دەیەها کۆبوونەوەی لوتکەیی بۆ پرسی ژینگە ناتوانێت یەك هەنگاو سەرمایەدار بوەستێنیت

03/04/2024

ساڵانە جگە لە کۆبوونەوەی لوتکەیی سەبارەت بە ژینگە و پاراستنی و کەمکردنەوە پیسی و غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە سەدەها کۆبونەوەی وەزیران کۆبونەوەی لاوەکی و سمینیار و قسەو باس و لیدوان لەسەر ژینگە و پاراستنی دەکرێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە و ناتوانێت سەرمایەداری و سەرمایەداران لە وێرانکردنی ژینگە و برسیکردنی خەڵکانێکی زۆر و بڕیادان و کردنی جەنگگەلێکی زۆر  بوەستێنێت .

هەر ئەمساڵ بوو زیاتر لە هەفتەیەك لە کۆبونەوە لوتکەیەکەدا چەندەها بڕیار درا بۆ کەمکرنەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پاكڕاگرتنی ژینگە بەڵام لەوە ناکات بڕیارەکان نیوەشیان جێبەجێ بکرێت.      

بریتانیا هێشتا هەر بەردەوامە بە دانی مۆڵەت بە کۆمپنایا نەوتییەکان بۆ پشکنین و گەڕان بەدوای وزەی دیکەدا. یەکێتی ئەوروپاش چوار هێندە زیاتر پارە دەداتە کێڵگەوانەکان لە بەخیوکردنی ئاژەڵەژکانیاندا لە چاو هاوکاریکردنی گەشەکردنی ڕووەک.

 بەپێی توێژینەوەیەکی ڕۆژنامەی Nature Food، زیاتر لە 80%ی پارەی گشتی کە لە ڕێگەی سیاسەتی کشتوکاڵی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا  EU’s common agriculture policy (CAP) بە کێڵگەوانەکان لە ساڵی 2013دا بۆ بەرهەمە ئاژەڵییەکان دراوە سەرەڕای ئەو زیانانەی کە بە کۆمەڵگەی دەگەیەنن.

یەکێتی ئەوروپا کە بەنیازە تا ساڵی 2050 ئەوروپا بکاتە یەکەم کیشوەری بێلایەن، نەبوونی کارایی خراپ  لەسەر کەشوهەوا، نزیکەی یەک لەسەر سێی تەواوی بودجەی خۆی بۆ یارمەتییەکانی CAP خەرج دەکات. پۆڵ بێهرێنس، توێژەرێکی گۆڕانکاری ژینگەیی لە زانکۆی لایدن کە هاوکارە لە نووسینی توێژینەوەکە دەڵێت: “زۆربەی زۆری ئەو شتانە بەرەو بەرهەمەکانی ئاژەڵ دەڕوات کە ژیانی ئێمە بەرەو لێواری خراپی دەبات”.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، پلانی یارمەتییەکان کە پارەی زیاتر دەدات بەو کێڵگانەی کە زەوییەکی زیاتر داگیر دەکەن، ئەنجامەکەی “دەرئەنجامێکی چەوتی  بۆ گواستنەوەی خۆراک دەبێت”  چونکە ئاژەڵەکان شوێنی زیاتر لە ڕووەکەکان دەگرن و بە شێوەیەکی ناکارامە خۆراکیان پێدەدرێت کە دەکرا ئەو خۆراکانە بگەنە دەستی خەڵک. بۆ بەرهەمهێنانی هەمان بڕی پرۆتین، گۆشتی مانگا پێویستی بە 20 هێندەی ڕواندنی گوێز و بادەم و ئەوانی دیکەی هاوتایپی ئەوان  زەوی زیاتر دەگرێت  و 35 هێندەی چاندنی دانەوێڵەش زیاتر.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە 12%ی مەنحەکانی دەدرێت و لە بەرهەمەکاندا بەرجەستە بوون بۆ دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەنێردرێت، زۆربەیان بۆ وڵاتانی سەروی ناوەڕاست و وڵاتانی داهاتی بەرز. توێژینەوەکە دەریخستووە چین لە مەنحەکانی کشتوکاڵی یەکێتی ئەوروپای زیاتر  لە هۆڵەندا بەکارهێناوە، لەکاتێکدا ئەمریکا زیاتر لە دانیمارک بەکارهێناوە

بەخێوکردنی ئاژەڵان  یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خێرابوونی مردنی گیانلەبەرە کێوییەکان لە سەرانسەری جیهان و بەرپرسە لە 12%-20%ی پیسکەرەکانی گەرمکردنی هەسارەکان کە کەشوهەوا توند توندوتیژتر دەکات. لە دوایین چاکسازیدا بۆ ماوەی 2023–2027، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا چارەکێک لە پارەی ڕاستەوخۆی CAP بۆ “پلانی ژینگەیی” تەرخان بکات کە کێڵگەوانەکان هان دەدات  بۆ کشتوکاڵکردن بە شێوەیەکی ژینگەدۆستانە.

دەیان هەزار کەس لە تەلئەبیب و شارەکانی دەیکەی ئیسرائیل هاتنە سەر شەقام

01/04/2024

ماوەیەکی زۆری ویست تاکو بەرەی دژە جەنگ خۆی کۆبکاتەوە ببێتە هێزێك کە داوای دەست لەکارکێشانەوە نێتەنیاهو بکەن، داوای بەردانی دیلەکان و هەروەها وەستانی شەڕیش .

ڕؤژی شەمە 30/03 لە شارەکانی Tel Aviv, Jerusalem, Haifa, Be’er Sheva, Caesarea هەروەها هەندێك شاری دکەش خەڵكێکی زۆر هاتنە سەر سەرشەقام ، هەر ئاواش دوێنێ تەکشەمە ، 31/03 دووبارە لە تەلئەبیت خەڵكێکی زۆر هاتنەوە سەر شەقام هەمان داواکاری سەرەوەیان هەیە و بە حکومەتی ئیسرائیلی دەڵێن کە کۆڵنادەن لە خۆپیشاندان تاکو نێتەنیاهو دەست لەکاردەکێشێتەوە .

پێشتریش خۆپیشاندان بەردەوام بووە بەڵام زۆر بەکەمی دەتوانرا دروشمی دژ بە جەنگ و هیتافی دژ بە جەنگ بکێشرێت ئەوە تەنها لە لایەن چەپ و سۆشیالیست و نقابەکانەوە بوو ،بەڵام  لە پێرێوە ئەو ئاڕاستەیە گۆڕاوە هەم دروشمەکان زۆر زەق بوونەتەوە هەم بووشنەتە دروشمی جەماوەریی، چونکە ئێستا بە باشی دەردەکەوێت هەتا ئەو حکومەتە لەسەر حوکم بمێنێتەوە ئەوان چاویان بە دیلەکان ناکەوێتەوە بە واتایەکی دیکە ئەوان نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی بە بەربەست دەزانن لە ئاگربەستی و ئاشتەوایی و دواتریش ڕزگاربوونی دیلەکان .

لە ڕاستیدا کێشەی فەلەستینییەکان و جووەکانی ئیسرائیل بە گۆڕینی حکومەتەکان حەل نابێت لەبەر ئەوەی کە حکومەتی ئیسرائیلی سیستماتیکی ڕایسست و تیرۆریستە هەر وەکو حکومەتە بەدوایەکەکانی تورکیا و بەرخوردیان لەگەڵ کورددا.  چارەسەری ئێکجاری بۆ هەردوولایان، واتە فەلەستنی و جوولەکە بەیەکەوە ژیان و بوونی هەموو ئازادییەک بۆ هەردوو لاو و مافی ڕێزگرنتی تاک و کۆممۆنیتییەکان و هەروەها بیناکردنی ئەو وڵاتە بەیەکەوە و دانی بڕیار و جێبەجێکردنیان لە لایەن هەردوو لایانەوە و کۆتایهێنانی  جوداخوازی و هەیمەنە و چەوساندنەوەیەك بە هەموو شێوەکانیانەوە.

کورد دەلێت ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار

01/04/2024

لە راستیدا ژیان لە بریتانیادا و تا ڕادەیەكیش دڵنیام لە زۆر شوێنی دیکەشدا ساڵ بە ساڵ گرانتر دەبێت . من قسە لەسەر جەنگ و تەسککردنەوەی ئازادییەکان و فراوانکردن و لقوپۆپ لێبوونەوەی یاسا و ڕۆڵی چەمکی دژە تیرۆر و دژە سامیست و دژە ئیسلام و تەشەکردنی ڕایسیزم و فاشیسیزم ناکەم…. تد

من تەنها قسە لەسەر گرانبوون، چوونەسەرەوەی تێچووەکانی ژیان بە خواردن و خواردنەوە و پۆشاکەوە دەکەم .  ئەمڕۆ ، دوو شەمە، 01/04 ڕاستە کرێی لانی کەمی کرێکار لە ئەمڕۆوە لە لە 10 پاوەند و 42 سێنتەوە بۆ 11 پاوەند و 44 سێنت لە سەعاتێکدا بەرزکرایەوە ، ڕاستە کە پارەی خانەنشینی بە ڕیژەی لە سەدا 8.5 ، بیمەکانیش تا رادەیەك سەرکەوتوون.  هەر ئاواش ڕاستە پارەی وزەش زۆر بە کەمی شتێك دابەزیوە بەڵام لە چاو پێش جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە هیچ نییە. ئەم زێدەکرێیە و پارەی خانەنشینی و زیادبوونی بیمەکان بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناکرێت لەگەڵ زیادبوونی نرخی هەموو شتێکی دیکەدا .  با لێرەدا داتاکان کە ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە پیشانمان بدەن :

+ پارەی ئاو بە ڕێژەی لە سەدا 6.6 سەرکەوتووە .  ئەمەش یانی لە ساڵێكدا لە نێوانی 27 پاوەند بۆ 473 پاوەند زیادە دەبێت بدرێت .

+ تەلەفون و برۆدبان بە ڕێژەی لەسەدا 8.8 سەردەکەوێت .

+ پارەی کەنسڵ تەکس [ ئەو پارەیە کە لەسەر خانوو دادەنرێت بە گوێرەی جۆری خانوەکە و شوێنەکەی، کە دەدرێت بە شارەوانیی] بە ڕێژەی لە سەدا 5.1 لە ئینگلتەرەدا سەرکەوتووە ئەمەش بۆ خانویەکی ئاسایی 106 پاوەند ئەمساڵ دەچێتە سەرەوە .

+ مۆڵەتی بوونی تی ڤی لە ماڵەکەتدا بە ڕێژەی 6.6 لە سەدا سەرکەوتووە یانی 169.50 پاوەندە بۆ ئەمساڵ .

+ دکتۆری دان ئەوانەی کە لەسەر کەرتی تەندروستی نیشتمانی تۆمار کراون بۆ تەنها تەماشاکردنی دانەکانت بە ڕێژەی لە سەدا 4 زیادی کردووە واتە بۆ ئەمساڵ 26.80 پاوەندە.

ئیتر زیادبوونی کرێی خانوو کە بە ڕێژەی لە سەدا 18 چووەتە سەرەوە و نرخی کڕینی هەموو شتێك لە بازاڕدا بە تایبەت خۆراك و خۆاردنەوە ئەوە سەرکەوتنی نرخەکەی دیاری ناکرێت هەموو شۆپێك دەتوانێت نرخی خۆی دابنێت .  هەروەها تەئمینی سەفەر و تەئمینی سەیارە و خانوو و  تکتی سەفەر و مانگانەی سێنتەرەکانی مەلە و جیم و خزمەتگوزارییەکانی دیکە هەر هەمووی لە ئەمڕۆوە دەچێتە سەرەوە .

ئایا کەسێك هەیە بتوانێت بڵێت لە سای سیستەمی سەرمایەداریدا ژیانی خەڵک بەرەو ئاسانی و باشتر دەڕوات ؟  بێ گومانە هەتا سەرمایەداری لە پێشەوەچوونی زیاتردا بێت ژیانی زۆرینەی خەڵکی بەرەو خراپتر و داڕمان دەچێت، هەتا کۆمەڵە خەڵكێك، کۆمپانیایەك  سامانیان ساڵانە لە زیادبووندا بێت ، دەبێت کۆمەڵێکی دیکە یا زۆرینەیەک لە بەرانبەریاندا هەژارکەون  .

ساڵی پار لیستی چاوەروانی خەستەخانە و دکتۆرە شارەزاکان کورتتر بوو.  ژمارەی بێ خابووبەرە کەمتر بوو ، ژمارەی منداڵانی کە لە ژێر هێڵی برسێتییەوەن ئەمساڵ زیاترە ، ژمارەی ئەوانەی کە بە هاوکاری سێنتەرەکانی بەخشینەوەی خۆراک دەژین لە زیادبووندایە هەروەها ژمارەی خودی سێنتەرەکان خۆشیان گەیشتۆتە 2400 سێنتەر.  من لە پۆستەکانی پێشترمدا ئاماری ئەمانەی سەرەوەم نیشان داوە بۆیە لێرەدا خۆم دووبارە ناکەمەوە.

خۆپیشاندەران و لایەنگرانی فەلەستین لە لەندەن ئۆفیسی بزنس و کاروباری باززرگانییان لەسەر چەکدارکردنی ئیسرائیل داگیرکرد

28/03/2024

هاوپشتیان و لایەنگرانی فەلەستین ئەمڕۆ لە لەندەن دایان بەسەر ئۆفیسی بزنس و بازرگانی حکومەتی بریتانییدا و دەرگای سەرەکی چوونەژوورەوەیان داگیر کرد بەهۆی پەیوەندییەکانیییەوە سەبارەت بە دابینکردنی چەك بۆ ئیسرائیل.

ماوەیەك توانییان بمێننەوە هەتاکو پۆلیس گەیشت و بڵاوەی پێکردن . لەو کاتەدا کە لەوێ بوون ئەم دروسشمە ڕێگە پێنەدراوەیان دەوتەوە ” لە ڕوبارەوە بۆ دەریا فەلەستین ئازاد دەبێت from the river to the sea, Palestine will be free “

لە راستیدا ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر باشترە بەڵام نەك بە دروشمی ڕایسستانەوە زۆر لەو هاو هووەی سەر شەقام کە بە ناوی خۆپیشاندانی لێنراوە کە ڕەنگە کارگرانییەك بۆ دەسەڵات و کارمەندەکانی دروست بکات ببێتە جێگەی مشتومڕی کاربەدەستانی حکومی خۆیان.

بۆ بینینی چەند چرکەیەك لە پرۆتێستەکە تکایە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

https://uk.news.yahoo.com/pro-palestine-protesters-occupy

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئینگلتەرەدا ساڵانە ٣٠٠ ملیار پاوەندی تێدەچێت

28/03/2024

بەپێی توێژینەوەکان، نەخۆشییە دەروونییەکان ساڵانە ٣٠٠ ملیار پاوەندی لە ئینگلتەرا تێدەچێت، کە یەکسانە بە نزیکەی دوو ئەوەندەی بودجەی بەشی تەندروستی .  توێژەرانی سەنتەری تەندروستی دەروونی کاریگەرییە ئابووری و تەندروستی و چاودێرییەکانی نەخۆشی دەروونییان شیکردەوە، هەروەها تێچووی مرۆڤ لە کەمبوونەوەی کوالیتی ژیان و خۆشگوزەرانییەوە.

بەڵام هەر وەکو هەموو توێژینەوەیەکی دیکە هەرگیز هۆکاری روودانی ئەمانەی کە روودەدەن باس ناکەن.  بەڵام گەر حاڵەتی وڵاتێکی زۆر زۆر دەوڵەمەندی دونیا بزانیت و ببینیت کە ژمارەی منداڵان کە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن چووەتە 4.3 ملیۆن منداڵ ، 6 ملیۆن کەش لە هەژاریدا دەژین ، 1.1 ملیۆن منداڵ قەرەوێڵەی نوستنیان نییە و لەسەر زەوی یا لە باخەڵی باوك و دایکیان دا دەنوون ، 2.6 ملیۆن منداڵ ژەمێکی خواردنیان لە هەژاریدا لە دەست دەدن، چەند ملیۆنێك بە هاوکاری سێنتەرەکانی خواردن بەخشینەوەو  کە 2400 سێنتەرن دەژین کە زۆربەیان کار-یش دەکەن ، 6.80 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەڕوانی دکتۆر و خەستەخانەکاندایە …. جا کۆمەڵێك ئەمە حاڵی بێت بێ گومان زۆر زیاتر لەو پارەیەی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونی . 

کەسێك دوو ساڵ لە چاوەڕوانی دکتۆر و چارەسەردا دا بێت، دایکێك ، باوکێك ئەوەندە توانای داراییان نەبێت کە سێ ژەمە نان بدەنە منداڵەکانیان ، یاخود گەنجانێك کە خوێندنیان تەواوکردووە بەڵام ناتوانن لەو بوارەی خۆێندنەکەیاندا کە تەواویان کردووە  کار بکەن …. چۆن توشی نەخۆشی دەرونی نابن ؟ا

 ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن تۆڕی تەندروستی دەروونی کۆنفیدڕاڵی بەشی تەندروستی نیشتمانییەوە   NHS ڕاسپێردراوە، حیسابی بۆ کراوە کە لە ساڵی 2024، نەخۆشییە دەروونییەکان 130 ملیار پاوەند لە تێچووی مرۆیی و 110 ملیار پاوەند لە تێچووی ئابووری و 60 ملیار پاوەند لە تێچووی تەندروستی و چاودێری تێچووە.

ئەمەیە حەقیقەتی سیستەمی سەرمایەداریی، چاوەروانی باشتری لێناکرێت کە لە کاتێکدا ژمارەی سامانداران لە هەڵتۆقیندایە و لە بەرانبەریشیان هەژاران ، لە کاتێکد ئەو کەلێنەی نێوانیان لە زیادبووندایە.

مانگرتنی دکتۆرەکانی کۆریای باشوور زیاتر و فراوانتر بووە

May be an image of 4 people, hospital and text

25/03/2024

دکتۆرە نوێیەکانی کۆریای باشوور ،  واتە ئەوانەی کە هێشتا لەژێر چاودێری دکتۆرە شارەزاو پسپۆڕەکاندا کار دەکەن کە لە 20/2 وە لە مانگرتندان مانگرتنەکەیان بەردەوامە.

 لە ئێستادا هەندێك لە پرۆفیسۆرەکان و دکتۆرەکانی دیکە بۆ هاوپشتی ئەمان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و ئەوانی دیکەشیان لە مانگرتندان و ئەوانەشیان کە ماونەتەوە تەنها مامەڵە لەگەڵ ئیمێرجنسی دا دەکەن . لە وێنەیەکیان دا دەیبینن ئەوە نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەیان لەسەر مێزەکان دایدەنێن.

مانگرتنی دکتۆرەکان کە لە سەدا 93 یان مانیان گرتووە  لەسەر ئەوەیە کە وەزیری تەندروستی کۆریی بڕیاری داوە لە ساڵی ئایندەوە ، 2025 ، ساڵانە 2000 قوتابی لە کۆلیژی پزیشکی وەرگرن بە هۆی کەمی دکتۆر و ڕێژەی خەڵکانی بە تەمەن و پیرەوە .  دکتۆرەکان دەڵێن وەرگرتنی ئەم ژمارە زۆرە وەکو کورد دەڵێت ” زۆرە و بۆرە” و ئاستی زانیاری و بە تەنگەوە هاتن و چاودێریکردنی نەخۆش دادەبەزێنن ، هاوکاتیش داوای بەرزکردنەوەی موچەکانیان دەکەن و کەمکردنەوەی کاتی سەر ئیش و باشکردنی هەلومەرجی کارکردنیان .

بە داخەوە  دامەزراوەی  تەندروستی  بریتانیا بەرەو هەرەسهێنان دەڕوات

May be an image of 6 people and hospital

25/03/2024

بەشی تەندروستی بریتانیا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزرنێرا دامەزراەیەکی خزمەتگووزاری گەورە و گرنگی بریتانیا بووە. بە داخەوە سیاسەتی حکومەتەکانی حیزبی موحافیزین و پارتی لەیبەر [ کرێکاران] کە لە سەر حوکم بوون وردە وردە کلك و گوێیان کردووە بە فرۆشتنی هەندێکیان و بە ئەهلیکردنی هەندێکی تریان و داخسنتی بەشێک لە خەستەخانەکان  وەکو بەشی لەدایکبوونی منداڵان و بەشی ئیمێرجنسی و بەشەکانی گەلێك لە نەخۆشی شێرپەنجە  کە پێویستیان بە دکتۆری شارەزا و پسپۆڕە لەگەڵ دوو یا سێ خەستەخانەی دیکەدا کردونیان بەیەك .

 لە لایەکی دیکەشەوە دەستگرتنەوەی پارەی پێویست لە خەستەخانەکان و بیرۆکراتییەتی ئیدارەی خەستەخانەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بە تایبەت هاتنی خەڵکانی بێیانە … هەموو ئەمانە  لە پاڵ نەدانی پارەی تەواو بە نێرس و دکتۆرەکان وای کردووە کە زۆرێک لە دکتۆرەکان و ددکتۆری شارەزا و پسپۆڕ  کارەکانیان بەجێبهێڵن و یا بچن لە خەستەخانە ئەهلییەکاندا کار بکەن یاخود کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی وەکوە ئوسترالیا و ئەمەریکا و هەندێك وڵاتی ئەوروپی کە بارودۆخی کارکردن و بەرزی موچە لەوێ باشترە لە بریتانیا.

لە دووساڵی 2022 و 2023 دا 12،400 نێرس کارەکانیان بەجێهێلاوە هەم لەبەر کەمی موچە و هەم لەبەر زۆری کار و کاتی درێژی سەر  کار .  هەر بە تەنها لە ساڵی 2023 دا 8،680 نێرس دەستبەرداری کارەکانیان بوون. بەو هۆیەوە لە ئێستادا بەشی تەندروستی 40 هەزار نێرسی پێویستە لەگەڵ 5 هەزار دکتۆردا .

بە گوێرەی دەیتایەکی نوێ دەرکەوتووە کە لە کاتێکدا نێرسێك / پەرستارێک لە بەریتانیا بە تێکڕا ساڵانە 46 هەزار دۆلار (36،500 پاوەند) داهاتی هەیە – بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە ئوسترالیا (71 هەزار دۆلار یان 56 هەزار و 350 پاوەند)، نیوزلەندا (57 هەزار دۆلار یان 45 هەزار پاوەند) و ئەمریکا ( 84 هەزار و 900 دۆلار یان 67 هەزار پاوەند). لبێ گومان قسە لەسەر نێرسی شارەزا و خاوەنئەزموونە ، نەك ئەوانەی کە تازە دەستبەکار دەبن یا خزمەتیان کەمە.

مانگانە ژمارەی منداڵان لە بریتانیا کە لە هەژاریی ڕەرهادا دەژین لە زیادبووندایە

24/03/2024

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی 300هەزار منداڵی دیکەی بەریتانیا لە لوتکەی قەیرانی تێچووی ژیاندا کەوتنە هەژارییەکی ڕەهاوە.

بەم شێوەیە نزیکەی پێنجیەکی دانیشتووانی بریتانیا لەگەڵ پێداویستییە سەرەتاییەکاندا کێشەیان هەبووە و هەیە، ئەمەش دەردەکەوێت، لەکاتێکدا ڕێکخراوە خێرخوازیەکان حکومەت  تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە پرسی هەژارییدا شکستی هێناوە.

 

ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە نزیکەی 300 هەزار منداڵی دیکە لە یەک ساڵدا لە لوتکەی قەیرانی تێچووی ژیاندا لەناو هەژارییەکی ڕەهادا دەژین بە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیانەوە.  ئاستی برسێتی و هەژارییان وای لێکردون کە پەنابەرن بۆ سێنتەرەکانی دابەشکردنی خۆراك .

کەمپەینکاران حکومەتیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە نەیتوانیوە هەژارترین خێزانەکانی بەریتانیا بپارێزێت، چونکە دوایین ئاماری هەژاری دەریخستووە 600 هەزار کەسی دیکە کەوتوونەتە هەژاریی ڕەها ئەمەش بەگوێرەی پێوەرە هەژارییە پەسەندکراوەکەی وەزیرەکان – لە ساڵی 2022-23 کاتێک هەڵاوسان لە لوتکەی 10% بوو.

بە گشتی، لە ماوەی ساڵەکەدا 12 ملیۆن کەس لە هەژارییەکی ڕەهادا بوون – کە یەکسانە بە 18%ی دانیشتووان، لەنێویاندا 3.6 ملیۆن منداڵ – ئاستی سەختی دوایین جاری ئەم حاڵەتە  لە ساڵی 2011-12 دوای داڕمانی دارایی بینراوە.

دوایین ئاماری داهاتی ماڵان لە خوار مامناوەندییەوە کە لەلایەن وەزارەتی کار و خانەنشینییەوە بڵاوکراوەتەوە، هەروەها دەریخستووە کە لە ساڵی 2022-2023دا:

زیاتر لە دوو لەسەر سێ (69%)ی منداڵانی بەریتانیا لە هەژاریدا لەو خێزانانەدا ژیاون کە لانیکەم دایک یاخود باوك یەکێکیان کاردەکەن ، لەکاتێکدا 44%ی منداڵانی باوکان و دایکانی تەنیا باڵ لە هەژاریدا بوون.

نزیکەی یەک لە هەر 10 (8%) خانەنشینان کێشەیان هەبووە بۆ خواردنی بەردەوام، پێدانی پارەی پێویست یان گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان، ئەمەش ساڵ بە ساڵ 2 خاڵ لەسەدا زیادیکردووە، و یەکەم زیادبوونی ڕێوشوێنی سەختی ماددی لەنێو ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە لە ساڵی 2014 وە.

بە مەزەندەکردن 2.9 ملیۆن منداڵ لە هەژارییەکی قووڵدا بوون، واتە داهاتیان لانیکەم 50% لە خوار هێڵی هەژارییەوە بووە. نزیکەی نیوەی (46%)ی هەموو ئەو خێزانانەی کە سێ منداڵ، یان زیاتریان هەبووە، لە هەژاریدا بوون.

هەروەها هەژاری منداڵان لەسەر پێوەرە ڕێژەیی هەژاری زیادی کردووە کە لەلایەن کەمپەینکارانەوە پێیان باشترە، بەجۆرێک 100 هەزار گەنجی دیکە کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری، واتە یەک لەسەر سێی منداڵانی بەریتانیا (4.3 ملیۆن) لە ساڵی 2022 -2023 لەسەر ئەم حیساباتە لە هەژاریدا بوون.

سێ شارەانی لە ئینگلتەرا کە زۆرترین بەرزبوونەوەی هەژاری منداڵانیان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا (2014-15 تا 2022-23) تۆمارکردووە، بەپێی ئامارەکانی NEF، بریتین لە نۆتینگام (16 خاڵ بەرزبووەتەوە، لەگەڵ 40%ی منداڵان لە هەژاریدا)، بیرمینگهام (14 خاڵ بەرزبووەوە، 41%) و لێستەر (13 خاڵ بەرزبووەوە، 41%).

بزوتنەوەی لاوانی پەنەما دەیانەوێت سیستەمی حوکمداری لە ڕێگای دیمۆکراتی گەنجانەوە بگۆڕن

23/03/2024

پەنامە وڵاتێکی جوان و سروشتی سەرنجڕاکێشی بۆ گەشتکەران هەیە .  لە سەدا 50ی خەڵکەکەی تەمەنیان لەژێر 40 وەن ، سێیەکی ئەمانە تەمەنیان لە خوار سی ساڵییەوەیە، پەنەما لە سەدا 32ی دارستانەکەی بڕاوە و لە سەدا 68ی ماوە .

حوکمرانانی ئەوێ وەکو زۆربەی هی وڵاتانی دیکە دەستەیەکی سیاسی شکستخواردوی دز و گەندەڵن کە ئەوەی لایان گرنگە باخەڵی خۆیان و خۆشگوزەرانی خێزان و ئەوانەن کە وەلایان بۆ دەبن .

کەنەدە بەناوبانگە بە کانی مس کە سامانێکی گەوەرەی وڵاتە و هەندێك لە کۆمپانیا گەورەکان بە تایبەتی کەنەدییەکان سەریان تێکردووە. لاوان و گەنجان دەڵێن نەوەی کۆن ناتوانێت و نازانێت حوکم بکات و لە پێداویستییەکانی ئەوان و ژینگە  تێناگەن و غەرقن لە گەندەڵی و دزییدا.  لەبەر ئەمە  باوەڕیان وایە کە کاتی ئەوە هاتووە کە ئەوانە لاببرێن نەوەی نوێ حوکم بکات.  ئەمان کاندیدی هوشیاری ژینگەیان هەیە . 

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا لە شاری پەنەما دژی پارتی دەسەڵاتدار خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا. ئەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی گرێبەستی حکومەت لەگەڵ یەکەمین کۆمپانیای کانزاکانی کوانتەمی کەنەدا دەستی پێکرد، دژ بە گەندەڵی و خراپی سیاسییەکان گەشەی کرد.

لە مانگی ئۆکتۆبەردا، حەوت مانگ پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەنەما، هەزاران گەنجی ژینگەپارێز بە شەقامەکانی شاری پەنەمادا ڕێپێوانیان کرد و داوای داخستنی کانێکی مسی چاڵ کراوەیان دەکرد، کە یەکێکە لە گەورەترین کانەکان. ئەوان دروشمی “زێڕی پەنەما سەوزە” و “زبڵدانی PRD“یان بەرزکردەوە – کە ئاماژەیە بۆ پارتیدۆ ڤۆلۆسیۆناریۆ دیمۆکراتیکۆ (پارتی شۆڕشگێڕی دیموکراتیک)ی حوکمڕان، کە لە مێژە هەیمەنەی سیاسی بەسەر وڵاتەکەدا هەیە. زۆری نەخایاند، کەسانی دیکە لە سەرانسەری کۆمەڵگەی پەنەما پێیانەوە پەیوەست بوونەوەوە و بەشداریان کرد لەوانە : خەڵکە ئەسڵییەکەی پەنەما ، کرێکاران، خوێندکاران و کارگەرەکانی ئینستاگرام، وەك ناڕەزاییەکی ژینگەیی دەستیپێکرد دژی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی لقێکی ناوخۆیی کۆمپانیای فەرست کوانتەم مینەراڵزی کەنەدیی. ناڕەزاییەکە لە خۆیدا بوو بە ناڕەزایی بە کۆمەڵیی دژ بە حکومەت و گەندەڵی دامەزراوەکان.

بەڵام ئەو گەنجانە کە بە چالاکییەکانیان ئەوەیان کرد تەنها وەک هەنگاوێکی یەکەم بەرەو پەنەمایەکی نوێ دەیزانن کە پارکە نەتەوەییەکان و دارەستان و و جەنگەڵ و کەناراوەکانی وڵاتەکە و تواناکانی وەک شوێنێکی گەشتیاری و ناوەندێکی وزەی سەوز لە باوەش بگرێت. لە ٥ی ئایار کە ڕۆژی هەڵبژاردنە، هیوادارن دەست بکەن بە بنیاتنانی ئەو داهاتووە.

ڤامڤاس، کە گەنجێکی چالاکوانە دەڵێت: “دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایتەتی کۆمەڵایەتی لە مانگی ئۆکتۆبەردا، زۆرێک لە گەنجانی دیکە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت دەنگەکانمان بەکاربهێنین“. ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەوانەی حوکمڕانیمان دەکەن لە نەوە کۆنەکانەوەن – و زۆرێک لە گرنگی گرنگیدان بە سامانە سروشتییەکان نازانن. مێژوویەکی دوور و درێژی چینێکی سیاسی شەرمەزار و گەندەڵ هەیە”.

جەنگی بێدەنگی سعودییە دژ بە کرێکارانی کۆچبەری بەنگلادشیی

May be an image of 5 people, car, road, street and text
May be an image of 5 people, car, road, street and text

21/03/2024

دەوڵەت و دەوڵۆتکەکانی کەنداو بە تایبەت سعودییە و قەتەر کرێکاری بێیانەی  زۆر زۆری لێیە کە لە بەگلادش و نیپاڵ و شوێنی دیکەوە بۆ دابینکردنی بژێوی بۆ خۆیان و خێزانەکانیا کۆچیان کردووە بۆ ئەوی .

بە گوێرەی داتایەکی نوێ 2.5 ملیۆن کرێکاری بەنگلادشی لە ئێستادا لە سعودییەن کار بۆ پرۆژەی ئامادەکاری  کاسی جیهانی 2034 دەکەن یاخود لە کێڵگە نەوتییەکان و ماڵەکاندا کار دەکەن .  هەر یەك لەمانە بۆ ناردنیان بۆ ئەوێ لانی کەم 3،750 پاوەندی بریتانییان داوە و زیاتر لە نیو ملیۆنیان تا بیناقاقایان قەرزارن. وەکو لە وێنەیەکدا دەبێرێت هەموو ئەو خەڵکە لە بەردەم سەفارەتی سعودییەدان لە  ‘دەکا’ چاوەڕوانی وەرگرنتنی دۆکۆمێنت و مۆڵەتی چوونیان بۆ ئەوێ دەکەن.

کرێکارانی هەژاری بەنگلادشی و نیپاڵی هیچ جۆرە مەهارەیەکی کارکردنیان نییەو بۆیە کە دەچنە ئەوی هەرچی کارە خراپ و مەترسیدارەکانە ئەوان دەیکەن کە ڕۆژانە لە نێوانی 12 بۆ 18 سەعات کار دەکەن  .  بە هۆی کردنی ئەو کارانەشەوە لە نێوانی 2008 و 2022 هەر لە سعودییە 13،685 کرێکاری بەنگلادشی گیانیان لە دەستداوە کە درێژی تەمەنیان لە نێوانی 30 و 60 ساڵدان بەڵام زۆربەیان لە تەمەنی 44 ساڵیدا لەژێر فشاری ئیشدا دەمرن . هەر لە ساڵی 2022 بە تەنها 1502 کرێکار بە هۆی کاری سەختەوە گیانیان لە دەستداوە کە دەکاتە زیاتر لە 4 قوربانی لە ڕۆژیكدا.  ئەوەشی کە تێبینی دەکرێت لە شەهادەی وەفاتیاندا هەمووی نوسراوە بە سروشتی مردووە ، نەخۆشی دڵ ، مێشك، کتوپڕی ، هۆکارەکەی نەزانراوە…. تد .  لە نیوانی مانگی کانوونی دووەمی 2022 و ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا لە سەد 76 قوربانییەکانی بەنگلادش لە سسعودییە هۆکاری مردنەکەیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەنگلادشەوە بە ” سروشتیی” لە قەڵەم دراوە،  ئەمە لە کاتێکدا کە هەر یەك لەو کرێکارانەی پێش ئەوەی بچن بۆ ئەوێ بە گوێرەی یاسای سعودییە دەبێت تۆماری تەندرستی و لەشساغی تەواویان هەبێت دەنا ڕێگایان پێنادرێت .

بەداخەوە کە ئەو کرێکرانە بیتاقەکانیان تەنها یەك سەرییە واتە لەم سەرەوە بە زیدندویەتی دەڕۆن و لەو سەرەوە بە مردوویی دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانیان . لە یەكێک لە وێنەکاندا دەبینی چەند ئیسعافێك لە فڕۆکەخانە ڕاوەستاوە و چاوەڕوانی گواستنەوەی جەنازەکان دەکەن .   لەگەل ئەوەشدا نە حکومەتی بەنگلادشی و نە سعودییە و نە فیفا دەربەستی هیچ نیین، کە ئەمە ئەگەر کرێکارانی وڵاتێکی دەوڵەمەندی پیشەسازی بووایە جۆرێکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و وەکو کەرد دەلێت قیامەت هەڵسابوو.