بەررزبوونەوەی نرخی وزە

زاهیر باهیر

06/09/2022

بەرزبوونەوەی نرخی غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل لە سێ لاوە کارایی خۆیان لەسەر ژیانی دانیشتوانی بریتانیا داناوە.

یەکەم: نرخەکەی لەسەر بەکارهێنەرانی ئیدی ماڵان بێت ، بزنس بێت یاخود شوێنە خزمەتگوزارییەکان بێت گران دەبێت.

دووەم: کۆمپانیاکان و خاوەنبزنسەکان لەهەوڵی ئەوەدان کە تێچوی تەواوی بەرزبوونەوەی نرخی غاز بخەنەوە سەر کڕیارانی بەرهەم و بەروبوومەکەیان تاکو قازانجیان وەکو پێشتر بمێنێتەوە. واتە بەزربوونەوەی نرخی کاڵاکن و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵك.

سێیەم: کاتێك کە نرخی غازو کارەبا بەرزدەبێتەوە لە هەندێك کارگە و کۆمپانیا و شوێنی خزمەتگوزارییدا دەبێتە هۆی دەرکردنی کرێکاران و کارمەندانی ئەو شوێنە، یان گۆڕینی هەل و مەرجی سەرکار بە قازانجی خاوەنکار، تاکو هەقی ئەو بڕە پارە زیادبووە بکەنەوە .

بەڕای من لە بریتانیا ئەمڕۆ بارودۆخەکە لە ساڵی 2008، سەردەمی ڕوودانی قەیرانە داراییەکە، زۆر خراپترە لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2007 دا قەرزی نەتەوەیی  بریتانیا لە سەدا 34 ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بوو بەڵام  ئێستا هەڵکشاوە بۆ لە سەدا 95 .

ئەو کاتەش کە ئەم قەرزە بەو ڕێژەیە بوو، واتە زۆر نزمتر لە ئێستا،  نە قەیرانی دارایی هاتبوو نە هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕوویدابوو کە بووە هۆی ئەوەی کە بەهای پاوەندی بریتانی لە سەدا 15 لەدەست بدات، هەرەها پەتای کۆرۆناش نەبوو.  ئێستا  بەهۆی  ئەو 3 ڕووداوە گەورەیەی کەبەسەر بریتانیادا هاتووە ئەم قەیرانی وزەیە زۆر کارایی زیاترە لە سەر دانیشتوانی ئەم وڵاتە تاکو سەردەمی قەیرانە داراییەکە.

دەسبەسەریی و دیلیی قەرز

زاهیر باهیر

03/09/2022

زۆرن ئەو وڵاتانەی کە بە ڕەهن لە لایەن دەزگەی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی جیهانی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاواوە گیراون. ئەم وڵاتانە لەژێر مەرجی قورس و پابەندبوونێك کە لێدەرچوونی نییە  وەکو دیلێك دەناڵێنن و کۆتێك کراون کە ناتوانن بیپسێنن.

ئەمریکا و بریتانیا هەر بە جەنگی کوشتن و بڕین نەنیشتونەتە وێزەی هەندێك نەتەوە و وڵات، بەڵکو جەنگێکی دیکە کە چەپی کەمە لەو جەنگەی تر، بەڵام درێژخایەن و کاریگەرتر بە سەپاندنی هەل و مەرجی سەختی خۆیان بۆ تاڵانکردنی سەرەوەت و سامانی ئەو وڵاتانە و زێدە قازانجی کۆمپانیاکانیان و کۆنترۆڵکردنیان لە ژێر ناوی دانی قەرز و هاوکاری و ئاوادانکردنەوە و پێشەوەجونەوە، بە ناوی چەندەها پرۆژەوە کە یەکێکیان ” ڕێکخستنەوەی هەیکەلی دامەزراوەکانی وڵاتە…” ئا لەو ڕێگایانەوە ئەو جەنگەشیان بەرپاکردووە.

هەندێك لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی  و ئەفەریقا دووچاری ئەو  قەرزە نەدراوە و و نەبڕاوەیە بوون، زۆربەشیان لە ڕێگای ئەو بڕە سووەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە دوو جار و سێ جار ئەو قەرزەیان داوەتەوە،  بە واتایەکی دیکە ئەمان بە درێژی نیمچە تەمەنێك هەر سوویان داوەتەوە لە بری قەرزە ئەسڵییەکە.

بانکەکان، دەزگە دراوییەکان و بازرگانەکان لەلایەن گروپی حەوتەوە، G7 ، ‘ئازاد کراون’ و ئۆکەیان لەو ڕاو و ڕووتەدا بۆ کراوە. ئەمان  لە چین تاوانبارترن سەبارەت بەوەی کە بەسەر ئەو وڵاتانەدا هێناویانە و دەیهێنن.

زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر کەمپەینێك لە ژێر ناوی ” دادوەری قەرز ” یا ڕاستتر دادوەری لە قەرزدا ڕاگەیانرا.  لە ڕێڕەوی ئەم کەمپەینەدا  زانیاری زۆر کەوتە بەرچاو لە ناوی وڵاتەکان و بڕی قەرزەکان و ڕێژەی سوو و هەل و مەرجی سەپێنراو. لەوانە حکومەتەکانی ئەفریقا سێ ئەوەندەی قەرزی بانکەکانی رۆژئاوا و بەڕێوەبەرانی سەروەت و سامان و بازرگانانی نەوت و دوو هێندە زیاتریش سوودیان لێ وەردەگیرێ. 

وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم لایەن و دەزگایانە بە هەڵە  تەنها وڵاتی چینیان  بە هۆکاری شکستهێنانی پێشکەوتن لە داڕشتنەوەی قەرزەکاندا تاوانبار کردووە.  لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەک لەمەشدا هەیە کە ماوەیەکە چینیش پەلی کوتاوە بۆ وڵاتانی ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین و ئێستاش ئاسیای ناوەڕاست و هەندێکیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەوانە عێراق.

پرۆژەکانی چین لەم وڵاتانە زیاتر پرۆژەی قورسی ڕێگا و بان و دروستکردنی فڕۆکەخانە و بەنداو و تونێل و پردن، کە ئەمانیش هەل و مەرجێکی قورسیان داناوە بۆ بەرخستنی سەرمایەکەیان لەدەسکەتنی قازانجی زیاتر لەو بوارانەی سەرەوەدا.

ڕێکخراوی دادوەری قەرز  حیسابی  کردووە کە 12%ی قەرزی دەرەکی حکومەتەکانی ئەفریقا قەرزاری قەرزدەرانی چینن و ئەمە  لە کاتێکدا 35% قەرزاری قەرزدەرانی ڕۆژئاوان.  نیوەی 22 وڵاتی  ئەفریقی کە زۆرترین قەرزیان لەسەرە، زیاتر لە٪ 30 قەرزاری قەرزدەرە تایبەتەکانن، واتە کۆمپانیاکان، لە کاتێکدا تەنها شەش وڵاتیان بە هەمان ئاست قەرزاری چینن.

بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پەتای کۆرۆنا و قەرزی دەرەکیی وڵاتانی کەم داهات، پاڵنەر بوون بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی 50 ساڵدا، نزیکەی دوو لەسەر سێی وڵاتان تووشی ناڕەحەتی قەرزەکان بوون یان مەترسیی نەدانەوەی قەرزەکانیان لەسەرە.   لەشکرکێشی ڕووسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا نیگەرانی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی کارایی شەڕەکە لەسەر نرخی خۆراک و کاڵاکان.

نموونەیەك لەو وڵاتانەی ئەفەریقا وڵاتی زامبیایە کە یەکێکە لە دیلەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.  پەتای کۆرۆنا ئازارە ئابوورییەکانی زامبیای ئاڵۆزتر کرد، کە هۆکارەکەی بۆ چەندین ساڵ خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بوو، کە وڵاتەکەی لە نەدانەوەی قەرزەکانیدا کۆڵەوارتر کرد.  زامبیا بەهۆی بونی گەندەڵی و کەمی داهات و پەتای کۆرۆنا بە دەست قەرزەکانییەوە دەناڵێنێت ، نەك هەر ئەوە بەڵکو ناتوانێت بڕی سووەکەش بداتەوە، بۆیە داوای لە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی کرد بە دانی قەرزێکی دیکە کە لەسەر قەرزە کۆنەکەی کەڵەکە دەبێت .  پاش هێنان و بردنێکی زۆر و حساب و کیتابێکی بێ ئەندازە ئەم دەزگەیە  رەزامەندی دەربڕی کە بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار (1.1 ملیار پاوەند)، قەرزی پێبدا لە کاتێکدا ئەم وڵاتە لە هەوڵێکی سەختددایە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییەکەی کە تووشی قەیران بووە، بە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی  2020 دا نەیتوانی قیستی قەرزە دەرەکییەکانی بدات.

بێ گومان دانی ئەم قەرزە نوێیەش کە ڕۆژی 5شەمە، 01/09 ڕاگەیاندرا و چەند مانگێکە دانوستانی لەسەر دەکرێت  بارو دۆخی ئابووریی زامبیا باش ناکات چونکە دانی ئەم قەرزەش کۆمەڵێك مەرجی پێوە بەستراوەتەوە کە نیوەی ئەم قەرزە نوێیە بۆ دانەوەی قەرزەکانیێتی بە قەرزدەرەکانی کە بریتین لە فەرەنسا و بریتانیا و چین ، سەرەنجامیش پاڵ بە بەردەوامبوونی سیاسەتی دەستگرتنەوە ، تەقەشوف، دەنێت و کە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر خەڵکی زامبیا، هەر ئاوا قەیرانەکە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

خەڵکی زامبیا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست بڕینی زۆری خزمەتگوزارییە گشتیەکانەوە دەناڵێنن، کە خەرجییەکانیان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 بە ڕێژەی 21% دابەزیوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش تێچووی قەرزی تایبەتە کە سوودێکی زۆرە، بە پلەی یەکەم لەلایەن قەرزدەرەکانی تایبەتەوە وەک کۆمپانیای بلاک ڕۆک، BlackRock وەستاوە بۆ ئەوەی قازانجی گەورە بەدەستبهێنێت ئەگەر بە تەواوی بدرێت”.

هاتنەوەی هەناسە بە زامبیا بە دانی قەرز کە پێرێ 5شەمە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بڕیارە دەستبەجێ پارەی 185 ملیۆن دۆلار وەربگرێت. دوای چەند مانگێک لە دانوستانەکانی  نێوانیان، قەرز بە قەرزدەرە سەرەکییەکانی زامبیا دەبێت بدرێنەوە  کە بریتین لە فەرەنسا و بەریتانیا و چین.   نزیکەی نیوەی قەرزەکانی وڵاتەکە بۆ قەرزدەرەکانی تایبەتی ڕۆژئاوایە.  لەگەڵ ئەوەشدا صندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندنێکیدا لۆمەی زامبیا دەکات و دەڵێت ” گەشەکردن زۆر نزم بووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەکانی هەژاری و نایەکسانی و بەدخۆراکی کە لە بەرزترین ئاستی جیهاندان”

بە دڵنیاییەوە ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە لەسەر زامبیا ڕۆڵیان هەبووە لەسەر سەرجەمی وڵاتانی گیرۆدەبوو بە قەیران لە ئەفریقا و وڵاتانی دیکەدا، کارایی خۆیان داناوە وەکو قەیرانی گەندەڵی ، ئیدارەدانی زۆر خراپ، خراپی ژینگە و کەش و هەوا، جەنگی ناوخۆ ، کە هەر هەموو ئەمانە سەرچاوەکەی دەسەڵاتە و دەوڵەتە کە دەوڵەت و دەسەڵاتیش هەموو ئەو نەگبەتیانە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. 

Zaherbaher.com

قەیرانی وزە لە پراگ و ناڕەزایی خەڵکیی :

04/09/2022

دوێنێ شەمە03/09/22 ، لە پراگ پایتەختی کۆماری چیك بە سەدەها هەزار کەس لەسەر شەقامەکان بوون دژ بە گرانی وزە و حکومەت .  قەیرانی گرانی غاز و کارەبا سەراپای وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوەو خەڵکیش لە چیك هاتوونەتە ڕیزی ناڕەزاییکەرانەوە دژ بەو قەیرانە.

 لە پراگ کۆمۆنیستەکان و لاینگرانیان و  بزوتنەوەی چالاکی ڕاستەوخۆ و تەنانەت ڕاستڕەوەکانیش دژن بە ئەم  قەیرانی وزەیە و سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتەکەیان کە هاوکاری و کۆمەکی گەورە بە ئۆکرانیا دەکات لە بەرانبەر جەنگەکەی لەگەڵ ڕوسیادا.  ناڕەزاییکەران داوای کۆمەکی زیاتر لە دەوڵەت دەکەن لە دانی پارەی غاز و کارەبادا هاوکاتیش داوا لە حکومەت دەکەن کە لە یەکێتی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ بکشێتەوە.

هەڵاوسانی دراوی  چیک کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی خانووبەرە و بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە دروست بووە، کە  لە ساڵی 1993 وە تا  ئێستادا ئەمە بەرزترین هەڵاوسانە و بانکی ناوەندی پێشبینی دەکات لە چەند مانگی داهاتوودا بگاتە لوتکە و خۆی بدات لە نزیکەی %20.

هاوکاتیش  حکومەت رایگەیاندووە، کۆی گشتی بڕی یارمەتییەکانی دەوڵەت دەچێتە 7.2 ملیار دۆلار، کە دەکاتە نزیکەی 3%ی بەرهەمی ئابووری وڵاتەکە.  ئەم یارمەتیییەی دەوڵەتتیش بە گوێرەی پلانەکەی  گوایە کرێی کرێکارانی کەرتی دەوڵەتی و موچەی خانەنشینان بەرز دەکاتەوە و بەشێکیش لەم پارەییە بۆ کۆمەکی هاووڵاتیانە تاکو بتوانن پارەی کارەبا و غاز بدەن .

بڕینی غازی ڕوسیا لە ئەوروپا بۆ ماوەیەکی نادیار

03/09/2022

دوای وەستانی ناردنی غاز لە ڕێگای بۆرییەکانی نۆرد ستریم یەکەوە بۆ ئەوروپا بە تایبەت بۆ ئەڵمانیا ، گازپروم ، کۆمپانیا غازەکە کە سەر دەوڵەتە بڕیار بو هەر بۆ 3 ڕۆژ بێت و ئەمڕۆ شەمە، بەیانییەکەی، بکەوێتەوە گەڕ.

بەڵام دوا بڕیاری گازپروم وەستانی هەناردەکردنی غازە تا کاتێکی نادیاریکراو گوایە دزەیەکی نوێی غازیان لە بۆرییەکاندا دەۆزیوەتەوە و نازانن کەی دەتوانن چارەسەری بکەن . بەڵام هەندێ وا دەزانن کە ئەمەی ڕوسیا تۆڵە کردنەوەیەکە و لە تۆڵەی بڕیارەکەی ئەوروپادایە کە بڕیارە لە مانگی دوازدەوە نرخ لەسەر هاتنی نەوت و غازی ڕوسیا دابنێن.

گاز پروم لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت گواستنەوەی غاز بۆ بۆری غازی نۆرد ستریم بە تەواوی وەستاوە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان لەسەر کارپێکردنی ئامێرەکان نەهێڵرێت”.

نۆرد ستریم 1 تاکە گەورەترین بۆرییە بۆ غاز لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا و توانای گەیاندنی 55 ملیار مەتر سێجا غازی هەیە لە ساڵێکدا.   بەردەوامبوونی ئەم غازە و دابینکردنی لە ڕێگەی بۆرییەوە بە گرنگ سەیر دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەی قەیرانی وزە.

چالاکییەکی ڕاستەوخۆ لەناو  هۆڵی پەڕلەمانی بریتانیدا:

03/09/2022

گروپی بەرگریی یاخیبوون لە مانەوە کە پەیوەستن بە گروپەکانی دیکەی وەکو ژینگە و نا بۆ نەوت و چاكکردنی خانووەکانی کە زۆر خراپ و پەرپوتن لە ڕوی کەڕوو و شێ و گەرمنەبوون ، ساردییەوە  دوێنێ 5شەمە، 02/09 چەند کەسێکیان خۆیان گەیاندە ناو هۆڵی پەڕلەمان و لە دەوری کورسی قسەکەری پەڕلەمانەوە ڕیزیان گرت و داوای ئەنجومەنی گەلیان دەکرد نەك پەڕلەمانتار.

گەچی پەڕلەمانتاران لە هؤلیدەیدان تاکو دووشەمەی ئایندە بەڵام هەر چوونە ناو هۆڵی پەڕلەمان بەو دروشمانەوە و شکاندنی هەموو کۆدێکی ئاسایشی پەڕلەمان خۆی بۆ خۆی جێگای تێڕامان و متمانە نەهێڵانە بە پۆلیس و کارمەندانی پەڕلەمان و کۆدەکانی ئاسایش، ئەمە لە کاتێکدا کە زۆربەیان لە دەرەوەی پەڕلەمان ناڕەزاییان دەردەبڕی.

پێش ئەوەی بە زۆری پۆلیس دەربکرێن ئەمان پەیامی خۆیان خوێندەوە .  لە پەیامەکەیاندا دەڵین :

لایەنگرانی یاخیبوونی لەناوچوون لە دەوری کورسیی سەرۆکی پەرلەمان لەناو ژووری پەڕلەماندا  بە سوپەر چەسپ [ لە جەشنی چەسپی دووقولیی]  خۆیان بە دەرەوەی خۆیانەوە چەسپاندووە  لە ئێستادا لەناو پەرلەماندا وتارێک دەخوێندرێتەوە کە داوای کۆبوونەوە و ئەنجوومەنی  هاووڵاتیان دەکات هەر ئێستا”.

دەقی پەیامەکەیان دەڵێت: “ئێمە لە قەیرانداین.  ئێمە ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین،  دەکرێت کار لەسەر چاککردنی ژینگە، کەشوهەوا و تێچوونەکانی ژیان  بکرێت بە شێوەیەک کە دادپەروەرانە بێت و کۆمەکی هەمووان بکات.  بەڵام سیستەمی سیاسی ئێمە زۆر بەسەرچووە و لە پەیوەندی دەرچووە بۆ ئەوەی لە خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکان ببینین و ئەوەی پێویستە بکرێت بیکەین”  بەردەوام دەبێت دەڵێت “پێویستمان بە شێوازێکی نوێ هەیە بۆ بڕیاردان، کە دەنگی زیاترین ببیسترێت، نەک تەنها ئەوانەی لە لوتکەدان،  ئێمە پێویستمان بە فرەچەشنی ڕاستەقینەی وڵات هەیە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بکرێت ئێمە پێویستمان بە ئەنجوومەنی  هاووڵاتیان هەیە لە ئێستادا کۆبوونەوەی هاووڵاتیان تاکو خەڵکی ئاسایی دەسەڵاتیان هەبێت  بۆ بڕیاردان کە سوودی بۆ هەمووان هەبێت، ئەو بڕیارانەی کە دەتوانن لەم گێژاوە دەرمانبهێنن و ژیان باشتر، سەلامەتتر، دادپەروەرتر بکات بۆ هەموومان

“با خەڵک بڕیار بدات:  ئەنجوومەنەکانی هاووڵاتیان لە ئێستادا”

سەرکەوتنی کرێکارانی پاککردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک لە شاری ئێدنبرە

03/09/2022

پاش ئەوەی سەراپای کرێکارانی کۆکەرەوەی زبڵ و ڕشتنی خۆڵ و خاشاك لە 18/08 بۆ 10 ڕۆژ مانیانگرت سەبارەت بە  بەرزکردنەوەی کرێ و موچەیان، ئەوەی کە دەیانخواست بەدەستیان هێنا.

لە سەرەتای مانگرتنەکەدا پاش وتووێژی نێوانی نقابەکانی کرێکاران [ کڕئکارەکان سەر بە 3 نقابە بوون] حکومەتی سکۆتلەندە بڕیاری دا کە موچەکەیان لە سەدا 2 وەوە بۆ لە سەدا 3.10 زیاد بکات ،  دواتریش بۆ لە سەدا 5، بەڵام نقابە بەمە ڕازی نەبوو ، داوای  3000 پاوەندی دەکرد کە بە هەر یەکێک لە کرێکارەکان بدرێت چونکە زۆرێك لەو کرێکارانە کە موچەی ساڵانەیان 20 هەزار پاوەن و کەمترە کە لە سەدا 18 سەرجەمی کرێکارەکان پێکدەهێنن  لە سەدا 5 پارەیەکی زۆر کەم دەکات .

مانگرتن و ناڕازییەکان لە نێو 14 شارەوانی سکۆتلەندە کە 32 شارەوانیین بڵاوبووە و لە 2 شەمەی ئایدنەشەوە ، 05/09 بڕیارە بوو کارمەندان و باخچەی منداڵان و زۆرێك لە  قوتابخانەکان لەوانە پاکەرەوەی شوێنەکان و طەباخەکان و پارێزەرانی بیناکان و مامەڵەکەرانی گرفتەکان … هەموو ئەمانە بۆ 3 ڕۆژ دەست لەکار بکێشنەوە . 

ئەمانە هەمووی فشارێکی گەورە بوو بۆ سەر شارەوانی ئیدنبرە و سەر حکومەتی سکۆتلەندە و چاریان نەما و سەرۆکی حکومەت خۆی لەگەڵ نوێنەرانی نقابەکاندا دانیشت و ڕێککەوتن .  ڕیککەوتنەکەشیان بەم ژشێوەیە :  ئەو کرێکارانەی کە تا 20،500 پاوەند وەردەگرن 2000 پاوەندیان پێبدریت ، وەکو لێکیشدراوەتەوە ئەمە لە بەرانبەر زیادبوونی موچەدایە بە ڕێژەی لە سەدا 11 .  ئەوانەشیان کە موچەی ساڵانەیان لەسەر و ئەو بڕەی سەرەوەیە و تا دەگاتە 39 هەزار پاوەند لە ساڵێکدا، 1925 پاوەندیان پێبدرێت کە ئەمەش بە ڕێژەی سەدی بۆ ئەوانەی کە موچەیان 24 هەزار پاوەندە دەکاتە لە سەدا 8 .

نقابەکان لە ئێستادا مانگرتنەکانیان ڕاگرت تاکو وتووێژ بە کرێکاراەکان بکەن بزانن بەم ڕێککەوتنە ڕازین یا نا؟ ڕا و ئامۆژگاری نقابەکان دەنگدانی کرێکارەکانە بە ڕێککەوتنەکە.

سەرۆکی یەکێك لە نقابەکان سەبارەت بەم دەسکەوتە وتی تەنها لەڕێگەی چالاکی بەکۆمەڵی ئەندامانمان لە قوتابخانە و کارمەندانی ساڵانی سەرەتایی خوێندن، بە  هەڕەشەی مانگرتن، ئەم پارە زیادانەمان بەزۆر لە حکومەت و خاوەنکار دەرهێناوە. پەیامی ئەندامەکانمان ڕوون و بێ دوو دڵی بوو – ئەندامانی نقابەکەمان چیتر ئامادە نین بە خراپی مەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەوان بۆ مافەکانیان ڕادوەستن ، قسە دەکەن وخۆیان ڕێکدەخەن بۆ ئەوەی پێکەوە گۆڕانکاری بەدەست بهێنن”.

ڕوسیا جارێکی دیکەش هەناردەی غازی بۆ ئەوروپا ڕاگرت

31/08/2022

لە ئەمڕۆە ، 4شەمە ، ڕوسیا لە سەعات 5ی بەیانییەوە ناردنی گازی بۆ ئەوروپا لە ڕێگای بۆرییەکانی نۆرت ستریم یەکەوە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ وەستاندووە گوایە کار لەسەر چاککردنەوە و پشکنینی بۆرییەکان دەکەن.  لەگەڵ ئەمەشدا تەنها پێش 2 هەفتە گازپروم کۆمپانیای غازی روسیی ، کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتییە ، ئەوروپای ئاگەدار کردەوە لەمە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، ڕۆیشتنی غاز بۆ 40%ی ئاستی چاوەڕوانکراو کەمکرابووەوە.  لە مانگی تەمموزیشدا بۆ ماواەی 10 ڕۆژ هەرناردەی غاز لە هەمان ڕێگاوە وەستێنرا بە هۆی چاککردنی بۆری و پشکنینیانەوە  10 ڕۆژی خایاند. دوای 10 ڕۆژەکەش کە  دەستی پێکردەوە  تەنها بە 20%ی ئەوەی کە پێشتر هەناردەی دەکرد ڕوسیا ئەنجامی دا.   لەم بارەشدا ڕوسیا لۆمەی ئەڵمانیا کرد کە بە هۆی گەمارۆی ئابووریەوە کە وەکو سزایەك بە سەر ڕوسیادا سەپێنراوە،  ئەڵمانیاش ئەمە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت هێچ گرفتێکی تەکنکی نەبووە .

لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا، ڕووسیا دابینکردنی غازی بۆ بولگاریا، دانیمارک، فینلاند، هۆڵەندا و پۆڵەندا بە تەواوی پچڕاندووە، هەروەها ڕۆیشتنی گازی لە ڕێگەی بۆرییەکانی دیکەوە کەمکردووەتەوە.

ئەڵمانیا لە پێشبڕکێدایەە لەگەڵ کاتدا بۆ ئەوەی رێک ئەوە بکات، پێشتر پشتبەستنی بە غازی ڕووسیا لە نزیکەی 55% بووە بەڵام لە مانگی شوباتەوە بۆ نزیکەی 26% لە ئێستادا کەمکردووەتەوە بە کەمکردنەوەی بەکارهێنان و دۆزینەوەی سەرچاوەی بەدیل لە هاوردەکردن.  بەڵام پێشبینی ناکرێت تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 بە تەواوی لە غازی ڕووسیا سەربەخۆ بێت.

کارایی کەمکردنەوەی غاز و بەرزبوونەوەی نرخیی، بواری بەتاڵەیشی گرتەوە:

زاهیر باهیر

30/08/2022

تا ئێستا هەر قسە و جەدەل و تەنانەت خۆپیشاندان و پرۆتێست دژ بە بەرزکردنەوەی نرخی غاز کراوە کە ئاوا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا بچێتە نزیکەی 6 هەزار پاوەند.

ئێستا پرسی بەتاڵەشی هاتە سەر چونکە بە دڵنیاییەوە  ڕۆڵێکی گەورەشی دەبێت بەتایبەت لەسەر  بزنسە بچوکەکان و مامناوەندییەکان کە ناتوانن ئەو پارە زۆرە بدەن.  لە ئێستادا جەمعییەی پەپەکانی بریتانیا [ پەپ: شوێنی خواردنەوە ] کە 47 هەزار پەپ خۆی تێدا دەبێنیتەوە کە 940 هەزار کرێکار لەو بوارەدا کاردەکەن ، نامەیان بۆ حکومەت و هەردوو بەربژێری سەرەكوەزیران نوسیوەو وەکو سکاڵانامیەك کە بەرزبوونەوەی نرخی غاز، مانەوەی ئەم پەپانەی لە بزنس-دا مەحاڵ کردووە.  ئەگەر چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزنەوە ئەوە دەبێت پەپەکان دابخەن و خەڵكێکی زۆر کە لەوێدا کاردەکەن بێ کار بکەن .

هەندێك لە خاوەنی ئەم پەپانە سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ خاوەنی شوێنەکە و ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستیان لەگەڵدا هەیە بۆ کڕینی بیرە پێیان وتوون کە گرێبەستەکەیان بۆ تازە ناکەنەوە ئەگەر پێشەکی 10 هەزار پاوەند نەخەوێنن ، جونکە دەترسن بە نەدانی پارەی غاز و کارەبا مایەپووچ ببن .

بارودۆخەکە زۆر لەوە خراپترە کە چاوەروانیمان لێدەکرد دوێنێ جێ بەجێکاری کۆمپانیای نەوتی شێڵ کە کۆمپانیایەکی گەوەرەیە ڕایگەیاند کە ڕەنگە چەند زستانێکی دیکەش بە دەست کەمی غازەوە بناڵیین.  بێن ڤان بیوردن کە سەرۆکی کۆمپانیاکەیە  ڕۆژی دووشەممە، دوێنێ، 29/08 ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نەرویج قسەی کرد و وتی: ” ڕەنگە دۆخەکە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام  بێت،  ڕەنگە زۆر زستانمان هەبێت کە دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان  چارەسەرێك بدۆزینەوە.”  هەر لەوێدا ئاماژەشی بەوە دا کە ڕەنگە پێویست بکات بیکەین بە بەش بەش [حصە] واتە بەگوێرەی پیویست غاز بدرێت و بەکاربهێنرێت..  ئەمە هەر مەترسی و قسەی ئەو نییە هەندێکی دیکە لە سەرانی کۆمپانیای وزە هەمان شتیان پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی شیکاری هەندێك لە ئابووریناسەکانی بریتانیا داهاتی غازی کرێملین لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دوو بۆ سێ هێندە زیاتر بووە لە ئاسایی، ئەمەش توانای وڵاتەکەی بۆ بەرگەگرتنی گەمارۆیەکی ئابووری درێژخایەن زیادکردووە.   بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری کاپیتال ئیکۆنۆمیکس، ئەگەر نرخی غاز بەو ئاستەی ئێستا بمێنێتەوە، ڤلادیمێر پوتین دەتوانێت هەناردەی ئەوروپا لە 20%ی ئاستی ئاسایی بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوو بهێڵێتەوە، هەروەها دەتوانێت بۆ ماوەی ساڵێک پێداویستییەکانی بە تەواوی ببڕێت بەبێ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر ئابووریی ڕووسیەکە هەبێت .

ناڕەزایی ژنان لە شاری نیودلهی و شارەکانی دیکە

28/08/2022

دیارەدی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە هیندستان دیاردەیەکی باوە و زۆربەی جاریش لێپێچینەوە لە تاوانباران ناکرێت و قوربانییەکان بۆ هەتا هەتایە بەجێدەهێڵرێن لە ئازار و غەدر و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.

ساڵی   2002 ، 11 زرتە زەلام دەستدرێژییان کردە سەر ژنێکی گەنجی موسڵمان کە دووگیان بوو لەو کاتەدا.  پاش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکی زۆر بەرفراوان لە زۆر ناوچە و دەدڤەری هیندستاندا دژ بە تاوانباران کرا تەنانەت گەیشتە ئاستی توندو تیژی و کوشتنیش.  لەگەڵ ئەمەشدا دەسەڵاتدارانی دەڤەرەکە تا ساڵی  2008 تاوانبارانیان دەستگیر نەکرد و نەدا بە دادگا .  کاتێك کە دران بە دادگە حوکم دران بە بەندیی هەمیشەیی تاکو مردنیان .  بەڵام لەم ڕۆژەنەدا ئەوان پاش 14 ساڵ حوکمدانیان بەرەڵاکران ئەمەش ئێستا بووەتە هۆی ناڕەزایی گەورە و ژمارەیەکی ئێکجار زۆر لە ژنان لە نیودلهی و گەلێك شاری سەرەکی تری هیندستان هاتوونەتە سەر شەقام  و بەردەم دادگە و شوێن و ئۆفیسسی بەرپرسان بۆ مافی ڕەوای خۆیان .

یەکێک لە ژنە چالاکوانەکان بە ناوی ئاسیا قوڕەشی، گەنجێکی خۆپیشاندەر لە نیودەلهی رایگەیاند، ” ئەو بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە بۆ ئەوەی داوای دادپەروەری بۆ قوربانییەکە بکات.”   وتیشی : “مودی [ سەرەكوەزیرانی هیندستان ] لە 15ی ئابدا وتارێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە سەلامەتی و پاراستنی ژنانی هیندستان، کەچی هەمان ڕۆژ دەستدرێژکارەکانیان ئازاد کرد.  باشە من چۆن لە کەشوهەوای ئاوادا سەلامەتم؟”

پرۆتێست لە لەندەن  دژ بە زیادبوونی پارەی غاز

27/08/2022

دوێنێ هەینی ، 26/08 ، پاش ئەوەی کە ئۆفیسی Ofgem  کە ئۆفیسێکە بۆ دەستوەردان لە نرخی غاز ، کە خۆیان واناونوس دەکەدن کە ڕیگۆلەیتی نرخەکان دەکات ،  نرخەکەی دیاری دەکات ، بڕیاری  بە بەرزکەردنەوەی نرخی غاز بەڕێژەی  لە سەدا 80.6  لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دا. لە بەرانبەر ئەمەشدا  خەڵکێکی زۆر دوێنێ لە بەردەمی بارەگای سەرەکی Ofgem کۆبوونەوە و ناڕەزایییان دەربڕی .

وەکو لە وێنەکاندا دەیبینی دروشمگەلێکی زۆریان پێیە و هەندێكیان لەسەریان نوسراوە ” بەسە، بەسە”  ئەوانی دیکە ” قازانج فرۆزن بکەن نەك خەڵك” .

نرخی غاز بە ڕادەیەك بەرزبووەتەوە کە زەحمەتە خەڵکی بتوانێت بیدات . پار ئەم وەختە پارەی غازی خیزانێکی ئاسایی لە ساڵێکدا 1،138 پاوەند بوو.  لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی لە سەدا 54 سەرکەوت ئەو بڕەی سەرەوەی بەرزکردەوە بۆ 1،971 پاوەند لە سالێكدا .  لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە پاش لابرنی کاپ [ مەبەست لەم وشەیە:  حکومەت لە ساڵی 2019 دا ڕێکەکەوتنێکی کرد لەگەڵ Ofgem دا کە نابێت نرخی غاز هەتا ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەرزبکرێتەوە ] . ئێستا بە لابردنی کاپ لە مانگی ئۆکتۆبەردا پارەی غاز سەردەکەوێت بۆ 3،549 پاوەند لە ساڵێکدا.

لە مانگی جێنیوەری ساڵی نوێشدا جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە و لە ساڵێکدا دەچێتە 4،649 پاوەند، ئاواش پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی نیسانی ساڵی  ئایندەدا بچێتە نزیکەی 6،000 پاوەند لە ساڵێکدا.

لەم بارەوە حکومەت هەنگاوێکی بجوکی ناوە کە ئەویش 400 پاوەند لە مانگی نۆڤەمبەرەوە بە چەند قیستێك بدات بە هەموو ماڵێك و ئەوانەشی کە زۆر هەژاران 650 پاوەندی زیاتریان پێبدرێت کە لە ڕاستیدا ئەمە هیچ نییە و یارمەتییەکی زۆر زۆر کەمە بە بەراورد بە زیادکردنی نرخی غاز.

بۆ ئەمەش حیزی گرین [ سەوز] داوا دەکات کە کۆمپانیاکان بکرێنە موڵکی دەوڵەت ، حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] و داوا دەکات کە بۆ 6 مانگە ئەم زێدە پارەیە هەڵپەسرێت .  بەڵام تا ئێستا حکومەت و کۆمپانیاکان گۆێ بەمە نادەن و ئەمەش فشارێك نییە لەسەر کۆمپانیاکان بۆیە خەڵکی خۆی بریاری داوە کە خۆی ڕێکبخات بۆ ئەمەش دوو تا سێ کەمپەینی سەرەکی ڕێکخراوە کە یەکێكیان بە ناوی ” بەسە ، بەسە ” کە دوو نقابەو گەلێك لە ئەندامانی حیزبی لەیبەر و چەند پەڕڵەمانتارێکییان تێیدا بەشدارن .  کەمپەینی دووهەم کەمپەینی ” پارە مەدە” کە تا ئێستا زیاتر لە 200 هەزار لەوانەی کە پارەی غاز دەدەن واژۆیان کردووە کە پارەکە نەدەن،  هیوادارن لانی کەم لە مانگی ئۆکتۆبەردا بگات یەك ملیۆن.   من چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆستێکم لەم بارەیەوە لە پەیجەکەی خۆمدا کردووە.  

May be an image of 1 person, standing, walking, outdoors and crowd