ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi
بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان
لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)
لە پاگەندەی (كۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم)
ھەژێن
خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەكە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، كە چەند ساڵێكە ژنانێك بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەكسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێكەوتەی بكەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند كەسێك لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێكیش، كە وەك ھەوڵی فریوكاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی كە بابەتەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە كوردستان ) فرەتر دێوجامەكەی تەنكتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاكەی خەستتركردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەك نۆژەنكردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەكانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی كە لە بیركردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەك نووسەر و خوێنەراندا بكەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەكان.
” ژنیکورد ساڵانێکی زۆر دوچاری چهسانهوهی نهتهوایهتی و جێندهری بوه، چوهک کورد چ وهک ژن. “
ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵكی كوردستان ستەمێكی ڕەگەزیی نەبووە و ھۆكارەكەشی ڕەگەزپەستیی داگیركەر نەبووە، ھەروا كە لەلایەن سەربازان و دەزگە سەركوتگەرەكانی داگیركەرانەوە، ژنانی كورد تووشی توندوتیژی بوون، ئاواش لەلایەن ھێزە چەكدارە بەرھەڵستكارە بەناو نەتەوەییەكانەوە ژنان دووچاری توندوتیژی بوون، چونكە ھەردوولا چ داگیركەران و چ ھێزە بەرھەڵستارەكان لەسەر یەك بنەما و ئایدیای چینایەتی ھاتوونەتەبوون و بۆ پاراستنی پێگەی چینایەتییان، ھەر ھەوڵدانێك كە ویستبێتی لە بازنەی سەروەرییدا دەربچێت، ئەوا لەلایەن لەتەك توندوتیژی ڕووبەڕووبووەتەوە. ھەر ئاوا كە ڕژێمی بەعسی داگیركەر، ژنانی وەك خاڵی لاوازی بەرھەڵستكاران بەكاردەبرد، ھەرئاواش ھێزە بەرھەڵستكارەكان ژنانیان وەك نامووس و شەرەفی پیاو و نەتەوە ھەژماردەكرد.
بەڵام ئەگەر بەویژدانەوە و دوور لە كەفوكوڵی ڕەگەزپەرستییەوە بەراوردی ستەم و توندوتیژی لە ژنان و پیاوان لە سایەی داگیركەردا بكەین، ئەوا پیاوان گەورەترین قوربانی بوون و گەورەترین توندوتیژییان بەرامبەركراوە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەبەر بوونە ڕەگەزیەكەیان (نیرینەبوونیان) نەبووە، بەڵكو لەبەر بەشداری و چالاكی و ئامادەیی خەباتكارانەیان بووە. ھەڵبەتە ژنانیش بەو ڕادەی كە بەشداربووبن، بەھەمان شێوە تووشی توندوتیژی و ئەتك و فشار و ئەشكەنجەی سێكسی بوونەتەوە، بەڵام پیاوانیش لەوە بێبەش نەبوون و كەم نین ئەو پێشمەرگە و زیندانیانەی كە بەھۆی ئەتك و ئەشكەنجە و فشارەوە، توانای سێكسییان لەدەستداوە یا تووشی نەخۆسی دەروونیی بوون.
بێجگە لەوە، ئەوەی كە ژنانی فێمینیستی دەسەڵاتخواز و پیاوانی دیوانەكانی دەسەڵات نایانەوێت، قسەی لەسەر بكەن، ڕیشەی كولتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی ستەم و توندوتیژییە چ بەرامبەر ژنان و چ بەرامبەر پیاوان. ستەمی ڕەگەزیی؛ چ لە ژنان بە پلەی یەكەم و چ لە پیاوانی ھاوڕەگەزباز (ھۆمۆسێكسوێل) بە پلەی دووەم و چ لە پیاوان بەگشتی بە پلەی سێیەم، بەشێكی جیانەكراوەیە لە كولتووری خیڵەكی و باشترین بەڵگەش بەبێ ئەوەی بچینە پای توێژینەوەی بنەما ئابووریی و پێكھاتەییەكانی خیڵ و دابەشكردنی دەسەڵات یا چۆنییەتی دەسەڵاتداریی و بەرێوەبەرایەتی خێڵ، ئەوا بەراوردێكی زۆر خێرا و گوزەریی لەنێوان ناوچە خێلەكییەكانی كوردستان و ناوچە ناخێڵەكییەكانی كوردستان، واتە ئەو ناوچانەی خیڵیان ھەیە و ئەوانەی كە خێڵیان نییە، بدەین، ئەوا بە ئاسانی ئاست و ڕادەی ڕەنگدانەوەی تاكایەتی و سەربەستی تاك لە كولتووری ھەردوو ناوچەكەدا دەبینین و ئامارەكانی كوشتنی ژنان چ پێش ڕاپەڕین و چ پاش ڕاپەڕین، ئەوە نیشاندەدەن و ھیچ پێیوست بە بەدواداچوون ناكات، ھەڵبەتە شتێك كە نابێت، فەرامۆشی بكەین، كارایی دیاردەی چەكداركردنی خەڵكی گوندە ڕاگوازراوەكان و دووبەرەكی پارتەكان و جەنگی نێوخۆیی و ھاندانی پارتە بەرھەڵستكارەكان بۆ چەكھەڵگرتنی سەرۆكخێڵەكان و نۆژەنكردنەوەی خێڵایەتییە لە شێوەی “ئەفواج خەفیفە و سەقیلە”دا، كە پایەگا و لەشكرگەكان، جێگەی گوندە خێڵەكییە ڕاگوازراەكانیان گرتبووەوە، لەسەر تاودانی ستەم لە ژنان، كارایی زۆر ھەبوو.
“ لهلایهک دهبێته هۆی لێ سەندنهوهی دهسهڵات لێی، وهکو به شێک، لهگروپێک ،لهچوارچێوهی دهوڵهتێکی نهتهوهیی فاشیستی وهکو عێراقدا. “
بە بۆچوونی من، ئەوەی كە نووسەر لەم دێڕانەدا بەدوایەوەیە، ئامانجێكی زۆر دوورە لە پرسی ڕەگەزیی و ستەم لە ژنان، چونكە دەوڵەت لە ھیچ سەردەمێكدا نەتەوەیی نەبووە و ناشبێت، لەبەرئەوەی كە خودی نەتەوە بریتی نییە لە پێكھاتەیەكی پێكھاتوو لە كۆمەڵێك ئەندامی ھاوبەرژەوەند و ھاوخەون، ئیدی دەوڵەت چۆن دەتوانێت نوێنەری چون یەكی گشت ئەندامانی وەھا پێكھاتەیەك بێت؟
لەو دەربڕینەی سەرەوەدا نووسەر بیەوێت یا نەیەوێت، خەریكە ئاو بە ئاشی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورددا دەكات و دەیھەوێت بە وێناكردنی وەھا بوونێك “دەوڵەتی نەتەوەیی”، پەیامێكی لەم جۆرە بەگوێی تاكی ستەملێكراوی كورددا بدات، كە ” ئەوە نەتەوەی عەرەبە، كە ستەمی لە تۆ كردووە و پێویستە تۆش لە پشت دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆت [بۆرجوازی كورد]ە بوەستیت و سەنگەر لە نەتەوەی بەرامبەر بگریت”!
پاشان، فاشیستبوون، دیاردەیەكی دیاریكراوی جۆرێك لە دەوڵەت نییە، بەڵكو كڕۆكی دەوڵەت پێكدەھێنیت، ئیدی ئەو دەوڵەتە بەناو نەتەوەیی بێت یا بەناو نیشتمانی، پاشایەتی بێت یا پارلەمانی، تاكپارتی بێت یا سەربازیی، ھەر كات، چین و توێژە ژێردەستەكانی ڕاپەڕین، ئەوا وەك دەوڵەتەكەی مۆسۆلۆنی و ھیتلەر و فرانكۆ، دێوجامە نەتەوەیی و نیشتمانییەكەی دادەدڕێت و لە پارلەمانەوە بڕیارە فاشیستییەكان پەخشاندەكات!
نووسەر دەیھەوێت، ئەو ڕاستییە ئاوەژووبكاتەوە، كە ژنانی كورد پێش ئەوەی دەسەڵاتی داگیركەر دەسەڵاتیان لێبسێنێتەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی خێڵەوە وەك كۆیلە ڕاگیراون و خاوەنی دەسەڵات نەبوون، چونكە كوردستان پێش داگیركردن، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتی نەبووە، تاوەكو ژن وەك تاك و وەك بەشێك لە كۆمەڵگە، خاوەنی دەسەڵات بووبێت. ئەگەر ناسیونالیزمی عەرەب وەك ڕژێم و وەك داگیركەر، شانازییە شوناسییەكانی لە شانازیی خێڵایەتییەوە وەرگرتبێت، ئەوا ناسیونالیزمی كورد چ وەك سروشت و چ وەك لاساییكردنەوە لە بەرپەرچدانەوەدا، ھەمان پێكھاتەی ھەبووە و ھەیەتی. ئەو سروشتە خێڵەكییەی ڕژێمی داگیركەر و بزاڤی بەرھەڵستكاریی چەكداری، بۆ سروشت و ڕەچەڵەكی ناسیونالیزم دەگەڕێتەوە، كە بێجگە لە ھەوڵی گەورەكردنەوەی قەوارەی خیڵ لە نەتەوەدا ھیچی دیكە نییە و نەبووە.
“ ههروهها دووچاری جۆرێکی تریشلهچهوسانهوه بوهو ههیه. ئهویش (نهبوونی شانازیە بهخودی خۆی) “
نەبوونی شانازی ڕەگەزیی بۆ ستەم و نەبوونی دەسەڵات ناگەریتەوە و خودی ڕەگەزپەستی شایانی شانازیی نییە، تاوەكو بەشێك یا بنەمایەك بێت بۆ ئازادی و ڕزگاربوون. نەبوونی شانازی، چەوسانەوە نییە، تا لە دەرەوەی خودەوە بەسەر تاكدا بسەپێنرێت، بەڵكو پەیوەندی بە ڕادەی خۆھوشیاری و ئامادەیی دەروونی خودی تاكەوە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون، ھەیە. كاتێك كە ژن ئامادەیی كۆیلەبوونی لەوە زیاتربێت، كە دەسەڵات و پیاوی پاوانگەر دەیخوازێت، ئیدی شانازییەكان وەك ڕەنگدانەوەی دەركی ئازادی، دەگۆڕدرێن و شانازی بە سەربەخۆیی خود و ھەبوونی توانانی ھزرین و فیلۆسۆفی ژیان، شانازیكردن بە پێگەی توانانی ئابووریی خاوەنەكەی و بڕی خشڵ و زیڕ و پانوپڕۆی ئۆتۆمەبێلەكەی و مۆدیلگەرایی، جێگەی دەگرێتەوە.
ڕاستە ئەمە پەیوەندی بە كۆی پەیوەندییە كولتوورییەكان و بۆڕەخسانە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانەوە ھەیە، بەڵام بێجگە لە نادەربەستی خودی تاكی كۆیلە [لەم بابەتەدا ژن] ھیچ شتێك نەبووتە ڕێگر لەوەی كە ژنانێك بوار و سەربەستی خوێندن و كاركردن و چوونەدەریان ھەیە، لەجیاتی دەبەنگبوون لە كولتووری بەكاربەرییدا، لەجیاتی ساخكردنەوەی مۆدێلە بێئەژمارەكان، خۆیان بە خۆڕۆشنبیركردنەوە خەریكبكەن و لەو رێگەوە شانازییە كەسییەكانیان ڕۆبنێن و سەربەخۆییەكی ھزریی و فیلۆسۆفی بەدەستبھێنن.
ھەڵبەتە من مەبەستم شانازی تاكەكەسە بە سەربەخۆبوون و ئەندێشمەندی و كاراكتەری بڕوابەخۆبوو، نەك شانازی ڕەگەزیی، چونكە شانازیی ڕەگەزیی شەرمەزارییە بۆ تاكی ئازادیخواز و ژنانێك، كە شەیدای ئازادی و ڕزگاربوونن، یەكەم ھەنگاو،ھەر ئاوا كە پێویستە بە ھەموو بوونێكیانەوە دژایەتی شانازی ڕەگەزیی نێرینە بكەن، پێویستە ئەو شانازییە ڕەگەزییەی كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكان خەریكن لە بیری ژنانی ناڕازیدا دەیچێنن، فرێدەنە تەنەكەی زبڵەكەیانەوە، چونكە مرۆڤی ئازادیخواز پێویستی بە شانازی ڕەگەزیی، نەژادیی، نەتەوەیی، ئایینی، ئایدیۆلۆجی و دەستەبژێریی و سەروەرانە نییە و تا كاتێك ئەو شانازییانەی ژێرپێ نەخستبێت، ئەوا ئازادییەكەی لە خەیاڵەوە نابێتە تان و پۆی كەتواری ژیانی.
شانازیی ڕەگەزیی بەژنبوون یا بە پیاوبوونەوە، وەك بوونێكی كولتووری، شانازی بە كۆیلەبوونەوە دروستدەكات، ھەروەك چۆن لەژێر كارایی پاگەندە و بیركردنەوەی پارتە كۆمونیستەكاندا شانازی بە كرێكاربوونەوە تا ئێستاش بووەتە ھۆی كۆیلە مانەوەی كرێكاران لەنێو جاڵجڵۆكەی ئایدیۆلۆجیاكاندا، ھەروا ژنبوون و پیابوونیش لە چەمكە كولتووریی و ڕامیارییەكەیاندا، تەنیا شوناسی كۆیلەبوونن لە چوارچێوەی سیستەمی كولتووری و ڕامیارییدا، لەبەرئەوە نەك ناتوانرێت مایەی شانازی بن، بەڵكو پێویستە تاكی ئازادیخواز وەك نەنگییەك وەریانبگرێت!
“ لهماوهیدهسهڵاتی خۆماڵیدا، “
دەسەڵاتی خۆماڵی چییە؟ خوێنەری ھێژا، ھیچ مەبەستم گاڵتەپێكردن و لاقرتێكردن نییە، بەڵام من ڕۆن و برنجی خۆماڵێم بیستوون، بەڵام دەسەڵاتی خۆماڵێم نەبیستووە ! ئەوە لە كەیەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی و پیاوسالارانەی ھەرێمی كوردستان، بووە بە دەسەڵاتی خۆماڵی ژنانی ستەمدیدە و كۆمونیستەكان ؟
ھەڵبەتە من دەزانم لەكەیەوە ئەم پووچوێژییە لەنێو خۆبەكۆمونیستزانەكاندا سەریھەڵداوە و سەرچاوەكەی بۆ كامە گۆمی لیخن و لیڵ دەگەرێتەوە، لێرەدا خۆم لەو باسە لادەدەم و ئەگەر پێویستیكرد، لە داھاتوودا پەردە لەسەر ئەم بۆچوونە شەرمنۆكانەیە لادەدەم، كە ناوێرێت بە ئاشكرا كراسە سوورە دێوجامەیەكەی فڕێبدات و ئاڵای دەسەڵاتە خۆماڵییەكە بە شانیدا بدات !
ئەمە كڕۆكی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بۆرجوازییە)، ئەگەر مەبەستم لەم ڕەخناندنە، فرەتر ڕاكێشانی ژنانی ناڕازی نەبووایە بۆ وردبوونەوە لە كۆدی پەیام و پشتپەردەی دەستەواژە پێچراوەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، كە چەند ساڵێكە دەسەڵاتداران و پارتە ڕامیارەكان ئاو بە ئاشیدا دەكەن، ئەوا ئەوەندە بەس بوو بنووسم “فێمینیزمی بۆرجوازی بەبێ توانج !” .
“ ئهوههوڵانهی تا ئێستا بوون له کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاریژنان، ناکرێ به ئاسانی له چوارچێوهی فێمینیزمدا پۆلێنی بکهین. هۆکارهکانی ئهمهش دهگهڕێنهوه بۆ سهربهخۆنهبونی ژنان وهاتنهدهرهوهی ڕێکخراوی ژنان لهمنداڵدانی پارتە سیاسیەکان، کهخۆیانله بنهڕهتدا کڵهبێکی( یانە) پیاوانه بوون.“
بەداخەوە كات و گرفتاری ڕۆژگار بوارنادات، ئەگیا لێرەدا قسەیەكیشم لە وێرانی زمانی نووسەر دەكرد، تكادەكەم، بۆ خاتری ئەھریمەن، ئەم ڕستەیەت “ ئهوههوڵانهی تا ئێستا بوون له کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاریژنان، ” لە كام زمانی نا(ھیند و ئەوروپیەوە) وەرگێڕاوە، كامە ژنی بەدبەخت، كە بەو شێوە قسان دەكات؟
دەكرێت بزانین فێمینیزم چییە و لە كامە پێناسەدا جێگەی دەبێتەوە و دەربڕی خەون و ئاواتی كامە توێژ لە ژنانی كۆمەڵە و ئەو سەربەخۆبوون و ئازادییەی كە پاگەندەی دەكات، لە كوێدا سنوورەكانی دەستپێدەكەن و لە كوێدا كۆتاییاندێت، چ بەستەرگەلێك بە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەوە دەیبەستنەوە و داخوازییە ھاوبەش و ناكۆكەكانی لەتەك بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا، كە ژنان وەك بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی تیایاندا ھاوشانی پیاوان، توێژێكیان تێدا پێكدەھێنن، چین؟
ئایا ئەم (پان-فێمینیزم)ە ڕەوتێكی تازەیە و نووسەر داھێنەریەتی یا دێوجامەیەكی دیكەیە لە جۆری دێوجامەكانی دیكەی وەك “ھاونەتەوە” و “ھاونیشتمانی” و “ھاووڵاتی” و “ھاوشاری” ؟
ئایا ئەم فێمیزمە گوتارێكی پێیە، كە قسەگەرانی یەكسانی ھەمەلایەنەی ژن و پیاو دەركیاننەكردبێت؟ ئایا توانای تێپەڕبوون و برینی سنوورەكانی پێكھاتەی قووچكەیی (ھیرارشیانەی) ڕێكخستنی ڕامیارییانەی كۆمەڵگەی ھەیە؟ ئایا بەتەمایە بەرامبەر دەسەڵاتی كولتووریی، كە ھەمان دەستی شاراوەی دەسەڵاتی ڕامیارییە، ئاڵای جەنگی ڕزگاریی بەشانیدا بدات ؟
لەبەرئەوەی كە نووسەر ھەر لە سەرەتاوە، ئاڵای دەسەڵاتخوازیی بەرزكردووەتەوە، ھیچ كات نایەوێت بە ڕەوتی مێژوویی پێكھاتە سەروەرییەكاندا بچێتە خوار و لە ڕەگەوە ستەم لەنێوبەرێت، بۆیە زۆر ڕواڵەتییانە، گرفتی ناكارایی ڕێكخراوەكانی ژنان لە وابەستەیی پارتەكاندا دەستنیشاندەكات. بەڵام ئەمە بۆ دێوجامەیی فێمینیزمەكەی نووسەر دەگەرێتەوە، كە ھیچ كات نایەوێت ڕەگی ستەم لە ژنان بخاتەڕوو، كە دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیارییین و ئامانجەكەشیان، مسۆگەركردنی بەرتەریی ئابووریی و سەروەریی كەمینەی مشەخۆرە بەسەر زۆرینەی ڕەنجدەردا.
ئایا ڕێكخراوگەلێك كە نووسەر، دەیەوێت بیانكاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێكخراوەكانی ئێستا، لە ڕووی پێكھاتنی ڕێكخستن و شێوازی كاركردن و چۆنیەتی دابەشكردنی كار و چالاكی و بوار و مافی ئەندامان لە بڕیاردانەوە چ جیاوازییەكیان لەتەك ڕێكخراوەكانی ئیستادا ھەیە؟ ئایا ڕێكخراوەكانی نووسەر ئۆتۆریتەی ڕابەر و سكرتێر و ھەوڵی پاوانگەرانەی كەسانی دەسەڵاتخواز، ڕەتدەكەنەوە؟ ئەگەر نا، چۆن دەتوانن، كۆپیكردنەوەی یانە “كڵەب”ەكانی دەستەمۆكردنەوەی تاكی ناڕازی و ڕۆنانی دەسەڵاتی دەستەبژێر بەسەر ئەندامانی خوارەوەدا نەبن؟
بەبۆچوونی من، گرفتەكە لە بوونی ڕێكخستنی قوچكەیی (باڵا و پایین)، خەباتی ناڕاستەوخۆ یا جێبەجێكاریی فەرمانی دەستەبژێر، نایەكسانی ئەندامان لە بڕیاردان و جێبەجێكردن و بەرپرسیارییەتیدایە، لە تێڕوانین بۆ ئازادی تاك و چۆنیەتی ڕزگاری تاكدایە، لە بوونی زمینە و ئایدیا و ئامانج و شێواز و كاركردنی ئەو ڕێكخراوانەدایە، كە ھیچ جیاوازییەكیان لەتەك پێكھاتە و شێوەی خێزان، فێرگە، كارگە، مزگەوت، پارت، دەوڵەتدا نییە، چ ئەو ڕێكخراوانەی كە تا ھەنووكە بوون و ھەن، چ ئەو ڕێكخراوانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ داھاتوو مژدەیاندەبەخشێتەوە !
ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، پێویستە ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، دڵخۆشبن بەوەی كە ئەگەر لەو یانە پیاوانانەدا، ژنان جێگەیان نەبووبێتەوە، چونكە ئەركی پیاوانی ئازادیخوازیش ئەوەیە، كە پیاوانی خۆشباوەڕ و دەستەمۆكراو لەو یانانە (پارتانە)دا دەربكێشن. بەڵام پیاوانەبوونی ئەو پارتانە، بەو ئاراستە و جۆرە نییە، كە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز دەیھەوێت، وێنای بكات. نەخێر لەو پارتانەدا پیاوانیش وەك ژنان ژێردەستە و دەستەمۆن، ڕێك بەپێچەوانەوە، كە ھاوبیرانی نووسەر دەیانەوێت لە بەرامبەر دەبەنگبوونی پیاوانی پارتدا، لەشكرێك ژنی دەبەنگراو لە پارتی دیكەدا پەروەردەبكەن، چونكە فێمینیزمی بۆرجوازی، یەكسانی مرۆڤەكان و بەدیاریكراوی ژن و پیاو، بە ھەبوونی ھەمان ماف بۆ ژنان، كە پیاوانی كۆیلە ھەیانن، واتە پۆلیسبوون، سەربازبوون، سیخوڕبوون، ئەشكەنجەدەربوون، بەڕێوەبەربوون، سەركردەبوون، سەرۆككۆماربوون، چەنەبازبوونی ڕامیارانە، مشەخۆڕبوون؛ بەواتایەكی دیكە، دارابوونی ھەموو مافێكی نەرێنیی نێرینەی ژێردەستە، یەكسان و وێنادەكات!
بێجگە لەمەش، ڕەخنەگرتن لە ھەر بیركردنەوە و پێكھاتەیەك چ خێزان بێت یا پارت و ڕێكخراوی پیشەیی و جەماوەریی و لە ھەر كولتوورێك، بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵ و ڕابوردووی خۆمان لەناویاندا، ناكرێت بەھەند وەربگیردرێت، ئاخر ڕابوردوو واتە چالاكی و ڕۆڵی كۆمەڵە كەسێك و لە دەرەوەی ڕۆڵی كۆمەڵەكەسەكان، مێژوو بوونی نییە و ھیچ رێكخراوێك ناتوانێت بوونی ھەبێت! ئایا دەكرێت نووسەر ھەر ئاوا وەك ئەوەی لە دەرەوەی ئەو مێژووەوە ھاتبێت، دوو ھێڵی چەپ و ڕاست بەسەر ڕێكخراوانەدا بھێنێت، بەبێ ئەوەی پێداچوونەوەی مێژووی ڕۆڵ و كاركرد و ئەندامبوونی خۆی لەو پێكھاتانەدا لە ساڵی ١٩٩٣تا مانگكێك لەمەربەر، بكات و بیداتە بەر ڕەخنە و لەوێوە وەك ئەزموونگیریی كەسیی خۆی لەتەك ژنانی كەم ئەزمووندا بەشی بكات و بیكاتە كۆمەكێك لە پێگەیینی كردەیی و ڕوانگەیی و ژنان لەوە بیانگێڕێتەوە، كە وەك خودی نووسەر، زیاتر لە دوو دەھە تەمەنیان لەو یانانەدا بەسەر نەبەن، كە پاشكۆی پارتەكان یا دەسەڵاتن !
“ سهرتاپایپهیڕهوو پڕۆگرامی ئهم حیزبانه لهلایهن پیاوهوه دانراوه. کهواتهژنی کورد بههێزنهکراوه وڕێگهنهدراوه له سهر ماف وئازادی یهکانیخۆی، تهنانهت له حیزبهکانیشدا قسهی خۆی ههبێت.“
ئەوەی كە یەكسانی ژمارەی ژنە-پارلەمانتاران و ڕێژەی داڕێژەرانی پەیڕەوپرۆگرامێك، بە مەرجی بوونی یەكسانی بزانرێت، یەكێكە لە سەرەكیترین و گەورەترین گرفتەكانی تێگەیشتنی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی تاك. ئەگەر بەو پێوەرەبێت، ئەوا ھەموو پارتەكان لە خزمەتی كرێكاران و ھەموو سەندیكا زەردەكان پێشەنگی قسەكەرانی سۆشیالیزم دەبن و ھەموو ژنكوشتنەكان كاری ژنان دەبن! چونكە ئەوەندەی ژنان [دایك، خوشك، ئامۆژن، خاڵۆژن، براژن] پیاوان بۆ پیاوەتی و بۆ زاڵبوون بەسەر ھاوسەرەكانیانیدا ھانیدەدەن، ئەوەندە خودی نێرینەكانی خێزان و بنەماڵە بەو كارە ھەڵناستن، باشترین بەڵگەش ناكۆكی نێوان خەس و بووك و دش و براژنە.
ئایا ھێشتا بوونی ژمارەی زۆری كرێكاران لە پارتێكدا یا لە سەندیكایەكی زەرددا یا بوونی ھەژماری زۆری كرێكاران لە پارلەماندا وەك نوێنەر، دەكاتە ئەوەی كە پارتەكان و سەندیكا زەردەكان و پارلەمانەكان لە خزمەتی كرێكاراندان؟! ئایا ئەمە وایە؟ ئەدی چۆن دەتوانین ناسەربەخۆبوونی ڕێكخراوەكانی ژنان تەنیا بۆ ئامادەنەبوونی ژنان لە نووسینەوەی پەیڕەووپرۆگرامدا یا لە سەركردایەتی پارت و رێكخراوەكاندا ببینین؟ ئایا ژنبوونی ژنەشای بریتانی، سەرۆكشالیاریی (ئەنجێلا میركل)ی ئاڵمانیا یا بەێوەبەربوون و سەرمایەداربوونی ژنانێك، دەكاتە ئەوەی كە لە بریتانیا و ئەڵمانیا ژنان بە تەواوەتی یەكسان و ئازادن؟ ئایا لەو كۆمپانیا و كارخانانەدا كە خاوەنەكانیان ژنانی ملیاردلێر و ملیۆنێرن، ژنان یەكسان و ئازادن؟ تكادەكەم بە دواداچون بكەن، بزانن لە بریتانیا و ئاڵمانیا وەك تۆپ-دێمۆكراتی پارەلەمانی، ژنان ھەمان مووچەی یەكسان بۆ ھەمان كاری یەكسانی وردەگرن؟ بزانن لەو كۆمپانیا و كارخانانەدا كە ژنان خاوەنیانن، ژنان ھەمان ماف و مووچەی یەكسانیان ھەیە؟ ئایا لەو فێرگە و فەرمانگە و كارگێڕییانەدا كە ژنان سەرۆك و بەرێوەبەرن، ژنان لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرۆكەكانەوە باشتر و مرۆڤدۆستانەتر ، ڕەفتاریان لەتەكدا دەكرێت؟
بە بۆچوونی من، گرفتەكە بۆ نەبوونی خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەی مێژوویی و سەرنجنەدانی ڕەگە سەرەكییەكانی ستەم لە ژان، دەگەرێتەوە، كە وەك ھەر ستەمێكی دیكە بۆ سەروەریی سیستەمی كولتووریی و ھەبوونی سیستەمی ڕامیاریی دەگەرێتەوە، كە تەنیا سەنگەر و ڕێگەچارەی بەرەنگابوونەوەی ستەمی كولتووریی و سیستماتیكی ڕامیاریی، یەكگرتووی خەباتی كۆمەڵایەتییە، خەباتێك كە ئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی پێكھاتە قوچكەیی و سیستەمە ڕامیارییەكانە، كە بە لەنێوبردنی زەمینە كولتووریی و كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانی مەیسەردەبێت، واتە شۆڕشی كۆمەڵایەتی. بەڵام تكادەكەم، ئەم بۆچوونە لەبەردەم ئاوێنەی بالانوێنی ئاراستە ڕامیاریی و سۆشیالیزمە دەسەڵاتخوازەكاندا لێكمەدەنەوە، چونكە بە سەرەنجامێكی تەواو ئاوەژوو لە مەبەستەكەی من دەگەن.
من نامەوێت، بڵێم، دەبێت ژنان، نەتەوەكان، كەمینە و چین و توێژە ژێردستەكان، تا لەنێوچوونی كۆمەڵگەی چینایەتی؛ تا سەركەوتنی یەكجارەكی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بوەستن و چاوەڕێی “بەڵێنی سەرخەرمان” بن. نا و نەخێر و زۆر بە پێچەوانەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی لە تێڕوانینی مندا شۆڕش كردە و چالاكییەكی ھەر ڕۆژەی بەردەوامە و سەنگەرەكانی تەنیا خەباتی سەربەخۆی جەماوەریین، بەدەسەڵاتگەییشتنی پارت و قوتكردنەوەی دەوڵەتێك بەناوی نەتەوە و پڕۆلیتاریا و …تد بە شۆڕش نازانم و زیاتر لەوەش بە دژەشۆرشی دەزانم، كەواتە خەبات و دەستكەوت و ڕزگاری و كولتوورییكردنەوەی ئازادی و ڕزگاری و یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ھەر ئەمڕۆ و ھەر لە شوێنی ژیان و كار و فەرمان و خوێندنی خۆماندا و بە دەستپێشخەریی خودی تاك لە خەباتێكی ڕاستەوخۆ و ڕێكخستنێكی سەربەخۆ و خۆھوشیارییەكی شۆڕشگیرانەدا، تەواو پێچەوانەی بیركردنەوە و بۆچوون و تێڕامان و ئامانجی پارتەكان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و دەستەبژێران و دەسەڵاتخوازانەوە، كە ھەردەم لە ھەوڵی دەستەمۆكردنەوەی تاكی ناڕازین بۆ سەروەریی و بەرتەریی خۆیان وەك ڕابەر، دەستەبژێر، ھۆشی سەرووخەڵكی، سۆپەرمرۆڤ! ئەمە ئەو ئامانجەیە، كە فێمینیستانی بۆرجوازی ھەوڵی بۆدەدەن، واتە جێگرتنەوەی پیاوانی دەسەڵاتدار، بە ژنانی دەسەڵاتدار، پیاوانی سەركوتگەر، بە ژنانی سەركوتگەر، …تد.
“ هۆشیاری یهکی فێمینیستی لای تاکیکورد به ژن و پیاوهوه دروست بکرێ.“
من تێناگەم، نووسەری ئەم دەستەواژانە، چەندە خۆی لە دەربڕینەكان و بۆچوونەكانی خۆی تێدەگات و چەندە بەخۆی لە پارادۆكسی بۆچوونەكانیدا سەردەردەكات؟
كاتێك، كە فێمینیزم، گەڕانەوە بێت بۆ سەر ڕەگەزی مێیینە و دروستكردنی شانازیكردن بە مێینەبوونەوە، ئەگەر ئەو وێنا دژە-ژنییەی پیاو، كە نووسەر و ھاوبۆچوونەكانی بۆ پیاو بەگشتی و پیاوی كورد بەتایبەتی دروستی دەكەن، دروستبێت، ئیدی چۆن دەكرێت، ھوشیاریی فێمینیستی لەلای پیاوان دروستبكرێت ؟!
ئەگەر نووسەر بینووسایە ھوشیاریی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) تاك یا ھوشیاریی ناڕەگەزیی یا یونیسێكسی، ئەوا من ناچار بە ئاراستەكردنی ئەم پرسیارانە نەدەبووم، بۆیە حەزدەكەم بزانم، لە ڕوانگەی نووسەرەوە “ھوشیاریی فێمینیستی” چییە و چ ئامانجێك بە دوای خۆیدا دەھێنیت؟ كامە ئاراستەی فێمینیستی؟ تا چەندێك نووسەر دەتوانێت لەژێر خێوەتی (پان-فێمینیزم)ەكەیدا؛ فێمینیزمی ئیسلامی كە ژن وەك “جوانكاریی و دیارییەكی خودا و زەمینەێك بۆ كێلان و كەرستەیەك بۆ دامركاندنەوەی ھەوەسی پیاو و دەزگەیەك بۆ خستنەوەی وەچە” بۆ پیاو ڕەتناكاتەوە لەتەك فێمینیزمی ئەناركیدا كە ھەموو دەسەڵاتێكی سەرووتاك ڕەتدەكاتەوە و ھەموو سەروەرییەك چ سەروەری خوا، چ ھی باوك و ھاوسەر، چ ھی ڕابەر و پارت، چ ھی پارلەمان و دەوڵەت، ڕەتدەكاتەوە، پێكەوە لەسەر خوانی ڕەگەزپەرستیی دابنێت و دەیانكاتە تەواوگەری یەكدی؟
“ بهڵام گرنگه ئێمه تهرجومهی ئهوباس ودیباته فیکریانهی کهههیه لهئاستێکی نێونهتهوهیدا، لهکۆنتێکستی خۆماندا بگونجێنین وگرێکان بکهینهوه… “
یەكێكی دیكە لە گرفتە سەرەكییەكانی فێمینیزمی بۆرجوازی، ئەوەیە، وەك ھەر ھزر و بۆچوون و تیڕوانین و پێكھاتەیەكی سەرووخەڵكی، چارەسەرەكان بۆ وردكردنەوە و لێكدانەوەی ھۆشە باڵاكان و ھۆش بۆ پێش ماددە، دەگێڕیتەوە و ژنانی ئازادیخواز وابەستەی تێڕوانێك دەكات، كە بووەتە مۆدێڵ و نووسەر دەیھەوێت وەك دیاری بیھێنێت و خۆی بەھۆی شارەزایی زمانی سەرچاوەكانی ئەو ئایدیۆلۆجیایەوە، ببێتە پەیامبەری!
ئاخر، ئەگەر فێمینیزم، ھوشیاریی ڕزگاریخوازییە و بەرەنجامی ئەزموونگیری خەبات و پێگەییشتنی تێكۆشەرانی ئەو پێناوەیە، ئیدی چ پێویستییەك بە وەرگێڕانی دەكات، بۆ لە بوونە كۆمەڵایەتییەكەی خەباتی ڕزگاریخوازانە و یەكسانیخوازانەی ژنانی كوردستان خۆیاندا بۆی ناگەرێن، بۆچ پێویستی بە ھاوردن و سپاردنی وەستایی موتۆربەكردنی بە كەسانێكی دیكە دەسپێرن؟
ئەگەر ستەم لە ژنان لە كۆمەڵگەیەكدا، بوونێكی ماددی و كەتواریی ھەبێت، ئەوا بنەما ھزرییەكانی و فیلۆسۆفی و شێوازەكانی خەباتی لە كەتوارە ماددییەكەیدا سەرھەڵدەدەن و ھیچ پێویستیان بە قەرزكردن و موتوربەكردن نییە! بەڵام لەبەرئەوەی كە نووسەر بەخۆی دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو ھزریەیە، كە سۆشیالیزم داھێنراوی كەسانێكی دیاریكراوە و كاری تیئۆریی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەكسانیخوازییدا كاری ھەموو تاكە بەركەوتووەكانی سەركوت و نایەكسانی نییە و ئەوە تەنیا ڕابەرانن، كە توانانی بیركردنەوە و تێگەییشتنیان لە ھۆكاری ستەم و چۆنیەتی خەبات و شێوازی بەرەنگارییان ھەیە و ئەوانی دیكە، پێویستە وەك كۆیلەكانی بەردەم كلیسا و دەوڵەت، ڕێنوێنییەكانی سەرەوە ئەنجامبدەن، بۆیە لە دەرەوەی بزووتنەوەی ژنانی كۆمەڵگەی كوردستان، بۆ سەرخەتەكانی فێمینزیمەكەی دەگەڕێت.
ھەنگاوی یەكەم، ئەمە پەیامێكە بۆ ژنان كە دەڵێت “ئێوەی ژنانی ژێردەستە، بەخۆتان توانای بیركردنەوە و ھوشیاربوونەوە و تیئۆریزەی ئەزموونەكان و خۆڕزگاركردنتان نییە، لەبەرئەوە پێویستان بە پەیامبەرانێكی وەك من ھەیە، كە دەستم بە سەرچاوەی ئایەتە پیرۆزەكانی فێمینیزم دەگات”! بەڵێ ئەمە ئەو گاڵتەجارییەیە، كە دەستەبژێری ڕامیار، ڕۆشنبیر و خوێندەوار، دەیكاتە بەردەبازی پەڕینەوە بەرەو بەھەشتی دەوڵەتی باش و كۆمەڵگەی یەكسانی ماتریاكی (ماتەریاشات)!
“ فێمینیزم چ وهک بزوتنهوه و چ وهکتێرم و تیۆرە له ئهوروپاوه سهریههڵداوه. “
ئەگەر منیش بەبێ خوێندنەوەی پاشخانی ئەم بڕیاردان و پێگەیینە، وەڵام بدەمەوە، دەبێت بێژم، كەواتە فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەكی بە ستەم لە ژنان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنانەوە نییە و یەكسانیش ئامانجی نییە! چونكە ئەگەر ئێمە بڕوامان بەوە ھەبێت، كە لە كوێ ستەم ھەبێت، لەوێش بەرھەڵستكاری بەرامبەر ستەم ھەیە و لە كوێش بەرھەڵستكاری ھەبوو، لەوێش ھزر و بۆچوون و ئەزموون و تیئۆری ئازادیخوازانە بوونی ھەیە! لەبەرئەوە، یا ئەوەتا فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەكی بە خەبات و بەرھەڵستكاریی خودی ژنانی ئازادیخوازی كوردستانەوە نییە و ئایدیۆلۆجیاییەكی ھاوردە و چێكراوی دەستەبژێری دەسەڵاتخوازە، كە دەخوازێت لە خەباتی یەكسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی ژنانی ستەملێكراودا، كایەی بەدستھێنانی دەسەڵات و پێگەی ئابووریی باڵاتر چێبكات، یان بەلایەنی كەمەوە خۆی لە دەستەبژێری پیاوان بە شیاوتر دەبینێت، لەوەی كە باشتر دەتوانێت چەوسێنەر و سەروەری ژنان بێت، یا ئەوەتا فێمینیزم [بەڵام فمینیزمی دەسەڵاتخواز نا] ئاراستەیەكی ئازادیخوازانەی نێو خودی بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان و كۆمەڵگەكانە و ئیدی لەو بارەدا ھیچ پێویستی بە قەرزكردن و ھاوردن و وەرگیرانی ئایدیۆلۆجییایەك، كە لە نێو ژنانی ڕیفۆرمیست و دەسەڵاتخوازدا سەریھەڵداوە، نییە و خەباتی جەماوەریی و كۆمەڵایەتیی خودی ژنان، وەڵام بە پێداویستییەكانی خۆی و دەداتەوە!
ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە پێویستمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتان و كیشوەرەكانی دیكە نییە، نا و نەخێر، بەڵكو مەبەستم ڕەتكردنەوەی ھاوردنی فێمینیزمە وەك ئایدۆلۆجیاییەكی پان-ڕەگەزیی دەسەڵاتخواز! ھەروەك چۆن كەسانێك بەناوی نەتەوە و ھاوبەرژەوەندیی ھەموو ئەندامانی نەتەوە و بە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی، توانییان بەدەسەڵاتێك بگەن، كە لە ئەمڕۆدا دووبارە كەسەكان ناچارن خەبات بۆ لەنێوبردنی بكەنەوە، ھەر ئاواش ئەگەر پان-فێمینیزمەكەی نووسەریش، وەك ئایدیلۆجیایەك، كە خزمەت بە بەدەسەڵاتگەییشتنی دەستەبژێرێك لەنێو ژناندا دەكات، بە دەسەڵات بگات، پاشان دووبارە ژنان ناچار بە خەبات بۆ وەڵانان و لەنێوبردنی پێگە و دەسەڵاتیان دەبنەوە!
“ ئهم جۆره بیرکردنهوه و پرسیارکردنه بووه هۆی ئهوهیکه بیر له تێکشکاندنی چین وڕێگری و سنورداریە جێندهریهکانبکرێتهوه. “
جێگەی خۆیەتی بپرسین مەبەست لە “تێکشکاندنی چین ” چین، چییە؟ ئایا دەرھاویشتنی ژنانە لە نێو چین و توێژە كۆمەڵایەتی و پرۆلیتێرییەكان و چێكردنی قەوارەیەی ڕەگەزییە لێییان، ھەر ئەو كارەی كە زایۆنیزم لە ئایینی جوولەكە، نەتەوەی دروستكرد؟ من ناتوانم لەوە زیاتر لە تێكشكاندنی چین، تێبگەم، ئەوەش بنەمای سەرەكی ھەموو ئایدیۆلۆجیاكانە و بەو جۆرە دەسەڵات بۆ چین و توێژ و دەستەبژێرێك مسۆگەردەكەن !
ئەی مەبەست لە “سنورداریە جێندهریهکان ” چییە، ئایا ژنان وەك ڕەگەزێك زیندەبەچاڵدەكرێن و لەبەردەم مەترسی سڕێنەوەی ڕەگەزییدان؟ یا ئەم دەستەواژانە وردەبەردی نێو كەڵەكن و ڕۆڵیان تەنیا پڕكردنەوەی بۆشایی ڕستەكانە؟
با كەمێك بگەڕێمەوە سەر ئەزموونی كاركردنی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیزم، كە چۆن نەتەوەی دروستكرد و ئەو ئامانجەی كە بەدوایەوە بوو، چی بوو؟ ئەوی خوێندنەوەی بۆ مێژووی بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی جیھان لە پێش جەنگی جیھانی یەكەمەوە تا دەمی جەنگی جیھانی دووەم، ھەبێت، ئەوە دەزانێت، كە چالاكانی بزووتنەوەی كرێكاریی و سۆشیالیستیی جیھان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی و ڕێكخراوترین بەشی كرێكاران، كرێكارانێك بوون، كە لە بنەماڵە جولەكەكانەوە ھاتبوون، بەڵام بە كورترین ماوە، بەھۆی تەشەنەپێدانی ئایدیۆلۆجیای زایۆنیستی و ڕەخساندنی ھەلی دەربازبوون لە كەلاوەكانی جەنگ لە ئەوروپا بەرەو (فەلەستین/ ئیسرائیل) و بەرێكەوتنی وەھا كۆچێك، نەك خۆیانی لە خەبات و داوا ڕەواكانیان، دوورخستەوە و لە كۆمیونیتییە تازە ناتەباكاندا جێگیری كردن، بەڵكو بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی كە تەنیا مەترسییەك بوو بۆ سەروەریی چینایەتی براوە و دۆراوەكانی جەنگ، تووشی تێكشكانێك كرد، كە ھێشتاكە لەژێر باریدا پشتی ڕاستنەكردووەتەوە!
بەڵێ ھەموو ئایدیۆلۆجیایەكی دەسەڵاتخواز، پشت بەو ئەزموونانە دەبەستێت، كە سەروەریی چینایەتی لەپشت سەرییەوە كەڵەكەیكردوون و بۆی بوونەتە خەزێنە و سامانی چینایەتی. پان-فێمینیزم یا فێمینیزمی بۆرجوازیش، بە ھەمان ئاقاردا دەڕوات و ھەمان ئامانجی لەپێش خۆی داناوە، ساڵانی نەوەدەكان لە كوردستاندا خاوەنی بزووتنەوەیەكی یەكسانیخوازانە [بە ھەموو لاوازیی و ناڕۆشنییەكانیییەوە] بووین و پیاوان زۆرتر لە ژنان خەریكی چالاكیكردن بوون لەپێناویدا، بەڵام چەند ساڵێكە [ھەرچەندە لاواز] ئەو بزووتنەوە بەھۆی دژایەتی پیاو و گێڕانەوەی ڕیشەی ستەم لە ژنان، لەلایەن فێمینیستانی دەسەڵاتخوازەوە، بۆ ئەستۆی پیاو، سڵەمینەوەیەك لەنێو پیاوانی ئازادیخواز و یەكسانیخوازدا بەرامبەر بزووتنەوەی ژنان دروستبووە و لەوەش خراپتر فێمینیزمی بۆرجوازی زەمینەی بۆ سەرھەڵدان و ھێزگرتنی بزووتنەوەی كۆنەپەرستانەی ڕەگەزپەرستیی لەنێوان پیاواندا ڕەخساندووە. بەڵێ ئەوە ئەو ئامانجەیە، كە فێمینیزمی بۆرجوازی لە دوویەتی و كاری بۆدەكات، ئەویش لێكدابرانی ڕیزی خەباتكارانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ناڕازییە و دابەشاندنیانە بەسەر بزووتنەوەی ڕەگەزپەرستانەی پیاوان و ژناندا، كە دواجار دەسەڵات و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەكان براوەی دەبن.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم، ئاماژە بە دوو نموونە بدەم، یەكەم ڕۆڵی ژنانی كرێكارە لە ڕاپەڕینەكانی جیھاندا بە دیاریكراوی كۆمونەی پاریس و ئۆكتۆبەری ١٩١٧، بەتایبەت ئەمەی دواییان، ئەوە مانگرتنی كارخانەكانی ڕستن و چنین بوون، بوون بە چەخماخەی سەركەوتنی ئەو ڕاپەڕینە. دووەم، خۆپیشاندانەكانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو لە ھەرێمی كوردستان دژی ڕژێمی بەعس، كە ئەگەرچی ھەژماری ژنان تیایاندا كەم بوو، بەڵام دەركەوتنی كچان لە ڕیزی پێشەوەدا ورە و جەربەزیی بە پیاوان دەبەخشی. لەبیرمان نەچێت، ھۆكاری ئەو ئامادەیی و كاریگەرییبوونە لە ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا، ئەوەبوو كە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بوونی نەبوو. ھەروەھا لە كوردستانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردووشدا كەس ناوی نەبیستبوو، بۆیە ژنانێكی خەباتكار، شانبەشانی پیاوان سنگیان بە گولەوە دەنا، بە پێچەوانەی ژنانێكەوە، كە ئەمڕۆ لە سایەی “دەسەڵاتی خۆماڵی”دا خەریكی موتوربەكردنی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێریین لەنێو بزووتنەوەی یەكسانیخواز و ڕزگاریخوازیی ژناندا. بەم جۆرە دەبینین، ژنان لەو ساتە مێژووییانەدا توانیویانە وزە و ئامادەیی شۆڕشگێرانەیان بسەلمێنن، كە ئامێتەی خەباتی كۆمەڵایەتی بوون و لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاك بوون، بەڵام ئەمڕۆ، بە پێچەوانەوەی ئەو ساتانەوە، ژنان بكەر نین و كراونەتە بەركار، چ بە پاشكۆیی بۆ پارتەكان و بزووتنەوە ڕامیارییەكان و دەسەڵات، چ بە پاشكۆییان بۆ ژنانی دەسەڵاتخواز!
فێمینیزمی ڕەگەزپەرست (دژەپیاو) وەك كاردانەوەی ناھوشیارانەی ژنانی ناڕازی، دیاردەیەكی تازە نییە و ھەردەم لە تێڕوانینە گشتگیر و ستریۆتیپەكاندا ئامادەبووە و لە یاداوەریی ھەموومان و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئەم دەستەواژانە زۆر دەبیستینەوە “پیاوان، ھەموو ھەر ئاوان”، “پیاوان، چاكیان تێدا نییە”، ” پیاوان، وان ” و وا و وا … تد. ئەمە سەرەتاكانی فێمیزمی دژەپیاون، كە بەرھەمی ناھوشیاریی و تێڕوانینی كورتبینانەی جێكەوتەن و زەمینەسازی فێمنیزمی دەسەڵاتخوازن، ئەوەی كە ئەمڕۆ دەخوازێت، ھەموو ئەو نایەكسانییانەی كە دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیاریی چێكەر و ڕاگریانن، بۆ پیاو بگێڕێتەوە و ئاراستەی خەباتی ژنانی ئازادیخواز لە دژە-سەروەرەوە بۆ دژە-پیاو، وەربگێرێت!
بە بۆچوونی من لە باری یەكەمدا، ئاساییترین و سروشتیترین كاردانەوەی ناھوشیارانەیە، بەڵام لەوێدا كە دەبێتە زەمینەسازی میكانیزمەكانی جیاخوازیی و سەرھەڵدانی توندوتیژی و دواتر ھەڵخڕاندنی لەلایەن ژنانی دەسەڵاتخوازەوە، ئیدی لە كاردانەوەی ناھوشیارانەی نارازییانەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئایدیۆلۆجیای جیاوازیساز، كە بێجگە لە خزمەتكردن بە درێژبوونەوەی دەسەڵاتی كولتووریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی و سەروەری ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێت و ژنان لە سایەیدا ھیج یەكسانی و ڕزگاریی و سەربەخۆییەك مسۆگەر ناكەن، بەپێچەوانەوە، ئاو بەو ئاشەدا دەگەن، كە ڕەگەزپەرستیی پیاوان، چەند سەدەیە خستوویەتییە گەڕ، بەتایبەت لەو كاتەوەی كە ئەو ڕەگەزپەرستییە ڕامیارییكراوەتەوە و پێكھاتە ڕامیارییەكان وەك ئامرازی پاراستن و درێژەپێدانی، كاری بۆ دەكەن و برەوی پێدەدەن!
“ ژنی کورد له باشوری کوردستان له 22 ساڵیڕابردوهوه توانیوهیهتی ڕێکخراو بیت. زۆرێک لهم ڕێکخراوانه به دهستپێشکهری پیاوان وتهنانهت پڕۆگرامهکانیشیان لهلایهن پیاوانهوه بۆدهنوسرا.. “
پێشتر وەڵامی پرۆگرامنووسینی ڕێكخراوەكان لەلایەن خودی ژنانەوە، دایەوە، كە ناتوانێت مەرجی سەرەكی سەربەخۆیی و ڕادیكاڵبوونیان بێت. بەڵام حەزدەكەم لە خودی نووسەر بپرسم، ئەی چۆن بوو خودی (ئەو) ٢٠ ساڵ لەو ٢٢ ساڵەدا، ملی بە پرۆگرامە ئامادەكراوەكانی پیاوان دا و بە ھەموو شێوەیەكیش داكۆكی لەسەر دەكرد و تەنانەت ئەگەر پیاوێكی ھوشیار و ڕادیكاڵ ڕەخنەی لە پرۆگرامی پارتەكەی و ڕێكخراوە بەناو ژنییەكانی بگرتایە، ئەوا ئەو بە دوژمنی چینایەتی و دوژمنی كۆمونیزم خەتاباری دەكرد، كەچی ئەمڕۆ ھەر شتێك كە پیاو نووسەری بێت، یەكسەر دژی ژنە؟
بەپێچەوانەی تێڕوانینی فێمینیزمی دژە-پیاوەوە، لە مێژووی كوردستاندا یەكەمین ھۆنەرانێك، یەكەمین چیرۆكنووسانێك، یەكەمین نووسەرانانێك، یەكەمین ئەكتەرانێك، یەكەمین خەباتكارانێك، كە بانگەوازی یەكسانیان كردبێت، ئەوا پیاو بوون و بەپێی دەرك و ھوشیاریی و ڕۆشنبیریی سەردەمەكەیان و بواردانی كولتووری كۆمەڵەكەیان، وێنای خۆیان بۆ یەكسانی ژن و پیاو خستووەتە ڕوو!
“ بهڵام دهبینین پرسی ژنی کورد هێشتا له نهبوونی فیکر وتیۆری فێمینیستی و هۆشیاری یهکی ژنانه دهناڵێنێ. وه جۆرێک له چهقبهستویی فیکری و سیاسی ههست پێ دهکرێ “
ھەرچەندە پێشتر وەك سەرەتایەك وەڵامم بەو ناڕۆشنییە لەمەڕ خەبات و چۆنیەتی سەرھەڵدانی خۆھوشیاریی تاك و جڤاك، دایەوە، بەڵام دیسانەوە ناچارم، كۆدی شاراوەی پشت ئەو پەیامەی سەرەوە، بخوێنمەوە، كە دەڵێت ” بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان پێویستی بە تیئۆریی فێمینیستی ھەیە، كە ئەویش زادەی ئەوروپایە”. بەپێی تیۆرییەكانی كۆمیونیكەیشن، كۆدی شاراوەی نێو ئەم پەیامە، لە بارەی خۆدەرخستنی كەسی قسەكەرەوە، ئەوەیە كە نووسەر دەیەوێت بە ژنانی خوێنەر بڵێت “من، ھەم بەپێی شارەزایی زمان و ھەم بەپێی ژیانم لە ئەوروپا، دەتوانم ئەو پەیامبەرە بم، كە فریاتان بكەوم، من تیئۆرییەكانی فێمینیزم ئاشنام، دوای من بكەون، ڕزگاربوونتان مسۆگەرە !”.
ئەمە بەدبەختییەكە بۆ خۆی. لەو لاوە ژنانی ژێردەست بە گیان و جەستە و بیر، ڕۆژانە دەرگیری خەبات و بەرەنگاربوونەوەی سەركوتگەرییە خێزانی و كولتووری و ئابووری و ڕامیارییەكانن، كەچی ژنانێكی لەخۆباییبوو، لە ئەوروپاوە، پێیانوایە، ڕزگاری ژنان بە ڕامیاریی و وەرگێڕانی چەند تیئۆرییەكی دەرخكراو، مەیسەر دەبێت و ژنان بەخۆیان بەبێ ڕابەرانی ڕامیارباز، توانانی بیركردنەوە و خەبات و دۆزینەوەی ئامرازەكانی خەباتی خۆیان نییە! ھەر وەھا پووچگەراییەك بوو، كە پارساڵ وای لە ژنێكی خۆبەرابەرزان كرد، كە پێش ئەوەی لە وڵاتی (سوێد)ەوە بگەڕێتەوە كوردستان، پەیامێكی لەم چەشنە بڵاوبكاتەوە “ئەوا من دەگەرێمەوە كوردستان، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەكەمە، ئەوی قسەدەكات و دەیەوێت خەبات بكات، با پەیوەندیم پێوەبكات ! “. ئەمە پووچگەرایی ڕامیاریی و بیركردنەوەی دەستەبژێری سەروەرییخواز و خەڵك بەگێلزانە، ئەمە دەردێكی كوشندەیە، كە ژنانی ئازادیخوازی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، بەھۆی ڤایرۆسی ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە، تووشی بوون. بە بۆچوونی من یەكەم كەسانێك، كە پێویستیان بە ھاریكاری و فریاكەوتن ھەبێت، ئەوا خودی كەسانی دەستەبژێر و دەسەڵاتخواز و خۆبەڕابەرزانن، كەسانێك كە تووشی نەخۆشی خۆشەیدایی (نارسیزم – Narcissism) و سۆپەرمرۆڤی بوون!
بەڵێ منیش ھەست بە چەقبەستوویی ھزریی دەكەم، بەڵام ھۆكارەكەی ئاشنانەبوونی ژنان بە تیئۆرییە ئەوروپییەكانی پان-فێمینیزم نییە، بەڵكو ناسەربەخۆیی ژنانی ناڕازی و ڕزگاریخواز و یەكسانیخوازە وەك تاك، ملكەچییانە بۆ پێكھاتەی قوچكەیی ڕابەر و ڕابەریكراو، كە ھیچ جیاوازییەكی لەتەك خێڵ و خێزانی كورددا نییە، كوشتنی متمانەی ژن وەك تاك بەخۆی؛ ھەم لە پرۆسێسێكی مێژوویدا و ھەم لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی نێو ڕێكخراوە بەناو ژنییەكانەوە، سەرباری ئەوانەش چاوەڕوانڕاگرتنی ژنان، بەوەی پەیامبەرە تازە پان-فێمینیستەكان، لە ئەوروپاوە تیئۆری و ھوشیارییان بۆ دەھێنن ! ئا ئەمەیە، بەدبەختی و ڕێگر و ھۆكاری چەقبەستنی ھزریی بزووتنەوەكە!
وەك وتم، خۆھوشیاریی بەرەنجامی ئەزموونگیری بەردەوامی كۆڕی خەباتە و لە دەرەوەی خەباتی جەماوەریی خودی ژنان یا كرێكاران بوونی نییە و ئەگەر ھەشبێت، ئەوا دژە و ئامانجی دەستەمۆكردنی لە پشتەوە وەستاوە ! ھیچ كەس ھێندە نانەوایەك لە نانكردن نازانێت، ھیچ كەس ھێندەی جوتیارێك لە كشت نازانێت، ھیچ كەس، ھێندەی خودی كرێكاراێك، یا ژنێك لە ستەم تێناگات و دەركی شێوازی خەبات و چەكە كاراكانی ناكات!
من دەتوانم، لەوە تێبگەم و دەركی ئەوە بكەم، كە بۆ ئەندامانی گۆشكراوی پاگەندەی ناكەتوارییانەی پارتەكان، كاتێك كە دەگەڕێنەوە كوردستان، یەكسەر تووشی شۆك دەبن و شەپۆلی دەسەڵاتخوازیی ڕاپێچیاندەكات. داوای لێبورد لە خوێنەر دەكەم و ھیوادارم نووسەریش ئەمە بە ھێرش و فشارێكی كەسیی لێوەرنەگرێت.
كاتێك كە پارتەكەی نووسەر، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابوردوودا، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێكی ھەڵە كە بە ڕابەرەكەیان درابوو، خۆیان لێبووبووە ھێزی سێیەمی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی ینك و پدك، بەڵام كاتێك كە بەشداری ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی پارێزگەی سلێمانیان كرد، تەنانەت ئەندامانی خێزانەكانی خۆشیان دەنگیان پێنەدابوون. وەھا سەرەنجامێك تووشی شۆكێكی كردن، كە بۆ ھێزگرتنەوە، ناچار دەستییان بە پشتێونەكەی (دكتۆر مەحموود عوسمان)ەوە گرتبوو و ھەفتانە وەك ھەنگوینیان لە كونەداردا دۆزیبێتەوە، كۆڕیان بۆ دەگێڕا.
ھەروا كاتێك كە دەسەڵاتی بەعس كۆتاییھات، ڕایانگەیاند، كە ستەمی نەتەوەیی كۆتاییھاتووە و یەكسەر ڕوویان لە خوارووی عیراق نا و كەوتنە پاگەندە بۆ سكیۆلاریستبوونی كۆمەڵگەی عیراق و ملنەدانی خەڵكی عیراق بە ئیسلامییەكان و مەزھەب، بەڵام كاتێك شەقی ڕۆژگار بۆی سەلماندن، كە دونیا بە پاگەندەسازی ناگۆڕێت، ئەندامانی بەدبەخت دیسانەوە تووشی شۆك بوونەوە و ناچار گەڕانەووە سەر قەوانە كۆنەكەی جارانیان (ڕیفراندۆم) و پارتێكی دیكەیان بەناوی كوردستانەوە، قوتكردەوە! دیسانەوە ئەم جارەش بۆ ڕاكێشانی خەڵك و فریودانیان بە پارتایەتی، كەوتنەوە لێدانەوەی قەوانی سكیولاریستبوونی كۆمەڵگەی كوردستان و ئەوەی جێگەی مەلا و مەزھەبی تێدانابێتەوە. بەڵێ لەم بارەدایە، كە نووسەر بەنیازی بەرپاكردنی شۆڕشێك لەنێو ژنان لەتەك كۆمەڵێكی دیكە، دەگەڕێتەوە كوردستان، بەڵام ڕووبەووبوونەوەی لەتەك كەتوار و باری ھوشیاریی تاك و كۆمەڵگەی كوردستان، تووشی شۆكێكی ئاوای دەكات، كە دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد بە “دەسەڵاتی خۆماڵی” بناسێت و پشت لە كۆمونیزمەكەی بكات. چونكە بەھەمان تێڕوانینەوە، كە پێیوابوو، كۆمونیزم داھێنراوی ماركس و ئەنگلس و لێنین و (مەنسووری حیكمەت)ە، خەریكە سەرچەشمەی ڕزگاریی ژنان بۆ ئەوروپا دەگێڕێتەوە و ئازادیخوازیی ژنانیش بە ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزمی ئەوروپییەكان، وابەستەدەكات.
” یەکەم : ژنانێک که پرسی ژن دهکهنه بهشێک له پرۆژهی نهتهوایهتی وڕزگاری نهتهوه تێڕوانینێکی ئێجگار پیاوانهیان ههیه بۆ پرسی ژن. ئهمانه پێیان وەهایه ماف و ئازادی ژنان دهستهبهر ناکرێ و مهحاڵه،تاوەکو نهتهوهی کورد نهبێته خاوهنی دهوڵهت. “
منیش پێموانییە، كە پرسی ڕزگاری ژنان و یەكسانی ھەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، وابەستەی پرسی ڕزگاری نەتەوەیی بێت، ھەرچەندە ھەبوونی ڕزگاری ھەر یەكەیان كارایی لەسەر ئەوی دیكەیان دادەنێت، بەتایبەت ڕزگاری ژنان لە ڕووی كولتووری و خۆھوشیاریی تاكەوە، كاراییەكی زۆر لەسەر ئامادەنەبوونی تاكی كۆمەڵگەی ژێردەستە بۆ ملدان بە داگیركار، دادەنێت. بەم جۆرە، لەبەرئەوەی كە پرسەكە دەگەرێتەوە سەر ویست و ئامادەیی تاك بۆ ڕزگاربوون و ھەموو ڕزگاربوونێك لە تاك و لە دەروونی تاك و لە خوارەوەی كۆمەڵگەوە، كە تاك كۆڵەكە و بچووكترین یەكەیەتی، دەستپێدەكات، كەواتە مەرجی ڕزگاربوونی تاك، ئازادی خودیی تاك و ئامادەیی و شۆڕشگێڕانەی تاكە بۆ ڕزگاربوون، نەك پێچەوانەكەی؛ ئیدی ئەو ڕزگابوونە ڕزگاری ژنێك بێت یا ڕزگاری كرێكار و جوتیار و خوێندكار و منداڵ و كەمئەندام و خانەنشینێك بێت لە نایەكسانی ئابووریی و پلەدوویی پێگەی كۆمەڵایەتی و كۆیلەتی سیستەمی ڕێكخستن و سیستەمی پەروەردە و خوێندن و بەرێوەبەرایەتی.
بەپێچەوانەی بۆچوونی نووسەرەوە، ئەو تێڕوانینە پیاوانی نییە. چونكە یەكەم، گشتگیركردنی تێڕوانێك بەسەر گشت پیاواندا، لە بیرتەنگی ڕەگەزپەرستانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخوازەوە سەرچاودەگرێت، دووەم، ئەوە تەنیا پرسی ڕزگاری ژنان و تەنیا كۆتایی ستەم لە ژنان نییە، كە پارتەكان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز بەكۆتاییھاتنی ستەمی نەتەوەیییەوە دەیبەستنەوە، بەڵكو ھەموو پرس و داخوازییەكی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی دیكەی تاكی چەوساوەی ناڕازی، بە داھاتوو دەسپێرن، لەوانە پرسی ژنان، كرێكاران، جوتیاران، خوێندكاران، منداڵان، فەرمانبەران، بێكاران، خانەنیشنان و ..تد پارتەكان و ڕامیاران چ لە سەردەمی شاخ و چ لە ئێستاشدا، چارەسەری پرسەكان بە داھاتوویەكی نادیار دەسپێرن. ئەمەش باشترین بەڵگەی “خۆماڵی” نەبوونی دەسەڵات و نەتەوەیینەبوونی دەوڵەتە ! ئیدی نووسەر دەخوازێت لە پشت دێوجامەی “دەسەڵاتی خۆماڵی” و “دەوڵەتی نەتەوەیی”دا چ پەیامێك بە گوێی ژناندا بدات؟ ئامانجی لە پیاوانیكردنی تێڕوانینی دەسەڵاتداران، چییە؟
“ سێهەم: ژنانی کۆمۆنیستیش که پێیان وایه فێمینیزم دژ به بهرژهوهندیچینایهتی و خهباتی کرێکارانه. ژن و پیاو نابێت لهم خهباتهدا جیابن،خۆ ئهگهر چینی کرێکار شۆڕشێ کرد ئهوا مافهکانی ژنان به شێوهیهکیئوتۆماتیک حهل دهبن له کۆمهڵگادا. وه مافی ژن تهنها لهکۆمهڵگایهکی سۆشیالیستیدا دهستهبهر دهکرێ. “
كەس ناتوانێت نكۆڵی لە چەوتی ئەو بۆچوونە بكات، بەڵام دوو شت ھەن، نابێت لەبیرمان بچن، یەكەم فێمینیزم وەك خێوەتی گشتیی ڕەگەزی ژنان نا و دووەم، ھەموو كۆمونیستەكان ئاوا بیرناكەنەوە، من بەخۆم ھەرچەندە كۆمونیست نیم، بەڵام ھاوڕێیانێكی كۆمونیستم ھەن، كە دژی ئەو بۆچوونەن، ھەروەھا لەبیرماننەچێت فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بەدیاریكراوی باڵە بۆرجوازییەكەی) دوژمنی خەباتی سۆشیالیستییە و بەدوژمنكردنی پیاوانیش، ھەر لەپێناو ئەو ئامانجەیە و وەك زایۆنیزم تەنیا ڕۆڵی جیاكردنەوە و دوژمنسازی دەگێڕێت!
ھەروەھا نە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی لە شەو و ڕۆژێكی كودەتای پارتی پێشڕەودا سەرھەڵدەات و نە سۆشیالیزمی پارتیی و دەوڵەتیی لەتەك ئازادی و سەربەخۆیی تاكدا دێنەوە! بەڵام دیسانەوە، سەیرە نووسەر ئاوا قساندەكات، ھەروەك وەك بێژی بەخۆی لە دەرەوەی ئەو تێڕانینەوە ھاتبێت! بەڵام ڕاستییەكەی خودی نووسەر دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو بۆچوونەیە و ئەگەر بەتەواوەتیش لەتەكیدا كۆك نەبووبێت، ئەوا بەجۆرێك بێدەنگەی ھەڵبژاردووە و چاوپۆشی لێكردووە. ئایا دەكرێت بزانین، ئەو ھۆكارانە چین، ئاوا لە نووسەر دەكەن، كە وەك شۆڕشەكەی پارتی پێشڕەو، لە شەو و ڕۆژێكدا دونیاكەی خۆی بگۆڕێت و خۆی نەناسێتەوە و ببێتە ڕەخنەگر و ڕەتگەرەی بێبەزیی كتوپڕی كۆمونیزمەكەی؟
ھەڵبەتە ئەوەی لای من جێگەی ڕەخنەیە لە نووسەر، ئەوە نییە، كە وازی لە پارت یا پاشكۆیی پارت ھێنابێت، یا ڕەتكردنەوەی فیمینیزمی ماركسیستی بێت، بەپێچەوانەوە من بۆ وازھێنان لە پارت و كۆتاییھێنان بە پاشكۆیی ئایدیۆلۆجیای پارت، دەستخۆشی لێدەكەم، بەڵام، ھێندەی سەردەمی فێمینیزمە پارتییەكەی، پان-فێمینیزمەكەشی جێگەی ڕەخنەیە، چونكە ھەردوو فێمینیزمەكە دوو فارگۆنی شەمەندەفەرێكن، كە یەك ھێڵی ھاتووچۆیان ھەیە، ئەویش پێكھاتەی قوچكەیی و سەروەریی دەستەبژێری ئابووریی و ڕامیارییە!
” ئهمسێ ڕهوته سیاسیهی که له کۆمهڵگای ئێمهدا کاردهکهن بههێز یانلاواز، و ژنانێک کهسهر بهو ڕهوتانهن له کارو چالاکی و گوتاریاندائهو خهونه پیاوانهیه ڕهنگدادهتهوه. که تۆی ژن دهبیت چاوهڕێ بیتتا دهگهینه ئهم ئامانجه، جا دهوڵهتی نهتهوهی کورد بیت، یانخهلافهتی ئیسلامی یان سۆشیالیزم ئهوا ژنان ئێوهش ئازاد دهکرێن. واتهئێمهی پیاوان ئازادتان دهکهین و پاداشتتان دهدهینهوه! بهڵام ژنانئێوه سوپاسگوزاری ئێمهی پیاو بن که لهدونیای سیاسهتی پیاوانهیخۆماندا جێمان کردونهتهوه. “
بەڵام ئایا پان-فێمینیزمەكەی نووسەر، پەیامێكی دیكەی پێیە، كە لەوانەی سەرەوە جیاوازبێت؟ ئەوە نییە، كە خودی نووسەر، لە دەرەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لە دەرەوەی خۆھوشیاریی تاك و لە دەوەرەی مێژوو بۆ تیئۆری دەگەڕێت و وەرگێڕانی سەرچاوەكانی ئایدیۆلۆجیای پان-فێمینیزم، دەخاتە سەروویی لیستی كاری خۆی یا ھاوبیرانییەوە و وەك تاكە چارەسەر و ڕێگەچارە پێشنیاری دەكات ؟!
بۆ من، خاڵی نێوكۆیی ئەو سێ ڕەوتەی سەرەوە، تەنیا چۆنیەتی تێڕوانینیان بۆ چارەسەری ستەمی ژنان نییە، بەڵكو خاڵی نێوكۆییان، پێكھاتەی قوچكەیی ڕێكخستن، پاشكۆكردنی تاك بۆ ڕابەر و سەركردایەتی، سڕینەوەی ڕۆڵی تاك لە كۆگەرایی قوچكەییدایە، ھەروەھا بەڵێنی سەرخەرمانە، كە ڕزگاریی و ئازادی و یەكسانی ھەمووان بە بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆیان دەبەستنەوە ! ئایا نووسەر و ھاوبیرانی لە كوردستاندا شتێكی جیاواز لەوەی پارتەكان و دەسەڵاتیان خستووەتەڕوو؟ تكایە جیاوازییەكان كامانەن؟
بە بۆچوونی من، یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی تاكی چەپگەرا، ئەوەیە، كاتێك كە لە كۆیلەتی خۆی لەنێو ڕێكخستنی قوچكەیی (ھیرارشی) و وابەستەیی و ملكەچی خۆی بۆ كەسانێك بەناوی ڕابەر و ئاوەزی پارت، دادەچلەكێت، یەكەم شت لەجیاتی ئەوەی بێت و ڕەخنە لە ڕابوردووی خۆی بگرێت و لە ڕێگەی ڕەخنەیەكی ڕادیكاڵ و ئاوەزپەسەندەوە بە خۆھوشیارییەكی متمانەدار و جێگیر بگات، دەكەوێتە ھەوڵی شاردنەوە و سڕینەوە و نكۆڵیكردن لەو ڕابوردووی خۆی. ئەمەش ھەردەم ڕووبەڕووی مەترسی خۆھاویشتنەوە نێو قەوارەیەكی دیكەی قوچكەیی یا ئەوەی بەخۆی دەكەوێتە ھەوڵی دۆمینەتكردنی كەسانی دیكە و بەو جۆرە ئەو ڕێچكە نالۆجیكییەی، كە لە ھەرەسھێنانی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكەكانەوە دەستیپێكردوە، نەوە لە دوای نەوە، چەپەكان بە یەكتری دەبەخشن و دەسەڵات و ھێزە دژە-شۆڕشەكان ھێزی كۆمەڵایەتیی لێوەردەگرن!
“ ئەوەی گرنگەر لێرەدائاماژەی پێبدەم ئەوەیە، کەژنی کوردیش بێ ستراتیژ نین لهم حیزبانهدا،ئهوانیش حهزبه چێژی پله و پایهو بهشدار بوون لهو دهسهڵاتهیپیاواندا دهکهن. تهنانهت ئهگهر ڕۆلیان سیمبۆلیش بێت چێژ وهردهگرن. وه ههندێک جار ههر ئهم ژنانه هۆشیارانه یان نا هۆشیارانه زۆر گورزی کوشندە دهدهن له خهباتی ژنان. له ڕووی فیکری و تیۆری یهوهلاوازن، کۆمهڵێک کڵێشهی سیاسی دهڵێن وههندێک کارو چالاکی ڕۆتیندووباره دهکهنهوه. ئهمانه نهیان توانیوه هۆشیاریهکی قووڵ لهلایتاکی کورد به ژن و پیاوهوه دروستبکهن. “
نووسەر لەم پەرەگرافەدا چەند پەیام بە ئێمەی خوێنەر دەدات؛ پەیامی یەكەم، ” ژنی كورد بێ ستراتیژ نین ” و ستراتیژێك كە بۆ نووسەر سەرنجراكێش و پێشنیارە، حەزكردنی ژنانی كوردە لە پلەو پایە و دەسەڵاتداری و بەجۆرێك ئەرێنی دەنرخێنێت، ئەمەش بۆ ستراتیژی فێمینیزمێك دەگەڕێتەوە، كە نووسەر بووەتە ئاڵاھەڵگری.
پەیامی دووەم، ” ڕۆڵی ئەو ژنانە سیمبولییە ” و ئەمەیان نەرێنی دەنرخێنێت و من وەك خوێنەرێك ئاوا لە پەیامەكە تێدەگەم، كە ئەگەر ڕۆڵی ژنانی نێو پارتەكان، سیمبولی نەبووایە و ڕۆلێكی كارایان ھەبووایە، ئەوا نووسەر ڕۆڵەكەیانی بەرز دەنرخاند، ئەمەش دەكاتە ڕەتنەكردنەوەی پارتایەتی، ھەرچەندە نووسەر چەند دێڕ پێشتر بەڕواڵەت وابەستەیی ڕێكخراوەكان بۆ پارتەكان ڕەتدەكاتەوە. بۆ منی خوێنەری بە سەرنج، ئەمە بانێكە و دوو ھەوا. چونكە كاتێك كە چالاكانی ژنان لە پارتەكاندا، ئەندام بن، زۆر ئاسایی بەپێی پەیڕەوی پارتایەتی لە چەپەوە بۆ ڕاست، دەبێت ملكەچی پەیڕەووپرۆگرامی پارتەكەیان بن، ئەمەش بەواتای ملكەچی ھەموو چالاكی و كردارەكان كە ئەمندامی پارت لە ژیانی ڕۆژانە و كۆمەڵایەتییدا ئەنجامیاندەدات، دەبێت لە خزمەتی ڕامیارییەكانی پارتدا بن، كە دواجار دەكاتەوە پاشكۆیی ژنان و ڕێكخراوەكانی ژنان بۆ پارتی پێشڕەو و قوماندە !
پەیامی سێییەم، “ ھەندێك جار ئەو ژنانە ھوشیارانە یا ناھوشیارانە گورزی كوشندە لە خەباتی ژنان دەدەن …. ” دیسانەوە، لەبەرئەوەی كە نووسەر پارتایەتی ڕەتناكاتەوە و نایھەوێت لە ڕەگەوە ھۆكارەكانی سازش و پاشكۆیی ڕێكخراوەكان و ژنان ببرێتەوە، تەنیا ھەندێك جار ڕەخنەیان ئاراستەدەكات و نایھەوێت پەردە لەڕووی ئەو ڕاستییە لابدات، كە ھەموو پارتەكان و ژنانێك كە ئەندام و وابەستەی پارتەكان و ڕێكخراو پاشكۆكانی پارتەكانن، ھەموو كاتێك و لە ھەموو گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا، ئەوە ئەوانن، كە گورزی كوشندەی یەكەم لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان دەدەن، وەك خوێنەرێك پێمخۆشە نووسەر نموونەیەكمان بداتێ، كە پارت و ژنانی ئەندامی پارت و ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارت، گوزریان لە بزووتنەوەی ژنان نەدابێت و بۆ تاقە جارێك لە بەرژەوەندی و سەركەوتنی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، كار و چالاكییان كردبێت ؟!
بە بۆچوونی من ھەر كات چالاكانی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی بوونە ئەندامی ھەر پارتێك چ چەپ و چ ڕاست، بخوازن یا نا، بە نەچاری دەبێت لە بەرژەوەندی پارتەكەیان ئەو گورزە لە بزووتنەوەكان بدەن، چونكە چالاكی ناسەربەخۆ [ئەندام و لایەنگری پارت و دەوڵەت]، سەربەخۆیی ئەوەی نییە، وەك ھەر تاكێكی ئازاد لە دەرەوەی بازنەی پەیڕەوپڕۆگرامی پارتەكەی، بیربكاتەوە و بڕیاربدات و خەباتبكات!
پەیامی چوارەم، ” لە ڕووی تیئۆرییەوە لاوازن و كۆمەلێك كلیشەی ڕامیاریی دەڵێنەوە و ھەندێك چالاكی رۆتین دووبارە دەكەنەوە … ئەوانە نەیانتوانیوە ھوشیارییەكی قوڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن …. ” سەرنجگەلی لەم چەشنە ھەم لە ڕوانگەی باڵابوونی دەستەبژێرییەوە و ھەم لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە ھەڵسەنگاندن بۆ توانای كەسەكان دەكەن و ھەم وردەگلیی و ڕەخنەی ڕواڵەتیین لە دیاردەكان! وەك دەزانین، ڕەخنە لە ڕواڵەت، ھیچ لە كڕۆك ناگۆڕێت، بەڵكو ڕیفۆرمی دەكات، واتە ئەگەر بشتوانێت ببێتە فشارێكی ناچاركەر، ئەوا لە باشترین باردا، دەسەندكاران ناچار بە گۆڕینی ڕواڵەت (فۆرم) دەكات. ئەگەر لەمانەش بگوزەرێن، ئەوا كۆمەڵێك گرفتی دیكە لەو وردەگلییانەدا دەبینین، كە تیئۆری واتە ھۆش بە بنەما دادەنێت و نەبوونی تیئۆری بە ھۆكاری دژەخەباتیان دەزانێت. ئەمەش بۆ گیرۆدەیی و وابەستەیی خودی نووسەر لە دوولاوە بە تیئۆرییەوە دەگەیێنێت، كە لەلایەك خەبات و ناڕەزایەتی بە بەرھەمی ھەبوونی تیئۆرییەوە دەبەستێتەوە، كە ھاوكات ڕێخۆشكەرە بۆ ھاندەرە كەسییەكە، واتە ھۆكاری دووەم، كە خۆی وەك تیئۆریكار یا تیئۆریدار دەبینێت و خۆی وەك سەرچاوەیەك پێشنیاردەكات!
ھەروەھا ڕواڵەتییانە لە ھۆكاری كێشەجوینەوەی ئەندامانی پارت و چالاكی ڕۆتینانەیان دەڕوانێت! ئەو خۆی لەوە لادەدات، كە ھۆكارەكەی بۆ ھەبوونی خودی پارت وەك پێشرەو دەگەڕێتەوە، كە ئەندامانی دەبەنگدەكات و كلێشەییانە پەروەردەیاندەكات و ڕۆڵە مێژووییەكانیان وەك تاك، تا ئاستی كۆمەلێك چالاكی ڕۆتینی ئاھەنگێڕان بەبۆنەی لەدایكبوون و مردنی ڕابەر، دامەزراندنی پارت و دروستكردنی ڕێكخراوە بەناو جەماوەریی و ژنییەكان، شەڕەدەندووك لەتەك لایەنگران و ئەندامانی پارتەكانی دیكە و پاگەندەكردن لە سەردەمی ھەڵبژاردنەكاندا بۆ پارتەكانیان و چوونە نێو بزووتنەوە جەماوەرییەكان بە ئامانجی دەستەمۆكردن و سیخوڕیكردن بەسەریانەوە و ..تد. ھۆكاری گشت ئەمانە، سەربەخۆنەبوونی تاكە، ئەندامبوونی تاكە لە پارتەكان و پاشڕەویی دەستەبژێراندا، ئاوەژوو دیدتنی ھاوكێشەكانە، لنگاوقوچ سەیركردن و دانانی ھاوكێشەی خەبات و تێئۆرییە، گەڕانەوەیە بۆ خوا وەك سەرچاوەی ئاوەز چ لە شێوەی ڕابەر و چ لە شێوەی پارت و دەوڵەتدا !
كاتێك كە ئەمە ئەرك و ڕۆڵی ئەندامانی پارت [لەم بابەتەدا ژنان] بێت، ئیدی چاوەرێكردنی ئەوەی بتوانن ھوشیاری قوڵ لەلای تاكی كورد بە ژن و پیاوەوە دروستبكەن، چاوەڕوانییەكی ناكەتوارییە !
” بیست ودووساڵ لهم جۆره کارکردن و گوتاره کاتی بهسهرچووه، ئهوهی ههستیپێدهکرێت، بۆشاییهکه بۆ دروستکردنی هۆشیاریهکی ژنانه. دهکرێ ئهمهوهکو شهپۆلێک له کارو چالاکی ژنانه پۆلێنبکرێت و ئیتر سهرهتایدهستپێکردنی شهپۆلێکی تر دهبینم. ئهم جاره به کارو تیۆر و تێڕوانینیژنان بۆ شیکاری و تیۆریزه کردنی چهوسانهوهو پلهدووی خۆیان لهکۆمهڵگەدا. دوور له مهوعیزه و ئامۆژگاری پیاوانی ناو پارتە سیاسیەکان. ههربۆیهش ئهو فۆبیایهی که ههیه بهرامبهر به پرسی ئازادی ژن وفێمینیزم و تهنانهت جێندهریش لهوهوه سهرچاوهی گرتوه که،سهرهتایهکی تازه ههیه و کولتوره جیاکان کاری تێدادهکهن. “
پێش ھەموو شت، حەزدەكەم لە نووسەر بپرسم، كاتێكلە كوردستان ئەو تیئۆرییەی، كە ئەو دەیكاتە گۆچانەكەی موسی، بوونی نەبێت و بزووتنەوەیەك كە ئەو خوازیارییەتی بوونی نەبێت، ئیدی ترس (فۆبیا) لەلای پیاوان چۆن سەرھەڵدەدات و چۆن دەتوانێت بوونی ھەبێت؟ ترس لەو ساتەوە دروستدەبێت، كە نامۆیەك لە كۆمەڵگە [بازنەی كولتوورییدا]دا پەیدابووبێت، بۆ نموونە ترسی تاكی ڕەیسیست لە كەسانی كۆچەر، لەو ساتەوە دەستپێناكات، كە كۆچەرەكان لە وڵاتی خۆیاندا، بۆ ڕەسیستەكان نامۆن، بەڵكو لەو ساتەوە دەستپێدەكات، كە ڕوو لە وڵاتی ڕەیسیستەكان دەنێن، بەتایبەت كاتێك كە خەریكە ھەژماریان ڕوو لە زیادبوون دەبێت! لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەتا و كۆتایی دەربڕینەكانی نووسەر بۆ یەكدی پارادۆكسن!
من ئەوەی نووسەر بە فۆبیا ناوی دەنێت، بە كاردانەوەی دەزانم، كاردانەوە بەرامبەر ئایدیۆلۆجیایەكی دژە-پیاو، ئەمەش شتێكی ناھوشیارانەی سروشتی و ئاساییە، چونكە ھەموو بوونەوەرێك كە ھەست بەوە بكات، كە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە، سەرەتا كۆئەندامەكانی دەكەونە خۆئامادەكردن بۆ بەرگری و پاشان بیری لێدەكاتەوە و دژە-ئایدیۆلۆجیای بۆ سازدەكات، لەم بارەوە دەبینین، كە لە بەرامبەر ژنانی دژە-پیاودا، دەنگی پیاوانی دژە-ژن لە سەرھەڵداندایە و ئەمەش سەنێرگەیەك بۆ سەردەرھێنانی كارگی ژەھراوی چێدەكات !
كاتێك دەتوانین، ئەوە بە فۆبیا ناوبنێین، ئەو ئایدیۆلۆجیەی كە نووسەر بە ڕزگاركەری ژنان ناویدەبات، قسە لە ئافراندنی زەمینەی خۆھوشیاریی یەكسانی ھەمەلایەنەی مرۆڤەكان بكات، ئەو كات دەتوانرێت كاردانەوەی مرۆڤە كۆنەپەرست و دژە یەكسانیخوازەكان، بە فۆبیا ناوببرێت. بەڵام كاتێك كە لەلای پیاوێكی ناھوشیار، لە بەرامبەر پاگەندەی [ھوشیارانە و ناھوشیارانەی] دژەپیاودا، ترس لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و ترس لە دروستبوونی جیایی و ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ناھاوڕەگەزییەكان،دروستدەبێت، ناتوانین بە فۆبیا بەرامبەر ڕزگاریی ژن ناوببرێت!
پان-فێمینیزم، لە جیاتی پاگەندەكردنی ڕزگاری ھەموو تاكەكان لە لیتەی كۆنەپەرستیی و دەمارگریی ڕەگەزیی، خوازیارە كوتەك لە دەستی پیاوان بسێنێتەوە و بیداتە دەستی ژنان، ئەمە ئەو دەنگە تەنكئەندێشەیە، كە پێیوایە، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا ژنان لە جێی پیاوان سەروەربن واتە لەجیاتی كۆمەڵگەی پاتریاكی، كۆمەڵگە ماتریاكی ھەبێت، ئەوا سەركوت و نایەكسانی و ناداوەری نامێنێت و توندوتیژی بەسەردەچێت، ئەمە ھەمان دەنگە كە پێیوایە، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا لەجێی پارتێكی ناسیونالیست یا ئایینی، پارتێكی كۆمونیست سەروەربێت یا لەجیاتی چینی بۆرجوا، چینی كرێكار سەروەربێت، ئیدی كۆتایی بە مێژووی چەوسانەوە دێت. ئەمە بەدبەختییە، ئەمە ڕواڵەتگەرییە، ئەمە دۆشدامانە لەبەردەم كەتواردا، ئەمە قوفڵدانە لە بیركردنەوە ! چونكە تێنەگەییشتنە لە ھۆكاری سەرھەڵدانی سەروەری و پایەكانی مانەوە و ھێزە پارێزەرەكانی ! لە بارێكی ئاوادا، زۆر ئاساییە، كە پیاوانی ناھوشیار و تێنەگەییشتوو لە بنەما ئایدیۆلۆجییەكانی پان-فێمینیزم، وەك سروشتیترین كاردانەوەی دوور لە تێڕامان و ئەزموونگیری، بكەونە خۆ و پێكھاتەی دژ لەسەر ھەمان كێش و سەروا بۆ بەرگری لە خۆیان دروستبكەن و بەو كارەش بازاری كۆمەڵێك دەسەڵاتخوازی دیكە گەرمبكەن، ھەروەك چۆن ناسیونالیزمی كورد لە بەرامبەر ھێرشی ناسیونالیزمی داگیركەردا، دەست بۆ ھەمان ئایدیۆلۆجیا دەبات و بازاری كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز گەرمدەكات، وەك ئەوەی ئەمڕۆكە دەسەڵاتخوازانێك، كە بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی بە ناسیونالیزم و بە ڕشتنی خوێنی ھەزاران لاوی كرێكار و زەحمەتكێشی ناھوشیار، لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتوون ! قسەكەرانی (پان-فێمینیزم)یش بەو ئاراستەیە و لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لە ڕابوردووی دەسەڵاتخوازانی پێشخۆیان، دەیانەوێت بە دەسەڵاتبگەن !
” ژنانخۆیان لهم کێشمه کێشهدا دهبێت بزانن قازانجی گشتی یان له کوێدایه وکام فیکر و کام کامپ ههڵبژێرن. ئهم شهپۆله تازهیه ئهرکێتی تیۆریزهیههموو لایهنهکانی ژیانی ژن بکات. وه دهستپێشخهر بێت بۆ دروست کردنیهۆشیاری یهکی فێمینیستی و ستراتیجی خهباتێک لهبهرامبهر بێ مافیژناندا. “
نووسەر لە كۆتایی پەیامەكەیدا قسە لە “قازانجی گشتی ژنان” دەكات، كە بە واتا و دەربرێنێكی دروستتر دەكاتە “بەرژەوەندی گشتی” . ئایا ژنان چینێكی كۆمەڵایەتی یا توێژی چینێكی كۆمەڵایەتین یا ڕەگەزێك، كە تاكەكانی ئەندامی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانن؟ لە سەرەتای ساڵی دوو ھەزاردا بەم ئاراستەیە وتارێكم لە ژمارە یەكەمینەكانی (گۆڤاری دالیان)دا بڵاوكردەوەتەوە، لەبەرئەوە لێرەدا زۆر لەسەر ئەم پرسیارە ناوەستم، بەڵام بەبۆچوونی من، بەبێ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، ناتوانین قسە لەسەر ڕێگەچارەی كۆتاییھێنان بە ھەڵاواردنی ژنان بكەین، چونكە كاتێك ئێمە نەزانین ئەوە دیاریبكەین، كە ئایا ژنان چین و توێژی كۆمەڵایەتین یا نا، ھەرگیز ناتوانین بیر لە چۆنیەتی شێوەی ڕێكخستن و شێوازی خەبات و میكانیزمەكانی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی خەباتەكەیان بكەینەوە و ناشتوانین ڕادیكاڵانە سەنگەر لە ستەمكاران بگرین !
ئەگەر ژنان چینێكی سەربەخۆی ناكۆمەڵایەتی بن، ئەوكات دەتوانین بە ئاراستەی تێروانینی دژە-پیاوانەی پان-فێمینیستەكان بچین، كە دەخوازن لە ھەموو مەیدانەكانی خەباتی كۆمەڵایەتییدا ژنان بە ھەستەوەریییەكی ترسەكییانە (فۆبیانە) لە پیاوان داببڕن، تاوەكو لەسەر زەمینەكانی خۆشباوەڕیی ژنانی ناڕازی بەو ئایدیۆلۆجیایە، سەروەریی و دەسەڵات و پێگەی ئابووریی بۆ خۆیان مسۆگەربكەن. بەڵام وەك دەبینین، ژن لە كۆمەڵگەدا دایكە، خوشكە، ھاوسەرە، نەنكە، كچە، كرێكارە، جوتیارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، بێكارە، كەمئەندام و خانەنشینە، بەرێوەبەرە، سەرمایەدارە، دەسەڵاتدارە، كەواتە ژن وەك تاكی ھەر یەك لەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییانە، خەباتی بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریی لە چوارچێوەی خەباتی كۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەو چین و توێژە كۆمەڵایەتییانەدا و بە گرێدانەوەی بە خەباتە سەرتاسەرییە دژە سەروەرییەكە بۆ كۆمەڵگەی ئازاد، مەیسەر دەبێت، واتە ژن لە ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاراندا باشتر دەتوانێت داخوازییەكانی لەپێناو یەكسانی و ڕزگاریدا كۆمەڵایەتی بكاتەوە، تاوەكو لە دەرەوەی ئەو مەیدانە، چونكە بە ئامادەبوونی لەو مەیدانەدا دەتوانێت ڕزگاری ژنان و یەكسانی ژنان و پیاوان وەك ئەندامی ڕێكخراوەكە بەسەر ئەندامە پیاوەكاندا بسەپێنێت و داخوازییەكان لە داخوازی بالێكی كۆمەڵگەوە بكاتە داخوازی كۆمەلایەتی كۆمەڵگە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەر ڕێكخراوبوونێكی ڕەگەزپەرستانە و ھەر یەكگرتێك لەسەر بنەمای ڕەگەزیی، یەكگرتن و ڕەگەزپەستیییەكی دیكە بەرھەمدەھێڼیت و دەبێتە ھۆی چۆڵبوون و قەڵشبردنی مەیدانەكانی خەباتی كۆمەڵایەتی و دواجار تێكشكانی خەباتی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان دژی سەروەریی و سەركوت و نایەكسانی و ناداپوەروەریی كۆمەڵایەتی و ئەمەش تەنیا بە قازانجی دەسەڵاتداران و سەروەریی چینایەتی تەواودەبێت و ژنانی ئازادیخواز و ناڕازی نەك ھیچ قازانجێك لەو دابڕانە ناكەن، بەڵكو گەورەترین باجی بۆ دەدەن و تەنیا دەستەیەك لە ژنان كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكانن وەك ھاوبەرژەوەندی پیاوانی دەسەڵاتدار، لێی بەھرەمەنددەبن و وەك دەستەبژێرێك لە دانیشتن و كۆڕ و سیمینارەكاندا توانایی خۆیان لە دەستەمۆكردنی بزووتنەوەی ژنان بۆ دەسەڵات نیشاندەدەن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتیش دەكەوێتە سیمبولكردن و كارێزماپێبەخشین و بەرزكردنەوە و بەرتەریپێدانیان تا ئاستی سوپەر-ژن. لەم بارەوە لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، ھەموومان بینەری سەودا و مامەڵە و نامەناردن و پلە و دەسەڵاتخوازیی و مووچەی مشەخۆرانەی كۆمەلێك لەو ژنانە بووین، كە ھەموو توانای خۆیان خستبووە پێناو گۆڕینیی كڕۆكی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان دژی سەروەریی، بە دانانی پیاو وەك دوژمن و ھۆكاری چەوسانەوەی ژن.
لە كۆتاییدا ھیوادارم خوێنەری ھێژا، بەتایبەت ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، خۆیان بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە خەریكبكەن، بۆ ئەوەی لە پاوانگەریی سەروەرێكەوە نەكەونە داوی پاوانگەریی سەروەرێكی دیكە؛
ئایا بەڕاستی پیاو وەك تاك لەو خێزان و ڕێكخراو و پارت و دامودەزگەیانەدا، كە فێمینیستانی دەسەڵاتخواز دەخوازن وەك بڕیاردەر و سەركوتگەر نیشانبدەن، بوونەوەرێكی سەربەخۆ و ئازادە و لەو ستەم و نایەكسانی و نادادروەییە كولتووریی و ڕامیاریی و ئابوورییانەی كە ژنانیان كۆیلە ڕاگرتووە، ڕزگاربووە؟
***********************************
خوێنەری ھێژا، لەم بەستەرەدا داتوانیت نووسینەكەی خاتوو (ھۆزان مەحموود) بخوێنیتەوە :
http://www.hawlati.co/%D9%81%DB%86%D8%A8%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D9%81%DB%8E%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B2%D9%85-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/
Hawpiştî le kurdistan[bakûr]ewe bo raperrîn le teqsîm (Taksim)
Hawpiştî le kurdistan[bakûr]ewe bo raperrîn le teqsîm (Taksim)
Wellamî hawrrêyanî (Amed Gever-Dersim Hattı) be çend pirsyarêk lemerr xopîşandanekanî turkye û hellwêstigîrîy kurdan le bakûr lew barewe
Wergêrran û amadekirdnî hejên
5î cunî 2013
Wek hawpiştî letek narrezayetîye sertaserîyekan djî desellatî (AKP) ke le baxçey gezî (Gezi Park)î îstanbul teqînewe, le rojanî raburdûda le kurdistanîş [bakûr] hejmarêkî zor çalakî berpakran, lewane:
Amed (dyarbekir)
Le şarî amed (dyarbekir) rojî 3î cunî 2013 lelayen jmareyekî zor xopîşanderewe druşmîgelî ” (AKP) destibkêşewe, destikêşanewey (AKP)!” bergiwê dekewtin. Xopîşandanekan lelayen jmareyek part û rêkixrawey cemawerîyewe le şarda berpakran. Nwênerî skirtêrî (ESP) raygeyand ” ke (teqsîm) gorrawe be (meydanî tehrîr)”. Le drêjey wtardanekanda berdewam pêdagrîy leser ewe dekrayewe, ke xopîşandanekan çîtir tenya leser parastînî drextekanî baxçey gezî nîn, bellku raperrînêkî cemawerîyn djî desellatî (AKP).
Dersîm
Herweha le şarî (dersîm) rojî 3î cunî 2013 sedan kes wek hawpiştî letek raperrînî baxçey gezî, berew binkey serekî polîsî ew şare rêpêwanyankird. Xopîşanderan lelayen polîsewe be awpirjên û narincokî gazîy, pelamardran û zû pertikra.
Mardîn
Le şarî (mardîn) sendîkakan û rêkixrawe svîlîyekan (NGO)î şar, wek hawpiştî letek raperrîn le teqsîm-gezî park, xopîşandanêkyan rêkxist. Herwa le zankoy sêrt (Sêrt/Siirt) xopîşandanêkî hawpiştîkirdin rêkixra.
Czîre
Le şarî czîre (Cizîr) lawan wek hawpiştî letek raperrînî gezî, şeqamî serekî şaryan daxsit û çalakyan encamda û sengerbendîyankird. Bew core letek hêzekanî polîsda tûşî beyekdadan bûn û serencam utomebêlêkî polîs (mudere’e) sûtênra.
Hellsengandinî seretayî şalyarîy nêwxo
Le yekemîn rageyandinda şalyarî nêwxoy turkye danî beweda na, ke le xopîşandanekanda 1730 kes destigîrkrawn. Begşitî le 67 şarda 235 çalakî encamdrawn û nzîkey 20 milyon lîre (nzîkey 8 milyon yoro) zyankewtuwe û dû kujraw hen.
Kujrawekan
Bepêy zanyarîyekanî ta êstake, le xopîşandanekanî sertaserî wllatda, dû kes kujrawn. Yekem kujraw le gerrekî ‘umranye (Ümraniye)î îstanbul buwe. Lewê katêk ke xopîşanderan rêgey xêra (Motorway) yan daxistbû, otomebêlêkî gumanlêkraw bexêrayî têdeperrêt û mehmet ayvalhtaş (Mehmet Ayvalıtaş) bejêrewe dekat û debête hoy mirdnî destbecêy.
Kujrawî duwem, le şarî hatay (Hatay) buwe. Lewê ebdulllla coymert (Abdullah Cömert)î 22 salle bepêy gewahî bîneran be gulley polîs kujrawe. Deruberî sat 23.55 xulekî şew, polîs le otomebêlêkî (mudere’e)ewe, teqe le xopîşanderan dekat. Ebdulllla coymert serî be sextî brîndar debêt û paşan le xestexane gyanî ledestdedat. Qsekerî mîrî le yekemîn rageyanda ewe retdekatewe, ke ebdulllla coymert be gulley polîs kujrabêt û raydegeyênêt, ke rûdaweke lêkollînewey leser dekrêt.
ھاوپشتی لە كوردستان[باكوور]ەوە بۆ ڕاپەڕین لە تەقسیم (Taksim)
ھاوپشتی لە كوردستان[باكوور]ەوە بۆ ڕاپەڕین لە تەقسیم (Taksim)
وەڵامی ھاوڕێیانی (Amed Gever-Dersim Hattı) بە چەند پرسیارێك لەمەڕ خۆپیشاندانەكانی توركیە و ھەڵوێستگیریی كوردان لە باكوور لەو بارەوە
وەرگێڕان و ئامادەكردنی ھەژێن
٥ی جونی ٢٠١٣
وەك ھاوپشتی لەتەك ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكان دژی دەسەڵاتی (AKP) كە لە باخچەی گەزی (Gezi Park)ی ئیستانبول تەقینەوە، لە ڕۆژانی ڕابوردوودا لە كوردستانیش [باكوور] ھەژمارێكی زۆر چالاكی بەرپاكران، لەوانە:
ئامەد (دیاربەكر)
لە شاری ئامەد (دیاربەكر) ڕۆژی ٣ی جونی ٢٠١٣ لەلایەن ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەرەوە دروشمیگەلی ” (AKP) دەستبكێشەوە، دەستكێشانەوەی (AKP)!” بەرگوێ دەكەوتن. خۆپیشاندانەكان لەلایەن ژمارەیەك پارت و ڕێكخراوەی جەماوەرییەوە لە شاردا بەرپاكران. نوێنەری سكرتێری (ESP) ڕایگەیاند ” كە (تەقسیم) گۆڕاوە بە (مەیدانی تەحریر)”. لە درێژەی وتاردانەكاندا بەردەوام پێداگریی لەسەر ئەوە دەكرایەوە، كە خۆپیشاندانەكان چیتر تەنیا لەسەر پاراستینی درەختەكانی باخچەی گەزی نین، بەڵكو ڕاپەڕینێكی جەماوەریین دژی دەسەڵاتی (AKP).
دەرسیم
ھەروەھا لە شاری (دەرسیم) ڕۆژی ٣ی جونی ٢٠١٣ سەدان كەس وەك ھاوپشتی لەتەك ڕاپەڕینی باخچەی گەزی، بەرەو بنكەی سەرەكی پۆلیسی ئەو شارە ڕێپێوانیانكرد. خۆپیشاندەران لەلایەن پۆلیسەوە بە ئاوپرژێن و نارنجۆكی گازیی، پەلاماردران و زوو پەرتكرا.
ماردین
لە شاری (ماردین) سەندیكاكان و ڕێكخراوە سڤیلییەكان (NGO)ی شار، وەك ھاوپشتی لەتەك ڕاپەڕین لە تەقسیم-گەزی پارك، خۆپیشاندانێكیان ڕێكخست. ھەروا لە زانكۆی سێرت (Sêrt/Siirt) خۆپیشاندانێكی ھاوپشتیكردن ڕێكخرا.
جزیرە
لە شاری جزیرە (Cizîr) لاوان وەك ھاوپشتی لەتەك ڕاپەڕینی گەزی، شەقامی سەرەكی شاریان داخست و چالاكیان ئەنجامدا و سەنگەربەندییانكرد. بەو جۆرە لەتەك ھێزەكانی پۆلیسدا تووشی بەیەكدادان بوون و سەرەنجام ئوتۆمەبێلێكی پۆلیس (مودەرەعە) سووتێنرا.
ھەڵسەنگاندنی سەرەتایی شالیاریی نێوخۆ
لە یەكەمین ڕاگەیاندندا شالیاری نێوخۆی توركیە دانی بەوەدا نا، كە لە خۆپیشاندانەكاندا ١٧٣٠ كەس دەستگیركراون. بەگشتی لە ٦٧ شاردا ٢٣٥ چالاكی ئەنجامدراون و نزیكەی ٢٠ ملیۆن لیرە (نزیكەی ٨ ملیۆن یۆرۆ) زیانكەوتووە و دوو كوژراو ھەن.
كوژراوەكان
بەپێی زانیارییەكانی تا ئێستاكە، لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری وڵاتدا، دوو كەس كوژراون. یەكەم كوژراو لە گەڕەكی عومرانیە (Ümraniye)ی ئیستانبول بووە. لەوێ كاتێك كە خۆپیشاندەران ڕێگەی خێرا (Motorway) یان داخستبوو، ئۆتۆمەبێلێكی گومانلێكراو بەخێرایی تێدەپەڕێت و مەھمەت ئایڤالحتاش (Mehmet Ayvalıtaş) بەژێرەوە دەكات و دەبێتە ھۆی مردنی دەستبەجێی.
كوژراوی دووەم، لە شاری ھاتای (Hatay) بووە. لەوێ ئەبدوڵڵا جۆیمەرت (Abdullah Cömert)ی ٢٢ ساڵە بەپێی گەواھی بینەران بە گولـلەی پۆلیس كوژراوە. دەروبەری سات ٢٣.٥٥ خولەكی شەو، پۆلیس لە ئۆتۆمەبێلێكی (مودەرەعە)ەوە، تەقە لە خۆپیشاندەران دەكات. ئەبدوڵڵا جۆیمەرت سەری بە سەختی بریندار دەبێت و پاشان لە خەستەخانە گیانی لەدەستدەدات. قسەكەری میری لە یەكەمین ڕاگەیاندا ئەوە ڕەتدەكاتەوە، كە ئەبدوڵڵا جۆیمەرت بە گولـلەی پۆلیس كوژرابێت و ڕایدەگەیێنێت، كە ڕووداوەكە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.
ناڕەزاییەکانی خەڵکی لە تورکیا سنوری ئەستەنبولی بەزاندو گەیشتە گەلێیک شاری تورکی
ناڕەزاییەکانی خەڵکی لە تورکیا سنوری ئەستەنبولی بەزاندو گەیشتە گەلێیک شاری تورکی
ناڕەزاییەکانی خەڵکی لە شاری ئەستەنبول لە ڕۆژی دووشەمەوە دەستی پێیکرد لە بەرگریکردن و پاراستنی پارکی گیزی کە دەکەوێیتە سێینتەری شارەوە ، دژی دەوڵەتی تورکی کە لە هەوڵی کاولکردنی پارکەکەدان و تەختکردنی بۆ دروستکردنی شۆپینگ سێینتەرێیک. دوێینێ ، ڕۆژی هەینی بە دەیەها هەزار کەس بەشدارییان کرد لە کوردوو تورک ، لاوو پیر، چەپ و سۆشیالیست و ئەنارکست و هەتاڕاپۆرتێیک دەڵێیت بە شێیک لە پۆلیسیش چوونەتە ناو ناەزاییکەرانەوە. پۆلیس بە دەستێیکی پۆڵاین و بە هێیزێیکی زۆرەوە بە بەکارێینانی تێیڵاو ئاوی بە تەوژم و زۆر وەسیلەی سەرکوتکەرانەی تر لە سەرکوتکردنی خەڵکیدا بەرەوامن؛ بە پێی ڕاپۆرتی گاردیان یە کێیک لە ێیم پییەکانی کورد بەدەستی پۆلیس بریندار بووە لە پاڵ ١٠٠ برینداری تردا. هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ناڕەزاییەکان لە هەندێیک شاری تر یش دەستی پێیکردوە وەکو ئەنقەڕەو ئەزمیرو باردوم و زۆر شاری تر؛
ئە ئەمەیە خەباتی جەماوەریانەو کۆمەڵایەتی کە هەرە زۆرینەی خەڵکی وێیڕای هەموو جیاوازییەکیانیان کۆکردۆتەوە دژی دەوڵەت و دژی سوودو قازانجی کۆمپانیا گەورەکان کە تەها بیر لەوە دەکەنەوە نەک خۆشگوزەرانی خەڵکی هەر بۆیە پارکەکان تێیکدەدەن و و شۆپینگ سێینتەری تیادا دروست دەکەن. ئەمەیە خەباتی ڕاستەوخۆو بە قازانجی زۆربە هەر بۆیە گرنگە ئێیمەی کوردیش خەباتی حیزبییانەو پەڕلەمانتاریانەو سییاسیانە ڕەت بکەینەوە خۆمان لەگروپی لۆکاڵی ئەنتی سەروەرێتی و ئەنتی کۆمپانیاو بانقەکان و بزنسمانە گەورەکان ، ڕێیکبخەین و خەباتی ڕاستەوخۆ ئەبجام بدەین.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=441109569318524&set=a.293176954111787.62639.100002584556445&type=1&relevant_count=1
سهرانی ئهوروپا به قسه له خهمی زیادبوونی ژمارهی بێکاراندان له ناوهندی گهنجاندا ، بهڵام بهکردهوه دهقاودهق پێچهوانهکهی دهسهلمێنن:
سهرانی ئهوروپا به قسه له خهمی زیادبوونی ژمارهی بێکاراندان له ناوهندی گهنجاندا ، بهڵام بهکردهوه دهقاودهق پێچهوانهکهی دهسهلمێنن:
سهرانی وڵاتانی ئهوروپاو سیاسییهکان پاش ئهوهی به ئاشکرا بۆیان دهرکهوت و دهیبینن بهتهواوی بڕوایان له نێوانی سهرجهمی هاووڵاتانیاندا ونکردوهو ئیدی کهس به سیاسهتی لیبراڵانهیان بڕوا ناکات ، ئێستا کهوتونهت بیرکردنهوه له لابهلاکردنهوهی کێشهی بێکاران له نێوانی گهنجانی تهمهن 16 سال بۆ بۆ 25 . له ئێستادا زیاتر له 7.5 ملیۆن گهنج لهو تهمهنهدا سهرقاڵی هیچێک له کارکردن ، خوێندن یاخوود ڕاهێنان و تهدریبکردن بۆ دهست کهوتنی کار.
ڕێژهی گهنجانی بێکار له نێوانی ئهو تهمهنهی سهرهوه له بریتانیادا له %20.7 له یۆنان له %59 له ئیسپانییا له %55 له ئیتالیا له %40.5 ، له ئهڵمانیا له %8. به تێکڕا له ئهوروپادا ئهم ڕێژهیه له %23.5 .له نێوانی تهمهنی 25 ساڵ بۆ سهرو 50 ساڵی، ڕێژهی بێکاری له بریتانیا له %8.1 ، له ئیتالیا له %11.9 ، له یۆنان له %27 ، له ئیسپانییا له %28 ، له ئیتالیا له %23 .
به پێی ئهو ئامارهی که خراوهته بهرچاو ئهوروپا 153 ملیار یورۆی له کیس چوه به هۆی بێکاری گهنجهکانهوه ، ئهمهش له بواری دانی بیمهی بێکاری پێیان، لهدهستدانی بهرههم که کاریان نهکردوه ههروهها له نهدانی پارهی باج به دائیرهی باج چونکه بێکارن.
ئێستا سهرانی ئهوروپا دهیانهوێت چارهسهری ئهم کێشه گهورهیه بکهن تهنها به تهرخانکردنی 6 ملیار یورۆ ئهویش له ماوهی 6 ساڵدا!!!!!!!.
بهڵام نشونماکردنی ئابوری له ئهوروپادا به تایبهت وڵاته سهرهکییهکاندا ئهوه نیشان دهدات که قهیرانه ئابورییهکه قوڵتر دهبێتهوه ههر لهبهر ئهمهش ژمارهی بێکاران ههم له نێوانی گهنجان و ههم له نێوانی دهرهوهی ئهوانیشدا بهرهو زیادبوون دهڕوات.
بهپێی ئامارهکان گهشه سهندنی ئابوری وڵاتهکان له ئایندهدا له داکشاندا دهبێت لهبری گهشه سهندنی . بۆ نموونه له ئیسپانیادا ئهم ساڵ به بڕی له %1.7 گهشهی کردوه بهڵام ساڵی ئاینده یهته خوارهوه بۆ بۆ له %0.4 له بریتانیادا ئهمسال به ڕێژهی %1.2 گوایه گهر وا بڕوات ساڵی ئاینده سهردهکهوێت بۆ ڕێژهی له %2.3 . له ئیتالیا ساڵی ئاینده ڕێژهی گهشهکردنی ئابوری به ڕێژهی تهنها له % 1 زیاد دهکات، له فهرهسهدا ساڵی ئاینده بهپێی ئابوریناسهکان له ئهمساڵ خراپتر دهبێت، یۆنانیش ئهوه ههر باسی ناکرێت. جا که حاڵ ئاوا بڕوات دهبێت چ دهروویهک له گهنجان له داهاتوودا بکرێتهوه ؟!!! ئهوه باس له خهڵکانی بێکار بهدهر لهوان ههر ناکهین!!!!
گهندهڵی یاسایی
گهندهڵی یاسایی
گهندهڵی خهسڵهتی تایبهتی سیستهمی کاری کرێگرتهو چهوسانهوهیهو سونهت و جهوههری دهوڵهت و حکومهت و سهرتاپای دهزگه هیراشییه، قوچکهییهکانن که بنچینهی بیرۆکراسیهت و ههبوونی سروشتی سهروهرێتییه.
لهم ڕۆژانهدا به وتارێک له لایهن گاردیانی بریتانیاوه به بهڵگهوه ڕونکرایهوه که چۆن زیاتر له ٢٩٥ MP حکوموتی بریتانی ،(ئهمانه تهنها ژمارهی ئهوانهن که داهاتی دهرهوهی موچهی پهڕلهمانێتیان ئاشکرا کردهوه)، چهشنێک له چهشنهکانی داهاتیان ههبوووه که ٥٠ دانهیان سهرۆکی کۆمپانییه گهورهکان بوون و گهلێکی تریشیان به جۆرێک له جۆرهکان کاریان له کۆمپانیای جیاجیادا کردهوه.
بهپێی یاسای پهڕلهمانی بریتانی MP له دهرهوهی کارهکهی خۆیان بۆیان ههیه داهات پهیدا بکهن له ڕێگای : سهرۆکی کۆمپانیا، کاری پارێزهری، کاوێژکاری ( ڕاوێژکاری)، خوتبهدان ، نوسینی وتارو کتێب که پارهیان لێی دهستدههکهوێت، لم چهشنانه.
به کۆی ٢٠ MP داهاتی ساڵی پاریان له دهرهوهی مووچهی پهڕلهماتارییهکهیان ٧ ملیۆن پاوهندی بریتانی بووه. که لهمهدا گۆردن براونی کۆنه سهرهک وهزیرانی بریتانی بهشی شێری بهردههکهوێت که ١.٣٧ ملیۆن پاوهند بووه ، که به قسهکردن و خوتبه دان له دهرهوهی بریتانی دهستی کهوتووه. خۆشی دهڵێت لهوه ٦٠٠ ههزار پاوهندی بهخشیوه بۆ چاراتی ( کۆمهڵهی خێرخواز) و باقییهکهی تریشی مهسرهفی هاتۆچۆو مانهوهی بووه. دوای ئهم 3 وهزیری پارتی موحافزین که یهکهمیان بڕی پارهکهی ٧٤٠ ههزار پاوهند بۆ ١٧٠٠ کاتژمێر کاری پارێزهری و دوهههمیان٤١٧ ههزار پاوهند مووچهی سهرۆکی کۆمپانیایهک و سێههمیشیان ٣٠٥ ههزار پاوهند ههر بۆ ههمان کاری ئهوهی پێشتر، بووه. دوای ئهمان کۆنه وهزیری دارایی له حوکمی لهیبهردا ، ئارڵستا دارڵینگ ٢٦٣ ههزار پاوهند و کۆنه وهزیری دهرهوهی بریتانی ، جاک سترۆ ١٨٣ ههزار پاوهند دهستکهوتیان بووه ، که ههردووکیشیان سهر به پارتی کرێکارانن ( پارتی لهیبهر) .
پرسیارو کێشهکه لێرهدا ئهوهیه ئهمانه که مووچهیان له کاتێکدا که وهزیرن له سهرو ٨٠ ههزار پاوهندهوهیه که له وهزیریش دهکهون مووچهکیان ٦٥٧٣٨ پاوهنده ، هێشتا ههوڵی دهستکهوتنی پارهی زیاتر له دهرهوهی کاری پهڕلهمانتارییهکیان دهدن، کهچی به خهڵکانی بێکارو ، کهمئهندامان و خانهنشینکراوان و خهڵکانێک که به پارهیهکی کهم ئیش دهکهن ، یا کاتێیک کە بەشێیکی کرێیکاران بۆ تەنها لە یەک پاوند کەمتر ماندەگرن کەچی ئەوان دژیان دەوەستنەوە ، دهڵێن دهبێت سکی خۆیان بجهڕێنن و بهو پارهیهی که ههیانه دهبێت بژین ، وێڕای ئهوهی که دێته سهر دهنگدانیش سهبارهت بهکهمکردنهوهی بیمهکان ، دهنگ بۆ کهمکردنهوهی دهدهن بهپاساوی پاشهکهوتکردنی پارهو گوایه ئهم خهڵکانه خۆیان تهمهڵن و به دوای کاردا ناگهڕێن.
لهمانهش خراپتر که ئهمانه زۆربهیان کار بۆ کۆمپانیاو بزنسمان و دهوڵهمهندهکان دهکهن کهچی هێشتا چاوهڕوانی ئهوهیان لێذهکرێت که له پشتی خهڵکانی ههژارو نهدارا بن و بهرگرییان لێبکهن، له دژی ئهوانهی که کاریان بۆ دهکهن دهنگبدهن. ئه ئهمهیه جوانێتی و دادوهرێتی پهڕلهمان نوێنهره پهڕلهمانتارییهکان !
Na bo dengdan .. Na bo desellatî nwêneranî xuda .. Na bo dewllet
Na bo dengdan .. Na bo desellatî nwêneranî xuda .. Na bo dewllet
Ba rojî 24î cozerdan (xirdad) bkeyne rojî mangirtnî giştî û baykotî hellbjardin û dengnedan
Hawrrêyanî azadîxwaz û soşyalîst (enarkîst)
Rojî 24 cozerdan (xirdad)î 1392 wek hemû carekanî dîke le êranî jêr sayey desellatî qerrequşyaney (hizb alle) û komarî îslamîda, dîsanewe galltecarî hellbijradnî xrap le xraptir, hellbjardinî (melay lîbrall!) leberamber (melay koneparêz!), hellbjardinî ballî bazarî qorixkrawî dewlletî le beramber ballî layengirî bazarî berrella, hellbjardinî yekêk le çewsêneranman bo maweyekî dîke, eme ew galltecarîyeye, ke le sertaserî cîhanda le çwarçêwey lîbraltirîn dewllet û le çwarçêwey koneparêztirîn dewlletî wek komarî îslamî êranda benawî mafî dengdan û hellbijradnî nwênerewe, ke tyayanda ême çi be frîwdan ya be zorî çek dekêşne pay sindûqekanî birryardan leser ewey kê çewsêner û şwaneman bêt, kê mafî birryardanî koyletî êmey hebêt, kê çarenûsî xoman û mindallan û newekanman dyarîbkat, kê mşexorî berî rencî kar û berhemhêanman bêt, kê szader û kê pasewanî zîndanman bêt!
Azadîxwazan, yeksanîxwazan, dadperwerîyixwazan, ême enarkîstekan bêcge lewey ke le hemû cêyek û le hemû serdemêkda djî beşdarî dengdan û xohellbijradnîn û berdewam le hemû wllatanda berrûy hellbjardinî serweranda kempeynî djî dengdan berpadekeyn, lêreda be dyarîkrawî lem hellbjardne galltecarîyey komarî îslamîy êranda, leber sê ho, bo baykotkirdnî û dijwestanewe bangewaztan dekeyn:
Hoy yekem, le rwangey hzir û aydyay azadîxwazîy (enarkî)ewe, sîstemî ramyarîy begşitî û sîstem û pêkhatey quçkeyî (hîrarşî) be dyarîkrawîy çi paşayetî û îslamî û dîktatorî û takpartîy bêt ya dêmokratî parlemanî (frepartîy), sîstemî koylekirdnî mrove û hemû hewll û teqelayek lesayeyda, tenya bo koylerragirtnî êmey jêrdeste û berhemhênere, lepênaw msogerkirdnî xawendarêtî taybet û qazancî kemîneyekî seryedar û zemîndar û destebjêrî ramyar!
Her leberewe hellbijradin û dengdan le sîstemêkda ke leser bnemay serû û xwar, serwer û jêrdest, dara û nedar, berhemhêner û mşexor, fermander û fermanber damezrabêt, bêcge le mafî hellbjardinî çend mşexorêk wek nwêner û çewsênerêk wek serok û şwane, hîç birryardan û mafêkî seretayî bo azadane jyan û xoberrêwebirdin nehêştuwetewe. Leberewe, êmey jêrdeste lecyatî xoşbawerrîy û çawerrwanî ewey ke desellatixwaz û çewsênerêkî bebezeyî û bewîjdan peydabbêt û azadî û mafman bo bgêrêtewe, pêwîste xoman be piştbestin be wîst (îrade) û yekgirtûîy hêz û twanay xoman, le şwênî jyan kar û xwêndin û fermanda, rêkixrawe serbexokanî xoman, grupe xocêyyekanî xoman leser bnemay kobûnewey giştî û birryardanî be komell û cêbecêkirdnî giştî, rêkxistin û payekanî dêmokrasî rastewxo [ke hezaran sall pêş êsta le gund û şar û komellge azade bêdewlletekanda peyrrewî lêkrawe û jyanî azadaney leser rêkixrawe] pêkbihênîn û komellge bo şorrşî komelayetî hellixrrênîn û her êsta dûr le destitêwerdanî grup û kese ramyarekan, herewezîye abûrîy û komellayetîyekanman le kêllge û karxane û gerekekan û gundekanda pêkbihênîn û karubar û şêwey jyan û berhemhênanî komellgekanman serbexo lelayen xoberrêweberayetîyekanî xomanewe berrêwebbirên û destî dewlletî îslamî û parte ramyare berhellistkarekayş le têkdanî jyan û asayîş û drustkirdnî dujimnayetî neteweyî û ayînî û regezîy û nejadîy û xêllekîy, kotabkeyn.
Hoy duwem, kurdistan wek komellgeyekî dagîrkraw lelayen leşkirî komarî îslamî êranewe, bedrêjayî temenî negrîsî komarî îslamî êran, her ball û kesêk le melakan hatbne ser textî desellat, lewanî pêş xoyan xraptir û tundutîjtir serkutî bzavî rizgarîxwazîy kurdistan [mebest le bzavî rizgarîxwazaney xellke bo kotayîhênan be stemî neteweyî û dagîrkarîy, nek hewllî nasîwnalîstaney part û hêze çekdare desellatixwazekan] û bzûtnewe cemawerîy û krêkarîyekanî em herêmeyan kirduwe û kare natewawekanî ewanî pêşûtiryan tewawkirduwe û zyatir û zyatir rolley azadîxwazî xellkî krêkar û zehmetkêşî kurdistanyan zîndanîkirduwe û lesêdaredawe û şwêpêy xoyan le kurdistanda be çingî xwênawîyan cêgîrtir kirduwe û berjewendî bekrêgîrawanî xoyan parastuwe û be kuştin û rawedûnan, rûberrûy hemû bzûtneweyek û daxwazîyekman buwetewe. Lebereme, eger hokarî yekem, bo beşdarînekirdin û retkirdnewey dengdan, netwanêt birrwapêhênerman bêt, ewa em hokare, detwanêt handerêk bêt bo baykotî dengdan û riswakirdnî rjêmî îslamî dagîrker û bkujî rollekanman!
Hoy sêyem, eger lejêr karayî mîdyay ser be dewlletanî xorawa û parte ramyare pan êranîyekanda bew serencame geyiştûn, ke lêprisrawêk, melayek, balêk le desellat û lenêw desellatda xerîke be qazancî kirdnewey keşî serkutgerî komarî îslamî êran, djî wlayetî feqê û ehmedî nejad, xoy kandîddekat û debête dengî êwe djî serkutgerîyekanî (hizb alle) û îmamî îslam, ewa bêserencamî xoşbawerrîy be nakokî nêwan ballekanî xudî komarî îslamî êran her le serdemî xokandîdkirdnî refsincanî djî xamîneî û xatemî djî refsincanî û kerubî djî ehmedî nejad û kê û kê, nîşanîdawe û dedat, ke heray nêwan ew ballane lepênaw drustkirdnî xoşbawerrîy lenêw xellkî narrazî û herweha parastinî wlayetî feqê û sîstemî sermayedarî êrane û nakokî nêwan balle xeyallîyekanî komarî îslamî êran her le paş kotayîhatnî cengî (‘îraq – êran)ewe ta hellbjardnekanî pêşû, kêşmekêş û nakokbûn leser çonyetî parastin û dabînkirdnî berjewendî çînî mşexorî desellatdar û sermayedarî êran buwe û hemû kandîdekan be pêdagirtnewe leser serwerîy konepersitî û serkutgerîy wlayetî feqê û parastinî berjewendî komarî îslamî êran û serkutî hemû narrezayetîyekî radîkall dij be desellat û sîstemî îslamî, swênd û wefadarîyan bo birryar û rênwênîyekanî xumeynî û xamîneî çendbare dekenewe!
Eger hêşta dû hokarî yekem û duwem, nebûnete birrwapêhêner bewey, ke nabêt be galltecarî hellbjardin û dengdan xoşbawerbît, ewa çûnepay dengdan û çendbarekirdnewey heman helle, ke hemû carêk serencamekey koyletirkirdnewey xomane, helleyekî mêjûy çendbare dekeynewe, ke bêcge le drêjbûnewey temenî negrîsî desellatdarî axundekan, hîçî dîkey berhemnehênawe û nahênêtewe !
Hawrrêyanî azadîxwaz û yeksanîxwaz û dadperweyixwaz, eger xwazyarît lêdanêk le sîstemî serkut û mşexorîy sermaye bdeyt, eger xwazyarî kotayîpêhatnî galltecarîy hellbjardinî xrap le xraptirî, eger xwazyarî kotayîpêhatnî zîndan û eşkence û sêdare û tris û rawnanît, eger xwazyarî lawazkirdnî payekanî hellawardinî regezîy û ayînî û nejdadî û neteweyît, eger xwazyarî binyatnanî komellgeyekî azad û serbexo û yeksan û dadperwerît, dey îtir katî ewe hatuwe lecyatî çûne dengdan û hellbijradnî xrap le xraptir, lecyatî xoşbawerrîy be em û ew, katî ewe hatuwe birrwa û mitmaneman be hêz û twanay yekgirtûy cemawerîy xoman hebêt û çon le mangirtne giştîyekanî çend sallî raburdûda nîşanmanda, her êsta katî eweye, ke be mangirtnî giştî, xebatî nafermanî medenî, be xorrêkxistinî cemawerîy û komellayetî le gerrek û gund û kêllge û karxane û fêrge û fermangekanda payekanî sîstem û dewlletî çînayetî lawazbkeyn û berrêweberayetî serbexoy xoman bkeyne ellternatîvî sîstemî serwerî û mşexorîy wlayetî feqê.
Bo pêşewe berew baykotî hellbjardin û dengdan
Bo pîşewe berew komellgey azad û yeksan û dadperwer
Sekoy enarkîstanî kurdistan
30î gullanî (ardîbhişt)î 1392
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی دوازدەھەم
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی دوازدەھەم
زاهیر باهیر:
هاوڕێ تاهیر دووبارە سڵاو: لەسەر دوا سەرنجت کە بەشێکی زۆری لەسەر پارتی بەلشەفیک و مەنشەفیک و شووراکانی ئەو سەردەمەی ڕوسیاو هەروەها ئەوەی کە باست کردوە سەبارەت بە مێژوی قۆناغە جیاجیاکان و مل ملانێی نێوانی پەیوەندی بەرهەمهێنانان و شێوەی بەرهەمهێنان و بابەتەکانی تر ، من کێشەیەکم لە سەریان نییە ڕامان تا ڕادەیەک وەکو یەکە.
تەنها من لە سەر دوو مەسەلە سەرنجی خۆم دەدەدەم و دوواتریش ئەنجامگیرییەک بۆ پو ختەی ڕاو بۆچوونی خۆم لەسەر ئەوەی کە باسمان کردووە ، دەکەم. یەکەمیان: ….کە تۆ دەڵێیت ” ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس ئەم ڕاستییەی سەلماند. کۆمۆنەی پاریس، هیچ شتێک نەبوو جگە لە دەوڵەتی پرۆلیتاریا. دەوڵەتێک کە پایەی سەرەکی خۆی لەسەر دیکتاتۆری بۆ سەرمایەداران و دیموکراسی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە داڕشت بوو. دووبارەبوونەوەی کۆمۆنەی پاریسێکی دیکە لە هەرشوێنێکی دنیادا، بە ناچاری هەمان تایبەتمەندی [ دەوڵەت بوون و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا بوون] لەخۆی دەگرێت. ڕێگای دووەم بۆ گواستنەوە لە قۆناغی سەرمایەدارییەوە بۆ قۆناغی کۆمۆنیزم، جگە لە [دەوڵەتی پرۆلیتاریا ؛ یان دیکتاتۆری پرۆلیتاریا]بوونی نییە [ ئەگەر هاوڕێیان ئانارکیست ڕێگەی دووەمیان لایە، با پێشنیاری بکەن، ڕێگایەک کە جیاوازتر لە ئەزمونی کۆمۆنەی پاریس بێت ]“.
سەرەتا من ئەوە دەڵیم کە من ناتوانم پێشبینییەکم بۆ چونێتی پێکهاتە و پێکهاتنی کۆمەڵگەی ئایندە ( ئەنارکستی-سۆشیالیستی) هەبێت، لە هەمان کاتیشدا من ناتوانم پێشبینی ئەوەش بکەم کە ئەوەی بە دەوڵەتی پرۆلیتاریا یا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ناو دەبرێت، کڵێشەو شێوەیەکی شیاوو بێت و دەستبدات بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو. وەکو خۆتیش دەزانیت ئەوە سەدەو نیوێک لەمەوبەر بووەو کەسێکیش نییە کە پێشبینی کاتی هاتنی کۆمەڵگەی داهاتوو بکات، ئەمە جگە لەوەی کە سەرجەمی شتەکان گٶڕاون و بەردەوامیش لە گۆڕاندان. هەر لەبەر ئەمەش بەڕای من پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە قۆناغی گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەی سۆشیالیستی یا کۆمۆنیستی دەبێت دەوڵەتی پڕۆلیتاری ، دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری ، یاخود کڵێشيیەکی تر ،بەخۆیەوە بگرێت، ڕەنگە لە جێگەی خۆیدا نەبێت. خودی مارکسیش خۆی زۆر ڕەخنەی هەبوو لە کۆمۆنە، لەوانەش تێنەشکانی تەواوی دەسگە بیرۆکراتییەکان سەرتاپای دەسگەکانی تربوو لەپاڵ پێداگرتن بوو لەسەر ئەوەی کە کۆمۆنە و کۆمۆنەی ئایندە دەبوایەو دەبێت پارێزگاری لەخۆی بکات، کە ئەم پارێزگاری کردنەش کە لە چەکداربوونی خەڵکەکەکەدا خۆی دەبینییەوە. هەتا گەر ئەمەش ڕویبدایە پاشەڕۆژێکی ڕووناک لەبەردەم کۆمۆنەدا نەدەمایەوە ، مەگەر شٶڕسی جیهانی ڕویبدایە و ڕزگاری بکردایە، کە ئەمەش ئەوکاتەش و ئێستاش کارێکی مەحاڵ بوو، مەحاڵیشە، بۆیە تێشکانی کۆمۆنە چاوەڕوانکراوو حەتمی بوو. وەکو پێشتریش وتم ژیان بواری مارکسی نەدا تاکو فکری خۆی بەڕوونی لەسەر مەسەلەی دەوڵەت ساغبکاتەوەو هەر لەبەر ئەمەش بوو جارێک کۆمۆنەی بە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاو جارێکی تر بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دهچواند، کە ئەم دووانەش بەڕای من لەیەکتری جیاوازن، هەر ئەمەش وای دەکرد کە جەدەلێکی گەرم لە نێوانی مارکس و هاوڕێکانی لە لایەک و باکۆنین و هاوڕێکانی لە لایەکی ترەوە ، دروست ببێت.
لێرەدا لای من لێدوانەکە ئەوەندەی لەسەر ئەو ڕێگایەی کە دەمانگەیەنێتە کۆمەڵگەی ئایندە (دوا قۆناغ)، کە هەردوکمان لە شێوەو ناوەرۆکیدا ، هاوڕاین ، گرنگتره تاکو خودی ئایندەکە . ئەم ڕێگایەش پێشتر من ئیشارەتم پێکردوە لە ڕێگەی ناسوڵتەییەوە دەگەیتە ئایندەی ناسوڵتە، بەواتایەکی ترلە ڕێگایەکەوە کە بەدوور بێت لە ناوەندگەریی و هەبوونی سەرکردەو بنکردە، لە ڕێگایەکەوە کە تەواوی تاکەکانی نێو کۆمەڵگه ئازادانە، بێ بەرگرتن بە پێشنیارو داهێنان و تواناو سکییڵیان و نەبەستنەوەیان بە مەرکەزیەت و دەسەڵاتی پارتێک ڕێکخراوێکی سیاسیانەوە، لای من ئهوه ڕێگای گوێزهرهوهیه بۆ ئهو کۆمهڵگهیهی که له زهنمدا ههیه ، وه ئهو کۆمهڵگهیهش و ڕیگاکهش که دهمان گهیهنێت پێی، له ڕێگای نوێنهرایهتی کردنهوه نابێت. ئێمە باوهڕمان بە نوێنەرایەتی کردن نییە کە شێوەیەکە لە دیمۆکراسی باوو بورجوازیانە، کە هەبوونی نوێنەرایەتی سابت ( چهسپیو) و بەردەوامدان پێی، بناغەی دروستکردنی توێژاڵێکی تایبهتییه لەسەرو باقییەکەی تریەوە دەبێت، ئەمەش کانێک دەبێت بۆ دروستبوونی گەندەڵی. ئیمە باوەڕمان بە دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ هەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە لە شوراکاند، لیژانە لۆکاڵییهکاندا ( ناوی هەرچی بێت لە جەوهەرەکەی ناگۆڕیت) ئازادن لەوەی کە دەنگ بۆ کێ دەدەن و بۆ چی دەدەن کە بەردەوامیش کەسەکان و شتەکان دەگۆڕین و لە گۆڕاندا دەبن. گەیشتن بەو کۆمەڵگەیەی کە باوەڕمان پێی هەیە ” کاری خۆجێی و بیرکردنەوەی جیهانییی یا جیهانیانەنه” بناغه داڕێژاوهکهیهتی و دهبێت کاری بۆ بکرێت و لهسهری کار بکرێت، بۆیە گرنگە کە ئەمڕۆ خەڵکی لە گروپە خۆجێیەکاندا – تۆ دەتوانیت ناوی بنێیت شووراکان، کۆمۆنهکان، یا هەر شتێکی تر- لە نێو هەموو دەسگەکانی کۆمەڵگە : دەسگە کۆمەڵایەتییەکان، سۆشیالهکان، ئەکادیمیەکان، خوێندن و پەروەردە و بەشەکانی تەندروستی خەستەخانەکان، کەرتەکانی گواستنەوەو ڕێگاو بان، بەشی پیشەسازی و کشتووکاڵی و زەوی و زارو بیناسازی و سەرجەمی بەشەکانی تر ههم دهوڵهتی و ههم کهرتی تایبهتی، تاکو بتوانن کاروبارەکانی خۆیان و کۆمۆنێتییەکەیان لەو بوارانەی کە کاری تیادا دەکەن ، ببەن بەڕیوە بە هەرەوەزی بڕیارەکانیان بدەن و بەهەرەوەزیش کاری لەسەر بکەن. ئهمهش یانی گێڕانهوهای پلانهکان و بڕیارهکان له دهسگهیهکی بیرۆکراتی دهوڵهتییهوه یا کۆمپانیانو خاوهن کارگهو دهسهڵاتدارهکانهوه ، بۆ خودی خهڵکهکه خۆیی و کۆمۆنێتییهکهیان ئەمە جگە لەوەشی کە هەموو ئەم کۆمەڵانە لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا لە شاردا لە لاذیدا لەسەر ئاستی “وڵاتدا” جۆرێک لە تەنسیق و پێکەوەکارکردن، دهبێت هەبێت ( بۆ زانیاریت لەو گروپانەی کە من کاریان لەگەڵدا دەکەم کە زیاتر لە ١٠ گروپن هەر لەم شارەوانییەی ئێمەدا، ناڵێم لەسەر ئاستی لەندەن بەڵام بەشیکی باشی لەندەن ، گەرچی لە بوارێکی کەم و بازنەیەکی زۆر بچوکدایە، ئێمە ئەم کارە دەکەین و تەنسیقیش دەکەیین لە کردنی چالاکی ڕاستەوخۆدا لە یەک ڕۆژو یەک سەعات و بۆ یەک مەبەست، ئەمەش لە برەودایەو خەریکە زۆر شوێن دەگرێتەوە، ئهمه جگه لهوهی که Uk Uncut, Anti Poverty Campaign, Disable people against cuts in benefits له سهر ئاستی بریتانیادا له زیاتر له 30 تا 40 شار له یهک کاتدا چالاکی ڕاستهوخۆ بێ ههبوونی سهرکردهو بنکهرده، ڕوودهدات، (من دڵنیام که زانیاری تهواوت لهم بارهیهوه ههیه ) . ئەوەی کە من دەیڵێم پرۆسەیەکی خاوو دووروو درێژە بەڵام ئەنجامی هەیەو لای من ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ئایندەو خۆپاراستن لە بیرۆکراتییەت و دووبارە نهبوونهوه یا نەکردنەوەی تێشکانەکانی ڕابووردوو هەنوکە. بە کورتییەکەی ئەمەی کە دەکرێت لە بنی کۆمەڵگەوە دەکرێت و گۆڕانکارییەکان لەوێوە دەست پێدەکهن و خۆی دەگرێت و هەڵدەکشێت بۆ دەسگەکانی سەرووتر، واتە بنکەن کردنی دەوڵەت و دەسەڵات. سەر ئەنجام دوو دەسگە دوو دەسەڵات لەشانی یەکترییەوە دەبینیت ڕاوهستاون یەکەمیان دەسەڵاتی دەوڵەتی بیرۆکراتییەو کە ڕۆژ بەڕۆژ کنەی لێدەکرێت لاواز دەکرێت لەبەرامبەر دەسەڵاتی یا دەسگەی دووهەمدا کە دەسەڵاتی دەسگەکانی خەڵکییە کە هەرە هەرە زۆرەکەن، ئیدی شوورا بێت ، گروپ بێت، هەرناوێکی ههبێت وەکو وتم گرنگ نییە. ئەو دوو دەسگەیە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ لهشانی یەکەوە بڕۆن بەڵام ئەوەی گرنگە دەسەڵاتی دەوڵەت وردە وردە شەرعیەتی خۆیی و دەسگەکانی خۆیی و دەسەڵات و هەیبەتی خۆی لەدەست دەدات و بەرەو پوکانەوەو نەمان بۆ هەمیشە دەڕوات. ئهمه زۆر به کورتی لای من ئهو ڕیگهیهیه که دهستهبهری هاتنه دی ئهو کۆمهڵگهیهی ههردووکمان دهکات. گهر پێوویست بکات له کاتێکی تردا دهتوانم تیشکی زیاتری بخهمه سهر. بهڵام هاوڕێم من ڕێگاکهی یاخوود ئامرازهکهی تۆم بهرچاو نهکهوت ، که من دیسانهوه جهخت لهسهر ئهوه دهکهمهوه که ئهمه لای من بهردی بناغهییه. چا نازانم تۆ ڕێکخراوێک ، پارتێک دهکهیته بهردهبازی پهڕینهوهمان بۆ گهیشتن به کۆمهڵگهی ئاینده، یاخوود تهرحێکی ترت لهلا ههیه.
دووههم: من دوو بڕگه له سهرنجهکانت دهگوێزمهوه ئێرهو له دێڕێکدا ئهوهی که تۆ وتووته لهو دوو بڕگهیهدا، من کورتی دهکهمهوه و سهرنجی خۆمیان لهسهر دهگرم:
“... ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە پایەی بابەتی تیۆری ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ” و “شۆڕشی کۆمۆنیستی ” مارکس و ئەنگڵسی لەسەر بنیاتنراوە، لە ڕوسیای سەردەمی قەیسەر تا ڕوخانی ئەو ڕژێمە لە ١٩١٧دا، ئەو چینە تا ئەو ئاستە گەشەی کۆمەڵایەتی نەکردووە کە بتوانێت وەک چینێک پەیامی مێژوویی خۆی بەسەرئەنجام بگەیەنێت و شۆڕشی کۆمۆنیستی بەرپابکات. ئامارەکانی ئەو سەردەمە لەلایەک و دەقی نووسراوەکانی لینین، ترۆتسکی، بوخارین، پراوپراژنیسکی و باسەکان دەربارەی سیاسەتی ئابوریی نوێ ” نیپ ” و پرۆژەی پیشەسازیکردنی سۆڤیەتی ساڵانی ١٩٢٨ و بۆ سەرەوە، هەموویان پێمان دەڵێن کە چینی کرێکار، لەڕووی کۆمەڵایەتی و چەندایەتییەوە لەو ئاستەدا نەبووە کە بتوانێت ” شۆڕشی کۆمۆنیستی ” بەرپا بکات.
“..شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ نەیدەتوانی دەسەڵاتی سیاسیی بخاتە دەستی چینێک کە هەم لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە کەمایەتییەکی کۆمەڵگەی ڕوسیای ئەو سەردەمەی پێکهێناوەو گەشەی مێژوویی نەکردووەو هەم هوشیاری دەربارەی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەبووە.
حیزبی بەڵشەفیک، ئەگەرچی توانی لە پێوەرێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا، چینی کرێکاری ساوای ڕوسیا لە دەوری سیاسەت و ئامانجەکانی کۆ بکاتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو نییەت پاکی، سەمپاثی و دڵسۆزییەکی ڕابەرانی بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی، نەیدەتوانی حیزبی ئەو چینە بێت و بە ناچاری دەبووایە خۆی تەسلیم بە ڕەوەندێکی مێژوویی بکات کە لەدەرەوەی، مەیل و خواست و ئیرادەی ئەو، یاساکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە ئابوریی و ژێرخانییەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا بەسەریدا دەیسەپاند“
هاوڕێم ، من کورتهی ئهو دوو بڕگهیه له دوو مهسهلهدا دهبینم که یهکهمیان نوێنهرایهتییه که پارتی بهلشهفیک نهیانتوانی نوێنهرایهتی پڕۆلیتاری بکهن. دووههمیشیان ئهوهی که بینای تهحتی و بینای فهوقی ئهو کاتهی کۆمهڵگهی ڕوسی بۆ دروستکردنی کۆمهڵگه سوشیالیستی/کۆمۆنیستی لهبار نهبوو. ( بههیوام مهبهستهکهتم پێکا بێت، گهر وانییه تکایه بمبهخشه و واتێمهگه که ویستوومه مهبهستهکهت به چهواشهیی بگهیهنم به خوێنهر).
سهبارهت به یهکهمیان، وهکو لهسهرهوهش ئاماژهم پێکرد من باوهڕم به نوێنهرایهتی کردن نییه ، پێموایه به ڕهغمی پرژو بڵاوی ڕهوهندهکانی ئهنارکستهکان ، بهڵام هێشتا لهسهر ههندێک پرسی بناغهیی هاوڕاو کۆکن که لهوانه دهوڵهت و نامهرکهزیهت و ههروهها نوێنهرایهتی کردنه. ڕاڤهکردنهکهی سهرهوهت دهقاو دهق قسهکهی من دهسهلمێنێت ، که نوسیومه نوێنهرایهتی دهبێته هۆی دروستکردنی توێژاڵێکی جیا و کانێک بۆ گهندهڵی و بیرۆکراتییهت. بنچینهی دروستبوونی پارتی بهلشهفی ههندێک کێشه و گیروگرفتی ئهساسی بهخۆوه گرتوه که ناوهندێتی مهرکهزی ( بیرۆکراتییهت)، گواستنهوهی هۆشمهندی بۆ ناو کرێکاران، ههروهها نوێنهرایهتی کردنیان، بهشێکن لهو کێشانه. دیاره ئهم 3 مهسهلهیه زۆر پهیوهستن بهیهکهوه و یهک تهواوکهری ئهوی تریانن و به بێ یهکدی ناژین ، ههر بهو شێوهیهش کزبوون و خاوبوونهوهی یهکێکیان، هێواشبوونهوهو سستبوونی ئهوانی تریانه. من دلنیام که تۆش ئهمه دهسهلمێنێت چونهکه من باوهڕم وایه منیش و تۆش و مارکسیش و سهرجهمی ئهنارکستهکانیش ( ببوره مهبهستم ئهوه نییه که ئێمه خۆمان بهرینه ئاستی مارکسهوه گهرچی تهقدیسیشی ناکهین) باوهڕمان وایه که کرێکاران دهبێت خۆیان خۆیان ڕزگار بکهن ، جا له حاڵهتێکدا که له دهرهوهی خۆیان یا خوود ههت له ناو خۆشیاندا نوێنهرایهتییان کراو شتیان بهسهردا فهرزکراو له دیمۆکراسی ڕاستهوخۆ مهحرومکران، ئهوه سهرئهنجامهکهی به بارێکی تردا دهشکێتهوه که به قازانجی کرێکاران ناگهڕێتهوه . نوێنهرایهتی کردن شتێکهو بهشداریکردنی ڕاستهوخۆ شتێکی تره ، ئیدی ئهمه له بڕیارهکاندا بێت یاخوود له دهسهڵاتدا ( مهبهستم دهسهڵاتی دهوڵهت یا دهسهڵات له دهوڵهتدا ،نییه) ، بۆ ئهوهشی که سیاسهتی نوێنهرایهتی کردن پشتگوێ بخرێت و کاری پێنهکرێت دهبێت پارت و ڕێکخراوه سیاسییهکان ، ههر ههموویان پشتگوێ بخرێن و کاریا پێنهکرێت. شتێکی تر لێرهدا ئهوهیه که من و تۆ چۆن چاوهڕوان بکهین گهیاندن به ئامانجێک که کۆمهڵگهی ئایندهیه که دهسهڵاتی تیادا ون دهبێت، له حیزبێکهوه که دهسهڵاتی ههیهو باوهڕی به دهسهڵات ههیهو مهرکهزییهت تیایدا بهرقهرارو یهکێکه له خاڵه بناغهییهکانی که له بازنهیهکی زۆر کهم و تهسکدا بهکاری دههێنێت، چۆن که ئامانجهکهی بهدهستهێنا خۆی لهو دهسهڵاته دادهماڵێت و بانگهشهی ههڵوهشاندنهوهی خۆی دهکات؟ !!! وهکو ێشتر وتم له ڕێگهی سوڵتهوه سوڵته دروستدهکهیت نهک ههڵی بوهشێنیتهوه، لۆجك پێمان دهڵێت سوڵته بهرهو سوڵتهی زیاترت دهبات.
سهبارهت به خاڵی دووههمیان: که باروو دۆخ و بونییهی کۆمهڵایهتی و ئابوری ڕوسیا لهبار نهبووه بۆ دروستکردنی سوشیالیزم. ئهمه باسێکی زۆر سهرنجڕاکێش و دووروو درێژه ، له ئایندهیهکی نزیکدا دوای ئهم پرۆژهیه دهتوانین بێینهوه سهری. بهڵام من ههر زۆر به کورتی لێرهدا دهڵێم، ئهم مهقولهیه ڕیشهکهی زۆر کۆنهو چهقبهستنی ئهم تیورهش بناغهکهی دابهشکردنی قۆناغی مێژوویی بهشهرییهته بۆ 5 قۆناغهکهو که ئا لێرهشدا به پێی ئهم تیوره سوشیالیزم ناتوانرێت دروست بێت ههتا کۆمهڵگه بهم قۆناغانهدا تێنهپهڕن و نهگهنه قۆناغی کاپیتاڵیزم . ئهو خاوهنڕایانه وای دهبینن که کۆمهڵگهی سوشیالیزم/کۆمینیزم بهتێپهڕبوونی به قۆناغی کاپیتاڵیزمدا پێداویستییهکانی درستبوونی خۆی دهستهبهر دهکات. که خودی ئهم ڕایه به سوودی بورجوازی و سیستهمهکهیان گهڕاوهتهوه، به درێژهدان به تهمهنیان و نههێڵانهوهی دهورێک بۆ خهڵکانی بهشخوراوو زهحمهتکێشه، جا ئیدی له ههر یهکێک لهو قۆناغانهدا بووبێتن، ئهمه جگه لهوهی شههادهو ئیمتیازی شؤڕشگێڕێتی دانه به بورجوازی و پتهوکردنیانه به لێخوڕینی باقیهکهی تری کۆمهڵگایه بهو ئاقارهی که خۆیان دهیانهوێت. وهکو وتم من لێرهدا نامهوێت لهسهر ئهم باسه بدوێم دهیهێڵمهوه بۆ ههلێکی تر ، بهڵام ئهوه سهرنجی منه لهسهر ئهو پرسه.
ئهنجامگیری
ههوڵدهدهم ههر زۆر بهکورتی ئهنجامگیریییهک لهسهر پوختهی ڕاوبۆچوونهکانم بکهم.
زهمان و زهمینهکان له گۆڕانکارییهکی زۆر بهپهلهو گهورهدا بوون به تایبهت له دوای شهستهکانی چهرخی ڕابوردوه، ههر لهبهر ئهمهش گهلێک له سهرجهمی مهسهلهکانی گۆڕیوهو داخوازییهکانی کرێکاران و زهحمهتکێشان ههر لهو ڕهوتهدا له گۆڕانێکی سهرو مڕدا بوون. کرێکاران ، پڕۆلیتاریا یا گهر ههر ههمووی ناوی له سهدا 99 کهی لێبنێن وهکو چینێکی موتهجانس نهماونهتهوه ، گهرچی ههر ههمووی گیرۆدهی دهستی نهگریسی ڕژێمی سهرمایهداریهو ههر ههمووشیان بهرژهوهندیان له نهمان و لهناوچوونی ئهو سیستهمهدایه ، بهڵام له ههمان کاتیشدا چاوهڕوانکردنی مانگرتنێکی سهرومڕی دررێژخایهنی ههر ههموو خهڵککه نهک لهسهر ئاستی ئهوروپا ، ناوچهو چهند وڵاتێک، بهڵکو لهسهر ئاستی وڵاتێکی ئهوروپیش ، کارێکی تا ڕادهیهک ئهستهمه. دیاره ئهمهش هۆوهۆکاری خۆی ههیه که باسکردنیان لێرهدا جێگای نابێتهوه. لهو کاتهوهشی وهکو دهڵێن بیرو هزری سوشیالیزم/کۆمۆنیزم بووهته پرسێکی زانستیانهو بهدیلێکی تهواوی ژیانی ڕۆژانهی خهڵکییه له کۆمهڵگهی ئایندهدا، ههوڵ و کۆششێکی یهکجار زۆری بۆ دراوهو ههر له و ڕۆژهشهوه گهرچی ئامارێکی فهرمیمان لهبهردهستدا نییه بهڵام دهتوانرێت مهزهنهی ئهم ژمارهی قوربانییهکانی، به سهدهها ملیۆن بکهین ههر له زهرهری ڕۆحی و جهسهدی و تیاچوون و زهدهبوون و ههڵکهنران له شوێنی خۆو ڕهوکردنی زهرووری و ئیبادهکردنی زیندهوهرو گیانلهبهروو سروشت و ….لهگهڵ بهراورد بهههموو ئهمانهش کێشهکهمان ، ئایندهی گهیشتنمان بهو کۆمهڵگهیه، لهبری نزیکبوونهوهی، دوور کهوتۆتهوه، دیاره ئهمهش هۆی خۆی ههیه.
له ههمان کاتیشدا له ماوهی ئهم سهدهو نیوهی ڕابوردووهوه ڕوداوهکان، ئهزموونهکان، بهسهرهاتهکان ههر ههموویان ئهوهیان بۆ سهلماندین که ههر ههموو ئهو ڕێگایهنهی که گیراونهته بهر بۆ باشکردنی ژیانی خهڵکی ، یا هێنانی کۆمهڵگهی ئایندهمان ، یا ههر هیچی نهگۆڕیوه یا شتێکی زۆر کهم. ههر بۆیه ڕێگاکانی کودهتای سهربازی ، میلیتهری ، مهدهنی ، پهڕلهمانتاری ، جهنگی پارتیزانی، کارو چالاکییهکانی پارت و حیزبهکان بهههموو چهشنهکانیانهوه – که من ههر ههموویان به کودهتا دهزانم- زیاتر بۆ لهباربردنی ڕاسهوخۆ یا ناڕاستهوخۆی ڕاپهڕینهکان ، ههوڵه شۆڕشگێڕییهکان بووه ، نه شتێکی تر.
بهڕای من له چهرخی ڕابوردوودا دوو ڕهدهی گهوره ( دژه شۆڕش، بهرپهرچدانهوه) ڕویدا که یهکهمیان ڕهدهی بهلشهفیکهکان بوو که تا ئیشتاش ئاسارو شوێنهواری هزری و عهمهلیشیان لهسهر جیهان ههر ماوه. دووههمهمیان ڕوودانی “شۆڕشی” ئێران بوو که نهک ههر سهرتاپای وڵاتێک یا ناوچهیهک بهلكو ههموو دنیای گۆڕی ، که بووه بنکهیهک له سهرکهوتنی موجاهیدین له ئهفغانستان، ناردنه دهرهوهی ” شۆڕش” ، دروستبوونی حیزبه ئیسلامییهکان له ناوچهکهداو ههڵسانی ئهمیرو مهلیکی وڵاتانی میرنشینهکان، له مقابیلی ئێراندا، به زیندووکردهنهوهی سهلهفی و وههابی و ئیسلامی تووندڕهو و بههێزکردنیان. ئهمهش نهک ههر ئێستاو زیاتر له چارهکه سهدهیهکه پێوهی دهناڵێنین ، بهڵکو لهوه دهکات که تازه لهسهرهتادا بێت.
ئهو سهرهتایهی سهرهوه من دهگهیهنێته ئهو سهرئهنجامهی که دوو پرس، دوو کێشه له خلالی ئهم ماوه دووروو درێژهدا فهشهلیان هێنا بهڵام کارهساته جهگبڕاوهکه لێرهدا ئهوهیه ، لهگهڵ ئهوهشدا که ئهم حهقیقهته دهزانیین کهچی ههر له سهری دهڕۆین و دووبارهو سهدبارهی دهکهینهوه ( ببورن هاوڕێیان ڕوی دهمم له ئێوه نییه). یهکهمیان کارکردنی حیزبیانه یا ئامرازی حیزب ههر جۆرێک بێت فهشهلی هێناو دڵنیایی ئهوهی کردم که کۆمهڵگهی ئاینده لهو ڕێگایهوه دروست نابێت، بگره کۆسپێکی گهورهشه لهبهردهمیا. دووههمیشیان “دهوڵهت” ههر چهشنێک ببێت ، ههر ناوهرۆکێکی ههبێت، دهتوانرێت بیبێت، بهڵام ناتوانێت له ڕێگایهوه بگهینه کۆمهڵگهی سۆشیالیزم/کۆمۆنیزم. ئهزموونهکان ئهمهشی سهلماند ، گهرچی هاوڕێ مارکسیهکانمان ، خاڵی تێشکانی ئهمه بۆ جۆرو ناوهرۆکی پارته سیاسییهکان دهگێڕنهوه، نهک خوودی دهروڵهت و سروشته فاشی و توندوو تیژییهکهی.
ههموو ئهمانه ئهو پهیامه بهمن دهدهن که ڕێگهی سێههم ههیه بۆ گهیشتن بهو کۆمهڵگهیه ، که ڕێگهی ناسوڵتهوییه (نهگرتنهبهری دهسهڵاته) که گرتنهبهری ئهم ڕێگایه ههر له سهرهتاوه زهرووره بۆ گهیشتن به ئامانج. لۆژک و بهسهرهاتهکان ، ئهوهیان نیشانداوه تووندوتیژی توندوتیژی زیاتر به دوی خۆیدا دههێنێت، دهوڵهتێک له دهسهڵاتی مهرکهزی و زهبت و ڕهبتی حیزبیانهوه دروست ببێت، گهر بهرهو دهسهڵاتێکی تووندوتۆڵ تر و زهبت و ڕهبتێکی زیاتر نهڕوات، ههرگیز بهرهو نههێڵانی دهسهڵاتی نابات جا لهم حاڵهتهشدا، ههموو ههوڵ و ئامانجهکان لهبار دهبات. باشترین ڕێگای نادهسهڵاتی، ناناوهندگهرایی: گروپه لۆکاڵییهکانه، شووراکانه، کۆمۆنۆکانه، لهناو ههناوی ئۆرگانه جیا جیاکانی کۆمهڵگهدا. دیمۆکراسی ڕاستهوخۆو ئهنجامدانی چالاکی ڕاستهوخۆ (Direct Action ) بناغهو ڕۆحو هزری ئهو لیژانانهیه، که ڕۆژگارو ڕووداوهکان کارایی چالاکی ڕاستوخۆیان نیشان داوه تا ڕادهی ئهوهی له ئهنجامدانی کارێکی ڕاستوخۆدا که له ماوهیهکی کورتدا ئامانجێکی بهجێ هێناوه، لانیکهم له سیستهمی پهڕلهمانتاریدا ، وهختی نێوانی پهڕلهمانێک و پهڕلهمانێکی تر دهخایهنێت بۆ گهیشتن به ههمان ئامانج.
یهکخستنی یا یهککهوتنی خهڵکانی ناو گروپهکان، لیژانهکان ، شووراکان مهسهلهیهکی تیوری هزری نیهو لهسهر ناوهڕۆکی کتێبهکان و پرسه تیورییهکان و شتهکانی که له ئاسامندا باسی لێدهکرێت، ئهوان لهسهر ئهوانه یهکناگرن، بهڵکو له سهر بناغهی پێداویستییهکانی ڕۆژانهیان ، داخوازییهکانیان ههرچی که خۆیان بزانن بۆیان باشه و دهبێت بکرێت یهکدهگرن. ئهمهش کارێکی زۆر عهمهلیانهیهو ههره زۆرهکهمان له دهوری خۆی کۆدهکاتهوه، بهرژهوندییهکانیشی که دواتر دهچنرێتهوه بۆ ههمووانه وهکو چۆن برێارهکان له ڕێگای ههمووانهوه دراوهو دهدرێت که دیاره لێرهشدا ئیمتیازاتی تاک و ئهشخاس ون دهبێت، ههر بهم شێوهیهش بیرۆکراتییهتیش لهنێودهچێت.
دیاره ئهمه سهرهتای ئهنجامدانی چالاکییهکان و خۆڕێکخستنیانه له گروپێکی ، لیژانێکی ، نا قوچکهیی، ناهیراشی بێ سهرکردهییدا. ههنگاوی ئاینده داگیرکردن و دهستبهسهراگرتنی ئهوهی که لهو کاتهدا دهتوانرێت بکرێت و زهرورهی ئهو کاتهیه، تاکو بخرێته ژێر دهسهڵاتی کۆمۆنێتییهکهوه ، ئیدی ئهو شوێنانهی که دهستیان بهسهردا دهگیرێن دهوڵهتی بن یاخوود ئههلی. ههموو ئهمانهش به دیمۆکراسی ڕاستهوخۆ بڕیاری لهسهر دهدرێت، کردنی کارهکانیش خۆبهخشانهو دوور له دهرکردنی ئهوامیر و کردنی ئامۆژگاری و ئیرشاداته. له ههمان کاتیشدا تهنسیقکردنی کاری ناوکۆییه لهگهڵ گروپ، لیژانهکانی تردا له گهڕهکهکانی تر، ههموو شارهکه به دهرهوهشیان، ناوچهکه تا دهگاته ئاستی ئهوهی که پێی دهڵێن وڵات.
بهم شێوهیه کارهکان له برهوو پێشهوهچووندا دهبێت و سهرئهنجامێکی باشی دهبێت و ئهمهش له خۆیدا دهبێته دهسهڵاتێک و ورده ورده، ڕۆژ بهڕۆژ جێ پێێ دهسگه بیرۆکراتییهکان شلۆق دهکات و خۆیان جێگایان دهگرنهوه، واته کۆمۆنێتییهکه ، خهڵکانی ناو کۆمۆنێتییهکه ههمو شتهکان ، بڕیارهکان هی خۆیان دهبێت. ههر شادوو سهرکهوتوو بیت.
***********************************************************************************************************
خوێنەرانی ھێژا، لێرەدا كۆتایی ئەو بەشەی مشتومڕەكە دێت، كە ھاوڕێیانێك بەشدارییان تێداكردووە، بەڵام مشتومڕەكە كراوە دەمێنێتەوە و ھەر خوێنەرێك دەتوانێت لەسەر بۆچوونی بەشداربووان، ڕەخنە و سەرنج و پێشنیاری خۆی بدات و درێژە بە مشتومڕەكە بدات.
***********************************************************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :
بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f
بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m
بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E
بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J
بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N
بەشی شەشەم : http://wp.me/su7aS-4397
بەشی حەوتەم : http://wp.me/pu7aS-19a
بەشی ھەشتەم : http://wp.me/pu7aS-19t
بەشی نۆھەم : http://wp.me/pu7aS-19y
بەشی دەھەم: http://wp.me/pu7aS-19D
بەشی یازدەھەم: http://wp.me/pu7aS-19H
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی یازدەھەم
دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان
بەشی یازدەھەم
ھەژێن :
ھاوڕێ، لە بارەی ئابووری سۆشیالیستییەوە لە ڕوانگەی (ماركس و ئەنگلس)ەوە، بەو پێیەی تۆ ئاماژەت پێداوە و خۊشیان نكۆڵی لێناكەن و بۆلشەڤیكەكانیش ھەر ھەمان پلانیان پیادەكرد، واتە نێوەندیانەی ڕێكخستنی ئابووری وەك ژێرخان و نێوەندیانەی ڕێكخستنی ڕامیاریی وەك سەرخان، ھەر پێداویستی وەڵامدانەوە بەو نێوەندگەراییەیە، كە دەوڵەت دەكاتە ناچاریی و ماركس و ئەنگڵس ھەرچی دەكەن، وەك تەوقێك لە ملیان نابێتەوە و ھەر ئەمەشە ئاوایان لێدەكات، كە بەناچاریی دەبێت سۆشیالیزمەكەیان شێوە بەرھەمھێانی پێش خۆی (بۆرجوازیی) لە بۆرجواكان بەقەرزوەربگرێت. بێجگە لەوەی كە من باوەڕم بەوە نییە و سەرلەبەری بەنادروست و ناپێویست دەزانم، بەڵام پرسیارێك كاتێك كە ئابووری كۆمونیستی مۆركی سەرمایەداری پێوەبێت، ئیدی چۆن كۆمونیستییە؟ كەواتە بەناچاریی لەبەر مۆركە سەرمایەدارییەكەی، پەیوەندییە سەرمایەدارییەكانی بەرھەمھێنانیش لەخۆدەگرێت، چونكە مۆرك بەبێ بوونی كرۆك ناتوانێت بوونی ھەبێت یا بمینێت! كاتێك كە ئەو ئابوورییە بەناو كۆمونیستییە مۆركی سەرمایەداری و پەیوەندی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ھەبێت، كەواتە بۆ پاڕاستن و گەشەپێدانی پێویستی بە ڕێكخستن و سەرخانی سەرمایەدارییش دەبێت، وەك ھەموومان دەزانین پەیوەندی و گونجانی ژیرخان و سەرخانی كۆمەڵگە (بەرھەمھێنان و بەرێوەبردن) ڕانكوچۆخەی كوردی نییە، كە سەرەوەی ڕەنگێك بێت و بنەوەی ڕەنگێكی دیكە بێت. كەواتە دەوڵەتەكەش بەناچاری و ھەر بەپێی ئەو یاسا كوێرانەیەی كە مێژوو ئاراستە دەكات، دەىێت بۆرجوازیی بێت. دەكرێت جۆرێكی دیارێكراو یا ڕواڵەتجیاوازی بۆرجوازی بێت وەك لە ڕوسیەی بۆلشەڤیكیدا بینیمان،بەڵام كڕۆكی چینایەتی ڕێكخستنی ئابووری و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێان و دەوڵەت، ھەر ھەمان كرۊكی پێش خۆی بوو. ئەمەش بۆ نەزانی بۆلشەڤیكەكان ناگەرێتەوە، بەڵكو بۆ ھەڵەبوونی تێزەكەی ماركس و ئەنگلس دەگەڕێتەوە. كاتێك كە لە ڕاپەڕینی ١٩١٧دا كرێكاران كارخانەكان و جوتیاران زەمینەكان لە داگیركەرە بۆرجوا و خانزادەكان دەستێننەوە و لە شێوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی كارخانەكان لەڕێگەی كۆمیتەكانی كارخانە و خۆبەرێوبەرایەتی ھەرەوەزیی زەمینەكان كە سوونەتیكی ھەرە كۆنی ڕوسیا بوو، لێنین ددان بەوەدا دەنێت، كە لەبەرئەوەی ئابووری سۆشیالیستی بەپێی تێزەكانی ماركس و ئەنگلس و پلانەكانی خۆی، ھێشتا مۆركی سەرمایەداری ھەیە و ناكرێت لە شەوڕۆژێكدا ھەموو شت كۆمەڵایەتی (سۆشیالیزە) بكرێت، بۆیە ناچارە بەڕێوەبەرانی جاران بگیڕێتەوە و لەجێی خۆبەرێوەبەرایەتی كرێكاران گەشە بە ئابووری و پلانە ئابوورییەكانی ئەوان بدەن. ئایا ئەمەی ئەو كردی ھیچ جیاوازی لە تەك تێزەكەی ماركس و ئەنگڵس ھەبوو؟ ئەگەر وەڵام ئەرێێیە و بەبۆچوونی ھەر ھاورێیەك جیاوازی ھەبووە و ھەیەتی، دەی با وەك ماركسیستێكی سەدەی بیست و یەك خۆی بخاتە شوێنی لێنین و پێمانبڵێت، ئەو [بێجگە لە ئەڵتەرناتیڤی كۆمونیستەكانی كڕۆنشتات و ئەناركییەكانی ئۆكرانیا و پترۆگراد] چیدەكات، بۆئەوەی ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەر و سۆشیالیزم لەو ناوچەیە ئاوای بەسەردا نەیێت یا ھەر ڕاپەڕیننیكی ئەگەریی دیكە، كە لە ئێستادا ڕووبدات، چۆن لەو چارەنووسە شكستاوییە ڕزاگار دەكات، بەواتایەكی دیكە تێزەكەی ماركس و ئەنگڵس لەمەڕ ئابووری سۆشیالیستی نێوەندگەرای سایەی دەوڵەت، چۆن كردەییدەكاتەوە، بەبێ ئەوەی ناچار بە كوشتوبری ناڕازییە كۆمونیست و ئەناركییستەكان ببێتەوە ؟
با ئاوا وێنای ئەمڕۆ بكەین، كە ھیچ ئەناركییەك و ئەڵتەرناتیڤێكی ئەناركی و نائەناركی بوونی نییە و تەنیا دەنگێك لە كۆمەڵگەدا بۆ سۆشیالیزم، ھەر دەنگی ماركسیستەكانە، دەكرێت بزانین چۆن سۆشیالیزم لەسایەی دەوڵەت و نێوەندگەرایی ئابووریی، بەبێ دووبارەكردنەوەی ھەڵەی بۆلشەڤیكەكان ڕۆدەنێن و ئەوە چییە كە ئەوان دەیكەن، كە بۆلشەڤیكەكان نەیانكرد یا ئاوەزییان بەسەریدا نەشكا، ئایا ڕێگە و شێوازی ئابووری و ڕامیاریی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیكەكانیان پێیە و شكدەبەن، كامەیە و چۆن ؟
ھاوڕێ گیان، شۆڕش لەسەر ڕەچەتەی نێو پەرتووكەكان ڕوونادات، بوونێكی زیندووی نێو كەتوارە و كۆمەڵێك ھۆكار، كاراییان لەسەر ھەنگاوە كردەییەكانی ھەیە؛ لەوانە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە كە بەرھەمی خەباتی ڕۆژانەیە، ئامادەیی بۆ ژیان بەبێ سەروەریی، كە بەرھەمی ھوشیاری شۆڕشگێڕتانەیە، ڕێكخستنی شۆڕشگێڕانە، كە ئامراز و پێویستی و وەڵامدانەوەیە بەسەركەوتنی خەباتی سەربەخۆی ڕۆژانە، شكانەوەی ھاوسەنگی ھێز بەلای بەرەی دژە سەروەرییدا و نەمانی پێویستی مانەوەی دەزگە و سیستەمی سەروەری بۆرجوازیی و كەتوارییبوونەوەی ژیانی ھەرەوەزیی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتی و بەرھەمھێنان و دابەشكردنی كۆمەڵایەتی (سۆشیالیئستی)، دیسانەوە ڕەوتی پێگەیینی ئەمانەش لەژێر كارایی ھۆكارە دەرەكییەكانی وەك دەسەڵاتی كولتووری و بەكولتووربوونی ژیانی بۆرجوازی، مێنتاڵیتیبوونی سەروەریی چینایەتی و ڕاھاتن لەسەر نادەربەستبوون و زۆر شتی دیكەی كۆمەڵگەی چینایەتی، كە وەلانانیان تەنیا لە گرەوی ویستی ھوشیارانەی سوشیالیستیی تاكەكان وەستاوە. شۆڕش بوونێكی لەو جۆرەیە و لە پرۆسێسێكی مێژووییدا دەبێتە كەتوار و بەسەر كەتواری (ناكۆك بەژیان و ناكۆك بە پێداویستی و ناكۆك بە ئازادی تاك)دا زاڵدەبێت، نەك شەڕە تفەنگی میلیشیا و كودەتای سەربازیی و پارەلەمانیی و ھەلقۆستنەی پارتەكان بۆ بەدەسەڵاتگەیشتن. شۆڕشێك كە ئەو ئامادەییانە و ئەو ھەنگاوانەی نابێت و تاكی ئاوای پەروەردەكردبێت، بەدڵنییاییەوە زەمینەكانی ھەڵوەشاندنەوەی پەیوندی سەرمایەدارانەی بەرھەمھێان و ڕێكسختنی بۆرجوازییانەی ئابووری و قوچكەیییانەی بەڕێوەبەرایەتی، ئافراندووە و ھیچ پێویستی بە قەرزكردنی ڕێكخستنی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە و كولتوور و پەیوەندییە كۆمەڵاویەتییەكان و شێوازی بەرھەمھێنان لە دوژمنەكانی، نابێت.
وەك پێشتر وتم، لەبەرئەوەی لە شوێنی دیكەدا لەسەر دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتێری وەستاوم، لێرەدا ناگەرێمەوە سەر ئەو بابەتە، بەڵام دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا بەپێی تێزی پێشڕەوبوونی كۆمونیستەكان و باشتردەركردنی بەرژەوەندییەكانی پرۆلیتاریا لەلایەن مامۆستاكانییەوە : كۆمونیستەكان لە مانیفێستی پارتی كۆمونیستدا، كە ئایدیالیسترین تێزی سەردمی خۆیەتی و ھوشیاری بۆ دەرەوەی چین و بۆ دەرەوەی كار دەگێڕێتەوە، ئەوا بۆلشەڤیكەكان بەشی پێشرەوبوون و ئاوەزی پرۆلیتاریا بوون، كەواتە بەپێی ئەو تێزە دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریاش دیكتاتۆری ئەو پێشڕەوانە دەبێت و بۆلشەڤیكەكان ھەر ئەوەیان كرد و دەسەڵات و بەڕێوەبردنیان لە سۆڤیەتەكان سەندەوە، چونكە بەپێی تێزەكەی نێو مانیفێستی پارتی كۆمونیست ئەوان (پڕۆلیتێرەكان) بە قەد مامۆستاكانیان نەیاندتوانی دەركی ئەركە مێژووییەكانی خۆیان بكەن، ھەر بۆیەش سەركوتی پڕۆلیترە كۆمونیستەكان لە كڕۆنشتات، ئاسایی بوو، چونكە ئەوەی ئەوان داوایاندەكرد، دژی ئاوەز و تێزی پێشروان بوو. ئیدی كاتێك ئەمە دەبینین، ئەوەمان باشتر بۆ ڕوندەبێتەوە بۆ ئەناركیستەكان دژی پێشڕەوایەتی كۆمونیستەكانن و بۆچی پارت ڕەتدەكەنەوە. چونكە وەك لە نێونەتەوەیی یەكەمدا پێداگرییان لەسەر دەكرد، ھوشیاریی چینایەتی لە دەروونی خەباتی ڕۆژانەی چینەكەوە سەرھەڵددات نەك لەلایەن ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجوازییەوە بەدیاری بۆیان ببرێت، ئیدی پێشڕەوایەتی و دیكتاتۆرییش لێرەوە دەچنە ژێر پرسیار. بۆیە جارێكی دیكە ناچارم بپرسمەوە؛ بە چ پێوەرێك دەوڵەتی بۆلشەڤیكی، ئەو دەوڵەتە نەبوو، كە ماركس و ئەنگلس مەبەستیان بووە، ئەو چینە كرێكارە چۆن ئەو چینە كرێكارە نەبووە، كە ماركس و ئەنگلس مەبەستیان بووە، ئایا چینی كۆمەڵایەتی لەسەر ڕەچەتەی ئایدیۆلۆجیی دروستدەبێت؟
بەڵام ئەگەر تۆ شۆڕشی كۆمونیستی بە شتێكی دیكە بزانیت، لەوەی بۆلشەڤیكەكان كردیان، ئەوەیان شتیكی دیكەیە و من لەو بارەوە ھەم حەزدەكەم بزانم ئەو شۆڕش چۆنە و چۆن ڕوودەدات، بۆ ئەوەی ڕوسیا ئەوە نەبوو؟ بۆیە ناتوانم لەو بارەوە زۆر قسە بكەم، ئیدی ناچاردەبم لەوەشدا بوەستم، كە جارێكی دیكە قسە لەسەر ئەو دەوڵەتە بكەمەوە، چونكە تۆ ھەم ئەوەی ڕوویدا بە شۆڕشی كۆمونیستی نازانیت و بە لۆجیكی تیڕوانینەكەشت بەرەھەمەكەشی دەوڵەتی ڕاگوزەری كۆمونیستی نابێت. كەواتە تۆ ڕەخنەی پەیگیرانەت لە بۆلشەڤیزم و ئۆكتۆبەر ھەیە و لەم بارەوە ئەگەر لە وەڵامەكانی داھاتوودا كەمێك قسەی لەسەر بكەیت، سوپاسگوزار دەبم، چونكە تاكە ڕەخنەیەكی ماركسیستی كە بۆلشەڤیزم ڕەتبكاتەوە و ڕەخنە لەوە بگرێت، كە لێنین كردی و تا ئێستا من خوێندبێتمەوە، ڕەخنەی ھاوڕێیانی كۆمونیزمی شوراییە، بەدیارێكراوی ئەنتۆن پانەكۆك و كایو براندل. بەڵام دەتوانم بڵێم ھاوڕێ ئەگەر واز لەوەش بھێنم، كە دروست نییە لە پەرتووكان و كەلێنی ئادیۆلۆجییەكاندا بۆ دروستی و نادروستی و شۆڕشبوون و كۆمونیستبوون و بوونەكانی دیكە بگەڕێین، ئەوا دەبێت ئەوە بڵێم، كە یەكەم ناتوانین كەتوارێكی زیندوو لە قاڵبی تیئۆری بدەین و دووەم، ناتوانین ئەوەی لە ڕستەیەكدا ھاتووە دەقاودەق لە كەتواری ژیان و كۆمەڵگەدا كۆپی/ پەیست بكەین و تەنانەت ناتوانین مەبەستی نووسەرێك لە دیالۆكێكدا، دەقاودەق لەسەر شانۆیەك یا لە فیلمێكدا وێنا بكەین. بەڵام دیسانەوە ناچارم بە پرسیارێكی وەرسگەر ڕوو لەو ھاوڕێیانەی كە ئەو بۆچوونەی تۆیان ھەیە، بنێمەوە و بپرسم، ئەی ئەو دەوڵەتە چۆنە و چۆن دەبێت، جیاوازی لەتەك دەستكردەكەی لێنیبن چییە؟
وەك پێشتر وتم، من بەپێچەوانەوە، ڕادەیەك لە تەكنۆلۆجیا و گەشەی بەرھەمھێنان و ژێرخانی ئابووریی و زۆری و كەمی و ساوایی و پیری چینی كرێكار بە مەرجی شۆڕش و سەركەوتن و سەرنەكەوتنی نازانم. ھەروەھا بەپێچەوانەی ھەموو ئۆروپاوە، ڕوسیا تەنیا وڵاتێك بوو، كە بە سوونەتی كۆمەڵایەتی، ھەرەوەزییە كشتكارییەكان بەشێك بوون لە كولتووری و ھەروەھا ناڕەزایەتی و خەباتی ژنان ئەوەندە لە ئاستێكی بەرزدایە، كە مانگرتنی ژنان دەبێتە ھەوێنی ڕاپەڕینی ١٩١٧ و یاخیبوونی سەربازان و دەریاوانان بە ڕادەیەكە، كە لەھیچ وڵاتێكی ئەوروپی ئەو سەردەمەدا ئەو ھەڵچوونە شۆڕشگیرانەیە نابین، بە ئێستاشەوە لەھیچ وڵاتێكی ئەوروپی تۆپ پێشكەوتوودا، وێڕای پیربوونی چینی كرێكار و تەنانەت ئەو ورە و یاخیبوونە شۆڕشگێرانەیە نابینین و بە ئێستاشەوە توێژی كرێكار نەك چینی پڕۆلیتاریا، لەھیچ وڵاتێكی تۆپ پێشكەوتوودا ئەو مەرجانەی تێدانییە، كە لە كڵێشەكەی (ماركس و ئەنگلس)دا جێگەی ببێتەوە. بەداخەوە ئەو ئامارگیرییە و پەنابردنی ھاوڕێیانی ماركسیست بۆیان، لە گشت سەردەمەكاندا تەنیا توانیویەتی پاساوی شكست و تاوانەكانی دەسەڵاتی بۆلشەڤیكەكان بێت.
بەبۆچوونی من وێرای ھەموو دواكەوتووییەكی پێشەسازی و وێرانی پاش جەنگ و فشار و ھەڕەشەی دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمەرێكا، ھێشتا دەكرا بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی لەجێی دیكتاتۆری پارت بێت و ئەوەی لە بەروبووم و بەرھەم و سامان و ھەژاری ھەیە، دادپەروەرانە دابەشبكرێت و جیاوازی سۆشیالیزم و سەرمایەداری بەكردەوە بۆ پرۆلیتێرەكان بخرێتەرەڕوو. بمبوورن، كە ناچارم بگەڕێمەوە سەر ناوچەی كەتەلۆنیای ئیسپانیا، كە ئەناركستانە بەڕێوەدەبرا، ئەوەی بەرھەمی ھەرەوەزییانەی ھەمووان لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دابەشدەكرا و بڕیاردان ھەمووانی بوو و بەرەنگاری دوژمن ھەمووانی بوو، بێجگە لەوەی كە توانیان لە بوون و نەبوون، لە ئازادی بڕیاردان و بەڕێوەبردن، لە دڵخوازانە بەشداری جەنگ و كۆمەكردن، بەھرەمەندبن، ھەروا وەك پێشتر وتم، كاتێك كە سەرمایەدارەكان بە پێشلەشكری فاشیستەكان پاش تێكشكانی سەربازیی ھەرەوەزییەكان و بەشەكانی دیكەی ئیسپانیا، گەڕانەوە، نەك كارخانەكان و كێڵگەكان ئاوەدانبوون، بەڵكو بەروبوومیش لەچاو پێش ھەرەوەزییەكان زیاتر بوو. ئێستاش ئەوانەی كە لەو سەردەمەدا ژیاون، بەتامەزرۆییەوە ئەو ڕۆژانە دەگیرنەوە. ئایا نەدەكرا لە (ڕوسیە)ش ئەوە بكرێت؟ باشە، با ئاوای دابنێین كە پێش و پاش ١٩١٧ تا ١٩٢٨ [ھەرچەندە من ئەو ساڵە ١٩٢٨ بەدروست نازانم، تەنیا ھەوڵێكە بۆ دەركیشانی لاقی لێنین لە لیتەكەدا] لە ڕوسیە پیشەسازی ھاوچەرخ وەك بنەمای ئابووریی پێشكەوتوو، زۆر دواكەتوو بووبێت، ئەدی لە ساڵانی سییەكان بەملاوە، مەگەر ڕوسییە نەبووە وڵات و ھێزێكی ئابووریی و سەربازیی جیھانخۆر و مەگەر نەك ھەر چینی كرێكار بە ئاستی ڕەچەتەكەی ماركس و ئەنگلس گەییشت، بەڵكو ھەموو كۆمەڵگە لەژێردەستی سەروەری پارتی بۆلشەڤیكدا نەبوو بە كرێكار و لەھیچ جێییەكی دونیا ھێندەی ڕوسیە كرێكار ی پێشەسازیی بوونی ھەبوو؟ مەگەر لە چاینی پاش سەركەوتنی ماوییەكان ئەوەندە كرێكاری پێشەسازیی ھەبووبێت، ئەدی بۆچی كلیشە كۆمونیستییەكان، كەتواریی نەبوونەوە ؟
ھاوڕێ گیان ناو و ناتۆرە دۆزینەوە بۆ خەڵكی ڕاپەڕیوی ڕوسیە لە ١٩١٧دا ھیچ لەوە ناگۆڕێت، كە جەماوەری ڕاپەڕیو بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی (شورایی)یان دەویست، ئازادی و یەكسانی ئابووریی و دادپەروەرییی كۆمەڵایەتییان دەویست. پاشان ئەگەر ڕاپەڕینی گشتی یا گەلیی خراپ و بێكەڵك بێت، ئەدی ڕاپەڕین و دەسەڵاتی چەند ملیۆن كرێكارێك نابێتە سەروەریی كەمینە بەسەر زۆرینەدا؟
بەبۆچوونی من درەخشانترین خاڵی ئەو ڕاپەڕینە، گەلییبوونی بوو و تەنیا توێژێكی وردەبۆرجوازی، كە بەناوی كۆمونیزم و سۆشیالیزم و سۆڤیەتەكانەوە قسەی دەكرد و كۆمونیزمی كردبووە دێوجامەی شاردنەوەی خەونە ناسیونالیستییەكانی بۆ گەیاندنی ڕوسیە بە ئاستی وڵاتانی ئۆروپا و ئەمەریكا، ئەوە پارتی بۆلشەڤیك [سەرانی پارت نەك ئەندامانی دڵسۆز و كۆمونیستخواز] بوو، ھەر بۆیە بەبۆچوونی من نەك پیادەكردنی ئەڵتەرناتیڤە كۆمونیستییەكانی كرۆنشتات و ئەناركییەكانی ئۆكرانیا، بەڵكو ئەگەر تەنیا ئەڵتەرناتیڤی نادرۆنیكییەكانیان پیادەبكردایە، زۆر لە دەسەڵاتی پارت و دیكتاتۆریی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە باشتربوو، چونكە بەلایەنی كەم، ھەنووكە نەك تەنیا چارەنووسی ڕوسیە، بەڵكو چارەنووسی تەواوی جیھان شتێكی دیكە دەبوو. ھەرچۆنێك بووایە، ھەنووكە واژەی كۆمونیزم ئەوەندە ڕسوا نەبووبوو و خەونە بەرزەكان نەدەبوونە كەرەستەی گاڵتەی ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجوا و قسەكەرانی نیئۆلیبرالیزم. ھەرچەندە لەو ئەزموونەدا ئەناركیستەكان قوربانی بوون، بەڵام دوژمنانی چینایەتی ئەو ڕاستییە دەشارنەوە و شكست و تاوانەكانی بۆلشەڤیزم بەڕووی ئێمەشدا دەدەنەوە !
ھاوڕێ، دیسانەوە جارێكی دەگەرێیتەوە سەر بڕیاردانی یاسای كوێرانەی گەشەی ئابووریی كۆمەڵگە و دەیكەیتە بەردەبازی ڕزگاركردنی پارت و سەرانی بۆلشەڤیك لە خنكان لەبەردەم ڕەخنەكانی خۆتدا و دەیانكەیتەوە بە ڕۆبۆت و ئاراستەكردنی ڕەوتی رووداوەكان بەھێزێكی درەوەی ئەوان دەسپێریتەوە. ” حیزبی ئەو چینە بێت و بە ناچاری دەبووایە خۆی تەسلیم بە ڕەوەندێکی مێژوویی بکات کە لەدەرەوەی، مەیل و خواست و ئیرادەی ئەو، یاساکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە ئابوریی و ژێرخانییەکانی کۆمەڵگەی ڕوسیا بەسەریدا دەیسەپاند.” بەڵام ھاوڕێ، كەتواری ئەو كات شتێكی دیكەمان نیشاندەدات.
كاتێك كە تۆ باس لە شۆڕشبوونی ڕاپەڕینی ١٩١٧ دەكەیت و ددان بەوەدا دەنێیت، كە كرێكاران و سەربازان و خوێندكاران ئەو شۆڕشەیان كردووە، باشە سەربازان كێن و پێش سەربازی كێبوون، مەگەر ڕۆلەی كرێكار و زەحمەتكێش نەبوون، ئەی خوێنداكاران كێن، مەگەر بەپێی زۆریەنبوونی كرێكار و زەحمەتكێش، زۆرینەی خوێندكاران سەر بە بنەماڵەكانی ئەو چینە نەبوون؟ باشە ئەگەر شۆڕش ئەوان كردبێتیان، ئیدی چ پێویست دەكات، لە كەسی دیكە وەریبگرنەوە؟ ئایا من بەرەنجامی كارێك كە بەخۆت ئەنجامتداوە، چۆن لە كەسێكی دیكە وەریدەگریتەوە و پێشكەشت دەكرێتەوە؟ ئەمە ڕاستییەكی شاراوەی تێدایە؛ یا شۊرش كەمینەی بۆلشەڤیك كردوویەتی و بەپێی تێزەكانی مانیفێستی پارتی كۆمونیست و بۆچوونەكەی تۆ، دەبوو بیداتە دەست كرێكاران ! یا خودی كرێكاران و بەشە ژێردەستەكانی كۆمەڵگە كردوویانە و بۆلشەڤیكەكان لێیاندزیون و دەبوو بیگێرنەوە بۆ خاوەنەكەی؟ بەبۆچوونی من، ئەوەی دووەم بوو، وەك دەبینین تا ساڵی ١٩١٨ بەجۆرێك سۆڤیەتەكان ڕۆڵیان ھەیە و دەتوانن بەجۆرێكی لاوەكی بڕیار بدەن، بەڵام لە پاش ١٩١٨- ١٩٢١ ەوە ئیدی سۆڤیەتەكان تەنیا ناوی سەركاخەز بوون و ئەگەر وەك ڕێكخراویش ھەبووبن، ئەوا تەنیا مەقاشی پارت بوون و بۆ سەركوتی ناڕەزایەتی خەڵك بەكاریھێناون!
ئاخر ھاورێ، كاتێك پارت وەك پێشڕەو باڵاترین ئۆرگانی ڕێكخستنی چینایەتی بێت، كاتێك كۆمونیستەكان ڕۆڵی پێشڕەوایەتیییان ھەبێت، ئیدی چۆن بزووتنەوە لە قاڵبنادرێت، یا ئیدی ڕۆڵی پارت چییە؟ بەڵێ یەكێتی كۆمونیستەكان وەك پارت، سەرچاوەی لێڵبوونی ئاوەكەیە و ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی، كە ماركس و ئەنگلس سكتاریستانە لە نێونەتەوەیی یەكەمدا بە پیلانگێڕیی، باكونین و ھاوڕێكانی بە تۆمەتباركردن و سووكایەتی بكەنە دەرەوە. ھەڵدانەوەی ئەم پەڕە ڕەشانە لە مێژووی نێونەتەوەیی یەكەمدا زۆر ئازارم دەدات، بەڵام ھەندێك جار ناچاردەبم و ناكرێت بازی بەسەردا بدرێت. ھەروا بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم، یەكێتی كۆمونیستەكان و مانیفێستەكەی سەرچاوەی سروشتوەرگرتنی لێنین و ئەوانی دواترن، ھەروەھا پیلانگێڕییەك كە بۆلشەڤیكەكان لە خۆزاڵكردن بەسەر سۆڤیەتەكاندا و دواتر پووچەڵكردنەوەیان و پیلانگیرێیەك كە چەپەكانی ھەرێمی كوردستان لەنێو یەكێتی بێكاران و ڕێكخراوەكاندا بۆ دەرپەڕاندنی سۆشیالیستە نا حیكمەتیستەكان، سروش لە یەكەمین پیلانگێریی نێو نێونەتەوەیی یەكەم وەردەگرن و وەریانگرتووە، كە بۆ یەكدەستیكردنەوەی نێونەتەوەیی یەكەم و دەرپەڕاندنی سۆشیالیستە دژە دەوڵەتییەكان، گیرایەبەر. من ئاوای دەبینم، بەداخەوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەكان لەلای من، شتێكی دیكە، جیاواز لەوەی لەلای تۆ گەلاڵە دەبێت، دەسەلمێنن. ئەمەش ئاساییە و دەكرێت ھەڵەشبم. بەڵێ من ئەوەی لێنین، بە گەشەی ئەوەی پێشووتری خۆی دەبینم، بەڵام دەقاودەق ھەوڵەكانی حیكمەتیزم لە ئێران و كوردستاندا، بە دووبارەكردنەوەی ھەوڵەكانی لێنین و بۆلشەڤیكەكان دەزانم.
ھاوڕێ گیان، سروشتی پێكھاتە و ڕێكخستنی قوچكەیی و دەسەڵاتخواز ئاوایە، كە وەك ئەم ڕۆژانە دەبینین حیكمەتیستەكان لەسەر ڕابەرڕابەرانێ و ئەوەی كێ باشتر دەروێشی حیكمەت بووە، كەوتوونەتە گیانی یەكتر، لە ڕێكخستنی ڕامیارییدا ناو و دەسەڵاتی ڕابەر/ لیدەر لەپێش پارتەوەیە، ھی پارت لە پێش چینێكەوەیە كە پاگەندەی دەكات، پاشان وڵاتەكی لە پێش وڵاتەكانی دیكەوەیە و بەم شێوەیە …تد كایەكە بەردەوام دەبێت. ھاوڕێم، حەزدەكەم بگەڕێتەوە سەر پێداگرتنە مەزھەبییەكانی لێنین لەسەر ماركسیستبوون، پاشان سوێندخواردنەكانی ستالین لەسەر تەرمەكەی لێنین و پێشبركێی ستالین و ترۆتسكی و ئەوانی دیكە لەسەر ئەوەی كە كێ زیاتر و باشتر لێنینیست بووە و ژەیە. لە ئەمڕۆدا دەقاودەق ئەمە دەبینین، مەنسووری حیكمەت لە دەورانی فراكسیۆنەكەی نێو (حكا)دا ئۆرتۆدۆكسبوونی كردە سوونەت، پاش جیابووەنەوەی لە ستوونی یەكەمی، یەكەم ژمارەی بڵاوكراوەی (انترناسیونال)دا بە “من لێنینیستم” پەیامی خۆی بە لایەنگرانی دەدات، كە ئەو مرد، بە شێوەی ستالین، پاشڕەوانی كەوتنە سوێندخواردن بۆ مەیتەكەی و ئینجا پێشبڕكێی ئەوەی كە كێ حیكمەتیستترە دەستیپێكرد و درێژەی خۆتان باش دەیزانن. ئەم وەرەمە كە ئەمڕۆ سەراپای كۆمونیستەكانی گرتووەتەوە و لەوێشەوە بزووتنەوەی كرێكاری و سۆشیالیستی ئالوودەكردووە، سەرچاوەكەی بۆ نێونەتەوەیی یەكەم دەگەرێتەوە و سۆشیالدێمۆكراتەكان گواستییانەوە نێو نێونەتەوەیی دووەم و لێنین گواستییەوە نێو سەدەی بیست و ھەوڵەكانی دواتر. بەبۆجوونی من، ئەو وەرەمە، كە تۆش بەجۆرێك ڕۆشنایت خستووەتەسەر، تەنیا بە پاكژكردنەوەی كۆمونیزم و ماركسیزم لە مەزھەبگەرایی و ئایدیالیزم بنەبڕ دەكرێت، ھەرچەندە لە ئوروپا كۆمونیستە شوراییەكان بەجۆرێك بەو كارە ھەستاون، بەڵام بەداخەوە لە خۆرھەلاتی ناوین و كوردستاندا ھەوڵی ئاوا جێگەی خاڵییە.
دەستخۆش ھاوڕێ، لەپێش دوا پەرەگرافدا، زۆر بەجوانی وێنای یا وێنەیەكی پڕاوپڕت لەسەر چۆنیەتی سەركەوتنی بۆلشەڤیكەكان و دەوڵەتەكەیان، خستووەتەڕوو، كە بەداخەوە، كەم كۆمونیست لە خۆرھەڵاتی ناوین و ھەرێمی كوردستاندا بوێری ئەوەیان تێدایە. بەڵام داخەكەم، لەبەرئەوەی تۆش پاش ئەوە، جارێكی دیكە دەبیتەوە بە تاھیری نێو پەرتووكەكان، ناتوانیت واوەتر برۆیت و ئەو دەرگە كڵۆڵمكراوە بشكێنیت، كە لەسەر بابەتی دەوڵەتینەبوونی سۆشیالیزم و كۆمونیزم، داخراوە. بەبۆجوونی من، گرفتەكە لە ناتوانایی یا نەزانینی لێنین و پاشڕەوانی ئەودا نەبوو، كە ئەو دەوڵەتە نەبووە، كۆمونیستی، بەڵكو لەوەایە، كە كۆمونیزم وەك ئایدیای كۆمەڵگەی ئازاد، دژ و ناتەبایە بە دەوڵەت، ئەوەش لەبەرئەوەی كە دەوڵەت دژی ئازادییە و كۆمونیزمیش بەبێ ئازادی، تەنیا دێوجامەیەك دەبێت، لەو دێوجامانەی كە لێنین و مائوتسیتۆنگ و كاسترۆ و ئەوانی دیكە پۆشییان.
بەڵام ھاوڕێ گیان، ئەوەندەی من بزانم و تێگەییشتبم، خودی ماركس ڕەخنە لەوە دەگرێت، كە بتوانرێت ھەر كەس بەقەد بڕی كارەكەی وەربگرێت، چونكە بێجگە لە پێداویستییە ڕۆژانەییە ڕاستەوخۆكانی تاك، بەشێك لە بڕی كاری تاك بۆ پێداویستییە گشتییەكانی كۆمەڵگە دەبێت بخڕینەلاوە. ھەڵبەتە من نامەوێت، پاساو بۆ چەتەگەریی جەنەراڵ و سەرانی پارتی بۆلشەڤیك بەسەر ڕەنج و بەرھەمی ژێردەستانی كۆمەڵگەوە، بھێنمەوە، نەخێر، مەبەستم ئەوەیە، كە نە لە كۆمەڵگەی كۆمونیستی و نە لە كۆمەڵگەی ئەناركیدا ناتوانرێت تاك ١٠٠%ی بڕی كارەكەی ڕاستەخۆ وەربگرێت، بەڵام دەبێت ئەوەی ھەیە و نییە، بە یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتییانە دابەشبكرێت و ھەمووان لێی بەھرەمەندبن، چ كەسانێك كە توانای كاركردنیان ھەیە، چ ئەوانەی كە توانایان نییە.
بەڵام ھاوڕێ گیان، وەك لە سەرەتادا وتم، ھەرچەندە دژایەتی بەستنەوەی ئەو دوو واژەیە بەیەكەوە دەكەم، ئەگەر ئەوەی لە ڕوسیە بەرپاكرا، ئەوە نەبووە، ئەدی دیكتاتۆری بەناو پڕۆلیتاریا چییە و چۆن دەبێت و چۆن پیادەدەكرێت؛ ئەگەر سبەینێ لە عیراقدا ھەلێك لە چەشنی ئەوەی ئۆكتۆبەر ھەڵكەوێت و پارتێكی كۆمونیست لەو چەشنەی كە ماركس و ئەنگلس دەیانخواست، ھەبێت و ھەموو ئەو زەمینە و مەرجانەی كە تۆ بۆ سەركەوتنی شۆڕش و كۆمونیزم بەپێویستی دەزانیت، لەئارادابن، بەڵام پاش سەركەوتنی، خەڵكی بادینان، داوای جیابوونەوە و پەیوەستبوون بە ھەرێمی كوردستانی توركییە یا سوریە بكەن، شیعەكان داوای ئۆتۆنۆمییەك بكەن، كە لە لە سایەیدا بەز ۆرینەی دەنگ خوازیاری میرایەتی ئایینی بن، دانیشتوانی ناوچەی ھەولێر، بە زۆرینەی دەنگ خوازیاری كۆمونە كشتكارییەكان بێت، دانیشتوانی ناوچەی ھۆرامان بە زۆرینەی دەنگ، خوازیاری خوێندن و بەكاربردنی زمانی دایكی خۆیان بن، ئایا وەڵامی پارتی پێشرەو و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەسەر ڕەچەتەی ماركس و ئەنگلس، بەچوونی ھاوڕێییانی ماركسیست – كۆمونیستی ئەم سەردەمە، دەبێت چۆن بێت یا چۆن دەبێت ؟
تێبینی، مەبەستم لەم پرسیارە یا پرسیارەكانی پێشووتر، تەنگەتاوكردنی ھیچ ھاوڕێیەك نییە، بەڵكو تەنیا بۆ تێگەییشتنی خۆمە، كە بەداخەوە ھەرچەندی دەكەم و تێدەكۆشم، من جیاوازی لە ڕەچەتەكانی ماركس و لێنین و پاش ئەوانیش نابینم. ھەر بۆیە وەڵام بەو پرسیارانە كۆمەكێكی زۆر بە ڕەخنەگرانی كۆمونیزمی ماركسیستی بەھەموو لك و پۆپەكانیەوە دەكات و ئاسانكاریی تێگەییشتنی ئەوەیان بۆ دەكات، كە دەركی جیاوازییەكە لەسەر زەمینەی كەتوار بكەن. ھەروەھا نامەوێت سووچی درێژبوونەوە و ھاتنەناوەوەی باسی لاوەكی دیكە، بخەمە سەر ھیچ ھاوڕێییەك، بەڵكو بۆ ئەوەی دەگێڕێمەوە، كە مشتومڕەكەی ئێمە لە سەرەوە دەستیپێكرد و ئەگەر لە خوارەوەڕا دەستیپێبكردایە، واتە لە بابەتەكانی قۆناخبەندی مێژوو و ھۆی دروستبوونی چینەكان و پاشان ناچاریی بەرەنگاریی و ئینجا پێداویستی ڕێكخستن و كامە ڕێكخستن و ئەگەری ڕاپەرینەكان و ھۆی تێكشكانیان و شۆڕش و ئینجا سۆشیالیزم و دەوڵەت، كاتێك كە مشتومەكەی ئێمە بازدانێك دەبێت بەسەر ئەو بابەتانەدا، ئیدی بمانەوێت و نەمانەوێت، بابەتەكانی دیكە دێنەپێشەوە و ناكرێت ھیچ یەك لە ئێمە خۆی لە لێدوان لەبارەیانەوە لابدات و ئەگەر كارێكی ئاوا بكەین، تەنیا ناڕۆشنی لەلای خوێنەر دروستدەكات.
ھاوڕێیان، لە كۆتاییدا تەنیا ئەوە ماوە بڵێم، كە مشترومڕ لەمەڕ پرسەكانی سۆشیالیزم، بۆ من ھەوڵێكە بۆ پەیبردن بە لاوازییەكانی تێڕوانینی خۆم لە خوێندەوەی بۆچوون و دیتنی ھاوڕێیانی سۆشیالیستخوازدا، بۆیە ھەم كاتێكی زۆری بۆ تەرخاندەكەن و ھەم بەسوودی دەبینم، بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەم بنەمایە، لە مشتومڕی تەندروست و ھاوڕێیانەدا، براوە و دۆراو بوونی نییە، چونكە ئەوە تەنیا لە فەرھەنگی كەسانی ڕامیار و پارتیبازدایە، كە مشتومڕ دەبێتە شەڕەدەنووكی كەڵەبابان و دەبێت یەكێكیان ئەوی دیكەیان بكوژێت یا لە خوێندا بگەوزێنێت. بەداخەوە زۆرجار لەو فەرھەنگە دواكەوتووەدا كەسایەتی خاوەنی بۆچوونی ڕەخنەلێگیراو و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی دەكەونە بەرھێرشی كینەدۆزانە و تەنانەت لە فەرەھەنگی گروپە چەپە میلیشیاكاندا زۆرجار كاركێشاویەتە گولـلەبارانكردنی یەكدی، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەمە نەماوە، بەڵام ھێشتاكە لە شێوازی ڕەخنەی نووسراودا، تیرۆری كەسایەتی و دەوروبەری ڕەخنەلێگیراو، پارێزراو نییە.
بۆیە من زۆر دڵخۆشم و بە ئارەزوومەندییەوە بەشداری ئەم مشتومڕانە دەكەم، چونكە ئەم ھاوڕێیانە یا لەبنەڕەتەوە ھەڵگری وەھا فەرھەنگێكی دواكەوتوو نەبوون یا سەردەمانێكی زۆر دوورە پشتیان لەو فەرھەنگە كردووە. سوپاس بۆ بەشداری و ئامادەییتان، بەھیوای یەكگرتنەوە لە مشتومڕێكی دیكەدا، ئەگەر بشكرێت بەشێوەی زنجیرەیی و لەسەر پێشنیاری ھەمووان، ناوبەناو لێرەولەوێ بەردەوام بین. ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ھێژا نەوتراو نەمێنێتەوە، من بۆخۆم ئامانجم لەم مشتومرانە، لەنێوبردنی جیاوازی بۆچوون و بیركردنەوە نییە، بەڵكو ئامانجم دەوڵەمەندكردنی جیاوازییەكانە و ھیچ شتێك بەبێ جیاوازی بۆچوون و بیركردنەوە، ناتوانێت بەرەوپیشەوە بڕوات، جیاوازییەكان لەبیركردنەوەدا، زیندوویەتی بە ھزر و فیلۆسۆفی و ژیان بەگشتی، دەبەخشن.
درێژەی ھەیە ….
******************************************************


پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.