مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

II

بەشی سێیەم:

هەموو ئەوانەی بە جددی لە گەشەکردنی مارکس وەک سۆسیالیستێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کارەکەی پرۆدۆن ” موڵکییەت چییە؟” ئەوە بوو کە مارکسی بۆ سۆسیالیزم قەناعەت پێکرد.  ئەوانەشی کە زانیارییەکی وردیان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو پەرەسەندنەی مارکس نییە، هەروەها  ئەوانی دیکە کە دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمە سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانی مارکس و ئەنگڵسیان نەبووە، ئەم بانگەشەیە لە شوێنی خۆیدا نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.  چونکە مارکس لە نووسینەکانی دواتریدا بە توندی و بە گاڵتەجاڕیەوە باس لە پرۆدۆن دەکات و ئەمانە هەر ئەو نووسینانەن کە سۆسیال دیموکراتەکان جار دوای جار هەڵیانبژاردوون بۆ بڵاوکردنەوە.

لەم ڕێگایەوە وردە وردە ئەو باوەڕە دروست بوو کە مارکس هەر لە سەرەتاوە نەیارێکی تیئیۆری پرۆدۆن بووە و هەرگیز هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەبووە.  ئەگەر ڕاستی بڵێین، مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ئەگەر نا هەرکاتێک مرۆڤ سەیری ئەوەی مارکس بکات کە دەربارەی پرۆدۆن لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا ” هەژاری فەلسەفە” لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا، یان لە نامەی کۆچی دوایی پرۆدۆندا کە لە سۆزیالدێمۆکرات (Sozialdemokrat ) لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکی کەم دوای مردنی پرۆدۆن، لەسەر پرۆدۆن نووسیویەتی،جێی سەرنجن.

مارکس لە کتێبی (هەژاری فەلسەفە)دا بە خراپترین شێوە هێرش دەکاتە سەر پرۆدۆن، بچووکی دەکاتەوە بۆ هیچ، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرۆکەکانی پرۆدۆن بێ بەهان و نە وەک سۆسیالیستی و نە وەک ڕەخنەگرێکی ئابووری سیاسی ناویان دەبات.

مارکس نوسیوێتی “مۆنسیۆر پرۆدۆن، بەدبەخت بووە کە لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی تایبەت بە هەڵە لێی تێگەیشتوون.  لە فەرەنسا هەقێتی کە ئابووریناسێکی خراپ بێت، چونکە بە فەیلەسوفێکی باشی ئەڵمانی ناوبانگی دەرکردووە. لە ئەڵمانیا هەقێتی فەیلەسوفێکی خراپ بێت چونکە ناوبانگێکی زۆری هەیە کە یەکێکە لە بەتواناترین ئابووریناسەکانی فەرەنسی.  ئێمە وەکو ئەڵمانیەك و هاوکاتیش ئابووریناس، خوازیارین ناڕەزایەتی  بەرامبەر بەم دوو  هەڵەیە دەربڕین.” 4]]

مارکس لەوە زیاتریش ڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، پرۆدۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بیرۆکەکانی ئابووریناسە ئینگلیزییەکەی ‘برەی’ (Bray)دزیوە، نووسیوێتی:

” ئێمە باوەڕمان وایە کلیلی هەموو کارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی مۆنسێۆر پرۆدۆنمان لە کتێبەکەی برەی (Bray ) دا [5 ] دۆزیوەتەوە”

جێگای سەرنجە کە مارکس ، خۆی کە زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی دیکەی بەکارهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستەکەی’ لە ڕاستیدا تەنها کۆپییەکیمانیفێستی دیموکراسی’ ڤیکتۆر کۆنسیدرانتە کەچی کەسانی دیکە بە دزیکردن  تۆمەتبار بکات.  بەڵام با بەردەوامبین. لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ مارکس پرۆدۆن وەک کارەکتەری کۆنەپەرست و بۆرژوازی وێنا دەکات [6]. هەروەها لە پرسەنامەکەی کە بۆ سۆزیالدێمۆکرات (1865) نووسیویەتی، دەتوانین ئەمانەی خوارەوە بدۆزینەوە:

 لە مێژوویەکی زانستی پوختی ئابووری سیاسیدا، ئەم کتێبە ، واتە( موڵکییەت چییە؟) بەدەگمەن شایەنی باسکردنە.  بە کارە هەژێنەرەکانی وەك ئەمە،  بەتەواوی هەمان ڕۆڵ لە زانستەکاندا دەگێڕن کە لە جیهانی ڕۆماندا دەیگێڕن.”

مارکس لە  نامەکەی کە سەبارەت بە مردنەکەی نوسیوێتی هەمان ئیدیعا دووپات دەکاتەوە کە پرۆدۆن وەک سۆسیالیست و ئابووریناسێک بێ بەهایە، بۆچوونێک کە پێشتر لە کتێبی هەژاری فەلسەفەدا’ دەنگی دابوووە.

تۆمەتەکانی کە لە لایەن مارکسەوە  ئاراستەی پرۆدۆن کراون تێگەیشتنیان  زەحمەت نییە، تەنیا دەتوانن ئەو باوەڕە بڵاوبکەنەوە، یان باشتر ئەو قەناعەتە، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو و ئەو نووسەرە گەورە فەرەنسیەدا نەبووە.  لە ئەڵمانیا پرودۆن تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراو بووە.  چاپە ئەڵمانییەکانی بەرهەمەکانی پرۆدۆن کە لە دەوروبەری ساڵی 1840 دەرچوون کۆپی چاپکراویان نەماون.  تاکە کتێبی پرۆدۆن کە بە زمانی ئەڵمانی دووبارە چاپکراوەتەوە، کتێبی موڵکییەت  چییە؟ و لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت دەستاو دەست پێکردنیشی سنوردار بوو.  ئەمەش توانای مارکس دەگەیەنێت لەسەر سڕینەوەی هەموو شوێنەواری گەشەسەندنی سەرەتایی خۆی وەک سۆسیالیستێك.  لە سەرەوە بینیمان کە چۆن هەڵوێستی مارکس بەرامبەر بە پرۆدۆن لە سەرەتاوە تەواو جیاواز بووە و ئەنجامگیرییەکانی کە دواتر دێن  پشتگیری ڕاگەیاندنەکانمان دەکەن.

درێژەی هەیە

……………………………………

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[4] Marx: The Poverty of Philosophy, foreword.

[5] Bray: Labour’s Wronszs and Labour’s Remedy, Leeds, 1839.

[6] Marx and Engels: The Communist Manifesto, page 21.

تێبینی : وەردپرێس ڕێگە نادات هێمای ئەنارکیزم [ A ] لێرەدا دانێم هەر بە ڕەشی ماوەیەوە .

1579 کەس لە پرۆتێستەکەی شاری دانهاك-ی هۆڵەندە دەستگیرکران

28/05/2023

دوێنێ شەمە ، 27/05 زیاتر لە 7000 کەس بەشدارییان لە پرۆتێستی ‘ یاخیبوون لە لەناوچوون ‘ ” Extniction Rebellion  “  لە دانهاك لە هۆڵندە کرد و چەند کەسایەتییەکی ناوداری هۆڵەندی لەنێو خۆپیشاندەراندا بوون.  بەشداربووان پێشبنی هێڕششی پۆلیسیان بە بە کارهێنانی هێزی فشاری ئاویی بۆیە هەندێکیان جفلی مەلەیان لەبەر کردووە و هەرەها چەفتریشیان پێبوو.  ئەم ناڕەزایەتییە حەوتەمین ناڕەزایەتییە کە لەلایەن یاخیبوونی لە لەناوچوونەوە لە هەمان بەشی ڕێگای ئۆتۆمبێل لەو شارە نزیک لە پەرلەمان و بینا سەرەکییەکانی وەزارەت ڕێکدەخرێت.

چالاکوانان لە ماوەی پاشنیوەڕۆدا بەشێک لە ڕێگایەکی ئۆتۆمبێلیان داخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە یارمەتییەکانی حکومەتی هۆڵەندا بۆ سووتەمەنی بەردینی.

ئان کێریڤێرس، تەمەن 31 ساڵ، خوێندکاری خوێندنی باڵا دەڵێت: “ئێمە لێرە دەمێنینەوە تاوەکو هەموومان بەکێشدەکەن …. گۆڕانی ژینگە قەیرانێکی پەرەسەندووە و هۆکارەکەی دەزانین و هێشتا لەلایەن حکومەتەکەمانەوە پاڵپشتی دەکرێت و پێویستە بوەستێت” ئەمەی  بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە.

ئارۆن پێرێرا، وتەبێژی گروپەکە وتی: “ئێمە هەموو مانگێک، یان هەر دوو مانگ جارێک دەگەڕێینەوە، هەر جارێکیش ژمارەی (خۆپیشاندەران) دوو هێندە زیادی کردووە.” “پشتیوانییەکی فراوانی جەماوەری هەیە بۆ کردەوەی ڕاستەقینەی پاراستنی ژینگە و خەڵک لەو ڕاستییە بەئاگا دێتەوە کە حکومەت چالاکانە دژی ئەمە دەڕوات بە پاڵپشتیکردنی پیشەسازی سووتەمەنی بەردینیدەکات.”

لە چەند مانگی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەکانی سەرتاسەری ئەوروپاش گردبوونەوەیەکی زۆر کراوە،  لەنێویاندا خۆپیشاندانەکانی فڕۆکەخانەی ئایندهۆڤن لە هۆڵەندا لە مانگی ئازاردا.   ئەم هەفتەیە بەشداری لە گروپەکانی دیکەدا کرا لە خۆپیشاندان دژی گەورەترین پێشانگای فرۆشتنی فڕۆکەی تایبەتی ئەوروپا لە جنێڤ ،  بەشێک لە چالاکوانان خۆیان بە زنجیر بەستەوە بەو فڕۆکانەی کە نمایشکرابوون، هاتوچۆی ئاسمانیش بۆ ماوەیەکی کورت لە فڕۆکەخانە پەکی کەوت  بەهۆی ئەوەی کە چالاکوانان خۆیان بە قیرتاوەکەوە گیرکرد / لکاندبوو .

 

پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتی سەرتاسەری لە دژی چالاکوانانی ژینگە ئەنجام دا

25/05/2023

هێڕشەکانی پۆلیس  ڕۆژی 4شەمە ، 24ی مانگ، سەعات 7 ی سەر لەبەیانی لەسەردەستی 170 پۆلیسدا دەستیپێکرد دژ بە  ئەندامانی ” دوا نەوە” .  لەو هەڵمەتەی پۆلیس دا لە 7 هەرێمی ئەڵمانیادا دایان بەسەر 15 خانوودا.

ئەو هێڕشکردنەش لەسەر فەرمانی دەسەڵاتداران لە میونشن بووە دژی ئەو چالاکوانانە تۆمەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە گروپەکە  ڕێکخراوێکی تاوانکارییە.

بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتیی میونشن، گەڕانەکان لەسەر داوای فەرمانگەی پۆلیسی تاوانەکانی ویلایەتی باڤاریا (LKA) ئەنجامدراون، کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەدایە، گوایە سکاڵا لە لایەن داینشتوانەوە دراوە بە پۆلیس .  پۆلیسیش دەڵێت  ئەندامانی نەوەی لێتزتێ [ دوا نەوە]  کە تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 38 ساڵدایە،  گومانیان لێدەکرێت “ڕێکخراوێکی تاوانکاری پێکبهێنن یان پشتگیریان بکەن”.

لە لایەن پۆلیسەوە 7 کەس لەوانە بە تاوانبار درانەتە قەڵەم گوایە لە  هەڵمەتێکی خۆبەخشی کۆکردنەوەی پارە بە بڕی 1.4 ملیۆن یۆرۆ (1.22 ملیۆن پاوەند) یان هەیە و دایان ناوە  بۆ دابینکردنی دارایی پرسی شەڕە یاساییەکانی داهاتووی گروپەکە کە دەچێتە دادگە.

نەوەی لێتزتێ [ دوا نەوە]  بۆ یەکەمجار پێش دوایین هەڵبژاردنی فیدراڵی لە ساڵی 2021دا ناوبانگی دەرکرد، کاتێک بەشداربووانی گروپەکە مانیان لە خواردن گرت و لە دەرەوەی بوندستاگ کەمپیان کرد و داوای قسەکردنیان لەگەڵ ئەندامانی ئایندەیی حکومەتدا کرد سەبارەت بە داواکارییەکانیان.

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

I

بەشی دووەم :

مانیفێستی کۆمۆنیستیی کە وەک یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمی زانستی دادەنرێت و ناوەڕۆکەکەی لە نووسینەکانی “یۆتۆپیا”یەکەوە وەرگیراوە، چونکە مارکسیزم فۆریەی (Fourier ) لەگەڵ سۆسیالیستە یۆتۆپیاکان پۆلێن کردووە. ئەم پێچواندنە یەکێکە لە بێ بەزەییترین پەرادۆکەسەکانە،  ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەزەحمەت شایەتحاڵی بەهای زانستی مارکسیزمە.  ڤیکتۆر کۆنسیدرانت یەکێک بوو لە باشترین نووسەرانی سۆسیالیستیی کە مارکس پێی ئاشنا بوو: تەنانەت لە ڕۆژانی پێش ئەوەشی ببێتە سۆسیالیست ئاماژەی پێدەکرد . لە ساڵی 1842دا ڕۆژنامەی Allgemeine Zeitung هێرشی کردە سەر Rheinische    Zeitung   کە مارکس سەرنوسەری بوو و تۆمەتباری کرد بەوەی کە خۆشیی بە  کۆمۆنیزمدا دێت.  پاشان مارکس لە مانشێتی ڕۆژنامەکەدا وەڵامی دایەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: “کارەکانی وەک ئەوانەی لیرۆکس، کۆنسیدەرانت (Leroux, Considerant ) و لە سەرووی هەمووشیانەوە کتێبە دزەپێکراوەکەی پرۆدۆن، (Proudhon  ) ناتوانرێت بە هیچ مانایەکی ڕووکەشانە ڕەخنەیان لێ بگیرێت؛ پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و ورد هەیە پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە ڕەخنەگرتنیان” [3]

گەشەسەندنی فیکری مارکس زۆر لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی فەرەنسیدا بوو؛ بەڵام لە نێو هەموو نووسەرانی سۆسیالیستی فەرەنسا، ئەو کەسەی کە بەهێزترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو، پی.جەی پرۆدۆن (P. J. Proudhon ) بووە، تەنانەت  ئاشکرایە کە کتێبی پرۆدۆن ‘موڵکایەتی چییە**؟’ (What is Property?  ) وایکرد مارکس پێشوازی لە سۆسیالیزم بکات.  تێبینییە ڕەخنەگرانەکانی پرۆدۆن لەسەر ئابووری نەتەوەیی و مەیلە جۆراوجۆرەکانی سۆسیالیستیی جیهانێکی تەواو نوێی بەڕووی مارکسدا کردەوە و مێشکی مارکس-ی  زۆرتر سەرسام کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە تیئیۆری زێدەبەها وەک ئەوەی سۆسیالیستی ئیلهامبەخشی فەرەنسی داینابوو.  دەتوانین سەرچاوەی عەقیدەی [دۆکتەریین] زێدەبەها، ئەو “دۆزینەوە زانستییە” گەورەیەی کە مارکسیستەکانمان زۆر شانازی پێوە دەکەن، لە نووسینەکانی پرۆدۆندا بدۆزینەوە.  لە سایەی ئەوەوە بوو کە مارکس بەو تیئیۆرییە ئاشنا بوو کە مارکس لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دواتری سۆسیالیستەکانی ئینگلیز: برەی (Bray ) و تۆمپسۆن (Thompson ) گۆڕانکاری تێدا کرد.

تەنانەت مارکس بە ئاشکرا گرنگیی زانستییە گەورەکەی پرۆدۆنی ناسی و لە کتێبێکی تایبەتدا، کە ئەمڕۆ  تەواوی کۆپیی ئەو چاپە نەماوە، بەرهەمەکەی پرۆدۆن کە ‘موڵکییەت چییە؟’ ناودەبات بە” یەکەم مانیفێستی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسی” ئەم بەرهەمە لەلایەن مارکسیستەکانەوە چاپ نەکرایەوە، وەریشنەگێڕدرایە سەر زمانەکانی تر، گەر چی  نوێنەرانی فەرمی مارکسیزم هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پەخشکرنی نووسینەکانی مامۆستاکەیان بە هەموو زمانێک.  ئەم کتێبە لەبیر کراوە و هۆکارەکەشی ئەمەیە: چاپکردنەوەی دووبارە ئەو قسە بێمانا و بێ پەیوەندییەی هەموو ئەو شتانەی کە مارکس دواتر لەبارەی ئەو بیرمەندە  (پرۆدۆن) دیارەی ئەنارکیزمەوە نووسیویەتی، بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.

مارکس نەک هەر لە ژێر کاریگەری بیرۆکە ئابوورییەکانی پرۆدۆن بوو، بەڵکو هەستیشی  بە هەژموونی  تیئیۆرییە ئەنارکیستەکانی سۆسیالیستی گەورەی فەرەنسییش کرد و لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەدا بە هەمان شێوەی پرۆدۆن هێرش دەکاتە سەر دەوڵەت.

درێژەی هەیە

…………………………..

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

**موڵکییەتت چییە؟ ناوی کتێبە مەشوورەکەی پرۆدۆنە . موڵکییەت لێرەدا بە مانا کوردییەکەی نایەت کە تەنها بە زەوی و خانو دەوترێت ، بەڵکو لای پرۆدۆن وشەیەکی گشتگیرە و هەموو چەشنەکانی موڵك و موڵکایەتی دەگرێتەوە بە سامان و سەرمایە و …. واتە هەموو خاوەندارێتییەکی تایبەت .

[3] Rheinische Zeitung, number 289, 16 October 1842.

پرۆتێستی ئەمڕۆی گروپی Just Stop Oil

24/05/2023

ئەمڕۆ ، چوارشەمە ، سەعات 8ی سەر لەبەیانی زیاتر لە 35 کەس لە گروپی جەست ستۆپ ئۆیەل ڕوویان کردە چەند شەقاماێکی باکوری لەندەن بۆ ڕێبڕینەوە لە سەیارە ، بەڵام لە دواجاردا پۆلیس 6 کەسیانی دەستگیر کرد بە گوێرەی بڕگەیەکی یاسا نوێکە کە چی تر ڕێگایان پێنادرێت،  گوایە خەڵکی بۆ سەر کار دوا ئەخەن و ژیانی خەڵك تێك دەدەن .

یاسای نوێ هیچ جۆرە بوار و بۆشاییەکی نەهێڵاوەتەوە بۆ کردنی هیچ جۆرە پرۆتێست و خۆپیشاندانێك کە پۆلیس دەکرێت پەنا بۆ هەر بڕگەیەکی ئەو یاسایە بەرێت و دەستبەسەرت بکات.

بریتانیا بەرە و حوکمێکی پۆلیسی سرف دەڕوات کە بە گوێرەی قسەی زۆرێك لە سیاسییەکان و دەرەوەی ئەوانیش وەکو ڕێکخراو و گروپەکانی کە لەسەر مافەکانی مرۆڤ کار دەکەن بریتانیا خراپترین وڵاتە لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا لە  یاساخکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکدا.

تکایە کلیکی ئەو دوو لینکە بکە ، لە یەکێکیاندا چۆن کرێکارێك کە لەو شەقامەدا کار دەکات چۆن پەلاماری چالاکوانەکان دەکات، کە بە دوو پۆلیس بۆیان دابین ناکرێت .

گروپێکی ژینگە پارێز بە پرۆتێستێکیان توانییان  کۆبوونەوەی گشتیی شێڵ لە لەندەن بۆ سەعاتێك ڕاگرن

24/05/2023

دوێنێ ، 3شەمە، 23/05 کۆمپانیای شێڵ کۆبوونەوەی ساڵانەی خاوەن پشکەکانی هەبوو .  هەر بە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ئەوانەی کە چووبوونە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکەوە خۆیان ئاشکرا کردو بە وتنەوەی دروشمەکانیان توانییان بۆ ماوەی کاتژمێرێك کۆبوونەوەکە ڕاگرن .  دواتر بە سکوێرێتی پاراستنی هۆڵەکە تونرا   بەو شێوەیەی کە لە وێنەکاندا دەبینرێن برانە دەرەوە .

ڕاستە ئەم چالاکییانە زۆر بچوك و کورتە بەڵام کارایی خۆیان و دەنگدانەوەیان زۆر لە کردن و کۆکردنەوەی  ملیۆنەها واژۆ و ناردنی ئیمەیل بۆ پەڕلەمانتار و کردنی پێشنیار بۆ سیاسی و بزنسامانەکان گەلێك کاریگەرترە.

بوونی هێزی تایبەتی بریتانیا لە 19 وڵاتدا

23/05/2023

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دزەپێکراو دەرکەوت کە هێزی ئێس ئەی ئێسی  [ SAS  ]  Special Air Service  ی بریتانی لە 19 وڵاتدا هەیە .  لەو وڵاتانە : نایجیریا ، فلیپین ، ڕوسیا ، سوریا ، ئۆکرانیا ، سۆدان ، جەزائیر، فەرەنسا ، مالی ، ئیستوانیا، عێراق ، کینیا ، لیبیا، قوبرس ، پاکستان ، صۆمالیا، یەمەن ، عومان .. تد .

سەیر ئەوەیە مەگەر وەزیرەکان ئەم نهێنییە بزانن  دەنا هیچ پەڕلەمانتارێکی بریتانیا ئەو نهێنییە نازانن .  جوانی سیستەمی هەڵبژاردن و ڕژێمی پەڕلەمانتاری نەك هەموو پرسەکان بە تەگیبیر و ڕا ناکات ، یاخود کارەکانی خۆی بە دەنگدەرانی ئاششکرا ناکات بەڵکو ئەندام پەڕلەمانتارەکانیش ئەوانە و زۆری تر نازانن .

ئەم هێزە بە نهێنی چالاکییەکانیان ئەنجام دەدن جگە لە چەند کەسێکی پایە بەرزی وەکو وەزیری بەرگریی و سەرەكوەزیران ،  کەسی تر نەك هەر بە چالاکییەکانیان نازانن ، بەڵکو شوێنی ئەو کاتەشیان نازانن .

راپۆرتە دزەپێکراوەکە دەڵیت کە ئەو هێزە لە سالی 2012 وە لە سوریان لەگەڵ لایەنێکدا دژ بە ڕژێمی سوری دەجەنگن بەڵام ئاشکرای ناکات کە ئەو لایەنە کێن .  هیوادارم داعش نەبێت!!!!

ئەم هێزە لە ساڵی 2010 و 2011 بەرپرس بوون لە کوشتنی 54 کەس لە ئەفغانستان ، لە نیوە شەودا پیاوەکان لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە گولەباران کراوەن .

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker

ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

I

بەشی یەکەم:                                 

چەند ساڵێک لەمەوبەر پاش ماوەیەکی کەم لە کۆچی دوایی فرێدریک ئەنگلس،  ئێدوارد بێرنشتاین، یەکێک لە دیارترین ئەندامانی کۆمەڵەی (کۆمۆنێتی) مارکسیستی ، بە چەند دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش، هاوەڵەکانی سەرسام کرد. بێرنشتاین گومانەکانی خۆی سەبارەت بە دروستی لێکدانەوەی ماتریالیستی بۆ مێژوو هەروەها  لە تئیۆری مارکسیستی زێدەبایی/ زێدەبەها و چڕبوونەوەی سەرمایە ئاشکرا کرد.  ئەو تا ئەو شوێنە  هێڕشی کردە سەر شێوازی دیالێکتیکی و بەو ئەنجامە گەیشت کە قسەکردن لەسەر سۆشیالیزمێکی ڕەخنەگرانە مەحاڵە.  بێرنشتاین پیاوێکی وریا بوو، تا دوای مردنی ئەنگلسی بەساڵاچوو، دۆزینەوەکانی لای خۆی دەهێڵایەوە و بڵاوی نەدەکردنەوە، تەنیا ئەو کاتە ئاشکرای کردن کە  ئەنجامی ترسناکی لەسەر گوێ لەمشتەکانی مارکسیستی هەبوو. تەنانەت لەگەڵ ئەو خۆ پاراستنەشدا هەر نەیتوانی ڕزگاری بێت، چونکە لە هەموو ئاراستەیەکەوە هێرشی دەکرایە سەر.  کاوتسکی کتێبێکی دژی گومڕابوونی جیاوازی ڕا و بۆچوونی بێرنشتاین نوسی و لە کۆنگرەی هانۆڤەردا ئێدوارد بێرنشتاینی هەژار ناچار بوو ڕایبگەیەنێت کە گوناهبارێکی لاواز و مردووە و ملکەچی بڕیاری زۆرینەی زانستی دەبێت.

هەموو ئەوانەی بێرنشتاین وتبوونی هیچ ئاشکراکردنێکی نوێی نەهێنابووە ئاراوە. ئەو، ئەو سەرەنجامانەی کە لە بەرامبەر بناغەکانی فێرکاری مارکسیستیدا داینابوو، پێشتر بوونیان هەبووە کە  کاتێک هێشتا خۆی نێردراوێکی دڵسۆزی کەنیسەی مارکسیستی بوو.  ئارگیومێنتەکانی کە باسی لێوە دەکرا لە ئەدەبیاتی ئەنارکیستییەوە تاڵان کرابوون، بەڵام تاکە شتێک کە شایەنی سەرنج بوو ئەوە بوو کە یەکێک لە ناسراوترین سۆسیال دیموکراتەکان بۆ یەکەمجار بەکاریان بهێنێت.  هیچ کەسێکی ژیر نکۆڵی لەوە ناکات کە ڕەخنەکانی بێرنشتاین لە ئۆردوگای مارکسیزمدا نەیتوانی کاریگەرییەکی لەبیرنەکراو دروست بکات: بێرنشتاین لە گرنگترین بناغەکانی ئابووری میتافیزیکی کارل مارکسی دابوو و سەیر نییە کە بەڕێزترین نوێنەرانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس تووشی شڵەژان بوون .

هیچ کام لەمانە ئەوەندە جددی نەدەبوون ئەگەر وەکو ڕاستییەك لە ناوەڕاستی  قەیرانێکی گرنگتردا نەهاتنایە.  نزیکەی سەدەیەك مارکسیستەکان لە پێشنیارکردنی ئەو بۆچوونە نەوەستاون کە مارکس و ئەنگڵس دۆزەرەوەی ئەو شتە بوون کە پێی دەوترێت سۆسیالیزمی زانستی.  هەر ئاوا جیاوازییەکی دەستکرد لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێیان دەوترێت سۆسیالیستی یۆتۆپیایی/خەیاڵیی و سۆسیالیزمی زانستی مارکسیستەکان داهێنرا، جیاوازییەك کە تەنها لە خەیاڵەکانی ئەمانەی  دووەمیاندا، ماکسیستەکان، بوونی هەبوو.  لە وڵاتانی ئەڵماندا ئەدەبیاتی سۆسیالیستی لەلایەن تیئیۆری مارکسیستییەوە قۆرخ کراوە، کە هەموو سۆسیال دیموکراتێک ئەوە بە بەرهەمی پوخت و تەواو ڕەسەنی دۆزینەوە زانستییەکانی مارکس و ئەنگڵس سەیری دەکات.

 بەڵام ئەم وەهمەش لەبەرچاو ون بوو : لێکۆڵینەوە مێژووییە مۆدێرنەکان لە دەرەوەی هەموو پرسیارێک ڕوونیان کردەوە کە سۆسیالیزمی زانستی تەنیا لە سۆسیالیستە کۆنەکانی ئینگلیز و فەرەنسییەوە هاتووە و مارکس و ئەنگڵس تەبەنییان کردووە کە لە هەڵبژاردنی مێشکی ئەوانی دیکەدا شارەزا بوون.  دوای شۆڕشەکانی ساڵی 1848 کاردانەوەیەکی ترسناک لە ئەوروپادا هاتە ئاراوە:  ‘هاوپەیمانیی پیرۆز’ دەستی کرد بە نواندنی تۆڕەکانی لە هەموو وڵاتێکدا بە مەبەستی هەناسەچنینی ( خنکاندنی) بیری سۆسیالیستیی، کە ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندی وای لە فەرەنسا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتالیا بەرهەمهێنابوو. ئەم ئەدەبیاتە نزیکەی تەواو لەم سەردەمە تەمومژاویەدا فەرامۆشکراو لەبیرچوونەوە.  زۆرێک لە بەرهەمە گرنگەکان لەناوبران تا کورتکرانەوە بۆ چەند نموونەیەك کە پەناگەیەکیان لە ئارامیی هەندێک کتێبخانەی گشتی گەورە یان کۆکراوەی هەندێك کەسی تایبەتدا دۆزیەوە.

ئەم ئەدەبیاتە تەنها لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزرایەوە و لەم سەردەمەدا ئەو بیرۆکە بەپیتانەی کە لە نووسینە کۆنەکانی ئەو قوتابخانانەدا دەبینرێن کە دوای فۆریە و سانت سیمۆن (Fourier ، Saint Simon ) هاتوون، یان بەرهەمەکانی کۆنسیدرانت، دیماسی، مێی (Considerant, Demasi, Mey) و چەندانی دیکە ، مایەی سەرسوڕمانن.  ئەوە هاوڕێی کۆنمان دبلیو تچەرکێسۆف (W. Tcherkesoff) بوو کە یەکەم کەس بوو کە نەخشێکی سیستماتیکی بۆ هەموو ئەم ڕاستیانە هێنایە ئاراوە: ئەو نیشانیدا کە مارکس و ئەنگڵس داهێنەری ئەو تیئۆریانە نین کە لە مێژە بە بەشێک لە وەصیەتنامەی فیکری خۆیان دادەنرێت . [1] تەنانەت لەوە زیاتریش ڕۆیشت کە بیسەلمێنێت کە هەندێک لە بەناوبانگترین بەرهەمە مارکسییەکان،  بۆ نموونە وەکو مانیفێستی شیوعیی /کۆمۆنیست، لە ڕاستیدا تەنیا وەرگێڕانی ئازادانەیە لە فەرەنسییەوە لەلایەن مارکس و ئەنگلسەوە.  تچەرکێسۆف (Tcherkesoff ) سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا کاتێک بانگەشەکەی سەبارەت بە مانیفێستی کۆمۆنیستەکان لەلایەن ئاڤانتی،( Avanti ) ئۆرگانی ناوەندی سۆسیال دیموکراتەکانی ئیتالیا،[2] دانیان پێدا نا،  دوای ئەوەی نووسەر دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە بەراوردکاری لە نێوان مانیفێستی کۆمۆنیست و مانیفێستی دیموکراسیدا لە نووسینی ڤیکتۆر کۆنسیدرانت (Victor Considerant) بکات، کە دەرکەوتنی پێنج ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی نامیلکەی مارکس و ئەنگڵس بوو.

………………………………….

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[1] W. Tcherkesoff: Pages d’Histoire socialiste; les precurseurs de l’lnternationale.

[2] The article, entitled “Il Manifesto della Democrazia”, was first published in Avanti! (Year 6; number 1901, of 1902).

درێژەی هەیە …………………..

گەمەی ساڵانەی سیاسییەکانی  ئەمەریکا

19/05/2023

هەموو سالێك چەند گەمەیەکی سیساسی لە هۆڵی کۆنگریسی ئەمەریکیدا لە نێوانی دیمۆکرات و کۆمارییەکاندا دەکرێت .

گەمەی سەرەکییان گەمەی قەرزکردنە لە بانقی فیدراڵی بۆ تێپەڕاندنی کێشەی دارایی حکومەت لەوانە بوجەی سۆشیاڵ سکوێرێتی [ بیمەی بێ کاریی ] ، چارەسەر و نەخۆشی و دەرمان ، پارەی ئەوانەی کە لە بەشەکانی  حکومەتدا کار دەکەن و هەروەها کولفەی سوپاش کە لە ئێستادا ساڵانە لەسەدا 12 بوجەی ئەمەریکا دەبات.

ئەم قەرزکردنەش  بەناو کێشەی گەوەرە لە نێوانی ئەم دوو حیزبەدا دروست دەکات ، لەبەر ئەوەی سنورێك دانراوە بۆ ئەو قەرزە کە داخوازی زیاتر لەلایەن جەماعەتی موعارەزەوە ڕەتدەکرێتەوە یاخود هەندێك بەند و شەرت دادەنێن بەسەر حیزبی حاکمدا، کە ئێستا دیمۆکراتەکانن. ئەو سنورەش بە زمانی ئەوان پێی دەلێن Debt Ceiling .

ئەم قەرزەش ساڵانە لە نێوانی 400 ملیار دۆلار بۆ 3 تریلۆنە . لە ساڵی 1960 وە ئەم قەرزە 76 جار زیادی کردووە حکومەت توانای دانەوەی نییە .  لەو کاتەوە تا ئێستا چووەتە 31.4 تریلۆن دۆلار . قەرزەکانا بە گوێرە ساڵەکان و ڕووداوەکان و بارودۆخی هەمە لایەنەی ئەمەریکاوە گۆڕاوە .  بۆ نموونە بە هاتنی ڕێگن بۆ سەر حوکم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا، قەرزەکە بەرەو زیادی ڕۆیشت چونکە ڕێگن بڕی باجی کەم کردەوە لەبەر ئەوە خەزێنەی دەوڵەت رووی لە کەمی کرد .

لە نەوەدەکاندا سەردەمی شەڕی سارد چی تر پێویستی نەدەکرد وەکو جاران پارە لە سوپاو سیخوڕییدا سەرف بکەن بۆیە پارەیەکی باش گەرایەوە بۆ دەوڵەت و بوجەی دەوڵەت لە هەڵکشاندا بوو .  بەڵام کە جۆرج بوشی کوڕ هاتە سەر حوکم ئەمیش باجی کەمکردەوە ، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی پارەی خەزێنەوە و زیادکردنی قەرز .  شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان  و کەمپەینەکانیش لەسەر باجدەرەانی ئەمەریکا نزیکە 6 تریلۆن دۆلار کەوتووە .

کاتێک کە قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 دەستی پێکرد، حکومەت ناچار بوو خەرجییەکانی زۆر بکات بۆ ڕزگارکردنی بانکەکان و زیادکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ڕێژەی بێکاری گەیشتە 10%..

بە هاتنی پەتای Covid-19کۆرۆنا حکومەتی ئەمریکی زنجیرەیەک پڕۆژەی  پەسەند کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپترین کاریگەرییەکانی پەتاکە کە لە کۆتاییدا کۆی گشتی 5 ملیار دۆلار بوو.

لە ئێستاشدا حکومەت کە دیمۆکراتەکانن قەرزیان پێویستە کە خستیانە بەردەم کۆنگریس لە 26ی نیساندا کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرد بە مەرجێك کە بڕی قەرزەکەی ئێستا لە  1.5 ملیار دۆلار تێنەپەڕێنێت هەروەها حکومەت دەبێت  4.8 تریلیۆن دۆلاری لە قەرزەکە لە ماوەی دە ساڵدا کەمبکاتەوە.

بۆ پاساودانی دانی قەرزەکە و ڕازیبوونی کۆمارییەکان  هەر لە مانگی یەکی ئەمساڵدا                                  

 جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە سەر بە دیمۆکراتە  لە مانگی یەکدا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس وتی”  جێبەجێنەکردنی ئەرکی حکومەت زیانێکی قەرەبوو نەکراوەیە بە ئابووری ئەمریکا و بژێوی هەموو ئەمریکییەکان و سەقامگیری دارایی جیهانی دەگەیەنێت.. وەبەرهێنەران باوەڕیان بە دۆلاری ئەمریکی لەدەست دەدا و ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابووری بە خێرایی و کەمکردنەوەی هەلی کار لە نزیکەوە …. “

ئەم کێشەیە هێشتا هەر بەردەوامە بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش ئەو وەختەی کە بۆی دانراوە  گرفتەکە لابەلا دەکرێتەوە گەمەکەش تەواو دەبێت  لەبەر ئەوەی شکانی دۆلار و کشانەوەی سەرمایەداران لە وەبەرهێنان و زیادەبوونی ژمارەی بێ کاران ، بێ گومان نەك هەر کارایی ئابووریانەی خۆیان لەسەر ئەمەریکا دادەنێن بەڵکو لەسەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی جیهانیش دادەنێت.

……………………….

وێنەکەش پرۆتیستی کرێکاران و کارمەندانی ئیدارەی ئەمەریکیە کە داوا لە کۆنگریس دەکەن کە ئەو کێشەیە حەل بکەن . بە واتایەکی دیکە گەر حەلی نەکەن ئەوە ئەمان زۆربەیان دەردەکرێن یا کرێ و موچەیان کەمدەبێتەوە .  ببینە چۆن کێشەی دەوڵەت و حیزبە سەرمایادارەکان یەخەی ئەم کرێکارە هەژارانەی گرتۆتەوە کە بە بێ پرۆتێستەکەی ئەمانیش کێشەکە هەر حەل دەبێت لەبەر خاتری بەردەوامی سیستەمەکە.

تێچووی مردنی مەلیکەی بریتانی

زاهیر باهیر

19/05/2023

دوای مردنی مەلیکەی بریتانیا لە 19/09 /2022 تاکو ئێستا تێچووی مردنەکەی نەزانراوە ، بەڵام ئەمڕۆ ئاشکرا کرا کە مردنەکەی لەسەر باجدەرانی بریتانیا 162 ملیۆن پاوەند کەوتووە .

ئەم خێزانە مشەخۆرە ساڵانە 80 ملیۆن پاوەندیان پێدەدرێت کە لە کاتێکدا ئەوان ئەو موڵك و و خانوو و سامانانەی کە هەیانە نەك هەر هیچ باجێکی لێنادەن ،بەڵکو تا ئێستا بە دروستیی نازانرێت کە چییان هەیە و چییان نیە .  ئەمانە ئەو ئیمتیازانەیە کە ئەم خێزانە هەیانە کە تاقیبکردنی سەروەت و سامانیان ڕەوا نییە ، بەڵام ئەمساڵ لەم ماوەی پێشووەدا ڕۆژنامەی گاردیان دوو باسی گەورەی وروژان.  یەکێکیان ڕۆڵی ئیمپریالییەتی بریتانیی بوو لە پرسی کۆیلە و هێنان و هەناردەکردنی کۆیلەدا کە چ ڕؤڵێکی سەرەکی و دڕانەیان هەبووە هەروەها تێوەگلانی ڕۆژنامەی گاردیانیش  .  لەو توێژینەوەیەدا مەلیکە و پاشاکانی پێشوی ئێرە کە پێشتر لە ئەمەریکا بوون و باپیرە و داپیرە گەوورەی ئەمانەی ئێستان  لە بازرگانی بە کۆیلەکردنەوە گلاون .

خاڵی دووهەم :  گاردیان گەلێك ڕاستی ئاشکرا کرد سەبارەت بە هەندێك لە موڵك و خانوو و بەرە و سامان و دیاری خێڵی مەلیك .  لە ئێستادا ئەوەندە دەرکەوتووە کە مەلیك چارڵس بایی نزیکەی 1.8 ملیار لە خانوو و بەرە و زەوی و دیاری و سامانی هەیە هەر بە   تەنها نرخی ئەسپەکانی کە هەیانە بایی 80 ملیۆن پاوەندە گەر بیفرۆشنەوە.

بە داخەوە کە خەڵكێكی زۆر نەك لەناو ئینگلیزدا بەڵکو لەناو ئێمەی بێگانەشدا هەن و بەرگری لە ئەم خێزانە مشەخۆرە دەکەن و دەڵێن خێر و خۆشی بۆ وڵات دەهێنن.