All posts by azadebram

پاکێجی سنووری زیرەک ( سمارت )

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

14/10/2022

پاکێجی سنووری زیرەک ( سمارت )

فرۆنتێکس، دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپایە. چاودێری دۆخی سنوورەکان دەکات و یارمەتی دەسەڵاتداران دەدات لە هاوبەشیکردنی زانیارییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام. بڕیار وایە لە ١٨ و ١٩ی ئۆکتۆبەر لە ڕۆتەردام کۆنفرانسێک لەسەر سیستمی هاتنە ژوورەوەو دەرچوون (Entry/Exit System (EES)) ببەستێت.

کۆنفرانسەکە ستافی فرۆنتێکس، کارمەندانی دەسەڵاتدارانی سنوور و بەندەرەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، و نوێنەرانی کۆمپانیا هەڵبژێردراوەکان، و کۆمەڵەکانی کەشتییە گەشتیارییەکان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی چوونە ژوورەوە/دەرچوون کە بنکەیەکی زانیارییە لەسەر بنەمای بایۆمەترییە، لە سنووری دەریایی خاڵی پەڕینەوەی نێوان ولاتانی ئەندام.

هەروەک لە ماڵپەڕی کۆمسیۆنی ئەوروپادا هاتووە (و بەستەرەکەی لە خوارەوە دائەنێم) سیستمەکە بریتییە لە :” سیستمێکی ئایتی ئۆتۆماتیکی بۆ تۆمارکردنی گەشتیاران لە وڵاتانی سێیەمەوە، چ خاوەن ڤیزەی کورتماوە چ گەشتیارانی بێ ڤیزا، هەر جارێک کە سنوورێکی دەرەکی یەکێتی ئەوروپا دەبڕن. سیستەمەکە ناوی کەسەکە و جۆری بەڵگەنامەی گەشتەکە و داتای بایۆمەتری (پەنجە و وێنەی دەموچاوی گیراو) و بەروار و شوێنی چوونە ژوورەوە و دەرچوون تۆمار دەکات”. بڕیار وایە سیستمەکە وەک پرۆژەی بەرگریی لە پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا لە مانگی مەی ٢٠٢٣ ەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پروپۆزڵی(پێشنیازی) پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە وەک پاکێجی سنووری سمارت ناسێنرا لە بەرپەرچدانەوەی هاتنی لێشاوی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٥ و لە لایەن کۆمسیۆنەوە لە سالی ٢٠١٧ پرۆژەکە وەک پاکێجی سنووری سمارت (زیرەک) بڕیاری جێبەجێکردنی درا.

وەک لە ماڵپەڕی کۆمسیۆندا هاتووە : ” EES جێگەی سیستەمی ئێستای مۆرکردنی دەستی پاسپۆرت دەگرێتەوە کە کاتێکی زۆری دەوێت ڕێگە بە دۆزینەوەی سیستماتیکی ئەو کەسانە نادات کە زیاد ئەمێننەوە یان ناگەڕێنەوە. بەشداری دەکات لە ڕێگریکردن لە کۆچی نائاسایی و یارمەتیدەری پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی ئەوروپایە “

کۆمیتەی دژ بە بارگانیکردنی چەک لە هۆڵەندا پێی وایە :”سەرباری ئەوەی دیوارێکی ڤێرچواڵە ، هاوسان لەگەڵ ئەو سنوورە فیزیکیانەی کە ئێستا بوونیان هەیە ، درێژەی هەولەکانی میلیتاریزەکردنی سنوورە بۆ ریگرتن لە پەنابەران و ئاسانکردنی دیپۆرتکردنەوەیان ، جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی قازانجی سەرمایە بۆ کۆمپانیاکانی پیسەسازی سەربازی و ئەمنیی “

کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک پێ‌ی وایە :” یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم تۆڕە دروستکردنی ڕژێمێکی ‘ئاپارتاید’یە: هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا و گەشتیارانی ئاسایی دەبێت بە خێرایی و بە ئاسانی سنوورەکان ببڕن، لە کاتێکدا کۆچبەرە ‘نەخوازراوەکان’ ئەبێت دەستنیشان بکرێن، و کۆنترۆڵ بکرێن، و ڕەت بکرێنەوە . نیگەرانی زۆر سەبارەت بە بنەما ڕەگەزپەرستەکانی سیستەمێکی لەو جۆرە بوونی هەیە، نەک تەنها لە لایەنگری ڕەگەزی، بەڵکو لەسەر ئاستی کەسێتی تاک و تەکنەلۆژی و مەترسییەکانی تێڕوانینی پرۆفایلی بێئاگاداری و هیچ بەهانەیەکی یاسایی لە لایەن پۆلیسەوە”

سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی پیشەسازی سەربازی کە لە پشت قازانجکردنی بێشوومارەوەن لەم سیستمانەی جیاکاریی ڕێکخراوەکە بەم سیویە زنایاری ئەبەخشێت: ” بنکەدراوە(داتا بەیس)ی سنوور و کۆچەکانی یەکێتی ئەوروپا دەرفەتی قازانجی گەورە بۆ بواری ئایتی لەناو پیشەسازی سەربازی و ئاسایشدا خستووەتە ڕوو. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە پێنج کۆمپانیا – ئاتۆس بەلجیکا، ئای بی ئێم بەلجیکا، ئیدیمیا (فەرەنسا)، لیۆناردۆ (ئیتاڵیا) و سۆپرا ستێریا بێنێلۆکس (بەلجیکا) – زیاتر لە نیو ملیار یۆرۆیان لە گرێبەستەکانی جێبەجێکردن و پاراستنی EES بەدەستهێناوە، لەنێویاندا لایەنەکانی بایۆمەتری. گرێبەستی بچووکتر بەخشراوەتە ئێڤێریس (ئیسپانیا) و ڤیژن-بۆکس (پۆرتوگال) بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی تاقیکاری بەم سیستەمە لە ئیسپانیا و بولگاریا.”

کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک لە درێژەی بابەتەکەیدا ئەم هەوڵە وەک بەردەوامبوون لە شکستی سیاسەتەکانی کۆچبەریی ولاتانی ئەوروپا ئەناسێنێ. لە کاتێکدا کۆمپانیا سەربازی و ئەمنییەکان بێشوومار قازانج ئەچننەوە، دەرگاکان بە هەموو شێوەیەک بە ڕووی پەنابەران دائەخرێن و توندتر ئەکرێنەوە.

https://frontex.europa.eu/about…/who-we-are/origin-tasks/

https://home-affairs.ec.europa.eu/…/entry-exit-system_en

تەقینەوەی کانگایەکی خەڵوز لە تورکیا لانیکەم 25 کوژراوی لێکەوتەوە و دەیان کرێکاری تریش لە نێو کانەکە گیریان خواردووە

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

15/10/2022

ڕۆژی هەینی کاتژمێر 6:15 ی ئێوارە لە کانگایەکی شارۆچکەی ئەماسرا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش تەقینەوەیەک روویدا و کانەکە داڕما، تاکو ئێستا ٢٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و بە دەیانی تریش بریندار بوون، و ژمارەیەکی زۆری کرێکارانیش لە قوڵایی ٣٠٠ – ٣٥٠ مەتر گیریان خواردووە . سەرجەم کرێکارانی کارکردوو لە نێو کانەکە ١١٠ کرێکار بوون. ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی کوژراوان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاترو زیاتر ئەبن.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەوپەڕيی دڵپڕی و حەسرەتەوە، و تووڕەیی بەرامبەر حکومەت لە چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزان و هاوڕێکانیاندا لە دەوری کانەکە کۆبوونەتەوە. ژمارەیەک لەو کرێکارانەی بە ئەستەم خۆیان ڕزگارکردووە برینەکانیان سەختن. ئەگەرچی تاکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکە نەزانراوە بەڵام سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی کانەکان – سەر بە دەوڵەت- ڕایگەیاندووە تەقینەوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی گازی میثان ڕووی داوە. ژمارەیەک لە خەڵکیش لە تویتەر بۆ خراپی محاولەی کارەبایی نێو کانەکەیان گەڕاندووەتەوە.

لە دوای کارەساتی گیانلەدەستدانی ٣٠١ کرێکار لە ٢٠١٤ لە شارۆچکەی سۆمای تورکیا، ئەم تەقینەوەی ئەماسرا بە زنجیرەی ئەو کارەساتە خوێناوییانەی لە مێژووی کانەکانی تورکیا ڕوویان داوە هەژمار ئەکرێت.

لاوازی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتی شوێنی کار لە دەرئەنجامی بە تایبەتکردنی کانەکان و فەرامۆشیی چاودێری حکومەت بەسەر کۆمپانیاکان و لێنەپرسینەوە و چاوداخستن بۆ چنینەوەی قازانجی زۆری کۆمپانیا و خاوەنکارەکان سالانە ژیانی سەدان کرێکاری خستووتە بەردەم مەترسی و مەرگ.

ڕاپۆرتێکی سێ ساڵ لەوەپێش باس لە خراپی دۆخی ناو کانەکە ئەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە قوڵیی ٣٠٠ مەتر نزیکبووەتەوە و ئەگەرەکانی تەقینەوەو خنکان بەهۆی گازەکانەوە زۆرتر بوون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ١٩٠ ڕووداوی کار لە ساڵی ٢٠١٩ ئەکات. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٦٤ ڕووداوی کار تیایدا ڕوویان داوە، کە بوونەتە برینداربوونی ١٦٤ کرێکار، تەنها ٧ لەو ڕووداوانە لە سەر زەوی بوون و ١٥٧ ڕووداوەکەی تریش لە نێو کانەکە ڕوویان داوە. لە سێپتەمبەری ئەمساڵ لە کاتی سەردانکردنی وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکان ،و سەرۆکی شارەوانی و چەند پلەداری تری حکومیی و یەکێتی کرێکاریی (سەر بە دەوڵەت) ،بۆ کانەکە کرێکاران ئاماژەیان بە ئەگەری ڕوودانی کارەسات و تەقینەوە کردووە. هەموو ئاگادارییەکان بە چەند گوێیەکی کەڕدا چوون و تەنها گوێیان لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و چنینەوەی قازانجی بڕی ملیۆنەها دۆلار بووە.

ئەم وەزیرە درۆزنە لە ٢٠ی سێپتەمبەر رایگەیاندبوو :”چاومان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانە، بەڵام ئامانجی یەکەمی ئێمە سەلامەتی کرێکارانە، لە دوای سۆماوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ تا ڕووداوەکان لە سفر نزیک ببنەوە ، هەرچەندە تا ئێستا بەوە نەگەیشتووین بەڵام هەر لە هەوڵداین، بەڵام بشڵێین چی، بەداخەوە کەرتی کانەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین پیشەسازییەکانی سەرتاسەری جیهان “

ئەم قسانە دیوی دووەمی قسەکانی ئەردۆگانن کە بە دوای کارەساتی سۆمادا رایگەیاند :”ئەمانە شتی ئاسایین و لە سروشتی کارکردنی ئەم کەرتەدا هەر ڕوو ئەدەن”!

داتاکانی چاودێری سەلامەتی کار لەو وڵاتە درۆکانی وەزیر ڕەد ئەکەنەوە، هەر بەدوای کارەساتی سۆما لە ساڵی ٢٠١٤، لە هەمان ساڵدا زیاد لە ٣٨٦ ڕووداوی کار ڕوویان داوە. لەساڵی ٢٠١٥، ٦٧ کرێکار ، لە ساڵی ٢٠١٦، ٧٤ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٧، ٩٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٨، ٦٦ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٩، ٦٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢٠، ٦١ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢١، ٧٠ کرێکار گیانیان لە دەستداوە، سەرباری برینداربوونی سەدان کرێکاری تر بە هۆی ڕووداوەکانەوە. تا ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٥٣ کرێکاری کانەکان گیانیان لەدەستداوە و بەم کارەساتەش ژمارەکان هێندەی تر هەڵکێشن.

ئەگەری مانگرتنەکانی هێڵێ ئاسنین لە ئەمریکا ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدوە وەرگیراوە

15/10/2022

دەنگەکان بۆ راگرتن و بەرپاکردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێڵەکانی ئاسنین لە ئەمریکا تا دێن بەرزتر ئەبنەوە. پاش ئەوەی ئەم هەفتەیە یەکێتی کرێکارانی ڕێگاوبانی(BMWED)، گرێبەستی نوێیان ڕەدکردەوە. ماوەی چەند مانگە کرێکاران لە ئەگەری وەڵامنەداوە بە خواستەکانیان لە زیادکردنی مووچە، گرێبەستی دادپەروانە ڕایانگەیاندووە ناڕەزایەتی دەستلەکارکێشانەو مانگرتنی سەرتاسەری رائەگەیەنن.

مانگرتنەکان کاریگەری توندیان ئەبێت لەسەر زنجیرەی دابینکردنەکان لە نێوخۆو دەرەوە، و هێواشکردنەوەی چوونی کەولوپەل بۆ نیو کۆگاو فرۆشگاکان.. کارپێنەکردن و وەستانی ٧ هەزار شەمەندەفەر لە ڕۆژێکدا کە سەرجەم 40٪ ی گواستنەوەی کالاکان لە نێوخۆو بۆ شوێنە دوورەکان دابین ئەکەن، کاریگەری زیانگەیاندنی لانی کەم ٢ ملیار یورۆ لە ڕۆژێکدا بە ئابووری ئەمریکا ئەگەیەنێت. سەرباری ئەوەی ٧٠%ی گازی ئیثانۆل بە ڕێگای شەمەندەفەر ئەگوێزرێتەوە و کارڕاگرتنەکان جارێکی تر ئەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گاز لەو وڵاتە. هەر ئەم ترسەیە سەرۆکی ئەمریکای هێنایە سەر خەت تا بە خێرایی دانوستانەکان بەڕێوە بچن و گرێبەستەکان واژۆ بکرێن بێ ڕوودانی هیچ جۆرە مانگرتنێک. گرێبەستەکەی ١٥ ی سێپتەمبەری جوو بایدن 14٪ زیادکردنی دەستبەجێی مووچە و 24٪ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە خۆ ئەگرن.

پاش ئەوەی گرێبەستی نوێ کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە ئەو داخوازییە گرنگانەیان لە زیادکردنی مووچەو مەزایای مۆڵەت و خانەنشینی لەخۆ نەگرت ، کرێکاران لە یەکێتی کرێکارانی ڕێگاوبانی(BMWED)، کە سێهەمین یەکێتی کرێکاری گەورەیە لەسەر ئاستی ئەمریکا و نوێنەرایەتی ١١ هەزار کرێکار ئەکات، لە دەنگدانێکی ئاشکرادا بە ڕێژەی 56% ڕەدیان کردەوە. کرێکاران خوازیاری مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ لە ساڵێکدان بە تەواوی مووچەوە و بێ هیچ لێبڕینێک ، لە کاتێکدا گرێبەستەکە تەنها یەک ڕۆژی لەخۆگرتبوو.

پاش بێکارکردنی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران ، فشاری کار کەوتووەتە سەر ئەو کرێکارانەی ماونەتەوە بە هەلومەرجی کاکردنی سەخت و هەمان مووچە، بۆیە چیتر ئامادەی قبوڵکردنی نین. تا ئێستا دوو یەکێتی کرێکاریی بیرۆکراتی بێ گەڕانەوە بۆ کرێکاران ، و ئەنجامدانی هیچ جۆرە ڕاپرسییەک (یان بەهانەی ڕاپرسی و شاردنەوەی زانیارییەکان ) ڕایانگەیاندووە کە ئەندامەکانیان دەنگیان بەو گرێبەستە داوە(بێ ئاماژەدان بە ژمارەی بەشداربووان و ژمارەی دەنگەکان)و مانگرتن ناکەن، بەڵام ئەم دەنگانە هێشتا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاران لەو خواستانە ناکەن و ئەگەرەکانی بەرپاکردنی مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی هێڵەکانی ئاسن تا دێن ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن.

ڕژێمی ئێران و پاشەکشەیەکی دیکە

15/10/2022

ڕژێمی ئێران لەبەردەم ڕاپەڕیوانی ئێراندا پاشەکشەیەکی گەورەی کرد.  ڕژێم بۆ بەرگریکردن لەخۆی هەموو تاکتیك و فێڵێک دەگرێتە بەر .  یەكێك لەو تاکتیکانە کە لەم یەك دوو ڕۆژەدا کردی هەڵواسینی لەوحەیەکی بازرگانی کە لە ناویدا وێنەی 50 لە ژنە مەشوورەکانی ئێرانی لە گۆڕەپانێکی گەورەی تاراندا هەڵواسی لە ژێر ناوی ” ژنانی خاکەکەم ” وەکو سەپۆرتێك بۆ لەچك و بەزۆرکردنی لەچك بەڵام کەمتر لە 24 سەعات لەژێر فشاری ئەو ژنانە و خێزان کەس و کاریانا، ڕژێم ناچار کرا کە وێنەکان داگرێت.  

هەر یەك لەو ژنانە بە جۆرێك کاردانەوەی خۆیان دەربڕی بەرانبەر ئەو ڕەفتارە ناشیرینەی کە ڕژێم کردی لە خراپ بەکارهێنانی کەسایەتی و ژیانی ئەواندا.

فاتمە موعتەمەد-ئاریا، ئەکتەرێکی خاوەن چەندین خەڵات، یەکەم کەس بوو کە ناڕەزایی دەربڕی و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە  ئەو حیجابی نەپۆشیوە، وتی: ” من بە ژنێک لە خاکێکدا هەژمار ناکرێم کە منداڵی بچووک و کچە بچووکەکان و گەنجانی ئازادیخواز لە کێڵگەکانیدا دەکوژرێن”

. من دایکی مەهسام، من دایکی سارینام. من دایکی هەموو ئەو منداڵانەم کە لەم خاکەدا کوژراون. من دایکی هەموو خاکی ئێرانم، نەک ژنێک لە خاکی بکوژاندا”

هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، دەرهێنەری سینەما مەرزیە بۆرومەند و شاخەوان پەروانە کازمی ئەوانیش  بەکارهێنانی وێنەکەیان لەسەر تابلۆی بازرگانی ئیدانە کرد

بۆرومەند لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نوسیویەتی: ” بەڕێزان وێنەکەم لەو دیوارە لاببەن کە لەژێرییەوە زوڵم لە منداڵان و گەنجان دەکرێن .من هەرگیز ڕێگە نادەم هیچ گروپێک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ناسنامەی کولتووری من بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن”.

من ماتەمینی بۆ مەهسا و بۆ هەموو ئەو بەهایانە دەگێڕم کە بەناوی ئایینەوە لەدەستمان داوە”.

كازمی كه‌ گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ی ئێڤرێست و چه‌ند لوتكه‌یه‌كی 8 هه‌زار مه‌تری له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام نووسیویه‌تی: ”  زۆر توڕه‌م به‌ بینینی وێنه‌كه‌م له‌م پۆسته‌ره‌دا،  شەرمەزارییە کە ناو و وێنەی ئێمەی ژنان تەنها بۆ سووکایەتیکردن بەکاردەهێنرێت”.

هەروەها کوڕی ئەکتەری کۆچکردوو هۆما رۆستا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بەکارهێنانی  ” شەرمەزارانەی” وێنەی دایکی و داوای لابردنی وێنەکەی کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” دایکم، هۆما رۆستا بە درێژایی ژیانی کەسی و هونەری لەگەڵ خەڵکدا بووە و بە کەرامەت و شانازییەوە ژیاوە.  ساڵانێک بوو تەنانەت بەهۆی ناو و پێگەی باوکی ڕەزا روستا ناوی سانسۆر  دەکرا کەچی ئێستا، دوای مردنی، دەستت بەسەر وێنەکەیدا گرتووە و  لە گۆڕەپانێکدا داتناوە  کە بە سوپاسەوە ڕۆژانە بە چاوی خۆم شاهیدی دیمەنی قێزەونی ترساندن و بێڕێزی بە ژن و پیاو بووم” کاڤییە سەمەندریان لە ئینستاگرام-دا نوسیوێتی.

پێشنیارێكی نوێ لە تورکیا دوێنی شەو بوو بە یاسا

14/10/2022

ئاکەپەی حوکمڕان هەمیشە بیر لە بڕیار و پێشنیاری نوێ دەکاتەوە تاکو بیانکاتە یاسا دژ بە ئازادییەکانی خودی هاووڵاتیانی و هەرەوەها ڕۆژنامەوانەکانی بە تایبەتی لە ئێستادا کە هەڵبژاردنی گشتی نزیك دەبێتەوە.

دوێنێ شەو ، 5شەمە، 13/10 پەڕلەمانی توورکیا بڕیاری دا ئەو  کەسەی زانیاری ناردروست لە کڕۆژنامە و سۆشیال میدیا و ئۆنلاین بڵاوبکاتەوە دەکرێت تا 3 ساڵ حوکمبدرێت .

بوراک ئێربای کە پەڕلەمانتارێکە لەکاتی وتارێکیدا کە لە پەڕلەماندا دەدرا وەک ناڕەزایەتییەک مۆبایلەکەی بە چەکوش دەشکێنێت.  ئەو بە پەرلەمانتارانی وت: “ئێوە تەنها یەک ئازادیتان هەیە، ئەو مۆبایلەیە کە لە گیرفانتاندایە… ئەگەر ئەم یاسایە دەربچێت دەتوانن بەم شێوەیە مۆبایلەکانتان بشکێنن، پێویست ناکات بەکاری بهێنن.”

هەروەها یاسا نوێیەکە داوا لە بەرنامەکانی نامە ناردنی وەک وەتساپ و هەروەها خاوەندارێتی کۆمپانیای مێتا دەکات، زانیاری بەکارهێنەران پێشکەش بە بەرپسان  بکەن کاتێک دەسەڵاتی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی وڵاتەکە داوای دەکات.

Emre Kızılkaya کە ڕۆژنامەنوسێکە  دەڵێت: “دادوەرێک بڕیاری چۆنیەتی پێناسەکردنی زانیاری ناڕاست و مەبەست دەدات، کە بەڕاستی دەسەڵاتی ئارەزوومەندانە دەداتە حکومەت بۆ ڕەخنەگرتن لە ڕۆژنامەگەریی ”  ئەمە تاوانە کە حکومەت بە زانیاری نادروستی ناو دەبات ” ئەو وتیشی ” شتێک لێرە نییە بە ناوی  دیموکراسییەتەوە  بیبینێت ، ئەویش ئەوەیە کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەبێ ڕاوێژکردن بە هیچ ڕێکخراوێکی میدیایی و ڕۆژنامەنووس، بە تەواوی پڕۆژە یاسایەکی سەبارەت بە ئیکۆسیستەمی زانیاری و ڕۆژنامەگەری ئامادە کردووە

“….هەروەها ئەمەش پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەک گووگڵ نیوز یان فەیسبووک ناچار دەکات هەواڵ و ئارگویمێنتەکان  بۆ حکومەت ئاشکرا بکەن، ئەمەش نیشانی دەوڵەتی تورکیا دەدات کە چ  ئیدیعایەك  بەرز دەکەنەوە و چی سەرکوت دەکەن”. “ئەوە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بێ وێنەیە.”

لەوە دەکات دەوڵەتی ئاخوندەکانی ئێران بە تەواوی تەنگەتاو بووبێتن

10/10/2022

بە گوێرەی تازەترین هەواڵ پیاوانی دەسەڵات  بە سەیارەی مەدەنی  هەڵیان کوتاوەتە  سەر قوتابخانەکان بۆ گرتنی قوتابییە منداڵەکان. بە بڕیارێکی نوێی حکومەتیش سەراپای قوتابخانەکان لە سەرانسەری کوردستاندا داخراوە لەبەرئەوەی ئەوەی کە خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و زۆرێك لە شارەکانی دیکەی ئێران بە تایبەت شاری تاران بەردەوامە و فراوانتربووە، تاکو ڕێگری لە قوتابیان و خوێندکارن بکرێت لە گردبوونەوە و کردنی ناڕەزایی.

هەروەها ڕۆژی شەمە کەناڵی تی ڤی حکومەت بۆ ماوەیەکی زۆر کورت هاک کراو لە بری وێنەی خامەنەیی وێنەی قوربانییەکانی ڕاپەڕینەکەی نیشانداو نوسرابوو ” پەیوەندیمان پێوە بکەو ڕاپەڕە ”  هەر ئاواش لەبری بەرنامە ئاساییەکەی، وێنە و دیمەنی پرۆتێست و ڕاپەڕیوانی نیشاندەدا.

هەر بە پەلە داوا لە ئیبراهیم ڕایسی کرا چارەسەرێك بۆ بارودۆخەکە بدۆزێتەوە و ئاسایش بۆ وڵات بگێڕێتەوە ئەویش یەکسەر دانیشنتی لەگەڵ لیژنەی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی وڵاتدا کرد بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکە.  لەو بارەوە  سەید میرەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی وتبوی : ” دوێنی بەدەر لە تاران و سنە، وڵاتەکە بەتەواوی ئارام بووە … لەمەودوا ئەو کەسانەی لە ئاژاوەگێڕییەکان دەستبەسەر دەکرێن لە زیندان دەمێننەوە تا دەدرێنە دادگا،   بە خێرایی دادگایی دەکرێن و سزاکانیان یەکلاکەرەوە دەبێت و وەک چاوترساندنێكی خەڵکی ئەم ڕێگایە دەگیرێتە بەر ”. بێگومان ئەوە درۆیەکی گەورەیە چونکە لە زۆربەی شارەکانی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامە، تاکو دوێنێ 185 کەس ژمارەی قوربانییەکان بوون کە لە ناویاندا 18 منداڵی تێدایە .

هەیەجان و خرۆشان

دارا جوتیار

09/10/2022

من دەزانم بەتایبەت لەم کاتی هەیەجان و خرۆشانەدا کەمترین کەس ئەمەم لێوەردەگرێت، وە لەوانەیە بکەومە بەر تانەو تەشەری زۆرێکیش! لێ هەر هەڵەیەك لەگەڵ دەستپێکیدا لەمپەڕی بۆ دانەنرێت دوایی دەبێتە ئافاتێکی کوشندەو خنکێنەر!

کاتی خۆی کە صدام هەلواسراو سێدارە کرا، گوتم ئەمە یانی تازەکردنەوەو وەفاداری بەردەوامبوونی حوکمی کوشتن و سێدارە لە عێراق دا، هەمان ئەو حوکمەی صدام ي مجریمی بە مجرم پێدەناسرایەوە کە قەرارە ئێستا بەم شێوەیە باجەکەی لێوەرگیرێتەوە!

کاتێک قەزافی بەبرینداری کەوتە دەست خەلک و لە شاشەوە بینیم بەزیندووی داریان دەکرد بە کۆمیدا! گوتم ئایندەی لیبیا زۆر تاریکتر دەبینم لە ڕابردوو!

هەڵبەت ئەمە بەهیچ شێوەیەك ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ سزایەک بۆ ئەو تاوانبارانەو هاوشێوەیان قایل نەبم، نا، ئەمە نە بەمانای لایەنگری ستەمکاری و چەوسانەوەیە نە بامانای بە ناڕەوازانینی خواستی ئازادیی و یەکسانی و مافەکانی خەڵکە!

من دەزانم دەسەڵاتداران خۆیان توند و تیژیان بەرهەمهێناوە و بەبێ خوێن و توندو تیژیش ملیان ناشکێنن، وە تامقاومەتی چەکداریش بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکان بە ئەمری واقع و چارهەڵنەگر دەبینم.

لێ وەختێک کۆچەیەک، شارێک لە دەسەڵات و لومپنە بەکرێگیراوەکانیان پاك دەکرێتەوەو کەسانێک بەدیلی دەکەونە دەست، لێرەدا ئاستی شۆڕشگێڕی و ئاسۆی ڕوونی ئایندە، یان پێچەوانەکەی دەردەکەوێت و لەوێدا ڕوون دەبێتەوە بەوەی چ دەگوزەرێت!

سەنگباران کردنی دیل لە شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و ئێران دا، یانی بەردەوام بوونی هەمان حوکمی سەنگساری جمهووری ئیسلامی، من بەش بەحاڵی خۆم نەفرەتی لێدەکەم و بەتێگەیشتنی خۆم لە شۆڕش ئەمە بەهیچ شێوەیەک نزیکایەتی نیە لە ڕەفتاری شۆڕشگێڕی، نەفرەتی لێدەکەم هەرچۆن نەفرەت لە دەسەڵاتدارانی ئاخوندی حوکمی سەنگسار دەکەم!

شۆڕش بەر لەهەر هەنگاوێک، دەبێت لەناو خودی خۆتدا ڕویدا بێت، نابێت ڕەفتارت بەهیچ شێوەیەک بچێتەوە سەر ڕەفتاری سەتەمکاران، بێ ئەمە ناتوانیت یەک هەنگاوی شۆڕشگێڕانە بنێیت و نزیک ببیتەوە لە ئایندەیەکی ڕوون و ڕەوانی ژیان!

بەڵێ بۆ سزادانی تاوانباران، سزای زیندان و کار پێکردنیان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەژیان و ژینگەیان گەیاندوە،

دەبێت هەموو ئەوانە باجی تاوانکارانەیان بە سزای هەتا هەتایی خزمەتکردنی ژیان و ژینگەی خەڵک لێوەرگیرێتەوە!

بریتانیا: خۆپیشاندان لەFalmouth بۆ  Whitstable بۆ داواکردن لە کۆمپانیاکانی ئاو زیاتر کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون

08/10/2022

دوای بە تایبەتکردنی بەشی ئاوخواردەنەوە و ڕاکێشانی بۆرییەکان و وەزیفەکانی دیکە لە کەرتی دەوڵەتییەوە لە سەردەمی حوکمڕانی مارگرێت تاچەردا لە هەشتاکانی چەرخی پێشوودا ئیتر ئەم کۆمپانیایانە ئەوەی کە لە لایەن گرنگە تەنها کەڵەکەکردنی قازانج و سەرمایەیە نەك بە تەنگهاتنەوەی ئاوی پاك و دزە نەکردنی ئاوی بۆرییەکان و شکاندنیان . بە گوێرەی راپۆرتێکی نوێ ڕۆژانە 3 ملیار لیتر ئاو لە بۆرییەکانەوە دزە دەکات کە سێییەکی ئاوی بەکارهێنراوە ، ئەمەش بە هۆی کۆنبوونی بۆرییەکان و چاکنەکردنەوەیانەوە.

لەمەش خراپتر گوێنەدانە بە زێرابەکان کە پیسایی و گوواوەکە لە ئێستادا دەڕژێتەو ناو بەحرەکە و گۆمەڵاتکە گەورەکانەوە  کە لە ئێستادا زۆرێك لە گەنجان و مەلەزانانی پرۆفیشنەڵ و هەندێك تیمی مەلە لەبەر داخستنی سێنتەرەکانی وەرزش لە بەر بێ پارەیی ، دەچن لەوێ مەلە دەکەن.

بۆ ئەمەش پروتێستێك لەسەر ئاستی بریتانیا لەم ویکەندەدا [ شەمە و یەك شەمە ] ڕێکخراوە دژ بە کۆمپمانیاکان بۆ پاککردنەوەی ئاوەکە و چارەسەرکردنی ڕژانی پیسایی زێرابەکان بۆ ناو ئاوە پاکەکە هەرەها دژی دەردانی ئاوەڕۆی کەناراوەکانی ئینگلتەرا . پرۆتێستەکە لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی تیشک بخرێتە سەر ئەوەی کە خۆپیشاندەران دەڵێن شکستی کۆمپانیاکانی ئاوە لە کەمکردنەوەی پیسبوونەکە.

. لە شاری فالمۆس لە شاری کۆرنواڵ کە خۆپێشاندەرانی مەلەوان و ئەوانەی کە خەڵك لە خنکان  ڕزگار دەکەن و خەڵکانی دەوروبەر  لەوێوە  خۆپیشاندان دەکەن، تا دەگاتە شاری  ویتستابڵ لە شاری کێنت کە خۆپیشاندەران کەنار دەریایەک دەکەنە شوێنیك کە وەك شوێنی  تاوان دەناسرێت کە پیساییەکی زۆری تیدایە .  سەبارەت بە هەوڵ و خۆپیشاندانەکانی پێشتر و ئەنجامەکەی  چالاکوانان دەڵێن کێشەی دەردانی ئاوەڕۆ لەلایەن کۆمپانیاکانی ئاوەوە باشتر نەبووە.

ئێد ئەکتێسۆن، لە گروپی هەڵمەتی هەڵبژاردنی SOS Whitstable، وتی خۆپیشاندانەکەی ئەمساڵ  ساڵێک دوای ئەوە بەڕێوەدەچێت  کە  یەکەم ناڕەزایەتی کەنار دەریا پشتگیرییەکی گەورەی بەدەستهێنا.  وتی : “بەڕاستی گەشبین بووین کە دوای بەشداریکردنی زۆری ساڵی ڕابردوو، پشتگیری گشتی و سەرنجی میدیاکان، کە دەبێت گۆڕانکاری بەرچاو.ڕووبدات  بەڵام ئەگەر شتێک ڕویدانبێت ئەویش  خراپتر بووە”.

ئێد ئاماژەی بەوەشکردو وتی  “بەڕاستی توڕەم کە ناچارین لە دەریادا کۆببینەوە و ناڕەزایی دەرببڕین . مانگی ئەیلول کاتێکی نایابی ساڵە بۆ مەلەکردنی دەریا. قەرەباڵغی کەم بووەتەوە، ڕووناکی کوالیتییەکی نوێی ڕوونی وەردەگرێت، دەریاکە دەست دەکات بە لێدانی هەناسەت لەکاتی نوقمبوونتدا”

تۆماسۆن ، کەسێکی دیکەی چالاکوان وتی: “ئەمساڵ هەستمان بەوە کردووە کە بەردەوام دەبێت ئاگەدار بین  لە کەنار دەریاکەدا”، داواشی کرد کە کۆمپانیای باشووری ئاو کە پارەی زیاتر سەرف بکات   لە وەستاندنی ئاوەڕۆ پیسەکە بۆسەر بەحرەکە.  قەیرانی کەشوهەوا بەو مانایەیە کە زستانەکانمان تەڕتر دەبن. هەروەها ئاوەڕۆ کاریگەری لەسەر توانای زەریاکە هەیە بۆ خەزنکردنی کاربۆن، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە کار بکەین”.

مانگرتنی کرێکارانی قیتارەکان لە بریتانیا بەردەوامە

08/10/2022

بۆ جاری هەشتەم ،زیاتر لە 40 هەزار ئەندامی سەندیکای RMT، لەنێویاندا زۆربەی کرێارانی  سیگناڵەکانی [ ترافیك لایت]   تۆڕی شەمەندەفەر و تیم و کارمەندانی شەمەندەفەر لە 15 کۆمپانیای کارپێکردن، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر مانگرتن دەکەن لە ناکۆکییە درێژخایەنەکەدا سەبارەت بە مووچە و بارودۆخی کارکردن.   هەروەها سەدان ئەندامی نقابەی TSSA کە سەر بە سێ کۆمپانیان شەمەندەفەرن مانیان گرتووە، هەندێکی دیکەش ڕەتیدەکەنەوە وەک ستافی فریاگوزاریی، واتە لە حاڵەتی ئیمێرجنسیدا کار بکەن.

زۆرێک لە ناوچەکانی بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە.  بە گوێرەی ئیدارەی قیتارەکان لە 5 قیتار تەنها 1 قیتار لە کاردایە.، ئەمانەش کە کاردەکەن تەنها لە  نێوان کاتژمێر 7.30 بۆ 6.30 ئێوارە کاردەکەن.  هەروەها بەهۆی کاریگەریی مانگرتنەکەی ئەمڕۆوە، شەمە ، یەکەم خزمەتگوزاری شەمەندەفەر سبەینێ واتە ڕۆژی یەکشەممە دواتر دەست پێدەکات.

مایك لینچ سکرتێری گشتی نقابەی ئاڕ ئێم تی لە درێژەی نامەیەکیدا کە بۆ وەزیری هاتووچۆی نوسیوە دەڵێت “….هەروەها هیوادارم کە بتوانرێت رێککەوتنێکی دانوستان لە نێوان RMT و خاوەنکارەکاندا بکرێت.  بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە بەدی بهێنرێت، پێویستە حکومەتەکەت کەلەبچەکە لە دەستی بەڕیوەبەری کۆمپانیای قیتارەکان بکاتەوە تاکو لە وتووێژەکانیانادا لەگەڵ نقابەدا  ئازاد بن و بە ڕاستەوخۆ ئەرکەکانیان بەجێبهێنن”.

نواندنی چالاکییەك لە ناو کۆنفرانسەکەی حیزبی موحافیزینی بریتانیا

06/10/2022

دوێنێ، 4شەمە، 05/10 ، دوا ڕۆژی کۆنفررانسی حیزبی موحافیزینی حوکمڕانی بریتانیا بوو.  ئەو کاتە بوو کە سەرۆک وەزیران ، لیز تروس ، کە دوا پەیامی خۆی بە نوێنەرانی کۆنفرانسەکە دەدا دوو چالاکوانی  Greenpeace,بە دروشمێکی گەورەوە کە لە سەری نوسرابوو “کێ دەنگی بۆ ئەمە داوە؟” دزەیان کردە ناو هۆڵی کۆنفرانسەکە و بە کۆمەڵێك قسە و هیتاف کێشان توانییان تا ئەو کاتەی دەریان کردنە دەرەوە قسەکان بە سەرەکوەزیران ڕاگرن پشێوییەکی باشیش لە هۆڵەکەدا دروست بکەن .

لیز تروس دوای دەستکێشانەوەی بۆریس جۆنسۆن بە هەڵبژاردنی لە لایەن لە سەدا 53ی  150 هەزار ئەندامی حیزبی موحافیزینەوە  جێگای بۆریس جۆنسۆنی گرتووە .  لەم ماوە کەمەی دەسەڵاتیا  گەلێك لە سیاسەتەکانی ئەوی هەڵوەشاندەوە و سیاسەتی تازەی خستە جێیان ،  کە سیاسەتەکانی ئەوەندە دژن بە سەراپای دانیشتوانی بریتانیا جگە لە هەرە ساماندار و ئەوانەی کە لەسەروی 150 هەزر پاوەندەوە موچەکەیانە، تەنانەت زۆرێك لە پەڕلەمانتارەکانی خودی حیزبی موحافیزینش پشتگیری ناکەن و بیر لە گۆڕنی ‘تروس ‘ دەکەنەوە گەر سیاسەتەکانی نەگۆڕێت. 

لەو سیاسەتانە دەستپێکردنەوەی پشکنین بۆ نەوت ، بیرکردنەوەی لە بڕین یاجود کەمکردنەوە بمیەکان، یاساخکردنی مانگرنتی کرێکاران لە کەرتە هەرە زیندوەکاندا وەکو دکتۆر و نێرس لە بەشی تەندروستی ، کرێکارانی پاس و قیار و ئەوانەی کە لە بەشی هاتووچۆدا کاردەکەن، کرێکارانی کە لە بەشی وزە و هەندێك خزمەتگوزاریدا کاردەکەن. هەروەها نیوەبودجەی بریتانی کە بووە هۆی شکانی بەهای پاوەندی بریتانی کە لە ساڵی 1971 دوە ئاوا نەشکاوە ، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە و بەررزبوونەوەی ڕێژەی سوو لەسەر قسیستی خانوو ، هەموو چەشە قەرزێك و سنوربەستنی زیاتر لە پەنابەر و کۆچبەر و زۆر سیاسەتی تر .  هیچ کام لەمانە دەنگەدەرانی بریتانی دەنگیان پێنەداوە ، بەڵام ئەمانە بە ناوی دیمۆکراتییەتەوە بەێدەکرێت .  ئەمەیە کە ئەو دوو چالاکوانەی  Greenpeace, لە دروشمەکەیاندا نوسیبویان : کێ دەنگی بۆ ئەمە داوە؟