ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٩

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٩

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.                           هەژێن

بەشی نۆهەم

ئێوه‌ له‌ كۆڕوكۆمه‌ڵه‌كاندا ونن و ئاماده‌ نین، ئیتر ده‌كرێت بزانین مه‌یدانی خه‌باتی ئیوه‌ كوێیه‌؟ یا ئه‌وه‌تا بۆ ئێوە پشتی ده‌زگا‌یه‌كی چاپ و نووسین بووه‌ته‌ هه‌موو مه‌یدانێكی عه‌مه‌لی؟

ئازیزم، بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، دەكرێت بزانم ئەو كۆڕ و كۆمه‌ڵانەی كە تۆ مەبەستن و ئەنارکییەکان بەشدارییان تێداناکەن، كامانەن و لە كوێی خەباتی كۆمەڵایەتییدا وەستاون؟

ئەگەر مەبەستت لە سەندیكاكانی سەربەدەسەڵاتە یا ڕێكخراوە پاشكۆكانی پارتە چەپەكانە، كە ھەر ڕۆژەی لە شوێنێك وەك کارگی بەھاران قوتدەبنەوە و پاش ماوەیەك بۆگەندەكەن و دەپووكێنەوە، ئەوا بە بۆچوونی من ئەوانە نەك كۆڕ و كۆمەڵی كرێكاریی و جەماوەریی نین، بەڵكو ھەوڵێكن بۆ دەستەمۆكردنی دەستبەكاربوونی خۆبەخۆیی جەماوەر و كرێكاران و نەبوونیان زۆر لە بوونیان باشترە، چونكە باش پووكانەوە و نەزۆكی ھەر یەكەیان، دونیایەك نائومیدی لای جەماوەر بە خەبات و توانای خۆی، بەجێدەهێڵێت !

لەو بارەوە دەیان نموونەی بیست ساڵی ڕابوردوو لەبەردەستدان، لەوانە “یەكێتی بێكاران لە كوردستان”، كە ھەزاران كەس خۆی وەك ئەندام تێیدا ناونووسكردبوو و “ڕێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان”، كە ھەموو شتێك بوو، تەنیا سەربەخۆ نەبوو، “كۆمەڵەی ئاوارەكانی كوردستان”، ڕێكخراوەكانی بەناو كرێكاران و كارمەندانی خەستەخانەكان و شورای پەنابەران و لە سەرووی ئەوانەوە فێدراسیۆنی سەرتاسەری ڕێكخراوە كرێكارییەكانی كوردستان، كە ھەموویان لەتەك پووكانەوەی پارتەكانی حیكمەتیزم، بوونە مەرەکەبی سەر كاخەز.

ئەو ھەوڵە پارتییانە نەك تەنیا مایەپووچ و دەستەمۆكەری كرێكاران و زەحمەتكێشانی ناڕازی بوون، لەوەش خراپتر نائومێدگەری دەیان و سەدان ئەندام بوو، كە لەو ڕێكخراوە پاشكۆییانەدا كۆبووبوونەوە و ھەنووكە باوەڕیان نە بەخۆیان و نە بەتوانای چینایەتییان نەماوە و قەدەری خۆیان داوەتە دەست بزووتنەوەی ڕامیاریی وەك لیستی نیئۆجەلالییەكان (لیستی گۆڕان).

بە بۆچوونی من، ئەگەر لە کوردستان ئەناركییەك بوونی هەبێت و لە خەباتی كۆمەڵایەتییدا بۆ باشتركردنی باری ژیان یا گۆڕینی كۆمەڵگە و سیستەمەكانی بەڕێوەبردنیدا بەشدارینەكات، ئەوا ئەناركیبوونی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونكە تاكە مەیدانێك كە ئەناركییەكان بە مەیدانی خەباتی خۆیانی بزانن، لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەباتی شۆڕشگێڕانە، تەنیا خەباتی كۆمەڵایەتییە و هەموو گۆڕانێكیش لە گۆڕانی كۆمەڵایەتییەوە دەستپێدەكات. ئیدی ئەو خەباتە كۆمەڵایەتییە بۆ پاڕاستنی ژینگە بێت یا باشتركردنی باری گوزەران، یا بۆ فراوانكردن و سەپاندنی ئازادییە تاكەکەسیی و گشتییەكان بێت. بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، ئەناركییەكان ھەموو ھەوڵێك بۆ ڕامیارییكردنی بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان و ئاراستەكردنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بەرەو ڕامیارییکردن و بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی ڕەتدەكەنەوە، چونكە شۆڕش یا كۆمەڵایەتییە یا نییە و ئەوەی بە پاشگریی ڕامیارییەوە هەیە، دژە-شۆڕشە. هەر بەو پێوەرە ھەموو ڕێكخراوە و كۆڕ و كۆمەڵێكی پاشكۆ بۆ پارتەكان و دەسەڵات دژە-شۆڕشە. چونكە كاری ئەو ڕێکخراوانە بەڕامیارییكردنی خەبات و پرسە كۆمەڵایەتییەكانە. لەبەرئەوەی پارتەكان تەنیا لە ڕامیارییكردنی خەبات و پرسەكاندا بەختی دەركەوتنیان وەك دەستەبژێر و نوێنەرانی سەرووخەڵكی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەناركییەكان تەنیا لە خەباتی كۆمەڵایەتییدا بەختی كردەییەكردنەوە (پراكتیزەكردن)ی بیرۆکەكانیان دەبێت و ھزری ئەناركی گەشەدەكات و بڵاودەبێتەوە. ھەر بۆیە لە جیاتی گەمەی پارلەمان و شەڕەدەندووکی نێوەندی و سەركردایەتی پارتەكان، سەرشەقامەكان و مانگرتن و کارگە و کۆڕ و کۆمەڵەکانی گەڕەك و خوێندنگە و ھەڵدەبژێرن، تاوێك تەماشای كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گەواھی ئەو ڕاستییەت بۆ دەدات، کە لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکییدا ئەنارکییەکان لە کوێی کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە وەستاون.

پێت وانییه‌ ئه‌گه‌ر دەسەڵات له‌ده‌ست ژنان بێت، كوشتوبڕ كه‌متر ده‌بێت و دادپه‌روه‌ری زیاتر؟ باشتر نییه‌ هاوڕێیانی ئه‌ناركۆ فیمینیست كه‌ تۆ لایه‌نگری ده‌كه‌ی خۆیان كاندیدبكه‌ن یا ڕێكخراوه‌ دروستبكه‌ن و له‌ شوێنێكه‌وه‌ ببنه‌ هێز و بچنه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌؟

ئەوەی كە پێتوابێت دەسەڵات لە دەستی ژنان یا كرێكاراندا [وەك بەشێكی چەوساوەی كۆمەڵگە]دا بێت، ئیدی دادپەروەری مسۆگەر دەكرێت، جۆرێكە لە ژیان لە ئەفسانەدا و فێڵكردنە لە خودی ژنان و كرێكاران. چونكە دەسەڵاتخوزان لە هیچ سەردەمێكدا نەهاتوون بەناوی خۆیانەوە داخوازی بەدەستهێنانی دەسەڵات بكەن، هەمیشە لەژێر ناوێكی دیكەی وەك نەتەوە، كرێكاران یا ژنان هاتوون و كنەیان كردووەتە نێو ڕیزی خەباتكاران و بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان.

بە گوێرەی ئەزموونەکان و بە بۆچوونی منیس، ئەوە بیرۆكەی ژنانێكە، كە خۆیان بە دەستەبژێری نێو ژنان دەزانن و پێیانوایە، كە زۆرینەی ژنان توانانی بیركردنەوە و خۆڕزگاركردنی خۆیان نییە و پێویستیان بە شوانەیی ئەوان هەیە. هەروەها ئەو بۆچوونە بە پاگەندەیەكی ژاراوی پاساودەدەن، گوایە « لە كۆمەڵگەدا پیاو دەسەڵاتدارە» و مادام وایە، باشترە كۆمەڵێك ژن ئەو دەسەڵاتە بگرنەدەست. ئەمە لەسەر كێش و سەروای هەمان بالۆرەی ناسیونالیستەكانە، كە دەڵێن «ئەگەر دەوڵەتی خۆییمان هەبێت و خۆمان فەرمانڕەابین، هەموو ئەندامانی نەتەوە ئازاددەبن، یا بالۆرەی ماركسیست-لێنینیستەكان، كە دەڵێن «ئەگەر دەسەڵات لەدەستی ئێمەدا بێت و حكومەتی كرێكاریمان هەبێت، هەموو كرێكاران و كۆمەڵگەش ئازاد دەبن» .

بۆ تێگەیشتن لە پووچی ئەو پاگەندەیە، ئەوەندە بەسە لەو بارەوە وەك نموونە، سەرنجی ڕووداوەكانی سەدەی ڕابوردوو و سەرەتای ئەم سەدەیە بدەین، تاوەكو ببینین، كە چۆن كرێكاران لە سایەی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ماركسیست-لێنینیستەكاندا خراپتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی دەسەڵاتی پارلەمانی بۆرجواكاندا دەچەوسانەوە و چۆن كوردان لە هەرێمی كوردستانی ئەم ڕۆژگارەدا وەك جارانی سەردەمی بەعس لە ڕووی ئابووریی و ڕامیاریی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت كولتوورییەوە دەچەوسێنەوە و وەك چۆن لە سەردەمی بەعسدا تاكەكانی هەرێم «شمال العزیز» لە ڕووی مافی بەكاربردنی زمانەوە لەچاو ناوچەكانی خواروو پلە دوو بوون، ئەم ڕۆژە لە سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد«ناسیونالیستەكان واتەنی دەسەڵاتی خۆیی»دا ناوچەكان و زمانەكان و زاراوەكانی دیکەی کوردی بە پلەدوو دادەنرێن، هەروەها لە سایەی سەروەریی شاژن ئەلیزابێت و سەرۆکشالیاران تاچەر و چیلەر و مێرکڵ’دا ژنان خراپتر چەوسانەوە و دەچەوسێنەوە.

وەها پاگەندەیەك دەیەوێت، ئاوا نیشانبدات، کە ژنان لە هیچ بوارێکی کارگێڕیی و فەرمانداریی و ڕامیاریی سەرمایەداریدا ڕۆڵیان نییە و هەموو شتێك بەدەست پیاوانەوە و ژنان لە دەرەوەی سیستەمەکەن و هەر کەس بەڕەگەز نێرینە بوو، ئیدی سەروەرە ! ئینگلیزواتەنی ئەمە “تەرسەقولە” ! چونکە ژنان لە هەمان سیستەمی خێزانیدا باڵێکن لە پەروردەی سەرکوتگەرانە، هەر ئاوا لە دایەنگە و فێرگەکاندا تا دەگاتە زانکۆکان، ژنانی پەروەردەکار و ماموەستا و وانەبێژ وەك هاوکارە پیاوەکانیان ئازاری منداڵان دەدەن و بە وانەکانی سەروەریی و پیرۆزکردنی مێژوویی کۆمەڵگەی چینایەتی و ڕەوایەتیدان بە سیستەمەکە و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی منداڵان و لاوان دەبەنگدەکەن، ژنان لە فەرمانگەکاندا وەك هاوکارە پیاوەکانیان سووکایەتی و کارکردە دژە مرۆییەکانی سیستەمەکە بەسەر خەڵکیدا دەشكێننەوە، ژنانی کرێکار وەك پیاوانی کرێکار، سەرمایە بۆ سەرمایەداران کەڵەکەدەکەن، لەتەك هاوکارەکانیاندا کێبڕكێدەکەن و پاشقول لەیەکدی دەگرن، ژنانی بەرێوەبەر، پۆلیس و سەرباز وەك هاوکارەکانیان پارێزگاریی لە سیستەمەکە دەکەن، ژنانی سەرمایەدار و ڕامیار و دەسەڵاتدار وەك پیاوانی هاوکاریان هەوڵی فریودانی خەڵك و چەوسانەوەیان دەدەن، ژنانی پارلەمانتار وەك هاوکارە نێرینەکانیان، دەنگ بە یاسا دژە مرۆییەکان دەدەن، لەوانە یاسای چەند-ژنە بۆ پیاوانی دەوڵەتمەند !

دەکرێت پشکی ژنان لەو هەموو تاوانانەدا بەپێی کەمی هەژ ماری ژنان لەو بوارانەدا کەمتر بێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە، کە ژنان لەو سیستەمدا دەستییان نییە و تاوانبارنین یا دژی سیستەمەکەن! ئەگەر بەهیچ شێوەیەك لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ڕاگرتنی سیستەمە چینایەتییەکەدا بەشدارنەبوونایە و ژنان وەك سروشت و تایبەتیمەندیی خۆیان لە مرۆڤبوونی پیاوان جیابوونانە و خودبەخود دژی ئەو هەمووە تاوانانە بوونایە، یا بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی کە ئەو پاگەندەیە دەکەن، دژی هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی و دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەك و هەموو سیستەمێکی چەوسێنەر و هەموو ئامراز و ئایدیۆلۆجیاکانی چەوسانەوەی مرۆڤ بوونایە، ئەوسا دەمانتوانی بڵێین، ئەگەری دروستبوون و دروستدەرچوونی وەها پاگەندەیەکی نالۆجیکی هەیە. بەڵام بەداخەوە کەتواری کۆمەڵگە و ڕووداوەکان و سروشت و پێکهاتەی ستەمگەریی لە کۆمەڵگەدا پێچەوانەوەی ئەو پاگەندەیە دەسەلمێنن. من لێرەدا تەنیا یەك نموونە دەهێنمەوە: ئەوەندەی ژنان بەخۆیان لە خەتەنەی کچاندا، لە دوورینەوەی کۆئەندامی زاوزێی بێوەرژناندا، لە کێبرکێ و شووکردن بەسەر یەکدیدا ڕۆڵیان هەیە، پیاوان ناتوانن ئەو کارایی و ڕۆڵەیان هەبێت !

پاشان، ئەو ڕێکخراوانەی کە تا ئێستا پاگەندەی ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی ژنانیان کردووە، بەکردەوە پێچەوانەی ئەوەیان سەلماندووە؛ بەوەی کە خۆیان خەریکی قوتکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ژنانی ناڕازین لە پێکهاتە قووچکەییە ستەمکارەکاندا، واتە سەپاندنەوەی ڕێکخستن و پێکهاتەیەکی دیکەی قووچکەیی فەرماندەر و فەرماندەر، پێشرەو و پاشڕەو، کە لە پێکهاتە قووچکەییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەکانیشدا هەمان بوون هەیە؛ خێزان، فێرگە، مزگەوت، کارگە، فەرمانگە و کارگێڕیی و پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت. بەواتایەکی دیکە پەسەندنانەوەی هەمان پێکهاتەی زۆردارانە و پڕ ستەمکاریی، بەڵام ئەم جارە بەناوی خودی ژنان و ڕزگاری و یەکسانییەوە.

لەبەرئەوە بە بۆچوونی من [لێرەدا مەرجنییە ئەمە بۆچوونی هەموو ئەنارکییەك بێت]، ئەگەر بڕیاربێت گروپ و ڕێکخراوێك بەناوی ژنانەوە هەبێت، ئەوا دەبێت ڕێکخستنێکی ئاسۆیی هەبێت و ئامانجی خۆکۆمەکییکردنی ژنان بێت. بەڵام ئەوەی کە ستەم لە ژنان و پلەچەندیی و ژێردەستەیی ڕەگەزیی لەنێوببرێت، لەبەرئەوەی کە ستەمەکە پێگەی کولتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی هەیە و پرسێکی کۆمەڵایەتییە، کەواتە ژنان تەنیا لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نا نێوەندیی و نا قووچکەییەکاندا دەتوانن هەنگاو بۆ وەلانانی بنێن و هەروەها بەبێ ڕاکێشانی ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەکەی دیکە، کە لە هەموو بوارێکی ژیان و کاروباری کۆمەڵگەدا پێکەوە کاردەکەن و دەژین و ئەوینداریی دەکەن، ئەستەمە ئەو باڵدارەی ئازادی بتوانێت بەتەنیا یەك بەاڵ بفڕێت. بە واتایەکی دیکە لەبەرئەوەی کە پرسی ژنان، پرسێکی کۆمەڵایەتییە و بنەمای ئابووریی و کولتووریی و ڕامیاریی هەیە و بە پێکهاتەی سیستەم و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەوە پەیوەستە، هەم ڕزگاری ژنان بە ڕزگاری کۆمەڵگە و خودی پیاوانیشەوە پەیوەستە و هەم ئەرکی سەر شانی پیاوانی ئازادیخواز و ڕزگاریخواز و سۆشیالیستخوازە، کە پەیگرانە هاوپشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان بکەن. چونکە ئەستەمە چین و توێژە بندەستەکان بەبێ ڕزگاریی ژنان وەك بەشێك لەوان، ڕزگاریان ببێت، لەبەرئەوە ئەگەر پیاوانێك هەن و خوازیاریی ڕزگاربوونیان لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کولتوورییەکان، ئەوا هەم وەك ئەرکی مرۆیانەیان و هەم بە ناچاری پێویستە لەپێناو ڕزگاریی ژنان لە پلەچەندی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی، شان بە شانی ژنانی ئازادیخواز تێبکۆشن، وەك گوتم تەنیا لەبەر ڕزگاربوونی ژنان نا، بەڵکو لەبەر ڕزگاربوونی خودی پیاوانیش!

شتێكی دیکە کە نابێت لەبیری بکەین، ئەوەیە، ئەگەر جاران پێش پێکهاتنی دەوڵەتی سەرتاپاگیری هاوچەرخ [نەتەوەیی]، ستەم لە ژنان زیاتر بارێکی کولتووریی بەخۆوەگرتبێت و ئایین ڕێکخەر و دیاریکەری ڕۆڵ و پێگەی پلەدووی ژنان لە کۆمەڵگەدا بووبێت، ئەوا لەم ڕۆژگارەدا پارلەمان و فەرمانداریی و و یاسا و دەوڵەت و دەزگە ڕامیارییەکان دیاریگەری ئەو ڕێوشوێنەن، بە نموونە بڕیاری چەند-ژنە لەلایەن پارلەمانی هەرێمەوە، گەشتی ژنان بە هامڕایی نێرینەیەکی خێزانەکەی و ..تد. بەم جۆرە ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە ستەم لە ژنان لەم ڕۆژگارەدا ڕیشە و بنەمای ڕامیاریی و ئابووریی و سیستماتیکی هەیە و ئەوی دژی هەڵاواردن بەگشتی [ڕەگەزیی، زمانی، نەژادی، ئایینی، هەڵاوردن لەسەر بنەمای ڕەنگ و شوێنی لەدایکبوون] و لەم پەیوەندەدا بە دیاریکراویی هەڵاواردنی ڕەگەزیی [ژنان و پیاوان] بێت، خۆبەخۆ ناچاردەبێت، کە دژی هەموو پێکهاتە و دەزگە قووچکەییەکان، پلە و پایە سەر و خوارەکان، نایەکسانی ئابووریی و نایەکسانی دەسەڵات و نایەکسانی ئەرك و ماف و دژی سیستەمی ڕامیاریی بە پارلەمانی و ناپارلەمانییەوە، تێبکۆشێت و هەوڵی کۆمەڵایەتییکردنەوەی چارەسەری پرسەکان و ناتەباییەکان بدات، ئەگەر نا، ئەوا خۆبەخۆ سەری لە دروستکردن و قوتکردنەوەی دەیان ڕێکخراوی قووچکەیی دەستەبژێرانە و ڕامیاریی بەناوی ژنان و منداڵان و ژینگە و ئاژەڵ و چین و توێژەکانەوە دەردەچێت و دواجار هەرچەندە ئامانجیشی خزمەتکاریی سەروەریی چینایەتی نەبێت، هەر ئاو بە ئاشی سەروەریی دەوڵەتدا دەکاتەوە .

جیاوازی ئه‌ناركۆ-فێمینیزم و فێمینیزمه‌كانی دیكە چییه‌؟

ئه‌گه‌ر به‌ چەند ده‌سته‌واژه‌ كورتی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وا بە خوێندنەوەی من بۆ ئەنارکۆفێمینیزم وەك تێڕوانینی ئەنارکیستی لەمەڕ نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردن بەرامبەر ژنان، ئه‌ناركۆ-فێمینیسته‌كان ئامانجیان زیندووكردنه‌وه‌ی گیانی خۆڕزگاری و خۆكارابوونە له‌نێو بزاڤی ژناندا دژ به‌ كۆیله‌تی پلە-چه‌ندیی ژنان له‌ پاش كۆیله‌تی پیاوانه‌وه‌. به‌واتایه‌كی دیكە ئه‌ناركۆ-فێمینیسته‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراستە‌ فێمینیستییه‌كانی دیكە، كار بۆ ده‌سته‌مۆكردنی ژنانی ئازادیخواز له‌ژێر ڕابەرایه‌تی خۆیان ناكه‌ن؛ هەم ڕابەرایەتی خۆیان بەسەر ئەوانی دیکەدا ڕەتدەکەنەوە و هەم ڕابەرایەتی ئەوانی دیکە بەسەر خۆیاندا ڕەتدەکەنەوە، بە واتایەکی دیکە ڕابه‌رایه‌تی و ڕێكخستنی قوچكه‌یی (هیرارشی) به‌ پارێزه‌ری كۆیله‌مانه‌وه‌ی ژنان و چه‌وساوان به‌گشتی ده‌زانن.

ئه‌ناركۆ- فێمینیسته‌كان پێیانوایه‌ و به‌بۆچوونی منیش بۆئه‌وه‌ی ژنان ئازادی بستێنن و خۆیان له ‌داوه‌كانی بابسالاری و سیسته‌می هه‌ڵاوارێزی مرۆڤه‌كان به‌گشتی ڕاپسێنن، سه‌ره‌تا پێویسته‌ له‌نێو ڕیزه‌كانی خۆیاندا ئه‌و پێكهاته‌ و پله‌به‌ندییه‌ باوانه‌ ڕەتبکەنەوە و له‌نێوبه‌رن. ڕزگاری ژنان له‌ پله‌-چه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی ته‌نیا به‌ ڕیفۆرمی چه‌ند خاڵێك له‌ یاسای سه‌روه‌راندا نایێته‌ دی، به‌ڵكو پێویستی به‌ لێدان و لەنێوبردنی پایه‌ ئابووریی و ڕامیاریی و کولتووریی و یاساییه‌كانی هه‌ڵاواردن و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە پارێزەرەکانی ئەو بنەمایانە هەیە، کە هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی دەگرێتەوە.

بەڕێزم، لەو باوەڕەدا‌ نیم، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكۆك بین، كه‌ ئازادی نادرێت، بەڵكو ده‌سێنرێت. ده‌ی كه‌واته‌ كه‌سێك خۆی ویستی (ئیراده‌ی) ئازادبوونی تێدا نه‌بێت، كه‌س ناتوانێت ببێته‌ ڕزگارگه‌ری له‌ ڕێوشوێنی ناله‌باری کۆمەڵایەتیی. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ هوشیاری خۆكارابوون و خۆڕادەربڕین هه‌یه‌ و ئه‌و ڕێكخراو و كۆمەڵانه‌ی كه‌ هاوشێوە‌ی خودی دەوڵەت و پارت و خێزان، ڕێكخراون و پێكهاتوون، ناتوانن چوارچێوه‌یه‌كی گونجاو بن بۆ خۆڕزگاری و خۆكارابوون. چونکە‌ له‌وێشدا كۆمەڵێك فه‌رمانده‌ر و پله‌-یه‌كن و كۆمه‌ڵێكیش فه‌رمانبه‌ر و پله-دوو. هه‌ر به‌و جۆره‌ ژنانی پله-یه‌ك ( ڕابەران و سكرتێران و لیپرسراوان و سه‌ركردان ) و ژنانی پله-دوو ( گوێڕایه‌ڵان و فه‌رمانبه‌ران و ژێركردان ) له‌و ڕێكخراوانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه‌. به‌م جۆره‌ ڕێسه‌كه‌مان ده‌بێه‌وه‌ خوری و ژنانێك كه‌ لە تاو ستەم و بێدەرەتانی هاتوونه‌ته‌ده‌ر و ده‌یانه‌وێت ڕزگاریانبێت، ئه‌م جاره‌ له‌لایه‌ن هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆیانه‌وه‌، به‌ تۆرێكی وردتر و زیره‌كانه‌تر له‌وه‌ی باوك و مزگەوت و پارت و ده‌وڵه‌ت و یاساكانیان، ژنانی ناڕازی ڕاوده‌كرێته‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی یاسای سه‌روه‌ر و ژێروه‌ر، فه‌رمانده‌ و فه‌رمانبه‌ر، پێشڕه‌و و پاشڕه‌ودا كۆتوبه‌ند ده‌كرێنه‌وه‌. ئیدی بەو جۆرە ڕزگاربوونیان له‌و جاڵجاڵۆكه‌ ئایدیۆلۆجییه‌ی هه‌ڵاواردن و پله‌- پله‌كردن ئەسته‌متر ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ دڵخواستانه‌ی خۆیان و له‌ ناهوشیارییه‌وه‌ خۆیان ئه‌و بریاره‌یان داوه‌ و هه‌ر كاتێكیش سه‌رپێچی و هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ له‌ كۆیله‌تی نێو ئه‌و ڕێكخراوانه‌ ببێته‌ خه‌یاڵی سه‌ری ژنێكی ئازاده‌، ئه‌وا تۆمه‌ته‌ مۆڕاڵییه‌كان و یاسا و سزا كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و ڕامیارییه‌كان ئاماده‌ن و ده‌رگه‌ی زیندانه‌كان بۆ تاوانباركردنیان به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو، ئاوه‌ڵا دەکرێت‌.

به‌بۆچوونی من، ڕزگاری؛ هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌ ناخی خۆمانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌وێوه‌ كه‌ دیوار و كۆت و زنجیره‌ کولتووریی ده‌ستكرده‌كانی خێزان، مزگەوت و كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌ت و هاوشێوە‌كانیان له‌ ئاوەزماندا بڕوخێنین و بپسێنین و له‌ كۆڵیانبكه‌ینه‌وه، تاوەکو بتوانین لە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتییدا لەتەك‌ هاوچین و هاوتوێژ و هاودەردەکانمدا یەکبگرینەوە. ئه‌مه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێكی چه‌وساوه‌ و بنده‌ست، كه‌ خوازیاری ئازادبوونه‌، دروسته‌. پاشان “نا”گوتن به‌ هه‌ر فه‌رمان و یاسایه‌ك، كه‌ دەسەڵاتی [ئۆتوریته‌ی] كه‌سانی دیكە به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پینێت و ملكه‌چی زاڵبوون و پاوانگەریی [دۆمینه‌یتگەریی] ئه‌وانی دیكەی هاوجۆر یا ناجۆرمان ده‌كات، خۆبڕیاردانی گەرەکە. ئێمه‌ی چه‌وساوه‌ یا ژنان ناتوانین خواست و خه‌ونه‌كانیان به‌ كه‌سانی دیكە بسپێرین و بیانكه‌ینه‌ ده‌مڕاستی خۆمان، چونکە له ‌نێوان فەرماندانی نێرینه‌كانی خێزان و فەرماندانی دەسەڵاتدارانی كۆمه‌ڵگه‌ و یاساكانی ده‌وڵه‌ت و په‌یڕه‌وپرۆگرامی پارته‌كاندا جیاوازی نییه‌ و ئەوەی کێ دیاریبکات، کە چی بكه‌ین و چی نه‌كه‌ین، یا ئەوەی كه‌سانێك دیكه‌ به‌ناوی ئێمه‌وه‌ ببنه‌ سكرتێر و ڕابەری ڕێكخراوه‌ و كۆمه‌ڵه‌كانمان و فه‌رمانمان پێبده‌ن چۆن خه‌بات بكه‌ین و لە کوێ خەبات بكه‌ین و چۆن هه‌ڵوێست وه‌ربگرین، هیچ جیاوازی نییە و نابینرێت !

ئه‌گه‌ر ژنانی ئازادیخواز خوازیاری هه‌ڵوه‌شانندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنن له‌نێوان خۆیان وه‌ك ڕەگه‌زی مێینه‌ و باوك و براكانیان و نێرینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ن، ئه‌وا هه‌نگاوی یه‌كه‌م پێویستە له‌نێو خودی بزاڤه‌كه‌دا دژی هه‌ر هه‌ڵاواردن و پله‌وێرییه‌ك بن کە پێکهاتەی قووچکەیی ڕێکخستن دەیسەپێنێت. بزاڤێك یا ڕێكخراوێك كه‌ هه‌ڵگری تۆوی پله‌-یه‌كی و پله‌-دووی خودی ژنان به‌نێوی ڕابەران و ڕێبه‌ریكراوانەوە بێت، ناتوانێت هه‌ڵگری په‌یامی یه‌كسانی و دژبوون به‌ هه‌ڵاواردن بێت و سه‌ره‌نجام به‌جۆرێكی دیكە ژنان ده‌سته‌مۆی پێكهاته‌ قوچكه‌ییه‌ پڕ هه‌ڵاوێرییه‌كان ده‌كاته‌وه‌. لەبەرئەوە‌ ژنانی ئازادیخواز (ئه‌ناركۆ-فێمنیست) خۆبه‌خۆ دژی پله‌به‌ندی نێو بزاڤه‌كه‌ و ڕێكخراوه‌كان دەبن و شوانه‌یی هیچ ژن و پیاوێك به‌ ڕه‌وا و دروست نازانن و به‌وپه‌ڕی توانایانه‌وه‌ وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكەی بابسالاری و سیسته‌می نایه‌كسانی مرۆڤه‌كان، دژایه‌تییان ده‌كه‌ن و له‌نێوبردنیان به‌ ئه‌ركی ده‌ستبه‌جێی خۆیان ده‌زانن.

ژنانی ئازادیخواز پێویستییان به‌ فۆرومی كۆمه‌ڵایه‌یی له‌سه‌ر ئاستی گه‌ڕه‌ك و شوێنی كار، نیتوۆركی ژنان، كه‌ پشت به‌ ڕێكخستن و په‌یوه‌ندی زنجیره‌یی و لابه‌لایی ئاسۆیی (نه‌ك سه‌ره‌وخواری) هه‌یه‌. بۆ نموونه‌: ژنانی كۆڵانێك، گوندێك، گه‌ڕه‌كێك ده‌توانن فۆرومێكی كراوه‌یان هه‌بێت و لەسەر پرسەکانیان وتووێژبکەن، بۆ نموونە ئاوكێشان كه‌ كارێكی تاقه‌پڕوكێنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه،‌ به‌سه‌ر پیاوانیشدا بسه‌پێنن و به‌و جۆره‌ پیاوان ڕاسته‌وخۆ له‌ته‌ك گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر ڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ڕووبه‌ووده‌بن و ناچار شان به‌شانی ژنان ده‌چنه‌ جه‌نگی ئاودزانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، ده‌چنه‌ پای خه‌بات بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ هه‌مووان. ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ زۆر بوار و گۆشەی خه‌باتی ڕۆژانه‌ كردەییه‌ و ده‌كرێت سوودی لێ وه‌ربگیردرێت. ئه‌مه‌ شێوازی خه‌باتی ژنانی (کرلا)ی هیندوستانه‌ دژی كارخانه‌كانی کۆکاكۆلا و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی دیكە‌، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاوی خوارده‌نه‌وه‌ له‌ ناوچەکانیاندا.

وەك ئامارەکان نیشانیدەدەن، ژنان له‌سه‌ر كار نیوه‌ یا كه‌متر له‌ مووچه‌ی پیاوان وه‌رده‌گرن و ته‌نانه‌ت له‌ ئەمەریکا و وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كانی وه‌ك ئاڵمانیا و بریتانیا’ش هەر وایە، ژنان لە بەرامبەر کارێکی هاوشێوەدا بەڕێژەی ٢٥% مووچە و کرێی کەمتر لە پیاوان وەر دەگرن‌. ده‌كرێت له‌م باره‌دا كه‌مكاری به‌و ڕێژه‌یه‌ی کەمی مووچه‌كه‌یان بەراورد بە‌ هاوكاره‌ پیاوه‌كانیان‌، كاری كه‌متر بكه‌ن و كاره‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان بخه‌نه‌ سه‌رشانی هاوكاره‌ پیاوه‌كانیان [-كه‌ بۆ ته‌نیا جارێكیش به‌بیریاندا نه‌هاتووه‌ و بیریان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه؛‌ بۆچی ژنانی هاوكاریان به‌رامبه‌ر هه‌مانكار، موووچه‌ی كه‌متر وه‌رده‌گرن]- و به‌جۆره‌ ناچارییەك دەتوانن بیانكێشنه‌ پای خه‌بات بۆ مووچه ‌و كرێی یه‌كسان. ژنانێك كه‌ كاری ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌كه‌ن و هاوكاتیش كاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتی منداڵیان له‌ئه‌ستۆیه‌، هه‌ر به‌ هاریكاری و هاوڕیزی ژنانی گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و ته‌نانه‌ت سه‌ركاریش، ده‌توانن له‌ چوارچێوه‌ی سەکۆکەیاندا [فۆرومه‌كه‌یاندا] بڕیاری سه‌پاندنی به‌شێك له‌ كاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتی منداڵان به‌سەر پیاوه‌كانیاندا بدەن و به‌و جۆره‌ پیاوانیان به‌شدار و ناچار به‌ بیركردنه‌وه‌ بۆ ڕزگاربوون و كۆمه‌ڵایه‌تییكردنه‌وه‌ی كاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتیکردنی منداڵ، بکەن. ئه‌مه‌ش داخوازی دایه‌نگه‌ و باخچه‌ی منداڵان و چێشتخانه‌ی گشتی دێنێته‌ ئاراوه‌، كه‌ ده‌توانن پایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێ بن، کە تێیدا کاری نێوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ کار و ئەرکی کۆمەڵگەیە.

بەبۆچوونی من، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئایدیای ژنانی ئه‌ناركۆ-فیمینیستدا جیاوازییەکان گەلێك زۆرن. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا پێویستە ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت، هه‌ر ئاوا ڕزگاری ژنان، كرێكاران، جوتیاران و خوێندكاران و … تد ته‌نیا له‌ توانای خودی ژنان، خودی كرێكاران، خودی جوتیاران، خودی خوێنداكارن و … و .. تددایه‌، هه‌ر ئاواش گۆڕینی به‌ندێكی یاسایی وه‌ك چه‌ند-ژنه‌ یا نه‌هێشتنی نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌ك خه‌ته‌نه‌ و پاشه‌كشێ به‌ ڕێسایه‌كی ئایینی وەک شەلاقدان و زیندەبەچاڵکردنی ژنان، به‌ واژۆكۆكردنه‌وه‌ و نامه‌گۆڕینه‌وه‌ له‌ته‌ك سه‌روه‌ران و چوونه‌ پارله‌مانی سه‌دان ژن، ناتوانێت ئاڵوگۆڕ له‌ ژیانی كه‌تواریماندا بكات و له‌ ڕزگاربوون له دەست ئە‌و یاسا و نه‌ریتانه‌ نزیكمانبكاته‌وه‌. به‌ڵكو هه‌ر گۆڕنێك، پێویستی به‌ هەڵخڕان و بەرجەستەبوونی بزاڤی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه‌، پێوستی به‌ ئاماده‌یی تاك هه‌یه‌، پێویستی به‌ هۆشیاری خۆكاریی و خۆبڕیاردان و خۆهه‌نگاونان و خۆجێبه‌جێكردن و خۆپیاده‌كردن هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ سه‌ربه‌خۆكان هه‌یه‌ وه‌ك فێرگه‌ و په‌روه‌ردگه‌ی ژنانی ئازاده‌ی كۆمەڵگه‌ی نوێ. لێره‌دا ڕێكخراوه‌كان بێجگه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌ك یا چەترێك بۆ كۆوه‌بوون و هوشیاریی و یەکگرتن و زیندووكردنه‌وه‌ی ویستی ئازادیخوازیی و یه‌كسانیخوازیی، فێرگەیەکیش دەبن بۆ و په‌روه‌رده‌ی مرۆڤی کۆمەڵگەی نوێ، هەر لەبەرئەوە‌ گروپە خۆجێیی [فۆرومەکانی گەڕەك و تۆڕە سەرتاسەرییەکان] و جەماوەرییەکانی ژنان پێویستییان به‌ ڕابەر و سه‌ركرده‌ و ژنانی پله‌یه‌ك نییه‌، پێویستییان به‌ ڕێنوێنی پیاوانی سه‌ركردایه‌تی پارته‌كان و چەپڵەڕیزان و چەنەبازیی هۆله‌كانی په‌رله‌مان نییه، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە خۆهوشیاریی و خۆکارایی و خۆکۆمەکیی و خۆویستەکی ئەندامانیان هەیە‌.

من، سته‌م و هه‌ڵاواردن به‌رامبه‌ر ژنان ته‌نیا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ نابینم، به‌ڵكو زۆرجار له‌لایه‌ن خودی ژنانه‌وه‌ ئه‌م سته‌م و هه‌ڵاواردنه‌ په‌ره‌ پێده‌درێت. بۆ نموونه‌ كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خۆیان به‌زۆر به‌شوو دراون و كه‌چی هه‌مان پشتیوانی له‌ هه‌مان سته‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و كچ و نه‌وه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ژێر فشار و ناچاركردن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خۆیان خه‌ته‌نه‌ كراون و بوونەتە قوربانی ئه‌و تاوانه‌ و كه‌چی به‌ده‌ستی خۆیان كچه‌كانیان ده‌به‌نه‌ به‌رده‌م گوێزانی ژەنگینی ژنانێكی دڕندە و خه‌ته‌نه‌گه‌ر. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی ژن و مێردایه‌تییاندا باجی بڕه‌ ئاڵتون و ماره‌یی و عه‌وداڵبوونی پیاوی ده‌وڵه‌مه‌دنییان داوه‌، كه‌چی كچه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی بیركردنه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یانخه‌نه‌وه‌ ژێر چه‌كمه‌ی سووكایه‌تی پیاوه‌ داراكان. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی ژنیان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و كهچ‌ی كچه‌كانیان ناچار به‌ دانیشتن لای پیاوانێكی فرەژەندار [حەرەمسەرادار] ده‌كه‌ن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی خۆیاندا هاوه‌ڵێكی خۆشه‌ویستی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌وینداری كوژرابێت، كه‌چی به‌خۆیان وتی وتی له‌سه‌ر كچه‌ دراوسێ و خزمانی خۆیان ده‌كه‌ن. كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن خه‌سوویانه‌وه‌ سووكایه‌تی و سته‌میان لێكراوه‌، كه‌چی به‌خۆیان هه‌مان كار و ڕه‌فتار به‌رامبه‌ر بووكه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌م جۆره‌ ده‌بین سته‌م له‌ ژنان دیارده‌یه‌كی ئاڵۆزی فرەڕەهەندی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه،‌ نه‌ك تەنیا داهێنراوی یاسایه‌كی نووسراوه‌ یا زۆرداری پیاوانێك. کاتێك ئه‌و بۆچوونه‌ لاوازانه‌ ده‌خوێنمه‌وه،‌ كه‌ سته‌م له‌ ژنان بۆ ئایینی ئیسلام به‌ته‌نیا ده‌گێرنه‌وه‌. به‌ڕاستی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ جێگه‌ی به‌زه‌یین، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئاوا سه‌رپێی بۆ دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن. سته‌م له‌ ژنان ڕه‌هه‌ندی مێژووی هه‌یه‌ و ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ زۆر له‌ ئیسلام و ئاینه‌كانی دیكەیش كۆنتره‌. بەم جۆرە نەبینی ئەم دراوە کەتوارییانە، نەبینینی زەمینە کولتووریی و ئابووریی و ڕامیارییەکانی ستەم لەلایەن ڕێکخراوە قووچکەییە ڕامیارییە پاشکۆکانی دسەڵات و پارتەکانەوە، خاڵێکی دیکەی جیاوازی چۆنیەتی تێڕوانین و دەرککردنی ستەم و هەڵاواردنی ژنانە، لەلایەن فێمینیستە دەسەڵاتخوازەکانەوە و لەلایەن فێمینیستە دژە-سەروەرەکانەوە [ئەنارکۆفێمینیستەکان]. ئەنارکۆ فێمینیستەکان بە قوڵی لە هەموو پێکهاتە و دەزگەیەکی کۆمەڵگە و بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا لە دووی ڕەگ و ڕیشە ئابووریی و کولتووریی و ڕامیارییەکانی ستەم و هەڵاواردن، دەگەڕێن و ڕادیکاڵانە هەموو ئامراز و میکانیزم و پێکهاتیەك، کە ئافەرێنەر و پارێزەری ستەم و هەڵاواردن بێت، ڕەتدەکەنەوە و لە خەباتی ڕۆژانەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا هەنگاو بە هەنگاو بۆ سڕینەوەی لە هۆش و لە کردەوە و لە ئاخاوتنی تاکەکان و لە نێوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەبێ وچان تێدەکۆشن.

من ناڵێم باوه‌ڕه‌كانی ئیسلام ده‌ستییان له‌و سته‌م و تاوانانه‌دا نییه‌، نا و نه‌خێر، هه‌رگیز بەتەمانیم شتێکی ئاوا بڵیم. به‌ڵام گونجان و ته‌بایی و ڕێككه‌وتێك له‌نێوان باوه‌ڕه‌كانی ئیسلام له‌مه‌ڕ ڕۆڵ و ڕێوشوێنی ژن و پێکهاتە و تێڕوانینی خیڵه‌كییانەی كۆمه‌ڵگەی کوردستاندا هه‌یه‌. ئه‌گینا بە كوتوپڕیی و لە چاوتروکانێکدا تیرۆری ژنان و ئه‌تككردنیان نه‌یده‌توانی به‌و ڕه‌هه‌نده‌ ڕیشه‌یی و ترسناكه‌وه‌ له‌ ده‌هه‌ی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی سییه‌مدا ئاماده‌بێت. كه‌سانێك كه‌ بەختی هوشیاربوونەوەی ڕادیكاڵی ئازادیخوازانەیان هه‌بووه‌ یا ڕووداوەکانی ڕۆژگار بەو هوشیارییەی گەیاندوون‌، ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ باوه‌ڕه‌كانی ئیسلام پاشبنه‌مایه‌كی خێله‌كییانەی نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بییان هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش بنه‌مایه‌كی خێڵه‌كییانەی هه‌یه‌ و یەكانگیربوونی ئه‌م دووانەیە، کە زه‌مینە‌ی به‌ردبارانکردن و لوتبڕین و سوتاندن لەباردەکەن و پێکدەهێنن. بۆ تێگەییشتن و دەرکردنی ئەم پێگەییشتنە، خوێنه‌ری ئازیز ده‌توانێت سه‌رنجی جیاوازی هه‌ژماری كوشتنی ژنان و باری یاساخی ئه‌وینداریی بدەن؛ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌ قۆناخی خیڵەکیبووندا تیپه‌ڕیوون و تاكایه‌تی هێشتا تیایاندا به‌رجه‌سته‌نه‌بووه‌ و ڕێساخێڵه‌كییه‌كان تیایاندا سه‌روه‌رن، لەتەك بەو ناوچانەی کە زوو نیشتەجێبوون و شیرازە و بنەمای خێڵەکیی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی پێکناهێنێت و پێکەوەی نەبەستوون، بەراوردبکه‌ن. مه‌گه‌ر ئیسلام هه‌ر ئه‌و ئیسلامه‌ نییه،‌ كه‌ له‌ هه‌ردوولایاندا ئاماده‌یه‌، بۆچی له‌ شوێنێك زۆرتر ژن ده‌كوژێت و له‌ شوێنێك یا هیچ یا كه‌متر ده‌كوژێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئایینه‌كانی دیكەی كۆمه‌ڵگه‌مان بده‌ین و گوتراوە‌كانیان بخوێننیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زۆرتر له‌ ئیسلام ژن به‌كه‌م نه‌گرن، ئه‌وا سووکایەتییکردنیان بە مێینە كه‌متر نییە. لەبەرئەوە ئایینی ئیسلام تەنیا وەك ئامرازێکی گونجاو لەلایەن کۆمەڵگەی خێڵەکیی کوردستان و کولتووری دژە-ژنییەوە کەڵکی لێوەرگیراوە، نەك ئەوەی کە لە خودی کۆمەڵگەکەدا تێڕوانینی هەڵاوێڕانە و ستەمگەرانە و بکوژانە دژی ژنان نەبووبێت و ئایینی ئیسلام لەتەك خۆی هێنابێتی، وەك چەپ و ناسیونالیستەکان پاگەندەی دەکەن.

هەروەها ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بڕیاردانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر یاسای چه‌ند-ژنه‌ بده‌ین، ده‌بینین هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی [بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نەك بەیاننامە و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پارتەکان] كاردانه‌وه‌ی نیشاننه‌دا و نه‌بووه‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن و ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌ پروپاگه‌نده‌ی بێبنه‌مای ژنانی سه‌ره‌وه‌ی ڕێكخراوه‌ بابسالار و پارتسالاره‌كانی به‌ناو ژنان و چەپەکان بووایه‌، ده‌بوو ژنان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانه‌وه‌، له‌ هه‌موو شار و گونده‌كانه‌وه‌ به‌ خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕێپێوانی چه‌ند ڕۆژه‌ به‌ره‌و پارله‌مان و ده‌زگه‌ باڵاكانی میری بڕۆن و داگیریانبكه‌ن و داروپه‌ردوویان به‌ یاسا چه‌ندژنه‌كه‌یانه‌وه‌ بسووتێنن، هەر ئاوا کە دەهەیەك لەمەوبەر لە وڵاتێکی ئەفەریکاییدا ژنانی یاخی نێوەندەکانی دەسەڵاتیان داگیرکردن. [ باش له‌بیرم نه‌ماوه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا له‌ چ وڵاتێكی ئه‌فریكی بوو، کە ژنان ڕابوون و زۆر شوێنی گشتی و دەوڵەتییان داگیركرد و به‌چه‌ك و بە هێزی یەکگرتووی خۆیان داخوازییه‌كانیان سه‌پاندن]. به‌ڵام له‌ كوردستان هیچ یه‌ك له‌مانه‌ ڕوویاننه‌دا و ته‌نانه‌ت وه‌ك بڵێی كه‌ هیچ شتێكی پەیوەست بە ژنانەوە له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ڕووینه‌دابێت. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی بێبروایی خودی ژنانه‌ به‌ هێزی خۆیان، ئه‌مه‌ نێشانه‌ی وردوخاشبوونی کەسایەتی و ده‌سته‌مۆبوونی هه‌زاران ساڵه‌ی ژنانه‌ بۆ ڕێسای هێزه‌ کولتوورییه‌كان و یاسا ڕامیارییەکان. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئاماده‌نه‌بوونی خۆهوشیاری و ویستی ئازادڕه‌وانه‌ی ژنانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه‌، ئه‌مه‌ به‌رهه‌می پشتبه‌ستنی ژنانه‌ به‌ ڕێكخراوه‌ به‌ناو ژنییه‌كان و پارته‌ ڕامیارییه‌كان و بزاڤه‌ ڕیفۆرمیسته‌كان. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ڕامبوون و ده‌سته‌مۆبوونی ژنانی ڕزگاریخواز و یه‌كسانیخوازه‌ بۆ ژنانی دەستەبژێر و پێكهاته‌ سه‌روو ژنییه‌كان.

بەبۆچوونی من، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئێمه،‌ چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ بووه‌ستێت و بنووسێت و لێكیبداته‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكات، هێشتا به‌ ئه‌نجامی كۆتایی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ ناگه‌ین. له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ پارته‌ ڕامیارییه‌كان بۆ خۆقه‌به‌كردن و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پاگه‌نده‌ی سكیولاریستبوونی کوردستانەکەیان بكه‌ن و ڕۆژانە ئەم دەستەواژە پڕ سووکایەتی و پووچانە “ئێرە ئەفغانستان نییە، ئێرە ئەفریقا نییە، ئێرە بیابان نییە، ئێرە وڵاتانی عەرەبی نییە” هەزاربارە بکەنەوە و ڕێكخراوه‌ ژنییه‌كان كه‌ بڕیاری سمێڵزله‌كانی نێوه‌ندی پارته‌كانیان به‌ ژنان ده‌گه‌یێین و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان ده‌ڵاڵی بۆ هاوپارتییه‌كانیان ده‌كه‌ن و “٨ی مارس” ڕۆژی ناڕەزایەتی و هاوپشتی جیهانی دژی هەڵاواردنی ژنان کرابێتە بۆنەی ئاهەنگێڕان و مەینۆشی ڕامیاران، ئیدی شایانی سه‌رسووڕمان و گومانکردن نییه‌، كه‌ بۆچی ژنان ئاوا بێده‌نگن و ته‌نانه‌ت ژنان له‌ كارگه‌یه‌ك، فێرگه‌یه‌ك، گه‌ڕه‌كێك، شارێك، زانكۆیه‌ك، بۆ چەند چركه‌یه‌ك یاسای چه‌ند-ژنه‌ نەبووە‌ مه‌شخه‌ڵه‌ و گرفتیان و بۆ به‌رپێگرتنی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی وەخۆنەنەکەوتن !

گۆڕانی کۆمەڵگە له‌ بارێكی ئاوا، گۆڕانی ڕیشه‌یی ده‌خوازێت، كه‌ ته‌نیا له‌ خواره‌وه‌ڕا توانا و بەختی ڕوودانی هه‌یه‌، ڕێك به‌پێچەوانە‌ی خه‌ونی فێمینیسته‌ بۆرجوازییه‌كانەوە، كه‌ خه‌ریكی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ن له‌ته‌ك دەسەڵاتداران و كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ و نێوه‌ندی به‌ناو ژنان له‌نێو ده‌سه‌ڵات و به‌ پاره‌ و كۆمه‌كی ئه‌و پیاوانه‌ی، كه‌ خۆیان چه‌ند ژنیان له‌ ماڵه‌وه‌ وەك كۆیله‌ ڕاگرتووه‌ و خۆیان ده‌سته‌كانی تیرۆری ژنیانیان پێكهیناوه‌ و خۆیان یاساكان ده‌رده‌كه‌ن و واژۆیانده‌كه‌ن. ئایا ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ نییه‌ بۆ هاوبه‌شبوونی فیمینیزمی بۆرجوازی، كه‌ به‌شداری له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی ژناندا ده‌كات و به‌ یاساكان و دەسەڵات و دیمۆكراتییه‌ته‌كه‌یان خۆشباوه‌ڕییان ده‌كات و له‌نێوه‌ندیاندا ڕێوشوێنی پله‌به‌رزی و دەسەڵاتداری خۆیان به‌سه‌ر ژناندا ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌نێو پارته‌كان و دونیای سه‌رمایه‌گوزاریدا به‌ده‌ستییان نه‌هێناوه‌، به‌هۆی ده‌سته‌مۆكردنی ژنانه‌وه‌، پێكه‌وه‌یده‌نێن.

بە کورتی، ئەمانە بەشێکی بەرچاوی جیاوازییەکانن لە تێڕوانیندا، کە بێگومان لە کارکردن و تێکۆشانی ڕۆژانەدا، لە نێوەندەکانی خەباتی کۆمەڵایەتییدا، کە ژنانی ئازادیخواز لە هەموو هەنگاوێکدا خۆیان لە بەرامبەر ژنانی ڕامیار و دەسەڵاتخوازدا دەبیننەوە، جیاوازییە کردەییەکان ئاشکراتر و ڕۆشنتر بەرچاودەکەن، بەدڵنیاییشەوە، کۆمەڵێك جیاوازیی دیکەش دێنە پێشەوە، کە ئێمە هەرگیز لە وەڵامێکی ئەزموونگیرانەی سنوور دیاریکراودا توانای دەرککردیانمان نییە و تەنیا خەباتی ڕۆژگاری داهاتوو دەتوانێت وەڵامیان پێبداتەوە و بەرجەستەیانبکات.

*************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg
بەشی حەوتەم: http://wp.me/ppHbY-Jo
بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv

ئایا په‌ره‌سه‌ندن و پێنانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌واتای ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتییه‌كانێتی؟

ئایا په‌ره‌سه‌ندن و پێنانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌واتای ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتییه‌كانێتی؟

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
06/04/2013

یه‌كێك له‌ درۆ گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ڕامیاره‌کان و فه‌رمانڕه‌وایان و ئابووریناسه ‌ لیبراڵه‌كان، دوای درۆی دیمۆكراسی په‌ڕله‌مانتاری و هه‌ڵبژاردن‌، درۆی په‌ره‌وسه‌ندن و گه‌شه‌كردن و پێشه‌وه‌چوونی كۆمه‌ڵگه ‌و پێنانه‌ ناو قۆناغی مه‌ده‌نییه‌ت (سڤیلیبوون) له‌ته‌ك زیادبوونی داهات و سامانی نه‌ته‌وه‌یی، گوایه‌ خۆشگوزه‌رانی تاكه‌كانی یا هاووڵاتییه‌كانی به‌دووی خۆیدا دێنێت .

بێگومان ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ كه‌ ده‌توانرێت چەندین نووسینی له‌سه‌ر بنووسرێت و مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ باسه‌كه‌ی من ڕه‌نگه‌ زیاتر ڕاكێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ران بێت و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بێت له‌گه‌ڵ تێڕاونینێك له‌ سه‌رتاپای ئابووری و لێدوانێكی كورت بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌ و چه‌ند تێڕامان و پرسیاێكیش به‌دووی خۆیدا ڕاكێشێت..

له‌به‌رئه‌وه‌ی من له‌ بریتانیا ده‌ژیم و ئه‌م وڵاته‌ش به‌ حه‌وته‌مین ده‌وڵه‌تی جیهان ده‌ژمێررێت و سیسته‌می سه‌رمایداری لێره به‌ هه‌بوونی ته‌واوی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و دروستكردنی پارە و سامانێكی هێجگار زۆر له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌‌وه، ‌له‌مێژه‌ ‌هه‌واری خۆی هه‌ڵداوه‌ ‌، لەبەرئەوە من زیاتر ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌مه‌ نیشانه ‌و به‌ڵگه ‌و ئاماره‌كانیش لێره‌وه زیاتر سه‌رچاوه‌ ده‌گرن.

نكوڵی له‌و ڕاستییه‌ ناكرێت، كه‌ بریتانیای ئێستا له‌ هێچ بوارێكدا نه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ ڕامیاریی و نه ڕۆشنبیری و‌ نە ئابووری و هه‌تا له‌ ڕوی كوڵتورییشه‌وه‌، بریتانیای ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی چه‌رخی ڕابووردوو نییه‌. كه‌واته‌ هه‌بوونی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیای نوێ و پێشه‌وچوونی ئه‌م وڵاته‌ له‌ گه‌لێك ڕووه‌وه‌ و كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتری سه‌رمایه‌ و خۆگرتنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ جەمسەربه‌ندی چینایه‌تی (ئیستیقتابی چینایه‌تی)دا،بێبه‌ش نییه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ساڵانێكدا بوونه‌‌ته‌ هۆی زیادبوون و هه‌ڵكشانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی، یا وڵات، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ له‌ چه‌ند ده‌هه‌ی ڕابوردوودا، ڕوودانی ئه‌مانه‌ له‌ لامان خه‌ون و خه‌یاڵ بوون. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتن و پێشه‌وه‌چووونه‌شدا، كه‌چی نیشانەیەکی ئاشكرای نکۆڵیهەڵنەگری بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوانی هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان و خۆشگوزه‌رانی دانیشتووانه‌كانی، لە ئارادا نییه‌ .

ئاماره‌كان ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌، ده‌سه‌لمێنن . له‌ نێوه‌ڕاستی ساڵی 1960دا ڕێژه‌ی بێكاری له‌ 1% بووه‌ له‌ نێوه‌ڕاستی ساڵی 1970 دا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ چووته‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ له‌ 2% . هه‌ر له‌ ساڵی 1970دا ژماره‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی، كه‌ له‌ نێوان 16 تا 30 ساڵ بوون و كرێی سه‌ركاریان له‌ خوار كرێی ئاساییه‌وه‌ بووه‌، ژماره‌یان‌ 1.7 ملیۆن گه‌نج بوون‌، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ بۆ هه‌مان توێژی نێو كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ساڵی 2013دا سه‌ركه‌وت بۆ 2.4 ملیۆن كه‌س. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌ 37%ی ئه‌مانه‌ به‌ كاری کاتی / ناجێگره‌وه‌‌ گیرساونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2007 دا له‌ 27% بووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش، كه‌ له‌ ساڵی 1970دا ڕێژه‌ی کەسانێك كه‌ نیمه‌كارییان ده‌كرد له‌ 30% بووه‌،‌ به‌ڵام له‌ مانگی ئابی ساڵی 2013دا ئه‌م ڕیژه‌یه‌ سه‌ركه‌وت بۆ له‌ 58% كه‌ ده‌كاته‌ 2.9 ملیۆن كه‌س. ئاماره‌كانی ڕۆژی 31/01/2014 ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن، كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی موچه‌ له‌ ساڵانی هه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا به‌ ڕێژه‌ی له‌ 2.9%، له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا به‌ ڕێژه‌ی له‌ 1.5% و له‌ ساڵی 2000دا به‌ ڕێژه‌ی 1.2% بووه‌. له‌ ساڵی 2010شه‌وه‌ به‌ ڕێژه‌ی له‌ -2.2% ( ناقیس 2.2 ) دابه‌زیوه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه‌ له‌ هاتنه‌خواره‌وه‌ی ستانداردی ژیانی خەڵکی بۆ ئاستی 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.

دیاره‌ ئه‌م ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ جێی سه‌رسوڕمان نین،‌ كه‌ له‌ كاتێكدا ده‌بینین له‌ ساڵی 1979 دا له‌ 1% ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان‌ خاوه‌نی له‌ 6% سامانی وڵات بوون. له‌ ساڵی 2006دا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ هه‌ڵكشاوه‌ بۆ له‌ 15% و ساڵی 2013 داهات و سامانی هه‌مان توێژ ‌بەرزبووەتەوە بۆ له‌ 50%ی سامانی وڵات. له‌وه‌ش دڵته‌زێنتر ڕاپۆرتێكی كۆمه‌ڵه‌ی خێریی ئۆكسفامی ڕۆژی 17/03/2014 سه‌لماندویه‌تی سامانی ته‌نیا 5 خێزان له‌ بریتانیادا ‌ 28.1 ملیار پاوه‌نده‌ زیاتره‌ له‌ سامان و داهاتی له‌ 20% دانیشتووانی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ ژماره‌یان 12.6 ملیۆن كه‌سه. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ ساڵی 1997وه‌ تاكو ئایاری 2010 پارتی له‌یبه‌ر(کرێکاران) فه‌رمانڕه‌واییكردووه‌. به‌گوێرەی ڕاپۆرتێكی 17/12/2013ی Institute for Fiscal Studies ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئێستا تەمەنیان 30 ساڵ و 40 ساڵن، واته‌ له‌ ساڵانی 70 و 80 كاندا له‌ دایكبوون، ‌به‌راورد به‌وانه‌ی كه تەمەنیان‌ 50 ساڵە یا له‌ سه‌روو ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ن، له‌ بارودۆخێكی زۆر سەختدا ده‌ژین. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ ساڵی 1997 ژماره‌ی گه‌نجانی ته‌مه‌ن نێوان 18 تا 24، كه‌ نه‌ كاریان هه‌بووه‌ و نه‌ له‌ ڕاهێنانیشدا بوون بۆ كار ده‌ستكه‌وتن، ژماره‌یان 664.000 بووه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ ساڵی 2010دا سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ 920.000 گه‌نج. له‌ هه‌ندێك شوێنی ئه‌م وڵاته‌دا ڕێژه‌ی بێكاران كه‌ كاری به‌رده‌وامییان نییه،‌ له‌ 50% زیاتره‌.
له‌ ئێستادا ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌سه‌ر جۆره‌ كارێكن، كه‌ كرێیان له‌ 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌متره‌، زیاترە. ژماره‌ی ژنانی ته‌مه‌ن نێوان 18 تا 24 ساڵ له‌ شوێنه‌كانی سه‌ر كاری وه‌كو هوتێل و شوێنه‌كانی پاككردنه‌وه‌دا‌، له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2013دا له‌ ڕێژه‌ی له‌ 7%وه‌ بۆ‌ ڕێژه‌ی له‌ 21% بەرزبووەتەوە‌. ئه‌مه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌نجانی ڕه‌گه‌زی نێرینه‌دا بۆ هه‌مان ته‌مه‌ن، له‌ ڕێژه‌ی 14%وه‌ بۆ له‌ 25% به‌رز بووه‌ته‌وه‌‌. به‌ پێی ڕاپۆرتی گاردیانی 02/01/2014 ژماره‌ی ئه‌وانه‌شیان، كه‌ كرێی سه‌ر كاریان له‌ لایەنی كه‌می كرێ، كه‌متریان پێده‌درێت 299.000 كه‌سن. بەگوێرەی ئاماره‌كانی مانگی سێبته‌مبه‌ری 2013 بڕی ساڵانه‌ی موچه‌ی حه‌قیقی ( موچه‌یه‌ك که‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌و پێداویستییه‌کانی ژیانی ئێستادا بالانسێکی هه‌بێت به‌ به‌راورد به‌ پێشتر)، 1500 پاوه‌ندی بریتانی له‌ ساڵی 2010 كه‌متره‌. له‌ ڕاپۆرتێكی دیكه‌ی هه‌مان ڕۆژنامه له‌‌ ڕۆژی 07/02/2014 هاتوه‌ كه‌ له‌ هه‌نووكه‌دا موچه‌ به‌ به‌راورد به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ژیان و هه‌ڵئاوسانی پاره‌ ، له‌ ئاستی موچه‌ی ساڵی 2004دایه‌ و بۆ ئه‌وه‌شی بگاته‌وه‌ به‌ ئاستی موچه‌ی ساڵی2009، تا ساڵی 2020 ده‌خایه‌نێت. له‌ هه‌مان كاتدا دوه‌ڵه‌مه‌نده‌كان ساڵانه‌ داهاتیان به‌ بڕی 35 ملیار پاوه‌ند، زیاد‌یكردوه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بەپێی دوا ڕاپۆرت كه‌ له‌ 28/12/2013دا بڵاوبووەتەوە ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ له‌سه‌ر دابه‌شكردن و به‌خشینه‌وه‌ی خواردن (خواردنی خۆڕایی) ده‌ژین ژماره‌یان 600.000 كه‌سن.

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی گاردیانی 15/01/214 پاش توێژینه‌وه‌ و پرسیاركردن له‌ 35 هه‌زار كه‌س ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، كه‌ پێنجیەکی ئەو کەسانە بۆ دانی كرێخانوو یا بۆ دانه‌وه‌ی سلفه‌ی عه‌قاره‌كه‌یان، پارەیان قه‌رزكردوه‌ و له‌ 19%شیان له‌ ماوه‌ی 12 مانگی ڕابوردوودا یا قه‌رزیانكردوه‌ یا زیاد لە بڕی دیاریکراوی هەژماری بانکیان پارەیان خەرجکردووە‌.

هەروەها لە بارەی ژیانی منداڵانی ئەم وڵاتەوە، له‌ كاتێكدا ئەگه‌ر باوك و دایكیان، یا به‌خێوكه‌رانیان، گوزەرانیان به‌ره‌و‌ خراپی ڕۆیشتبێت، بەبێ گومان ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ سه‌ر ژیانی منداڵه‌كانیشیان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی نووسینگەی نه‌ته‌وه‌یی منداڵان، National Children’s Bureau ڕۆژی 25/08/13 ژماره‌ی منداڵانێك كه‌ له‌ برسێتیدا ده‌ژین 3.6 ملیۆنه‌، كە ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ ساڵی 1969 ته‌نها 2 ملیۆن بووه‌ و له‌ 63% ئه‌م منداڵه‌نه‌ش ته‌نها یه‌كێك له‌ دایك و باوكیان یا ئه‌وه‌ی كه‌ به‌خێویانده‌كات، كاری هه‌یه‌. ( پێناسه‌ی برسێتی منداڵێك به‌وه‌كراوه‌ گه‌ له‌ ماڵێكدا بژی كه‌ داهاتی له‌ ژێر له‌ 60%ی بڕی داهاتی ئه‌و ساڵه‌وه‌ بێت) . بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی دیكه‌ كه‌ ڕۆژی 13/07 /13 له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ڕێکخراو/ نێوەندی بریتانی ١١٠٠٠، شارەزای تەندروستی منداڵان The Britain’s 11000 Specialist in Children Health بڵاوبووه‌وه، ‌ده‌ڵێت ” ڕۆژانه‌ 5 منداڵ گیانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ‌ 2000ی دیكه‌ش تا ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵیی‌ دەچنە ڕیزی ئه‌وان” . هەروها ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت ” ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ ساڵانه‌ لە بریتانیا ده‌مرن، گه‌یشتۆته‌ 6198 كه‌ زۆربه‌ی ئه‌م مردنانه‌ش ده‌توانرا ڕێگە لە ڕوودانیان بگیردرایه‌.

ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كاتێك‌ ئابووری له‌ گه‌شه‌كردندا ده‌بێت، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی یا وڵاتیش له‌ هه‌ڵكشاندا ده‌بێت. له‌م باره‌دا ئاساییه‌ كه‌ بزنسمانه‌كان و كۆمپانیاكانیش قازانجیان له‌ زیادبووندا بێت. به‌ڵام له‌ كاتێكدا كه‌ به‌ هۆی قه‌یرانی ئابووریییه‌وه‌ گه‌شه‌كردنی ئابووری تا ڕاده‌یه‌ك ده‌وه‌ستێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر گوزەرانی سه‌رجه‌می تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ‌و خێزانیان و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان، ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، كه‌چی له‌ هه‌مان كاتدا پشكی بزنسمان (خاوه‌نکار) و كۆمپانییه‌كان، هه‌ر له‌ زیادبووندا ده‌بێت، به‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ سامانی 1000 ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی بریتانیا، بەگوێرەی وتارێكی (شه‌مس میلانی) ڕۆژنامه‌نووس و نووسەر، كه‌ له‌ گاردیانی 30/10/2012، بڵاویكرده‌وه‌ له‌ ساڵی 2008وه‌، به‌ بڕی 155 ملیۆن پاوه‌ند زیادیكردوه‌ . لێره‌دا خوێنه‌ر ده‌توانێت بپرسێت، باشه‌ له‌و بار و دۆخه‌دا كه‌ ئابووری له‌ قه‌یراندایه،‌ ئه‌مه‌ چۆن ڕوده‌دات؟

وه‌كو له‌ سه‌ره‌تاشدا وتم، قسه‌ی من له‌سه‌ر بریتانیایه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر یان كه‌م، دوور یا نزیك هه‌مان كه‌توار ڕووبه‌ڕووی وڵاتانی وه‌كو ئه‌مریكا و وڵاتانی خۆراوا، بووبێته‌وه ‌و له‌وێش هه‌مان شت بێت. من لێره‌دا هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ ئه‌مانه‌ی خوارەوە ده‌گێڕمه‌وه‌:‌

یه‌كه‌م: بڕینی هه‌ندێك له‌ بیمه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی دیکەیان بوونه‌ته‌‌ هۆی دانانی كاراییه‌كی زۆر له‌ سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی و خانه‌واده‌كانیان، له‌ هه‌مان كاتیشدا دابه‌زاندنی باج له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و ڕێگادان به‌ گواستنه‌وه‌ی سەرمایەکەیان بۆ وڵاتگه‌لێك، كه‌ یا هه‌ر باج له‌سه‌ر سەرمایەکانیان دانانێن یاخود بڕی باجه‌كه‌، پاره‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌شی كه‌ یاسای باج له‌م وڵاته‌دا، پڕه‌ له‌ كون و کەلەبەر، كه‌ ئه‌وانیش به‌ هۆی پارێزه‌ر و ژمێریاری زۆر وریاوه،‌ ئه‌و کەلێنانە بۆ خۆڕزگاركردن له‌ دانی باج ده‌ده‌زۆنه‌وه .

دووهه‌م: بنەما و باوەڕی بزنسمان و كۆمپانییه‌كان، وه‌كو هه‌مووان ده‌زانن، ده‌ستكه‌وتنی قازانجی زیاتر و كه‌ڵه‌كردنی پاره‌ یا سه‌رمایه‌ی زیاتره‌، هه‌ر لەبەرئەوەش باری ئابووری هه‌ر چۆن خراپ ببێت و هۆكاره‌كه‌شی هه‌رچی بێت، ئه‌وان باجی ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كڕیار، واته‌ هاووڵاتیان . بۆ نموونه‌ سه‌رخستنی نرخی سه‌رجه‌می پێداویستییه‌كانی ژیان له‌ كڕینی نانێكه‌وه‌ تا به‌نزین و كاره‌با و گاز به‌ ڕێژه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر تا ده‌گاته‌ به‌رزبووونه‌وه‌ی كرێخانوو، كه‌ بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی شێڵته‌ر‌ کرێخانوو به‌ بڕی له‌ 50%ی داهات، له‌ له‌نده‌ندا، نرخه‌که‌ی به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌ . په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و تێچون و خەرجی له‌ به‌خێوكردن و گه‌وه‌ره‌كردنیاندا، به‌ بڕی له‌ 19% له‌ ساڵی 2008 و زیادیكردوه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ بواری خەرجی دایه‌نگە و باخچه‌ی منداڵان و کرێی دایه‌نی تایبەت و خویندنیاندا به‌ڕێژه‌ی له‌ 77%ش له‌ ده‌هه‌ی ڕابوردووه‌وه‌ بەرزبووەتەوە‌. ‌ بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێوەندی متمانەی خێزان و منداڵان، Family and Children Trust ی ڕۆژی 18/03/2014، دوو منداڵی 5 ساڵ و 2 ساڵ بۆ هه‌موو ڕۆژه‌كه،‌ كه‌ دایك و باوكیان له‌سه‌ر كارن، خەرجی ئاگادارییکردنیان لەلایەن دایه‌نه‌وه لە‌ ساڵێکدا 11700 پاوه‌ند له‌سه‌ر دایك و باوكه‌كه‌ ده‌كه‌وێت.

ته‌نانه‌ت كولفه‌ی [خەرجی] مردنیش له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2008وه‌ به‌ ڕێژه‌ی له‌ 20% زیادیكردووه‌. ژماره ‌و ڕێژه‌ی خه‌ڵكانی بێ جێگاو بێ خانوو به‌ره‌ش (بێسەرپەنا) دیسانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه، ده‌وڵه‌تیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خانووه‌ چۆڵه‌كاندا، ڕێگە لەو کەسانە بگرێت، ساڵی پار، 2013، ئه‌و جۆره‌ كاره‌یان‌ كرده‌ نایاسایی و له‌و كاته‌وه‌ به‌ ” تاوان” كردن هەژماردەکرێت و سزاكه‌شی به‌ندیخانه‌ و دانی غه‌رامه‌یه [دانی پارەیە]‌ .

هه‌ر به‌ ‌هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ ملیۆن كرێكار و كارمه‌ند له‌سه‌ر كار ده‌ركراون و یا موچه‌كانیان كه‌مكراونه‌ته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی هێنانه‌خواره‌وه‌ی ستانداردی ژیانیان.
ئاماره‌كان ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن كه‌ 1.2 ملیۆن له‌ كرێكاران لایەنی کەمی کرێ وەردەگرن، كه‌ ئه‌م لانی كه‌مه‌ی كرێش بۆ ته‌مه‌ن 21 ساڵ و سه‌روتر‌ 6.31 پاوه‌نده‌ له‌ ساتێکدا( سه‌عاتێك)، 1.4 ملیۆنی دیکەش ته‌نها 50 پێنس ( نیو پاوه‌ند) زیاتر له‌وان وه‌رده‌گرن. له‌ ساڵی 2013دا سێیەکی زیاتری گه‌نجانی ته‌مه‌ن نێوان 16 ساڵ بۆ 30 ساڵ، كه‌ به‌ ڕێژه‌ی سه‌دی ده‌كاته‌ له‌ 37% كاری کاتییان / ناجێگیریان، وه‌رگرتوه‌ . 2 ملیۆن له‌وانه‌ی كه‌ سەرپەرشتی/ ئاگاداریی پیر و پەککەوتووان دە‌كه‌ن، له‌ ساتێکدا ته‌نها 5 پاوه‌ند وه‌رده‌گرن ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا کە زۆربه‌یان ڕۆژانەکاریان له‌ ساتی 7ی بەیانییەوە ده‌ستپێده‌كات و تا ساتی 10ی شه‌و درێژەدەکێشێت و له‌ هه‌فته‌یه‌كدا 48 سات كارده‌كه‌ن. 5 ملیۆنی دیكه‌ش‌ كرێیه‌ك وه‌رده‌گرن، كه‌ له‌ ژێر كرێی خۆژیاندنه‌وه‌یه‌،‌ له‌ له‌نده‌ندا به‌ 8.55 پاوه‌ند و لە ده‌ره‌وه‌ی له‌نده‌نیش 7.45 پاوه‌ند بۆ هه‌ر ساتێك خه‌مڵێنراوه‌، له‌ 27% ژنان و له‌ 16% پیاوان مووچه‌ی خۆژیاندنیان پێنادرێت، واته‌ كه‌متر له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، وه‌رده‌گرن .

سێهه‌م: هه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ هه‌لێكی باشی داوه‌ته‌ ده‌ست كۆمپانیاكان و خاوه‌نبزنسه‌كان تاکو كرێی كرێكاران كه‌مبكه‌نه‌وه‌، له‌ فول-تایمه‌وه‌ (تەواوکات) بیانكه‌ن به پارت-تایم (نیمه‌کات)، مافه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌، هه‌ل و مه‌رجی سه‌ركاریان سەختر بكه‌ن. گرێبه‌سته‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت (کاتیی) بن ،نەك بۆ هەمیشە، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ هه‌ندێك لە کۆمپانیا گەورەکان و سوپەرمارکێتەکان به‌ ئاگه‌داری ده‌وڵه‌ت، جۆرێك له‌ گرێبه‌ست(یان) داهێناوه‌، كه‌ گوایه‌ له‌ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ژماره‌ی بێكاراندا یارمه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌ده‌ن، كه‌ کۆنتراکتی بێماوەیی Zero-hours contracts پێیدەڵێن. ‌ ئا له‌م گرێبه‌سته‌دا كرێكاران هیچ مافێكیان نییه ‌و كه‌ی خاوەنکار بیه‌وێت، ده‌توانێت ده‌ریانبكات بەبێ قه‌ره‌بووكردن یاخود پێدانی پاره‌ی چه‌ند ڕۆژێكیش، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا ده‌شتوانێت هه‌ر كاتێك پێویستی بە ئەوان بێت ته‌نانه‌ت له‌ ڕۆژانی پشووشیاندا بۆ سه‌ر كار بانگیانبكاته‌وه، هه‌ر بەو شێوەیەش ئه‌و كرێكارانه‌‌ ناتوانن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پلانی هه‌فته‌ی داهاتوویاندابڕێژن. ئه‌مانه‌ هەندێك له‌و شوێنکارانه‌ی بریتانیان، کە ئه‌و جۆره‌ گرێبه‌ستانه‌یان هه‌یه‌‌ : Sainsbury’s , Morrison, Marks & Spencer, Home base , B & Q, Preta Manager, Tesco, Asda , Argos , Amazon , Sports Direct , McDonald, Burger king, JD Weathersooon , Buckingham Palace و زۆر شوێنی دیکەش، بۆ نمونه‌ 145 له‌ زانكۆ و كۆلیجه‌كانی بریتانیا ئه‌و جۆره‌ گرێبه‌سته‌یان له‌گه‌ڵ كرێكار و كارمه‌نده‌كانیاندا هه‌یه‌. ئاماره‌كان نیشانیده‌ده‌ن، كه‌ له‌ 17%ی كرێكارانی كه‌رته‌ تایبه‌تییه‌كان و له‌ 24%ی كرێكارانی كه‌رته‌ حكومییه‌كان و له‌ 34%ی كرێكارانی چێشتخانەکان و ئاشپەزییەکان و مه‌یخانه‌كان و له‌ 48%ی كرێكارانی په‌روه‌ده ‌و فێرکردن و له‌ 27%ی كرێكاران و كارمه‌ندانی خه‌سته‌خانه‌ و كلینیكه‌كان له‌سه‌ر بناخه‌ی ئه‌م جۆره‌ گرێبه‌سته‌ به‌ خاوه‌نكاره‌كانیانه‌وه‌ گرێدراون‌. جگه‌ له‌مه‌ش زیاتر له‌ 2 ساڵە‌، ده‌وڵه‌تی بریتانی پرۆژه‌یه‌كی دیکەی داهێناوه،‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی بێكارن و له‌سه‌ر بیمه‌ی بێكاریی ده‌ژین، به‌زۆر ده‌نێررێن بۆ ئەو شوێنانەی، كه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت له‌به‌كارهێنانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌نێردرێن وه‌كو كرێكارێكی فول-تایم (تەواوکار) كارده‌كه‌ن، بەڵام بەتەنیا لە بەرامبەر بیمەی بێکارییەکەیان، كه‌ به‌مه‌ش نه‌ك تەنیا كۆمپانیاكه‌، سۆپه‌ر ماركێته‌كه‌، یا باڕ و چێشتخانه‌كه،‌ له‌ %100 هێزی كاری ئه‌و كه‌سه‌ ده‌دزن، بەبێ ئه‌وه‌ی یه‌ك پاوه‌ندیان پێبده‌ن، به‌ڵكو هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ جێگەی كرێكارێكی تەواوکاری بەکرێ بۆ خاوەنکارەکە پڕده‌كه‌نه‌وه، واتە ڕۆژانەکاری بەخۆڕایی بەپێی ئەو گرێبەستە‌، له‌ولاشه‌وه‌ ناوی ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ لیستی بێكاراندا دەردەهێنرێت، ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ خانه‌ی ده‌ستكه‌وته‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، كه‌ گوایه‌ ده‌وڵه‌ت كاری بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و سوپاسگوزاری ئه‌و شوێنانه‌شه‌ بۆ ئه‌و كۆمه‌كه‌ی كه‌ پێیده‌كه‌ن.

بێگومان ئه‌م بار و دۆخه‌ خراپه‌ی ئابووری زۆربه‌ی خه‌ڵك، هه‌ر له‌ بریتانیا نییه‌، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌ جیهاندا كه‌ وەك ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، ڕێژه‌ی بێکاری كه‌ له‌ ساڵی 2013 د‌ا له‌ 6% بووه‌ ، له‌ مانگی جێنیوه‌ری 2014دا بۆ 6.1% سەرکەوتووە. له‌ نێو گه‌نجاندیشدا له‌ 13.1% ڕێژه‌كه‌یه‌تی، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ بریتانیا به‌ ته‌نها 18.6% . ئاماره‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن، كه‌ ته‌نها 85 كه‌س له‌م جیهانه‌دا توانیوویانه‌ كۆنترۆڵی 1.1 تریلۆن پاوه‌ند بكه‌ن،‌ كه‌ به‌ر‌امبه‌ره‌ به‌‌ داهاتی ساڵانه‌ی 3.5 ملیار دانیشتووانی سه‌ر زه‌مین‌. له‌ 11.9%ی هێزی كاری ئه‌م جیهانه‌ داهاتی ڕۆژانه‌یان له‌ 1.25 دۆلار یاخود ته‌نها 75 سێنتی پاوه‌ندێكه‌‌. 839 ملیۆنی دیکەشیان داهاتی ڕۆژانه‌یان ته‌نها 2 دۆلاره‌، كه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ش له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای دووهه‌زاردا 600 ملیۆن كرێكار بووه‌. به‌كارهێنانی توندوتیژیش به‌رامبه‌ر ژنان له‌ 28 وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كه‌دا، كه‌ گوایه‌ ئه‌مان له‌ دیمۆكراسی و مافی ژنان و له‌ لێوانلێوی مه‌دەنییه‌تیشدا، لە لوتکە‌ی وڵاتانی دیکەدان ، به‌ڕێژه‌ی له‌ %30 زیادیكردووه‌.

له‌ ئه‌مه‌ریكا، وڵاتی یه‌كه‌می جیهان، له‌ 15%ی خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌ به‌ ژماره‌ ده‌كاته‌ 46.5 ملیۆن کەس له‌ برسێتی و هه‌ژاریدا ده‌ژین، كه‌ 50 ساڵ له‌مه‌وپێش سه‌رۆكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكا، Lynon B Johnson کەوتە هەڵمەتی نەهێشتنی برسێتی، به‌ڵام له‌ ئێستادا ژماره‌كه‌ له‌و كاته زیاتره‌، چونكه‌ برسێتی له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی 1973وه‌ له‌ زیادبووندایه‌، ئه‌‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ی داهاتی ساڵی 2010 ی، له‌ ئاستی داهاتی ساڵی 1964دا بووه‌ . 102 ملیۆن که‌س که‌ له‌ ته‌مه‌نی کارکردندان، بێکارن، ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌ ڕێژه‌ی له‌ %36 له‌ ساڵی 2000 وه‌ چووه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌ ، بڕی ماوه‌ی نێوانی بێکاری خه‌ڵکی و پێشتریان، له‌ ئێستادا ، له‌ مانگی جێنیوه‌ری 2009 وه‌ نزیکه‌ی دووقات زیادیکردووه‌ له‌ 19.6 هه‌فته‌وه‌ بۆ 37.1 هه‌فته‌ . 47 ملیۆن که‌س له‌سه‌ر بیتاقه‌ی خواردنن که‌ به‌رزترین ژماره‌یه‌ له‌و کاته‌وه‌ی که‌ ئه‌م پڕۆگرامه‌ له‌ ساڵی 1969 وه‌ دانراوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ ئەم ساڵدا 1.3 ملیۆن کەس ته‌نانه‌ت بیمه‌ی بێكارییه‌كه‌یشیان، له‌ده‌ستداوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، نزیکه‌ی‌ 40 ملیۆن کەسیش له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌تا پێش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئۆباما، توانانی دەستڕاگەییشتنیان بە خەستەخانە و چارەسەری خۆرایی نەبووە، له‌ ئێشتاشدا ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ نێوان دووباڵه‌ لیبراڵه‌كدا، كۆمارییه‌كان و دیمۆكراتییه‌كاندا‌ .

له‌ هیندوستان کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە پاش ئەمەریکا، بۆ گرتنەوەی جێگەی دەوڵەتی چین، ململانێی لەتەکدا دەکات، داهاتی زیاتر له‌ 600 ملیۆن کەس له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ 1 دۆلار له‌ ڕۆژێكدا تێناپه‌ڕێت، هه‌مو ساڵێك 2 ملیۆن منداڵ له‌ ژێر ته‌مه‌نی 5 ساڵییه‌وه‌ ده‌مرن، نیوه‌ی ئه‌وانه‌شیان كه‌ ده‌مێنننه‌وه‌ و له‌ قوتابخانه‌دان، بێبه‌شن له‌ خواردنێك كه‌ به‌های بژێوی تیادابێت، ساڵانه له‌ 40% قوتابییه‌كانی قوتابخانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان، قوتابخانه‌كانیان به‌جێده‌هێڵن. ساڵی 2012 كه‌ له‌وێ كاره‌با بڕا 700 ملیۆن کەسی گرته‌وه،‌ كه‌ نیوه‌یان به‌هۆی كه‌میی بڕی ئه‌و كاره‌بایە كه‌ هه‌یان بوو، هه‌ستیان پێنه‌كرد. زیاتر له‌ 250.000 خاوه‌نكێڵگه‌ و كه‌سانێك‌ کە له‌ كێڵگه‌كاندا كارده‌كه‌ن، له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ تا ئێستا، له‌به‌ر خراپیبوونی باری ژیانیان، خۆکوژییان کردووە. ( ئه‌م ئامارانه‌ له‌ وتارێكی جۆن پلجه‌ی ڕۆژنامه‌نوس و پەرتووکنووس و فیلم دەرهێنەرەوە ‌، كه‌ له‌ ڕۆژی 03/01/2014ده‌دا، له‌ ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانیدا بڵاویكرده‌وه‌، وه‌رگیراون‌) ‌.

له‌ وڵاتێكی وه‌كو نایجیریا، كه‌ به‌ وڵاتێكی خاوه‌ن نه‌وت و وڵاتی دووهه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌فه‌ریقا هەژماردەکرێت، له‌ 70% دانیشتووانه‌كه‌ی داهاتی ڕۆژانه‌یان دۆلارێك و له‌ دۆلارێك كه‌متره‌. هەروەها وڵاتانی وه‌كو یۆنان و فه‌ره‌نسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و پۆرتوگال و ئێرلەندە، ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ر بیستوون، بێزاربووین.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م هه‌ژاری و نه‌هامه‌تییانه‌ی، كه‌ خه‌ڵكی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا تیایاندا ده‌ژین، زۆربه‌ی زۆری كۆمپانیا گه‌وره‌كان و بزنسامانه ‌ گه‌وره‌كانی جیهان، پاره‌ی زیاتریان كه‌ڵه‌كه‌ كردوه ‌و سەراپای جیهان و مرۆڤایەتییان، خراپتر قۆرخکردووە، ئه‌وه‌تا بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئۆكسفام، كه‌ له‌ مانگی جێنیوه‌ری ئەم ساڵ، 2014دا ، بڵابووه‌وه‌ نیشانیده‌دات، كه‌ داهاتی 85 كه‌سه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی جیهان 1.2 تریلیۆن پاوه‌نده‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ئێمه‌ له‌ قه‌یرانێكی ئابووریی قووڵدا ده‌ژین.

ئا لێره‌دا پرسیاری دووهه‌م دێته‌ پێشه‌وه،‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌م قه‌یرانه‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، قه‌یرانی بزنسمانه‌ گه‌وره‌كان و كۆمپانیا گه‌وره‌كانە یا خوود قه‌یرانی ئێمە؛ ژێرچەپۆکانی ئەوانە؟ به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی دیكه‌ ئایا باجی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌وان ده‌یده‌ن یا ئێمه‌ ده‌یده‌ن؟!!

پاش تێڕوانینی وردی بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی له‌سای ئه‌م قه‌یرانانه‌دا، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی دێن و ده‌ڕۆن به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ی ئه‌م جاره‌یان، كه‌ له‌ ساڵی 2008دا ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، دوا پرسیار کە له‌م وتاره‌دا به‌دووی خۆیدا ڕاماندەکیشێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌؛ ئایا قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌كان ده‌بنه‌‌ هۆی ڕوودانی شۆڕش؟ به‌ واتایه‌كی دیكه‌ برسێتی و هه‌ژاری زیاتر و بێ جێگایی و بێ خانووبه‌ره‌یی (بێسەرپەنایی) و كه‌وتنه‌ سه‌رجاده‌ی هه‌زاره‌ها خێزان به‌ هۆی نه‌داراییانه‌وه،‌ له‌‌ دانی کرێخانوو و سلفه‌ی عه‌قاری خانووه‌كانیان و هه‌ڵكه‌ندرانی ملیۆنه‌های دیكه‌ش له‌ شوێن و ڕێگه‌ی خۆیان و ڕاكردنیان و ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات كردنیان بۆ مشووری ژیان و گه‌لێكی تری له‌م نه‌هامه‌تیانه،‌ كه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌م قه‌یرانانه‌یه‌، ئایا بۆ ڕوودانی شۆڕش بەسن؟ ئاخۆ قه‌یران به‌ ته‌نها ده‌بێته‌ هۆی كڵپه‌سه‌ندنی شۆڕش؟ یاخود ڕاده‌ی هه‌ستكردنی خه‌ڵكی به‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه ‌و هوشیاری تاكه‌كان و وازهێنان لە پاشکۆیەتی ڕامیارەکان و پارته‌كانیان و وانەوەرگرتن له‌ گرێنەدانەوەی ئومێد‌ به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیمۆكراسی په‌ڕله‌مانتاری و گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ بنی كۆمه‌ڵگاوه، ده‌بێته‌ هۆكاری شۆڕش‌؟

هەڵبەتە ئامانجی من لە نووسینی ئەم وتارە و پێشنیارکردنی ئەم پرسیارانە ئەوە نییە، کە وەڵامی ئامادە بە خوێنەر بدەمەوە‌، لەبەرئەوە من وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بۆ خودی خوێنەر بەجێدەهیڵم، تاوەکو بەخۆی بیریان لێ بکاتەوە و بگاتە سەرەنجامێك.

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٨

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.                                                                               هەژێن

بەشی هەشتەم

ئایا ئازادی ڕه‌ها كه‌ ئێوه‌ باوه‌ڕتان پێی هه‌یه‌، نابێته‌ هۆی پێشێڵی ئازادی كه‌سانێك له‌لایه‌ن كه‌سانێكی دیكەه‌وه‌؟

ئازادی ڕەها وەك بۆرجواكان و دەسەڵاتخوازان دەیانەوێت بیشێوێنن، بە واتای ملهوڕی كەسانێك نایێت، بەلكو بە واتای ئەوە دێت، ئازادی من لە ئازادی تۆوە دەستپێدەكات و ئازادی كەسانی دیكە دەبێتە مسۆگەرگەر و دابینگەری. ئازادی لە ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەكسانی هەمووان و دادپەروەری بەدی دێت. ئەناركییەكان لەمێژە لەبەرامبەر پاگەندەی لیبراڵەكاندا كە دارایی تایبەت بە مەرجی بوونی ئازادی دەبینن و لەبەرامبەر پاگەندەی ماركسیسته‌كاندا كە یەكسانی تەنیا لە سایەی دەسەڵاتی قەرەقوشیانەی پارتەكەیاندا دەبینن، دەڵێن «ئازادی بەبێ یەكسانی، بەهرەكێشییە، یەكسانیش بەبێ ئازادی، كۆیلەتییە» و بە بۆچوونی منیش بەبێ ئازادی لە کۆتوبەندە ئابوورییەکان و یەكسانی هەمووان لە دەسەڵاتدا، دادپەوەرییش ئەفسانەیە!

ئەگەر وێناکردنمان بۆ ئازادی ئەو مافەبێت، کە سەروەران یا هێزێکی دەرەوەی خۆمان دیاریدەکەن و پێماندەبەخشن و هەل و پانتاییەکی یەك شەو و ڕۆژە بۆ توانایەکانمان پەیدابووبێت، بێگومان تاکە هارکراوەکان یا هاربووەکان دەتوانن ئازادی ئەوانی دیکەی بەمێگەلکراو بەرتەسكبکەنەوە و بخەنە مەترسییەوە. بەڵام ئازادییەك کە بنەماکەی خودهوشیاریی تاكەکان بێت بە هاودەردی و هاوبەرژەوەندیی و هاوخواستیی و هاومافیی ئەوانی دیکە، ئەوا هیچ کات نابێتە دروستکەری ئەو بارودۆخە ترسێنەرە. وەها خودهوشیارییەك پرۆسێسێکی درێژماوەی چەکەرەکردووی مەیدانەکانی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە، واتە تاکەکان لە هاوبەشیی و گشتێتی ئەو خەباتەدا کەسایەتی و ئازادی خۆیان نازدەکەن و ئەوە دەرکدەکەن و بەو سەرەنجامە هوشیارانەیە دەگەنن، کە ئازادی هەر کەس لە ئازادی گشتدایە و ئازادی گشتیش لە ئازادی تاکەکاندا بەرجەستەدەبێت و مسۆگەردەبێت. هەروا سنووری ئازادی هەر تاکێکێش بە ئازادی ئەوی دیکە دیاریدەکرێت، بەڵام خودی ئازادی تەنیا کاتێك واتا پەیادەکات و دەگاتە ئاستی بێسنووریی، کە تاك لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کولتوورییەکان ڕزگاری بووبێت و یەکسانی ماف و دەسەڵات بۆ هەمووان مسۆگەربووبێت و هەمووان لە هارمۆنی کۆمەڵگەدا بژین و ئازادی و دەسەڵاتییان دەرببڕن.

کاتێك کە ئازادی ڕەها لەسەر بنەمای خۆڕزگارکردن و ئازادبوونی تاك لە ‌هێزە دەرەکییەکان و پشتئەستووبوونی ئەو ئازادییە بە هاوپشتی و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتی لە پڕۆسێسی خەباتی کۆمەڵایەتیدا بێتەدی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕێکخەری بێت، ئەوا هەرگیز سەرەنجامی ڕەهابوونی تاك لە ئازادیدا بە ملهوڕیی و زەوتکردن و بەزاندنی سنووری ئازادی کەسیی ئەوانی دیکە کۆتایینایێت. بەڵام ئەگەر تاکەکان لە چاوەڕوانی بەدیهاتنی یەك شەوڕۆژەی ئەو ئازادییە لە سایەی بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتێك یا لەقاڵبدانی ژیان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆجییەکدا بن، ئەوا بەدڵنییاییەوە هەم ئازادی ڕەها بوونی نابێت و هەم ئەگەر ئەفسانەی ئاوا “ئازادی ڕەها لە سایەی سەروەریی پارت و فەرمانداریی و دەوڵەتی بەناو کرێکاریی” ببێتە شتێکی کەتواریی، ئەوا تاکەکان کە لە پرۆسێسێکی خۆڕزگارییدا پەروەردە نەبوون و هێشتا پەروەردەی کۆمەڵگەی سەرمایەدارین، یەك شەووڕۆژە نابنە فریشتەی ئازادی و بە دڵنیاییەوە درێژە بە ملهوڕییەکانی کەسایەتی بۆرجوازییان دەدەنەوە. هەر ئەم هۆکارانەیە، کە ئەنارکییەکانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە گۆرانی تاك لە کەسایەتی بۆرجوازییەوە بۆ کەسایەتی سۆشیالیستی لە ئەم ڕۆژەوە و هەر لەم کۆمەڵگە ناسۆشیالیستییەدا دەستپێدەکات و لە ڕەوتی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا خۆی پەروەردەدەکات، نەك لە ساتی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و ڕوخانی دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە!

باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ حكومه‌تی كرێكاری و حكومه‌ت به‌ هه‌موو یوه‌كانییه‌وه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، چ جۆره‌ فۆرم و ئاڵته‌رنایفێكتان بۆ ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌؟

ئەمە پرسیارێكی گرنگە و وەڵامێكی تێروتەسەل دەخوازێت، كە لێرەدا بڕواناكەم بتوانرێت بچینە سەر هەموو لایەنەكانی، بەڵام بەكورتی دەتوانم بڵێم، ئەنارکییەکان دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتی قوچكەیی ڕەتدەكەنەوە، لەبەرئەوەی کە ئەو شێوانە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە، سەروەری كەسانیك بەسەر كەسانێكی دیكەدا مسۆگەردەكەن، كەواتە بۆ ڕەتكردنەوەیان، پێویستە شێوازێكی دیكە لە ڕێكخستن و بەڕێوەبەرایەتی بگیردرێتەبەر، كە بەرئەنجامێكی پێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، بەدەستەوە بدات. واتە لە پایەكانی سەروەری و دەستەمۆبوونی مرۆڤ بدات، ئەویش خۆبەرێوەبەرایەتی هەرەوەزییانەیە، واتە هەمووان لە كار و فەرماندا بەشداردەبن، هەر بەو جۆرەش دەبێت لە بەڕێوەبەردن و ڕێكخستنی ژیانیاندا بەشداربن. ئەمەش بە یەكێتی ئازادانە و ڕێكخستنی زنجیرەیی شوێنەكانی كار و ژیان دەكرێت. بۆئەوەی بەر بە دروستبوونەوەی سەروەری دەستەمۆكردن بگرین، پێویستە لە شێوازی نێوەندیبوونی بەڕێوەبەرایەتییەكان بدرێت و بڕیارەكان بۆ پێكهاتە خۆجێییەكان [ئەنجومەن، شورا ، سۆڤیەت، كۆمونە و هەرچی دیكە] بگەرێنەوە و ئەوانیش لەسەر بنەمای ئازادی و یەكسانی و هاوپشتی، دادپەوەری كۆمەڵایەتی مسۆگەر بكەن و خۆیان لە ئاستێكی فراوانتردا ڕێكبخەنەوە.

بەکورتی، پێش هەموو شتێك پێویستمان بە لێدان و هەڵوەشاندنەوەی نێوەندیی ڕێکخستن هەیە، ئیدی ڕێکخستنی خێزانێك بێت یا ڕێکخستنی تیپێکی وەرزشیی و ڕێکخراوێکی جەماوەریی و کارخانەیەك و دەزگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان بێت، واتە ڕێکخسینەوەی کۆمەڵگە لە شێوەیی پێکهاتەی ئاسۆیی؛ یەکسانی هەموو ئەندامانی لە بڕیاردان و جێبەجێکردن یا ڕەتکردنەوە و سەرپێچییکردن. ئەمەش دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی گوتەی “دەوڵەت – وڵات – سەرتاسەریی”. بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگە نانێوەندییەکان دەبنە یەکەی پێکهێنەری یەکێتییە ئازادەکان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسێۆنەکاندا. ئەگەر وردتری بکەمەوە، دەکاتە ئەوەی هەموو گوندێك خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆی دەبێت، لە یەکێتییەکی ئازادانەدا لەتەك گوندەکانی دەوروبەری یەکدەگرنەوە و فێدراسیۆنە ناوچەییەکان پێکدەهێنن. لەسەر ئاستی شارە گەورەکانیش ئەنجومەن/ شورای گەڕەکەکان خۆبەڕێوەبەرایەتی گەڕەکەکان پێکدەهێێن و لەتەك خۆبەڕێوەبەرایەتی گەڕەکەکان و کارگەکان و کارگێڕییەکان و خوێندنگە و نێوەندەکانی دیکە یەکدەگرنەوە و فێدراسیۆن یا ئەنجومەن/ شورای شار خۆبەڕێوەبەرایەتی شار پێکدەهێنن و یەکگرتنەوەی فێدراسیۆنە ناوچەییەکان و شاریییەکان، فێدراسیۆنی هەرێمیی پێکدەهێنن و یەکگرتنەوەی ئازادانەی فێدراسیۆنە هەرێمییەکان، کۆنفێدراسیۆنەکان پێدەهێنن. بەم جۆرە ئەم زنجیرەیە لە یەکگرتن و پێکهاتن کیشوەریی و جیهانی دەبێتەوە. بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەم پێکهاتنانە بەبێ یەکێتی و هاوپشتی هەرەوەزییە ئازادەکان و گروپە خۆجییەکان و خۆبەڕێوەبەڕایەتیی دەزگە و نێوەندەکان، هەرگیز مەیسەر نابێت. لەمەش گرنگتر هەنگاونان و کارکردنی هەر ڕۆژەیە هەر لە ئێستاوە لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و لە ڕەوتی خەباتی کۆمەڵایەتییدا بۆ جێخستنی وەها ژیان و ڕێکخستن و کارکردن و پێکهاتنێك.

ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دەسەڵات بگرنه‌ ده‌ست، ئایا بوونی مزگه‌وت و كلیسا و كه‌نیسه‌ و تێمپله‌كان چی به‌سه‌ر دێت، ئه‌ی مانگاپه‌رستی چی؟

بەر لە هەموو شتێك ئەناركییەكان هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات نادەن، بەڵكو هەوڵی لەنێوبردنی هەموو دەسەڵاتێكی سەروو خەڵكی دەدەن، بە واتایەكی دیكە، هەر ئاوا پێیانوایه‌ كە هەموو تاكێك توانانی خۆڕزگاركردن و خەباتكردنی هەیە، هەر ئاواش هەموو تاکێك توانی خۆبەڕێوەبردن و بریاردانی هەیە. بەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگە ئەركی هەمووان دەبێت و پێویستمان بە ڕابەریی و سەروەریی هیچ كەس نییە و نابێت، تاوەكو كۆمەڵگە بە فەرماندان و سەرەنێزە ڕێكبخات و ڕابگرێت. هەروەها هەر ئاوا كە ئەنارکییەکان بیركردنەوە وەك ئازادی تاكەكەسی لەبەرچاو دەگرن، ئایینیش وەك شتێكی تایبەت و تاكەكەسی لەبەرچاو دەگرن. بەڵام كاتێك كە ئایین و ئەو نێوەندانە بكرێنە شوێنی دژایەتی كۆمەڵگە، ئەوسا ئەوە ئەركی گشت ئەندامانی كۆمەڵگەیە، چۆن هەڵوێست وەردەگرێت، نەك ئەناركییەكان لە جیاتی خەڵكی. چونكە ئەناركییەكان تاكی ئاسایی كۆمەڵگەن و تەنیا بەو ڕادەی كە هوشیارن و دەركی پرسێك دەكەن، ئەرك و خەباتی زیاتریان دەكەوێت ئەستۆ، ئەرك و خەبات نەك فەرماندان و دەسەڵات و سەروەری و بڕیاری قەرەقوشییانە بەناوی خەڵکەوە!

لەسەر ئەو بنەمایە، ئایین پرسێکی تاکەکەسییە و بوونی پەرستگەکان وەك هەر شوێنێکی گشتی، پەیوەندی بە کۆمەڵگەکانەوە هەیە، واتە ئەوە گوند و شارەوانییەکانن کە بڕیاردەدەن، تازەبکرێنەوە، گەورەبکرێن یا بچووكبکرێنەوە و بڕوخێندرێن. هەر ئاوا کە کەسانێكی وەرزشگەر مافی ئەوەیان هەیە، وەرزشگە و تیپێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بە هەمان شێوە پێویستە و دەبێت ئایینداران یا بێئایینان مافی ئەوەیان هەبێت پەرەستگە یا شوێنی کۆبووەنوەی گشتییان هەبێت، بەڵام یەك شت دەبێت ڕۆشنبێت، کە چالاکی ئایینی وەك چالاکی وەرزشیی و هونەریی و ئارەزووەکانی دیکە، بە پیشەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوناگیردرێت و هیچ پاداشتێکی نابێت، بەڵام ئاییندارانیش وەك گشت دەتوانن لە تواناییەکانی کۆمەڵگە بەهرەمەندبن. سەرەرای ئەوەش دیسانەوە ئەوە خودی کۆمەڵگەکان [گوند و شارەوانییەکان]ن، کە بڕیاردەدەن، چۆن بێت و چی بکرێت، هەروەها لەو بارەوە هیچ کۆموڵگەیەك پابەندی بڕیاری کۆمەڵگەکەی هاوسێی نابێت.

ئەمە خوێندنەوە و تێڕوانینی منە بۆ کۆمەڵگەیەك کە ئارەزوویی دەکەم و ئاوا تێدەگەم، کە کۆمەڵگەی ئازاد، هەر ناوێكی هەبێت، پێویستە لەسەر ئەو بنەمایانە ڕێکبخرێت، ئەگەر نا، دواجار سەری لە قەرەقووشییەکانی سەردەمی بۆلشەڤیکەکانەوە دەردەجێت.

باشه‌، كامانه‌ن ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ئێوه‌ له‌ خه‌باتدا بۆ هه‌ڵخراندن و ڕێكخستنی خه‌ڵك ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، كاتێك كه‌ ئێوه‌ هه‌موو لێپرسراوه‌تییه‌ك و رابه‌رییه‌ك ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌؟

ئازیزم، کار و خەباتکردن، خۆبەڕابەرکردن و خۆبەڕابەرزانین نییە. خەباتکردن پێویستی بە ناوبانگ و پلە و پایەی ڕامیاریی نییە، خەباتکردن ئەرکی کۆمەڵایەتییە و ئەرکی کۆمەڵایەتیش، کارێکی خۆبەخشانە و خۆویستانەیە. کاتێك کە کەسێك خۆبەخشانە و خۆویستانە کارێكی کۆمەڵایەتی ئەنجامدەدات، نە پێویستی بە ڕابەر هەیە تا فەرمانی جێبەجێکردنی کارەکەی بەسەردا بدات، نە پێویستی بە ڕابەربوونە، تا فەرمان بەسەر کەسانی دیکەدا بدات، بۆ ئەوەی کارەکە جێبەجێیبکەن. تەنیا شتێك کە پێویستییەتی، خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێکردنە، کە دەکاتە لێپرسراوەتی کۆمەڵایەتیی.

ئەناركییەكان لە شوێنی كار و ژیانی خۆیاندا وەك تاكێك لە خەباتی ڕۆژاندا بە بۆچوونی تاكیی خۆیانەوە بەشداریدەكەن و ئەوەی دەیڵێن، هەوڵی كردەییكردنەوەی دەدەن و چاوەرێی دەرچوونی فەرمان لە هیچ كەسێكەوە ناكەن و فەرمانیش بەسەر كەسی دیکەدا نادەن. واتە نە خۆیان لەسەرووی خەڵكەوە دەبینن و نە خەڵكیش لە سەرووی خۆیانەوە. ئەمەش بۆ ئەو بنەمایە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان پێویستیان بەناونان و بڕوایان بە خۆقوتکردنەوە وەك نوێنەر و قسەکەری ئەنارکیستەکان نییە و هەر کەس لە شوێنی کار و ژیانی خۆیدا وەك کەسێك بەشداری خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی دەکات و هەوڵی بۆچوونگۆرینەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئەو چین و توێژە یا ئەو ڕێکخراو و گروپە خۆجییە لەو ڕۆژەدا دەکات و خۆی لە بیرکردنەوە و گفتار و کرداری خۆی بەرپرسە و نوێنەرایەتی کەس ناکات و بەناوی کەسانی دیکەوە قسەناکات و باشترین شوێنیش بۆ چالاکیکردنی چالاکێکی ئەنارکیست، شوێنی ژیان و کار و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانییەتی، نەك خۆهەڵقورتاندنە کاری شوێن و گروپ و ڕێکخراوەکانی دیکە. ئەمەش بەو بنەمایە پشتئەستوورە، کە دەبێژێت “خۆجێی چالاکی بکە و جیهانی هاوپشتی بە و بیربکەرەوە”.

من به‌رچاوم نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ئێوه‌ شیعاری جیایی دین له‌ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی سكیولار به‌رز بكه‌نه‌وه‌، بۆچی، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ ماركسیسته‌كان و عیلمانیه‌كان ئه‌و دروشمانه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌؟

ئەگەر بە كورتی بیبڕمەوە، ئەوا دەڵێم من ئەم دروشمە بەهەندوەرناگرم، لەبەرئەوەی كە دروشمێكی فریودەرانەیە. جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، ڕێك وەك جیاکردنەوەی سێبەرە لە تەن ! دەوڵەت بەخۆی زەمینیکردنەوەی دەسەڵاتی خوای ئەفسانەکانە، واتە بە خواکردنی مرۆڤی دارا و دەسەڵاتدارە. لە باری یەکەمدا، کە مرۆڤی دەسەڵاتدار لەژێر پەردەی دەسەڵاتی خوادا پاوانگەریی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا دەسەپێنێت و خۆی وەك جێبەجێکەری فەرمانی هێزێکی نامرۆیی لە ئاسمان نماییشدەکات، لە باری دووەمدا، لەژێر کارایی هوشیاربوونەوەی تاکە ژێردەستەکان و یاخیبوونیان و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکاندا و زاڵبوونی بەڵگە زانستییەکان بەسەر ئەفسانەکانی خوادا، ناچاردەبێت بەناوی خۆیەوە ئەو فەرامانانە نمایشبکات. بۆ ئەوەش پێویستی بە پیکهاتەیەکی تۆکمەتری قووچکەیی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستە دەوڵەتی ئاسمانی پێکهاتوو لە سێکوچکەی ( خوا – پەرتووکی پیرۆز- کەنیسە و ئیمپراتۆر) لە دەوڵەتی هاوچەرخ “دەوڵەتی نەتەوەیی/ سێکیولار” لەسەر سێکوچکەی ( پارلەمان – یاسا و ڕەایەتیدان – سەپێنەر [فەرماندار] ) دادەڕێژێتەوە و ناوی دەنێت جیایی ئایین لە دەوڵەت !

بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو دوو فۆرمە لە دەسەڵات [چ کلیسایی و چ پارلەمانی] بدەین، ئەوە دەبینین، کە هیچ لە پێکهاتەی دەسەڵات نەگۆڕدراوە و تاکی ژێردەست هەمان ڕێوشوێنی پێشووی هەیە و پارێزراوە، تەنیا شتێك کە گۆڕادراوە، گۆڕانی شوناسی ڕواڵەتیی تاکە لە “کۆیلەی خوا / کەنیسە”وە کراوە بە “هاووڵاتی / کۆیلەی دەوڵەت [سیستەمی ڕامیاریی]” و ڕێکخستن لەسەر بنەمای (خوا – کۆیلە) هەر وەك خۆی ماوەتەوە. بێجگە لەوەش، ئەگەر سەروەریی ئیمپراتۆر تەنیا پێویستی بەیەك ئایدیلۆجیا بووبێت، کە ئایینە، ئەوا دەوڵەتی هاوچەرخ بێجگە لە ئایین، پێویستی بە کۆمەڵێك ئایدیۆلۆجیی دیکەش هەیە؛ دیارترینیان ناسیونالیزمە، کە پاش کەمبوونەوەی کارایی ئایین لەسەر تاکە ژێردەستەکان، توانی جێگەی دەبەنگکەریی مەزهەب بگرێتەوە.

ئەگەر بمەوێت لە ڕوانگەی هزری ئەناركییەوە ئەو دروشمە ڕاستبكەمەوە، ئەوا دەبێتە «جیایی دەوڵەت لە كۆمەڵگە و كاروباری كۆمەڵایەتی». چونكە دەوڵەت خۆی پێكهاتەیەكی سەر و خوارە و لەسەر بنەمای خوا و كۆیلە، فەرماندەر و فەرمانبەر دامەزراوە. دەوڵەت كۆپی دەسەڵاتی خوای ئایینەكانە، ھەروەك چۆن سۆشیالیزمی دەوڵەتی كۆپی و ھەوڵی دونیاییكردنی بەھەشتی ئایینەكانە.

دەوڵەتە ئەوروپییەكان و تەنانەت دەوڵەتی ئیسرائیل و (توركیە)ش سێكیولارن، ئایا لەو دەوڵەتانەدا ئایین هیچ کاراییەکی لەسەر بڕیارەکان نییە؟ ئایا بەتەواوەتی لە سیستەمی خوێند و پەروەرەدە دابڕاوە و دەستکۆتاکراوە؟ ئایا دەوڵەت وەك لە سعودیە و ئێران و ڤاتیکان، هەر دەوڵەتی چیناتیەتی نییە؟ دەوڵەتانی بلۆكی ڕوسیای جاران و بلۆكی چین نائایینی بوون و تەنانەت ئایین تیایاندا بەجۆرێك قەدەخە بوو، ئایا دەوڵەتی چینایەتی نەبوون؟ لەبەرئەوە، ئایا پێکهێنانی دەوڵەتی سێکیولار [دێمۆکراسی پارلەمانی] لەجێی دەوڵەتە تیئۆکراسییەکان، ئامانجی بزووتنەوەی سۆشیالیستخوازە و کۆتایی بە ئامانجگەییشتنمانە؟ ئەگەر وەڵام [نا/ نە]یە، ئیدی ئەو هەموو وزە بەخەرجدانەی بزووتنەوەکە لەپێناو دروستکردنی فەرمانداریی و دەوڵەتی سیکیولاریست، لەلایەن کەسان و گروپ و پارتانێکەوە، کە پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەکەن، لەپێناو چییە؟

ھەڵبەتە ئەوەشمان لەبیرنەچێت، كە جیایی ئایین لە دەوڵەت لە دیمۆكراتترین [دێمۆكراتی پارلەمانی] و سێكیۆلاریستترین دەوڵەتانی ئەوروپادا بوونی نییە و ئایین بێدەسەڵات نییە و لە دەوڵەت دابڕاو نییە. نموونە، لە وڵاتانی ئەوروپی دەسەڵاتی ئابووریی كەنیسە لە پاش دەسەڵاتی دەوڵەتەوە ھاتووە و ئێستا لە پێش دەوڵەتەوەیە، لەبەرئەوەی كە دەوڵەتە سێكیۆلاریستەكانی ئەوروپا بەھۆی ڕامیاریی تایبەتیكردنی كەرتەكانی بەرھەمھێنان و كەرتە خزمەتگوزارییەكان و خانووبەرەوە، قەرزاری بانكەكانن و جاران كە ھۆساری دەوڵەت بەدەست كەنیسەوە بوو، ئێستا ھۆساری دەوڵەتە سێکولاریستەکان بەدەست بانكەكانەوەیە، بەڵام كەنیسە و دامەزراوەكانی بەراورد بە دەوڵەت، سەربەخۆیی ئابوورییان زیاترە. ھەروەھا ڕۆڵی دەزگە ئایینییەکان لە پەروەردە و فێركردندا [بە دیاریكراوی لە ساڵانی ھەرە گرنگ و ھەستیار و چارەنووسسازی منداڵاندا، واتە باخچەی مناڵان و فێرگەی سەرەتایی] لە پاش دەوڵەتەوەیە؛ دەتوانین بڵێین كە ژمارەی باخچەی ساوایان و فێرگەكانی سەر بە لكەكانی كەنیسە، ئەگەر لە ژمارەی باخچەی ساوایان و فێرگە دەوڵەتییەكان زیاتر نەبێت، زۆر كەمتر نییە. بێجگە لەوەی كە دەسەڵاتی ئابووری كەنیسە و دامەزراوەكانی لە دەوڵەت زیاترە، كەنیسە لە بەرامبەر وەرگرتنی منداڵان لە باخچە و فێرگەكانیدا لەلایەن دەوڵەتەكانەوە ھاریكاری و پشتیوانی دارایی وەردەگرێت، بەڵام لە بەرامبەردا كەنیسە ئازادە لە سەپاندنی ئایین بەسەر مناڵاندا لە شەش مانگییەوە تا شەش ساڵی. ھەورەھا ھەر سەرپەشتیگەر یا فێركارێك كە ئایینی نەبێت یا ئایینێكی دیكەی ناكریستی ھەبێت، ماف و چانسی بەدەستھێنانی كار و وانەگوتنەوەی لە باخچە و فێرگەكانی كەنیسەدا نییە. لەمەش خراپتر ئەوەیە كە منداڵانی فێرگەكان لە ڕۆژاێکی هەفتەدا وەك بەشێك لە وانەی ئایین، بە كۆمەڵ دەبەنە كەنیسەكان و وێردیان پێدەخوێنن !

ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، دانەری یاسای دەوڵەتەكانی وڵاتانێك، كە ئایینی زۆرینەیان ئیسلامە، دەستی پشتپەردەی دەوڵەتە سێكیۆلاریستەكانە. ئایا سێكیۆلاریزمی وردەبۆرجوازی گلەییكەر [گلەییکەر نەك ڕەخنەگر و ڕەتگەرەوە] لە سەركوتی مەزهەبیی و ڕامیاریی، كە دەیەوێت بە پاشگركردنی سۆشیالیزم و كۆمونیزم بۆ پارتە دەسەڵاتخوازەكانی، کۆمەڵگەی ژێر چەپۆکی دەوڵەتانی سێکولاری ئەوروپی لە ئێمەی بكات بە دونیا ئازاد و یەكسان و دادپەروەر، دەتوانێت لە سێكیۆلاریزمی دەوڵەتانی ئەوروپا باشتر و ڕادیكاڵتر بێت، كە لەژێر فشاری چەند سەدە خەباتی چەوساوانی ئەو وڵاتانە و وەڵامدانەوە بە نیازە بازرگانییەکانی سەرمایەداران ملیان بەو ڕیفۆرمانە پێداوە؟

لەبەرئەوە دروشمگەلی “جیایی ئایین لە دەوڵەت” و “دەوڵەتی سێكیولار”، كۆمەڵێك دروشمگەلی فریودەرانەن، كە وردەبۆرجوازی ناڕازی و دەسەڵاتخواز [لەپێش ھەموویانەوە پارتە ماركسیست- لێنینست- حیكمەتیستەكان] دەیەوێت دەوڵەتی چینایەتی بە ڕەنگ و بەرگێكی دیكەوە بە كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان بفرۆشێتەوە. ئەوەی دەوڵەت لە ھەندێك شوێن و ساتی مێژووییدا ناچارە كاژێك فڕێبدات، بەخۆشی خۆی و خۆبەخشانە نایكات، بەڵكو فشاری كۆمەڵگە و بەرزبوونەوەی ئاستی و چاوەڕوانی خەڵكە، كە ئەو فشارە دروستدەكات و دەوڵەت دەخاتە دووڕیانی تیاچوون یا چاكسازیی ناچاریی لە بەرژەوەندی ژێردەستان.

جیاكردنەوەی ئایین لە كۆمەڵگە تا ئەو كاتەی كە تاكەكانی كۆمەڵگە پێویستییان پێیەتی و پەیڕەوی دەكەن، ئەستەمە و ھەر زۆردارییەك لە سەركوتی ئاییندا، ئایین بەھێزتر و دواجار بەرەو ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتی دەبات، ھەروەك لە ڕوخانی بلۆكی بۆلشەڤیكیدا دیتمان. لەبەرئەوە تەنیا ڕۆشنگەریی و ھوشیاریی لە بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگە و ژیاندا دەتوانن ھۆكارێكی كارابن بۆ ڕەواندنەوەی خۆشباوەڕیی بە پوچگەرایی و ئەفسانەكانی ئایین، بەڵام ھەر فشار و سەركوتێك، بەھەمان ڕادە جێفشار و سەركوت بەھێز و یەكگرتووتر دەكات. ھەر بۆیە لە جیاتی سەركوتی ئایین، پێویستە ئایین وەك پرسێكی كەسیی تاكەكانی كۆمەڵگە ئازادبێت و لە جیاتی جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پێویستە دەوڵەت وەك ئامرازی ڕاگرتنی ستەم و پێكھاتەی قوچكەییانەی خوا و بەندە، وەك كۆپی دەسەڵاتی خواكان لە کۆمەڵگە جیابکرێتەوە، واتە لەنێوببرێت. لێرەوەشەوە ھەنگاو بۆ ڕەواندنەوەی خۆشباوەڕیی تاكە چەوساوەكان بە بەدونیاییكردنی بەھەشت بەناوی سۆشیالیزمەوە [سۆشیالیزمی دەوڵەتی] بنرێت. بە واتایەكی دیكە، ئایین شتێكی كەسیی تاكەكانە و نابێت گشتگیر بكرێت، دەوڵەت ئامرازی ستەمگەریی چینایەتییە و سۆشیالیزمی دەوڵەتیش، وێناكردن و دونیاییكردنی بەھەشتی ئەفسانەكانە!

بە بۆچوونی من، ئەوی بخوازێت خۆشباوەڕیی بە پووچگەرایی ئایین و نوێنەرایەتی دەسەڵاتداران بۆ خوای ئەفسانەکان بڕەوێنێتەوە، پێویستە لە نێوەندی ژیان و کارکردن و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بڕوابوون بە تواناییەکانی تاك و هێزی کۆمەڵایەتیی یەکگرتنی ئەو تاکانە و چارەنووسسازیی خەبات و تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی و وازهێنان و پشتکردنە پێکهاتە و ڕێکخستنە ڕامیارییەکان و خستنەڕووی هاوبەشییەتی داخوازییەکان و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەمووان و ناکۆکییان لەتەك بەرژەوەندی و بڕیارەکانی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و بەڕێوەبەرەکان و لە توانادابوونی هێنانەدی ئەو داخوازیی و ئاواتانە لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکگرتووانەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بەرامبەر دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕامیاران و دەرکەوتنی هەڵوێستی پیاوانی ئایینی و پارت و گروپە ئایینییەکان لەو کیشمەکێشە چێنایەتییەدا. بە تێروانین و ئەزموونگیریی کەسیی من، بێجگە لەم شێوازە، هەر پەلاماردانێکی ئایین و خۆشباوەڕیی کەسەکان بە پووچگەرایی ئایین، تەنیا ئەوە بەرهەمدەهێنێتەوە، کە لە بلۆکی ڕوسیدا بەرهەمیهێنا، واتە زیاتربوونی هەژماری پەرستەگەکان، یا ئەو ڕەخنە ڕامیاریی و وردەبۆرجوازییانەی کە ڕەوتی “کۆمونیزمی کارگەریی” وەك دژە-ئیسلامێك ئاراستەی ئایینی باوی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی کردن و بێجگە لە بە‌هێزکردنی دەمارگیریی ئایینی و توندوتیژی و هاندان بۆ توندوتیژی، هیچی دیکە نەبوون. چونکە یەکەم، لە سووکایەتی و جنێودان بە سیموڵەکانی ئەو ئایینە تێنەپەڕین و دووەم، هەوڵێکی ڕامیاریی بوون و لە بەیاننامە و هەرای ژووری مەسینجەرەکان تێنەپەڕین و لە مەیدانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتییدا نەیانتوانی ببنە چەکی کارا بۆ لێدانی پایەکانی خۆشباوەڕیی و پووچگەرایی ئایین، بەڵکو دەمارگیریی ئایینی کرێکاران و زەحمەتکێشانیان بەهێزتر کرد!

***********************************************************

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN

بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY

بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If

بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH

بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN

بەشی شەشەم:http://wp.me/ppHbY-Jg

بەشی حەوتەم:http://wp.me/ppHbY-Jo

بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv

دیسانه‌وه‌ هه‌مانه‌ی ده‌ماندنی فشه‌ که‌وته‌وه‌ کار!!!!!

دیسانه‌وه‌ هه‌مانه‌ی ده‌ماندنی فشه‌ که‌وته‌وه‌ کار!!!!!

زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

04/04/2014

زۆر گه‌ڕام به‌ دوای تایتڵێکی دیکه‌دا که‌ باشتر بسازێ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و هاشه‌و هوشه‌ی کاندیده‌کانی نێو ئه‌و یارییه‌دا ، لێ له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ باشترم نه‌دۆزییه‌وه‌ .

هه‌ر 7 مانگێك به‌ر له‌ ئێستا بوو خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن ڕامیاره‌کان و پارته‌کانیانه‌وه‌ ، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتاره‌کانی کوردستان ، تاودران و بوو به‌ ڕۆمه‌ڵخه‌زایه‌ك که‌ له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌دا، نه‌بینراوه‌ و‌ نابینرێت. ئێستاش بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مانی عێراق و پارێزگاکان ، ده‌ستیپێکردۆته‌وه‌ .   له‌م گه‌مه‌یه‌شدا وه‌کو ئه‌وانه‌ی پێشتر ، که‌سانێکی ‌ ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و حیزب جیا ، به‌ڵام به‌ هه‌مان ئایدیاو هه‌مان ئامانج له‌ پرۆسه‌ی له‌خشته‌ بردن و گێلکردنی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌ستبه‌کارن. هه‌ر یه‌که‌یان کۆمه‌ڵێك وشه‌ی بریقه‌دارو سۆزڕاکێشی له‌به‌ر کرده‌وه‌ و په‌یتا په‌یتا ‌ به‌گوێی ناسیاوان و نه‌یارانیدا، ده‌داته‌وه ، به‌ڵینی فشه‌یان ده‌داتێ و له‌به‌رده‌میاندا ده‌بێته‌ قه‌تره‌یه‌ك ئاو .

ڕه‌نگه‌ به‌ده‌گمه‌ن که‌سانی سه‌ربه‌خۆ، ناپاشکۆ، به‌ حیزبه‌کان له‌ نێو کاندیده‌کاندا ، هه‌بن، ‌ زۆرربه‌یان سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌و حیزبانه‌ن که‌ ساڵه‌هایه‌کی دووروو درێژه‌ پێناسه‌کانیان لای زۆربه‌مان، که‌شفه‌ و له‌م پرۆسه‌یه‌شدا مێگه‌له‌که‌شیان ئازادکردووه‌ به‌ ده‌نگدان به‌ هه‌ر یه‌کێك له‌ شوانه‌کان که‌ خۆیان، ده‌نگه‌ده‌ر‌ان، ده‌یخوازن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م پارت و کاندیدانه‌ شه‌رم له‌ خۆیان ناکه‌ن ، پرسیارێك له‌ خۆیان ناکه‌ن، که‌ ده‌توانن چی پێشکه‌ش به‌م خه‌ڵکه‌ هه‌زاره‌ی کوردستان بکه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر باس له‌ ڕۆڵی حیزبه‌کانیان بکه‌ن، ئه‌وه‌ هه‌موومان ده‌زانین که‌ ڕۆڵی هه‌ر هه‌موویان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌ودواوه ‌و به‌شداری و هاوبه‌شی له‌ گه‌نده‌ڵی و دزینی سامانی وڵات به‌ سروشتی و ناسروشتییه‌وه، له‌ وێرانکردنی وڵاته‌وه‌ ، له‌ هێنانی کۆمپانیای بێیانه ‌و ته‌راتێنکردنی تۆڕه‌ سیخوڕییه‌کانی وڵاتانی دراوسێ و ئه‌مه‌ریکا و هه‌تا وڵاتانی خۆرواش، له‌ نێو وڵاتدا.  هێنانی ئه‌ته‌کییه‌ت و کوڵتوری ئێکسپایه‌ری خوازراوی خۆراوا و ئه‌مه‌ریکا و داخوازییه‌کانی بازاڕئازاد و گرانکردنی سه‌رجه‌می پێداویستییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌و ده‌رگاکردنه‌وه‌ بۆ هێنانی هه‌موو کاڵایه‌کی بێیانه‌ هه‌ر له‌ سه‌یاره‌وه‌ تاکو کاڵایه‌کی بچوک و زۆری دیکه‌ له‌مانه‌ ، چی تریان بۆ خه‌ڵکی کردوه‌ یا هێناوه‌؟!!  کاتێکیش که‌ کاندیدێک سه‌ر به‌مان بێت ده‌توانێت چ شتێکی جیاواز، چ خواستێکی خه‌ڵکی بهێنێته‌ دی ؟!!!

باشه‌ ئه‌م کاندید یا ئه‌و حیزب چ به‌رنامه‌یه‌کیان له‌ کێشه‌ی بێکاری و ئاو و کاره‌با و گاز و که‌مکردنه‌وه‌ی کرێخانو و   کێشه‌ی خانوووبه‌ره‌، لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی هاتوچۆو به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی هه‌موو که‌ره‌سه‌کان و پێداویستییه‌کانی ژیان، زیادکردنی موچه‌ی سه‌رکار، پارێزگاری و سه‌لامه‌تی سه‌ر کارو کارکردن و مه‌سه‌له‌ی ژینگه و مافی ئاژه‌ڵ و دابینکردنی ئازادی تاکه‌کان، هه‌یه‌ ‌؟ . ئه‌ی ده‌رباره‌ی ‌ هه‌بوونی هه‌موو ئه‌و قوتابخانه‌ و زانکۆ و په‌یمانگا ‌ و خه‌سته‌خانه‌ و کلینیکه‌ ئه‌هلییانه‌، وه‌ستاندنی لێدانی بیری ئیرتیوازی و چاڵه‌ نه‌وتینه‌ یه‌ك به‌دووی یه‌که‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی لادێکان و کۆتاکردنی ده‌ستی کۆمپانیا بێیانه‌کان و بوژاندنه‌وه‌ی کشتیاری و ئاژه‌ڵداری و داخستنی سنوره‌کان به‌ڕوی کاڵای بێیانه‌دا یا لانیکه‌م دانانی باجێکی گونجاو له‌ هاوردنیاندا، وه‌ستانی هه‌راجکردنی زه‌وی زارو ده‌شت و شاخه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌یان و به‌ کۆمه‌ڵایه‌تیکردنیان تاکو هه‌موو هاووڵاتییه‌ك وه‌ك یه‌ك که‌ڵکیان لێببینێت… ئه‌ی بۆ ئه‌مانه‌ کاکه‌ و داده‌ی کاندید به‌رنامه‌یان چییه‌؟!!!    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت و دین و ده‌وڵه‌ت له‌ په‌روه‌رده‌و فێرکردن و ده‌زگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانی دیکه‌ و کارکردن له‌سه‌ر هه‌ستی تاکه‌کان و یاساخکردنی هه‌موو هه‌ڵمه‌تێکی میدیاکان و پاگه‌نده‌ی پارت و ڕامیاره‌کان له‌ دژی هاوووڵاتیانی غه‌یره‌ کورد و خه‌ڵکانی بێیانه‌ که‌ له‌وێدا کار‌ده‌که‌ن ، ئه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ چی له‌ هه‌گبه‌که‌یاندایه‌؟!!! یا بۆ  باشکردنی ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌کان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فیعلی یاساکانی پاره‌ی خانه‌نشینی په‌ڕله‌مانتاره‌کان و یاسای فره‌ژنی و خه‌ته‌نه‌کردنی کچان و هه‌تا کوڕانیش، چی ده‌ڵێن؟!!!   ئایا پلانێکی ته‌واو له‌ پارێژگاریکردنی ژینگه‌و کارکردن له‌سه‌ر پوکانه‌وه ‌و زینده‌به‌چالکردنی نه‌رێته‌ کۆنه‌ زه‌ره‌ربه‌خشه‌کان و وه‌ستانی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی که‌سانی نزیکی به‌رپرسان و ده‌ستڕۆیشتوان به‌ پاره‌ی مۆڵ بۆ خوێندنی باڵا له‌ وڵاتانی ببێیانه‌ و به‌ جددی کارکرددن بۆ پرسی ژنان و پاراستنی ژیانیان و کۆتایییهێنان به‌ توندوتیژی دژیان و دژی منداڵان، گرتنه‌وه‌ خه‌رجی له‌ مزگه‌وت و که‌نیسه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ حیزبییه‌کان و سێنته‌ره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌ تاکی تیادا بێده‌نگده‌کرێت و بیرو هۆشی و که‌سایه‌تی ئه‌وی تیادا تیرۆرده‌کردێت ،  بنه‌بڕکردنی بیرۆکراسی به‌ گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاره‌کان بۆ نێو خودی کۆمۆنێتی و خه‌ڵکه‌کانی، دانانی بوجه‌ی تایبه‌تی بۆ گه‌ڕه‌که‌کان ، گونده‌کان شارۆچکه‌کان و تاکو به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نه‌کانی خه‌ڵکانی ئاسایی سه‌ربه‌خۆ له‌ پارته‌کانی ئه‌و شوێنانه‌، بڕیار له‌سه‌ر ‌ سه‌رفکردن و به‌کارهێنانیدا، بده‌ن، دروستکردنی لیژانی جیاجیا له‌ دانیشتوانی ناحیزبی بۆ چاودێریکردنی کاروباره‌کانی دائیره‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان . سۆپه‌رمارکێته‌کان ، دوکانه‌ بچوکه‌کان کێڵگه‌ کشتیارییه‌کان…. بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له‌ بیرۆکراسییه‌ت و نه‌کردنی کاره‌کانیان به‌ ڕێکوپێکی، بۆ  ڕاگرتنی نرخی گونجاو و دانراو بۆ کاڵاکانیان و نه‌فرۆشتنی خواردن و ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر ، بۆ ئه‌مانه‌ چ پلانێکیان هه‌یه‌ ؟!!!  به‌ڵێندان و کارکردن له‌سه‌ر دروستکردنی فه‌زای ئازادی لێدوان له‌ سه‌ر سه‌رجه‌می پرسی دین و مه‌زهه‌ب ، ژنان ، گه‌نده‌ڵی ، په‌روه‌رده‌ و فێرکردن و کێشه‌کانی دیکه‌ ‌ له‌سه‌ر ڕوبه‌ره‌کانی ڕۆژنامه‌کان و شاشه‌ی ته‌له‌فزوێنه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکانی مشتومڕ که‌ر ، هه‌ر لایه‌نێک بن، ڕووبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسی ژیان ببنه‌وه‌ ‌ ‌، له‌م مه‌یدانه‌دا چیمان پێده‌ڵێن؟!! ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو ملیۆنه‌رو م لیارده‌ره‌ی که‌ به‌ به‌رده‌وامی ژماره‌یان له‌ زیادبووندایه‌ ، چی ده‌ڵێن؟!!!

بێگومان ئه‌م لیسته‌ نیوه‌ی ئه‌و داخوازیانه‌ش نین که‌ مان و نه‌مانی ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی ، پێوه‌گرێدراوه‌ ، چونکه‌ ده‌توانین ئه‌م لیسته‌ بۆ زۆر داخوازی دیکه‌ درێژبکه‌ینه‌وه‌ . به‌ڕای من ئه‌مانه‌ به‌شێکی گرنگی ژیانی خه‌ڵکین، گه‌رچی شؤڕش نیین‌ ، به‌ڵام کردنی ڕیفۆرمێکی به‌رچاوگرن له‌و وڵاته‌دا که‌ دانیشتوانی شایانی زیاترن،‌ بۆیان بکرێت.   به‌ڵام ئایه‌ که‌سێك‌ له‌ کاندیده‌کان به‌رنامه‌یه‌کی ئاوا به‌ خه‌ێاڵیدا دێت یا ڕاستتر ده‌وێرن بۆ ته‌نها به‌شێکی بچوك له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ کار بکه‌ن یا هه‌ر پاگه‌نده‌شی بۆ بکه‌ن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ناتوانن به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ داوای ده‌نگدانمان لێده‌که‌ن ؟!! ئایا هه‌ر به‌ ته‌نها باسکردن له‌ بوجه‌ و شه‌فافییه‌ت به‌سه‌؟ ئه‌م قه‌وانه‌ هه‌ر نه‌بڕایه‌وه‌ ، ئه‌م ده‌هۆڵه‌ی  چه‌نده‌ها ساڵه‌ لێده‌ردرێت ، هه‌ر نه‌دڕا؟ له‌ خشته‌بردنی ئه‌م خه‌ڵکه‌و خۆڵکردنه‌ چاویانه‌وه‌ ، هه‌ر کۆتایی نه‌هات؟!!

دەنگدان بە مشەخۆران و هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر

دەنگدان بە مشەخۆران و هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر

هەژێن

جارێکی دیکە گاڵتەجاریی بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ دەنگدان بە چەوسێنەرانی خۆی؛ بۆ هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، دەستی پێکردەوە !

من وەک تاکێك کە مافی دەنگدان بە سەروەران و و هەڵبژاردنی مشەخۆرانم هەیە، هەموو جارێك لە خۆم دەپرسم:

ئایا ئێمەی دەنگدەر مافی گۆڕینی هیچ شتێک لەو شتانەی کە پەیوەندییان بە ژیان و ئارەزوو و داخوازییەکانمانەوە هەیە، هەیە :

– چۆنیەتی بەرێوەبردنی کاروبارەکانی کۆمەڵگە ؟

– چۆنیەتی رێکخستنی بەرهەمهێنان و دابەشکردن ؟

– چۆنیەتی بەکاربردن و وەبەرهێنانی سامان و داهاتەکانی کۆمەڵگە ؟

– چۆنیەتی پاراستنی ئاساییشی کۆمەڵگە ؟

– چۆنیەتی پێوەری دیاریکردنی مووچە، دابینکردنی خانووبەرە؟

– چۆنیەتی بەخشینەوەی پاداشت و بەهرەمەندبوون لە هەلی کار و خوێندن ؟

-چۆنیەتی بڕیاردانی جەنگەکان و ڕێکەوتنەکان ؟

– چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە ؟

– چۆنیەتی دابەشکردن و بەخشینەوەی زەوی و شاخ و دۆڵ و گردەکان ؟

– چۆنیەتی و لەپێناوچی بەهرەمەندبوونی پارتەکان لە سامان و بودجەی کۆمەڵگە ؟

– چۆنیەتی و بۆچی تایبەتیکردنەوەی کەرتەکان و تاپۆکردنیان لەسەر کۆمپانییەکانی دەسەڵاتداران ؟

– نەدانی مووچەی چەند مانگ و بۆ کێ چوونی داهاتی نەوت و گمرگەکان ؟

– بۆچی گوندەکان ئاوەداننەکراونەتەوە و کشتکاریی فەرامۆشکراوە و لەولاوە وڵات کراوەتە ساخکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییە دەستکارییکراوەکان ؟

بۆچی درێژەدان بە هەمان سیستەم و پرۆگرامی پەروەردە و خوێندنی بەعسی ؟

– چۆنیەتی پەنادانی سەرانی ڕێمی بەعس و بەڕێکردنیان بۆ هەندەران ؟

– چۆنیەتی لێبوردن لە فرۆکەوانەکان و ئەنفالچییان ؟

– هەزاران شتی دکەی زۆر گرنگ، کە پەیوەندییان بە ژیانی هەمووانەوە هەیە ؟

ئەی بڕیارە دەنگدان و هەڵبژاردن چی بگٶڕێت ؟

ئەگەر دەنگدان بۆ بەرژەوەندی خودی ئێمەیە وەك تاك و وەك کۆمەڵگەیە، بۆچی دەسەڵاتداران ئەوەندە دەپاڕێنەوە و بۆ دەنگدان هانمانددەن، بەڵام کاتێك کە واژۆی نامەیەک یا داواکارییەکمان بکەوێتە بەردەستییان، دەبێت بەرتیل و واسیتە و مل بە هەزار و یەك بێنەوبەردە بدەین و دەست بە سنگەوە بگرین و سوپاسگوزاری ملهوڕی ئەوان بین، تا بۆ ئێمەی ژێردەست [دەنگدەری خۆشباوەڕ] ئەنجامی بدەن؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

******************
http://www.hezheen.tk

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٦

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.

هەژێن

بەشی شەشەم

ئێوه‌ چ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و گرفتی ناوچه‌ دابراوه‌كان به‌دروست ده‌زانن ؟

پێشەكی بەر لەوەی بۆچوون و ئەڵتەرناتیڤێك لە دیدی خۆمەوە بخەمەڕوو، بەپێویستی دەزانم بڵێم، دوو دەهە بەسەر ڕاپەڕین و دەهەیەك بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بە‌عس’دا تێپەڕێوە و هێشتا پرسی ستەمی نەتەوەیی و ناوچەكان چارەسەرنەكراوە و هێشتا وەك مەیدانێك بۆ سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی دەسەڵاتخوازان و دەمارگیریی نەتەوەیی و كینەدۆزی و دووبەرەكی نێوان خەڵكانێك، كە پێشتر هەزاران ساڵ بەیەكەوە ژیاون و هاودەرد و هاوخەمی یەكدی بوون، ماوەتەوە. ئەگەر پاش ڕاپەڕین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بتگوتایە پێویستە لە ڕیزی خەباتی جەماوەرییدا تێكۆشانی بۆ بكەین یا پاش ڕووخانی سەدام بتگوتایە با دەهەیەك تیۆكۆشانی بۆ بكەین، دەمودەست بە دوژمن و خەیاڵپڵاو و بێ ئەڵتەرناتیڤ تاوانباردەكرایت، بەڵام ئەوا دوو دەهە تێپەڕیوە و هێشتا هەر بازاری نەتەوەپەرستی و ڕامایاریی دەسەڵاتخوازان گەرمە و ئێمەش هەر لەو خاڵەدا وەستاوین، كە هەر دەبێت ئەم ڕۆژە یا ساڵ و دەهە و سەدەیەكی دیكە، كاری لەسەر بكەین و تێكۆشانی بۆ بكەین.

دەمەوێت بڵێم، ئەڵتەرناتیڤێك كە بە بۆچوونی من دەتوانێت هەم چارەسەر و هەم ڕادیكاڵ بێت، نە بە فەرمانی ڕامیاران دێتەدی و نە كاری یەك شەو و ڕۆژەیە، بەڵكو خەباتی بێوچانی كۆمەڵایەتی گەڕەكە، گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەر لە ناسیونالیزەبوون و سەرهەڵدانی دەوڵەت هاوچەرخی گەرەكە، واتە كۆمەڵایەتییكردنەوەی پرسەكان و تووڕهەڵدانی ڕامیاریی و ڕامیارانی گەرەكە، پێكهێنانی پایە جەماوەرییەكانی ڕێكخراوبوونی گەرەكە، گرێدانەوەی بە پرسە هەر ڕۆژەییەكانی تاك و كۆمەڵگەی گەرەكە، وەلانانی ڕۆڵی ڕامیاران و پووچەڵكردنەوەی بازاری بازرگانی پارتەكانی گەرەكە، گەڕانەوەی بڕوابەخۆبوونی تاك بە هێزی یەكگرتووی كۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆی گەرەكە، ڕێكخستنەوەی ئاسۆیی كۆمەڵگەی گەرەكە!

بەبۆچوونی من چارەسەری ئەو كێشانەی كە ئیدیۆلۆگەكانی ناسیونالیزم و مەزهەب و پارتەكان میلیشیاكان و دەوڵەتەكان ..تد دروستیانكردوون، تەنیا بەلێدانی ئەو پێناوانەیە یا ئەو ڕێكخستن و پێكهاتانەیە، كە ئەوان دروستیانكردوون، مەیسەردەبێت. ناكرێت ناسیونالیستەكان و مەزهەبییەكان بە ئامانجی دابینكردنی دەسەڵات بۆ چینی مشەخۆر (بۆرجوازی) لە قەوارەی ڕامیاریی وەك دەوڵەتدا، بمانكەن بەگژی یەكیدا و ئێمەش بێین ببینە ئەندام لە وەها لەشكرێكی ناهوشیارانەدا و ئاڵا و دروشمەكانیان بەرزبكەینەوە، خوازیاری بەدیهێنانی بەرنامەكانیان بین و خۆمان لەپێناو بەدەسەڵاتگەیشتینان بەناوی گەل و كرێكارانەوە، بەكوشت بدەین!

هەڵبەتە كارێكی ئاوا ؛ بەربەرچدانەوەی هێزە دەسەڵاتخوازەكان و ئاراستە نەتەوەپەرست و مەزهەبیەكان، كاری یەك شەو و ڕۆژە نییە، هەر كات دەست بە ئەنجامدانی بكەین، هەر دەبێت لەم هەنگاوە سەرەتاییانەوە دەستپیبكەین : پاگەندە دژی ڕامیاران و پارتەكان و میلیشیاكان و پووچەڵكردنەوەی نەخشەكانیان، هەڵخڕاندن و بەرجەستەكردنی داخوازییە كۆمەڵایەتییە هاوبەش و نێوكۆییەكانی دانیشتووانی ناوچە فرە-ئێتنی و فرە-ئایین و فرە-كولتوور یا جیاوازەكان، كاركردنی هەر ڕۆژە بۆ خۆڕێكخستنی چین و توێژە ژێردەستەكان لە گروپە خۆجێییەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكاندا لەسەر بنەمای خودهوشیاریی و خۆبیركردنەوە و خۆڕێكخستن و خۆچالاكی و خۆخەباتكردن لە دەرەوەی بازنەی هەژموونی پارتە ڕامیارییەكان و میلیشیاكان و دەوڵەتەكان. دروستكردنی دیواری مرۆیی لەنێوان بەرەی جەنگی میلیشیاكان و دەرپەراندنیان لە شوێنەكانی كار و ژیاندا، دروستكردنی گروپەكانی هاوسێیەتی و كۆمەكی كۆمەڵایەتیی، ئاشناكردنی لاوان و نەوەی نوێ بە ڕابوردووی پێكەوەژیان و تەبایی پەیڕەوانی ئایینەكان و مەزهەبەكان و ئێتنییەكان لەو جێیانەدا.

من دەزانم وەها كارێك كات و وزە و توانای دەوێت، بەڵام نەكردنی بە واتای تێپەڕاندنی نییە، بەڵكو هەر كات بمانەوێت چارەسەری كۆمەڵایەتییانە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، ناچار دەبێت هەر لەم هەنگاوانەوە دەستبەكاربین. لەم دووڕێیانە زیاترمان لەپێش نییە؛ یا ملكەچی بۆ ویستی دەوڵەت و پارت و میلیشیاكان و ڕامیاران وەك ئێستا، یا خۆدەستبەكاربوونی كۆمەڵایەتی و ڕەتكردنەوەی كایەی ڕامیاریی وەك جاران؟

ئەگەر سەرنجی مێژووی سەدەی ڕابوردوو بدەین، هەردەم لە ناهوشیاریی و نائامادەییماندا چارەسەری پرسەكان و كێشەكانمان بە پارت و میلیشیا و ڕامیاران و دەوڵەت سپاردوون، ئەوانیش وەك وەڵامدانەوە بە بەرژەوەندی خۆیان و سروشتی سەرهەڵدان و كاركردنیان، هەردەم كێشە و پرسە كۆمەڵایەتییەكانی ئێمەیان ئالوودەی ڕامیاریی كردوون و وەك ئامرازێك بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و بەدەستهێنانی بەرتەریی بۆ خۆیان بەكاریانبردوون. كێشە و ستەمی ئێتنی، دووبەرەكی ئایینی و مەزهەبیی، هەڵپە و ساختەچییەتی ڕامیاریی لە ئەم ڕۆژەدا بە بەراورد بە سەردەمێك كە ناسیونالیزم و پارتایەتی نەبووبوونە شوناسی تاك، هەزاران جار توندتر و كوشندەتر بووەتەوە. هاوسێ و هاوكار و هاوسۆز و هاودڵانی دوێنێیان كردوونەتە دوژمنی هەنووكەیی، كوشتنیان كردووەتە ئاساییترین دیاردەی كۆمەڵگە، ئەتككردن و منداڵفڕاندن و جەنگیان كردووەتە ئاساییترین ڕووداوی ڕۆژ، كردوونیانەتە بەشێك لە كولتووری مرۆڤی ئەم هەرێمە.

وەك لە سەرەوە گوتم، یا كێشە و پرسەكان بەوانەی سەرەوە دەسپێرین و بەخۆمان وەك ئاژەڵان هەر ڕۆژ چاوەڕێی نۆرەی سەربڕینمان دەكەین، یا ئەوەتا بە سڕینەوەی ڕامیاریی لە كایەكانی ژیانماندا، هەوڵی كۆمەڵایەتییكردنەوەی گشت پرسەكان و چارەسەریان لەسەر بنەمای خواست و خەونی هاوبەشمان بەخۆمان لە ئەستۆیان دەگرێن. بۆ ئەم مەبەستە من تەنیا بە هێڵكاریی تیڕوانین و دیتنەكانم دەتوانم، وەڵام بە پرسیارەكەی تۆ بدەمەوە: وەك پێشتر گوتم بەردی بناخەی هەر كار و چالاكییەك بە ئاراستەی چارەسەری كۆمەڵایەتییانەی پرسەكان، خۆڕێكخستنی ئاسۆیی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانە، كاتێك كە گروپە خۆجێی و ڕێكخراوە ئابووریی و پیشەییە جەماوەرییەكانمان هەبوون، دەتوانین كار لەسەر پێكهێنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتییانەی گوند و گەڕەك و شارۆچكە و شار و ناوچە و هەرێمەكان وەك یەكەی ئازاد بكەین، واتە گێڕانەوەی كاروبار و كارگێریی سیستەمی بەڕێوەبەاریەتی بۆ نێوەندی ژیانی كۆمەڵایەتی و لەباربردنی زەمینەكانی كایەی ڕامیاریی و پارت و ڕامیاران. كاتێك كە گوندێك یا شارێك لەسەر بنەمای دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و پشتبنەستوو بە هەرەوەزیی و هاوپشتی كۆمەڵایەتی خۆی ڕێكدەخات، ئیدی ڕێكخستنی كاروبار و بەرهەمهێنان و دابەشكردن و سیستەمی پەروەردە و خوێندن و پەیوەندییەكان و دیاریكردنی زمانی فەرمی كاروبار و خوێندنی دەكەوێتە ئەستۆی هەرەوەزی و ئەنجوومەن و شوراكانی ئەو شوێنە، واتە پێكهێنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ.

كاتێك كە كۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی ڕێكخستنی لەو جۆرە، ئیدی یەكگرتن و جیابوونەوە و هاوپشتی و پێكەوە ژیان ئاسانترین كارێك دەبن، كە هەر تاك و گروپ و كۆمەڵگەیەك دەستی پێیڕادەگات. هەروەها بڕوابەیەكبوون و هاوخەمی و هاودەردی و هاوپشتی نێوان گوندەكان، گەڕەكەكان، شارەكان و ناوچە و هەرێمەكان و كۆمەڵگەكان لێرەوە سەرهەڵدەدات و هەر ئەم هاوئاراستەییەیە، كە دەبێتە هۆی سڕینەوەی كارایی و شوێنەوارە وێرانگەرەكانی ڕامیاریی و پارتەكان و سیستەمی ڕامیاریی و دەوڵەتەكان، كە بوونەتە هۆی دووبەرەكی و ڕك و كینە و جەنگ و كوشتارەكان. هەڵبەتە بێجگە لەوەش هەموو سەركەوتن و پۆزەتیڤییەك لە هەنگاوەكاندا، شوێنێكی دیكە بۆ گرتنەبەری ئەو شێواز و كاركردنە هاندەدات.

بەبۆچوونی من، لە وڵاتێكی وەك ‌عیراقی فرە ئێتنی و فرە ئایین و فرە مەزهەب و فرە زمان و وێرانبووی پاش چەندین جەنگ و كارایی كێشمەكێشی ڕامیاران و پارتەكان و ئایدیۆلۆجیاكان، تەنیا ئەم شێوازە لە تێكۆشان بۆ چارەسەری پۆزەتیڤ دەتوانێت زەمینەی پێكەوەژیانی دوور لە جەنگ و ڕك و كینە و چەند بەرەكی یا جیابوونەوەی ئازادانە و دوور لە خوێنڕشتن و ماڵوێرانی مسۆگەربكات. ئەگەر ئامانجی پرسیارەكە ئەوەیە، كە چۆن دەتوانین بە چارەسەرێكی ئاشتییانە بگەین، ئەوا ئەم ڕێگەیەچارەیە دروستە و ئەگەر قسەش لەسەر بەدەسەڵاتگەییشتنی كۆمەڵێك ڕامیار و سەرمایەدار و پارت و میلیشیا و دەڵاڵی بازارئازادە، ئەوا ئەو دڕندەیی و لەخۆنامۆبوون و دوژمنسازییە لە هاوسێ و هاوكار و هاوپۆل و هاوسۆزەكانی دوێنێ، باشترین خزمەت بە جێكەوتەبوونی نەخشە ئابوورییەكانی بازارئازاد و نەخشە ڕامیاریی و سەربازییەكانی زلهێزەكان و داگیركاریی نوێ [نیئۆكۆلۆنیالیزم] و جیهانخۆریی دەزگە و ناوەندە ئابوورییەكانی جیهان، دەكات.

هەڵبەتە پێویستە ئەوەش بڵێم، كە یەكەم بۆ بەدیهاتن و جێكەوتەبوونی خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەكان كۆمەڵێك ئامراز و میكانیزم چارەنووسازن، لەوانە ڕەتكردنەوەی دێمۆكراسی پارلەمانی و گرتنەبەری دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ، ڕەتكردنەوەی فیدرالیزمی بۆرجوازی [فیدرالیزمی قووچكەیی/ یەكگرتنی دەسەڵاتەكان و دەوڵەتەكان] و پێكهێنانی یەكێتی و یەكگرتنی ئازادانەی كۆمیونیتییەكان لە فێدراسیۆن و كۆنفێدراسیۆنە ئاسۆییەكاندا، ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردنی ڕامیاران و پارتەكان و سیستەمی ڕامیاریی و دەنگدان بە سەرووەران. لە بەرامبەردا گرتنەبەری ڕاپرسی گشی و ئازاد و كۆبوونەوە گشتیییەكان. دووەم، بەدیهاتنی ئەم ئامانجانە وەك چارەسەری كێشە ئێتنی و مەزهەبیی و كولتوورییەكان، پابەندەی بەدیهاتنی كۆمەڵگەی ناچینایەتی نین و دەكرێت وەك پێشهەنگاو بەرەو كۆمەڵگەی خوازراو لەبەرچاوبگیردرێن. بەلایەنی كەمەوە، ئەگەر نەتوانین بە كۆمەڵگەی ناچینایەتیش بگەین، ئەوا دەتوانین بەر بە دەمارگیری و كینەدۆزی نەتەوەیەیی و جینۆساید و گەرمكردنی بازاری چەكسازی و زاڵتركردنی زلهێزەكان بگرین.

بۆ نموونە ئەگەر ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كاروباری گوندێك لە دەستی خودی دانیشتووانەكەیدا بێت، بەدڵنیاییەوە بەراورد بە مشەخۆرانی ڕامیار و پارتەكان، كە لە شارەكاندا خەریكی فەرماندانن، بەخۆیان دەتوانن باشتر گرفتەكانیان چارەسەربكەن، یەكگرتووتربن و هاریكاریی و هاوپشتییان لەتەك گوندەكانی دیكەدا هاوئاراستەتر بكەن و خۆبەڕێوەبەرایەتی هەرێمیی لەسەروو ئاستی گشت گوندەكانەوە لەسەر هەمان بنەمای ڕێكخستن و خۆبەڕێوبەرایەتی تاك تاكی گوندەكان، پێكبهێنن. هەروەها لە شارەكاندا ئەگەر ڕێكخستنی كارەوبارەكان و بەڕێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای پێكهێنانی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و گروپە خۆجێی و هەرەوەزییە كۆمەڵایەتییەكان و یەكگرتنەوەیان و خۆبەڕێوەبەرایەتییان پێكهاتبێت، ئەوا دەبێتە هۆی دابەشبوونی یەكسانی دەسەڵاتی كارگێریی و یەكگرتنەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی گەڕەكەكان لە شورا یا فێدراسیۆنی شاردا، زەمینە بۆ لەباربردنی هەلی سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پارتەكان لەسەر كێشە و پرسەكان لەنێودەبات و بوارێك بۆ دەسەڵاتخوازیی سەرووخەڵكی و بەرتەرییخوازیی ڕامیاران و ..تد نامێنێتەوە، بەواتایەكی دیكە خودی دانیشتووانی ئەو شارە چ لەسەر ئاستی گەڕەكەكان و چ لەسەر ئاستی شار، لە كۆبوونەوە گشتییەكاندا لەسەر بنەمای دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ، گفتوگۆ لەسەر پرسەكان و گرفەتاكان و داخوازیی و پێداویستییەكان دەكەن و بڕیاریان لەسەردەدەن و بەخۆشیان وەك خواستی خۆیان بە ویستی [ئیرادەی] خۆیان بڕیارەكان جێبەجێدەكەن و گەڕەك و شارەكەیان بەڕێوەدەبەن. بەو جۆرە دەبینین، چیدی ئەوە سەروەرانی ناوچەی سەوزی بەغداد و سەری ڕەش و قەڵاچوالان و سەر گردەکان و مشەخۆرانی نێو پارلەمانەكان نین، كە بڕیار لەسەر پرسەكان دەدەن، بەڵكو خودی ئەو تاكانەن، كە تا ئەم ساتە لە هەموو بڕیار و جێبەجێكردنێك بێبەش و دابڕاوكراون و وەك مێگەڵ، شوانە ڕامیارەكان و پارتەكان و فەرماندارییە [حكومەتە] هەرێمییەكان/ سەرتاسەرییەكان داهاتوویان دیاریدەكەن. زیندووترین نموونە لەم بارەوە، ڕێكخستن و خۆبەڕێوەبەرایەتی كوردستانی بەشی سوریەیە، هەروەها خۆبەڕێوەبەرایەتی شار و گوندە ئازادكراوە عەرەبنشینەكانی سوریە، پێش ئەوەی سوپای بەناو ئازاد و هێزە ئیسلامییەكان داگیریان بكەنەوە، كە شورا و كۆمیتە و ئەنجومەن و هەرەوەزییە گەلییەكان بەرێوەیاندەبردن.

له‌ ئاكسیۆن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا به‌شداریتان كه‌مه‌؟

كامە ئاكسیۆن و ئاكسیۆن بۆ چی؟ ئەگەر مەبەست لە واژۆكۆكردنەوە و پارانەوە لە سەرۆكان بێت، تاوەكو دڵیان بە خەڵكی بسووتێت یا مەبەست خۆنیشاندانی یاسایی و هەڵای پارتەكان بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە جێگەی ئەناركییەكانی تێدا نابێتەوە و خەباتی ئەوان لەوێ نییە، بەڵكو لە جیاتی واژۆكۆكردنەوە، دروشمی ڕوخان و لە جیاتی خۆنیشاندانی یاسایی [گلەیی] و دەنگدان بۆ لابردنی سەرۆكێك و دانانی یەكێكی دیكە، ئەوا ئەوان لە گروپی خۆجێییەكاندا خەبات بۆ سەندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی لە سەروەران و پاشڕەوانیان بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانین. بەڵام لە هەر جێیەك ناڕەزاتییەك بەڕووی سەركوت و نایەكسانی و نادادپەوەریی و دەسەڵاتدا هەبێت، ئەوا ئەگەر كەسێكی ئەناركی بە ئامادەیی فیزیكیش لەوێ نەبێت، دڵنیابە لەوەی كە بە هەموو بوون و هەستیكییەوە پشتیوانی لێ دەكات.

ئەگەر مەبەست لە ئاكسیۆن لە چوارچێوەی جوگرافیای هەرێمی كوردستانە، ئەوا هزری ئەناركی لە سەرەتایی ناساندندایە و سەدەیەك زیاترە، كە دەسەڵات و ھاوڕێ ماركسیستەكان ئەو هزرە دەشێوێنن و بە پێچەوانەكەی خۆی دەیچوێنن. بەڵام ئەگەر مەبەست لە وڵاتانی دیكەیە، ئەوا تەنیا سەیرێكی هەواڵەكان و كەناڵەكان بكەیت، دەبینیت، كە ئاڵای ئەناركییەكان [ ئاڵا ڕەشەكان / ڕەش و سوورەكان / ڕەش و پەمەییەكان / ڕەش و سەوزەكان / ڕەش و سپییەكان، ڕەش و ئاڵەكان] بەڵگەی ئامادەیی ڕۆژانەی ئەناركییەكانن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و سەندنەوەی كارگە و خانووبەرە و شوێنە گشتییەكان و تەنانەت خاڵیكردنەوەی شەقامەكان لە ئۆتومەبێل و ئامرازە ژینگە تێكدەرەكان.

شتێك كە پێویستە بۆ ئێمە ناڕازییانی ھوشیار ڕۆشنبێت، ئەوەیە كە ئاكسیۆن بۆ خۆی ئامانج نییە، بەڵكو ئامراز و شێوەیەكی كاتیی خەباتە و شێوازی خودی ئاكسیۆن نیشاندەر و دەرخەری ئامانجی ئاكسیۆن و جەماوەرییبوونی داخوازییەكانە. بۆ نموونە كاتێك كە چەند گروپێكی ڕامیار ئاكسیۆنێك ڕادەگەیێنن، ھیچ گومانی تێدانییە، كە بەدوای كۆمەڵێك دەستكەوتەوەن بۆ گروپەكانیان و ئەگەر لەو نێوەشدا ئاماژەیەك بە داخوازییەكی جەماوەریی بكرێت، ئەوا تەنیا وەك ئامرازی فریودانی جەماوەری ناڕازی دێتەگۆڕێ. چونكە شێوەی بڕیاردان و ئامادەكردن و سەرپەرشتیكیردن و ئاراستەكردنی ئاكسیۆنەكە، دەریدەخات، ئەوانە دستەبژێرێكی ڕامیارپیشەن، كە لە سەرەوە بڕیاردەدەن و بەپێی بەرژەوەندی و ھەلومەرجی ڕێكخراوەییان دەستیپێدەكەن و ئەگەر لەو ئاكسیۆنەدا بەرژەوەندی ڕێكخراوەییان بكەوێتە مەترسییەوە یا ئەندامێكی باڵایان ڕووبەڕووی مەترسی و زیندان ببێتەوە، زۆر ئاسایی كۆتایی بە ئاكسیۆنەكە دەھێنن و پشت لە جەماوەریی ناڕازی و خرۆشاو دەكەن. لەم بارەوە لە دوو دەھەی ڕابوردوودا چ لە خەباتی و چالاكی ‘یەكێتی بێكاران لە كوردستان’ و چ لە خۆپیشاندانەكانی دژی جەنگی نێوخۆ و چ لە خرۆشانە جەماوەرییەكەی ١٧ی فێبریوەری ٢٠١١دا و دەیان نموونەی دیكەدا دیتمان، كە چۆن گروپە ڕامیارییەكان لەپێڼاو خۆپاراستن و مسۆگەركردنی دەەستكەوتی ڕێكخراوەیی و دەستەبژێریی، ئامادەی سازش و دانیشتن و پێكھاتنن لەتەك دەسەڵات بوون و دەبن.

وەك گوتم ئاكسیۆن ئامرازە نەك ئامانج، كەسی چالاكی خەباتی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی هیچ كات ئاكسیۆن لەپێناو ئاكسیۆندا ناكات، بەڵكو بۆ چارەسەری گرفتێك یا بەدەستهێنانی دەسكەوتێكی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی ئەو چالاكییە ئەنجامدەدات، كاتێك ئامانجكە پەیوەندی بە پرسێكی كۆمەڵایەتییەوە هەبێت یا داخوازی پێداویستییەكی كۆمەڵایەتی بێت یا كاردانەوە و بەرەنگاریی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی بێت بەڕووی نەخشە و بڕیارێكی سەروەراندا، ئەوا پێویستە بڕیاردان لەسەر ئەو ئاكسیۆنە و داڕشتنی نەخشەكاری لەنێوەندی كۆبوونەوە گشتییە جەماوەرییەكان و لە نێوەندە كۆمەڵایەتییەكاندا لە نێو ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و گروپە خۆجێیەكان و گەڕەكەكان و كارگە و فەرمانگە و خوێندنگەكاندا بدرێت، نەك لە بنكەی پارتەكان و كۆبوونەوە ڕامیارییەكان و نێوەندە دەسەڵاتییەكاندا بڕیاربدرێت و لە دووتوێی پەرتووكە ئادیۆلۆجییەكاندا بۆ نەخشەكاری ئاكسیۆنێكی كۆمەڵایەتی ئەم ڕۆژگارە بگەڕێت. لەبەرئەوە بە دڵنیاییەوە ئەناركییەكان لەو ئاكسیۆنە ڕامیاریی و پارتیی و دەستەبژێرییانەدا بوونیان نییە و ناشبێت و بە بۆچوونی من، ئەگەر ئەناركییەك لەو كۆڕ و كۆبوونەوە و ئاكسیۆنە پارتیی و ڕامیارانەدا ئامادەیی هەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە كەسێكی سەرلێشێواو و ئالوودەبووە بە دەسەڵاتخوازیی و بڕیاردان لە سەرووی خەڵكەوە.

ئه‌گه‌ر كه‌سانێكی وه‌ك ئێوه‌ بچنه‌ پارله‌مان و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ فریو ده‌درێن، خراپی چییه‌؟ ئایا ده‌نگهه‌ڵبڕینتان له‌ هۆڵه‌كانی پارله‌مان و ده‌زگه‌ پانوپۆڕه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ باشتر نییه‌ له‌و گۆشه‌گیرییه‌ی ئێستا كه‌ كه‌س ناوتان نازانێت و نازانێت كه‌ هه‌ن؟

پێش هەموو شتێك، بەدڵنیاییەوە كەسانی ئەناركی لەسەر بنەمای ئەزموونگیریی لە بێهوودەیی و خراپیی ئەو كارە، بەشداری گاڵتەجاری ھەڵبژاردنی پارلەمانی ناكەن و ناچن و هەر كات شتی ئاوا ڕوویدا، ئەوا ئیدی ئەو كەسانە نە ئەناركین و نە ئەناركییەكان گوێیان بۆ شلدەكەن و بەدڵنیاییشەوە لە نوێنەری پارتە بۆرجوازییەكان خراپتر و هەڵخەڵەتێنەرتر دەبن، بەڵام باشتر نابن. چونكە گەندەڵی و دژبوونی نوێنەرەكان بۆ كەسەكان ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئەوە سروشت و میكانیزمی سیستەمە پارلەمانییەكەیە، كە ئەگەر خودی كاندیدەكە/ پارلەمانتارەكەش مشەخۆر و دژەخەڵك نەبێت، ئەوا میكانیزمەكانی سەروەریی و بەرتەیی مشەخۆیی ئاوای لێدەكەن، بەو ئاراستەیە ببزوێت، كە خودی پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵكی لە پێناویدا پێكهاتووە. ئا لێرەوە سەرنج بدە، خراپییەكەی ئەوەیە، كە ئەگەر خەڵكی متمانەی بە ئەناركییەكان/ سۆشیالیستەكان هەبێت، ئەوا ئەو كاتە ئەوان باشتر لە بۆرجواكان دەتوانین خەڵك بۆ سەروەری بۆرجوازی فریوبدەن. بەواتایەكی دیكە لە دیواخانی دەسەڵاتداراندا، كەسێكی بەناو سۆشیالیست و كۆمونیست زیاتر و خراپتر لە كەسێكی مەزھەبی و ناسیونالیست، دەتوانێت چەوساوان بە سیستەمی چینایەتی خۆشباوەڕبكات و لە چاوەڕوانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لە سایەی سەرمایەداریدا، ڕادەگرێت و بە پارلەمانتاری باش و سەرۆكی باش و پارتی باش و پارلەمانی باش و فەرمانداریی باش و دەوڵەتی باش خۆشباوەڕیدەكات.

بنەما و تان و پۆ و فیلۆسۆفی سیستەمی پارلەمانی بریتییە لە پاراستنی پیرۆزی سەروەریی چینایەتی و دارایی تایبەتی و كاریكرێگرتە لەژێر ناو و دێوجامەی بەرژەوەندی گشتی و سەروەریی یاسایی و فەرمانداریی+گەل [دێمۆ+كراسی]دا، واتە ھەر كات پارلەمانتارێك دژی كاركردی پارلەمان و دەستوورەكەی بوەستێتەوە، خۆبەخۆ بە وەستانەوە دژی ئەوەی ناویانناوە بەرژەوەندی گشتی و فەرمانڕەایی گەل لێكدەدرێتەوە و ھەر بەو دەستوورەی كە كەسی كاندیدكراو پێش ھەڵبژرادنی و پاش براوەبوونی لە ھەڵبژرادندا، واژۆی دەكات و سوێندی یاسایی لەسەر دەخوات و پاپەندیی خۆی بۆ دەسەلمێنێت، ئەوا تێڕوانین و بڕیار و ھەڵوێستەكانی لە بەرژەوەندی و پشتیوانی جەماوەری ناڕازی دەرەوەی پارلەمان، یا لە دژی كۆمپانییە پاوانگەر و چەپاوڵگەر و وێرانگەرەكان، بە تۆمەتی دژە دەستووربوون، ناچار بە وازھێنان یا دادگاییكردن دەبێتەوە. بەو جۆرە ئەگەر بە وردی و بە ڕەخنەوە سەرنجبدەین، ئەوە دەبینین، كە پارلەمان یانەی خەبات و تێكۆشانی چەوساوان نییە، بەڵكو یانەی میانجیگەریی نێوان دەسەڵاتدان و ڕێكخستنی بەرژەوەندی ڕامیاران و سەرمایەدارانە، بەواتایەكی دیكە یانەی تەبایكردنی دەسەڵاتداران و خاوەن بەرژەوەندییەكان و ڕەوایەتییدانە بە بڕیار و داخوازیی سەرمایەداران و پەسەندكردنیانە وەك بەندی دەستووریی بەناوی بەرژەوەندی باڵا و گشتییەوە.

كاتێك كە ھەر لە سەرەتاوە ڕۆڵ و سنووری چالاكی و شێوەی كاركردنی نوێنەر دیاریكرابێت و ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتداریی سەرووخەڵك و تاڵانگەریی كۆمپانییەكان و ڕەتكردنەوەی تەڕاتێن و زاڵیی مەرجەكانی نێوەندە جیھانییەكانی وەك سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی و دەوڵەتانی ناوچەكە و زلھێزەكان، بڤە و نەگۆڕبێت، ئیدی سۆشیالیستەكان [ئەناركیست و كۆمونستەكان] لەوێندەرێ [لە نێو پارلەمان] چی دەكەن و بەتەمای چین و چییان پێدەكرێت؟

هەروەها پارلەمان چ وەك دەزگەیەك و چ كایەكەرانی [پارلەمانتاران] پێش هەموو شت نوێنەرایەتی پارت و ڕامیاریی و لیست و بەرژەوەندییەكانی خۆیان و چینەكەیان دەكەن. ئەگەر هەمووان نوێنەرایەتی جەماوەردەكەن، ئیدی جەماوەر چ پێویستی بەو هەموو بەرنامە و پارت و لیستە جیاوازە هەیە، ئایا من لە كۆڵان و گەڕەكەكەمدا یا لە خوێندنگە و كارگە و فەرمانگە و مەیدانی بێكاراندا، داخوازی و پێداویستی گشتیی جیاواز لەوەی هاوكۆڵان و هاوگەڕەك و هاوپۆل و هاوكار و هاوفەرمان و هاودەردە بێكارەكەمم هەن و هەیە؟ ئەگەر وەڵام بەم سەرنج و پرسیارە “نا”یە، ئیدی ئەو هەموو پارت و لیست و گروپە ناو و بەرنامە جیاوازە لەپێناو چی و سوودیان چییە؟ ئەگەر وەڵامەكە “ئەرێ”یە، لە كوێدا داخوازی و بەرژەوەندیی من و هاوگەڕەكەكەم، من و هاوپۆلەكەم، من و هاوكارەكەم، من و هاوفەرمانەكەم، من و هاوگوندیی و هاوشارییەكەم دەكەوێتە ناكۆكی و جیاوازییەكان چین، كە دروستكردنی پارت و بەرنامە و لیست و گروپی جیاواز دەكەنە پێداویستی وەڵامدانەوە ؟

هەڵبەتە با ئەوە لەو لاوە بوەستێت، كە خودی پارت ئامرازی بەدەسەڵاتگەییشتن و بەهرەمەندبوونی دەستەبژێرێكە لە سەروەری و مشەخۆریی بەسەر كۆمەڵگەوە، من ئەوەش دەزانم، كە فیلۆسۆفی سەرهەڵدانی پارت و گروپە ڕامیارییە جیاوازییەكان چییە و چی بووەتە دروستكەریان، بەڵام كاتێك كە قسە لەسەر بەرژەوەندی و داخوازی و ئارەزوو و ژیان و كاروباری جەماوەرێك، كۆمەڵێك، چینێك، توێژێك، گوندێك، شارێك، هەرێمێك، كۆمەڵگەیەك و “نەتەوەیەك” دەكرێت، قسە لەسەر پرس و گرفت و داخوازیی و ژیان و كاروباری گشتی دەكرێت، واتە شتە هاوبەش و نێوكۆییەكان، كاتێك كە شتەكان هاوبەش و نێوكۆیی بن، ئیدی ئەو هەمووە گروپ و پارت و ڕامیارە مشەخۆرە لەپێناو چی ؟

بەڵام، وەك ئەزموونەکانی كۆمەڵگە چینایەتی و دەركەوتنی پاگەندەی سەروەران و دەسەڵاتخوازی خستوویانەتە ڕوو، ئەو گروپ و پارت و لیستانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی چین و توێژێكی مشەخۆری كۆمەڵایەتی دەكەن و لەو نێوەشدا بەرژەوەندیی تاكەكەسیی ئەو كەسانەش، كە خۆیان كاندیددەكەن یا بە كودەتا و زۆردارەكی خۆیان دەسەپێنن، پێشنیارە و ئەگەر ئەو نوێنەرایەتییە بەخۆڕایی و خۆبەخشانە بووایە، بەدڵنیاییەوە هەر لەو ڕۆژەوە كە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ تێكشكێنراوە و دێمۆكراسی پارلەمانی بەناوی گەلەوە خراوەتە جێگەی تا ئەم ڕۆژە، هیچ ساختەچییەكی ڕامیار و پارتچییەك ئامادەنەدەبوو بۆ خولێكی یەك چركەیی خۆی كاندیدبكات. بەڵام وەك گوتم هەم بەرژەوەندیی كەسیی خۆی و هەم هاوبەرژەوەندیی مشەخۆرانە و سەروەرییخوازانەی چین و توێژەكەی، تاكە هاندەر ی خۆكاندیدكردن و هەڵپەكردنی ئەون بۆ بردنەوە و بەدەسەڵاتگەییشتن، كە بە خانەنشیینی پاشایانە كۆتاییدێت.

سەرەرای ئەمانەش، خودی پێكهاتەی پارلەمان، پێكهاتەیەكی قوچكەیی سەرووخەڵكییە و هیچ پەیوەندییەكی بە داخوازی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە نییە. هەروەها دیوەكەی دیكەی نوێنەرایەتی جێگیر و بەرتەرییدار و پارتییانە و ڕامیارییانەی كاندیدەكان، بریتییە لە بێویستكردنی [بێئیرادەكردنی] دەنگدەران و چاوەڕوانهێشتنەوە و گوێڕایەڵكردنیان بۆ چوار ساڵی دیكە، تاوەكو هەلی هەڵبژرادنی شوانەیەكی دیكەیان بۆ دەڕەخسێتەوە. بەم جۆرە دەبینین لە ماوەی چوار ساڵی دیاریكراودا، پارلەمانتارانی هەڵبژێردراو و فەرمانداریی كابینەی فەرمانداریی پێكهاتوو لەوان، بە ئارەزووی خۆیان بڕیار لەسەر بەرپاكردنی جەنگ، سازش لەتەك نێوەندە جیهانخۆرەكان، بێكاركردنی جەماوەر، گرانتركردنی كرێی خانوو، كەمكردنەوەی مووچە و كرێی كار، فرۆشتن و تاڵانكردنی كەرتەكانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، دابەشكردن و بەخشێنەوەی سامان و داهاتی كۆمەڵگە بەسەر هێزە سەركوتگەرەكان و بەكرێگیراوانی خۆیان، بەرتەریدان بە خاوەنكاران و بەرتەریدان بە كۆمپانییە جیهانییەكان و دەرگە ئاوەڵاكردن بۆ زلهێزەكان، وێرانكردنی ژینگە، دەركردنی یاسا هەڵاوێرییەكان [لەوانە یاسای چەند ژنە و پلەدوویی كۆچەران] و یاسای تایبەت لە بەرژەوەندی خۆیان، دابینكردنی مووچە و خانەنشینی پاشایانە بۆ خۆیان و دەستوبەندەكانیان..تد لەو چوار ساڵەی نوێنەرایەتی دەنگدەرانی بەمێگەلكراودا، ئەوان مافی هەموو ملهوڕییەكیان بەسەر كۆمەڵگەوە هەیە و تا ئێستا لە مێژووی سیستەمی پارلەمانیدا ڕووینەداوە، كە پارلەمان و پارلەمانتاران لە بەرژەوەندی چین و توێژەكانی خوارەوە بڕیارێك یا یاسایەك دەربكەن، ئەگەر شتی ئاواش ڕوویدابێت، ئەوا تەنیا كاتێك بووە، كە كۆمەڵگە خرۆشاوە و شەو و ڕۆژ تێكۆشانی بۆ كراوە و پارلەمانتاران لە ناچاریی و لەژێر فشار و مەترسی هەڵگەرانەوەی جەماوەردا، ناچار بە هەزار و یەك فروفێڵەوە یاسا و بڕیارەكان دەستكاریكردووە یا وەك شتێكی كاتی ڕایانگرتووە. ئەمە دیوی شاراوە و داپۆشراوی نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆیە، كە هەردەم بە دێوجامەكانی نوێنەرایەتی هاوبەرژەوەندیی “نەتەوەیی” و “نیشتمانی” و “ئایینی” و “ڕەگەزیی” ڕزاێنراوەتەوە. لەبەرئەوە بوونی من یا تۆ یا ئەو، نیازپاكی و دڵسۆزیی من و تۆ یا ئەو، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە هەر كەس گەییشتە ئەو جادووگەرخانەیە، دەبێت و بەسەریدا دەسەپێنرێت، كە لە بەرژەوەندی سیستەمەكە مشەخۆرییەكە بدوێ و بڕیاربدات، ئەگەرنا زۆر بە ئاسانی لە سیناریۆیەكی ڕامیارییدا كەنارەگیردەكرێت، هەڵبەتە ئەگەر كەسەكە بتوانێت لە بەرامبەر حەزی سەروەرییخوازیی و مشەخۆرییدا پاكی خۆی ڕابگرێت و دڵسۆز بـمێنێتەوە !

لەبەرئەوە، ھەر ئاوا كە ناكرێت چەك بۆ زیندووكردنەوەی كوژراوان بەكارببرێت، ئاواش ناكرێت دەزگەی فریودان بۆ هوشیاركردنەوەی خەڵكی بەكارببرێت. پارلەمان كۆڕی مشەخۆرانی كۆمەڵگەیە و هەر كەسێك تەنانەت هەژارترین كەس و شۆڕشگێڕترین كەسیش بچێتە ئەو كۆڕەوە، ئەوا تەنیا دوو ڕێگەی لەبەردەمدا هەیە؛ یا خۆكوژی و وازهێنان یا بەشداربوون لە مشەخۆری و گەندەڵی و خەڵكفریودان !

***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە
بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٥

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
هەژێن
بەشی پێنجەم

ئه‌گه‌ر سه‌رنجی نووسینه‌كانتان بده‌ی، ده‌بینیت كه‌مترین قسه‌تان له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌، هۆی ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

تا ئه‌وه‌نده‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر من، ڕاستییه‌كه‌ی نووسینی نیوه‌ و ناچڵی زۆرم هەن‌، كه‌ دەستپێكیان بۆ ساڵی ١٩٩٩ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌داخه‌وه‌ تائێستا بۆم ته‌واو نه‌كراون‌، ده‌توانم لێره‌دا نێوی دوو نووسین، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌م باسه‌وه‌ هه‌یه‌، بهێنم، “ئایا به‌ڕاست دونیا گۆڕاوه‌؟”، “ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی كورد له‌ ئه‌شكه‌وته‌وه‌ بۆ پارله‌مان”، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕۆژگار بواری ته‌واوكردنیان نه‌دام و بابه‌تی گرنگتر یه‌خه‌یان ده‌گرتم یا كاتیان بۆ نه‌ده‌مایه‌وه‌، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەکان لێرە و لەوێ بۆچوونی خۆمم لە بارەی پرسەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانەوە دەربڕیوە.

به‌ بۆچوونی من و ده‌شتوانم بڵێم زۆربه‌ی ئه‌ناركییه‌كان، گه‌نده‌ڵی به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ یا هاوه‌ڵدوانه‌ی سیستمی چینایه‌تییه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نیا سیستمی بازارئازاد ناگرێته‌وه‌، بەڵکو مۆدێله‌ ئابوورییه‌كه‌ی ڕوسیه‌ی بۆلشه‌ڤیكیش ده‌گرێته‌وه‌. لەبەرئەوە به‌بێ وه‌لانانی یا له‌نێوبردنی سیستمی چینایه‌تی، ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت گه‌نده‌ڵی بنبڕبكرێیت، چونكه‌ گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی له‌ دەسەڵات و ڕێوشوێنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دروستده‌بێت، كاتێك كه‌ كه‌سێك [چ فەرمانبەرێك یا شالیارێك] مافی له‌پێشتربوون و زاڵبوونی به‌سه‌ر ژیان و داهاتی كه‌سانی دیكەدا هه‌یه‌، ئیدی چ میكانیزمێك هه‌یه، تا‌ به‌ر به‌ خراپ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ڕێوشوێن و سامانی به‌رده‌ستی بگرێت؟

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ من كه‌متر له‌م باره‌وه‌ قسه‌م كردبێت، به‌ڵام هاوڕێیانێك كه‌ هاوبیری یه‌كین، زۆر به‌ ڕۆشنی له‌ باته‌كانیاندا ئه‌وه‌یان نیشانداوه،‌ كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ بۆرژوا-دێمۆكراته‌كان له‌ گه‌نده‌ڵیدا هیچیان له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیكتاتۆره‌كان نه‌هێناوه‌ و به‌ڵكو به‌ زیاتره‌وه‌ گه‌نده‌ڵترن. لێره‌دا ته‌نیا هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی سكانداڵی ئه‌ندام پارله‌مان و شالیاره‌كانی بریتانیا، كه‌ پارساڵ [پار بەپێی کاتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە] ده‌ركه‌وت، ته‌نانه‌ت سه‌یركردنی فیلمێكی سێكسی له‌ كۆتایی پشووی هه‌فته‌یاندا له‌سه‌ر داهاتی كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌! هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵییه‌كانی سه‌رده‌می سه‌رۆكشالیارانی ئاڵمانیا (هێڵموت كۆڵ) و كڕین و مامه‌ڵه‌ی پایه‌ی سه‌رۆككۆماریی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕێگه‌ی به‌رتیل و كاری ژێربه‌ژێره‌وه‌، هیچی له‌ گه‌ندەڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یا عیراق كه‌متر نییه‌!

لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئه‌وه‌ی خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بنبڕكردنی بێت، ئه‌وا پێویستە و بەناچاریش دەبێت له‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی دەسەڵاتی ده‌وڵه‌ت و چڵكاوخۆره‌كانی و گێڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی كاروباره‌ ئابووریی و كارگێڕیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ نێوه‌نده‌كانی ژیان و به‌رهه‌مهێیان و كارگوزاری، بێت. كاتێك بڕیار و كارگوزاری كاروباری خوێندكاران، کرێکاران، جوتیاران، خانه‌نشینان، كاورباری گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و گونده‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودی كه‌سانێك، كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و داهاتوویانه‌وه‌ هه‌یه‌ و بوار بدرێت به‌ خۆیان له‌ ڕێگه‌ی دێمۆكراتی ڕاسته‌وخۆوه‌ (دێمۆكراتی نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانی نا!) كاروباره‌كانیان ڕاپه‌ڕێنن، ئیدی بوار بۆ مشه‌خۆرانی سه‌ربار و ناپێویست نامێنێته‌وه‌.

به‌ڵام، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وڕۆكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌نده‌ڵكاران به‌خۆیان له‌ پێش هه‌مووانه‌وه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی نێوی ده‌به‌ن، ته‌نیا گه‌نده‌ڵی كارگێڕیی نییه‌، به‌ڵكو تایبه‌تیكردنی كه‌رته‌ گشتییه‌كان یا ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ له‌سه‌ر مۆدێلی بازارئازادی نیئۆلیبراله‌كان له‌ هه‌رێمه‌ پاشڕه‌وه‌كاندا. ئه‌مه‌ش شێوازێكه‌ له‌ مۆنۆپۆڵكردنی دەسەڵات بۆ هه‌میشه‌ و به‌رگرتن به‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی هه‌ر هه‌وڵێكی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی. ئه‌گه‌ر ئه‌م مۆدیله‌ ڕوونتربكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مان هه‌وڵی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم له‌ چیڵی ساڵی ١٩٧٣دا به‌ شێوه‌یه‌كی دیكە ڕوویداوە‌. ساڵی ١٩٧٣ له‌ وڵاتی چیڵی، له‌ هه‌ڵبژاردنی دیاریكرا و دانپێدانراوی خودی ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا، كه‌ مۆدێلی دێمۆكراتی نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانییه‌ (واته‌ دێمۆكراتی ناڕاسته‌وخۆ)، چه‌په‌كان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ گه‌یشته‌ پارله‌مان و زۆرینه‌ی كورسییان بۆ پێكهێنانی فەرمانداریی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ سه‌رمایه‌داری گورزێكی سه‌خت و ناوه‌خت بوو و ده‌بوو به‌ری پێبگیردرێت، چونكه‌ ده‌بووە هۆی تێكچوونی هاوسەنگیی هێزی نێوان بلۆکی بازارئازاد و بازاری دەوڵەتی [پیەمانی ناتۆ و پەیمانی وارشۆ] و گۆڕان له‌ سیستمه‌ جه‌نراڵییه‌كانی سه‌راپای ئه‌مه‌ریكای لاتیندا و ئه‌مه‌ش دەیکردە ناهاوسه‌نگی هێز له‌به‌رامبه‌ر بلۆكی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیدا. لەبەرئەوە دنەی سه‌رمایه‌داره‌كانیان دا، تا سه‌رمایه‌كانیان له‌و وڵاتدا ده‌ربكه‌ن و بنه‌مای ئابووریی ئه‌و وڵاته‌ بته‌پێنن. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو بووه‌ هۆی زه‌مینه‌سازی بۆ کۆدەتای سەربازیی و هاتنی جه‌نڕاڵی كۆمه‌ڵكوژییه‌كان (پێنۆشێت) و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی چ له‌ ئه‌مه‌ریكای لاتین و چ له‌ ئاستی جیهانیدا به‌ نرخی خوێنی هه‌زاران کەس. ئه‌م تاكتیكه‌ له‌ جه‌زائیر و فه‌له‌ستین، كه‌ ئیسلامییه‌كان زۆرینه‌ی ده‌نگیان هێنا به‌شێوە‌یه‌كی دیكە و ڕێگه‌یه‌كی دیكە بۆ فریودانی خه‌ڵكی ده‌نگه‌ده‌ر گریردرایە‌به‌ر. له‌ هه‌رێمی كوردستانی لای خۆمان، كه‌ ڕزگاری و دێموكراسییه‌كەی به‌ سه‌ر نووكی ڕۆكێت و پاژنه‌ی چەکمەی ئاسنینی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانییه‌وه‌ بۆ هاتووه‌ و چه‌ند پارتێكی په‌نابه‌ری دیوی ئێران و سورییه‌ به‌و پاڵپشتییه‌ و له‌ ڕێگە‌ی تێكشكانی ڕاپەڕینه‌وه‌، زه‌مینه‌ بۆ سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی فیفتی فیفتییه‌كه‌ی ئایاری ١٩٩٢ و هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ره‌نجام پێشتر دیاریكراوه‌كانیان خۆشكراوە، هانا بۆ هه‌مان تاكتیك به‌شێوە‌یه‌كی دیكە براوەتەوە. ئەم تاکتیکە بۆ هاوپه‌یمانان و دەوڵەتانی ناوچه‌كه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی نێوخۆ ئه‌وه‌ مسۆگه‌رده‌كات، كه‌ له ‌ڕێگه‌ی كۆنترۆڵی ئابوورییه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانێك یا هه‌لێكی گونجاو بۆ كۆتاییهێنان به‌ چه‌پاوڵگه‌ری و دیكتاتۆری پارت و ده‌سه‌ڵاتبه‌خشینه‌وه‌ی خێزانیی دەگردرێت.

وه‌ك ده‌زانین، ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ڕی ساردا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، سه‌رمایه‌داری نه‌بوو به‌سه‌ر بزاڤی سۆشیالیستیدا، به‌ڵكو سه‌ركەوتنی بازارئازادی نیئۆلیبراڵه‌كان بوو به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری دەوڵەتیی بۆلشه‌ڤیكه‌كاندا. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ بواری ڕامیارییدا واته‌ سه‌ركه‌وتنی فره‌پارتی یه‌كجۆر به‌سه‌ر تا‌كپارتی یه‌كجۆردا، له‌ بواری ئابوورییدا واته‌ سه‌ركه‌وتنی بازارئازاد به‌سه‌ر بازاری كۆنترۆڵكراوی ده‌وڵه‌تییدا، له‌ بواریی كۆمه‌ڵایه‌تییشدا واته‌ تێكشكان و وردوخاشكردنی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و جێگرتنه‌وه‌یان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ بۆرجوازییه‌كان له‌ سه‌راپای پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵ و کۆمەڵگەدا.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ قۆناخی ته‌واوبوون و جیگیربووندایه‌، ڕێك هه‌ر ئه‌و تاكتیكه‌یه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمكرد. سه‌ره‌تا پارت ده‌ست به‌سه‌ر داهاتی “نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراك” و كۆمه‌كەکاندا ده‌گرێت و زۆربه‌ی كۆمه‌كه‌ ده‌رمانی و خواردنه‌مه‌نییه‌كان له‌ بازاری ڕه‌شدا به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشرێنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌ی پارت و له‌نێو پارته‌كانیشدا بەسەر سه‌رانی پارت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، دابەشەکرێت. هاوكات كۆمه‌كه‌ داراییه‌كان به‌ ڕێژه‌یەکی هه‌ره‌ زۆر، ده‌چنه‌ گیرفانه‌ شاراوه‌كانی پارت، پاشان نۆره‌ی قۆناخی دووه‌م دێت، واته‌ تایبه‌تییكردنه‌وه‌ی كه‌رته‌ گشتییه‌كان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی جیهانی و نێوه‌نده‌ سه‌روومیلییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌ پێدانی كۆمه‌ك و چوونه‌وه‌ هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌، بەپێی مەرجە سەرەکییەکانی ئەو ناوەندە جیهانلووشانە، ده‌بێت ئابووری و ڕامیاری و دار و نه‌داری ئه‌و وڵاته‌ بخرێته‌ ژێر ڕكێفیان و ئه‌وان له‌ پشتپه‌رده‌وه‌ بریاری یه‌كالاییكه‌ره‌وه‌ بده‌ن. لێره‌دایه‌ كه‌ داهاتی دزراوی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ شێوه‌ی سه‌رمایه‌ی پارت و به‌ په‌رده‌پۆشی و به‌نێوی كۆمپانیای جۆراوجۆری یه‌كشه‌وە و ڕۆژه‌وه‌ دێته‌وه‌ مه‌یدان و كه‌رته‌ گشتییه‌كانی پێده‌كڕدرێته‌وه‌، به‌ واتایه‌كی دیكە سه‌رانی پارت له‌سه‌ر داهاتی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌داری گومناو و ڕوخساری دیكە وه‌ك كارگی به‌هاران قوتده‌كرێنه‌وه‌ و به‌هه‌مان داهاتی دزراو، كه‌رته‌ گشتی و ده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌راجێكی سیناریۆییدا له‌ خۆیان ده‌كڕنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ مسۆگه‌رده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌موو ئاڵوگۆڕێكی ڕامیاریی له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانییه‌وه‌ له‌ پێكهاته‌ی بازار و كارگێرییدا تیكشكاوبێت. ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ش كه‌ بۆی هه‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بتوانن بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات و ئابوورییه‌كی داخراوتر له‌وه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ [هەروەها هەرچەندە کۆمونیستەکان هێزی پێشنیار و کارانەبوون و نین، بەڵام هەمان بەرنامەڕێژیی نێوەندگەرای دوڵەتییان بۆ ڕێکخستنی ئابوویی کۆمەڵگە هەیە]، كه‌ له‌و باردا له‌سه‌ر مۆدێلی ئابووری ده‌وڵه‌تی نێوه‌ندڕێژ ده‌بوو و ده‌بووه‌ سه‌رئیشه‌ و رێگر بۆ پلانه‌ ئابوورییه‌كانی بازارئازاد له‌ ناوچه‌كه‌دا، كه‌ كوردستان بڕیاره‌ پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئەو بازارە بێت.

كاتێك بتوانین ئه‌م نه‌خشانه‌ به‌ وردی ببینین و ده‌ركیان بكه‌ین، ئیدی بۆمان ڕۆشنه‌ بۆ بزاڤێكی په‌نگخواردووی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانخوازی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ كۆمه‌كی ماسمیدیا و ڕاگه‌یاندنه‌كانی دەسەڵات و كۆمه‌كی دارایی خودی ده‌سه‌ڵات له‌نێو خودی پارته‌ پێكهێنه‌ره‌كانیدا باڵێكی ڕیفۆرمیست، كه‌ له‌هه‌موو ئه‌و كه‌ینوبه‌ینانه‌دا هاوبه‌ش و هاوڕۆڵ بووه‌، ده‌هێنرێته‌ پێشه‌وه‌ی شانۆی ڕامیاریی و ده‌سه‌ڵات و سواری بزاڤه‌كه‌ ده‌كرێت و به‌ كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌ی ناجۆر و لاوه‌كی بزاڤه‌كه‌ به‌لاڕێدا ده‌بات.

بۆ كه‌سانێك كه‌ باوه‌ڕییان به‌ ڕۆڵی كۆمه‌كگه‌رانه‌ و ڕزگارگه‌رانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی هه‌یه‌ و پێیانوایه‌ نێوه‌نده‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك سندوقی دراوی نێوده‌وه‌تی و بانكی جیهانی و نێوه‌نده‌ به‌ناو خیرخوازییه‌كانی دیكە، ڕۆڵی پۆزەتیڤ و دەستگیرۆییانەیان بۆ هەرێمەکە هه‌یه‌، ئیدی سه‌خته‌ بتوانن په‌ی به‌ سیناریۆی لیستی نەوشیروانییەكان و نه‌خشه‌ و كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌رن، زۆریش ئاساییه‌ كه‌ به‌نێوی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه‌ ببنه‌ جاڕده‌ری ئه‌و باڵه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنجی داخوازی و ئامانجه‌كانی لیستی نەوشیروانییەكان بده‌ین، ده‌بینین، كه‌ لە جیاتی کۆمەڵایەتییکردنەوە و گشتییكردنه‌وه‌ و گێرانه‌وه‌ی زانكۆكان بۆ ژێرچاودێڕی كۆمه‌ڵگه‌ و كه‌سانی سه‌روكاردار به‌و بوواره‌، خوازیاری ده‌رهێنانییانه‌ له‌ چنگی پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و سپاردنیانە بە دەڵاڵانی بازارئازاد، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌وه‌ پیاده‌كردن و ته‌واوكردن و گشتگیركردنی نه‌خشه‌كه‌ی سه‌ره‌وه،‌ واته‌ تایبه‌تییكرنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رت و به‌شانه‌ی كه‌ هێشتا به‌ڕواڵه‌ت گشتیی و ده‌وڵه‌تیین، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ زه‌مینه‌ بۆ كۆمپانیاییه‌كی دیكەی وه‌ك (كۆڕك) و (نۆكان) و تد خۆشده‌كات، ئه‌م كه‌رتانه‌ش له‌ ژێر جه‌پۆكی پارتدا بۆ هه‌میشه‌ بكه‌نه‌ موڵكی سه‌رانی سه‌رمایه‌داری پارت یا سه‌رمایه‌گوزارێكی دیكەی ده‌ره‌كی.

بۆ كه‌سانێك كه‌ له‌ سروشتی سه‌رمایه‌داری و كاركردی بازارئازاده‌كه‌ی تێده‌گه‌ن، ئاسانه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن، كه‌ جیاوازی سەروەریی بارزانی و تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان و ئاخوندێك و فیلۆسۆفێك نییه‌، به‌ڵكو پێداویستی و كارایی كه‌سه‌كان له‌سه‌ر جێگیركردنی پلانه‌كان گرنگه‌ و كاتێك كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كارێزما ئێكسپایه‌ر ده‌بێت، زۆر ئاسانه‌ به‌ پلانێك وه‌لابنرێت یا پێشتر جێگره‌وه‌ و ئه‌ڵته‌رناتیڤی بۆ مسۆگه‌ر و ئاماده‌بكه‌ن و پێشتر پێش ڕووداوه‌كان بكه‌ون و له‌ ده‌روونی بزاڤه‌كاندا له‌وێدا، كه‌ خۆشباوه‌ڕی به‌ پاڵه‌وانه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كانی دوێنێ بۆ به‌رگرتن به‌ خودی بزاڤه‌كه‌ به‌كاردە‌برێن؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بزاڤی كۆمەڵایه‌تی “گۆڕان”دا دیتمان، كه‌ خه‌ڵك دژی چه‌پاوڵگه‌ری و گه‌نده‌ڵی و دابه‌شكاری سامان و داهاتی كۆمه‌ڵگه‌ بوو، كه‌چی به‌ پلان و كارله‌سه‌ركردنی ڕۆژانه‌ ئه‌و ئامانجانه‌ تا ئاستی گله‌یی چه‌ند مشه‌خۆڕێكی دیكەی نێوده‌سه‌ڵات و هه‌وڵدان بۆ به‌شداربوونیان له‌ ده‌سكه‌وته‌ ناڕه‌واكانی پارت، دابه‌زانده‌ خواره‌وه‌. هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دژی دەسەڵاتی بنه‌ماڵه‌یی تاڵه‌بانی ده‌نگی خۆشباوەڕانه‌ی خۆیان به‌ لیسته‌كه‌ی نه‌وسیروان دا، ده‌نگپێدراوان وه‌ك نه‌ بایان دیبێ و نه‌باران، به‌نێوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌وه‌ چوونه‌ پای ده‌نگدانه‌وه‌ به‌ تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆككۆمار لە بەغداد.

لەبەر ئەوە بەبۆچوونی من، شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی به‌ پێشڕه‌وی گه‌نده‌ڵانێكی دیكە، كه‌ گله‌یی له‌ به‌ركه‌وت و به‌شه‌دزی خۆیان له‌ داهاتی دزراوی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، ناكرێت و گێڕانه‌وه‌ی كه‌رته‌ گشتییه‌ بەتایبه‌تییكراوه‌كان[بەپارتییکراوەکان] و‌ كردنیان به‌ به‌شێك له‌ بازارئازاد و كه‌رتی تایبه‌تی كۆمپانیایه‌كی نوێ یا بیانی مەیسەرنابێت و هه‌روه‌ها ناشتوانێت هۆکاری كۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی پارته‌ میلیشییاییه‌كان و فەرماندارییەكانیش یێت، ئەوەش له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی له‌ دونیای دیمۆكراتی نوێنه‌رایه‌تییدا ئه‌وه‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵات له‌م بنه‌ماڵه‌ی خانزاده‌وه‌ بۆ ئه‌و شازاده‌ و له‌م پارتی پارێزگاره‌وه‌ بۆ ئه‌و پارتی سۆشیال-دێمۆكرات و له‌ خولێكی دیكەدا پێچەوانە‌ ده‌بێته‌وه‌ و هیجی له‌ سه‌روه‌ری چینایه‌تی و ناداپه‌روه‌ری و سته‌م و هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی و هه‌ڵاواردنی مرۆڤه‌كان و ڕه‌گه‌زه‌كان نه‌گۆڕیوه‌ .

هۆی دووه‌م، وه‌ك گوتم قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات له ‌ڕێگه‌ی تایبه‌تییكردنی بنه‌ما ئابوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و كه‌رته‌ گشتییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری وه‌ك موڵكی سه‌رمایه‌دارانی پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانەوە، دیسانه‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی ڕواڵه‌تیی ڕامیاریی ئەستەمده‌كه‌ن. با ئاوای دابنێین، پارتێكی ئیسلامی یا پان-ناسیونالیست یا پارتێكی چه‌پ زۆرینه‌ی پارلەمان به‌ده‌ستبهێنێت و فەرمانداریی [حكومەتی] خۆی پێكبهێنێت، ئایا كۆمپانیا كۆمه‌ڵگه‌لووشه‌كانی وه‌ك (نۆكان) و (كۆڕەك) و …تد بە پاڵپشتی لەشکری ئەمەریکا و سیخوڕیی ڕێکخراوە بەناو کۆمەککارەکان و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و ناوەندە پیلانگێرەکانی دیکە، بواری هیچ ئاڵوگۆڕێك یا وه‌رچه‌رخانێك ده‌ده‌ن؟ ئایا بوار و ئەگەری هیچ ئاڵوگۆڕێك لە سیستەمی بەڕێوەبەاریەتی [سەرخانی کۆمەڵ]دا هەیە، کاتێك کە بنەمای ئابووریی [ژێرخانی کۆمەڵ] دارایی کۆمەڵێك کۆمپانیای تایبەت و پارتیی بێت؟ ئیدی سەرانی لیستی ناسیونال-نیئۆلیبراڵ [لیستی بەناو گۆڕان] بەتەمان چی بگۆڕن؟ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە یا گۆڕینی تاکی ناڕازی ناهوشیار بە کۆیلەی خۆشباوەڕ ؟

من بە دڵنیاییەوە ده‌ڵێم هه‌ر ئاڵوگۆڕێك كه‌ بچووكترین ناكۆكی له‌ته‌ك پلانی نێوه‌نده‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك سندوقی دراوی نیوده‌وڵه‌تی و بانكی جهیانی و له‌شكری ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانیاندا هه‌بێت، ئه‌وا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كۆمپانیانانه‌وه‌ و لە ڕێگەی بانده‌ پاڕێزه‌ره‌كان و پشتپه‌رده‌ییه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه‌ پوچه‌ڵ و ته‌نانه‌ت سه‌ركوتیش ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش زۆر ئاسانه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌ پاش تێكشكانی ڕاپەڕینه‌وه‌ تا ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ھێزی بۆ ڕێكده‌خه‌ن و كۆمه‌ڵی خۆشباوه‌ڕ و پاشڕه‌وی بۆ په‌روه‌رده‌ده‌كه‌ن. نۆزده‌ ساڵه‌ ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن مێشكی خه‌ڵك كه‌ڕوواوی ده‌كه‌ن، خه‌ڵك نائومید و نه‌وه‌ی نوێ به‌ شێواندنی مێژوو فریوده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وان [ڕامیاران و دەسەڵاتداران] زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ خۆجێگیركردن و كۆمه‌ڵایه‌تییكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سه‌ركوت و ڕه‌شه‌كوژی ژنان و تیرۆری نه‌یاران و هه‌ڵخڕاندنی شۆڤێنیزمی ناوچه‌یی به‌رامبه‌ر ناوچه‌كانی دیكە یا كه‌مایه‌تییه‌كانی دیكە خۆشده‌كه‌ن، هه‌رواش ته‌نیا ڕێگه‌ و مه‌یدان بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ و بەرگرتن بە هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان، ته‌نیا مه‌یدانی خەباتە‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بزاڤه‌ جەماوەرییه‌ سەربەخۆكانن؛ بۆ نموونه‌ تا كاتێك بزاڤی ئازادیخوازی و دژه‌سه‌ركوت نه‌بووبێته‌ كه‌توارێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی گشتگیر، قسه‌كردن له‌ ده‌ستكۆتاكردنی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ر و تیرۆریسته‌كان و ده‌زگه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی سه‌رووخه‌ڵكی، ده‌چێته‌ خانه‌ی خه‌ونی باڵۆنئاسا له‌ هه‌وادا. ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی و ژنان و ته‌نانه‌ت سۆشیالیزمیش هه‌ر وایه‌ و به‌بێ كۆمەڵایه‌تیبوونه‌وه‌ی خواست و بۆچوون و ویسته‌كان، ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی شۆڕشگێرانه‌ ئه‌سته‌مه‌ و هه‌رگیز ڕوونادات.

وەك پێشتر وتم، گەندەڵی وەك دیاردەیەكی سیستەمی فەرمانداریی و كارگێڕیی و بەرێوەبردن، تایبەت بە پارتێك یا فەرمانداریی و دەوڵەتێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو تایبەتمەندیی بەڕێوەبەرایەتیی سەرووخەڵكییە، ئیدی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پاشایەتی و تاكپارتیی بێت یا فرەپارتیی پارلەمانی و فەرمانداریی [حكومەتی] تێكنۆكراتەكان و فیلۆسۆفەكان، ھیچ كات نەیتوانیوە و ناشتوانێت پاكتاویبكات، چونكە ڕیشەی گەندەڵی لە پێكھاتەی بنچینەكانی سیستەم و پێكھاتەی قوچكەیی و سەرووخەڵكیدایە. كاتێك كە ئامانج لە بەشداریكردن لە بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەدا، پلەی سەروەریی و پایەی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی باڵاتر بێت، ئیدی زۆر ئاساییە، نوێنەرەكان و دەسەڵاتداران بۆ مانەوەی خۆیان ھەم بدزن و ھەم چاوپۆشی لە دزی و تاڵانی كەسانی چواردەوریان بكەن. چونكە بنەمای سیستەمی چینایەتی دزییە لە ڕەنجی بەرھەمھێنەران و چەپاوڵكردنی سامان و داھاتی كۆمەڵگە. بۆ زیاتر دڵنیابوون لەمە، دەتوانین ئەم پرسیارە لە خۆمان بكەین؛ ئەگەر ڕێكخستنی كۆمەڵگە قوچكەیی [ھەرەمی] نەبووایە و بەشداریی بەڕێوەبەرایەتی [نەك ئەوەی پێدەڵێن كایەی ڕامیاریی] كۆمەڵگە خۆبەخشانە و بەبێ پاداشت بووایە و خانەنشینی پاشایانە و مشەخۆریی ھەتایی مسۆگەر نەبووایە، ئایا ھیچ كەسێك لە ڕامیاران و دەسەڵاتخوازان، بیری لە پێكھێنانی پارت یا خۆی بۆ نوێنەرایەتی و كارگێڕیی كاندیددەكرد؟ ئایا كەسانی بێلایەنی نێو كۆمەڵگە ھیچ گومانیان لە نەرێنی وەڵامی ئەم پرسیارە ھەیە؟

لەبەرئەوە‌ پێویستە ڕیشەییتر دژی دیاردەکە بچینە جەنگەوە، واتە گۆڕینی دروشمی بزووتنەوەکە بۆ ” نا بۆ تایبەتیکردنەوەی کەرتەکان، نا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گەندەڵ، بەڵێ بۆ خۆبەڕێوەبەرایەتی جەماوەریی “. ئەوەش تەنیا بە بەرگرتن بەتایبەتیکردنەوەی کەرتە گشتییەکان و سەندنەوەی کارگە و زەوییەکان و گردەکان و کەرتەکانی خزمەتگوزاریی لە پارت و سەرمایەدارەکانی پارت مەیسەردەبێت. هەڵبەتە ئەم هەنگاوەش دوو ڕێگە لەخۆدەگرێت، ڕێگەی یەکەم، سەندنەوەیانە لە پارتەکان و سەرمایەدارەکانی پارت و گێڕانەوەیان بۆ کەرتی دەوڵەتی، کە ئەمەیان هەردەم ئەڵتەرناتیڤی ڕیفۆرمیستەکان و نێوەندگەراکانە، کە لە باشترین باردا سەروەریی خۆیان دەکەنە ئەڵتەرناتیڤی دزان و گەندەڵکاران. ڕێگەی دووەم، سەندنەوەی کەرتەکانە لە پارتەکان و سەرمایەدارەکانی پارت و گێڕانەوەیان بۆ کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کەرتەکان بەوەی خودی کرێکاران، فەرمانبەران یا جوتیارانی ئەو بەشە یا ئەو کەسانەی کە گێڕاویانەتەوە، بەخۆیان بەڕێوەبەرایەتیدەکەن و دەیخەنە خزمەت کۆمەڵگەوە.

ئەگەر لەوانەش بگوزەڕیێن، دەتوانین بە كەمێك گەڕانەوە بۆ ڕابوردووی كۆمەڵگەكەمان، كە خۆشبەختانە زۆر دوور نییە و ئەگەر بەخۆشمان تێیدا نەژیابین، ئەوا دایك و باوكمان یا داپیرە و باپیرەمان وێنایەكیان لەبارەیەوە لە ئاوەز و ھۆشماندا جێگیركردووە؛ پێش ئەوەی دەوڵەت و پارتی ڕامیاریی دروستببن، لە كۆمەڵگەدا كوشتن و دزی و فڕوفێڵ و ئەتك و تاڵانگەریی و چەپاوڵ و پاوانكردن، زۆر دەگمەن بوون و لە كۆمەڵگەدا وەك دیاردەی ناوازە و ناباو ڕەفتاریان لەتەكدا كراوە و زۆر جار بكەرانیان ناچار بە ڕەوكردن و بەجێھێشتنی كۆمەڵگەكە بوون، لە بەرامبەردا پێكەوەژیان و ھەرەوەزیی و ھاریكاری و گەلكاریی و متمانە و پشتیوانی و یەكترپارێزیی كۆمەڵایەتیی ھەبووە و زاڵبووە. بەڵام لە ئێستادا ئەم ھاوكیشەیە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە و نەرێنییەكان تاڕادەیەكی زۆر باو و گشتگیربوون و ئەرێنییەكان لە پانتایی ژیانی ھاوچەرخدا بە ھەمان ڕادە نامۆكراون. ھەموو ئەمانە، ھەروا بە ڕێكەوت و بەبێ پلان و خۆبەخۆ ڕوویاننەداوە، بەڵكو سەرەتا دەسەڵاتی سەرووخەڵكیی بەگ و ئاغاكان و پاشان دەوڵەت ھەموو خۆبەرێوەبەرایەتیی و خۆكاراییەكی لە تاك و بوونە كۆمەڵایەتییەكان سەندووەتەوە و ئینجا بۆ پاراستنی دەوڵەت و بەرژەوەندی كۆمپانییە كۆمەڵگە و جیھانخۆرەكان، پارتی ڕامیاریی قوتكراونەتەوە و لە ڕێگەی گۆڕین و لەنێوبردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە تەبا و ھەروەزییەكان و یاسا سروشتییەكانی پێكھاتنی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەیان بە پەیوەندییە ڕامیارییە دەستكرد و نامرۆییەكان، پارت و ڕێزبەندیی پارتیی كۆمەڵگەی بەسەر دەستە و بەرەی دژبەیەكی ھەردەم لە جەنگ و نائارامیدا دابەشاندووە و لەم ڕێگەیەشەوە زەمینەیان بۆ كۆمەڵایەتییكردنەوەی گەندەڵیی سازكردووە و بەم جۆرە دەبینین، نەوەی ئەو مرۆڤانەی كە دوێڼێ بەبێ بوونی دەوڵەت و پارت و نوێنەر، لە ڕێكەوتنێكی كۆمەڵایەتییدا لەسەر بنەمای یاسا سروشتییەكانی پێكھاتنی كۆمەڵگە، كە كۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ مامانی لەدایكبوونیانە، دەژیان و كاروباری خۆیان ڕێكدەخست و خۆشی و ناخۆشییەكانیان، بوون و نەبوونییەكانیان لەنێوان خۆیاندا دادەبەشاند و بەختەوەریی ھەر تاكێك پەیوەستبوو بە بەختەوەریی ئەوانی دیكەوە، كەچی لەم ڕۆژەدا نەوەكانیان بەھۆی پاشڕەوییان بۆ دەسەڵاتی سەرووخەڵكیی و پارتەكان و ڕامكاران [ڕامیاران]، لە پێشینە و پاشبنەمای كۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە نامۆبوون و ناتوانن ژیان و ڕێكخستنی كۆمەڵگە بەبێ بوونی دەوڵەت و سیستەمی نوێنەرایەتی و پاشڕەویی پارتایەتی و مێگەلبوون بۆ جەنەڕاڵەكانی جەنگ، ژیان وێنا بكەن و بیربكەنەوە. كاتێك كۆمەڵگە لەو تاكە لەخۆنامۆیانە پێكھاتبێت و دەنگی ناھوشیارانەی ئەوان ھەڵبژێری سیستەم و كارگێریی كۆمەڵگە و شێوەی ژیان بێت، ئیدی گەندەڵی ئاساییترین و سەرەتاییترین دیاردە و تایبەتمەندیی سیستەمی كارگێڕیی و كۆمەڵگە دەبێت، بەواتایەكی دیكە گەندەڵی ڕامیاریی، بە ھۆی ڕامبوونی تاكی چەوساوە و ژێردەستەوە، كۆمەڵایەتی دەبێتەوە و دوا تەون و ڕایەڵەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بۆگەندەكات و ھەموو تاكێك دەكاتە دژی تاكەكانی دیكە و پشێوییەكی كۆمەڵایەتیی وەھا دروستدەكات، كە تاكی ناھوشیار و دۆشداماو و دەستەمۆ، ھەردەم وێڵی سەرۆكی باش و دەوڵەتی باش و پارلەمانی باش و نوێنەری باش بێت و بە كایەكردن و ختووكەدانی دەمارگیریی ئایینی و ناوچەگەریی و شارچییەتی و ناسیونالیستی لەلایەن كەسانی ڕامكارەوە، جەنڕاڵەكانی مرۆڤكوشتنی لێدەبێتە فریادڕەس!

بۆ له‌گه‌ڵ ماركسیزمه‌كان ناكه‌ونه‌ گفتوگۆ و كاری هاوبه‌ش؟

بەر لەوەی وەڵام بەخودی پرسیارەکە بدەمەوە، بەپێویستی دەزانم ئەوە ڕۆشنبکەمەوە، کە چەمكی هزریی لەتەك هەڵگری هزر، لە تەواوی زمانەکانی دونیادا دوو واژە و کاربردی جیاوازیان هەیە، چونکە “مارکسیزم” چەمکێکی ئایدیۆلۆجییە و بۆ کۆی ئەدەبیاتی “مارکسیست”ەکان بەکاردەبرێت، لەم پرسیارەدا بەکاربردنی وەك چەمك هەڵەیە و ناتوانێت ئاماژەبێت بە هەڵگرانی ئایدیۆلۆجیاکە [مارکسیستەکان].

ئەگەر ماركسیسته‌كان باوەڕییان بە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی لەسەر بنەمای «خۆجێی ببزوێ و جیهانی بیربكەرەوە» و دوور لە پاشكۆیی بۆ پارت و گروپەكانیان هەیە، ئەوا هیچ پێویستمان بە ڕێككەوتن نابێت و خۆبەخۆ لەتەك ئەنارکییەکانا لەو بوارەدا یەکدەست دەبن. بەڵام كاتێك ئەوان وەك پارتە بۆرجوازییەكان خەریكی دەستەمۆكردن و پاشكۆكردنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بن و هەر بیركردنەوەیەك لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیاكەیان ڕەتبكەنەوە و ڕێكخراوی كۆمیتەیی بۆ چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان قوتبكەنەوە و گیانی دەستەگەریی (سكتاریزم) تەشەپێبدەن و هەر دەستبەكاربوونێكی ئازادانەی تاكەكان لەژێر چەكمەی پۆڵایی نێوەندگەرایی و بڕیارە نێوەندیی و قوچكەییەكانیاندا بپڵیشێننەوە، ئەوا بە بۆچوونی من نابێت كەمتر لە دژایەتی بۆرجوا دەسەڵاتدارەكان، دژایەتییان بكرێت.

من بۆ خۆم، وەك كەسێك، كە سەرەتای چالاكی “ڕامیاری”یم بە ئەندامبوونی “كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان” دەستپێكردووە و بە وازھێنانم لە ئەندامەتی “ڕەوتی كۆمونیست” كۆتاییھاتووە، لە مەیدانی خەباتی جەماوەرییدا خاوەنی خەروارێك ئەزموونی كەسییم و ھەردەم تای تەرازووی خەباتی ڕۆژانەم بەلای سەربەخۆیی خەباتی جەماوەریی و بەرگرتن لە سیكتاریزم شكاوەتەوە و لەبەرئەوە لەلایەن ھاوڕێكخراوەییەكانمەوە دژایەتیكراوم و ھەوڵی تەریكخرانەوەم دراوە. ھەر بەو پێیە بە ئەزموون گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی كە گروپ و پارتی ڕامیاریی ھەر ناوێك و ھەر بەرنامەیەكیان ھەبێت، بێجگە لە كەوڵكردن و دەستەمۆكردن و کەرتکەرتکردنی خەباتی جەماوەریی بۆ ئامانجی پارتیی و دەسەڵاتخوازیی ئەندامانی باڵا، ھیچی دیكە نەبووە و نییە و هیچی دیکەشی بەرهەمنەهێناوە. لەبەرئەوە ھەموو كاركردن و ھاریكارییكردنێك لەتەك گروپی ڕامیارییدا ڕەتدەكەمەوە و بەھیچ شێوەیەك متمانەیان نادەمێ. ئەم بۆچوونەم تەنیا لەمەڕ گروپ و پارتە کۆمونیستەکانی کوردستان بەرتەسکنابێتەوە، بەڵکو لە سەراپای مێژوودا هەر لە یەکێتی کۆمونیستەکان [یەکەمین پارتی کۆمونیستی] کە بە بەیاننامەیەکی خودی مارکس و ئەنگلس لەدەرەوەی ویستی ئەندامانی هەڵوەشێنرایەوە تا پارتی سۆشیال-دێمۆکراتی ئاڵمانیا و دواتر هەزاران پارتی کۆمونیستی دیکە و تا دەگاتە دواترینیان لە هەرێمی کوردستان [مشتەقاتەکانی کۆمونیزمی کرێکاری] تەنیا دەمارگیری دەستەگەریی و جیابوونەوە و دابەشکردن و بێهێزکردنی ڕێزی ناڕازییان و کرێکارانی هوشیارییان بەرهەمهێناوە و دەهێنن. بەپێچەوانەوەی خۆشباوەڕیی و گۆشەگیریی ئایدیۆلۆجی هەندێك ئازیزەوە، بە بۆچوونی من ئەوەی ڕامیاران و پارتە کۆمونیستەکان لە ماوەی سەدە و نیوێکدا بۆ دژەشۆڕش و سەروەریی چینایەتی ئەنجامیانداوە، سەراپای کۆمەڵگەی چینایەتی خودی ئیمپراتۆرییەکان دەوڵەتەکان و پارتە ناسیونالیست و مەزهەبییەکان نەیانتوانیوە ئەنجامیبدەن. ئەوەش تەنیا لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە و ئاشکرا، کە سەرەوەران و دەزگەکانیان نەیانتوانیوە هێندەی مارکسیستەکان، چەوساوان بە دەوڵەتی باش و سەروەری دادگەر و پارتی باش و پارلەمان خۆشباوەڕبکەن، هەموو ئەوانەش بەناوی خودی کرێکاران ولەژێر دێوجامەی سۆشیالیزمدا توانیویانە نارازییان فریوبدەن و بەداخەوە هێشتاکەش بازاری ئەو فریوکارییانە گەرمە.

***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە
بەشی یەکەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN

ته‌واوکارییه‌کان له‌سه‌ر(شتێه‌ر)* / ٢

ته‌واوکارییه‌کان له‌سه‌ر(شتێه‌ر)*

دانییل گرین
و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

به‌شی دووه‌م**

(شتێنه‌ر) دوای دووساڵ، له ‌(تاك و داراییه‌که‌ی-الواحدي و ملکیته‌)دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر په‌روه‌رده‌کاران و ده‌یانداته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌، ئه‌و هۆشیاره‌ و ده‌زانێت له‌ چ ده‌دوێت، چونکه‌ خۆی فێربووی دامه‌زراوه‌یه‌کی تایبه‌تی کیژه‌ گه‌نجه‌ بۆرژواکان بوو. “ده‌وترێت کاتێك گه‌نجان فێری ئه‌وه‌بوون به‌ ئاوازی بەساڵاچووه‌کان، گۆرانییه‌کان بڵێنه‌وه‌، ئه‌و کاته‌، ئه‌و کاته‌یه‌، که‌ به‌ گه‌وره‌بوو داده‌نرێن، بۆ ئه‌وه‌ش وێنه‌ی ئاژه‌ڵ ڕاپێچی خوێندگه‌کان ده‌کرێن، ناچاریان ده‌که‌ن، فێری شته‌ کۆنه‌کان ببن، کاتێك فێربوون، ئه‌وا گه‌وره‌ن”. ئه‌و ‌(شتێنه‌ر) دژی ” فاڵگره‌وه‌کان‌، ئه‌هلی چاکه‌” ڕکە دەیگرێت و ده‌ڵێت ئه‌وانه ‌”چه‌واشه‌کارانن، بۆگه‌نکارانی گەشەکردنە ڕاسته‌قینه‌کانن، دڵه‌ گه‌نجه‌کان ڕه‌قده‌که‌ن، ئاوەزە‌ گه‌نجه‌کان گه‌مژه‌ ده‌که‌ن” قسه‌ هیچوپووچه‌کانیان وێرانه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنن، که‌ چاره‌ ناکرێت ” له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌ بێناوه‌ڕۆکانه‌، که‌” له‌ منداڵییه‌وه‌ فێرمانده‌که‌ن و له‌ “بوونە گەرموگوڕەکەماندا (کینونتنا الحمیمة) چییە‌تییه‌ باشه‌که‌مان” داده‌پڵۆسن، ” سه‌رسه‌ختی و ڕەتکردنەوەی ملهوڕی له‌لایه‌ن مناڵه‌وه‌، هیچیان له‌ ڕەوایەتی حه‌ز و ئاره‌زووی فێربوون که‌متر نییه‌ ” نابێت زۆربڵێیی و ڕاستگۆیی مناڵ داپڵۆسێنرێت” به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات، لوتکەی بێهێزییه‌، لوتکەی هه‌ڵه‌کانیش ئه‌وه‌یه‌” بڕوا بەوە بکرێت، که‌ به‌ترساندن ‌هاروهاجی و سه‌رچڵی مناڵ چاکده‌کرێت”.

 

(شتێنه‌ر) پێشه‌کی ده‌ڵێت: دوژمنانی شێوازی نوێی په‌روه‌رده‌کردن ده‌لورێنن، ده‌نه‌ڕێنن ” تو خواکه‌تان، ئەگه‌ر منداڵان فێری بیروباوه‌ڕی باش نه‌کرێن، ده‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه ‌و وەک ناکه‌سبه‌چه ‌و دز ده‌رده‌چن! ” (شتێنه‌ر) به‌ شێوازێکی لاقرته‌پێکردنه‌وه‌، وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه ‌”له‌سه‌رخۆ، له‌سه‌رخۆ ئه‌ی پێخەمبه‌رانی خراپه‌کاری! بێگومان به‌ دیدی ئێوه‌ ده‌بنه‌ ناکه‌سبه‌چه‌، دیدی ئێوه‌ هیچ به‌هایه‌کی نییه‌. ئه‌و ناکه‌سبه‌چه‌ خراپانه‌ گوێ له‌ چیرۆکە‌ خه‌یاڵاوییه‌کانی ئێوه‌ ناگرن، ئه‌وه‌ ڕەتده‌که‌نەوە، کە ببنه‌ میراتگری ئه‌و دەبەنگیه‌ پیسه‌، که ‌له‌ باوك و باپیرتانه‌وه‌ بۆتان ماوه‌ته‌وه‌” … ” گه‌ر به‌ ئازاری ئه‌و دونیا (ئازاری ” خوای هه‌ردوو دونیا” هه‌ڕه‌شه‌یان لێبکه‌ن) ئه‌وان هەرئاوا کە ده‌ڕواننه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گورگێك، ئاواش ده‌ڕواننه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێوه‌، ئه‌و کاته، ئێوه‌ ده‌سته‌پاچه‌ ده‌بن و ئیدی ناتوانن به‌رده‌وامی به‌ چاندنی ترسه‌ خه‌یاڵییه‌کانتان له‌ دڵیاندا بده‌ن، ئه‌و کاته‌ زاڵیی تارمایی و باوەڕ له‌ چیرۆکە‌کانی کن ئاگرداندا کۆتایدێت”

 

ئه‌و خۆهه‌ڵواسینه‌ هه‌ڵچووه‌ی خۆی به‌ ئازادی تاکه‌وه‌، وا له‌ (شتێنه‌ر) ده‌کات، کە به‌ره‌نگاری ئه‌و لیبرالیزمه‌ درۆینه‌ بووه‌ستێته‌وه‌، که‌ ده‌رئه‌نجامی شۆڕشی فه‌ره‌نسی بوو، ئه‌و شۆڕشه‌ ته‌نها له‌ داماڵینێکی نوێدا سه‌رکه‌وتوبوو ” له‌ ” ئازادی ڕامیاریی؟ ” پێویسته‌ چ تێبگه‌یین، ئایا ئازادی تاکەکەسە‌ به‌لای ده‌وڵه‌ت و یاساکانییه‌وه‌؟ نه‌ء به‌هیچ کلۆجێك وانییه‌، ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، ملکه‌چییه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت، بۆ یاساکانی ده‌وڵه‌ت، جا که‌واته‌ بۆچی باسی ئازادی ده‌که‌ن؟ “. ئازادی ڕامیاریی ، ئازادی پۆلیس و ده‌وڵه‌ته‌، نه‌ك ئه‌و ئازادیه‌، که‌ من ئازادم له‌ ده‌وڵه‌ت، پرسە‌که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ ئازادی منه‌وه نییه‌‌، ئازادی ئه‌و هێزه‌یه‌، که‌زاڵه‌ به‌سه‌رمنداو ده‌مکاته‌ کۆیله.

 

ئه‌و (من)ەی، که‌ (شتێنه‌ر) پێداگری لەسەر ده‌کات، شوناسنامه‌ی خۆی له‌و لیبرالیزمه‌دا نابینێته‌وه‌، (شتێنه‌ر) جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، پێویسته ‌” له‌و لیبرالیزمه‌دا، ته‌نها منە دەستەمۆکراوەکەی‌ مه‌سیحیه‌ کۆنه‌که‌ ببینین” … ” بێگومان له‌تەك تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگاردا، هه‌ندێك بەرتەری [امتیاز] لابرنا، به‌ڵام ته‌نها له ‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی (هاوبه‌ش) له ‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت، نه‌ك بۆ پته‌وکردنی منه‌که‌ی من-Mon Moi-“

ئه‌و ڕه‌خنه‌ توندوتیژه‌ له‌ لیبریالیزمی بۆرژوازی، له‌وه‌ ده‌رچووه‌، که‌ داوایه‌کی تاکی بێت، داوایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نێوه‌ڕۆك چینایەتییه‌، ئه‌وه‌ ده‌بینێت، که‌ ده‌وڵه‌ت داراییه‌کان ده‌پارێزێت و به‌ بەرتەرییه‌وه‌ نەرخوردی لەتەکدا ده‌کات، ئه‌وه‌ له ‌کاتێکدا، که‌ نه‌داراکان ده‌چه‌وسێنێته‌وه ‌و ده‌یانهاڕێت .. ” ده‌وڵه‌ت پشتی بە کۆیله‌یی کار بەستووە‌، کاتێك کە کار ئازاد ده‌بێت، ده‌وڵه‌ت کۆتایی دێت ” (شتێنه‌ر) ته‌نها دژی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی ڕاناپه‌ڕێت، به‌ڵکو دژی هه‌موو جۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت ڕاده‌په‌ڕێت، واته‌ خودی ده‌وڵه‌ت خۆی ” چه‌نده‌ ده‌وڵه‌ت لێبوردەش بێت، لێبوردووییه‌کەی تا ئەو ڕادەیە بڕدەکات، کە یاخیبوون ڕووینەدابێت‌؛ ده‌وڵه‌ت یاخیبوو ده‌ربه‌ده‌رده‌کات، به‌ندیده‌کات، ده‌یکاته‌ ئه‌ندامی ده‌وڵه‌ت، به‌واتایه‌کی دی، ده‌یکاته‌ (هاونیشتمانی)، ده‌وڵه‌ت به‌بێ ئه‌و ڕه‌وشتبازییه‌ ناتوانێت بژی، هه‌ر به‌وه‌شدا دیاره‌، که‌ من و ئه‌و دوژمنیین” … ” نابێت که‌س چێژ له‌ ویستی [ئیرادە‌ی] تایبه‌تی خۆی ببیینێت، واته‌ (ئازاد) بێت، به‌لای ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ پێویستییه‌کی ڕه‌هایه‌: ئه‌و تاکه‌ی خاوه‌نی ویستی خۆیه‌تی، ده‌وڵه‌ت دووریده‌خاته‌و، گه‌ر هه‌موو تاکه‌کان خاوه‌نی ویستی خۆیان بن، ده‌وڵه‌ت له‌نێوده‌به‌ن” … “هه‌موو ده‌وڵه‌تێك سته‌مکاره‌، ئیدی سته‌مکار دانه‌یه‌ك بێت یان زیاتر، ئه‌وانه‌ گشتیان سه‌روه‌رن، بیرۆکه‌ی کۆماریی له‌وه‌دا خۆیده‌نوێت، که‌ ” یەکێك زەواڵەی ئەوی دیکەیه. “من به‌بێ هیچ بگره‌وبه‌رده‌یه‌ك، هه‌رده‌م ده‌وڵه‌ت به‌ تاوانبار ده‌زانم، ئه‌و مرۆڤەی‌، که‌ جڵه‌وی چاونه‌ترسی و ویستی خۆی ها له ‌ده‌ستی خۆیدا، با سیخوڕه‌کانیش په‌رژینی ده‌وڵه‌ت بن، ئه‌و مرۆڤه‌ ڕیا و ترس ڕەتدە‌کاتەوە”.

 

(شتێنه‌ر) له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێکدا، ئاوا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، خۆی بە (ستەمدیدە) ده‌زانێت، ئیدی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، ده‌وڵه‌تێکی ڕه‌ها بێت، یان کۆماری. “من له ‌هیچ ده‌وڵه‌تێکدا ئازاد نییم”. ده‌وڵه‌ت هه‌میشه‌ یه‌ك ئامانجی هه‌بووه‌، تاك هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت، بیبه‌ستێته‌وه ‌و ملکه‌چی گشته‌کی بکات، ئیدی ئه‌و گشته‌کییه‌ هه‌رچییه‌ك بێت. “ئه‌و، واته‌ ده‌وڵه‌ت داپڵۆسیین به‌ ئه‌رکی خۆی ده‌زانێت، که ‌له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌یه‌”. ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچی یاسا ده‌که‌ن، بێبه‌زه‌ییه‌” … ” تاوانبار به‌بێ هیچ به‌زه‌ییه‌که‌وه ‌و به ‌به‌رچاوی چه‌ند که‌سێکی دڵخۆشەوە، ڕاپێچی به‌ر مەقسەڵە ده‌کرێت‌. به‌وه یاسای ڕه‌وشت تۆڵه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه ‌و ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت”.

 

ئه‌و ڕه‌خنه‌گرتنه‌ (شتێنه‌ر) به‌ره‌و هێرشێکی ڕێکوپێك بۆ سه‌ر کۆمونیزمی ڕۆژگاری خۆی ده‌بات، واته‌ ئه‌و کۆمونیزمه‌ که‌ ناوکی ” کۆمونیزمی زانستی” بوو، به‌ واتایه‌کی دیکە ئه‌و کۆمونیزمه‌، که ‌له‌سهر‌ ده‌ستی مارکس و ئینگلس’دا کریستالیزه‌ بوو، دوای ماوه‌یه‌کی که‌م کۆمونیزمە‌که‌یان، له‌ بابۆفیزمی*** فه‌ره‌نسییه‌وه‌ له‌دایکبوو، ئه‌و کۆمونیزمه‌، هێشتا سه‌ره‌تایی و یۆتۆبی بوو، له‌سه‌رده‌ستی کرێکاری نه‌خشه‌کاری ئاڵمانی (ولیم ویتنلگ – William Wetling) شێوه‌ی ئه‌و کۆمونیزمه‌ گۆڕا، ئه‌و ساڵی1842 په‌ڕتوکێکی به ‌ناوی (ضمانات الانسجام و الحریة Garantie de l’harmonie et de la liberté) بڵاوکرده‌وە. به‌ تێڕوانینی (شتێنه‌ر) له‌و سیستەمەدا، تاك کۆیله‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، که‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌یداتێ، کاتێك ئه‌و تاکه‌ به‌پێی یاساکان هه‌ڵده‌سوڕێت، کەتێك کە ملکەچبێت” که ‌من ملەکچ بووم له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی چه‌وسێنه‌ردا، یان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی (ویتلنگ)یدا بۆ من هیچ جیاوازییه‌کی نییه‌، له‌ هه‌ردوو بارەکه‌دا، یاسا بزره‌ و هیچ مافێکم نییه‌”. دواتر (شتێنه‌ر) پله‌یه‌کی دی سه‌رده‌که‌وێت، پێخه‌مبه‌رانه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ” کۆمونیزم له‌وانی دیکە زیاتر فڕێمانده‌ده‌نه‌ باوه‌شی پاشکۆییکردنی ئه‌وانی دیکه‌وه‌، پاشکۆیی (گشتەکی یا کۆمەڵیی) هەرچەند که‌ ئه‌و کۆمۆنیزمه‌ ‌هێرشده‌کاته‌ سه‌ر ده‌وه‌ڵه‌ت، که‌چی ئه‌و خۆی سه‌ر له‌ نوێ دانه‌یه‌کی دیکە دروستده‌کان، گومان له‌وه‌دا نییه‌، که‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بزوتنه‌وه‌ی ئازادی من به‌ربه‌ست و ئیفلیج ده‌کات، ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌روه‌ره‌، له‌ سه‌رووی منه‌وه‌یه‌ و هه‌موو مافێکی کۆمونیستی به‌ده‌سته‌، هەرچەند ئه‌و کۆمونیزمه‌ دژی ئه‌و داپڵۆسینه‌ ڕاده‌په‌ڕێت، که‌ تاکە دارا‌کان بەکاریدەبەن، که‌چی خۆشی هه‌ژموون ده‌داته‌ ده‌ست کۆمەڵ ، که‌ زۆر مه‌رسیدارتره‌”.

 

(شتێنه‌ر) به ‌هیچ کلۆجێك بیر له‌ پاشه‌کشێ ناکاته‌وه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێت، پێشی کۆمونیزم بداته‌وه‌ و زیاتر بڕوات. یه‌که‌م جار داپڵۆسراوه‌کان، له‌ گۆشه‌ی سۆسیالیزمه‌وه‌ ئازایه‌تی ده‌ستده‌خه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بگه‌نه‌ هۆشمه‌ندی تاك (جێبه‌جێکردنی خۆیی بۆ “من”)، ‌هۆشمه‌ندی (دژه‌-ده‌وڵه‌ت) دەسەپێنێت، تا ئه‌و خاڵه‌ کۆمونیسته‌کان ڕازیین، به‌ڵام (جێبه‌جێکردنی خۆیی بۆ “من”)ی تاك ده‌که‌وێته‌ ململانێوه‌، له‌ته‌ك کۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌روه‌ها بە‌ته‌واوی له‌ته‌ك ده‌وڵه‌تدا، بۆ له‌نێوبردنی ته‌واوەتی کەوڵکردنی تاك، ئه‌و (جێبه‌جێکردنه‌ خۆیی)ه‌ واوەتر لە هه‌موو هاوبه‌شییه‌ك له‌ته‌ك کۆمونیستدا ده‌ڕوات. ئه‌و بروسکانە‌، که‌ (شتێنه‌ر) ده‌یانگرێته‌ ده‌وڵه‌ت، پارتیش ده‌گرێته‌وه ‌” پارت له‌ته‌ك ده‌وڵه‌ت ڕه‌وده‌کات، چه‌ندین جار، پێویستی خۆبه‌ختکردن و به‌وه‌فایی بۆ پارت به‌ گیۆماندا ده‌درێت، ده‌بێت پارت له‌ کوێ بوو، بێچەندوچوون ده‌بێت تۆش له‌وێ بیت”. پارت، هه‌موو پارتێك به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌کانیدا ده‌سه‌پێنێت، کە بڕوای پارتییان دەرخبێت و بیڵێنه‌وه ‌و باوەڕیان به‌ بیروباوه‌ڕه‌کانی پارت پته‌و بێت و نه‌خه‌ڵه‌تابن بیانخه‌نه‌ خانه‌ی گومانه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌رکیانه‌ ڕاستی گومانلێنه‌کراو بزانن، واته‌ به‌ جەستە و به‌گیان له‌ ته‌کیدا بن” … ” ئه‌وه‌ی بۆ پارتێکی دیکە، پارت به‌جێبهێڵێت، به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ داده‌نرێت”. ئا به‌و شێوه‌یه‌ له‌وێوه‌ ده‌پرسێت “کەسی تاك ده‌توانێت بچێته‌ حیزبه‌وه‌؟”، به‌ڵێ، به‌ڵام پارت له‌ناکاو چنگیری ده‌کات و کاریتێده‌کات” ته‌بابوون و لابردنی کۆسپی نێوان من و پارت کاتییه‌”، به‌ چونم بۆ‌ نێو پارت، گرێبه‌ستێکی هاوبه‌ش دروستده‌بێت، تا ئه‌و کاته‌ من و پارت پێکه‌وه‌ بۆ هه‌مان ئامانج کاربکه‌یین، ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت، به‌ڵام ئەگه‌ر من ئه‌م ڕۆژ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی بم، ده‌شێت دوای ماوه‌یه‌کی که‌م، ئه‌و به‌شداربوونه‌ سته‌م بێت، ئه‌و کاته‌ من به‌ دژەخون (خائین) ده‌رده‌چم، ئه‌و پارته‌ هیچ تایبەتمەندییەکی پابەندانەی نییه‌”، ‌هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسامیم به‌و نه‌مێنێت، ئه‌و کاته‌ ده‌بمه‌ دوژمن” … ” ئه‌و پارته‌م لە لا گرنگ نییه‌! من گەلێك‌ که‌س ده‌دۆزمه‌وه‌، که ‌ به‌بێ هیچ پابەندییەک( به‌شداری “من”)که‌م بکه‌ن “.

 

*******************************
په‌ڕاوێز
* په‌ڕتووکی( الأنارکیة من العقیدة الی الممارسة، دانییل غیرین)
** له‌ به‌شی یه‌که‌می ئه‌م بابەته‌دا گوتم، ئەم بابه‌ته‌ دووبه‌ش نییه‌، خۆم بۆ ئاسانکاری بڵاوکردنه‌وه،‌ کردوومه‌ته‌ دووبه‌ش (و.ک)
*** ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ –گراشوس بابوفGrachus babeuf، شۆڕشگێڕی فه‌ره‌نسی1760-1797 کە به‌ مژده‌ده‌ری هزری کۆمۆنیستی داده‌نرێت، سه‌ری به‌ (مەقسەڵە) په‌ڕێندرا (و. ع)

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.

هەژێن

بەشی چوارەم

جیاوازی ماركسیزم و ئهنارشیزم چییە، چیتان ھەیە، كە جیاكەرەوە و جێی شانازیكردن بێت ؟

بەڵی، بەدڵنیاییەوە ئەگەر جیاوازی نەبووایە، بەدرێژایی دوو سەدە بیریاران و لایەنگرانی ئەو دوو باڵەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی، دژبەیەك و لە بەرامبەر یەكدیدا نەدەوەستان، ھەروەھا بەدڵنیاییەوە لە ڕوانگەی بیریاران و لایەنگرانی ھەر یەك لەو دوو باڵەوە وەك یەك و ھاوتا، جیاوازییەكان نەخراونەتەڕوو. لەبەرئەوە من وەك لایەنگری ھزری ئەناركی، ئەو جیاوازییانە دەخەمەڕوو، كە بۆ من باسكردنیان پێویست و یەكلاكەرەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی كە ھەژماركردنی جیاوازییەكان لە ڕوانگەی ئەناركییەوە زۆرن و لێرەدا ناكرێت بەدرێژی لەسەریان بدوێم، ناچار بە كورتی، سەرخەتی جیاوازییە سەرەكی و ھەرە دیارەكان بخەمەڕوو. بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵدەدەم لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا جیاوازییەكان نیشانبدەم، چونكە ئەگەر بچمە وردەكارییەوە، ئەوا وردەكاریی جیاوازییەكان لە تێڕوانین و كردداردا بەچەندین پەتووك تەواو نابن و كارێكی ئاوا، كاری تەنیا كەسێك نییە و لە توانای من بەدەرە، سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی بە خەیاڵمدابێت و تا ئێستاكە دەركمكردبێت، ئەمەی خوارەوە پوختەكەیەتی:

ماركسیستەكان، بوونی پارت و ڕابەریی دەستەبژێری ڕامیاریی بە مەرجی شۆڕشگێڕبوونی بزووتنەوەكان دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایە، ئەوان مێشكی پڕۆڵیتاریا پێكدەهێنن و ڕێكخستنی ئابووریی و جەماوەریی چین و توێژە پرۆلیتێرییەكان دەكەنە ملكەچی پارتی پێشڕەو و سەركەوتنی ڕاپەڕین و خەبات و گەییشتن بە سۆشیالیزم بەبوونی ئەو دەزگە بیروكراسییە خواوەندییەوە دەبەستنەوە.

لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان خەباتی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بە تاقە مەیدانی خەباتی سۆشیالیستی دەزانن و ڕێكخستنە ئابووریی و جەماوەرییەكان بە تاقە سەنگەری خەباتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەكان دژی سەروەریی چینایەتی بۆرجوازی دەزانن. لەسەر ئەم بنەمایە، هەم دەستەبژێری پێشڕەو و مێشكی بیركەرەوە لە جیاتی پڕۆڵیتاریا ڕەتدەكەنەوە و هەم ڕۆڵی خۆسەپێنەرانەی تاك بەسەر بزووتنەوەکدا ڕەتدەکەنەوە و  هەم دژایەتی باڵا و پایینی ڕێكخستن دەکەن. لەمەش واوەتر، ڕێكخراوە ئابووریی و جەماوەرییەكان هەر بەتەنیا بە ئامرازی بەدەستهێنانی داخوازییە دەستبەجێكان یا سەرخستنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چەوساوان نازانن، بەڵكو وەك فێرگەی تاکی هوشیار و پێشینەی هەرەوەزییەكانی كۆمەڵگەی داهاتوو [سۆشیالیستی/ ئەناركی]شیان لەبەرچاویاندەگرن. لەبەرئەوە هەموو سەرکردایەتی و ڕابەرایەتییەکی تاکەکەسیی یا خوایی دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان ڕەتدەکەنەوە، هەڵبەتە گرفتەکە هەر بەو ڕەتکردنەوە کۆتایی نایێت، بەڵکو پێویستی بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گروپە خۆجییەکانیش هەیە، واتە لەنێوبردنی میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانەوەی هەلپەرستی و دەسەڵاتخوازیی و بیروکراسی و خۆسەپاندن، کە پارت و ڕابەر و سەنیدیکای زەرد لەسەر یان دادەمەزرێن.

ماركسیستەكان، شۆڕش بە سەركەوتنی ڕاپەڕین و بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتی پێشڕەو و گەییشتن بە دەسەڵاتی ڕامیاریی دەزانن، بۆ نموونە كە دەڵێن شۆڕش لە ڕوسیە، بەدیاریكراویی مەبەستییان لە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری  ١٩١٧یە، كە تێیدا بۆلشەڤیكەكان وەك دەستەبژێرێكی ڕامیارپیشە لە نائامادەیی هوشیاریی و کەم دەركی شۆڕشگێرانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەكاندا بەدەسەڵاتی ڕامیاریی گەییشتن. لە ڕاستیدا كەتوار و ئەو دیوی دیوە شێوێنراوەکەی ڕووداوەكان، وێنایەكی دیكەی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیکەکان و پاشڕەوانیان پاگەندەی دەکەن، لە ئەم ڕۆژەدا بۆ شۆڕش بەرجەستەدەكات، بە واتایەکی دیکە ئەو گۆڕان و زەمینەلەبارییەی ڕوسیە بۆ ڕاپەڕین لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەرهەمی چەند سەدە ستەمگەریی ئیمپراتۆریی تزارەكان و چەندین دەهە خەبات و خۆڕێکخستنی کرێکاران و جوتیاران و مانگرتنە پەیتا پەیتاکان و ئەزموونگیریی لە شکستی ڕاپەڕینی ١٩٠٥ و بەرەنگاریی و یاخیبوونی جەماوەریی جوتیاران و کرێکاران و سەربازان بوو، نەك بانگەوازی ڕامیارپیشە بۆلشەڤیکەکان لە هەندەرانەوە و پلانڕێژیی ئەوان بۆ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکان.

ئەناركییەكان، بەلایەنیكەمەوە من و کەسانی هاوبۆچوونی من، شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی بەردەوام و ئاڵوگۆڕ لە هوشیاریی و مێنتالیتی و بیركردنەوە و تێڕامان و شێوەژیان و كولتوور و ڕۆشنبیریی مرۆڤدا دەزانن/ دەزانین، كە لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕانە و پەرەسەندنی خەباتی ڕۆژانە و جێكەوتەبوونی ژیانی نابۆرجوازیی وەك ئەلتەرناتیڤ و شكانەوەی هاوسەنگی هێز بەلای شۆڕشگێران و ڕوخاندنی یەكجارەكی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا دێتەدی.

لای ماركسیستەكان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەكان بۆ گۆڕینی ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتییان، بریتییە لە ڕیفۆرم و خودی ڕیفۆرمكردنی سیستەمی چینایەتی و دەسەڵاتی ڕامیاریی بە پۆزەتیڤ دەنرخێنن، بەواتایەكی دیكە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی لەچاو هەوڵی ڕامیارییانەی پارتە پێشرەوەكانیان، بە كەم دەگرن.

بەڵام لای ئەناركیستەكان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەكان، بریتی نییە لە ڕیفۆرم و  واوەتر لەوەش بە هەنگاوە ڕۆژانەیی و هەر ساتییەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی دەزانن و  لەسەر ئەو بنەمایەی كە شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاركردی هوشیارانەی خودی چەوساوانە، بەو هۆیەوە خەباتی ڕۆژانە بە تاقە سەنگەر و خەباتی ڕەوا دەبینن و دەناسن. بەڵام هیچ كات ڕێگە بەو خۆشباوەڕییە نادەن، لەنێو چەوساواندا تەشەنەبكات، كە ڕیفۆرمكردنی دەسەڵات و چەنەبازیی نێو پارلەمانەكان لە بەرژەوەندی چەوساواندا بێت.

ماركسیستەكان، شێوەیەك كە بۆ ڕێكخستنی ئابووریی و جەماوەریی پێشنیاردەكەن یا دەستی بۆ دەبەن، هەم نێوەندگەراییە و هەم قوچكەییە، واتە لەسەرەوە بڕیارەكان دەدرێن و خۆیان واتەنی ڕابەران [كۆمونیستەكان] بەرژەوەندەی هەموو چینەكە باشتر دەزانن. وەها ڕێكخستنێك چ لەو باڵەیدا كە سۆشیال-دێمۆكراتەكان كردیانە بەشێك لە دەوڵەتی بۆرجوازی و چ ئەو جۆرەی كە بۆلشەڤیكەكان كردیانە داردەستی دەوڵەتەكەیان، هەمان ڕێكخستن و پێكهاتەی قوچكەیی و باڵا و پایینی هەیە. لەو ڕێكخراوانەدا بڕیاری مانگرتن و چالاكی و بەشداریكردن و نەكردن و هەڵویستوەرگرتن و هاوپشتیكردن و كاری هاوبەش، لە سەرەوە دەدرێت و مێشكی گەورە [ڕابەران] دەیدەن. هەر لەبەر ئەو هاندەرە نێوەندگەراییە بوو، بۆلشەڤیكەكان توانانی بەرگەگرتنی مانەوە و درێژەی كاری سۆڤییەتەكانیان نەبوو و لە ساڵی ١٩١٨ بەدواوە سۆڤیەتەکان پەراوێزخران و پووكێنرانەوە، چالاكانیان یا ناچار بە گوێرایەڵیی پارتییانە كران یا دوورخرانەوە و خرانە ژێر كاری زۆرەملێ و تۆمەتباركردنیان بە دوژمنی شۆڕش و بەكرێگیراوی لەشكری سپی. بەداخەوە كۆمونیستەكانی خۆرهەڵاتی ناوین لە گەڕان و لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی لاكەوتەیی و پەراوێخران و چەككردنی سۆڤییەتەكان، دەسەپاچە و كڵۆڵن یا نادرەبەستن و بە لێکدانەوە و پێوەری ئایدیۆلۆجیکی پاساوی سەرکوتگەریی و بیرۆکراسیی و نایەکسانی و نادادوەریی و پارتپاشایی و داراییی دەوڵەتی و کاریکرێگرتە و هەبوونی سزای سێدارە و کاری زۆرەملێ و  دەزگەی سیخوڕیی و سەرووخەڵکیی و زیندان، دەدەنەوە.

لای ئەناركیستەكان، لەسەر ئەو بنەمایەی بڕاوایان بەوە هەیە، كە “ڕزگاری كرێكاران بەرەنجامی خەباتی خودی خۆیانە”، هەم ڕێكخستن ئاسۆیی و نانێوەندگەرایە و هەم ڕێكخراوە و بەشەكانی ڕێکخستنی هەر كارخانەیەك و پیشەیەك و گەڕەك و شوێنێك، سەربەخۆیی خۆیان لە بڕیاردان و چالاكیكردن و هاوپشتیكردندا هەیە، بێجگە لەوەش، مانگرتنی كتوپڕ و نایاسایی و مانگرتنی گشتی، شێوازی ناسراو و  ڕێسایی [ترادیسیۆنی] خەباتی ڕاستەوخۆی سەندیكا و ڕێكخراوە جەماوەرییە شۆڕشگێڕەكانە و كۆبوونەوەی گشتی بەردی بناخەی هەر چالاكی و بڕیاردانێكە.

ماركسیستەكان، پێداگریی لەسەر پێویستبوونی دەوڵەت دەكەن و سەروەریخوازن، لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان، دەوڵەت بە ئامرازی چینایەتی و پێداویستی ھێشتنەوە و پارێزگارییكردن لە كۆمەڵگەی چینایەتی دەزانن، لەبەرئەوە دژی هەموو دەوڵەتێكن بەناوی كرێكاران و سۆشیالیزمەوە، چونكە لەو بڕوایەدان، کە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی / ئەناركی، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتیی و نادەوڵەتییە و تێیدا چینێك بۆ سەروەریی نامنێتەوە، چ كرێكاران بەدیاریكراوی و چ پڕۆڵیتاریا بەگشتی.

لای ماركسیستەكان، وابەستەیی و پاشڕەویی ڕێكخراوە جەماوەریی و پیشەیی و ئابوورییەكان بۆ پارتی پێشڕەو، مەرجی كاری سەرتاسەریی و كاراییانە، بۆ ئەو مەبەستە هەردەم بە خۆتێهەڵقورتاندن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەندامانی باڵا و گوێڕایەڵی پارت لە كاروباری ڕێكخراوە جەماوەرییەكاندا، ڕێكخراوەكان دەكەنە گیرفان و لاورگی پارت یا داردەستی پارت و وەك ڕۆبۆت هەڵیاندەسووڕێنن، لەم بارەوە چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بینەری چەندین ئەزموونی تێکشکێنراوین، لەم بارەوە باشترین و نزیکترین نموونەگەلی ناسراو لە هەرێمەدا  “یەکێتی بێکاران لە کوردستان “، “ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان” و “ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی خوێندکاران” و ڕێکخراو و سەندیکاکانی دیکەی کرێکاران و کارمەندانن، کە بە دەستتێوەردان و پاشکۆکردن و پیلانگێریی کۆمونیستە کرێکارییەکانی هەرێم، وەك دیارییەك بۆ  بۆرجوازی، لەنێوەوەڕا کرمۆڵ و تێکشکێنران و دەرگەی بنکەیان لەلایەن کەسانی خۆبەڕابەرزانەوە قوفڵدرا.

لای ئەناركیستەكان، یەكگرتن و هاریكاریی چینایەتی ڕێكخراوە ئابووریی و جەماوەرییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە سەرتاسەرییەكاندا لەسەر بنەمای سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] ڕێكخراوە ئەندامەكان و هاوپشتی بەردەوام و ئازادی بەشداریكردن و نەكردنی چالاكییەك، پێكدێت. واتە سەربەخۆیی خۆجێی و هەستی هاودەردی و پێداویستی هاوپشتی سەرتاسەریی، جێگەی ملکەچی بۆ نێوەندگەرایی و فەرمانبردن بۆ سەروەریی سەرانی پارت و سەندیکا قووکەییەکان، دەگرێتەوە.

ماركسیستەكان، لەسەر بنەمای باوەڕبوونیان بە پێداویستی دەوڵەت بەناوی كرێكارانەوە، سامان و كەرەستەكانی بەرھەمھێنان و كەرتە پیشەسازیی و كشتوكالییەكان و داھاتی کۆمەڵگە دەوڵەتیی دەكەنەوە، لەبەرئەوە دەستەوداوێنی بەرنامەڕێژیی نێوەندییانەی ئابووری و بەرھەمھێنان و دابەشكردن دەبنەوە و دواجار بخوازن یا نا، خۆبەخۆ ئەو كارە بە دەستەبژێرێكی بەرتەریدار و بڕیاردەر لە سەرووی كۆمەڵگەوە دەسپێرن و ھەر بەرھەڵستییەك لە بەرامبەر نەرێنییەكانی ئەو بەرنامەڕێژییەدا، بە ھەوڵ و پیلانی دژە-شۆڕش تۆمەتباردەكەن و بە ھەمان دەردی ئایدیۆلۆجیاگەریی، پاساوی نەرێننییەكان دەدەنەوە و لەو پێناوەشدا پێشتر سەركوتێكی ڕێكخراو بەناوی “دیكتاتۆری پڕۆڵیتاریا” ئامادەی بەرگرتن بە ھەموو ناڕەزایەتییەكی بەرھەمھێنەران و خوازیارانی خۆڕێكخستن و خۆدابەشكردنی بەرهەمەکانیان دەكەن. لەم بارەوە نموونەی زیندووی مێژوویمان لەبەردەستە، کاتێك كە كۆمونیستە شوراییەكان لە كرۆنشتات دژی بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاسا ڕامیارییەكانی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی بوونەوە و خوازیاری كۆنترۆڵی كرێكاریی و شورایی بوون، یا لە ئۆكرانیا ئەناركیستەكان [ھەرەوەزییە پیشەسازیی و كشتكارییەكان] ویستیان لە دەرەوەی بەرانامەی نێوەندسەپێنراوی بۆلشەڤیكەكان و سەركوتگەرییەكانی لەشكری سوور و لە (سان پیتەرسبۆرگ) كرێكاران بە پێداگریی لەسەر كۆنتڕۆڵی كۆمیتەكانی كارخانە و خۆبەرێوەبەرایەتی كرێكاری پێداگرییانكرد، كرێملین فەرمانی بە لەشكری سوور دا و دیكتاتۆریی پارتیان لەژێر ناوی پرۆلیتارایاوە، خستەگەڕ و کوشتوبڕێکیان بەڕێخست، کە هێشتا لەشکری سپی ئەنجامینەدابوو.

لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان، پێداگریی لەسەر نانێوەندیی [خۆجێی و سەربەخۆیی] خۆبەرێوەبەرایەتی و بڕیاردان لەلایەن ھەرەوەزییە ئازادەكان یا ناوچە و ھەرێمە ئازادە پێكھاتووەكان لە یەكگرتنی فیدڕاڵییانەی ھەرەوەزەییەكان، دەكەن، كە لەوێدا ئازادی تاك لە هەرەوەزییەكان و ئازادی هەرەوەزیی و كۆمیونیتییەكان لە یەكگرتنی فیدراڵییانەی ناوچە و هەرێمەكاندا، بناخەی خۆبەرێوەبەرایەتی و خۆبڕیاردانن. بەو جۆرە نە نێوەندی بڕیاردان و نە نێوەندی بەرنامەڕێژیی لە ئارادا نابن، ئەوی هەیە و دیاریكەری ڕەوایەتی كارەكانە، پێداویستیی ژیانی تاك و هەرەوەزییەكان و وەڵامدانەوەیەتی بە یەكێتی ئازادانەی ناوچە و هەرێمەكان. بە واتایەكی دیكە، لای ماركسیستەكان یا لە ئەڵتەرناتیڤی ئەواندا تاك و هەرەوەزیی و شوراكان ملكەچی سەرەوەی خۆیان [دەسەڵاتداران]ن و ژیان و داهاتووی كۆمەڵگە، حەز و ئاوەزی چەند كەسێك دیاریدەكەن، بەڵام لای ئەناركیستەكان، ئەوە ئازادی تاك و هەرەوەزییەكان و پێداویستییەكانی ژیانی كۆمیونیتییەكان و وەڵامدانەوە بە هاوپشتی و یەكێتی ئازادن، كە دروستی و ڕەوایەتی بە بڕیارەكان دەدەن.

ماركسیستەكان، لەسەر  بنەمای نێوەندگەرایی دەسەڵات و بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاساكان، بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵكیی پارت و پاشڕەوانی، سۆشیالیزمی دەوڵەتی لەسەر مۆدێلی كەرتی پیشەسازیی و  كشتوكالیی دەوڵەتیی بە زۆرەملێیی بەسەر کرێکاران و جوتیاران و ئەندامانی كۆمیونیتییەكاندا دەسەپێنن و تەنانەت نموونەسازی كولتووری لەسەر بنەمای بیركردنەوەی ئەندامانی بڕیادەری پارت و دەسەڵات دەكەن و هونەر و ئەدەب و ئارەزووەكانی تاك لە قاڵبدەدەن. باشترین نموونەش كاركردی بۆلشەڤیكەكان بوو، كە خەڵكیان ناچار بە بەشداری و بوونە ئەندام لە هەرەوەزییە دەوڵەتەییە سەپێنراوەكاندا دەكرد، ئەگەر كەسێك ملی بەو پرۆژەیە نەدابایە، ئەوا دوورخرانەوە و كاری زۆرملێی و مردن لە سیبریا چاوەڕێی دەكرد.

بەڵام ئەناركیستەكان، بەپێچەوانەوە، لەسەر بنەمای نانێوەندییوبوونی [ئۆتۆنۆمبوونی] هەرەوەزییەكان و ئازادی تاك لە بەشداریكردن و نەکردن لە هەرەوەزییەكاندا، هەروەزییەكان ئارەزوومەندانە وەك دەستپێشخەریی خۆبەخشانەی كۆمەڵایەتی، تەنانەت لەباری لاوازی تاكە بەشدارینەكردووەكاندا، هاوپشتیی مرۆیی لەتەكیاندا دەكەن و كۆمەكی كۆمەڵایەتی و هاوپشتیی ئازادانە، بەردی بناخەی پێكهێنانی هەرەوەزییە كۆمەڵایەتییەكانە، باشترین نموونە لەم بارەوە، ئەو هەرێمانەی ئیسپانیان، کە لەسەر  بنەمای بۆچوونە ئەنارکییەکان ڕێکدەخران، لەوانە بە دیاریکراویی هەرێمی’كەتەلۆنیا’ی ئیسپانیا لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٣٦-١٩٣٩، كە نەك تەنیا لە ڕووی ئازادی و ئابوورییەوە مەترسی بوون بۆ سەر دەسەڵاتی فرانكۆییەكان و كۆمارییەكان، تەنانەت مەترسیش بوون بۆ سەر مۆدیلی بۆلشەڤیكی سۆشیالیزم [دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی]. بۆ تێگەییشتن لەمە، پێویستە لە نێوان هەنگاوە کردەییەکانی بۆلشەڤیکەکان ١٩١٧ – ١٩٨٩ لە ڕوسیە لەتەك ئەنارکییەکان ١٩٣٦ – ١٩٣٩ ئیسپانیا و سەرەنجامەکانیان، بەراوردبکرێت.

هەڵوێستی ئێوهبهرامبهر ئایین و كەڵچەر چییە و چۆنە ؟

ئایین و كولتوور، خودی ئایین بەشێكە لە كولتوور، بەڵام بەشی نەگۆڕ و كۆنەپارێزی كولتوور. بەپێچەوانەوە بەشەكانی دیكەی كولتوور، ھەردەم لە گۆڕاندان و ئەوەی لەم ڕۆژەدا كولتووری جێكەوتەیە، ڕۆژگارێك بوونی نەبووە. گۆڕانی كولتوور بۆ كەسانێك كە لەنێویدا دەژین، وەك سووڕانەوەی زەوی لە دەوری خۆر وایە، كە كەمتر یا ھەر ھەستی پێناكەن. بەڵام بۆ كەسانێك كە لە دەرەوەی كۆمەڵگەوە تێیدەوانن، ئەو گۆڕانە ھێواشە زۆر بە ئاشکرا دەبنینن و باشترین نموونەش شۆكی تاکی کۆچەرە لە دەمی گەڕانەوەیدا بۆ نێو بازنە كولتوورییەكەی، كە پێشتر تێیدا ژیاوە و بەڕادەیەك جۆرێكی دیكە بووە، کە خودی تاکی کۆچەر بەراورد بە کۆمەڵگەی بەجێهێڵراو لە مانەوەی یا پاراستنی بەها کولتوورییەکانیدا کۆنەپارێزتر ماوەتەوە.

ئەوەی ھەڵوێستی ئەناركیستان بەرامبەر كولتوور چۆنە و پێویستە چۆن بێت، پەیوەندی بە ڕۆڵی كولتوور و ھێز و دەسەڵاتی كولتوورەوە ھەیە، ھەڵبەتە ئەو كەسانەی كە ڕواڵەتییانە لە كولتوور دەڕوانن و ڕۆڵی كولتوور لە گۆڕانی شۆڕشگێڕانەدا كەم دەگرن، تێگەییشتنیان لە كولتوور هەڵە و لنگاوقوجە.

ئەگەر بێت و ناچاربین پێناسەیەك بۆ كولتوور بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێن كولتوور بۆردی (نەخشەڕێژی) كەسایەتی تاك و كۆمەڵگە پێكدەھێنێت و ھەموو كات مۆری خۆی لە ڕەفتار و شێوازی بیركردنەوە و ئاوەزی تاكەكان دەدات. ھەڵبەتە ناکرێت ئەوەمان لەبیربچێت، كە مرۆڤ لە لەدایكبووندا بێكولتوورە و ئەوە دەزگە و نێوەندە كۆمەڵایەتییەكان (خێزان، پەرەستگە، فێرگە، شوێنی كار)ن، كە دەیكەنە بوونەوەرێكی خاوەن كولتوور، بۆ نموونە مرۆڤێك كە لە ھەندەران لەدایك و پەوەروەردە دەبێت، كولتووری لە كولتووری كۆمەڵگەی لێوەھاتوو ناچێت یا ئەو منداڵانەی كە لە دەرەوەی خێزان و كۆمەڵگەكەیان وەك منداڵی بەخێوكراو دەگیردرێنەخۆ، دەبنە ھەڵگری كولتووری شوێنی گەورەبوون و پەروەردەبوونیان.

بەبۆچوونی من لە كۆمەڵگەدا لە دەرەوەی كولتوور، كەسایەتی و دەسەڵات بوونی نییە و نابێت. دەكرێت تۆ كولتوورێكی دیكەت ھەبێت، بەڵام بێجگە لە منداڵی ساوا، كەسی بێكولتوور بوونی نییە، ھەروەك چۆن كەسی بێڕوشت بوونی نییە و بەجۆرێك لە جۆرەكان ھەموو تاكێك ھەڵگری كولتوور و ڕەوشتێكە، لەبەرئەوە بە ھەر جۆرێك دژایەتی كولتوورێك یا ڕەوشتێك بكەیت، دەكاتە ئەوەی كە ھەڵگری كولتوور یا ڕەوشتێكی دیكەیت، بەڵام لەو دووانە خاڵی نابیت. بەداخەوە لەژێر كارایی بیركردنەوەیەك كە ئامانجی سڕینەوەی بەرامبەرەكەیەتی، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دوو واژەی نادروست جێكەوتە بوون؛ بێفەرھەنگ [بێكولتوور] و بێڕەوشت. ئەو كاتەی كەسێك كە لە بەشێكی كولتووری زاڵ یا ڕەوشتی باو لادەدات، خاڵی نییە لە كولتوور و ڕەوشت، بەڵکو بەراورد بە كولتوور و ڕەشتی ڕەوابینراو و پەسەنكراو، خراپ یا بەد-کولتوور و  بەدڕەوشتە، بەڵام هەرگیز بێکولتوور و بێڕەوشت نییە و نابێت.

هەروەها هیچ دەسەڵاتێك بەبێ پشتیوانی دەسەڵاتی کولتووری بوونی نییە و توانای خۆگرتنی نییە، هەر لەبەرئەوەیە، کە دەسەڵاتداران بۆ مانەوە و خۆپاراستن و کۆمەڵایەتییبوونەوەی دەسەڵات و ڕامیارییان، هانا بۆ پشتیوانەی کولتووریی دەبەن. ئەوەش لەبەر دوو هۆ؛ یەکەم هێزی کولتوور بە سروشت کۆنەپارێزە و دووەم، بەبێ پایەی کولتووری و پێکهاتەی قوچکەیی کولتووریی، سیستەمی قوچکەیی توانای کۆمەڵایەتییمانەوەی نییە. لەبەرئەوە، ئەوی بخوازێت، سیستەمی ژیان و بەڕێوەبەرایەتی و مێنتاڵیتی تاك و کۆمەڵ بگۆڕێت، پێویستە کار لەسەر گۆڕینی بنەما و یەکەی کولتووریی لەو بوارانەدا بکات، واتە هێزی دژەتەوژم لە کایە کولتوورییەکاندا بۆ بەرەنگاری و لەنێوبردنی سیستەمی کۆن و پێکهاتەی کۆمەڵگەی چینایەتی، بەواتای پووچکردنەوەی بنەما كولتوورییەکانی خوا-دەوڵەت-پارلەمان. ئەمەش کاتێك مەیسەر دەبێت، کە ژیان و کۆمەڵگەی نوێ، بووبێتە بەشێك لە كولتووری تاکە گۆڕانخوازەکان لە خەباتی ڕۆژانە و بەرەنگاریی هەر ڕۆژەدا. کاتێك کە هاوسەنگی هێز لەنێوان ڕیسای كولتووری جێکەوتوو و تەوژمی كولتووری نوێدا، بەلای شۆڕشدا دەشکێتەوە. هەڵبەتە پەیوەندی نێوان کارایی تاك لەسەر کۆمەڵ و کارایی کۆمەڵ لەسەر تاك، کارایی گۆڕانی ئابووریی لەسەر هوشیاری تاك و کارایی هوشیاریی تاك لەسەر بنەما كولتوورییەکان، زۆر دژوار و ئاڵۆزن و هەندێك جار وەك ئەو مەتەڵەی لێدێت، کە “هێڵکە لە مریشکە یا مریشك لە هێڵکەیە”. بەڵام یەك شت نکۆڵیهەڵنەگر و سەلمێندراوە، ئەویش ئەوەیە، کە هیچ گۆڕانێکی پۆزەتیڤ یا لاوازکردنێکی دەسەڵات و سەروەریی بەبێ گۆڕان و لاوازبوونی پایە كولتوورییەکانیان ڕووینەداوە و هەروا هیچ گۆڕانێکی كولتوورییش بەبێ گۆڕانی ژێرخان و پێگە ئابوورییەکان، هەرگیز ناتوانێت ڕووبدات.

لەبەرئەوە، هەموو گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە، گۆڕانێکی فرە-ڕەهەند دەبێت و یەکێك لە ڕەهەندەکانی، ڕەهەندی كولتووریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و تێڕانینی شۆڕشگێڕانەیە. دیسانەوە وەها گۆڕانێك، داخوازیی گۆڕانی یەکە وردەکانی كولتوورمان لێدەکات، کە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی تاك و ڕێکوتنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵدا بەرجەستەدەبن و زۆر جار بۆ ڕامیارپیشە خۆ بە شۆڕشگێڕزانەکان، شتی لاوەکین یا بە “ڕەخنەی مۆڕاڵیی پێ لە ئاسمان” ناوبراون.

***********************************************************

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە

بەشی یەکەم :  http://wp.me/ppHbY-HN

بەشی دووەم :  http://wp.me/ppHbY-HY

بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If

ڕۆژی جیهانی یەکسانی کرێ و مووچەی ژنان و پیاوان ” world equal pay day”

ڕۆژی جیهانی یەکسانی کرێ و مووچەی ژنان و پیاوان ” world equal pay day”

هەژێن

بۆچی ٢١ی ئازار ڕۆژی جیهانی یەکسانی کرێ و مووچەی ژنان و پیاوانە “world  equal pay day” ، لە کاتێکدا کە ٨ی مارچ وەك سیمبولی خەبات بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان و واوەتر لەوەش خەبات دژی سیستەمی چینایەتی،  نزیکەی دوو سەدە مێژووی هەیە؟

بۆچی تێکۆشان بۆ یەکسانی کرێی ژنان و پیاوان لە مێژووەکەی (خەباتی ٨ی ماڕج) جیاکراوەتەوە؛ ئایا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ڕۆژی ٨ی مارچ لە ئامانجە خەباتکارانەکەی خاڵیکراوەتەوە و کراوەتە شایی و زەماوەندی پارتایەتی؟ ئایا ئایا سەروەران دەخوازن ئەو مێژووە بسڕنەوە و ژنانی کرێکار لە بزووتنەوەکەدا کەنارگیربکەن و بیکەنە بارەتەقای ژنانی توێژەکانی سەرەوەی کۆمەڵگە ؟ یا خودی ژنانی کرێکار سەنگەری خەباتیان بۆ ژنانی توێژەکانی باڵا و دەسەڵاتداران چۆڵکردووە و ئەوان بوونەتە قسەکەری یەکسانی و یەکسانی بۆ ئەوان تەنیا یەکسانی مووچە و دەنگدان دەگەیێنێت، بە واتایەکی دیکە یەکسانی لە کۆیلەبووندا؟

بێجگە لەوانەش، وڵاتانێك کە بوونەتە قسەکەری یەکسانی ژن  و پیاو و هەناردەکردنی دێمۆکراسی بە لەشکر و کەشتی و فرۆکە، لە سایەی یاساکانیاندا ژنان ٢٢% کرێ و مووچەی لەمتر بە بەراورد بە هاوکارە پیاوەکانیان یا پیاوان بە گشتی لە هەمان پیشە و کاردا وەردەگرن، کەچی وێڕای ئەوەش، ژنە فێمینیستانی کورد، ئەو دەوڵەت و سەرۆکانە وەك فریادڕەس نیشاندەدەن و  نامەی پارانەوە و سکاڵا و هانابۆبردنیان بۆ دەنێرن، تا فریای ژنانی کورد بکەون !!!!

ئەگەر خۆمان لەو پرسیارانەی سەرەوەش لابدەین، ئایا ئەوانەی کە دەخوازن ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا بە بەهەشتی یەکسانی دوو ڕەگەزەکە نیشانبدەن، ئاگایان لەم ئامارانە هەیە :

لە هەر دۆلارێکی کرێ و مووچەدا هەموو ژنان ٢٣ سێنت کەمتر وەردەگرن، واتە ٧٧%ی کرێ [مووچە] بەرارد بە کرێ و مووچەی پیاوە هاوکار و هاوپیشەکانیان !

لە هەر دۆلارێکی کرێ و مووچەدا ژنانی ڕەشپێست ٣٦ سێنت بەراورد بە پیاوانی سپیپێست کەمتر وەردەگرن، واتە ٦٤%ی کرێ [مووچە] بەرارد بە کرێ و مووچەی پیاوە هاوکار و هاوپیشەکانیان !

لە هەر دۆلارێکی کرێ و مووچەدا ژنانی ئەمەریکای لاتین ٤٥ سێنت بەراورد بە پیاوانی سپیپێست کەمتر وەردەگرن، واتە ٥٥%ی کرێ [مووچە] بەرارد بە کرێ و مووچەی پیاوە هاوکار و هاوپیشەکانیان!

لە هەر دۆلارێکی کرێ و مووچەدا ژنانی ئاسیا ١٢.٤ سێنت بەراورد بە پیاوانی سپیپێست کەمتر وەردەگرن، واتە واتە ٨٧.٦%ی کرێ [مووچە] بەرارد بە کرێ و مووچەی پیاوە هاوکار و هاوپیشەکانیان!

ژنانی هاوسێکسگەرا [Lesbian] بەراورد بە پیاوانی هاوسێکسگەرا [gay]  کرێ و مووچەی بۆ هەمان کار و پیشە، کەمتر وەردەگرن !

لە هەر دۆلارێکی کرێ و مووچەدا ژنانی کەمئەندام ٢٩.٢ سێنت بەراورد بە پیاوانی سپیپێست کەمتر وەردەگرن، واتە ٧٠.٨%ی کرێ [مووچە] بەرارد بە کرێ و مووچەی پیاوە هاوکار و هاوپیشەکانیان !

بەپێی ئامارەکان لە سایەی سەروەریی یاسای دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای زلهێزی ئابووری و پۆلیسی جیهاندا، ژنان بەراورد بە پیاوە هاوکار و هاوپشەکانیان، ٢٣% کرێ و مووچەی کەمتر وەردەگرن !

هەروەها بەپێی ئامارەکان لە سایەی سەروەریی یاسای دەوڵەتی ئاڵمانیای زلهێزی ئابووری و پۆلیسی ئەوروپادا، ژنان بەراورد بە پیاوە هاوکار و هاوپشەکانیان ٢٢% کرێ و مووچەی کەمتر وەردەگرن !

خوێنەری هێژا، بۆ بەدواداچاوون و زانیاریی زیاتر و بۆ سوودوەرگرتن لە خشتەکانی جیاوازی کرێ و مووچەی کار و پیشەی هاوبەش، دەتوانن سەردانی ئەم دوو بستەرەی خوارەوە بکەن :

http://www.dawnnetwork.org/blog/wp-content/uploads/2013/04/2013-Equal-Pay-Day-Poster.jpg

http://www.nwlc.org/sites/default/files/20130305-minwage-chart.jpg