١١)ی به‌شی دووه‌می ھەمان په‌رتووك.

***مه‌به‌ست له‌و ته‌بایبوونه‌ کاتییه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان و ئازادیخوازه‌کانه‌ (بڕوانه‌ بابه‌تی(١٠)ی به‌شی دووه‌می په‌ڕتووکەكە و-ك

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان / بەشی ھەشتەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی ھەشتەم

سه‌لام عارف:

هاوڕێیان سڵاو ئه‌و کاته‌تان شاد، له‌ ڕاستیدا ،ده‌بووایه‌ به‌شداربوونم گه‌رماوگه‌رم له‌ کاتی خۆیدا بووایه‌، به‌داخه‌وه‌ لە کاتی خۆیدا کاتم نه‌بوو، کورد واته‌نی “نه‌چووه‌ و بچێت” وا ئێستا هه‌وڵده‌ده‌م به‌پێی توانا به‌شداری بکه‌م و پێتانبگه‌مه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ به‌شدارییەکەم پۆزه‌تیڤ بێت.

ناسینه‌وه‌ی ئه‌وه‌، که‌ (ده‌وڵه‌ت یان چینایەتییه‌، یان نییه‌) مایه‌ی دڵخۆشییه‌، له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌کی:

یەکەم، ده‌شێت هه‌نگاوێك بێت به‌ره‌و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنی سیاسی قوچكەیی (ھەرەمی / hierarchy)ی واته‌ ئەوەی پێیدەڵێن پێشڕەویی پارت، که‌ ڕێکخراوه‌یه‌کی بچووکراوه‌ی پێشکاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی بەناو پرۆلیتاریایه‌!!!

دووەم، هاوکاته‌  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، که‌ ناسیۆنالیزمی کورد ( ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی بانگی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی) ده‌دات.

هاوێیان  به‌بۆچوونی من له‌ باسکاریی مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌ها گه‌وره‌ و گرانی بێسنووری پڕ پاره‌دۆکسدا، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، ده‌بێت واز له‌ ئه‌قڵییه‌تی (به‌راوردکردن) بهێنیین، واته‌ ئه‌قڵییه‌تی (باش، باشتر، باشتریین)، چونکه‌ دوورنییه‌ به‌بێ خواست و ویستی خۆمان  بمانخاته‌ سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌وڵه‌تێکی باش، یان باشتریین، دواتر  ورده‌بۆرژوا ئاساییه‌ك به‌‌ ئاره‌زووی خۆمان ناوێکی لێبنێن ” میلی، دیموکراتی، دیکتاتۆری… تد”

هه‌ردوو باڵه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ( مارکسیزم) و (ئه‌نارکیزم) له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌، له‌سه‌ر دیاریکردنی (سروشتی چینایەتی ده‌وڵه‌ت) هاوڕان، ئه‌و هاوڕاییه‌شیان بۆ بنه‌مای فه‌لسه‌فی هاوبه‌شی شیکردنه‌وه‌ی نێوانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، واته‌ ماته‌ریالیزمی مێژوویی، له‌به‌ر هاوبه‌شی ئه‌و بنه‌ما زانستییه‌، ناتوانرێت بوترێت، ئه‌میان له‌وی تریان زانستیانه‌تر (سروشتی چینایەتی ده‌وڵه‌ت)ی دیاریکرده‌، لێره‌دا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت، جا که‌ ئه‌و دووانه‌ به‌و جۆره‌ و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ هاوڕا بن، ئه‌ی ئه‌و هاتوهاوار و ململانێیه‌یان له‌سه‌رچییە؟

ئەوە ناشاردرێته‌وه‌، جیاوازی و ململانێی ئه‌وان له‌سه‌ر دیاریکردنی (سروشتی چینایەتی ده‌وڵه‌ت) نییه‌، جگه‌ له‌ هه‌ندێك جیاوازی دیکە، ناوه‌ڕۆکی ململانێکه‌یان له‌سه‌ر چاره‌نووسی ده‌وڵه‌ته‌ دوای شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی. مارکسیسته‌کان لەو بڕوایەدان، که‌ دوای که‌مێك ڕتوشکردنی ده‌وڵه‌ت، ده‌بێت ده‌ست به‌ باڵای ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بگیرێت، تا دواتر خۆی هێدی هێدی (الإضمحلالdécadece) ده‌پووکێتەوە، لە بەرامبەردا ئه‌نارکیستەکان وه‌های بۆ دەچن، که‌ پاش شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێت به‌بێ یه‌ک و دوو لێکردن ده‌وڵه‌ت له‌نێوببرێت، جگه‌ له‌و ناکۆکییه‌ مه‌زنه‌، چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی هزری تریش هه‌ن بۆ نمونه‌:

–  خۆبه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی کارگه‌ران و خه‌باتی سه‌ندیکایی ئاره‌زوومه‌ندانه‌، له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌، یان به‌ سیاسیکردنی، واته‌ به‌ حزبیکردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ؟

– شۆڕشی ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی، یان شۆڕشی کۆشك (سیاسی) ؟

ئه‌وانه‌ و هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی دیکە … .

لێرەدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکی مه‌سه‌له‌که‌، واته‌ لەنێوبردن (annulé)ی دەستبەجێی دەوڵەت یا پووکانەوەی خۆبەخۆیی (الاضمحلال décadence)ی ده‌وڵه‌ت، یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هزر و هه‌ڵوێسته‌، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌نگی مه‌حه‌ك، واته‌ یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ماته‌ریالیزمی دالێکتیك، کارێکی هه‌روا سانا نییه‌، مه‌به‌ستم له‌ یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کان ئه‌مانه‌یه:‌

–  یه‌کێتی ململانێی دژه‌کان

–  ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕه‌تدکردنه‌وه‌ (نفي النفي)

–  که‌ڵه‌که‌بوونی چه‌ندایه‌تیی و گۆڕانی چلۆناییه‌تی  …

له‌ ڕاستیدا ئه‌و سیانه‌ هاوڕه‌گه‌زن، هه‌ر کامیان وه‌ربگریت، ئه‌وانی دیکەی له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ (لەنێوبردن) یا (پووکانەوە) ؟ به‌بۆچوونی  (سۆسیالیزمی لیقن و خاوخلیچ – سۆسیال دیموکرات ) نا، به‌ڵکو به‌ بیروبۆچوونی ( کۆمونیزمی ئازادیخواز)، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه‌ زیاتر، بریتییه‌ له‌ ڕاکێشانی فه‌رشی ئابووری له‌ژێر لاقه‌کانی چینی سەروەر، دەستبەجێ ڕاخستنی ئه‌و فه‌رشه‌ له‌ژێر هەنگاوەکانی هەرەوەزییه‌کان و سۆڤییه‌ته‌کاندا. به‌ڵێ لای کۆمونیزمی ئازادیخواز (ئه‌نارکیزم) ئه‌وه‌یه‌ شۆڕشی ڕیشه‌یی ، واته‌ شۆڕش لە (ژێر ژێرخانی) کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا، نه‌ك ده‌رهێنانی فه‌رشه‌ ئابوورییه‌که‌ له‌ژێر لاقی سەرمایەداری و ڕاخستنەوەی له‌بەردەم ده‌ستەبژێری خۆ بە هۆشمه‌ندو پێشڕه‌وزان(حزب).

ئه‌و که‌سه‌ی  له‌ ئه‌لف و بای سۆسیالیزم بزانێت، له‌وه‌ به‌ئاگایه‌، که‌ ململانێی دژه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا نییه‌، واته‌  ئه‌و دژانه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بوونیان هه‌یه‌، که‌واته‌ ئه‌و (یه‌کێتی)یه‌ خودی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن، ته‌نها شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بگۆڕێت بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سۆسیالیستی، ئه‌وه‌ش به‌بێ له‌نێوبردنی یه‌کێك له‌ دژه‌کان ئه‌نجامنا‌درێت له‌و هاوکێشه‌شدا به‌ له‌نێوبردنی یه‌کێك له‌ دژه‌کان، هیچ پاساوێکی مادی و بابه‌تی نامێنێته‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌ی دژه‌که‌ی دی . به‌بۆچوونی من ، پرۆلیتاریا شۆڕشه‌کەی بۆ لەنێوبردنی خۆی وه‌ك (چینێك) ده‌کات، واته‌ هه‌لومه‌رجه‌ مادیی و بابه‌تییه‌کانی بوونی خۆی هه‌ڵده‌ته‌کێنێت.

لێره‌دا پرسیارێك دێتەپێش، چ عه‌جه‌ب داهێنانێکه‌ ده‌وڵه‌تێك بۆ چینێك دروستبکرێت، که‌ خۆی شۆڕشی بۆ لەنێوبردنی خودی خۆی کردووه‌؟

ئەگەر کەمێك خۆمان خەریک بکەین، مەتەڵی داهێنانه‌که‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی حزبی پۆلیسییه‌، بۆ جێگه‌ لێژکردن به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی سۆڤییه‌ته‌کان، که‌واته‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا شۆڕشێکی سیاسییه‌، نه‌ك کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕیشه‌یی.

سه‌رباری ئه‌و هه‌موو قسه‌وباسانه‌، بەپێویستی دەزانم ئه‌وه‌ش ڕوون بکه‌مه‌وه‌، که‌ هه‌ندێك هه‌ن  بزووتنه‌وه‌ کۆمونیزم (ئه‌نارکی) به‌ به‌ره‌ڵاخانه‌ ده‌زانن و ده‌ڵێن بڕوای به‌هیج ده‌سه‌ڵاتێك بۆ بنیاتنانی سۆسیالیزم نییه‌، باسی تێکۆشه‌ره‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌کەن‌ و ته‌نها بۆ له‌زه‌تی که‌سیی خۆیان بوونه‌ته‌ (ئه‌نارکی)، ئه‌وانه‌ درۆزنن، ئه‌و درۆزنییه‌شیان له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، یا ئه‌وه‌تا زانیارییه‌کی که‌م و کورتیان ده‌رباره‌ی مێژووی خه‌باتی هزری و عه‌مه‌لی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌، یان ئه‌وانه‌ن، که‌ دیکتاتۆریه‌تخوازی وه‌های لێکردوون، دژایه‌تیکردنی (ئازادیخوازیی) له‌ شاده‌ماره‌کانیاندا بێت و بچێت.

 ده‌رباره‌ی ئەوەی کە ئەنارکیزم بێڕێکخستن و دژی ڕێکخستنە و (به‌ره‌ڵاخانه‌)یه‌، نه‌خێر ئه‌وه‌ قسه‌ و قسه‌ڵۆکی هه‌ڵبه‌ستراوه‌، چونکه‌ تیئۆریسیۆنانی هزری (ئه‌نارکی) به‌تایبه‌تی (پرۆدۆن) و(باکۆنین) و (ماتیستا) زۆجار باسی ده‌سه‌ڵاتیان کردووه‌. (پرۆدۆن) هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ و وتوویه‌تی ” ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ده‌خه‌ینه‌ جێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی”، هه‌روه‌ها باسی لایەنی که‌می ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕی کردووه‌، که‌ له‌سه‌ر سه‌کۆی خۆڕێکستن و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی ڕاوه‌ستاوه‌، زۆر جار وتوویه‌تی “ده‌سه‌ڵات لای ئێمه‌ به‌و واتایه‌ دێت، که‌ ده‌بێت دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ یەكسانی ئابوورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت”.

(مالاتیستا) چه‌ند جارێك ڕه‌خنه‌ی له‌ هاوڕێکانی خۆی گرتووه ‌و وتوویه‌تی به‌داخه‌وە نه‌فره‌تکردنی ده‌سه‌ڵات وای له‌ هه‌ندێکمان کردووه‌، کە پابه‌ندی هیچ جۆره‌ ڕێکخستنێك نه‌بیین. ئێمه‌ بڕوامانوایه‌، که‌ سۆسیالیزم به‌بێ ڕێکخستن نایێته‌ دی، لای ئێمه‌ ئه‌و ڕێکخستنه‌ واتای ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێت”.

 به‌بۆچوونی منیش خۆبەڕێوەبەرایەتی هەرەوەزییە فیدرالییه‌ هه‌ماهه‌نگەکان، جێگه‌ی حکومه‌ت ده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام حکومه‌ت به‌واتا باوه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی نا. بەڵێ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ ڕقیان له‌ کۆمونیزمی ئازادیخوازه‌، چونکه‌ کۆمونیزمی ئازادیخواز (ئەنارکیزم) دژی تێکۆشانی سیاسی و کەسانی پیشه سیاسی و پارت ( ڕێکخستنی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییە).

 ‌هیوادام هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەکەن، لەم جۆرە مشتومڕانەدا بەشداری بکەن و تێڕوانین  بۆچوونی کەسیی و ئەزموونەکان بخەنەڕوو، تاوەکو ئێمەش لێیان بەهرەمەند بین.

شێخ عەبدول :

دەستخوش بابەتەکە ئەوە هەڵدەگرێ مشتومڕی تیروتەسەلی لەسەر بکریت دەوڵەت دەوڵەتی چینەکانە بەبی بوونی جینەکان دەوڵەت بوونی نییە لەگەل نەمانی چینەکاندا دەوڵەتش بوونی نامینێ، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئەو چینەی کە ئەرکیتی کوتایی بە جینەکان بە خوشیەوە بهینی، کە پرولیتاریایە ئایا ئەو ئامرازە یان بلیین پروسەیە چییە کە پێویستە بو گەیشتن بە کومەڵگای بی چینایەتی گەر دەولەتی پرولیتاریایەکەی لینین و هاوراکانیەتی ئەوا بیشک هەمان دەولەتی سەرکوتکەرە.

ھەژێن :

سڵاو ھاوڕێ سیروان، خۆش ھاتی و بانچاو ھاتی، دەستخۆش بۆ سەرنجەكانت، بەبۆچوونی من، شتی گرنگت ورووژاندووە . بەڵام لەبەرئەوەی كە ڕاستەوخۆ قسەت لەسەر  دەوڵەت [وەك ئامرازێكی شۆڕشگێڕانە یا دژەشۆرشانە] نەكردووە، لەو بڕوایەدام ھاوڕێیانی بەشداربووش، ھەر لەبەرئەوە و بۆ ئەوەی كە مشتوـڕەكە لەسەر دەوڵەت بمێنێتەوە و بەخۆی نەبێتە باسێكی لاوەكی و پرسی دیكە جێگەی نەگرێتەوە، بەجۆرێك خۆیان لە وەڵامنەدانەوەی سەردێر و پرسیارەكانت لادابێت. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، كە تۆ پرسگەلێكی زۆر گرنگت وروژاندوون و من بۆخۆم مشتومڕكردن لەسەریان لە مشتومڕكردن لەسەر دەوڵەت پێویستتر و دەستبەجێتر و گرنگتر دەزانم. بەڵام وەك وتم، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بوەستین، ناچار وەڵامی پرسیارەكانت [ھەڵبەتە وەڵامم بە پرسیار و سەرنجەكانت داوەتەوە، بەڵام لێرەدا دایاننانێم] بۆ كۆمەڵێك مشتومڕی زنجیرەیی دیكە ھەڵدەگرم، كە دەكرێت ئەمانە ھەندێكیان بن [ سەرھەڵدانی چینەكان، پێداویستیی مێژووییان؟ چینەكان لە كوێدا سەرھەڵدەدەن و لە كوێدا كۆتایییان دێت؟ ئایا ئەو چینانەی كە بوونەتە سەروەر و جێگەی سەروەریی چینەكانی پێشووتریان گرتووەتەوە، شۆڕشگێڕ و مۆتۆڕی شۆڕش بوون؟  ئایا لە كڕۆكدا جیاوازیی چینایەتیی لەنێوان سەرخانە سەردەمییەكانی كۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی و  سەرمایەداریدا ھەیە ؟ ئایا شۆڕش بەواتای ھەڵگیڕانەوەی سیستەمی چینایەتی، لە ھیچ كوێیەكی مێژوودا سەركەوتنی بەدەستھێناوە؟ ئایا كرێكاران وەك چین یان توێژ بەگشتی، شۆڕشگێڕن؟ ئایا بۆ لەنێوبردنی سەرمایەداری پێویست بە سەرھەڵدانی چینێكی دیكە یا سەروەرییەكی دیكە، ھەیە ؟ …. تد ] ئەمانە و دەیان سەردێڕ و  پرسیاری دیكە، كە دەكرێت لە مشتومرێكی زنجیرەییدا بە ئامادەیی و بەشداری ھاوڕێیانی سۆشیالیستخواز چ كۆمونیست و چ ئەناركیست یا ھەر ئاراستەیەكی دیكە، كە خەبات بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە دەكات، بدرێنەبەر لێدوان و  لێكۆڵینەوە.

ھەربۆیە لێرەدا بەناچاری خۆم لە وەڵامی پرسیار و سەرنجەكانت لادەدەم، بەڵام ئەگەر سەردێر و پرسیارەكانت ئاراستەی چەمكی دەوڵەت و پێویستبوون و پێویستنەبوونی بكردنایە، بەدڵنییاییەوە، ھاوڕێیانی دیكەش وەڵامیان دەبوو. ڕاستییەكەی تەنیا سێ ڕستەت پەیوەندی بە مشتومڕی دەوڵەتەوە ھەیە، كە ئەمانەن :

” من پێم وایه‌ باکۆنین له‌ ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ فۆرمێک ئۆرگانیزه‌کراوی وه‌ک ده‌وڵه‌ت تێ نه‌پڕیه‌وه‌ ،چونکه‌ ده‌وڵه‌ت ته‌حصیل حاصله‌ نه‌ک بنه‌ما ” ، ” بۆ من چه‌نده‌ تۆ دووژمنکار بیت له‌گه‌ڵ ئه‌م ئۆرگانه‌ زۆر بایخدار نیه‌ چونکه‌ کۆمۆنیسته‌کانیش ئه‌م ڕه‌ق و بیزاریه‌یان لێی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ .ئایه‌ ململانی چینایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تا ئێستا توانیویتی جۆرێک له‌ ژیانکردن بهێنێته‌ به‌رهه‌م که‌ ئه‌م فۆرمی ژیانکردنه‌ تێپه‌ڕاندبیت ؟  ” ، ” ده‌کرێت چینی کرێکار خاوه‌نی شورش بن وه‌ک چۆن کۆیله‌کان و جوتیاره‌کان خاوه‌نی شۆڕش بوون به‌ڵام گومانی گه‌وره‌م هه‌یه‌ که‌ چینی کرێکار هه‌ڵگری خه‌ونێکی تازه‌ بن بۆ مرۆڤاتی. بۆیه‌ له‌ ئه‌زمونی ڕوسیاشدا نه‌یان توانی به‌ سه‌ر فۆورمی ده‌وله‌ت تێپه‌ڕن ، هه‌ر شکڵێکی تری سه‌رمایه‌داریان هێنایه‌ به‌رهه‌م .” …

ھاوڕێ، وەك بەقسەكردن پێمگوتیت، من لە ڕستەی یەكەم ناگەم، دەترسم لەسەر بنەمای تێگەییشتنی خۆم وەڵامت بدەمەوە و مەبەستەكەی تۆم نەپێكابێت، تەنیا دەتوانم بڵێم، بەڵێ باكۆنین  و ئەناركیستەكان چ لە خەبات و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا و چ ئەناركیستە كۆلەكتیڤیستەكانی ئەمڕۆ، بەجۆرێك توانیویانە دەركی ئەودیو دیوارەكانی ئەو فۆرمەی زیندانەكە بكەن، بۆیە، ڕەتیدەكەنەوە، نەك دژایەتی ھەڕەمەكیییانەی دەوڵەت. چونكە پرسی دەوڵەت جیاوازیی سەرەكی ئەناركیستەكان و ماركسیستەكان لەسەر دەوڵەت و پارت نییە، وەك ھاوڕێ ماركسیستەكان دەیانەوێت ئاوای نیشانبدەن، بەڵكو شتێكی زۆر بنەڕەتیترە، ئەویش لەسەر ئەوەیە ” ئایا كار (گۆڕان) لە ھۆشیاریی و ژیریی و تیئۆری (ھۆش)ەوە سەرچاوەدەگرن یا ھۆشیاری و ژێریی و تیئۆرییەكان بەرھەمی كار (گۆڕان)ن، بەواتایەكی دیكە ھۆش پێش مادە دەكەوێت یا مادە پێش ھۆش دەكەوێت؟” كە ئەناركسیستەكان ھەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەوە پێداگرییان كردووە، كە ڕزگاری ژێردەستان بەرھەمی خەباتی خۆیانە و ھوشیاری (تیئۆری شۆڕشگێڕانە)ش بەرھەمی ئەزموونگیرییە لە خەباتی ڕۆژانە و دەوڵەت و پارت و ڕابەر و قۆناخبەندی سۆشیالیزمیش لێرەوە ڕەتدەكەنەوە. بنەڕەتی ڕەخنەی ئەوان لە ماركس و ئەنگلس ئەوەیە، كە نەیانتوانیوە لەو دیو دیوارەكانی ئەم زیندانەوە ئەگەری لەتوانادابوونی ژیان و ڕێكخستڼێكی دیكە، بەبێ فۆرمی دەوڵەت وێنابكەن، واتە بنیاتنانی سۆشیالیزم لە خوارەوەڕا نەك لە سەرەوە و لەسەر بنەمای دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەرایەتی ھەرەوەزییە سەربەخۆكان، نەك لەسەر دەستی دەوڵەت.  وەك وتم لە شوێنی دیكە دا دەكرێت فرەتر لەم بارەوە مشتومڕ بكەین.

لە درێژەی وەڵامی ڕستەی دووەمدا، ھەر بەپێی مشتومڕەكانی نێوان پرۆدۆن و ماركس و دواتر باكۆنین و ماركس و ئەنگلس لە نیونەتەوەیی یەكەمدا و پێداگری ھەموو ماركسیست لێنینستەكانی دونیا لە سەرەتای سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەمڕۆ و تا ئەم مشتومڕەی نێوان ئێمە، بەداخەوە بەپێچەوانەی بۆچوونەكەی تۆ، ھەردەم پێداگرییان لەسەر دەوڵەت كردووە و دەكەن و شەیداییەك لەلای ئەوان بۆ دەوڵەت ھەیە، من لەلای لیبڕاڵەكان نایبینم، ئیدی ئەو ڕق و بێزارییە، كە تۆ ئاماژەی پێدەكەیت، كامەیە و لە كوێدا؟ ئایا ھەر لەسەر پێداگریی لەسەر دەوڵەت و شەیدایی بۆی نییە، كە ئەناركیستەكانیان كردووەتە جڕوجانەوەری سەراپای مێژوو؟

بەزۆریی نەك تەواوەتی ھاوبۆچوونی ڕستەی سێیەمم، بۆیە دەڵێم بەتەواوەتی نا، چونكە ئەو كرێكارانەی كە لە ڕوسیای ١٩١٧دا لەڕێگەی كۆمێتەی كارخانەكانەوە، كارخانەكانیان داگیركردبوون و بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیان پێكھێنابوو، ئەو كرێكارانەی كە لە پترۆگرادی پێش كوشتوبڕی بە كۆمەڵی ڕاپەڕیوانی كرۆنشتات، لە مانگرتنی گشتیدابوون، ئەو ڕاپەڕیوانەی كە لە كرۆنشتاتدا خوازیاری دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە جێی دەسەڵاتی بۆلشەڤیكی بوون، ئەو جوتیارانەی كە لە ئۆكرانیا ھاوكات خەریكی جەنگ دژی داگیركەرانی ئیمپراتۆرییەكانی ئاڵمانیا و نەمسا بوون و لەنێوخۆشدا خەریكی ڕێكخستنی ژیانی ھەرەوەزییانەی كۆمونەكان بوون، بەڵێ دەركی ژیانێكی دیكەیان لەدەرەوەی فۆرمی دەوڵەتی كردبوو، ھەر بۆیە دەوڵەتی بۆلشەڤیكی لەپشتەوەڕا ھیڕشی كردەسەریان و لەنێویبردن و سەركوتیكردن !

ھاورێ گیان، بمبەخشە، لێرەدا كۆتایی بە وەڵام و سەرنجەكانم لەسەر  پرسیار و سەرنجەكانی تۆ دەھێنم وەك وتم، لە مشتومڕێكی زنجیرەییدا دەتوانین لەو بارەوە لێدوان و بۆچوونگۆڕینەوە بكەین، بەدڵنیاییەوە كارێكی ئاوا، خزمەتێكی گەورە بە بزووتنەوەكە لەم سەردەمەدا دەكات و بەدڵنیاییشەوە لەوێدا بۆچوونگەلێكی نوێ و وەڵامگەلێكی نوێ لەنێوان ھەمووماندا سەرھەڵدەدەن و لەوانەیە لەلایەكەوە ببنە ھۆی لەیەكنزیكبووەنەوەی كۆمەڵێك ماركسیست و ئەناركیست تا ڕادەی ھاوخەباتی ڕۆژانە و لەلایەكی دیكەوە بۆی ھەیە كۆمەڵێك ئەناركیست یا ماركسیست لەنێوخۆیاندا لەیەكدی دووربخاتەوە ! بەبۆچوونی من وەھا سەرنجامگەلێك لەوە پێویستتر و گرنگترن، لەوەی ئەمڕۆ ئێمە  (سۆشیالیستەكانی ھەنووكە) بە شێوەیەك لە شێوەكان بە خۆپارێزییەوە خۆمانیان  لێدەدزینەوە. ھاوڕێ گیان، بەھیوای ھاتنەپێشی ڕۆژێكی ئاوا، كە گۆمە لیخنەكەی بێدەنگیی ئەمڕۆ بەجۆرێك بشڵەقێت، كە ڕوخساری دوژمنانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بۆ ھەمیشە سواقبدات.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a

ڕاپۆرتی سەندیکالیستەکانی سوید لەسەر کوردستانی عیراق

ڕاپۆرتی سەندیکالیستەکانی سوید لەسەر کوردستانی عیراق

وەرگڕانی: بەختیار مستەفا عارف

پێشەکییەکی کورت:

چەند ئەندامێکی سەر بە نەقابەی ساندیکالیستەکانی سوید  (SAC)؛ ڕێکخراوی مەرکەزیی کرێکارانی سوید، لە مانگی ئۆکتۆبەری 1994دا، سەردانێکی چوارهەفتەیی کوردستانی تورکیا و کوردستانی عیراقیان کرد. لەو چاوپێکەوتنانەیاندا لە کوردستانی عیراق توانیان چەند گفتوگۆیەکە لەگەڵ ئەندامانی یەکێتیی بێکاران و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، هەڵسوڕاوانی شورای 1991 و ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و ئەنارشیستەکان و خەڵکی تردا بکەن. دەقی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی عیراق ئەنجامیان داون، کردویانەتە ڕاپۆرتێکی درێژ و لەگەڵ کۆمەڵێک سلایداتدا نزیک بە 10 سمیناریان لە سوید پێ گێڕا و خودی ڕاپۆرتەکان بووە جێی گفتوگۆ و قسەلێکردن.

جا من بە پێویستم زانی دەقی ئەو ڕاپۆرتە، ئەوەندەی پەیوەندی بە کوردستانی عیراقەوە هەیە، بکەمە کوردی؛ بۆ ئەوەی هەموو خوێنەرێک و هەموو هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و هەموو هەڵسوڕاوێکی بەرابەریی ژنان و پیاوان ئاگاداری ئەو قسەوباسانە بن و بە پێویسیشی دەزانم ئەوە بڵێم کە من لەگەڵ هەندێک بۆچوونی نووسەردا نیم کە لە چەند شوێنێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەڵام هەوڵم داوە دەقەکە وەکو خۆی وەربگرم. بۆ نموونە بڕوای نووسەر وایە کە مارکسیست لینینیستەکانی کوردستانی عیراق بڕوایان بە بەرپابوونی شۆڕشێکی دیموکراتی هەیە، وەک پێشمەرجی شۆڕشی سۆسیالیستی و هەر بەو پێیەش باس لە جەبهەسازی دەکەن، کە ئەمە خۆی لە واقیعدا وا نەبووە. ئەوان لە سەردانەکەیاندا چەند ئەنارشیستێکیان بینیوە و بە بڕوای من ئەم ڕایەیان زیاتر لەوان وەرگرتووە وەک لەوەی لە دەمی هەڵسوڕاوە مارکسیستەکانەوە بووبێت. هەموو گرووپ و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکانی ئەو سەردەمە، واتە سەردەمی جەنگی خەلیج و ڕووداوەکانی ئازاری 1991 پێیان لەسەر بەرپابوونی شۆڕشی سۆسیالیستی و لابردنی کاری کرێگرتە دادەگرت. هەربۆیە خوازیاری جەبهەسازیش نەبوون لەگەڵ هێزە بۆرژوا ئۆپۆزیسیۆنەکاندا. لە شوێنێکی تردا دەڵێت ڕۆژەکانی دوایی هەم مارکسیستە لینینیستەکان و هەم بەرەی کوردستانی دەستیان دایە پێکهێنانی شورا، بەڵام هیچیان بۆ نەکرا و کەس بە دوایان نەکەوت. یەکێتیی نیشتمانی بە دوای دروستکردنی شوراوە نەبوو، ئەو هەوڵی پێکهێنانی ئەنجومەنی گەڕەکەکانی دەدا، کە ئەمە لەگەڵ تەرکیبی چینایەتیی شورا و شێوەی بەڕێوەبردنی کاری شوراییدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبوو و بە نیسبەت مارکسیستە لینینیستەکانەوە، یانی کۆمۆنیستەکان، ئەوە ئەوان دەیانویست شورا واقیعییەکان بەهێز بکەن و لەو ڕیزە ئیعترازییەدا خۆیان دەبینیەوە.

لە شوێنێکی تردا لە زمانی ئەندامانی یەکێتیی بێکارانەوە دەگێڕێتەوە کە زەخت و چەوساندنەوەی نەژادی لەسەر کوردەکان نییە، کە ئەمە خۆی دیدکی ناواقیعی و نادروستە. کارکردنی شۆڤێنییانەی بەعسی لە کوردستاندا بۆ هەموو خەڵک ئاشکرا و ڕوونە، بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردنی هەندێ لە شار و شارۆچەی کوردستان، نیشانەی ئەو ستەم و چەوساندنەوە نەژادییەیە.

لە کۆتاییشدا دەمەوێت بڵێم کە نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە بە خواست و شێوازی خۆیان وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسوڕاوانەیان داڕشتووە، یانی بەپێی ڕیزبەندییەک نووسوییانە کە خۆیان هەڵیانبژاردووە و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە ڕاستییە زیندووەکانیان خستۆتە ڕوو.

بەختیار مستەفا عارف

17/10/1995

بارودۆخی کوردستانی خواروو

ژیان و گوزەرانی کوردەکانی عیراق بە دوای هەردوو شەڕی خەلیجدا ناهەموارتر و خراپتر بووە، دووچاری کوشتوبڕی و قەسابیکردن بووە و ئیدارەیەکی لاوازیشیان بۆ پێک هێنراوە لە لایەن ئیمپریالیستەکانەوە.

شەڕی ئێران و خەلیج  :

لە 1980دا شەڕی ئێران و عیراق دەستی پێکرد. هەر لە دوای 1930یەوە ناکۆکی و ناتەبایی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەبووە. کوردەکانی عیراق هەردەم ئەم هەلەیان قۆستۆتەتەوە و لەگەڵ ئێران و هێزە گەورەکانی تردا ڕێک کەوتوون دژ بە عیراق و هەروەک چۆن لە ساڵی 1980دا لەگەڵ ئێراندا ڕێک کەوتوون. بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان لە پارتی و یەکێتی و چەند گرووپێکی چەکداریی مارکسیستی پێک هاتووە. ”پارتیی دیموکراتی کوردستان” لە دوای 1940ەوە ڕابەرایەتیی بزووتنەوەکە دەکات و ”مەسعود بارزانی” سەرکردەیەتی. ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”یش ”جەلال تاڵەبانی” سەرکردەیەتی. لەنێوان ئەم دوو سەرکردەیەدا ناتەبایی و ناکۆکییەکی گەورە هەیە تا ڕادەی بەیەکدادانی چەکداری و لەیەکترکوشتن. بەکورتی بڵێین هەر دوای هەڵگیرساندنی شەڕی ئێران و عیراق پارتیش و یەکێتیش لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران. هەردوولایان زۆر بەتوندی و دژ بە عیراق شەڕیان دەکرد و بەتوندیش پەلاماری یەکتریان دەدا. لە ساڵی 8719دا هەردوو لایەن ڕێککەوتنیان مۆر کرد و لەگەڵ سێ پارتیی تری بچووکی تردا بەرەی کوردستانییان پێک هێنا.

ئەنفال :

هەروەکا جارەکانی تر تاکتیکی خۆخستنەپاڵ هێزە گەورەکان و تەحالفکردن لەگەڵیاندا تاکتیکی سەرکەوتوو نەبوو. کاتێک ئێران و عیراق ڕێککەوتنیان مۆر کرد و شەڕیان ڕاوەستاند، ئێران لە یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی کوردەکانی عیراق دەستی کێشایەوە و عیراقیش هێرشکی گەورەی ڕێکخست بۆ تێکشکاندنی هەموو ئیعتراز و ڕاپەڕینێک لە کوردستان، ئەم هێرشەی عیراق تراژیدیایەکی گەورە بوو کە بەسەر خەڵکی کورددا هێنرا، ئەم پەلاماردانە ناونرا ئەنفال کە لە بنچینەدا واژەیەکی (مستەلەح) ئیسلامییە، کە لە شەڕکردندا بردنی ژن و تاڵانکردنی هەموو موڵکیەتێکی شەخسی ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە خوا نەبووە حەڵاڵ دەکرا. لە ماوەیەکی کورتدا بەپێی سەرچاوەیەکی زۆر 180000 کورد ونکران، هەموو پیاوەکانی دێهاتەکان ئیعدام کران. هەروەها بە هەزارەها ژنیش کە مێردەکانیان بێ سەروشوێن کرابوون و بە تەنیا مابوونەوە، لە لایەن سەربازە عیراقییەکانەوە دەستدرێژیی جنسیان لێ دەکرا. ئەم دەستدرێژییە وەحشەتناک بوو. لە کوردستاندا شەرمێکی گەورەیە بۆ خێزان و ناسیاوی ئەو ژنەی کە دەکەوێتە ژێر ئەو پەلامارەوە، هەربۆیە بۆ بەرزڕاگرتنی شەرەفی خێزان ئەو ژنانە تێرۆر دەکران. نزیک بە 4500 دێ لە کوردستاندا بە بۆمبا و بلدۆزەر تەخت کرا، بە سەدەها هەزار کەس بەزۆر ڕاگوێزران بۆ خوارووی عیراق و یاخود لە ئۆردووگای زۆرەملێدا کە دەوڵەت دروستی کردبوون جێگیریان دەکردن، زیاد لە 10000 کورد بەرەو تورکیا ڕایکرد بە هۆی هێرشەکانی ڕێژیمی عیراقەوە و لە چەندەها موعەسکەراتی پەناهەندەیدا ماونەتەوە، سەددام حسێن سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی. لە هێرشێکیدا بۆبای گازی بە کار هێنا و چەندەها هەزار کوردی لە شاری هەڵەبجەدا کوشت. ئەنفال هەموو کوردەکانی گرتەوە و حاڵەتێکی نەفسی زۆر خراپی بۆ ملیۆنەها کورد دروست کرد کە پێویستە بە ملاحەزەوە وەربگیرێت کاتێک باس لە کوردستانی خواروو دەکرێت. بەرەی کوردستانی دەستەوەستان ڕاوەستا و هیچی بۆ نەکرا، ڕووە و ئێران ملی نا. سەددام حسێن کە مەغرور بوو و زۆر باوەڕی بە خۆی و بە هێزە سەربازییەکەی هەبوو، هەر دوای دوو ساڵ هەلێکی تری بۆ کوردەکان خوڵقاند کە حەرەکە بکەن و هەدەفی خۆیان بپێکن؟ و لە ئابی ساڵی 1990دا عیراق کوێتی داگیر کرد.

شەڕی خەلیج  :

ئەزمەی کوێت و شەڕی خەلیج مەسەلەی کوردەکانی خستە مەرکەزی ئیعلامی جیهانییەوە، هەر ساڵێک پێش ئەوە جەلال تاڵەبانی سەردانی ئەمریکای کرد و سەرکوتکردنی کوردی لەوێ ڕاگەیاند.

وەڵامی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئەوان دەستبەرداری سەددام نابن و پشتیوانی لێ دەکەن، بە دەلیلی ئەوەی بەدیلکی چاک و گونجاوە و لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا دێتەوە و دامودەسگای سەددام ئارەزوو و ویستەکانی وڵاتە غەربییەکانی پاراستووە لە ناوچەکەدا. ئەم قسانە لە زمانی ”بورهانەدین یاسین”ەوە دەگێڕدرێنەوە کە لە نووسینێکیدا بە ناوی (کوردەکانی عیراق و چوونەپێشەوەی ناکۆکییەکان لە خەلیجی فارسدا) ئیشارەی پێ کردوون. ئیعلامی ڕۆژئاوا باسی لە ئەنفال نەدەکرد، بەڵام ئێستا بە هۆی چەند هۆیەکەوە هەموو دنیا لەگەڵ کوردەکاندایە. بەرەی کوردستانی لە مانگی 10ی 1990دا بڕیاری وەستانی حەرەکاتی چەکدارانەی دا، کە وایلێهات تەقریبەن هیچ چالاکییەکی نەما لە ترسی بزووتنەوە ئینتیقامییەکانی حکوومەتی بەعس، زۆر لە هێزە غەربییەکان و ناوچەییەکان سەغڵەت بوون لەوەی عیراق تێک بچێت و کوردەکان خۆیان جیا بکەنەوە و وڵاتی سەربەخۆیان پێک بهێنن. بەرەی کوردستانی پەیمانی ڕوونەدانی ئەو حاڵەتەی دا بەو هێزانە. تێکشکاندنی عیراق لە شەڕەکەدا بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی موەقەت و ئیستسنائی کە تیایدا ڕاپەڕین ڕووی دا. بەڵام بەرەی کوردستانی تەنانەت بە ملاحەزەی وەرنەگرتبوو. ڕاپەڕین لە خوارووی عیراقدا دەستی پێکرد و لە مارسی هەمان ساڵدا لە کوردستانیش دەستی پێکرد. ئەم ڕاپەڕینانە لە سەرەتادا جەماوەری و عەفەوی بوون. پێش دەستپێکردنی جەنگەکە زۆر سەربازی عیراق و سەربازی کورد خۆیان دزیبۆوە و بەشداری جەنگیان نەدەکرد. ئەمە تەئسیری زۆری هەبوو لە ڕاپەڕینەکەدا. بەپێی ئەوەی بیستوومانە  (PKK)ەش لە دەوروبەری زاخۆدا بەشداری ڕاپەڕینەکەی کردووە و دە هەزار جاشێکیش لە حکوومەت هەڵگەڕانەوە.

بەشێکی زۆر لە کوردستانی خواروو ڕزگاری بوو. بەڵام سوپای عیراق جارێکی تر هێرشی کردەوە، هەموو پارتییەکانی ناو بەرەی کوردستانی کە لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە خەڵکیان ئاگادار کرد کە ڕابکەن و شارەکان جێ بهێڵن. ڕاپەڕینەکە تێکشکێنرا و زیاد لە دوو ملیۆن کورد بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا ملی نا لە ترسی هێرشی عیراق و ئینتقامکردنەوەیان. ڕەوی کوردەکان تەنیا تراژیدیایەکی ئینسانی نەبوو کە زۆر کەس لە برسان و لە نەخۆشیدا مردن، بەڵکو ئەبعادێکی سیاسیشی هەبوو.

بۆچوونێکی بەهێز هەبوو کە ڕەوی کوردەکانی دەبەستەوە بە جەنگی خەلیجەوە و وای تەسەور نەدەکرد کە وەزیفەی هێزەکانی تەحالف تەواو بووە. وتووێژی ناو هێزەکانی تەحالف بووە هۆی ئەوەی کە لە 5ی نیساندا بڕیاری 688 دەربکەن کە داوای وەستانی سەرکوتکردنی خەتی مەدەنی دەکات. لە 19ی نیساندا (UN) بڕیاری مەنعکردنی هێزی ئاسمانی عیراقی دا کە نابێت لە سەرووی خەتی پانی 36ەوە بسووڕێتەوە. کوردەکانیش دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ شوێنی خۆیان. شەڕی نێوان کوردەکان و ڕێژیمی عیراق درێژەی کێشا تا مانگی 10 کە سوپای عیراق خۆی پاشەکشەی کرد و کوردستانی جێهێشت. ئەم بەشەی کوردستان کە حکوومەتی عیراقی تێدا نەماوە دوو لەسەر سێی کوردستانی عیراق دەبێت. کەرکووک کە شارێکی نەوتییە لەژێر دەستەڵاتی ڕێژیمی بەعس ماوەتەوە. (UN) هێزێکی سەربازیی کەمی لە بەشێکی کوردستاندا هێشتەوە.

دوای جەنگەکە :

بەرەی کوردستانی دەستی گرت بەسەر ئیدارەکانی کوردستانی عیراقدا. لە کاتی سەفەرەکەماندا گوێمان لە ڕەخنە و سەرزەنشتی قورسی خەڵک دەبوو. بەتایبەتی دژ بە یەکێتی و پارتی کە دەیانوت ئەمانە لە ئێران بوون و هاتنەوە سەر حازری، ئێستا ئەمانە فەرمانڕەوان و هەرچی کارگە و پاش ماوەی مەکینە و ئالات و ئەدەواتی مەخزوناتی دەوڵەتی هەیە فرۆشتویانە بە ئێران و عیراق بۆ ئەوەی پارەکەی بخەنە خەزێنەی حیزبیی خۆیانەوە و ئەمڕۆ چەند کارگەیەکی کەم لە کوردستاندا ماوە. لە مانگی 1ی 1992دا وتووێژکردن لەگەڵ عیراقدا وەستێنرا و لە هەمان کاتدا بەرەی کوردستانی ئیعلانی ئینتیخاباتی کرد بۆ پێکهێنانی پەرلەمان. ئینتخابات لە مانگی 5ی 1992دا دەستی پێکرد لەژێر چاودێریی چاودێرانی نێونەتەوەییدا بۆ ئەوەی بارودۆخێکی دیموکراتییانە بە ڕێوە بچێت. زۆر لە پارتییە بچکۆلەکان سەرزەنشتی پارتی و یەکێتییان کرد بەوەی فێڵ و ساختەیان بە خەرج داوە لە هەڵبژاردنەکەدا. لە هەڵبژاردنەکەدا کە نسبەتی چوونەناو پەرلەمانەوە لە 70% تەحدید کرا. یەکێتی و پارتی بردیانەوە و یەکی نیوەی مەقاعیدەکانیان وەرگرت و 5 کورسییش بۆ مەسیحییەکان دانرا کە کەمایەتین لە کوردستاندا. بێبڕواییەکی زۆر لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە. پەنجا بە پەنجا هەموو دەستەڵاتێکیان بەش کردووە.

وەزارەتەکانیان لەنێوان خۆیاندا بەش کردووە. هەرلایەکیان وەزیرێکیان هەبووایە جێگرەکەی دەبوو لە لاکەی تر بووایە. ئەم تەرحە تا ڕادەی مودیر و کاربەدەستانی خوارەوەش هات. پارتییەکان دەستەڵاتدارییەکی هاوبەشیان پێک نەهێنا، بەڵکو لە هەموو حاڵەتێکدا هەوڵیان دەدا پارتییەکەی خۆیان بەرنە پێشەوە. پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عیراقدا چەندەها جەریمەی گەورەیان کردووە دژ بە مافەکانی مرۆڤ. گرتن و ئەشکەنجە و کوشتن و هێرشبردنە سەر کۆبوونەوە دەستەجەمعییەکان و خۆپێشاندانەکان. شێوەی ئەو خروقاتانەیە کە ڕێکخراوی عەفوی دەولی (AMNISTI INTERNATIONAL) لە مانگی شوباتی 1995دا کۆی کردبۆوە و خستبوویە ڕوو.

بیناکردنەوەی ئەم وڵاتە بە جەنگ وێرانکراوە زۆر زەحمەتە و بە هۆی هەندێ هەلومەرجی ترەوە خراپتر بووە. حەساری ئابووریی (UN) لەسەر عیراق کە کوردستانیش دەگرێتەوە و حەساری ئابووریی عیراقیش لەسەر کوردستان. هەر هەمووی قورساییەکی زۆری خستۆتە سەر ژیانی خەڵک. شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی درێژەی هەبووە و زیاتر لە 100000 کەس لە شاری هەولێر خۆپێشاندانی کرد دژ بەو شەڕە. هێزەکانی یەکێتی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کۆنترۆڵ کردووە و پارتیش سەرووی ڕۆژئاوا.

کۆمیتەی گەڕەکەکان لە ڕاپەڕینەکەی 1991ی کوردستانی عیراقدا:

کۆمیتەی گەڕەکەکان بەهاری 1991 کوردستانی عیراق بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی جەماوەری بوو کە هەموو شاری سلێمانی گرتبووەوە. ئەو چەند ئەنارشیستەی کە لە سەفەرەکەماندا لە سلێمانی بینیمانن ئەو بزووتنەوە شوراییەیان وەک بزووتنەوەیەکی خۆبەخۆیی (عەفەوی) ئەنارشیستی لە قەڵەم دا. مەبەستیان لەم هەڵسەنگاندنە ئەوە بوو کە جەماوەر ڕاستەوخۆ لە تەشکیلە دیموکراتییەکاندا خۆی ڕێک خستبوو، لە جێگەی کار و گەڕەکەکاندا دەستەڵاتی بە دەستەوە گرتبوو بۆ ئەوەی کاروبارەکانی خۆی بە دەستی خۆی بە ڕێوە بەرێت. لە مانگی شوباتی 1991دا، چەند هەفتەیەک پێش ڕاپەڕینەکە، ڕوومان کردە گەڕەکەکان و قسەمان بۆ خەڵکی دەکرد و شورا سەرەتاییەکانمان پێک هێنا. ئەمە یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شوراکان دەیگێڕایەوە. هەموو حیزب و مەیلە ڕاست و چەپەکان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەکە و پەیداکردنی نفوزی خۆیاندا بوون. کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی خەلیجدا، لە کانوونی دووەمی 1991دا، بەغدادیان بۆمباران کرد، خۆشی و شادی کەوتە ناو کوردەکانی عیراقەوە. لە نامەیەکدا کە لە هاوینی 1991دا لە کوردستانەوە نووسراوە و لە نووسینێکی ئینگلیزیدا بڵاو کراوەتەوە وەسفی ئەو بارودۆخە دەکات کە چۆن ئەو شەڕە هیچ ترسێکی لە دڵی کوردەکاندا نەهێشتووە سەبارەت بە پەلاماردان و هیرشکردنی دەوڵەتی بۆ سەریان و خەڵکی دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتردا، کە پێش ئەو کاتە کەس نەیدەتوانی بەو شێوەیە قسە لەسەر باری سیاسی بکات. هەروەها ڕۆژانە سەربازێکی زۆر بەرەکانی جەنگ جێ دەهێشت و فیراری دەکرد، کە خەڵکێکی زۆر شایەتی ئەو حاڵەتەن و بە چاوی خۆیان بینیویانە هەموو ڕۆژێک هیوای خەڵک بە کەوتنی دامودەسگای سەددام زیادی دەکرد. لەو هەلومەرجەدا بوو لە شاری سلێمانی گفتوگۆی پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکەکان و شورا کرێکارییەکان کرا. ئەم دەستبردنە بۆ پێکهێنانی کۆمیتە و شورا لەژێر کاریگەریی شۆڕشی ئێران 1979دا بوو لە دروستبوونی کۆمیتەی گەڕەکەکان و شورا کرێکارییەکانی ئەوێوە ئیلهامیان وەرگرت، دوای تێکشکانی دامودەسگای (شا) و پێش هاتنە سەر کاری (خومەینی). کاتێک لە 29ی شوباتی 1991دا هێرشی زەوینی دەستی پێکرد و هێزەکانی عیراق مەجبوور بە پاشەکشێ کران، بەشێک لەو هێزە سەربازییە شکاوە دژ بە هێزەکانی سەددام وەستا و بەپێی زانیارییەکان ڕاپەڕین لە شاری بەسراوە دەستی پێکرد و بە پەلە شارەکانی تری عیراقی گرتەوە، وەکو کوت و عەممارە و ناسریە و سەماوە و نەجەف و کەربەلا و حلە و موسەیب. بەرپابوونی شۆڕشێکی گەلی لە عیراقدا دواکارێک بوو کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانویست ڕوو بدات. ئەوان دەیانویست پارتیی بەعس لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و خوازیاری ئینقلابێک بوون لە سەرەوە ڕوو بدات، هەربۆیە هێرشی زەوییان بەرەو بەغداد وەستان و بە تەیارەی جەنگی و هەلیکۆپتەرەوە کەوتنە وێزەی سوپا هەڵاتووەکەی عیراق و قەسابخانەیەکیان دروست کرد. هێزە سەربازییەکەی سەددام (گاردی جمهوری) هیچ زەڕبەیەکی نەخوارد و هەروا ماوەیە و هەربۆیە هەڵچوون و ڕاپەڕینەکانی خوارووی عیراق وا بە ئاسانی تێکشکێنرا. بەپێی زانیارییەکی زۆر نزیک بە 100000 سەربازی عیراقی کوژراون لە ڕۆژەکانی دوای جەنگی خەلیجدا. ئەگەر ئەم ڕاپەڕینە سەر بکەوتایە لە دنیای عەرەبدا بڵاو دەبووە و ئەمەش کارەساتێکی گەورە دەبوو بۆ ئەمریکا و لەگەڵ نەزمە نوێیەکەیدا نەدەهاتەوە. کاتێک کە جەماوەری خوارووی عیراق ڕاپەڕی، زۆر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خۆیان چەکدار کرد و خۆیان ئامادە کرد بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە. زۆر لە شارەکانی کوردستان ڕزگاری بوو بێ ئەوەی هێزەکانی سەددام بەرهەڵستییەکی ئەوتۆ بکەن. لە 7ی مارسدا لە شاری سلێمانی قورسترین شەڕ ڕووی دا لە دائیرە سەرەکییەکەی ئەمن (ئاسایش)ی دەوڵەت لە گەڕەکی عەقاری. ئەم دائیرەیە لە 24 سەعاتدا گیرا. لە 10ی مارسدا لە 3 سەعاتدا شاری هەولێر ڕزگاری بوو. شارە نەوتییەکەش، کەرکووک، لە 20ی مارسدا ئازاد کرا.

بزووتنەوەی شورایی لە شاری سلێمانی:

چەند ڕۆژێک پێش ئازادکردنی سلێمانی، هێزەکانی ئەمنی دەوڵەتی ڕایانگەیاند کە هەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە ئیعدام دەکرێت و ماڵەکەشی تێک دەدرێت.

ئەمەش لە واقیعدا ئیشارەتێک بوو بۆ سوپا و پۆلیس کە تا چ ڕادەیەک توانای تەسەروفاتیان هەیە، مەبەست لەم هەڕەشەیە ڕێگرتن بوو لەوەی هیچ بەشێک لە دامودەسگای دەوڵەت خۆی بە ڕاپەڕینەوە ببەستێتەوە. لە بەیانیی 7ی مارسی 1991دا هەموو شتێک خۆبەخۆیی (عەفەوی) ڕووی دا، ئەوانەی کە لایەنگری بەرەی کوردستانیان دەکرد لە ماڵەوە مانەوە، گوێیان لە دەستووری کارکردن دەگرت لە ڕێگای ئیستگەکانی ڕادیۆوە، و لە هەمان کاتێشدا گرووپی بچووک بچووک لە کاتژمێر 7-8ی بەیاندا دەستیان کرد بە جموجووڵ لە جادەکانی شاردا و بە دەنگی بەرز دروشمیان دەوت.

ئەم گرووپانە تا دەهات گەورەتر دەبوون بەوەی زۆر لە پیاوان و ژنان و منداڵان پەیوەندییان پێوە دەکردن و هەر ئەم گرووپانەش بوون دەستیان دایە چەککۆکردنەوە لە گەڕەکەکاندا و هێرشیان بردە سەر بیاناکانی دەستەڵاتدارە دەوڵەتییەکان لە شاری سلێمانیدا، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا شار کەوتە ژێر دەستەڵاتی خەڵکی چەکدارەوە. لە 8ی مارسدا بە هەزارەها کەس بەشداری خۆپێشاندانێکی گەورەیان کرد لە جادەکانی شاردا و ئەم لافیتانەیان بەرز کردبۆوە: ”شۆڕشگێڕان، شۆڕشی خۆتان دامەزرێنن”، ژنان بەشێکی گرنگی شۆڕشن”، ”بۆ پێشەوە بەرەو مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کورد” و ڕاپەڕینەکە هەموو ژنان و پیاوان و منداڵانی سیاسی کردبوو.

لە هەموو گەڕەک و کارگەکانی سلێمانیدا شوراکان پێک هاتن و زۆربەی شوراکان وەک کۆمیتەی گەڕەکەکان کاریان دەکرد. خەڵک لە شوێنی ژیانیدا خۆی ڕێکخستبوو. شورا کرێکارییەکانیش لە جێگای کاردا دەرکەوتن. بەشێک لەو خەڵکانەی کە لە پێش هەموو لایەک خۆیان ڕێکخستبوو گرووپی عینایەی تەندروستی موتەحەڕیکیان پێ دەوتن، کە هەر زوو خوێیان کۆ کردەوە و دەیاندایە بریندارەکانی شەڕ. هەروەها کارەبا و ئاوی شارەکەیان چاک کردەوە، کە بە هۆی شەڕەوە ماوەیەک بوو تێک چووبوو.

لە دەوروبەری 12ی مارسدا دوو نوێنەری شورای سلێمانی نێردران بۆ هەولێر بۆ دیعایەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیە و لە پێناوی ئەوەی تەنها لە سلێمانیدا گۆشەگیر نەبێت. لە شاری هەولێر لە سێ ڕۆژدا پێنج کۆبوونەوە کرا. کە بە هۆیانەوە 35 شورا پێکهات و لە دواییدا ژمارەی شوراکان بوون بە 42 شورا. لەناو هەموو شورایەکدا چەند کۆمیتەیەک، یاخود چەند گرووپێک لە هەڵسوڕاو، هەبوون، کە بەرپرسیارێتی جیاوازیان لە گەڕەکەکاندا خستبۆ ئەستۆی خۆیان. بۆ نموونە، گرووپی دابەشکردن خواردن، چاودێریی تەندروست، ئێستگەی ڕادیۆ و ڕۆژنامەدەرکردن و دەستەی چەکدار بۆ پارێزگاریکردنی ڕاپەڕین و…هتد. بزووتنەوەی شورایی خۆی چەکدار کردبوو بۆ خۆپاراستن لە هەموو پەلاماردان و دەستدرێژییەک کە لە دەرەوە دەکرانە سەری. کاتێک سەددام حسێن هێزی سەربازی نارد بۆ هەندێک شوێنی کوردستان، کۆمیتەی گەڕەکەکان لە سلێمانی چەکداری خۆیان نارد بۆ کەلار و هێزێکی سیمبولیشیان لە 80 پێشمەرگە پێکهاتبوو نارد بۆ کەرکووک بۆ یارمەتیدانی ڕاپەڕیوانی ئەوێ.

ناکۆکی نێوان شورا و بەرەی کوردستانی:

لە بەیانیی 8ی مارسدا هێزێکی یەکێتیی کە 200 چەکدار دەبوو خۆی کرد بە سلێمانیدا، کاتێک ئەوان هاتنە شارەوە و بێ ئەوەی بزانن شار ئازاد کرابوو. لە 9ی مارسدا هێزەکانی بەرەی کوردستانی هاتنە سلێمانییەوە و 12ی مارس دەستیان کرد بە پەلاماردانی بزووتنەوەی شورایی. بەرەی کوردستانی لە چەند پارتییەک پێکهاتبوو؛ یەکێتی و پارتی کە دوو پێکهێنەری بنچینەیی بەرەی کوردستانین تەرکیبی عەشایرییان هەیە و قاعیدە کۆمەڵایەتییەکەشیان لەسەر هاوکاریی عەشایری ڕاوەستاوە. لە 16ی مارسدا کە ڕۆژی بیرەوەریی هەڵەبجە بوو شورای گەورە و بەرەی کوردستانی خۆپێشاندانیان ڕێکخست.

لە 17ی مارسدا بەرزترین دەستەڵاتداریی شورایی لە سلێمانی دامەزرا. ئەم دەستەڵاتە باڵایە هەر خۆی بە تەنیا بڕیاری نەدەدا، بەڵکو پێشنیازی دەخستە بەردەم شوراکان و لەوێ قسەی لەسەر دەکرا و پاشان دەخرایە دەنگدانەوە. لە 18ی مارسدا بەرەی کوردستانی هەموو شوراکانی بە غەیرەقانوونی لە قەڵەم دا و داوای هەڵوەشاندنەوەی کردن. دوای 9 ڕۆژ لە جێگیربوونی دەستەڵاتدارانی بەرەی کوردستانی لە شاردا، داوای حەلبوونی هەموو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانی کرد و وتیان دەبێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت. هۆی ئەم سەغڵەتبوونەشیان ترس بوو لە بزووتنەوەی شورایی و بوونی ئەو بزووتنەوەیەیان بە هەڕەشەیەک دەبینی کە لێیان دەکرێت. ”بەرە” دەیویست هەیکەلی ئیداریی شارەکە بینا بکاتەوە و مودیرە کۆنەکان بێنێتەوە کە شورا کرێکارییەکان لە گەڕیان خستبوون.

لە 20ی مارسدا خۆپێشاندانی دژ بە بەرەی کوردستانی ڕێکخرا لە جادەکانی سلێمانیدا. نەوشیروان کە دووەم کەسە لە یەکێتیدا و لێپرسراوی مەیلێکی چەپی ناو یەکێتی بوو لە ڕادیۆدا ڕایگەیاند کە کۆمیتەی گەڕەکەکان دەبێت تێک بشکێنرێت و وتبووی: ”دەبێت ئەو بزووتنەوەیە تێک بشکێنن کە ئاڵای سووری بەرز کردۆتەوە.” بەرە ئیستگەی ڕادیۆکەی بە کار دەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دژ بە کۆمیتەی گەڕەکەکان.

ناکۆکییەکان بە چارەسەرنەکراوی مانەوە تا لە 3ی نیساندا هێزەکانی سەددام گەڕانەوە کوردستان و شار کەوتەوە ژێر دەستەڵاتیان. بەرەی کوردستانی نەیدەوێرا چەکەکانی دژ بە کۆمیتەی گەڕەکەکان بەرز بکاتەوە، کۆمیتەکانیش سیاسەتێکی هاوبەشیان نەبوو لە بەرانبەردا. کاتێک کۆمیتەی گەڕەکەکان چەکداری خۆیان دەنارد بۆ شەڕ دژ بە هێزەکانی سەددام، بەرەی کوردستانی چەکی نەدەدانێ، لەجیاتیی ئەوە لێپرسراوی یەکێتی؛ جەلال تاڵەبانی، فڕی بۆ بەغدا. بۆ وتووێژکردن و ئەو وتووێژە ناونرا ”ماچەکانی بەغدا”، بە هۆی ئەوەوە تەلەفزیۆنی عیراقی ئەو وێنەیەی پێشان دابوو کە تاڵەبانی ڕوومەتەکانی سەددام ماچ دەکات.

باری ناوخۆیی کۆمیتەی گەڕەکەکان:

لەناوی کۆمیتەی گەڕەکەکاندا چەند بۆچوونێکی جیاواز هەبوو سەبارەت بە چۆنێتیی بردنەپێشەوەی کارەکانیان. زیرەکیی ئەوانە چۆنێتیی هەڵوێست و کارکردنیان بوو بەرانبەر بە پارتییەکانی ناو بەرەی کوردستانی. هەبوو دەیویست هێرش بکرێتە سەر ئەم پارتییانە و ئەو پارتییانەیان وەک دەستگای دەسەڵات دەبینی کە ویست و ئارەزووی جیا و تایبەت بە خۆی تەعقیب دەکات.

تێیدا بوو دەیویست وتووێژیان لەگەڵدا ساز بکرێت و ئیتیفاقیان لەگەڵدا بکرێت بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە دەستەڵاتداریی شورایی. زۆری تریان ڕای وا نەبوو کە بەرەی کوردستانی قاعیدەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە و بڕوایان وا بوو کە دەبێت بەرە فەرامۆش (ئیهمال) بکرێت. ئەم مەیلە مکافحە (Militanta) سوور بوو لەسەر ئەوەی کۆمیتەکان دەبێت وەکو دەستگایەی سەربەخۆی شۆڕشگێڕ کاری خۆی بکات. یەکێک تر لە ناکۆکییەکانی ناو شورا بوونی دوو مەیلی جیاواز بوو سەبارەت بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆمیتەکان، مەیلێک دەیانویست شوراکان تەنیا کارگەری بێت و مەیلێکی تر دەیانویست هەموو خەڵک ڕێک بخات، واتە شورای خەڵک بێت. نموونەیەک لە ناکۆکییە دەروونییەکانی تری کۆمیتەی گەڕەکەکان داخوازە سیاسییەکانیان بوو کە لەسەر ئەساسی حقوقی لیبرالی و دیموکراتیی بۆرژوازی بینا کرابوون و لە هەمان کاتدا پراکتیکیان شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بوو، دیار بوو کە مارکسیست لینینیستەکان لە پشت سەری ئەو داخوازییە دیموکراتییە بۆرژوازییانەوە ڕاوەستابوون. ئەوان مەبەستیان بەرپاکردنی شۆڕشێکی دیموکراتیی بۆرژوازی بوو و پاشان بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی. ئەم بۆچوونە ئەو ئەنجامەی لێ دەکەوێتەوە کە لەگەڵ هێزە بۆرژواکاندا بکەونە بەرەدروستکردنەوە. هاوڕێ ئەنارشیستەکانمان وایاندەبینی کە ڕووەو شاخ ڕۆیشتن تەکبیری هێزەکانی بەرەی کوردستانی بوو بۆ ئەوەی لە ڕووی فیزیکییەوە شورا لە ناو بەرێت و لەو ڕێگەیەوە بزووتنەوەی شورایی تێک بشکێنێت و دەیانوت دوو جۆرە لە بزووتنەوەی دژ بە یەک دروست بووە؛ کۆمیتەی گەڕەکەکان لە لایەک و بەرەی کوردستانی لە لایەکی تر. ئێمە لە سەرەتاوە زانیمان کە پارتییەکانی ناو بەرەی کوردستانی بەشێکی شۆڕشگێڕ نین لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە و ئەوانە دوژمنماننن. بەرەی کوردستانی دەستی بە دەوڵەتێکی نوێ کردووە. بەرەی کوردستانی هەوڵی دا جەنگی گەلی دژ بە حیزبی بەعس بوەستێنێت لە شاری کەرکووکدا، ئەوان بە خەڵکیان دەوت بڕۆنە ماڵەوە و نەزم ڕیعایەت بکەن، بەرەی کوردستانی چ کارێک پێویست بێت خۆی دەیکات.

سەددام دەستەڵاتی وەرگرتەوە:

لە 2ی نیساندا هێزەکانی سەددام لە شاری سلێمانی نزیک بوونەوە و دەستیان کرد بە قەسفکردنی شارەکە. شاری کەرکووک چەند ڕۆژێک پێشتر کەوتبووەوە ژێر دەستەڵاتی، لێپرسراوەکانی بەرەی کوردستانی هەر زوو ڕووەو ئێران ڕۆیشتن، بەڵام پێشمەرگەکانیان مانەوە و بیریان لەوە دەکردەوە کە بەرگری لە شارەکە بکەن. لە نیوەشەودا بوو جەلال تاڵەبانی لە ڕێگای ڕادیۆوە بە خەڵکی ڕاگەیاند شار بە جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە شاخ، ئەگەرنا وەک هەڵەبجە کیمیاباران دەکرێن.

کاتێک هێزەکانی سەددام، دوای 12 سەعات، چوونە ناو شارەوە لە 90%ی خەڵک چۆڵی کردبوو و ڕووی کردبووە شاخ و جادەکانیش پڕ بوون لە خەڵک کە ئەوانیش بە تەمای دەرچوون بوون. ئیعلامی جیهانی لە سەرەتادا گرنگییەکی زۆری دا بەوەی کە چێ دەگوزەرێت لە باکووری عیراق و لە (UN) پەیمانی دروستکردنی زۆنێکی ئەمنی دا بە کوردەکان، مەبەستی (UN) لەم زۆنە ئەمنییە نادیار بوو و هیچ مافێکی دابین نەکرد بۆ کوردەکانی عیراق. دوای دوو هەفتە خەڵک دەستی کرد بە گەڕانەوە لە شاخەکانەوە بەرەو شارەکان، لەو مانگانەی دواییدا بەرەی کوردستانی و سەددام حسێن دەستیان کرد بە وتووێژکردن. ئەمەش تاکتیک و یاریییەکی تری سەددام حسێن بوو کە ویستی وەخت بە سەر بەرێت.

ڕاپەڕینی تەمووز :

لە 18ی تەمووزدا جەماوەری ڕاپەڕیو لە ماوەی سەعاتێکدا شاری لە هێزەکانی سەددام حسێن پاک کردەوە، تەنها 11 دەبابەی شکاو نەبێت هیچ نەمایەوە. ڕۆژێک پێش ئەوەش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر ڕوویدابوو.

لە ڕاپەڕینەکەدا بەرەی کوردستانی بە سلێمانیدا گەڕا و بە موکەبەرە خەڵکیان ئاگادار کردەوە کە بچنەوە ماڵێ. لە 20ی تەمووزدا مارکسیست لینینیستەکان خۆپێشاندانیان ساز دا دژ بە بەرەی کوردستانی و ئەمەش بووە هۆی بەیەکدادانیان لەگەڵ بەرەدا. ڕۆژەکانی دوایی هەم مارکسیست لینینیستەکان و هەم بەرەی کوردستانی دەستیان دایە پێکهێنانی شورای سەر بە خۆیان، بەڵام هیچیان بۆ نەکرا و کەس بە دوایان نەکەوت. لە هاویندا شەڕ کەوتە نێوان پارتییەکانی ناو بەرەوە. پارتی و یەکێتی دژ بە پارتییەکی سۆسیال دیموکراتی بچووک جەنگان. ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی کوردستانی عیراقیان، یاخود وەک کوردەکان دەڵێن کوردستانی خواروویان، دابەش کردووە لەنێوان خۆیاندا. یەکێتی ناوچەکانی نزیک بە سنوور ئێرانی بە دەستەوەیە و فەرمانڕەوایی دەکات، پارتیش ناوچەکانی نزیک بە سنووری تورکیا.

کۆتاییەکەی :

بزووتنەوەی شورایی ڕاپەرینێکی کۆمەڵایەتی بوو، جەماوەرێکی زۆر تێیدا بەشدار بوو، بەڵام بزووتنەوەکە تەنها لە سلێمانی و هەولێر و کەرکووک گۆشەگیر بوو. لەم شارانەدا نزیک بە 96 شورا پێکهات. ڕاپەڕینە شەعبییەکەی سلێمانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بوو، هەموو کارگە گەورەکان و هەندێ شوێنی کاری تر لە لایەن کرێکارانەوە دەستی بەسەردا گیرا. بە هۆی شورا کرێکارییەکان و کۆبوونەوە فراوانەکانی کرێکارانەوە بە ڕێوە دەبرا.

لە خەستەخانەی شاردا ناکۆکی و ناتەباییەک پێش هات کاتێک دوکتۆرەکان دژ بە کەمکردنەوەی سەعاتی کار بوون. ئەم وەزعە شۆڕشگێڕانەیە کورت بوو، سێ هەفتەی خایاند و بە تەنها تەشەنەی کرد بۆ هەولێر و کەرکووک، لە هەولێر 42 شورا پێکهات و کەرکووکیش بە فعلی ڕزگاری نەبوو، لەم شارە دوو هەفتە شەڕ خایاندی و پاشان هێزەکانی سەددام گەڕانەوە. لە کەرکووکدا تەنها ٤ شورا پێکهات، لە شارەکانی موسڵ و دهۆک و زاخۆ تەنها شورایەکیش دانەمەزرا. لە مەیلە مارکسیست لینینیستەکانی سلێمانی چوار ڕێکخراویان لە ساڵی 1993دا یەکیان گرت و پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقیان پێکهێنا. ئەنارشیستەکانی سلێمانی لە دوای ڕاپەڕینەکەی 1991ەوە فەعالیەتیان نەکرد، دەیانوت قورسە کە کاریگەر بیت و فەعالیەت بکەیت لە وەزعی ئێستای کوردستانی خواروودا. ئینسان بە هۆی چەکەوە دەتوانێت فەعالیەتی خۆی بپارێزێت.

لەبەر ئەوەی هەم یەکێتی و هەم پارتی قەبووڵی ئەوە ناکەن لە لایەن گرووپی ترەوە مونافەە بکرێت جارجار یەک دەبینن و گفتوگۆی ئایدیۆلۆژی پێکەوە دەکەن و ئەمە هەموو شتێکیانە. ئەوان وەک ئەنارشیستە کلاسیکییەکان خۆیان پێناسە کرد و پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەنتی فێمێنیستیش بوون و زۆر مەیلی ئەوەیان هەبوو کە ئاگاداری بزووتنەوەی ئەنارشیستی بن لە جیهاندا. بە دڵخۆشییەوە دەتوانین بڵێین کە قسەوباسەکانمان کاریگەری هەبوو لەسەریان.

یەکێتیی بێکاران:

کاتێک کوردستان لەژێر دەستەڵاتی بەغداددا بوو هیچ ڕێکخراوەیەکی نەقابی ئازاد نەبوو. هەموو زەرد بوو و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بوو. کاتێک کوردستان کەوتە ژێر دەستی ئیدارەی کوردییەوە، کەوتە ژێر دەستی بەرەی کوردستانی و دوو حیزبە ئەسڵییەکەی ناوی حکوومەتی فیدرالییان دروست کرد، ئەوانیش هەمان نەقابەی کۆنترۆڵکراوی سەربەخۆیان هێنایە گۆڕێ. ئەم نەقابانەش زەردن هەروەک نەقابە زەردەکانی سەردەمی سەددام حسێن. لە کاتی سەفەرەکەماندا گوێمان لەوە دەبوو کە ئازادیی بزووتنەوەی نەقابی نییە. لە سلێمانی چاومان بە نوێنەرانی بزووتنەوەی نەقابی کەوت کە ئازادانە کاریان دەکرد. چاومان بە ئەندامانی یەکێتیی کرێکاران کەوت کە گەورەترین ڕێکخراوی فیدراسیۆنی ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکانە لە کوردستاندا. دروشمی یەکێتیی بێکاران (کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری)یە. بێکاری لەو ناوچەیەدا ڕێژەیەکی بەرزی هەیە، بە دەقیقی ژمارەکەی دیار نییە. بەپێی زانیارییەک کە هەیە 70- 80 %ی خەڵک بێکارە، بەبێ ئەوەی کە بیمەی بێکاری هەبێت. لە بنکەکەیان کە لە کۆریدۆرێکی دانشگا کۆنەکەی سلێماندا بوو چاومان بە ئەکرەم مەحموود، جەبار موحسن و حسێن باپیر کەوت، کە نوێنەری ڕەسمی ڕێکخراوەکە بوون. جگە لەوان چەند ئەندامێکی ئاسایی ڕێکخراوەکەش ئامادە بوون. ئەکرەم مەحموود لە هەمووان زیاتر قسەی کرد. ئەکرەم لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو و ئاڵایەکی سووریشی بەسەر سەرەوە بوو. ئەندامەکانی تریش بە ڕیز بە درێژایی دیوارەکان دانیشتبوون.

لە توێی قسەکانیدا ئەکرەم وتی: ”ئێمە تەنها ڕێکخراوی سەربەخۆین کە بە واقعی دیفاع لە خواستی بێکاران دەکەین لە کوردستاندا و ئێمە دەمانەوێت بەشێک بین لە بزووتنەوەی بێکارانی دنیا. لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆگرامەکەماندا سوسیالیزمی تێدا نییە، بەڵام ئێمە بڕوامان بە کۆمەڵگایەکی بەرابەر هەیە.”

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق  (IWCP)

فیدراسیۆن نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقدا هەیە. کاتێک سەبارەت بەو پەیوەندییە پرسیارمان لێکردن، ئەوان حاشایان لێ دەکرد و دەیانوت ئەوە دوژمنانمانن کە ئێمە بە بەشێک لەو حیزبە دادەنێن.

پەیوەندیی ڕێکوپێک هەبێت یان نەبێت لەنێوانیاندا، ئەوە هەر هەمان ئەندام چالاکەکانن کە لە هەردوو لا کار دەکەن. کاتێک گەڕاینەوە بۆ سوید بیستمان کە یەکێتی بێکاران بوون بە دوو بەشەوە، هۆی جیابوونەوەشیان لەسەر چۆنێتی و نزیکایەتی بووە بە پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە.

(IWCP)  پارتییەکی مارکسیست لینینیستییە، ئەساسێکی سۆسیالیستی بەتوانای هەیە، لە نەتیجەی یەکگرتنی چوار ڕێکخراوی کۆمۆنیستییەوە لە ساڵی 1993دا دروست بوە . گەورەکەیان ڕەوتی کۆمۆنیست بووە کە لە سلێمانی لە کۆتایی هەشتاکانەوە کاری سیاسی دەکرد و ئیلهامی لە شۆڕشی ئێرانەوە وەرگرتبوو لە کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکانەوە. ئەم حیزبە کۆمۆنیستییە کۆمیتەی نوێنەرایەتی هەیە لە سوید و لەگەڵ پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێراندا هاوکاری هەیە.

بزووتنەوەیەکی نەقابی ڕاستەوخۆ دیموکراتییانە:

دروستبوونی یەکێتیی بێکاران هەروەک پارتیی دایک (IWCP) بە هۆی ئیلهامێکەوە بوو کە لە بزووتنەوەی شورایی سلێمانی و کەرکووک لە 1991دا وەریگرتبوو و بە هۆی فکرەی بزووتنەوەیەکی نەقابیی ئازاد و ڕاستەوخۆ دیموکراتییانە بوو. لیژنەی باڵای یەکێتیی بێکاران ڕاستەوخۆ دیموکراتییانە لە لایەن ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێت. هەر خۆیان دەڵێن لیژنەی باڵا ئۆرگانێکی بڕیاردەر نییە، بەڵکو هەماهەنگکەرە، بەڵام چەند سەڵاحییەتێکی بڕیاردانیشی هەبوو.

یەکێتیی بێکاران نوێنەرایەتیی خۆی هەڵدەبژارد بۆ لیژنەی باڵای فیدراسیۆنی کرێکاران لە کوردستان، هەر لەناو فیدراسیۆندا ڕێکخراوی کرێکاران و کارمەندانی بەشی خەستەخانەکان، ڕێکخراوی کرێکارنی بەشی چیمەنتۆ، ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی، ڕێکخراوی کرێکارانی کارگە ئەهلییەکان، هەروەها ڕێکخراوی کرێکارانی پۆست و هاتوچۆ ئەندامن. هەر خۆیان دەڵێن فیدراسیۆن 30000 تا 40000 ئەندامی هەیە، لەنێوانیاندا 20000 تا 25000 لە یەکێتیی بێکاراندان. بەڵام هەندێکی تر ڕایان وایە کە ژمارەی ئەندامانی فیدراسیۆن ئەوەندە نابێت و زێدەڕۆیی تێدا کراوە. گرنگترین باس بیمەی بێکارییە.

ئەکرەم مەحموود دەیوت پارە لە کوردستاندا هەیە، گەورەترین دەرامەتیش لە گومرگەکەی ”برایم خەلیل”ەوە دێت، کە سەیارەی گەورە هەموو پارە دەدات بەرانبەر بەوەی بەنزین دەبەن بۆ تورکیا لە عیراقەوە، لە ڕێگای کوردستانەوە، 8 ملیۆن دۆلار دەرامەتی ئەو گومرگەیە لە مانگێکدا. 70%ی ئەو دەرامەتە حیزبەکان دەیبەن و 30%ی بۆ کۆمەڵ بە کاری دەهێنن. ئەمە یەکێتی و پارتی خۆیان بە ئاشکرا دەیڵێن و کاتێک ئێمەی بێکاران داوای بیمەی بیکاری دەکەین ئەوان پێمان دەڵێن حکوومەتەکەیان ساوایە، دیموکراتییەکی هەژارە. یەکێتیی بێکاران بە شێوەی کلاسیکی کار دەکات، لە ڕێگای کۆبوونەوە و خۆپێشاندان و پەیوەندیکردن بە دامەزراوەکانەوە. ئەمان هەوڵ دەدەن کاریگەر بن و خۆیان ژیان ڕێک بخەن. هەوڵ دەدەن مانگرتن بە ڕێ بخەن لە جێگای کاردا، وەکو نموونە مانگرتنی دوکتۆرەکانی هێنایەوە کە چەند مانگێک لەمەوبەر بەڕێوەبرا و ئەوە بۆ ئێمە دیار نەبوو کە ئایا فیدراسیۆن ئەو مانگرتنەی بەڕێخستووە یان نا، بەهەرحاڵ پشتگیریی ئەو مانگرتنانەی کرد. مانگرتووەکان داوای کرێیەکی بەرز و هەقی خۆڕێکخستن و هێنانی دەرمانیان دەکرد و داوای دروستکردی کۆمیتەیەکی دەوڵەتییان کرد کە تەحقیق لەو دزییانە بکات کە لە خەستەخانەکاندا کرابوون، کە ئەمە گیروگرفتێکی گەورەی دروست کردووە.

نوێنەرە ڕەسمییەکانی یەکێتیی بێکاران باسی هاتنەپێشەوەی 1ی ئایاریان دەکرد و کۆمەڵێک داواکارییان هەبوو لەو ڕۆژەدا بەرزی بکەنەوە، وەکو:

١- دەرکردنی کرێکاران قەدەغەیە.

٢- بەرزکردەنوەی کرێ.

٣- بیمەی بێکاری.

٤- چارەسەرکردنی گیروگرفتی بێخانوویی.

٥- لابردنی حەساری ئابوورییUN .

٦-  ئازادیی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە.

یەکێتیی بێکاران تا ڕادەیەک ناقانوونییە لە کوردستانی خواروودا، سەرکوت و زەغتیان زۆر لەسەرە. ئەوان باسی ئەوەیان دەکرد کە چۆن خۆپێشاندانیان لێ قەدەغە کراوە، یاخود بە هۆی خۆپێشاندانەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ گیراوە. نەزیر عومەر عەلی یەکێک بووە لە هاوڕێیانی ئەوان، ڕفێنرا و پاشان لاشە سووتێنراوەکەی دۆزرایەوە و ژمارەیەکی تریش لە ئەندامانیان بۆ ماوەیەکی درێژ زیندانی کرابوون.

یەکێتیی بێکاران کەمپینێکی ساز دا بۆ بەرگریکردن لەو کەسانەی کە بێ خانوو و لانەن و زەوییە بێتاپۆکانیان داگیر کردبوو. لە سلێمانی پێنج هەزار تا شەش هەزار خانوو دروست کرابوون لە لایەن هەم ئاوارەکانی کەرکووک و شوێنەکانی ترەوە کە لەژێر دەستەڵاتی بەعسدان و هەم کەسانێکیش کە شوێنێکیان نەبووە تێیاندا بژین، بەپێی زانیارییەکان 300000 هەزار ئاوارە هەیە لە کوردستانی خواروودا. ساڵی ڕابوردوو دەستگاکانی دەوڵەت بڕیاری ڕووخاندنی ئەو خانووە بێتاپۆیانەیان دا و بە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر دژایەتییان کرد ڕووخانەکەیان دواخست. کاتێک کە نوێنەرانی خانووە بێتاپۆکان پەیوەندییان بە دامودەسگاکانی حکوومەتەوە کرد بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکەیان، ئەو دامودەسگایانە لێیان گرتن. یەکێتیی بێکاران داوای لانەچوونی خەڵکی کرد لەو خانووە بێتاپۆیانەدا، تا کاتێک بەرپرسیارانی دەوڵەتی جێگا و شوێنیان بۆ دابین دەکەن. لە 1ی ئەیلوولی 1994دا چەند سەد کەسێک بەشداری تێدا کردبوو. چەکدارەکانی یەکێتی تەقەیان لە خەڵک کرد و ئەندامێکی یەکێتیی بێکاران بە ناوی بەکر عەلی بە گولـلە بریندار کرا و دوایی دوور خرایەوە و بە دەستی هێزە تایبەتەکانی یەکێتی تێرۆر کرا.

کاتێک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئیدانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کرد لە کوردستاندا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و یەکێتیی بێکاران لەنێوان ئەو ڕێکخراوانەدا بوون کە بە قورسی لەژێر زەغت و سەرکوتکردندا بوون. بزووتنەوەی بێکاران لە سلێمانی و هەولێری پایتەختدا بەهێزە. لە سلێمانی کە یەکێتی دەستەڵاتی بە دەستەوەیە.

بڕوا بە کوردستانێکی ئازاد مەکە:

شتێک کە پارتیی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و یەکێتیی بێکاران لە هەموو چەپەکانی کوردستان جیا دەکاتەوە هەڵوێستیانە بەرانبەر بە ناسیونالیزم. ئەوان بۆ کوردستانێکی ئازاد تێناکۆشن. ئەوان یەکێتی و پارتی بە ناسیونالیست ناو دەبەن و پێیانوایە هەم یەکێتی و هەم پارتی شیلەی گیانی کرێکاران دەمژن، ئیتر ئەو کرێکارانە عیراقی بن یان لە نەتەوەیەکی تر بن و دەڵێن ئەوان هەر ئێستا لە کوردستانێکی ئازادی نەتەوەییدا دەژین، بەڵام ئازادی لەو کۆمەڵگایەدا بەرقەرار نییە و کوردستان ئازاد نابێت ئەگەر کرێکاران ئازاد نەبن. ڕاشیان وایە کە ئەو ناسیونالیزمە کە لە چەپەوە ئاڕاستە دەکرێت وەکو PKK هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا نییە و زەحمەتیشە زەغت و چەوسانەوەی نەژادی لەسەر کوردستان ببینی. ئەوان بۆ عیراقێک تێدەکۆشن کە تێیدا کوردەکان مافی بەکارهێنانی زمانی کوردییان هەبێت و بە ئاشکرا دەڵێن کە نایانەوێت لەگەڵ عیراقی سەددام حسێندا یەک بگرن. بە گشتی بڵێین حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق (IWCP) ڕادیکاڵترین سوسیالیزمە لە کوردستانی خواروودا، هەروەها بەرنامەیەکی ئازادانەیان هەیە. بەڵام ئێمە خەڵکانی ترمان بینی کە دەیانوت ئەوە خۆیان بە خۆیان دەڵێن دیموکراتی ڕاستەوخۆ، ئەگەرنا ئەوانە هەر کۆمەڵێکی کەمن. بۆ ئێمە زەحمەت بوو کە لە تاکتیکەکانیان بگەین و کە هەردەم حیزبی دایک لە پشت ڕێکخراوەکانەوە خۆی حەشار دەدات. ئەمە نفوزکی سادقانە نادات بە دەستەوە. ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکەی کوردستان لیسی شمیدت Lissy Schmidt کە لە مایسی 1994دا لە کوردستان تێرۆر کرا، وێنەیەکی تەواو دەدات لەسەر یەکێتیی بێکاران لە دواکتێبیدا [Wie teuer ist die Freiheit ?] چەند ئازادی گرانە؟ لیسی نووسیویەتی یەکێتیی بێکاران هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەیەکی گەورە دەگێڕێت، هەموو بێکارێک دەتوانێت بەشداری بکات و قسەی خۆی بکات. ئەندامەکانی هەوڵیان دەدا ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ڕێکخراوەکەیان نە دائیرەی کارە و نە جەمعییەی سواڵکردنیشە. یەکێک لەوانەی کە موقابەلە کرابوو دەیوت ئێمە ئیشمان دەوێت، نەک تەنگدەستی و نەبوونی. بەڵام دانی بەوەشدا دەنا کە چەندە زەحمەتە وەڵامی ئەە وەربگریت کە ئەوان چۆن لە فکرەی ئۆرگان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبردن دەگەن.

هەر ئەو خەڵکانەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەیانوت بەڵێ بەڵێ بۆش و ئیحتیفالاتیان بۆ UN دەگێڕا، ئێستا زۆر زۆر بێئومێد بوون، بۆچوونی لەوەی کەس دەستی یارمەتی بۆ کورد ڕاناکێشێت ڕووەو زیادبوون دەڕوات.

”  لیسی ” لە قسەکەرێکی یەکێتیی بێکاران دەپرسێت کە ئایا شانسی توانایی خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردن هەیە لە کوردستاندا، قسەکەرەکە دەڵێت لەوانەیە پرسیارەکە لەوەدا بێت کە ئایا ئێمە بە ئەندازەی کافی دەتوانین زەغت بکەینە سەر هەم هێزە سیاسییەکانی ناوەوە و هەم هێزە نێونەتەوەییەکان. کاتێک کە گەڕاینەوە سوید بیستمان لە (IWCP) لەم مانگانەی دوایی شەڕ و ئەزمەدا دەستی کردۆتە پێکهێنانەوەی سیستەمی شورایی و کۆمیتەی گەڕەکەکان، بەڵام ئایا ئەمانە سەرکەوتوو دەبن یاخود نا، ئەوە مێژوو تا ئێستا تۆماری نەکردووە. لەوانەشە سەرکەوتوو بن.

کوشتنی ژنان و ”سەرپێچیی بێئەخلاقانە”

زۆر زەحمەتە بزانرێت ژنان لە کوردستاندا چۆن ژیان بە سەر دەبەن. ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ناوچەکەوە دێن، بۆ نموونە لە ڕێکخراوەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و ڕۆژنامەنووسەکانەوە، بەشێکی زۆری لەسەر پیاو دەڕۆن. زۆربەی ئەو ڕێکخراو و پارتییانەی کە ئێمە لێمان بینین هیچ زانیارییەکیان لەسەر بارودۆخی تایبەتی ژنان نەبوو. ئەم موقابەلە لەگەڵ 3 ژندا کە هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانن WIO کە بۆ ماف و داخوازیی ژنان تێدەکۆشن لە عیراقدا. یەکێک لەوانە ”بەهرە”یە کە لە ستۆکهۆڵم موقابەلەمان کرد. بەهرە زەواجی بە کوڕێکی کورد کردووە کە جنسییەی سویدی هەیە و لە مانگی کانوونی دووەمی 1995دا هاتووە بۆ سوید. بەهرە وتی کاتێک چووینە مەحکەمە، وتیان دەبێت وەلی ئەمرت ئامادە بێت تا قازی بڕیار لەسەر مارەبڕییەکە بدات، ئەگەرنا نابێت. من 30 ساڵم و مێردەکەم 40 ساڵە، ئەمە یاسایەکی کۆنە و چەندەها ساڵە تەتبیق ناکرێت. بەڵام دوای 1991 زۆر لەم جۆرە یاسانە زیندوو کراونەتەوە و بە کار دەهێنرێن. هەروەها ڕای وایە کە زیادبوونی نفوزی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڕەشەیەکی گەورەیە لە ژنان دەکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کچی گەنج دەستی کردووە بە حیجاببەستن، هەروەها شێوەی چەوساندنەوەی کۆنی ژنان جارێکی تر زیندوو کراوەتەوە. کچی گەنج زوو بە شوو دەدرێت لە لادێکاندا، یاسا ڕێگا بەم بەشوودانەیان دەدات هەر لە تەمەنی 15 ساڵیەوە. کەس پرسیار لە حەز و ئارەزووی کچەکان ناکات. ژنان ناتوان داوای جیابوونەوە بکەن. ئەمە مافێکە تەنها پیاو هەیەتی.

ڕەشەکوژیی ژنان

دوو هەڵسوڕاوی تری ڕێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان، ”شلێر” و ”شەوبۆ”، سەبارەت بە ڕەشەکوژیی ژنان قسەیان کرد. دەیانوت کاتێک پیاوێکی لای خۆیەوە تەسەور دەکات ژنەکەی کارێکی ناشیاوی کردووە لە ڕووی جنسییەوە یا دایکێکی خراپە بۆ منداڵەکان یان چاوی لە پیاوێکی ترە، ئەگەر ژنێک سەرپێچی بکات، ئەوا مێرد و باوک و برا یاخود ئامۆز بە واجبی خۆیان دەزانن ژنەکە بکوژن بۆ بەرزڕاگرتنی شەرەفی خێزان، کەس لە خێزان و عەشیرەتەکەدا ئەو قاتیلە ناخاتە ژێر پرسیارەوە. ”شاناز” دەیگوت وەزیفەی ڕێکخراوەکەمان لە پێش هەموو شتێکدا ڕاگرتنی ئەم تێرۆرەیە.

تەنها لە هەولێردا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیک بە ملیۆنێک دەبێت 575 ژن لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا، لە 1991 تا 1993، کوژراون بەپێی ئەو ژمارانەی کە دەست WIO کەوتوون، ڕێکخراوەکە کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی ناو و زانیاریی تر لەسەر ئەو ژنە کوژراوانە. کارەکان زۆر هێواش دەچنە پێشەوە بە هۆی چەند هۆیەکەوە شەبەکەی تەلەفیزیۆن لەنێوان شار و شارۆچکەکاندا نییە. سەفەر لەنێوانی شار و شارۆچکەکاندا گرانە و بۆ هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوە زۆر قورسە و هاتوچۆ بە هۆی تەفتیش و کۆنترۆڵکردنی ڕێگاوبانەکانەوە. ئەو ئیحسایاتانەی کە هەبوون کەموکوڕییان تێدا بوو، هەربۆیە نەیاندەتوانی بە وردی بڵێن. خەستەخانەی جمهوری لە هەولێر ئیحسایەکی کۆ کردۆتەوە بە ژنە کوژراوەکان و سەبارەت بەو ژنانەش کە هەوڵی کوشتنیان دراوە و بەڵام نەمردوون. لە ساڵی 1992دا 160 ژنی کوژراویان هێناوە بۆ خەستەخانەکە، نیوەی ئەو ژنانە بە فیشەک کوژراون، نیوەکەی تر بە چەقۆ کوژراون یان خنکێنراون.

لە بەشی سووتای (حروق) لەو خەستەخانەیەدا زۆر ژنی لێ بوو خۆی سووتاندبوو بۆ ئەوەی بمرێت. لەنیوان 1ی مایسی 1992 تا 10ی مایسی 1993دا 280 ژنی سووتاویان هێنابوو بۆ ئەو بەشە، 100 ژن لەو ژنە سووتاوانە کە برینەکەیان سەخت بوو حروق و 110 ژنیش خزم و ناسیاوەکانیان هاتن و بردیاننەوە. لەبەر ئەوەی شەرم بوو بۆ ئەوان کە ژنێک لەناو خێزانەکەیاندا ویستویەتی خۆی بکوژێت و نەیاندەویست بە مانەوەی لە خەستەخانەکاندا زیاتر خەڵک پێیان بزانێت، هەربۆیە دەیانهێنانە دەرەوە و لە ماڵەوە ئەو ژنانە وەک پێویست چارەسەر نەدەکران و دەمردن.

لە کوردستانی عیراقدا ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێت، دەگێرێت و تەحقیقی لێ دەکرێت، بەڵام لە بەردەم دادگادا بکوژەکە پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە دەڵێت ئەگەر پیاوێک ژنی یاخود دایکی یاخود خوشکی یان ئامۆزای خۆی بکوژێت لەسەر ئەساسی ”سەرپێچیی ئەخلاقانە” ئەوا لە سێ ساڵ زیاتر ناگیرێت. ئەم یاسایانەش لە شەریعەتی ئیسلامییەوە وەرگیراون و حکوومەتی عیراقی بە کار دەهێنان و ئێستاش یەکێتی و پارتی لە کوردستان پیادەی دەکەن، ئەگەرنا وەکو تر ئەگەر یەکێک یەکێک بکوژێت ئەوا 15 تا 20 ساڵ زیندانی دەرکێت. ئەو دوو سێ ساڵەش کە حوکم دەدرێن هەر لەسەر کاغەزە، ئەگەرنا لە واقیعدا تەنفیز ناکرێت، لەبەر ئەوەی سزای ئەم جۆرە تێرۆرانە دەتوانین بڵێین هەرگیز جێبەجێ ناکرێت.

خزمان یارمەتی قاتیلەکان دەدەن

لە 1991دا تێرۆرکردنی ژنان بەرجەستەتر و زیادی کردووە و لە ساڵی 1993دا ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان پێکهات. ئەم ڕێکخراوە سێ سمیناری درێژی لەسەر تێرۆرکردنی ژنان گرتووە، کە خەڵکێکی زۆر ئامادەی بووبوون. لە هەولێر و سلێمانی 2000 کەس هاتبوون، لە کۆیە 300 کەس. لە سمینارەکەدا ئەو ژنانەی کە هەوڵی تێرۆرکردنیان درابوو و نەمردبوون سەبارەت بە حاڵەتەکانی خۆیان قسەیان کردبوو. ژنێک چووبووە لای ئەندامانی WIO باسی ئەوەی بۆ کردبوون کە باوکی فرسەتی ئەوەی پێ دابوو کە لە ساڵۆنێکی قژبڕین ئیش بکات، بەڵام پیاوانی تری سەر بە خێزانەکەیان قەبووڵیان نەکردبوو و شەش تا حەت گولـلەیان پێوە نابوو، کچەکە نەمردبوو و ڕایکردبوو.

گوێمان لە زۆر بەسەرهاتی تر گرتووە کە چۆن ژنان ڕادەکەنە ماڵی خزمانیان بۆ خۆشاردنەوە، بەڵام ەهر ئەو خزمانە مێردی ئەو ژنانەیان ئاگادار کردووە و ئەوانیش هاتوون و کوشتوویانن و زۆر لە ژنان لەژێر زەغت و لێداندا ڕاناکەن و چەوسێنەرەکەی جێ ناهێڵێت. ”شلێر” ئەوەی ڕوون کردەوە کە زۆر لە ژنانی کوردستانی عیراق هەست ناکەن کە هەمان قیمەتیان هەیە وەکو پیاوان. ئەوان وا پەروەردە کراون کە ئیتاعەتی مێرد و باوک و براکانیان بکەن. ژنان وا خۆیان ڕاهێناوە کە قیمەتیی ئینسانیان نییە. زۆر لە ژنانی کوردستان و عیراق بە هەقی خۆیان نازانن کە لە مێردەکەنیان جیا ببنەوە، هەرچەندیش بە دەستیانەوە بناڵێنن. ئەوان خۆیان بە موڵکی مێردەکانیان دەزانن. شلێر دەیوت کاتێک کەوا هەموو شتەکان دەخرێنە ملی ژنان، ئەو کات ئەوە پیاوان نین کە ئازاری ژنەکانیان دەدەن و زوڵمیان لێ دەکەن، بەڵکو ئەوە ژنانن نازانن دروست مامەڵەی پیاوەکانیان بکەن.

زیادبوونی ناڕەزایەتی PROTEST

کاتێک کە دوو مانگ لەمەوبەر ”بەهرە”م بینی لە ستوکۆهۆڵم باسی لە زیادبوونی ئیحساساتی ناڕەزایەتی دەکرد لەناو ژناندا و وتی وەزیفەی ڕێکخراوەکەیە کە خەبات بکات و تێبکۆشێت تا ژنان ئەو ئیحساساتانە بە جدەی وەربگرن و بیکەنە قسەوباس لەناو خۆیاندا، هەرچەند دیدێکی پێشینە هەیە کە دەرفەت بە ژنان نادات خۆیان تێکەڵ بە سیاسەت بکەن.

WIO  دەعوەتی زۆر لە ڕێکخراوەکانی تری ژنانی کرد کە بەشداری بکەن لە سمینارەکاندا و لەناو ئەوانەشدا هەردوو ڕێکخراوەی (ژنان) و (ئافرەتان)یان کرد کە سەر بە دوو حیزبە دەستەڵادارەکە (یەکێتی) و (پارتی) بوون، بەڵام زۆربەی ئەو پارتییە سیاسییانە و ئەو ڕێکخراوە ژنانەی کە سەر بەوانن دژ بە ڕەشەکوژیی ژنان خەبات ناکەن. ژنانی سەر بە KDP ڕایانگەیاندووە کە ئەو ژنە کوژراوانە خۆیان خراپ بوون و لەگەڵ بەعسدا دەستیان تێکەڵاو کردبوو. شلێر دەیوت لە ئەنفالەکانی 1998دا کە زیاد لە 4000 دێ لە باکووری عیراق تەخت کران، زۆر لە ژنان و کچی گەنج بێ بەخێوکەر مانەوە، باوکەکان و پیاوەکانیان گیران و بێسەروشوێن کران. زۆر لەو ژنانە کەوتبوونە حاڵەتێکەوە کە یا لەشی خۆیان بفرۆش یا لە برساندا بمرن. ئەو پیاوانەی کە کڕیاری ئەم لەشفرۆشتنەش بوون لەناو هێزەکانی سەددامدا خۆیان دەبینیەوە.

شلێر و شەوبۆ ڕایان وایە کە ئەوە هەڵەیە سەرزەنشی ئەو ژنانە بکرێت بەوەی پەیوەندییان بە بەعسەوە هەبووە. ئەوان لەشفرۆشتن بە یارمەتیدانی بەعس نازانن، بەڵکو بە ئیستغلالکردنی وەزعی ژنانی لە قەڵەم دەدەن. سیاسەتی ئەو حیزبانە بەرانبەر بە لەشفرۆشیی ژنان وا بووە کە ئەو ژنانە یارمەتدەری بەعس بوون و هاوکاری هێزەکانی سەددامیان کردووە. هەر بەم بەهانەیەش ئەوان تەئیدی تێرۆرکردنی ئەم ژنانەیان کردووە.

ژنان مەحکوم مەکەن:

شلێر دەیوت ئێمە بڕوامان وایە ئەو ژنانەی کە لەشی خۆیان دەفرۆشن و کڕیارەکانیان هەر کەسێک بن، کەس هەقی ئەوەی نییە بیانکوژێت. WIO  بڕوای وایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عیراق بەرپرسیارە لە بەردەوامبوونی کوشتنی ژنان. ئەو حیزبە سیاسییانەی کە سەرزەنشتی ژنان دەکەن و بە خراپ لە قەڵەمیان دەدەن، خۆیان بەرپرسن بەرانبەر بە ژنانێک یان کچانێکی گەنج کە لەشی خۆیان دەفرۆشن. لەشفرۆشتن لە زۆر جێگای ئەو وڵاتە هەژارەدا ڕووەو زیادبوون دەڕوات. هەروەها شەوبۆ دەڵێت ئەوە بەرپرسیارێتیی ڕێژیمە کە ئیمکانیاتی ئابووری فەراهەم بکات بۆ هەموو کەسێک. WIO  لە ئەساسدا کار دەکات بۆ ئەوەی ژنان قیمەتیی ئینسانیی خۆیان ببینن و خۆیان ڕێک بخەن و تێبکۆشن بۆ هەموو مافە مرۆڤایەتییەکانیان. مەوزوع هەر ئەوە نییە بژیت، بەڵکو لە هەلومەرجێکی شیاودا وەک پیاوان ژیان بە سەر بەرن. ئیش دەست بکەوێت لە دەرەوەی ماڵ، مافی هەڵبژاردنی هاوسەری هەبێت، ئازادانە مافی گفتوگۆکردنی هەموو شتێکی هەبێت کە خۆی دەیەوێت. لە کارگەی نەسیجی سلێمانی کە یەکێکە لە کارگە دەوڵەتییەکان 700 ژن کار دەکەن، ئیدارەی کارگە هەوڵی دا ئەو ژنانە دەربکات و ”بێکارەکان” بخاتە جێیان. پیاوان بە بێکار لە قەڵەم دەدرێن ئەگەر کاریان نەبێت، بەڵام ژنانی بێکار ناناسرێن. لەبەر ئەوەی ژنن، نەک کرێکار. ئیدارەی کارگە ڕای وایە ژنان ناتوانن منداڵ بە خێو بکەن و کاریش بکەن. بەڵام WIO یارمەتیی دروستکردنی ڕەوزەیەکی منداڵانی داوە لە کارگەکەدا و ژنان دەتوانن کار بکەن. ژنانی WIO هیوای ئەوەی دەخوازن کە ئیمکاناتێکی باش هەبێت بۆ کردنەوەی ڕەوزەی تری منداڵان و لەگەڵ سەوزەکانی FINLANDدا هاوکاری دەکەن لەو بوارەدا. ئێستا ڕێکخراوەکە لەسەر ئەو ئابوونەیە دەژی و کار دەکات کە لە 400 ئەندامەکەیەوە دێت، هەروەها پارەیەکیش کە لە لایەن لایەنگرەکانیەوە لە دەرەوەی کوردستانەوە دێت، کاتێکیش شتێک پارە کۆ دەبێتەوە ڕۆژنامەکەیانی (یەکسانی) پێ دەردەکەن.

WIO  وەکو یەکێتیی بێکاران پەیوەندی بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە هەیە. شلێر و شەوبۆ لە سلێمانی وایان ڕوون کردەوە کە ڕێکخراوەکە پەیوەندییەکی بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە هەیە بۆ ئەوەش چەکدارەکانی ئەو حیزبە پارێزگاری بنکە و سمینارەکانی WIOیان کردووە. بەڵام بەهرە وێنەیەکی تری دا بەو پەیوەندییە و وتی IWCP و WIO لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە زۆر نزیکن لە یەکەوە و هەربۆیە پەیوەندی و پێکەوەکارکردن سروشتی دەبێت. بەپێی قسەی بەهرە IWCP تەنها پارتییە کە لە پلاتفۆرمەکەیدا دیفاع لە مافەکانی ژنان دەکات. هەروەها بەهرە وا دەبینێت کە خەباتی ژنان جیا ناکرێتەوە لە خەباتی سۆسیالیستی. لە سیستەمی سەرمایەداریدا ژنان و پیاوان وەک کرێکار دەچەوسێنرێنەوە. کاتێک پرسیارم لە شلێر و شەوبۆ و بەهرە کرد سەبارەت بە کوردستانێکی ئازاد، هەر سێکیان هەمان وەڵامیان هەبوو کە دەیانوت هیچ پەیوەندییەک نییە لەنێوان کوردستانێکی ئازاد و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژناندا. هەر ئێستا کوردە دەستەڵاتی بە دەستەوەیە لە کوردستاندا، بەڵام ئێمە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی باش نابینین لەژێر سایەتی دەستەڵاتی سیاسیی یەکێتی و پارتیدا. بارودۆخەکە بۆ ژنان خراپتر بووە و زۆر یاسای دژ بە ژنان جارێکی زیندوو کراونەتەوە و پیادە دەکرێن و ژنان تا ئێستا وەک دەرەجە دوو تەماشا دەکرێن.

١ی ئایار، ڕۆژی خەباتی چینایەتی و بەرگرتن بە جەنگی میلیشیایی و دەوڵەتی لە عیراق و سوریە

dest١ی ئایار ڕۆژی خەباتی چینایەتی و بەرگرتن بە جەنگی میلیشیایی و دەوڵەتی لە عیراق و سوریە

بەڵێ بۆ خەباتی جەماوەری .. بەڵێ بۆ  ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان

نا بۆ جەنگی میلیشیایی و خێلەكی .. نا بۆ لەشكركێشی دەوڵەت و زلھێزەكان

ئازادیخوازانی جیھان لە ھەر كوێیەك ھەن، جەماوەری ناڕازی و خەباتكاری عیراق لەبەردەم ھێرشی لەشكری دەوڵەتی عێراقدایە!

ئەوە چەند مانگە لە چەند شارێكی عیراقدا جەماوەری ناڕازی بە مانگرتن و خۆپیشاندان و دانیشتن لە نێوەندی شارەكاندا كۆمەلێك داخوازی ڕەوای بە ڕووی دەسەلاتدارانی ئێستای عیراقدا بەرزكردوونەتەوە، لە بەرامبەردا فەرمانڕەوایانی عیراق بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵی بەرەو جەنگكێشانی ناڕەزایەتییەكان و تێكەڵكردنی بە جەنگی میلیشیایی و ناكۆكی مەزھەبی دەدەن و ھەروەھا لە ھەموو لایەكەوە چ دەوڵەتەكانی ناوچەكە و چ پارتە ڕامیارییەكان و چ پاشماوەكانی ڕژێمی بەعس وەك تەواوكەری بازنەی جەنگ و كیشمەكێشە ڕامیارییەكان، خەریكی ھەڵگیرساندنی جەنگی چەكداری و زاڵكردنی میلیشیاگەریین بەسەر ناڕەزایەتی سەربەخۆی جەماوەریی شارەكانی عیراقدا. بۆ ئەو مەبەستە میدیای دەسەڵات و پارتە ڕامیارییەكان، گەورەترین ڕۆڵیان لە شێواندنی نێوەڕۆكی ڕاستینەی ناڕەزایەتییەكاندا گێڕاوە و دەگێڕن و تەنانەت ئەو پارتانەش كە ھەڵگری ناوی سۆشیالیست و كۆموسیتبوونن، لەو زوڕناژەندییەی دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا قۆڵیان لێھەڵماڵیوە، ھۆكاری ئەمەش تەنیا شتێكە كە بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی لەو شارانەدا وەك بەشەكانی دیكەی عیراق بۆیان دەستەمۆنەكراوە و بەخۆیان لەو ناڕەزایەتییانەدا خاوەنی ھێز و قسەكەر نین، بۆیە مۆر و تۆمەتی كۆنەپەرستی و خێڵەكی لە ڕەواترین داخوازییەكانی جەماوەر؛ كە وەدەرنانی ھێزە سەركەوتگەرەكانی دەوڵەت و كۆمەڵێك داخوازیی دیكەی ھاوبەش كە ھەمان داخوازییەكانی جەماوەری ناڕازین لە ناوچەی شیعەنشینەكان و كوردستان، دەدەن.

ئێمە وەك سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان، ھەڵنەبژاردنی نوێنەر بۆ گفتوگۆكردن لەتەك دەوڵەت و بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكانی ئەم دواییانەی شارەوانییەكانی عیراق، بە لووتكەی یەكگرتوویی و سەربەخۆیی خەباتی جەماوەری ناڕازی لەو شارانەدا دەبینین و خوازیارین شارەكانی كوردستانیش كەڵك لەو ئەزموونە سەركەوتووەی خەباتی جەماوەریی وەربگرن و نەچنە پای سندووقەكانی دەنگدان و ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر.

ئێمە وەك سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان، بێجگە لە وەستانەوە و دژایەتی ھەموو جەنگێكی میلیشیایی و دەوڵەتی و خێڵەكی و مەزھەبی، وەك ئەركێكی ئازادیخوازانەمان ھاوپشتی چینایەتیمان لەتەك خەباتی سەربەخۆی جەماوەری ئەو شارانە ھەروەك ھاوپشتی ھەمیشەییمان بۆ كرێكارانی مانگرتوو، ڕادەگەیێنین و خوازیاری بەرەیەكی سەربەخۆ و یەكگرتووی جەماوەریین لە سەرتاسەری عیراق و ناوچەكە و جیھاندا دژ بە جەنگ و لەشكركێشییەك كە حكومەتی نێوەندی عیراق خەریكە لە ماوەی چەند مانگ و چەن ڕۆژی ڕابوردوودا بەرامبەر جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو بەرپایدەكات.

ھەروەھا ئێمە، ئاوا كە خوازیاری ھاوپشتی جیھانی گشت ئازادیخوازانی جیھانین بۆ خەباتی ڕەوا و سەربەخۆی جەماوەریی شارەكانی عیراق، ھەر ئاواش خوازیاری ئەوەین، كە جەماوەری ناڕازی لەو شارانە و سەرتاسەری عێراقدا بە ھەموو شێوەیەك بەر بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە [ئێران ، سعودیە، توركیە، قەتەر و ئێران] و قۆستنەوەی ھەلی جەنگی میلیشیایی و خیڵەكی و پارتایەتی و ڕامیاریی و دەوڵەتی لەلایەن ھێزە بەكرێگیراوەكانی وڵاتانی ناوچەكە و زلھێزە داگیركەرەكان و ھێزە پاشماوەكانی ڕژێمی پێشووی عیراقەوە بگرن و نەھێڵن كە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی لە عیراقدا بە دەردی خەباتی دوو ساڵەی ڕاپەڕیوانی سوریە ببرێت و بكرێتە بازارێك بۆ بازرگانی چەك و پێگەیەك بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانی داگیركەران.

سەركەوتووبێت خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی

نا بۆ جەنگ و كینەدۆزی خێڵەكی و مەزھەبی

نا بۆ دەوڵەت و سەرمایەداری

بەڵێ بۆ خۆبەرێوەبەرایەتی سەربەخۆی كۆمەڵایەتی

سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان

٣٠ی ئەپڕیلی ٢٠١٣

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی حەوتەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی حەوتەم

 

سیروان فاتیح:

سیروان فاتیح:

پێمخۆشبوو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای مشتومڕه‌كەتاندا له‌گه‌ڵتاندا بوومایه،‌ به‌ڵام بەداخەوە، به‌هۆی بێبوارییەوە ئەو ھەلەم بۆ نەڕەخسا .. تا لە ئێستادا ئەو ھەلەم بۆ ڕەخسا و توانیم گشت كۆمێنته‌كانی به‌شداربووان بخوێنمەوە .. لێمببورن، گه‌ر بڵێم له‌ گشتدا ئه‌مه‌ خۆی، تێپه‌ڕاندنی گه‌ڕانه‌ به‌دوای ئه‌لگۆیه‌كی نوێ بۆ ڕزگار بوون له‌ سیسته‌می چینایه‌تی، چونكه‌ ڕه‌وتی باسه‌كه‌ بووەته‌ ململانێیك له‌ نێوان دوو ڕه‌وتی تئیۆری یان بڵێن فكری و سیاسی. هه‌روه‌هاش به‌و ئه‌ندازه‌ش نه‌چوونه‌ته‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی مێژووی ململانێی چینایه‌تی تا ئه‌و ڕاده‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی میژوویه‌ك خراوه‌ته‌ پاڵ ڕه‌وتێكی سیاسی وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوڕێ هه‌ژین ده‌ستنیشانیكردوه‌ به‌ (به‌لشەویكه‌كان) . هاوڕێیان با وەڵام و باسه‌كان له‌سه‌ر خودی میژووی ململانێی چینایه‌تی بێت و‌ لێكدانه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كان له‌ ڕاڤه‌ی سیاسی تاقانه‌یی بهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌ .. بەو مەبەستە، من ئەم چه‌ند پرسه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ستی ئێوە‌‌ .. من گومانم له‌وه‌دا نییه‌، كه‌ ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ مندا كۆكن، كه‌ ململانێی چینایه‌تی ڕه‌وتی میژووی مرڤایه‌تی ئاراسته‌ ده‌كات.. گه‌ر وایه‌ با چه‌ند پرسیارێك دژ به‌م بۆچوونه‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵمان ڕاچه‌ڵكێنین و بزانین به‌ چی ده‌گه‌ین.

باشه‌ بۆ قۆناغی سه‌رمایه‌داری به‌ دوای كۆتایی سه‌رده‌می كۆیه‌لایه‌تیدا نه‌هات؟ به‌ڵكو سه‌رده‌می فیوداڵی سه‌دان ساڵی ته‌مه‌ن كرد ئه‌و كاته‌ قۆناغی سه‌رمایه‌داری له‌دایكبوو؟!

با بپرسین بۆ له‌ هه‌ناوی شۆڕشی فه‌رنسادا چینێكی نوێ له‌دایكبوو، كه‌ به‌ هه‌موو مانه‌یه‌ك كه‌رسته‌ی ژیان و ململانێ جیاوازی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ڕابردووی خۆی؟ به‌ڵام ئه‌م چینه‌ (چینی بۆرجوازی) له‌ شۆڕشی سپارتاكۆسدا هه‌ر بوونشی نه‌بوو؟

با بپرسین ڕه‌وتێكی سیاسی چۆن به‌ ته‌نها توانی ئاراسته‌ی شۆڕشی چینێك له‌ناو به‌رێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوڕێ هه‌ژین بۆ شۆڕش له‌ ڕوسیادا  ده‌یكات؟

یان ده‌كرێت بڵێن ئایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرڤایه‌تی له‌ قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی زۆر جیاواز له‌ پێشووی تێپه‌ڕێت، مه‌رج نییه‌ چینێێك یان تویژێك كه‌ به‌وه‌ سه‌رده‌مه‌ نامۆیه‌، له‌ هه‌ناوی ئه‌‌و ململانێیهدا‌ له‌دایكبووبێت ؟

له‌ ئه‌نجامدا، ناكرێت بپرسین كامه‌یه‌ ئه‌و چینه‌ی، كه‌  له‌ قۆناغی سه‌رمایه‌داریدا سه‌ریده‌رهێناوه‌ و‌ خاوه‌نی جۆرێكی زۆر جیاوازتره‌ له‌ ژیانكردن له‌وه‌ی كە لە سه‌رمایه‌داریدا هه‌یه‌؟

تكایە، كه‌س پێمنه‌ڵێت چینی كرێكارانه‌! چونكه‌ ئه‌و چینه‌ی كه‌ له‌ هه‌ناوی چ لە قۆناغی كۆیه‌لایه‌تی و چی لە قۆناغی ده‌ره‌بگایەتیدا هه‌بوو به‌هیچ جۆرێك له‌ناو خودی ئه‌و سه‌رده‌مەدا له‌ ململانێكەدا جیگه‌ی نه‌بوو. به‌واتایه‌كی تر، من پێموایه‌ چینێك خۆی له‌ ئاستێك و قۆناغێكی ململانێدا بوونی هه‌بوبێت، ناتوانێت خه‌ون و ئومێدی ژیانێكی جیاواز له‌و ململانێیه‌دا بهێنێته‌ به‌رهه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن كۆیله‌كانی سه‌رده‌می ململانی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كۆیله‌كاندا، هه‌رگیز ئه‌نگیزه‌ و شرۆڤه‌ی جوتیاره‌كانی سه‌رده‌می فیوداڵیان پێنه‌بوو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌و جوتیاره‌ ناڕازییانه‌ی سه‌رده‌می فیوداڵی، له‌ كۆتایه‌كانی قۆناغه‌كه‌دا خاوه‌نی خه‌و‌نی دنیای سه‌رمایەداری‌ نه‌بوون. ھەربۆیه‌ لای من، وەڵام به‌م پرسیارانه‌ وەڵامه‌ به‌ وجوودی ده‌وڵه‌ت خۆی یان فۆرمی ژیانكردن خۆی.

من پێموایه‌ باكۆنین له‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ فۆرمێك ئۆرگانیزه‌كراوی وه‌ك ده‌وڵه‌ت تێنه‌پڕی‌وه‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌ت ته‌حصیل حاصله‌ نه‌ك بنه‌ما .. بۆ من چه‌نده‌ تۆ دووژمنكار بیت له‌گه‌ڵ ئه‌م ئۆرگانهدا ھەبێت،  زۆر بایەخدار نییه‌، چونكه‌ كۆمۆنیسته‌كانیش ئه‌م ڕه‌ق و بیزاریه‌یان لێی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا‌ ململانێی چینایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تا ئێستا توانیویتی جۆرێك له‌ ژیانكردن بهێنێته‌ به‌رهه‌م، كه‌ ئه‌م فۆرمی ژیانكردنه‌ تێپه‌ڕاندبێت و‌ له‌ناوئاخنه‌ی خودی خۆیدا ناڵێم چینێك یان تویژێكی نوێ، به‌ڵكو هه‌ر جوڵەیه‌ك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌و ململانێیه‌دا گه‌رای هه‌بێت؟

دوا شت، كه‌ ماوه‌ بیڵیم ئه‌وه‌یه،‌ ده‌كرێت چینی كرێكار خاوه‌نی شۆڕش بێت، وه‌ك چۆن كۆیله‌كان و جوتیاره‌كان خاوه‌نی شۆڕش بوون، به‌ڵام گومانی گه‌وره‌م لەوە هه‌یه،‌ كه‌ چینی كرێكار هه‌ڵگری خه‌ونێكی تازه‌ بێت بۆ مرۆڤاتی. بۆیه‌ له‌ ئه‌زمونی ڕوسیاشدا نه‌یانتوانی به‌ سه‌ر فۆورمی ده‌وڵه‌تدا تێپه‌ڕ بكەنن، دواجار هه‌ر شكڵێكی تری سه‌رمایه‌داریان به‌رهه‌مهێنایە‌وە

تاهیر ساڵح شەریف:

پاش دابڕانێک… دووبارە سڵاو لە هاوڕێیانی بەشدار بوو. وەک لە کۆمێنتەکەی پێشوومدا وتم، باسەکان هەندێک تێکەڵ و پێکەڵ بوون و لەسەر سکەی ئەسڵی دەرچوون و چەند بابەتی جیاواز ئیزافەکراوە بۆ مناقشەکە. بەم حاڵەوەشەوە من دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر پرسیارێک کە لەپێشەوە هاوڕێ زاهیر هێنایەکایەوە؛ چۆن دەوڵەت لەناو دەبرێت؟ پاش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لە ڕوانگەی خۆمەوە، دەگەڕێمەوە سەر بابەتە فەرعییەکان…. ئەم پرسیارە [ دەوڵەت چۆن لە ناوببرێ، یان چۆن لە ناودەبرێت؟ ]، پرسیارێکە کە جیاوازییەکانی مارکسیستەکان و ئانارکیستەکان لە مامەڵە لەگەڵ کێشەی بوونی دەوڵەتدا دیاریدەکات. هەڵبەت هەم لەناو مارکسیستەکان و هەم لە ناو ئانارکیستەکانیشدا، تێڕوانین و تێگەیشتنی جیاواز بۆ لەناوبردنی دەوڵەت بوونی هەیە. ئەوەندەی من لە بۆچوونەکانی مارکس و ئەنگلس تێگەیشتووم، ڕێگای لە ناوبردنی دەوڵەت، وەک ئامڕازێکی سەرکوتی چینی بۆرژوازی، شۆڕشی کۆمۆنیستییە. شۆڕشی کۆمۆنیستی لەڕوانگەی مارکس و ئەنگلسەوە، بریتییە لەشۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کە لەئەنجامی گەشەکردنی ئابوریی و مێژوویی کۆمەڵگەوە ڕوودەدات. گەشەکردنی پەیوەندییەکانی بەرهەم‌هێنان لە هەر قۆناغێکدا، گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانی بەدوادا دێت. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، لە قۆناغی یەکەمدا، مەرجی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانن، بەڵام لەقۆناغی دووەمدا هێزەکانی بەرهەمهێنان بەڕادەیەک گەشەدەکەن، کە ئیتر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، کە پێشتر مەرجی گەشەکردنیان بوون، دەبنەڕێگر لە بەردەمیاندا. ئەم ناکۆکییە لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا، لەسەر ئاستی سەرخانیشدا ڕەنگدەداتەوە و کۆمەڵگە لەگەڵ قەیرانێکی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتی و فیکریدا بەرەوڕوو دەبێتەوە؛ ئەو قەیرانە ئەگەر نەگۆڕێت بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، ئەوا خولێکی نوێ لەگەشەکردن و بوژانەوەی سەرمایە [ لێرەدا سەرنجی من لەسەر ناکۆکی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، نەک کۆمەڵگەکانی پێش لەسەرمایەداری ] دەستپێدەکاتەوە. شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە لەم سرکڵە [ گەشەکردن – قەیران- گەشکردن ] دا بخولێتەوە. بۆیە بە ناچاری، لە دواشیکردنەوە ئەم سرکڵە دەشکێنرێت و شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات. ئەم شۆڕشە، هیچ شتێک نییە جگە لە شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا، واتە ئەو چینەی کە خۆی بەشێکە لە هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. لەڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە، ڕوودانی ئەم شۆڕشە [ شٶڕشی کۆمۆنیستی ]، پێشمەرجی خۆیی هەیە. ئەوان دوو پێش مەرج لە کتێبی ئایدیۆڵۆژی ئەڵمانییەکەیاندا دیاریدەکەن؛ یەکەم، گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەیەکی مێژوویی – جیهانیدا. دووەم، هوشیاری مرۆڤەکان دەربارەی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی داهاتوو، کە لەودا، خاوەندارێتی تایبەتی، دەوڵەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکان لە نێودەچن و جیهان دەبێتە کۆمەڵگەیەک بۆ هەموو مرۆڤەکان. ئەوەی کە وتم تێڕوانینێکی گشتی و ئەبستراکی مارکس و ئەنگڵسە دەربارەی شۆڕشی کۆمۆنیستی کە دەوڵەت لە ناو دەبات، بەڵام لە ئاستێکی کۆنکرێتیشدا، ئەوان کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی دابەش دەکەن بەسەر دوو قۆناغدا، هەروەک هاوڕێ زاهیریش لەسەرەوە ئاماژەیەکی ناڕۆشنی پێداوە؛ قۆناغی یەکەم، قۆناغێکە کە [دەوڵەت ] هێشتا بە مانای دەوڵەت لەناوناچێت. ئەم دەوڵەتە، ناو لێدەنێنن [ دەوڵەتی سۆشیاڵیستی – دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ]. پێویستی ئەم دەوڵەتە چییە؟ ئایا ئەزمونی سۆڤیەت، کە بەردەوام هاوڕێ هەژێن و هاوڕێ زاهیر ئاماژەی پێدەکەن و یەکسانی دەکەن بە شکستی [ تیۆری دەوڵەتی پرۆلیتاریاکەی مارکس]، هەمان ” ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس “ە، کە مارکس تێزی ” دەوڵەتی پرۆلیتاریا، یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]ی لێ ئیستنتاجکرد؟…. ئەم باسە بەجێدەهێڵم بۆ سبەی شەو…. درێژەی دەبێت. تکایە ڕێگەبدەن ئەم باسە لەسەر ” دەوڵەت چۆن لە ناو دەچێت “، کە تەوەرەی سەرەکی جەدەلەکەمان درێژە پێبدەم و باسەکە لەسەر سکەی خۆی ڕابگرن تا دوا ئەنجامگیری خۆم دەنووسمەوە.

زاهیر باهیر:

هاوڕێ سیروان گەلێک بەخێربێت بۆناو ئەم جەدەلەو دڵنیاشم بە سەلیقەو ڕاو بۆچونەکانت ، جەدەلەکە بەرەوە پێشەوە تر دەبەیت. من هەندێک سەرنجم هەیە بەڵام کە ئەوەی هاوڕێ هەژێنم بینی ، لەوە دەکات کەم و زۆر یەک سەرنجمان هەبێت، هەر لەبەر ئەمەش من بەجێی دەهێڵم بۆ ئەو تاکو خۆمان لە بێوەختی و دووبارەکردنەوە بپارێزین. هاوڕێ تاهیر سەڵاوی گەرمم: من لێرەدا تاکو سەرنجەکانت دەنوسیتەوە یەک دوو شتێک دەڵێم بۆ ئەوەی شتەکانم بەسەردا کەڵەکە نەبێت. یەکەمیان، بە داخەوەم کە یا ژیان بواری مارکسی نەدا تاکو ئەو چەواشەیە لە مەسەلەی دەوڵەت بەگشتی و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری ن بەتایبەتی ەهێڵێلێت، یا خوود خۆی پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئەوەی کە لە بەرنامەی غۆتادا ، لەسەر دەوڵەت نووسیوێتی ، لە پاش خۆی دەبێتە کێشەیەکی گەورەو کارەسات بۆ هەر هەموو سۆشیلیستەکان و ئەوانی تریش بەجی دەهێڵیت. بەهەرحاڵ ئەوەندەی من هەستی پێبکەم مارکس لەگەڵ دەوڵەتدا نەبووە چونکە ئەو یەکەم پارتی و پاتگەڕایی نەخواستووە قەتیش لە ژیانیا سەر بە پارتێک نەبووە ، دووهەمیشیان ئەو ئەوەی ، کە وەکو تۆش یادت خستینەوە، کۆمۆنەی پاریسی بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاری زانیوە نەک دەوڵەتێکی پڕۆلیتاری. کە من ئالەمەیاندا ناکۆکیم نییە لەگەڵ مارکس دا جگە لە ڕونکردنەوەی هەندێک شتەوە نەبێت . دووهەمیان ، من داوای لێبوردنتان لێدەکەم کە دوو مەسەلەم کێشکردبێتە ناو جەدەلەکەوە کە یەکەمیان قسە لەسەر چینی کرێکاران بوو کە من بە کەمایەتیم زانیوەو دەزانم ، ئەمەش هەر لەبەر دەوڵەت بوو کە ئەوە بڵێم وەکو پێشتر وتومە، کە دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتارییەکەیان حوکمی کەمایەتی دەبێت. بەڵام سوپاس بۆ هەمووتان بە تایبەت هاوڕێ هەژێن کە لای من ئێستا ئەو کێشەیە حەلبووە. دووهەم کێشەی دەوڵەت، من بۆیە پێم لەسەر زیاتر لە سەر هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت دادەگرت ، تاکو چۆن کۆمەڵگەی کۆمۆنیزم، سۆشیالیزم ، بینا دەکرێت بێ دەوڵەت. ، چونکە من ئەوە بەگرنگ دەزانم کەگەر هەموومان دەرک بە مەترسی دەوڵەت بە هەموو چەشنەکانییەوە، دەوڵەتی پڕۆلیتاریش بە تانبەتی ، بکەین. خۆ گەر هاوڕا نەبین لەسەر ئەم هەنگاوەی یەکەم ، ساغکردنەوەی مەسەلەی دووهەم کە کۆمەڵگەی داهاتووە، زۆر گران، دەبێت، گەرچی ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە نابێت قسەی لەسەر بکەین.

تاهیر ساڵح شەریف:

دووبارە سڵاو لە هاوڕێیانی بەشداربوو … پێم وایە کە ئیدیتۆرەکەی فەیسبوک تەنها چەند سەد ووشەیەک زیاتر پۆست ناکات. بۆیە ناچارم بە دوو یان بە سێ جار درێژەی باسەکەمتان بۆ پۆست بکەم و دوا بەشیش لە شەوانی داهاتوودا پۆستی دەکەم. دوای ئەوە چاوەڕێی سەرنج و تێبینییە ڕەخنەییەکانی هاوڕێیان کاک زاهیر و کاک هەژێن و هاوڕێیان بەشداربووی دیکە دەکەم.

لێرەوە دەست دەکەمەوە بە درێژەدان بە باسەکەم و بەم پرسیارانە دەستپێدەکەم؛ بۆچی شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا دەبێت قۆناغبەندی بکرێت؟ پێویستی، دەوڵەت و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا لە ڕوانگەی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە چییە؟ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە؟.

ئەزمونی مێژوویی گۆڕانکاری لە شێوەکانی بەرهەمهێنان و فۆرماسیۆنە ئابوریی- کۆمەڵایەتییەکاندا پیشانیدەدات کە هیچ یەکێک لەشێوەکانی بەرهەمهێنان و فۆرماسیۆنە ئابوریی- کۆمەڵایەتییەکان لە ناکاو و کتوپڕ جێگۆڕێکیان نەکردووە. نە شێوەی بەرهەمهێنانی کۆیلەداری کتوپڕ جێگای خۆی چۆڵکردووە بۆ شێوەی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتی و نە شێوەی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتیش بە خێرایی و بە ئاسانی جێگای خۆیداوە بە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. ئەم کێشەیە، ئەوە پێمان دەڵێت کە گۆڕانکاری لە شێوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، بە ڕاستە هێڵێکی مێژووییدا نەڕۆیشتووە و هیچ یەکێک لە شێوەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی نەیتوانیوە یەک شەوە شێوەی بەرهەمهێنانی پێش لەخۆی بەیەکجاری بسڕێتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر شێوەیەکی بەرهەمهێنانی نوێ لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی کۆندا، پرۆسێسێکی درێژخایەن لە گەشەکردن، گەورەبوون، پیربوون و پوکانەوەی توخمە پێکهێنەرەکانیان تێکچرژاون و لێکئاڵاون کە مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان تووشی پێچاوپێچ و  هەوراز و نشێوی سەیرو سەمەرەکردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەڕاستە هێڵێکی بێ گرێ و گۆڵدا نەڕۆیشتوە و ناڕوات، بەڵکو بە ڕێگایەیەکی پڕ لە گرێ و گۆڵ و هەورازو نشێودا ڕۆیشتووە و دەڕوات.

ئەوە لە ئیرادەو توانای کەسەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت دەوڵەتەکانیش، وەک ئۆرگانی زەبروزەنگ و ئامڕازی سەروچینایەتیدا نەبووە و نییە کە مێژوو بخەنە سەر ڕاستەهێڵێک کە خۆیان مەبەست و ئامانجیان بووە، واتە ڕەوتی گەشەکردنی مێژوویی کۆمەڵگە بخەنەدەرەوەی ئەو هێڵە پێچاوپێچ و پڕلە گرێ و گۆڵەی کە ناکۆکی نێوان پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و هێزەکانی بەرهەمهێنان لە هەر فۆرماسیۆنێکی ئابوریی – کۆمەڵایەتیدا بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دیاریدەکات، . ئەوەش بۆمان ڕووندەکاتەوە کە مێژوویی مرۆڤایەتی خاوەنی یاسای گەشەکردنی خۆیەتی و ئەو یاسایانەش لەدەرەوەی ئیرادەی کەسەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکانەو بەسەر بەخۆ لە ئیرادەو مەیلی ئەوان کاردەکەن و دەجوڵێنەوە. لە ناوبردنی یەکجاری دەسەڵاتی ئابوریی، سیاسیی و ئاینی دەرەبەگەکان و ئەرستۆکراتی، خواست و ئارەزووی چینی بۆرژوازی تازەپێگەیشتووی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا بوو، بەڵام لەبەرئەوەی کە گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە منداڵدانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی دەرەبەگیدا بە ئاستێک لەگەشەکردن نەگەیشتبوو تا چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانە تێکبشکێنێت کە ڕێگربوون لەبەردەمی گەشەکردنی زیاتریاندا، چینی بۆرژوازی توانای نەبوو کە خواست و ئامانجەکانی خۆ بەدیبهێنێت و پراکتیزەیان بکات. چینی بۆرژوازی لە ئەنجامی زنجیرەیەکی درێژ لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانیدا توانی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بێتە مەیدانی ململانێی ئاشکراوە لەگەڵ چینی دەرەبەگی دەسەڵاتداردا. ئەم چینە دەستیدایە خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی. ئامڕازی یەکاڵاکردنەوەی ئەو خەباتە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و هێزەکانی بەرهەمهێنانی نوێ [ سەرمایەداری ]بوو لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا. دەوڵەتی نەتەوەیی، ئاڵۆزترین پێکهاتەی سیاسیی بوو کە دەبووایە نەک تەنها پاشماوەکانی دەسەڵاتی فیوداڵی پێڕابماڵێت، بەڵکو دەبووایە وەک شمشێرێکیش بەسەر ئەو چینە نوێیە [ پرۆلیتاریا ]وە ڕایبگرێت کە تازە لە منداڵدانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا گەشەیکردبوو. چینی بۆرژوازی لەگەڵ ئەوەدا کە لەڕووی مێژووییەوە چینێکی لە ڕادەبەدەر شۆڕشگێربوو بەرامبەر بە سیستەمی دەرەبەگایەتی و لەهەر شوێنێک دەسەڵاتی سەقامگیر دەبوو، بێڕەحمانە پەیوەندییە ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەرەبەگایەتی لەبەریەکهەڵدەوەشاندەوە، یان لاوازی دەکردن، بەڵام بەو حاڵەشەوە پرۆسەی سەقامگیربوونی مێژوویی دەسەڵاتی ئابوریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و کڵتورییەکانی سەرمایەداری و چینی بۆرژوازی، چەندین سەدە درێژەی کێشا. جێگیربوونی سەرمایەداری وەک فۆرماسیۆنێکی ئابوری- کۆمەڵایەتی و مێژوویی، لەهەنگاوی یەکەمدا نەیتوانی کۆمەڵێک توخم و پاشماوەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی دەرەبەگی لەناوببات و لە هەنگاوەکانی دواتردا ئەو پرۆسەیەی بەسەرئەنجامی یەکجاری خۆی گەیاند. لەم ئاستە لە باسەکەدا، من دەمەوێت بگەمە ئەنجامگیرییەکی کۆنکرێت دەربارەی گۆڕانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بۆ شێوەی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی؛ شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، ئاڵۆزترین، تێکجرژاوترین و بە تواناترین شێوەی بەرهەمهینانە لە مێژوویی کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا. ئەم سیستەمە سەرەڕای قەیرانە کوشندە دەورەییەکانی، توانای خۆ نوێکردنەوە و خۆ بوژاندنەوەی هەیە و تا ئێستا چەندین قەیرانی مەرگهێنەری تێپەڕکردووە. ئەم شێوە بەرهەمهێنانە، بە خێرایی و بەئاسانی جێگای خۆی نادات بەشێوەی بەرهەمهێنانی کۆمۆنیستی. ئەم پرۆسێسە درێژ خایەنە، بەڵام سەرئەنجامی هەیە و جێگۆڕکێکردنی بەشێوەی بەرهەمهێناینی کۆمۆنیستی حەتمییە،چونکەئەم شێوە بەرهەمهێنانە ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە خۆی لەدەست حوکمی ئەو یاسا کوێرانە ڕزگار بکات کە لەدەرەوەی دەسەڵات و ئیرادەی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ خۆیان بەسەریدا سەپاندووە.

ئەمڕۆ هێزەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە ڕادەیەک گەشەیانکردووە، کە ئیتر گونجاندنیان لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا مەحاڵە، بەڵام ئەوەی کە ئەم هێلکەیەی بەسەر پەتەکەوە ڕاگرتووە، دەوڵەتە. دەوڵەت، تەنها ئەو تەعریفە گشتییە نییەکە ئامڕازی چینێکە بۆ سەرکوترکردنی چینێکی دیکە، دەوڵەتی بۆرژوازی ئەمڕۆ پێویستی بە شیکردنەوەیەکی کۆنکرێتر و هەمەلایەنتر هەیە؛ دەوڵەت حیزبەکانە، دەوڵەت سوپایە، دەوڵە ڕاگەیاندن و میدیایە، دەوڵەت ڕێکخراوە پیشەییەکانە، دەوڵەت ئایدیۆڵۆژییە، دەوڵەت ئیستبداد، دیموکراسی و سیاسەتە، دەوڵەت ئاین و کڵتورە، دەوڵەت، پەروەردەوفێرکردنە، دەوڵەت نەتەوەو نیشتمانەو…. دەوڵەت ئەختەبوتێکە هەموو پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مرۆڤی هاوچەرخی بەخۆیەوە بەستۆتەوە. بەم حاڵەشەوە، دەوڵەت، ئامڕازێکە بۆ بەرگرتن بە ئاڵوگۆڕێکی نوێ کە دەبێت لە مێژووی کۆمەڵگەی جیهانیدا ڕوو بدات. ئەو ئاڵوگۆڕە، هیچ شتێک نییە جگە لە ڕزگارکردنی مرۆڤی بەرهەمهێنەر لە دیلێتی کرێ گرتەیی. ڕزگاربوونی مرۆڤی هاوچەرخ لە دیلێتی کرێگرتەیی، ڕزگارکردنی هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانی کۆمەڵگەشە لەو تەوقەی کە پەیوەندییەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وەستاو لەسەر خاوەندارێتی تایبەتی لەگەردنیکردووە و نایەڵێت هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانی کۆمەڵگە تا ئەو ڕادەیە گەشە بکەن کە گشت مرۆڤایەتی لەسایەیاندا بحەسێتەوە. بۆیە لە ناوبردنی دەوڵەتی بۆرژواکان، هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی لە کۆیلەیەتی کرێگرتەیی. دەوڵەتیش، بەو پێکهاتە عەنکەبوتییەی ئێستایەوە لەناو ناچێت، مەگەر ئەوە مرۆڤی بەرهەمهێنەر و کۆیلەی کرێگرتە لەم ڕژێمەدا دەست بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین ببات. شۆڕش و ڕاپەڕین، بە واتای لەناو بردنی دەوڵەتە، بەڵام ئەی دوای ئەمە چی؟ ئایا بۆرژواکان، دەست لە پلانگێڕی و خۆ سازدانەوە بۆ گرتنەوە دەستی دەسەڵات و دروستکردنەوەی [ دەوڵەت ] هەڵدەگرن؟! بێگومان، وەڵامەکە نێگەتیڤەو ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس ئەم ڕاستییەی سەلماند. کۆمۆنەی پاریس، هیچ شتێک نەبوو جگە لە دەوڵەتی پرۆلیتاریا. دەوڵەتێک کە پایەی سەرەکی خۆی لەسەر دیکتاتۆری بۆسەرمایەداران و دیموکراسی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە داڕشت بوو. دووبارەبوونەوەی کۆمۆنەی پاریسێکی دیکە لە هەرشوێنێکی دنیادا، بە ناچاری هەمان تایبەتمەندی [ دەوڵەت بوون و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوون] لەخۆی دەگرێت. تۆ هەر ناوێکی دیکەی لێبنێیت، لە ڕووی کارکردەوە هەمان شتە. ڕێگای دووەم بۆ گواستنەوە لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم، جگە لە [دەوڵەتی پرۆلیتاریا ؛ یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]بوونی نییە [ ئەگەر هاوڕێیان ئانارکیست ڕێگەی دووەمیان لایە، با پێشنیاری بکەن، ڕێگایەک کە جیاوازتر لە ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس بێت ]. پرسیار ئەوەیە کە ئابوریی سەردەمی دەوڵەتی پرۆلیتاری چ جۆرە ئابورییەکە؟لە دیدگای مارکس و ئەنگلسەوە، ئابوریی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی پرۆلیتاریا، ئابورییەکی کۆمۆنیستییە کە لە هەناوی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە هاتۆتە دەرەوەو بە ناچاری مۆرکی شێوەی بەرهەمهێنانی پێش خۆیی [سەرمایەداری ] پێوەیە،بەڵام لە قۆناغی گەشەکردنی دواتریدا، واتە قۆناغێک کە دەوڵەتی پرۆلیتاریش هەموو زەرورەتێکی خۆی لەدەستدەدات و دەوڵەت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت، ئابوریی کۆمۆنیستی کۆمەڵگە لەسەر بناغەی تێزی [ لەهەرکەس بە پێی تواناییەکەی و بۆ هەکەس بەپێی پێویستییەکەی ] بینادەکرێت [ مارکس- ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا].

بۆ ئەمشەو ئەوەندە دەتوانم و لێرەدا ناچارم باسەکە ڕابگرم بۆ شەوانی داهاتوو، کە وەڵامی دواپرسیاری سەرەوە [ ئایا ئەوەی کە لە سۆڤییەتدا بەڕابەرایەتی مەنشەفییەکان و بۆڵشەفییەکان ڕوویدا شۆڕشی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریا بوو بەو چەمکەی کە مارکس و ئەنگڵس لە نووسراوەکانی خۆیاندا هێناویانەتەکایەوە یان شتێکی دیکە بوو؟] دەدەمەوەو دواتر گوێگر و خوێنەری سەرنج و ڕەخنەکانی هاوڕێ زاهیر و هەژێن دەبم لەسەر ئەوەی کە لەڕوانگەی خۆمەوە دەربارەی لەناوبردنی دەوڵەت وتومە.

******

ئایا ئەزمونی شکستخواردووی سۆڤیەت، بەڵگەیە بۆ شکستی تیۆری و تێزی ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” مارکس؟ ئایا ئەوەی کە لە ١٩١٧ی ڕوسیادا ڕوویدا” شۆڕشی کۆمۆنیستی” بوو بەو چەمکەی مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی ئایدیۆڵۆژیای ئەڵمانی و مانیڤێستی کۆمۆنیستدا پێشنیاریانکردووە؟ با لە پرسیاری یەکەمەوە دەستپێبکەم. بە بڕوای من و ئەوەندەی کە سەرنجم داوەتە سەر سیاسەت و ئابوریی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕوسیا، هەرگیز ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” لە سۆڤیەتدا جێگیر نەبووە. واتە شۆڕشێک بە گەورەی و شکۆداری وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەر، هەرگیز شۆڕشێکی کۆمۆنیستی نەبووە بەو چەمکەی کە من لە کتێبی ئایدیۆڵۆژی ئەڵمانیا، مانیڤێست و ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتای مارکس و ئەنگلسدا خوێندوومەتەوە و لێیتێگەیشتووم. هەربەم هۆیەشەوە، ناتوانم بڵێم ئەو دەوڵەتەی کە بەدوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی قەیسەر و سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕوسیادا هاتە کایەوە، ” دەوڵەتی سۆشیالیستی سەردەمی گواستنەوە بووە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم”، واتە ئەو سەردەمەی کە ” دەوڵەت ” هەرجۆرە زەرورەتێکی مێژوویی خۆی لەدەستدەدات و کۆمەڵگە بە بێ بوونی دەوڵەت خۆی بەڕێوە دەبات.

 ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە پایەی بابەتی تیۆری ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” و “شۆڕشی کۆمۆنیستی ” مارکس و ئەنگڵسی لەسەر بنیاتنراوە، لە ڕوسیای سەردەمی قەیسەر تا ڕوخانی ئەو ڕژێمە لە ١٩١٧دا، ئەو چینە تا ئەو ئاستە گەشەی کۆمەڵایەتی نەکردووە کە بتوانێت وەک چینێک پەیامی مێژوویی خۆی بەسەرئەنجام بگەیەنێت و شۆڕشی کۆمۆنیستی بەرپا بکات. ئامارەکانی ئەو سەردەمە لەلایەک و دەقی نووسراوەکانی لینین، ترۆتسکی، بوخارین، پراوپراژنیسکی و باسەکان دەربارەی سیاسەتی ئابوریی نوێ ” نیپ ” و پرۆژەی پیشەسازیکردنی سۆڤیەتی ساڵانی ١٩٢٨ و بۆسەرەوە، هەموویان پێمان دەڵێن کە چینی کرێکار،لەڕووی کۆمەڵایەتی و چەندایەتییەوە لەو ئاستەدا نەبووە کە بتوانێت ” شۆڕشی کۆمۆنیستی ” بەرپا بکات. کۆمەڵگەی ڕوسیای سەردەمی قەیسەرو تا ساڵانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کۆمەڵگەیەکە کە ژێرخانەکەی لە کۆمەڵێک توخمی ئابوریی جیاواز [ سەرمایەداری، دەرەبەگایەتی و تەنانەت پەتریاکی ] پێکهاتووە. ئابوریی و ژێرخانێکی لەوجۆرە، کە تێیدا پەیوەندییەکان وهێزەکانی بەرهەمهێنان بە ئاڕاستەی سەرمایەداریدا گەشەی نەکرد بێت و لە ناکۆکیدا نەبن، ناتوانرێت شۆڕشی کۆمۆنیستی لەسەر بەرپابکرێت [ هەروەکو ئەوەی کە مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی ئایدیۆڵۆژی ئەڵمانیدا ئاماژەی پێدەکەن و ناکۆکی نێوان پەیوەندییەکانی بەرهەم هێنان و هێزەکانی بەرهەمهێنان بە پێشمەرجی ماددی شۆڕشی کۆمۆنیستی دەزانن]. ئەو شۆڕشەی کە لە ڕوسیای ١٩١٧دا ڕوویدا، شۆڕشێکی گەلی و پۆپۆڵیستی بوو. سەربازان، جوتیاران، ووردە بەرهەمهێنەران، خوێندکاران و کرێکاران هێزی بزوێنەری بوون، بەڵام ئەم شۆڕشە گەلییە [ کە ووردە بۆرژوازی بەرفراوانترین بەشی کۆمەڵایەتی ئەو شۆڕشە بوو ] لە ژێر ناوی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیستیدا ڕوویدا. ئەوەشی کە ڕابەرایەتی شۆڕش ئەو چین و توێژانەیکرد بۆ ئەم شۆڕشە، مەنشەفییەکان و بەڵشەفییەکان بوون و لەژێر ناوی مارکسیزم و بە ئیلهام وەرگرتن لە تیۆرییەکانی مارکس و ئەنگڵس،ئەو چین و توێژانەیان خستە قاڵبی حیزبییەوە بۆ ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆری قەیسەردا، کە سەرئەنجام بە ڕووخانی قەیسەر و گرتنە دەسەڵاتی سیاسیی و دەوڵەت لەلایەن بەڵشەفییەکانەوە کۆتایی پێهات….

حیزبی بەڵشەفیک، ئەگەرچی توانی لە پێوەرێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا، چینی کرێکاری ساوای ڕوسیا لە دەوری سیاسەت و ئامانجەکانی کۆ بکاتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو نییەت پاکی، سەمپاثی و دڵسۆزییەکی ڕابەرانی بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی، نەیدەتوانی حیزبی ئەو چینە بێت و بە ناچاری دەبووایە خۆی تەسلیم بە ڕەوەندێکی مێژوویی بکات کە لەدەرەوەی، مەیل و خواست و ئیرادەی ئەو، یاساکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە ئابوریی و ژێرخانییەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا بەسەریدا دەیسەپاند. شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ نەیدەتوانی دەسەڵاتی سیاسیی بخاتە دەستی چینێک کە هەم لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە کەمایەتییەکی کۆمەڵگەی ڕوسیای ئەو سەردەمەی پێکهێناوەو گەشەی مێژوویی نەکردووەو هەم هوشیاری دەربارەی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەبووە. حیزبی بەڵشەفیک نەیدەتوانی ئەو بۆچوونەی مارکس و ئەنگڵس، کە لە مانیڤێستی حیزبی کۆمۆنیستدا بەیانیانکردووە [ کۆمۆنیستەکان بەرژەوەندیەکی جیاواز لە بەرژەوەندی پرۆلیتێرەکان نییە …- یان؛ کۆمۆنیستەکان پرەنسیپێکی تایبەت ناهێننەکایەوە کە بزووتنەوەی پرۆلیتاریا بخاتە چوارچێوەی خۆیەوە..- یان؛ کۆمۆنیستەکان لەخەباتی پرۆلیتاریای نەتەوە جیاوازەکاندا، ئەوان تەنها بەرژەوەندی گشت پرۆلیتاریای جیهان لەبەرچاو دەگرن] پراکتیزە بکات. حیزبی بەڵشەفیک، بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی مارکس و ئەنگڵس لە مانیڤێستدا؛ بەڵشەفییەکانی پرەنسیپێکی تایبەتیان هێنایە کایەوە کە بزووتنەوەی پرۆلیتاریای ڕوسیای خستە قاڵبی خۆیەوە؛ حیزب ئەو پرەنسیپەیە کە پرۆلیتاریای ڕوسیای لە قاڵبدا. مارکس و ئەنگڵس حیزبیان بە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی پرۆلیتاریا بە پێویست دەزانی، بەڵام هەرگیز حیزبیان بە مەرجی ڕزگاری پرۆلیتاریا و بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەدەزانی. ئەوان یەکێتی کۆمۆنیستەکان و ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەمیان، وەک یەکەمین حیزب و ڕێکخراوەی کۆمۆنیستی دروستکرد، بەڵام هیچ یەکێک لەو دوو ڕێکخراوە سیاسییەیان بە پیرۆز نەزانی و خۆشیان بەشداریان لە هەڵوەشانەوەیدا کرد. لێنین و بەڵشەفییەکان وایان نەکرد. ئەوان حیزبیان لە جوڵانەوەی پرۆلیتاریای ساوای ڕوسیا پێگرنگتر بوو. ململانێ حیزبییەکانی لینین و ئەوانی دیکە کە لەسەرەوەی حیزبی بەڵشەفی [ حیزبی کۆمۆنیستی دواتر ] دا بوون لەسەر ئینشقاق، یان یەکگرتوویی، لەسەر یەک ڕوانگەیی و یەک دروشمی حیزب، هەموویان بەو ئاکامە شکانەوە کە حیزب نەک پرۆلیتاریای ڕوسیا، بەڵکو گشت کۆمەڵگەی ڕوسیای خستە قاڵبی ئەو مەبادیئانەوە کە حیزبی بەڵشەفی دایهێنابوون. ئەم حیزبە سەرەڕای ئەوە کە پاڵپشتێکی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و پرۆلیتێری دنیا بەدەست هێنا، بەڵام تەنها بەرژەوەندی دەسەڵاتە ڕوسییەکەی خۆی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و پرۆلیتێری جیهانی بەلاوە گرنگتر بوو!. ئینشقاق دروستکردن لە ئەنتەرناسیۆناڵی دووەم و دروستکردنی ئەنتەرناسیۆناڵی سێهەم، کە خۆی تێیدا باڵا دەست بوو، نموونەیەکەو سەدان نموونەی دیکە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ڕوسیانەی حیزب و دەسەڵاتی بەڵشەفیکی لەبەردەستدان کە بەرژەوەندی جیهانی کۆمۆنیستی و پرۆلیتاری کراوە بە قوربانیان…. لەم ئاستە لە باسەکەدا، دەمەوێت بە ئەنجامگیرییەکی کۆنکرێتر بگەم؛ لەپێشەوە وتم، کە بەجیا لە نیەت و ئارەزووە کۆمۆنیستییەکانی ڕابەرانی بەڵشەفیک، کۆمەڵگەی ڕوسیا لەگەڵ کێشەو گرێ کوێرەیەکی بابەتی و مێژووییدا بەرەوڕوو بوو بوو. ڕژێمی قەیسەری نەیتوانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و ئەو گرێ کوێرەیە بکاتەوە. ئەو کێشەو گرێ کوێرە بابەتی و مێژووییە، شتێک نییە جگە لە [ گەشەکردنی پەیوەندییەکان و هێزەکانی بەرههەمهێنان ] لە چوارچێوەیەکی سەرمایەداریدا. سیاسەتی داگیرکارانە و شەڕەکانی ڕژێمی قەیسەر لەگەڵ دنیای دەرەوەدا، هێزی کۆمەڵایەتی و فیکری کاری ڕوسیای لە بوارێکی نابەرهەمهێنی فراواندا بەگەڕ خستبوو؛ بواری سەربازی و چەکهەڵگرتن بۆ سوپا. ئەمە، ئابوریی ڕوسیای لەبواری گەشەکردنی پیشەسازی و تەکنەڵۆژیدا ئیفلیج و لاواکردبوو. لەبواری کشتوکاڵیشدا، پەیوەندییە ئاغاو ڕەعیەتییەکانی لە پێوەرێکی بەریندا هێشتبووەوە و کۆمەڵگەی ڕوسیا، کۆمەڵگەیەکە کە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ئابوریی و مێژوویی هەیە، بەڵام ڕژێمی قەیسەر ڕێگرە لەبەردەم ئەو ئاڵوگۆرە ئابوریی و مێژووییەدا. لەڕوانگەی مێژوویی کۆمەڵگەی ڕوسیاوە، دەسەڵاتی ٣٠٠ ساڵەی قەیسەر مەحکومە بە ڕوخان.

مەنشەفییەکان و بەڵشەفییەکان ئەم کارەدەکەن و قەیسەر دەڕوخێنن. دواتر بەڵشەفییەکان دەسەڵاتی سیاسیی و دەوڵەت لەدەست دەگرن و دیکتاتۆری خۆیان بە ناوی دیکتاتۆری [ کرێکاران، جوتیاران و سەربازان ]ی ڕێکخراو لە شوراکاندا بەسەر کۆمەڵگەی ڕوسیادا دەسەپێنن. شوراکان، بەکردەوە شورای کرێکاران، سەربازان و جوتیاران نین [ هەرچەندە ئەوان هێزی پێکهێنەری شوراکانن]، بەڵکو شوراکان لەلایەن حیزبی بەڵشەفیکەوە، لەسەرەوەڕا کۆنترۆڵ کراون و بەرەو بەهێزکردنی دیکتاتۆریەتی حیزبی ئاڕاستە دەکرێن. دەوڵەتی سۆڤیەتاتی دوای شۆڕش، دەوڵەتی حیزب و سەرانی حیزبی بەڵشەفیکە. دەوڵەتی حیزبی بڕیارە سیاسیی و ئابورییەکان دەدات. ئەم دەوڵەتەلە ڕووی سیاسییەوە، هەنگاو بە هەنگاودەست دەکات بە پێشێلکردنی ئازادییەکانی هاوڵاتیان، تەنات بەشێک لەو ئازادیانەی کە چەندین ساڵ دروشمی قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیشی بوون لەسەردەمی قەیسەردا. لەڕووی ئابورییشەوە، دەوڵەتی بەڵشەفیکی دەست دەکات بە کردنەوەی گرێ کوێرە مێژووییەکەی ڕوسیا؛ لە چەند پلانی ئابوریی پێنج ساڵەدا، کۆمەڵگەی ڕوسیا لەڕووی پیشەسازییەوە دەباتە ئاستی وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا. دەوڵەت دەبێتە خاوەنی ئابوریی و پیشەسازییەکی بەهێز و گشت ئابوریی سۆڤیەت دەکەوێتە ژێر دەستی دەوڵەتی بەڵشەفیکییەوە، بەڵام ئەم دەوڵەتە ناتوانێت ئەرکی مێژوویی گەشەکردنی سەرمایەداری ڕوسی لە ئەستۆ بگرێت، مەگەر ئەوە کە کەسێکی دیکتاتۆری بەهێز سوکانەکەی لەدەست بگرێت؛ ئەو کەسە لە ناو حیزبی کۆمۆنیستدا ئامادەکراوە؛ ستالین. ستالین ئەو کاراکتەرە بەهێزەیە کە مێژووی گەشەکردنی سەرمایەداری دەوڵەتی دەیهێنێتە سەر شانۆکە. سەرمایەداری لە ڕوسیای دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا نەیدەتوانی گەشەبکات، مەگەر ئەوە کە دەوڵەتێکی بەهێز زەمینە جۆراوجۆرەکانی بۆ بڕەخسێنێت و خۆی ببێت بە بەشێک لە پرۆسەی گەشەکردنەکە. دەوڵەتی کۆمۆنیستی دوای شۆڕش، تەنها بە ناو دەوڵەتی [ کۆمۆنیستی ] یە. ئەو دەوڵەتێکی سەرمایەدارییە و ئەرکی مێژوویی گەشەکردنی سەرمایەداریانەی ئابوریی ڕوسیا جێبەجێ دەکات. بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتەبە باشی و بەخێرایی ئەرکەکانی بەجێبهێنێت، دەبێت دیکتاتۆریەتی ڕوتی بێ پەردە لە وڵاتی سۆڤیەتدا پیادە بکات. ستالین ئەو کاراکتەرە مێژووییەیە کە ئەم دیکتاتۆریەتە سەرمایەدارنە لەنێوان دەوڵەت و حیزبدا ڕێک دەخات و یەکانگیری دەکات…. لەڕووی ئابورییشەوە، سەرەڕای بوونی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، کە پایەی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستین، بەڵام هەرگیز دروشمی لە [ هەرکەس بە بڕی کارەکەی ]، کە مارکس بە ئابوریی قۆناغی یەکەمی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی [ یان قۆناغی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای ] دەزانێت، لە سۆڤیەتدا نەخرایە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و بڕی زیادەی کاری هەر مرۆڤێکی کارکەری ئەو وڵاتە دەچووە سەر خەزێنەی دەوڵەتەوە و دەبووە سەرمایەی ژێر دەستی دەوڵەت. دەوڵەتیش، حیزبی کۆمۆنیست لەسەرەوەی ڕاوەستابوو. لێرەوە، دەگەمە ئەو ئەنجامە کە لە سۆڤیەتدا تیۆری ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” ی مارکس لە سۆڤیەتدا هەرگیز پراکتیزە نەکراوەو جێبەجێ نەکراوە. لەبەرئەوە،ئەزمونی شکست و داڕامانی سۆڤیەت،شکست و داڕمانی تیۆری ” مارکسیزم ” لە بواری شۆڕشی کۆمۆنیستی و دیکتاتۆری پرۆلیتاریدا نییە، بەڵکو شکست و داڕمانی سەرمایەداری دەوڵەتی و ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتی سەرمایەدارانەیە کە حیزبی بەڵشەفیک لە ژێر ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا بۆ کۆمەڵگەی ڕوسیای داهێنا. ئەمە تێگەیشتن و خوێندنەوەی منە لەسەر ئەوەی کە لە سۆڤیەتدا ڕوویدا. لەم ڕووەیەشەوە هاوڕێیان دەتوانن بۆچوون و ڕەخنەکانیان بخەنە ڕوو. ئەم باسانە، هەرچەندە لە ڕوانگە و جیهانبینی جیاوازەوە بهێنرێنە کایە، بەڵام دڵنیام سودی باشیان هەیە، بە تایبەتی کە تا ئێستا چەپی عێراق و کوردستان نەیوێراوە، یان لە توانای تیۆریدا نەبووە کە لە دەرگای ئەمجۆرە باسانە بدات. لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397

یه‌کی ئایار شایی یان شیوه‌ن؟

یه‌کی ئایار شایی یان شیوه‌ن؟

سه‌لام عارف

ئه‌و ده‌مه‌ی کرێکاران خۆیان به‌ خۆیان به‌ ئامرازه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیانه‌وه‌،له‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چینایه‌تییه‌کانی خۆیان، به‌ ڕووی خاوه‌نکاران و دامو ده‌زگا مافییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا ته‌قینه‌وه‌، هێشتا هزری (ده‌ستەبژێری هۆشمه‌ندی پێشڕه‌و) ‌قۆزاخه‌بوو، توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو به‌زۆری زۆرداری خۆی بکاته‌ سوره‌ی به‌رله‌شکر و ناوه‌ڕۆکی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران کرمێ بکات،به‌ڵام دواتر ئه‌هلی ئه‌و هزره‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامی خۆی، بوون به‌ دوو به‌شه‌وه‌، تا ئێستاش هه‌روایه‌، به‌شێکیان دووره‌په‌رێز و شه‌رمنانه‌ به‌شداری یادکردنه‌وه‌کانی یه‌کی ئایار ده‌که‌ن، به‌شه‌که‌ی دی له‌ژێر په‌رده‌ی پاکڕاگرتنی ڕه‌سه‌نی بیروباوه‌ری شۆڕشگیرییدا به‌شداریکردنی خۆده‌رخستن و شای و لۆغان  ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌، بانگه‌شه‌ بۆ شیوه‌ن ده‌که‌ن. ئیدی به‌بێ ئه‌وه‌ گیوێ به‌وه‌ بده‌ن ، که‌ یه‌کی ئایار له‌ڕووی مێژوییه‌وه‌ بۆته‌ سه‌مبولی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی  بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران، گیانه‌ ئینته‌رناسیۆنالیستییه‌که‌شی ملوێنه‌ها  مرۆڤ ده‌وروژێنێت، ئەگه‌ر یه‌کی ئایار وه‌ك سمبولی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران واتایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وا واتای به‌رده‌وامیدان به‌ خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران، دژی سەرمایەداری و ده‌وڵه‌ت ده‌به‌خشێت. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌؛ جا که‌وایه‌ بۆچی  ئه‌هلی هزری (ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی پێشڕه‌و) چۆته‌ که‌لیشه‌یتان و چووه‌ به‌ چه‌قی نه‌عله‌تدا و گۆشه‌گیربوه‌ و بۆته‌ دژه‌ ته‌وژم و داوای شیوه‌ن ده‌کات، به‌و بیانووه‌وه‌، که‌ گوایه‌‌ کرێکار جه‌ژنی نییه‌؟ وابزانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ پرسیاره‌كە خۆیدایه‌ و ئه‌وان داخ و حه‌سره‌تی ئه‌وه‌ ده‌چێژن،که‌  یه‌کی ئایار دەستكردی (ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی پێشڕه‌و) نه‌بووه‌، ئێستاش تازه‌ به‌ تازه‌ ناتوانرێت جڵه‌وی بگرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌هله‌ بڕوای وایه‌، که‌ ئه‌و ده‌مه‌ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران هیچی نه‌کردوه‌ به‌هیچ هه‌ر چیه‌کیشی ده‌ستخستبێت، پێشکه‌وتن و گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری خۆی سەپاندوویەتی‌، به‌واتایه‌کی دی ده‌ست و دیاری سه‌رمایه‌دارییه‌،سه‌رمایه‌داران ده‌ست و دڵفراوانبوون‌ !

ئێسته‌ با بزانیین گرنگی مێژوویی یه‌کی ئایار‌ چییە؟

میژوو شایه‌ته‌* که‌ کرێکاران خۆبه‌خۆیی له‌و موماره‌سه‌یه‌دا ماهییه‌تی چینی خۆیان سه‌لماند، به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی بەزەیی ده‌ستێکی جادوویی ده‌ره‌وەی خۆیان بکه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ کرێکاران له‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌کانی خۆیانه‌وه‌، ڕێکخستنه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیان بۆ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ دروستکردن و ئاماده‌یانکردن،سه‌رباری ئه‌وه‌، گرنگی هه‌ستی گیانی نێونەتەوەیی ئه‌و خۆده‌رخستن و شایی و لۆغانه‌، جارێکی دی مێژوو شایه‌ته‌، که‌ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران له‌وێدا په‌نگی نه‌خوارده‌وە و نه‌مرد، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پاش سه‌دان که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌، قۆناخ به‌ قۆناخ  یه‌کی ئایار پاش یه‌کی ئایار، خۆی نوێده‌کرده‌وه‌ و شێوازه‌کانی خه‌باتی خۆی ڕادیکالانه‌ ده‌گۆڕی و ده‌یگه‌یانه‌ پله‌یه‌کی بڵندتر، سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، کاتێك به‌لشه‌فیکه‌کان و مه‌نشه‌فیکه‌کان** سه‌رخه‌ویان ده‌شکاند، کرێکاران سۆڤیه‌ته‌کانی خۆیان دروستده‌کرد و کارگه‌ و زه‌وییە‌کانیان لە سەرمایەدار و دەرەبەگەكان دەسەندنەوە و بەخۆیان به‌ڕێوهیاندەبردن‌، هێنده‌ی نه‌برد، که‌ ئه‌و ده‌رده‌ کوشنده‌یه‌، له‌ قاپی ده‌وڵه‌ته‌کانی دیكەی دا، ئه‌لمانیا ١٩١٨- ١٩١٩ئیسپانیا- ئیتالیا ١٩٣٦ له‌ هه‌موو جێگه‌کانی کارکردن، کۆڕه‌ کرێکارییه‌کانیان دروستده‌کردن، تا دواتر هێدی هێدی، یه‌ك له‌ دوای یه‌ك که‌وتنە‌ به‌ر گورزی خاوه‌نکاران و ده‌وڵه‌ته‌کان*** و دیسانه‌وه‌ ئه‌و بارە‌ بووه‌ سه‌ره‌تایه‌کی نوێ بۆ به‌رده‌وامبوون، وه‌کو وتم شێوازی خه‌باتی کرێکاران گۆڕانێکی چلۆنایه‌تی ڕادیکالی به‌خۆوه‌دیت، پاش ئه‌و هه‌موو گورزخواردنه‌، کرێکاران به‌رده‌وام دژی خاوه‌نکاران و ده‌وڵه‌ته‌کان، هه‌ر سه‌رقاڵی خۆڕێکخستن بوون، لێره ‌و له‌وێ هه‌ر درێژه‌یان ‌ به‌ خه‌بات و جه‌نگی  چینایه‌تی داوه، ها ئه‌وه‌ ڕاپه‌ڕینی ملوێنی 1968ی فه‌ره‌نسا و ئه‌لمانیا و یابان، ها ته‌ماشاکه‌ن خه‌باتی کرێکارانی لە یۆنان، ئیتالیا، فه‌ره‌نسا، ئیسپانیا، میسر، تونس، ئامێد، هه‌ر به‌رده‌وامه‌، هاوکات سەرمایەداریش هه‌ردوو سه‌ری دونیای لێهاتۆته‌وه‌ یه‌كو ناتوانێت له‌و قه‌یرانه‌ ئابورییە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ قوتار بێت، که‌ تێکه‌وتووه‌!

کرێکارانی دونیا، نه‌ك هه‌ر یه‌کی ئایار، به‌ به‌رهه‌می خه‌باتی خۆیان ده‌زانن، یادکردنه‌وه‌ی ساڵانه‌شی به‌ به‌شێکی دانه‌بڕاو  له‌ زنجیره‌ی خه‌باتی چینایه‌تی ده‌زانن ،كردار و خەباتیان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت.

ته‌ماشاکه‌ ئه‌م ساڵیش چۆن له‌ سه‌راتاپای دونیادا کرێکاران به‌ ئاڵا سوور و سوور/ڕه‌شه‌کانه‌وه‌ ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شەقامەکان و هاواری دابینکردنی ئازادی و دادپه‌روه‌رییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ له ‌به‌رابه‌ریی ئابورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یانگرتبێت، ھاوكات ته‌ماشای (ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی)ش بکه‌ن، چۆن له‌ قه‌راخی شەقامەکان ڕه‌نگهه‌ڵگه‌ڕا و واقوڕماو بوونه‌ته‌ بینه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌کان و کوژراوی ئاخ و حه‌سره‌تی ئه‌وه‌ن، که‌  ئه‌وه‌یان له‌ده‌ستده‌رچووه ‌و ‌ ناتوانن، جڵه‌وبه‌ده‌ست بن، گه‌ر جڵه‌وبه‌ده‌ست بوونایه،‌ نه‌ ده‌بوو یه‌کی ئایار هه‌ر یه‌ك ڕۆژ بووایه‌ ده‌بووایه‌ کۆتایی نه‌هاتایه‌.

پەراوێز:

* ( کارل مارکس ) وتوویه‌تی ” مێژوو ته‌نها زانستێكه‌، ئێمه‌ ده‌یناسین و بڕوای پێده‌که‌ین”

** بڕوانه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی (لینین) ده‌رباره‌ی ڕاپه‌ڕینی مۆسکۆ، ئه‌و له‌و بابه‌ته‌دا وتوویه‌تی”ڕاپه‌ڕینی مۆسکۆ ١٩٠٥سه‌لماندی، که‌ کرێکاران سه‌د جار  چه‌پڕه‌وترن له‌ ڕێکخراوه‌کان به‌ ئێمه‌شه‌وه‌”

*** یه‌که‌م گورز له‌ مۆسکۆ-پترۆگراد-کڕۆنشتات، سه‌روه‌رانی شۆڕشی ڕوسی وه‌شاندیان….تد

گه‌ڕان به‌ دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا / ئه‌و وشه‌یه‌ی شه‌ڕی نایه‌وه‌ ؛ ده‌وڵه‌ت

گه‌ڕان به‌ دوای کۆمه‌ڵگه‌ی داهاتوودا*

دانییل گرین

و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

(١٠) ئه‌و وشه‌یه‌ی شه‌ڕی نایه‌وه‌ – ده‌وڵه‌ت

‌ باته‌کانی پێشوو ده‌ریانخست ، که‌ ئازادیخوازه‌کان ئه‌وه‌یان ڕه‌تدکردۆته‌وه‌ ، که‌ وشه‌ی”ده‌وڵه‌ت” به‌کاربهێنن.

له‌ نێونەتەوەیی (ئینتەرناسیونال)ی یه‌که‌مدا، ئه‌و خاڵه‌، واته‌ “ده‌وڵه‌ت” که‌له‌به‌رێك بووه‌، که‌ بووەته‌ مایه‌ی جیاوازی نێوان (ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان) و (ئازادیخوازه‌کان) به‌ڵام ئه‌و که‌له‌به‌ره‌، به‌ به‌رده‌وامی به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌، که‌ نه‌توانرێت خۆی لێ لابدرێت ھەرەوەزیخوازەكان (کۆلێكتیڤیستەکان collectivistes) به‌تایبه‌تی (باکۆنین) ئه‌و وشه‌یه‌یان لەلا په‌سه‌ندبوو، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌، که‌ به‌کارهێنانی واتای ھەرەوەزیی کۆمه‌ڵایه‌تی (collectivité sociale) ببه‌خشێت، واته‌ ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕی نوێ، سۆسیالیزم. ئازادیخوازه‌کان، هه‌ر زوو له‌ مه‌ترسی به‌کارهێنانی ئه‌و وشه‌یه‌ تێگه‌یشتن، به‌و جۆره‌ی، که‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان به‌کاریده‌هێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ پێویستیانزانی، که‌ واتایه‌کی جیاواز و قوڵتری بدرێتێ، جا بۆ خۆ لادان له‌ خراپ له‌یه‌كتێگه‌یشتن، ده‌بێت ئه‌و وشه‌یه‌ به‌ کارنه‌هێنرێت،چونکه‌ تێگه‌یشنی نوێ پێویستی بوونی وشه‌یه‌کی نوێ ده‌سەپێنێت، ئه‌و بڕوایه‌، وه‌های له‌ ئازادیخوازه‌کان کرد، وشه‌ کۆنه‌که‌ به‌کارنه‌هێنن بۆ به‌خشینی واتای (ھەرەوەزییی کۆمه‌ڵایه‌تی داهاتوو)

مارکسیستە‌کان به‌مه‌به‌ستی ڕازیکردن و ڕاکێشانی ئازادیخوازه‌کان به‌لای خۆیاندا، ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا، که‌ ده‌ستبه‌رداری پرسی زمانه‌وانی ببن، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌‌ش بوو، تا بتوانرێت بڕیاری بیروباوه‌ڕی خاوه‌ندارێتی ھەرەوەزیی بدرێت، دژی پاشماوه‌ کۆنخوازه‌ تاکپه‌رسته (پرۆدۆن)یه‌کان، بڕیاری ئه‌وه‌یاندا پێشنیاری ئازادیخوازه‌کان په‌سه‌ندبکه‌ن و وشه‌ی (فیدریالیزم) یان (هاریکاری شاره‌وانییه‌کان) بخرێته‌ جێگه‌ی وشه‌ی ده‌وڵه‌ت، پاشان ئه‌وه‌بوو، که‌ (ئینگلس) له‌ نامه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌ییدا بۆ(ئۆگست بیبیلAuguste Bele) ڕه‌خنه‌ له‌ پرۆگرامی (غۆتا) واته‌ پرۆگرامی سۆسیال دیموکراتی ئه‌لمانی ده‌گرێت به‌په‌له‌ پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ” له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك وشه‌ی ده‌وڵه‌ت بگۆڕێت به‌ وشه‌ی Gemeinwesen ئه‌و وشه‌یه‌ش وشه‌یه‌کی ئه‌لمانی کۆنه‌ له‌ زمانی فه‌ره‌نسیدا  به‌ واتای (کۆمۆن commune )ە دێت

ساڵی 1869له‌ کۆنگره‌ی (بال Bâle)دا ئازادیخوازه‌ ھەرەوەزیخوازه‌کان بڕیاری ئه‌وه‌یاندا،کاتێك خاوه‌ندارێتی ده‌کرێته‌ خاوه‌ندارێتی سۆسیالیستی، ئه‌بێت (شاره‌وانییه‌ هاریکارخوازه‌کان) بیگوزه‌رێنن (باکۆنین) له‌ وته‌که‌یدا وتی “بۆ پاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی من ده‌نگ به‌ كۆمەڵیانەی زه‌وی و كۆمەڵیانەی سامانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ده‌م، مه‌به‌ستم له‌ خاوه‌ندارێتی یاسایی موڵکی ئێستایه‌، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستم له‌ له‌نێوبردنی مافی یاسایی ده‌وڵه‌تی ڕامیارییە‌، که‌ پشتگیری خاوه‌ندارێتی ده‌کات و ده‌یپارێزێت، ده‌رباره‌ی ڕێکخستنی داهاتوش (…) پشتگیری هاریکاری شاره‌وانییەكان ده‌که‌م (…) به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره‌ شاره‌وانییه‌، که‌ په‌یڕه‌وی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌کات.

****************************

په‌ڕاوێز

*په‌رتوکی- من العقیدة الی الممارسة-دانییل غیرین-

**بابه‌تی ده‌هه‌می به‌شی دووه‌می کتێبی ناوبراو

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی شەشەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی شەشەم

هەژێن :

لەبەرئەوەی كە ناتوانم لێرەدا بەتێروتەسەلی وەڵام بە پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیربدەمەوە، بۆیە زۆر بە كورتی لە چەند سەردێرێكدا وەڵام بە شۆرش لەیەك وڵات و دەوڵەتدا دەدەمەوە :

سەرەتا وەك وتم، من تەنانەت بە پێچەوانەی ھەندێك لە ئەناركییەكانەوە، شۆڕش بە ڕووداوێكی ماوە و كات دیاریكراو نازانم؛ شۆڕش خۆبەخۆ پرۆسێسێكی مێژوویی جیھانییە، تا ئێستا لە ھیچ جێیەك بەیەكجاری بەسەر سیستەم و سەروەری چینایەتییدا سەرنەكەوتووە و بەھیچ شێوەیەكیش تێكشكانەكان، تێكشكانی شۆڕش نەبوون و نین، بەڵكو تەنیا تێكشكانی تاكتیكێك یا ستراتیجی ڕەوتێكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستیی بوون، باشترین نموونەش پاش تێكشكانی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە لە بلۆكی خۆرھەڵاتییدا، كە دەستبەجێ لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوودا، ھاوكاتی ھەڵوەشاندنەوە و ناوگۆڕینی دەیان پارتی كۆمونیست، بینەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتی پڕۆلیتێری بووین، لەوانە خۆپیشاندانەكانی شیكاگۆ، مانگرتنی كەناسانی توركیە، مانگرتنی كرێكارانی كانەكانی ئاڵمان ناسراو بە مەشخەڵبەدەستان، مانگرفتنی كرێكارانی ئیسرائیل، مانگرتنی گشتی لوبنان و گۆڕینی حكومەت، مانگرتنی گشتی بەنگلادیش، مانگرتنی كرێكارانی پۆستە و گەیاندنی ئەمەریكا پاش چەند دەھە بێدەنگی و ھەروەھا لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا بینەری خۆپیشاندانە جیھانییەكانی دژی جەنگ و دژی كۆبوونەوەكانی لوتكەی (G8) و داگیركردنی كارخانە و ھۆتیل و چێشتخانە و چاپخانە و شەقامەكان لە ئەرجەنتین و پار و پیرار و لەم ڕۆژانەشدا ڕاپەڕینەوەی جەماوەر لە تونس و میسر  و مانگرتنە بەردەوام و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی یۆنان و پۆرتوگال و ئیسپانیا … تد . ئەمانە ھەموویان ھەم نیشانەی بەردەوامی شۆڕش و پشتڕاستكردنەوەی بزووتنەوەی كرێكاریی و جەماوەریی بوون لەژێر قورسایی كەلاكی بلۆكی ڕوسی و چینی و كوباییدا و ھەم ناپێشڕەوبوونی پارت و دەوڵەتی بەناوی كرێكارییان سەلماند. لەم بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل Cajo Brendel كە یەكێكە لەو ماركسیستانەی ڕەخنەی پەیگیرانە لە بۆلشەڤیزم و لێنین دەگرێت، بەنێوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە” ڕادەكێشم، كە چەند دەھە پێش كڕمۆڵبوون و پووكانەوەی بلۆكی ڕوسی، بابەتەكانی نووسیوەن.

بەبۆچوونی من، ئەوەی بە شۆڕش ناسێنراوە و دەناسرێنێت، تەنیا ڕووداوی ھەڵچوونی نێو ڕەوتی بەردەوامی شۆڕشن و تەنیا دەكرێت ناوی ڕاپەڕینیان لێبنرێت و بەداخەوە ھەندێكیان لەلایەن ڕەوتە بەناو سۆشیالیستیەكانەوە سەركوتكراون؛ لەوانە ھەرەوەزییە كشتكارییەكانی ئۆكرانیا و سۆڤیەتە سەربەخۆكانی دەریاوانی كرۆنشات، كە دەكرا لەو كاتەدا وەك نموونە و ھەوڵێكی سۆشیالستی بواری تاقیكردنەوەیان بدرایە و بماندیایە، كە كام شێواز سەركەوتووە، ھەرچەندە ھەر ئەوكات ھەم لە ڕووی ڕێكخستن و ھەم لە ڕووی خودكەفایی بەرھەمھێنان و ھەم لە ڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر دوژمنانی دەرەكی و نێوخۆیی بەھێزتر و سەركەوتووتر بوون. بەشەكەی دیكەیان ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئەسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ و كۆمیتەكانی كارخانە [ئۆتۆنۆمییە كرێكارییەكان]ی ئیتالیا ١٩٦٢- ١٩٧٧ كە ئەمانیش وەك ئۆكرانیا و كرۆنشتات بەپێچەوانەی ئەزموونی بۆلشەڤیكی لەنێوخۆیانەوە كرمۆڵ نەبوون و جەماوەر تێكینەشكاندن و لە ڕووی ئابووری و پەروەردەیی پرۆلیتێرییەوە سەركەوتووبوون و تەنانەت كاتێك كە پاش سەركەوتنی سەربازیی فرانكۆ و گەڕانەوەی خاوەنكیڵگە و كارخانەكان، بەداخەوە دونیایەكی ئاوەدان و پڕبەرھەمیان بۆبەجێما. من ئەم نموونانە وەك ئەزموونی ئەناركی گەشاوە دەخەمە بەرچاوی ئێوە و دەتوانن لە ھەموو ڕوویەكەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن و لەتەك ڕوسیای زلھێزی جیھانی ١٩١٨ – ١٩٨٩ بەراوریان بكەن، چونكە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئاسۆیەكی ڕۆشن بۆ ڕاپەڕینەوە و ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن بەرنامەی شۆڕش، بەدەستبھێنن.

ھاوڕێ تاھیری ئازیز، ئەوەی كە لە ئەدەبیاتی ماركسیستیدا ناوی شۆڕشی لەسەر دەنرێت، فرەتر كودەتای پارتییانە بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەردا و كودەتای سەربازییە بەسەر حكومەتی بۆرجوازیدا و دروستكردنی حكومەتی پارتە بەناوی كرێكارانەوە لەسەر كەلاوەی دەوڵەت و چێكردنەوەی و دواتر ڕەوایەتیدان بە دیكتاتۆری سەركردایەتی پارت بەسەر خودی ئەندامانی پارت و دواتر بەسەر كۆمەڵگەدا و ڕەوایەتیدان بە كوشتوبڕی مانگرتنەكان و كۆمەڵكوژی ناڕازییانی كۆمەڵگە چ ماركسیستە ئازادیخوازەكان و چ ئەناركیستەكان بەناوی سەپاندنی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریاوە . ئایا تا ئێستا مێژوو لەمە زیاتری نیشانداوین، یا پەنابردنەوە بۆ چەندبارەكردنەوەی دەوڵەتی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە، بێجگە لەو شكستانە، دەتوانێت شتێكی دیكەمان بداتە دەست، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، خۆشحاڵ دەبم بە خوێندنەوە و بیستنی .

بە بۆچوونی من نە لە قۆناخەكانی پێش سەرمایەداریدا ڕویداوە، كە ڕاپەڕینەكان گشتگیر و جیھانی بن، نە لە یەك وڵاتیشدا یەكئاستبوون، نە لە ئێستاشدا یەكئاست دەبن . بۆیە قسەكردن لەسەر ڕاپەڕینی جیھانی تەنیا خەیاڵپلاوی ڕۆشنبیرانی نەخشەكێشە [ تكایە لێرەدا قسەكەم مەیكێشنە سەر خۆتان مەبەستم ئێوە نییە]دەوەشێتەوە، وەك وتم مەبەستی من لە ڕاپەڕین ھەمان شتە كە تۆ ناوی شۆڕشی لەسەر دادەنێیت، بۆ نموونە ئەوەی لە كۆمونە یا ١٩٠٥ و ١٩١٧ ی ڕوسیا، ١٩٣٦ ئیسپانیا، ١٩٥٦ ھەنگاریا، ١٩٧٩ ئێران، ٢٠١١ی وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا تەنیا ڕاپەڕین بوون و بە ھەندێكیان لەلایەن دوژمنە دەرەكییەكانەوە تێكشكاون و ھەندێكیان لەلایەن دژە شۆڕشە نێوخۆییەكانەوە.

ھەورەھا لە ئاستی وڵاتیشدا بڕوام بە ھاوجۆری و ھاوئاستی نییە، ئەوەی ڕوودەدات بە ئامادەیی و خۆپەروەردەیی پرۆلیتێرەكانەوە پەیوەستە، ئەوەی كە لە ڕەوتی خەباتی ڕۆژانەدا چەندە توانیویانە خۆیان رێكبخەن و ڕێكخراوە ناقوچكەییە (ناھەرەمی/ ناھیرارشیی) سەربەخۆكانیان پێكبھنن و ھەم وەك ئامرزای خۆھوشیاریی و خۆپەروەردەیی و ھەم وەك ئامرازی بەرەنگاری و ھەم وەك ئامرازی رێكخستنەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەگەی داھاتوو، چەندە توانراوە لە رێكخراوە و ھەرەوەزیی و كۆمونەكاندا ژیانی سۆشیالیستی و پەیوەندی سۆشیالیستی و كولتووری سۆشیالیستی جێگیربكەن و بەكردەوە نیشانی كۆمەڵگەی بدەن، كە دەكرێت و لە توانادا ھەیە، مرۆڤ ئاوا بژی و خۆی لە پەیوەندییە سەروەرییەكان و سیستەمی كرێگرتەیی ڕزگار بكات . كاتێك كە ئەمە بوو بە بەشێك لە كولتووری ڕۆژ و مرۆڤەكان كەتوارییبوونیان دەركرد و توانیان ئەزموونی بكەنەوە، ئەو كات من و تۆش زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەركی ئەوە بكەین، كە پێویستمان بە دەوڵەت و دیكتاتۆری و شوانەیی پارتەكان و ئامۆژگاری ڕامیارەكان نییە.

ھاوڕێ، بەبۆچوونی گرفتی لەیەك تێنەگەییشتنمان لەوەدایە، كە تۆ باس لە پرۆسێسی دروستكردنی پارتێك وەك پێشڕەو دەكەی، كە دونیا بۆ پرۆلیتاریا تەخت بكات و دواییش سەركردە و ڕابەرە خۆ بە ژیر و خەڵك بە نەزانكانی ئەوەندە بەخشندە بن، بێن و بڵێن، فەرموون پرۆلیتێرەكان، خۆتان ژیانی خۆتان لە سۆڤیەتەكاندا ڕێكبخەن و دەوڵەتێكی سەراپاگیر و توندوتۊڵ (مەحكەم)ی ئاواش كە بەرگەی ھێرشی دەرەكی و گەندەڵی نێوەكی و ھێرشی دێمۆكراسی بۆرجوازی و بیروكراسی نێوەكی بگرێت و جەنگی دار و بەرد بكات، پاشان بەخۆیشی، دیسانەوە بەخشندانە وەك پەشمەك بتوێتەوە [ تكاتان لێدەكەم ئەمەم بە لاقرتێ و كەمڕێزی لێوەرمەگرن] بەداخەوە وەھا پارتێكی بەخشندە و دەوڵەتێكی پەشمەكی، تەنیا لە فیلمە كارتۆنییەكاندا توانای بوونیان ھەیە. بۆیە من زۆرجار ئەوانەی ھەموو تاوانەكانی (ڕوسیا)ی جاران و بلۆكی خۆرھەڵاتی دەدەنە پاڵ )جۆزیف ستالین)، بەبێویژدانی دەزانم. چونكە كەسێكی وەك ستالین [ كە پەروەردەی پارتی كۆمونیست و شاگردی لێنین و جێمتمانەی ترۆتسكی و دەوڵەتی بەناو كرێكاران] لەوە زیاتر نەیدەتوانی نەرمتر بێت، لەوانەشە ھەندێك جار چاوپۆشیشی لە پێداویستیی دیكتاتۆربوون كردبێت. ھیوادارم دەربڕینەكانم زبر و برنداركەر نەبن و دڵی ھاوڕێیانێكی وەك تۆ و كاك (فوئاد)م نەئێشاندبێت، كە ھیچ كات ناتوانم گومان لە سۆشیالیستبوون و دڵسۆزیتان بۆ سۆشیالیزم و پرۆلیتاریا بكەم. ھەرواش دڵنیام كە ھیچ ئامانجێكی كەسیی (شخصی) ھاندەری پێداگرییتان لەسەر پارت و دەسەڵات نییە، بەڵكو بەوپەڕی دڵسۆزیتانەوە بۆ سۆشیالیزم پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونانەتان دەكەن. بەڵام دیسان بەداخەوە، ناچارم بڵێم ھاوڕێیان، مێژوو وەڵامی خۆی بە پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی و دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا داوەتەوە و بڕواناكەم ھوشیاریی و كەتواریی جیھانی ئەمڕۆ و تاكەكان، ھیچ كات بواری دووبارەبوونەوەی تراجیدیایەكی ئاوا بە گاڵتەجارییەوە بدات .

لێرەدا وەك دوا ڕستە حەزدەكەم ئەوە بڵێم و بیدركێنم؛ خۆزگە سۆشیالیزم بە پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆری بھاتایەتەدی، بەدڵنیاییەوە ئامادەدەبووم گیانی خۆم بكەمە مۆمی ڕێی سەركەوتنی ئەو پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆرییە، بەڵام داخەكەم تەنیا یەك خۆزگە دەیتوانی ئەوە جێبەجێ بكات و بەر بەو شكستانە بگرێت، ئەویش دەیتوانی ئەوە بێت، كە لە ساڵی ١٩١٨ەوە لە ڕوسیا بواری ئەناركیییەكان و مەنشەڤیكەكان و نادرۆنیكەكان و سۆشیالیستە شۆڕشگێرەكان بدرایە، تاوەكو لەو جێیانەی كە جەماوەر  بۆچوون و شێواز و كاركردی ئەوانی لەلا پەسەندە، تاقیبكەنەوە. چونكە بەدڵناییەوە نە ئەوەندە ئەناركی و سۆشیالیست و كۆمونیست دەكوژران و نە ئەوەندەش جوتیار و كرێكاری بەدبەخت ڕەوانەی ئوردووگە و دوورخراوگەكانی سیبریا دەكران و نە ئەو ئەزموونەش ئاوا بە ئاسانی بەو سەرنجامەی ١٩٨٩ دەگەیشت و نە من و تۆش لەم ساتەدا لەبری ئەم مشتومرە ھەزاربارەبووەوە، چاومان لەدیار كۆمیوتەرێك كزدەبوو و لەوانەشە لەم ساتەدا پارچە ھۆنراوەیەكی پڕ یاداوەری پاش ڕاپەڕین یا بەسەرھاتی ئەڤیندارییەكی سەركەوتوو یا باسی یارییەكی سەردەمی مناڵیمان بۆ یەكتر دەگێڕایەوە یا لەوانەیە پێداویستی یەكترناسیمان نەھاتایەتە بوون و (تاھیر و ھەژێن)ێك بەم بۆچوونانەی ئێستە لە نێۆماندا دروستنەدەبوون .

زۆر سوپاستان دەكەم و بە ھاورییەتی و ھاوەڵی كەسانی وەك ئێوە دڵخۆشم، كوردواتەنی ” ئێمە ماركسیستەكان و ئەناركیستەكان گوشتی یەكتر بخۆین، ئێسقانی یەكتر ناشكێنین” چونكە یەك ئامانجمان ھەیە؛ ئەویش سۆشیالیزم و لەنێوبردنی سەرمایەداریییە، با ھەر یەكەمان بە شێوازی خۆی لەو پێناوەدا درێژە بە خەباتی بدات.

تاهیر ساڵح شەریف :

ئەمشەو ڕەنگە نەتوانم هەموو سەرنجەکانم بنووسمەوە، چونکە بەڕاستی ماندووم و کۆمێنتەکانی بەڕێزیشتان تا ڕادەیەک درێژن و کۆمەڵێک بابەتی جیاوازیش تێکەڵ بەیەکترکراون…. سەرەتا لە هاوڕێ هەژێنەوە دەست پێدەکەم. هاوڕێ هەژێن سەدجار لەسەر هەقە کە مانا گریکییەکۆنەکە” پرۆلیتێر ” بە هەموو ئەو کەسانە دەدات کە خاوەنی موڵکداری تایبەتی نین و کۆیلەی سەرمایەدارانن. تەعریفە گریکییەکە بە ڕای منیش دروستە و پێم وایە فەریدرەک ئەنگڵسیش لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزمدا، وەڵامی ئەو پرسیارە [ پرۆلیتاریا کێیە؟… پرۆلیتاریا ئەو کەسەیە جگە لە فرۆشتنی هێزی کاری خاوەنی هیچ هۆیەکی بەرهەمهێنان نییە – هەڵبەت ئێستا فرۆشتنی هێزی فیکر و تەنانەت هێزی سێکسیش هاتۆتە سەر” sex workers “، چونکە لەسەردەمی ئەنگڵسدا، بەکاربردنی هێزی فیکری و هێزی سێکسی لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایەدا وەک ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو] بەجۆرێکی دیکە دەداتەوە. لەم ڕووەوە من هاوڕام لەگەڵ بەکاربردنی ووشەی پرۆلیتێردا بۆ ئەو کەسانەی کەخاوەنی هیچ موڵکایەتییەکی تایبەتی نین، جگە لە فرۆشتنی هێزی کار، هێزی فیکر و هێزی سێکسیان و ژیانی خۆیان لەوڕێگانەوە دابین دەکەن، بەڵام ڕەنگە بەو زووییە نەتوانم لە نووسینەکانمدا ئەو دەستەواژەیە بەکار ببەم، چونکە ئەمە پێویستی بە کات هەیە بۆ ڕوونکردنەوە و جێگیرکردنی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا.

زاهیر باهیر :

کەواتە با هەموومان پێک بێێن لەسەر واتای وشەی پڕۆلیتاریا کە لە سەدا ٩٩ کە دەگرێتەوە نەک کوشەی کرێکاران کە فرۆشەری هێزی بازوو و زهنی و سێکسی دەفرۆشن کە کەما یەتین. دیسانەوە ببورن کە من بووم ڕام کێشان بۆ ئەو جەدەل، بەڵام سەرئەنجامێکی باشی دا بەدەستەەوە کە ئەویش هەموومانی یەکخست لە سەر ئەوەی کە هەموومان مەبەستمانە، بەبەکارهێنانی پڕۆلیتاریا کە نزیکەی هەموو کەس دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا من پێشنیازی ئەوە دەکەم گەر هاوڕێیان ، هەمووتان بەلاتانەوە باش بێت ، لە کۆتایی مشت و مڕەکانماندا ئەمەی کە کردومانە لە م بوارەدا لە ماڵپەڕەکەی هاوڕی تاهیرو سەکۆی ئەنارکستاندا بڵاو بکرێتەوە، دەشتوانیین هەواڵەی سایتەکانی تریشیا بکەین گەرچی دڵنیانیم کە هەموویان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام دڵنیام کە ڕەوەندوو پێنووسەکان و کۆمۆنەش بڵاوی دەکەنەوە. من دەزانم کە ڕينگە لە کۆتاییدا نەگەینە سەرئەنجامێکت وا بەڵام دڵنیام ئەمە بەسوود دەبێت گەر هاوڕێیانی تر لە لایەنە جیاجیاکانەوە بیبینن و بێنە زمان. ئێمە هیچمان نەکردبێت، هەندێک شتی گرنگمان وتتوەو، لە هەمووشی گرنگتە بە گیانێکی هاوڕێیانەی پڕ لە ڕیزو خۆشەویستییەوە لە یەکتری چوینەتە پێشەوەو ، کە بێڕێزیو سوکایەتی بە فکری یەکتری و نە گیانی خۆ بە مامۆستایی زان و گومڕایی فکری تێدا بەدی ناکرێت. کە ئەمەش ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ نوسەری کورد و سیاسی کە زۆربەیان زمانییان زبرە بەرامبەر بە یەکتری.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N