چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ” پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “

چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ” پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “

هەژێن

٠٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦

خوێنەری هێژا، ئەوەی لە خوارەوە وەك چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ئەو ڕاگەیێندراوە دەیخوێننەوە، بریتییە لە خوێندنەوەی من بۆ  “پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “، هەڵبەتە لەبەر ڕۆشانیی زانیاریی و دەرك و ئەزموونە کەسییەکانی خۆم وەك کەسێکی ئازادیخواز [ئەنارکیست] و پەیڕەوکەری دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خوازیاریی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و چالاکێکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی.

پێش هەموو شت بە باشتر دەزانم، کە ئاماژە بە ئەوە بدەم، کە ٢٣ی فێبریوه‌ری ٢٠٠٩ لەبارەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەیەك لە ڕێکەوتی ١٩ی فێبریوەریی ٢٠٠٩ لە هەرێمی کوردستان بەناوی (بزووتنەوەی هاریکاری) کۆمەڵێك سەرنجی خۆم بە سەردێڕی (بزووتنه‌وه‌‌ی هاریکاری: ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ئاسۆ و ئامانجه‌کانی) لەبارەی ئەو ڕاگەیاندنە نووسین و بڵاوکردنەوە و پێش بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم، من نێرەری ڕاگەیاندنەکەم لە نووسین و بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم ئاگادارکردەوە، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستگیریی پاش بڵاوبوونەوەی سەرنجەکانی من، زۆر لە گوتن و دۆستایەتی پێش ئەوە جیاواز بوو و تەنانەت ئەو هەڵوێستگیرییە بۆ ناکۆکی و دژایەتییەکی بەردەوام و تەنانەت تۆمەتبارکردن و دژایەتیی کەسیی بە کۆمەڵێك ناوی جیاواز درێژبووەوە و تاکو ئێستاش وەك دوژمنێك لەنێو هۆش و کۆڕی ئەو کەسانە هەژماردەکرێم و وەك ئەهریمەنێك بەردباراندەکرێم. هەرچەندە ئەو کەسە ئەو کات نووسیبووی “بەم زووانە وەڵامی خۆمان بۆ بۆچوونە نادروستەکانی هەژێن دەبێت”، بەڵام نە بزووتنەوەیەکی ئاوا لە کەتواری کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و عیراق سەریهەڵدا و نە بوونی هەبوو و نە وەڵام و ڕەخنەگرتن لە سەرنجەکانی من بڵاونەکرانەوە.

لەبەرئەوە، هیوادارم چالاکانی ئەم هەوڵە تازەیە و نووسەران و داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندەش تووشی هەمان هەڵەی دەستەی ڕاگەیاندنی (بزووتنەوەی هاریکاری) نەبن و پێش ئەوەی ئاوا هەڵوێستێك وەربگرن، تەماشای ڕەهەندی ناڕۆشنییەکان بکەن و زیانە ئەگەرییەکان و قۆستنەوەی هەڵە و لاوازییەکان لەلایەن دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان لەبەرچاوبگرن. هەڵبەت دەکرێت ئەم سەرنجانەی من لەنێو دونیای کەتواریی و هەر ئاوا لە کەتواری هەوڵی ڕاگەیێنەران هەڵە بێت، بەڵام هەموو شتێك وێرای هەڵەبوونی هێشتا شیاو و شایستەی شرۆڤەکردن و هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی ئەو و دەتوانێت ئێمە بۆ بیرکردنەوە هانبدات. هیوادارم بەلایەنی کەم ئەم سەرنجانەی منیش وەك هەڵەیەکی هاندەر و وروژێنەر لەبەرچاوبگیردرێن.

دیسانەوە پێش هەموو شت، من لە هەر هەوڵێکی کۆمەڵایەتیی هەر تاکەکەس و دەستەیەك دەستخۆشیدەکەم، کە بۆ زیندووکردنەوەی بنەما کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی کۆمەڵی ئێمە و گێرانەوەی متمانەی تاکەکان بە هێز و توانا و بیرکردنەوە و دیتنی خۆیان هەوڵدەدەن. بە بۆچوونی من خراپ نەدەبوو، ئەگەر هەوڵیانبدرایە لەتەك ئەو دەستەیە کە ١٩ی فیبریوەری ٢٠٠٩ بۆ بەڕێخستنی (بزووتنەوەی هاریکاری) هەوڵیاندا،  پەیوەندیبگرن و لە ئەزموون و توانایی یەکدی کەڵکوەربگرن و هێز و وزە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکبخەن، چونکە (بزووتنەوە و تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) هیچ بەربەستێکی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی نییە، تاوەکو ئێمە خوازیارانی ئەو ئامانجە نەتوانین پێکەوە تێبکۆشین.

بێجگە لەوەش کاتێك کە سەرنجی ئەو پەیج و گروپانەی کە بەناوی ( toribnarati1 تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دەرکەوتوون و ئێستا ئەم ڕاگەیاندنەیان بڵاوکردووەتەوە، یەکەم گروپێکی فەیسبووکییە، کە ڕۆژی ٢ی مارچی ٢٠١٥ دەرکەوتووە و تاکو ١٠ی جونی ئەم ساڵ بێجگە لە بابەتێکی هاوڕێ (سەلام نەجیبە) لەبارەی مانگرتن و خۆنیشاندانەکانی فەرەنسە، هیچ بابەتێکی پەیوەست بە )هاریکاری کۆمەڵایەتیی و بوونی تۆڕێك( بڵاونەکردووەتەوە و لە ماوەی نێوان ١٠ی جونی و ١٣ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەتێکی نەبووە و دەستپێکردنەوەی ڕاگەیاندنی هەواڵی (هەروەزییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی) دەبێت و دوا بابەتیشی ئەم ڕاگەێێندراوەیە، کە من خوازیارم لەبارەیەوە سەرنجەکانی خۆم بنووسم. دووەم، پەیجێکی فەسیبووکییە، کە ڕۆژی ١٠ی مارچی ٢٠١٥ بەناوی (toribnarati تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دروستکراوە و تاکو ١٥ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەت و بڵاوکراوەیەکی نەبووە و هیچ چالاکییەکی بە ئاراستەی هاریکاری کۆمەڵایەتیی نەبووە. خوێنەری هێژا، مەبەست لەم پێشەکییە ئەوەیە کە تۆی خوێنەری هێژا بزانیت لەبارەی کێ و چی دەنووسم و لە چی ڕەخنەدەگرم.

سەرەتا هەرچەندە لە نووسینی ئەم سەرنجانە لە سەرنجدانی لایەنی زمانەوانیی داڕشتنەکە خۆم لادەدەم، بەڵام ناکرێت لە هەڵەبوونی واژەکان بەتایبەت ناوی تۆڕەکە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ”  خۆم لابدەم؛ (تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی) یان (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) ؟

بەدڵنیاییەوە مەبەستی ئەو بەڕێزانە (هاریکاری کۆمەڵایەتیی)ـە و منیش هەر بەو جۆرە  سەرنجی خۆمی ئاراستەدەکەم.  مەبەست لە (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) چییە؛ (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی ئیتەرنێتی) یان (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی شوێنی کار و ژیان) ؟ ئەگەر مەبەست باری یەکەمە، ئەوا پێویستە وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەك فەیسبووك و تویتەر و …تد دەربکەوێت نەك ئەکاونت، گروپ، پەیجی نێو تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی وەك فەیسبووك. دەکرێت تۆڕی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بێت، بەڵام دیسان لەو بارەدا  پێش ئەوە ئینتەرنێتی بێت، پێویستە هەبووی شوێنی ژیان و کاری کۆمەڵایەتیی بێت.

” بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە سەپێنراوەی سیستمی سەرمایەداریی نوێ  “

“سیستەمی سەرمایەداری نوێ” چییە و کەی سەریهەڵداوە؟ ئایا لەتەك سیستەمی “سەرمایەداریی کۆن” جیاوازییەکانی چین و کامانەن؟

” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی لە هەناوی کۆمەڵگەوە خۆی ڕادەگەیەنێت “

ئەم دەستەواکەیە ئەوە دەگەیێنێت، کە ئاوا تۆڕێك پێش ئەوەی پاگەندەیەکی ئینتەرنێتیی ڕۆشنگەر بێت، بوونێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و ئەوە بۆ من لەم دوورەوە دڵخۆشکەرە و ئومێدەکان زیندوودەکاتەوە و بۆ چالاکیکردنی پشتیوانیکەرانە من هاندەدات.

” بەهۆی شۆڕشی وشیارکردنەوەوە، کە لە ئێستاوە دەستی دەدەینێ” ئەم دەستەواژەیە لەلایەن من نەخراوەتە نێو جووت کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوە، بەڵکو هەر بەخۆی ئاوا نووسراوە و من وەك خوێنەرێك لە هۆکاری ئاوا نووسینی تێناگەم، ئایا  دەستەواژەیەکی وەرگیراوە، هی کێیە؟ هەرچەندە من دەستەواژەی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” و (شۆرشی ڕۆشنگەریی) ڕەتدەکەمەوە، بەڵام بۆچی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” بۆ ئایەندە و پاش  ” لە ئێستادا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دەکرێت ڕزگار بکرێت ” هەڵدەگیردرێت ؟

” پرەنسیپەکان:  ١- بڕیارو ڕاسپاردەو گشتێنراوەکان، بە کۆمەڵ بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەدمینەکانی تۆڕەکە، ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت.”

کاتێك بە وردی دەستەواژەی ” ئەدمینەکانی تۆڕەکە ” سەرنجبدەین، ئیدی ئەوە ڕۆشندەبێتەوە، کە مەبەست لە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ” گروپێك یان پەیجێکی فەیسبووکییە، چونکە  ئەدمین یان ئەدمنیستراتۆر فرەتر بواری سەرپەرشتی کۆمپیوتەر و گروپ و پەیج و ئیمەیل ئینتەنێتی دەگرێتەوە و گروپە خۆجێی و هەروەزییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان لەجیاتی  ئەدمین و سەرۆك و بەرپرس و ڕابەر و تاک-سەرپەرشتیکار، دەستەی هەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکانیان هەن.  هۆکارەکەش ڕۆشنە بەکاربردنی کۆ-سەرپەرشتییکردن و کۆ-بەڕێوەبەریی بۆ بەرگرتن بە دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و پاوانگەریی و هەلپەرستیی تاکەکان. لەبەرئەوە ئەگەر مەبەست لە تۆڕی گروپ و هەروەزییە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا ئەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەندامانی گروپ و ڕێکخراو و هەرەوەزییەکان.

بێجگە لەوەش سپاردنی  ” ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت “بە ئەدمینەکانی  گروپ و پەیجەکانی ئینتەرنێتییەکان، لاوەکیکردن و وابەستەکردنی گروپ و هەروەزییە کەتوارییەکانی نێو ژیانی ڕۆژانەیە.  وەك گوتم ئەو ناڕۆشنییە لەلای منی خوێنەر دروستبووە، مەبەست لە “تۆڕی … کۆمەڵایەتی” چییە؛ تۆڕی ئینتەرنێتی یان تۆڕی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان؟

“٢- بەشداریکردنی خانمان و پیاوان بە هاوبەشیی “

ناچارم بڵێم، من لەو جیاکارییە لە شوناسی کەسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کەسەکان تێناگەم؛ ئەگەر بۆ ژنان “خانمان” بەجێیە،  ئەی بۆ پیاوان چی؛ بۆچی (ژنان و پیاوان) نەبێت ؟

“٣- باوەڕ نەبوون بە توندو تیژیی و بەرامبەر بەوەش وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سیستم، نەک دەزگاو فەرمانگەکان.”

باوەڕنەبوون بە توندوتیژی یەکێکە لە  بنەما هەرە پەسندەکان، بەڵام مەگەر ” دەزگاو فەرمانگەکان ” بەشێك لە سیستەمەکە نین؟  ئەگەر وەڵام [نە]یە، ئەدی سیستەم چییە؟ ئەگەر چارەسەر پێشنیارکردن و جیگیرکردنی ئەڵتەرناتیڤی “دەزگاو فەرمانگەکان” وەك یەکەی بنکەیی و پایەی سیستەمەکە نییە، ئەدی چۆن ئەڵتەرناتیڤی سیستەمەکە پێشنیار و جێگیردەکرێت و چۆن لە بنکەوە لە سیستەمەکە دەدرێت؟ ئایا ئەوە دیسانەوە گەڕانەوە نییە بۆ سەر بنەمای (لە سەرەوە بۆ خوارە) یان ڕوخاندنی دەسەڵات و جێگیرکردنەوەی بە دەستەیەك بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی؟

“٥- پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا.”

مەبەست لەو بنەمایەی سەرەوە چییە؟ بۆچی و لەپێناو چی پێکەوە کاردەکەن؟ بەداخەوە من لە دەستەواژەی  “پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” دەتوانم تەنیا ئەوە تێبگەم، کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ چینی سەرمایەدار و توێژە سەروەرەکەی/ دەسەڵاتدارەکەی ئەو چینەش دەگرێتەوە. ئەگەر وەڵام [ئەرێ]یە، چۆن چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوە دەتوانن پێکەوە کاربکەن، چۆن چینی بۆرجوازی وەك یەکێك لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ  دژی سیستەم و یاساکانی خۆی (بۆرجوازی کورد)، کە سەروەر و پارێزەری سیستەمە نائازاد و نایەکسان و ناداپەروەرەکەیە، کاردەکات؟ ئەی مەبەست لە” پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگە” چییە؟ ئایا هەژاری زۆرینە هاوسەنگی دەوڵەتمەندیی کەمینە نییە؟ ئایا سەروەریی کەمینە هاوسەنگی ژێردەستیی زۆرینە نییە؟

“٧- بوارنەدان بە دەرکەوتنی هیچ تاکێک وەک پێشەنگ و سەرۆک و دەمڕاستی تۆڕەکە، هەموو بڕیارە چارەنوسسازەکان بە کۆمەڵ دەدرێت. هەرەوەزییەکان سەربەستن لە هەر جۆرە بڕیاردانێکدا لە سنوری چالاکیی خۆیان، بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەس و دەستەیەکی تر.”

هەرچەندە لێرەدا دیارە مەبەست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی نائینتەرنێتیی و هەروەزییەکانە. بەڵام هێشتا منی خوێنەر ناتوانم لەسەر ئەوە ساخببمەوە، کە مەبەست گروپی ئێنتەرنێتی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتییە یان تۆڕی کۆمەڵایەتیی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتیی شوێنی ژیان و کار؟

چونکە ئەگەر مەبەست یەکەم بێت، ئەوا ئەو بنەمایانە /پرنسیپڵانە پێویست نین و کاراییان نابێت و ڕۆڵی ئاوا تۆڕێت لە پاگەندە و ئاڵوێریی زایارییەکان واوەتر ناڕوات، ئەگەر مەبەست دووەم بێت، ئەوا ئەدمین بە واتای (دەرکەوتنی هەندێك تاك وەك پیشەنگ و سەرۆك و دەمراست تۆڕەکە و تەنانەت هەموو خەڵکی) دێت .

“٩- باوەڕ بوون بە دیموکراتیکی راستەوخۆو سیستمی خۆبەڕێوەەریی.”

ئەم بنەمایەش تەواو پێچەوانەی سیستەمی بوونی ئەدمینەکانە و بە کۆڕ و کۆمەڵی خۆجێی پەیوەستە،  چونکە لەنێو جیهانی ناکەتواریی گروپ و پەیجی تۆڕە ئینتەرنێتییەکان هەم دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ واتانابەخشێت و هەم نا-خۆبەڕێوەبەریی بوونی نییە و دروستکەرانی هەموو گروپ و پەیجێك بەخۆیان بەڕێوەبەر و سەرپەڕشتیکاری گروپ و پەیجەکانیانن. بەڵام بۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی گروپ و هەروەزییە کەتوارییە کۆمەڵایەتییەکان جوانترین و هەرە پێویستترین بنەمایە.

“١٠- باوەڕ نەبوون بە ئایدیۆلۆژیاو هەموو ئەو بیرو فیکرانەی دەبنە مایەی کۆتکردنی مرۆڤ.”

بە بۆچوونی من، هەرچەندە من بە سەراپای بوونمەوە دژ و ڕەتکەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و زۆبەری بابەتەکانم لەو بارەوەن، بەڵام لەنێو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و گروپ و ڕێکخراو و هەروەزییەکان ناکرێت و ناتوانرێت و دروستیش نییە، کە بڕوانەبوون بە ئایدیلۆجیا بکرێتە بنەما، چونکە پێویستە و دەبێت بەشداران ئازاد بن و بەو جۆرەی خۆیان دەخوازن، تەنیا مەرجێك یان بنمەمایەك ئەوەیە، کە بوارنادرێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بە  دەستەگەریی ئایدیۆلۆجیی پارچە پارچە و دابەشبکرێت. بە واتایەکی دیکە مەرجی باوەڕنەبوون بە ئایدیۆلۆجیا بەسەر بەشداران ناسەپێندرێت، بەڵام مەرجی بەرگرتن بە ئایدیۆلۆجییکردنی بزووتنەوەکە دەبێت هەبێت و پێویستە.

” میکانیزمی خۆبەڕێوەبەرێتیی:  ١- دامەزراندنی هەرەوەزییەکان و کارکردن لە سنوری چالاکیی خۆیاندا، بە مەرجێک لە 2 کەس کەمتر نەبێت و بە ناوی هەرەوەزییەکەوە دەناسرێن. سنوری چالاکییەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، هەموو گوندو شاروچکەو شارەدێ و گەڕەک و شارێک دەگرێتەوە.  ٢- بە هەر ١٠ هەرەوەزیی، لە سنورێکی جوگرافیی، یان لە جۆرێکی پیشەیی هاوبەشدا سەندیکا پێک دەهێنن.
٣- بە هەر ١٠ سەندیکا فیدراسیۆنێک پێک دەهێنن.. هەماهەنگیی فیدراسیۆنەکان ئازادانە دەبێت. “

بە تێگەییشتنی من و بۆچوونی من، ئەم سێ خاڵەش هەر بنەمان و میکانیزم نین، میکانیزمی کارکردن و خۆبەڕێوەبەریی دەکرێت شتی دیکە بێت. لەوانە کۆبوونەوەی گشتی، هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ** و لەکارخستنی نوێنەرایەتی کەسێكی هەڵبژێردراو، ماوەی نێوان کۆبوونەوە گشتییەکان و پێداویستیی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەگەر دانیشتووانی کۆڵان و گەڕەك، گوند یان کرێکارانی کارگەیەك، لکی کارخانەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك، مامۆستایان یان خوێندکارانی فێرگەیەك ئەوە بخوازن.

ئەگەر  لەو سەرنجەش بگوزەرێم هێشتا نادروستییەك لە خاڵی دووەم و سێیەم دەبینم، کە دیاریکردنی هەژماری خوازراوی هەرەوەزییەکانە، چونکە ئەگەر لە ناوچەیەك یان هەرێمێك ئەو ژمارە نەبێت، کەواتە مافی پێکهێنانی سەندیکایەك بۆ ئەوان نییە. ئەی ئەگەر لە هەرێمێك هەژماری سەندیکاکان کەمتر لەو هەژمارە خوازراوە بێت، کەوایە دیسانەوە ئەوانیش مافی پێکهێنانی فێدراسیۆنێکیان نابێت .

لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ سەرهەڵدەدات، ئەوانە کێن کە ئەو بنەمایانە بۆ هەرەوەزییەکان و سەندیکاکان و فێدراسیۆنەکان دیاریدەکەن، لە کاتێکدا کە نە هەرەوەزییەکی بەرهەمهێن و نە هەرەوەزییەکی خۆکۆمەکیی و نە سەندیکا و نە فێدراسیۆنێك لە ئارادا نییە و ئەوی هەیە، تەنیا پاگەندەکردنە بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێکخستنانە. ئایا ئەوە بڕیاردان نییە لە سەرووی ویستی کەسەکان و بەناوی ئەوانەوە؟ ئایا ئەوە چوارچێوەسازیی ئایدیۆلۆجیی نییە بۆ بزووتنەوەکان؟ ئایا ئەوە دروستکردنی و داڕشتنی کڵێشەی پارتییەکی تازە نییە؟

بە دیتنی من و زانیاریی من لە ئەزموونەکانی ڕابوردوو، پێداویستیی هەروەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆن هەبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە؛ کاتێك کە سەندیکایەك یا چەند سەندیکایەك هەبن، خۆبەخۆ پێداویستی یەکگرتنی ئەوان بنەمای یەکگرتنەوەیان لەنێو ڕێخکراوێکی ناوچەیی، هەرێمیی و سەرتاسەری دەسەپێنێت. نەك پێچەوانەکەی گروپ و هەروەزیی و بوونیان نەبێت و چوارچێوەیان بۆ دابڕێژرێت. ئەمە ئەو شتەمان بیردەخاتەوە، کە جارێکیان کابرایەك لە مامۆستا گۆرانی هۆنەر دەپرسێت “مامۆستا ئەگەر کوڕێکم هەبێت، بیهێنم تۆ لە فێرگە وەریدەگریت؟ ” مامۆستا گۆران بەو جۆرە وەڵامدەداتەوە “جارێ تۆ بڕۆ کوڕەکە دروستبکە، ئینجا وەرە لای من ناوی تۆماربکە”..

” بەرنامەی کاری هاوبەش:    ١- هەنگاونانی خێرا بۆ فراوانکردنەوەی هەرەوەزییەکان، بە کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا.”

مەبەست لە کارکردن لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ چییە؟ بڕیارە کێ ئەو کارەبکات، ئایا منی بێکار دەتوانم لەنێو خوێندکاران چالاکیبکەم و ئەوان ڕێکبخەم و بە ئەوان هوشیاری ببەخشم، ئایا منی خوێنکار دەتوانم لەنێو کرێکاران چالاکیبکەم و ئەوان رێکبخەم و بە ئەوان هوشیاریی ببەخشم و بەو جۆرە تا دەگاتە نێو چینی بۆرجوازی  و توێژی دەسەڵاتداران، کە ” هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” ئەوانیش دەگرێتەوە.  جارێکی دیکە، کێن ئەوانەی کە بە ” بە هەنگاونانی خێرا و کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەرەوەزییەکان فراواندەکەنەوە ” ؟ ئایا ئەو دەستە نادیارە جۆرێك لە دەستەبژێری ئاراستەکەر و پارتییەکی ڕانەگەیێندراو نییە؟

“٣- کارکردن و پێکهێنانی هەرەوەزیی لەناو فەرمانگەو خوێندنگەکان، بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ.”

بە دیتنی من چالاکیکردن و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییەکان لە هەر شوێنێك کارێکی زۆر گرنگ و باشە، بەڵام بەبێ ” بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ “. چونکە سەپاندن واتە دیکتاتۆریی، سەپاندن واتە سەندنەوەی هەموو مافێك لە کەسەکانی ئەو شوێنە، سەپاندن واتە ناچارکردن، سەپاندن واتە چەپاندن، سەپاندن واتە پێشێلکردنی هەموو ماف و ئازادییەك و سەپاندن ڕەتکەرەوەی یەکجارەکی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆیە و دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆش واتە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو سیستەمانەی [ڕەگەزسالاریی، نەژادسالاریی، نەتەوەسالاریی، ئێتن-سالاریی، ئایینسالاریی، دەستەبژێرسالاریی، پارتییسالاریی، جەنەڕالسالایی،  پاشاسالاریی  و پارلەمانسلارایی و فەرماندارسالاریی و دەوڵەتسالاریی] کە سەپێندراون و لە دەرەوەی خواست و ویستی کەسانی ژێردەستەوەن. لەبەرئەوە من ناتوانم و نازانم چۆن لە بەکاربردنی واژەی سەپاندن بۆ جێگیرکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ تێبگەم.

“٥- دەستخستنی داراییەک لە ناوخۆی تۆڕەکەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی داهاتوو، بە وەگەڕخستنی پرۆژەی بچوک لە شوێنە جیاوازەکاندا.”

بێجگە لە ئەوە کە هێشتا سنووری نێوان گروپ و پەیجی ئینتەرنێتیی و گروپ و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی ناڕۆشنە و

لێرەدا بێجگە لە ئابوونەی ئەندامەتیی کەسەکان لەنێو هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆنەکان و ئینجا تۆڕەکەش وەك پارتییەك لە سەرووی گشت ئەوانەوە، ناتوانم هیچی دیکە وێنابکەم. بەبۆچوونی من، لە سەردەمێکدا کە خەڵك نانی نییە بخوات، مەرجکردنی ئابوونە و هەر ئاوا لەنێو کۆمەڵێك، کە پارتییایەتی و فەرمانداریی و دەوڵەت و نەزمی نوێی بازار بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی گومان و نەهێشتنی متمانە، توانیوویانە گەندەڵیی کۆمەڵایەتیی بکەنەوە، دەستبردن و ناوهێنانی پیتاك و ئابوونە و سندوقی مالی دەتوانێت هەڵەیەکی گەورە و زەمینەسازییەك بێت بۆ تۆمەت و پیلانی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت و دەست و پەیوەندەکانیان دژی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکاندنەوە و نائومێدکردنی کەسەکان. لەو بارەوە پێویستە بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و گرتنی هۆڵ و قاوەخانە و …تد هەموو جارێك پێش گەشتکردنی چالاکەکە بۆ کۆڕێك یان کۆبوونەوەیەك، ئەوانی دیکە بۆ خۆبەخشانە کۆمەککردن بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و پێداویستییەکانی دیکە بانگەوازبکرێن و بڕێك کە کۆدەبێتەوە لە کۆتایی کۆڕ یان کۆبوونەوەکە ڕابگەیێنرێت، ئەوەی لێرەدا من وەك نموونە و پێشنیارێك دەیهێنمەوە، ئەزموونێکە کە من لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی چالاکە ئەوروپییەکان فێریبووم.

بە کورتی سەراپای ئەو ڕاگەیاندنە تێکەڵوپێکەڵییەکی زۆری هەیە و بنەما کراوە بە میکانیزم و دواتر بەرنامە کە دیسانەوە هەر کۆمەڵێك بنەمان و تەنیا خاڵی سێیەم و و پێنجەم  دەچنە خانەی بەرنامەکار و ئەوانی دیکە بنەمای کارن، تێکەڵوپێکەڵ کراون.

بێجگە لەوەش، ئەو خاڵانەی کە لەنێو ئەم ڕاگەیێندراوە ڕیزکراون، پەیوەندییان بە کاری پاگەندەی ئینتەنێتی و تەنانەت گروپی پاگەندەی خۆجێیشەوە نییە. هەر ئاوا لیستی ئەو ناوانەی کە ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ سات ٨:٢٩ خولەك بڵاوکراونەتەوە، زیاتر کۆمەڵەی دەستەبژێری توێژەکانن و هەندێکیان هیچ واتایەکیان نییە و تەنانەت لەنێو ژیانی کەتواریی خەڵك واتانابەخشن لەوانە ” هەرەوەزی ئەندازیارانی شارستانی ” ئەی (هەرەوەزیی ئەندازیارانی ناشارستانی) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتی نییە؟  ” هەرەوەزی کچانی رۆشنبیر/ کەرکوک ” ئەی (هەرەوەزیی کچانی ناڕۆشبیر) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتیکردن نییە؟  ئایا ئەوانە هەرەوەزین یان کۆمەڵە و ڕێکخراو و دەستە؟ ئایا ئەو هەرەوەزییانە چ وەك بەرهەمهێنان و چ وەك خۆکۆمەکیی بوونیان هەیە، ئەگەر وەڵام ئەرێییە، بەرهەمەکانیان چین، کۆمەکەکان چین و چۆن و لە چی ئاستێك ئاڵووێردەکرێن و تاکو چ ڕادەیەك توانیوویانە هاریکاریی کۆمەڵایەتیی بکەنە ئەڵتەرناتیڤی کەتواریی نێو  ژیانی ڕۆژانەی بەشدارانی ئەو هەرەوەزییانە؟

خاڵێك یان سەرنجێك کە ناتوانم بەسەری بگوزەرێم و خۆم لابدەم ئەوەیە، ئایا لەنێو کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ ئەو خاڵانە شرۆڤەکراون و دەنگدان / ڕێکەوتن و ئەنجامگیریی کراون؟ ئایا نوێنەرانی بەشداربوونی هەرەوەزییەکان لەنێو ئەو کۆبوونەوە کورتەیەك لەبارەی پرۆژەی هەرەوەزیی و ئامانج و ئاستی گەشەکردن و پێشوازیی خەڵك لە هەرەوەزییەکە و ئەزموونەکانی چالاکی و کارە نێوخۆییەکانی هەرەوەزییەکان پێشکەشکراوە و لەتەك گروپ و هەرەوەزییەکانی دیکە زانیاریی و ئەزموونەکانیان ئاڵووێرکراون؟ ئایا تۆڕی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوانیان ڕێکخراوە؟ ئایا پەیرەوی نێوخۆی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا ژمارەی ئەندامانی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا بە شێوازی کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرپەرشتی یان نوێنەرایەتی خۆیان ئاماژەیانداوە؟

بەداخەوە لەنێو خاڵی بنەماکان و میکانیزم و بەرنامەی کار بە هەموو شێوەیەك تارمایی سەرپەرشتیاکارنی تۆڕەکە وەك پێکهایەتیەکی قووچکەیی و نێوەندیی سەرەتاتکێدەکات؛ ئایا گروپ و هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسێۆنەکان بێجگە لە ئەرك لە بەرانبەر سەرەوەی تۆڕەکە، هیچ مافێکیان هەیە؛ ئەگەر هەیانە کامانەن و بۆچی بەو مافانە ئاماژەنەدراوە؛ بۆ نموونە ئەگەر نوێنەرانی گروپ و هەرەوەزییەکان لەنێو سەندیکاکان و نوێنەری سەندیکاکان لەنێو فێدراسیۆنەکان پێچەوانەی هەڵبژێرەران و نێرەران جوڵانەوە یان سەرپەرشتیکارانی سەرەوەی تۆڕەکە پێچەوانەی خوارەوە جوڵانەوە چی؟ هەرەوەزییەکان، سەندیکاکان، فێدراسیۆنەکان، چی مافێکیان هەیە و دەتوانن چی بکەن و بە چی میکانیزمێك لەو شتانە ڕێگرییدەکەن؟

وێڕای ئەم سەرنجانە و ناڕۆشنییەك کە هێشتا لەلای من نەڕەویوەتەوە، دەستی یەك بە یەکی چالاکانی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان دەگوشم و هیوادارم هەنگاو بە هەنگاو لە نێوەندییبوونەوە و سەرهەڵدانی ڕێکخستنی قووچکەیی و بەرتەرییخوازیی و ناوبانگخوازیی و ئۆتۆریتەگەریی کەسەکان ڕێگرییبکەن و هاوکات ئەڵتەرناتیڤ و بنەما و میکانیزم و شێوازە گونجاوەکانی تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە و لە ئەزموونی دەوروبەر کەڵکوەربگرن و هەرەوەزییەکان و گروپە خۆجێی و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان ببنە فێرگەی هوشیاربوونەوەی چەوساوان [نەداران و بێدەسەڵاتان]، ببنە ئامراز و مەیدانی تێکۆشانی ڕۆژانەی جەماوەریی و ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.

* https://www.facebook.com/toribnaratyi1

 https://www.facebook.com/toribnaratyi

** بەداخەوە لە زمانی کوردیی دوو شت (نوێنەر/نوێنەرایەتی) کە هەڵبژێردراوی کاتیی نێو کۆبوونەوەی گشتی کۆڕ و کۆمەڵەیەکە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو لەتەك (جێگر/جێگرایەتی) کە هەڵبژێردراوی هەمیشەیی/چوار ساڵ جارێکی دەنگدانی پارلەمانییە و هەڵبژێرەران مافی دیاریکردنی ئەرکەکانی ئەویان نییە و ئەوە پارتیی و لیستەکەی ئەوە کە ماف و ئەرك و ئامانجەکانی ئەو دیاریدەکات و زۆربەی کات ڕۆڵی هەڵبژێردراوی پارلەمانی لۆبیکردنە بۆ کۆمپانییەکان و پێش هەڵبژاردنیش هەر کۆمپانییەکان بە ئامانجی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی خۆیان خەرك و ئەرکی بانگەوازی هەڵبژاردن و  بە دەسەلاتگەییشتنی ئەوان لە ئەستۆدەگرن، لەو بارەوە باشترین نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئەمەریکا و پارلەمانەکانی ئەوروپایە تا دەگاتە هەرێمی کوردستان.

به‌راوردکردنی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕۆژاوا ڕویداوه‌ به‌وه‌ی که‌ له‌ ئیسپانیای سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌هلی ، غه‌درێکی گه‌وره‌یه‌‌:

به‌راوردکردنی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕۆژاوا ڕویداوه‌ به‌وه‌ی که‌ له‌ ئیسپانیای سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌هلی ، غه‌درێکی گه‌وره‌یه‌‌:                                                           زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

                                                              02/10/2016

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ماڵپه‌ڕێکی ئه‌نارکستانه‌وه‌ ئیمه‌یلێك بۆ منیش هات که‌ وتارێکی هاوڕێیه‌کی ئه‌نارکیست له‌ ئیرله‌نده‌، بوو، که‌ به‌ دوورو درێژ له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ڕۆژاوا، بوو .  له‌و وتاره‌دا گه‌لێك خاڵی باشی ده‌رباره‌ی ڕۆژاو تیادایه‌ و هاوکاتیش په‌نجه‌ی خستۆته‌ سه‌ر هه‌ندێك خاڵی لاوازی .  به‌ڵام له‌ هه‌مووی خراپتر ئه‌و به‌راوردکردنه‌یه‌ که‌ به‌یه‌کیان ده‌کات .  هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستنیشانکردنی جیاوازی نێوانی دوو شت ، زۆر جیایه‌ به‌ به‌راوردپێکردنیان.

پێشئه‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر خاڵه‌ جیاوازه‌کانی نێوانیان ، ده‌توانم بلێم ئه‌وه‌نده‌ی که‌ من له‌ ئه‌نارکیزم گه‌یشتبێتم، خودی به‌رواردکردن له‌ هه‌ر بوارێکدا بێت هه‌ڵه‌یه‌ ، چونکه‌ ئه‌نارکیزم ڕووداوه‌کان ، دیارده‌کان به‌ ڕه‌هایی و پێرفێکتی وه‌رناگرێت و شته‌کان له‌ نێوانی ڕه‌ش و سپیدا نابینێت و ڕوودان و ڕوونه‌دانی هه‌ر شتێك به‌ ژماره‌ هۆکارێکه‌وه‌ ، گرێده‌داته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌شی که‌ کار که‌وته‌ سه‌ر به‌راوردکردن ئه‌وکات کێشه‌ی ته‌حه‌کوم و حوکمدان به‌سه‌ر ڕوداوه‌کاندا ، دیارده‌کاندا، ده‌کرێت و  به هه‌ڵه‌ لێکده‌درێنه‌وه‌‌ .  لای من هیچ جۆره‌ به‌راوردێك ڕاست نییه‌ ، ته‌نها ‌ به‌راوردکردنی کێشه‌یه‌کی دیاریکراو له‌ هه‌نووکه‌ و ڕابوردوودا، یاخود هه‌ڵسه‌نگانی  خۆت یا که‌سایه‌تی خۆت ، بیرکردنه‌وه‌ و بۆچونت ، له‌ هه‌نووکه‌ و ڕابوردوودا ، نه‌بێت.

بۆچی به‌رواردکردنی نێوانی ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ، یا شۆڕشه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌؟

  • سه‌رده‌می ئیسپانیای جه‌نگی جیهانی 1936 بۆ 1939 ئه‌نارکیزم وه‌کو هزر و وه‌کو بزوتنه‌وه‌ش زۆر به‌هیز بوو.  ماوه‌ی ةێوانی سه‌رکوتکردنی ئه‌نارکیسته‌کان له‌ کرۆنشتان ، ئۆکرانیا له‌ سه‌رده‌ستی سوپای سوری به‌لشه‌فییه‌کاندا ، فه‌تره‌یه‌کی که‌مبوو وه‌ك  له‌ ڕوودانی جه‌نگی ئه‌هلی 1936 -1939 تاکو 2014 ی ڕۆژاوا.  دوای جه‌نگی ئه‌هلی ئیسپانی ، به‌ڕای من، بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ ‌ زۆربه‌ی ساڵه‌کاندا له‌ پاشه‌ كشه‌دا بووه‌ جگه‌ له‌و ساڵانه‌ی که‌ بزواتی ئه‌نارکیستانه‌ له‌ژیر ناوی ئه‌نتی کاپیتاڵیستی و دژ به‌‌ په‌یمان به‌ستنه‌ بازرگانییه‌کان و گڵۆبه‌زایشن و بانقی نێوده‌وڵه‌تی و صندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و  شه‌قامه‌کان بۆ خۆمان و هه‌روه‌ها بزوتنه‌ی زاپێتێستا.  ئه‌و‌ که‌لێنه‌ 75 ساڵییه‌ی که‌ له‌ نێوانی ئیسپانیا و ڕۆژاودا، که‌ زۆربه‌ی‌ وه‌خت خامۆش بووه‌ ، مایه‌وه‌،‌ بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت کارایی خۆی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی داناوه‌ .
  • له‌ ئیسپانیادا حیزبه‌کانی وه‌کو حیزبی کۆمۆنیست و ڕه‌وته‌کانی دیکه‌ ڕۆڵیان له‌سه‌ر هزر و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستانی ئه‌وێ نه‌بووه‌ ، واته‌ خۆیان ڕاسته‌وخۆ به‌شدارییان کرده‌وه‌ به‌ بۆچونی خۆیان و له‌ڕێگای کۆبونه‌وه‌ و به‌کارهێنانی دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆه‌ ، بڕیاره‌کانیان داوه‌ و کاریان بۆ کردوه‌‌.  به‌ڵام له‌ ڕۆژاوا ، ئه‌وه‌ نکوڵی ناکرێت که‌ دوو حیزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که، په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌، ‌ ڕۆڵی دیاریکراویان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕۆاژاوا هه‌بووه‌و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
  • هاریکاریی ده‌یه‌ها هه‌زار که‌س له‌ ئه‌نارکیسته‌کان و ئازادیخوازان و مارکسییه‌کان و نقابییه‌کان بۆ شۆڕشی ئیساپانیا.  هاوکات ئه‌و هاریکارییه یه‌کجار هه‌ر  یه‌کجار که‌مبووه‌  بۆ ڕۆاژاوا ، که‌ هاوکاریش ‌ ڕؤڵێکی گه‌وه‌ره‌ ده‌بینێت له‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا و داهاتوشی .
  • ئیساپانیای ئه‌و کاته‌ وڵاتێکی سه‌رمایه‌داری ئیمپریالی بوو ، واته‌ کرێکاران له‌وێ چینێکی پته‌و و کارامه‌ و خاوه‌نی نقابه‌ی وه‌کو سی ئێن تی (CNT ) بوون که‌ به‌ ده‌یه‌ها هه‌زار کرێکاریان هه‌بوو هاوکاتیش زۆر خۆڕێخراو بوون .  هه‌رچیش ڕۆژاوایه‌ هه‌موومان ده‌زانیین به‌هۆی سیاسه‌تی حکومه‌تی سوریاوه‌ هه‌ر له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ تا ئێستا به‌ به‌کارهێنانی سیاسه‌تی ” پشتوێنی سه‌وز” نه‌ك هه‌ر به‌ پیشه‌سازیکردنی کوردستانی ڕۆژاوا، به‌ ئه‌نقسه‌ت ، فه‌رامۆش کرابوو، به‌ڵکو دروستکردنی بیناش یاساخ کرابوو. که‌واته‌ به‌راوردی دوو وڵاتی ، دوو ده‌ڤه‌ری زۆر له‌ یه‌ك جیاواز ، که‌ یه‌کێکیان له‌ ڕوی پیشه‌سازییه‌وه‌ پێشکه‌وتوو ، ئه‌وی دیکه‌یان  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، زۆر هه‌ڵه‌یه‌.
  • ئیساپانیا که‌ خۆی وڵاتێکی ئه‌وروپییه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ : کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و کوڵتوری و ڕۆشنبیری و پێگه‌ی جوغرافیشییه‌وه‌ زۆر نزیکتربوو ، نزیکتره‌ ‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ تاکو ڕۆژاوا .  به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌و نزیکبوونه‌  ، نزیکتریان ده‌خاته‌وه‌ و زانیارییه‌کان و ئه‌زموونه‌کانی ئه‌وروپا به‌ ڕوسیاشه‌وه‌ باشتر و ڕاسته‌وخۆیانه‌تر ده‌گوازرانه‌وه و ده‌گوێزرێنه‌وه‌ ‌ بۆ ئیسپانیا تاکو ڕۆژاوایه‌کی هه‌ژاری بنده‌ستی سوریا و که‌ ‌ زۆرینه‌یه‌ك له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ، نه‌خوێنده‌وارن.
  • ئیسپانیا و ڕۆژاوا هه‌ردو‌کیان له‌ خاڵی جه‌نگی ئه‌هلی و داگیرکردن و یارمه‌تی ڕوسیا بۆ شیوعییه‌کانی ئیسپانیا، له‌ ڕۆژاوادا  یارمه‌تی تورکیا و قه‌ته‌ر و سعودییه‌ بۆ داعش و زۆر خاڵی دیکه‌ ، هاو به‌شیتییان هه‌یه‌ ، واته‌ خاڵه‌ ناوکۆییه‌کانی هه‌ردوکیانن . به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییه‌ی که‌  من له‌سه‌ر هه‌ردوو لایان، هه‌مه‌،  دووژمنه‌کانی ڕۆاژاوا زیاترن، دڕنده‌ترن، هاوکاری مادی مه‌عنه‌وی زیاتریان له‌ دووژمنه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌نارکیسته‌کانی  ئیسپانیا ، هه‌یه‌.  به‌رهه‌ڵستی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناوچه‌که‌و هێزی داعش ، ڕه‌نگه‌ مێژو تا ئێستا ئه‌و گیانبه‌ختکردن و خۆنه‌ویستییه‌ی نه‌دیتبێت،  هه‌ر بۆیه ش گیانبه‌ختکراوانی ئه‌مان به‌ چه‌نده‌ها جار له‌ گیانبه‌ختکراوانی ئه‌نارکیسته‌کانی ئیساپانیا ، زیاتره‌.  دووژمنه‌کانی ئه‌نارکیسته‌کان له‌ ئیساپانیاندا له‌ جاو دووژمنانی خه‌باتکه‌رانی ڕۆژاودا ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك  به‌راورد ناکرێت.
  • پێش شۆڕشه‌که‌ی ئیسپانیا ، ئه‌نارکیسته‌کان خۆیان وه‌کو بزوتنه‌وه‌ به‌هێز بوون ، خاوه‌نئه‌زموون بوون، به‌ سه‌ده‌ها سه‌رچاوه‌ی ئه‌نارکیستییان له‌ به‌رده‌ستدا بوو ، ئاسۆی تێکۆشانیان ڕوون بوو، به‌هۆی  هزری ئه‌ناکیستییه‌وه‌ که‌ هه‌یانبوو  ده‌یانزانی چیده‌که‌ن و چیان ده‌وێت.  به‌ڵام له‌ ڕۆژاوا ڕه‌نگه‌ به‌ ده‌گمه‌ن هه‌بووبێت که‌ هه‌ر ناوی ئه‌نارکیستیان/ ئه‌نارشییان بیستبێت ئیدی له‌ باقییه‌که‌ی دیکه‌ی بگه‌ڕێ. هه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی خۆپێگه‌یاندن و خۆڕؤشنبیرکردن و خۆڕێکخستن ، له‌ ڕؤژاوا، هه‌مووی له‌‌ کتێبه‌کان و نوسینه‌کان و موحازه‌ره‌ و ڕاسپاردراوه‌کانی به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و وه‌رده‌گیرێ.
  • له‌ ئیسپانیا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ نێوانی دوو داهاتوودا بوو : سه‌رکه‌وتن یاخود تێشکانێك که‌ هه‌تا ئێستاش وه‌کو ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له‌ ئاسمانی مێژوی تێکوشانی ئازادیخوازاندا ماوه‌ته‌وه‌و ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ی گه‌لێك گه‌وره‌ی له‌ دووی خۆی به‌جێهێڵاوه‌ .  هه‌رچیش ڕۆژاوا هه‌یه‌ له‌ نێوانی 3 هه‌لبژارده‌دایه‌ : یه‌که‌م: سه‌کوتکردن و تێشکانی ته‌واو چ له‌ ڕوی سه‌ربازی  و چ له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستهێراوه‌ ( که‌ ئه‌مه‌ گریمانێكی یه‌کجار که‌مه‌) .  دووهه‌م ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ نه‌زمی نوێی سیاسه‌تی نیو لیبراڵ و بازاڕ- ئازاد به‌ دروستکردنی جۆرێک  له‌ ده‌سه‌ڵاتی هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌.  سێهه‌م: گرتنه‌به‌ر و خۆگرێدانه‌وه‌ به‌ هزر و داخوازیی و ئامانجه‌کانی ئۆجه‌لانه‌وه‌ و کارکردن له‌سه‌ر لاوازی ڕۆڵی حیزب و هه‌نگاونان به‌ره‌و کۆنفیدراڵیزم ، هه‌روه‌ها که‌متر ‌ باسکردن له‌ کوردایه‌تی و یه‌کگرتنی کوردان و موئته‌مه‌ری نه‌ته‌وه‌یی کورد‌.      

 

 

 

 

ئایا ده‌وڵه‌ت خواستی پڕۆلیتاریا، کرێکارانه‌، یا خواستی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌؟

زاهیر باهیر

23/09/2016

ئایا ده‌وڵه‌ت خواستی پڕۆلیتاریا، کرێکارانه‌، یا خواستی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌؟

سه‌رجه‌می چه‌په‌کان به‌ لینینی و مارکسیی و سۆشیالیسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانه‌وه‌ ، ده‌یانه‌وێت کرێکاران بخه‌نه‌ ژێر بارێکه‌وه‌ نه‌ خواستی ئه‌وانه‌ و نه‌ ئه‌وانیش که‌ری ژیر ئه‌و باره‌ن .  کورد ده‌مێکه‌ وتویه‌تی: “مه‌تی نه‌ ئه‌تڕیا به‌ ‌زۆر ئه‌یان تڕان”.  ده‌قاو ده‌ق هه‌مان مه‌سه‌له‌یه،‌ کرێکاران ده‌وڵه‌تخواز نین که‌چی به‌زۆر ده‌یانکه‌نه‌ ده‌وڵه‌تخواز.

بابێمه‌ سه‌رجه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌که‌.  ئه‌گه‌ر کرێکاران بارودۆخ و زه‌مینه‌ی ‌ ژیانیان و هه‌ل و مه‌رجه‌کانی کارکردنیان هۆشمه‌ندییان دیاری بکات و دواتریش هۆشمه‌ندییه‌که‌ به‌ره‌و ئامانجه‌کانیانی به‌رێت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کرێکاران نه‌ حیزبیان ده‌وێت نه‌ ده‌وڵه‌تیش.

 ئه‌وان له‌ بواری کارکردنیاندا ته‌نها نقابه‌یه‌کی چالاکی  رادیکالیان ده‌وێت تاکو ئه‌و ناکۆکی و ململانێیه‌ی سه‌ر کار که‌ له‌ نێوانی خۆیان و خاونکاردا هه‌یه‌ ، به‌ قازانجی خۆیان ( کرێکاران )  لابه‌لاببێته‌وه‌ .  هاوکاتیش ده‌وڵه‌تیشیان ناوێت ، ڕاسته‌ ئه‌وان ده‌زانن که‌ چینی فرمانڕه‌وای خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ، به‌رگریی له‌ خاوه‌نکاره‌کانیان ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌وان ده‌زانن که‌ هه‌ر که‌س ده‌ه‌وڵه‌ت بگرێته‌ ده‌ست هه‌ر پشتگیری ئه‌وان ( کرێکاران) ناکات ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌وان ده‌زانن که‌ خه‌باتیان ده‌بێت له‌ جێ پێیی خۆیان ، له‌ شوێنی کار و ئیشه‌وه‌ ده‌ستپێبکات ، نه‌ك له‌ په‌ڕله‌مان و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وان باشده‌زانن ئه‌وانه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌وان له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا ده‌بنه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌ت نییه‌،  به‌ڵکو خاوه‌نکاره‌کانه‌ بۆیه‌ خه‌باتی ئه‌وان لۆکاڵیانه‌یه‌ ، واته‌ له‌ جێی کاره‌کانیانه‌وه، ده‌ست پێده‌که‌ن‌ .  ئه‌مان هۆشمه‌ندی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت پشتگیری هاوه‌ڵه‌ کرێکاره‌کانی دیکه‌یان بکه‌ن چونکه‌ ده‌زانن سه‌رکه‌وتنی ئه‌وان له‌ به‌دیهێنانی بڕێك له‌ داخوازییه‌کانیاندا ، سه‌رکه‌وتنه‌ بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کرێکاران.

که‌واته‌ کرێکاران ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی شۆڕشگێڕانه‌یان که‌ هه‌ڵته‌کاندنی ده‌وڵه‌تی مه‌وجوده‌ و دروستکردنی ده‌وڵه‌ی خۆیان ( دیکتاتۆری پڕؤلیتاریا، حکومه‌تی کارگه‌ریی، ده‌وڵه‌تی کرێکاریی  و … هتد) که‌ خراوه‌ته‌ سه‌رشانیان،  وه‌همه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنی ئایدۆلۆجی مارکسه‌وه‌ تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ کراونه‌ته‌ په‌یژه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازان تاکو له‌ ڕێگایه‌وه‌ بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات .  مێژوش ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه‌ ‌ کاتیکیش که‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات ، گه‌ر له‌  فرمانڕه‌واکانی پێشتر  خراپتر نه‌بن ، ئه‌وه‌ له‌وان باشتر نابن.

پیرۆزکردنی کرێکاران و بارکردنییان به‌ باری ته‌ماحی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ، که‌ ئه‌مڕؤ له‌ لایه‌ن هه‌ر هه‌موو مارکسی و لینینییه‌کانه‌وه‌ ده‌یخوازن،  یا له‌ نه‌زانینیانه‌وه‌یه‌ ‌ یاخود بۆ به‌کارهێنانیانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان که‌ پێی بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات.  ئه‌وان ده‌بێت ئه‌وه‌ تێبگه‌ن به‌و چه‌مکی تێگه‌یشتنه‌یان بۆ شؤڕش و شؤڕشگێڕێتی ،‌ کرێکاران هه‌رگیز نه‌ شؤڕشگێڕ بوون و نه‌ ده‌شبن.  

جیاوازی نێوانی هه‌ره‌وه‌زی و خێرخوازی ، کاری هه‌ره‌وه‌زییانه‌ و خێرخوازییانه‌:

زاهیر  باهیر

23/09/2016

جیاوازی نێوانی هه‌ره‌وه‌زی و خێرخوازی ، کاری هه‌ره‌وه‌زییانه‌ و خێرخوازییانه‌:

جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو جۆره‌ کارکردنه‌ یا ئه‌م دوو جۆره‌ ئه‌نجوومه‌ن/ ده‌ستانه‌ / کۆمیتانه‌ زۆرن ، به‌ڵام جیاوازییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانیان ، ئه‌مانه‌ن:

  • خێرخوازی زیاتر خه‌ڵکانی  دینی و مه‌زهه‌بی و ‌ ڕێکخروانی مه‌ده‌نی ناحکومی پێی هه‌ڵده‌ستن و هۆکار و هانده‌ره‌کانیشیان ڕۆحی به‌زه‌یی و دڵسووتان و خزمه‌تکردنێکی  به‌رچاوی سیسته‌مه‌که‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ که‌یسی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ناحکومییه‌کاندا به‌ ئاشکراده‌بینرێن.  له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا، کارکردن و پێکه‌وه‌ ژیان ڕۆحی کۆمه‌ك و یارمه‌تی دروستده‌کات و گه‌شه‌ی ‌ پێده‌دات ، گیانی هاوکاریانه‌ی سه‌رده‌می کۆنی مرۆڤ ده‌ژێنێته‌وه‌ و مرۆڤ ده‌گێڕیته‌وه‌ بۆ سروشته‌ سروشتییه‌که‌ی خۆی. هۆکاری کردنه‌که‌ی نه‌ پاره‌یه‌ و نه‌ به‌زه‌ییه‌ ، به‌ڵکو هۆشمه‌ندی مرۆیانه‌ و ده‌فعکردنی پێویستی یه‌کدییه‌.
  • ‌ خێرخوازی، مرۆڤانی خزمه‌تپێکردوو  Patronise ده‌کات ( واته‌ به‌ چاوێکی تا ڕاده‌یه‌ك سوك و بێ ده‌سه‌ڵات ته‌ماشا ده‌کرێن و خۆجیاکردنه‌وه‌ش له‌ نێوانی هه‌ردوو لادا به‌ زه‌قی ده‌بینرێت که‌ لوتبه‌رزی و زانایی و لێوه‌شاوه‌یی پێوه‌ دیاره‌.  له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا گیانی یه‌کسانی  و بڕوا به‌خۆبوون و به‌ یه‌کدیبوون گه‌شه‌ پێده‌دات ، کار له‌سه‌ر دروستکردنی تاك و بایاخدان به‌کاری هه‌ره‌ووه‌زیانه‌ ده‌دات .
  • له‌ کاری خێرخوازی-دا چاوبه‌ره‌وژێریی و خه‌جاڵه‌تی و خۆ به‌که‌م زانیین بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ کۆمه‌کیان پێده‌کرێت، ده‌بینرێت.  له‌ کاری هه‌ره‌وه‌زی-دا ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پوجه‌ڵده‌بنه‌وه‌، گیانی برایه‌تی و ڕۆحسووكێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌خته‌وه‌ری و شادمانی بۆ به‌شداربووان ده‌گه‌ڕینێته‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ پشتئه‌ستورن به‌ هێز و هاوکاری یه‌کدیی و مه‌ترسی ته‌نیایی  و بێ پاره‌یی و بێ هاوده‌می ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌.
  • خێرخوازی خه‌ڵکانی خزمه‌تپێکراو ده‌که‌نه‌ وابه‌سته‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و تۆزه‌ هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ش که‌ هه‌یانه‌، ئه‌وه‌شیان لێده‌سێنرێته‌وه‌ و گیانی که‌مبڕوایی و بێ هێزی و بڕواکردنه‌ سه‌رکه‌سانی دیکه‌ له‌ ده‌رونیاندا چه‌که‌ره‌ ده‌کات.  له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا ، کاری هه‌ره‌وه‌زییه‌کان  تاك چالاك و ده‌ستپێشخه‌ر و خزمه‌تکاری کۆمۆنێتییه‌که‌یه و دڵه‌ڕاوکێ و دوودڵی لا دروست نابێت له‌ کاتی ڕوودانی کاره‌ساته‌ سروشتی و ناسروشتییه‌کاندا ، چونکه‌ ده‌زانێت که‌ هێزێکی له‌بن نه‌هاتوی ئاشکراو شارا‌وه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ره‌.
  • هه‌رچی خێرخوازی و کاری خێرخوازیانه‌ هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کاره‌کانیان ته‌نها وه‌ختییه‌ ، گه‌وره‌ترین خزمه‌تیش به‌ سیسته‌مه‌که‌ و خودی ده‌وڵه‌ته‌کانی ده‌که‌ن ، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینیت کاتێك که‌ ڕوداوێك ڕووده‌دا به‌ هه‌زاره‌ها له‌ خه‌لكانی ده‌وڵه‌مه‌ند و ملیۆنه‌های دیکه‌ی خه‌ڵکانی ئاسایی که‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر ئه‌ژموونی میدیاوه‌ ، به‌ په‌له‌ پاره‌ وخواردن و پۆشاك و خواردنه‌وه‌ و هه‌تد کۆده‌که‌نه‌وه‌  وه‌کو یارمه‌تی و کۆمه‌ك .  یاخود ناو به‌ناو کۆمه‌ك  بۆ وڵاتانی به‌ناو هه‌ژاری وه‌کو له‌ ئه‌فریقاو شوێنه‌کانی دیکه، کۆده‌کرێته‌وه‌ ، که‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا پاترۆنایزیان ده‌که‌ن و به‌ هه‌ژار ناویانده‌هێنن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا هیچ وڵاتێك نییه‌ له‌م دونیایه‌دا گه‌ر سامانه‌کانی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رف بکرێت و یاخود هه‌ره‌وه‌زیانه‌ کاری له‌سه‌ر بکرێت ، به‌ هه‌ژاری بمێنێته‌وه‌.  له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا ، خه‌ڵکی به‌ رؤحێکی هۆشداره‌وه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌و هۆکاری ئه‌ساسی هه‌ژاری و نه‌داریی لا ڕونه‌ و پرسه‌کان لای ئه‌مان زیاتر ده‌بێته‌ پرسێکی سیاسی و له‌ هه‌وڵی فراوانکردنی هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندان له‌ ئاستێکی گه‌شه‌کردوی زیاتردا. ئه‌وه‌ تێده‌گه‌ن که‌ ئه‌م جۆره‌ ژیانه‌ خۆشتره‌ و به‌ ئه‌زموون تره‌ .
  • ‌کاری خێرخوازی و خێرخوازییه‌کان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیی و به‌رقه‌راربوونێتی ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ له‌ کردنی ‌ئه‌و کارانه‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت باسی ڕه‌گوڕیشه‌ی پرسه‌که‌ بکه‌یت ، بۆچی ئه‌وه‌تی ئێمه هه‌ین‌ ئه‌سیوبیا و سۆمالیا و به‌نگلادش و گه‌لێك وڵاتی دیکه‌ش هه‌ر به‌ هه‌ژاری ده‌یانبینین و پێمانده‌وترێت که‌ ڕوداوی سروشتی وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌ لافاو بێ بارانی … هۆکاره‌که‌یه‌تی نه‌ك هۆکار و بنه‌ما‌کانی سیاسی ، ئابوری یاخو د کۆمه‌ڵایه‌تی.  قسه‌کردن له‌سه‌ر ‌ئه‌سڵی کێشه‌کان بڤه‌یه‌.  هه‌ره‌وه‌زییه‌کان ده‌قا و ده‌ق به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ کارده‌که‌ن ، کار له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی گشتی ده‌که‌ن ، کارکردنی به‌ جه‌ماعی ده‌که‌ن، ئه‌مانه‌ش هیچیان کاتیی نیین، به‌ڵکو دائیمییه‌.  کارکردن به‌ جه‌ماعی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌ هیج جۆره‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ژموونی گه‌وره‌ی کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کان ناهێڵێته‌وه‌ ، هاوکاتیش که‌مبوونی به‌رهه‌م و به‌رهه‌مهێنان ، هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانیان ناکات چونکه‌ ئه‌وان به‌و کاره‌ ده‌سته‌گه‌لییه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن ده‌توانن ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یانه‌ێت ،  به‌ گوێره‌ی پێویستی خۆیان به‌رهه‌می بهێنن .
  • جۆرێك له‌ کاری خێرخوازی کار له‌سه‌ر ساخکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌و مه‌تیریاڵی زۆر جار ئێکسپایه‌ریش، ده‌کات و که‌ ئه‌مه‌ش قازانجێکی گه‌وره‌ بۆ هه‌ندێك له‌ کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان دروستده‌کات .  واته‌ کۆمپانیاکان له‌ ڕودانی کاره‌ساته‌کان و له‌ ژیانی ئاسایشدا هه‌ر قازانجده‌که‌ن، کورد وته‌نی ” باران بێت ئاشیان ده‌گه‌ڕێت و خۆشیان بێت جووتیان ده‌گه‌ڕێت” .  هه‌رچی هه‌ره‌وه‌زییه‌کان هه‌یه‌ ده‌توانن متمانه‌ی ژیانیان به‌ ته‌واوی بکه‌نه‌ سه‌ر سروشت و کێڵگه‌کان که‌ هه‌ره‌وه‌زانه‌ له‌ کشتیاریکردن و به‌رهه‌مهێنانی خواردنی ئۆرگانیك ( ته‌بیعی) که‌ زۆر ته‌ندروستیانه‌یه‌. ئه‌و سروشته‌ی نه‌ك هه‌ر هه‌موو پێدایسستییه‌کی خۆراکی و پۆشاکی ژیانی تیادایه‌ و بواری چاندن و تۆوکردن و ناشتنیشی بۆ ڕه‌خساندوین ، به‌لكو چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشییه‌کانیشی تیادایه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتێکی وه‌کو کوردستانی ئێمه‌دا .   به‌کردنی ئه‌مه‌ش بازاڕ- ئازاد له‌و شوێنه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك گورزێك ده‌خوات.
  • له‌ ده‌سته‌ خێرخوازییه‌کان و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ناحکومییکاندا  به‌ ئاشکرا ته‌رکیبی هیراشیانه‌ و بیرۆکراسی کارکردنی بیرۆکراسیانه‌ ده‌بینرێت و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بناخه‌یه‌ دروستبوون ‌و کار ده‌که‌ن ، ئیدی له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا بێت. کاری هه‌ره‌وه‌زیانه‌ و کۆمۆنێتی و تۆڕی هه‌ره‌وازییان، به‌ ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ و له‌ بنه‌ما و بناخه‌ی هیراشییه‌ت / هه‌ڕه‌مییه‌ت ده‌دات، به‌ گرتنه‌به‌ری  دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ که‌ به‌ زمانی گوندنشینانی کۆن “به‌ مشاوه‌ره” کاره‌کان ده‌کرێت و ڕاده‌په‌ڕێنرێت، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ره‌وه‌زیی و کاری هه‌ره‌وه‌زییانه‌ هیراشیه‌ت و بیرۆکراسیه‌ت  هه‌ڵده‌ته‌کێنێت به‌ نه‌بوونی  سه‌رکرده‌ و بنکرده‌ و مودیر و کارمه‌ند و کرێکار ، به‌ ڕێگانه‌دانی هاتنه‌خواره‌ووه‌ی فرمان بێ مشاوه‌ری ده‌سته‌جه‌معی، ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌  ڕه‌تده‌کاته‌وه ‌و ئه‌و شێوازه‌ له‌ته‌ك هه‌ره‌وه‌زیدا ناڕوات.    

ئایا ده‌وڵه‌ت خواستی پڕۆلیتاریا، کرێکارانه‌، یا خواستی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌؟

زاهیر باهیر

23/09/2016

ئایا ده‌وڵه‌ت خواستی پڕۆلیتاریا، کرێکارانه‌، یا خواستی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌؟

سه‌رجه‌می چه‌په‌کان به‌ لینینی و مارکسیی و سۆشیالیسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانه‌وه‌ ، ده‌یانه‌وێت کرێکاران بخه‌نه‌ ژێر بارێکه‌وه‌ نه‌ خواستی ئه‌وانه‌ و نه‌ ئه‌وانیش که‌ری ژیر ئه‌و باره‌ن .  کورد ده‌مێکه‌ وتویه‌تی: “مه‌تی نه‌ ئه‌تڕیا به‌ ‌زۆر ئه‌یان تڕان”.  ده‌قاو ده‌ق هه‌مان مه‌سه‌له‌یه،‌ کرێکاران ده‌وڵه‌تخواز نین که‌چی به‌زۆر ده‌یانکه‌نه‌ ده‌وڵه‌تخواز.

بابێمه‌ سه‌رجه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌که‌.  ئه‌گه‌ر کرێکاران بارودۆخ و زه‌مینه‌ی ‌ ژیانیان و هه‌ل و مه‌رجه‌کانی کارکردنیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هۆشمه‌ندییان بێت و دواتریش هۆشمه‌ندییه‌که‌ به‌ره‌و ئامانجه‌کانیانی به‌رێت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ کرێکاران نه‌ حیزبیان ده‌وێت نه‌ ده‌وڵه‌تیش.

 ئه‌وان له‌ بواری کارکردنیاندا ته‌نها نقابه‌یه‌کی چالاکی  رادیکالیان ده‌وێت تاکو ئه‌و ناکۆکی و ململانێیه‌ی سه‌ر کار که‌ له‌ نێوانی خۆیان و خاونکاردا هه‌یه‌ ، به‌ قازانجی خۆیان ( کرێکاران )  لابه‌لاببێته‌وه‌ .  هاوکاتیش ده‌وڵه‌تیشیان ناوێت ، ڕاسته‌ ئه‌وان ده‌زانن که‌ چینی فرمانڕه‌وای خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ، به‌رگریی له‌ خاوه‌نکاره‌کانیان ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌وان ده‌زانن که‌ هه‌ر که‌س ده‌ه‌وڵه‌ت بگرێته‌ ده‌ست هه‌ر پشتگیری ئه‌وان ( کرێکاران) ناکات ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌وان ده‌زانن که‌ خه‌باتیان ده‌بێت له‌ جێ پێیی خۆیان ، له‌ شوێنی کار و ئیشه‌وه‌ ده‌ستپێبکات ، نه‌ك له‌ په‌ڕله‌مان و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ چونکه‌ ئه‌وان باشده‌زانن ئه‌وانه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌وان له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا ده‌بنه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌ت نییه‌،  به‌ڵکو خاوه‌نکاره‌کانه‌ بۆیه‌ خه‌باتی ئه‌وان لۆکاڵیانه‌یه‌ ، واته‌ له‌ جێی کاره‌کانیانه‌وه، ده‌ست پێده‌که‌ن‌ .  ئه‌مان هۆشمه‌ندی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت پشتگیری هاوه‌ڵه‌ کرێکاره‌کانی دیکه‌یان بکه‌ن چونکه‌ ده‌زانن سه‌رکه‌وتنی ئه‌وان له‌ به‌دیهێنانی بڕێك له‌ داخوازییه‌کانیاندا ، سه‌رکه‌وتنه‌ بۆ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کرێکاران.

که‌واته‌ کرێکاران ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی شۆڕشگێڕانه‌یان که‌ هه‌ڵته‌کاندنی ده‌وڵه‌تی مه‌وجوده‌ و دروستکردنی ده‌وڵه‌ی خۆیان ( دیکتاتۆری پڕؤلیتاریا، حکومه‌تی کارگه‌ریی، ده‌وڵه‌تی کرێکاریی  و … هتد) که‌ خراوه‌ته‌ سه‌رشانیان،  وه‌همه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنی ئایدۆلۆجی مارکسه‌وه‌ تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ کراونه‌ته‌ په‌یژه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازان تاکو له‌ ڕێگایه‌وه‌ بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات .  مێژوش ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه‌ ‌ کاتیکیش که‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات ، گه‌ر له‌  فرمانڕه‌واکانی پێشتر  خراپتر نه‌بن ، ئه‌وه‌ له‌وان باشتر نابن.

پیرۆزکردنی کرێکاران و بارکردنییان به‌ باری ته‌ماحی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ، که‌ ئه‌مڕؤ له‌ لایه‌ن هه‌ر هه‌موو مارکسی و لینینییه‌کانه‌وه‌ ده‌یخوازن،  یا له‌ گه‌وجییانه‌وه‌یه‌ یاخود بۆ به‌کارهێنانیانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان که‌ پێی بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات.  ئه‌وان ده‌بێت ئه‌وه‌ تێبگه‌ن به‌و چه‌مکی تێگه‌یشتنه‌یان بۆ شؤڕش و شؤڕشگێڕێتی ،‌ کرێکاران هه‌رگیز نه‌ شؤڕشگێڕ بوون و نه‌ ده‌شبن.  

   

 

جیاوازی نێوانی گروپه‌ فشارییه‌کان و گروپه‌ لۆکاڵییه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ئاسۆییه‌کان

زاهیر باهیر

22/09/2016

جیاوازی نێوانی گروپه‌ فشارییه‌کان و گروپه‌ لۆکاڵییه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ئاسۆییه‌کان

گه‌لێک که‌س واده‌زانێت که‌ ئه‌و دوو جۆره‌ گروپه‌ یه‌ك شتن ، له‌ پاساوی ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێن که‌ ئه‌و جۆره‌ گروپانه‌ی که‌ ئێمه‌ باسی لێده‌که‌ین له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و شوێنه‌کانی دیکه‌شدا زۆرن.  به‌ڵام له‌ هه‌قه‌تدا ئه‌مه‌ ڕاست نیییه‌ چونکه‌ جیاوازییه‌کی گه‌و‌ره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا، به‌ڵام هه‌ره‌ گرنگه‌کانیان ئه‌مانه‌یه‌:

  • گروپه‌ فشارییه‌کان، گرۆپگه‌لێکی هیراشییه‌ و سه‌رۆكی گروپ و سکرتێری هه‌یه‌ و هه‌ه‌روه‌ها ئه‌دمینێکی دائیمی هه‌یه‌ ، هه‌رچیش جۆره‌که‌ی دیکه‌یانه‌، گروپی ئاسۆیی / ناهیراشی، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی گروپه‌ فشارییه‌کانن.
  • گروپه‌ فشارییه‌کان بۆ کێشه‌یه‌کی لۆکاڵی دروستبوون و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ئاستی شار ، ده‌ڤه‌ر، وڵات خۆی کۆکردبێته‌وه‌.  هه‌ر کاتێکیش که‌ کێشه‌که‌یان لابه‌لاکرده‌وه‌ ئیدی ئاشبه‌تاڵ ده‌که‌ن و هه‌رکه‌س ده‌چێته‌وه‌ ماڵی خۆی و لێی داده‌نیشێت.  به‌ڵام گروپه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ئاسۆییه‌کان ڕاسته‌ زۆرینه‌یه‌کیان بۆ کێشه‌ لۆکاڵیه‌کان دروستبوون به‌ڵام به‌ تۆڕێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌ چه‌شنی کێشه‌ی خۆیان و کێشه‌ی جودای دیکه‌ یه‌کده‌گرنه‌وه‌ و کاری جدی بۆ ده‌که‌ن و کێشه‌کان هه‌ر چه‌شنێك ببێت په‌یوه‌ست به‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه‌که‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و  کێشه‌یه‌ی‌ که‌ گروپێك گرتویه‌تییه‌ ئه‌ستۆی خۆی که‌ لابه‌لا بووه‌وه‌ ، ئه‌ندامانی گروپ ناچنه‌وه‌ ماڵی خۆیان به‌رده‌وامی به‌ چالاکی خۆیان له‌ ناو گروپه‌کانی دیکه‌ و بۆ کێشه‌ی‌ دیکه‌، ده‌ده‌ن.
  • گروپه‌ فشارییه‌کان چالاکیان زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی یاسایی  و ئه‌وانه‌ی‌ که‌ ده‌وڵه‌ت و یاسا بۆی داناون، ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه‌ش متمانه‌یه‌کی زۆر ده‌که‌نه‌ سه‌ر سیاسییه‌کان و ئه‌م و ئه‌و له‌  ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و ئه‌ ندامانی  شاره‌وانییه‌کان.  هه‌رچیش گروپه‌ ڕادیکاله‌ ئاسۆییه‌کانن که‌متر په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌و کارانه‌ی ئه‌وان و یاساش پشتگوێ ده‌خه‌ن و باوه‌ڕیشیان به‌ ئه‌نجامدانی چالاکی ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‌ له‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی گروپه‌کانیان.
  • گروپه‌ فشارییه‌کان ڕێگای بیرۆکراتیانه‌ له‌ کاروباره‌کانیاندا هه‌ر له‌ سه‌ه‌تاوه‌ هه‌تا کۆتاییه‌که‌ی ده‌گرنه‌ به‌ر ، به‌ڵام گروپه‌ ئاسۆییه‌کان هه‌ر هه‌موو کاره‌کان له‌ ڕێگای  دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆوه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن.
  • گروپه‌ فشارییه‌کان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر گروپێکی بیرۆکراتی محه‌لین هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش گیانی وابه‌سته‌یی و قه‌به‌ کردنی چالاکی تاکه‌ که‌س ، به‌هێز ده‌که‌ن، گروپه‌کانی دیکه‌ کار له‌ سه‌ر سه‌‌ربه‌خۆیی تاك و متمانه‌ به‌خۆبوونیان و کردنی کاری به‌ کۆمه‌ڵ و لاوازکردنی ڕؤڵی تاکه‌  که‌س و شکاندنی هه‌یبه‌تی پاڵه‌وانێتی و سه‌رکردایه‌تی و ڕابه‌رایه‌تی، ده‌که‌ن.
  • گروپه‌ فشارییه‌کان ڕێگای زۆرینه‌ و که‌مینه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیاردانی پرسێك  له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیاندا یا له‌ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانیاندا به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام هه‌رچی جۆری گروپه‌کانی دیکه‌یه‌ (ئاسۆیی) هه‌تا بۆیان بکرێت ڕێگای ڕازیبوون چه‌ندێك لێدوان و مشتومڕی بوێت و چه‌ندێك وه‌خت بکێشێت ، به‌کارده‌هێنن  مه‌گه‌ر ڕێگاچاره‌یه‌کی دیکه‌ نه‌مێنێته‌وه.  بۆ ئه‌مان گه‌ر که‌مینه ته‌نها ڕایه‌کیش ‌ بێت ، ئه‌وه‌ هه‌ر ڕایه‌ و ده‌بێت بایاخی پێبدرێت و به‌ هه‌ند وه‌رگیرێت.

   

 

ئێمه‌ له‌ گروپه‌ لۆکاڵییه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆ ئاسۆییه‌کانا ، چۆن کارده‌که‌ین؟

ئێمه‌ له‌ گروپه‌ لۆکاڵییه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆ ئاسۆییه‌کانا ، چۆن کارده‌که‌ین؟

زاهیر باهیر

16/09/2016

من لێردا نایه‌م باس له‌ ئامانجی کۆتایی و به‌رنامه‌و چالاکییه‌کانی گروپه‌ لۆکاڵیه‌کان ، که‌ من ماوه‌یه‌کی زۆره‌ کاری تیادا ده‌که‌م ، بکه‌م .  ئه‌مه‌م پێشتر له‌ هه‌ندێك شوێنی تردا به‌ درێژی باسکردوه‌.  لێره‌دا ته‌نها باسی هێڵه‌ گشتیییه‌کانی چونێتی مامه‌ڵه‌ و  هاریکاریی و یارمه‌تیدانی ئه‌ندامانی/ به‌شداربووانی گروپ، ده‌که‌م.

هاوکاری باش کامانه‌ن؟

گوێگرتن:

  • گوێگرێکی باشبه‌، سه‌رچاوه‌یه‌‌/ زه‌خیره‌یه‌‌.
  • کار له‌سه‌ر  هاندان ‌ بۆ هاوبه‌شیکردنی ( شه‌یرکردنی) ئه‌زموونه‌کان.
  • دانی کاتی ته‌واو بۆ هاوکاری و هاریکاری ته‌واو.
  • پێزانیین/ به‌به‌هاگرتن/ ته‌قدیرکردنی که‌سێكی تووڕه‌، به‌ئازار، ناڕوون، بی هیوا…… (له‌ گروپه‌که‌دا)

به‌هێزکردن:

  • دیاریکردنی بژارده‌کان و مافی هه‌ڵبژاردنیان.
  • به‌ڕێوه‌بردنی/ سه‌رپه‌رشتیکردنی لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان، کارکردن له‌سه‌ر دروستکردنی توانای شیکردنه‌وه و لێهاتوویی ( مه‌هاره‌) به‌ کێشانی یا له‌به‌رچاوگرتنی ده‌رنجامی بڕیاره‌کان.
  • پیشاندانی ڕێز.
  • دروستکردنی بڕوابوون به‌خۆ.
  • گه‌شه‌دان به‌ یه‌کسانێتی و دژایه‌تیکردنی بناخه‌کانی سه‌رکوتکردن.

به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و هاندان:

  • تێگه‌یشتن له‌ بارودۆخی گران و ئاڵۆز.
  • وه‌سفکردنی خاڵی به‌هێزی که‌سه‌کانی گروپ.
  • یارمه‌تیدانی که‌سانی گروپ بۆ په‌یداکردنی مه‌هاره‌ و بڕوابوون به‌خۆ.

دیقه‌تگرتن/ ته‌رکیزکردن و بیناکردن

  •  زانینی سنوره‌کان به‌ڕوونی  و وه‌خت/ کات له‌به‌رچاوگرتن.
  • ڕاستگۆیی سه‌باره‌ت ‌ به‌ چ جۆره‌ هاوکارییه‌ك ده‌توانیت یاخود ناتوانیت پێشکه‌شی بکه‌یت.
  • مه‌زبوتێتی/ متمانه‌پێکردن / بڕوا پێکردن.  واته‌ ئیعتیماد له‌سه‌ر‌بوون .

خۆپاراستن له‌:

حوکمدان:

  • ڕه‌خنه‌کردنی یه‌کێك ده‌رباره‌ی بڕیاره‌کانی/ بڕیره‌کانیان.
  • نه‌خولقانی بوار/ هه‌ل بۆ که‌سێك که‌ بیه‌وێت قسه‌ بکات.
  • په‌له‌کردن له‌ که‌سێك یا نه‌دانی وه‌ختی ته‌واو پێی.
  • گوێگرتن ته‌نها له‌ درێژه‌ی کێشه‌که‌/ بارودۆخه‌که‌، نه‌ك گوێنه‌گرتن یا به‌ته‌نگنه‌هاتنه‌وه‌ی هه‌سته‌کانی که‌سه‌که‌.

بێ هێزکردن یاخود لێسه‌ندنه‌وه‌ی هێز/ ده‌سه‌ڵات:

  • بڕیاردان بۆ یه‌کێك.
  • دانانی وه‌ڵامێك/ چاره‌سه‌رێک بۆکه‌سێك.
  • دانانی چاره‌سه‌رێکی/ حه‌لێکی خێرا/ کاتی،  یاخود چاره‌سه‌رێکی پلاسته‌رییانه‌ ( واته‌ ڕووکه‌شیانه‌)   
  • خۆ به‌ باشتر زانین له‌و که‌سه‌ی که‌ یارمه‌تی ده‌ده‌یت.
  • خولقاندنی وابه‌سته‌یی/ پاشکۆیی

نیشاندانی بی ئومێدی و گیانی و  ڕتکردنه‌وه‌

  به‌که‌مگرتینی/ بێ بایه‌خکردنی  کێشه‌ی/ گرفتی یه‌کێك.

  • وا له‌ یه‌کێك بکه‌یت که‌ هه‌ستی تاوانبارێتی بکات به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاره‌کانی.
  • به‌کارهێنانی توناو لێهاتوویت له‌بری هاوبه‌شکردنی ( شه‌یرکردنی).

کرانه‌وه‌ی بێ کۆتایی / به‌ بێ سنوره‌کان:

  • ئاماده‌بوون هه‌موو کات.
  • به‌ که‌سێک بڵییت تۆ هه‌موو شتێک باشتر ده‌که‌یت.
  • به‌دوونه‌که‌وتن/ موتابه‌عه‌ نه‌کردن.
  • به‌ به‌ڵێنه‌کانی کۆتاییدا رانه‌گه‌یت.

من خۆم شتێکی دیکه‌ش فێربووم ، تێبینم کردوه‌ هه‌موان له‌ گروپه‌که‌دا هه‌ر وان . که‌ ئه‌ویش کاتێك که سێك قسه‌یه‌ك ده‌کات ، پێشنیاررێك ده‌کات، حه‌لێك داده‌نێت که‌ به‌ دڵمان نه‌بێت کوردانه‌ سه‌ر دانا‌خه‌ین ، فه‌رامۆشی ناکه‌ین یا سه‌ری لێ ڕاناوه‌شێنین ، به‌ڵکو به‌گوێگرتنێکی باشه‌وه‌ گوێی لێده‌گرین و لێی ورد ده‌بینه‌وه‌ و سه‌ری بۆ ده‌له‌قێنین .  سه‌رله‌قاندن لێره‌دا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌گه‌ڵ راو بۆچونی که‌سه‌که‌دا دێیته‌وه‌ ، به‌ڵکو ده‌یسه‌لمێنیت که‌ گوێت له‌ ته‌واوی قسه‌کانی، ئیدی هه‌رچی بووبێت، ده‌گریت و گرتووه‌.

 

چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌ / 5

چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌ / 5

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

Sep 2016

به‌شی پێنجه‌م:

  • ته‌کنه‌لۆجیا و سروشت و ژینگه‌ و ئیکۆلۆجی: ‌

‌لایه‌نێکی دیکه‌ی خراپیی له‌ پێشکه‌وتنی  ته‌کنه‌لۆجیا به‌ تێزی مارکس و مارکسیییه‌کان که‌  به‌ مه‌رجێکی  سه‌ره‌کی  بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی، داده‌نێن ، له‌ ڕاستیدا خاڵێکیشه‌ ‌ له‌ دژایه‌تیکردنی  ژینگه‌ و ئاژه‌ڵ و ته‌واوی  گیانله‌به‌رانی سه‌ر ئه‌م گه‌ردوونه‌‌ .  هاوکاتیش ئه‌و بایاخ و به‌ها گه‌وره‌یه‌ که‌ خودی مارکس بۆ مرۆڤی دڕنده‌ی داناوه‌  که‌ ” به‌نرخترین  سه‌رمایه‌یه‌ له‌‌ دوونیادا”!! .

ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ‘لینین’ شتێکی وای له‌سه‌ر ژینگه‌ و سروشت و بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه‌ی سروشت ، نه‌نوسیوه‌ ، ئه‌وانه‌شی که‌ نوسیوێتی، ئه‌ویش وه‌کو مامۆستا‌که‌ی ، مارکس، له‌ ڕوانگه‌ی  پاوانه‌کردنییه‌وه‌ بۆ دابینکردنی   خۆشگوزه‌رانی بۆ مرۆڤه‌کان  ، یا ڕاستتر بۆ کرێکاره‌کان‌، قسه‌ و باسی له‌سه‌ر کراوه‌.

مارکس  له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه‌ و سروشت شتی نوسیوه‌ ، به‌ڵام  هزر و ئایدیای به‌ کرده‌وه‌ دژایه‌تی سروشت و بوونه‌وه‌رانی دیکه‌ی جگه‌ له‌ مرۆڤ، کردوه‌.  ئه‌و خواستویه‌تی که‌ مرۆڤ سروشت پاوانه‌ بکا و سه‌ری پێدانه‌وێنێ بۆ خواست و خۆشی مرۆڤ ، که‌ ئه‌مه‌ش لای مارکس ته‌نها و ته‌نها له‌ ڕێگای ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ ده‌بێت، ئیدی له‌م باره‌دا لای ئه‌و  گرنگ نه‌بووه‌ که‌ ته‌کنه‌لۆجیا سروشت و ژینگه‌که‌ی وێرانده‌کات و بونه‌وه‌ره‌کانی له‌ناوده‌بات یا لانی که‌م  که‌میانده‌کاته‌ وه‌ و ڕه‌ویان پێده‌کات.  هاوسه‌نگی له‌ نێوان سروشت و مرۆڤدا ، مرۆڤ و ته‌کنه‌لۆجیادا ، لای مارکس ونبووه‌ .  ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی که‌ چه‌ندێك سروشت خزمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌کات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی ده‌بات ، ئه‌وه‌نده‌ش مرۆڤ ده‌بێت خزمه‌ت به‌و بکات  و وه‌کو سه‌رچاوه‌ی سامانێکی به‌هادار که‌ ده‌توانرێت ته‌واو یپێداویستیه‌کانی ژیان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر بکات.

ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر مرۆڤدا به‌‌ هۆی کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کانی وه‌کو لافاو و هه‌ریکان و زیادبوونی پله‌ی گه‌رما و ڕودانی کاره‌ساتی دیکه، دێت، ‌ ده‌رئه‌نجامی دژایه‌تیکردنی سروشته‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ بۆ که‌ڵه‌که‌کردنی زیاتری سه‌رمایه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش مرۆڤکرده‌ ، واته‌ کاری مرۆڤه‌ نه‌ك شێتبوونی سروشت.

ته‌کنه‌لۆجیاو چڕبونه‌وه‌ی چینی پڕۆلیاتاریا و گه‌یشتن به‌ قۆناخی سه‌رمایه‌داری هیچ وه‌ختێك و هه‌رگیزیش ته‌نانه‌ت مه‌رجی لاوه‌کیش نین بۆ بیناکردنی کۆمه‌ڵی سۆشیالیستی/ ئه‌نارکیستی .  ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ما  زه‌روور‌ییه‌کانی بنیاتنانی ئه‌و کۆمه‌ڵه، ده‌سه‌پێنێت‌، کۆ‌مه‌ڵێكی پڕ له‌  که‌مایه‌تییه‌کی ده‌سته‌بژێر، له‌ هیراشییه‌ت، له‌  باڵاده‌ستی و ده‌سه‌ڵات و پاوانه‌کردنی کۆمه‌ڵ و خێر و خۆشییه‌کانی سروشت و ناو کۆمه‌ڵ،  له‌گه‌ڵ هه‌بوونی زۆرینه‌یه‌کی بنده‌ست و فرمانپێکرا و ڕه‌نجده‌ر و چه‌وساوه‌ و به‌شخوراو له‌ کۆمه‌ڵدا‌ ‌.   ئه‌مانه‌ش له‌ هه‌موو قۆناخه‌کانی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمکردن ، جگه‌ له‌ قۆناخی کۆمه‌ڵی سه‌ره‌تایی کۆمۆنوێڵی، بوونیان هه‌بووه‌،  ئیدی ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ له‌ سه‌رده‌مێکدا کۆیله‌، جوتیار یاخود کرێکار بووه‌ .  ڕاسته‌ شێوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌کان ، کۆمه‌ڵه‌کان گۆڕاون‌ به‌ڵام جه‌وهه‌ری چه‌وساسندنه‌وه‌کان ، که‌ له‌ ڕێی هه‌بوونی کۆمه‌ڵه‌ چینایه‌تییه‌که‌ و کۆمه‌ڵی هیراشییه‌‌وه‌ ، بووه،‌  هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌  زیاتر وچڕتریش بووه‌ته‌وه.‌ ‌

 

درێژه‌ی هه‌یه‌     ‌    ‌ ‌       ‌          ‌

 

 

 

چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌ /4

چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌ /4

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

Sep 2016

به‌شی چواره‌م:

  • چینی پڕۆلیتاریا و ته‌کنه‌لۆجیا:

 ڕۆح و جه‌وهه‌ری هزری مارکس له‌ خۆئاماده‌کردندا بۆ شۆڕش و هێزه‌ بزوێنه‌ره‌که‌ی، له‌ چینی پڕؤلیتاریا و گه‌شه‌ و پێشه‌وه‌چوونی ته‌کنه‌لۆجیادا ، چڕبۆته‌وه‌.  هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ سه‌رجه‌می لێکۆڵینه‌وه‌ مێژووییه‌کانی مارکس له‌سه‌ر  ته‌کنه‌لۆجیا و پێشکه‌وتنی و سه‌رمایه‌داریی و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌و زێده‌بایی و ململانێی نێوانی پڕۆلیتاریا و بورجوازی ، بووه‌،  تاکو بیسه‌لمێنێت که‌ کۆمه‌ڵی  ئاینده‌ی سۆشیالیزم له‌سه‌ر ده‌ستی کرێکاراندا دروستده‌بێت، ئه‌مه‌ش یانی سۆشیالیزم نایه‌ته‌ دی هه‌تا کۆمه‌ڵ به‌سه‌رمایه‌دارییدا تێنه‌په‌ڕێت.  له‌م دیده‌یه‌شه‌وه‌ ‌ مارکس نه‌ك هه‌ر به‌هایه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ کرێکاران له‌ کۆمه‌ڵ و ڕۆڵیاندا داناوه‌ به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتداریشیانده‌کات و ده‌یانخاته‌ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌‌وه‌ .  مارکس هیوایه‌کی یه‌کجا گه‌وره‌ به‌ کرێکاران ده‌به‌ستێت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی وه‌کو بوكچین ده‌ڵێت ” مارکس نوسوێتی و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌رکاتێك پڕۆلیتاریا کاپیتاڵیزمی به‌ سروشتی قه‌بوڵکرد ، ئه‌وه‌ هه‌موو هیواکان بۆ شۆڕش ، ونده‌بێت”

لا285 Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, By Janet Biehl

هاوکاتیش  مارکس ئه‌وه‌ باشده‌زانێت که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا کرێکاران له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌کاندا زۆر که‌مایه‌تیبوون و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتا‌نه‌شدا یا هه‌ر نه‌بوون یاخوود یه‌کجار که‌مبوون .  کاتێك که‌ مارکس گه‌شه‌ی کرێکاران به‌ گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌‌ ده‌به‌ستێت ، ئیدی ئه‌و هه‌سته‌ی خۆی ناشارێته‌وه‌ که‌ گه‌شه‌ی وڵاتان له‌ ڕوی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ که‌ به‌ر‌هه‌مهینه‌ری کرێکارانه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر وێرانی وڵاتێکیش و پلیشانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌شی بێت ، لای ئه‌و گرنگ نییه‌ .  باشترین نمونه‌یه‌کیش ‘ کۆمپانیای ڕؤژهه‌ڵاتی هیندییه‌’ له‌ چه‌رخی 19 ده‌دا که‌ مارکس یه‌کجار دڵی پێیخۆشبوو.

جانێت  له‌ لاپه‌ڕه‌ی 60 ی هه‌مان کتێبدا ده‌ڵێت، بووکچین ده‌ڵێت ” مارکس وای بینیوه‌ که‌ کاپیتاڵیزم په‌یامێکی مێژویی پێیه‌ بۆ پێشخستنی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ ئاستێك که‌ ئیدی ده‌توانێت پێداویستییه‌کانی به‌شه‌رییه‌ت دابین بکات”  دیسان هه‌ر له‌و په‌رتوکه‌دا له‌ لاپه‌ڕه‌ 190دا، نوسیوێتی  ” له‌وه‌ش زیاتر، مارکسیزم په‌یگیرانه‌‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بووه‌.  مارکس و ئینگلس ته‌ماشای ده‌سه‌ڵاتیان واکردووه‌ که‌ بناغه‌ییه‌ بۆ دسپلینکردنی پڕۆلیتاریا و گوێڕایه‌ڵی بوون .  ” هه‌تا مارکس کاپیتاڵیزمی واده‌بینی که‌ به‌ وێرانکردنی فۆرمه‌ ئابووییه‌کانی پێشینه‌ و گه‌شه‌پێدانی ته‌کنه‌لۆجیا ، ڕۆڵێکی مێژویانه‌ی پێشکه‌وتنخوازیانه‌ی بینیوه‌.  ئه‌و وا بیریکردۆته‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵی چینایه‌تی زه‌رووره‌ی مێژوییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بناغه‌ی ئازادی به‌شه‌رییه‌ت …….بوکچین ‌ سه‌باره‌ت به‌م تێزه‌ و بۆچوونه‌ی مارکس ‌ ‌ ده‌ڵێت مارکسیزم ”  پێشکه‌وتوترین ئایدۆلۆجییه‌ ‌ ‌ له‌ کاپیتاڵیزمی پێشکه‌وتوودا”  ‌

David Graeber  له‌ په‌رتوکه‌ نوێیه‌که‌ی که‌ به‌ ناوی The Utopia of Rules له‌ لاپه‌ڕه‌ی 121 و 122 دا، ئه‌ویش له‌سه‌ر بۆچونه‌کانی مارکس سه‌باره‌ت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و سوود ، ده‌دوێت، به‌ به‌ڵگه‌وه ‌قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بۆچوونی ئه‌و‌ ده‌کات که‌ نه‌هاتنه‌ دی.  یه‌کێك له‌وانه‌ شۆڕشکردنه‌ له‌ ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا ، ده‌یڤد ده‌ڵێت ” ئه‌رگویمێنته تایبه‌تییه‌که‌ی  مارکس ئه‌وه‌ بووه‌، به‌هۆی فاکته‌ری دیاریکراوی ته‌کنیکییه‌وه‌ به‌ها(قیمه‌) و هه‌روه‌ها قازانجیش ده‌بێت له‌ کاری مرۆڤ، دروستبکرێت . به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ کێبڕکێی خاوه‌نکارگه‌کان ناچار به‌ ماشێنایزکردنی به‌رهه‌م له‌ پێناوی هێنانه‌خواره‌وه‌ی  تێچووندا (کولفه‌) ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ناو به‌ناو  قازانجێکی وه‌ختی بۆ چه‌ند کارگه‌یه‌ك  هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ گشتی کارایی ئه‌م ماشنیزکردنه‌ له‌ ڕاستیدا  بڕی ( معه‌ده‌ل)  قازانج له‌ هه‌موو کارگه‌کاندا ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌ ئێستا  نزیکه‌ی دوو چه‌رخه ئابورییناسه‌کان دیبه‌یتی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئایه‌ به‌ ڕاستی ئه‌مانه‌ هه‌موی ڕاسته‌.  به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌  ڕاستبێت ، ئه‌ی بۆ  بڕیارێکی وا‌ غه‌ریب‌ له‌ له‌یه‌ن پیشه‌سازیکه‌رانه‌وه، ناده‌ن،‌ بۆ‌ پاره‌ ناخه‌نه‌ توێژینه‌وه‌ بۆ داهێنانی کارگه‌کانی ڕۆبۆت، که‌ هه‌موو که‌سێك له‌ شه‌سته‌کاندا، پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌کرد،  له‌بری ئه‌مه‌ ده‌ستپێکردنی گوستنه‌وه‌ی کارگه‌کانیان بۆ شوێنانی چڕی کار ، بۆ شوێنیێ ته‌کنه‌لۆجیای که‌متر، له‌ چین  یاخود جیهانی باشوور، که‌ عه‌قڵ باشتر ده‌یگرێت، کرد”

ده‌یڤد هه‌ر له‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که‌یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ 143 دا ده‌ڵێت  ” کاپیتاڵیزم له سروشتی ته‌کنه‌لۆجیدا پێشکه‌وتووه‌   وا‌ده‌رده‌که‌وێت مارکس و ئینگلس له‌ سه‌رده‌می حه‌ماسییه‌که‌یاندا بۆ شۆڕشی پیشه‌سازی له‌و ڕۆژانه‌دا سه‌باره‌ت به‌مه‌، به‌ ته‌واوی هه‌ڵه‌ بوون . یاخود زیاتر به‌ دیار‌یکراوی ئه‌وان ڕاستبوون که‌ په‌یگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ ماشێنا‌یزکردن له‌ پیشه‌سازی به‌رهه‌هێناندا، سه‌رئه‌نجام کاپیتاڵیزم وێرانده‌کات، به‌ڵام هه‌ڵه‌ بوون له‌ پێشبینیکردنی ئه‌وه‌ی که‌ مونافه‌سه‌ی مارکێته‌کان خاوه‌نکارگه‌کان ناچارده‌کات که‌ به‌ره‌و ماشێنایز، مل بنێن”   ‌

له‌ته‌ك ئه‌و ئه‌رکه‌ گه‌وره‌ی که‌ مارکس خستویه‌تیه‌ سه‌رشانی کرێکاران، بڕوایشی به‌وه‌ هه‌بووه‌ که کرێکاران ده‌بێت ‌ شوورا و کۆمیته‌ و ئه‌نجومه‌نه‌کانی خۆیانیان  له‌ کارگه‌ و کارخانه‌کانیاندا هه‌روه‌ها له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌شدا هه‌بێت ، وه‌کو ئه‌نجومه‌نێك، لیژنه‌یه‌کی  ده‌سه‌ڵات .  ئه‌مه‌ش یانی ده‌سه‌ڵاتدانه‌ ده‌ستی کرێکاران و بێبه‌شکردنی باقییه‌که‌ی، دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتێك له‌ شێوه‌یه‌کی بچوك یا گه‌وره‌دا ڕێگاخۆشکردنه‌ بۆ نه‌بوونی یه‌کسانی و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی .  بووكچین له‌و دیمانه‌یه‌ی که‌ Janet Biehl ی براده‌ری کردویه‌تی، سه‌باره‌ت به‌ کۆمیته‌ی کرێکارییه‌کان ده‌ڵێت “‌ گه‌ر کرێکاران له‌ پرۆژه‌که‌یاندا خۆیان وه‌کو هاووڵاتیان له‌بری کرێکاران نه‌بینن، که‌واته‌ ئێمه‌ ده‌رگه‌ بۆ گریمانێکی به‌هێز ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و‌ان بانگه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ شوێنه‌کانیاندا ، له‌سه‌ر حسابی ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان، ده‌که‌ن.  ئه‌مه‌ش یانی کێشانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ و دانی به‌ شوێنی سه‌ر کار، ئا به‌و شێوه‌یه‌ تۆ درز له‌ یه‌کێتی ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ دروستده‌که‌یت و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری زیاتری شوێنی سه‌ر کار وه‌ک‌ توخمێکی سه‌رپه‌رشتیکار له‌ په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماه‌رییه‌که‌دا” درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌دات و ده‌ڵیت لێمگه‌ڕێ با ئاسانی بکه‌م : ” که‌ ‌ شوێنی سه‌ر کار ده‌سه‌ڵاتی زۆری هه‌بوو  ، ئه‌نجوومه‌نی جه‌ماوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی که‌مه‌- هه‌روه‌ها  ده‌سه‌ڵاتی که‌متر  که‌ شوێنی سه‌ر کار هه‌یه‌تی ،  ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که ده‌سه‌ڵاتی زۆرتری ‌ هه‌یه” لا 162 The Politics of Social Ecology, Libertarian Municipalism.  By Janet Biehl

 

سه‌باره‌ت به‌چینی کرێکاران، مارکسییه‌کانی ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت مارکسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌بێت ئه‌و‌ پێناسه‌یه‌ لای خۆیان ساغبکه‌نه‌وه‌.  ‌ ئایه‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وان له‌چه‌مکی پڕۆلیتاریا، کرێکاران، هه‌ر هه‌مان شته‌ که‌ مارکس کاتی خۆی هه‌یبووه‌؟  گه‌ر ئه‌وان هه‌مان پێناسه‌ په‌سه‌ند ده‌که‌ن ،ئه‌وه‌ له‌ته‌ك واقیعی ئه‌مڕۆ و جیهانه‌که‌یدا ناگونجێت و  گریمانی شؤڕشیش، نیییه‌ .  خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌موو خه‌ڵکانی دیکه‌ که‌ له‌ ئۆفیس و شۆپه‌کان و شوێنه‌کانی دیکه‌دا و به‌ بێکار که‌مئه‌ندامانه‌وه‌ و خانه‌نشینکراوانه‌وه‌ به‌ کرێکار بده‌نه‌ قه‌ڵه‌م ، یاخود وای ده‌بینن که‌ کێشه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێوانی له‌ سه‌دا یه‌ك و له‌ سه‌دا نه‌وه‌دونۆکه‌ی دیکه‌یه‌تی.  ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وان ده‌بێت پیاداچونه‌وه‌یه‌ك به‌ بۆچونه‌ مارکسییه‌کانی خۆیاندا  سه‌باره‌ت به‌ پڕۆلیتاریا، بکه‌ن.

ڕه‌نگه‌ گرنگیش نه‌بێت چ پێناسه‌یه‌ك بۆ کرێکاران ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ و  من تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دڵنیام ئه‌وه‌یه‌ که‌ چینی کرێکاران  زۆر له‌ سه‌رده‌می مارکس لاوازتره‌ و هیوای شۆڕشییش له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا زیاتر بوو تا ئێستا.  دیاره‌ له‌مه‌دا پێشبینییه‌که‌ی مارکس نه‌هاته‌ دی که‌وای ده‌بینی که‌ کاپیتاڵیزم گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی ده‌بێت و به‌ پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا و زۆربوونی پڕۆلیتاریاو ڕوودانی قه‌یرانه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابوریی، ئیدی زه‌نگی لێدانی شؤڕشیش نزیکترده‌بێته‌وه‌ .

گه‌ر ته‌ماشایه‌کی واقیعیانه‌ی دونیا بکه‌ین له‌م چه‌رر‌خه‌دا و تا ئێستاش بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی له‌ ئاستێکی یه‌کجار نزمدان جگه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و یۆنان .  ته‌نانه‌ت هه‌وڵی سه‌ره‌کی ئه‌وانیش نه‌ك بردنه‌پێشه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه‌ و دابینکردنی داخوازی زیاتر ، به‌ڵکو ده‌ستبه‌سه‌راگرنتی ئه‌وانه‌ی که‌ پێشتر به‌ده‌ستهێنراون ، تاکو له‌ ده‌ست نه‌چن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش من ڕام وایه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ قه‌یرانێکی یه‌کجار گه‌وره‌داین نه‌ك سه‌رمایه‌داری.  له‌م باره‌شه‌وه‌ من ‌ چه‌ند وتارێکم نوسیوه‌ و دواترینیان ” ئایا‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، یاخود قه‌یرانی ئێمه‌یه‌؟ ”  http://zaherbaher.com/2016/08/18/%d8%a6%d8%a7%db%8c%d8%a7%e2%80%8c-%d8%a6%d9%87%e2%80%8c%d9%85-%d9%82%d9%87%e2%80%8c%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86%d9%87%e2%80%8c-%d8%a6%d8%a7%d8%a8%d9%88%d9%88%d8%b1%db%8c%db%8c%d9%87%e2%80%8c-%d9%82%d9%87/

سه‌باره‌ت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و ڕۆله‌که‌ی: هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد گرنگێتی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ مارکس و مارکسییه‌کان له‌ بنیاتنانی سۆشیالیزمدا زۆر گرنگ بووه‌ ، به‌ واتایه‌کی دیکه‌  هاتنی ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتوو لای ئه‌وان پێداویستییه‌کی مێژوویی بووه‌ بۆ دروستکردنی هێزه‌ بزوێنه‌ره‌که‌ی شۆڕش، کرێکاران، هه‌م بۆ قورتاربوون له‌ کێشه‌ی که‌مبه‌رهه‌میی ، که‌ مارکس که‌مبه‌رهه‌میی به‌ نه‌بوونی ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتووه‌ گرێداوه‌ و ئه‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ به‌رهه‌م به‌شی دانیشتوان ناکات.

له‌ وردکردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌توانین دوو خاڵی گرنگ ڕه‌چاو بکه‌ین .  یه‌که‌م : هاتنی ته‌کنه‌لۆجیا به‌ هاتنی چینی بورجوازی قۆناغی گه‌شه‌کردنی پیشه‌سازییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ .  هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ مارکس ئه‌وه‌ی که‌ بورجوازی کردویه‌تی به‌ شۆڕشی زانیوه‌ و لاینگری کردوه‌ و تا ئێستاش له‌ناو مارکسییه‌کاندا  واباوه‌ که‌ بورجوازی له‌و سه‌رده‌مه‌دا چینێکی شۆڕشگێر بووه‌.  دووهه‌م: که‌ ته‌واوکه‌ری خاڵی یه‌که‌مه‌ بووه‌ته‌ دانانی به‌ردی بناخه‌ی به‌شکردنی قۆناخه‌کانی به‌شه‌رییه‌ت به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم لای ما‌رکسییه‌کان ، وه‌کو کۆمه‌ڵی کۆمیۆێنه‌ی سه‌ره‌تایی ، به‌ندایه‌تی ، فیود‌اڵیزم ، کاپیتاڵیزم ، سۆشیالیزم ئه‌مجا کۆمۆنیزم.   ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ لای مارکسییه‌کان به‌ لینینیشه‌وه‌ زیاتر گرنگی ڕۆڵی پرۆلیتاریا و ته‌کنه‌لۆجیای دووپاتکرده‌وه‌، پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرد که‌ قسه‌کردن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بۆ وڵاتانێك که‌ له‌ قۆناخی سه‌رمایه‌داری زۆر گه‌شه‌کردودا، نه‌بن ، ئه‌وه‌ خه‌و و خه‌یاڵه،‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ واقیع و داخوازییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌م ، ئه‌مه‌ش کارێکی وایکرد که‌ ئه‌گه‌ر پارته‌ کۆمۆنیست و به‌لشه‌فییه‌کانی جیهان باوه‌ڕ و دروشمیشیان کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بووبێت، به‌ڵام به‌ کاری کرده‌ کارو تێکۆشانیان بۆ به‌ پیشه‌سازیکردنی وڵات، کۆمه‌ڵ، کردووه‌ ، بۆ زیاتر کۆیله‌ کردنی کرێکاران، ڕه‌نجده‌ران. به‌شخوراوان، بووه‌ ،هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا ده‌ستیان له‌ته‌ك چینی بورجوازی، خۆیان وته‌نی ” نیشتمانی” تێکه‌ڵکردوه‌ و به‌ چینێکی شؤڕشگێڕیان داناوه‌ و پشتگیرییان لێکردووه‌ .  ده‌رئه‌نجامی به‌ڕێکردنی ئه‌م سیاسه‌ت و پراکتیکه‌کردنشی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی ، دیمۆکراتی نیشتمانی ، فرمانڕه‌وایی گه‌لیی ، دیمۆکراتی گه‌لی و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی گه‌شه‌کردنی  ناسه‌رمایه‌داری به‌ره‌و‌ سۆشیالیزم له‌ عێراق و هه‌ندێك شوێنی دیکه‌ به‌ ده‌ستتێکه‌ڵکردنی له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌ فاشییه‌کاندا له‌ به‌ره‌یه‌کدا.

که‌واته‌ وه‌کو کورد ده‌ڵێت ئه‌و ئاگره‌ بێ دووکه‌ڵ نییه‌.  ئه‌مه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می ‘لینین’ و دوای ئه‌ویش په‌یڕه‌وده‌کرا ، هه‌ر هه‌مووی گه‌ر به‌ وردی بڕوانیت ‌ خودی مارکس سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی، ورده‌ ورده‌ قسه‌ و بۆچون و تیئوره‌کانی مارکس له‌سه‌ر ده‌ستی لینین و پاشڕه‌وانیدا، گه‌شه‌ی پێدراوه و خراوه‌ته‌ پراکتیکه‌وه‌ ‌ .

به‌ بۆچونی من ئه‌و دوو خاله‌ی که ‌له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکردن پڕۆلیتایا و ته‌کنه‌لۆجیا له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنی پێشکه‌وتنی به‌شه‌رییه‌ت‌ به‌و قۆناغانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم، گه‌وه‌ره‌ترین زه‌ربه‌یان له‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی داوه‌ و به‌ربه‌ستێکی یه‌کجار گه‌وره‌ بوون له‌به‌رده‌میا.  ئاشکراشه‌ که‌ ده‌ردی ئایدۆلۆجیا هیچ ده‌رفه‌تێکی بۆ مارکسییه‌کانی پاش مارکس نه‌هێلاوه‌ته‌وه‌ تاکو سه‌ر له‌ دووتوێی کتێبه‌کان به‌رزبکه‌نه‌وه به‌ ‌ مێشکی خۆیان تۆزێك بیر بکه‌نه‌وه‌ و بزانن ئایا ڕاستی ئه‌مه‌ له‌ که‌تواردا ده‌بینرێت یا نا؟ پرسیارێك له‌ خۆیان بکه‌ن خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاستی تیادا بێت ئه‌وه‌ شؤڕشی سۆشیالیستی له‌ وڵاتانی پیشه‌سازی دواکه‌وتودا هه‌رگیز ڕوونادات ؟ ئه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ چۆن ڕووده‌دات؟ هه‌نگاوه‌ عه‌مه‌لییه‌کان  بۆ ئه‌م پرۆسسه‌یه‌ چین؟ له‌ هه‌قه‌تیشدا واقیعیش و ئه‌زموونه‌کانیش ئه‌وه‌یان نیشاندا نه‌ حیزب ده‌توانێت ئه‌مه‌  بکات و نه‌ ‌ پڕۆلیتاریاش ده‌توانن یه‌کبگرن و دیکتاتۆری پڕۆلیاتاریاش بنیات بنێن؟! خۆئه‌گه‌ر  ئه‌وه‌ش ڕوویدا ئه‌ی چۆن ئه‌م قۆناخی چینایه‌تییه‌ له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌وه‌،  ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ قۆناخی بێ ده‌سه‌ڵاتیی، بێ چینایه‌تی؟  ئه‌مانه‌ و کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێکی دیکه‌ هه‌ن که‌ بۆ مارکسییه‌کان گرانه‌ له‌ واقیعدا  وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه، مه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی ته‌نها له‌ بڕگه‌ی کتێبه‌کاندا بدۆزنه‌وه‌‌ .

 

درێژه‌ی هه‌یه‌

 

چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌

چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن

Sep 2016

به‌شی دووهه‌م:

لای زۆرینه‌یه‌ك له‌ چه‌پ  به‌ تایبه‌ت کۆمۆنیسته‌کان، شێواندنی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیسستی و هۆکاری نه‌گه‌یشتن به‌ سۆشیالیزم، له‌  ‘ستالین’ و  سه‌رده‌می فرمانڕه‌وایی ئه‌وه‌وه‌، ده‌ستپێده‌کات .  که‌مینه‌یه‌کیش وای ده‌بینن که‌ ستالین چشتێکی نه‌کرده‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی پرۆسه‌ی ‘لیننیه‌ت’ و پراکتیزه‌کردنی بیرۆکه‌ و تیوری خودی ‘لینین’ خۆی نه‌بێت.

به‌ڵام گه‌ر به‌ وردی تاو و توێیه‌کی مێژوو بکه‌ین و به‌ بیرێکی فراوانه‌وه‌ ئاوڕێکیش له‌ واقیعی ڕابوردوو و ئێستاش بده‌ینه‌وه‌ ، ڕه‌نگه‌ تا ڕاده‌یه‌ك بتوانین گه‌لێك له‌وانه‌ی که‌ ڕویداوه‌ و لۆمه‌ی ستالین و لینین-مان له‌سه‌ریان  کردوه،‌ له‌ مارکسه‌وه‌ سه‌ر ده‌ربهێنێت ، یا لانی که‌م ئه‌شکالێکمان سه‌باره‌ت به‌ مارکس  لا دروستبکات.

با سه‌رنجێکی  بیانوو و پاساوه‌کانی کۆمۆنیسته‌کان بده‌ین و دوای ئه‌وه‌ ئاوبه‌رێکی سه‌رچاوه‌که‌ی بکه‌ین ، بزانین له‌ کوێدا ده‌گیرسێته‌وه.

  • ڕێکخستن و پارتی کرێکاران:.

ئه‌وه‌ی که‌ پاڵی به‌ ‘لینینه‌’ وه‌ ناوه‌ بۆ در‌وستکردنی پارتی شۆڕشگێڕ و کارکردنی کۆمۆنیسیته‌کان، گواستنه‌وه‌ی هۆشیاری چیانیه‌تی بووه‌ بۆ ناو ڕیزه‌کانی کرێکاران .  ئه‌و‌ له‌ کرداردا باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ هۆشـیاری چینایه‌تی له‌ زه‌مینه‌ی کارکردن و ململانێی چینایه‌تی نێوان  خودی کرێکاران و بورجوازی ‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات.  ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ‘ لینین’ باوه‌ڕی به‌ کۆنترۆڵکردنی چینی کرێکاران هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن کۆمۆنیست و پارته‌که‌یانه‌وه‌. ئه‌و باوه‌ڕی به‌‌ بزوتنه‌ه‌ی خۆڕسکی نه‌بووه‌ ، هه‌میشه‌ش ئه‌و بزوتنه‌وه‌ خۆڕسکیانه‌ی به‌ حوکمی نه‌بوونی  پارتی شؤڕشگێڕی خاوه‌ن زه‌بت و ڕه‌بت و ‌ هه‌بوونی ناوه‌ندی دیمۆکراسی له‌و پارته‌دا,  به‌  بێ سه‌روبه‌ره‌ و ئاژاوه، داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م.

‘لینین’  باوه‌ڕی وابووه‌ بۆ ڕودانی شؤڕش بارودۆخی زاتی و بابه‌تی گرنگن .  له‌ بارودۆخی زاتیدا بۆ  شؤڕش هۆشیاری چینایه‌تی لای گرنگ بووه‌ و هه‌نگاوی گه‌وره بووه‌ چونکه‌ ‌  ئه‌و‌ هۆشیارییه‌ له‌ناو کرێکاراندا، به‌ڕای ئه‌و،  ونه‌.  بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و کاری له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌و پارته‌ کردووه‌ و باوه‌ڕی وابووه‌ که‌ کۆمۆنیسته‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کرێکاران هۆشمه‌ندترین که‌سانێکن،  ده‌کرێت پارتی پێشڕه‌و به‌و  که‌سانه‌ دروستبکرێت و پێشڕه‌وایه‌تی چینی پڕۆلیتاریا، کرێکاران، بکات به‌ره‌و مه‌نزڵی کۆتایی  که‌ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریایه‌، دواتریش به‌ره‌و کۆمۆنیزم .

لینین، له‌ کتێبه‌ به‌ناوبانگه‌که‌یدا ” ده‌بێت چی بکرێت؟” بناخه‌ی ته‌واوی پلان و پڕۆگرامی حیزبی به‌لشه‌فی دانا و هه‌ر له‌و‌ێدا په‌نجه‌ بۆ زه‌بتوڕه‌بتی حیزبیانه‌ ڕاده‌کێشێت و ده‌یه‌وێت بیکاته‌ ڕێنمایی “ده‌لیلی ” کارکردنی ئه‌ندامانی حیزب.

من له‌م خاڵه‌دا نامه‌وێت به‌ درێژی له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه‌ و پلان و پڕۆگرامه‌که‌ی  ‘لینین’ بڕۆم چونکه‌ پێموایه‌ ئه‌وه‌مان که‌ ڕۆژێك لینینی یا مارکسی-لینینی بووبێتین ئه‌و کتێبه‌مان نه‌ك هه‌ر خوێندۆته‌وه‌ به‌ڵکو ده‌رخیشمان کردبوو.  ئه‌وه‌ی که‌ لای من گرنگه لیره‌دا، ‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بلێم لینین ئه‌مه‌ی له‌ خودی مارکسه‌وه‌ هێناوه‌ . مارکس له‌ به‌یانی شیوعی-دا له‌ به‌شی دووهه‌مدا، له‌ په‌یوه‌ندی کرێکاران و کۆمۆنیسته‌کاندا، ده‌ڵێت  ” کۆمۆنیسته‌کان پارتێکی جیا دژ به‌ پارته‌کانی دیکه‌ی چینی کرێکاران دروست ناکه‌ن   https://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm

له‌م دێڕه‌ کورته‌ دا ، مارکس دوو شتمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو ، یه‌که‌م: کۆمۆنیسته‌کان و کرێکاران جیاوازن .  دووهه‌م:  هه‌بوون و ڕه‌وابوونی پارتی کرێکارانه‌یه‌.  ئه‌و ئایدیایه‌ی که‌ ‘لینین’ سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی حیزب‌ هه‌یبوو ، له‌  مارکس -ه‌وه‌ وه‌ری گرتوه‌.

John Molyneuxکه‌ ئه‌کادیمی و  نوسه‌ره‌ و زیاترله‌ 12 په‌رتوکی له‌سه‌ر کێشه‌ی جیاواز جیاواز هه‌یه‌  یه‌کێك بوو له‌ ڕابه‌ره‌کانی  ” سۆشیالیست وه‌رکه‌ر پارتی ” برتانیا و  ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌مان حیزب به‌ڵام له‌ ئیرله‌نده‌ کارده‌کات ،‌ یه‌کێکه‌ له‌نێو  که‌سه‌ دیاره‌کان ‌ که‌ له‌ مارکس به‌باشی گه‌یشتبێت و توانیوێتی  لینین به‌ مارکسه‌وه‌ په‌یوه‌ستبکاته‌وه‌ .  سه‌باره‌ت به‌ زۆر مه‌سه‌له‌ له‌وانه‌ ‘ حیزب’ ‘پڕۆلیتاریا/کرێکاران’ و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا’ و ‘ شۆڕش’ یه‌کجار زۆری نوسیوه‌ . لێره‌دا من وه‌کو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك  په‌نجه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ نوسینه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ پارتی پێشڕه‌و، ڕاده‌کێشم .  ئه‌و‌ ده‌ڵێت ”  به‌ڵام کاتێك که‌ یه‌کێك له‌سه‌ر تئیوره‌کانی مارکس  سه‌باره‌ت به‌ پارت ده‌دوێت، بابه‌ته‌که‌ باسی پارتییه‌  سیاسییه‌کان  به‌گشتی نییه، به‌ڵکو پارته‌ شۆڕشگێره‌که‌یه‌ که‌ ئامانجی ئه‌و، هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی کاپیتاڵیزمه‌-  به‌تایبه‌ت که‌سێك که‌ قسه‌ له‌سه‌ر تێزی  مارکسی سه‌باره‌ت به‌ پارتێکی سیاسی پڕۆلیتاریانه‌، ده‌کات،  چونکه‌ ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ دیدی ئه‌وه‌ که‌ ” به‌ ته‌نها پڕۆلیتاریا، به‌ هه‌قه‌ت چینێکی شؤڕشگێڕن”  ‌  مۆلێنوکس هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و نوسینه‌یدا له‌ شوێنێکی دیکه‌دا ده‌ڵێت ….له‌ ڕاستیدا مارکس زۆرجار پێشنیاری ئه‌وه‌ی کردووه‌ له‌ ته‌واوی مانای وشه‌دا، به‌ هه‌ستێکی ته‌واوه‌،  ناتوانرێت کرێکاران به‌چین وه‌رگیرێن هه‌تا  پارتی جیاوازی خۆیان بینانه‌که‌ن… ده‌توانین له مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئه‌وه‌ بدۆزینه‌وه‌ که‌ ‘‌ ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا له‌‌ چینێکدا، دواتریش له‌ پارتێکی سیاسیدا ، به‌به‌رده‌وامی غه‌مگینی/دڵه‌ڕاوکێیه‌ له‌ کێبڕکێی نێوان کرێکاران خۆیاندا’.  هه‌ره‌وها له‌ بڕیاری کۆنفرانسه‌که‌ی  نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، له‌نده‌نی 1871  واهات ‘ پڕۆلیتاریا ده‌توانێت ته‌نها به‌ دامه‌زراندنی پارتێکی سیاسی جیاواز بۆخۆی، وه‌ک‌ چین،  کار بکات ‘.   له‌ درێژه‌ی ئه‌و  نوسینه‌دا له شوێنێکی دیکه‌دا، به‌ ئاماژه‌کردن به‌ مارکس  ده‌ڵێت ”  ئه‌م خۆڕێکخستنه‌ی پڕۆلیتاریا له‌ پارتێکی سیساسیدا  زه‌روورییه‌/ جه‌وهه‌رییه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ له‌ هه‌ده‌فی کۆتاییدا : هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ( ئتلغاکردنه‌وه‌)   چینه‌کان.”‌

https://www.marxists.org/history/etol/writers/molyneux/1978/party/ch01.htm

ڕه‌نگه‌  له‌ ڕوی تیورییه‌وه‌ پێشڕه‌وی شؤڕشگێڕ  نێتی نه‌بووبێت ‌ که‌ ڕێكخراوێکی جیا له‌ چینی  کرێکاران دروستبکات و له‌ چه‌قی بزوتنه‌وه‌که‌یاندا خۆی به‌ هه‌موو شتێك بزانێت.  لینین و ئه‌وانی دیکه‌یان نێتیان وابووه‌ که‌ ئه‌مان تێکه‌ڵ به‌ به‌شێك له‌ چینی کرێکاران  بن به‌ مه‌به‌ستی کردنی جه‌ده‌لی   ململانێی چینایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی  هۆشیاری سۆشیالیستیییانه‌ بۆ ناویان.  به‌ڵام له‌و ماوه‌ درێژه‌ی سه‌رده‌می مارکسه‌وه‌ تا ئێستا مامه‌ڵه‌ی  پارته‌ سۆشیالیست و کۆمۆنیسته‌کانمان له‌ته‌ك کرێکاراندا بۆ ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ هه‌میشه‌ ‌ خۆیان به‌ ده‌سته‌ی پێشڕه‌و هۆشمه‌ند و ڕۆشنبیر زانیوه‌ و له‌ حه‌قیقه‌تیشدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌ ده‌سه‌ڵاتیشدا توانیویانه‌ یاخود هه‌وڵی جددیان بۆ کۆنترۆڵکردنی کرێکاران داوه‌.

درێژه‌ی هه‌یه‌