All posts by azadebram

داڕمانی ئابووریی بریتانیا نەك بە گۆڕینی دەموچاوەکان بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش زەحمەتە چارەسەر بکرێت

زاهیر باهیر

17/10/2022

ئەوەی کە ئەمڕۆ بە ناوی ئابوری  لیبراڵ لە زۆرێك لە وڵاتاندا پیادەدەکرێت، ئابووریی نییە بەڵکو جەنگێکی سەرانسەرییە کە بەرانبەر بە دانیشتوانەکەی بەڕێدەکرێت. جەنگی ڕووتانەوە و چەوساندنەوە و برسسیکردنی زۆرینە و هەڵکەندنی زۆرێك لە زێدی خۆیان و باوباپیرانیان و دروستکردنی جەنگێکی ڕاستەوخۆی کوشتن و بڕین و وێرانکارییە.

ئابوورییەك کە لەسەر خۆێن و جەنگ و کوشتن و بڕین بژی و بەردەوام بێت ئەمە چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بۆ کەمایەتییەکی ئێکجار کەم خێرێکی زۆر بداتەوە نەك بۆ هەموان ، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك چەند فۆرمیلەیەکی وەکو بەرزکردنەوەی بەهای پارە و دابەزینی، زیادکردنی ڕێژەی سوو و کەمکردنەوەی، هەڵئاوسانی پارە و دابەزاندنی بیسوڕێنێ و بەڕێی بکات، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بە پژمەی کەسێكی زۆر دەوڵەمەندی وەکو ڕۆبێرت مەردۆك ، جۆرج سۆرۆ، ئێلون میسك ، جێف بیزۆس و بیڵ گەیت و هەندێکی تریان بدات لە تایەك لە دارایی وڵاتان، چ ئابوورییەکە؟، ئابوورییەك کە تەنها 4 وشەی بەسە لەلایەن ئەو زاتانەی سەرەو بۆ داڕمانی: ” ئەم سیستەمە هەرەس دەهێنێت” ، دەبێت چ ئابووریەك بێت؟

بریتانیاش یەکێکە لەو وڵاتانە  خاوەنی ئەو چەشنە ئابوورییە و لەم جەنگەدایە. دوای قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 تا ئێستا بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی بریتانیا لە خراپیدایە و  ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو خراپتر دەڕوات کە لە ئێستادا گەیشتۆتە لوتکە.  هەر بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە شەش ساڵدا چوار سەرەك وەزیری سەر بە هەمان حیزب هاتوون و ڕۆیشتوون .

لەگەڵ ئەوەشدا باری ژیانی خەڵکی بریتانی بەرەو خراپ و خراپتر ڕۆیشتووە.  کولفەی ژیان بە ڕێژەی لە سەدا 10 کە ئابووریناسەکان و حکومەت پێیدەڵێن هەڵئاوسانی پارە سەرکەوتووە ، لیستی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و داخڵبوون بە خەستەخانەکان لە 6 ملیۆن کەسەوە لە مانگی نیسانەوە بۆ 7 ملیۆن کەس سەرکەوتووە، کولفەی منداڵ لە حەزانەدا، باخچەی منداڵاندا سێیەک و دوو لەسەرسێی داهاتی خێزان دەبات ، بەهای پاوەند لە ساڵی 1976 وە وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەرزبوونەوەی غاز و کارەبا بە ڕێژەی لە سەدا 84 لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرکەوتنی زیاتریش لە ساڵی نوێدا، ئەوانەی کە سلفەی عەقاری 200 هەزار پاوەندیان لەسەرە کە تا ڕادەیەك کەمە، وا پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی سلفەکەیان بە بڕی 5 هەزار و 100 پاوەند سەرکەوێت، کرێی خانووش بە ڕادەیەك لەبەرزبوونەوەدایە کە زۆرێك چی تر ناتوانن بیدەن، مەرکەزی خۆراك بەخشینەوەکان هەفتانە زیاتر قەرەباڵغ دەبن و خۆی داوە لە ملیۆنێك کە بەشێكی زۆریان کار دەکەن.

بە هاتنی سەرەك وەزیرانی نوێ ، لیز ترووس، و دەستەو تاقمەکەی ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان برد.  سیاسەتەکانی حکومەتی نوێ لە ئابووریدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەیانیان کرد هەر لە دژایەتی ژینگە، هەڕەشەی زیاتری سەرکوتکردنی خەڵکی و سنوردارکردنی زیاتری ئازادییەکان لە ڕێگای یاساوە، هەڵوەشاندنەەوەی لە سەدا 45 باج لەسەر داهاتی زیاد لە 150 هەزار پاوەند کە بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەوە بکەوێتە کار، هێڵانەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکان کە لە ئێستادا  بە ڕێژەی لە سەدا 19 یە کە ئەمیش بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا ببێتە لەسەدا 25 ،  زیادکردنی بەشدارایکردنی بیمەی نیشتمانیی، هەڕەشەی دەستگرتنەوەی سەرفکردنی پارە  لە خزمەتگوزارییەکاندا، هەندێکی دیکە لەم سیاسەتانە وای کرد کە بەهای پاوەند هاڕە بکات و هاوکاتیش کارایی زۆر خراپی لەسەر تەواوی ئابووریی دانا. هەموو ئەمانە ڕۆژانە لە سەر ژیانی ئاسایی هەرە زۆرینەی خەڵك ڕەنگدەداتەوە.

بۆ چارەسەری ئەو بارەی کە خولقێندارا و بۆ ئەوەی بەهای پاوەند زیاتر نەشكێ، بانکی مەرکەزی بەدەم حکومەتەوە هات وبڕیاری دا کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بایی 65 ملیار پاوەند ‘بۆند’ی [ لام وایە بە کوردی کۆمپیالە و سەنەدی کۆنی خۆمان دەگرێتەوە]  کڕی بۆ فرۆشتنەوەی .  ماوەی ئەو دوو هەفتەیەیە کە بۆی دیاریکرابوو  تا ڕۆژی هەینی هەفتەی پێشوو بوو، 14/10 تەنها بایی 7 ملیار بۆند کڕڕا و نرخی پاوەندیش هیچ نەچووە سەرەوە و یارمەتی حکومەتیشی نەدا لە ئارمکردنەوەی بازاڕ و بۆرصەدا.  ناچار سەرەك وەزیران وەزیری دارایی کە برادەر و هاوپەیمانێکی زۆر نزیك و دێرینی خۆی بوو دەرکرد و کەسێکی دیکەی کردە وەزیری دارایی .

ئایا دانانی  وەزیری دارایی نوێ ئەم گرفتە لابەلا دەکاتەوە؟

بە بڕوای من گرفتەکە نەك هەر بە گۆڕینی دەموچاوەکان، بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش لابەلا نابێتەوە. ڕاستە سەرەك وەزیران وەزیرێكی نوێی داناوە و بڕێك ئایدیای هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و هەرەها لە گەلێك لەو سیاسەتانەی  پەشمیان بووەتەوە بەڵام پەشیمانبوونەوە و هەڵپەساردنی بڕیارەکانی بۆ ئایندە، نە یارمەتی بەردەوامبوونی حوکمی دەدات و نەچارەسەری گرفتەکانیش دەکات،  چونکە 40 ملیار پاوەند دەبێت جێگای بۆ بکرێتەوە و پڕ بکرێتەوە کە نازانرێت لە کوێوە هاتووە.

 لەم وڵاتانەدا لەبەرئەوەی حکومەت لەسەر پارەی باج دەژی ناتوانێت و ناکرێت بڕیاری هاوکاری کەرتێکی خزمەتگوزاریی وەکو پەروەردە، تەندروستیی، هاتوو چۆو ئەوانی دیکە بدات، یاخود باج  لەسەر لایەنێك بهێنێتە خوارەوە یا بیمەکان زیاد بکات  ئەگەر بە گوێرەی ئەو پارەیە، پارەی بۆ دیاری نەکرابێت و سەرچاوەی هاتنی ئەو پارەیە یا ئەو بڕە باجە داشکاوە بەیان نەکرابێت.

چارەسەرکردنی ئەم 40 ملیارەش کە ڕەنگە بڕێك بەهای پاوەند بەرزبکاتەوە و ئابووریش تۆزێك ببوژێنێتەوە. بەڵام نانی ئەم هەنگاوە بۆ  وەزیری نوێی دارایی یاخود هاتنی حیزبی  لەیبەر  بۆ سەر حوکم زۆر زەحمەتە چونکە پەیداکردنی ئەم 40 ملیار پاوەندە بە ڕای من تەنها لە یەكێك لەم  چوار ڕێگایەوە دەکرێت . 

یەکەم: کەمکردنەوە و بڕینی بەشێك لە بیمەکان و پارەی شارەوانییەکان و خزمەگوزارییەکانی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن.  ئەمەش گرفتی زیاتر دروست دەکات هەر لە زیادبوونی ژمارەی بەتاڵە و بوون بە بارێکی قورس بەسەر دەوڵەتەوە و  کەمبوونەوەی توانای کڕینی کاڵاکان، واتە هێواشکردنەوەی نشونمای ئابووریی ڕۆیشتن بەرەو قەیران.

دووەم: زیادکردنی باج لەسەر سامانداران و کۆمپانیاکانی بزنس و سەپاندنی باج بە سەر ئەو سەرمایانەی کە لە وڵاتانێك دانراون و باجیان لەسەر نییە.  ئەمەش ناکرێت و مایەی قەبوڵ نییە لە لایەن ئەو لایەنانەوە.

سێیەم: چاپکردنی پارەی زیادە لە لایەن بانقی مەرکەزییەو هەر وەکو لە سەردەمی کۆرۆنادا کرا لەژێر ناوی quantitative easing  ، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری قەرزی نەتەوەیی کە دانەوەی دەوێت .

چوارەم:  بەدەوڵەتیکردنی کەرتە تایبەتییەکانی وەکو وزە و ئاو و هاتووچۆ و هەندێکی دیکەیان. کردنی ئەمەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوە هەیە و پارەیەکی زۆری دەوێت و گرفتێکی زۆریش بۆ دەوڵەت لە ئێستادا دروست دەکات، بۆیە کردنیان زۆر زەحمەتە.  

بێ گومان ئایندەیەکی نزیك وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و داهاتوی ئابووری بریتانیامان بۆ دەردەکەوێت .

هەڕەشەی جددی لەسەر چالاکوانان و مانگرتوانی هەندێك کەرتی کرێکاران لە بریتانیا

16/10/2022

بەردەوامبوونی کەرتە کرێکارییەکان لە مانگرتندا و دەنگدانی زۆرێکی دیکەیان بۆ مانگرتن هەروەها بوونی خۆپیشاندان و پرۆتێستێکی زۆر و نواندنی چالاکی کاریگەریی ڕاستەوخۆ لە لایەن دۆستانی ژینگە و بەرگریی لە مانەوە لە ژیان و گروپی بەرگری لە ئاژەڵان و گیانلەبەران و هەروەها چالاکترین گروپ ” نەوت بوەستێنە بەس بیوەستێنە” حکومەتی وا شپرزەکردووە کە بە گوێرەی یاسای کۆن کە بە دەگمەن ئازادیی ماوە و زەبرو زەنگی پۆلیس،  ئێستا وەزیری نوێی پۆلیس  و ناوخۆی بریتانی دەیەوێت دەسەڵاتێکی زیاتر بەدەر لەحەد بدات بە پۆلیس لە مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەراندا .  دەیانەوێت  یاسایەکی نوێ بهێننەکایە تاکو هەندێك لە کەرتە کرێکارییەکانی وەکو خەستەخانە و بەشی تەندروستی ، هاتووچۆ و ڕێگا و بان، کارەبا و غاز و ئاو ئەوانی دیکەی کە دەوڵەت مانگرتنیان بە مەترسی دەزانێت لەسەر خۆی ، یا قەدەغە بکەن یا لانی کەم ناکارایان بکەن بە دانانی ژمارەی مانگرتوان  و وەخت و ڕۆژ و بردنیان بۆ مەحکەمە تاکو مەحکەمە بە بڕیارێك مانگرنتەکەیان پەك بخات.  سەرپێچیش لە بڕیاری مەحکەمە گرتنی سەرۆك و سەرکردەکانی نقابە و هەڵپەساردنی بوجە و دارایی نقابەیە و  ڕێگرتنە لە کردنی هەندێك کاری سەرەکیی.

دوێنێ، ڕۆژی  شەمە، 15/10 ، گروپی ” نەوت بوەستێنە بەس بیوەستێنە” بۆ ڕۆژی 15یەم  لە سێنتەری لەندەن شەقامێکیان بلۆک کرد بۆ ماوەیەك،  ئەمە زیاتر هانی وەزیر دەدات کە پاوەری زیاتر بدرێت بە پۆلیس .  هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەو چالاکیانە لە لایەن میدیاوە و بە خراپی باسکردنیان هەژموونی خۆی لەسەر خەڵکانی ئاسایی داناوە وەکو دەبینیت لە وێنەکەدا کە چۆن کەسێك یەکێك لەو چالاکوانە بە تەمەنە وەکو کەلاکی گیانلەبەرێک یا ئاژەڵێکی مردوو بەکێش دەکات بێ گوێدانە هیچ بەر پرسیارییەك ، کە ڕەنگە ئەو کەسە نەخۆشی دڵی هەبێت ، فشاری خوێنی هەبێت ، شەکرەی هەبێت یا هەر نەخۆشییەکی دیکە ، چونکە حکومەت و میدیا پاڵپشتی ئەو جۆرە کارانە دەکەن و لایتی سەوزیان بۆ هەڵکردووە.

ئەگەر نەکەوینە خۆمان لە بریتانیا هەموو ئازادییەکانمان لەدەست دەچێت .

چالاکوانی گروپی ” نەوت بوەستێنە” لە بریتانیا:

15/10/2020

ئەم گروپە چالاکترین گروپە لە بریتانیادا لە زۆرێك لە کەسانی نێو گروپە چەپ ڕادیکالەکانەوە هاتوون .  لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئێستا 1600 کەسیان لێگیراوە و 79 کەسیان لە بەندیخانەدایە.

چالاکی ئەم گروپە پۆلیس و دادگا و بزنس و تەنانەت ئەوانەشی دەچن بۆ سەر کار یاخود هەر سەیارەیان هەیە بێزار و هەراسان کردووە .  لەماوەیەکدا کاردانەوەیەکی ئاوا بێ وێنەیان هەبوو لە ڕێگە پێنەدان بە تەنکەرەکانی بەنزین و گازۆیل بگەنە بەنزینخانەکان تا ئەو رادەیەی کە لە ڕۆژئاوای میدلەند ڕێژەی هاتنی تەنکەرەکان هاتە سەر لە سەدا 43 و لە لەندەندا هاتە سەر لە سەدا 44 و لە ڕۆژهەڵاتی ئینگلەند هاتە سەر لە سەدا 48 .

لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەموو ڕۆژێك لە شوێنی جیا جیای هەستیار و قەرەباڵغدا چالاکی خۆیان ئەنجامدەدەن .  ڕۆژی 5شەمە دایان بەسەر وەتەرلودا لە لەندەن کە دەکەوێتە پشت ڕوباری تایمسەوە و سێ ڕێڕەوی سەرەکییان لە دەورو بەری فولکەکە داخست . دوێنێ هەینی دوو کچی گەنجیان چوونە ناو گەلەری نەتەوەییەوە بە دۆشاوی تەماتە تابلۆی گوڵەبەڕۆژەی ڤان کوخییان عەیبەدار کرد و بە خەڵکەکەیان وت : 

چی بە بایاخترە ، هونەر یان ژیان؟یەکێک لە چالاکوانەکان وتی. ئەوی تریان  ئاماژەی بەوەکردەوە، “ئایا نرخەکەی لە خواردن بەبەهاترە ؟ زیاتر لە دادپەروەری؟ ئایا زیاتر خەمی پاراستنی تابلۆیەکت هەیە یان پاراستنی هەسار و مرۆڤەکانمان؟”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “قەیرانی تێچووی ژیان بەشێکە لە تێچووی قەیرانی نەوت، سووتەمەنی بۆ ملیۆنان خێزانی سارد و برسی ناتوانرێت بکڕرێت، تەنانەت توانای گەرمکردنەوی دەورییەك شۆرباشیان نییە.”

سوتاندنی سووتەمەنی بەردینی لە ئێستادا مرۆڤەکان دەکوژێت

ئەوی تریان وتی : ئەوە سووتەمەنییە قەیرانی تێچووی ژیان دەدات، هەروەها پلەکانی گەرما بەرزتر و بەرزتر دەکات،  بۆیە من پشتگیری ئەم حکومەتە ناکەم و دانانیشم و  سەیری حکومەت بکەم کە  تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات بە بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان لە پیشەسازی سووتەمەنی بەردینی.  ئەوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵەیەبۆیە من لێرە بە ئارامی و ناتوندوتیژی لە ڕێگادا دانیشتووم، داواکاریی ئێمەش ئەوەیە: چی دی نەوت و غازی تازە مامەڵەی پیوە نەکرێت .”

کچێکی گەنجی دیکە وەکو لە وێنەکەیدا دەیبینیت چووە بەردەم بارەگای سەرەکی پۆلیسی سکۆتلەندیارد و بۆیاخی بە  عنوان و لۆگۆکە وسەر ئەرزەکەشدا کرد.

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی شاری مەدریدی ئیسپانیا

15/10/2020

ئەمڕۆ شەمە ، 15/10 ، پرۆتێستێکی ئێکجار گەورە لە مەدرید لەلایەن خانەنشینان و کرێکاران و خەڵکانی دیکەوە بەڕیوە چوو.  ئەم خۆپشاندان وپرۆتێستە ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ کراوە تاکو ئەوانەی کە دەیانەوێت بەشداربن لە شار و شارۆجکەکانی دیکەوە لە وەختدا بگەنە مەدرید.

بە دەیەها گروپ لە شارەکانی دیکەوە بەڕێکەوتن بۆ مەدرید لەوانە گروپێك لە خانەنشینان کە بە ڕێپێوان لە Valencia بۆ مەدریدی پایتەخت کە 300 کیلۆمەترە  ، کەوتنە ڕێ تاکو بگەن بە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا وەکو لە وێنەیەکیاندا دەبینرێن .

باری ئابووری ئیسپانیا خراپە و ڕێژەی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە سەدا 9.3 یە کە ئەمەش ژیانی خەڵکی بە ڕادەیەکی زۆر خراپ کردووە  کە چارێکیان لا نییە جگە لە بەرگری لە خۆیان و ژیانیان و بەگژاچوونەوەی حکومەتی ئیسپانیا.

تورکیا گەورەترین زبڵخانەی پاشماوە پلاستیکییەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

10/10/2022

“لەو کاتەوەی حکومەتی چین سیاسەتی بڕیاری دەستبەرداربوون لە هاوردەکردنی پاشماوەی پلاستیکیی لە ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ کردووە، تورکیا بووەتە گەورەترین زبڵخانەی پاشماوە پلاستیکییەکانی چەند وڵات و بە تایبەتیش وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا.

لە ساڵی ٢٠١٦دا تورکیا ٣٣ هەزار و ٨٠٤ تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوردە کردووە. تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ژمارەیە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا ١٢٠٠ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٤٧ هەزار و ٤٣٢ تۆن. لە دوای کشانەوەی لە یەکێتی ئەوروپا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠، بەریتانیاش بڕێکی زۆر پاشماوەی پلاستیکی هەناردەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا کردووە. لە کاتێکدا زیاتر لە نیوەی پاشماوەی پلاستیکی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا هەناردەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کراوە، بەریتانیا ١٢٢,٨٩٨,٣٨٥ کیلۆگرام پاشماوەی پلاستیکی، واتە لەسەدا ٢٧ی هەناردەی پاشماوەی پلاستیکی بۆ تورکیا ڕەوانە کردووە.”

بازرگانی جیهانی ڕیسایکڵکردنەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان زۆر زنجیرە خەڵک لەخۆدەگرێت، لەوانە دەڵاڵ و بریکاری پاشماوەکان، هەڵگرانی پاشماوە، بریکاری کەشتیوانی و دەسەڵاتدارانی بەندەرەکان، بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بازرگانی یاسایی پاشماوەی پلاستیکی گەیشتووەتە ٢ ملیار دۆلار لە ئاستی جیهانیدا.

لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە تا ٢٠٢٠، هەناردەی پاشماوەی پلاستیکی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا لە ٣٨ هەزار و ٨٠٤ تۆنەوە بۆ ٤٤٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن بەرزبووەتەوە – واتە زیادبوون بە ڕێژەی لەسەدا ١٢٠٠.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە توێژینەوەیەکی دوورودرێژدا پەردە لەسەر بێمافییەکانی کرێکاران ، ژەهراویبوونی ژینگە، کارکردنی منداڵان، بازرگانیکردنی قاچاخ، بوونی سەدان کارگەی تۆمارنەکراو و نایاسایی، پشکنینی سەرپێی و چاوداخستنی دەسەڵاتداران لە بازرگانی ڕوو لە گەشەی ئەم کەرتە، هەڵئەداتەوە. لە چاوپێکەوتنەکاندا ئاماژە بە نایاساییبوونی سەدان کارگە ئەکەن کە ڕێژەی ٥٠ تا ٩٠% ی سەرجەم کارگاکانی ئەو بوارە پێکئەهێنن.

بە پشتگوێخستنی یاساکانی بواری پارێزگاری لە ژینگە، بەکارهێنانی ئامێری هەڵەو ، شوێنی نادروست و بچووک و دابڕاو لە کەمترین پێداویستییەکانی سەلامەتی بوونەتە سەرچاوەیەکی مەزنی ژەهراویبوونی ژینگە و مرۆڤەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە :” کرێکاران و دانیشتوانی ناوچەکە ئەگەر لە کاتی پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پاشماوە پلاستیکییەکان (ڕیسایکڵکردندا) ژەهرەکان و دوکەڵەکان هەڵمژن، بەرکەوتەی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان ئەبن. شێرپەنجە، نەزۆکی، کەموکوڕی لەدایکبوون، لەدایکبوونی پێشوەختە و تەنگەنەفەسی، کێشەکانی تری کۆئەندامی هەناسەدان، سەرئێشە، و نەخۆشیەکانی پێست کاریگەرییە ژەهراوی و زیانبەخشەکانی ئەم بازرگانییەن.

شاری ئەدەنە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، زیاد لە ٥٠%ی هاوردەکردنەکان لە خۆ ئەگرێت. تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢، ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ١٦٧ دامەزراوەی مۆڵەتپێدراو بۆ ریسایکلکردنی پلاستیک لە ئەدەنە و ٢٣٢ دامەزراوەی مۆڵەتپێدراو بۆ ریسایکلکردنی پلاستیک لە ئەستەنبوڵ هەبوون، کە زۆربەیان لە نزیک شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون، کلینیکەکانی پزیشکی، قوتابخانە و پارکەکان دامەزراون.

کۆچبەران و پەنابەران ژمارەیەکی ناڕێژەیی بەرزی کرێکاران لە دامەزراوەکانی ڕیسایکڵکردن پێکدەهێنن، چونکە ئەم جۆرە کارانە بۆ ئەو کەسانە بەردەستن کە زمانی تورکی نازانن، بەربەستی چوونە ژوورەوەیان کەمە و زۆرجار بەشێکن لەو ئابوورییەی کە کراوەیە بۆ ئەو تاکانەی بەبێ مۆڵەتی یاسایی کار ئەکەن، یان دووچاری ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکان ئەبنەوە لە کاتی کارکردن .

کوردەکان لە ناو هێزی کار لە دامەزراوەکانی ڕیسایکڵکردندا نوێنەرایەتییەکی زۆریان هەیە. بەشی زۆری ئەو کەسانەی لە بواری ڕیسایکڵکردنی پلاستیکدا. بە پێ‌ی ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافی مرۆڤ ئەو کوردانەی لە ئەدەنە دەژین زۆربەیان منداڵی قوربانیانی ئاوارەیی زۆرەملێن، یان خۆیان قوربانین، کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودەوە لە گوند و شارۆچکەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە هاتوونەتە تورکیا کاتێک سوپای تورکیا سیاسەتی چۆڵکردن یان سووتاندنی هەزاران گوندی گرتەبەر.

نەک هەر بەکارهێنانی پلاستیک لە دەیەکانی ڕابردوودا زیادی کردووە، بەڵکو پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٦٠ سێ هێندە زیاد بکات. پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٦٠ سێ هێندە زیاد بکات.

پلانەکان بۆ گەورەکردنی پیشەسازی پلاستیک بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە جیهاندا دەجووڵێنرێن، شانبەشانی کۆمپانیاکانی کاڵای بەکاربەر. لەگەڵ گواستنەوەی وڵاتانی جیهان لە نەوت و گاز وەک وزە لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتبارترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردینیی، وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی پلاستیک و پترۆکیمیایی زیاد دەکەن. هەروەها توانای دروستکردنی پلاستیک زیاد دەکەن. زۆربەی پلاستیکەکان لە سووتەمەنی بەردینی دروست دەکرێن و زیندەیی ناشکێن و دەتوانێت چەندین سەدە بخایەنێت تا دەشکێت.

ئەو پلاستیکە کە ئەمڕۆ دروست دەکرێت بەردەوام دەبێت لە کێشەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمەش قەیرانی پلاستیک دەکاتە زیانێکی بەرچاوی بۆ دەیان نەوەی تر.

بە پێ‌ی ڕاپۆرتەکە :”لە کۆی ١٦ کرێکار کە کرێی خۆیان بۆ ڕ.چاودێری مافی مرۆڤ ڕاپۆرت کردووە، دوو کرێکار کەمترین مووچەیان وەرگرتووە و ١٤ کرێکارەکەی تریش کەمتر لە لانی کەمی کرێیان وەرگرتووە.

سەرجەم ڕاپۆرتەکە لەم بەستەرە چاو لێبکە

https://www.hrw.org/…/health-impacts-plastic-recycling…

پێشێلکردنەکانی مافی ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە کەرتی پیشەسازی ڕستن و چنین و جلوبەرگدروستکردن

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

12/10/2022

پێشێلکردنەکانی مافی ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە کەرتی پیشەسازی ڕستن و چنین و جلوبەرگدروستکردن

ئازادی کۆبوونەوەو ڕێکخراوبوونی کرێکاران یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی کرێکارانە بۆ گردبوونەوەو پێکهێنانی ڕێکخراوە و یەکێتییە سەربەخۆکانی خۆیان لە ناوەندەکانی کار . ئامانج لەم ئامرازە گرنگە زامنکردنی یەکێتی کرێکارانە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ماف، داواکاری و خواستەکانیان. بەڵام ئەم مافە لە زۆرێک وڵاتانی جیهان لە پێناو دوورخستنەوەی کرێکاران لە هێزی دەستەجەمعی و تێکدانی ڕیزەکانی یەکێتی کرێکاران هەمیشە ڕێگری لێکراوە و بە یاسا لەهەوڵی بەرتەسکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەیدا بوون.

دواین ڕاپۆرتی ناوەندی سەرچاوەی مافەکانی مرۆڤ و کارگوزاری () باس لە پێشێلکردنی ئەم مافە گرنگەی کرێکاران ئەکات لە پیشەسازی ڕستن و چنین و جلوبەرگدروستکردن لەو وڵاتە هەژارنشینانەی کە بەرهەمی فاشیۆنە بەناوبانگ و مەزنەکان لە جیهان و بە تایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو دابین ئەکەن.

ڕاپۆرتەکە کە ئەمڕۆ ١١ی ئۆکتۆبەر لە ژێر ناونیشانی ( لێنەکراوە، فاشیۆن و ئازادی ڕێکخراوبوون) بڵاوکرایەوە چاوپێکەوتن و گفتوگۆی لەگەڵ ٢٤ سەرۆکی یەکێتی کرێکاریی، ١٢٤ چالاکوانی کرێکاریی و مافەکانی مرۆڤ لە بەنگلادیش، کەمبۆدیا، هیندستان، ئەندەنوسیا و سریلانکا کردووە. زیاد لە ٦٠% یان پێیان وایە کە ئازادی گردبوونەوو ڕێکخراوبوون لە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆر بەرتەسک بووەتەوەو هێرشی زیاتریان لە لایەن خاوەنکاران و دەسەڵاتدارانەوە کراوەتە سەر. نیوەی بەشداربووان ئاماژەیان بە هەڵکشانی هەڵاواردن، ترساندن، هەڕەشە و هەراسانکردنی ئەندامانی یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پێشێلکردنی ئەم مافە سەرەتاییە، و بەهانەکان بۆ ڕێگانەدان بە پێکهێنانی یەکێتی کرێکاریی و هەڵوەشاندنەوەیان لە ١٣ کارگەی گەورە ئەکات، کە سەرجەمیان کار بۆ ١٥ هەرە لوتکە (Top)ی براندە جیهانیەکان ئەکەن، لە نێویاندا (adidas) ، (Asda)، (Benetton Group)، (BESTSELLER)، (C&A)، (Sainsbury’s)، (ETAM)، (H&M)، (HUGO BOSS)، (J.Crew)، (OVS SpA)، (Mango)، (Next)، (Primark)،و (Under Armour).

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی بەهانەکانی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ کراوە لە هێرشکردنە سەر چالاکوانانی کرێکاریی و یەکێتییەکان و بەردەوام لە ژێر فشاری هەڵاواردن، هەڕەشە، توندوتیژی، تۆمەتی درۆ و دەستگیرکردندا کاریان کردووە.

بە پێ‌ێ راپۆرتەکە سەرکوتکردنی هەوڵەکانی ڕێکخستن و هەڵپەساردنی رێککەوتنە دەستەجەمعییەکان هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پەتاکەوە دەرکەتوون، و درێژەکێشان و بەردەوامی ئەم پێشێلکارییەی خاوەنکاران و دەسەڵاتداران، کاریگەری کوشندانەی لەسەر مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران لە خواستی مووچەی شایستە، هەلومەجی کارکردنی گونجاو و سەلامەت کردووە. لە غیابی ئەم ناوەندە پارێزگارییە دەستەجەمعییەی کرێکاراندا ، ژنانی کرێکار زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر و دووچاری ئەوپەڕی کەمی کرێ و هەقدەست، سوکایەتیپێکردن، هەراسانکردنی سەرکار، نەبوونی گرێبەستی کار، کاری ناجێگیر، و سەعاتکاری زۆر و بێقەرەبوو بوونەتەوە.

ناوەندی سەرچاوەی مافەکانی مرۆڤ و کارگوزاری پێ‌ی وایە ئەبێت حکومەتەکان، براندو خاوەنکارەکان هەنگاوی جدی بنێن بۆ پاراستنی مافی ئازادی ڕێکخراوبوون. پێ‌ی وایە :” پێویستە لێکۆڵینەوەی پێویست لەودیو وردبینی کۆمەڵایەتی (social audit)، پەیوەندی چالاکانەی براندەکان لەگەڵ دابینکەران بە مەبەستی پاراستنی ئازادی ڕێکخراوبوون، و هێنانە کایەی چوارچێوەیەکی لێکۆڵینەوەی ئیجباری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەخۆ نیشان بدەن “

توێژینەوەکە هەر لە سەرەتای پەتاکەوە ئەم راستییانەی بۆ دەرکەتووە :

* نزیکەی دوو لەسەر سێ (٦١%)ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ڕایانگەیاندووە دۆخی ئازادی گردبوونەو ڕێکخراوبوون خراپتر بووە

* نیوەی بەشداربووان (48%) ئاماژەیان بە هەڵکشانی هەڵاواردن، ترساندن، هەڕەشە و هەراسانکردنی ئەندامانی یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان کردووە

* زیاد لە چارەکی بەشداربووان (27%) باسیان لە هەڵکشانی توندوتیژی دژ بە ئەندامانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان کردووە

* نزیکەی یەک لەسەر سێ (٣٠%)ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ڕایانگەیاندووە، توندوتیژی و هەراسانکردن لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ئەنجامی سنووردارکردنی مافی ڕێکخراوبوون و مافی ڕێکخراوەکان زیادیان کردووە

* لە ئەنجامی سنووردارکردنی مافەکانی ڕێکخراوەکان ، زیاتر لە نیوەی (58%) بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بە زیادبوونی دزینی مووچە و خزمەتگوزاری ئاشکرا کردووە.

سەرجەم ڕاپۆرتەکە لەم بەستەرە چاو لێبکەن

https://media.business-humanrights.org/…/2022_Unpicked…

مانگرتنەکانی کرێکارانی پاڵاوتگەکان لە فەڕەنسا درێژەیان هەیە

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

13/10/2020

ڕۆژی سێشەممە ئەلیسابێث بۆرن سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا لە ئەنجومەنی نیشتمانیی هەڕەشەئامێزانە رایگەیاند: حکومەتەکەی دەست بەسەر ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پاڵاوتگەکاندا ئەگرێت و لە ئامادەکاری ئەوەدایە تا پۆلیسی ئاژاوەگێڕی بە ئامانجی تێکشکاندنی مانگرتنەکان ، هێرشکردنە سەر مانگرتووان و ناچارکردنیان بە گەرانەوە بۆ سەر کارەکانیان ڕەوانەی پالاوتگەکان بکات.

ئەم زمانی هەڕەشەکردنەی ئەلیسابێث بە دوای بانگەوازی کرێکارانی پاڵاوتگەکانی (جیرۆم گراڤێنشۆن و فۆس سورمێر)دا هات بۆ بەردەوامبوون و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان . دواین پاڵاوتگەی تۆتاڵ لە دۆنگیس کە تا ئەم هەفتەیە لە کاردا بوون پەیوەستبوون بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پاڵاوتگەکان لە فەڕەنسا.

هەربۆیە سەرجەم کرێکارانی پاڵاوتگەکان لە فەڕەنسا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و زیادکردنی مووچەکەنیان خەباتێکی سەرتاسەرییان دەستپێکردووە. مانگرتنەکان لە سێهەمین هەفتەدان و تا ئێستا شەش پاڵاوتگە لە کۆی حەوت مانگرتنی کرێکاران تیایاندا بەردەوامە.

ئەم ناڕەزایەتییانەی کرێکاران تەنها زنجیرەیەکە لەو خەبات و تێکۆشانەی سەرجەم کرێکاران لەم دەورەیەدا دژ بە سەرمایەداری لە ئاستی جیهان دەستیان پێکردووە. کرێکارانی گواستنەوە، هێڵی ئاسنین و بەندەرەکان لە بەریتانیا و باشووری ئەفریکا، ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئەڵمانیا و نەرویج،سربیا و کۆسۆڤۆ و یۆنان. ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران لە نیوزلەند، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەش کرێکارانی خزمەتگوزاری لە یەکێتی کرێکاریی ڤێردی – ئەڵمانیا- داخوازینامەیەکیان بۆ زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی زیاد لە ١٠% لە دانووستانەکانی مانگی جەنیوەری ساڵی نوێ بەزرکردەوە و هەرئیستا دەستیان بە خەباتێکی نەپساوە بۆ کۆکردنەوەی هێز لە دەورەی ئەم خواستانە کردووە. جگە لە هەڵکشانی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران لە ئەمریکا، بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و هێڵەکانی ئاسن، و ستارباکس.

ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدان حکومەتە بۆرژوازییەکان بڕی ملیارەها دۆلار لە ژێر ناوی پاکێجەکانی هاوکاریی شەڕ ئەڕژێننە قوڕگی شەڕی ڕوسیاو ناتۆوە لە ئۆکراینا. بە پێ‌ی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت تا کۆتایی ئەمساڵ زیانی 2.8 تریلیۆن دۆلار بە ئابووری جیهان ئەگەیەنێت. بە پێ‌ی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری و گەشەدان گەشەی ئابووری لە ساڵی داهاتوو بۆ 2.2% دائەبەزێت. لە پێشتر پێشبینی 3.2% ئەکرا ، جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕێژەیە ئەکاتە سەرجەم داهاتی ئابووری فەڕەنسا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا. هەمان ڕێکخراو پێی وایە گەشەی ئابووری ولاتانی ئەوروپا بۆ 0.3 % لە ساڵی ٢٠٢٣ دائەبەزێت. بە پێ‌ی بلومبێرگ بڕیار وایە لەساڵی ٢٠٢٣ دا تەنها ڕوسیا بڕی( ٦،٥ تریلیۆن ڕۆبڵ واتە 112 ملیار دۆلار) کە ئەکاتە چارەکی داهاتی نیوخۆیی بۆ خەزێنەی شەڕ تەرخان بکات. لە بڕی ٧٠ ملیار دۆلاری داهاتی نێوخۆیی ئۆکراینا بڕیار وایە نیوەی زیاتری بۆ شەڕی بە وەکالەت تەرخان بکرێت ، ئەو شەڕە وێرانکەرەی کە بووەتە ئاوارەبوونی زیاد لە ٧ ملیۆن ئۆکراینایی لە ولاتی ئەوروپا و ٦٠%ی دانیشتوانەکەشی داتەپاندووەتە خوار هێڵی هەژارییەوە.

ئەلیسابێث رایگەیاند :”تا ئەو جێەی یاسا ڕێگام پێئەدات، فەرمانم بە پۆلیس کردووە، دەست بەو ڕێکارانە بکەن تا کارمەندانی گرنگ لە بەگەڕخستنەوەی پاڵاوتگەکان دابین بکەن”.

لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەلیسابێث کرێکارانی پاڵاوتگەی دۆنگیس و کرێکارانی صیانە لە پێنج ڕیاکتۆری ئەتۆمیی مانگرتنیان راگەیاند. بەڵام ڕۆژێک بە دوای قسەکانیدا تێپەڕی، لە لایەن پۆلیسەوە چوار چالاکوانی کرێکاریی لە پاڵاوتگەکانی جیرۆم – گراڤێنچۆن دەستگیرکران. کە لەوانەیە دووچاری سزای ١٠ هەزار یورۆ سەرپێچی و ٦ مانگ زیاندانیی ببنەوە.

ئیستا 30.8 % ی وێستگەکانی بەنزین لە سووتەمەنی بێبەشن.

سەندیکای بیرۆکراسی( کۆنفیدراسیۆنی بەڕێوەبەریی فەڕەنسا و کۆنفیدراسیۆنی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار (CFE-CGC) و کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی دیموکراسی فەڕەنسا (CFDT) لە هەوڵی کۆتاییپێهێنانی مانگرتنەکاندان و گرێبەستێکیان پێشتر بە زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی 5.5%، لەگەڵ ئێکسۆن‌مۆبیڵ واژۆ کردووە بەڵام لە لایەن کرێکارانەوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی هەڵئاوسان کە ٧% ە ڕەد کراوەتەوە و خوازیارکردنی مووچەکانن بە بڕی ٧-١٠%. و کۆنفیدراسییۆنی گشتی کار (CGT) هێشتا سوورە لە درێژەدان بە مانگرتنەکان، و بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەت لەسەر ئەم پرسە.

ژمارەیەک لە کرێکاران ترسی ئەوەیان لێنشتووە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانی وتووێژەکانەوە دانوستان بەدەر لە ئیرادەی ڕاستەقینەی کرێکاران بکرێن ,و گرێبەستی تر بە شتێک ئیمتیازی زیاترەوە بەسەریاندا لە جیاتی وەڵامدانەوە بە گشت خواستەکانیان بسەپێندرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی فشارەکانی حکومەت پێیان ناوەتە قۆناغی هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ. بەلام شەڕی کرێکاران هێشتا بەردەوامە و کۆتاییان نەهاتووە.

پاکێجی سنووری زیرەک ( سمارت )

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

14/10/2022

پاکێجی سنووری زیرەک ( سمارت )

فرۆنتێکس، دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپایە. چاودێری دۆخی سنوورەکان دەکات و یارمەتی دەسەڵاتداران دەدات لە هاوبەشیکردنی زانیارییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام. بڕیار وایە لە ١٨ و ١٩ی ئۆکتۆبەر لە ڕۆتەردام کۆنفرانسێک لەسەر سیستمی هاتنە ژوورەوەو دەرچوون (Entry/Exit System (EES)) ببەستێت.

کۆنفرانسەکە ستافی فرۆنتێکس، کارمەندانی دەسەڵاتدارانی سنوور و بەندەرەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، و نوێنەرانی کۆمپانیا هەڵبژێردراوەکان، و کۆمەڵەکانی کەشتییە گەشتیارییەکان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی چوونە ژوورەوە/دەرچوون کە بنکەیەکی زانیارییە لەسەر بنەمای بایۆمەترییە، لە سنووری دەریایی خاڵی پەڕینەوەی نێوان ولاتانی ئەندام.

هەروەک لە ماڵپەڕی کۆمسیۆنی ئەوروپادا هاتووە (و بەستەرەکەی لە خوارەوە دائەنێم) سیستمەکە بریتییە لە :” سیستمێکی ئایتی ئۆتۆماتیکی بۆ تۆمارکردنی گەشتیاران لە وڵاتانی سێیەمەوە، چ خاوەن ڤیزەی کورتماوە چ گەشتیارانی بێ ڤیزا، هەر جارێک کە سنوورێکی دەرەکی یەکێتی ئەوروپا دەبڕن. سیستەمەکە ناوی کەسەکە و جۆری بەڵگەنامەی گەشتەکە و داتای بایۆمەتری (پەنجە و وێنەی دەموچاوی گیراو) و بەروار و شوێنی چوونە ژوورەوە و دەرچوون تۆمار دەکات”. بڕیار وایە سیستمەکە وەک پرۆژەی بەرگریی لە پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا لە مانگی مەی ٢٠٢٣ ەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پروپۆزڵی(پێشنیازی) پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە وەک پاکێجی سنووری سمارت ناسێنرا لە بەرپەرچدانەوەی هاتنی لێشاوی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٥ و لە لایەن کۆمسیۆنەوە لە سالی ٢٠١٧ پرۆژەکە وەک پاکێجی سنووری سمارت (زیرەک) بڕیاری جێبەجێکردنی درا.

وەک لە ماڵپەڕی کۆمسیۆندا هاتووە : ” EES جێگەی سیستەمی ئێستای مۆرکردنی دەستی پاسپۆرت دەگرێتەوە کە کاتێکی زۆری دەوێت ڕێگە بە دۆزینەوەی سیستماتیکی ئەو کەسانە نادات کە زیاد ئەمێننەوە یان ناگەڕێنەوە. بەشداری دەکات لە ڕێگریکردن لە کۆچی نائاسایی و یارمەتیدەری پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی ئەوروپایە “

کۆمیتەی دژ بە بارگانیکردنی چەک لە هۆڵەندا پێی وایە :”سەرباری ئەوەی دیوارێکی ڤێرچواڵە ، هاوسان لەگەڵ ئەو سنوورە فیزیکیانەی کە ئێستا بوونیان هەیە ، درێژەی هەولەکانی میلیتاریزەکردنی سنوورە بۆ ریگرتن لە پەنابەران و ئاسانکردنی دیپۆرتکردنەوەیان ، جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی قازانجی سەرمایە بۆ کۆمپانیاکانی پیسەسازی سەربازی و ئەمنیی “

کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک پێ‌ی وایە :” یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم تۆڕە دروستکردنی ڕژێمێکی ‘ئاپارتاید’یە: هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا و گەشتیارانی ئاسایی دەبێت بە خێرایی و بە ئاسانی سنوورەکان ببڕن، لە کاتێکدا کۆچبەرە ‘نەخوازراوەکان’ ئەبێت دەستنیشان بکرێن، و کۆنترۆڵ بکرێن، و ڕەت بکرێنەوە . نیگەرانی زۆر سەبارەت بە بنەما ڕەگەزپەرستەکانی سیستەمێکی لەو جۆرە بوونی هەیە، نەک تەنها لە لایەنگری ڕەگەزی، بەڵکو لەسەر ئاستی کەسێتی تاک و تەکنەلۆژی و مەترسییەکانی تێڕوانینی پرۆفایلی بێئاگاداری و هیچ بەهانەیەکی یاسایی لە لایەن پۆلیسەوە”

سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی پیشەسازی سەربازی کە لە پشت قازانجکردنی بێشوومارەوەن لەم سیستمانەی جیاکاریی ڕێکخراوەکە بەم سیویە زنایاری ئەبەخشێت: ” بنکەدراوە(داتا بەیس)ی سنوور و کۆچەکانی یەکێتی ئەوروپا دەرفەتی قازانجی گەورە بۆ بواری ئایتی لەناو پیشەسازی سەربازی و ئاسایشدا خستووەتە ڕوو. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە پێنج کۆمپانیا – ئاتۆس بەلجیکا، ئای بی ئێم بەلجیکا، ئیدیمیا (فەرەنسا)، لیۆناردۆ (ئیتاڵیا) و سۆپرا ستێریا بێنێلۆکس (بەلجیکا) – زیاتر لە نیو ملیار یۆرۆیان لە گرێبەستەکانی جێبەجێکردن و پاراستنی EES بەدەستهێناوە، لەنێویاندا لایەنەکانی بایۆمەتری. گرێبەستی بچووکتر بەخشراوەتە ئێڤێریس (ئیسپانیا) و ڤیژن-بۆکس (پۆرتوگال) بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی تاقیکاری بەم سیستەمە لە ئیسپانیا و بولگاریا.”

کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک لە درێژەی بابەتەکەیدا ئەم هەوڵە وەک بەردەوامبوون لە شکستی سیاسەتەکانی کۆچبەریی ولاتانی ئەوروپا ئەناسێنێ. لە کاتێکدا کۆمپانیا سەربازی و ئەمنییەکان بێشوومار قازانج ئەچننەوە، دەرگاکان بە هەموو شێوەیەک بە ڕووی پەنابەران دائەخرێن و توندتر ئەکرێنەوە.

https://frontex.europa.eu/about…/who-we-are/origin-tasks/

https://home-affairs.ec.europa.eu/…/entry-exit-system_en

تەقینەوەی کانگایەکی خەڵوز لە تورکیا لانیکەم 25 کوژراوی لێکەوتەوە و دەیان کرێکاری تریش لە نێو کانەکە گیریان خواردووە

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

15/10/2022

ڕۆژی هەینی کاتژمێر 6:15 ی ئێوارە لە کانگایەکی شارۆچکەی ئەماسرا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش تەقینەوەیەک روویدا و کانەکە داڕما، تاکو ئێستا ٢٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و بە دەیانی تریش بریندار بوون، و ژمارەیەکی زۆری کرێکارانیش لە قوڵایی ٣٠٠ – ٣٥٠ مەتر گیریان خواردووە . سەرجەم کرێکارانی کارکردوو لە نێو کانەکە ١١٠ کرێکار بوون. ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی کوژراوان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاترو زیاتر ئەبن.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەوپەڕيی دڵپڕی و حەسرەتەوە، و تووڕەیی بەرامبەر حکومەت لە چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزان و هاوڕێکانیاندا لە دەوری کانەکە کۆبوونەتەوە. ژمارەیەک لەو کرێکارانەی بە ئەستەم خۆیان ڕزگارکردووە برینەکانیان سەختن. ئەگەرچی تاکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکە نەزانراوە بەڵام سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی کانەکان – سەر بە دەوڵەت- ڕایگەیاندووە تەقینەوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی گازی میثان ڕووی داوە. ژمارەیەک لە خەڵکیش لە تویتەر بۆ خراپی محاولەی کارەبایی نێو کانەکەیان گەڕاندووەتەوە.

لە دوای کارەساتی گیانلەدەستدانی ٣٠١ کرێکار لە ٢٠١٤ لە شارۆچکەی سۆمای تورکیا، ئەم تەقینەوەی ئەماسرا بە زنجیرەی ئەو کارەساتە خوێناوییانەی لە مێژووی کانەکانی تورکیا ڕوویان داوە هەژمار ئەکرێت.

لاوازی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتی شوێنی کار لە دەرئەنجامی بە تایبەتکردنی کانەکان و فەرامۆشیی چاودێری حکومەت بەسەر کۆمپانیاکان و لێنەپرسینەوە و چاوداخستن بۆ چنینەوەی قازانجی زۆری کۆمپانیا و خاوەنکارەکان سالانە ژیانی سەدان کرێکاری خستووتە بەردەم مەترسی و مەرگ.

ڕاپۆرتێکی سێ ساڵ لەوەپێش باس لە خراپی دۆخی ناو کانەکە ئەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە قوڵیی ٣٠٠ مەتر نزیکبووەتەوە و ئەگەرەکانی تەقینەوەو خنکان بەهۆی گازەکانەوە زۆرتر بوون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ١٩٠ ڕووداوی کار لە ساڵی ٢٠١٩ ئەکات. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٦٤ ڕووداوی کار تیایدا ڕوویان داوە، کە بوونەتە برینداربوونی ١٦٤ کرێکار، تەنها ٧ لەو ڕووداوانە لە سەر زەوی بوون و ١٥٧ ڕووداوەکەی تریش لە نێو کانەکە ڕوویان داوە. لە سێپتەمبەری ئەمساڵ لە کاتی سەردانکردنی وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکان ،و سەرۆکی شارەوانی و چەند پلەداری تری حکومیی و یەکێتی کرێکاریی (سەر بە دەوڵەت) ،بۆ کانەکە کرێکاران ئاماژەیان بە ئەگەری ڕوودانی کارەسات و تەقینەوە کردووە. هەموو ئاگادارییەکان بە چەند گوێیەکی کەڕدا چوون و تەنها گوێیان لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و چنینەوەی قازانجی بڕی ملیۆنەها دۆلار بووە.

ئەم وەزیرە درۆزنە لە ٢٠ی سێپتەمبەر رایگەیاندبوو :”چاومان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانە، بەڵام ئامانجی یەکەمی ئێمە سەلامەتی کرێکارانە، لە دوای سۆماوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ تا ڕووداوەکان لە سفر نزیک ببنەوە ، هەرچەندە تا ئێستا بەوە نەگەیشتووین بەڵام هەر لە هەوڵداین، بەڵام بشڵێین چی، بەداخەوە کەرتی کانەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین پیشەسازییەکانی سەرتاسەری جیهان “

ئەم قسانە دیوی دووەمی قسەکانی ئەردۆگانن کە بە دوای کارەساتی سۆمادا رایگەیاند :”ئەمانە شتی ئاسایین و لە سروشتی کارکردنی ئەم کەرتەدا هەر ڕوو ئەدەن”!

داتاکانی چاودێری سەلامەتی کار لەو وڵاتە درۆکانی وەزیر ڕەد ئەکەنەوە، هەر بەدوای کارەساتی سۆما لە ساڵی ٢٠١٤، لە هەمان ساڵدا زیاد لە ٣٨٦ ڕووداوی کار ڕوویان داوە. لەساڵی ٢٠١٥، ٦٧ کرێکار ، لە ساڵی ٢٠١٦، ٧٤ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٧، ٩٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٨، ٦٦ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٩، ٦٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢٠، ٦١ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢١، ٧٠ کرێکار گیانیان لە دەستداوە، سەرباری برینداربوونی سەدان کرێکاری تر بە هۆی ڕووداوەکانەوە. تا ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٥٣ کرێکاری کانەکان گیانیان لەدەستداوە و بەم کارەساتەش ژمارەکان هێندەی تر هەڵکێشن.

ئەگەری مانگرتنەکانی هێڵێ ئاسنین لە ئەمریکا ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدوە وەرگیراوە

15/10/2022

دەنگەکان بۆ راگرتن و بەرپاکردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێڵەکانی ئاسنین لە ئەمریکا تا دێن بەرزتر ئەبنەوە. پاش ئەوەی ئەم هەفتەیە یەکێتی کرێکارانی ڕێگاوبانی(BMWED)، گرێبەستی نوێیان ڕەدکردەوە. ماوەی چەند مانگە کرێکاران لە ئەگەری وەڵامنەداوە بە خواستەکانیان لە زیادکردنی مووچە، گرێبەستی دادپەروانە ڕایانگەیاندووە ناڕەزایەتی دەستلەکارکێشانەو مانگرتنی سەرتاسەری رائەگەیەنن.

مانگرتنەکان کاریگەری توندیان ئەبێت لەسەر زنجیرەی دابینکردنەکان لە نێوخۆو دەرەوە، و هێواشکردنەوەی چوونی کەولوپەل بۆ نیو کۆگاو فرۆشگاکان.. کارپێنەکردن و وەستانی ٧ هەزار شەمەندەفەر لە ڕۆژێکدا کە سەرجەم 40٪ ی گواستنەوەی کالاکان لە نێوخۆو بۆ شوێنە دوورەکان دابین ئەکەن، کاریگەری زیانگەیاندنی لانی کەم ٢ ملیار یورۆ لە ڕۆژێکدا بە ئابووری ئەمریکا ئەگەیەنێت. سەرباری ئەوەی ٧٠%ی گازی ئیثانۆل بە ڕێگای شەمەندەفەر ئەگوێزرێتەوە و کارڕاگرتنەکان جارێکی تر ئەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گاز لەو وڵاتە. هەر ئەم ترسەیە سەرۆکی ئەمریکای هێنایە سەر خەت تا بە خێرایی دانوستانەکان بەڕێوە بچن و گرێبەستەکان واژۆ بکرێن بێ ڕوودانی هیچ جۆرە مانگرتنێک. گرێبەستەکەی ١٥ ی سێپتەمبەری جوو بایدن 14٪ زیادکردنی دەستبەجێی مووچە و 24٪ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە خۆ ئەگرن.

پاش ئەوەی گرێبەستی نوێ کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە ئەو داخوازییە گرنگانەیان لە زیادکردنی مووچەو مەزایای مۆڵەت و خانەنشینی لەخۆ نەگرت ، کرێکاران لە یەکێتی کرێکارانی ڕێگاوبانی(BMWED)، کە سێهەمین یەکێتی کرێکاری گەورەیە لەسەر ئاستی ئەمریکا و نوێنەرایەتی ١١ هەزار کرێکار ئەکات، لە دەنگدانێکی ئاشکرادا بە ڕێژەی 56% ڕەدیان کردەوە. کرێکاران خوازیاری مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ لە ساڵێکدان بە تەواوی مووچەوە و بێ هیچ لێبڕینێک ، لە کاتێکدا گرێبەستەکە تەنها یەک ڕۆژی لەخۆگرتبوو.

پاش بێکارکردنی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران ، فشاری کار کەوتووەتە سەر ئەو کرێکارانەی ماونەتەوە بە هەلومەرجی کاکردنی سەخت و هەمان مووچە، بۆیە چیتر ئامادەی قبوڵکردنی نین. تا ئێستا دوو یەکێتی کرێکاریی بیرۆکراتی بێ گەڕانەوە بۆ کرێکاران ، و ئەنجامدانی هیچ جۆرە ڕاپرسییەک (یان بەهانەی ڕاپرسی و شاردنەوەی زانیارییەکان ) ڕایانگەیاندووە کە ئەندامەکانیان دەنگیان بەو گرێبەستە داوە(بێ ئاماژەدان بە ژمارەی بەشداربووان و ژمارەی دەنگەکان)و مانگرتن ناکەن، بەڵام ئەم دەنگانە هێشتا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاران لەو خواستانە ناکەن و ئەگەرەکانی بەرپاکردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێڵەکانی ئاسن تا دێن ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن.