ماکرۆن هەنگاوی یەکەمی تێشکانی ناوە ، هەنگاوی دووهەم و کۆتایی ماوە

زاهیر باهیر

25/03/2023

مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕازییەکان خۆیان دا لە  10 ڕۆژ کە ڕۆژ بە ڕۆژیش تەنانەت بە گوێرەی میدیای فەرمی ژمارەیان زیاتر و ڕک و کینەیان ئەستورتر و سووربوون لەسە داخوازییەکانیان توندتر بوونەتەوە.  بە گوێرەی میدیای فەرمی فەرەنسا خۆپیشاندەران و ناڕەزییان ژمارەیان 1.1 ملیۆن کەسن بەلام نقابە ژمارەکەی بە لە سەرو و 3 ملیۆن کەسەوە  خەمڵاندووە .

ئەمەش نیشانەی کۆڵنەدانی خەڵک و بەردەوامیدانە بە کولتوری شۆڕشگێڕانەی یاخێتی میللەتی/ میللەتانی  فەرەنسایە کە لە پێاوی مافە ڕەواکانیان ئامادەن خەبات بکەن و بەردەوامبن .

بڕیار بوو کە پاشای بریتانیا ، مەلیك چارلس زیارەتی فەرەنسا بکات بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئێستای فەرەنساوە زیارەتەکەی هەڵوەشاندەوە ، ئەمەش نشوستییەکی دیکە بوو بۆ ماکرۆن لەپال خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا .

لە دیمانەکەی ڕۆژی 4 شەمەی دا ماکرۆن هەنگاوی یەکەمی نا بۆ تێشکانی کە وتی ” پێ لەوە دەنێم کە من نەمتوانی خەڵکی بەوە قایل بکەم کە تەمەنی خانەنشینی ببێتە 64 ساڵ” ئەم دان پیانانە خۆی لە خۆیدا بێ ئاگایی ئەو دەردەخات لەو میللەتەی کە سەرۆکایەتیان دەکات ، نە دەزانێت هەژاران چۆن دەژین ، نە دەشزانیت بەرگری خەڵکی و بە گژاچونەوەی میللەتەکەی لە چ ئاستێکدایە و تەنانەت بە ئاگاش نییە لەوەی کە ئایا لە پەڕلەماندا دەنگی سەرکەوتنی یا تێپەڕبوونی پرۆژەکەی بەدەستدەهێنێت و دەبێتە یاسا یا نا.

  کابرا ئاگای لە ژیانی هەژاران نییە، ئێ ناهەقیشی نییە کەسێك سەعاتێكی 80 هەزار یۆرۆی لە دەستدابێت ئاوا بە ئاشکرا و بێ شەرمانە دیمانە بکات و قسە لەسەر ژیانی خەلکانی ئاسایی فەرەنسا بکات .  ئەوە بوو هەر بە پەلە دەستی خستە ژێر مێزەکەوە و سەعاتەکەی داکەند .  داکۆکیکەرانی دەڵێن بۆیە دایکەندووە چونکە بە مستەکۆڵە دەیدا لە مێزەکە تاکو نەشکێ و دەنگی نەیەت.

ماکرۆنی هەنگاوی دووهەم کۆتایی ماوە کە بینێت ، کە بە ڕای من دەکرێت یەکێك بێت لەم 3 هەنگاوە :  یەك: بێ شەرم و شکۆ پەشیمان ببێتەوە لە بڕیارەکەی و شکستی خۆی دەربڕێ.  دوو: سەرەك وەزیرانەکەی بکاتە بەرخی قوربانی و شانەکە لەسەری ئەودا بشکێنێت و حکومەتەکەی هەڵوەشێنێتەوە تاکو کەوڵەکەی خۆی بپارێزێت.  سێ: یا ئەوەندە کەرامەت و ڕیزلەخۆبوونی هەبێت و دەست لەکار بکێشێتەوە و بچێتە زبڵخانەی مێژوی دژ بە بەرگرییکردنی خەڵكەوە .     

پەراوێزکەوتنی بێنجەمین نێتەنیاهو

زاهیر باهیر

24/03/2023

ئەوەی ئاشکرایە دەسەڵاتخوازان و دەسەڵاتداران دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هاوچین و هاوتووێژەکانیان بەکاردەهێنن.  بۆ ئەمەش هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و درۆیەك بەکاردەهێنن.  نێتەنیاهو-ش بە هەمان شێوە ، دوای ماوەیەکی دوورودرێژ لە حوکمڕانییەکەی و گلان لە گەندەڵی خەڵاتوەرگرتن و بزنس و بۆ نزیکانی خۆی ویسترا ببرێیە دادەگە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە سەرۆك وەزیران  بوو و پارێزبەندی هەبوو نەدەکرا .

نێتەنیاهو لە کۆتایی ساڵی رابووردووە کەوتە هاوپەیمان و گرێبەستی لەگەڵ توندڕەوەکان و دینیە فەناتیکەکاندا لەو بارەوە چەند ڕێکەوتنێکیان کرد کە هەردوو لایان بەند و مەرجەکانی ئەوی تریان پەسەند کرد .  یەکێك لەو بەندانە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دادگا و داداگاییکردن بوو لە هەندێك بواردا هەر بۆ نموونە کە مودەعی عام نەتوانێت متمانە بداتەوە بە نێتەنیاهو تاکو خۆی هەڵبژێتەوە بۆ سەرەک وەزیران بە پاساوی ئەوەی کە ئەو چی تر شیاوی ئەو پلە و پایەیە نییە  و گەڕانەوەی ئەم بڕیارە گرنگانە بۆ دەنگی پەڕلەمان.

بە دەرکردنی بڕیارێکی ئاوا لە لایەن نێتەنیاهووەوە هەوڵدانی تاکو بکرێتە یاسا ڕووبەڕوی خۆپیشاندان و پرۆتێستێکی ئێکجار گەورەی فراوان بووەوە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تاکو دوێنی هەر بەردەوام بوو لە ڕۆژانی پشوو هەروەها دەوامیشدا زۆر جار.

پرۆتێستەکان هەموو توێژاڵ و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی تەنانەت ئەکادیمی و سەرکردەکانی سوپاشی گرتەوە لەپاڵ ئەکتەر و نوسەر و ڕۆژنامەوان و تەنانات تیمی فڕینی فڕۆکەکان کە هەر دوێنێ کە نێتەنیاهوو ویستی بێت بۆ لەندەن زۆرێکایان ئامادە نەبوون کە بیگەیەنن بۆیە ئەو لە سەفەرەکەی زۆر دواکەوت و ئەمڕۆ گەیشتە لەندەن.

دانیشتوانی ئیسرائیلئ ئەو بریارەی نێتەنیاهوو بە دژایەتیکردنی سیستەمی دیمۆکراتی دەزانن و دەزانن بۆ ئەوەیە تاکو ئەو ڕوبەڕووی دادگە نەبێتەوە .  هەرەوها دەشزانن هاوپەیمانی ئەو لەگەڵ ڕاستڕە و دینییە توندڕەوەکاندا گەورترین زەربە لە نەتەوەی جوولەکە دەدات چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەووەی ئیسرائیل.

توندڕەو و دینییەکان بەو رادەیە دژ بە فەلەستینییەکانن تەنانەت وەزیری دارایی لەم رۆژانەدا وتی : شتێك نییە بە ناوی  فەلەستینییەوە  . خودی نێتەنیاهو زۆر توندە بەرانبەر بە ئێران و دەیەوێت هێڕشی بکاتە سەر بۆ ئەمەش لە هەوڵی قایلکردنی یەکێتی ئەوروپا و بریتانیادایە و سەفەری چەند ڕؤژی پێشوی بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە و ئەمڕۆش بۆ لەندەن بەشێكی سەفەرەکەی هەر بۆ ئەو مەبەستەیە.

ڕابەری دینی جولەکەکان لە لەندەن پەیامێکی ناردە دەرەوە بۆ جولەکەکان تاکو لە هاتنی نێتەنیاهو بۆ ئێرەو پاش ئەوەی دوێنێ شەو بە دەنگی 61 بۆ 47 دەنگ پرۆژەکەی نێتەنیاهو بوو بە یاسا، کە بەشداری بکەن لە پرۆتێستی ئەمڕؤدا سەبارەت بە هاتنی نێتەنیاهو.

نتێەنیاهو بە تەواوی لە ناو ئیسرائیل و دەرەوەیشی پەراوێز کەوتووە و خۆشی نازانێت چی بکات و نازانرێت کابینەکەشی تا کەی بر دەکات بە هۆی ئەوەی کە لە مێژوی ئیسرائیل دا وەکو دەوترێت حکومەتی وا ڕاستڕەو و توندڕەو نەبووە .

هەواڵی نوێی پرۆتێست و خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی فەرەنسا

23/03/2023

بە گوێرەی میدیای فەرمی بریتانیا زیاتر لە یەک ملیۆن و 27 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکاندا کردووە لە سەرانسەری فەرەنسا لە خولی دووەمی چالاکیی مانگرتنی هەماهەنگدا دژی پلانە ناپەسەندەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 64 ساڵ.

 پۆلیس بە  گازی فرمێسکڕێژیی ڕووبەرووی  خۆپیشاندەرانی پاریس بووەتەوە لەکاتێکدا جەماوەرێکی زۆر بەناو شارەکانی سەرتاسەری فەرەنسادا ڕێپێوانیان کرد بۆ ئیدانەکردنی چاکسازییەک کە تەمەنی خانەنشینی دوو ساڵ بەرزدەکاتەوە مانگرتن لەسەر پلانی خانەنشینی ماکرۆن پشێوی و لەیەكترازانی بەشەکان و گەڕەکەکانی ناو پاریس هەروەها  شارەکانی فەرەنسای ئەنجامەکەیەتی.

کرێکارانی فەرەنسی زۆر توڕەن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، لە ڕۆژێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەریدا ڕێگرییان لە چوونە ناو تێرمیناڵێک لە فڕۆکەخانەی شارل دیگۆل لە پاریس کردو  خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ ، پێنجشەممە، بەشێک لە ڕێبوارانی ناچار کرد بە پێ بگەنە ئەوێ.

هەروەها خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکان لەکار کەوتن و  پەکخران و بەشێک لە قوتابخانەکان داخراون  ئەمە لەکاتێکدا کە زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان کەڵەکە بووە،  کارەباش وەکو خۆی کار ناکات. گرفتی بەنزین و گازۆییل کە ناگاتە بەنزینخانەکان کێشەیەکی زۆری دروستکردووە. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمار ڕۆژی چوارشەممە وتی یاساکە – کە حکومەتەکەی هەفتەی ڕابردوو بەبێ دەنگدان لە پەرلەمانی فەرەنسا پاڵی پێوەنراوە: سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکان تا کۆتایی ساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکاتیش فلییپ مارتینێز، سەرۆکایەتی سەندیکای کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کرێکاران (CGT) دەڵێت لە وەڵامی ماکرۆندا دەڵێت : باشترین وەڵام کە دەتوانین بیدەین بە سەرۆک ئەوەیە کە ملیۆنان کەس مانیان گرتووە و لە شەقامەکاندان.

https://i.ytimg.com/vi_webp/m_SBlFz7hiE/maxresdefault.webp

بەرەیەکی جەنگ بەردەوامە هێشتا ، دەیانەوێت بەرەیەکی دیکەشمان بۆ بکەنەوە

زاهیر باهیر

23/03/2023

سبەینێ 24ی مانگ سیازدە مانگی ڕێکە شەڕی ناتۆ و ڕوسیا بەردەوامە و بەرەکانی جەنگ فراوانتر و توودوتیژ تر دەبێت و تا ئێستاش ئەگەر داگیرکردن نیشانەی بەهێزی و پێشەوەچونی لایەنێکی شەڕکەران بێت ئەوە ڕوسیا لە پێشەوەیە و کارەساتەکەشی  هەموو ئەوروپای  بە گشتی و بریتانیای  بە تایبەتی گرتۆتەوە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بریتانیا دەیەوێت بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە. دەیەوێت رابەرایەتی جەنگە وێرانکارییەکان لەدەست ئەمەریکا بسەنێتەوە و خۆی تەندبیرکەر و پلاندانەەری جەنگی لەمەودوا  بکات کە گوایە بە حسابی ئەمان چین هێڕش دەکاتە سەر تایوان ، کە لە کاتێککدا بەڵگەیەکی ئاوا لەبەر دەستدا نیە بۆ سەلماندندی ئەم قسەیە جگە لە هەڕەشەی چین کە تایوان بەشێكە لە چین.

لە ئێستادا بریتانیا بە ئاشکرا دەیەوێت هانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بدات بۆ ئەم شەرە و هەر ئاواش میدیای بریتانیاش بە بەردەوامی ئەوە دەدەن بە گوێی دانیشتوانی بریتانیادا کە چین مەترسی گەوەرەیە لەسەر ئاشتی و ئازادیی جیهان و نێودەوڵەتی، هاوکاتیش بە ڕاستە و خۆ و ناڕاستەخۆ ئەوە دەدات بە گوێی تایواندا کە لەبەردەم هێڕشی داگیرکاریی چیندان .

ئەوەتا ئێستا هەندێك لە پەڕلەمانتارانی بەریتانیا داوای یارمەتی بۆ تایوان دەکەن ،ئەوەندەی کە بتوانرێت،  بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژ بە هێڕشی چین .  بۆ ئەمەش شاندێک لەم پەڕلەمانتارانە لەم هەفتەیەدا لە سەردانەکەیدا بۆ تایوان چاویان بە سەرۆکی تایوان کەوت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پەیوەندی نێوان بەریتانیا و چین  ماوەیەكە خراپە و ئەم سەردانەش خراپتری دەکات.

بۆب ستیوارت، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران [ موحافیزین ] و سەرۆکی شاندەکە،  هەر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، تایوان “لە هێڵی پێشەوەی دیموکراسیدایەو خۆی بەڕێوەدەبا  پەیامەکە ئەوەیە کە تا بتوانین هاوکاری تایوان بکەین لە بەرگریکردنەکەیدا”

لە ڕاستیدا بریتانیا پێشتریش  کەمتەرخەمی لە هاوکاری و یارمەتیدانی تایوان نەکردوە . لە ساڵی 2022  فرۆشی بەریتانیا لە ئامێرەکانی پەیوەست بە بەرگری بۆ بەرنامەی ژێردەریایی تایوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.  لە نۆ مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا حکومەتی بەریتانیا 25 مۆڵەتی بەخشی کە کۆی گشتی 167 ملیۆن پاوەندە (206 ملیۆن دۆلار)  بەو کۆمپانیایانە کە پێکهاتەکانی پەیوەست بە ژێردەریایی و تەکنەلۆژیا هەناردە دەکەن بۆ تایوان .

  ئەم ئامارە کە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە، زیاتر بووە لە تێکڕای هاوکاری بریتانی لە  شەش ساڵی ڕابوردوودا کە  لە ساڵی 2008دا پەسەندکرابوو، کە لە ئێستادا بە بری 3.3 ملیۆن پاوەند بەرزبووەتەوە.

هەوڵی داڕماندنی سیستەمی تەندروستی بریتانی بەردەوامە

زاهیر باهیر

22/03/2023

کاتێک کە مارگرێت تاجەر هاتە سەر حوکم ساڵی 1979 لەو ” ڕیفۆرمانە” ی کە کردی بە تایبەتیکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان بوو وەکو ئاو و کارەبا و تەلفونات خەتەکانی میترۆ و شەمەنەفەرەکان و پاس و کۆچەکان و هەروەها سیستەمی تەندروستی بریتانیاش .  لەوانە زۆری فرۆشتن بە کۆمپانیا ئەهلییەکان  و سامانداران بەڵام ئەوەی کە هەرگیز نەیتوانی بە تەواوی بیفرۆشێت خەستەخانەکان و بەشەکانی خەستەخانەکان بوون . 

کاتێکیش کە حیزبی کرێکاران ” لەیبەر” هاتنە سەر حوکم ساڵی 1997 بە سەرکردایەتی تۆنی بلەیەر دواتریش گۆردن براون بە درێژایی حوکمی 13 ساڵەیان درێژەدان بوو بەسیاسەتی فرۆشتنی یاخود کردنیان بە کەرتی تایبەتی ئەوانەی کە تاچەر بۆی نەکرابوو ئەمان کردیان .

لە گەڵ ئەوەشدا حیزبی کرێکاران هەر نەیتوانی بەشی تەندروستی بریتانی بکات بە کەرتی تایبەتی بەهۆی بەرگریی هەرە زۆرینە داننیشتوانی بریتانیاوە . تاچەر و لەیبەر ڕێگای تریان دۆزییەوە بۆ ڕوخاندنی بەشی تەندروستی ئەویش ڕێگەدان بۆ نموونە بە دەستتێکەڵکردنی کۆمپانیاکان و سامانداران بەوەی کە بەناوی خزمەتەوە ئەوانیش هاوکاری بکەن هەر بۆنموونە بەشێك لە ئیسعافەکانی ئێرە چی تر هی دەوڵەت نین ، بەشی پاککردنەوە و پاراستنی بیناکان درانە ئەیجنسی [ نوسینگەی دۆزینەوەی کار] ، بەشی وەرگرتنی تەلەفون کرانە سێنتەرێک هەناردەی وڵاتانی کرێی هەرزانی کرێکار و بینای هەرزان .  ئەمە جگە لەوەی کە دەەوڵەت کەوتە داخستنی بەشی منداڵبوون و بەشی ئیمێرجنسی لە هەر دوو تا سێ خەستەخانەی نزیکدا کردنەوەی یەك بەش لە یەكێك لە خەستەخانەکان .  لەمەش خراپتر بەشی تەندروستی ئێرە گرێبەستی لەگەڵ خەستەخانە ئەهلییەکاندا کردووە بۆ هەناردەکردنی هەندێك لە نەشتەرگەریی ، لە کردنی ئێم ئار ئای [ تەنوورەکە] نەشتەرگەری چاو و زۆری تر .

بە بەردەوامی فشار لەسەر بەشی تەندروستی زیادی کردووە ، هاوکاتیش ژمارەی دکتۆر و نێرس و کارمەندەکانی دیکە لەبەر ئەم فشارە و زیادنەکردنی موچەیان خەستەخانەکانیان بەجێهێڵاوە و ڕۆیشتون .  لە ئێستادا 62 هەزار شاغیر هەیە لە بەشی دکتۆرەکان و نێرسەکاندا ، لەگەڵ ئەمانەشدا بوجەی بەشی  تەندروستی یا هەو وەکو خۆی ماوەتەوە یاخود هەر زۆر کەم زیادی کردووە.

بە گوێرەی تازەترین ڕاپۆرت کە ئەمڕۆ 4شەمە بڵاوکراوەتەوە کە نمونەی لە 10 وڵاتدا وەرگرتوە دکتۆری خێزانیی لە بریتانیادا گەورەترین فشاریان لەسەرە بە هۆی کاری زۆر و  کۆتایی نەبوون لە  نوسینی نامەدا  و کاری تری سەر کاغەز و بینینیی زۆری نەخۆش و بێ تاقەتییان بە بارودۆخی نەخۆشەکان کە سۆز و بەزەییان بۆیان دەجوڵێت.  بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە سەدا 71 ئەم دکتۆرتانە کارەکەیان یا زۆر زۆر یاخود زۆر فشاری لەسەرە .  ئەمە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەر بۆ نمونە ڕێژەی فشار لەسەر دکتۆرەکانی ئەڵمانیا لە سەدا 68، لەسەر دکتۆری سویدی بە ڕێژەی لە سەداس  66 ، لەسەر ددکتۆری نیوزلەند لە سەدا 63 ، لەسەر دکتۆری کەنەدا بە ڕیژەی لە سەدا  59، لەسەر دکتۆری ئەمریکا بەڕێژەی  58 ، لەسەر دکتۆری ئوسترالیا بە ڕێژەی لە سەدا 52، لەسە دکتۆری فەرەنسا لە سەدا 47 و لەسەر دەکتۆری سیوسرا بە ڕێژەی لەسەدا 43 و لەسەر دکتۆری هۆڵەندە بە ڕیژەی لەسەدا 31 . 

تا کۆتایی مانگی یازدەی ساڵی پار 7.2 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەروانیدا بوون تاکو دکتۆر ببیانبینێت یاخود ئەوە چارەسەرەی پێویستە بۆیان بکرێت .  نیوەی ئەمانە نزیکەی  18 هەفتەیە چاوەڕوان دەکەن و 400 هەزاریشیان زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕوان دەکەن .

لە ئێستادا دەرکەوتووە ئەو بێزاری و موچەکەمییەی دکتۆر و نێرس و شارەزایانی دیکە بوارێکی بۆ خەستخانە ئەهلییەکان ڕەخساندووە کە لە هەوڵی دزینی دکتۆر و نێرسی بەشی تەندروستیدان .  خەستەخانەیەکی ئەهلی ئەمەریکی بە ناوی HCA بەتەنگهاتنەوەی تەندروستییەوە، کە 30 لقیان لە لەندەن و مانسشستەردا  هەیە  و لە مانگی  ئۆکتۆبەرییشدا خەستەخانە نوێیەکەیان کە لە شاری بێرمینگەهام دروستکراوە و 100 ملیۆن پاوەندی تێچووە، دەکرێتەوە.  بۆ ئەمە  ڕێکلامەی کڕینی دکتۆر و نێرسەکان بە گوێرەی شارەزایی و ساڵی خزمەتیان و لێهاتوییان نرخی جیا جیای خراوەتە سەریان . نرخەکەش  لە هەزار پاوەندوە تا 5هەزار و 10 هەزار و تا 15 هەزار پاوەندە کە دەدرێت بەو کەسانەی لە خەستەخانەکانی خۆیان وازبهێنن و لەگەڵ ئەواندا کار بکەن .

سەبارەت بەوانەشی کە کارەکانیان بەجێدەهێڵن و لەگەڵ ئەواندا کار دەکەن و  مانەوەیان لانی کەم بۆ 2 ساڵ لە گەڵێیاندا گەلێك  ئیمتیازیان پێدەدرێت وەکو ژەمێك خواردنی بەلاش کە لە خەستەخانەن، بەکارهێنانی جیم بە بەلاش یاخود نیوەییان بۆ دەدرێت ، دانی پارەی هاتووچۆ یاخود هاوکاری کردنیان لە پارەی بەنزین و گازۆیلدا هەروەها زەمانەتی تەئمینی تەندروستیان و هەندێك بەرتەلەی دیکە.

ئەمانە دەبێتە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی دکتۆر و نێرسە باشەکان لە خەستەخانەکانی سەر بە دەوڵەت و کارکردنیان لەو خەستەخانە ئەهلیانەدا ئەمە لە کاتێکدا کە زەمینەکە واتە فشاری کارکردن  و موچە کەمیی لە بارە  .

لە ژێر فشاری خەڵکیدا پەڕلەمانی فەرەنسا داوای سەندنەوەی متمانە لە حکومەت دەکات

20/03/2023

خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزاییەکان بەو ڕادەیە گەورە بووە و زۆرێك لە شار و شارۆچکەکەنی فەرەنسای گرتۆتەوە مەترسییەکی وا مەزنی بۆ سەر حکومەتی فەرەنسا دروستکردووە کە هەندێك لە پەڕلەمانتارەکان دەڵێن ئەمەی ڕوودەدات مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ فەرەنسا و دۆخەکە لە دەستدەردەچێت.

دوای بەردەوامبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە ڕۆژی شەمە و یەكشەمەدا ، 18 و 19ی مانگدا، هەروەها یەککەوتنی نقابەکان کە ناکۆکییەکانیان لە هەنووکەدا خستۆتە لاوە ، هەر لە کرێکارانی هێڵی ئاسنین و شەمەندەفەرەکان و مامۆستایان و کارمەندان و کرێکارانی فڕۆکەخانەکان و هاتوچۆ و کرێکارانی پاڵاوگەکان و کۆکەرەوەی زبڵ و پۆشاك لە ڕؤژی 5 شەمەوە ماندەگرن .  لە ئێستادا وا ڕێکەوتوون بۆ 9 ڕۆژ مانبگرن .  هاوکاتیش پەڕلەمانیش لە چەپەوە بۆ ڕاستی هەر یەکەیان داوای متمانە سەندەنەوە لە حکومەت دەکەن و ئەمڕۆ ، دووششەمە، لە پەڕلەمان دەیخەنە دەنگەەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە ماکرۆن خولقاندویەتی کە بە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی پەڕلەمان بڕیاری بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ داوە .بە جۆرێك خەڵكی فەرەنسا بەرگری لە مافەکانی خۆیان دەکەن لەوە دەکات ئەمجارەش ماکرۆن و حکومەتەکەی شکست بهێنن و پرۆژەکەیان هەڵپەسێرن .  بەڵام ئەمە ئاشکرایە کە تەنها ڕاگرتنی ئەم پرۆژەیە کە خۆیان بە ڕیفۆرم ناوی دەبەن  کاتیی دەبێت واتە ساڵێکی دیکە هەمان تاس و هەمان حەمام دووبارە دەبێتەوە ، چونکە ناکرێت لە هەمان زۆندا [ زۆنی یەکێتی ئەوروپا] جیاوازی ئاوا گەورە لە نێوانی مافی هاووڵاتیانیدا هەبێت ، دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و یەکێتیەکەیان ئەوەیان پێ قەبوڵناکرێت .

توندو و تیژی پۆلیسی فەرەنسا بەرانبە ناڕەزاییکەران و بڕیاری نوێ

19/03/2023

لە کاتێکدا کە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکانی کرێکاران زیاتر تەشەنە دەسەنن پۆلیس بە فرمانی وەزیری ناوخۆ و سەرەکوەزیران توندو و تیژی زیاتر بەکاردەهێنن.  لە دوێنێوە ، شەمە ، 18/03 پۆلیس بڕیاری قەدەخەکردنی گردبوونەوەی خەڵکی لە شوێنە گشتییەکاندا داوە.  بە گوێرەی ئەم بڕیارە نوێیە ، پۆلیس هەموو دەسەڵاتێکی هەیە لە گرتن و دەستبەسەرکردن و سوکایەتیکردن و تۆمەت هەڵبەستن بۆ هەر گروپێك کە لە شوێنە گشتییەکان و هەستیارەکاندا کۆببنەوە.

  بێ گومان ئەمە لە بەهێزی دەوڵەت و پۆلیسەوە نییە بەڵکو لە لاوازی و ترسی دەوڵەت و پۆلیسە لە فراوانتربوونی زیاتری ناڕەزاییەکان تا ئەو ڕادەیەی کە وڕاوەی جەنگی ئەهلی لێدەکرێت لە ئایندەدا. ئەمە پاگەندەی دەوڵەتە بۆ  ترساندنی خەڵکی و چوونە دواوەیان لە بەرگریکردن لە مافە رەواکانیان.

مانگرتنی کرێکارانی پاڵاوگەکان ڕۆژی شەممە پەرەی سەند و مانگرتنی کرێکارانی سەر هێڵی ئاسن بەردەوامە . هاوکاتیش فیلیپ مارتینێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی سی جی تی وتی ماکرۆن “ئاگادارکراوەتەوە کە دۆخەکە تەقینەوەی بە دواوەیە. کەس ناتوانێت بڵێت ئێمە هیچمان نەوتووە؛ پێمان گوتووە ”.

لە پاریس، پێشبینی دەکرێت مانگرتنی کرێکارانی کۆکەرەوەی زبڵ و خاشاك کە بۆ ماوەی 13 ڕۆژە لە مانگرتندان کە لانیکەم تا سێشەممە بەردەوام بێت .  لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامەکان کەڵەکە .

ڕاپرسییەکان دەریانخستووە کە نزیکەی دوو لەسەر سێی خەڵکی فەرەنسا دژی گۆڕانکارییەکانی خانەنشینی دەبن.  بەرزبوونەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بەڵێنێکی سەرەکی ماکرۆن بووە لە هەڵمەتی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکەی پارساڵ 2022 .

هیچ مرۆڤێك نایاسایی نییە

19/03/2023

ئەمە دروشمی یەكێك لە خۆپیشاندەرەکانی دژ بە یاسای نوێی پەنابەر بوو کە حکومەت دەلێت ئەوانە بە نایایاسایی دێنە وڵاتەکەمان ، گەر بیانەوێت مافی پەنابەریی وەرگرن ئەوە دەبێت یاسایانە داخڵ بە وڵات ببن .

دوێنێ شەمە ، لە 3 شاری گەورەی بریتانیا :  لەندەن ، گلاسگۆ و کاردیف بە هەزاران کەس هاتنە سەر شەقامەکان بۆ بەرگریکردن لە پەنابەران و دژ بە یاسای نوێی پەنابەران کە لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا حکومەتی بریتانی دەریکرد.

ناڕەزاییەکان دژ بە ڕایسیسزم و فاشیزم و دژ بە دژایەتیکردنی جوولەکە و دژ بە فۆبیای ئیسلام و [ ترس لە ئیسلام] هەروەها دژ بە تووندڕەوە ڕاستڕەوەکان بوو.

هەندێك لە ناڕەزاییکەران پەرۆشی و نیگەرانی خۆیان بۆ میدیا دەربڕی بەرانبەر بە سیاسسەتی حکومەت لە هەموو بارەیەکەوە .  یەکێکان وتی ” خەڵک دەردەکەون چونکە لەڕادەبەدەر توڕەن لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئابووری و ئەو نەبوونییەی  کە ڕوودەدات لەکاتێکدا خەڵکی دەوڵەمەند لە دەسەڵاتدا خۆیان دەوڵەمەندتر دەکەن.”

پیاوێکی 65 ساڵیش وتی  “حکومەت هەوڵدەدات ئەم کەسانە نەک تەنها پێشوازییان  لێنەکرێت،  بەڵکو نایاسایی بکات.   ناتوانین خەڵک وەک نایاسایی پۆلێن بکەین، ئەوە سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیە لە حکومەتێکی ڕەگەزپەرستەوە

کەسێکی 39 ساڵیش وتی ” پڕۆژە یاسای کۆچی نایاسایی هەموو ئەو کەسانە بە مرۆڤ ناناسێت  کە داوای پەنابەریی دەکەن. گرنگە ناڕەزایەتی دەرببڕیت چونکە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی لە ئێستادا دیار و بیستراو بیت.”

منداڵێکیش لافیتەیەکی بەرزکردبووەوە  لە سەری نوسرابوو :  “ڕێگایەکی سەلامەت بۆ هەموو منداڵانی وەک من”

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی فەرەنسا چڕتر و فروانتر بووە

18/03/2023

ماکرۆن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسای، ئەلیزابێس بۆرن، ڕاسپارد کە پەنا بۆ مادەی 49.3ی دەستوور ببات، کە ڕێگە بە حکومەت دەدات پڕۆژە یاسایەک بەبێ دەنگی پەرلەمان پەسەند بکات، چونکە وتی مەترسی ئابووری زۆر لەسەر وڵاتەکە هەیە ئەگەر پەرلەمانتاران دەنگ بە دژی پڕۆژە یاساکە بدەن.

پاش ئەو بڕیارەی ماکرۆن خەڵکی خۆڕسکانە بەردەوامییان دایەوە بە ناڕازاییە -کانیان، سەرەڕای ئەو شارانەی تر کە ناڕەزایی بەردەوامە دوێنێ شەو ، هەینی، 17/03 ناڕەزاییەکان تەشەنەی کرد بۆ شاری Laval  و Eveeux  هاوکاتیش مانگرتنەکانی کرێکارانی پاڵاوگەکان لە فەرەنسا پەرەی سەندووە، هۆکارەکەش بڕیاری حکومەتە بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بەبێ دەنگی پەرلەمان لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ .  هەر لەم کاتەشدا  کرێکارانی کۆکەرەوەی زبڵ و خاشاک هەر بەردەوامن لە مانگرتنەکەیاندا و زیاتر 10 هەزار تەن زبڵ و خاشاک لەسەر شەقام و بەردەم دوکان و باڕو چێشتخانەو ئۆفیسەکاندا کەڵەکەی کردەووە.

شەوی ڕابوردوو هەتا سەعات 11.30 ی شەو 217 کەس لەوانەی کە لە پاریس ناڕەزاییان دەربڕیوە بێ لەوانەی شەوی پێشتر دەستگیر کراون،  لە شارەکانی دەرەوەی پاریس-یش 93 کەسی دیکە دەستگیر کراون.

پلانی ماکرۆن بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بە فرمانی خۆی لە کۆتا خولەکدا بڕیارەکەی لە دەسەڵاتێکی دەستوری تایبەت تێپەڕێندرا دوای دوو مانگ لە مانگرتنی هەماهەنگی سەرتاسەری وڵات و هەندێک لە گەورەترین ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی دەیان ساڵدا، حکومەت ئەو بڕیارەی دا چونکە ترسی ئەوەی هەبوو نەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانتاران دەستەبەر بکات بۆ ئەوەی دەنگ بە پرۆژەکەی بدەن .

ماکرۆن لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا بە خراپی شکستی هێناوە دوای ئەوەی گروپە ناوەندییەکەی نەیتوانی زۆرینەی ڕەها لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بەدەستبهێنێت .

ماکرۆن دەیەوێت دەسەڵاتی تایبەتیی خۆی بۆ شکاندنی ناڕەزاییەکانی فەرەنسا بەکاربهێنێت

17/03/2023

لە مانگی یەکەوە تا ئێستا خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان لە فەرەنسا بەردەوامن دژ بە ڕیفۆرمەکانی ئیمانوێل ماکرۆن .  ئەو ڕیفۆرمانەی، ڕاستیییەکەی ئەو هێڕاشانەی کە ماکرۆن و حکومەتەکەی دەیکەنە سەر کرێکاران و چەوساوانی فەرەنسا ، یەکێکیان بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشتییە لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ

پاش ئەوەی کە ماکرۆن بە تەواوی بۆی درەکەوت کە گریمانێك نییە کە لە ڕێگای پەڕلەمانەوە ئەوەی کە دەیەوێت بیسەپێنێت ، دوێنی لە دانیشتنی پەڕلەماندا بڕیاری دا کە دەسەڵاتە تایبەتییەکەی کە بڕگەی 49.3  ی یاسایە کە تایبەتە بە بوونی دەسەڵاتی تایبەت  [Special Power ] کە بەخشراوە بە سەرۆك کۆمار ئەو بڕیارەی کە دەیەوێت جێ بەجێی بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان ، واتە دەنگی پەڕلەمانی پێویست نییە .  ئەمەیە جەوهەر و جوانی ڕژێمی دیمۆکراسی پەڕلەمانتاری ، کە لە کاتێکدا هیچ  کام لە دەنگەدرانی فەرەنسا دەنگیان بەمە نەداوە، هەرە زۆرینەشیان بە ئاگا نەبوون لە بوونی ئەم بڕگە یاساییە.

هەر بە باسکردنی ئەمە لە پەڕلەمانە ، خۆڕسکانە بە دەیەها هەزار کەس ڕاژنە سەر شەقامەکانی پاریس و مارسێل و  لیۆن و نانتێس و ڕیننس دژ بەم بڕیارە ، بەم هۆکارەشەوە پۆلیس 120 خۆپیشاندەری دەستبەسەرکردوە.

تەمەنی خانەنشیئکردن هەتا ئەگەر بیشبێتە 64 هێشتا بەراوەردێك نییە لە نێوانی هاووڵاتانی فەرەنسا و سەراپای دانیشتوانی ئەوروپادا بەڵام فەرەنسییەکان زۆر باش دەزانن کە هێڕش و هەڕەشەی حکومەت هەرکەس و هەر حیزبێک بێت لەوێدا ناوەستێت و ئەوە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ هێڕشەکانی ئایندە .  ئەوان ئەوە دەزانن گەر لەم جەنگەدا تێبشکێن سەرەتایە بۆ تێشکانی هەموو جەنگەکانی دیکە بۆیە خۆیان توند گرتووە و ئامادە نین ئەوەی کە نەوەکانی پێشخۆیان بە خەبات و تێکۆشانە بەدەستیان هێناوە لە دەستی بدەن و دەیانەوێت بیگوێزنەوە بۆ منداڵەکانیشیان.

نقابە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی فەرەنسا هەر لە ئێستاوە بڕیاریان داوە کە 23 ی مانگ  ڕۆژی مانگرتنی گشتی سەرانسەرییە لە فەرەنسا کە لە کاتێکدا مانگرتنی کرێکارانی زبڵ و خاشاک پاکەرەوە بۆ زی اتر لە 10 ڕۆژە لە مانگرتندان .

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: