All posts by azadebram

دەرکردنی 800 کرێکار لە ڕێگای تۆمارێکی تۆمارکراوی پێشوەخت

18/03/2022

کۆمپانیای P&O Ferries   دوێنێ ڕۆژی 5شەمە، 17/03/22 ، بێ ئەوەی خودی کرێکارەکان بە ئاگا بن ، بێ ئەوەی وتووێژ لەگەڵ نقابەدا بکرێت، بێ پێوتنێكی پێشوەخت ، خاوەنی ئەم کۆمپانیایە کە دوبەی خاوەندارێتی لێدەکات هەر لە ڕێگای ڕاگەیاندنێکەوە کە پێشوەخت تۆمار کرابوو ، یەکسەر فرمانی دەرکردنی 800 لە کرێکارانی تاقمی بەڕیوەبردن و کارپێکردنی کەشتیەکانیان بێ کار کرد .

ئەم ڕاگەیاندنە تاسانێك بوو بۆیان کە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کە ئاوا مامەڵەیان بکرێت بۆیە کرێکارەکان  ڕق و کینە و گریانیان تێکەڵ بەیەك کرد ، کە زۆربەیان سلفەی عەقاری خانویان لەسەرە و خێزاندارن کە چی تر ناتوانن بە ئاسانی لەگەڵ ژیاندا بڕۆن ڕەنگە کە خانوەکانیان لەدەست بچێت دای ئەوەش خێزانەکانیشیان.

کۆمپانیاکە دەڵێت ئەوە تاکە ڕیگایەکە تاکو بمێنینەوە چونکە ساڵانی پێشوو سەدەها ملیۆن دۆلارمان زەرەر کردووە ، ئەمە لە کاتێکد کە 33 ملیۆن پاوەنیان لە حکومەتی ئێرەوە لە مانگی ئایاری 2020 دا وەرگرتووە تاکو بتوانن قەرەبوی زیانەکەیان بکەنەوە.

نقابەکەیان هەڕەشە دەکات و لە ئێستادا داوایان لێدەکات کە لە بەندەرەکانا ناڕەزایی دەربڕن ، بەڵام خاوەن کۆمپانیەکە هەر بە خودی کرێکاران لە 800 کرێکارەکەی دا بە دوو شێوە . یەکەم : لە ڕێگەی سکوێرەتی تایبەتەوە هەموویان بەزۆر دەرکردن لە پاپۆڕەکە.  دووەم ، هەر ئاواش دەیانەوێت لە ڕێگای نوسینگەی کاردۆزینەوە [ کە تایبەتە نەك سەر بەدەوڵەت] کرێکارانی دیکە بهێننە سەر کار بە پارەیەکی کەمتر و مافی هۆڵیدەی  نەخۆشی و خانەنشینی کەمتر، واتە هەلومەرجی نوێ .

ئەم جۆرە لە دەرکردن واتە ، دەرکردن و هێنانی خەڵکی تر ، بە هەلومەرجی نوێوە ، شتێکی نوێ نییە و لە ساڵی یەکەمی  کۆرۆنادا وردە وردە هێڵڵی  ئاسمان ی بریتانی و کۆمپانیا غازی بریتانی و تێسکۆ ئەم کارەیان کرد ،خەڵکێکی زۆریان دەرکرد و کرێکارانی نوێیان هێنا. گرنگترین خاڵ لەم کارەدا ئەوەیە کە کرێکارانی نوێ کەمترینیان دەچنە نقابەوە .

نقابە دەیەوێت لە ڕێگای یاساییەوە شتێك بۆ کرێکارەکانی بکات چونکە بە گوێرەی یاسا گەر کۆمپانیایەك زیاتر لە 100 کرێکاری هەبێت نابێت ئاوا مامەڵە بکات [ واتە تا 99 بە ئارەزوی خۆی دەتوانێت دەریانبکات هەر کات ویستی] چونکە بە گوێرەی یاسای کار و کرێکاری سالی 1992 کرێکاران کە ژمارەیان لە 100 و بەرەوژوور تر بێت دەبێت خاوەنکار لانی کەم 45 رۆژ پێشوەخت ئاگەداری کرێکاران بکاتەوە ، هەروەها وتووێژیش لەگەڵ نقابەکەیاندا بکات بۆ دانی بڕێك پارەو موچەی خانەنشینی داهاتویان.

بەڵام ئەمە کورد واتەنی شیردا بۆ داپیردایە کە ڕەنگە ساڵەهایەکی دوورودێژ بکێشێت، لەو کاتەشدا زۆرێك لەو کرێکارانە مردبێتن،  یا لانی کەم خانوو و خێزانیان لەدەستدابێت.

ئەوەی کە گەڕانەوەی ئەم کرێکارانە مسۆگەر دەکات مانگرتنی گشتییە کە دەبێت نقابەی مەرکەزی ئێرە بانگەشەی بۆ بکات  و هاوپشتیی بکات ، کە ئەمە گریمانەکەی وەکو گەڕانەوەی مردووە بۆ ژیان .  یاخود کرێکارانی بەندەرەکانی شوێن و وڵاتانی دیکە مانبگرن بۆ هاوپشتی ئەم دەرکراوانە ، کە ئەمەشیان تۆزێك زەحمەت ، بەڵام ڕودانی ئەمەیان گریمانەکەی زیاتر تاکو ئەوەی یەکەمیان.

ئازادکردنی خانوی یەکێك لە ئۆلیگارگەکانی ڕوسیا لە لەندەن

15/03/2022

دوێنێ، دووشەمە ، 14/03/22 ، کاتژمێری 1 بەیانی زوو بەکاتی لەندەن، گروپێك چالاکوان دایان بەسەر خانووە گرانبەهاکەی Oleg Deripaska   کە نرخەکەی 50 ملیۆن پاوەندە .  ئەم خانوە ماوەیەکە چۆڵەو چالاکوانەکان داوای ئەوەیان دەکرد کە بەکاربهێنرێت بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا و هەموو پەنابەرانی دیکە کە لە هەر شوێنێکەوە هاتوون . ئەمە چالاکییەك بوو دژی بە سەرۆکی ڕوسیا ، پوتین ، سەبارەت بە هێڕشی بۆسەر ئۆکرانیا. دوای ئەوەی کە هەڵزنان بە دیوارەکانا و چونە ناوەوە و سەر باڵکۆنییەكە زیاتر لە 10 ڤانی پڕ لە پۆلیس لە هەموو چەشنەکانی پۆلیس گەیشتنە سەریان داوایان لێکردن کە بێنە خوارەوە ئەوانیش نەیاندەویست وا زوو بەجێی بهێڵن بۆیە بە پۆلیسیان وت ” پرسیارەکانمان بۆ بنێرن”  تاکو مامەڵەیان وەکو سەرەك وەزیران ، بۆریس جۆنسۆن و نزیکەکانی بکرێن.  ئەمەش ئاماژە بوو بە فەزاعەتەکانی بۆریس جۆنسۆن و دەوروبەرەکەی کە ئێستا لەبەردەم پۆلیسدایە بۆ لێکۆڵینەوە.  پۆلیس لەبری ئەوەی بیانگرێت لاپەرەیەك پرسیاریان بۆ ناردن تاکو بزانن چ بیانویەکیان هەبووە بۆ شکاندنی کەرەنتینە ، کە لە کاتێکدا هەموو بریتانیا لە کەرەنتینەدا بوون ئەمانیش خەریکی ئاهەنگگێڕان وکردنی  پارتی بوون.گروپەکە هەتا ئێوارەی ئەو ڕۆژە ، 2شەمە، مانەوە و دواتر هاتنە خوارەوە بەڵام پۆلیس 4 کەسیانی گرت .  یەکێکیان کە خەڵکی لیتوانیایە وتی ” کە ئەم چالاکییەی کردوە ، ئامادەشە بەرپرسیاری سەرەنجامەکەشی هەڵگرێت  …ئەم خانوە ئەمەندە گەورەیە کە ژماردنی ژورەکانی ئاسان نییە ، سینەمای تێدایە باڕی شەرابی تێدایە…. ئەمە کافییە بۆ زۆرێك لە پەنابەرانی ئۆکرانی و پەنابەرانی شوێنەکانی دیکە و ئەوانەی کە پێویستیان بە پەناگا هەیە “  لێیان پرسرا کە چۆن توانیویانە بچنە خانووەکە و سەر باڵکۆنییەکە ، لە وەڵامدا وتیان ” ئەوە کارامەیی و شارەزایی هەڵزنانی دەوێت “  ئەوە ” سیحری دەستبەسەراگرنتە”    وتیان ئەمە داگیرکردن نییە ، ئەمە ئازاد کردنە ، ئازادکرنی خانووەکە” ڕۆژنامەی گاردیان نوسیوێتی ئەمان ” لە ڕۆح و هەستی نێسترۆ ماخنۆ ئەنارکستی شۆڕشگێرەوە” فێربوون.   ئاماژە بە ڕابەری دەریاوانەکانی کرۆنشتاد دەکات کە ڕابەرەکانی ئەو کاتەی حیزبی بەلشەفی ڕاپەڕینەکەیانیان بە کوشتن وبڕین دامرکانەوە.

ژیانی 81 کەسی سعودییە بەهای یەك بەرمیل نەوتی نییە لای سەکردەکانی غەرب

زاهیر باهیر

15/03/2022

ئەمڕۆ 3شەمە ئێوارەکەی ، سەرۆك وەزیرانی نریتانیا، دەچێت بۆ سعودییە داوا لە محەمەد بن سەلمان دەکات تاکو دەرهێنانی نەوت زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ئەوروپا ئەوەندە پاشکۆی ڕوسیا نەبێت لە نەوت و غازدا.  ئەم فسفس پاڵەوانە هەڕەشەدەکات و لۆمەی ئەورپا دەکات کە نەدەبوایە لە ساڵی 2014 دا ڕێگایان بە ڕوسیا بدایە بۆ لکاندنی جەزیرەی قرم بە ڕوسیاوە ، هەروەها دەڵێت ڕوسیا هیچ شتێکی نییە بینێرێت جگە لە نەوت غار،  گەر ئێمە پێویستی خۆمان لە نەوت و غازی ئەو، ڕزگار بکەین ئەوە ئیتر پوتین مایەپووچ دەبێت.

ئەمە بەهای مافی مرۆڤە لای سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا کە لە کاتێکدا ڕۆژی شەمە ڕاگەیەنرا کە ڕژێمی سعودییە 81 کەسی هەر لەم ساڵدا لە سێدارە داوە ، کەچی ئەمان بۆ بەرمیلێك نەوت لایان گرنگ نییە ، ئەوەی گرنگە ئەمان لەم شەرەدا لە پوتینی ببنەوە بە هەر جۆرێك بێت . 

براوەی یەکەمی ئەم شەرە بۆریس جۆنسۆن و ئیمانوێڵ مەعکەرۆنی فەرەنسایە . بۆریس تەکی پێهەڵچنرابوو لەسەر ئەو هەموو ئابرووچونانەی کە ڕویدابوو لە خۆی و لە کابینەی وەزارەتەکەی  کە دەست لەکار بکێشێتەوە بەڵام ئەم شەڕە بۆی بوو بە خێر و هەندێ لەوانەی حیزبەکەی خۆی سکاڵانامەکانی کێشایەوە، لەوانە سەرۆکی حیزبی موحافزین لە سکۆتلەندە.  هەر ئاواش مەعکەرۆنی بردنەوەی هەڵبژارددنەکەی مانگی داهاتوی مسۆرگەر کرد بەم شەڕە.

*گڵاوی سیاسەت !!

زاهیر باهیر

ئەم سیاسەتە زۆر گڵاوە ، دووڕویی و نیفاقەکە بەو جۆرەیە لایەنێك ئەوەی بۆ خۆی رەوای دەبینێت بۆ لاکەی تری نەك هەر نایبینێت، بەڵکو دەهۆڵیشی بۆ لێدەدات و دەیکاتە پەن.

بریتانیا لە وتووێژدایە لەگەڵ وڵاتی چین تاکو قەناعەتی پێبکات کە بە چەك یارمەتی ڕوسیا نەدات ، لەو لاشەوە ئەمەریکاش بۆ هەمان مەبەست خەریکە.

بەڵام خۆیان هەموو جۆرەکانی  چەك و صاروخ و کە بزانن دەتوانرێت دژ بە هێزەکانی روسیا بەکاربهێنرێت بە پاپۆڕ و بە تەیارەی گەورەی گواستنەوە بۆ حکومەتی ئۆکرانیای دەنێرن، ئەمە جگە لە زەخیرە و خواردنی تەڕ و وشک و داو و دەرمان زۆرێك لە یاری منداڵان بۆ منداڵان و تەنانەت خۆرك بۆ سەگ و پشیلەکانیش ، سەرەڕای کردنەوەی سنور بۆ ئۆکرانییەکان و تەنرخانکردنی لانی کەم 12 بۆ 13 سەعات لە وەخت لە لایەن میدیای بریتانیاوە لە هاوپشتی بۆ حکومەتی ئۆکرانیا و هێزەکانی ناتۆ.

ئای کە گڵاوە ئەم سیاسەتە .  نەحلەت لە جەنگ ، نەحلەت لە هەردوو بەرەکە ، هاوپشتی و هیوای قوربانی کەمتر بۆ ئۆکرانییەکان کە بوونەتە خۆراکی شەڕێکی ناڕەوا.

……………

*مەبەستم لەو گڵاوییە نییە کە سەگ دەم دەژەنێتە خواردنێك یاخود خواردنەوەیەك، کە دەڵێن گڵاوە، بەڵکو لە حەرامی و گڵاوی خودی سیاسەت خۆی.

14/03/2022

ئاسانکاری زیاتر بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی ئۆکرانیا:

زاهیر باهیر

13/03/2022

پێشەکی تکایە کۆمێنتی نەژادپەرستی و ڕەگەز پەرستی مەنوسە.  سنورەکان دەستکردن و نیشتمان هی هەموانە، لە بری ئەو کۆمێنتانە با تێکۆشین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سنورەکان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی چینایەتی و پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی.

دوێنێ، 12/03/22 حکومەتی بریتانی لەژێر فشاری فەرەنسسا و هەندێك لە کەسانی حیزبەکانی موعارەزە، ئاسانکاری زیاتری بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی ئۆکرانیا کرد.  لەوانە:

  • هەڵگرتنی/ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزە، واتە هیچ ئۆکرانییەك پێویستی بە ڤیزە نییە بگاتە بریتانیا .
  • بە گەیشتنیان بۆ بریتانیا مافی وەرگرتنی بیمەکان و کارکردن و خانووبەرەیان هەیە.
  • هەر بریتانییەك ئۆکرانی بگرێتە خۆی و ژورێکی بداتێ مانگی 350 پاوەندی لە لایەن حکومەتەوە دەدرێتی ، بەڵام بەو مەرجەی زەمانەتی 6 مانگ بدات کە ئۆکرانییەکە جێگا بکاتەوە.  مەرجی دووهەمیش حکومەت هەر 350 پاوەند دەدات ئیتر ژورەکە بۆ یەك کەس بێت یا کەپڵێك یا خێزانێك.

کە ئاوا ڕووکەشانە تەماشای ئەم بڕیارە دەکەیت لە ڕاستیدا بە چاکی  دەزانیت ،بەڵام کە وردی دەکەیتەوە بڕیارێکی نادروستە.

بڕیارەکە کتو پڕییە و بیر لە لایەنەکانی دیکەی نەکراوەتەوە، لەوانە ئەم کەسسانە ، خێزانانە … کەسان و خێزانی نۆرماڵ نین ماڵیان ڕوخاوە ، دەرونیان شێواوە ، مێرد و کەسی نزیكیان لەدەست داوە ، ئازیزانیان لە زۆنی جەنگدا بەجێ‌ێڵاوە .. بۆیە ئەمانە دەەبێت ددکتۆری نەفسییان ، سۆشیال وەرکەریان، پەیوەندی کۆمەڵایەتییان، وەرگێڕیان، مامۆستای زمانیان، قوتابخانە بۆ منداڵانیان، مەوعیدی خەستەخانە بۆ خۆیان… بۆ دابین بکرێت .

لەمانەش گرنگتر حکومەت بۆ ئەم بارەگرانە دەخاتە سەر خەڵکی  بریتانیی؟ بەڵێ ئەوە ڕاستییە کە هەندێك کەس سوودمەند دەبن ، پیر و پەککەوتە کە کەسیان نییە باشە هاودەمییەکی دەوێت ئەمە دەرویەکە بۆ ئەو ، کەسێك ناتوانێت ئافرەتێك یا پیاوێك بدۆزێتەوە ڕەنگە هەنگاوێك بێت بۆی . 

بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی دەوڵەت هەر لە ئینگلەنددا  هەزار216 خانوو/ فلات هەن کە ماوەی 6 مانگە چۆڵن بە گشتیش 600 هەزار خانووی چۆڵ هەر بە تەنها لە ئینگلەنددا هەیە ئەمە جگە لە سکۆتلەندە و وێڵس .

لەمەش زیاتر ساماندارەکان چەندەها خانوو و فلاتی دووهەم و سێهەمیان هەیە کە مەگەر بە سەفەر بگەڕێنەوە ئێرە و بەکاری بهێنن، یاخود فلات و خانوی زیادیان هەیە دانراون و قفڵیان لێدراوە بۆ کاتی پێویست کە ڕەنگە لە هەلی ئایندەدا بیفرۆشن بە پارەیەکی باشتر.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەوڵەت ئەم خانوانە بەکارناهێنێت؟ وەڵامەکەی بە دوو سێ وشە: دەوڵەت نوێنەری ساماندارانە، نەك هەژاران.

دووڕویی و نیفاق و بێ مۆراڵی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و حیزبە موعاریزەکانیان  بە ڕاست و چەپیانەوە: 

زاهیر باهیر

11/03/2022

بە بەردەوامی تورکیا خەڵک دەگرێت و دەکوژێت و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باکور و دێهاتەکانی سەر سنوری باشوریش وێران دەکات ئەی ئەم دیمۆکراتخوازانە، ئەم مرۆڤە دڵسۆز شیوەنکەرانە بۆ مافی مرۆڤ لە کوێ بوون؟ ئەی کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد بۆچی یەکێکیان زەلەیەکیان بەرانبەر بە تورکیا نەکرد؟ نەك هەر ئەوەش کاتێك کە ئێمە لە بەرانبەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی ئێرە, بریتانیا، بۆ دوو هەفتە پرۆتێستمان دەکرد، ئەو ڕۆژانە بوو کە ئەردۆگان هات بۆ ئێرە بۆ دڵنیابوونی بریتانیا لە هاوپشتی تورکیا و کڕینی چەك و تەقەمەنی.  بۆ بەخێرهاتن و پێشوازی لە ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی ئێرە، ترێزە مەی, لە تی ڤی دا وتی ” کوردە تیرۆریستەکان” هەموومانی کرد بە تیرۆریست.  ئەمە هەڵویستی حکومەتی ئێرە بوو .

لە لایەکی دیکەوە ئەو هەموو منداڵ و گەنجە لە فەلەستین دەکوژرێت هیچ دەوڵەتێك، هیچ حیزبێکی موعاریز کە لە جاوەڕوانی دەسەڵات گرتنەدەستدایە، نەیانتوانی سەر زەنشتێکی ئیسرائیل بکەن.  هەر ئاواش هەمان شت لە بەرانبەر حکومەتی سعودییە کە لە کوشتنی ئەو هەموو خەڵکە بێ تاوانەدا کە هەر لە قوتابخانەیەکدا ژمارەیەکی ئێکجار زۆری منداڵ کوژران بەرپرسیارە، ئایا کەس لە دەسەڵاتداران سیسیاسییە دەسەڵاتخوازەکان هێچیان وت؟

دوێنێ شەو ، 10/03 ، نەدیم زەهاوی دەڵاڵی نەوت و گەندەڵێکی حیزبی موحافیزین کە وەزیری پەرەوەردە و ڕۆشبیریی بریتانیایە  و کە ڕەنگە خۆشی کاندید بکات بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا کەی جێگایان بە بۆریس جۆنسۆن لەق کرد، لە دیمانەیەکی چەناڵ فۆڕ، 4 ی  ئێرەدا بەرگری لە پەنابەرەکانی ئۆکرانیا دەکرد بەزەیی بەواندا دەهاتەوە و دەیوت دەبێت دەرگایان بۆ بکەینەوە، کەچی ئەم کابرایە کە خۆی کوردە ئەو هەمو کوردە دەربەدەر دەبێت ئاو نوقمی دەکات و قاچاخچی دەیانکوژێت و دەستیان دەبڕێت و پۆلیسی سەر سنورەکان تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن نقەی لێوە نەهات!! هاوکاتیش حکومەت ڕۆژ بەڕۆژ ئاسانکاری بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکات تا ڕادەی ئەوەی کە هەر ئۆکرانییەك لێرە تەنانەت ڤیزەی موەقەتیشی هەبێت دەتوانێت خێزانەکەی و کەسە هەرە نزیکەکانی بگەیەنێتە ئێرە . ئەمڕۆ هاوکاری پەنابەرانی ئۆکرانیا زیاتر بوو. حکومەت بڕیاری دا ئەوانەشی کە خوێندکارن لێرە یاخود ڤیزەی موەقەتیان هەیە و کاردەکەن دەتوانن کەس و کاریان بهێنن بۆ ئێرە، لەوەش زیاتر هەموو هاووڵاتییەکی بریتانی کە پەساپۆرتی بریتانی هەبێت دەتوانێت داوەتی ئۆکرانیان بکات و بیگەیەننێتە ئێرە تەنانەت گەر پەساپۆرتیشی لە سەر سنورەکانی پۆڵۆنیا و فەرەنسا پێ نەبێت.

حکومەتەکانی ئێرە بە لەیبەر و موحافیزین و لیبراڵەوە، لەگەڵ میدیای ئەم وڵاتەدا هەڵوێستێکی زۆر باشیان نەبووە دەربارەی پەنابەرانی ناسپیپێست، واتە بۆر و قاوەیی و ڕەش و ئەسمەر. با لێرەدا چەند نمونەیەك بهێنمەوە :  یەکێك لە پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافزین پێشنیاری بۆ مارگرێت تاچەری کۆنە سەرەك وەزیرانی بریتانیا، کرد ” خەڵکی ئێرە بەڕاستی دەترسێت کە ئەم وڵاتە، ڕەنگە بە خەڵکانێك غەرق بێت کە کولتوری جیاوازیان هەیە” لە دانیشتنێکی پەڕلەماندا دەیڤد کامیرۆنی کۆنە سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی جێرمی کۆربنی سەرکردەی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] لەگەڵ وەزیری دارایی کە سێبەری وەزیری دارایی بوو، تاکو لەبەرچاوی خەڵکیان بخات وتی ” وتی ئەمان کۆمەڵێك کۆچبەریان لە بەندەری کالیس دیوە… کە دەتوانن بێن بۆ بریتانیا”.  ئەمانەش هەندێك لە تایتڵی یەکەم پەیجی ڕۆژنامەکانی بریتانیا بوون “ سیاسەتی نەهێڵانی                  پەنابەران لە  ئێستا  توند ڕاگرن “… سوپا بنێرن بۆ کالیس “

ئیڤێت کوپەر کە پێش هاتنی حیزبی موحافزین بۆ حوکم لە سەردەمی حوکمی لەیبەردا وەزیری ناوخۆ بوو ، بەڵام لە ساڵی 2015 دا کە سێبەری وەزیری ناوخۆ بوو لایەنگری ئەوە بوو کە پەنابەران بە ڤیزە بگەنە بریتانیا، هاوکاتیش کاتێک کە بانگەشەی نەدانی بیمەکان بۆ پەنابەران کرا و دواتر جێبەجێ کرا  ئەو ئەمەی لا ئاسایی بوو .  لە ئێستاشدا حیزبی لەیبەر بە ڕابەری نوێیانەوە کیری ستارمە، Keir Starmer پێشنیاری ئەوەی بۆ کراوە کە  ” قوتابخانەکان لە منداڵانی بێیانە کە ئینگلیزی قسە ناکەن غەرق بوون ” ئەمە بانگەشەی هەوڵی مەنعکردنی منداڵانی پەنابەران و کۆچبەرانە لە قوتابخانەکاندا.

دەوڵەتە ئەوروپییەکان کە ڕوسیا ڕسوا دەکەن لەبەر ئەوەی چەکی گەرمیی [ حەراری] بەکارهێناوە و لە غەم و مەترسی ئەوەدان کە ڕوسیا ڕەنگە چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت، بەڵام هەر ئەم دەوڵەتە ئاشتیخواز و دیمۆکراتییانە بە دەیەها جار تورکیا چەکی کیمیاوی بەرانبەر بە گەریلاکانی قەندیل و  شوێنەکانی دیکە بەکارهێناوە و چەندەها بەڵگە هەیە، تەنانەت چەکی کیمیاوی منداڵانیشی گرتەوە، کەچی ئەمان خۆیان نابینا و کەڕ کرد و هەر ئامادەش نین کە باسی بکەن چجای سزادانی تورکیا.

لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا لە سەرێکەوە سەرەکۆنەی ڕوسیا دەکات بۆ شەڕەکە و لە سەرەکەی دیکەشەوە ئامادەش نییە پەیوەندی ئابووریانە لەگەڵیدا ببچڕێنێت. ئەردۆگانیش دەیەوێت خۆی بکاتە کەسێكی ئاشتیخواز و موسڵیح بە ناوبژیکردنیان و داوەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو لایانی بو وتوو وێژی لە تورکیا کردووە.  سیاسەت چ قەشمەرە و سیاسسیەکان چ قەشمەرجاڕێکن.

من پێشوازی لە هەموو ئەم وڵاتانە دەکەم بۆ کردنەوەی سنور و دەرگایان بۆ پەنابەران و لێقەوماوانی ئۆکرانیا بەڵام دەبوایە دووڕوو نەبوونایە هەر ئاوا هەڵوێستێکیان هەبوایە و هەبێت لە بەرانبەر مرۆڤە پەنابەرە بۆر و ڕەش و قاوەییەکانیشدا، بەڵام جێگای داخە کەئەمە هەڵوێسییان نییە و بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە وەرگرتنی ئۆکرانییەکان لەبەر ” جاوی شینیان و پرچی زەردیان و سپیپێستیان  و هەڵگری دینی مەسییحییان  ئەوروپییبوونیانەوەیە کە  دەرگایان بۆ خراوەتە سەر پشت”

Zaherbaher.com

سێ گریمانی وەستانی شەڕەکەی ناتۆ و ڕوسیا

زاهیر باهیر

09/03/2022

من باوەڕ ناکەم ئەم شەرەی ناتۆ و ڕوسیا ، یاخود ڕوسیا و ناتۆ تەشەنە بسەنێت بۆ جەنگی جیهانی سێیەم ، هەر ئاواش ئەم شەڕە درێژە ناکێشێت چونکە زۆر یان کەم لە ئێستادا ئامانجەکانی خۆی پێکاوە هەر لە وێرانکردنی ئۆکرانیا و کوژرانی سەدان کەسانی بێ تاوان کە ئەمەش رێگا خۆشکەرە بۆ سەرمایەگوزاری و بۆ قازنجی زیاتری کۆمپانیا جیهانخۆرەکان، فرۆشتنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆر لە داوی شەرەکە،  دروستکردنی گیانی نەژادپەرستی و ڕایسستی تا ڕادەیەك لە نێوانی هەردوو میللەتدا، ناسینی ناتۆ و بەرەی غەرب بە هێزی خێر و ڕوسیا بەهێزی شەڕ [ کە هەردوکیان وەکو یەکن]، کردنی زۆرێکی خەڵکی بە شەڕخواز و شکاندن و بەدناوکردنی زیاتری وشەی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست [ کە هەموان دەزانی نە پوتین کۆمۆنیستە و نە روسیاش سۆشیالیست و کۆمۆنیست] ، بەرزکردنەوەی نرخی هەموو شتێك و خولقاندنی هەژارییەکی بێ وێنە لەم سەردەمەدا ، بوژاندنەوەی سەرمایەداریی و بەهێزبوونیی زیاتری ، هەر ئاواش بەشێکی زۆری لە چەپ و بەرەی چەپی کرد بە شەڕخواز ، کە کەوتنە بەردەمی دەماندنی هەمانەی میدیای  درۆو دەلەسە و کارایی دانانی هەژموونی سەرمایەداری تا ڕادەی ئەوەی کە لە دوێنێوە داوای ئەوە دەکرێت کە لە شەقامەکانی ئەوروپا کە سەفارەتی مۆسکۆی لێیە ناوی شەقامەکان بگۆڕێن بکرێن بە ناوی زیلینسسکی-یەوە،  وەکو چۆن کاتی خۆی شەقامەکانی دەگۆڕان بە شەقامی لینین و ئەم و ئەو.

لە ئێستادا 3 گریمانی وەستانی شەر هەیە کە دوانیان لاوازن و یەکێكیان بەهێزە .  یەکەم : خۆپیشاندان و پرۆتێستی گەورە لە هەموو شارەکانی ڕوسیا  بۆ وەستانی جەنگ. دووەم: یاخیبوونی بەشێکی زۆر لە سوپای هەردولا،  کە گریمانێکی لاوازە .  سێیەم : کە گریمانی زۆر بەهێزە سازش و دانوستادنی هەردوو لا واتە نێوانی ناتۆ و ڕوسیا یاخود هەر بە تەنها ئۆکرانیا و ڕوسیا ، گەر ناتۆ ڕێگا بدات.

سزا و گەمارۆی ئابووریی لەسەر ڕوسیا ڕۆڵی گەورەی هەیە بەڵام نەك لە ئێستادا بەڵکو لە داهاتوودا ، مەگەر شەڕەکە دریژە بکێشێت.  ڕوسیا لە ئێستادا 650 ملیار دۆلار ئیحتیاتی هەیە بەڵام نازانین چەندی دەستی بەسەردا گیراوە لە لایەن ئەم وڵاتانەوە ، هەرەها بێ گومان بەشێکییشی لە شێوەی ئاڵتون و ئەڵماسدایە کە دەبێت بگۆڕرێتەوە بۆ دۆلار ، لەم بارەشدا نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە واتە ئەمەریکا بەهێزتر دەبێت .

  سزاو نەهێنانی نەوت و گاز کە لە کاتێکدا ئەمریکا لە سەدا 5 ی نەوتی ڕوسیا و وەردەگرێت و ڕەنگە بتوانێت ئەمە قەرەبوو بکاتەوە بە وەرگرتنی نەوتی زیاتر لە سعودییەوە کە ئێستا لە وتوو و وێژدان.  بریتانیا لە سەدا 7 وەردەگرێت لەڕوسیا  بەڵام هەر لە ئێستاوە نرخی غاز و کارەبا لە مانگی داهاتووە بە بڕی 700 پاوەند لە ساڵێکدا لانی کەم، لەسەر هەر خێزانێك یا بزنسێك زیاد دەبێت .  ئەگەر بریتانیا ئەمە بکات ئەوەندەی تر زەرەرمەند دەبێت چونکە سەرەنجام ئەو پرۆژانەی کە هەیانە دەبێت دوای بخەن جونکە هەر لە ئیستاوە کە هیچ نەبووە بەرزی نرخی پێداویستتییەکانی ژیان گەڕاوەتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاکان.  ئەڵمانیا لە سەدا 30 وزەی ڕوسیا هاوردە دەکات .  کەواتە تۆزێك زەحمەتە کە ئەم ولاتانە هەموویان ببنە یەك ڕا بۆ بایکۆتی وزە لە ڕوسیاوە ، گەرچی ڕەنگە پوتین ئەم دەستپێشکەرییە بکات.  

دومەڵێك…

دارا جوتیار

07/023/2022

کە هەتوان و چارەسەر دەکرێت، لەبنەوە گوشتەوزوون دەهێنێتەوە تا دێتە سەرەوە سەرەنجام بزمەتە ڕەق و پیسەکە فڕێدەدات و پێست و گۆششتە ساڕێژبووەکە لەپێست و گۆشتەکەی دەوروبەرو پێشتری خۆی جوانتر دروست دەبێتەوە، لێ ئەگەر بیتەقێنیت تەواوی لەشت دەکاتە کێمو زوخاو و برینەکە دەتەنێتەوە پیستر و زیاتر لەپێشتر دەردەدارت دەکات!

مەبەستم لەم نمونەیە:

کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لە برسێتی و بێ نانیەوە تا جەنگە خوێناویەکان هەمیشە باسی شۆڕش و ڕاپەڕینە دەکرێت وەک چارەسەر!

هەموو ڕاپەڕینێك گۆشتەوزوون و چارەسەری برینەکان ناهێنێت، زۆربەی ڕاپەڕینەکان وەک تەقاندنی بێ دەواو دەرمانی دومەڵ و برینەکان وان بەشێوەیەکی کاتی خورویەك و ئازارێک دەشکێنن، لێ بۆگەن و تەنینەوەیەکی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە چەند بەرابەر چارەسەرەکە سەختتر دەکات، ڕاپەڕینی 31 ساڵ پێش ئێستای خەڵکی کوردستان باشرین نمونەیە و دەتوانین هەزاران نمونەی دیکەش هەن لەمێژووی دوور و نزیکدا بهێنینەوە!

هەر ڕاپەڕینێك دەبێت لانیکەمی دەواو دەرمانی دەستبردن بۆ برینەکەی لەهەگبەدا بێت دەنا دەبێتە خۆ گینگڵدان دووبارە گیرخواردنەوە لەناو کێمو زوخاوی برینەکەدا !

پرسیار ئەوەیە….

چ وەك تاك و وەك کۆ، بیر لەگۆڕینی چی دەکەینەوە چی دەخەینە جێگەی چی؟ مەبەستم لە خستنە جێگە، تەنها گۆڕینی دەم و چاو نیە، چون کێشەکە تەنها لەدەمو چاودا نیە، کێشەکە لە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و دابەشکردندایە! کێشەکە لەخاوەنداریدایە، سەرچاوەو هۆکاری خاوانداری و مڵک و دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە چیەو لەکوێوە هاتوە؟ ئەی بنێشت فرۆشێك بۆچی و خاوەنی چی؟

هۆکاری ئەم جیاوازیە گەورەیە چیە؟

ئایا ئامادەین لابردنی ئەم جیاوازیانە بکەینە هەتوانی برین و قڵشتە پڕ لەزوخاو و مەرگەکە؟ ئەو شێواز و فۆرمانەی لە فۆرمی حوکومەتی و پەرلەمانی و ” دیموکراتی “وە تا دیکتاتۆریەت و پاشایەتی و خەلافەت، بەهەندێک جیاوازیەوە جگە لەکوشتار و خوێن و چەوسانەوە شتێکی دیکەیان پێشکەش بە ئێمە کردوە؟

گرفتەکە: خاوەندارێتی “مڵکیەتی ” تایبەت قازانج سەرمایەیە لەسەر یەکتر؍ دەسەڵاتداری و حەزی دەسەڵاتداری پەیوەندی بە مڵکیەت و مشەخۆریەوە هەیە دەنا کەس ئامادە نیە بێ دەسکەوت و ئیمتیاز کار بۆ کەس بکات کە نەیانکردوەو هەرگیزیش نایکەن! جگە لەپڕۆلیتەرەکان کە بەهەڵخەڵەتاندن و زەبر خراونەتە خزمەت کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارەکەوە!

دەسەڵاتدریی گرفتە،

یانی تا پەیڕەوی لەشێوەکاری بەڕێوەبەری دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتیی بکەین کە دەسەڵات دەبەخشێتە کۆمەڵە کەسێك، یانی زۆربە بێدەسەڵات دەمێننەوە ئێمە هەر لەناو زوخاوو مەرگی برینەکانماندا دەتلێینەوە!

پرسیار ئەوەیە … دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات چی دەگەیەنێت، جگە لەمشەخۆری و خوێمژی ئەو کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارانە بەسەر زۆرینەکەوە؟

ئایا ئامادەی ڕاپەڕینێك هەین کە دەسەڵاتداری و مالیەکییەت و مشەخۆری لەخۆمان وەک تاک و بەگشتی و لەکۆمەگەشدا وەلابنێین و فڕێ بدەینە ئەولاوە و لەگۆڕی بنێن و دەستبکەین بەژیانێکی هەرەوەزی و بەهرە وەرگرتن لە داهێنان و تواناکانی یەکتر! یا هەر هەمان تاسو حەمام کەف و کوڵێک دەکەین؟

ئەگەر ئامەدەین، مەرج نیە ڕاپەڕین هەمان ئەو شێوازانە بێت پەلامارێك بۆ سەرەوە و کوشتن و ڕاونانی کۆمەڵێك و ڕێسانەوەی هەمان خوری، بەڵکو هەر ئێستا لەهەموو ناوەندێکی کارکردن و بەرهەمهێنان و کوچەو کۆڵان و گەڕەکێکدا خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی هەرەوەزیانەو هاوبەش بکرێتە هەتوانی برینەکە تا لەژێرەوە ئەو گۆشتەوزوونە دەهێنێت دواجاریش بزمەتە ڕەق و پیسەکەی سەرەوە فڕێدەداتە لاوە و بۆهەتایە بەتەنەکە خۆڵەکەی دەسپێرێت و زبڵدانەکەی مێژوو دەکاتە دوا مەنزڵی هەتاهەتایی!

چی دەزانین لە جەنگەکە و چی فێردەبین گەر بمانەوێت

زاهیر باهیر

06/03/2022

  • ئەم شەڕە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا نییە بە تەنها وەکو میدیای ناتۆ و ئەوروپا پێماندەڵێن، بەڵکو شەڕی ناتۆ و ئەمەریکا و سەرجەم دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە بەرەیەکدا دژ بە ڕوسیا، یاخود ڕوسیا دژ بەوان.
  • دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕێگا بە هیچ کەسێك نادات لە وڵات دەرچێت گەر تەمەنی لە نێوانی 18 و 60 ساڵدا بێت .
  • ناتۆ و ئەمەریکا و ئەوروپا ئەوەی لە توانایاندا بووە و هەیە کردویانە بۆ حکومەتی ئۆکرانیا بە هاوکاری دارایی ، چەك و تەقەمەنی ، تەیارەی جەنگیی ، مووشەك و  داو و دەرمان ، کەلوپەل و پۆشاك، خواردەمەنی و وەرگرتنی خەڵکەکەی لە وڵاتەکانی خۆیاندا.
  • لەم شەرەدا میدیا پرسیارە گرنگەکەی لەبیر بردوینەتەوە کە بۆچی پوتین دەستی بەو  هێرشە دڕندەیە دژ بە خەڵکی ئۆکرانیا کرد و دار و بەردی بەسەر زۆر لە بینای هەندێك شارەوە نەهێڵاوە ، لێرەدا تەنها هەر هێڕشەکەی ڕوسیا دەبینرێت نەك هۆکاری هێڕشەکە.
  • میدیا دنەی هەموومانی داوە و هەموومانی خستۆتە سەر شەقامەکان بۆ دژایەتکرنی ڕوسیا و دژ بە جەنگبوون .  لە ڕاستیدا و کە جێگای داخە هەرە زۆرینەمان کە لەسەر شەقامین دژ بەم جەنگە ، دژ بە جەنگ نین بەڵکو ئێمە دژ بە داگیرکردنی ڕوسیاین ، ئێمەی زۆرینەی کردووە بە جەنگخواز نەك بە ئاشتیخواز، دژ بە ڕوسیا نەك بە ناتۆ و ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیا جیهانخۆرەکان.
  • میدیای بریتانی هەمو وەختەکەی بۆ باس و خواسی جەنگ تەرخان دەکات ، هەڵبەتە بۆ هاوپشتی دەوڵەتی ئۆکرانی و دژ بە ڕوسیا ، تا ئەو رادەیەی کە ئاڕ تی یاساخکرا ، حیزبی لەیبەری بریتانی ، پارتی کرێکاران ،  سەرۆکەکەی ئەو 11 ئەندام پەڕلەمانتارەی کە ئەندامی سەرەکی کەمپەینی دژ بە جەنگن ئاگەدارکرانەوە کە ڕەخنە گرتن لە ناتۆ یانی دەمبەستنیان و تاڕادەیەك تەجمید کردنیان .  ئەوەیە دیمۆکراتییەت. هەر ئاواش بە بڕیارێکی پوتین هەرکەس هەواڵی درۆ بڵاوبکاتەوە تا 15 ساڵ حوکمدەدرێت، کە بڕیارێکی زۆر ترسناکە چونکە دەتوانرێت هەموو شتێکت ئاو بۆ حساب بکرێت کە درۆ دەکەیت.
  • دەستپێکردنی جەنگ زۆر گرانە چونکە ئامادەکارییەکی زۆر زۆری دەوێت و دۆزینەوەی دۆست و لایەنی هاوڕات ، دەبێت حساب و کیتابێکی بێ ئەندازەی بۆ بکرێت ، بەڵام تەواوبوونی زۆر جار بە دوو دانیشتنی نێوانی هەردو لا دەکرێت کۆتایی بێت.
  • غەباوەتی زیلینسکی نیوەی وڵاتەکەی وێران بووە کەچی فۆرمی هاتنەناو یەکێتی ئەوروپا واژۆ دکات .  ئەمە ڕەنگە خۆی و لایەنگرانی بە چالەنجی بزانن، بەڵم ئەمە لە غەباوەت زیاتر شتێ تر نییە.
  • بە سیاسیکردنی وەزش و هەموو چالاکییەکی وەرزشەوانی : لە بیرمە گەر تاکە یاریکەرێکی تۆپی پێ پشتگیری لە مانگرتن یاخود خۆپیشاندانی کرێکاران بکردایە لیا دژ بە شەڕی بریتانیا و ئەمەریکا بوایە ، ئیتر دەبوایە ئەو یاریکەرە بە پەندی پسات بکرایە و پەشیمانبوایەتەوە لە هەڵوێستەکەی ، گاسکۆین [ گەزە] ایاریەکەرە بەناوبانگەکەی سەردەمی خۆی، تاکە کەسێك بوو کە ئەو هەڵوێستەی هەبوو کەچی هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لێدەکرد.  دەیڤد پێکەم بە ئاشکرا وتی نابێت وەرزش بە سیاسەت بکرێت .  ئەی ئەمە بە سیاسەتکردن نییە کە وەرزشەوانەکانی ڕوسیا لە هەموو چالاکییەکی وەرزشیدا دووربخرێنەوە؟ ئەی بۆچی ئێستا یەکە یەکە میدیا بە دوای کەسانی ناوداری بواری وەرزشدا دەگەڕێ تاکو بێنە سەر تی ڤی و دژ بە ڕوسیا بوەستنەوە و کەمپەینی دوورخستنەوەی هاووەرزشکارەکانیان بکەن؟
  • لەم شەرەدا زەرەرمەندی یەکەم و سەرەکی دانیشتوانی هەژاریی ئۆکرانیایە و دەربەدەربونیانە، سوودمەند کۆمپانیا زەبەلاحەکانە کە دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا ئەوەندە قازانج بکەن کە لە 10 ساڵدا ئەوەندە نەکەن بە چەکفرۆشتن و بیناکردنەوەی ئۆکرانیا و ئاوەدانکردنەوەی دروستکردنەوەی ڕێگا و بان و بورج و خەستەخانە و قوتابخانە و زۆری تر ، ئەمەش بۆ ماوەیەك داهاتی زۆرێك لەو وڵاتانە دەبوژێنێتەوە و خەڵکێکی زۆر دەکەوێتە کارەوە ، سەرمایەداریی هەناسەیەکی پیادێتەوە و هەنگاوێکی دیکەش بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵك دەباتە دواوە هەر وەکو کۆرۆنا کردی.
  • سیاسەتی دووفاقەیی و دووڕویی دەوڵەتانی ئەوروپی کە چۆن مامەڵەی ” چاو شین و پرچ زەرد و پرچ ئاڵ و سپیپێستەکان، مەسیحییەکان و ئەوروپییەکان”  دەکەن و چۆنیش هاوکاری کەسانی دەرەوەی ئەوروپا دەکەن.
  • کەرە دێزە : بەشێك لە کرێکارانی دووەم نقابەی گەورەی بریتانیا کە کرێکارانی بەندەرەکانن دوێنێ ئامادە نەبوون کە پاپۆڕە نەوتییەکان کە بارهەڵگری نەوت و غازی ڕوسیان، بەتاڵبکەنەوە بەناوی دژایەتیکردنی ڕوسیا و هاوپشتی ئۆکرانیا.  ئەم کەرە دێزانە کە حەز بە تۆپینی خۆیان دەکەن و مردنی خاوەنەکەیان کە ئێمەین، ئەمانن.  ئەمان لەمەدا هاوڕا و هاوپشتی دەوڵەتەکان و سەرمایەداران و ساماندارانن.  باشە ئێوە ئەو هەموو چەك و جبەخایەتان بۆ سعودییە هەواڵە کرد تاکو منداڵان و کەسانی بێ تاوانی یەمەن بکوژێت بۆ بۆ چرکەیەك مانتان نەگرت؟ باشە بۆ مانتان نەگرت لە بارکردنی چەك و تەقەمەنی بۆ دەوڵەتی فاشی تورکیا کە بۆ قڕانکردنی هاوچینەکانی خۆت و کوردانی ڕؤژئاوا و هەندێكیش لە کوردانی باشوورە؟ بۆ بۆ چرکەیەك مانتان نەگرت بۆ ناردنی چەك بۆ لیبیا؟  ئەی ئێوە بۆ هاوپشتی چینەکەی خۆتان هەر بۆ نموونە نێرس و دکتۆر و کارمەندەکانی خەستەخانەکان کە لە پرۆتێستا بوون، هەر قسەیەکتان نەکرد ؟ بۆچی بۆ چرکەیەکیش کارتان ڕانەگرت لە هاوپشتی مانگرتنی کرێکارانی میترۆکانی لەندەن لە ڕۆژی 3 شەمە و 5شەمەی هەفتەی پێشوو؟ ئەی کەرانی دێز ئەوە نازانن کە بەیانی حکومەت دەتوانێت بتاندات بە دادگا بە بیانوی ئەوەی کە ئێوە بە یاسای دژە نقابە بۆتان نییە کە کێشە ئابوورییەکانتان بکەنە کێشەی سیاسی ؟ ئێوە نەک هەر ئەوەتان کردووە لەوەش خراپترتان کردووە کە بێ هیچ بیانویەك هاتوون ئەو چالاکییەتان کردووە کە لە سەر هەر هەمو وماڵێك و بزنسێكی بچووک و گەورە دەکەوێت بە زیادکردنی زیاتری دانی پارەی غازو کارەبا؟   
  • چەمکی سەربەخۆیی:  ئەم جەنگەی ئێستا باشتر چەمکی سەربەخۆیی سەلماند کە تەنها وەهمی نەتەوەییەکان و لیبراڵەکان و فاشی و ڕایسستەکانن. ئەمڕۆ وڵاتێك نییە  لەم دونیایەدا کە سەربەخۆ بێت ئەگەر سەربەخۆیی، سەربەخۆیی ئابووریی و سیاسیی بێت .  تا گەورەتر بێت و بەهێزتر بێت وڵات،  زیاتر بارخوراترە. ئەمڕۆ وڵاتانی وەکو ئەمریکا و ڕوسیا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسە پاشکۆترن بە بازاڕی جیهانی تاکو وڵاتێکی بچوکی چەند سەد هەزار کەسی ئەفەریقا. 
  • هەڵوێسیئ ئیسرائیل و کوردەبۆرە:  ئیسرائیل کە یەکەم وڵاتی بەهیزی هەموو ناوچەکەیە و دووەم هێزە لە جیهاندا، کە تاکە وڵاتێکی ناودارە کە تا ئێستا هەڵوێستی خۆی بە هەڵواسراوی لە بەرانبەر ئەم شەڕەدا هێڵاوەتەوە و لایەنگری هیچ لایەکیان نییە. حکومەتی ئیسرائیلی دەزانن گەر دژایەتی ڕوسیا بکەن زۆر زەرەر دەکەن .  ڕوسیا ئاسمانی سوریا دەپارێزێت بەڵام بۆ ئیسرائیلی دەکاتەوە کە لە حیزبوڵا و هێزی ئێرانی بدات و جاروباریش ئەسەدیش بکوتێت.  ببینن چەند گڵاوە سیاسەت؟ زیلیسنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کە خۆی جولەکەیە تەلەفونی بۆ نەفتەلی بێنێت ، سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل کردوە بۆ هاوکاری و تێکەوتنی وەستانی جەنگ ، لەگەڵ هەبوونی 250 هەزار جولەکە لە ئۆکرانیا، نەفتەلی پاش دوو ڕۆژ وەڵامی لێگێڕاوەتەوە ، هەر ئیسرائیلیش بوو کە دانیشتن و وتووێژی لە نێوانی هەردوو لادا ڕەخسان.

 کوردەبۆرە: کوردەبۆرەش هەمو وەک فەرد و هەم وەکو حیزب و حکومەت بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە ، یا دەبێت دژ بە ڕوسیا بیت یا دەبێت دژ بە ئۆکرانیا دەنا تۆ هەلوێستت نییە!!!!!! ئەم سەنگەر لەو دەگرێت و ئەو سەنگەر لەم دەگرێت تا بیناقای لە سۆز و پەرۆشدا بۆ دەوڵەتێکیان لە لیتەدایە.

  • مێژو نیشانی دەدات  کە روسیا دەستی بە خوێنی هەندێك لە گەلان و هەزاران هەزار کەس سوورە بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە ناتۆ و ئەمەریکا و ئەوروپا زۆر زیاتر لەوان و کەم وڵاتیش هەیە کە ئەمان دەستیان تێوەردنەدابێت یاخود شەڕیان تێدا نەکردبێت.

ونی جەنگ

جیهان نۆرمان

06/03/2022

ونی جەنگ پەیوەند نییە بە ژیریو گێلی، بە توندرەوی ئەم یاخود ئەو سەرمایەدارو دەستەلاتدارەوە. بوونی خودی دەولەتو سەرمایە، یاخود دەستەلاتداری خۆی لە خۆیدا بریتییە لە بوونی جەنگ. دەبێت کەسێك زۆر بێبەشبێت لە ژیری، یاخود مەرامێکی تایبەتی لێلکردنی راستییەکانی لە پشتەوە بێت، گەر جەنگی ئێستای روسیاو ئۆکرانی بگێرێتەوە بۆ نیازو مەرامێکی سایکۆلۆژییانەی پوتین؟

لەم راستی شێواندنەدا، چەپەکان بە هەموو تەوژمەکانیانەوە زیاد لە راسترەوەکان کالای گێلکردنیان لە بازاری مێدیاکاندا نمایشدەکرێ. هیچ لایەنێك، هیچ تەوژمێکی چەپ هۆکاری جەنگ ناگێرێتەوە بۆ سەرچاوەکەی، کە خودی کردارو پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەیە. بە پێچەوانەوە هەمیشە هەلوێستو هەلسەنگاندنی چەپەکانی دونیا بۆ جەنگ لە بازنەی تەسکی سیاسیدا تێپەریان نەکردووە. ئەویش بە گشتی، بریتییە لە مافی دیمۆکراتیانەی هەر وولاتێك بۆ سەروەری خۆی، لە بەرگریکردن لە ئازادی نیشتمانی، یاخود بەرگریکردن لە بەرەی دیمۆکراسی سەرمایە دژی بەرەی دکتاتۆری سەرمایە! وەك ئەوەی سەرمایەی دیمۆکراسی دکتاتۆری نەبێت دژی ژیان، دژی مرۆڤو ژینگە!

بۆ نمونە لە جەنگی کەنداودا چەپەکان بە دوو بەرەی جیاواز خزمەتی سەرمایەیان دەکرد. لە لایەك بەرەی سەر بە دیمۆکراسی کە پالپشتی ئەمەریکاو ئەوروپا بوون، لە لایەکی تر بەرەی دژە ئیمپریالیزمی پالپشتی عێراق.

ئەم جەنگەی ئێستا، وەك هەموو جەنگەکانی تر، بە دەر لە هەموو جیاوازی بارووزرووفو تایبەتمەندییە مێژووییەکان، درێژەی جەنگی بەردەوامی سەرمایەیە بۆ سەر مرۆڤی چەوساوەو ژیان بە گشتی لە پێناوی زیاتر دەستەلاتو قازانجدا. ریشەی ئەو جەنگە، وەك ریشەی هەموو جەنگەکان، لە زەمینەی سیستەمی بەرهەمهێنانی زێدە بەهادایە، واتە لە چەوساندنەوەی گیانو دەروونی مرۆڤو ژینگەیدایە. خەباتی راستو کاریگەر دژی ئەم جەنگەو هەموو جەنگێك، تەنها خەباتی چەوساوەکانە دژی ئەوانەی کە راستەوخۆ لە نێو ژیانیاندا دەیان چەوسێننەوە، واتە لە نێو کارەکانیاندا، لە نێو شارو وولاتەکانیاندا، نەك لە هیچ جێگەیەکی تر!

بەرەی بەرگری نیشتمانیو نەتەوە پەرستی دوژمنی هەموو خەباتێکی شۆرشگێری راستە بۆ لە ریشەکێشانی جەنگ. تەنها خەباتی راستەوخۆ دژی چەوسێنەران لە هەموو جێگایەك، واتە دژی سەرمایەداران، واتە دژی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە، رێبازی راستی ئەنتەرناسیۆنالیستییە بۆ لە ناوبردنی جەنگو چەوساندنەوە.»