All posts by azadebram

ئەرۆدۆغان جەنگە سەرەکییەکەشی بردەوە

Zaher Baher

08/12/2024

ئەردۆغان ئەو پیاوە سیاسییە بە ئەزموونە لە فێڵ و پاشقوللێدان لە دۆست و دووژمنانی.  ئەو پیاوەی کە لەوەتی حوکمڕانی دەکات هیچ گرەوێك، هیچ شەڕیکی نەدۆڕاندووە.  سیاسییەكی موحەنەك  کە لە سیاسەتەکانیدا هەمیشە براوە بووە.

خودی سیاسەت  یانی فێڵ و تەڵەکە و بەکارهێنانی تاکتیکی زیرەکانە لە بەرانبەر نەیاراندا و لەدەستنەدانی هیچ جۆرە هەلێک یاخود خولقاندن و قۆستنەوەی  هەموو دەرفەتێك لە پیناوی خۆی و حیزب و دەسەڵاتەکەیدا.

ئەردۆغان توانیوێتی دووسەرە یاری بکات و بزانێت چۆنیش یارییەکە دەباتەوە ئیتر ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبووە کە هەڵوێستی جیا جیا و ناکۆك و سازشکارانە و هەزیلانەش لە بەرانبەر دوژمنانیا ببێت .  ئێمە ئەمەمان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و تەنانەت ئەم دواییە کە لەگەڵ سوریاشدا کردی لێ بینیوە.

بێ گومان ئەردۆغان ئەمانەی بە هاوکاری پێگەی وڵاتەکەیی و بوونی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و ئەو زەمینە لە بارەی مەوقیعی تورکیا و بوونی وەکو وڵاتێکی کشتیاری و گەورە، کردووە.  هەر هەموو ئەمانە هاوکار بوون بۆ بردەنەوەی گرەوەکانی، هاوکاتیش ناتوانرێت نکوڵی لە توانا و زیرەکی و لێزانی خۆشی بکرێت . 

با هەر تەماشایەکی مێژوی ئەردۆغان لەم 15 ساڵەی  ڕابوبوردوودا بکەین تاکو ئەو حقیقەتانەی سەرەوە بە بەڵگەوە ببینرێت.

لە ئاگربەستییەکەی پێش ساڵی 2015 لەگەڵ پەکەکە هەستی بەوە کرد کە لە ڕاستیدا ئەو ئاگر بەستییە پەکەکە و پرسی کوردانی باکور و ڕۆژئاوای زۆر بردۆتە پێشەوە و  بەهێزیان دەکات و گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە تاووتوێی ئەوە دەکرا کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە لایەن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە دەربهێنرێت. هەر لەو کاتی ئاگربەستییەشدا ڕۆژئاوا بووە چەقی ئازادیخوازانی بەشێکی زۆری دونیا، بووە جێگەو پێگەی زۆرێك لە کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیست و نقابەییەکان. ئەردۆغان هەستی بەوە کرد   کە ئەمە مەترسی زۆر گەورە لە سەر تورکیا و وجودیی دروست دەکات .  ئەوە بوو کوژرانی دوو پۆلیسەکەی لە باکوری تورکیا لە ساڵی 2015 کە گوایە لە لایەن پەکەکەوە بووە قۆستەوە و پەکەکەی لە تەموزی ئەو ساڵەدا خستە ناو داوەکەیەوە، داوی شەڕکردنەوە.  

 بێ گومان ئەردۆغان  دەیزانی کە بەمە چی بەدەستدەهێنێت. دەیزانی کە دەتوانێت پێداگری بکات لەسەر ” تیرۆریستیی پەکەکە” ، دەتوانرێت  هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە پەکەکەوە گرێبدرێتەوە، لەو بارەشدا هاندانی دەوڵەتانێك کە پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی دەدات تاکو ڕێگری لێنەکەن لە هێڕشکردنە سەر ڕۆژئاوا.

کاتێک پەکەکەشی ئاڵان لەو شەڕەوە لەناو خودی تورکیاشدا ئەوەی بۆنی پەکەکەی لێهات یا دەگیرا یا دەبوایە ڕایبکردایە ، لەولاشەوە هەلی بۆ ڕێکەوت کە تەواوی ئیدارەی شارەوانییەکانی کوردستانی باکور هەڵبووەشێنێتەوە و سەرۆکی و ئەندامانی  شارەوانییەکان و تا گەیشتە ئەندامانی پارتەکەی دەمیرتاش بە خۆشی و هاوسەرۆکی پارتەکەی و  زۆری تریش دەستبەسەر بکات.  لەمانەش زیاتر هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کە دیارترینیان دیاربەکر ( ئامەد) بوو وێران کرد . ئەو دەیزانی کە شەڕ لە قازانجێتی و ئاگربەستی لە زیانی.

بە سەپاندنی شەڕ بەسەر پەکەکەدا نەك هەر ئەو هەلەی دەستکەوت بۆ کردنی ئەوانەی سەرەوە، بەڵکو بەشێکی لە باشووری کوردستانیشی وێران کرد.

سەرکەوتنێکی دیکەی ئەردۆغان، بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستەکان بوو کە لە هەموویان بەهێز تر و دڕندەتریان داعش بوو بەریدانە گیانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریا و ڕۆژئاوا.  هاوکاتیش خۆی لە لای ئەوروپا و ئەمەریکا بە دژە تیرۆر نیشان دەدا و کۆنتراکتی گەورەشی لەگەڵ یەکێتی ئەورپادا بەست بۆ ڕێگرتن لە ڕووکردنە پەنابەرانی سوری و عێراقی بۆ ئەوروپا، بەمەش پارەیەکی مشەی دەست کەوت.

لەمانەش زیاتر ئەو کودەتایە بوو کە لە تورکیادا ڕویدا کە تا ئێستاش نەزانراوە کە ئەوە کودەتای حەقیقی بوو یاخود دەستکردی خودی ئەردۆگان خۆی بوو تاکو  ‘ گوڵانییەکان’ و هەرچی لە بەشی سوپا و پۆلیس و ئیدارە دەوڵەتییەکاندا هەبوون دووربخاتەوە ئەوانەشی کە دەیویست دەستبەسەریان بکات بەو بیانوەوە کردنی و هیچ گریمانێکی کردنی کودەتای ئایندەی نەهێڵایەوە .

سیاسەتێکی دیکەی ئەردۆغان ئەوە بوو گەر چی تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەو لەو بەینەدا بەگوێرەی پێویستی خۆی و حیزبەکەی  یاری دەکرد، هەم ئەندامێکی کارا بوو هەم دژ بە سیاسەتی ناتۆ دەجوڵایەوە کە لە هەردوکیاندا سەرکەوتوو بوو.  لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکی گەرم تا کڕینی تەیارەی جەنگی و لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆش دا دۆست . ئەو سیاسەت وای لێکرد کە لە لایەکەوە لەگەڵ ناتۆ و کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی بێت و  لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و چین دا پەیوەندی گەرموگوڕی هەبێت.  سیاسەتەکەی ئەو تا ئەو ڕادەیە فڕوفێڵاوی بوو کە لە ساڵی 2018 دا عەفرینی داگیر کرد و هەموو ئەو لایەنانە : ڕوسیا ، ئەمەریکا ، ئێران بە ئاگا بوون، تا ئێستاش هیچ لایەك قسەیەك ناکەن و دەنگێك هەڵنابڕن لەو کوشتار و وێرانکاری و کاولکردنەی ئەو شارۆچکەیە و دەوروبەری کە  میلیشیاکانی ئەردۆغان لەوێ دەیکەن .

لەجەنگی ئیسرائیل و غەزە و دواتر لوبنان و ئیران، ئەو هەڵوێستانەی کە هەیبوون بەرانبەر بە هەر هەموویان کە لای هەموومان ئاشکرایە کەچی لە سەریان هیچ سزایەك نەدرا ، هیچ  سەرزەنشتێکی بەهێز نەکرا ، هیچ ئابرووچونێکی پێ ڕەوا نەبینرا،  بۆیە وەکو بەرزەکی بانان لەم سیاسەتەشی بە سەلامەتی دەرچوو.

بۆ درێژە دان بەم سیاسەتە و مانەوەی لە حوکمدا توانی بارودۆخی سوریا و پەیوندی لەگەڵ روسیا و ئێران و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش ڕابگرێت ، بەڵام لە راستیدا کڵاوی کردە سەر هەر هەمویان بە  داعش و پەکەکەشەوە.  کورد وتەنی هەموویانی کردە کوڕەی سێو لەباخەڵ.

ئەردۆغان ئەمەی ئاوا بەرێکرد تا هەفتەیەك لەمەوبەر کە هێزی دەستەی ئەحرار شامی گەر بە هاوکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلیش نەبووبێت ئەوە بە بە ئاگایی ئەوان بووە ، کردە گیانی سوریا و هەرەسی بە حوکمی نیو سەدەی خێزانی ئەسەدهێنا .

ئەوەی کە ڕوویدا لە سوریا:

ئەمەی کە ڕوویداوە بە دڵنیاییەوە تورکیای لە پشتەوەیە گەرچی ڕەنگە پلانەکانی ئایندە بە گوێرەی ویستی ئەردۆگان نەڕوات بەڵام ئەو یەکێکە لە سوودمەندەکان و بە ئاسانی ناتوانرێت لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە.

ئەمەی کە ڕوویدا پلانێکی زۆر گەورە و نهێنییە و ئێمە بەوردەکارییەکانی نازانیین بەڵام بەشداربووانی ئەم گەمە خوێناوییە دەمێکە پلانی بۆ دادەڕێژن کە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر بەو ئاسانییە نەبووە و نییە.  بۆ نموونە ڕوسیا چۆن بەوە رازی بوو کە دەستبەرداری سوریا ببێت کە  لە ناوچەکەدا قەڵایەکی بوو لەگەڵ ئیراندا.  ڕەنگە ڕێکەوتنێک لەم بارەوە لەگەڵیدا کرابێت کە دوور نییە لەسەر حسابی ئۆکرانیا و گەلی نەگبەتی ئۆکرانیی بێت ، چونکە سیاسەت و سیاسەتمەداران  ئەمەند بێ حورمەتن  نە  پەیمان ، نە ڕاستگۆیی و نە دڵسۆزی و نە دۆستایەتی و نە دووژمنایەتی هیچ کات ئەمانە لای سیاسەتچییەکان مەحاڵ و عەیبە نییە.

لێرەدا دەکرێت بڵێین ئیسرائیلیش ئەگەر سوودمەندی یەکەم دوای ئەردۆغان نەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لەو کەمتر سوودمەند نییە. خۆی یەکێکە لە پلاندانەران و نەخشەکێشی ئەوەی کە ڕویداوە بۆیە دەکرێت شتێك لەو سنورەی سوریا بۆ ئاسایشی خۆی ببڕێت.  هاوکاتیش هەر کەس لە سوریادا حوکمڕانی بکات  خۆ لە داعش مەترسیدارتر نابێت و داعیشیش بە درێژای دروستبوونییەوە تا ئێستا هیج زیانێکی بۆ ئیسرائیل نەبووە ، تەنانەت پشتگیریی حەماسیشی نەکرد نە لە کۆناو نە لەم دوایەشدا.

ئەی ڕۆژئاوا؟

ئایندەی ڕۆژئاوا نادیارە، لە ڕاستیدا لە ئێستادا وا دەرناکەوێت کە مەترسی لەسەر بێت ، بەڵام ئەمە سەرەتایە و هێشتا پرۆژەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و غەرب و ڕوسیا و تورکیا هیچ دیار نییە ، دوای ئەوەش هێشتا دەستەی تەحریری شام جێ قوونی خۆیان لەسەر تەختی حوکمڕانی گەرم نەکردۆتەوە ، هێشتا هێزیان کۆ نەکردۆتەوە ، هێشتا پلانی تەواوی حوکمیان نەکێشاوە، هێشتا حکومەتیان تەشکیل نەکردووە، هێشتا کێشەکانی نێو خودی گروپەکانی ئەو هێزە قوڵنەبوەتەوە . 

قسە و راگەیاندنەکانی ئەم ڕۆژانەی دەستەی تەحریر و ئەبو موحەمەد جۆلانی نابێت بە هییچ شێوەیەك  جێگای متمانە و بڕوا بێت .  ئەمانە هەموی قسە و هەڵوێستی هەموو هێزێکە کە هێشتا پرژ و بڵاون و دەسەڵاتیان لە دەستدا نییە، یاخود لاوازە و  پێویستی بە ماوەیەك هەیە ، هێشتا جێی خۆی نەکردۆتەوە .  تا ماوەیەکی دیکەش شتێکی ئاوا لە سیاسەتی ئەمان و شێوازی حوکمکردنیان ناڕووندەبێت.  بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە هەندێك لەم گروپانە پاشماوەی داعش و قاعیدەن یاخود لەوان هاتوونەتە دەرەوە، ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە و لە سەر دەسەڵاتیش ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن هاوکاتیش تورکیا وەکو هێزێکی پشت و پەنا بۆیان دەمێنتەوە.

خاڵێکی دیکەش هەیە ئەویش بوونی بۆمبێکی ئامادەکراوی کاتییە لە ڕۆژئاوا کە بوونی کەمپی هۆڵە. وەکو دەزانین ئەم کەمپە   کەسانێکی زۆری داعش یاخود سەر بە داعش لەوێن لەو بارەشدا باوەڕ ناکەم کە ئەبو موحەمەد جۆلانی دەستبەرداری ئەم کەمپە ببێت ئیتر  بە ئاشتی بێت یا بە شەڕ، بۆیە گریمانی ئەوە هەیە هەسەدە ناچار بکات کە دەستبەرداری ئەو چەند هەزار کەسە لەوێ ببێت  کە خودی ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە کە ڕەنگە وەکو هێزێک بیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە هەسەدە بسەنن.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت وا بزانرێت کە ڕۆژئاوا  و هێزەکانی مەترسییان لەسەر نییە و ئەگەر هەشبێت ئەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەیان پارێزن.  هەتا ئەردۆغان و حیزبی ئاکەپە لەسەر حوکم بن هەمیشە ئایندەی رۆژئاوا نادیار دەبێت هەرگیزیش ناتوانرێت پشت بە ئەمەریکا و غەرب بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ببەسترێت . بەرژەوندییەکانیان لە هاوپەیمانەکانیان گرنگتر و لەپێشترە.  

 

 

قەیرانی حکومەتەکانی ئەوروپا

Zaher Baher

07/12/2024

حکومەتەکانی ئەوروپا هەر لە ئەڵمانیاوە تاکو فەرەنسا ، بریتانیا ، پۆڵۆنیا ، هەنگاریا  زۆری تریشیان لە قەیرانێکی سیاسی گەورەدا دەژین و ڕەنگیشی لەسەر بارودۆخی ئابووریشیان داوەتەوە، هەندێکیشیان قەیرانە ئابوورییەکە قەیرانی سیاسیشی بۆ دروست کردوون . 

بەڕای من هەردوو قەیرانەکە، هەردوو پرسەکە واتە پرسی سیاسی و پرسی ئابووری تەواوکەری یەکدین و ئەمیان بەویانەوە بەستراوەتەوە و هیچ کام لەم دوو قەیرانە بێ ئەوی دیکەیان زەحمەتە بوونی هەبێت.

دەتوانم بڵێم لەم جارەدا قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خولقاندوە.  قسەی من لەسەر قەیرانی ئابووریی تەواوی سیستەمەکە نییە ، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە لەسەر هاووڵاتیان و دانیشتوانیانەو باجەکەی دەدەن، لە کاتێکدا حکومەت یاخود حکومەتی جێگرەوە وەکو خۆی دەمێنتەوە کە دەکرێت کورد وتەنی بڵێین بۆ هاووڵاتیان هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت.

چۆن قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خوڵقاندوە؟

جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا لەلایەن ناتۆ و تەواوی وڵاتانی ئەوروپای سەر بە بلۆکی سەرمایەداری غەربی هەروەها زۆرێکیش لە ئابووریناسان و ڕۆشنبیرانی ڕؤژئاوا و کوردیش  وا پێشبینییان دەکرد کە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوسیا تێدەشکێ و مونافیسەکانی و دوژمنەکانی هەر لەو ماوە کەمەدا ئەوەی کەی دەیانخواست  بەدەستیدەهێنن و ئەو کاتەش دەکەونە دابەشکردنی غەنیمەکە.

بەڵام جەرەیانی ڕووداوەکان تەواو تەواو پێچەوانەی خواستی ئەوان کەوتەوە تا ئەو رادەیەی کە لە هەفتەی پێشوودا زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕاگەیاندنێکیدا ، کە پێدەچێت ئەوە حەلی دۆناڵد ترامپ بێت ، دەریبڕی کە  ئامادەیە بە کردنی گەورەترین سازش، ئەویش دەستبەردار بوونی بەشێك لە خاکی ئۆکرانیایە بۆ ڕوسیا بە شێوەیەکی کاتیی. سەبارەت بە  بەشە داگیرکراوەکانی تری لە ئایندەدا لە ڕێگەی دیالۆگ و چالاکی دیبلۆماسیانەوە دەستیان دەکەوێتەوە بەڵام بەو مەرجەی کە لە ئێستادا ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا قەبوڵ بکرێت.

درێژەدانی ئەم جەنگە نەك هەر درزێکی گەورەی خستە ناو دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستاشی دروست کرد کە بووە هۆی دەرکردنی وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە لایەن چانسڵەی ئەڵمانیاوە ، ئێستاش متمانە سەندنەوە لە میشێڵ بارنیەر (Michel Barnier ) سەرەک وەزیرانی فەرەنسا کە بە 331 دەنگ توانرا ناچاری دەست لە کار کێشانەوەی بکەن. ئەمەش دووەم جارە لە ساڵی 1962وە لە فەرەنسەدا ڕوودەدات لە دوای متمانە سەندنەوە لە حکومەتەکەی جۆرجس کۆمپیدۆ .

چۆن قەیرانە ئابورییەکەی فەرەنسا لەسەر دەستی قەیرانە سیاسسیەکەیدا ڕویدا و بۆچی قەیرانی ئابوورییە؟

دوای ئەوەی بە بڕیاری  ئیمانوێڵ ماکرۆن هەڵبژاردنیێکی کتوپڕ لە حوزەیران دا کرا تاکو چی تر بیانویەك لە حوکمڕانییەکەیدا  بۆ متمانە پێکردنی لە لایەن فەرەنسییەکان و بەرە و لایەنەکانی دیکەوە نەمێنێتەوە ، لەو هەڵبژاردنەدا هیچ حیزب و لایەنێك ئەوەندە دەنگیان نەهێنا تاکو حکومەت پێكبهێنن.  دواتر هەرچۆن بوو میشێڵ بارنیەر  کرا بە سەرۆك وەزیران .  ئەمە لە کاتێکدا کە ئابوری وڵات بەرەو خراپتر دەڕۆیشت و دەبێت چارەسەرێك بکرێت .

بێ گومان چارەسەر لە لای حکومەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ بۆ پڕ کردنەوەی بوجە و نەکردنی قەرزی دیکە تەنها دوو تا سێ چارەسەرە: زیادکردنی باج،  کەمکردنەوەی مەسروفات لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و خوێندن و پارکەکان ، بەشی هاتوچۆ و بەشی خانوو بەرە و دەستە و دایەرەکانی دەوڵەتیی، هەروەها کەمکردنەوەی یاخود بڕینی بیمەکان .  هەر هەموو ئەمانەش لەسەر کرێکاران و هەژاران و خەڵکە ئاساییەکە  دەکەوێت نەك دەوڵەمەندەکان و چینی باڵادەست .

لەم بارەدا میشێڵ بارنیەر  بۆ پڕکەکردنەوەی 60 ملیار یورۆ ، بە پشتی بڕگەی 49.3 لە دەستوری فەرەنسەدا دەتوانێت ئەوانەی سەرەوە بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان .  هاوکاتیش دەستور ماف دەدات بە پەڕلەمان کە ئەگەر ڕازی نەبوون ئەوە دەتوانن متمانە لە سەرەکوەزیران و حکومەتەکەی بسەننەوە. ئەم بڕیارەی سەرەك وەزیران و کاردانەوەی پەڕلەمان بووە هۆی دەستکێشانەوەی خۆی و حەلبوونی حکومەتەکەی.

زۆرێك لە ئابووریناسان و سیاسییەکان قسەیان لەسەر ئەوە کردوە کە لە ئەمساڵدا فەرەنسا سەقامگیر نەبووە.   ئێستاش دەڵێن ماوەیەکی دیکەی دەوێت تاکو ئەو سەقامگیرییە خۆی دەسەپێنێت.

باری ئابووری بریتانیا لە فەرەنسە باشتر نییە و ئەمانیش وەکو پێشتر باسم کردوە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە موچەدا هەبوو کاتێک کە  حیزبی کرێکاران هاتە سەر حوکم  هاتن چەند ڕیفۆرمێکیان کرد و بە  تەماشن لە ساڵی ئایندەدا زیاتر بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژی و نزیکەی 11 ملیۆن کەسیش هەر لە هەژاریدا دەژین کە زۆرێکیان ئییشیش دەکەن، خزمەتگوزارییەکان لە کەمبوونەوەدان و نرخی وزە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 9 سەرکەوتووە. هەڵئاوسانی پارە دابەزی بەڵام لە مانگی ڕابوردووەوە سەرکەوتەوە ، ڕێژی سوو تا ئێستاش هەر زۆر بەرزە کە کارایی خۆی لەسەر وەبەرهێنان و هەژراکردنی زیاتری خەڵك لە دانەوەی سلفەی عەقار و بەرزبوونەوەی کرێ و قەرزی سەیارە و پێویستی ماڵ داناوە . بەڵام لەبەر ئەوە حیزبی حوکمڕان هێشتا لە مانگی هەنگوینیدایە زۆر کەمتر میدیا و نقابە لێی دەخوێنن. هاوکاتیش حکومەت خۆی پابەندی هاوکاری دارایی ئۆکرانیا بە بڕی  3 ملیار پاوەندساڵانە تا ساڵی 2030 کرد.

بار و دۆخی ئابووری پۆلۆنیاش لەمانی دیکە باشتر نییە ئەمە جگە ناڕەزایەتی خەڵکەکەی بە هۆی ئەوەوە.  هەروەها هەڵوەشاندنەوەی مافی ژنان لە  دەرهێنانی کۆرپەلەدا گرفتێکی سیاسی گەورەیە بۆ دەسەڵات .  هەنگاریا ، گەر چی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی دڵی بۆ روسیا دەسوتێ و نزیکە لە ڕوسیاوە ئەمەش سەریەشەیەکی دیکەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا.

ئەم بارودۆخە ئابوری و سیاسییە لە ئەوروپادا لەوە ناکات کە بەرە و باشی بڕوات بە هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ کە لە شەڕی باج و مامەڵەی بازرگانییدایە لە گەڵ تەواوی ئەورپا و چین و کەنەدا و مەکسیکۆ و هەروەها وڵاتانی بریکس(BRICS ) کە کە وڵاتگەرلێکی زۆرن.  ترامپ بڕیارە لە یەکەم ڕۆژی حوکمکردنیا لە سەدا 25 گومرگ لەسەر مامەڵەی بازرگانی لەسەر مەکسیکۆ و کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپی دابنێت و لەسەر چین بە لە سەدا 10 زیاتر و لەسەر وڵاتانی بریکس لە سەدا 100 تاکو دراوی بریکس جێ بە دۆلار شلۆق نەکات . هەموو ئەمانە هێمای خراپتربوونی ئابووری ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەیە .

لە لایەکی دیکەوە بوونی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و ئێران و ئێستاش کە ئەم بارودۆخە تازەیە لە سوریا خولقاوە و لەوە دەکات کە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێوە بگلێ، ئابووری چەند وڵاتێك تا ڕادەیەك بەرەو داڕمان دەبات و هێشتاش نازانین چی دەبێت . 

هەموو ئەمانە قەیرانە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی و هەندێك لە وڵاتانی دیکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەم قەیرانەش ئەم حکومەتانە بەرەو قەیرانی سیاسی گەورە دەبات .

ڕۆژنامەوانانی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی و ئۆبسێرڤەر لە مانگرتندان

04/12/2024

ڕۆژنامەوانانی ئەو دوو ڕۆژنامەیەی سەرەوە لە ئەمڕۆوە ، 4شەمە، بۆ  48 کاتژمێر واتە ئەمڕۆ و سبەینێ ، رۆژی 5شەمە ، لە مانگرتندا دەبن لەبەر ئەوەی دەرکەوتووە کە  ڕۆژنامەی ئۆبسێرڤەر بە Tortoise Media. دەفرۆشرێت .

زانیارییەکان دزەیان کردووە  کە ڕۆژنامەکە دەفرۆشرێت بە  جەیمس هاردینگ  کە پێشتر سەرنوسەری تایمس بووە و ماوەیەکیش بەڕیوەبەری هەواڵی بی بی سی بووە.  بێ گومان فرۆشتنی ڕۆژنامەکە لە قازانجی ڕۆژنامەوان نییە بەهۆی ئەوەی کە چونێتی وتار و  بابەتەکانی دیکە وەکو ئەوانەی ئێستا نابێت و هەرەها هەل و مەرجی نوێ لەسای خاوەندارێتی نوێی ڕۆژنامەکەدا بەسەر ڕۆژنامەواناندا دەسەپێنرێت کە لە قازانجیان نابێت ، گەر چی جەیمس هاردینگ دەڵێت بە هەمان مەرجی سەر کاری ئێستایانەوە دەمێننەوە ، بەڵام ئەمە تا ماوەیەك دەبێت .

ڕۆژنامەی ئۆبسێرەڤەر کە کۆنترین ڕۆژنامەی دونیایە  کە تەنها لە ڕۆژانی یەکشەمواندا دەردەچێت و 231 ساڵ لەمەوبەر دەستی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ کردووە لە ساڵی 1993 وە لە لایەن گاردیان میدیا گروپەوە کڕراوە و .

سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوی نقابەی ڕۆژنامەوانان و نوسەران، لۆرا دەیڤیسۆن، وتی: “ئەوانەی کە مانیان گرتووە تەواوی هاوپشتی یارمەتی ئێمەیان هەیە …..ئەمەش  یەکەمجارە بۆ زیاتر لە 50 ساڵ، مانگرتن ڕوودەدات” . ئاماژەی بەوەشکرد ” دەنگدانی بەرفراوان بۆ گرتنەبەری ئەم هەنگاوە، خواستی ڕۆژنامەنووسان نیشان دەدات بۆ ئەوەی بە ئاشکرا تیشک بخەنە بەردەم خوێنەران و ئەوانەی بەرپرسیارن لە نیگەرانییە بەکۆمەڵەکانیان سەبارەت بە داهاتووی ناونیشانەکە. ڕۆژنامەکە  لە ژیانی گشتیدا جێگەیەکی ناوازە و گرنگی هەیە و ئەندامەکانمان گرنگی بە بابەتی داهاتووی مێژووی خۆیان دەدەن.”

دەنگدان بۆ مانگرتنەکە کە لە مانگی ڕابوردووداس کرا دەرکەوتووە  کە لە نێوان ئەوانەی مافی بەشداریکردنیان هەیە، 75% دەنگیان داوە و 93% پشتگیری لە مانگرتن دەکەن .

کرێکارانی کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن لە مانگرتندان سەبارەت بە داخستنی سێ کارگە و پرسی مووچە

02/12/2024

لە ئەمڕۆوە ، دووشەمە ، 02/12، کرێکارانی کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن کە 87 ساڵە سەیارە دروست دەکەن  لە مانگرتندان چونکە کۆمپانیاکە بە بیانوی دابەزینی قازانجییەوە  لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڕایگەیاند کە قازانجەکانی نزیکەی 60% دابەزیوە لە کاتێکدا فرۆشی لە چین دابەزیوە. کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن هێشتا قازانج دەکات، بەڵام داهاتی پێش باج نزیکەی 60% دابەزیوە بۆ 2.4 ملیار یۆرۆ (2 ملیار پاوەند) لەم چارەکەدا لە مانگی تەمموز تا ئەیلول، کە لە 5.8 ملیار یۆرۆ لە ساڵێک پێشتر دابەزیوە.

راستییەکەی ئەوەیە کە خودی ئەلمانیا لە ئەزمەیەکی ئابووری گەورەدا دەژی ، گەرچی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەوێ لە مانگی ڕابوردوودا وەزیری داراییەکەی دەرکرد و بڕیارە لە 23ی مانگی شوباتی ساڵی ئایندەدا هەڵبژاردنی گشتی بکرێت ، بەڵام ئەمە دادی بوژاندنەوەی ئابوریی ئەڵمانیا نادات وەکو جاران ، بە  تایبەت کە لە ئێستادا دۆناڵد ترەمپ بریاری داوە کە لە سەدا 25 گومرگ لەسەر هاوردەی وڵاتان لەوانە ئەڵمانیاش زیاد بکات.

ئەڵمانیا لە ساڵی پاردا 843 هەزار سەیارەی لە بازاڕی ئەمەریکیدا ساخ کردۆتەوە ، بەڵام لە ئێستادا نرخی سەیارە لە ئەڵمانیا بە ڕێژەی لە سەدا 4 دابەزیوە . ئەمەش هۆکارە کە کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن دەیەوێت سێ کارگەی دابخات.  تا ئێستا دیار نییە کە لەو 300 هەزار کرێکارە کە بەشی زۆریان کرێکارانی بەشی سەیارەی ئاودی و پۆشن  چەندیان بێ کار دەبن یا چەندیان دەگوێزرێنەوە بۆ کارگەکانی دیکە یاخود هەر کۆمپانیاکە کار بۆ چەندیان دەدەۆزێتەوە .

وێڕای ئەوانە هێشتا نەقابە لە هەوڵێکی گەورەدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کۆمپانیاکە یا هیچ نەبێت کارایی بڕیارەکە  ئەهۆنتر بێت و هاکاتیش داوای کرێی زیاتر دەکات .

عیسا پژمان و بزوتنەوەی 1961 ی کورد

Zaher Baher

27/11/2024

عیسا پژمان: من شۆڕشى كوردم هه‌ڵگیرساند و، خۆشم کوژاندمه‌وه عیسا‌ پژمان، کوردێکی ساواکی خه‌ڵکی شاری سنه‌یه‌، له شاری پاریسی ژیاوه‌و و مردوه‌. عیسا‌ پژمان تا مردن وه‌ک شاپه‌رستێک خۆی ناساندوه‌و، مانگنامه‌ی “نما” ی ده‌رکردوه، له‌و مانگنامه‌دا عیسا پژمان داکۆکيی له‌ شای ئێران كردوه‌.

 عه‌بدولکه‌ریم قاسم، که ‌به‌ ڕه‌گه‌ز کوردی فه‌یلییه‌، که‌سێکی مرۆڤدۆست و نیشتیمانپه‌روه‌ر و دژ به‌ ئیپریالیزمی جیهانی بوو، له‌هه‌مانکاتیشدا، له‌ ئێران دکتۆر محمه‌د موسه‌ده‌ق، هه‌مان بیروڕای هه‌بوو. قاسم وه‌ک کوردێک، پاشان وه‌ک ئازادیخوازێک هه‌وڵی ده‌دا، کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئیمپریالیزمی جیهانی و موسادی ئیسرائیلی بوون، نه‌یان هێشت ئه‌و دوو که‌سایه‌تیه‌ی گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ئاوات بگه‌یه‌ن، ئه‌وه‌ بوو به‌ پێی دانپیانانی خۆیان ئیمپریالیزمی جیهانی و ئیسرائیلی خودی به‌عسییه‌کان و شاپه‌رسته‌کانیش، قاسم و مسه‌ده‌قیان ڕوخاند و‌ شای ئێرانیان هێنایه‌وه‌ بۆ ئێران، هه‌روه‌ها سه‌دام حوسێنیشیان له‌ عێراق کرد به‌‌ سه‌رۆک.

عیسا‌ پژمان له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانیدا ئه‌ڵێ: ڕۆژنامه‌کانی عێراقی له‌سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا هێرشی زۆریان ده‌کرده‌ سه‌ر شا، ئه‌و کاته‌ش من له‌ عێراق نوێنه‌ری ئێران بووم، شا ڕایسپاردم ‌ بچمه‌ لای عه‌بدولکه‌ریم قاسم و ناڕه‌زایی شای پێڕابگه‌یه‌نم. عیسا‌ پژمان ئه‌ڵێ: کاتێک چووم و گله‌ییه‌کانی شام به‌ قاسم ڕاگه‌یاند، قاسم گوتی: خۆم من خاوه‌ن ستافی ڕۆژنامه‌ نیم، بچۆ لای ستافی ڕۆژنامه‌کان گله‌یی خۆتیان پێبگه‌یه‌نه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش بۆیه‌ کۆده‌تامان کرد، تا سانسۆر له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌کان هه‌ڵبگیردرێت، ئێمه‌ کۆده‌تاشمان بۆ ئازادیی ڕۆژنامگه‌ری کردووه‌، نه‌ک بۆ ده‌مکوتی ڕۆشنبیران.

 عیسا‌ پژمان ئه‌ڵێ: شا دوو هێنده‌ی دیکه‌ ڕقی له‌ قاسم هه‌ڵده‌ستێ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و سه‌رده‌مه‌ توده‌ییه‌کان (چه‌په‌کانی ئێران) له‌ لایه‌ن قاسمه‌وه‌ پشگیریان لێده‌کرا، ئه‌وانیش له‌ ئه‌وروپاوه‌ خراپتریان دژی شاهنشاه ئاریا میهر ده‌نووسی. عیسا‌ پژمان ئه‌ڵێ به‌شام گوت: قوربان ئه‌گه‌ر حه‌ز بکه‌یت، من ده‌توانم شه‌ڕێک بۆ قاسم دروست بکه‌م هه‌وڵی ڕوخاندنی بده‌م. ئه‌ڵێ: شا فه‌رمووی چۆن؟ عیسا‌: من ده‌توانم قوربان له‌ ڕێگای مه‌لا مسته‌فا سه‌رقاڵی بکه‌م. شافه‌رمووی چۆن، ئێمه‌ دوێنێ هاوڕێکانی مه‌لا مسته‌فامان له‌ سێداره‌دا، چۆن ئه‌و باوه‌ڕمان پێده‌کات؟ عیسا ده‌ڵێ‌: قوربان تۆ ئیزن بفه‌رموو، ده‌ستم واڵا بکه‌ زۆر ئاسانه‌، که‌مێک پاره‌م بۆ دانێ، له‌گه‌ڵ 10000 بڕنه‌و‌، خۆ سه‌ربازه‌کانمان، ئیتر ئه‌و بڕنه‌وانه‌ به‌کار ناهێنن، ئه‌و بڕنه‌وانه‌ له‌ ئه‌مباره‌کاندا که‌وتون، خه‌ریکه‌ هه‌موو ده‌ڕزێن.

 عیسا‌ پژمان ده‌ڵێ: له‌ پێشدا چاوم به‌ مسته‌فا به‌رزانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی که‌وت، له‌یه‌کتر تێگه‌یشتین و هه‌موو ڕازی بوون، که‌ شه‌ڕ دژی قاسم بکه‌ن،، پاشان یه‌ک دوو بابه‌تم له‌ ڕۆژنامه‌کانی عێراقدا بڵاو کرده‌وه‌، ئیتر نێوان قاسم و به‌رزانیم تێکدا.(بێگومان ئه‌مه‌ به‌ هاوكاریى هه‌واڵگریى ئه‌مریكى و به‌ریتانى و مۆسادى ئیسرائیلى بووه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ى بارزانى له‌ قاسم له‌ به‌غدا و رێخۆشكردن بۆ كوده‌تاى به‌عسیه‌كان له‌ شوباتى 1963 دا.

 عیسا‌ پژمان ده‌ڵێ: من شه‌ڕی نێوان قاسم و به‌رزانیم هه‌ڵگیرساند، ڕێشکه‌وتین که‌ مانگانه‌ 500000 تومان بنێرین بۆ مسته‌فا به‌رزانی، له‌گه‌ڵ 10000 بڕنه‌و. پاشان من (حسین مه‌نسووری)م له‌ جێگه‌ی خۆم دانا، خۆم گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئێران، چونکه‌ ده‌بێت به‌ کارێک بچم بۆ ئه‌وروپا، بۆ ناو کورده‌کانی ئه‌وروپا. کورده‌کانی ئێران و عێراق له ‌سه‌ره‌تادا یه‌ک کۆمه‌ڵی خوێندکاری کوردیان هه‌بوو، به‌ یارمه‌تی ئه‌حمه‌د قاسملو، که‌ برای عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو بوو، ئه‌حمه‌د ئه‌و کاته‌ ساواکیی بوو، توانی نێوان کورده‌کانی ئێران و عێراق تێک بدات، وای کرد هه‌ر کامیان کۆمه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌خۆیان دروست کرد، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌که‌ی کرد به‌ دوو به‌شه‌وه‌‌، ته‌نانه‌ت‌ نێوان کوردکانی عیراقیشی کرد به‌ دوو به‌شه‌وه‌ (کۆمه‌ڵه‌ی جه‌لالی و کۆمه‌ڵه‌ی مه‌لایی.

 دیسان عیسا پژمان ده‌ڵێ: کاتێک گه‌یشتمه‌ ئه‌وروپا، ئاگاداریان کردم، که‌ کامه‌ران به‌درخان چووه‌ به‌گژ عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆداو پێی گوتوه‌ تۆ مرۆڤێکی ناپاکیت، نێوان کورده‌کان تێک ده‌ده‌یت. قاسملۆش له‌ وه‌ڵامدا پێی گوتووه‌: قوربان ئه‌وه‌ من نیم ئه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی برامه‌. ئیتر منیش دانیشتنم له‌گه‌ڵ کامه‌ران به‌درخاندا ڕێکخست، پێم گووت: ئێمه‌ و شا هه‌ردوکمان ئارین وخزمی یه‌کترین، بۆیه‌ به‌ باشتری ده‌زانم، که‌ ئێمه‌ کار بۆ شای ئێران بکه‌ین، نه‌ک عه‌ره‌ب و تورک.

 عیسا‌ پژمان ئه‌ڵێ: کامه‌ران به‌درخان وه‌ڵامی دامه‌وه‌ وتی: باشه‌ بۆ نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن دواکاریمان هه‌یه‌، بۆمان جێبه‌چی بکه‌ن تا هاوکاریتان بکه‌ین. عیسا‌ پژمان ده‌ڵێ: منیش وتم فه‌رموون داواکارییه‌کانتان چیه‌؟ کامه‌ران به‌درخان وتی: یه‌که‌میان 3 که‌سمان چاوه‌ڕوانی په‌تی سێداره‌ ده‌که‌ن، سزای له‌ سێداره‌دانیان هه‌ڵگرن، ئه‌و سیانه‌ش ئه‌مانه‌ن: (غه‌نی بلوریان، عه‌زیز یوسفی، حه‌مه‌ عه‌لی عه‌مۆی . دووه‌م داواکاریمان ئه‌وه‌یه‌، که‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی له‌ ئێران ده‌ربکه‌ن.

عیسا‌ پژمان له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: من باوه‌ڕ ده‌که‌م، که‌ جه‌ناب عالی داواکاریه‌که‌تان قبوڵ ده‌کات، ئیشا الله. عیسا‌ له‌ هه‌مان باسدا ئه‌ڵێ: هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ لایه‌ن ساواکه‌وه‌ (سدیق مفتی زاده‌) و (سواره‌ ئیلخانی زاده) ‌ڕاسپێندرابوون، که‌ پڕوپاگه‌نده‌ بکه‌ن‌ که‌ شا پیاوێکی باشه، به‌ڵام خوێندکارانی کورد له‌ ئه‌وروپا په‌لاماریان ده‌ده‌ن و سه‌ریان ده‌شکێنن. پاش ئه‌وه‌ی عیسا‌ پژمان چاوی به‌ شا ده‌که‌وێت و داخوازیه‌که‌ی کامه‌ران به‌درخان بۆ شا به‌یان ده‌کات، شا ڕازی ده‌بێت و فه‌رمان ده‌دات که‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی ده‌ربکرێت، به‌ڵام‌ له‌ ژێر‌ چاودیڕێ ساواکدا بێت.

 ئه‌و سێ که‌سه‌که‌ی به‌ سێداره‌دان حوکم درابوون بۆیان ده‌که‌ن به‌ زیندانی هه‌تا هه‌تایی. دوای ئه‌وه‌ ڕۆژنامه‌یه‌کیش ده‌رده‌که‌ن به‌ ناوی (کوردستان)، به‌ڵام جگه‌ له‌ بابه‌تی ئاینیی، ڕێگه‌ ناده‌ن،‌ هیچ باسێکی دیکه‌ی وه‌ک کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی تێدا‌ بڵاو بکه‌نه‌وه‌. شوکروڵای بابانیش ئه‌و کاته‌ ساواکی ده‌بێت، ئه‌و خۆی ئه‌ڵێ: (ساواکی بوون جێی شانازیبوونه‌، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ هه‌موو که‌س نه‌یده‌توانی بێت به‌ساواک، مانگانه‌ 300 تومه‌نمان وه‌ر‌ده‌گرت). ئه‌حمه‌د موفتی زاده‌ پاره‌ی وه‌رنه‌گرت، ئه‌و ته‌نها خه‌ریکی وه‌رگێڕانی (هه‌زار شه‌و یه‌ک شه‌وه‌) بوو، هه‌روه‌ها بابه‌تی ده‌باره‌ی نوێژ و ڕۆژوو بڵاو ده‌کرده‌وه‌، کاتێکیش ئه‌حمه‌دی مفتی زاده‌ زانی له‌لایه‌ن ساواکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌و وازی هێنا، ئیتر هیچی بۆ ڕۆژنامه‌که‌ نه‌نووسی. هه‌روه‌ها پاش ده‌رچوونی یه‌ک دوو ژماره‌، ساواک نه‌یده‌هێڵا‌ ڕۆژنامه‌که،‌ له‌کوردستانی ئێران بڵاوبێته‌وه‌، هه‌موویان کۆده‌کرده‌وه ‌و ده‌یاننارد بۆ کوردستانی عێراق.

………………………………………..

 سه‌رچاوه‌: تندباد حوادث گفتگوی عرفان قانعی فرد با عيسی پژمان – نماينده شاه و ساواک در عراق ڕه‌شه‌باى ڕووداوه‌كان گفتوگۆی عیرفان قانعی فرد له‌گه‌ڵ عیسا پژمان نوێنه‌رى شا و ساواك له‌ عیراق و كوردستان

 
 

درێژخایەنی هێڕشەکەی ئیسرائیل و بەردەوامیدانی

Zaher Baher

13/11/2024

بەردەوامی شەری ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان زۆر گریمان لەلای هەموومان دروست دەکات ، چونکە ئیسرائیل سەد جار تۆڵەی خۆی کردەوە لە حەماس ، هەروەها حەمەس و حیزبوڵای بۆ هەتا هەتایە لە ڕوی سەربازی و هێزی سوپاییانەوە تێشکاند ، لە کەسانی عەسەکەری و بیرمەند و بەرنامەدانەری شەڕ و شەڕکەری بەتوانا و خاوەنئەزموونی سەربازی و ڕێکخستن و کارێزمای گرنگ پاککردەوە .  غەزەی تا ڕادەیەك تەخت کرد و دەستی لە هیچ شتێک نەپاراست ، زیانی ڕۆحی و برینداربوونی کەسانێکی زۆر بە هەردووکیانەوە ڕەنگە خۆی بدات لە 200 هەزار زیاتر .

ئێرانی وا بەچەرترسێن کرد کە قوون بدانەوە سەر دەرپێی خۆی ، ڕوتی کردەوە لە هێزی دەرەکی، چی تر سەروەری ناوچەکە و هێزی مونافیس وەکو جاران نابێت . لوبنانی وێران کرد بەڵام لە لایەکەوە لوبنان و خەڵکە هەژارەکەی  لە دەست هێزی حیزبوڵا و هەژمون و دەوڵەتی شیعەی  ناو دەوڵەتی لوبنان بۆ هەمیشە ڕزگار کرد .  سەرەی لێدانی عێراق  لە هەندێك بنکەی سەربازی میلیشیاکانی ئێران و چەند بنکەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و حکومی لە لیستی بەرنامەی جەنگەکەدایە .

ئەمە جگە لەوەی خودی ئەمانە پێمان دەڵێن تا ڕادەیەك ئەگەر نەخشەی ناوچەکەی نەگۆڕی بێت ئەوە ڕیزبەندی هێزی هێزە سەرەکییە میلیشیاکانی لای هەموان بۆ هەمیشە گۆڕی، هاوکاتیش  وردە وردە ئەوە دەردەکەوێت لەوە دەکات کە ئەمە پلانێکی داڕێژراو بووە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بە پلان ڕووی دابێت.  ئیسرائیل ئەوەندە بێ ئاگا و بێ هێز نەبووە کە دەرك بەوە نەکات کە زیاتر لە ساڵ و نیوێكە حەماس ئەو نەخشەیەی کێشاوە، کە لە کاتێکدا کە ئیسرائیل سیخوڕی لەناو هەندێک لە پاسەوانی هەندێك لە سەرکردە گەورەکانی  حەماس و حیزبووڵا و ئێرانیشدا هەبووە و هەیە .

ئەگەری زیاتری ئەوە هەیە کە  ئەمە بە پلان کرابێت ، دەی ئەگەر وانییە ئیسرائیل زۆر لەوەی زیاتر کرد کە دەبوایە لە ڕەتدانەوەی حەماس دا بیکردایە!! ، بۆچی هیچ وڵاتێک لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا هەوڵی جددی ئاگربەستی نادەن؟ بۆچی تا ئێستا ئەمەریکا چەک و تەقەمەنی بە ئیسرائیل دەفرۆشێت ؟ بۆچی هیچ کام لە وڵاتە عەرەبییەکان  ناوێرن زوقرە بکەن یا نایانەوێت خۆیان بە خاوەنی عروبە و گەلی فەلەستینی بکەن؟

توێژینەوەیەك بۆ کۆنفرانسی لوتکەی 29 بۆ پرسی ژینگە

Zaher Baher

19/11/2024

لە  ڕۆژی دوو شەمەوە ، 11/11/2024 کۆبونەوەی ساڵانەی چاکسازی ژینگە بۆ دوو هەفتە دەستی پێکردووە.  نزیکەی 60 هەزار کەس لە نوێنەرانی دەوڵەت و بڕیاردەرانی سیاسی و وەربەهێنەرانی سەرمایە و ( سەرمایەدادار)  و لۆبی چی و  کەمپەینکارانی هەندێك لە دەوڵەتەکان لە 200 دەوڵەتەوە لە ئاستی نوێنەرایەتی جییاوازاد بەشداری دەکەن.

تا ئیستا ئەو کۆبونەوانەی کە کراون نەتوانراوە بە کۆی گشتی بگەنە چارەسەرێکی بنەبڕیی لە کێشەی ژینگەدا ، کەش و هەوادا.  لەم وتارەدا  پەنجە بۆ هەندێك لە کارەساتە سروشتییەاکان بە هۆی تێکچوونی ئاو و هەواوە و هۆکارەکانی و دوای ئەوە تا ئێستا چی کراوە و چی دەبێت بکرێت ڕادەکێشم. هەروەها ئەو پرسەش دەخەمە ڕوو کە ئایا ئەم کۆبوونەوانە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بەرهەمدەهێنن و دەتوانن چارەسەری گرفتی ژینگە و ژیان بکەن، هاوکاتیش وەڵامەکەی بەجێدەهێڵم بۆ خودی خوێنەر خۆی.

ئەمانە هەندێك نموونەن کە وەکو بەڵگەیەك دەیخەمە بەردەم خوێنەر.  لە ماوەی 30 ساڵەی دروستبوونی ئەم کۆنفرانسەدا وڵاتانی وەک چین، هیندستان و کۆریای باشوور بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هێزی ئابووری خۆیان زیاد کردووە – ئەمەش یانی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ، کە بە گازی ژەهراوی پێناسە کراوە.

بڕینەوەی دارستانەکان کە ڕۆڵی کاریگەری هەیە لەسەر پاککردنەوەی ژینگە  سەرەڕای پەیماندانی 140 وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە لەناوچوون و بڕینەوەیان، مانگێک لەمەوبەر  ڕاپۆرتێکی جیهانی دەریخست کە خواست لەسەر گۆشتی مانگا و سۆیا و زەیتی خورما و نیکل ئەوەندە زۆرە ڕێگری لە هەوڵەکانی وەستاندنی بڕینەوەی دارستانەکان و وێرانکردنیان دەکات.

شیکارییەك دەریدەخات لە ساڵی 2023 دا لەناوچوونی دارستانەکانی جیهان زیادیکردووە، و زیاترە لەو کاتەی کە 140 وڵات سێ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنیان دابوو تا کۆتایی ئەم دەیە، واتە تا ساڵی 2030 ، دەبوایە بڕینی دارستانەکان ڕابگیرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 6.4 ملیۆن هێکتار (16 ملیۆن دۆنم) دارستان لە ساڵی 2023 دا تێکدراوە. تەنانەت دارستانی زیاتریش بە بڕی 62.6ملیۆن هێکتار وێرانکراوە بەهۆی دروستکردنی ڕێگاوبان و داربڕین و ئاگرکەوتنەوە کە زیانی گەورەی لە دارستانەکان داوە.

لە لوتکەی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان Cop26  ( کۆنفرانسی 26 )لە ساڵی 2021 بەگشتی هەموان ڕازیبوون کە بڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی 2030 ڕابگیرێت.  لە ڕاگەیاندنێکدا لە هەڵسەنگاندنی دارستانەکان ئەمساڵ  لەلایەن هاوپەیمانی توێژینەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بڵاوکرایەوە، لەو ڕاگەیاندنەدا پێشکەوتنەکانی بەرەو ئەو ئامانجە خستە ڕوو. لەوێدا بە بەکارهێنانی هێڵی بنەڕەتی تێکڕای دارستانبڕین لە نێوان ساڵانی 2018 و 2020 ، بۆی دەرکەوت کە پێشکەوتن بە شێوەیەکی بەرچاو نەڕۆیشتۆتە پێشەوە سەبارەت بە بڕینی دارستان،  لە ساڵی 2023 دا نزیکەی 50% زیاتربووە .

لە لایەکی دیکەشەوە هیچ نیشانەیەك نییە بۆ وازهێنان لە سووتەمەنی بەردینی بەڵێندراو بەجێگرتنەوەی کەرەسە پاکەکان، چونکە دەردانی گازی ژەهراوی پلەیەکی بەرزی نوێی تۆمارکردووە سەرەڕای بەڵێنەکانی کۆنفرانسی Cop28 ی ساڵێک لەمەوبەردا.  بە پێچەوانەوە سووتانی خەڵوز و نەوت و گاز لە ساڵی 2024دا بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەدا.

لە کۆنفرانسی Cop28 ساڵی 2023 لە دوبەی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ” تێپەڕینی قۆناخی سووتەمینی خەڵووزی بەردینی ” کرا، بڕیارێکی ئەوەندە گرنگ بوو کە  ستایشی کرا بەو پێیەی هیچ کام لە 27 لوتکەی پێشوو داوای سنووردارکردنی هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی جیهانیان نەکردبوو. 

ئەمانە و زۆری تر بەڵگەی ئەوەن کە بڕی کارەکان بەو شێوەیەی کە زەروورە جێ بەجێبکرێت ناکرێت بۆیە گردبووانی ئەم کۆنفراسە و حکومەتەکانیان دەکەونە بەر ڕەخنەی جددی شارەزایان و چالاکوانانی ژینگە و ئەوانەی دیکە کە بە تەنگ ژینگەوە دێن .

ئەم هەڵوێستەی ئەوان و زۆری تر جێگای سەرسوڕمان نییە لە کاتێکیشدا  ئەوانەی کە پشکی گەورەی ژینگە پیسکردنیان دەکەوێتە ئەستو، ئەوانەی کە تا ئێستاش مۆڵەتی هەڵکۆڵینی زەوی دەدەن بۆ دۆزینەوەی غاز و نەوت ، ئەوانەی کە بارەگاو بنکەی سەرەکی  کۆمپانیاکانی نەوتیان لێیە، ئەوە ئەوانن کە  قسە لەسەر کێشەی  ژینگە دەکەن و بڕیارە گرنگەکان دەدەن تاکو بۆ دانیشتوان زیانبەخش نەبێت .

 ئەمەش تەواو وەکو ئەوە وایە کە لە وڵاتێکدا کە حکومەتەکەی سەرکوتی هاووڵاتیانیی زۆر دڕندانە دەکات قسە لەسەر ئازادی ڕا و بۆچوون بکات و کۆنفراسنی مافی مرۆڤ لەوێ بگێڕێت و بەرنامەی بۆ دابنرێت و  بڕیاری لەسەر بدرێت ، یا کۆنفرانسی خەڵکە هەرە زەنگینەکە بێت و قسە لەسەر زكبرسیان بکات.

 شاری باکۆ، پایتەختی ئازەربایجانە، خانەخوێی ئەمجارەی ئەم کۆبوونەوە گەورەیەیە، خۆی خاوەنی سامانێکی زۆری غاز و نەوتە بەو ڕادەیەی کە لە سەدا 90ی هەناردەی داهاتی بۆ دەرەوە سامانی وزەیە ، تەنانەت ئیسرائیل لە سەدا 40 پێداویستی وزەی لەوێ دەکڕێت لە بەرانبەر فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان ، چالاکوانی ژینگە و هەر کەس و لایەنێکی دیکە کە دژ بە دەسەڵاتی ئازەربایجان بن ، بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ دژ بە ئەرمەنییەکان و داگیرکردنی خاکیان و بەدیلگرتنی هاووڵاتانیان .  ئیسرائیلیش ئەو وزەیەی کە لەوێ دەیکڕێ لە ئێستادا بۆ بەردەوامیدانی شەڕە نەگریسیەکەیەتی دژ بە فەلەستینییەکان و خەڵکی لوبنان. ئەمە نەك هەر ئیسرائیل بەڵکو هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا سووتەمەنی بەردینی لە ئازەربایجان دەکڕن و بڕیاریشە کە بڕی ئەم هاوردەیە لە ساڵی 2027 دا دووقات بکەنەوە.

ئەوەشی کە دەبێتە مایەی دڵگرانی و تووڕەبوون ئەوەیە کە سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئەلییڤ (Ilham Aliyev ) خۆی و خێزانەکەی ملیارەها دۆلاریان لە سەروەت و سامانی سروشتی وڵاتەکە بەدەستهێناوە،  منەت نە لە سروشت و نە لە کەس دەزانێت بە بەشداربووانی کۆنفراسەکەی وت  “نەوت و غازی ئازەربایجانی دیارییە لای خوداوە” و ڕوونیکردەوە کە دەرهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت. لە چالاکییەکەدا وتی: وەک سەرۆکی Cop29 ( کۆنفرانسی 29)، بێگومان ئێمە داکۆکیکارێکی بەهێز دەبین بۆ گواستنەوەمان لە سووتەمەنەی بەردینی بەرەو ژینگەی پاك و سەوز، ئێمە ئەوە دەکەین.” …“بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت واقیعبین بین”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “نابێت وڵاتان تاوانبار بکرێن [بەهۆی ئەوەی نەوت و غازیان هەیە] و نابێت تاوانبار بکرێن بۆ هێنانی ئەو سەرچاوانەی بۆ بازاڕ، چونکە بازاڕ پێویستی پێیەتی. خەڵک پێویستی پێیان هەیە”،  ڕاگەیاندنەکەی بۆ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرابوو.

دەی لە دەوڵەێکی ئاوادا کە خانەخوێی نوێنەرانی ئەو هەموو وڵاتانەیە و بەو پاشخانە پیسەوە سەبارەت بە ژینگە و مافی مرۆڤ گرانە کارێکی زۆر باشی لێ سەوز ببێت.  ناکرێت تۆ بانگەشەی ژینگەپارێزی بکەیت بەڵام هاوکاتیش دانیشتوانت لە کارەساتدا بن کە پرسی ژینگە واتە دادپەروەری و سەلامەتی ئازادیی هەموانە.  جگە لەوەی کە  سەرۆك خۆی هیچ پلانێکی نییە بۆ کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن .  لەمەش سەیرتر لە کاتێکدا کە ئەم کۆبونەوەیە بۆ کێشەی ژینگەیە لە ئازەربایجان کەچی سنوری زەمینی و ئاوی بۆ ڕێگرتن لە هاتنی دۆستانی ژینگە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەم کاتەدا لەوێ داخراوە.  تاکە ڕێگایەك بۆ ئەوەی بەشداربووان بگەنە کۆنفرانسەکە ڕێگەی ئاسمانییە ، کە خودی ئەمەش پیسکردنی زیاتری ژینگەیە .

جگە لەو زانیاریانەی سەرەوە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هاوپەیمانی چالاکوانانی Kick Big Polluters Out شیکارییان کردووە، لانیکەم 1773 لۆبی چی خەڵوز و نەوت و گاز ڕێگەیان پێدراوە بچنە ناو ئەم گردبوونەوەیەوە.

لەم ڕۆژانەدا گروپێك لە شارەزایان و پسپۆڕانی ژینگە نامەیەکیان ئاڕاستەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ، لەو  گروپەدا کەسە ناودارەکانیان  بریتین لە بان کی مون سکرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماری ڕۆبنسن سەرۆکی پێشووی ئیرلەندا و کریستیانا فیگێرس بەرپرسی پێشووی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان و زانای ناوداری کەشوهەوا یۆهان ڕۆکسترۆم. لە نامەکەیاندا ئەوان ڕاشکاوانە وتویانە ” سیاسەتی کۆبونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چی تر لەگەڵ ئامانجەکاندا ناگونجێن .  پێویستمان بە گۆڕانکارییە کە لە دانوستانەوە بمانبات بۆ جێبەجێکردن “

ئەفریقا 40%ی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوەی جیهانی لەبەردەستدایە بەڵام تەنها 2%ی وەبەرهێنانە جیهانییەکانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت. بەهۆی ئەوەی 20 لە کۆی 38 وڵاتی ئەفریقا کەمداهاتن و قەرزاری زۆرن و سوویەکی زۆر کەوتۆتە سەر قەرزەکانیان کە دەبێت ساڵانە بە قیست بیدەنەوە. ​​

بۆچی پرسی ژینگە گرنگە و دەبێت بکرێتە خالی سەرەکیی؟

پێموایە ڕوونکردنەوە و بەڵگەی زۆری ناوێت بۆ فەرامۆش نەکردنی ژینگە و دەرککردن بە  کارایی باش و خراپی لەسەر ژیانی تاکەکان و خودی کۆمەڵگەکان. ژیان و ژنگە دوو جەمسەری بەیەکەوە بەستراون و هەرگیز لە یەك دانابڕێن. خراپبوونی ژینگە یا وێرانکردنی ژینگە بە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانەوە، ژیان بێ پاراستنی ژینگە بوونی نابێت، کە لە کاتێکیشدا تێکدانی دەستکردی مرۆڤە، هەر ئاواش دەکرێت کە خودی مرۆڤ چاکسازی تێدا بکات.

گەر تەماشای هەر ئەم یەك دوو ساڵە بکەین بە ڕوونی و ئاشکرا خراپبوونی ژینگە و کاردانەوەی لەسەر وڵاتان و کۆمەڵگەکانی زۆر خراپ کەوتۆتەوە.   

هەندێك لە گەلانی ئەفریقا بەهۆی کارەساتی خراپی کەش و هەواوە تا 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن، لەکاتێکدا هەندێکیان تا 9%ی بودجەی نیشتمانی خۆیان بۆ ئەوەی بەسەر دەرئەنجامەکانیدا زاڵ بن دەخەنە لاوە.

دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی مەزەندە دەکات کە ئەفریقای باشووری بیابانەکان تەنها لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ساڵانە پێویستی بە 30 -50  ملیار دۆلار دەبێت تەنها بۆ دابینکردنی تێچووی پاراستنی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی کارەساتی بێ وێنەی پەیوەستبوو بە کەش وهەوا دەبنەوە.  ئاشکراشە ناتوانرێت هەژاری کەم بکرێتەوە، برسێتی نەهێڵرێت و کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان و خۆڕاگر بنیات بنرێت بەبێ چارەسەرکردنی کەش وهەوا.

ڕاپۆرتێکی مانگی پێشوو سەبارەت بە بەکارهێنانی زۆپا و ئامرازەکانی دیکەی غاز  دەریخستووە کە  ساڵانە 40 هەزار ئەوروپی دەکوژێت توێژینەوەکە دەڵێت ئەو گازە زیانبەخشانەی پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکانەوە هەیە، نزیکەی دوو ساڵ لە ژیانی مرۆڤ کەم دەکەنەوە.  لە هەر سێ ماڵێک لە یەکێتی ئەوروپا، یەک ماڵ بە غاز خواردن دروست دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە 54%ی ماڵەکانی بەریتانیا و زیاتر لە 60% لە ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ڕۆمانیا و هەنگاریا غاز بەکاردهێنن.  ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی مادەی زیانبەخش کە بۆری هەوا هەو پێدەکات.

لافاوەکەی مەغریب کە لە مانگی ڕابردوودا بوو 18 کەس گیانیان لەدەستدا و کاریگەرییەکانی لافاوەکە ئەو ناوچانەی زیاتر گرتەوە کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو.

هەر دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە کە لە ڤالانسیا لە ئیسپانیا بە هۆی لافاوەوە 220 کەس گیانیان لە دەست دا و 80 کەسیش هێشتا چارەنوسیان نەزانراوە.  دوای ئەوەش چەشنی هەمان لافاو مەلەگا-شی هەر لە ئیسپانیا گرتەوە و زەرەری شمەك و کاڵای زۆری بووە.

لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە باغلان لە ئەفغانستان  لانیکەم 315 کەس بوونە قوربانی  و زیاتر لە دوو هەزار ماڵیش وێران بوون. نزیکەی هەزار و 600 کەس بریندار بوون و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون. هەروەها لافاوێکی خێرا لە پارێزگاکانی دیکە لە سەرانسەری ئەفغانستان وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لانیکەم 50 کەس لەو لافاوەدا گیانیان لەدەستدا. ئەفغانستان هەمیشە تووشی کارەساتی سروشتی بووە. لە نێوان وڵاتانی کەمداهاتدا، بە پێی یەکێک لە ڕاپۆرتەکان، لە ڕووی ژمارەی مردن بەهۆی ئەوانەوە لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2015 ئەفغانستان  پلەی دووەمی لە نێو ئەو وڵاتانەدا  بەدەستهێناوە. بێ گومان لە ئەفغانستاندا هەر کارەساتی سروشتی یەخەی نەگرتوون بەڵکو  مێژووی درێژی  شەڕی چەکداری وڵاتەکە دۆخەکەی ئەوەندەی تر خراپتر کردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەی چڕبوونەوەی زریانی زۆر گەورەمان دیوە کە زیاتر وێرانکاری بەدواوە بووە، وەکو زریانی وێرانکەری  وەک ‘هێلین’ . بۆچی؟ چونکە دەردانی گازی گەرمخانەیی زەریاکە گەرم دەکات. خەمڵاندنێکی سەرەتایی ئەوەیە کە گەرمبوونی جیهانی بووەتە هۆی بارانبارینی 50% زیاتر لە کاتی زریانی ‘هێلین’ لە بەشێک لە جۆرجیا و باشوور و کارۆلینای باکوور لە ئەمەریکا.  هەروەها ڕەنگە کاریگەری زریانەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەویەوە خراپتر بووبێت، چونکە هەڵمبوونی دەرئەنجامی ئەوە ڕێگەی بە زریانەکە داوە بۆ ماوەیەکی زیاتر و زیاتر بەهێز بێت.  بەڵام زۆربەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان – و زۆربەی وەڵامە سیاسییەکان – ئەم کارەساتەیان وەک ئەوەی شتێکی هەڕەمەکی سروشت بێت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەشوهەوای توند لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا 2 ملیار دۆلاری  لەسەر ئاستی جیهان تێچووە. ئەمریکا زۆرترین زیانی ئابووریی بەرکەوتووە، ڕاپۆرتەکەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دەریخستووە، دوای ئەویش چین و هیندستان دێن.

شیکارییەکانی 4000 ڕووداو و کارەساتی توندی پەیوەست بە کەش وهەوا، لە لافاوێکی خێرا کە ماڵەکان لە چرکەیەکدا دەشواتەوە تا وشکەساڵی سووتانی هێواش کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر کێڵگەکان تێکدەدات، دەرکەوتووە کە زیانە ئابوورییەکان تەنها لە دوو ساڵی ڕابردوودا 451 ملیار دۆلار بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەوتێکی وردە وردە بەرزبوونەوەی تێچووی ڕووداوە توندەکانی کەش و هەوا لە نێوان ساڵانی 2014 و 2023دا دەرکەوتووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی لە ساڵی 2017 کاتێک وەرزێکی چالاکانەی زریانەکان ئەمریکای باکووری گرتەوە. ئەمەریکا زۆرترین زیانی ئابووری له ماوه ی 10 ساڵدا بەرکەوتووه ، ئەم زیانە به 935 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، چین به 268 ملیار دۆلار و هیندستان به 112 ملیار دۆلار. هەریەک لە ئەڵمانیا و ئوسترالیا و فەرەنسا و بەرازیل لە ڕیزبەندی 10 باشترینەکاندا بوون.

توێژینەوەیەک لە مانگی ڕابردوودا دەریخستووە، تێکچوونی کەش و هەوا هۆکاری زیاتر لە نیوەی ئەو هەزاران کەسە بووە کە بەهۆی گەرماوە لە هاوینی سووتێنەری ئەوروپادا لە ساڵی 2022دا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئەگەری ئاستی زۆری بارانبارینی دوو هێندە زیاد کردووە کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ناوەڕاستی ئەوروپای گرتەوە.

حیسابکردنی دەردانی گازی ژەهراوی ساڵی 2024 لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەستە و خەمڵاندنەکانی مانگەکانی کۆتایی ساڵ، کە لە ڕابردوودا ورد بوون. زیاتر لە 37 ملیار تەن گازی ژەهراوی لە ساڵی 2024 دا دەردەدرێت کە دەکاتە نزیکەی 4 ملیۆن تەن لە خولەکێکدا. دەردانی گازی ژەهراوی  ساڵانە بە ڕێژەی زیادبوونی 2.4%، سەردەکەوێت ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی لە چین و شوێنەکانی دیکە. سووتانی نەوت بەڕێژەی 0.9% زیادیکردووە، بەتایبەتی بەهۆی گەشتە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی خەڵوز بە ڕێژەی 0.2% بەرزبێتەوە.

زۆربەی دەردانی گازی ژەهراوی لە دارستانبڕین لە بەرازیل و ئەندەنوسیا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە دێت. پڕۆفیسۆر جولیا پۆنگراتز، لە زانکۆی میونشنی ئەڵمانیا دەڵێت: “بەشێکی زۆری ئەم دەردانی گازی ژەهراوییانە لە ئەنجامی هەناردەکردنی کاڵاکانەوە بۆ باکووری جیهانییە، بۆ نموونە فاسۆلیای سۆیا لە ئەمریکای باشوورەوە دەچێتە چین و ئەوروپا”. ئاوا پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە هەردوو سووتەمەنی بەردینی و دارستانبڕین لە ساڵی 2024 دەگاتە بەرزترین ئاستی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای هاتووچۆ و ژینگە کە ڕێکخراوێکی هەڵمەتی گواستنەوەی پاکی ئەوروپییە، فڕۆکە تایبەتەکان تا 14 هێندە پیسکەرترن، بۆ هەر سەرنشینێك، لە فڕۆکە بازرگانییەکان و 50 هێندەی شەمەندەفەرەکان پیسکەرترن.

ڕۆماین یۆئالێن، لە ڕێکخراوی گۆڕینی نەوتی نێودەوڵەتی، وتی” لە Cop28، هەموو وڵاتان بەڵێنیان دا کە لە سووتەمەنی بەردینی تێپەرن بەرەوە ئامرازە پاکەکان ملبنێن،  بەڵام لەسەر زەوی واقیع ئێمە شایەتحاڵی پێچەوانە بووین: پڕۆژەی نوێی نەوت و گاز لە سەرانسەری جیهان پەسەند دەکرێن، بە سەرپێچییەکی تەواو وە لە زانستی کەش وهەوا” وتیشی  ” لە کۆنفرانسی29 (Cop29) ، پێویستە ببینین وڵاتان بە [بەڵێننامە] دێنە سەر مێزەکە کە کۆتایی بە فراوانبوونی سووتەمەنی بەردینی بهێنن و وزەی نوێبووەوە خێراتر بکەن..خانەخۆی ئێستای بەرنامەی Cop29، ئازەربایجان، پلانی هەیە لە دەیەی داهاتوودا فراوانکردنی گەورەی بەرهەمهێنانی غاز بکات”.

داتا نوێیەکان کە لە کۆنفرانسی کەش وهەوای ئەمجارەی ( Cop29) نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئازەربایجان بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی دەردانی گەرمکردنی هەسارەکان لە خەڵووز و نەوت و گاز لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 0.8% بەرز دەبێتەوە جیهان بۆ ئەوەی هەر چانسێکی هەبێت بۆ پابەندبوون بە ئامانجی پلەی گەرمی 1.5سەدی و سنووردارکردنی زیادتر کاریگەرییە دراماتیکییەکانی کەشوهەوا لەسەر خەڵک لە سەرانسەری جیهان.

لە لایەکی ترەوە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی سووتەمەنی بەردینی لە ساڵی 2024  نزیکەی 8% زیاتر بێت بە بەراورد بە ساڵی 2015 کە ئەو ساڵەی ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس واژۆکرا.

تا ئێستا چی کراوە و چی دەکرێت:

بە گەڕان بە دوای زانیارییەکان و چاودێریکردنی دەوڵەتەکان لە هەڵوێستیاندا بەرانبەر بە چارەسەری ژینگە دەکرێت هەندێك لە بەرنامەی چاکسازی ببینین.

سەرۆکی بەرازیل و سەرۆکی کۆڵۆمبیا ، ئەوان مەیلی خۆیان لە کەمکردنەوەی بڕینی دارستانەکان نیشان داوە.  بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی سەرچاوە جیهانییەکان، لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، بەرازیل بە ڕێژەی 36% و کۆڵۆمبیا بە ڕێژەی 49% کەمکردنەوەی بڕینی دارستانەکانی بەخۆیەوە بینیوە.  هەردووکیان پابەندن بە بە وەستانی بڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی 2030. ئەم دوو سەرۆکە لە ژێر کاریگەری وەزیرە ژینگە دۆستەکانیان دابوون وەکو : مارینا سیلڤا لە بەرازیل و سوزانا محەمەد لە کۆڵۆمبیا.

سەرەکوەزیرانی بریتانیا، کیری ستارمەر ڕۆژی سێشەممە، 12ای مانگ  سەبارەت بە کەش و هەوا ڕایگەیاند کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ئامۆژگارییانەی کە لەلایەن زاناکان و ڕاوێژکارە سەربەخۆکانیەوە بە حکومەت دەدرێت. ئەو وتی بریتانیا بەڵێن دەدات ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 81% کەم بکاتەوە بە بەراورد بە ئاستی ساڵی 1990 تا ساڵی 2035. هەروەها باجی خستۆتە سەر فڕؤکەی جێتی کەسیی کە دەوڵەمەندەکان بۆ گەشت و کاریان بەکاریدەهێنن.

بڕیاریشە ئۆکسفام ڕاپۆرتێک بڵاوبکاتەوە کە پێشنیاری ئەوە دەکات زۆرینەی خەڵکی بەریتانیا پشتگیری لە باجی زیاتر دەکەن لەسەر فڕۆکە تایبەتەکان و سوپەر یەختەکان بۆ یارمەتیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەش و هەوا. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم ڕاپرسییە کە لەلایەن YouGov ەوە ئەنجامدراوە، پشتگیرییەکی بەهێزی گشتی نیشان بدات بۆ زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندترین کەسانی بەریتانیا بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها زیادکردنی باج لەسەر ئەو بازرگانیانەی لەو کەرتانەی زۆرترین دەردانی گازی ژەهراوی بەرهەمدەهێنن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، لە ساڵی 2021 دا نزیکەی 89.6 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو دابین کراوە. بەڵام دارایی جیهانی کەش و هەوا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی سەرنجی لەسەر کەمکردنەوە دەمێنێتەوە. نزیکەی 90%ی دارایی کەش و هەوا بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەڕوات نەک پشتگیریکردنی

یەکێتی ئەوروپا ڕێسایەکی گەورەی پێشنیار کردووە کە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکات کە پەیوەندییان بە بڕینەوەی دارستانەکانەوە هەیە، وەک قاوە، شوکولاتە، چەرم و مۆبیلیات.  بەڵام لە 3ی تشرینی یەکەمدا کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری دواخستنی ساڵێکی کرد “بۆ قۆناغ بە قۆناغی سیستەمەکە” دوای ناڕەزایەتی وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەرازیل، ئەندەنوسیا و کەناری عاج.  هەر ئەو سەرچاوەیە وتی: “ئەم پاڵنەرە تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوەیە، و ئەوە شەرمەزارییە کە ئێمە ناتوانین پشت بە هەوڵە خۆبەخشییەکان ببەستین – ئەوان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر کەمیان بەدەستهێناوە.”

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا لەوە دەکات ئەوەی کە کراوە هاتنە سەرحوکمی ترامپ ئەو لایەنە باشانە بسڕێتەوە .  ئەو  بەڵێنی داوە کە کەرتی وزە ڕێکبخات و ڕێگە بە پیشەسازی نەوت و گاز بدات و ئەمریکا لە ڕێککەوتنی کەش وهەوای پاریس بهێنێتە دەرەوە، کە لەو پەیمانەدا وڵاتان پابەندکرابوون هەنگاو بنێن بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین کاریگەرییەکانی قەیرانەکە. بەڵام لەکاتێکدا ترەمپ هەوڵدەدات پێشکەوتنەکان پێچەوانە بکاتەوە. ” سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جیهان ڕۆژی چوارشەممە وتی: ئێمە زێڕی شلمان لە هەموو وڵاتێکی جیهان زیاترە.”

شارەزایان دەڵێن خولی دووەمی ترەمپ دەتوانێت وێرانکەرتر بێت، چونکە لەلایەن دەسەڵاتێکی دادوەری کۆنەپەرستەوە یارمەتی دەدرێت و چەکدار دەکرێت بە نەخشەی وردی سیاسەتی وەک بەڵگەنامەی پڕۆژەی 2025 کە لەلایەن دامەزراوەی میراتی ڕاستڕەوەوە بڵاوکراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی داهاتووی ترەمپ لە ئێستاوە فەرمانی جێبەجێکردن دادەڕێژێت بۆ سڕینەوەی سیاسەتەکانی کەش و هەوا و کردنەوەی زەوییە پارێزراوەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.

شیکارییەکی مانگی حوزەیران هۆشداریدا لەوەی کە پاشەکشەی داهاتووی ترەمپ دەتوانێت تا ساڵی 2030 4 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زیاد بکات بۆ بەرگەهەواوە کاتێک بەراورد دەکرێت لەگەڵ بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی بایدن. ئەوە “دەبێتە سزای لەسێدارەدان بۆ هەسارەکەمان”، جەیمی میندێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتژمێری سفر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە باکۆ لە ڕۆژی دووشەممەدا، 11ی مانگ ئاماژەی بەوەشکردووە،دوو یاریزانی گەورەی ناو ڕینگەکە ئەمریکا و چینن و چینیش تازە گەرەنتی وەرگرتووە کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو گۆڕانی کەش و هەوا لەگەڵ خۆیان ناهێنێتە ئاراوە و ئەوەش مانای شتێکە و لەسەر چین ئاسانتری دەکات، کە ئەوەش ناتوانێت یارمەتی نەدات و هەندێک کاریگەری نەبێت.”

سوید باج لەسەر فڕین کەمدەکاتەوە سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت کە دەردانی گازی ژەهراوی زیاد دەکات ئەم بابەتە زیاتر لە 1 مانگە کەمپەینکاران ڕەخنە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باج دەگرن کە لە ساڵی 2018 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە لەنێو بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی ‘شەرمەزاری فڕین’.

باجی فڕین کە ئامانجی کەمکردنەوەی پیسبوونی فڕۆکەوانییە، لە ساڵی 2018 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بزووتنەوەی “شەرمەزاری فڕین” (flygskam) کە لەلایەن گرێتا تونبێرگەوە ناوبانگی دەرکرد. بەڵام لە بودجەی ساڵی داهاتوودا کە چەند ڕۆژێک لەمەبەر پێشکەش کرا، هاوپەیمانی ڕاستڕەوی میانڕەو کە پشت بە پشتیوانیی دیموکراتەکانی ڕاستڕەوی توندڕەوی سوید دەبەستێت، ڕایگەیاندووە کە لە 1ی تەمموزی 2025 وە باجەکە چیتر جێبەجێ نابێت. پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە نرخی بلیتەکانی سوید بە بڕی 80 کرۆن (5.93پاوەند) بۆ گەشتە ئەوروپییەکان کەم بکاتەوە و 325 کرۆن (24.9 پاوەند) بۆ گەشتەکانی دەرەوەی ئەوروپا.

ئەی دەبێت چی بکرێت بۆ پاراستنی ژینگە و ژیان ؟

بێ گومان وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ژینگە و ژیان دوو پرسی ئەمەندە بەیەکەوە گرێدراون کە لەیەکدابڕینیان کۆتایهێنانی ژیانە. پرسێکیشە کە لە هەموو تاکێکی کۆمەڵ هەر لە منداڵێکەوە تاکو گەورەساڵێک و تا دەگاتە بزنسمان و بەرپرسان و سیاسییەکان و دەسەڵاتداران و دەوڵەتان هەم ڕۆڵی پیسکردنیان هەیە و هەم ڕۆڵی ڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی لە پیسبوون و بەدوورگرتنی لە کاردانەوەی خراپ هەیە.

کەواتە تاکەکانی کۆمەڵیش بەسروشتی خۆیان دەتوانن و دەکرێت ڕۆڵی گرنگ لە ژینگەدا ببینن.  لە کوڵانی کترییەکەوە بۆ چایەك، قاوەیەك کە تۆ یەك پیاڵەت پیویستە، یەك قاوەت پێویستە، کەچی بەشی سێ چا، سێ قاوە کترییەکە دەکوڵێنیت، لە کاتی وەرگرتنی دووشێك، لەفڕێدانی پارچەیەك کاغەز، بنێشتی دەم،  لەبەرکردنی جۆری جل کە لە شۆردن و وشکردنەوەیدا لەسەر ژینگە کارایی دادەنێت ئەگەر هەر زۆر کەمیش بێت ، لە کڕین و بەکاهێنانی سەیارەدا و جۆری سەیارە، لە خۆگەرمکردنەوە و فێنککردنەوەدا، بەم شێوەیە تا دەگاتە جۆری ئەو خواردنەی کە دەخورێت بەتایبەت خواردنی گۆشت و وازنەهێنان لێی.

 ئەمانەی سەرەوە تەنها چەند نموونەیەكی بچوك و باون کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبینەوە کە تاكی کۆمەڵ دەتوانێت ڕەچاویان بکات و ستایەڵی ژیانی خۆی بگۆڕێت.

هەر ئاواش بزنسمانەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پیسکردنی ژینگەدا هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، هاوکاتیش دەکرێت  ڕۆلی گرنگیان هەبێت لە  پاكڕاگرتنی ژینگە و پاراستنیدا .

زۆر بەرنامەی سەرەکی کردەیی هەیە بۆ سنوردارکردنی گەرمی ژینگە لە ئاستی پلەی 1.5 سەدیدا کە کردن و جێبەجێکردنیان گران نییە، گەرچی ئێمە ئەوە دەزانین هەتا ئەو کاتەی بزنس و دەسەڵات و دەوڵەت هەبێت هەرگیز کێشەی ژینگە چارەسەر نابێت چونکە دەبێت پێ بنێینە سیستەمی ئیکۆلۆچییەوە لە ژیانماندا، کۆمەڵ بکەینە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی، بەڵام دەکرێت کارەساتەکان ئەهۆنتر بکرێنەوە.

لە ئێستادا وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان بپارێن لانی کەم  پێویستیان بە یەک ملیار دۆلار (750 ملیار پاوەند) ساڵانە تا 2035  هەیە تاکو یارمەتیان بدات لە بڕینی گازە گەرمخانەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەش وهەوای توند.

بەرازیل کە ئێستا سەرۆکایەتی گروپی 20 دەکات هەوڵ دەدات بۆ دانانی باجێك بە ڕێژەی لە سەدا 2 لەسەر ملیاردەرەکان.  ئەم باجە کاریگەری خۆی دەبێت . ئەم بیرۆکەیەی بەرازیل پاڵپشتی دەکات، دەتوانێت ساڵانە 200-250 ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.

زۆر شتی دیکە کە کردنیان ئاسانە وەکو دانانی باجی بەرهەمهێنانی پلاستیک کە لە بەرهەمهێنانی پلاستیک لە پۆلیمرەکانەوە وەردەگیرێت نەک لە مادەی ڕیسایکل کراو، دەتوانێت ساڵانە 25 بۆ 35 ملیار دۆلار بەدەستبهێنرێت ئەگەر بۆ هەر تەنێك باجی  60 بۆ 90 دۆلاری لەسەر دابنرێت.

 باجدان لەسەر ئەو کەسانەی کە زۆرجار گەشت دەکەن و بلیتی سەفەری  بزنس کڵاس دەکڕن  دەتوانێت ساڵانە تا 164 ملیار دۆلار داهات بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەپێی ئەو پلانەی کە دیزاینی بۆ دەکرێت.

پێشبینی دەکرێت دەردانی گازی ژەهراوی لە دووەم گەورەترین پیسکەری کە ئەمریکایە، کەمێک کەم ببێتەوە، خەڵوز بەردەوام دەبێت لە دابەزین بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 120 ساڵدا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی سووتانی غازەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. ڕێژەی دەردانی گازی خەڵوز لە یەکێتی ئەوروپادا هێندەی تر خێراتر دادەبەزێت و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 3.8%. بەڵام سووتانی خەڵوز لە هیندستان لە زیادبووندایە بەهۆی گەشەسەندنی بەهێزی ئابوورییەکەیەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بە ڕێژەی 4.6%..

توێژینەوەکانی گروپی فشاری ئۆیل گۆڕان ئینتەرناشناڵ کە 12ی مانگ بڵاوکرایەوە، دەریدەخات وڵاتانی دەوڵەمەند دەتوانن لە ساڵێکدا پێنج ملیار دۆلار لە تێکەڵەیەک لە سامان و باجی کۆمپانیاکان و خەفەکردنی سووتەمەنی بەردینی بەدەستبهێنن.   توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێوشوێنە سادەکان دەتوانن پێنج هێندە زیاتر پارە کۆبکەنەوە لەوەی وڵاتانی هەژار داوای دەکەن.

باجی سەروەت و سامان لەسەر ملیاردێرەکان دەتوانێت 483 ملیار دۆلار لە جیهاندا بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا باجی مامەڵەی دارایی دەتوانێت 327 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە. باج لەسەر فرۆشتنی تەکنەلۆژیای گەورە و چەک و هەندێك کەرەسەی زۆر ناپێویستی دیکە 112 ملیار دۆلاری دیکە دەهێنێت و دابەشکردنەوەی 20%ی خەرجییە سەربازییە گشتیەکان بەهای 454 ملیار دۆلار دەبێت ئەگەر لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکرێت.

وەستاندنی یارمەتییەکانی سووتەمەنی بەردینی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی 270 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی لە جیهانی دەوڵەمەنددا، و نزیکەی 846 ملیار دۆلار لە ئاستی جیهانییدا. باج لەسەر دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی لە جیهانی دەوڵەمەنددا بەهای 160 ملیار دۆلار دەبێت، لە ئاستی جیهانیشدا 618 ملیار دۆلار دەبێت.

ئەمانە و زۆری دیکە دەکرێت ببنە بریاری کۆنفرانسی ئەمساڵ ، کۆنفراسنی 29 و بەشێکی زۆریشیان جێبەجێ بکرێت .  ئەم کۆبوونەوەیە بڕیارە ڕۆژی هەینی، 22ی مانگ تەواو بێت بەڵام زۆربەی وەخت درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژانی شەمە و بەیانی یەکشەمەش. بەشداربووان بەتەمان لەم دوو هەفتەیەدا واتە لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەوە تا کۆتایی دانوستانەکان سەبارەت بە دارایی کەش وهەوا کۆتایی پێبێت. بەڵام  زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان ( گەشەنەکردوی ئابوورییەوە) بێزارن، پێیانوابوو پێشکەوتنێک بە ئەنجام نەگەیشتووە.

 وڵاتە هەژارەکان دەیانەوێت لانیکەم یەک ملیار دۆلار لە ساڵێکدا یارمەتیان پێبدرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوای توند. کێشەکە ئەوەیە کە  وڵاتانی دەوڵەمەند هێشتا ژمارەیەکیان دانەناوە بۆ ئەو یارمەتییە، دوای ئەوەش پلانی دابەشکردنی ئەو پارەیە نەکراوە.

لەم بارەشەوە توێژینەوەیەك کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئابووریناسانی پێشەنگەوە ئەنجامدرا، پێشنیاری ئەوە دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت نزیکەی 500 ملیار دۆلار لە کەرتی تایبەتەوە بێت، نزیکەی 250 ملیار دۆلاریش لە بانکەکانی  گەشەپێدان و فرەلایەنەکانی وەک بانکی نێودەوڵەتییەوە بێت. ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە دابینکردنی ڕاستەوخۆی یارمەتی و قەرز لە وڵاتانی پێشکەوتووەوە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو پێویستی بە دوو هێندە زیاتر هەیە  لە کاتێکدا ئەمڕۆ نزیکەی 40 ملیار دۆلارە. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە هێشتا وڵاتانی زۆر دەوڵەمەند و داهاتی بەرزتر لەسەر ئەوە ڕازی نەبوون.

Zaherbaher.com

جەنگ و ئامرازەکانی دیکە هۆکاری گەشەی سیستەمەکەیە و ڕاگرتنێتی 

Zaher Baher

19/11/2024

بەرای من چەند هۆیەکی سەرەکی لە گەشەکردنی ئەم سیستەمە و هەرەسنەهێنانی ڕۆڵی خۆیان دەبنینن ،لانی کەم لە ئێستادا، کە توانیوێتی  سەرمەیاداریی لە قەیرانی گشتی بپارێزێت، بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکیی لاواز و لاوازتر بکات .

هەندێك لەو هۆکارە سەرەکییانە:

 یەك: سەرمایەداری بە هەر هۆکارێك هەیە توانای دروستکردنی فۆرمی جیاواز لە جەنگ و سەپاندنی بەسەرماندا هەیە ، لەوانە جەنگی نێوانی دەوڵەتەکان ، جەنگە ناوخۆییەکانی وەکو جەنگی دینی و مەزهەبی و قەومی .

دوو: لە وڵاتانی گەشەکردوی ئابووریدا وەکو ئەمەریکاو و بریتانیا و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی ئەوروپی ، سەرمایەداری توانیوێتی کە مێشكیشمان داگیر بکات بەوەی کە ئەمە کۆتایی مێژووە واتە ئەو کۆمەڵەی کە تێیدا دەژین دواکۆمەڵی مرۆڤایەتییە ، توانیوێتی بە چەند چەمك چەند وشەیەکی کەمی وەکو : کاری خۆت مەیسەر بێت هەقی کەسی دیکەت نەبێت ،…. هەر هەوڵێك بدەیت گۆڕانکاری ناکرێت ، ….. سیستەمەکە زۆر بەهێزە و هیچی لەگەلدا ناکرێت ، …… ئەڵتەرناتیڤی دروستی ئەم سیستەمە وەهم و خەیاڵە … و چەندەها چەمکی دیکەی لە ناخماندا ڕواندوە و چەسپاندووە.

سێ: گشتگیریبوونی سیستەمەکە : سەرمایەداری لە قۆناخی گەشەی گشتگیریکردنی دونیادایە کە پێی دەلێن : جیهانگیریی ، عەولەمە ، گڵۆبەڵایزکردنی سیستەم .  جیهانگیری سیستەمەکە کە لە کۆتایی هەفتاو سەرەتای هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوودا هەنگاوی گەورە گەورەی لە بواری ئابووری و پەروەردە و ڕۆشبیری و تەکنەلۆجیا و پەرەدان بە کولتوری بازاڕ و خوودی ” بازاری ئازاد” ناو، بە کردەیی بزوتنەوەی کرێکارانی لاوازکرد ، هەر ئەوەشە کە لە ئێستادا نقابەکانی کرێکاران لە ئەمەریکا و لە بریتانیا نیوەی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو ئەندامی نقابەن .  هەر بۆ نموونە لە ئەمەریکا لە 10 کرێکار تەنها یەك کرێکار ئەندامی نقابەیە ، لە بریتانیا بزوتنەوەی نقابەیی و خودی نقابە لەنێو کەرتە تایبەتییەکاندا لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین زۆر لاواز لە خراپترینیشیا دەکرێت بڵێین نقابە و بزوتنەوەی نقابیی ونە.  لە نزیکەی 35 ملیۆن کرێکار لە بریتانیادا تەنها لە نێوانی 5 بۆ 5.5 ملیۆن ئەندامی نقابە هەیە.

پرۆتێستی کێڵگەوانەکانی بریتانیا دژ بە بڕیارێکی حکومەت

19/11/2024

کێڵگەوانەکان دوای ئەوەی کە ڕۆژی شەمە، 16ی مانگ پرۆتێستیان دژ بە کۆنفرانسی لقی پارتی کرێکارانی حوکمڕان لە دەڤەری وێڵز کرد،  ئەمڕۆش، سێشەمە، 19 ی مانگ، بە خۆیان و تراکتۆرەکانیانەوە ڕژانە ناو لەندەن.  میدیای بریتانی ژمارەیانی بە 10 هەزار کەس خەمڵاند.

 کێڵگەوانەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو خاڵە دەکەن کە لە بوجە نوێکەی  وەزیری دارایی برییتانیادا هاتووە  بو ساڵانی ئایندە کە  هەڵوەشاندنەوەی ” یارمەتیدانی موڵك و ماڵی کشتوکاڵی”  کێڵگەوانەکانە  کە لە 6ی مانگی نیسانی 2026 وە لە سەدا سەدی ئەو هاوکاریکردنەیان دەبڕێت و گومرگیان دەکەوێتە سەر لە فرۆشتنی یاخود گواستنەوەی بزنسەکەیان بۆ میراتگرەوکانیان.

لە بریتانیادا 209 هەزار کێڵگە هەیە کە بەهای هەر یەکەیان یەك ملیۆن پاوەندە .  کێڵگەوانەکانی بریتانیا لە سەدا 60ی پێداویستی خۆراك لە گۆشت و شیرەمەنی و دەغڵ و دان و و میوە و پێداوییستی دیکەی  بریتانیا دابین دەکەن کە پێشتر لە سەدا 80 بووە .  ئەم کێڵگەوانانە لە ساڵی 1992 دا بە یاسایەکی دەوڵەت لە باجی زەوی و موڵکیەتیان کە بۆیان دەمێنێتەوە بەخشران ، لەبەر سەختی ئیشەکەیان و زیاتریش بزنسی خێزانی بوو هەروەها دەبێت  بەردەوامبن لە دابینکردنی بەروبوومیاندا بۆ بریتانیا، لەبەر ئەوە چی تر باجیان نەدەداو هاوکارییان وەردەگرت.

لە بوجەی تازەدا کە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا خرایە ڕوو و حکومەت پێویستی بە پارە هەیە . دەڵێت سالانە 200 ملیۆن پاوەند بۆ بوجەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە کە ئەو پارەیە دەکرێت لە کەرتی تەندروستیی نیشتمانییدا خەرج بکرێت، لەبەر ئەوە  ئەو هاوکارییەی هەڵوەشاندەوە .  ئەمە جگە لەوەی کە حکومەت پێویستی بە پارەیە دەڵێت یاسا تازەکەش تەنها لە سەدا 30 کێڵگەوانەکان دەگرێتەوە و کە بە ژمارە دەکەنە 500 کێڵگەوان،  دوای ئەوەش کە هاوژینەکانیشیان دەمرن ئەوە گومرگە نوێیەکە نایانگرێتەوە. هەروەها حکومەت دەلێت ئەو تەکسە / گومرگە کە کێڵگەوانەکان دەیدەن ، لە ماوەی 10 ساڵدا دەیدەن بێ ئەوی سووی بچێتە سەر.   هەرچیش نقابەی کێڵگەوانەکان هەیە دەڵێن ئەو داتایە هەڵەیە و لە سەدا 40 کێڵگەوانەکان دەگرێتەوە و یاسای نوێ بارودۆخی ژیانیان خراپتر دەکات چونکە ئەمان لە ئێستادا پارەیەکی زۆر کەم قازانج دەکەن .  نقابە دەڵێت بۆ نموونە  قازانجی ئەمان تەنها یەك پێنسە لە فرۆشتنی زەرفێك ناندا و فرۆشتنی پاکەتێك پەنیردا.

گرفتێکی دیکە هەیە لێرەدا، زۆرێك پێیان وایە کە ئەم باجە/ گومرگە 350 کۆشکی ئۆرۆستۆکراتییەکان کە لە بریتانیا هەیە ناگرێتەوە ، هەرەها دەڵێن جێگرەوەی ئەم بڕیارە  دەکرێت  وەکو فەرەنسا بن.  فەرەنسا تاکە وڵاتێکی ئەوروپییە کە تا ئێستاش بەشی خۆی بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنیت و پێویستی بەهاوردەی دەرەوە نیە .  حکومەت لە فەرەنسا هاوکارییەکی زۆر باشی کێڵگەوانەکان دەکات بەو مەرجەی کە بیسەلمێنن کە خۆیان لە کێڵگەکاندا کار دەکەن .

جۆرجیا مێلۆنی ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتەوە دەربارەی کێشەی پەنابەران

16/11/2024

پرسی پەنابەر لە ئیتالیا خاڵی سەرەکی مانیفێستەکەی سەرەکوەزیرانی ئیتالیا جۆرجیا میلۆنی بوو کە گوایە دەتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە .  چارەسەرەکەی ئەو ڕێکەوتنێك بوو لەگەڵ حکومەتی ئەلبانیا تاکو پەنابەران کە ڕوودەکەنە ئیتالیا بییاننێرن بۆ ئەلبانیا بۆ ئەمەش واژۆی پەیمانەکەی نێوانی خۆی و حکومەتی ئەلبانی کردووە بە هاوپشتی و ئاگەداریی سەرۆکی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرشێلا ڤۆن دێر لیین (Ursula von der Leyen ) بە بڕی پارەی یەك بلیۆن یورۆ لە 5 ساڵدا  بۆ ناردنی 3000 کەس بۆ ئەوێ و دواتر بنێرێنەوە بۆ وڵاتانی وەکو  بەنگلادش و میسر گوایە لەوێ ئاسایش هەیە

لەگەڵ کردنی ئەم مامەڵەیەشدا تەنها توانییان 24 پەنابەر بنێررێت بۆ ئەلبانیا.  لەو 24 کەسە 5 کەسیان کەمتر لە 12 سەعات لەوێ ماونەتەوە و ڕزگاریان بووە و ئەوانی تریان دوای 48 سەعات سەرنگون بوون .

هەر ئەمە گرفتەکەی ئەم دوو ژنە نەبوو بەڵکو لە 4ی ئۆکتۆبەردا دادگەی باڵای ئەوروپی  ناردنی هەر پەنابەرێكی بۆ ئەلبانیا بە نایاسایی دانا و وتی  : ئەو وڵاتانە ناتوانن ئاسایشیان تێدا بەرقەرار بێت ئەگەر هەموو ناوچەکە ئاسایشی نەبێت .

یەكێك لە پارتە موعارەزەکان دەڵێت ئەوان زوو ئاگەداری ئەو مەترسییەیان کردوونەتەوە و خۆشیان بە ئاگا بوون لێی .  هەر وەها دەڵێ ئەو زەرەرە گەورەیە دەکرا 4.5 ملیۆن نەخۆشی پێ چارەسەر بکرایە کە ساڵێك دەبێت چاوەڕوان بکەن بۆ چارەسەر.