ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi

بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان

الأنارکیة کما أراها

الأنارکیة کما أراها

حسني کباش

النسخة الإلكترونية

Click to access A%29%20Anarchism%20as%20I%20see%20it%20-%20Online%20version.pdf

نسخة للطباعة

Click to access A%20anarchism%20as%20I%20see%20it%20Print%20Version.pdf

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١٥

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١٥

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.         هەژێن

بەشی پازدەهەم

ئایا بەبێ ئایدیۆلۆجیا چۆن دەتوانین بزووتنەوەمان هەبێ و خۆمان ڕزگار بکەین ؟

ئایدیۆلۆجیای چینایەتی یەکساننییە بە خودهوشیاری شۆڕشگێڕانە، چونکە خودهوشیاریی شۆڕشگێڕانە سەرەتای ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتییە، بەڵام ئایدیۆلۆجیای چینایەتی پێداگرتنەوەیە لەسەر مانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی، ئیدی ئەوەی لە کام جەمسەری ئەو کۆمەڵگەوە وەستابێت [چەپ یا ڕاست]، هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە تۆ خەریکی ڕەوایەتیدانی بە دابەشکردنی مرۆڤەکانی بەسەر چەند دەستەی دژ بە یەکدا، ئەمە لە کاتێکدا کە هیچ تاکێك نە لە ڕووی جەستەیی و نە لە ڕووی خودهوشیاریی و نە لە ڕووی جوانیناسی و نە لە ڕووی حەزەوە لەوی دیکە ناچێت و یەکدەستی و یەکڕەنگیی چینایەتی تەنیا پووچگەراییەکی ئایدیالیستییە و لە هیچ سەردەمێکدا مرۆڤەکان چ لەڕووی بیرکردنەوە و چ لە ڕووی حەزەوە، وەك یەك نەبوون، تەنانەت لەو سەردەمە ئەفسانەییەشدا کە ئایدیۆلۆجیکارەکان بە کۆمونەی سەرەتایی [بەهەشتی ئایدیال]ی نێودەبەن. هەڵبەتە ئەم جیاوازییانە هیچ کات بەواتای ڕەوابوون و پێویستبوونی جیاوازیی و هەڵاواردن ڕەگەزیی و نەژادی و ئایینی و چینایەتی نین، بەڵکو تەنیا مەبەستم ئەوەیە، دابەشکردنی مرۆڤەکان بەسەر کۆمەڵێك ئایدیۆلۆجیای دژبەیەك یا هاوئاراستەدا بێجگە لە جیاوازی و ناتەبایی و جەنگێکی ئایدیۆلۆجی بەردەوام هیچی دیکە بەرهەمناهێنێت. لەوەتەی ئاینەکان هەن، هەڵگرانی باوەڕەکانیان لە جەنگێکی ناکۆتادا دەژین و چنگیان لە جەستەی یەکدیدا خوێناوییە، هەروەها لەو کاتەوەی پارتایەتی سەریهەڵداوە، ئەندامان و لایەنگرانیان لە جەنگێکی ناکۆتادان و خوێن و خۆراکی زیندوومانەوەی ئەو وەرەمە ڕامیارییە، تەنیا جەنگە بە بەپشتبەستن بە ئایۆلۆجیای نەتەوەپەرستی، بەرتەریی ڕەگەزیی و نەژادیی و پاوانگەریی دەستەبژێریی و سەروەریی ..تد.

بەپێچەوانەوەی ئایدیۆلۆجیاوە، خەباتی چینایەتی یەکساننییە بە کینەی چینایەتی، خەباتی چینایەتی تێکۆشانە بۆ لەنێوبردنی هۆکارەکانی دروستبوونی کۆمەڵگەی چینایەتی واتە پایە ئابووریی و کولتووری و ڕۆشنبیرییەکانی، بەڵام کینەی چینایەتی وەك هەر توندوتیژییەك، توندوتیژی بەرهەمدەهێنیت، واتە پاساو و بیانوو دەداتە دەست پارێزەرانی کۆمەڵگەی چینایەتی بۆ ڕەوایەتیدان بە ستەمی چینایەتی. هەروەها ئەوەی بە درێژایی تەمەنی من و لە ئەزموونی کەسیی مندا کەڵەکەبووە، چەكبوون و ئامرازبوونی ئایدیۆلۆجیایە بۆ دابەشکردنی مرۆڤە چەوساوەکان بەسەر گروپ و پارت و پێکهاتەی دژەبەیەك و ڕاگرتنیان لە ناتەباییەکی بەردەوامدا و بەو هۆیەوە لە بەرانبەردا دابینکردنی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ سەروەران، بەوەی کە چەوساوان خەریکی جەنگی یەکدین و نایانپەرژێتە سەر جەنگی چەوسێنەرانیان. لە ژیان و بیرەوەیی و بوونی مندا ئایدیۆلۆجیا و ڕامیاریی و پارتایەتی تەنیا ئەمەی بەرههەمهێناوە. ئەگەر تۆ یا هەر کەسێکی دیکە ئەزموونگیرییەکی دیکەی لە ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجیا هەیە، سوپاسگوزاری دەبم، ئەگەر لە ڕۆشنکارییەکانی خۆی بەهرەمەندم بکات و ئەوە بسەلمێنێت، کە ڕامیاریی هونەری سەروەریی و فریودانی خەڵك و مسۆگەرکەری مشەخۆریی نییە و ئایدیۆلۆجیا ئامرازی دابەشکردن و پڕشوبڵاوەپێکردنی هێزی کۆمەڵایەتی چەوساوان و دەبەنگکردنی تاکەکان و ڕاگرتنیان نییە لە جەنگکێکی نەبڕاوەی خۆکوژییدا ! ئایا لە سەراپای مێژووی ململانێی چینایەتییدا، بەڵگەیەکی ئاوا لە بارەی ئایدیۆلۆجیا و ڕامیارییەوە هەیە، کە پێچەوانەی ئەزموون و پێگەییشتن و بۆچوونە بنەمایییەکانی هەر یەك لەوانە بێت، کە دژایەتی ئایدیۆلۆجیا دەکەن و لەسەر کۆمەڵایەتییبوونی خەبات و شۆڕش و ڕێکخستنی سۆشیالیستیی [کۆمەڵایەتیی] دەکەن؛ کامە، کەی و لەو کوێ ؟

چۆن دەتوانیت قسە لە گۆڕانی کۆمەڵگە بکەیت لە کاتێکدا دەەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری زاڵن، بێجگە لە بەرنامەی لایەنی کەم و لایەنی دوور چ ڕێگەیەکی تر هەیە؟

قۆناخبەندیی مێژوو و هەروا قۆناخبەندیی ڕەوتی گەییشتن بە کۆمەڵگەی ناچینایەتی، هەوڵێکی نەزانانە یا فریودەرانەی دەسەڵاتخوازییە. دابەشکردنی داخوازیی و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە بەسەر داخوازیی هەنووکەیی و ئاییندەیی، لەسەر بنەمای پووچگەرایی وێناکردنی شۆڕش بە ڕاگەیاندنی پارتێك و پێداویستی سەرکوتی دەوڵەتییە “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا”یە بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵگە لە سنووربەندییەکانی ئایدیۆلۆجیا و بەرنامە پێشتر ئامادەکراوەکان، سەریهەڵداوە.

ئەگەر شۆڕش پرۆسێسی مێژوویی گەشەکردن و پێگەییشتنی خودهوشیاریی تاکە ژێردەستەکان و هەرەوەزیبوونەوە و پێکهێنانی کەرتی کۆمەڵایەتیی کشتوکاڵیی و پیشەسازیی و بە کولتووریبوونی بێت، کە لە بەرانبەر دارایی تایبەت و دارایی دەوڵەت و سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە دایدەنێت و دواجار شکانەوەی هاوسەنگیی هێز، سەرکەوتنی هەر لایەکیان بەسەر ئەوی دیکەدا دیاردەکات، ئەوا هەموو داخوازییەك و هەموو ئامانجێك و هەموو گۆڕانێك لە خودی ئەم کۆمەڵگە چینایەتییەدا ڕوودەدات و نێوان کۆمەڵگەی چینایەتی و ناچینایەتی خاڵێکی سنووریی وەك ئەوەی نێوان وڵاتان یا سات و ساڵێکی دیاریکراو بوونی نییە، کە بیکەینە بنەمای کار، پێش ئەوە ئەم کارانە دەکەین و پاش ئەوە ئەو کارانەی دیکە.

بەبۆچوونی من وەها تێڕوانینێك بۆ ڕەوتی مێژوو و ڕوودانی ڕاپەڕین و شۆڕش تێیدا، کاریکاتێرێکە لە تێگەییشتنی شۆڕشگێڕانە بۆ مێژوو و ڕەوتی ڕووداوەکان. لەبەرئەوەی کە بەدیهاتنی هەموو خەون و خەیاڵێکی مرۆڤ لەم کۆمەڵگەدا تەنیا بە تێکۆشان بەدیدێت و پێویستە کاری بۆ بکرێت. چونکە کۆمەڵگەی چینایەتی ڕووبەرێکی دیکە، وڵات و کیشوەرێکی دیکە نییە، یا ماوەیەکی سەردەمیی دابراو نییە، کە لە دوای کات و شوێنی کۆمەڵگەی چێنایەتی ئێستاوە دەستپێبکات، هەروەها مرۆڤەکانیشی هەر مرۆڤەکانی سەر گۆی ئەم زەمینە دەبن و لە ئەستێرەیەکی دیکەوە نایێن، بەڵکو گۆڕینی ئەم کۆمەڵگەیەیە، کە هەیە و تێیدا دەژین. ئەو گۆڕینەش نە بڕیاردانی ڕامیارییە لەلایەن پارت و چەند پارلەمانتار فەرمانداریی و دەوڵەتەوە، نە سەپاندنی بەرنامەیەکی ئایدیۆلۆجییە بەسەر کۆمەڵگەدا، بەڵکو گۆڕینی فرە ڕەهەند یا هەمەڕەهەندی کۆمەڵ و پێکهاتەکانی و ژیان و کارکردنەکانە. بۆ نموونە کاتێك کە تاکەکان لە جیاتی خۆبڕیاردان، بە دیهاتنی داخوازییەکان و بەرەوپێشبردن و یەکلاییکردنەوەی پرسەکان بە پارت و پارلەمانتاران و دەوڵەت دەسپێرن، هیچ گۆڕانێك پێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، ڕوونادات، بەڵکو زیاتر و زیاتر سیستەمەکە دەپارێزن و پرسەکان ئەستەمتر دەکەن. بەڵام کاتێك کە تاکەکان لەجیاتی دەنگدان و هەڵبژرادنی پارت و لیست و پارلەمانتاران، کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان پێکبهێنن و هەوڵی بەخۆبڕیاردان و بەخۆجێبەجێکردن بدەن، ئەوا هەم بەو جۆرە کارەکان ئەنجامدەدەن، کە بەخۆیان بە دروستییان دەبینن و هەم بەو جۆرەی کە گونجاوە، ئەمە دەکاتە گێڕانەوەی دەسەڵات و بڕیاردان بۆ خود [بۆ خودی تاکەکان و گروپە کۆمەڵایەتییە خۆجێیەکان، ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان]. لە بارێکی ئاوادا هەم دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمانتاران و پارتەکان دەکەونە بەرانبەر خەڵك و هەم ناپێویستبوون و ناکارابوونیان لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەسلمێنێت، کاتێك کە تاك بەخۆی بەکردەووە بینی و بۆی دەرکەوت، کە بەخۆی باشتر لە پارلەمانتاران بڕیاردەدات و لە دەسەڵاتداران باشتر جێبەجێدەکات، ئیدی نابێتە ئەکتەری گاڵتەجاریی هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر… لەبەرئەوە هیچ پرسێك نییە، کە لە خەباتی ڕۆژانەی جەماوەریی و لە یەکگرتنی کۆمەڵایەتیدا چارەسەرنەکرێت، تاوەکو چارەسەر و بنەبڕکردنی بە وەرزی سەرخەرمانی “پارتی پێشڕەو” و دەستەبژێرە ڕامیارەکان بسپێرین؛ هەم خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی و هەم ڕێکخستنی ئاسۆیی کۆمەڵگە و هەم بنەبڕکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و ئایینی و نەژادی و کولتووریی، هەم پێکهێنانی هەرەوەزییەکان و کەرتی کۆمەڵایەتیی و سەندنەوەی کارخانە و نێوەندەکانی خزمەتگوزاری و شوێنە گشتییەکان لە سەرمایەداران و پارت و دەوڵەت و هەم بێدەسەڵاتکردنی ڕامیاران و مشەخۆران و فەرمانداران و دەوڵەتمەتمەندان، کار و ئەرکی نێو ئەم کۆمەڵگە چینایەتییەن و هەر وێناکردنێك بۆ کۆمەڵگەی ناچینایەتی لە دەرەوەی کۆمەڵگە، پشتبەستنە بە پووچگەرایی بیرۆکەی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ بەهەشتی ئایینەکان ! هەروا کە تا ئێرە و تا ئێستا هەموو گۆڕانێکی سەردەمەکان لە هەناوی سەردەم و کۆمەڵگەکاندا ڕوویداوە، نەك لە دەرەوەی و دابڕاو لە ڕەوتی پووکانەوەی ئەو و نەمانی پێویستی ئەودا.

بە کورتی هەر ئاوا کە ڕێکخستنی کۆیلایەتی و فیئۆداڵی لە هەناوی خۆیانەوە تێداچوون و سات و ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵێك نییە، کە وەك هێڵی جیاکەرەوەی ئەو ڕێکخستنانە دیاریبکەین و بڵێین لەم ساتەوە دەستییانپێکردووە و لەو ساتەدا کۆتاییانهاتووە، هەڵبەتە ئەمە تەنیا لە ئاستی وڵاتێکدا نا، بەڵکو تەنانەت لە ئاستی ناوچە و هەرێمێکیش هەر ئاوایە و ناتوانین بڵێین فیئۆدالیزم لەم ساتەوە لە فڵانە هەرێمی فەرەنسەدا کۆتاییهات. ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆمەڵگە بەنێو یەکدیدا شۆڕدەبنەوە و تێکهەڵکێشن. ئەمەش بەڵگە و واتای لەنێوچوونی ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتی و جۆرە پەیوەندییەکە لەنێو خۆیدا و سەرهەڵدان و جێگرتنەوەی بە ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتی و جۆرە پەیوەندییەکی دیکە ، نەك لە خاڵی ڕاگەیاندنی هەڕای ڕامیاریی پارتێکەوە، یا دەستەیەکی سەربازیی و ڕاگەیاندنێکی پارلەمانییەوە.

لەبەرئەوە هەم دابەشکاریی خەبات و دانانی بەرنامە بۆ شۆڕش دەچێتە خانەی پووچگەرایی ڕامیارییەوە و هەم وەك تا ئێستا بە ئەزموون دەرکەوتووە، سەری لە دژەشۆڕشەوە دەردەچێت. بەدرێژایی تەمەنی نەگریسی پارتایەتیی، هەمیشە پووچگەرایی “بەرنامەی لایەنیکەم” تەنیا دێوجامەیەك بووە بۆ شاردنەوەی پلانی بەدەسەڵاتگەییشتنی سەرانی پارت، هەروەك چۆن لە سەدەی ڕابوردوودا پارت و گروپە ناسیونالیستەکانی کوردستان بە دێمۆکرات و مارکسیستیانەوە دەیانگوت “ئەم قۆناخە، قۆناخی خەباتی ڕزگاری نیشتمانییە و لەم قۆناخەدا ڕەنجدەران لەتەك بۆرجوازی نیشتمانیدا هاوخەباتن و پاش سەرکەوتن، ئینجا خەبات لەپێناو دامەزراندنی سۆشیالیزم دەستپێدەکات”، کەچی ئەم ڕۆژگارە بەڵێنی سەرخەرمانی ئەوان گۆڕدرا بە ئاوەدانکردنەوەی زیندانەکان؛ بە تایبەتکردنەوەی کەرتە دەوڵەتییەکان؛ بە ئازادکردنی بازار بۆ تەڕاتێنی کۆمپانییە جیهانخۆرەکان و کوردستانە ڕزگارکراوەکەشیان کرد بە پایەگای سەربازانی دەوڵەتی تورکیە و ئیتلاعاتی دەوڵەتی ئێرانی و سەربازانی ئەمەریکی و بریتانی. هەر ئاواش کە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردوودا بەڵێنەکانی پارتی سۆشیال دێمۆکراتی ڕوسیە، لە ڕۆژگاری سەرخەرمانی پاش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ١٩١٧دا گۆڕدران بە زیندانەکانی چێكا؛ ئوردووگەکانی کاری زۆرەملێ؛ هێرش و کوشتوبڕی بە کۆمەڵی هەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا و شوراخوازانی کڕۆنشتات و تەقەکردن لە کرێکارانی مانگرتووی پترۆگراد و … تد.

***********************************

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN

بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY

بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If

بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH

بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN

بەشی شەشەم:http://wp.me/ppHbY-Jg

بەشی حەوتەم:http://wp.me/ppHbY-Jo

بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv

بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JO

بەشی دەهەم :http://wp.me/ppHbY-JZ

بەشی یازدەهەم : http://wp.me/ppHbY-K5

بەشی دوازدەهەم : http://wp.me/ppHbY-K9

بەشی سیازدەهەم: http://wp.me/ppHbY-Kf

بەشی چواردەهەم :http://wp.me/ppHbY-Kj

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١٤

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.         هەژێن

بەشی چواردەهەم

ئایا پەیوەندی سەروزەکان لەگەڵ ئانارشیستەکان چییە؟ مەگەر ئەوانیش ئانارشیست نین؟

بۆ ئەوەی بتوانم وەڵام بە پرسیارەکانت بدەمەوە، ناچار لە کۆتاییەوە دەستپێدەکەم. ئەگەر مەبەستت لە “سەروزەکان”، پارتە سەوزەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم نا. چونکە پێش هەموو شتێك ئەوان “سەوزەکان” پارتی ڕامیاریین و ئەنارکیستەکان پارتایەتی ڕەتدەکەنەوە و منیش بۆ خۆم وێڕای پارتایەتی، ڕامیارییش ڕەتدەکەمەوە. دەکرێت ڕۆژگارێك ئەندامانی ئێستای پارتە سەوزەکان بەجۆرێك ئەنارکیست بووبن، یا ئێستاش سۆزدارییان بۆ ئەنارکیزم هەبێت، بەڵام هیچ کات ئەو دوو ئاراستەیە یەکسان و هاوتانین. چونکە پێش هەموو شت ئەوان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی هەوڵدەدەن و لە کایەی ڕامیاریی و پارلەمانتاری و بە پارتییکردنی کەسەکاندا چارەسەر دەخەنەڕوو، کە ئەوەش ڕەتکردنەوەی بنەما هزرییەکانی ئەنارکیزمە؛ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دەرەوەی قەوارە ڕامیاریی و قووچکەییەکان.

وەك گوتم دەکرێت، ئەوان وەك تاك و گروپ ڕۆژگارێك بەشێك بووبن لە ئەناکیستەکان و بۆ ژینگەپاریزیی خەباتیانکردبێت و چالاکی بزووتنەوەی دژە-ئەتۆم و دژەجەنگ و زۆر شتی دیکە بووبن، چونکە ئەنارکیزم وەك شێوازی بیرکردنەوە و وەك هزر و وەك بزووتنەوەیەکی فرەڕەهەندی کۆمەڵایەتیی، لە گشت بوارەکاندا تێڕوانینی ئازادیخوازانە و دژە-سەروەرانەی هەیە؛ لەوانە تێڕوانین لەمەڕ ڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی [ئەنارکۆسەندیکالیزم]، تێڕوانین لەمەڕ لەنێوبردنی هەڵاواردنی ستەمی ڕەگەزیی بەرانبەر ژنان [ئەنارکۆفێنیزم]، تێروانین لەمەڕ دژایەتی جەنگ و ئاشتییخوازیی [ئەنارکۆ-پاسیفیزم ]، تێروانین لەمەڕ پاراستنی ژینگە [Green anarchism / eco-anarchism]، تێڕوانین لەمەڕ ڕزگاری ئاژەڵ [animal libertain front] و …تد.

لە تێڕوانینین ئەنارکییەکاندا و بە بۆچوونی منیش، تێکدانی ژینگە و پیسکردنی ئاو و هەوا و هۆکاری ڕوودانی کارەساتەکان، تەنیا بۆ نەزانی مرۆڤەکان ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ چاوچنۆکی و زۆرترخوازیی بۆجواکان دەگەڕێتەوە، کە لەپێناو بەدەستهێنانی سوودی زیاتر و پاوانگەریی زیاتر، ژیان لەسەر گۆی زەوی بەرەو تیاچوون دەبەن. بە سەرنجدانێکی خێرا لە پیشەسازیی نەوت و ئۆتۆمەبێل و چەکسازیی و وزەی ئەتۆمی و پیشەسازییە ناپێویست و زیانبەخشەکانی دیکە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە لەم جیهانەدا خەریکە چی دەگوزەرێت و داهاتووی مرۆڤایەتی لە سایەی سیستەمی ڕامیاریی و سەروەریی چینایەتییدا چۆن دەبێت. بە پێچەوانەی پاگەندەی ڕامیارانەوە، کە هۆکارەکان بۆ نەزانین و نەخوێندەواریی تاکەکان دەگڕێنەوە، دەرکی دانیشتووانە بوومییەکانی ئەمەریکا [ئەوانەی کە کۆچەرە ئەوروپییەکان جینۆساید/ وەچەبڕیانکردن] لەمەڕ پاراستنی ژینگە زۆر لە دەرکی فیلۆسۆف زاناکانی ئەم سەردەمە ڕۆشنتر و دروستتر بووە و تەنیا هۆکار کە ژینگە و بوونەوەرەکانی بەم ڕۆژگارە کێشاوە، کۆمەڵگەی چینایەتییە، کە لەپێناو قازانجی سەرمایەداران و سەروەریی ڕامیاران و مشەخۆریی دەسەڵاتداراندا ئامادەیە ژیان لەنێوبەرێت، لەم بارەوە هەر ئەوەندە بەسە، کە کاتی هەڵکردنی ڕەشەبا سەرنجی ئاسمانی هەوڵیر و سلێمانی و…تد بدەین، کە چۆن کیسە (دڵق / عەلاگە) وەك هێرشێکی ئاسمانی، ئاسمانی شار داگیردەکەن، یا سەرنجی تەپوتۆز و خۆڵبارین و چڕەدووکەڵی ئەکسۆسی ئۆتومەبێلەکان بدەن، تا تێبگەین کە بازاری سەرمایەداری خەریکە ژینگە و مرۆڤایەتی بەرەو کوێ دەبات. ئیدی با ئەوە لەو لاوە بوەستێت، کە پیشەسازی گوشت و شیرەمەنی چ کارەساێك دروستدەکات !

ئەگەر لەم بارەوە بە وردی و هەستەوەرییەوە سەرنجی هەڵویست و ستراتیجی پارتە سەروزەکان بدەین، ئەوا دەبینین کە ئەوان خوازیاریی سەرمایەداریی ژیر و بە بەزەیین، خەریکی ئامۆژگارییکردنی ئافەرێنەرانی چەکی ئەتۆمین، خەریکی بزوواندنی سۆز و بەەزیی ڕامیارانن بەرانبەر ژینگە و بوونەوەرەکانی، خەریکی ئامۆژگارییکردنی دەڵاڵانی بازارەکانی چەکسازیی و ئۆتۆمەبێلسازیین. ئەمەش بۆخۆی بە دیوەکەی دیکەدا هەر سۆشیالدێمۆکراسییە، کە بە ئامۆژگارییکردنی سەرمایەداران دەستیپێکرد و ویستی بە بەشداریکردنی جەنگی جیهانی دووەم، مرۆڤایەتی ڕزگاربکات ! لێرەدا لەتەك پرسیارێك ڕووبەڕووین، ئایا بەبێ لەنێوبردنی هۆکارەکانی/ پێویستیییەکانی چەك و وزەی ئەتۆمی، بەبێ لەنێوبردنی هاندەرەکانی پیشەسازی ئۆتۆمەبێل و نەوت و چەكسازی و ..تد [گەڕانەوە بۆ وزەی سروشتی (ئاو و با و خۆر) و لەنێوبردنی سیستەم و سەروەریی و مشەخۆریی و دەسەڵات]، دەتوانین ژینگەی پارێزراو مسۆگەربکەین؟ ئەگەر دەکرێت، چۆن و بۆچی تا ئێستا لەپێناویدا کارنەکراوە، کێ و چی ڕێگرە و هۆکارەکان چین؟

ئاژەڵدۆستی پەیوەندی بە ئەنارشیزم و کۆمەڵگەی بێ جینایەتیەوە چییە ؟

پێش هەموو شت پێویستە لە ڕووی زمانەوانییەوە وەڵام بە پرسیارەکە بدەمەوە، کە “بێ چینایەتی” نادروستە و “ناچینایەتی دروستە”. ئینجالە ڕاستیدا ستەمگەریی مرۆڤ لە ئاژەڵئازاریی [سێکس لەتەك ئاژەڵ و لێدان و سواربوون و زیندانیکردنی لە ماڵ و باخچەکان] و بەهرەکێشیی [بەکاربردنی ئاژەڵ بۆ باربەریی و پیشەسازییکردنی بەرهەمهێنانی گۆشت و شیرەمەنی] و ڕەایەتییدان بە کوشتن و سەندنەوەی مافی ژیان لە ئاژەڵ کورتنابێتەوە و کۆتایینایێت، بەڵکو ستەمگەرییەکە بەرەو ستەمکردن لە خودی هاوجۆرەکانی مرۆڤ درێژکراوەتەوە. چونکە یەکەمین ڕەوایەتییدان بە توندوتیژی و کوشتار لە ئەفسانەکانی دروستکردنی دونیا لەلایەن سوپەر-هێزی ئافەرێنەوە [اللە/ گۆد] بە خاتری مرۆڤ، دەستپێدەکات و لەوێدا مرۆڤ خۆی وەك سەروەری بوونەوەرەکانی دیکە وێنادەکات و پاشان دەکەوێتە هەوڵی دەستەمۆکردنی هاوجۆرەکانی خۆیشیی. بەواتایەکی دیکە کاتێك مرۆڤ بە لاساییکردنەوەی دڕندەیی ئاژەڵەکانی دەوروبەری خۆی، هەوڵی خواردنی ئەوانی دیکەی داوە، بەهۆی فراوانی هوشمەندییەوە لەو سنوورە ناهوشیاریی و ناچارییانەی بۆ زیندوومانەوە نەوەستاوە و کەوتووەتە هەوڵی کوشتن و کۆیلەکردنی هاوجۆرەکانی خۆی، کە لە هیچ ئاژەڵێکی [بوونەوەرێکی] دیکەدا ئەو دیاردەیە نییە و تەنانەت دڕندەترین ئاژەڵ، کە گورگ کراوەتە هێمای، هیچ کات هاوجۆری خۆی ناخوات و لەوەش واوەتر هێندە هاوپشت و کۆمەڵگەرایە، کە هەمیشە پێکەوە و بە کۆمەڵ لەژیاندان. بەڵام مرۆڤ هەم بکوژی هاوجۆرەکانی خۆیەتی، هەم بخۆری گۆشتی هاوجۆرەکانی و هەم کۆیلەگەر و زیندانیگەر و فرۆشەر و کڕیاری هاوجۆرەکانیەتی؛ لەیەك دەستەواژەدا دڕندەترین و بێبەزەییترین ئاژڵی سەر گۆی زەمین،دڕندەیەك کە بە هوشیاریییەوە دڕندایەتی بە پلان و لێکۆڵینەوە و داڕشتنی ستراتیج و بەکاربردنی تاکتیك [هونەری سەروەریی: ڕامیاریی] پەرەپێدەدات و بەرانبەر هاوجۆرەکانی خۆی [مرۆڤە ژێردەستەکان] و ئاژەڵەکانی دیکە و ژینگە دەیگرێتەبەر.

ئەنارکیزم وەك مێتۆدی تێڕامان و بیرکردنەوە لە دیاردەکان و گەییشتن بە هوشیاریی، ڕەتگەرەوەی بەهرەکێشییە، نەك تەنیا لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵکو ڕەتگەرەوەی بەهرەکێشیی مرۆڤیشە لە ئاژەڵانی دەوروبەری، ڕەتکەرەوەی توندوتیژی و کوشتنی هەموو بوونەوەرێکە. واتە ئەنارکیزم ڕەتگەرەوەی تاوانە نەك تەنیا ڕەخنەگر لە تاوانبار، دژی ستەم و بەهرەکێشییە نەك تەنیا ستەم و بەهرەکێشیی لە مرۆڤ، خوازریاریی ئازادی ژیانە بۆ هەمووان، نەك تەنیا بۆ هەلگرانی هزری خۆی. بێچگە لەمە، وەك تۆلستۆی دەبێژێت “تا بازاری قەسابخانەکان گەرم بێت، زرم و هوڕی بەرەکانی جەنگیش بەردەوام دەبێت”. چونکە یەکێك لە هۆکارە هەرە کۆنەکانی جەنگ و درێژەکێشان و مانەوەی بۆ سەردەمی ئێمە، ڕەوایەتیدانە بە کوشتنی ئەوانی دیکە لەپێناو مانەوە و پاشایەتی خود. هەروەها یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ ڕاهاتن و ملدانە بە بارێك، هەرچەندە پێشتر نەیتوانیبێت، لەتەکیدا هەڵبکات. باشترین نموونەش ڕاهێنانی پۆلیس و سوپا و دەستە تیرۆریستییەکانە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا لەسەر ڕاوکردن و سەربڕینی ئاژەڵ، کە کوشتن لەلای دەکاتە شتێكی ئاسایی، لەو بارەوە دەتوانیت سەرنجی فیلمی ڕاهینانی دەستە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە عیراقی پاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس بدەیت، کە چۆن وەك سەرگەرمییەك بەدەم گوتن و گوێڕادێران لە سروودە ئایینییەکان، دەکەونە تەقەکردن و سەربڕینی وشتر و ئاژەڵانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی پشکنین و لێکۆڵینەوە زانسیتییەکان دەرکەوتووە، کە شڵەژاوی و فشارێك کە لەلای ئاژەڵ لەکاتی سەربڕیدا دروستدەبێت، لەڕێگەی خواردنی گۆشتەکەیەوە بۆ مرۆڤی گۆشخۆر دەگوێزرێتەوە، ئەمە بێجگە نەخۆشییەکان و لاوازبوونی سیستەمی بەرلەخۆکردنی جەستەی مرۆڤ بەهۆی پاشکارایی ئەو دەرمانانەی لە کە شوێنەکانی پەروەردەکردنی پیشەسازییانەی ئاژڵان بە ئاژەڵان دەدرێن بەتایبەت پاشکارایی ئەنتی بایۆتیك. بەو جۆرە دەبینین، کە کوشتن و خواردنی ئاژەڵ بەگشتی پارێزەر و درێژەپێدەری دڕندایەتی و توندوتیژی و بەهرەکێشیی و چەپاندنی هاوجۆر و جۆرەکانی دیکەی ئاژەڵ لەلای مرۆڤ ئاسایی و ئاساندەکات. ئەگەر بەراوردی ڕادەی توندوتیژی و دڕندەیی مرۆڤی جاران و مرۆڤی ئەم سەردەمە بکەین، ئەوا دەبینین یەکێك لە هۆکارەکان زۆربوونی توانای گۆشخۆرییە . کاتێك کە مرۆڤ ڕێگە بەخۆی بدات، ئاژەڵان بکوژێت و بخوات و بخاتە خزمەت خۆشگوزەرانیی خۆی و لە کار و لە شتی دیکەدا بەهرەکێشیی لە ئاژەڵان بکات، ئیدی چۆن دەکرێت چاوەڕێیی ئەوەی لێ بکرێت، کە بتوانێت کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە ستەم و بەهرەکێشیی و توندوتیژی بنیاتبنێت؟ کاتێك مرۆڤ ئەو بوونەوەرە بێت، کە توانیبێتی دڕندەیی ناچاریی و ناهوشیارانەی ئاژەڵەکانی دیکە لەڕێگەی زانست و تەکنۆلۆجیا و زیرەکیی خۆیەوە بە بەرزترین لووتکە بگەیێنێت، ئیدی چۆن دەتوانین پاگەندەکانی لەمەر ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییخوازیی بە هەندوەربگرین ؟

بە نەزەری تۆ سۆشیالیزم و سەرمایەداری گەمەی خوا و ئەهریمەن نیە ؟

بەبۆچوونی من، مرۆڤی سەرەتایی وەك بەرەنجامی تێڕامانی لە دەوروبەری و بێسنووریی گەردوون، لە بێوەڵامی پرسیار و سەرنجەکانیدا، ناچار هێزێکی سۆپەرمانی لە هۆش و ئاوەزی خۆیدا ئافراندووە، دوابەدوای ئەوە ئافەرێنەری سوپەرهێز بۆ ئەوەی خۆی لە یەخەگیریی پرسیارە چاوەڕواننەکراوەکان ڕزگاربکات، ئەو سوپەرهێزەی بەرەو بۆشایی ئاسمان ڕەوانەکردووە. کاتێك کە وێرای بوونی ئەو سوپەرهێزە ترسێنەرەش، هەندێك لە مرۆڤەکان دەستبەرداری خراپەکاریی نەبوون [ هەڵبەتە خراپەکاریی لە ڕوانگەی کولتوور و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵەوە]، دیسانەوە لە بێوەڵامیی ئەو پرسیارەدا ” بۆ مرۆڤەکان وەك یەکدی نین و هەندێكیان سەرکێشییدەکەن؟ “، ئافەرێنەرانی سوپەر-هێز ناچار بە ئافراندنی سۆپەرهێزێکی دیکە بوون؛ سوپەرهێزێکی سەرکێش، تاوەکو پاساوی خراپەکانی خۆیانی پێبدەنەوە و بیکەنە هۆکار. بەڵام ئافەرێنەرانی سۆپەرهێز نەیانزانی، کە لە چێکردنی سوپەر-هێزی دووەمدا یەکەمین هێزی ئازادیخواز وێنادەکەن. لەبەرئەوە لەو ڕۆژەوە سوپەرهیزی یەکەم، بەدەست پارادۆکس و گرفتێکەوە گیرۆدەیە، کە ناتوانێت سوپەرهێزی دووەم لەنێوێبەرێت، چونکە لە لەنێوبردنی ئەودا، خۆی لەنێودەبات، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە، کە دەسەڵات بەبێ دژ ناتوانێت پاساوی بوون و پێداویستی مانەوەی خۆی بدات. بەواتایەکی دیکە نە ئافەرێنەرانی سوپەرهێزی یەکەم [مرۆڤەکان] توانای دەربازبوونیان لە خۆشباوەڕییەکی مێژوویی کە خۆیان بەرانبەر ئافەرێنراوەکەی خۆیان هەیانە، ڕزگاربکەن و نە سوپەرهێزی یەکەم دەتوانێت بەبێ هاوەڵدووانەی خراپەکار، باشی و پێویستی خۆی بسەلمێنێت.

لە ڕاستیدا ئەم جەنگە مێژووییە بەردەوامەی نێوان “گۆد / اللە” و ئەهریمەن، لەئاسمانەکان و لە خەیاڵی کۆیلە خۆشباوەڕەکاندا نییە، بەڵکو لە ژیانی کەتواریی هەر ڕۆژەی ئێمە [ئێمەی مرۆڤی ئازادیخواز و مرۆڤی سەرکەوتگەر؛ مرۆڤی ڕەنجدەر و مرۆڤی ڕەنجدز و ڕەنجخۆر، لەنێوان مرۆڤی ئاشتیواز و مرۆڤی پاوانگەر و سەروەرییخوازدایە]دایە و هەر لێرە لەنێو هەموو بوونێکی ئێمەدا بوونی هەیە، لەو کاتەوەی کە سەروەریی سێکوچکەی سوپەر-هێز-پەرەستگە – ئیمپراتۆر گۆڕاوە بە سەروەریی سەرمایە – پارلەمان – دەوڵەت، سوپەرهێزەکانی سەرزەوی هەردەم خەریکی قوتکردنەوەی هێزی لاسار و خراپەکارن، تاوەکو پاساوی مانەوە و پێداویستی خۆیان بدەنەوە.

نەخێر، تا ئەوەندەی بۆ بۆچوونی من دەگەڕێتەوە، یەکەم هاوکێشەکە ئاوەژوو خراوەتەڕوو، گۆد/ اللە/ دەوڵەت سەرچاوە و ڕاگری خراپەکارییە و ئەهریمەن، کە مرۆڤە یاخییەکانن، خوازیاری ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی و یەکسانی و دادپەروەریین. بۆ گەییشتن بەو ئامانجانەش بەبێ لێدان و لەنێوبردنی ئەو هێزە خراپەکارەی، کە ئەوی وەك کۆیلە ڕاگرتووە و بەبێ لەنێوبردنی کۆیلەتی خۆی، ئەستەمە ئەو بازنە داخراوەی بەردەوامیی چەوسانەوە بشکێت و مرۆڤ بە قۆناخێکی باڵاتر لە گەشەی کەسایەتی [تاکی ئازاد] بگات. بەواتایەکی دیکە کۆیلە بۆ ڕزگاربوونی لە کۆتوبەندەکان، پێویستە کۆیلایەتی لەنێوبەرێت، ئەو لەنێوبردنەش تەنیا بە گۆڕینی کۆمەڵگەی چینایەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی، واتە لەنێوبردنی زەمینە و هۆکارەکانی کۆیلەبوون [ دارایی تایبەت ، کاریکرێگرتە ، سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە] مەیسەردەبێت !

***********************************

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN

بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY

بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If

بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH

بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN

بەشی شەشەم:http://wp.me/ppHbY-Jg

بەشی حەوتەم:http://wp.me/ppHbY-Jo

بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv

بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JO

بەشی دەهەم :http://wp.me/ppHbY-JZ

بەشی یازدەهەم : http://wp.me/ppHbY-K5

بەشی دوازدەهەم : http://wp.me/ppHbY-K9

بەشی سیازدەهەم: http://wp.me/ppHbY-Kf

بەشی چواردەهەم :http://wp.me/ppHbY-Kj

فەرەنسە / پاریس : پیشانگەی پەرتووکی ئازادیخوازانەی ٢٠١٤

پیشانگەی پەرتووکی ئازادیخوازانە

پیشانگەی پەرتووکی ئازادیخوازانەی ٢٠١٤

 

ڕێکەوت:   ڕۆژی هەیینی ٩ی ئایار، سات ٢ی پاشنیوەڕۆ  تا سات ٨ی ئێوارە

 

ڕۆژی شەممە ١٠ی ئایار، سات ١١ پێشنیوەڕۆ تا سات ٨ی ئێوارە

 

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ئایار، سات ١١ تا ٤ی پاشنیوەڕۆ

A book fair 2014 Kurdish Sorani

شوێن:                 d’animation des Blancs-Manteaux
48, rue Vieille-du-Temple
75004 – Paris

 

نزیکترین وێستگەی شەمەندەفەر

Métro lignes 1 ou 11 :

station Hôtel de Ville ou Saint-Paul

 

چوونەژوورەوە:   ئارەزوومەندانەیە

 

زیاتر لە سەد دەزگەی چاپ و نووسەر

بەشداری تێدادەکەن، سێ ڕۆژ قسەوباس،

پیشاندان، وتار و ئەنیمەیشن، ….

 

بەرپاکردن و ڕێکخستنی :

پەرتووکخانەی پوبلیکۆ، هەفتەنامەی

لێمۆندی ئازادیخواز و ڕادیۆی ئازادیخواز.

 

پەیوەندیگرتن :

ئیمەیل:                  salon-livre-libertaire@sfr.fr

تەلەفۆن :               01 48 23 20 98

(ڕۆژانی سێشەممە تا شەممە، سات ١٤- ١٩:٣٠)

ناونیشانی پۆستی :                       145 Messe libertären Buch,

rue Amelot 75011 – Paris

Ferense / Paris : Pîşangey pertûkî azadîxwazaney 2014

Pîşangey pertûkî azadîxwazane

       Pîşangey pertûkî azadîxwazaney 2014

Rêkewt: Rojî Heyînî 9 Ayar, Sat 2 Paşnîwerro  ta sat 8 êware

                 Rojî Şemme 10 Ayar, Sat 11 Pêşnîwerro  ta sat 8 Êware

                   Rojî Yekşemme 11 Ayar, Sat 11  ta 4 Paşnîwerro

Şwên:             d’animation des Blancs-Manteaux
48, rue Vieille-du-Temple
75004 – ParisA book fair 2014 Kurdish Latein

nzîktirîn Wêstgey şemendefer

                     Métro lignes 1 ou 11 :

                     station Hôtel de Ville ou Saint-Paul

Çûnejûrewe:     arezumendanye

                         zyatir le sed dDzgey çap û Nûser

                       Beşdarî têdadeken, sê Roj qsewbas,

                       Pîşandan, wtar û Enîmeyişn, ….

Berpakirdin û rêkxistinî :

                           Pertûkxaney Publîko, Heftenamey

                     Lêmondî Azadîxwaz û Rradyoy Azadîxwaz.

 

Peywendîgirtin :

Email :  salon-livre-libertaire@sfr.fr

Telefon :       01 48 23 20 98( Rrojanî Ssêşemme ta

                                                             Şemme, Ssat 14- 19:30 )

Adressi postî :145 Messe libertären Buch,

               rue Amelot 75011 – Paris

١ی ئایار سیمبولی مانگرتنی گشتی و خرۆشانه‌

١ی ئایار سیمبولی مانگرتنی گشتی و خرۆشانه‌

190px-BlackFlagSymbol.svg

1ی ئایار سیمبولی مانگرتن و خرۆشانی چینایه‌تی کرێکارانه‌ ، نه‌ك ڕۆژی شایی و هه‌ڵپه‌رکێ و خوارنه‌وه‌ی سه‌رانی پارته‌ ڕامیارییه‌کان و ژاراویکردنی بیری کرێکاران به‌ ئایدیۆلۆجیای وشکهه‌ڵهاتووی ڕێڕه‌وه‌که‌یان.

١٨٨٦ کرێکارانی شیکاگۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ٨ سات ڕۆژانه‌کار درێژه‌یان به‌ مانگرتنه‌ گشتییه‌که‌یان دا. ئایا ده‌کرێت پاش سه‌د و بیست و هەشت ساڵ له‌ کۆیله‌تی ڕۆژانه‌ی ٨ ساتەی کار، پاش هه‌زاربار گه‌شه‌سه‌ندی ئامێره‌کان و توند و خێرابوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی به‌رهه‌مێنان و هه‌زاربوونه‌وه‌ی فشار و شڵه‌ژاوی ده‌روونی کاته‌کانی کار، کریکاران مل به‌ به‌ پاگه‌نده‌ی پارته‌ ڕامیارییه‌کان بده‌ن و شایی بۆ کۆیله‌تی خۆیان بگێڕن؟

له‌ سه‌د و بیست و هشت ساڵی رابوردوودا هه‌ردوو باڵه‌که‌ی سۆشیال-دێمۆکراسی (ڕوسی- تاکپارتی و ئه‌وروپی – پاره‌له‌مانی) هه‌ر لایه‌ك به‌جۆرێك سواری ملی بزاڤی کرێکاری و بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تر بوون و ده‌یان جار گه‌رماوی خوێنیان بۆ کرێکاران به‌ڕێخست؛ له‌ پترۆگراد، بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌ گه‌رماوگه‌ری به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنیان مانگرتنی کرێکارانیان خه‌ڵتانی خوێن کرد و له‌ ئه‌ڵمانیاش برا سۆشیال-دێمۆکراته‌کانیان له‌ گه‌رمه‌ی شۆرش و دوایی شۆڕش چه‌ندین جار له‌ یه‌کی ئایاردا کرێکاران دایه‌ به‌ر ده‌ستریژ و زیندانی کرد.

سه‌د و بیست و هەشت ساڵه‌ به‌شێکی زۆری بزاڤی کرێکاری له‌لایه‌ن ماشێنه‌ ده‌وڵه‌تی سۆسیال-دێمۆکراته‌کانه‌وه‌ (چ تاكپارتی بۆلشه‌ڤیکی، چ  فره‌پارتیی  برا ئه‌وروپییه‌کانیان) فڕیو ده‌رێت و خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێت و سه‌ره‌نجام سه‌ری کرێکاران له‌ کۆیله‌تی ناو کارخانه‌کان ده‌رده‌چیته‌وه‌. ئایا پێویست و دروست نییه‌ جارێك به‌خۆمان ته‌نیا سه‌د و بیست و هەشت خوڵه‌ك پێداچوونه‌وه‌ی مێژووی پڕ شکستی بزاڤه‌که‌مان له‌سه‌ر ده‌ستی سۆشیال ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان بکه‌ین و ڕێگه‌یه‌کی تر، شێوازێكی تر له‌ خه‌بات، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ١٨٨٦دا پێی هه‌ستاین -مانگرتنی گشتی و خه‌باتی راسته‌وخۆ- بگرینه‌وه‌ به‌ر و مێژووی پێش که‌وڵکردنی 1ی ئایار له‌ ناوه‌ڕۆکه‌ چینایه‌تییه‌که‌ی و خه‌باتی سه‌ربه‌خۆ و راسته‌وخۆی ئه‌مڕۆمان له‌یه‌ك گرێ بده‌ینه‌وه‌ و له‌بری سپاردنی بیرکردنه‌وه‌ و بڕیاردان به‌ ئۆتوریته‌گه‌ران و ده‌سه‌ڵاتخوازان، به‌خۆمان وه‌ك هاوڕێیانمان له‌ ئه‌رژه‌نتین و یۆنان، له‌ خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه‌ خه‌ریکی ڕوخاندنی پێکهایه‌ قوچکه‌یی (هیرارشی)یه‌کانی سه‌روه‌ری سه‌رمایه‌ و داڕشتنی کۆمه‌ڵگه‌ی نوێ پشتبه‌ستوو به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆمان، مرۆڤه‌ چه‌وساوه‌ و بنده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهان، بین؟

با یه‌کی ئایاری ٢٠١٤ بکه‌ینه‌ خاڵی ده‌ستپێکی کۆتایی هه‌میشه‌یی سه‌روه‌ری چینایه‌تی و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌کان

با پێکه‌وه‌ به‌بێ ڕابه‌ر و فه‌رمانده‌ر، به‌بێ پلانی له‌پێش ئاماده‌کراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازان، به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی بێچێن و چه‌وسانه‌وه‌ به‌کاروانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌وه‌ریخوازییه‌وه‌ په‌یوه‌ست بین

مه‌رگ بۆ سه‌روه‌ری چینایه‌تی له‌ هه‌موو جۆره‌کانیدا

سه‌رکه‌وتوو بێیت خه‌باتیسه‌ربه‌خۆی چه‌وساوان

بێجگە لە بایكۆتی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، چ ڕێگەیەكی دیكە بۆ ڕزگاربوون لە سەروەریی ھەیە؟

بێجگە لە بایكۆتی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، چ ڕێگەیەكی دیكە بۆ ڕزگاربوون لە سەروەریی ھەیە؟

ھاوڕێیانی ئازادیخواز و سۆشیالیست (ئەناركیست)

وا جارێكی دیكە، پاش خەروارێك لە ئەزموونی خۆیی و ھاودەردەكانمان لە گۆشەكانی دیكەی جیھاندا، ڕۆژی ٣٠ی ئەپڕیڵی ٢٠١٤ ھەرێمی كوردستان و عیراق دەبنەوە بە سەكۆی نواندنی گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن و خۆشباوەڕكردن و چاوەڕوانھێشتنەوەی بندەستانی ناھوشیار بەوەی دەنگدان بە دەستەیەكی دیكە و براوەبوونی دەسەڵاتخوازانێكی دیكە، بەرھەمەكەی ئەوە دەبێت، كە ئێمەی چەوساوە بە درێژایی تەمەن و فەرمانڕەوایی میرایەتییەكان، لە خەیاڵی خۆماندا وەك سیمبولێك بۆ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی ئافراندوومانە و بەرجەستەمانكردووە !

بەڵام ھەردەم كەتوار و بەرەنجامی ڕووداوەكان لە بەرامبەر خۆزگە و خەونی ڕەوای پێشینانمان و ئێمەدا شتێكی دیكەی جیاواز و تەواو پێچەوانە بووە و ئەگەر ئاڵوگۆڕێكی ڕواڵەتی لە ناو و شوناسی نەتەوەی سەروەراندا ھەبووبێت، ئەوا تەنیا تا ئەو جێیە بڕیكردووە، كە تاك لەبەردەم پاگەندەی ڕامیاران و پارتەكانیان و دەسەڵاتخوازاندا خۆشباوەڕ و دۆشداماو مابێتەوە.

ئەگەر بە سەرنجدانێكی خێرا ئاوڕ لە مێژووی ئەو ڕەوت و ئاراستە ڕامیارییانەی، كە لە بەرامبەر داگیركەردا پاگەندەی ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریییان كردووە، تەنیا بە سەرەنجامێكی نەخوازراو دەگەین؛ گۆڕینی دەموچاوی ستەمكاران و پاراستن و گواستنەوەی ئامرازەكانی چەوسانەوەمان بووە، بە سەروەركردنی چەند پارت و سەرۆكێكی دیكە، وەك لە هەرێمی کوردستاندا دیتمان، جێگەی پارتی بۆرجوازی عەرەب، چەند پارتێکی بۆرجوازی کورد گرتییەوە و ئەوانەی کە تا دوێنێ سیخوڕ و بەکرێگیراوی بۆرجوازی عەرەب بوون، دەستبەجێ لەلایەن نوێنەرانی بۆرجوازی کورد (بەرەی کوردستانیی)ەوە کرانە “چەکداری شۆڕشگێڕ” و دەزگە سیخوڕیی و پۆلیسی و سوپاییە تیكشکاوەکانی ڕژێمی بەعس، چێکرانەوە و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر خرانەوەگەڕ؛ وەك سەرکوتی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، ناڕەزایەتی خەڵکی هەڵەبجە لە ساڵیادی ٢٠٠٦دا، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی سۆران و کەلار و ڕانیە و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوبات ..تد، ئەمانە سەرەنجامی خەونی خۆشباوەڕانەی تاکی چەوساوەی کوردبوون بە پارتە بۆرجوازییەکان و فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی و دێمۆکراسی پارلەمانی و تاوەکو تاکی چەوساوە بەو دێوجامانە خۆشباوەڕبێت، هەر ئاوا لە خوێنگەوزاندنی خەونەکان بەردەوام دەبێت !

وەك ھەموو جارەكانی دیكە لە هەرێمی کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، دیسانەوە بە گاڵتەجاری ھەڵبژرادنی خراپ لە خراپتر، ھەڵبژاردنی (جەنەڕاڵی لیبراڵ!) لەبەرامبەر (سەرۆکی دیکتاتۆر!)، ھەڵبژاردنی نوێنەرانی باڵی بازاری بەڕەڵا لە بەرامبەر باڵی قۆرخکەری بازاری بۆ سەرانی پارت، ھەڵبژاردنی یەكێك لە چەوسێنەرانمان بۆ ماوەیەكی دیكە تاکی ناڕازی ناهوشیار خۆشباوەڕدەکەنەوە، ئەمە ئەو گاڵتەجارییەیە، كە لە سەرتاسەری جیھاندا لە چوارچێوەی لیبرالترین دەوڵەت و لە چوارچێوەی كۆنەپارێزترین و دیکتاتۆرترین دەوڵەتدا، بەناوی مافی دەنگدان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەوە بەڕێدەخرێت، كە تیایاندا چ بە فریودان یا بە زۆری چەك لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئێمەی چەوساوە و بێدەسەڵات دەكێشنە پای سندووقەكانی بڕیاردان لەسەر ئەوەی كێ چەوسێنەر و شوانەمان بێت، كێ مافی بڕیاردانی كۆیلەتی ئێمەی ھەبێت، كێ چارەنووسی خۆمان و منداڵان و نەوەكانمان دیاریبكات، كێ مشەخۆری بەری ڕەنجی كار و بەرھەمھێانمان بێت، كێ سزادەر و كێ پاسەوانی زیندانمان بێت !

ئازادیخوازان، یەكسانیخوازان، دادپەروەرییخوازان، ئێمە ئەناركیستەكان بێجگە لەوەی كە لە ھەموو جێیەك و لە ھەموو سەردەمێكدا دژی بەشداری دەنگدان و خۆھەڵبژرادنین و بەردەوام لە ھەموو وڵاتاندا بەڕووی ھەڵبژاردنی سەروەراندا كەمپەینی دژی دەنگدان بەرپادەكەین، لێرەدا بە دیاریكراوی لەم ھەڵبژاردنە گاڵتەجارییەی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانی هەرێمی کوردستاندا، لەبەر دوو ھۆ، بۆ بایكۆتكردنی و دژوەستانەوە بانگەواز دەكەین:

ھۆی یەكەم، لە ڕوانگەی ھزر و ئایدیای ئازادیخوازیی (ئەناركی)ەوە، سیستەمی ڕامیاریی بەگشتی و سیستەم و پێكھاتەی قوچكەیی (ھیرارشی) بەدیاریكراویی؛ چ پاشایەتی و ئیسلامی و دیكتاتۆری و تاكپارتیی بێت یا دێمۆكراتی پارلەمانی (فرەپارتیی)، سیستەمی كۆیلەكردنی مرۆڤە و ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەك لەسایەیدا، تەنیا بۆ كۆیلەڕاگرتنی ئێمەی ژێردەستە و بەرھەمھێنەرە، لەپێناو مسۆگەركردنی خاوەندارێتی تایبەتی و قازانجی كەمینەیەكی سەرمایەدار و زەمیندار و دەستەبژێری ڕامیار!

ھەر لەبەرئەوە ھەڵبژرادن و دەنگدان لە سیستەمێكدا كە لەسەر بنەمای سەروو و خوار، سەروەر و ژێردەست، دارا و نەدار، بەرھەمھێنەر و مشەخۆر، فەرماندەر و فەرمانبەر دامەزرابێت، بێجگە لە مافی ھەڵبژاردنی چەند مشەخۆرێك وەك نوێنەر و چەوسێنەرێك وەك سەرۆك و شوانە، ھیچ بڕیاردان و مافێكی سەرەتایی بۆ ئازادانە ژیان و خۆبەڕێوەبردن نەھێشتووەتەوە. لەبەرئەوە، ئێمەی ژێردەستە لەجیاتی خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی ئەوەی كە دەسەڵاتخواز و چەوسێنەرێكی بەبەزەیی و بەویژدان پەیداببێت و ئازادی و مافمان بۆ بگێرێتەوە، پێویستە خۆمان بە پشتبەستن بە ویست (ئیرادە) و یەكگرتوویی ھێز و توانای خۆمان، لە شوێنی ژیان كار و خوێندن و فەرماندا، ڕێكخراوە سەربەخۆكانی خۆمان، گروپە خۆجێییەكانی خۆمان لەسەر بنەمای كۆبوونەوەی گشتی و بڕیاردانی بە كۆمەڵ و جێبەجێكردنی گشتی، ڕێكخستن و پایەكانی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ [كە ھەزاران ساڵ پێش ئێستا لە گوند و شار و كۆمەڵگە ئازادە بێدەوڵەتەكاندا پەیڕەوی لێكراوە و ژیانی ئازادانەی لەسەر ڕێكخراوە] پێكبھێنین و كۆمەڵگە بۆ شۆڕشی كۆمەلایەتی ھەڵخڕێنین و ھەر ئێستا دوور لە دەستتێوەردانی گروپ و كەسە ڕامیارەكان، ھەرەوەزییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانمان لە كێڵگە و كارخانە و گەرەكەكان و گوندەكاندا پێكبھێنین و كاروبار و شێوەی ژیان و بەرھەمھێنانی كۆمەڵگەكانمان سەربەخۆ لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمانەوە بەڕێوەببرێن و دەستی فەرمانڕەوایی بۆرجوازی کورد و عیراق و پارتە ڕامیارە بەرھەڵستكارەكانیش لە تێكدانی ژیان و ئاساییش و دروستكردنی دوژمنایەتی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزیی و نەژادیی و خێڵەكیی، كۆتابكەین.

ھۆی دووەم، ئەگەر لەژێر كارایی میدیای بەناو سەربەخۆ و “ئەهلی” و پارت و ڕامیارە دەسەڵاتخوازەكاندا بەو سەرەنجامە گەیشتوون، كە لێپرسراوێك، مەلایەك، باڵێك لە دەرەوەی دەسەڵات و لەنێو پارلەماندا خەریكە هەرایەك دژی پاوانگەریی دەسەڵات و چەپاوڵی سامان و داهاتی کۆمەڵگە بەڕێدەخات و لە بەرامبەردا ئەڵتەرناتیڤی بۆ دیکتاتۆریی سەرۆک، خۆشباوەکردنی تاکی چەوساوەی ناهوشیارە بە سەرۆکی باش و خەریکی ڕازاندنەوە و خۆشباوەڕکردنمانە بە چەپاوڵی بازارئازاد؛ بەوەی یەکسانی هەل و ماف بۆ هەمووان مسۆگەردەکات، وەها هولێك بێجگە لە فریودان و بزوواندنی ئارەزووی ناهوشیارانە و خۆشباوەڕانەی تاکی ناهوشیار هیچی دیکە نییە. چونکە بە کردەوە بازارئازاد لە ئۆروپا چەپاوڵی سامان و داهاتی کۆمەڵگەیە لەلایەن چەن کۆمپانییایەکی جیهانخۆرەوە بە پاڵپشت و پارێزگاریی دەوڵەت سیستەمی پارلەمانی و لە هەرێمی کوردستانیشدا بە درێژایی دوو دەهە چەپاوڵی سامان و داهاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای پارتەکانەوە [نۆکان و کۆڕەك و کۆمەلێکی دیکەوە] نوێنەرایەتی هەمان بازارئازادی نیئۆلیبراڵ بووە وەك پێشمەرج و زەمینەسازیی بۆ هەڵئاوسانی دەیان و سەدان ملیاردلێر و ملیۆنێری یەك شەو و ڕۆژە و هەروەها فەرمانڕەوایەتی هەرێم وەك نوێنەری ڕەوت و تەوژمی نیئۆلیبراڵ و کۆمپانییە جیهناخۆرەکانی، هەر هەمان کاریان ئەنجامداوە، کە جەنڕاڵەکانی لیستی نەوشیروانییەکان، ژێرەکی بەڵێنیان بە داگیرکەرانی عیراقداوە؛ پێداویستی وەها ئاڵوگۆڕێك بۆ سیستەمی جیهانی نیئۆلیبراڵ و کۆمانییە جیهانخۆرەکان، تەنیا دوورخستنەوەی مەترسی هوشیاربوونەوەی چەوساوانی ئەم هەرێمەیە بەرامبەر پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی نیئۆلیبرالیزم و بازارئازادەکەی و ئامادەکردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوە بۆ کاتی پێوێست، کە لەم ساتەی هەرێمی کوردستاندا، پاش لاوازبوونی دەسەڵاتی قەرەقوشیانەی(ینک) و (پدک، مەگەر تەنیا لیستی نەوشیروانییەکان و مەلا هاوپەیمانەکانیان، بتوانن پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی زلهێزەکان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکانی ئەمەریکا و ئەمەریکا مسۆگەر بکەن و خۆگرتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان و ئەگەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە !

ئەگەر دوو دەهە گاڵتەجاریی دێمۆکراسی پارلەمانی و ناکامی چاوەڕوانی سەرۆکی باش و دەرکەوتنی دیوی ڕاستەقینەی دێوجامەی بەهەشتی نەتەوەیی، ھێشتاکە نەبوونەتە بڕواپێھێنەر بەوەی، كە نابێت بە گاڵتەجاری ھەڵبژاردن و دەنگدان خۆشباوەربین، ئەوا چوونەپای دەنگدان و چەندبارەكردنەوەی ھەمان ھەڵە، كە ھەموو جارێك سەرەنجامەكەی كۆیلەتركردنەوەی خۆمانە، ھەڵەیەكی مێژووی چەندبارە دەكەینەوە و بێجگە لە درێژبوونەوەی تەمەنی نەگریسی دەسەڵاتداری مشەخۆران، ھیچی دیكەی بەرھەمنەھێناوە و ناھێنێتەوە !

ھاوڕێیانی ئازادیخواز و یەكسانیخواز و دادپەروەیخواز، ئەگەر خوازیاریت لێدانێك لە سیستەمی سەركوت و مشەخۆریی سەرمایە بدەیت، ئەگەر خوازیاری كۆتاییپێھاتنی گاڵتەجاریی ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری، ئەگەر خوازیاری كۆتاییپێھاتنی زیندان و ئەشكەنجە و سێدارە و ترس و ڕاونانیت، ئەگەر خوازیاری لاوازكردنی پایەكانی ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و ئایینی و نەژدادی و نەتەوەییت، ئەگەر خوازیاری بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و سەربەخۆ و یەكسان و دادپەروەریت، دەی ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە لەجیاتی چوونە دەنگدان و ھەڵبژرادنی خراپ لە خراپتر، لەجیاتی خۆشباوەڕیی بە سەرۆکی باش و دێمۆکراسی پارلەمانی، كاتی ئەوە ھاتووە بڕوا و متمانەمان بە ھێز و توانای یەكگرتووی جەماوەریی خۆمان ھەبێت و چۆن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی چەند ساڵی ڕابوردوودا نیشانماندا، ھەر ئێستا كاتی ئەوەیە، كە بە مانگرتنی گشتی، خەباتی نافەرمانی مەدەنی، بە خۆڕێكخستنی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی لە گەڕەك و گوند و كێڵگە و كارخانە و فێرگە و فەرمانگەكاندا پایەكانی سیستەم و دەوڵەتی چینایەتی لاوازبكەین و بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆمان بكەینە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی دێمۆکراتی پارلەمانی و تیئۆکراسی [فەرمانڕەوایی ئایینی] و دیکتاتۆریی تاکپارتیی.

بۆ پێشەوە بەرەو بایكۆتی ھەڵبژاردن و دەنگدانەکان
بۆ پێشەوە بەرەو پێکهێنانی خۆبەرێوەبەرایەتیی گەلیی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ
بۆ پیشەوە بەرەو كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر

نا بۆ فەرمانڕەوایی پارت .. نا بۆ دێمۆكراتی پەرلەمانی .. نا بۆ تێئۆکراسی
با ڕۆژی دەنگدان بە مشەخۆران بكەینە ڕۆژی مانگرتنی گشتی و بایكۆتی ھەڵبژاردن و دەنگنەدان

سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان
٢١ی ئەپڕیلی ٢٠١٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١٢

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١٢

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن

بەشی دوازدەهەم

ئایا لە خورت و خۆراییە کە مارکسیەکان ئەنگۆ بە ئاژاوەچی و دژە کۆمۆنیزم و دژە کرێکار دەزانن یا بەڕاستی ئەنارکیزم هەر ئەوەیە ؟

دەبێت ئەوە بڵێم، بەداخەوە زۆرێك لە كەسە ناڕازایی و شۆڕشخوازەكان، كە بەهۆی زاڵیی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازان [چەپەکان و ماركسیستەکان]، ئەناركیزم بە دوژمنی كرێكاران دەزانن و ڕەتیدەكەنەوە، هەڵبەتە وەها هەڵوێستگیرییەك لەلایەن بنكەی یا بەشی خوارەوەی پارت و گروپە ڕامیارییەكانەوە، لە نائاگابوون و نەبوونی زانیارییانەوەیە لەمەڕ ئەناركیزم چ وەك هزر و چ وەك بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی. چونكە زۆرێك لەوانە كاتێك كە دەكەونە ئاخاوتن لەمەڕ دونیای خەون و ئارەزەوویان، دەقاودەق كۆمەڵگەی ئەناركی وێنادەكەن، بەڵام گیرۆدەییان بەهۆی ئایدیۆلۆجیاوە، توانای بەگەڕخستنی بیركردنەوە و تێڕوانینی كەسیی و ئاوەز و لۆجیكی لێ سەندوونەتەوە، بەدڵنیاییەوە دەوێرم بڵێم، ئەگەر ئەو كەسە دڵسۆز و سۆشیالیستخوازانە، چەند ساتێك لە كاتیان بۆ بەراوردی ئەوەی بەرانبەر ئەناركیزم لەلایەن دژەكانییەوە گوتراوە و ئەوەی كە ئەنارکیزم بەخۆیی [وەك هزر و مێژووی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەكە] هەیە و چیە، بكەن، ئەوان نەك هەر دەبنە ئەنارکیست، بەڵکو لە ئەناركیستبوون و تیكۆشان بۆ ناساندن و پەرەپێدانی ئەم هزرەدا، لەتەك ئێمەی ئەناركیستدا دەكەونە پێشبڕكێ و توانای بیركردنەوە و ئاوەز و تێڕوانینی وردبینانەی خۆیان بەدەستدەهێننەوە و بە پێچەوانەی تێگەییشتنی دەوڵەتیی و پارتییانەوە [ڕامیارییانە] بۆ سۆشیالیزم، ئەنارکیزم وەك سۆشیالیزمی ئازادیخواز [تێگەییشتنی کۆمەڵایەتییانە] وێنا و دەرکدەکەن.

هەروەها لە بەرانبەردا هیچ گومانم لەوە نییە، كە ئیدئۆلۆگەكانی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، زۆر هوشیارانە و بە ورییاییەوە دژایەتی هزر و بزووتنەوەی ئەناركی دەكەن و دەیشێوێنن، چونكە هزر و تێڕوانینی ئەناركی دژایەتی سەروەرییخوازیی و ئۆتوریتەگەریی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی ئەوان و گشت خۆ بە ڕابەرزان و شوانە ڕامیارییەكان دەكات و ئەگەر بەڕێكەوت و بە هەڵە سەرۆك و ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی و كۆمیتەی نێوەندی پارت و گروپە دەستەبژێر و سكتاریستەكان ببنە هەڵگری هزر و تێڕوانینی ئەناركی، ئەوا پێوێستە دڵخۆشنەبین و بە وریایی و سەرنجەوە لە دەربڕین و نووسین و چالاكییەكانیان بڕوانین. بۆی هەیە بە ئەگەرێكی زۆر زۆر كەمەوە، ڕۆژگارێك سەرمایەدارێك لەژێر پەروەردەی خێزانی و هاندانی ئایینیییەوە بۆ كۆمەكی هەژاران دەستبەرداری سەرمایەكەی ببێت و كارخانە و كێڵگەكانی بكاتە هەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و دارایی كۆمەڵگە، بەڵام ھەرگیز من هیچ كات بڕوا و متمانەم بەو كەسانە نییە، ئەوانەی كە دەتوانن سەروەر و فەرماندەری ئەوانی دیكە بن [هەر لە سەرۆكشانەیەكەوە تا دەكاتە سەرۆكی پارتێك]، بتوانن ببنە ئەناركی و دەستبەرداری خۆباڵابینینی خۆیان بن و واز لە پوچگەرایی پێشڕەوایەتی و شوانەیی جەماوەر بهێنن، چونكە دەسەڵاتخوازان بەشی پێشڕەو و ھوشیاری بۆرجوازی و وردەبۆرجوازی بۆڵەبۊڵەكەرن، ئیدی لەژێر ھەر پۆشاك و ناوێكدا خۆیان بە كۆمەڵگە بناسێنن و تێبكۆشن، ھیچ لە كڕۆكە سەروەرییخوازەكەیان ناگۆڕێت !

لەبەرئەوە منیش پێداگریی لەسەر بۆچوونەکەت دەکەم، کە لە خورت و خۆراییەوە نییە، کە دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان دژایەتی شێوازی خەباتی ئەنارکیستی دەکەن. ئەوان بەوپەڕی هوشیارییەوە بەو کارەهەڵدەستن، چونکە لە جێکەوتنی هەر شێوازێکی چالاکی و کارکردن و بیرکردنەوەی ئەنارکییدا، بۆشبوونی ژێرپێی خۆیان لە نێو بزووتنەوەکەدا دەبنن. بەواتایەکی دیکە ئەنارکیزم وەك شێوازی بیرکردنەوە، تاکی ئازادیخواز بەرەو متمانەکردن بە تواناییەکانی خود و یەکێتی لەتەك هاودەردانی و سەربەخۆیی چالاکی و ڕێکخراوبوون دەبات، کە ئەمە بە دیوەکەی دیکەیدا دەکاتە پشتتێکردن و وازهێنان لە وابەستەیی، لە دستەمۆبوون، لە لەخۆنامۆیی، لە ڕامبوون بۆ ڕامیاران. بە کورتی ئەنارکییەکان لە خەباتی كۆمەڵایەتییدا بواری کایەکردن بۆ ڕامیاران ناهێڵنەوە، کە بزووتنەوەکە ڕەدووی دەسەڵاتخوازان بکەوێت، بۆ ئەوان سۆشیالیزم نە فازێکی باڵای پێگەییشتنی بەرەبەرەی گەشەی ئابووریی و ڕامیارییە، نە بەرەنجامی نەخشە و لەقاڵبدانی ئایدیۆلۆجی کۆمەڵگە لەلایەن پارتی “پێشڕەو” و نە بەرهەمی بەزەیی و سۆزداریی سەرمایەداران و سەروەران، بەڵکو بەرەنجامی کار و چالاکی هوشیارانەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی دژە سەروەرییە و تەنیا ویستکردنی یەکگرتووانەی چەوساوان بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی، دەتوانێت مسۆگەرکەری وەھا ئامانج و داھاتوویەك بێت!

ئەنگۆ کو دەڕواننە پرسی یەكسانی ژن و پیاو ؟

پێش ئەوەی لە پرسی یەکسانی و ڕزگاریی ڕەگەزیی بدوێین، پێویستە خۆمان لەسەر خوێندنەوەی چەمکەکە یەکلاییبکەینەوە؛ ئایا مەبەست لە یەکسانی، یەکسانبوونی ژنان و پیاوانە لە کۆیلەتییدا [یەکسانی لە ملکەچیدا بۆ فەرمانی سەروەرانی کۆمەڵگە] یا ڕزگاربوونی یەکسانانەی مرۆڤە لە سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤ و ڕزگاریی لە پێکهاتە سەر و خوارییەکان، یەكسانی ڕزگاربوون لە كۆتوبەندە ئابووریی و كولتوورییەكان، یەكسانی لە گەییشتن بە بەھا مرۆییە باڵاكان؟

چونکە بەبۆچوونی من، ئەو شتەی كە لە ماسمیدیا و پاگەندەی نیئۆلیبراڵەكاندا بە مافی ژن و یەكسانی ژن و پیاو ناسراوە، دیوێكی دیكەی هەمان هەڵاوارننی ڕەگەزییە، هەروا كە پیاوسالاری / بابسالاری لەسەر بنەمای ستەم لە ژنان خۆی ڕاگرتووە و ڕەوایەتی بە مانەوەی خۆی دەدات، هەرواش ژنسالاری/ دایكسالاری، لەسەر بنەمای ستەم لە پیاوان خۆی ڕادەگرێت و ڕەوایەتی بە سەرهەڵدانی خۆی دەدات و ستەمگەریی و هەڵاواردن وەك پایەی سیستماتیكی دەسەڵاتی كولتووریی و ڕامیاریی دەكاتە بنەمای مانەوە/ درێژەپێدانی خۆی.

لەبەرئەوە، پیاوسالاری و ژنسالاری وەك دوودیوی یەك دراو، تەواوكەری یەك سیستەم و پێكهاتەی كولتووریی و ڕامیاریین، كە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی مرۆڤەكان بەپێی ڕەگەز و ئایین و نەژاد و ئێتنی و پێگەی ئابووریی و پلەوپایەی ڕامیاریی خۆڕاگرتووە و درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات و بنەماكانی خۆی نۆژەندەكاتەوە و بەپێی گۆڕانی سەردەمەكان، كاژ و ڕواڵەتی خۆی دەگۆڕێت؛ زیندووترین نموونە لەم بارەوە، نیئۆلیبرالیزمە، كە بێجگە لە داگیركاریی نوێی و هەڵاواردن و ستەمكاریی نوێ و درێژەدان بە نایەكسانییە كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكان، هیچ شتێكی دیكەی بەرهەمنەهێناوە و بەرهەمناهێنێتەوە، چونکە وەك وەڵامدەرەوە بە پێداویستی پاراستنی کۆمەڵگەی چینایەتی سەریهەڵداوە نەك پێچەوانەی ئەوە.

لەم ڕۆژانەدا هەژموونی ژنسالاری هێندە تەشەنەی پێدراوە، كە بینەری ڕووداوەكانی كوێركردووە. تەنانەت لە خۆنیشاندانێكدا كە پۆلیس سەركوتی خۆپیشاندەران دەكات، تا ئەو كاتەی كە ژنێك بەر پەلامارنەكەوتبێت، وێنە و كورتە ڤیدیۆیییەكان، كۆمەڵگە تووشی شۆك و داچڵەکان ناكەن. ئایا ئەمە هەر ئەو تێڕوانین و جیهانبینییە نییە، كە ژن بە لاواز و شایانی بەزەییپێداهاتنەوە دەزانێت؟ هەمان ڕوانگە نییە، كە پیاو بە بەهێز و بەتوانا دەبینێت و بۆ ئەو پیاو بەرگەگری هەموو سەختییەك دەگرێت و ژن بە لاواز دەبێنێت؟ ئەگەر نا، ئەدی لەبەرچی لێدان و پەلكێشكردنی دەیان و سەدان پیاو و تێهەڵدان و ئەشكنجە دانیان، لەلای بینەر ئاسایی وەردەگیردرێت، بەڵام لێدان لە ژنێك لە خۆپیشاندانێكدا كۆمەڵگە تووشی شۆك دەكات؟ ئایا ئەمە لە دوو هۆكار زیاتری هەیە؛ یەكەم، ژن بوونەوەرێكی لاوازە و شایانی بەزییپێداهاتنەوەیە؛ دووەم، هەژموونی ژنسالاری لە ڕێی ماسمیدیاوە بەسەر تێگەیشتن و تێڕوانینی بینەردا زاڵبووە؟ ئایا هیچ بیرمان لە ڕەهەندی مەترسیداری وەها كوێربوون و نادەربەستبوونێكی ڕەگەزپەرستانە كردووەتەوە، كە لە ئایەندەیەكی نزیكدا فیمینیزمی دەسەڵاتخواز، جێگەی ئایدیۆلۆجیە ئێكسپایەرەكانی بۆرجوازی [ئایین و ناسیونالیزم] دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی درێژەدان بە هەڵاواردن و توندوتیژی ڕەگەزیی و بە قازانجی سیستەمە چینایەتییە دەشكێتەوە، كە ئەم سیستەمە بەبێ نایەكسانی و توندوتیژی و هەڵاواردن، ئەستەمە بتوانێت یەك تاقە ڕۆژ مانەوەی نەگریسی خۆی مسۆگەربكات؟

بەڵام هیچ کات، ئەمە بەو واتایە نییە، کە نایەکسانی و پلەچەندیی ژنان لە کۆمەڵگەکانی سەر گۆی زەویدا نادیدە بگرین یا هەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بە ئەرکی هەنووکەیی و هەردەمی خۆمان نەزانین و بەو بیانوو و پاساوانەوە شانی خۆمان لەژێر باریدا خاڵیبکەین. نەخێر، بەڵکو مەبەست ئەوەیە، کە نەکەوینە ژێر هەژموونی ئاراستە دەسەڵاتخوازەکان و بە پاگەندە بریقەدارەکانیان نەخەڵەتێین و واوەتر لەوە ڕادیکاڵانە بنەما و پاساو و هێزە ڕاگرەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی بدەینەبەر ڕەخنە و لە نێو بزاڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپەرچی هەژموونی کۆنەپەرستیی و هەڵاواردن و پاوانگەریی نێرسالارانە بدەینەوە. واتە لە کایەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا لە بنەماکانی هەڵاواردن بدەین، لە خەبات و داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانماندا هەڵاواردن وەلابنێین و هێزی جەماوەریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵخرێنین. چونکە ئەستەمە بتوانرێت بزووتنەی ئازادیخوازانەی کرێکاران، بێکاران، جوتیاران، خوێندکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، خانەنشینان لە ئارادابێت و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی، دروشمی نەبێت، یەكسانی و ڕزگاری خاڵی سەرەکی داخوازی و بەرنامەی نەبن، هەروا کە ئەستەمە بەبێ دژایەتیکردنی هەڵاواردنی دانیشتووانی کۆمەڵگە بەسەر خۆیی و بێگانە [خۆیی و بێگانەی ڕاسیستی و ناسیونالیستی و ئایینی و ..تد]دا، بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز بوونی هەبێت!

کەی تاکە ژێردەستە خەباتکارە هوشیارەکان توانییان پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە تان و پۆی هەڵپێکراوی کۆمەڵایەتییدا پێکەوە گرێبدەنەوە و وەك گشتێك خەبات و چالاکیان بۆ بکەن، ئەو کات، هەم پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی نێوان ژن و پیاو و خۆیی [ھاووڵاتی] و ناخۆیی [کۆچەر]، پرسی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و هەم خەبات بۆ چارەسەری پرسەکانی دیکەش تەواوکەری چارەسەری پرسی هەڵاواردنی نێوان ژنان و پیاوان دەبێت. بە واتایەکی دیکە، کەی ژنان وەك کرێکار، وەك بێکار، وەك جوتیار، وەك خوێندکار، وەك فەرمانبەر، وەك مامۆستا، وەك خانەنشین، وەك چالاکی گروپە خۆجێیەکانی گەڕەکەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان هاتەمەیدان و بەکردەوە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەواڵاردنیان بەسەر تەواوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکاندا گشتیگیركردەوە، ئەو کات ئیدی شتێك بەنێو ئەوە پرسی ژنانە و ئەوە پرسی پیاوانە بوونی نابێت و هەموو پرسێکی ژێردەستان، پرسێکی کۆمەڵایەتیی دەبێت و بەشێك دەبێت لە خەباتی ڕۆژانە. بەڵام ئەگەر ژنان بەپێجەوانەوە، نادەربەستانە ببنە پاشکۆی پارتەکان و پەرەپێدەری پاگەندەی ڕامیاران و خۆشباوەڕیی بە دەسەڵات و تیندەری دەمارگیریی ڕەگەزیی و ناسیونالیستی و ئایینی و نیشتمانی، ئەوا نەك هەر پرسی هەڵاواردن چارەسەرنابێت، بەڵکو هێندەی دیکە قوڵتردەبێتەوە و زیاتر تەشەنەدەکات و ڕیزەکانی چەوساوان بەسەر ڕەگەز و ئاراستەی ڕامیاییدا دابەشدەکات. چونکە هەر تاك و ڕەگەزێك لە کۆمەڵگە و پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت ڕایەڵەی پێکەوەبەستنەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بێت. بۆ نمنوونە ژن وەك دایك لە خەباتدا بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و دابینکردنی مافەکانیان، دەتوانێت بە بەشداری چالاکانە لە بزووتنەوە و ڕێکخراوە سەربەخۆکاندا، پرسی وەلانان و نەهێشتنی هەڵاواردنی منداڵان لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە پەروەردە و خوێندندا پێشنیار و جێگیربکات و بکاتە چەقی تێکۆشانە جەماوەرییەکە، هەروا ژن وەك کرێکار، وەك بێکار، وەك جوتیار، وەك خوێندکار، وەك فەرمانبەر، وەك مامۆستا، وەك خانەنشین و …تد بە بەشداری چالاکانە لە بزاڤی جەماوەریی و خەباتی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی ئەو چین و توێژانەدا پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی بکاتە چەق و تان و پۆی کۆی خەباتە جەماوەرییەکە و بیکاتە بنەمایەکی جێگیری خۆڕزگاریی بزووتنەوەکە.

بە بۆچوونی من، بەو پێیەی هەموو ستەمێکی چینایەتی و ڕەگەزیی و کولتووری، سەرەتا دەستپێکێکی ڕامیاریی و سەرووکۆمەڵگەیی هەیە و بەپێی جێکەوتن و کۆمەڵایەتییکرنەوەی ئەو ستەمە، دەتوانێت گشتگیرببێت و تاکە ژێردەستەکان هەم وەك ستەملێکراو و هەم وەك ستەمکەری نائاگا و نادەربەست ڕابگرێت. لەبەرئەوە تەنیا کاتێك دەتوانین لە لەنێوبردن و هەڵوەشاندنەوەی ستەم و هەڵاواردنێك بدوێین، کە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ستەمە، ئەو هەڵاواردنەمان لەنێوبردبن. بەواتایەکی دیکە واتە کاتێك کە لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەڵاواردنەمان کردبێتە دروشمی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە سەروەرییەکان، ئیدی ئەو کات هەر ستەم و هەڵاواردنێك تەنیا بواری یاسایی و ڕامیاریی و ئابووریی سیستەمی سەروەرییدا دەمێنێتەوە و وەك بنەمایەك بۆ پاراستن و هێشتنەوەی سەروەریی چینایەتی هەوڵی مانەوە و درێژەبەخۆدان دەدات. لەو بارەشدا وەك ئەزموونە مێژووییەکانی خەبات و تێکۆشانی چەوساوان نیشانداوە، وەلانان و سڕینەوەی بە کۆی خەباتی جەماوەریی و هاوسەنگی نێوان هێزی شۆڕش و دژەشۆڕش پەیوەستە. ئەگەر نا هەر دابڕاندندنێك لەسەر بنەمای ڕەگەزیی و ناسیونالیستی و ئایینی و ..تد لە خەباتی کۆمەڵایەتییدا، تەنیا لە خزمەت بە سەروەرمانەوەی سیستەمی چینایەتی تەواودەبێت و تاقانە پەڕجووی مانەوە و درێژەکێشانی سەروەریی چینایەتیی کەمینەیە بەسەر زۆرینەدا، ھەر ئەو دابڕان و ناتەباییە كۆەڵایەتییەیە!

لە نووسینەكانتدا كەمتر قسە لە چینی كرێكار دەكەیت، بۆچی ؟

بەڵێ، ئاوایە، ئەمەش لەبەر چەند ھۆیەك، یەكەم تەنیا چینی كرێكار لە كۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ناچەوسێتەوە، بەڵكو ھەموو كرێگرتەیەكەیەك، ھەموو نەدارێك و ھەموو ژێردەستێك [بێدەسەڵاتێك، فەرماندارییكراوێك] دەچەوسێتەوە، بێجگە لەمەش بە پێچەوانەی سروتە ئایینییەكانی چەپ لەمەڕ كرێكاران، كرێكاران ھەمووان شۆڕشگێڕنین چ وەك تاك و چ وەك چین، تەنیا كرێكارانی ھوشیار و سۆشیالیست، كرێكارانی خەباتكار بۆ كۆمەڵگە ناچینایەتی شۆڕشگێڕن. چونكە زۆرینەی كرێكاران وەك ھەر كۆیلەیەكی دیكەی خۆشباوەڕ و سۆپاسگوزار لە شوێنی ژیانەوە تا كارخانە، لە كولتوورەوە تا دەنگدان بە كاندیدانی پارلەمان، لە بەكاربەریی نادەربەستەوە تا پێداگریی لەسەر دەسەڵاتی كەنیسە و مزگەوت، لە ھەڵاواردنی ڕەگەزییەوە تا شانازیی ناسیونالیستانە و نەژادپەرستی و دژایەتی كرێكارانی كۆچەر، بە ژیان و بیركردنەوە و ئامادەییانەوە، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ سیستەمی چینایەتی دەپارێزن. ھەروەھا بێجگە لەمەش داواكردنی زیادكردنی كرێ و ھەندێك داخوازیی دیكە بەپێی ھەڵاوسانی دراوی و بەرزبوونەوەی نرخ، ناكاتە شۆڕشگێریی كرێكاران، ئەگەر ئەوە بۆ شۆڕشگێڕبوون بەسبێت، ئەوا پۆلیس و هێزە سەرکوتگەرەکانی دیکەش وەك توێژێكی كۆمەڵگەی چینایەتی، زۆر جار خۆنیشاندان و ناڕەزایەتی و داوای زیادكردنی مووچەكانیان دەكەن. هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە خەباتی ڕۆژانە بۆ باشترکردنی گوزەران ڕەتبکەمەوە، نەخێر دەمەوێت بڵێم، بەبێ ھەببوونی تێڕانین و جیهانبینییەکی شۆڕشگێرانە لەو خەباتەدا [ڕەتکردنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی وەك هۆکاری نایەکسانیی]، سەرەنجام ھەموو ھەوڵ و خەباتێكی چەوساوان بە سووڕانەوە لە بازنەی خۆشباوەڕیی ڕیفۆرمیستانەدا کۆتاییدێت.

بێجگە لەوەش، من واژەی پرۆلیتاریا [كرێگرتان/ بێدەسەڵاتان] لە جیاتی واژەی پیرۆزکراوی “کرێکاران” بە دروستتر دەزانم و ئەوەش بەكاردەبەم، چونكە ھەموو چین و توێژە بندەست و چەوساوە و بێدەسەڵاتەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە و ئەگەر قسە لە چەوساوەیی بێت، ئەوا هەموو تاکێکی نادارا و بێدەسەڵات لە سایەی سیستەم و پێکهاتەی چینایەتییدا بە ڕێژەیەك دەچەوسێتەوە، بەڵام چەوساوەبوون ناتوانێت شوناسی شۆڕشگێڕبوونی بێت و کرێکاربوون خۆبەخۆ تاکە پێکهێنەرەکانی چینی كرێكار ناخاتە بەرەی شۆڕش و دژایەتی سەروەریی چینایەتی، بەپێچەوانەوە ئەگەر خۆشباوەڕیی و ئامادەیی چەوساوان بۆ پاراستنی سیستەمی چینایەتی نەبێت، هەرگیز کەمینەیەکی سەرمایەدار و سەروەری سیستەمەکە، ناتوانێت کۆمەڵگەیەکی شەش ملیارد مرۆیی لەم بارەدا ڕابگرێت.

هەروەها نەوتراو نەمێنێتەوە، ئەو ھەموو پیرۆزكردنەی كە پارتە چەپەكان بۆ كرێكارانی دەكەن، ھۆكارەكەی بۆ لایەنگریی ئەوان بۆ ڕزگاری كرێكاران ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەم چینە بەدبەخترین و ناھوشیارترین چینە و بە ئاسانی دەتوانن ئەندامەکانی بكەنە پاشڕەوی خۆیان و دەنگەكانیان بەدەستبھێنن، ھەر لەبەرئەوەشە كە باوەڕیان بە خۆڕزگاریی كرێكاران نییە و بە دەبەنگ و بێتوانایان دادەنێن و بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان وەك ڕزگاركەر و فریادڕەسی كرێكاران كاندیددەكەن.

ئەگەر بە پاگەندە و لاواندنەوەی چەپەکان بێت، ئەوا بەپێی تێزەکانی ئەوان دەبوو سەروەریی چینایەتی یەك چرکە توانای خۆراگرتنی نەبووایە، چونکە لە لاواندنەوەی هەڵخەڵەتێنەرانەی ئەواندا زۆرینەی کۆمەڵگە کرێکارانن و کرێکاران چ وەك چین و چ وەك تاك بەسروشت شۆڕسگێڕن و دژی سیستەمی سەرمایەداری و خوازیاری کۆمەڵگەی کۆمونسیتین. باشە، کاتێك کە سەروەران لە سەدا یەك و کرێکاران لە سەدا نەوەد و نۆ بن و لە سەدا (نەوەد و نۆ)کە هەموو شۆڕشگێڕ و دژەسەرمایەداری بن، ئەدی لە سەدا یەك چۆن بە درێژایی سەدان ساڵ توانای کۆیلەڕاگرتنی لە سەدا (نەوەد و نۆ)کەی هەبووە و هەیە؟ ئایا ئەمە خۆخەڵەتاندنێکی ئایدیۆلۆجی نییە؟ ئایا ئەمە چەشتەکردنی چەوساوان بە دیاریکراوی کرێکاران نییە بۆ ئامانجە دەسەڵاتخوازییەکانی پارت و پاشڕەوڕاگرتنیان؟ ئایا ئەمە پارادۆکسی ڕامیاریی نییە ؟

لەبەرئەوە بە بۆچوونی من، وەها تێڕوانینێك بەدرێژایی سەدەکانی ڕابوردوو تەنیا خزمەتی بە خۆشباوەڕمانەوە و شانازیکردن بە کۆیلەتی کردووە، کە ئایینەکان و فاشیستەکان و چەپەکان بە کارکردنیان لەسەر جێخستنی تێڕوانینی پیرۆزیی و شازنازیی کار لە سایەی سیستەمی چینایەتیدا تا ڕادەی شانازییکردن بە کرێکاربوونەوە، کرێکارانیان گەوجاندووە، وەك گوتم ئەو هەمووە تیۆریزەکردنەی شانازیداریی کاری چینایەتی و بەرزراگرتنی شوناسی چینایەتی، تەنیا لەپێناو یەك ئامانجدا بووە، ئەویش خۆشباوەڕکردنی لەشکری کۆیلانە بە بەختەوەربوونیان لە سایەی بەدەسەڵاتگەییشتنی “پارتی پێشڕەو” و بەخشینەوەی بەڵێنی سەرخەرمانە بەسەریاندا، هەڵبەتە ئەمە کار و پیشەی هەموو ڕامیارێکە لە چەپەوە بۆ ڕاست!

ئێوە باوەڕتان بە كۆبوونەوەی گشتی هەیە؟

بەڵێ، بەڵام هەڵبەتە تێڕوانین و بڕوابوون و گرنگی کۆبوونەوەی گشتی بۆ ئەنارکییەکان لە وەها وەڵامێکی کورتدا تەواونابێت، چونکە كۆبوونەوەی گشتی لە تێڕوانین و ئەزموونگەریی ئەنارکییەکاندا، ئامراز و میكانیزمێكە بۆ بەرگرتن بە تاكڕەویی و دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێرە ئابووریی و ڕامیارییەكان لە ئەنجومەنەكان و سۆڤیەتەكان و ھەرەوەزییە كرێكاریی و گەلییەكاندا. ئەمە بێجگە لەوەی کە وەك شێواز و میکانیزمێکی سروشتی خەباتی ژێردەستان لە کۆڕە کرێکارییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا گرنگیی مێژوویی سەلمێنراوەتەوە و لە تێروانینی ئەنارکییەکاندا بووەتە سروشبەخش و ئافەرێنەری سەنتێزەکان، هەر خوێنەرێك لە دەرەوەی پێشداوەریی ئایدۆلۆجییدا دەتوانێك لە هەموو سەردەمەکاندا لە سەراپای ئەدەبیاتی ئەنارکیی [سۆشیالیزمی ئازادیخواز]دا پێداگریی بەردەوام لەسەر ئەو میکانیزمە سروشتییەی خەباتی کرێکاران و خەباتی جەماوەریی بەدیبکات، لەو بارەوە دەتوانین بگەڕێنەوە سەر مشتومڕەکانی نێوان باڵی دەسەڵاتخواز و باڵی دژەسەروەری نێو نێونەتەوەیی یەکەم، کە تیایاندا ئەنارکییەکان لە نێو کۆبوونەوەکانی نێونەتەوەیی یەکەم و لە دەرەوەیدا پێداگرییان لەسەر بنەمابوونی كۆبوونەوە گشتییەكان و كۆڕ و كۆمەڵە كرێكارییەكان دەکرد، هەروەك چۆن ئەنارکییەکان لە سۆڤییەتەکانی ڕوسیادا وەك جوتیاران و کرێکاران و سەربازانی هوشیار یەکەمین دەستپێشخەرانی پێكھێنانی سۆڤییەتەكان بوون و دواتر بە هۆی زاڵبوونی دەسەڵاتخوازیی بۆلشەڤیکەکان، لە مێژووی شێوێندراوی ئەو ساڵانەدا، سۆڤییەتەکان کرانە دەستکردی کادرە ڕامیارپیشەکانی بۆلشەڤیك، ھەر ئاواش كۆبوونەوەی گشتی وەك میكانیزمی ڕێكخراوبوون و بڕیاردانی نێو كۆڕە خەباتكارییەكانی جوتیاران و كرێكاران و سوونەتی كاری ئەناركیستەكان، شێوێنراوە و دەشێوڼرێت و ل كڕۆكە ئازادیخوازانەكەی كەوڵدەكرێت.

بەپێچەوانەی تیڕوانین و بەكاربردنی ماركسیستەكانەوە، كۆبوونەوەی گشتی تەنیا ئامرازی ھەڵبژرادنی ئازاد نییە، بەڵكو ئامرازی بڕیاردان و دابەشكردنی كار و بەرێوەبردنیشە، بەواتایەكی دیكە، لە كۆبوونەوە گشتییەكاندا ھەم پرسەكانی كۆمەڵگە و پرسی گروپ و ڕێكخراوە خۆجییەكان دەخرێنە بەر لێدوان و ھەم بڕیاریان لەسەر دەدرێت و هەم كەسانی ئامادە و خۆبەخش بۆ جێبەجێكردن و درێژەپێدانیان دیاردەكرێن و ھەم ئۆرگانەكانی كار و چالاكی ھەڵدەبژێردرێنەوە، ئەمە جیاوازی سوشیالیستە ئازادیخوازەكان و دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەكان دیاریدەكات.

وەك گوتم، کۆبوونەوەی گشتی یا کۆبوونەوەی جەماوەریی چین و توێژە ژێردەستەکان لە ڕەوت و کۆڕی خەباتی ڕۆژانەدا، داهێنراوی کەس نییە، ڕێسا و شێوازێکی خۆبەخۆی خەباتی چینایەتییە و لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا بوونی هەیە، تەنیا جیاکەرەوە و تایبەتمەندییەکی سەردەمیی کە هەیبێت، بۆ سەرەبەخۆیی و ناسەربەخۆیی ڕێکخراوەکانی خەباتکاران دەگەڕێتەوە، واتە کاتێك کە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پاشکۆی پارتێك یا هەر دەستەبژێرێکی ڕامیاریی بن، ئەوا خۆبەخۆ کۆبوونەوە گشتییەکان لە کڕۆکە خەباتکارانە و شێوازە ئازادیخوازانەکەیان کەوڵدەکرێن و ئەوی دەمێنێتەوە، تەنیا ناوێکە و وەك دێوجامە بە باڵای شێواز و میکانیزمێکی دیکەدا دەبڕدرێت. بۆ نموونە لە پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١وە هەم لە شوراکاندا و هەم لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دواتردا، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەلایەن ڕێکخراوە ڕامیارییەکانەوە کەسەکان دیاردەکران و ئەندامان بۆ دەنگدان بەوان و هەڵبژرادن و پەسەندکردنی بۆچوون و بڕیارەکانیان ئاگاداردەکرانەوە. هەڵبەتە ئەم کارکردە هەم لە کۆبوونەوەی گشتی گەڕەك و ئوردووگەکاندا دەگیردرایەبەر و هەم لە کۆبوونەوەی گشتری ئەندامان و لێژنەکانی ڕێکخراوەکاندا دەگیردرایەبەر؛ لەو شوێنانەدا کە بەشداریی هەمووان هەبوو وەك ئوردووگەکان، کۆبوونەوە گشتییەکان تەنیا شوێێك بوون بۆ ساخکردنەوەی ڕامیاریی گروپی زاڵی نێو ڕێکخراوە جەماوەرییەکە و بەشداربووان هیچ ئاشنایەکییان بە شێوازی کارکردن و گرنگیی لایەنەکانی نەبوو و تەنیا دەنگدانێکی ناڕاستەوخۆ بوو، واتە کەسانێك هەڵدەبژێردران و ئیدی هەر کەس بۆ ماڵی خۆی و چاوەڕوانمانەوەی ڕابەرانی ئاسمانی. بەڵام لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوەکاندا پرسەکە لە میکانیزمی گشتی دەنگدانیشدا نەدەمایەوە و تا ڕادەی دەستەگەریی و پێشتر دیاریکردنی دەنگدانەکان و فەرمییدان بە ڕابەران بەرتەسکدەبووەوە و هەر گروپێك ئەندامانی گۆێڕایەڵی خۆی بۆ دەنگدان بە ڕامیارپیشە بە ڕابەراوەکانی بەڕێدەکرد و کۆبوونەوە بەناو گشتییەکان دەبوونە شوێنی یەکلاییکردنەوەی شەڕەدەندووکی گروپەکان و ئەندامە دەسەڵاتخوازەکانیان [ئۆتوریتەخوازەکانیان].

ئەمە ئەزموونی منە لە بارەی تێگەییشتنی چەپ لە کۆبوونەوەی گشتی و چۆنیەتی بەکاربردنی بۆ شاردنەوەی ئامانجە ڕامیارییەکان و خواستی دەسەڵاتخوازیی و سروشتە خۆسەپێنەرانەکەی خۆی [چەپ] و هەروەها تێگەییشتنی مێژوویی ئازادیخوازانە بۆ کۆبوونەوەی گشتی و گرنگی وەك میکانیزمێك بۆ بەرگرتن لە پاوانگەریی و خۆسەپێنی گروپە ڕامیارییەکان و پاشەروانیان لە خەباتی جەماوەرییدا.

بە بۆچوونی تۆ فاشیزم چیە کە ھەمیشە هەموو دەوڵەتێک بە فاشیست ناو دەبەیت؟

فاشیزم دیاردەیەكی كۆنی كۆمەڵگەی مرۆیی نییە، بەڵكو ھاوەڵدووانەی دەوڵەتی نەتەوەییە و ڕێكخستنی ڕامیاریی مامان و دایانییەتی. پێش هەموو شتێك بیرۆكەیەكی ڕامیارییە و لە پرۆسێسی خۆڕێکخستنی هەڵگرانی بیرۆکەکە لە ڕێکخستنێکی قووچکەییەدا، وەك ئایدیۆلۆجیای پارتایەتی دەردەکەوێت دەبێتە دەمارگیریی و دژایەتی هەموو جیاوازییەك و هەموو هەوڵ و بوونێکی دەرەوەی گروپە ڕامیارییەکە دەكات و دواجار دەبێتە كولتووری ئەندامان و لایەنگرانی گروپە ڕامیارییەکان و تێڕوانین و جیهانبینی و گوفتار و ڕەفتاریان پێکدەهێنێت. كاتێك كە بوو بە كولتووری تاك، ئیدی ھەموو سنوورەكانی بڕیوون و ھەموو پەیوەندییە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكانی تێكداون و لەنێویبردووون و تاكی ھەڵگر سەربەخۆیی بیركردنەوەی لەدەستداوە و ئیدئۆلۆگەكانی بزووتنەوە فاشیستییەكە گوفتار و ڕەفتاری دیاردەكەن و ئاراستەیدەكەن، بە واتایەکی دیکە هەموو ڕەخنەیەك لە گروپەکەی بە مەترسی لەنێوچوونی و دژایەتی خۆی دەزانێت و هەموو ناپارتییەك و ناخۆدییەك بە دوژمن دەبینێت. لەو بارەوە ئەگەر سەرنجبدەین، هەموو گروپێکی ڕامیاریی، هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی، هەموو دەوڵەتێك لە سروشتی بوونی خۆیدا، هەڵگری گەرای فاشیزمە و لەتەك گەورەبوون و پیربوونی، فاشیزم بە لوتکەدەگات. هەروەها زۆر جار فاشیزم لە کاردانەوەدا هەستیپێدەکرێت و تا کاتێك کە ئەندام یا گروپەکە هەست بە مەترسی نەکات، دیوە ڕاستەقینە [فاشیستییەکەی] خۆی نیشاننادات، ئەمە لە بارەی دەوڵەتانیشەوە هەر ئاوایە، دەوڵەت تەنیا لە کاتی تەنگەتاویدا دیوە فاشیستییەکەی دەردەخات !

فاشیزم زادەی سەروەرییە و پێداویستی یا میكانیزمی پاراستنی سەروەرییە لە كاتی خواستراودا. لەبەرئەوە ھەم دەتوانێت لە بیرۆكەی ئایینی و ناسیونالیستیەوە سەردەربھێنێت، ھەم ئەگەری سەرھەڵدانی لە بیرۆكەی سۆشیالیزمی دەسەڵاتگەرایانەدا ھەیە، ھەم زادەی دەسەڵاتی كولتوورە و ھەم زادەی دەسەڵاتی ڕامیاریی. ھەر كات ھەر كەس و ھەر گروپێك چ ئابووریی و ڕامیاریی و چ كولتووری، پێیوابوو كە ڕاستی ڕەھا لای ئەوە، ئەوانی دیكە ھەموو نەزانن و پێویستیان بە دەستەبژێریی و ڕابەریی و سەروەریی ئەو ھەیە، ئەوا بانگی فاشیزمی خۆی ڕاگەیاندووە. لە سەرووی ھەموو ئەمانەوە گەرای فاشیزم لە سیستەمی سەروەرییدایە، واتە دەوڵەت بە ھەموو شێوەكانییەوە، بێشكە و لانكی جۆرێك لە فاشیزمە و ھەر كات سەروەریی خۆی كەوتە مەترسییەوە، ئەوا بێپەردە دەینێرێتە سەر شەقامەكان تاوەكو خرۆشان و ڕاپەڕینی چەوساوان لەبەردەم خۆیدا ڕابمالێت، یا بەواتایەكی دیكە، ئاوەڵدووانەی دەسەڵاتی سەرووخەڵكی [قوچكەیی]یە، ئیدی ئەو دەسەڵاتە سەرووخەڵکییە دەوڵەتێکی پاشایی بێت یا دەوڵەتێکی کۆماریی تاكپارتتی و سەربازیی و پارلەمانیی بێت.

بۆ كەسانی وریا و ھەستەوەر، ئەمڕۆ فاشیزم وەك گوتار و وەك ڕەفتار لە ڕاگەیاندنی گشت دەستەبژێر و پارت و ئاراستە ڕامیارییەكان و لیست و باڵەكانی دەسەڵات و لە میدیای زاڵدا، لە ھەموو جێیەك و لە ھەموو ساتێكدا سەرەتاتكێدەكات، بەڵام ھێشتا بەو ڕادە تەنگەتاو نەبووە، كە تانك و دەستە “سەد ڕەشەكان*”ی یا لایەنگرە** “كراسڕەشەكان”ی بڕژێنێتەوە سەر شەقامەكان . وەك ئەزموونی مێژوویی هەردەم بزووتنەوە و دەسەڵاتە فاشیستەکان لە بەرانبەر پەرەسەندنی خەبات و بزووتنەوە ئازادیخوازەکاندا وەك وەڵامدانەوە بە پێداویستی پاراستنی سەروەریی چینایەتی [دەوڵەت] لە هەڵچووندا بووە، لە وڵاتی ئیتالیا کۆمیتەی کارخانەکان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی بەڕادەیەك مەترسییان لەسەر دەوڵەت دروستکردبوو، کە پۆلیس و دەزگە سیخورییەکان ناتوانا دۆشدامابوون و شکستی کۆمەڵایەتیی ڕۆژ بە ڕۆژی خۆیان دەدیت، لەبەرئەوە تەنیا بزووتنەوەی فاشیستی “کراسڕەشەکان” دەیتوانی لە جەنگێکی کۆمەڵایەتیی فرە ڕەهەنددا، کۆبوونەوە کرێکارییەکان کوتەککاری بکات و ئەرکە سەرەکییەکەی دەوڵەت لە ئەستۆبگرێت. هەروەها لە ئاڵمانیا و لە وڵاتی ئیسپانیا’ش لە بەرانبەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی و سەرهەڵدانی خۆبەڕێوەبەرایەتی هەرەوەزییە کشتکاریی و پیشەسازییەکاندا، تەنیا هێزە فاشیستەکەی جەنەڕاڵ فرانکۆ بە کۆمەکی فرۆکە جەنگییەکانی هیتلەر و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی، توانی بە زرێپۆش و تیمەکانی گوللەبارانکردن دوا سەنگەر و ماڵ و دوا جەنگاوەر و دوا کێڵگە و دوا کارگە، لەنێوبەرن!

بەکورتی فاشیزم، ڕەنگدانەوە و كردەییكردنەوەی كینەدۆزیی ناسیونالیزم و شۆڤێنیزمە لە دەسەڵاتدا، واتە بە لوتكەگەییشتنی نیشتمانپەروەریی و و نەتەوەپەرستی [لێرەدا مەبەست لە نیشتمانپەروەریی، خواستی ژێردەستان نییە بۆ ڕزگاربوون لە داگیركەر، ھەروەھا مەبەست نەتەوەپەرستی، ھەستی ھاوزمانی و ئارەزووی ئازادیی كولتووریی نییە، بەڵكو مەبەست لە ئایدۆلۆجیاكانی دەسەڵاتداریی بۆرجوازییە بەناوی نەتەوە و نیشتمانەوە]، لە مێژووی نیشتمانپەروەریی و نەتەوەپەرستییدا موسۆلینی و پارتەكەی، ھیتلەر و پارتەكەی و سەدام و پارتەكەی نموونە زیندووەكانی سەردەمی ئێمە و پێش ئێمەن. هەموو بزووتنەوەیەکی ڕامیاریی و هەموو گروپێکی ڕامیاریی و هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی و ڕامیاریی، هەڵگری گەرای فاشیزمە و هەر کەس بە ئاوڕدانەوەیەك لە ڕابوردووی ڕامیاریی خۆی، لە گروپ و بزووتنەوە ڕامیارییەکاندا نائاگایانە هەڵوێست و تێڕوانین و گوتار و کرداری فاشیستیی پەیڕەوکردووە، هەرچەندە هیچ کات ئامانجیشی ئەوە نەبووبێت یا لە خەیاڵی خۆیدا دژی ڕژێمێکی فاشیستی وەك بەعس’یش جەنگابێت، بەڵام لە کاردانەوەیەکی فاشیستیدا خەریکی پەیڕەوکردنی فاشیسم بووە. لێرەدا دەتوانم نموونەیەك بهێنمەوە، کە هەر ئێستا لە ڕووداندایە و ئەگەر بەرەنگاریی بەرانبەر بتوانێت ببێتە مەترسی، ئەوا بەداخێکی گرانەوە دەبینە بینەری فاشیزمی ناسیونالیزمی کورد لەم هەرێمەدا؛ لە ئێستادا بە پاڵپشتی دەسەڵاتی ڕامیاریی، شۆڤێنیزمی زمانی لە کاردانەوەدایە بەرانبەر داخوازیی ڕەوای ئاخێوەرانی زمانە کوردییەکانی دیکە [کەلهوڕی و هۆرامی و زازاکی و کرمانجی]، هەر کات بەرەنگاریی و پێداگریی ئاخێوەرانی ئەو زمانانە گەیشتە یاخیبوون و مەترسی بۆ سەر خەونە شۆڤیستییەکەی ڕۆشنبیرانی دەسەڵات، ئەوا فاشیزم وەك مشتی پۆلایینی دەسەڵات، ناچاردەبێت خۆی لە پشت دێوجامە دێمۆکراسیەکەی دەربخات و خوێن و خاك و باروت تێکەڵبکات. ئەمە خەیاڵ یا ترسی هەڕەمەکی نییە، ئەمە ڕاستییەکە و لە ساڵانی ڕابوردوودا نووسەران و ڕۆشنبیرانی دەسەڵات چەندین جار گڵۆپی سەوزیان بۆ خستنەگەڕی ماشێنەكەی بە فەرمانی “سەرۆك” هەڵکردووە، کە بۆ بەرگرتن بە ئازادی و بەكاربردنی مافی ڕەوایی دیگەران، دیوە فاشیستییەکە دەربخات. هەروەها جەنگی نێوخۆیی ١٩٦١-١٩٩٨ و دواتری نێوان پارتەکان و میلیشیاكان و دەسەڵاتدارانی بۆجوازی کورد تژیەتی لە دیمەنی دەرکەوتنی دیوە فاشیستییەکەی دەسەڵاتخوازان و هەردەم جەنگی سڕینەوەی یەکدییان کردووە !

***********************************
*سەد ڕەشەكان، ھێزی تایبەتی ئیمپراتۆری تزاریی ڕوسیە بوون، كە لە بەرانبەر ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٠٥ و ڕاپەڕینی فێبریوەری و ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا بەكاریھێنان.
**كراسڕەشەكان، لایەنگرانی موسۆلینی بوون، كە كار و چالاكییان ھێڕشكردنەسەر مانگرتنی كرێكاران و چالاكی یەكێتی و سەندیكان و كۆڕ و كۆمەڵە سۆشیالیستەكان [كۆمونیستەكان و ئەناركیستەكان] بوو.
***********************************

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg
بەشی حەوتەم: http://wp.me/ppHbY-Jo
بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv
بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JO
بەشی دەهەم : http://wp.me/ppHbY-JZ
بەشی یازدەهەم : http://wp.me/ppHbY-K5

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١١

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ١١

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن

بەشی یازدەهەم

باشە كە تۆ فیدراڵیەتی ئێستای ھەرێمی كوردستان ڕەتدەكەیتەوە، لەولاشەوە دەوڵەتی سێكیولار و سەربەخۆی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ڕەتدەكەیتەوە، وابزانم باوەڕیشت بە ولایەتی ئیسلامیش نییە، ئەدی چ ئەڵتەرناتیڤێكت ھەیە، كە ئیدیعای بكەی؟

بە بۆچوونی من ھەر پێشنیار و ئەڵتەرناتیڤێكت ھەبێت، ئەوا دوو ڕێگە بۆ جێخستنیان ھەن؛ یەكەم پاگەندە و ھوشیاركردنەوە و پراكتیزەكردن لە خوارەوەرا بە یەکگرتن و هەنگاوی کردەیی ژێردەستان، دووەم سەپاندن لە سەرەوەرا، بە بڕیاری ڕامیاران و سەودا و سازشی دەسەڵاتخوازان. پێش ئەوەی لە پێشنیارەكەی خۆم بدوێم، باشترە نموونە بۆ ھەر دوو بارەكە بھێنینەوە، كە من لێرەدا كۆلخۆزەكانی ڕوسیەی سایەی بۆلشەڤیزم و ھەرەوەزییەكانی ئۆکرانیای ١٩١٧- ١٩٢١ و هەرەوەزییەکانی سەردەمی جەنگی نێوخۆی ئیسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩، بەراورددەکەم:
لە ڕوسیە’ی پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩١٧ بۆلشەڤیكەكان ھەوڵیاندا ئۆلگوی خۆیان بۆ كێڵگەی سۆشیالیستی بەزۆر بسەپێنن، لەو بارەوە سەرچاوە و دۆكومێنتە مێژووییەكان كارەساتی بێوێنەی مێژوویی لە زۆرداری و ملھوڕی پارتی بۆلشەڤیك و نائامادەیی خەڵك و مردنی چەندان ملیۆنی و بێبەرھەمی ئەو ھەوڵە دەگێڕنەوە، کە بەڕادەیەك جوتیارانی ڕوسیە تووشی كارەسات بوون، كە باری ژیان و بەرەھەم و گوزەرانیان لە سەردەمی پاشایەتی [تزاری] و جەنگی نێوخۆ خراپتر بوو و ڕادەی بەرھەمھێنان دابەزیبوو و گرانی و نەبوونی باڵی بەسەر گوندەكاندا كێشابوو، لێرەدا بواری لیستکردنی ئەو ئەو ئامار و دراوانە،كەمە، لەبەرئەوە خۆم لەو کارە لادەدەم، ئەگەر گومانت لەمە هەیە، تکایە لە وەڵامی ئەم وەڵامەدا، ئاگادارمبکەرەوە تا نموونەگەلێکی زۆری بەڵگەدار، لە دەمی ڕەخنەگرانی کۆمونیستەوە، بخەمەڕوو.

لە بەرانبەردا هەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا ١٩١٧-١٩٢١ کە لەلایەك لەلایەن لەشکری نەمسا و ئاڵمانیاوە هێرشیان دەکرایە سەر و هاوکات لە پشتەوەڕا لەلاەین لەشکردی سوورەوە هێڕشیان دەکرایە سەر، هەروەها هەرەوەزییەکانی ئیسپانیا لە ڕاپەڕینی ١٩٣٦ی “جەنگی نێوخۆیی” ئیسپانیادا، كە لەلایەك فرانكۆ خۆی بۆ ھێرش ئامادەدەكرد و لەلایەكی دیكەوە كۆمونیستە پڕۆ-ڕوسەكان ڕێگرییان لە هەر هەوڵ و ئۆلگویەکی ئازادیخوازانە دەکرد، كەچی بە پێچەوانەی ئەزموونی سەرکوتگەرانی بۆلشەڤیکەکانەوە، ھەرەوەزییە ئازادەكان ھەم لەلایەن جوتیاران و کرێکارانەوە پێشوازییەکی فراوانی جەماوەرییان لێ دەکرا و ھەم بەرھەم و سەركەوتووییان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر و بەرچاوبوو. بەڵێ سەرکەوتن و پەرەسەندنیان بەڕادەیەك بوو، كاتێك كە خاوەنی كێڵگە گەورەكان و كارگە و كارخانەكان بە سەركەوتنی لەشكری فرانكۆ گەڕانەوە، ھەم كێڵگە و كارگەكان ئاوەدان بوون و ھەم بڕی بەرھەمھێنان زیادیکردبوو. ئەمە پەرجووی کار و یەكێتی و هەروەزیی ئازاد بوو، کەتوار و ڕاستییەك، کە بۆلشەڤیکەکان نیو سەدە بە هەموو جۆرێك هەوڵی شاردنەوە و شێواندنیان دا!

ئەو جیاوازییە لە سەرەنجامدا تەنیا بۆ یەك ھۆ دەگەڕێتەوە، ئەویش ئازادی ویست (ئیرادە)ی تاك و كۆمیونیتییەكانە، كە لە باری یەكەمدا [ڕوسیای بۆلشەڤیکی] جوتیاران بەزۆر ناچار بەبەشداری دەكران و زۆرینەی بەرھەمیان لەلایەن باجگرانی پارتی پێشڕەو و سیخورانی (چیكا)وە زەوتدەكرا و ئەوی ئامادەی بەشداری كۆلخۆزەكان نەبووایە، ئەوا بۆ سیبریا و ئوردووگە زۆرەملێییەكانی دیكە دەگوێزرایەوە. بەڵام لە ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئۆکرانیا و ئیسپانیادا، ھەر كەس ئازادبوو بەشداریبكات یا نا، لەتەك ئەوەشدا ئەو كەسەی كە بەشداری نەكردایە و لە كۆتایی ساڵدا بەرھەمی كەم بووایە، لەلایەن جوتیارانی نێو ھەرەوەزییەكانەوە، دەستگیرۆیی دەكرا و ژیانی وەك كۆمەكی كۆمەڵایەتی دابیندەكرا. ھەر ئەم خاڵە وای لە جوتیاران كرد، كە گرنگی و سەركەوتوویی ھەرەوەزییەكان دەركبكەن و بە هاریكاری و بە چەك پارێزگارییان لێ بكەن و لەو پێناوەشدا بەرانبەر لەشكری فرانكۆ، لەپێناو ئازادی و یەکسانی دەسەڵات و سەربەخۆیی ئابووریی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییدا گەورەترین قوربانیبدەن.

ھەڵبەتە ئەم خودهوشیاریی و ئامادەییە چینایەتییە لە شەوڕۆژێكدا سەریھەڵنەداوە و نەبووەتە ھێزی كۆمەڵایەتی و بەشێك لە كولتووری خەڵكەكە. ئەوەی كە بۆ وڵامەكەی من گرنگە، ھەر ئەم خاڵەیە و دەمەوێت بڵێم، شۆڕش پرۆسێسێكی بەردەوامی مێژووییە و ھەموو خاڵێك لەو پرۆسێسەدا پێویستی بە كاری ھوشیاریبەخش و پاگەندەی شۆڕشگیرانە ھەیە، هەر ئەوەی كە ئەناركییەكان لە كۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا ساڵی ١٩٣٦ لە ئیسپانیا، شەو و ڕۆژ بەردەوام لەنێو كارگەكان و كێڵگەكاندا كاریان بۆ كردبوو و بووبووە بەشێك لە ھوشیاری و تەنانەت ئاوەز و كولتووری خەڵك.

ھەر لەبەرئەوە، ئەگەر ئێمەش [هاوسەردەمیانی ئەم ساتە] بۆ ھەر كارێك چ پێكھێنانی ڕێكخراوێكی جەماوەری بێت یا بەرپاكردنی ڕاپرسییەك [ڕیفراندۆمێك] یا ھەڵخڕاندنی ڕاپەڕینێك یا ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە لەسەر شێوازێك و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤێك، ئەوا پێویستمان بە پاگەندە و ھوشیاركردنەوەی بەردەوام ھەیە، وەك پێشمەرجی دەستبەكاربوون. چونكە سەرگرتن و جێكەوتەبوونی دیاردەیەك، پێویستی بە بوون بە بەشێك لە كولتوور و ئاوەزی تاك و كۆمەڵگە بەگشتی ھەیە، ئەگەر نا، یا ئەوەتا وەك ئەزموونی چەپەكان لە عیراق و كوردستان نیشانیدەدات، دەبێت خۆزگە بە پەرجووی ئاسمانی بخوازین بۆ ھاتنەدی یا ئەوەتا وەك بۆلشەڤیكەكان بە كوشتن و زیندان و ھەڕەشەی دوورخستەنەوە دەیسەپێنین.

چ عیرا ق بەگشتی چ ھەرێمی كوردستان، لە كۆمەڵێك ئێتنی و ئایین و كولتووری جیاواز پێكھاتووە، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەوە بەگشتی و لە پاش داگیركردنی عیراق لەلایەن داگیركاریی بریتانیاوە بزاڤە ناسیونالیستییەكان و پارتە ڕامیارییەكان لەسەر ڕێكخستنی ھەرێمەكان و ناوچەكان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی ناسیونالیستی و دروستكردنی دوژمنایەتی و كێشە و جەنگ و كوشتار لەنێوان نەتەوەكاندا بەگشتی و ناوچە ھاوبەشەكاندا بەتایبەتی كاردەكەن و ئەم هەرێمە چەند جەنگی نێوخۆیی و دەرەکی بەسەردا هاتووە، کیمیاباران و جینۆسایدی تێداکراوە. هەر ئەڵتەرناتیڤێك ئەم ڕووداوانە لەبەرچاونەگرێت، بەدڵنیاییەوە وەك بەیاننامە پارتییەکان دەبێتە ڕابوردوویەکی نەزۆك.

وەك دەزانین لەنێو زۆربەی گروپە ڕامیارییەكاندا بە چەپ و ڕاست و نێوەندەوە یەك ئەڵتەرناتیڤ پێشنیارە، ئەویش گۆڕانی ڕواڵەتی [ڕامیاریی] یا گۆڕان لە دەسەڵاتی ڕامیاریدا، كە ھەر گروپ و ئاراستەیەكی ڕامیاریی خۆی بە باشترین كاندید بۆ جێگرتنەوەی سەروەرانی ئێستا دەبینێت، گشت دەسەڵاتخوازان یەك پەیامیان بۆ جەماوەرێك كە دەیانەوێت سەروەریی بەسەردا بكەن، هەیە، ئەویش ئەوەیە “ئەگەر دوای من بكەێت، بەھەشتی ئاسمانەككانت لەسەر زەوی بۆ مسۆگەردەكەم”. ئەم ئەڵتەرناتیڤەش یا بە بەشداری ھەڵبژاردنی پارلەمانی جێبەجێیدەکەن یا بە كودەتای سەربازی و قۆستنەوەی لازاری ڕاپەڕینەكان. لە بەرانبەردا ئەو شتانەی کە لە هیچ سەردەمێکی ئەم ناوچەیەدا لەلای گروپ و پارتە چەپەكان پێشنیارنەبوون، ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی، چالاکی [خەباتی] ڕاستەوخۆ، خۆبەڕێوەبەراریەتی سەربەخۆ [ئۆتۆنۆم]ی كۆمیونیتیەکان و كارگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكان، دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و یەکگرتنەوەی فێدراڵیستییانەی کۆمەڵگەکان، كە دەبنە بناخەی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگەی ئازاد.

هەروەها بە بۆچوونی من، ھەر كات دەستپێبكەین، پێویستە لەم سەرەتایەوە دەستپێبكەین و بەبێ ئەم سەرەتایە و بەبێ ئەم ئامادەكارییە، ئەستەمە لە ھیچ ھەڵچوون و ڕاپەڕینێكی شۆڕشگێرانەدا یا لە ھیچ قەیرانێكی سەرمایەداریدا، بتوانین ھەنگاوێك بەرەو ئاڵۆوگۊری كۆمەڵایەتی؛ بەواتای تێكدانی بنەمای ئابووریی و بوونە كولتوورییەكانی سیستەمی سەرمایەداری، بنێین. لە ھەموو سەردەمەكاندا گرفتی ئەوانەی كە پاگەندەی سۆشیالیستبوونیان كردووە [بەتایبەت لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە] ئەوە بووە، كە پاگەندەی گۆڕانەكانیان وەك خەونێك بۆ ڕۆژانی ھەڵچوون و قەیران ھەڵگرتووە و لەو ڕۆژەدا ویستوویانە بە دەركردنی ڕاگەیاندنێك [بەیاننامە] و بانگەوازكردنی خەڵك، شۆڕش [بە واتای خۆیان] بەرپابكەن.

من نازانم كەی و چەند دەخایێنێت، تا خەونەكانی ئێمە چ لە ژیانی خۆماندا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو دێنەدی، بەڵام لەوە دڵنیام ھەر ئێستا یا ئەو ساتەی کە ئەركی ھەنووكەیی سەرشانمان دەكەین، پێویستە كاری بۆ بكەین و ئەوە لەبەرچاوبگرین، كە لە داھاتوودا بەبێ كار و تێكۆشانی ئێستا، ئەستەمە سەركەوتن بەدەستبھێنین. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت لە ساڵی داھاتوودا بزووتنەوەیەكی بێكاری بەھێز و سەربەخۆ یا بزووتنەوەیەكی شواریی جێكەوتەمان ھەبێت یا لە چەند ساڵی داھاتوودا زنجیرەیەك ھەرەوەزی دیھاتەكان و كۆمونەی شاریی و كۆمەڵێك خۆبەرێوەبەریی كرێكاریی كارخانەکان و كۆمەڵێك خوێندنگەی سەربەخۆ و ئازادی خۆبەڕێوەبەرایەتی خوێندكاران و مامۆستایانمان ھەبن، پێویستە ھەر ئێستا و لەم ساتەوە پاگەندەیان بۆ بكەین و خۆھوشیاری و خۆڕێكخستن و خۆبەڕێوەبەرێوەبردن و ئۆتۆنۆمی ژیان بكەینە بەشێك لە بەرنامەی چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەمان و هەوڵبدەین بیانکەین بە بەشێك لە كولتووری ژیانی ڕۆژانەمان. نەك چاوەڕێی ھەلبارین لە ئاسمانەوە یا لەدایبوونی ڕابەران بین!

وەك گوتم عیراق و ھەرێمی كوردستان، فرە كولتوور و فرە ئێتنی و فرە ئایینن، بۆ ئەوەی كار و تێكۆشانی شۆڕشگێڕانەمان سەركەوتووبێت، پێویستە شێوازی “خۆجێی چالاکیکردن و سەرتاسەریی هاوپشتیکردن ” بكەینە بنەمای کار و چالاکی و پەیڕەویبكەین. بۆ ئەمەش پێویستە پێش ھەموو شتێك وەك سەرەتایەك و بنەمایەك لە بڕوابوونمان بە ئازادی، باوەڕمان بە جیابوونەوە و یەكگرتنی ناوچەكان، ھەرێمەكان، ئێتنیەكان، ئازادی كولتووری، ئازادی زمان و خوێندنی زمانی دایك، ھەبێت.

لە ھەنگاوی دووەمدا ھەر كەسە و لە شوێنی كار و ژیانی خۆیدا، خەریكی پاگەندە و ھوشیاركردنەوە بێت و لە ڕێكخراوەی پیشەیی و ئابووریی و تۆڕی كۆمەڵایەتیی خۆجێیدا خەریكی چالاكی سەربەخۆی خۆی بێت. ئەمە دەكاتە خۆپەروەردەكردن و پەروەردەكردنی تاكی ئازادیخواز و سەربەخۆ. كاتێك کە توانرا لە ئاستی كۆمەڵگەدا بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەکان بەو ئاراستە بەڕێبخرێن و ئاستی ھوشیاری تاك بگەیێنرێتە ئەو ئاستەی، كە چیدی نەتوانرێت لە ژێر سایەی سیستەمی قوچكەیی بەڕێوەبردندا بژی. ئەو كات لە ئامادەیی و یەکێتی کۆمەڵایەتیی فرە ڕەهەنددا ھاوسەنگی ھێز لەنێوان بەرەی گۆڕانخواز (شۆڕش) و بەرەی كۆنەپارێز (دژەشۆڕش)دا بەلای بەرەی شۆڕشدا دەشكێتەوە و ئاسانتر دەتوانرێت ئەوە وێنابكرێت، كە بە مانگرتنی گشتی و یاخیبوونی كۆمەڵایەتیی بەردەوام و هێزگرتنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکان و کەنارخستنی ڕۆڵی دەوڵەت و بەڕێوەبەران لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا، دەسەڵاتی چینایەتی دەڕوخێنرێت. لەوانەیە بۆ ئەوانەی کە بە پاشڕەویی دەسەڵاتخوازان دەستەمۆبوون و خویانگرتووە، وێناکردن و بڕواکردنی وەها شتێك ئاساننەبێت، بەڵام ئەگەر سەرنجی مێژووی بیست ساڵی ڕابوردوو بدەین، ئەوا بە ئاسانی چەندین نموونەی زیندوو بەرچاودەکەون، کە پێچەوانەی تێروانینی پاشرەوانە و دەستەمۆییانەی ڕامیارییین: لە سەدەی ڕابوردوودا لە وڵاتی بەنگلادیش و هەروەها لە وڵاتی لوبنان، هەرچەندە بزووتنەوەکانی: بەرگرتن بە تایبەتیکردنەوەی کەرتەکان و پێکهێنانی هەرەوەزییەکان و سەندنەوەی کارخانە و نێوەندەکانی خزمەتگوزاری و شوێنە گشتییەکان لە دەوڵەت و سەرمایەداران لە ئارادانەبوون و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی بوونیاننەبوو، بەڵام وێرای ئەوەش چەند جار فەرمانداریی (حکومەتی) ئەو دوو وڵاتە بەهۆی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەرییەوە توانراوە بڕوخێندرێن و هەڵوەشێندرێنەوە. هەروەها لە مانگی جونی ٢٠١٠- ٢٠١١ وڵاتی بەلجیکا بەهۆی کێشەی نێوان لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەوە، بەبێ فەرمانداریی مایەوە و وەك وڵاتی بەبێ فەرمانداریی، ڕیکۆردی جیهانی شکاند و هەموو کاروبارەکانی کۆمەڵگە و گوزەرانی ژیانی ڕۆژانە و ڕۆتیین بەڕێوەدەچوو و بەبێ ئەوەی ئەو بێسەرەوبەرەییە دروستببێت، کە ڕامیارەکان بەوە کەسانی ناهوشیار و بڕوابەخۆنەبوو دەترسێنن؛ “ئەگەر شوانەیی دەوڵەت و فەرمانداریی سەرووخەڵکی نەبێت، ژیان ناگوزەرێت”. ھەڵبەتە پێش ئەو هەنگاوانە و پاش ئەوەش، پێویستە مافی بڕیاردان و ڕاپرسیی لەسەر پرسە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان، لەبەرچاوگیرابێت و ھەر ناوچە و ھەرێمێك یا گوند و شارێك لەسەر بڕیاردانی گشتی ھەرەوەزییەكان و شوراكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی، بەپێی بنەماكانی دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ، مافی جیابوونەوە یا یەكگرتن یا چۆنیەتی ڕێكخستنی ژیان و خۆبەڕێوەبردنی خۆی ھەبێت.

بەو جۆرە دەتوانین بەر بە خوێنڕشتن و جەنگی لابەلایی نێوان ناوچەكان و ئێتنییەكان و ئایینەكان و كولتوورە جیاوازەكان بگرین و لە دەستەبەركردنی ئازادی و سەربەخۆیی ھەموواندا گیانی تەبایی و ھاوپشتی و پێكەوەژیان بەھێزبكەین؛ واتە ناسێنرالیزەكردنی بەڕێوەبەرایەتی و شێوەی ژیان و ڕێكخستنی كۆمیونیتییەكان؛ واتە گێڕانەوەی بڕیاردان و بەڕێوەبەرایەتی بۆ خودی خەڵك [گشت ئەندامانی کۆمەڵگە]، ئەگەر نا هەر هەوڵێکی ڕامیاریی لە نزیکترین وێستگەیدا، سەری لە بیرۆکراسی و تیئۆکراسییەوە دەدەچێتەوە !

بەڵام لەبیرمان نەچێت، كە دەستبەكاربوون بۆ پێكھێنانی ھەرەوەزییەكان و خۆبەڕێوەبەرایەتی كارخانە و كێڵگە و خوێندنگە و فەرمانگە و شارەوانییەكان و بوونی ڕێكخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەكان وەك بەردی بناخەی كۆمەڵگە ئازادەكان، یەكەمین ھەنگاوی دەستبەكاربوونە بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی چینایەتی. ھەروەھا پەروەردەكردنی بڕوابەخۆبوونی تاكەكەس و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی سەروەری و پارتەكان و بایكۆتی ڕامیاركاران و مشەخۆران لە ژیانی كۆمەڵایەتییدا، مەرجی سەربەخۆیی نێوەندەكانی خەباتە.

تا ئەوەندەی من بیستبێتم ئەنارشیستەكان باوەڕییان بە شۆڕش نیە، ئەی تۆ چی دەڵێیت؟

ئەگەر وەڵامەكە كورتبكەمەوە، ئەوا ئەمەی لێ دەردەچێت؛ ئەناركیستەكان باوەڕیان بە شۆڕشی كۆمەڵایەتی ھەیە و ھیچ ئاڵوگۊرێكی ڕامیاریی و سەرووخەڵكی بە شۆڕش ناناسن و قۆناخبەندیش بۆ شۊڕش ناكەن و ڕاستەوخۆ خۆیان لە شۆڕشی كۆمەڵایەتییدا دەبیننەوە، ھەڵبەتە شۊڕش بەو واتایەی كە ئەناركیستەكان مەبەستییانە نەك بەواتای سەركەوتنی پارتێك لە ھەڵبژاردنی پارلەمانیدا یا كودەتایەكی سەربازی و بەدەسەڵاتگەیشتنی پارتێك لە شکستی ڕاپەڕینێکدا بەناوی پڕۆڵیتاریاوە، یا هەڵچوونێکی ساتەکی ناڕازییانی کۆمەڵگە و گۆڕینی سەروەرێك بە سەروەرێکی دیکە، گۆڕینی دیکتاتۆڕێکی سەربازیی بە دیکتاتۆڕێکی پارلمانی، گۆڕینی تیئۆکراسی بە هەرای پارلەمانی، گۆڕینی فاشیزمی ئایینی بە فاشیزمی سێکیولار. شۆڕش ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی چینایەتییە بەرەو کۆمەڵگەی ناچینایەتی، وەها پرۆسێسێکی مێژوویی تەواو پێچەوانەی ئاڵوگۆڕە ڕامیاریی و ڕواڵەتییەکانە، گۆڕینی کۆمەڵگەیە بە گۆڕینی ڕیشەیی بنەما و ڕێکخستنە ئابووریی و کولتووریی و پێکهاتەییەکانی!

لە ڕوانگەی منەوە، شۆڕش ڕووداوێكی كتوپڕ و كاتیی نییە، فوكردنی پارتێك و ڕابەرایەتی پارتاێك نییە بە جوقەیەكی لەشكرییدا، بەڵكو پڕۆسێسێكی مێژووییە و لەوەتەی چەوسانەوە ھەیە، ئەویش بەردەوامە و ھێشتا لە ھیچ شوێنێكی گۆی زەمیندا سەركەوتنی یەكجارەكی بەدەستنەھێناوە، ئەو ڕووداوە مێژووییانەی کە بە “شۆڕش” ناوبراون و ناودەبرێن، لە ڕاپەڕین و ھەڵچوونی ساتەکی شۆڕشگێڕانە بەولاوەتر نین. شۆڕش واتە گۆڕانی کۆمەڵایەتی، کە لە بواری ئابوورییدا دەکاتە گۆڕانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و لەنێوبردنی پایەکانی سیستەمی چینایەتی [کاریکرێگرتە و دارایی تایبەت]، لە بواری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەکاتە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییکردنەوەی پرسە کۆمەڵایەتییە بەڕامیارییکراوەکان و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەکان و تەواوی جیهان لەسەر بنەمای یەکگرتنی فێدرالیستییانەی ئازاد و پشتبەستوو بە هاوپشتی و تەبایی و پێکەوەژیانی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکە.

بە بۆچوونی من، خودی ڕەوتی گەشەی كۆمەڵگەی چینایەتی، لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگری ئاراستەی شۆڕش و دژەشۆڕشە، بەڵگەكان و دەركەوتەكان و لۆجیكی دەركەوتن و تێداچوونی دیاردە كۆمەڵایەتییەكان، سەلمێنەری بوون و بەردەوامی ململانێی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشن، هەر لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی مرۆییەوە تا ھەنووكە. ئەگەر بەراوردی سەرەتا و ئێستای دیاردەكان بكەین، ئەوا لۆجیكی بەردەوامی شۆڕشمان لە ژیانی ڕۆژانەدا بۆ دەردەكەوێت؛ بۆ نموونە توندوتیژی و كوشتار لەنێو ئەشكەوتنشینان و ئێستا، شێوەی پێكەوەژیانی سپیپێست و ڕەشپێست پێش ١٠٠ ساڵ و ئێستا، گۆشتخۆری و ئاژەڵكوژی جاران و ئێستا، ڕێوشوێنی ژنان، جاران و ئێستا زۆر شتی دیكە، دەبینن، سەرەڕای ھەوڵەكانی سەروەران بۆ مۆدێرنیزەكردنی دڕندایەتی هوشیارانەی مرۆڤ بەھۆی توانای تەكنۆلۆجی و سەرتاپاگیری سیستەمەكەوە، ھێشتا ھۆشیاری و پشتتێكردنی تاكەكان لە جەنگ و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی، ڕوو لە پێشە و بازاری دڕندەیی لە چاو جاران ڕوو لە كزییە. بۆ من ئەمانە دیاردەی شۆڕشن و گەواھی بۆ بەردەوامی شۆڕش دەدەن.

بەپێچەوانەی بیری باو و زاڵ، ھیچ یەك لە گۆڕانەكانی سیستەمەكان [کۆیلایەتی بە دەرەبەگایەتی بە سەرمایەداری] ھەر لە ئەوەی پێیدەڵێن “شۆڕشی کۆیلان”، “شۆڕشی گەورەی فەرەنسە” تا “شۆڕشی كۆمونە” و تا “شۆڕشی ئۆكتۆبەری ١٩١٧” و “شۆڕشی ١٩٣٦ی ئیسپانیا ” و “شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران” و ئازاری ١٩٩١ی كوردستان، شۆڕش نەبوون، بەڵکو تەنیا بازنەیەك و هەنگاوێك بوون لە ڕەوتی شۆڕشدا، شۆڕشێك كە تا ژیان ھەبێت، بەردەوام دەبێت و ڕوخان و دروستبوونی ھیچ سیستەمێكی كۆمەڵایەتی ناتوانێت كۆتایی ئەو بێت. ئەو ڕووداوانە و ھەزاران ڕووداوی دیكەی نەناسراو و شێوێنراوی دیكە، تەنیا ھەڵچوون و تەقینەوەی خێرای شەپۆلەكانی شۆڕش بوون و لەتەك تێكشكانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكاندا، دژەشۆڕش سەركەوتنی بەدەستھێناوە، لە ساڵانی نێوان ١٧٧٩ – ١٧٩٣ – ١٨٤٨ لە تێكشكانی بەرەی جەماوەریی چەوساواندا [جوتیاران و کرێکارانی شاریی]، بۆرجوازی فەرەنسی وەك دژەشۆڕش و پاوانگەری خواستەکانی شۆڕش، سەركەوتنی بەدەستھێنا، لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینی جەماوەریی ئۆكتۆبەری ساڵی ١٩١٧دا، بۆلشەڤیزم وەك دژەشۆڕش لە تێکشکاندنی کۆمیتەی کارخانەکان و شورای شارەکان و هەروەزیی گوندەکاندا سەركەوتنی بەدەستھێنا، ساڵی ١٩٣٩ لە ئیسپانیا، لەشكری فرانكۆ بە تێکشکاندنی میلیتێریانەی هەرەوەزییەکان گەڕایەوە دەسەڵات، لە تێكشكاندنی پیلانانەی ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕێبەندانی ١٩٧٩ی ئێراندا، بە کۆمەکی زلهێزەکان، ئاخوندەكان بەدەسەڵایگەییشتن، لە تێكشكاندنی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١دا بەرەی كوردستانی و لایەنگرانی ئەمەریكا سەركەوتنیان بەدەستھێنا، وەك دەبینین لە تێكشكانی ڕاپەڕینەكانی ئەم دوو ساڵەی دواییشدا [٢٠١١-٢٠١٢] لە وڵاتانی باکووری ئەفریکا، ئیسلامییەكان و ناسیونالیست و پڕۆ-ئەمەریكییەكان سەركەوتنیان بەدەستھێناوە و دەھێنن، بەڵام هیچ کات و لە هیچ شوێنێك شۆڕش نەوەستاوە و بەردەوامە و بەرامبەر هەوڵەکانی دژەشۆڕش کاردانەوەی نیشانداوە و دەداتەوە، چونکە شۆڕش هیوا و هاندەری ژیانە و ژیان بەبێ شۆڕش نە بوونی هەیە و نە دەتوانێت درێژەی هەبێت!

شۆڕش وەك ئاڵۆگۆڕی كۆمەڵایەتی و گۆڕانی شێوازی ڕێكخستنی ئابووری و كۆتایی سەروەری چینایەتی و چێكردنی كۆمەڵگەی ئازادی و یەكسان و دادپەروەر، لە ھیچ یەك لەو جێیانەدا، كە ڕاپەڕینەكانیان بە “شۆڕش” ناودەبرێن، سەركەوتنی یەكجارەکی بەدەستنەھێناوە و بەردەوام لە ھەڵكشان و داكشاندا بووە و هەیە. بەڵام ھیچ كات نەوەستاوە و ھیچ كاتیش خودی شۆڕش تێكناشكێت، بەڵكو ئەوەی تێكدەشكێت، تەنیا ڕوودا و ھەڵچوونێكی خێرای نێو ڕەوتی شۆڕش و هێزە ڕامیارییەکانی نێو ڕەوتی ڕووداوەکانن. ھەر بۆیە كاتێك كە ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكی پاش ٧٠ ساڵ تێكدەشكێت، دەركەوتنەوەی خێرای شەپۆلەكانی شۆڕش ھەم لەوێ و لەم لە دەرەوەی ئەو بەرچاوتر دەبن و خەبات پەرەدەسێنێتەوە !

ئەوەی كە ئەو واژە و دەستەواژانە [هەڵپەی ڕامیاریی، ڕاپەڕین و شۆڕش] بە ھەڵە بەكاردەبرێن و جێگۆڕكێیان پێدەكرێت، لە ناھوشیاری ئێمە و لێزانی دوژمنانەوەیە، تاوەكو لەو ڕێگەوە لە ئاوەز و هوشیاریی ئێمەدا قوفڵ لە ڕەوتی شۆڕش بدەن. کاتێك کە كۆیلە لە دژی كۆیلایەتی ڕادەپەڕێت و لە تێكشكانیدا جۆری سەروەری دەگۊڕێت و ئەو سەروەرییە خۆی دەكاتە بەرھەمی ڕاپەڕینی كۆیلان و مۆری كۆتایی شۆڕش لێدەدات و خۆیشی دەكاتە دوائامانجی چەوساوان. هەر ئاوا کاتێك کە لە ئەوروپادا ڕاپەڕینی جوتیاران و کرێکارانی شاریی تێكدەشكێت و كۆمەڵێكی دیکە [دەوڵەتمەندەکان] جێگەی سەروەرەكانی پێشوو (فیئۆداڵەكان) دەگرنەوە و بەدەسەڵاتگەیشتینی خۆیان دەكەنە ئامانجی بەدیهاتووی ڕاپەڕینی “شۆڕشی” جوتیاران. ئەمە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە دەستی فیئۆداڵەکانەوە بۆ دەستی بۆرجواکانی شار. کاتێك کە كرێكاران و سەربازان لە ڕوسیە ڕادەپەڕن و لە تێكشكانی هەرەوەزییەکان و شورا و كۆمیتەی كارخانەكاندا بۆلشەڤیكەكان دەسەڵاتی قەرەقووشیانەیان دەسەپێنن و ئەمە دەكەنە كۆتایی مێژوو و بەرھەمی شۆڕشی پڕۆڵیتاریا و ھەر بەو ناوەوە سەركوتی ھەموو ڕاپەڕینەوە و یاخیبوونێكی پڕۆڵیتێری دەكەن، ئەوە تێکشکانی ڕاپەڕینی چەوساوانە بە سەرکەوتنی دژەشۆڕش. بەم جۆرە زنجیرەی تێكشكانەكان بەردەوام بەناوی شۆڕشەوە دەبنە سەركوتگەری شۆڕشی چەوساوان و ئەو نائومێدییە بەرهەمدەهێنێت، کە لەم ڕۆژگارەدا بەسەر مرۆڤایتیدا زاڵبووە؛ بەواتایەکی دیکە کاتێك دەڵێین “ڕاپەڕین” تێكشکاوە، واتە تێكشکانی هەوڵێك لە کات و شوێن و بار و دۆخێکی دیاریکراودا، هیچ کات ئەمە لە ئاوەز و هۆشی تاکی چەوساوەدا نابێتە نائومێدکەری، لەوەی کە بەیانی یا لە شوێنێکی دیکە و بار و دۆخێکی دیکەدا، ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. بەڵام کاتێك کە بڵێین “شۆڕش” تێكشکاوە، لە هۆش و ئاوەزی تاکی یاخی تێکشکاودا ئەو پوجگەراییە بەرهەمدەهێنێت، کە سەرکەوتنی “مۆدێلی بیسمارکی” لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە لە ڕوسیا دەکاتە سەرەنجامی “شۆڕش” و دواتر تێکشکانی هەمان مۆدیل لە ساڵی ١٩٨٩دا دەکاتە بەرهەمهێنەری پووچگەراییەکی دیکە؛ ” شۆڕش هەر ئەوە بوو، کە ئازادی سەرکوتدەکرد، شۆڕش ڕوخا وکۆتاییهات و ئیدی بۆ هەمیشە سەرمایەداری دوا قۆناخی مێژووە” !

بەبۆچوونی من، كاتی ئەوە ھاتووە، کە بە وریاییەوە دەستەواژەكان بەكاربەرین و واژەی دروست لە شوێنی گونجاودا بەكاربەرین. “شۆڕش” بریتییە لە خەباتی هوشیارانەی بەردەوام بۆ كۆتاییھێنان بە چەوسانەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و تێكدانی ژینكە لەلایەن مرۆڤە هوشیارە دڕندەکانەوە. ئەم خەونە بەبێ لەنێوبردنی پایەكانی ڕاگرتنی چەوسانەوە؛ سەروەری، دارایی تایبەت، كاریكرێگرتە، مشەخۆریی، ئەستەمە ببێتە كەتوار. لێرەوە دەتوانین سەرنجی ئەو ڕووداوانە بدەین، كە لە مێژوودا بە “شۆڕش” ناوبراون و دەبرێن. ئایا ئەو چوار تایبەتمەندییەی سیستەمی چینایەتییان لەنێوبردووە؟

بەبۆچوونی من نەخێر و لە ڕادیكاڵترینیاندا، كە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧ بوو، نەك نەتوانرا ھەر چوار پایەكەی سیستەمی چینایەتی لەنێوببرێن، بەڵكو ھەر چواریان لەو سیستەمەدا مانەوە و ئامادەییان ھەبوو و بەهێزتر کران؛ پارتی كۆمونیست سەروەر بوو، دەوڵەت دارای ئامرازەكانی بەرھەمھێنان و زەمین و سامانی كۆمەڵگە بوو، كرێكاران كرێگرتەی دەوڵەت بوون، سەرانی پارت و دەوڵەت مشەخۆری ڕەنجی بەرهەمهێنەرانی كۆمەڵگە بوون.

بۆچی ئەنارشیستەكان ھەمیشە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن و خەباتی چینایەتی و جەماوەری ڕەتدەكەنەوە ؟

بەداخەوە زۆربەی بڕیارەکانی تاکی گۆشکراو بە پەروەردەی پارتیی، لە پێشداوەرییەوە سەرچاوەدەگرن؛ “مادام ئاوا باوە و ئاوا دەڵێن، ئیدی ئاوایە. من ئاوام بیستووە”. “هەمووان ئاوا دەڵێن” …تد. بەڕێزم، من لە دەستەواژەکانی تۆدا ئەوەندەی پێشداوەریی و هەژموونی میدیای دەسەڵات دەبینم، ئەوەندە سەرنجدەریی و پرسیار نابینم. من نازانم زۆربەی ئەوانەی کە ئەنارکستەکان بە توندوتیژ و وێرانگەر دەبینن، چ سەرچاوە و بەڵگەیەك یا دیتنێکی خودییان لەو دیمەنانە هەیە، کە وێنایاندەکەن؟

بەپێچەوانەوەی پاگەندە باوەکانەوە، یەكەم پێكدادانەكان بەو جۆرە نین، كە كامێرای ماسمیدیا نیشانیاندەدەن. لەم بارەوە دەتوانین سەرنجی ئەو فیلمە دۆكومێنتەری و كورتە فیلم و وێنانە بدەین، كە دەستەی ھەواڵنێری خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكان دەیانگرن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیای سەربەخۆ [www.indymedia.org] دەیانخەنە ڕوو، ھێرشكەری یەكەم ھێزەكانی دەسەڵاتن، کە پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و ئەوەی لە نیشاندەری کاناڵەکانەوە نیشاندەدرێت، كاردانەوەیە بە ڕووی توندوتیژی دەسەڵاتدا، بۆ نموونە سەرنجی ھەر دوو دیوی ڕووداوەكان ئەوەی میدیای دەسەڵات و ئەوەی میدیای دژەدەسەڵات لە سیاتل و گوتیبێرگ و گێنێڤا و ..تد دەیخەنەڕوو، بدەن.

پاشان بەپێچەوانەی ئەوەی كە لە دوو سەدا ساڵی ڕابوردوودا لەمەڕ ئەناركییەكان گوتراوە و پاگەندەی بێبنەمایان بۆ كراوە، بەپێچەوانەی ئەوانەوە، كە باوەڕیان بە تێكۆشانی ڕامیاریی و پارتایەتی و ھەڵپەی پارلەمانی و ڕێكخستنی قوچكەیانەی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان ھەیە، ئەناركییەكان تەنیا یەك شێواز لە تێكۆشان بە سەنگەری چینایەتی دەزانن، ئەویش خەباتی جەماوەریی و ڕێكخستنی ناقوچكەییی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە ڕێکخستنێکی وەها تێکۆشانی ناتوندوتیژ دەخوازێت، چونکە ڕێكخراو و ڕێکخستنەکانی ئەو بزووتنەوانە، پێکهاتەی میلیشیایی نین و پێویستییان بە پلان و بەرنامەی پشتپەردەی پارتایەتی و دەستەی تێرۆر و تۆقێنەر نییە. دەکرێت لە بزووتنەوەیەکی جیهانگردا لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆراوا، لە باشوورەوە بۆ باکوور، چەندین گروپی پێکهاتوو لە لاوانی خوێنگەرم و بێئەزموون هەبن، کە پێکدادان لەتەك پۆلیس و دامرکانەوەی ساتەکی تووڕەیی کەڵەکەبووی ساڵانەیان بەرامبەر دەزگە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس و بۆدیگاردەکان، کە ڕۆژانە سوووکایەتی و توندوتیژی بەرامبەر تاکە ژێردەستەکان دەنوێنن و بەکاردەبەن، بە کارێکی شۆڕشگێرانە و سوودمەند بزانن. بەڵام سەرپای مێژووی بزووتنەوەی ئەنارکیستی تژیەتی لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و بیریاران و تیئۆری ناتوندوتیژ، لەوانە دەتوانین ناوی ماهاتما گاندی [Mahatma Gandhi] و کلارا ڤیشمان [Clara Wichmann] و تۆلستۆی و چەندینی دیکە بەرین.

پاشان، مەبەست لە خەباتی چینایەتی چییە، ئایا ھەوڵ و چەنەبازیی پارلەمانی، خەباتی چینایەتییە؟ ئایا واژۆكۆكردنەوە و پاڕانەوە لە دەسەڵات و بەرەی ھاوبەش لەتەك پارتە ڕامیارییەكان، خەباتی چینایەتییە؟ ئایا پێكھێنانی ڕێكخراوەی قوچكەیی، كە كەمایەتییەك تیایاندا بۆ زۆرینە بڕیاردەدەن، ڕێكخستنی چینایەتییە؟ ئایا جوڵانەوە و خۆپیشادان لە چوارچێوەی یاسا و چاودێری و سەرپەرشتی ھێزەكانی دەوڵەت و بەرزكردنەوەی لافیتەی سپی و دروشمی شەرمنۆكانەی نەتەوەیی و نیشتمانی و تاوانباركردنی دەسەڵاتداران بەوەی كە نەیانتوانیوە نەتەوەپەروەر و نیشتمانپارێزبن، خەباتی دژە-سەرمایەداریی چەوساوانە؟

بەداخەوە، لەم بارەوە، سۆشیالیستەکانی کورد و ناوچەکە لەلایەك سەرچاوەی بەڵگە و بڕیاردانەکانیان نیشاندەری تەلەفزیۆنەکانیانە و لەلایەکی دیکەوە هێندە بە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی نامۆبوون، کە هەر بزووتنەوەیەك لەژێر فەرمانی سەرانی پارتەکان نەبێت و هەوساری دەسەڵات لە ملیدا نەبێت، بە ئاژاوە و توندوتیژیی دەزانن، ئەمە لە کاتێکدا هیچ دەزگە و ڕێکخستنێکی قووچکەیی چ لە دەسەڵاتدا و چ لە دەرەوەی دەسەڵات بوونی نییە، کە ڕۆژانە توندەتیژیی بەرامبەر ئەندامانی و کەسانی ژێردەستەی بەکارنەبات. هەڵبەتە مەبەست لە توندوتیژیی، تەنیا توندوتیژیی جەستەیی نییە، بەڵکو فەرمان و فشار و تەنگەتاوکردنی دەروونی و تیرۆری هۆشیی و کەسایەتیش دەگرێتەوە، کە لە هەموو دەزگەیەکی چینایەتیدا بەکاردەبرێت و بنەمای کارکردن و مانەوەی پێکدەهێنێت. بەڵام لەبەرئەوەی کە لە هۆشیی تاکی ژێردەستەدا وەها ڕەفتار و بەکاربردنێك ڕەوایەتی پێدراوە و وەك بەشێك لە کولتوور و شێوازی بیرکردنەوە و جیهانبینیی گشتی جێگیرکراوە، کەسانی ناهوشیار و خۆشباوەڕ بە پاگەندە و یاساکانی سەروەریی، نادەربەستانە و دەستەمۆیانە پاشرەویی لێدەکەن و هیچ کاردانەوەیەکی سەربەخۆ نیشاننادەن، لە بەرامبەردا کاتێك کە دەبینن، کەسێك بەرانبەر پۆلیس کوتەك بەرزدەکاتەوە یا بەردێك دەگرێتە جامخانەی بانکێك، ئیدی تووشی نائارامیی دەبێت و توانانی خوێندنەوەی ئەوەی نییە، کە ئەوەی ئەو لەو ساتەدا کامێراکان بۆی دەگوازننەوە، تەنیا کاردانەوەیەکی سروشتیی کاتی هەڵچوون و پارێزگاریی لەخۆکردنی خۆپیشاندەرانە !

ئەو ھەمووە باڵ و لق و پۆپانەی كە بەناوی ئەنارشیسمەوە ھەن، مەگەر نیشانەی سكتاریستبوون نین، ئەی چین ؟

سەرەتا پێویستە ددان بەو كەتوارەدا بنێم، كە ئاراستە یا تێڕوانینە ئەناركیستییەكان لەمەڕ پرسە كۆمەڵایەتییەکان بەرەو باڵ و لكگەریی چوون، ئەمەش لەژێر كارایی پاشەكشێی پاش تێكشكانی ڕاپەڕینەكان و جەنگە جیھانییەكان و كارایی دانانی دەستەگەریی ماركسیستی بووە، بەتایبەت ڕووكردنی چەپەكان لە ئەناركیزم و پاراستنی فەرھەنگە پارتیی و سكتاریستییەكەیان لە بار و دۆخی لاوازیی بزاڤەكەدا. من بە دیاریكراوی و بە ئاشكرا لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوین، ئەمە دیاردەیە دەبینم و زۆرێك لەوانەی واز لە چەپ دەھێنن و ڕوو لە ئەناركیزم دەكەن، بەھەمان سوونەتی پێشوو و كاردەكەن و تێڕامانە ئەناركیستییەكان بە ڕەوتی جیا وەردەگرن و خۆیان بەو جۆرە ڕێكدەخەن و دەیكەنە شوناسی گروپەكانیان. چونکە لە سونەتێکی ئاوا هاتوون و بەئاسانی ناتوانن و هەروەها زەمینەی کۆمەڵایەتیی لەباریش بۆ خۆدەربازکردنیان لەو ڕابوردووە، لە ئارادا نییە یا زۆر لاوازە. لەبەرئەوە لەوانەیە ماوەیەکی زۆری بوێت، تا دەستبەرداری کارایی ڕێکخراوی ڕامیاریی و پێکهاتەی قووچکەیی و کردار و گوفتاری سکتاریستی و خودنمایی ڕامیاریی ببن. هەر لەبەرئەوەشە کە ئەو کەسانە فرەتر وەك پلاتفۆرمیست کاردەکەن و لەو بارەدا هەست بە ئارامی دەکەن.

بە بۆچوونی من لە ڕابوردوودا ھیچ یەك لە بیریارانی ئەناركیزم نەھاتووە تێڕامانی لەمەڕ پرسێكی دیاریكراو وەك ڕەوتێكی جیای ئەناركی بناسێنێت. بۆ نموونە ئێما گۆڵدمان [Emma Goldman] نەیگوتووە ژنانی ھەڵگری ئایدیای ئەناركۆ-فێمینیستی دەبێت جیا لە پیاوان و دابڕاو لە تێرامانە ئەناركیستییەكانی دیكە خۆیان ڕێكبخەن و كاربكەن، یا ڕۆدۆڵف ڕۆكەر [Rudolf Rocker] نەھاتووە بڵێت ھەڵگرانی ئایدیای ئەناركۆ-سەندیكالیستی بە جیا لە ھەڵگرانی ڕەوتەكانی دیكە خۆیان ڕێكبخەن و ھەروا پیتەر كرۆپۆتكین و ئەوانی دیكەش ھەروا نە خۆیان و نە تێڕانین و تێزەکانیان جیا لە گشتییەتی بزووتنەوە، نەخوستووەتە ڕوو.

نەخێر، ئایدیا ئەناركیستییەكان و تێڕامانەكان تەنیا ئەڵتەرناتیڤی ئەناركیستەكان بوون لە بەرانبەر ھەژموون و كاری چەپ و ڕاستدا، بەواتایەكی دیكە ئەناركۆ-سەندیكالیزم شێوازی ڕێكخستنی ڕێكخراوەی جەماوەریی ئەناركیستییە، واتە كاتێك ئێمە ڕێكخراوێكی ژنانمان ھەبێت و ئاراستەی ئەنارکیستی ھەبێت، خۆبەخۆ خۆڕێكخستنی لە خوارەوەرا و ئاسۆیی دەبێت، واتە پێكھاتەی قوچكەیی ڕێكخستن و ڕێكخراو ڕەتدەكەنەوە، ئەمەش ئەڵتەرناتیڤی ئەناركیستییە لە بواری ڕێكخستندا، كە دەكاتە [ئەناركۆسەندیكالیزم]، یا ئەگەر ڕێكخراوێك، ھەرەوەرزییەك، سەندیكایەكی كرێكاریمان ھەبێت، ئەوا ئەناركۆ فێنمینیستەكان لەسەر بنەمای خەباتی ھاوبەش بۆ لەنێوبردنی ھەڵاواردنەكان لەو ڕێكخراوەدا، لەسەر بنەمای تێڕامانە ئەناركۆ فێمینیستییەكان، دژایەتی ھەموو دووبەرەكییەك و ھەر ھەڵاواردنێك لەسەر بنەمای ڕەگەزیی دەكەن. بەم جۆرە هەروا تێڕامانی ئەنارکیزمی تاكگەرا و كۆمونیستی و ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆست و بوارەكانی دیكە تەواوكەری بزاڤی ئەناركیستین، نەك باڵێك و ڕەوتێكی دابڕاو و خۆڕێكخستوو بەجیا لەوانی دیکە، بەڵکو بە هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان و تێڕامانەکانەوە، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەند پێکدەهێنن [بزووتنەوەی ئەنارکیستی]. ھەر كات بزاڤی ئەناركیستی بەو ئاراستەیە چوو، كە وەك چەند باڵێك خەباتبكات، ئەوا ئەو كاتە ئیدی تەنیا بریتی دەبێت لە چەند كۆمەڵەیەكی مەزھەبی و سكتاریستی وەك پارت و گروپە ماركسیست و لیبراڵ و ناسیونالیست و ئایینییەكان.

*************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg
بەشی حەوتەم: http://wp.me/ppHbY-Jo
بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv
بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JO
بەشی دەهەم : http://wp.me/ppHbY-JZ

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان (١٠)

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان (١٠)

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن

بەشی دەهەم

شتێك كه‌ لای من پرسیار دروستدەکات، خه‌یاڵیبوونی ئایدیاكانتانه‌، ئاخر ئه‌م دونیایه‌ چۆن به‌بێ ده‌سه‌ڵات و ڕێكخستن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئایا بیرتان له‌و به‌ربه‌ریه‌ته‌ كرودووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ غیابی ده‌سه‌ڵاتدا ڕوو ده‌دات؟

با له‌ كۆتایی پرسیاره‌كه‌ته‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌م، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر لەم‌ چركه‌دا و هه‌ر ئه‌م ساته‌ كه‌ تۆ پرسیارت تێدا ‌كردووه‌، كۆمه‌ڵگه‌ به‌ پێكهاته‌كانی و مرۆڤه‌ له‌خۆ نامۆكانییه‌وه‌ بگوێزیته‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد [ئەنارکی]، وێرانه و بێسەرەوبەرەیییه‌ك ڕووده‌دات، هەر مەپرسە [بێسەرەوبەرەیی نەك “بەربەریەت”]. ئینجا با كه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌م واژه‌ شیرینكراوه‌ی ده‌می چه‌په‌كان بووه‌ستم، “به‌ربه‌رییه‌ت” كه‌ وەك چەمك و واتا كرواوه‌ته‌ پێوه‌ری دڕنده‌یی؛ پێوه‌رێكی زۆر سته‌مكارانه‌یه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌ژادپه‌رستانه‌ی هه‌یه‌، كه‌ به‌كاربه‌رانی؛ ئه‌وروپییه‌ باڵاده‌سته‌كان و پێش ئه‌وانیش خێڵه‌ باڵاده‌سته‌كان بۆ په‌سه‌ندی دەسەڵات و زۆره‌ملێیی و ڕه‌وایه‌تیدان به‌ دڕندایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ره‌نگاریی “به‌ربه‌ر”ە‌‌كان، وه‌ك دەسەڵاتی زاڵ و ده‌نگی زاڵ (فه‌رهه‌نگی زاڵ)، له‌نێو زمانه‌كانیاندا به‌ سه‌ری ڕمه‌كانیان شوێنیانكردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و فه‌رهه‌نگی فاشیسته‌ توركه‌كاندا بەرهەڵستکاریی كورده‌كان کراوەتە سیمبولی کێوییبوون و نه‌زانی و پله‌خوارییان لە بەراورد بە تورکزمانەکان!

ئازیزم، پێت چۆنه‌ كه‌سێك بێت و لە جیاتی واژه‌ی نامرۆڤانه‌ی “به‌ربه‌ریه‌ت”، واژەگەلی “كوردیه‌ت” یا “ماركسیه‌ت” یا “ئیسلامییه‌ت” یا “پیاوه‌تییه‌ت” و “ژنایه‌تییه‌ت” به‌كاربه‌رێت؟ به‌بۆچوونی من كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چه‌په‌كان، كه‌مێك له‌و واژانه‌ و دەستەواژانەی كه‌ بوونه‌ته‌ بنیشته‌خۆشه‌ی نێو ده‌میان، وردببنه‌وه‌ و مێشكیان له‌ ته‌پوتۆزی په‌رتووكخانه‌ و مۆزه‌خانه‌كانی ئه‌وروپا پاكبكه‌نه‌وه‌. ده‌بێت چی له‌وه‌ سته‌مكارانه‌تر و دڕندانەتر بێت، كه‌ مرۆڤێك به‌ناوی ئازادیخوازی و سۆشیالیستبوونه‌وه‌ بێت و بنێشتی هه‌ڵبزركاوی ده‌می مرۆڤه‌ باڵاده‌سته‌ دڕنده‌كانی ١٤ تا ٢٠ سه‌ده‌ پێشتر بجوێته‌وه‌؟ ئایا لەو بارەوە هه‌ست به‌ هاوبه‌شی له‌و تاوانه‌ نه‌ژادپه‌رشتانه‌یه‌ی، کە بەرامبەر ئێتنیی “بەربەر”ەکان كراوه‌ و به‌ سه‌ده‌كاندا درێژبووه‌ته‌وه،‌ ناكه‌یت؟ ئایا هه‌ر ئێستا و له‌ ده‌وروبه‌رماندا، له‌ دونیای دیمۆكراتی درۆینه‌ی نیئۆلیبراڵه‌كاندا، له‌ دونیای كریسته‌ ژن سوتێنه‌ر و ملپه‌ڕێنه‌كاندا، له‌ سایه‌ی په‌یامه‌كانی یه‌هوودا و موحه‌مه‌د دا، له‌ مێژووی بزاڤی چه‌كداری كورددا، له‌ مێژووی ده‌سه‌ڵاتداری ماركسیسته‌كاندا، هه‌زاران نموونه‌ی شایسته‌ و گونجاو بۆ پێوه‌ری دڕندایه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌ به‌دیناكرێن، یا ئه‌وه‌تا ئایدیۆلۆجیا چاوی كوێر و زمانی لاڵ و گوێی كه‌ڕ كردووین؟

ئینجا ئه‌زیزم، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئه‌ناركیسته‌كان به‌ڵێنی سه‌رخه‌رمان و کولیچەخوارن لە ئاسمانیان به‌كه‌س نه‌داوه‌ و پێیانوانییه،‌ ئه‌گه‌ر دەسەڵات له‌ ده‌ستی ئه‌وانیشدا [ئەنارکییەکاندا] بێت، له‌وه‌ی ئێستا باشتر بێت و هه‌روه‌ها بە بۆچوونی من، ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان به‌و ده‌قگرتنه‌ی ئێستاوه،‌ شوانه‌یی خۆیان به‌كه‌سانی دیكە [ته‌نانه‌ت به‌ خودی ئه‌ناركیسته‌كانیش] بسپێرن، ئه‌وا نادادپه‌وه‌ری تۆزقاڵێك له‌وه‌ی ئێستا كه‌متر نابێت، [ هه‌روه‌ك له‌ ڕاپەڕینی ١٩١٧ی ڕوسیه‌دا، له‌ ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێراندا دیتمان]، جێگره‌وه‌كان سته‌مكارتر و دڕه‌نده‌تر ده‌بن. ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر یه‌ك هۆی ساده‌ و ئاشكرا؛ دەسەڵات ئامرازی سه‌ركوته‌ نه‌ك ئامرازی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری. بۆ کەسێك کە خۆی به‌ شه‌یدای دادپه‌روه‌ری، ئازادی، یه‌كسانی بزانێت، با له ‌ده‌روه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدیاكانی دەسەڵاتخوازییه‌وه‌ بۆ ئەو ئامانجانه‌ بگه‌ڕێت، بە ئاسانی لەم سەلمێندراوانە تێدەگات. ئایا هه‌زار و ملیۆن بار بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی بێهوودەیی گۆڕینی ئه‌م ڕابەر به‌و ڕابەر، ئه‌م شێوە‌ ده‌سه‌ڵات به‌و شێوە‌ لە ‌دەسه‌ڵاتداریی، ئه‌م سه‌ركۆكۆمار به‌و سه‌رككۆمار، ئه‌م پارت به‌و پارت، به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی تاوێك له‌ خۆمان و مێژوو و بیركردنه‌وه‌مان ڕابمێنین؟

وه‌ك گوتم، تا ئه‌وه‌نده‌ من بزانم و تا ئه‌وێنده‌رێش كه‌ من باوه‌ڕم پێییه‌تی و بۆی ده‌چم، ئه‌ناركیسته‌كان پایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ له‌ ده‌روونی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بنیاتده‌نێن و پێیانوایه‌ هه‌روه‌ك پایه‌كانی سه‌رمایه‌داری و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌كانی فیئۆدالیزم (ده‌ره‌به‌گایه‌تی) له‌نێو خودی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا سەریانهەڵداوە‌ و په‌ره‌یانسه‌ند‌ووه‌ و شه‌قیان به‌ سیسته‌مه‌كه‌ی بردووه‌، ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ و وێرانگه‌ری ئه‌م سیسته‌مه‌ش له ‌هه‌ناوی خۆیدا له‌دایكده‌بێت و پێویستە له‌م ڕۆژگارەدا پایه‌كانی ڕۆبنرێن. هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌ناركییه‌كان به‌و بۆچوونه‌ ده‌گه‌یێنێت، كه‌ ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ خه‌باتكاره‌كان [چ كۆمیته‌ی كارخانه‌كان، چ سۆڤییه‌ته‌كان، چ هه‌ره‌وه‌زییه‌كان، چ سه‌ندیكا و یه‌كێتییه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ پاشكۆی دەسەڵات و پارته‌ ڕامیارییه‌كان نین و سه‌ربه‌خۆیی چینایه‌تی و ڕامیاریی خۆیان ده‌پارێزن] ته‌نیا ئامرازی به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند دۆلارێك كرێی زیاتر و كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌ند خوڵكه‌كێك [ده‌قیقه‌یه‌ك] ماوه‌ی كار نین، به‌ڵكو فێرگه‌ی هوشیاربوونه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌بوونی مرۆڤی نوێن، ئامرازی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێن، هه‌ر ئەم ڕۆژ و له‌نێو ئه‌و ئۆرگانانه‌دا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیسته‌می چینایه‌تی هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت و ده‌بێته‌ بەشێك له‌ بیركردنه‌وه‌ و كار و چالاكی ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌ندامه‌كانی. من ده‌زانم ده‌ركی ئه‌مه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ ئه‌ندامی ڕێكخراوێكی ڕامیاریی بێت، كه‌ مانگانه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ی مووچه‌ له‌ فەرمانداریی [حکومەتی] بۆرجواكان وه‌رده‌گرێت یا نوێنه‌ریان له‌ پارله‌ماندا ڕێز بۆ سه‌روه‌ری یاساكان داده‌نیت و سنووره‌كانی سه‌روه‌ری چینایه‌تی وه‌ك مه‌جی به‌هره‌مه‌ندبوون له‌و كورسییه‌ خوێناوییه‌ ده‌پارێزێت، ڕێكخراوه‌ به‌ناو جه‌ماوه‌رییه‌كانی وه‌ك یه‌كێتییه‌ زه‌رده‌كانی ده‌سه‌ڵات، پاشكۆی فه‌رمانه‌كانی نێوه‌ندی پارت و لیده‌ره‌كانی پارتن، بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌ ڕۆژانه‌ییه‌كان، ده‌گه‌رێنه‌وه‌ نێو په‌رتووكه‌ زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كان و له‌ مۆزه‌خانه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا بۆ وێناکردنی كەتواری ئەم ڕۆژگارە ده‌گه‌ڕێن، دەرککردنی بۆ ئەوان ئاسان و گونجاو نییه‌. چونكه‌ بۆ ئەوان له‌ ده‌ره‌وه‌ی دیواره‌كانی پارت و پارله‌مان و فەرمانداری و دەوڵەت و ده‌قه‌ سواوه‌كان، دونیای كه‌تواریی نابینێت.

ئه‌ناركیسته‌كان قسه‌ له‌ په‌روه‌رده‌بوونی توخمی شۆڕشگێرانه‌ له‌ ه‌ەناوی خه‌باتی ڕۆژانه‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌وان وه‌ك په‌یامبه‌ر و ئایینداره‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ فتوای خه‌بات ناده‌ن، ئه‌وان، لەو باوەڕەدان‌ چ خۆیان و چ كه‌سانی نائه‌ناركسیتیش ته‌نیا له‌ ڕه‌وتی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی ڕۆژانه‌ی چین و توێژه‌ بنده‌سته‌كاندا هوشیارییان په‌ره‌ده‌ستێنێت و هوشیاریی مرۆڤ به‌رهه‌می كارلێكی ماددیانه‌ی خۆی و ده‌روبه‌رەکەیەتی‌. كرێكارێك تا ده‌ست بۆ مانگرتن و داخوازی نه‌بات، دوژمنایه‌تی خۆی و خاوه‌ندكاره‌كه‌ی وەك ئەوەی هەیە ناناسێت، تا كاتێك مانگرتنی گشتی و به‌رده‌وام نه‌بێت، ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ چینایه‌تیبوونی ده‌سه‌ڵات و فەرمانداریی و پارله‌مان و دەوڵەته‌كانیان هه‌ستپێناكه‌ن، تا كاتێك كه‌ تاكێك خۆی به‌ خۆبیركردنه‌وه‌ و خۆبریاردان و خۆجێبه‌جێكردن و خۆلێپرسراوه‌تی هه‌نگاونه‌نێت، هه‌ست به‌ سته‌مكاری و مشه‌خۆری و ناپێویستیی ڕابەران و سه‌رانی بریارده‌ری نێو ڕێكخراوه‌ به‌ناو جه‌ماوه‌رییه‌كانی پاشكۆی پارت و دەسەڵات ناكه‌ن.

تاکی ئازادیخواز‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خودهوشیارییه‌ی، كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بوون و له‌ هەڵوێستی و سه‌راپای بیركردنه‌وه‌ی دەسەڵاتداران له‌ مێشكیدا ده‌سڕێته‌وه‌ و بە گوێرەی ئەوە ئازادی له‌ ناخیدا سەرهەڵدەداتەوە [سەرهەڵدەداتەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤ لە لەدایکبووندا بە سروشت ئازادە و ئەوە ڕێساکانی کولتوور و یاساکانی سیستەمی ڕامیارین، کە ملکەچیدەکەن]، ئیدی ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت كه‌س بكاته‌ شوانه‌ی خۆی یا ڕێگە‌ به‌خۆی بدات ببێته‌ شوانه‌ی كه‌سانی دیكە، بەو جۆرە بۆ ئەو ئه‌سته‌م دەبێت، کە به‌ ڕیكلامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به‌ڵێنه‌كانی سه‌رخه‌رمانی پارته‌كان و به‌هه‌شته‌ به‌ڵێندرواوه‌كه‌ی خۆبه‌پێشڕه‌وزان و ڕابەرزان فریوبخوات. ئا لێره‌وەیە، کە‌ ئەنارکییەکان‌ قسه‌ له‌ دونیای بێسه‌روه‌ر و نافەرمانداریی و ناده‌وڵه‌تیی ده‌كه‌ن و لەسەر بنەمای هاتنەمەیدانی ئەو تاکە خودهوشیارانە و یەکگرتنەوەیان لە یەکێتی خەباتی جەماوەریی و کۆمەلایەتییدا، وێنای کۆمەڵگەی ناچینایەتی بێسەروەر دەکەن، نەك حەز و خەیاڵی دابڕاو. هەروەها ڕێکەوتنی ئازادانەی کۆمەڵایەتیی دەکەنە بنەمای پێکەوەژیان و کۆمەڵ نەك دەوڵەت وەك سەپێنەری سیستەمی ڕامیاریی و هەڵوەشێنەرەوەی بنەما کۆمەڵایەتییەکان.

کاتێك کە تۆ بڕوات بە توانا و ویستی سەربەخۆی تاکەکان هەبوو و هەموو گۆرانێكت لە بوون و نەبوونی ئەو ئامادەییە خودهوشیارییەدا بینی، ئیدی خۆبەخۆ کار و چالاکیشت بەو ئاراستە دەبن و یەکگرتنەوەشت لەتەك هەر تاك و گروپێکیشدا لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت. کاتێك کە بزووتنەوەیەك بەو ئاراستە بوونی هەبێت، بەدڵنیاییەوە گۆڕانەکان ناتوانن لە دەرەوەی ویستی تاکە ژێردەستە شۆڕشگێڕەکانە ڕووبدەن و سەراپا بەشێك نابن لە سیناریۆ بێئەژمارەکانی دەوڵەت و پارت و دەستەبژێرە دەسەڵاتخواز و بەرتەریخوازەکان. بەواتایەکی دیکە مێژووی گۆڕانەکان، پراکتیکی تاکە هوشیارەکان [چ دژە دەسەڵاتەکان ، چ دەسەڵاتخوازەکان] دەینووسێتەوە و لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا هیچ مێژووییەك بەبێ ئەو دوو کاراکتەرە بوونی نییە، بۆ نموونە لە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا و پاش سەوکەتنی ڕاپەڕینەکە، مێژوو بەم جۆرە ڕەوتدەکات؛ پێش ڕووخانی ئیمپراتۆری تزاریی و فەمانداریی کاتیی، ئەو مێژووە بریتییە لە ململانێی نێوان جەماوەر و ئیمپراتۆری، پاش ئەوە بە ململانێی نێوان دژەدەسەڵات و دەسەڵاتخوازەکان درێژەی دەبێت، واتە شۆڕش و دژەشۆڕش، کڕۆنشتات دیاریکراوترین نموونەی ئەو ململانێییە!

له بەرانبەر دەوڵەت و یاسا شمشێرییه‌كانی، لە جیاتی فەرمانداری تاكپارتیی دیكتاتۆرییه‌تی پارت، ئـەنارکییەکان‌ كار و خه‌بات بۆ پێكهێنانی هه‌ره‌وه‌زییه‌ ئازاده‌كان و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئازادانه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای فیدرالیزمی ئه‌ناركی، ده‌كه‌ن [لێرەدا مەبەست لە فیدرالیزمی سەروەرانە نییە، کە بریتییە لە یه‌كگرتنی ده‌سه‌ڵاتدار و دەوڵەتە‌ ناوچه‌ییه‌كان]. ئەناکییەکان‌ باس له‌ گۆرین و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ، باس له‌ خه‌بات و بڕیاردان له‌لایه‌ن خودی مرۆڤه‌كان [ تاكی توێژ و چینه‌ بنده‌سته‌كان] ده‌كه‌ن. ئەنارکییەکان‌ لەو باوەڕەدان کە هیچ هێزێك ناتوانێت ڕزگارگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكە بێت، هیچ كه‌سێکیش ناتوانێت كه‌سێکی دیکە ئازادبكات. چونکە‌ ئازادی له‌ ناخی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ سەرهەڵدەداتەوە، لە دەرەوە موتوربه‌ ناكرێت، ئازادی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆهوشیاری تاكه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قاڵبوونی مرۆڤه‌ له‌ ڕه‌وتی ئه‌زموونه‌كانیدا، ئازادی دیارییەك نییه‌، تاکو پێشكه‌شبكرێت. جیاوازی مرۆڤی ئازادئه‌ندێش و مرۆڤی پاشڕه‌و له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ مرۆڤی ئازادئه‌ندێش ناخی ئازادیستانێكی بێسنووره‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا ناخی مرۆڤی پاشڕه‌و (ئیدی پاشڕه‌وی هه‌رچی بێت چ خوا و چ ڕابه‌ر و چ باوك و چ خۆشه‌ویست و چ پارت و چ پارله‌مان و چ فیلۆسۆفان) زیندانێكی نیو میتر گۆشەیه‌، كه‌ جوڵه‌ و پشوو و ئارامی لێبڕیوه‌. تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری جاری ئاوا هه‌یه،‌ ته‌نیا یه‌ك زیندان له‌ ناخیدا نییه‌، به‌ڵكو چه‌ندین زیندان هاوكات له ‌نێو یه‌كدیدا له‌ ناخیدا دروستده‌كرێن و خۆشی ده‌بێته‌ پاسه‌وانی به‌خۆرایی هه‌موو زیندانه‌كان و ڕێگه‌ له‌ هه‌ر ده‌نگ و ئایدیایه‌ك ده‌گرێت، كه‌ بیه‌وێت پرسیار و گومان لەسەر ئایدیۆلۆجیاکانی دروستبکات.

لێرەدا بۆ ئەوەی وەڵامەکەی من نەبێتە بیرۆکەیەکی تەواو و بڕاوە، منیش پرسیارێك ئاراستەی تۆ دەکەم و هیوادارم وەڵامەکەی لەنێوانمدا پەیوەندی و مشتومڕی گەرموگوڕتر دروستبکات؛ ئایا ئازادبوون و ڕزگاکردنی تاك لەلایەن هێزی سەرووی خۆیەوە؛ ئایا چەندین سەدە لە ئەزموونکردنی ڕابەرایەتییکردنی چەوساوان لەلایەن دەستەبژێرێکەوە و دروستکردنی “کۆمەڵگەی ئازاد” بۆ ئەو چەوساوە پاشکۆ و داماو و دەستەمۆیە و پاشان توانەوەی پەشمەکییانەی ڕۆڵ و دەسەڵات [دەوڵەت]ی ئەو دەستەبژێرە، ناکەتوارییە یا ئازادبوونەوەی ناخی تاك و خۆڕزگارکردن و بنیاتنانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی یەکێتی و هەرەوەزیی و شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە ؟

ئایا هۆمۆسێكسوێڵ و بیسێكسوێله‌كان له‌نێو ئێوه‌دا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه‌؟

ئەگەر مەبەستت لە “لەنێو ئێوەدا” گروپە پاگەندەییە ئەناركییەكان بن، ئەوا بەشداران لەو گروپانەدا تەنیا هاوئامانجی و ھاوھزریی كۆیاندەكانەوە. نەتەوە و ئایین و ڕەنگی پێشت و ڕەگەز و جیاوازی ئارەزووی سێكسیی و چێژی خواردن و جوانیناسی ھونەریی و كولتوور ھیچ ڕۆڵێكیان لە پێكەوەكاركردنی بەشداربوواندا نییە. لەوەش واوەتر ئاراستەیەك لەنێو ئەناركیستەكاندا بە ئەنارکۆ- بیێكسوال یا ھۆموسێكسواڵ ناسراوە و سیموڵەکەیان ئاڵای ڕەش و ئاڵ یا پەمەییە.

بەڵام پێویستە ئەوە ڕۆشبێتەوە، كە ئەناركییەكان بەو ڕادەیەی كە پێداگریی لەسەر ئازادی ھەوەس و ئارەزووی سێكسیی ھاوسێکسگەرا [ھۆمۆسێكسوالەكان] و دوودەكیان [بیێكسوالەكان] دەكەن، لەو ڕادە زیاتر دژایەتی ئەو ھاوسێکسگەرا و دوودەكیخوازانە دەكەن، كە كەسانی دیكە ناچار بە ملدان بە حەز و ھەوەسیان دەكەن، بەتایبەت ئەتكی منداڵان، كە بەداخەوە لە زۆر وڵاتدا لە نێوانیاندا لە پارچەكانی كوردستان و ھەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی، منداڵبازیی و توندوتیژی سێكسی و ئەتككردن لەژێر پەردەی ھاوسێکسگەراییدا شادراوەتەوە و خەریكە كەسانێك بەناوی ئازادی حەزی سێكسییەوە، پشتیوانی و داكۆكی لە كەسانێك دەكەن، كە لە گەڕەكە ھەژارنشینەكان و شوێنەكانی كاری منداڵان و فێرگەكاندا، ئەتكی سێكسی منداڵان دەكەن. ئەمە زۆر مەترسیدارە و هیچ جیاوازی لەتەك ئەو توندوتیژییەدا نەبینرێت، کە لەم ڕۆژگارەدا لە کۆمەڵگەکەماندا بەرامبەر خودی هاوسێکسگەراکان دەکرێت.

لەبەرئەوە، ھەر بەو جۆرەی كە ئەركی ئازادیخوازانەمانە، پشتیوانی لە ھاوسێکسگەرا و دوودەكی و فرەدەکیخوازیی كەسانی سەروو ١٨ ساڵ بكەین و پشتیوانی لە ڕێكخستن و ڕێكخراوە مافخوازانەكانیان بكەین، دەیان جار لەوە زیاتر ئەركی سەرشانمانە دژایەتی ئەتككردنی سێكسیی منداڵان و كەمئەندامان و ئاژەڵان بكەین و لەو پێناوەدا و بۆ ڕێگریی لەو دیاردە دژە مرۆیی و دژە ئاژەڵییە، ڕێكخراوەی جەماوەریی خەباتكارانە پێكبھێنین. پێویستە زۆر ڕاشكاوانە ئازادی سێكسیی لەتەك ئەتك و توندوتیژی سێكسیی جیابكەینەوە و ھەڵوێستگیریی ئاشكرا و ڕۆشنمان بەرامبەر و بۆ ھەر یەكەیان ھەبێت.

بەڵێ، بەو جۆرە هەموو کەسێك، کە بۆ بژێوی ژیان و بۆ تێرکردنی ئارەزوو و هەوەسی خۆی، کەسانی دیکە ناچار و ملکەچ و ئەتكنەکات و مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەژاد و ئایین و ڕەنگی پێست و ئارەزووی سێکسیی و زمان و پۆشاك شێوەی ژیان هەڵاوێرنەکات و خوازیاری کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی بێسەروەربێت، دەرگەی هەموو گروپێکی ئەنارکی بەڕوویدا کراوەیە.

چۆن ده‌روانه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هۆمۆسێكسوێل، هه‌ڵوێستتان چییه‌، ئایا ئه‌و ئازادییه‌یان پێ ره‌وا ده‌بینن؟

بەداخەوە زۆر جار ئەم پرسیارانە لەبەر هەستیاریی كولتوریی كۆمەڵگە بەرامبەر ئەو پرسانە دینە پیشەوە و زۆرجاریش دەكرێنە ئامرازی وروژاندنی خۆشباوەڕیی خەڵك و شێواندنی ڕاستی. بەبۆچوونی من هەر ئاوا من و بەڕێزت و كەسانی دیكە حەزمان بە جۆرێك لە پەیوەندی سێكسی دیاریكراو [ژن لەتەك پیاو / پیاو لەتەك ژن] هەیە و ئەو مافە بەخۆمان ڕەوادەبینین، هەر ئاواش كەسانی سێکسگەرا یا هۆمۆسێكسوێل مافی خۆیانە و كەس بۆی نییە، ئەوەیان بۆ دیاریبكات؛ كامە شێوە لە پەیوەندی دروستە و كامە نادروستە، كامە ڕەوایە و كامە ناڕوایە. هەروەها هەر ئاوا بۆ پیاوێك یا ژنێكی سەروو ١٨ ساڵ نییە لەتەك منداڵێكی كوڕ یا كچ پەیوەندی سێكسی بگرێت، هەر ئاواش نابێت كەسانی هاوسێکسگەرا یا فرەجۆرسێکسگەرا لەتەك منداڵان پەیوەندی سێكسی بگرن، هەر ئاوا دژی پەیوەندی زۆرەملێیانەی ژن یا پیاوێكم لەتەك ژن یا پیاوێك، هەر ئاواش دژی پەیوەندی زۆرەملێیانەی سێکسگەراێكم دژی سێکسگەراێك یا هەر كەسێكی دیكە، بەڵام من كوێخای كەس نیم و بۆ من نییە بە هیچ كەسێك بڵێم؛ تۆ ئەوە بكە و ئەوە مەكە، ئەوە ڕەوایە و ئەوە ناڕەوایە، ئەو مافتە و ئەو مافەت نییە!

بە بۆچوونی من، ئارەزوو و حەزی سێكسی شتگەلی تایبەتی و كەسیین و تەنیا پەیوەندییان بەو كەسەوە هەیە، كە بە كردن یا نەكردنی هەڵدەستێت. بۆیە لای من هەموو پەیوەندییەكی سێكسی تا ئەو ڕادەیەی كە نەبێتە هۆی ناچاركردن و چەپاندنی ئارەزوو و حەزی كەسانی دیكە، دروست و ڕەوایە، هەر ئاوا کە بار یا جۆری پەیوەندییە سێكسییە باو و دانپێدانراوە كولتورییەكە ڕەوادەبینرێت، واتە ئەوەی كە پێیدەگوترێت پەیوەندی سێكسی ڕاستەوانە؛ پەیوەندی سێكسی نێوان ژن و پیاوی پشتبەستوو بە ڕەوایەتی كولتووری. بەڵام لێرەدا زۆر بەپێویستی دەزانم بە پێچەوانەی ئەو كەس و گروپ و لایەنانەی كە بە پاگەندەی یەكسانیی هەمووان، تەنیا بە خاتری بەدەستهێنانی دەنگ و لایەنگیری كەسانی ژێر فشاری كولتووری و سێكسی، پاگەندە دەكەن و هیچ ئاوڕ لە ڕەهەندە نیگەتیڤەكانی پاگەندەكانیان كە دۆ و دۆشاو تێكەڵدەكەن نادەنەوە، ئەوە دەستنیشانبكەم و ڕاستیبكەمەوە، كە منداڵبازی یەكسان نییە بە ئازادی پەیوەندییە سكسییەكانی وەك سێکسگەرایی و فرەڕەگەزبازی، كە لە وڵاتانی خۆراوا پاش خەبات و قوربانیدانێكی زۆر ئەو ئازادییانەیان بەدەستهێناون. ئازادی سێکسیی تەواو پێچەوانە و جیاوازە لە سێکسگەراییەك كە لە كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە، لەژێر فشار و چەپاندنی سێكسیدا لاوان تووشی منداڵبازی دەبن.

هەڵبەتە من نامەوێت بڕیاری سزاواری بەسەر كەسدا بدەم، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم لە پێش منداڵبازانەوە خودی كۆمەڵگە و دەسەڵاتە كولتووری و ڕامیارییەكەی، دنەدەری ئەو تاوانەن بەرانبەر منداڵان. چونكە لەلایەك لەبەر دابیننەبوونی بژێو و خەرجی ژیان و خوێندنی منداڵان، منداڵان بەهۆی کارەوە ناچار بە ملدان و تێکەڵبوون بە منداڵئەتککەران دەبن و دەکرێن، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی نەبوونی پەروەردەی دروستی سێکسیی لاوان و هەبوونی بۆشایی لە ژیانی سێكسی لاواندا ئەو بارە ناتەندروستە سێكسییە دروستدەبێت. لێرەدا نامەوێت بڵیم ئەگەر ئازادی سێكسی هەبێت ئیدی لادان و نادروستیی ئارەزووی سێكسی لای لاوان دروستنابێت، لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا’ش كە ئازادی سێكسی هەیە، هەم یانەی سێكسفرۆشی و هەم پەلاماردانی سێكسی بۆ سەر منداڵان هەیە، بەڵام بە ڕادەیەی وڵاتانی دیكە نییە و لە دەركەوتنی ئەو بارەدا منداڵە ئەتککراو و هەراسانکراو و پەلاماردراوەکە، وەك تاوانبار سەیرناكرێت بەڵكو وەك قوربانی كار لەسەر دروستكردنەوەی باری دەروونی متمانە بەخۆبوونی دەكرێت.

لەم بارەوە دەبێت ئەوەش بڵێم، کە بەداخەوە لە پەیڕە و پرۆگرامی ئەو نێوەند و گروپانەدا، كە بەناوی سێکسگەرایانی كورد و کوردستانەوە دروستبوون، سەرنجی ئەم لایەنە گرنگەی پرسەکە نەدراوە و گرنگیان بەوە نەداوە و ڕەتیاننەكردووەتەوە و سنووربەندی نێوان خۆیان وەك كەسانی سەروو ١٨ ساڵ و ئازاد لە پەیوەندی سێكسی، لەتەك منداڵبازانێك دیاریناكەن، كە لەم ڕۆژگارەدا لە دیاردەی تاك و تەراوە بوونەتە دیاردەیەکی باندیانەی دەڵاڵانی نێو شارەکان. ئەمە جێگەی نیگەرانییە و مژدەدەری داهاتوویەكی ئازاد و مافی ڕەوا بۆ سێکسگەرایان نییە، بەڵكو وەك هەموو گۆڕانە ڕواڵەتییەكانی دیكە لە ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكدا، ڕەنگدانەوەی یاسای كڕین و فرۆشتن و ملكەچی بێدەسەڵات بۆ دەسەڵاتدار ( چ دەسەڵاتداری ئابووری و ڕامیاریی، چ ڕەگەزیی) لەسەر دەبێت. بە بۆچوونی من، ئەم نادەربەسییە تەنیا شایانی ئەفسووس نییە، بەڵكو شایانی ڕەخنەی پەیگیر و كارا و ڕوخێنەرانەشە، کە هەر یەك لەوانەی دەرکیدەکەن، بەرانبەر ڕۆڵی دەربەستانەی خۆیان لێپرسراویاندەکات.

ڕای تۆ سەبارەت بە دەوڵەتی نەتەوەیی و كەمپەینەكانی ڕاپرسی بۆ جیابوونەوە چییە؟

ئەگەر بە دەستەواژەیەكی زۆر كورت وەڵامبدەمەوە، ئەوا «دەوڵەتی نەتەوەیی» تەنیا درۆیەكی پیرۆزە و بەس! چونكە دەوڵەت لە خۆیدا ئامرازی بەزۆرڕاگرتن و سەركوتی چین و توێژە بندەستەكانی كۆمەڵگەیە، ئیدی ئەو دەوڵەتە هەر فۆرمێكی هەبێت؛ مەزهەبی بێت یا سكیولار ، پارلەمانی (سەرماداریی ئازاد) بێت یا تاكپارتیی (سەرمایەداریی دەوڵەتی)، پاشایەتی بێت یا كۆماری، هیچ لە كڕۆكە چینایەتییەكەی ناگۆڕێت و هیچ لە ئەرك و پێناوی سەرهەڵدانەكەی ناگۆڕێت.

بە بۆچوونی من، ئەو دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ شتێك كە لە کەتواردا بوونی نییە، ئەویش “دەوڵەتی نەتەوەیی”یە، هەڵبەتە لەبەرئەوە نا، كە دەوڵەت بەو ناوەوە بوونی نییە. بەڵکو لەبەرئەوەی قەوارەیەك كە پێیدەوترێت «نەتەوە» و لەسەر بنەمای زمان هاوبەش و پێكهاتەی كولتووری و سەرزەمینی نیشتەجێبوونی ئەو یەكە هاوزمانیی و هاوكولتوورییە پێكهاتووە، خۆی لە خۆیدا ناكۆك و بێبنەمایە. لەبەرئەوەی قسەكەرانی یەك زمان و یەك پێكهاتەی كولتووریی بەپێی ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتییان لە چین و توێژی بەرژەوەندی جیاواز و ناكۆك بەیەك پێكهاتوون. كاتێك كە دەوڵەت ئامرازی دەستی چینێك بێت و پارێزەری سەروەریی هەندێك بەسەر هەندێکی دیکدا بێت، ئیدی چۆن دەتوانین پاگەندەیەكی ئاوا بكەین، کە دەوڵەت دەربڕی خواست و ویست و ئارەزووی هەموو کۆمەڵ “نەتەوە”یە. ئەمە بێجگە لەوەی کە میکانیزمەکانی کارکردن و پێکهاتن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتیی، نۆژەنکەرەوەی سەرکوت و نایەکسانی ئابووریی و دەسەڵاتیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و چرکردنەوەی نێوەندگەرایی و پێکهاتەی قووچکەییە، هەروەها دەوڵەت وەك دەیبینین، لەنێوبەری بڕوابەخۆبوون و خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و سەربەخۆیی تاك و کۆمەڵە.

بۆ ئەوەی زیاتر نەچمە پای سەلماندنی ڕاستییەك، كە هەموو تاكێك تەنیا بە وردبوونەوەیەكی چەند خولەكی لە ڕۆڵ و كاركردەكانی دەوڵەت، دەتوانێت بەو سەرەنجامە بگات، لێرەدا تەنیا لە خوێنەران دەخوازم لە دووی وەڵامی ئەم پرسیارانە بن؛ ئەگەر دەوڵەت ئامرازی پاڕاستن و خزمەتكردنی هەموو تاكەكان و چین و توێژەكانی “نەتەوەیە”كە، بۆچی كاتێك كە هەر ئەو تاك و چین و توێژانە دژی جەنگ دەڕژێنە نێو شەقامەكان، پۆلیس و لەشكر و دەزگەكانی دەوڵەت بەر بەو ئازادییەی خەڵك دەگرن و سەرکوتدەکرێن؟ بۆچی كاتێك مانگرتنێك ڕوودەدات، هەموو میدیاكان و دەسەڵات لەژێر دێوجامەی “بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی” دەكەونە دژایەتیکردنی؟ بۆچی هەموو تاكەكانی “نەتەوە” وەك یەك لە سامان و داهاتی سەرزەمینی “نەتەوە” بەهرەمەند نین؟ [ لێرەدا كورد و كوردستان دەكەمە نموونە] بۆچی كوردانی هەڵهاتووی ئێران و توركیە و سووریە، ناتوانن وەك هەر تاكێكی دیكەی باشووری كوردستان ژیانی ئاسایی بكەن و مافی هاوڵاتییان هەبێت و خزێنراونەتە ئوردوگە داخراوەكان یا وەك “بێگانە/ نانەتەوەییەك” ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت؟ بۆچی هێندێك خاوەنی زەوی و خانوو و گرد و كارگە و بانكەكانی “نیشتمانی نەتەوەن” و زۆرینەیەكیش لەو “نیشتمانە نەتەوەیی”یەدا كرێچی و ماڵبەكۆڵ و ئوردووگەنشینن؟ بۆچی هەندێك سەروەر و زۆرینەش دەستبەسەرن؟ بۆچی کەمینەی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار مافی هەموو بڕیاردانێکی هەیە و زۆرینەی نەدار و بێدەسەڵات دەبێت ملکەچ ىێت، …تد ؟؟؟؟؟؟

ئەگەر لەمانەش بگوزەێین، ئەوا دیسانەوە ناتوانین دڕندەیی دەوڵەت و هۆكاربوونی دەوڵەتی بۆرجوازی ” دەوڵەتی نەتەوەیی” لە دروستكردنی كینە و جەنگ و كوشتاری تاكەكانی كۆمەڵگە لەتەك دەرەوەی خۆیان و نێوەوەی خۆیان، لەبەرچاو نەگرین! بۆ تێگەیشتن لەوە، با هەر كەسە لەجێی خۆیەوە دوور لە كینەسازی ئیدیۆلۆگەكانی ناسیونالیسم، لە ژیانی ڕۆژانەوە لە مێژووی تۆماركراوی نێو یاداوەریی پیرەكانمانەوە سەرنجی ژیانی كۆمەڵگەكان بدەین، بزانین لەكەیەوە مرۆڤەكان لەسەر پارچە پەڕۆیەكی پووچ (ئاڵا) و درۆی پیرۆزی “دەوڵەتی نەتەوەیی” خۆیان بەكوشتدەدەن و دەكوژرێن و پەلاماری خەڵكی دیكە دەدەن؟ لە كەیەوە لە كۆمەڵگەدا هاوسێ بووەتە دوژمنی هاوسێ و گوندێك دژی گوندێكی دیكە؟

لەوانە هەمووی گاڵتەجارتر ئەوەیە، كە كۆمەڵێك دێن و بۆ ئەوەی دەوڵەت لە ژێر باری ڕەخنە و سەرنجی تاك ڕزگاربكەن، دەكەونە پاگەندە و ڕازاندنەوەی دەوڵەت بە “سكیولار” و “نیشتمانی” و “مۆدێرن” و “لیبراڵ” و “سۆشیالیستی” و زۆر دەستەواژەی ناكۆك و نێوەڕۆكپووچی دیكە. لەوانەش گاڵتەجارانەتر، ئەوەیە، كە بڕوا بەخۆت بھێنیت، كە دەوڵەت چارەسەری نادادوەریی و نایەكسانییەكە، كە دەوڵەت بەخۆی وەك پێکهاتەیەکی قوچكەیی (ھیراشییانە) ڕێکخەری پەیوەندی سەروەر و ژێردەستانەی تاکەکانی کۆمەڵگەیە، بەخۆی ئافەرێنەر و پارێزەری نایەكسانی نێوان تاكەكانی یەك كۆمەڵگە یا تاكەكانی كۆمەڵگەی داگیركراو و تاكەكانی كۆمەڵگەیەكە، كە خۆی بەناوییەوە قوتبووەتەوە. ئەگەر قسە لەسەر خودی دەوڵەت بەبێ پاشگری “نەتەوە” بكەین، ئەوا لە ھەموو ئایدیا پڕۆ-دەوڵەتییەكان پووچتر ئەوەیە، كە پێتوابێت دەوڵەت لە خۆیەوە دەتوێتەوە یا جیاوازی چینایەتی لەنێوان نێوەڕۆكی دەوڵەتی “مەزھەبی” و “سێكیولار”دا ھەیە، یا ئەوەی پێتوابێت ئەگەر خۆت سەرۆكی فەرمانداریی دەوڵەتێك یا پارتەكەت فەرماندار بێت، ئەوا نێوەڕۆكی دەوڵەت دەگۆڕێت و لە لەنێوبەری ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریییەوە دەبێتە ئامرازی دابینكردن و پاڕاستنی ئەو خەونانە، وەك ئەو وڕێنانەی كە ماركسیست-لێنینیستەكان پێش ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧ دەیانكردن و ا ھەنووكە كۆمەڵێك پارت بەدەم ئەو وڕێنانەوە پاگەندەی خەباتكردن بۆ بەدیھێنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی دەكەن. لێرەدا تەنیا دەتوانین بڵێین ھەڵەكردن و نەزانین، گەمژەیی نییە، بەڵكو دووبارە و ھەزاربارەكردنەوەی ھەڵەی پێشینان و ھەوڵنەدان بۆ تێگەیشتن لە ھۆكاری ھەڵە و شكستەکان، دەبەنگبوونە لە سنووربەندیی ئایدیالیزمی ئایدیۆلۆجیادا !”.

دەوڵەت بەپێچەوانەی خەونی تاكی كۆمەڵگە داگیركراوەكانەوە، نە بەرەنجامی خەباتی ڕزگاری نیشتمانییە و نە درێژەی ئەو خەباتەیە، بەڵكو تەواو بەپێچەوانەوە لەباربەری خەونی ڕزگاریییە، كە تاكی كۆمەڵگەی داگیركراو لە پاڵ وەدەرنانی دەوڵەتی داگیركەردا، کە خۆی لەخۆیدا خەونی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی ھاندەرییەتی بۆ خەبات دژی دەوڵەتە داگیركەرەكە و لە بەرانبەر ئەو خواستە سروشتییەدا دەوڵەتی جێگرەوەی دەوڵەتی داگیركەر، بە ھەمان شێوە ھەموو ھێز و بۆ پاڕاستنی سەروەری چینایەتی و دارایی تایبەت و بەرتەری ھەندێك بەسەر ھەندێكی دیكەدا دام و دەزگەكانی دەخاتەگەر، کە دەکاتە ژێردەستمانەوەی [کۆیلەمانەوەی] ژێردەستان و گۆڕانی سەروەرانی داگیرکەر بە سەروەرانی هاوزمان! ئێمەی تاكی كورد ئەگەر دوایین بینەری ئەو ڕاستییە نەبین، ئەوا یەكەمین نین. بەچاوی خۆمان دیتمان كە چۆن دەزگە سەركوتگەرەكان ڕێكخرانەوە، چۆن بەکرێگیراوان و جەلادانی داگیركەر كرانە “چەکداری شۆڕشگێڕ” و چۆن نایەكسانی چینایەتی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردستاندا، لە سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی كورددا لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠١٢ گەیێنراوەتە ئەوپەڕی ڕادە. ئەگەر كەسانێكی دیكە پەیدادەبن و وەك گلەیی لە فەرمانداریی ئێستا، خەونی دەوڵەتێكی دیكە بەناوی “سێكیولاریست” و “سۆشیالیست” و “كرێكار”ەوە دەكەنە ئەڵتەرناتیڤی ئەوەی ئێستا، ئەوا دەتوانم بڵێم، لە دەوڵەتەكانی ڕوسیا و خۆرھەڵاتی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریكای لاتین و ئەفەریكا، کە بەناوی “سۆشیالیزم” و “پڕۆڵیتاریا”وە پرۆلیتاریا و سۆشیالیستخوازەکانیان سەرکوتدەکرد، باشتر نابن و لە بەرانبەر “سێكیولاریزم”ەكەشیان، لە دەوڵەتەكانی خۆرھەڵاتی ناوینەوە بگرە تا ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا، دەتوانین نیشانیانبدەین، بێجگە لە پێشینەی كوشتوبڕ و جینۆساید و دیكتاتۆری و جەنگە جیھانییەكان و بۆمبی ئەتۆمی و چەكی كیمیایی و بایەلۆجی و لەسێدارەنانیان، ھەنووكەش نایەكسانی ئابووریی تیایاندا بوونێكی نكۆڵیھەڵنەگرە و دەزگەكانی دەوڵەتە “سێكیولاریستەكان” ھەمان ئەرك و فەرمانی چینایەتی ئەنجامدەدەن، كە دەزگەكانی دەوڵەتە دیكتاتۆریی و مەزھەبیەکانی ئەفگانستان و عیراق و ئێران و سعودیە و ..تد ئەنجامیاندەدەن، نموونەی زیندووش لەو بارەوە، بڕواننە سەرکوتی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی بریتانیا دەهەی هەشتای سەدەی رابوردوو، سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی شیكاگۆی ئەمەریكا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو و سەركوتی خۆپیشاندانەكانی دژی جیھانگیری سەرمایەداری و جەنگەكانی لە بالكان و خۆرھەڵاتی ناوین و.. تد لە سەرەتای هەزارەی سێیەمدا لە کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئەمەریکای ژێر سایەی سەروەریی دێمۆکراسیی پارلەمانی و “دەوڵەتی نەتەوەیی” و “بەرژەوەندی نیشتمانی” !

*************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg
بەشی حەوتەم: http://wp.me/ppHbY-Jo
بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv
بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JO
بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JZ