چ ویژدانێکە؟ چ شەرمەزارییەکە؟!!

زاهیر باهیر

24/02/2023

چ ویژدانێکە ، چ مرۆڤایەتییەکە کە ساڵێکی دوور و درێژە هاووڵاتیانی ئۆکرانیا ڕووبەرووی کوشتارکاری و وێرانکاریەکی زۆر گەوەرە بوونەتەوە لە بەردەمی ئەم شەرە نەگریسەی نێوانی فاشییەتی ناتۆ و فاشییەتی پوتین لە  ڕوسیادا.  لەم ساڵەدا 13  ملیۆن خەڵکی هەژار و داماوی ئۆکرانیا لە وڵاتاندا بوونەتە پەنابەر و 8 ملیۆن کەسیش سەرگەردان و ئاوارە و  هەڵکەنراون لە شوێنی خۆیان و 21 ملیۆنی دیکە پێویستیان بە هاوکاری دارایی و پێداویستی ڕۆژانە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان،  هاوکاتیش زیاتر لە 100 هەزار سەرباز و خەڵکی مەدەنی لەم جەنگە خوێناوییەدا کوژراون و دەیەها هەزاری دیکە کەمئەندام و بریندار بوون.

چ شەرمازارییەکە کە مرۆڤایەتی تێیدا چەقیوە و توانای وەستانی شەڕێکی ئاوای نییە کە لە کاتێکدا بە ملیار لە خەلكانی هەژا و چەوساوە لە دوسنیادا بە جۆرێك لە جۆرەکان باجەکەی دەدەن هەر بە گرانبوونی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە، بەرزبوونەوەی پارەی غاز و نەوت و بەنزین و دیزڵ و تا دەگاتە پیسکردن و تێکدان و وێرانکردنی ژینگەش .

لەتەك ئەم هەموو نەهامەتییەدا کەچی هێشتا ئەمەریکا و ناتۆ و ئەوروپا لەبری سەرفکردنی تاکە سەعاتێك لەسەر قسەوباسی وەستانی شەڕ، قسە و گفتوگۆی  جددیان لەسەر زیاتر هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا و سوپاکەیەتی .

 لە ئێستادا دەوڵەتی چین دەستپێشخەرییەکی 12 خاڵی کردووە بۆ سەرەتایەك لە وەستانی شەڕەکەدا، گەرچی خاڵە سەرەکییەکان ئاشکرا نییە بەڵام خودی چین لە هەڵوێستیدا ڕوونە کە : یەك:  سەرزەنشت و سەرەکۆنەی ڕوسیا ناکات وەکو ئەوانی دیکە لەم شەڕەدا. دووش: داوا لە ڕوسیا ناکات کە لە ئۆکرانیا بکشێتەوە. هەرجی ولاتانی دیکە هەیە جگە لە بەرازیل و هیندستان و ئەرفریقای باشوور و ئیسرائیل کە کارایی گەورەیان دەبێت لە وتووێژ و دانوستاندنا ، یا نقەیان لە خۆیان بریوە یاخو گوێڕایەڵی ئەمەریکا و ناتۆ ئەوروپان.

لەبەرانبەر ئەو دەستپێشخەرییەی چین-دا ، ئۆکرانیا بە حەزەرەوە تێیدەڕوانێت بەڵام یەکسەر ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ، ڕەتکردنەوەی ئەمەریکاش یانی ڕەتکردنەوەی لە لایەن ناتۆ و هەموو ئەوروپاوە.

ئەم شەڕە لە مانگی نیسانی پارەکەدا 2022، دەکرا ڕاوەستێنرایە کە هێشتا داگیرکردن و کوشتارگەل و وێرانکارییەکان زۆر لە سەرەتادا بوون و ژێنسکی ئامادەی وتووێژ بوو بەڵام هەر زوو لام وایە لە 27/04ی ئەو ساڵەدا یا زووتر، بە پەلە بۆریس جۆنسۆنی ئەوکاتەی سەرەك وەزیرانی بریتانیا خۆی گەیاندە ئۆکرانیا و بە ژێنسکی وت :  گەر ئامادەی وتووێژ بێت ئەوە بریتانیا و ناتۆ و  ئەوروپا پشتیتێدەکەن و چی تر هاوکاری ناکەن .

ژنان لە بریتانیادا ساڵانە 54 ڕۆژ بە بەلاش کار دەکەن

زاهیر باهیر

24/02/2023

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی مەرکەزی بریتانی کەلێنی نێوانی موچەی ژنان و پیاوان بە ڕێژەی لە سەدا 15یە بۆ ژنانی منداڵدار.

هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی نقابەی مەرکەزی بڕی موچەی ساڵانەی ژنان 29,684 پاوەندە، لە کاتێکدا بڕی موچەی پیاوان 35,260 پاوەند لە ساڵێکدا. بەم شێوەیە ئەوە دەردەکەوێ کە ساڵانە معەدەلی کارکردنی بەلاشی ژنان 54 ڕۆژە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ ژنانی کرێکار شایەنی مووچەی یەکسانن،  بەڵام بە ڕێژەی ئێستای پێشکەوتن، زیاتر لە 20 ساڵ دەخایەنێت بۆ نەهێشتنی جیاوازی مووچەی جێندەری” سکرتێری گشتی TUC وتیئەوە تەنها بەس نییە.  ئێمە ناتوانین نەوەیەکی دیکەی ژنان ڕادەست بکەین بۆ ئەوەی پارەی نایەکسانی بدەن.”

شیکاری ژمارەکانی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی دەرکەوتووە کە دابەشبوونی جێندەری لەسەر مووچە فراوانترینە بۆ ژنانی بەساڵاچوو جیاوازە.  ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 59 ساڵدایە، تووشی جیاوازی مووچەی 20.8% بوون – کە هاوتایە لەگەڵ کارکردنی 76 ڕۆژ لە ساڵێکدا بە خۆڕایی – لە کاتێکدا ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوە بوو، جیاوازی مووچەی ڕەگەزییان هەبوو کە 18.4% بوو.

توێژینەوەکانی نقابەی مەرکەزی گۆڕانکارییەکی گەورەی لە جیاوازی مووچەی جێندەریدا لە سەرانسەری پیشەسازی و ناوچە جیاوازەکاندا دەرخست.  ئەو ژنانەی کە لە بواری دارایی و بیمەدا کاردەکەن، تووشی جیاوازی مووچەی 31.2% دەبن – کە هاوتایە لەگەڵ 114 ڕۆژ، واتە بە شێوەیەکی کاریگەر نزیکەی یەک لەسەر سێی ساڵ بە خۆڕایی کاردەکەن. 

لە بواری پەروەردەدا جیاوازی مووچەی ڕەگەزیی 22.2%، لە چاودێری تەندروستی و کاری کۆمەڵایەتیدا 14% جیاوازی مووچەی جێندەر بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی حکومەت، لە ساڵی2017 ەوە، داوا لە هەموو ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە زیاتر لە 250 کەس دادەمەزرێنن، ئاماری جیاوازی مووچە بڵاوبکەنەوە.

جۆلی برێرلی، دامەزرێنەری گروپی کەمپەینی یەکسانی موچە دەڵێت: ئەمە سزای دایکایەتییە، ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی منداڵبوون دەبنەوە، چونکە کاتێک منداڵیان دەبێت وەک سەرقاڵ و پابەندنەبوون بە کارەکانیان سەیر دەکرێن، لەکاتێکدا پیاوان لەڕاستیدا دوای منداڵبوون مووچەی زیاتر وەردەگرن”.

ئایا لە سایەی سیستمی سەرمایەداری کارەساتەکان سروشتیین؟

خوێندنەوەی بە کورمانجی-لاتینی

لەپەیوەند بە بوومەلەرزە بەناوبانگەکەی لیشبۆن (Lisbon )ی سالی 1755, کە هەموو خواروی ئەوروپای رۆژئاواو باکوری ئەفریقای گرتەوە و بە هەزاران کەسی بەمەرگ سپارد، لەنامەیەکدا (ڕۆسۆ  بۆ ڤۆلتێر)دەنووسێت:

” دەبێت دان بەوەدا بنێیت کە ئەوە سروشت نییە  دوو هەزار خانووی شەش یان حەوت نهۆمی لەو شوێنەدا کۆ کردۆتەوە، بەڵکو ئەگەر دانیشتوانی ئەو شارە گەورەیە لەجیاتی ئەو بینا بەرز و چەند نهۆمییانەبە شێوەیەکی ئاسۆیی و سادە و لێکجودا نیشتەجێبوونایە ئەوا زیانەکان زۆر کەمتر دەبوو، وە ڕەنگە هیچ زیانێکیش رووی نەدایە”

بەراورد بە زیانەکانی ئەم بوومەلەرزەیەی کە لە تورکیا و سوریا ڕویدا، بومەلەرزە بەهێزەکانی یابان زیانی گیانیی زۆر زۆر کەمی بەدواوە بووە، تەنانەت زیانە مادییەکانیشی زۆر زۆر کەمتربووە بەجۆرێک هەم زیانی مرۆیی و هەم زیانی مادیش قابیلی بەراوردکردن بە بوومەلەرزەکانی ناوچەی ئێمە نین. وەک بینیمان شارۆچکەی {ئیرزین}یش لەتورکیا کە نێزیک لە چەقی بوومەلەرزەکەیە هیچ زیانی بەرنەکەوتووە و بووشە بە پەناگەی 20000 لێقەوماوی ناوچەکانیتری کارەساتەکە. وەك سەرۆکی شارەوانی و بەلێندەری بیناسازی دەلێن ئەمەش بەهۆکاری ڕەچاو کردنی شێوازی دروستکردنی باڵەخانەی نزم و تۆکمە و دەرنەچوون لە ستانداردی بیناسازیی خۆڕاگر بەرانبەر بوومەلەرزە. لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە

لەسایەی سیستەمی چینایەتی-دا  کاولکاری و زیانەکان  تەنها حوکمی کارەساتە سرووشتییەکە نییە بەسەر قوربانیان و چینی چەوساوە و چین و توێژە پەراوێزخراوەکاندا، بەڵکو کەمتەرخەمییە لە جۆری [کوالێتی] بیناسازی و ڕەچاونەکردنی ستانداردی دژ بە بوومەلەرزە، لە پێناو قازانجی زیاتردا!

هەروەها بە لێکۆڵینەوەی  زانستی و سەلمێندراو پشتڕاست کراوەتەوە کە بەشێك لە ڕوداوە سروشتیەکانی وەک لافاو و زریان وشکەساڵی و پیسبوونی ژینگە کە ساڵانە بە هەزاران مرۆڤ تووشی نەخۆشی کوشندە دەکات دەرئەنجامی هەڵپە و چاوچنۆکیی سەرمایەدارن و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیانە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا کە خودی سیستم لەبری لەبەرچاوگرتنی ژیان و تەندروستیی خەڵک و هەسارەکە، قازانجی کردوەتە قیبلەی خۆی و بەشی هەرە زۆری قوربانیەکانیش چینە چەوساوە و هەژار و پەراوێزخراوەکانن!

هەموو ئەو قوربانیانەش جارێکی دیکە دەبنەوە ئامانجی قازانجپەرستی کۆمپانی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتمەندان.

لە جیهاندا 10 وڵات لە هەمو وڵاتانی دیکە زیاتر بوومەلەرزە تێیاندا ڕوودەدات ئەوانەش: یابان، تورکیا، ئێران، پێرۆ، ئەمەریکا ، ئیتالیا، فلیپین، مەکسیکۆ، 

چین و ئەندەنوسیان. هۆکار بۆ ڕوودانی بوومەلەرزە زۆرن، بەڵام هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بریتین لە لەسەریەکی و خزان و بەریەكکەوتنی پلێتەکان، جووڵەی ماگما لە گڕکانەکاندا، گۆڕانی پلەی گەرمی یان پەستانی ئاو و بای بەهێز.

بەداخەوە ئەوەی کە لە زیهنی زۆرینەدا جێگیر بووە، بینینی تەنها دیوێکی کارەساتەکانە کە گێڕانەوەیانە بۆ کاری خودا یا غەزەبی خودا یا سروشتی بوونی کارەسات و بە ئاسایی بینینی زیان و قوربانیەکان!

گەر بە مێژوی وڵاتاندا  بچینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەپێش گەشەی پیشەسازی و فراوانبوونی کۆمپانیا و فابریقە بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەکان و چالاکییە چاوچنۆکییەکانیان، ڕوودانی هەندێك لەم کارەساتە سروشتییانە زۆر کەمتر بووە بەڵام بە بەرەوپێشچوونی سیستەمی سەرمایەداری و داگیرکاریی جیهانییانەی سەرمایە، ڕوودانی ئەم کارەساتانە بوونەتە میوانی وەرزییانە و ساڵانە.

ئەوەی ڕوون و بەرچاوە لە سایەی سیستەمی چاوچنۆکی سەرمایەداریدا کارەساتە سروشتییەکانیش بەرگ و ناوەرۆکێکی چینایەتییان وەرگرتووە. لە هەر کاتێکدا کە ڕووداوێکی سروشتی ڕوودەدات بەشی هەر زۆرینەی قوربانییەکان لە خەڵکانی هەژار و نەدار و چین وتوێژە پەراوێزخراوەکانن، ئەمەش بەهۆی چڕیی ژمارەی دانیشتوان لە جوگرافیایەکی بچووکدا و لە باڵەخانەی بەرزدا و هەروەها پەڕپووتی و نزمیی کوالێتیی بیناسازیی بیناکانن کە بنەمای ستانداردی ئەندازیاریی پاراستن لە لافاو و بوومەلەرزە و تەڕوتووشی و دیاردەکانی دیکە لە نەخشەو پلانی دروستکردنی بیناکاندا ڕەچاو نەکراون. 

گەر تەماشای ئەم بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریا بکەین ئەو ڕاستییەی سەرەوەمان بۆ دەسەلمێ کە قوربانییەکان زیاتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی هەژارەکاندا بوو ، لەو شوێنانەدا بووە کە خانووەکان و باڵەخانەی گەورە و بەرز کە قازانج پەرستی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتداران لە پێناوی قازانجدا هیچ گرنگیەکان بە توکمە بنیاتنان و خۆڕاگری  بەرانبەر ئەو ڕوداوە سروشتیە چاوەڕوانکراوانە لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەبەرچاو نەگیراوە.

بینیمان چۆن تازەترین باڵەخانەکان کە بەشێکیان لەکەمپینی دەنگ کۆکردنەوەی هەڵبژاردندا دراونەتە خەڵك لە باڵەخانە کۆنەکان خراپتر وێران بوون بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەمە ڕێك وەك دان ڕۆکردن بۆ باڵندە و تەپکەنانەوە بۆ گرتن و پاشان کوشتنیان بووە. بەداخەوە بۆ خۆشباوەڕیی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش کە بە کڕینی دەنگیەکانیان بۆ ئەردۆگان و حیزبەکەی، بینا بێکوالێتییەکانی کە بۆیان دروستکرا بوونە گۆڕستانی بەکۆمەڵ بۆیان.

  سەدان بەڵگە و لێدوانی ڕۆشن لەمیدیای کۆمەڵایەتی و تەنانەت میدیای تورکیدا دەبینین لەسەر گەندەڵی دەسەڵاتداران کە لە تۆڕێکی بەیەکەوەگرێدراودا تا ڕادەی ئەو پەڕی و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو کاربەدەستە بچووکەکان و بەڵێندەرەکان و کۆمپانییەکانی خانووبەرە دروستکردن. بۆیە لە دروستکردنی خانووەکاندا ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و مەرجەکانی سەلامەتی ژیانی نیشتەجێبووان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەی بناغەییترین ئامانج بووە!

 لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر بۆ خۆپاراستن  و دانانی مەرج و کوالێتی بیناسازی بۆ بەڵێندەران بەڵام بەداخەوە دەبینین ژمارەی قوربانییەکانی ڕووداوی بوومەلەرزە جار لەدوای جار سەردەکەون. بۆ نموونە لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999دا قوربانییەکان لە سەرو 17000 کەسەوە بوون، کەچی لەمەی ئەمساڵدا تا ئەم بەیانییە زیاتر لە 40000 بوون . ئامارە تازەکان پێمان دەڵێن کە ژمارەی قوربانییەکان دەچێتە سەرو 45000 کەسەوە. ئەمە جگە لەوەیی کە زیاتر لە 150000 بریندار و هەزاران خێزان بێ ماڵ و حاڵ و بوون.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانەی کە تائێستا ئاشکرا بوون هەموو ئەو هۆشیاریپێدان و ئاگادارکردنەوە پێشوەختانەی ڕوودانی بوومەلەرزە لە لەلایەن پسپۆڕان و زانایانی بواری جیۆلۆجی و کەشوهەوا و سروشتناسیەوە بە دەوڵەتی تورکیا و کاربەدەستە باڵاکان فەرامۆش کراون. لە کاتێکدا کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەو بارەوە ئاگاداری دراوە و چاوەڕوانی خراپتریش کراوە، زانا و شارەزایەك  بە ڤیدیۆ ئاگاداری و زانیاری سەبارەت بە ڕودانی کارەساتێکی ئاوا  خستوەتە ڕوو بەڵام  ڕژێمی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بە ئاقاری پاراستنی ژیانی خەڵک نەناوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی کە لە سەرەەوە باسمان کرد، حکومەتی تورکیا و سوریا بەرپرسیارن لە مردنی ئەم هەموو خەڵکە و سەدەها هەزار لە برینداران و ملیۆنانیتر کە سەرگەردان و ماڵوێران بوون.

 بە گوێرەی زانیارییەکان، هەندێك لە خەڵکی ناوچەکانی شوێنە هەژارەکان و دوورەدەستەکان لە ڕۆژی سێهەمدا 

ئینجا هاوکاری و  تیمەکانی فریاکەوتن و خزمەگوزاریی گەیشتونەتە لایان، ئەمەش بە لەدەستدانی کاتی زێڕین دادەنرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەو نیوە گیانانەی ژێر دار و پەردووی باڵەخانەو ماڵەکاندا بوون. بێگوومان کەسێک گەر ساغیش بێت بەڵام ماوەی دوو هەفتە بەبێ خۆراك و خواردنەوە و جووڵە لە بۆشایەکی داخراو و بێ ئۆکسجیندا گیربخوات دیارە بەشی هەر مردن دەبێت.

لە هەموو شتێک ناخۆشتر پشتگوێخستنی قوربانییەکانی ژێر دار و پەردووی بوومەلەرزەکەی سوریایە. دەبینین لە میدیاکاندا هەتا ئەم ڕۆژانەی دواییش سەرانی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا زیاتر هەر باسی تورکیایان دەکرد و لە هاوخەمیی تورکیادا بوون نەك سوریا هەر وەکو ئەوەی کە هیچ لە سوریا ڕووی نەدابێت.

شاری داگیرکراوی عەفرین کە ڕژێمی تورکیا لەسالی 2018 دا دوای 58 ڕۆژ لە باراندنی ئاگر و ئاسن بەسەریاندا داگیری کرد، ئێستا دەروازەکانی ئەو شارە لەلایەن سەربازەکانی تورکیاوە بە ڕوی خۆبەخشان و کۆمەککاراندا داخراوە.

ئێمە ناڕەحەتی و هاوخەمی و پەژارەی خۆمان بۆ خێزانانی قوربانییەکان دەردەبڕین، هاوکاتیش  سەرباری سروشتیبوونی کارەساتەکە. بەڵام مەرگ و بریندار بوون و  سەرگەردان بوونی دانە بەدانەی قوربانیەکان وەك تاوانی کۆمەڵکوژی ئامانجدار دەخەینە ئەستۆی ئەم سیستمە هار و دڕەندە چینایەتیەی سەرمایە و خودی دەسەڵاتدارانی تورکیا و سوریا و کۆمپانیا قازانج خۆر و خوێنخوارەکانیان. ئێمە ئەم کەمتەرخەمی و بێباکییەی دەوڵەت و کاربەدەستە چاوچنۆکەکان بەر لە ڕوودانی بوومەلەرزەکە و کەمتەرخەمیشیان بۆ ڕزگارکردنی قوربانیانی ژێر بینا ڕووخاوەکان هاوشێوەی جەنگە ڕاستەوخۆکانیان دەبینین و بە بەشێك لەو جەنگە چینایەتیەی دەزانین کە سیستمی سەرمایە لەسەرتای بوونیەوە تا هەنووکە لەبەرامبەر ملیارەها لە کرێکار و چین و توێژە چەوساوەکاندا بەڕێوەیبردوە و بەڕێوەیدەبات.

سەکۆی ئەنارکستانی کورد-زمان

٢٠٢٣/٠٢/١٨

   

دوای ساڵێك لە جەنگەکەی ناتۆ و ئۆکرانیا چی دەبینم و چی پێشنبینی دەکەم

زاهیر باهیر

21/02/2023

+ هێڕشەکەی ڕوسیا و داگیرکردنی بەشێکی ئۆکرانیا بێ کلکەقونێی ئەمریکا و بریتانیاو ناتۆ نەبوو وەکو چۆن میدیای وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا پێماندەلێن .  وتنی ئەمەش پاساودانی هێڕشی دڕندانەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نییە. من دژ بە شەرم نەك دژ بە لایەنێکیان دژ بەوی تریان.

+ شەڕەکە شەڕی نێوانی ئۆکرانیا و ڕوسیا نییە وەکو میدیای ئەم وڵاتانە پێماندەڵێن ، بەڵکو شەڕی ناتۆ و ڕوسیایە .  ئەم ڕاستییە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕووندەبێتەوە.

+ بوون بەئەندامی ناتۆ لە لایەن ئۆکرانیاوە من وای دەبینم هۆکاری تەواوی شەرەکە نەبوو بەڵکو گۆڕینی ڕژێم بوو لە ڕوسیا بەڵام هەنگاو بە هەنگاو لە دروستکردنی جەنگەکەدا.

+ ئەمەریکاو بریتانیا و ناتۆ بەم گەمە خۆیناوییەیان  دەیانویست کە هەموو حوکمداران بکەونە بەرەی ئەوان و هەر واشیان دەزانی کە ئاوا دەبێت ، بەڵام کاتێك کە گردبوونەوە  داوای هەڵوێست و سەرزەنشتی ڕوسیا کرا 34 وڵات لە کۆی ئەوانەی کە کۆبووبوونەوە جگە لە ئێران و سوریاش  یان دژ بەو بریارە و ناتۆ بوون یاخود بێ لایەن مانەوە. لەوانە تورکیا، ئیسرائیل، هیندستان ، سعودییە ، باشووری ئەفریقا ، چین و کۆریای باکور و بەمەش ئەمەریکا و بریتانیا و ناتۆ جارێکی تر حوکمڕانانیان دووبەشکردەوە .

+ تاکە یەك توێژینەوە و زانیاری لەسەر بارودۆخی ئابوریی ڕوسیا و سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوسیا لە لایەن ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە بەڕاست دەرنەچوو ، هەروەکو لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا و لیبیا زانیارییەکانیان ڕاست دەرنەچوو لە ئۆکرانیاش هەر ئاوا بوو . یاخود ڕەنگە بە ئەنقسەست ئەمەیان وتبێت تاکو ئۆکرانیا بۆ شەرەکە زیاتر هانبدرێت و پشتگیریی  لە لایەن ئەوەی کە پێی دەڵێن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتی بەدەستبهێنێت.

+ ناتۆ و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا وایان دەزانی کە جەنگ دەستی پێکرد پوتین یەکسەر دێتە ناوجەرگەی ئۆکرانیا و هەوڵی گرتنی کیڤ دەدات و ئیتر سوپاکەی حاتە دەدرێت و لەناو دەبرێن.  ئەمە جگە لەوەی کەوایان دانابوو کە بەشی زۆری سوپاکەی پوتین لە یاسا و فرمانەکانی  سەرکردەکانیان دەردەچن و یاخی دەبن و پەیوەندەی بە سوپای ئۆکرانیاوە دەکەن .  هاوکاتیش وایاندەزانی بە دەستپێکردنی شەر ناڕەزاییەکی ئاوا گەورە لە ڕوسیادا دروست دەبێت کە پوتین بەرگەی شەڕکردن لە کردنەوەی دووبەرەدا ناگرێت . نەیاندەزانی کە پوتین ئەوندە دیکتاتۆر و فاشییە مێش بجوڵێتەوە باڵی دەکات .

+ چەکی گەمارۆدان و بۆیکۆتکردنی ئابووریی : ئەمان وایان دەزانی بە کردنی ئەم تاکتیکە ئیتر ئابوری روسیا هەرەس دەهێنێت و پوتین ئامادەی سازش دەبێت ئەو کاتە ئەمان دەتوانن مەرج و بەندەکانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن.  بەڵام ئابڵوقەی ئابووری و کاردانەوەکەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، هاووڵاتیانیان زۆر زۆر زیاتر کەوت تاکو روسیا.  لە بریتانیادا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆ، 21/02 دەڵێت هەر یەكێكك لە سەروو 18 ساڵەوە لە بریتانیا بە هۆی جەنگەکەوە ساڵی 1000 پاوەند هەر زیادە نرخی کارەبا و غاز دەدات لە چاو ساڵی پێش جەنگەکە  .  ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی هەموو پێداویستیەکانی دیکەی ژیان.

بۆ زانیاری هاوەڵان لە دوێنێوە، 20/02 هەندێك لە سوپەرمارکێتەکان لە بریتانیا ڕەفەکانیان لە سەوزە و کەرەسەی نەباتی و میوە بەتاڵ بووە لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە بۆ ئەو بەرهەمانە متمانەی سەرەکی لەسەر ئیسپانیا و مەغریبە ، ئەوانیش بە تایبەت مەغریب بە هۆی کەش و هەوای خراپەوە بەرهەمەکانیان زۆر کەمی هێناوە و هەروەها بە هۆی تۆفان و زریانیشەوە پاپۆڕەکان و لۆری و شاحینەکان نەیانتوانیوە فریای گەیاندنی ئەو کەرەسانە بکەون ، بێ گومان جەنگی ناتۆ و ڕوسیاش کارایی خۆی هەر دەمێکە داناوە. 

هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆ کولفەی زێدە نرخی وزە لە سەر دەوڵەت بۆ هاوکاری دانیشتوانی لە 50 ملیار بۆ 60 ملیار پاوەند دەکەوێت کە ئەمە 10 ملیار پاوەند زیاترە لە ساڵی پارەکە ، 20200 . من لە مانگی ئازاری پارەکەد لە وتارێکی درێژدا پێشبینی ئەمەم کرد ئێستاش لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم هەر کەس تاقەتی هەبوو و  ویستی دەتوانێت بیخوێنێتەوە.

+ لە ئێستادا ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسە و پۆڵۆنیا ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ هاوکاری سەربازی و دارایی و هاوکاری هاووڵاتیانی ئۆکرانی کردویانە . ئەمەریکا بە سەدەها ملیار دۆلار هاوکاری کردووە . بریتانیا هەر لە بواری سەربازییدا 2.3 ملیار پاوەند هاوکاری ئۆکرانیای کردووە ئەمە هەر لە مانگی سێبتەمبەری پارەکەوە تاکو ئێستا.  لە کۆنفرانسی زەمانەت و ئەمنییەتدا کە لەم ڕۆژانەدا لە ئەڵمانیا گیرا بۆ هاوپشتی ئۆکرلانیا هەموو سەرانی شەڕخواز بڕیار و پەیمانی هاوکاری زیاتری ئۆکرانیان دا لەوە دەکات کە فڕۆکەی جێتی 16 ی جەنگیشی بۆ بنێرن .

+ جەنگی ناتۆ و ئۆکرانیا سەراپای چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و تەنانەت بڕێک لە ئەنارکستەکانی ئۆکرانیا و بەلەروس و ڕوسیاشی کردە دوو بەشەوە .  بەشێكیان شەڕخوازیی بە پاساوی بەرگری لە نیشتمانی داگیراو و گەلی زوڵملێکرا و بینینی ڕوسیا وەکو ئیمپریالیست ، بەشەکەی تریان دژ بە شەڕ ، دژ بەدەوڵەت و دەسەڵات ، دژ بەسیستەمی سەرمایەداریی .

+ مێژوو نیشانمان دەدات جەنگ لە هەر شوێنێك و هەر زەمەنێکدا ڕویدابێت هەر کۆتایی هاتووە هەمیشەش لایەکیان  سازشی بۆ لایەکەی تریان کردووە  و لایەکیان شتێکیان دۆڕاندووە و ئەوی دیکەیان شتێکی برۆدۆتەوە ، بەڵام دۆڕاوی سەرەکی خەڵکە هەژار و نەدارەکان بوون هەر وەکو لەم جەنگەی ئەمڕۆشدا دەیبینین . ئەوە جەنگی ئێران و و عێراق پێشتر جەنگی فۆکلەندی نێوان بریتایا و ئەرجەنتین ، جەنگی کەنداو و داگیرکردنی ئەم دواییەی عێراق ، 2003 ، زۆری تر ، ئەمەیان سەلماندوو.

+  ئەم جەنگەی نێوانی ناتۆ و ئۆکرانیاش هەرچەند بخایەنێت هەر دەبێت کۆتایی بێت لەوە ناکات نە پوتین بڕوخێ و نە ناتۆش دەستبەرداری هاوکاری و هاپشتی ئۆکرانیا بێت .  بۆیە ئەمەش لە خاڵێکدا کۆتایی هەر دەبێت بێت .  ئەوە سوپای ڕوسیایە کە تا ئێستا خاكی ئۆکرانیای داگیرکردووە و هاتۆتە ناوەوە.  ئەمە جگە لە داگیرکردنی دۆنباس و کرایمیا [ قەڕم ] پێشتر . بە گوێرەی ڕوداوەکان لە ئێستادا و جەنگەکە، ڕەنگە شەرەکە کۆتایی بێت بە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و گەڕاندنەوەی بەرەو جەنگی گەرم و بوونی ڕوسیا بە برابەشی گەورە وەکو جاران و لەسەر ڕووداوەجیهانییەکان دەبێت حساب و پرس و ڕای پێبکرێت دوای ئەوەش وەکو وتم گەر وا بڕوات پوتین بە ئاسانی ناچێتە دواوە تاکو ئەو کاتەی کە ئەمریکا و وبریتانیا و ناتۆ ئەم دوو مەرجەی ئەو قەبوڵ دەکەن: گەرەنتی نەکردنی ئۆکرانیا بە ئەندامی ناتۆ و بە فەرمی داننان بە کریمیا و دۆنباس کە بەشێكە لە ڕوسیا.  کەواتە ناتۆ ، ئەمریکا و بریتانیا بۆ ڕیش چوون و سمێڵیشیان نایە بانی ، هەرچیش ئۆکرانیای هەژاریشە تڕێک و دوو تۆپ جاو قەرزار بوو.  خەڵکی نەگبەتی ئۆکرانیا سەرگەردان و ماڵوێران و جەرگبراو بوون بەداخەوە لە پێناو و لە سای گەمەی خۆێناوی ناتۆ و فاشییەتی پوتین-دا.

http://www.zaherbaher.com/%D8%B3%D8%B2%D8%A7-%D9%88-%DA%AF%DB%95%D9%85%D8%A7%D8%B1%DB%86%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D8%A8%D9%88%D9%88%D8%B1%DB%8C%DB%8C-%D9%88-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%D8%A7%DB%8C%DB%8C%D8%A7

%D9%86-%D9%84%DB%95%D8%B3%DB%95-2

ژمارەی ئەو ماڵانەی کە متمانە دەکەنە سەر سێنتەرەکانی خۆراك بەخشینەوە لە بریتانیا لە هەڵکشاندایە

19/02/2023

ڕاپۆرتێکی نوێ نیشانی دەدات بە هۆی سەرکەوتنی نرخی پێداویستییەکانی ژیانەوە نەك هەر ئەوانەی کە کار ناکەن ناتوانن بە گوێرەی پیویست توانایان بەسەر کڕینی پیداویستییەکاندا بشکێت ، بەڵکو تەنانەت هەندێك لەوانەشی کە کاریان هەیە و کارەکانیششیان فول—تایمە بە بێ پاڵپشتی سێنتەری بەخشینەوەی خۆراکەوە برسی دەبن .

توێژینەوەیەکی نوێ لەلایەن تۆڕی سەربەخۆی یارمەتی خۆراک بە هاوکاری ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەرڕاپرسییەکیان کردووە، دەرکەوتووە کە نزیکەی 90%ی سێتەری بەخشینەوەی خۆراك لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 و مانگی یەکی 2023دا پێویستییان بە سێنتەرەکان بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە ساڵێک پێشتر.  نیوەی ئەو 85 ڕێکخراوەی کە 154 سێنتەری بەخشینەوەی خۆراك  بەڕێوەدەبەن و وەڵامیان داوەتەوە وتوویانە ئەگەر ژمارەی خەڵکانی کە یارمەتی وەردەگرن لەمی ئێستا زیاتر بەرزبێتەوە ئەوا یان دەبێت پشتگیرییەکان ببڕن یان دەست بە خەڵکەکەوە بنێن و هیچیان نەدەنێ.

دامەزراوەی تروسڵ تراست کە زیاتر لە 1300 سێنتەری بەخشینەوەی  خۆراکی هەیە گەورەترین دابینکەری ئەو خەڵکانەیە لە بەریتانیادا، پێشبینی دەکات ئەم زستانە سەرقاڵیترینی بووبێت، لە مانگی نۆڤەمبەردا هۆشداریدا لەوەی کە سێنتەرەکانی بەخشینەوەی خۆراک لە “خاڵی تێشکاندن”دان.  تەنها لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئەیلولدا 1.3 ملیۆن  پشک / بەشیی [پارسڵ] خۆراکی فریاگوزاری دابەشکردووە – کە یەک لەسەر سێ زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی 2021 و زیاتر لە 50% زیاترە لە پێش پەتاکەی کۆرۆنا.

ئەو ئامارانەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن فەرمانگەی ئاماری نیشتمانییەوە بڵاوکراونەتەوە، دەریانخستووە کە چۆن سەرەڕای کەمبوونەوەی فشارەکانی هەڵاوسانی دراو، قەیرانی تێچووی ژیان هێشتا لە ئارادایە.  کولفەی  خۆراک لە 16.7% و کولفەی غاز نزیکەی 130% زیاترە لە چاو ساڵێک لەمەوبەر.   فەرمانگەی بەرپرسیارێتی بودجە لە مانگی نۆڤەمبەردا پێشبینی کردبوو کە داهاتی خاوەن ماڵەکان بە ڕێژەی 4.3% لە ساڵی 2022-23 دابەزێت، کە گەورەترین دابەزینە لەوەتەی تۆمارە بەراوردکارییەکان لە ساڵی 1956 دەستیپێکردووە.

زۆرێک لەوانەی ڕوویان لە سێتەرەکانی  خۆراک کردووە، کرێکارانن ، مامۆسستایانن ، نێرسەکانن و ئەوانەشی  کە مانیان گرتووە.

ڕاپۆرتەکە ئەوەش دەردخات کە هێشتا  چالاکی مانگرتن  لەلایەن ستافی بەشی تەندروستی نیشتمانییەوە  پشتگیرییەکی بەهێزی گشتی هەیە.  پەرستاران [ نێرسەکان] لەلایەن 64%ی خەڵکەوە پشتگیریان لێکراوە لە مانگرتنەکانیاندا، کە لە سەرەتای مانگی یەکەوە بەڕێژەی 7 خاڵ بەرزبووەتەوە، بەپێی دوایین ڕاپرسی توێژینەوەی ئۆپینیۆم بۆ ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر. کرێکارانی ئەمبولانس لەلایەن 60%ی خەڵکەوە پشتیوانی دەکرێن و کرێکارانی شەمەندەفەریش لە 39%  خەڵکی پشتگیریان دەکەن .

  ڕێژەی پشتگیرییکردنی کرێکارانی شەمەندەفەرەکان نزم بووەتەوە لەبەر ئەوەیە سکرتێری گشتی بە کەسێکی سۆشیالیست لە لایەن میدیاوە لە قەڵەم دەدرێت و میدیا وا لە خەڵك دەگەینێت ئەم کابرایە دەیەوێت ڕژێم بروخێنێت نەك هەوڵی زیادکردنی موچەی کرێکارەکان بدات ، لە لایەکی تریشەوە میدیا ئەوە هەمیشە دەڵێتەوە کە سایەقی شەمەندەفەرەکان تەماحبازن چونکە ساڵانە 60 هەزار پاوەند [ پێش دانی تەکس ] وەردەگرن .  بێ ئەوەی باسی ئەوە بکەن کە ئەوان ڕۆژانە سەر و ڕۆحی زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لەژێر دەستیاندایە ، ئیشەکەیان ئەوەندە هەستیارە و بەیانیان زوو سەعات 4.30 دەبێت قیتارەکان دەرکەن هەتا سەعات یەکی بەیانی ڕۆژی داهاتوو ، بەڵام بۆ ئەندام پەڕلەمانێک ئاساییە کە کە 84 هەزار پاوەند وەرگرێت زائیدەن دەیەها هەزار پاوەندی دیکە لە دەرماڵە و کرێی خانوویان!!!!!.

ناڕەزایی و بەیەکدا هەڵپرژان لە نایجیریا:

16/02/2023

دوێنێ 4شەمە، 15/02 ،ناڕازییان تورەیی خۆیان لە نایجیریا لە زۆرێك لە شارەکانیدا بە شکاندنی مەکینەکانی پارە کە لە لایەن بانقەوە دانراون بۆ پارە دەرهێنان و هەروەها داخستنی شەقامەکان لەبەر نەبوونی پارە لە بانق و لە ناو مەکینەکاندا دەربڕی و گەیشتە بەیەکدادان لەگەڵ پۆلیسدا.

نایجیریا گەر چی لە 25ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی گشتی دەکات پاش تەواوبوونی مودەی سەرۆکی ئێستا، موحەمەد بوهاری، ڕووبەڕوی قەیرانی پارەی نەختنیە بووتەوە کە لە بانقەکاندا.  ئەم قەیرانەش بە هۆی گۆڕینی دراوە کۆنەکەوە بە دراوێکی نوێ دروستبووە ، گوایە کردنی ئەمە زەروور بوە چونکە زەربەیەکی باش ساختەکاران و مافیاکان و پارەی مزەوەر و مامەڵەی ناڕێك بە پارەی نەختنیەوە دەکات دەدات. 

مودەی گۆڕینەوەی پارە کۆنەکە بە پارەی نوێ لە بەسەرچووندایە ، بەڵام خەڵکی کە دەیانەوێت بیگۆڕنەوە، پارەی نوێ لە بانقدا نییە بۆیە خەڵکی بێزارە و لە نیگەرانییدا دەژی و نازانێت چی بکات کە لە کاتێکدا بە پارە کۆنەکە شت و مەك ناکڕرێت و پارەی تازەش نییە .

ناڕەزایی و پشێوییەکە بۆ گەلێك لە شارەکانی نایجیریا بڵاوبووەتەوە لەوانە Ibadan ، Benin ،  Dupe ، Mokola ، Ogunpa ، Apata ، Iwo ویلایەتی Delta کە کەوتۆتە باشووری نایجیریاوە   بەم هۆیەوە بانقەکان و دوکانەکان و سوپەرمارێتەکان هەموویان داخراون .

هەر دوو هەفتە لەمەوپێش بوو کە لە شاری  ‘ کەنۆ’ کاتێك کە سەرۆکی نایجیریا ، موحەمەد بوهاری ، چووە ئەوێ خەڵکی بە خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایی گەورە پێشوازییان لێکرد.

پرۆتێست لە دوو شاری گەورەی چین لە لایەن خانەنشینانەوە

16/02/2023

دوێنێ 4 شەمە، 15/02 ، بە هەزران لە خانەنشینبووان پرۆتێستی گەورەیەیان لە دوو شاری گەورەی چین کرد:  Wuhan و Dalian  و بڕیارە ئەمڕۆ و بەیانیش دووبارە ناڕەزایی دیکە بکەنەوە.

ماوەیەکە دەوڵەتی چین پارەی تەئمینی تەندروستی خانەنشیکراوانی کەمکردۆتەوە کە لە کاتێکدا هی پیاوانی دەوڵەتی دەستکاری نەکردووە و هەر وەکو خۆی ماوەتەوە لەگەڵ ئیمتیازاتی دیکەدا.  ئەمەش یانی کەمکرنەوەی دەرماڵە کە لە ساڵی 2021 وە دەوڵەتی چین وردە وردە کەمیدەکاتەوە. ئەمان گردبوونەوەیەکی زۆر گەورەیان لە ناوەڕاستی پارکێکی زۆر گەورەی شاردا کردووە دەورەیان بە پۆلیس گیراوە تاکو خەڵکانی دیکە پێیانەوە پەیوەست نەبنەوە .  هەموو بە جارێك هاواریان دەکرد ” ئەو پارەیەی کە داومە بۆ تەئمینی تەندروستی بمدەرەوە”  .

گەرچی خەڵکانی دیکە ناتوانن بەشدارییان بکەن بەڵام لە سۆشیال میدیادا لایەنگر و هاوثشتی زۆریان دەکرێت ، بۆ نموونە ” یەکێک لە لایەنگرانیان لە سۆشیال میدیا وتی: “ئەم کەسە پیرانە دەتوانن بێنە دەرەوە [بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین] نەک تەنها بۆ خۆیان بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “بیمەی پزیشکی و کۆمەڵایەتی بەبێ گرێبەست پلانێکی سەمایەگوزاری ساختەیە.  ئەگەر ئەمڕۆ نەچنە سەر شەقامەکان، منداڵ و نەوەکانتان بۆ چەندین نەوە دەبنە کۆیلە”.

یەکێکی دیکە نوسیوێتی  “ئەگەر دەرماڵەی بژێوی سەرەتایی بۆ خەڵک کەم بکەنەوە، کێ لە نەوەی گەنجان متمانە بە حکومەت دەکات؟”

لە کاتێکدا کە ئێمە ناتوانین پارەی غاز و کارەبا بدەین، کەچی ئەوان…

16/02/2023

لە کاتێکدا کە ئێمە ناتوانین پارەی غاز و کارەبا بدەین کەچی ئەوان بڕی قازانجیان لە سەرەکەتندایە.

خاوەنی کۆمپانیای غازی بریتانی، سێنتریکا، ڕایگەیاند کە قازانجی ساڵی پارەکەیان ، 2022، گەیشتە 3.3 ملیار پاوەند .  ئەم بڕی قازانجە بە هیچ شێوەیەك بەراورد بە ساڵی 2021 ناکرێت کە قازانجی سێنتریکا 948 ملیۆن پاوەند بووە .

ئەمە لە کاتێکدا کە کە لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەدا نرخی غاز بە ڕێژەی لە سەدا 85.3 سەرکەوت و لە مانگی یەکی ئەمساڵدا جارێکی دیکە سەرکەوتەوە و بڕیارە لە مانگی نیسانیشدا بۆ جاری سێیەم نرخی غاز لە سەر ماڵان و بزنس بەرزتربکرێتەوە.

لە بەیتانیا نزیکەی 3 ملیۆن لەوانەی کە پارەی غاز دەدەن میتەریان بۆ دانراوە کە دەبێت پێشوەخت پارەی تێبخەیت وەکو تەلەفون ، تاکو گازت هەبێت کە ئەمەش بە سروشتی زۆر گرانتر دەکەوێت لەوانەی کە لە ماڵ و شۆپ و شوێنی بزنسەکانیاندا جیهازیان بۆ دانراوە و مانگانە یا خود وەرزانە بری ئەو غازەی کە بەکارهێنراوە دەخوێنرێتەوە و دواتر پارەکەی دەدرێت.

لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی غازەوە زۆرێک لەو 3 ملیۆن کەسە و ئەوانی دیکەش نەیانتوانیوە کە پارەی غازەکەیان بدەن بۆیە زیاتر  لە 300 هەزار کەس لەوانەی کە نەیانتوانیوە پارەکە بدەن کۆمپانیای غازی بریتانی خەڵکیان ناردووە کە جیهازی خوێندنەوەی بڕی غازەکەیان بگۆڕن بەو جیهازانەی گەر پارەی تێنەخەیت کارەبات نابێت . هاوکاتیش زۆرێك لەونەی کە ئەو جیهازەیان هەیە گەر پارەی تێنەخەیت کارەبات نابێت ، نەیانتوانیوە کە لە کاتی زۆر زۆر پێویستدا نەبێت کارەبا بەکاربهێنن .

لە ئێستادا کەمپەینی نەدان و ڕاگرتنی دانی پارەی غاز لە بریتانیادا دەستبەکارەو بە هاوکاری گروپەکانی دیکە و فشارخستنە سەر کۆمپانیای غاز و هاتنەپاڵی هەندێك لە سیاسیەکانیش ، توانراوە کە فشاری گەورەی کۆمپانیاکە لەسەر نەدانی پارەی غاز ڕاگرێت و غازیان لێنەبریت و ئەوانەی کە ئەو جیهازانەیان بۆ دانراوە کە تا پارەی تێنەخرێت غاز نابێت ، جیهازی ئاسایی [ میتەری ئاسایی ] بخرێتە جێگاکەی .

کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە لە بریتانیا داخوازییەکەیان بەدەستهێنا

09/02/2023

دوای ئەوەی کە نقابەی کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە بڕیاری مانگرتنیێکی دیکەیان دا و پاش ڕازینەبوون بە ڕێژەی ئەو پارەیەی کە بڕیار بوو بۆیان زیادبکرێت، ئێستا پاش وتووێژێکی دوورودرێژ لە نێوانی نقابەکەیان و بەرپرساندا : ئیدارەکەیان و حکومەت ڕازیبوون کە بە ڕێژەی لە سەدا 7 مووچەیان بۆ زیاد بکەن . ئەم بڕە زیادەیە لە 01/07 ساڵی پارەکەوە بۆیان حسابە لە مانگی تەموزی ئەمساڵیشەوە  بە ڕێژەی لە سەدا 5 جارێکی دیکە موچەکەیان دەچێتە سەرەوە، واتە موچەکەیان لە مانگی تەموزەوە بە ڕێژەی لە سەدا 12 بەرزدەبێتەوە.

ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو بۆ ئەم کرێکارانە چونکە تەنها بە بڕی لە سەدا 2 لە سەرەتادا بڕیار بوو کە  موجەیان بۆ زیاد بکرێت .

لە ئێستادا ئەمانیش مانگرتنەکەیان هەڵپەساردووە و ئەم هەواڵە دەنێرێیت بۆ هەموو ئەندامانی نقابەکەیان دەبێت دەنگی لەسەر بدەن ، ئەگەر بەوە ڕازی بن ئەوە مانگرتنەکەیان هەڵدەوەشێننەوە ، ئەگەر ڕازیش نەبن ئەوە مانگرتنەکەیان دەکەن.

چالاکییەکی راستەوخۆی گروپێك لە لەندەن

09/02/2023

دوێنێ 4شەمە، 08/02/23 گروپێکی10کەسی بە ناوی Green New Deal Rising دایان بەسەر گردبوونەوەیەکی حیزبی حاکمی بریتانیا ( حیزبی تۆری / موحاجیزین ) .گردبوونەوەکە بۆنەیەك بوو کە بۆ دەستکەوتنی فەند ( پارە) کە لە لایەن هەندێك لە ئەندام پەڕلەمانی حیزبی موحافیزینەوە لە ئوتێلێکی ڕاقیدا دەکرا.

هەر بە دەستپێکردنی قسە یەکسەر 3 لە چالاکوانەکان هەستان لەسەر کورسییەکانیان  داوای چارەنوسی 222 منداڵی پەنابەر کە لە ئوتیلێکدا لە  لایەن دائیرەی کۆچەوە دانرابوون و ئێستا دیارنین . دوای ئەوە ئەوانی تریش بەدوای ئەماندا هەڵسان قسەی تریان کرد و داوای دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆو پۆلیس و وەزیرێکی دیکە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە پەنابەران.

دوای ماوەیەکی کورت سکوێرەتی بەزۆر کردنیانە دەرەوە .  گەرچی ئەمە ئەنجامێکی نییە بەڵام چالاکییەکی گرنگە و دەکرێت بکرێت هەم بۆ بە ئاگاهێنانەوەی بەشداربووانی گردبوونەوەکە و هەم بۆ مەبەستی میدیاش کە دەنگ دەداتەوە بەو هۆیە خەڵکێکی زۆر دەزانێت کە ئەوەندە منداڵ دیار نین ، دیارە ئەمانە دزراون یا هەڵخەڵەتێنراون و براون بۆ بازرگانی جنس .