ئەرشیفەکانى هاوپۆل: گشتی

Rose Pesotta ڕۆزە پێسۆتا

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی ڕۆزە پێسۆتا

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/pesotta/pesotta.html

Image result for Rose Pesotta

Lucy Parsons لوسی پێرسنس

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی لوسی پێرسنس

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/lparsons/lparsonsarchive.html

Image result for Lucy Parsons

Federica Montseny فێدریکا مۆنتسنی

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی فێدریکا مۆنتسنی

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/montseny/montseny.html

Related image

 

Elizabeth Gurley Flynn ئێلیزابێس گێرلی فلین

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی  ئێلیزابێس گێرلی فلین

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/flynn/index.html

Flynn's picture

 

 

Voltairine de Cleyre ڤۆلتارین دێ کلێرە

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی ڤۆلتارین دێ کلێرە

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/cleyre/Cleyrearchive.html

de Cleyre's Picture

MARIE LOUISE BERNERI ماریە لویزە بێرنەری

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی ماریە لویزە بێرنەری

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/berneri/berneri.html

BERNERI PICTURE

 

LOUISE MICHEL لویزە میشێل

ژیاننامە و چالاکی و نووسینەکانی لویزە میشێل

http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bright/michel/michel.html

MICHEL PICTURE

 

ڕۆژی جیھانی ژن و یەکسانی ڕەگەزیی و فێمینیزم و تێڕوانینی ئەنارشیستی*

ڕۆژی جیھانی ژن و یەکسانی ڕەگەزیی و فێمینیزم و تێڕوانینی ئەنارشیستی*

ھەژێن

٦ی مارچی ٢٠١٨

بەرایی:

بۆچوون و تێڕوانینی گشتیی تاکەکانی کۆمەڵ، بەدیاریکراوی ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نایەکسانی ڕەگەزیی ڕەخنەدەگرن، زۆر بەداخەوە لەژێر ھەژموونی ئایدیۆلۆجیا و ڕەوتە ڕامیارییەکان، زۆر کورتبینانە مێژوو دەبینێت و دەخوێنێتەوە. ئاوا دیتن و خوێنەوەیەک بۆ دیاردە مێژووییەکان وەک شێرپەنجە ئاوەز و ھۆشی کەسەکان گەوجدەکات و کەسەکان تووشی کورتبیینی و نەزانیی لەبۆماوەی مێژوویی دەکات.

ئەگەر لە ھەر یەک لەو کەسانە بپرسدرێت یان بەو جۆرەی کاناڵە میدیاییەکان و مدیای ڕەوتە ڕامیارییەکان و بڵندگۆ ئایدیۆلۆجییەکان وێنایدەکەن؛ سەرچاوە و سەرەتای بیرۆکەی ڕزگاری ژنان و یەکسانی ڕەگەزیی بۆ کەی و کێ دەگەڕێتەوە، یەکسەرە و ڕۆبۆت-ئاسا کۆمەڵێک ناوی کەسیی و پارتیی و ئایدۆلۆجیی ڕیزدەکەن و بە سنگدەرپەڕاندن و شانازیی و لەخۆڕازیبوونەوە، لەسەر پاگەندەکانی خۆیان پێداگرییدەکەن و ناوی شیکاریی “زانستی” و “واقیعیی” و “درووست” بەباڵادەبڕن.

بەبۆچوونی من، ئەوە یەکێک و سەرەکیتیرن پایەی دیاردەی گەوجبوونی ئاوەزیی و ھۆشیی کەسەکانە، نەھامەتی سەردەمی مێگەلبوون و تووتییبوون. سەردەمێک کە دەزگەی گەوجێنەر (تێلەفزیۆن و ڕادیۆ) لەجیاتی ھەمووان بیردەکەنەوە و دەدوێن و بڕیاردەدەن و ئاوەز و ھۆشی کەسەکان کەڕووی ئایدیۆلۆجیی ھەڵدەھێنێت و دەنگە ئاراستەکەرە شادراوە ئایدیۆلۆجیی و ڕامیارەکان لەپشت کاناڵە نیئۆلیبڕاڵ و چەپ و ئایینییەکان تاکەکانی کۆمەڵ ئاراستەدەکەن و توانای بیرکردنەوە و ڕامان لە ئاوەز و ھۆشی گشتیی کۆمەڵ و تاکەکانی دەستێنن و لەنێودەبەن.

ئەگەر نا، ھەموو کەسێکی بە ئاوەز و ھۆش زیندوو ئەوە دەزانێت، ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی وەک بەشێک لە ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتی بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی یەکەمین پێکھاتە و ڕێکخستی قووچکەیی (ئایینی |خێڵەکی) دەگەڕێتەوە و گرێدراو و مانەوەی، وابەستەی مانەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتییە و سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و بزووتنەوە دژە- ستەم و -ھەڵاواردن و -نایەکسانی ڕەگەزییەکان بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی خودی ئەو ستەمە دەگەرێتەوە و خواستی یەکسانی ڕەگەزیی (یان مرۆیی) بۆ ھیچ کەللەسەرێکی چاکەکار و بەبەزەیی ناگەڕێتەوە و ئافەریدەی ھۆشی یەزدانیانەی ھیچ فیلۆسۆف و تیئۆریککار و ئیدئۆلۆگێک نییە و ھیچ کەس ڕابەر و پێشنیارکەر و داھێنەری ناڕەزایەتی و بەرەنگاریی و بزووتنەوەی دژە-ھەڵاواردنی ڕەگەزیی نییە و لەو بەرەبەیانەوە تاکو ئێستا، خودی ژنان بەرەنگاریکەر و دەنگی ناڕەزایەتی و بزوێنەری ئەو ڕەوتەن؛ ژنانێکی گومناو، ژنانێک کە ھەردەم وەک ئازار و ستەم و ھەڵاواردنەکە پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدەگیردراون، ھەر ئاوا کە دەنگی پڕۆلیتێرە یاخییەکانی پێش و پاشی لەدایکبوونی تیئۆریککارانی سۆشیالیست پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدە گیراوە و دەکرێت، نەک فڵانە خاتوونی توێژی نێوەنجی یان فڵانە خاتوونی خانزاد و دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و پارتییباز و ئایدیۆلۆجیگەرا.

پێش ئەوەی ژنانی کرێکار مانبگرن و خوازیاری کرێی یەکسان بن بۆ کاری یەکسان، پێش ئەوەی ژنانی مانگرتوو لەلایەن خاوەن کارخانە بسووتێندرێن و پێش ئەوەی ژنانی پارتییباز ئەو ھەلە بۆ ناوبانگی خۆیان بقۆزنەوە، پێش ئەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیھانیی بناسرێت، ھەزاران ساڵ ژنان لەنێو لادێکان و لەسەر کێڵگەکان و لەنێو خێزانەکان دژی سوورانەی سەرۆکخێڵەکان و دژی فەرمان و یاساکانی پەرستگەکان و دژی ملھوڕیی پیاوانی نێو خێزان چرکە بە چرکەی ژیانی خۆیان جەنگیون و وەک تێکۆشەری گومناو ئەشکەنجەدراون و سووتێندراون و مێخکێشکراون و گوند- و شار-بەدەرکراون و زیندانیکراون و ئەتککراون و …تد. بەڵام لەبەرئەوەی کە خودی تێکۆشەرانی ئەو ڕۆژگارانە لە ئاستی دەرککردنی تۆماری ڕوداوەکانی ئەو مێژووە و ھەم سیستەمە فەرمانداریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکە بواری ئەوەی نەداوە، مێژووو و بەرەنگاریی ئەوان بە فەرامۆشیی سپێردراوە و بووە بە خوانی ئامادەی بەردەم ئیدئۆلۆگەکان و کراوەتە بارەتەقای پەڕجووگەرانی ئایدیۆلۆجی.

ھەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیربکرێت، ئەو کاتیش وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون و کەم نەبوون، کە وەک ھەر کۆیلەیەکی دیکە، خەریکی ڕمبازێن بوون بۆ پاراستنی سەوەریی نێرسالاریی و سەروەریی چینایەتی؛ وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون، کە بۆ  ڕاکێشانی دڵی سەروەران ھەوڵیانداوە و لە باشترین بار خەریکی ڕیفۆرمکردنی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی بوون؛ ھەر وەک ئێستا و بەدڵنیاییشەوە ھەر وەک ئێستا ژنانێك ھەبوون، کە وزە و ھێز و توانای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی چەوساوەیان بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی خۆیان بەکاربردووە؛ ھەموو بوونەکانی ئێستا (ناڕەزایەتی و بەرەنگاری ستەم و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و خوازیاریی یەکسانی ڕەگەزیی، ناوبانگخوازیی و مشەخۆریخوازیی و دەسەڵاتخوازیی ھەلپەرستان و ..تد) درێژە و گەشە و گشتگیربوونی  دیاردە و بوونەکانی ڕابوردوون، بەڵام بە ڕەھەند و وزە و فراوانییەکی دیکەوە.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خواستی یەکسانی ڕەگەزیی یان دژایەتی سەروەریی ڕەگەزیی دیاردە و سەرھەڵدانێکی تازە و دەسکردی ھیچ کەس و ڕەوت و ئایدیۆلۆجیایەک نییە، بەپێچەوانەوە، ھەردەم، چ ڕابوردوو و چ ئێستا کەسانی ھەلپەرست بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشە و دەسەڵاتی خۆیان، بزووتنەوە و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکەنە سەرمایە و پەیژەی سەرکەوتن و گەییشتن بە مەرامە سەروەرییخوازەکانی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئیدئۆلۆگەکانی سیستەمی سەرمایەداری زۆر وردەکارانە و بە شیکاریی دەروونیی خودی کۆیلان (چ ژنان وەک کۆیلەی ڕەگەزیی و چ گشت ژنان و پیاوانی چەوساوە وەک کۆیلەی چینایەتی)، ئامانج و خەونی دژە-ستەمی ڕەگەزیی دەخەنە خزمەت مانەوە و بەردەوامی سیستەمە چینایەتییەکە و ئاراستەی دژە-سەروەریی تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی وەک بەشێکی سەرەکی لە تێکۆشانی دژە-چینایەتی، دەگۆڕن بە ململانێ و کیندەدۆزیی ڕەگەزیی نێوان ژنان و پیاوان و کردنی نێر یان نێربوون بە ھۆکاری سەرەکی ھەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی و پلە چەندیی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ژنان.

ئاوا ڕودان و زەمینەسازییەک بەرەنجامی زیرەکی و ئەزموونگیریی ئیدئۆلۆگەکانی سەروەریی و  ناھوشیاریی و پاشڕەویی خودی چەوساوانە بۆ پلان و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەوان. ھەر ئاوا کە خودی ستەمی ڕەگەزیی یەکێکە لە ئامرازەکانی بەردەوامی ستەمی چینایەتی و بۆ ئەو مەبەستە ئیدئۆلۆگەکان و نووسەرانی پارێزەری سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی، بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی ژنانی دەسەڵاتخواز زەمینەسازییدەکەن و خەونە سەروەرییخوازەکانی ژنانی بەرتەریخواز و مشەخواز و دەسەڵاتخواز (بەدیاریکراوی دەستەبژێری ژنانی ڕامیار و ئەکادێمیست)  گەورە و بەرجەستە و تیئۆریزەدەکەن؛ فێمینیزمی ئایینی، فێمینی ناسیونالیستی، فێمینیستی دژە-نێرینە، فێمینیستی پارلەمانخواز،فێمینیستی پارتییگەرا و ..تد، کە لە بنەڕەتدا خودی ئەو ڕەوتانە بە درێژایی مێژوو ھۆکاری مانەوە و بەردەوامی ستەمی ڕەگەزیی بوون؛ پایەی پەرەستگەکان بە ملکەچکردنی ژنان ڕۆنراون، سەروەریی خێڵ|”نەتەوە” لەسەر پابەندکردن و کەرەستەکردن و نامووسکردنی ژنان ڕۆنراوە و چێکراوە، پارلەمانگەرایی لەسەر جەستەی مێینە ڕۆنراوە و پارتییایەتی وەک دەزگەی پاراستنی نێرسالاریی دەرکەوتووە و ئێستاش وەك ڕابوردوو  ھەموویان (بەنادیدەگرتنی لایەنە نەرێنییەکانی دیکە) ھێشتا یانەی (کڵاپی) نێرینە و سەرچاوەی شانازیی یەزدانیی و خێڵایەتی و ناسیونالیستی و ڕامیاریی بە نێرسالاریین و ھەر ژنێکیش ئاگا یان نائاگا ببێتە بەشێک لەو دەزگانە، خۆبەخۆ دەبێتە پارێزەری ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ژن و پیاو و ھەر سات و لە ھەموو شوێن دەتوانین لەنێو ئاخاوتن و بڕیار و ڕەفتاری بەشدارانی ئەو دەزگایانە ڕەگەزسالاریی ببینین، بەدیاریکراویی ژنانی فریودراوی نێو ئەو دەزگایانە، کە خراپتر لە نێرینە ناوبانگخواز و دەسەڵاتخواز و مشەخواز و گەندەڵ و ڕامیارەکان، بە ھەست و سۆز و خۆزگە و خەونی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی ژنان کایەدەکەن و خۆشباوەڕیی ئەوان دەکەنە پەیژەی سەرکەوتنی خۆیان.

فێمینیزم (گەڕانەوە بۆ بنەمابوونی ڕەگەزی مێیینە یان ڕادەی کەم ھاوبەھایی ڕەگەزی مێینە بە ڕەگەزی نێرینە) زیاتر لە ھەموو چەمک و ئاراستە و ڕەوتێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی لە خشتەبراوە و بە دژە-پیاوکردنی گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی سیستەماتیکی سەروەریی چینایەتی و تەنانەت ڕادیکاڵترین ڕەوتی نێو بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی (کە ژنانی ئەنارشیستن) بەجۆرێک سیستەمی چینایەتی بەسەر ھۆش و ئاوەزی ئەوانیش سێبەریکردووە و خەریکە لەنێو ئەوان دەنگانێک پەیدادەبن، کە بزووتنەوەی دژی-ستەمی ڕەگەزیی یان بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی لە کۆی بزووتنەوەی دژە-چینایەتی جیا و جیاوازدەبینن و نێرینە بە ھۆکاری ھەموو بەدبەختییەک دەبینن، کە بە بۆچوونی من، ئەوە نائاگابوونە لە مێژووی ستەمی ڕەگەزیی و ھەڵگر و درێژەپێدەرانی و تەنانەت ڕۆڵی خۆشباوەڕانە یان ھەڵپەرستانەی خودی ژنان لە درێژبوونەوەی و ھەر ئاوا ھەژاریی ئاوەزیی و ھۆشییە، کە چالاکانی ئەم ڕۆژگارە تووش و گیرۆدەی ئەو بۆچوونە ڕەگەزگەراییە بوون.

تێڕوانینی ئەنارکیستان بەگشتی، بە دیاریکراویی ئەوانەی کە لە سەرەتا و نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە تاکو ئێستا خۆیان بە تێکۆشەر و بانگدەری ڕزگاری مرۆڤایەتی لە کۆیلەتی چینایەتی ناوبردووە و ناودەبەن، بەجۆرێك ڕادیکاڵترین دەنگەکانی مێژوو بوون و  ھەن و لەنێو ڕەوتە سۆشیالیستییەکان ڕادیکالترین ڕەخنە و بزووتنەوەی دژی ستەمی ڕەگەزی بوون و ھەن. بۆ سەلماندنی ئەوەش بەڵگەنامە و نووسین و بڵاوکراوە** و بزووتنەکانی سەدە و نیوی ڕابوردوو ئەوە نیشاندەدات، کە ئەنارکیستەکان مۆتۆری ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە چینایەتییەکان بوون و لەنێو ئەوانیش زۆر بە دیاریکراویی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان؛ بزووتنەوەی دژی نێرسالاریی، بزووتنەوەی دژی ھەڵاواردن….تد .

بەڵام دیسان بەداخەوە، لە نێوەی دووەمی سەدەمی ڕابوردووەوە و بەدیاریکراوی لە دەھەی کۆتایی سەدەی ڕابوردوو تاکو ئێستا، گەردەلوولی نەزمی نوێی بازار و ھەژموونی میدیا و زاڵبوونی ئیدئۆلۆگی نیئۆلیبرالیزم، خەریکە بە جۆرێک تێڕوانینی ئەنارشیستی بۆ ڕزگاری ژنان بەرەو ئایدیۆلۆجیابوون و جیابوونەوە لە گشتێتی ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە-سەروەرییەکان دەبات. ئاوا ھەوڵێک لەنێو ئەو کۆمەڵانەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکو ڕادەی نەبوون و ھەڵوەشانەوە ڕۆییشتوون و ھەر ئاوا ئەو کۆمەڵانەی کە پۆست-دیکتاتۆریی و تاکپارتیین و تازە خەریکە پارلەمانگەریی دەبێتە دیاردەی باو و جێکەوتە، زیاتر بەدیدەکرێت، چونکە زەمینە بازاریی و میدیایی و مێگەلگەراییەکان زۆرتر لەبارترن و لەوێدا ھەموو شت و بوارێک، سەرەنوێڵکی سەرھەڵدان و پەرەسەندنی کێبڕكێی ناوبانگ و  مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی و کینەدۆزییە و دەستە شاردراوە و پەرجووگەرەکە زۆر بە ئاسانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵ ئاراساتەدەکات و دەتوانێت ھەمووانی ناھوشیار یان ئایدیۆلۆجیگەر بکاتە سەربازی “في سبیل اللە”ی سیستەمی سەروەریی چینایەتی.

بەڵام سەرباری ئەوەش، سەرباری ھەموو پەراوێزخران و سەرکوتکران و دابڕاندن و لەنێوبردنێک، ھێشتا ئەنارکیستەکان پەیامەدەر و بانگدەر و چالاک و تێکۆشەری گومناوی ڕادیکاڵکردنەوەی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە دژە-چینایەتییەکانن و ھێشتا بنەماکانی تێڕوانینی ھزر و تیئۆری ئەنارکیستی، ئەستێرەی گەشاوەی ئاسمانی تێکۆشانی دژە ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و چینایەتی و پارێزەری ژینگە و گێڕانەوەی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و بەخۆبوونەوەی تاک و گەشەدان بە کولتووریی مرۆڤایەتین.

ئەو پاگەندەیەی سەرەوە، زادەی حەزی من و پێداھەڵدانی ئایدیۆلۆجیانەی خود و بیرکردنەوەی من و  ڕەوتی ئەنارکیستی نییە، بەڵکو زادەی کەتوارێکی مێژووییە، کە ھزر و تێڕوانینی ئەنارکیستی و تێکۆشانی ڕەوتە ئەنارکیستەکان لە گشت ھزر و تێڕوانین و ئاراستە و ڕەوتە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ئابووریی و ڕامیارییەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو جیاکردنەوە و گوڵبژێرییەش بۆ بنەماکان و ئامانجەکانی ھزری ئەنارکیستی و پەیکگیریی ڕەوت و بزووتنەوە ئەنارکیستییەکان بە درێژایی دوو سەدەی ڕابوردوو و پێشتریش دەگەڕێتەوە، کە ھەردەم لە ڕێشەوە بۆ چارەسەری گرفت و کێشە و ستەم و نایەکسانی و سەرکوتگەرییەکان گەڕاون و تێکۆشانی خۆیان ئاراستەی پێکھاتەی ڕێکخستنێک کردووە، کە دروستکەر و پارێزەر و بەردەوامکەری ستەم و ھەڵاواردن و ملھوڕیی ڕەگەزی و چینایەتییە؛ پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵ (پێکھاتەی خێزان، فێرگە، کارگە تاکو دەوڵەت) بۆ جێگیرکردن و پاراستنی سەردەست و ژێردەست، فەرماندەر و فەرمانبەر، پێشڕەو و پاشڕەو، بڕیاردەر و ملکەچ، دارا و نەدار، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات….تد

بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم و تێڕوانین و ڕێگەچارەی ئەنارکیستان بۆ ھەڵاواردنی ڕەگەزیی واوەتر لە ھەر ھزر و بیرۆکەیەکی دیکەی ئازادیخواز و سۆشیالیستی دەڕوات و ڕەگوڕیشە و سەراپای بوونی ستەم و سەروەریی نیشانەدەگرێت. ئەنارکیستەکان ھەبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان بۆ نایەکسانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان دەگێڕێنەوە و نایەکسانی دەسەڵاتی مرۆڤەکانیش بۆ نایەکسانی پێگەی ئابووریی ئەندامانی کۆمەڵ دەگێڕنەوە و پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵیش (خێزان تاکو فێرگە و کارگە و بەڕێوەبردن) بە ڕاگر و پارێزەر و درێژەپێدەری ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانییە ئابووریی و دەسەڵاتیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان دەبینن و تاکو ڕێکخستنی کۆمەڵ و بەشەکانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ لەسەر بناخەی پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستن بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ (ڕەگەزیی،ئایینیی، خێڵەکیی، نەژادی، کولتووریی، ئابووریی، دەوڵەتیی) دەمێنێت و زەمینەی دەبێت و بۆ ئەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ نەمێنێت، پێویستە بنەماکانی سەروەریی لەنێوببردرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە، کە نایەکسانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و دەسەڵاتیی مرۆڤن و ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزییش لەسەر ھەمان ئەو بنەمایانە ڕۆنراوە و خۆی پاراستووە و درێژەی ھەیە، کە سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤی لەسەر ڕاگیراوە و ئەو ھۆکارەش ستەم و ھەڵاواردن  و نایەکسانی ڕەگەزیی دەکاتە بەشێک لە ستەمی چینایەتی و بۆ ھەبوونی سەروەریی چینایەتی دەگێڕێتەوە.

بەڵام ئەو بەشبوونە بەو واتایە نییە و نا، کە تاکو بەیەکجاریی ستەم و سەروەریی چینایەتی ھەڵنەوەشێتەوە، ئەگەری لاوازکردن و لەنێوچوون و ھەڵوەشاندنەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی نییە. بێجگە لەوەش، تێڕوانینی ئەنارکیستی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی و لەنێوبردنی پایە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولوتووریییەکانی سەروەریی چینایەتی، تەواو پێچەوانەی تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییەکانی پێش و پاشی خۆیەتی و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بە پرسێکی یەک شەو و ڕۆژە و بەرەنجامی کودەتایەک یان گۆڕینی دەسەڵاتدار و سیستەمێکی ڕامیاریی بە یەکێکی دیکە و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجیانەی کۆمەڵ و لەقاڵبدانی ژییان نابینێت و گۆڕانی سیستەمی کولتووریی-کۆمەڵایەتیی – ئابووریی و ڕامیاریی چینایەتی بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ناچینایەتی بە پرۆسێسێکی بەردەوامی تێکۆشان و بەرەنگاری و ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی ڕۆشنبیریی و گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و سەراپای ژیان و بیرکردنەوە و جیھانبینی مرۆڤی چەوساوە دەبینێت و بۆ بەدیھێنانی تێدەکۆسێت.

ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی نایەکسانی ژن و پیاو، وەک بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی سەروەریی چینایەتی (سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ بەگشتی) بە ھەڵگێڕانەوە و گۆڕینی خشت بە خشتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی ڕەگەزیی و چینایەتی دەبێنێت و ھەر لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژن بەشێكی یان نیوەی بوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، ئامرازەکان و سەنگەرەکان و شێوازەکانی تێکۆشانی دژ بە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیش ھەمەلایەنە و سەراپاگیری کۆمەڵ دەبن و پایەکانیشی تێکۆشانی ڕۆشنگەریی و کولوتووری و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەبن و پێویستە و ئەوەش ئەرکی تێکۆشەرانەی ژنان دوو لایەنە دەکات، لایەک ئامانج و داخوازییەکان بەسەر پیاوانی ھاوچین و لایەک بەسەر بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و وەستانەوە دژی دەسەڵاتی ئایین و کولتوور و نێرسالاریی وەک یەکەکانی سەروەریی چینایەتی، کە لەنێو دەوڵەتی ھاوچەرخ بەرجەستە بووە و دەبێت. چونکە دەوڵەت (لە دەنگدەر و پۆلیس و سوپا تاکو دەگاتە پارلەمان و فەرمانداریی) بە ھەموو جۆرەکانی و لە باڵاترین و ھاوچەرخیترین ئاستی گەشەکردوویی خۆی، ئامرازی پیادەکردن و پاراستنی سەروەریی چینایەتییە و لەنێو ئەویش ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی و نەژادی و کولتووریی و ئایینی و ئەگەر لە شوێنێکیش بە پاشەکشێ و گۆڕینی ئاست و شێوەی ھەڵاواردن و سەروەریی بووبێت، ئەوا ھەر بەرەنجامی تێکۆشانی دژە-سەروەریی و دژە-چینایەتیی و ناڕەگەزییانەی چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵ بووە و دەبێت. کەواتە بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ھاوکات بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتییە و ھەر ئاواش بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتیی، ھاوکات بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزییە و دەبێت، چونکە ھەر دوو ستەمەکە زادەی یەک سیستەم و ڕێکخستنی ڕامیاریی و ئابووریین و تەواوکەری یەکدین و وزەبەخش و ڕاگر و پارێزەری یەکدین و ئەگەر ڕۆژگارێک سەروەریی چینایەتی بۆ مانەوەی خۆی ناچاربکرێت، زۆر ئاساییە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی پێچەوانە بکاتەوە و چەند ھەزار ساڵێکیش بە ژنسالاریی بە بوونی خۆی درێژەبدات.

وەک دەزانین  ودەبینین، ژن منداڵە، خوێندکارە، دایکە، جوتیارە، کرێکارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، نەدارە، بێدەسەڵاتە … ( پڕۆلیتێرە) و ھاوکاتیش لەنێو ھەموو ئەوا بوارانە بێجگە لە چەوسانەوە چینایەیییەکە، وەک ڕەگەز دەچەوسێتەوە و برا و باوک و ھاوسەر و ھاوکار و ھاودەردە نێرینەکەی دەکرێتە مەقاشی ئەو چەوسانەوەیە، کەواتە ژن بۆ ڕزگاربوون ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو پیکھاتە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەرییانە بۆ ڕزگاربوونی خۆی بگەڕێت و لەسەر گۆی زەمین بستێک شوێن لە دەرەوەی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی و ملھوڕیی دەوڵەت نەماوەتەوە، تاکو ژنان لە باری خۆدابڕاندنی ڕەگەزیی، کە خۆکوژیی ڕەگەزیی و مرۆییە، کۆمونە ھاوڕەگەزییەکانی خۆیان درووستبکەن و لە ئاوا شوێن و سەردەمێک ژنیش وەک پیاوی چەوساوە و مرۆڤایەتی نەدار- و بێدەسەڵات-کراو (پڕۆلیتێر) بە ھەڵبژاردنی لایەک لە دووڕیانی : (خۆڕزگارکردن لە سەروەریی) یان (کۆیلەمانەوە بۆ سەروەەریی) سزاوارە و ڕزگاربوون بەبێ لێدان لە بنەما کولتووریی و ئایدیۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و پێکھاتەیی و دەزگەییەکان، خەونی خواردنی کولیچە دەبێت لەنێو ئەفسانەی بەھەشتی ئاسمانەکان.

دیسانەوە، ئەوە بە واتایە نییە، کە ژنان نابێت ڕێکخراو و گرووپی تایبەت بە خۆیان لەنێو پێکھاتەی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان ھەبێت، نا، بەپێچەوانەوە ھەبوونی ڕێکخراوە و گرووپە پاگەندەیی و ھوشیاربەخشەکان لە شوێنەکانی کار و ژیان و خوێندن و ..تد، پێداویستیی بێچەندوچوونن و تەنانەت بۆ ھوشیارکردنەوە و داچڵەکاندنی پیاوانی چەوساوە و ھاودەم و ھاوچین پێویستن. بەڵام ئەگەر ئەو ڕێکخراوە و گرووپانە کەمتر لە ئامرازی ھوشیارکردنەوە و پاگەندەی دژە-سەروەریی ڕەگەزیی بڕۆن و واوەتر لە گرووپ و ڕێکخستنی ھوشیاربەخش بن، دیسان دەبنەوە بەشێک لە ھەوڵە ئیدئۆلۆگییە بۆرجوازییەکان و دەبنەوە بە کوتەک و جەلاد و ئاراستەکەری خودی ژنان و دەبنەوە بە بەرھەمھێنەرەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ و لە باشترین باردا دەبنە سەروەری مێینە لەسەر ژنان و جێگەی سەروەرانی نێرینە دەگرنەوە، ھەر بەو جۆرەی کە ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین، کە فێمینیستانی ئایینگەرا و ناسیونالیست و لیبڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی ئاوەزی ژنانی ڕزگاریخواز ھەوڵدەدەن و (بەڕێوەبەربوون) و (پارلەمانتاربوون) و (سەرمایەداربوون) و سەروەربوونی ژنانێک بە ڕێگەچارەی ڕزگاری ژنان و نەمانی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ژنان وێنادەکەن.

ئاوا بۆچوون و تێڕوانینێک مرۆڤی خۆھوشیار و بەئاوەز ڕووبەڕووی پرسیارێک دەکاتەوە؛ ئایا جیاوازی ھەیە و چییە، کە (ھاوڕەگەزێک، ھاونەژادێک، ھاوزمانێک، ھاوئایینێک، ھاوکولتوورێک) یان (ناھاوڕەگەزێک، ناھاونەژادییەک، ناھاوزمانێک، ناھاوئایینێک و ناھاوکولتوورێک) مشەخۆری ڕەنج و سەرکوتگەر و سەروەری مرۆڤ بێت؛ ئایا سەروەریی ھەر سەروەریی نییە و دیوەکەی دیکەی ملکەچی و کۆیلەتی ئەوانی دیکە نییە؛ ئایا ڕەگەز و زمان و ئایین و نەژادی جەلادێک ھیچ لە ئازار و ئەشکەنجە و ستەم و کوشتنی مرۆڤی چەوساوە دەگۆڕیێت؟

——————————————————————————

* یان بەڕادەی کەم، ئەوە تێڕوانینی من دەبێت.

** سیمبۆلی ئەنارشۆ-فێمیستەکان ؛ بڵاوکراوەی یەکەمین گرووپی ئەنارشۆ-فێمینیست لە ئاستی جیھان : دەنگی ژن، ساڵی ١٨٩٦-١٨٩٧ لە بۆینس ئایرس (ئەرجەنتین) و دواتر ١٨٩٩ لە (ڕۆساریۆ) بڵاودەکرایەوە. ھەر ئاوا ڕۆژنامەی (نە یەزدان، نە خاوەن کار، نا ھاوسەر) لەو ساڵانە بڵاودەبووەوە:

https://en.wikipedia.org/wiki/La_Voz_de_la_Mujer

scaled_full_4b287be9709d5abaecc5

کۆنفیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ڕۆژاوای کوردستان

کۆنفیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ڕۆژاوای کوردستان

زاهیر باهیر – لەندەن

شوباتی 2018

زۆرێك لە دینەکان و ئایدۆلۆجییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاستیان لە بەرانبەر گرفت و کێشەکانی کۆمەڵ-دا وەستاونەتەوە ، بەڵام هیچ کامێان نەك هەر نەیانتوانیوە ئەو کێشانە لە بەین بەرن، بەڵکو بارودۆخەکەشیان خراپتر کردوە.

لە کاتیێکدا کە کێشەکان بەردەوامن و وەکو خۆیان ماونەتەوە ، هەر لەو کاتەوە گروپەکان، پارتە سیاسییەکان و تاکەکانیش بە ئایدیا و بیردۆزی جیا جیاوە هاتونەتە پێشەوە .  کۆنفیدراڵیزم، یاخود کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ،یەکێکە لە ئایدیای چارەسەرەکان .

ئایدیای  فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن دەگەڕیتەوە بۆ چەند چەرخێك لەمەوبەر.  یەکێك لەوانەی کە زۆری لە سەر فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن نوسیوە جۆزیف پرۆدۆن، (1809-1865) بووە ، بەتایبەت سەبارەت بە کەنەدا و سویسرا و ئەوروپا. .  تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەو دوو چەمکە و شیکردنەوەکانی بۆیان ، تەواو جیاواز بووە لەوەی کە ئەو سەردەمە قسەی لەسەر دەکرا.  کاتێك کە ئەو چاودێریی  و گوێڕایەڵی لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەوروپا دەکرد، تێبینی ئەوەی دەکرد کە زۆر جیاوازن لە ئایدیا و تێگەیشتنەکانی ئەو بۆ ئەو دوو تێزە.  پرۆدۆن سەبارەت  بە لێداون و بۆچونە باوەکانی ئەو سەردەمە، کۆمێنتی خۆی هەبووە ”  ئەمەی  کە ئەوان دەیڵێن وادەردەکەوێت کە ئەوان هیچ تێناگەن جگە لە هاوپەیمانێتی هەموو دەوڵەتەکانی کە لە ئێستادا لە ئەوروپادا هەن بە سەرۆکایەتی کۆنگریسێکی دائیم ، ئیتر دەوڵەتەکان گەوەرە بن یا بچوك  لای ئەوان گرنگ نییە  .  ئەوانیش بەو مەبەستە قسەی لەسەردەکەن  کە هەر دەوڵەتێک فۆرمێك لە حکومەت کە پێی بکەوێت  و بۆی باشبێت دەگرێت بە خۆیەوە .  ئێستاش کە هەر دەوڵەتێك بە گوێرەی بڕی دانیشتوانەکەی و قەبارەی گەورە و بچوکی  دەڤەرەکەی دەنگی لە کۆنگریس هەیە و دەنگدەدەن، دەوڵەتە بچوکەکان لێرەدا هەر بە زوویی دەخزێنە ناو دەوڵەتە گەورەکانەوە  کە پێی دەوترێت کۆنفیدراسوێن …”1  تێبینی و پەیامەکەی  ئەو کاتەی پرۆدۆن بۆ کاتی خۆشی و ئێستاش هەر ڕاستە .  لە ڕاستیدا یەکێتی ئەوروپای کۆنفیدراسوێن دەزگەیەکی  بیرۆکراتیانەیە و یەکگرنتی دەوڵەتەکانە و زۆریش کۆنفیدراسوێننیکی نادیمۆکراتیانەیە ، مافی یەکگرتن و  یەکێتی،  هاوکاتیش  مافی ئازادبوون لەبڕیاردانی  جیابونەوە و کشانەوە لەو یەکێتییە لە پێش هەموو شتێکەوەیە بە هەموو مافە سییاسسییەکانیەوە ،  بە بێ ئەم مافانە کۆنفیدراسوێن هیچ نییە جگە لە ناوەندگەراییەکی مکیاجکراو نەبێت”1

باکۆنین و کرۆپتیکین و خەڵکانی دیکەش سەبارەت بەو تێزەی سەرەوە نوسیویانە بەڵام کەسیان ئەوەندەی مورەی بوکچین-یان( 1921-2006) لەو بارەوە نەنوسیوە و ئەوەندەی ئەو لەم پرسەدا قوڵنەبونەتەوە.  بوکچین هەر بە نوسین لەم تێزە نەدوواوە ، لە ڕاستییدا پرسی کۆنفیدراڵیزمی بە پرسی سۆشیال ئیکۆلۆجی، ناناوەندگەراییەوە بەستۆتەوە و بڕوای وابووە کە بنیاتنانی شارەوانی ئازاد و ئازادیخوازانە بناغەکەیەتی .  بوکچین هەر بە تەنها تئیورزان نەبووە ، ئەو لەپێناوی چەمکەکەیی و باوەڕیی-دا زۆر بە پەرۆش و چالاک و ماندوونەناس بووە. ئەو کاتانەی کە لە ژیاندا بووە ، بەتایبەت  لە ساڵانی 1980 کانا لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە تیئورەکەی  بخاتە کارەوە/ پراکتیزەوە.   بوکچین زۆر چالاك بووە لە بواری ئەوەی کە خۆی باوەڕی پێی هەبووە ، ڕێکخەر و بزوێنەری  ئایدیاکە بووە و خۆیی بۆ تەرخان کردووە ، لەم بارەوە ئاوا لەسەر چالاکیەکانی ئەو  نوسراوە ” بوکچین لە شارەکانی Vermont  وەکو Burlington    لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە  ئایدیاکانی،  پڕۆژەی [ شارەوانی ئازادیخواز]  بخاتە کار ەوە ، ئەویش بە کار و چالاکیکردن و هاوکاریی لەتەك  کۆمەڵێ لە  پارتی سەوز لە باکوری  ڤێرمۆنت لەگەڵ  هەندێك لە پارتی سەوزی بێرلنگتن  لە شارەوانی ئەوێ  بۆ سەپاندنی دیمۆکراسی.  بوكچین  لەم چالاکیەدا بەردەوام بووە تاکو ساڵی 1990 کە لە سیاسەت خۆی خانەنشین کردوە .  ئایدیاکانی ئەو لە کتێبی بیناکردنەوەی کۆمەڵدا کە لە ساڵی 1989 دا و  لە کتێبی The Murray Bookchin Reader 1997 بە کورتی چڕکراوەتەوە”2

لای  بوکچین بنیاتنانی شارەوانی ئازاد بناخەی بنیاتنانی کۆنفیدرالێزمە، ئەڵتارنەتیڤێکە/جێگرەوەیەکە  بۆ دەوڵەت-نەتەوە .  ئەو وای هەست دەکرد شارەوانی ئازاد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی و کۆمەڵێکی ئازاد، زەروورییە . کاتێك کە بوکچین ویستی پڕۆگرمەکەی شارەوانی ئازاد یاخود شارەوانی ئازادیخواز  بخاتە چوارچێوەی چالاکیی ئەنارکیستەکانەوە ، ئەمە بووە هۆی ناکۆکی لەتەك  ئەنارکیستەکانا، کە لای ئەو  بێزارییەکی دروستکرد بوکچین لە کۆتایی نەوەدەکانی چەرخی ڕابوردوودا لە ئەنارکیزم دابڕا و لە دوا وتاری ، The Communalist Project (2003), بەدیاریکراوی باسی شارەوانی ئازادیخوازانی کرد کەپێکهاتەیەکیی سەرەکییە لە کۆمۆنەڵیزم، Communalism *. بوکچین بڕوای وابوو کە کۆمۆنیڵیستەکان وا بڕوایانە کە  شارەوانی ئازادیخوازان دوو پەیام دەگەیەنێت هەم  بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی لۆژك/ ژییر  هەروەها بناخەیەکیشە بۆ دامەزرانی ئەو کۆمەڵە “2

جانێت بێڵ-ی برادەری دێرینی بوكچین، کە نزیکەی 8 ساڵێک پێکەوە ژیاون،  لە کتێبی Ecology or Catastrophe سەبارەت بە گرنگی و بایاخی  شارەوانییەکان و کۆنفیدراڵیزم بۆ بوكچین، دەڵێت ” لە دیدی بوکچین – ەوە شارەوانییەکان کە دیمۆکراتیزە کراون هەروەها کۆنفیدراسوێنی شارەوانییەکان وەك جێگرەوەیەکی دەوڵەت-نەتەوەن و کۆتایی و قەڵایەکن بۆ سۆشیالیزم.  بوکچین ئایدکان و ئەرگومێنتەکانی کە بە شارەوانی ئازادیخوازان، ناودەبرد، هەمووی  بە کامیلی لە فۆرمی یاخود کتێبی  The Rise of Urbanisation  and the Decline of Citizenship  [ هەڵکشانی شارنشینێتی و داشکانی هاووڵاتییبوون] کە لە ساڵی 1986 دا بڵاوی کردۆتەوە، خستۆتە ڕوو”3

لەم بەشەی  ئەم وتارەدا هەوڵدەدەم  پێناسەی چەمکی کۆنفیدراڵیزم لە دیدی بوکچین و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ، کە تێزەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانە، بکەم  و ئاوڕێکی خێراش لەوەی کە لە ڕۆژاوادا بەدەستهێنراوە بدەمەوە.

گەرچی بوکچین ئایدیا و پلانی بۆ جێبەجێکردنی تئیورەکەی لە واقیعدا هەبووە، هاوکاتیش ئەوەی زۆر باش دەزانی کە مەحاڵ و خەون دەبێت لە بیناکردنی شارەوانی ئازادیخواز و کۆنفیدراڵیزم لە شارە زەبەلاحەکانی کە هەن لەسەر بناغەی مێنەتەڵێتی و پەرەوەردە و ڕۆشنبیری باو و ئەو  کوڵتورەی کە ئێستا لەناو خەڵکدا هەیە و هەروەها بە هۆی سروشتی ناوەندگەرایی کۆمەڵی -شەوە .  بوکچین دەرکی بەوە کردبوو کە دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز داخوازی جۆرێکی جیاواز لە پەروەردە و خۆپێگەیاندن و ڕێکخستن، دەکات و ئەوەشی دەزانی کە ناوەندگەرایی یەکێکە لە ڕێگرە  سەرەکییکەکان .  بیرکردنەوەی ئەو سەبارەت بە شارەوانی ئازایخواز ئاوا نمایشکراوە ”  بوکچین هەر لە ساڵی 1950 کانەوە لایەنگر و پێداگربووە لەسەر دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ یاخود ئەنجوومەنی دیمۆکراتی . ئەو  سروشی لە نوسینەکانیی H.D. Kitto هەرەوەها Alfred Eckhard Zimmern وەرگرتووە.  سەبارەت بە چەمکی کۆنفیدراسوێنیش، بوکچین  لەژێر هەژموونی بیردۆزان و بیرکەرەوانی ئەنارکیستەکانی چەرخی نۆزدەدا بووە. ئەو شارەوانی ئازادیخوازانی بە دیدی یۆتۆبییانەوە لەبارەی  ناناوەندگەرایی [ ئۆتۆنۆمی] بە گچکەکردنەوەی شارەکان، هەروەها بە  قەبارەی مرۆڤەکانەوە لەشانی کۆمۆنێتییە ئیکۆلۆجییەکانەوە و دیسانەوە  بە تێزی شۆڕشی شارنشینیەوە، گرێداوە “2

جانێت بێڵ لەگەڵ ئەوەی سەرەوەدا نایەتەوە.  لە نامەیەکیدا کە 09/12/2017 بۆی ناردوم ، ئەو هۆکارەکان کە هەژموونی خۆیان لەسەر بوکچین داناوە ، بەم جۆرە بۆمنی نوسیوە ” ئەوەی کە سروشی بیرکردنەوەی بوکچینی  بۆ کۆنفیدراسیوێن ، هێناوە جۆزیڤ پرۆدۆن و باکۆنین و ئەوانی دیکە نەبوون ، بەڵکو چیرۆك و چالاکیی نقابەی CNT ئیسپانی ( Confederation Nacional del Trabajo  ) لە ئیسپانیا بوو .  کتێبەکەی The Spanish Anarchists تەرکیز لەسەر هەیکەلی سی ئێن تی وەکو کۆنفیدراسوێنێك، دەکات .  ئەو لەو کتێبەیدا لە  هەوڵی خستنەڕوی ئەوەدایە کە پێچەوانەی تۆمەتەکانی  کە مارکسییەکان داوێناتە پاڵ ئەنارکیستەکان بیسەلمێنێت ، کە لە ڕاستیدا ئەنارکیستەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن، ئەوان بنیاتنانی کۆنفیدراسوێن و دامەزراندنی قەوارەی [ هەیکەلی] لە  خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەبژێرن”

وێڕای ئەوەی کە بوکچین باوەڕی بە ناناوەندگەرایی و کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی هەبووە ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وا نەبووە کە ئەوەی سەرەوە بتوانرێت بەبێ کۆنفیدراڵیزم بەدەستبهێنرێت ، کە تۆڕێکە لە ڕێگایەوە شارەانییەکان دەتوانن یەکبگرن و هاریکاریی یەکدی  بکەن بە هاوبەشکردنی دەرامەت و داهاتیان لە نێوانی خۆیاندا  لەسەر بناخەی بەگوێرەی پێویستییەکانی تاک و خودی کۆمۆنێێتیەکان.  لەگەڵ ئەوەشدا هاوکات ئەو باوەڕی وابووە کە هەر یەکە لە شارەوانییەکانی ناو تۆڕەکە لە کێشانی سیاسەت و کاروباری نێوخۆیانا، پێویستە ئازاد بن و ئۆتۆنۆمی خۆیان هەبێت.  پێناسەی بوکچین بۆ کۆنفیدراڵیزم ” کۆنفیدراڵیزم لەسەرو هەموویەوە تۆڕێکە بۆ ڕێکخستنی  کاروباری ئیداریی شارەوانییەکان کە ئەندامەکانیان یاخود نێرراوەکانیان [ وەفد] لە ڕیگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە لە نێو ئەنجوومەنە دیمۆکراتییەکانا لە شار و شارۆچکە و گوندە جیاجیاکانا و گەرڕەکەکانی شارە گەورەکانا،هەڵدەبژێرن .  ئەندامانی ئەم لیژانەی کۆنفیدراسوێنەکە  لە شێوەیەکی زۆر توند و بێ لادان لە داخوازییەکان، دەستڕۆیشتنیان [ صەلاحییەت ] پێدەدرێت، لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرێت.   کەی پێویست بوو بانگدەکرێنەوە، بەرپرسیار دەبن لە بەرانبەر ئەنجوومەنەکانا کە دەستنیشانییان کردون  یا هەڵیانبژارادوون بۆ ئامانجی هاوکاریی یەککەوتن و ئیدارەدانی سیاسەتەکان و کاروبارەکان کە لە لایەن خودی ئەنجوومەنەکانەوە فۆرمیلە کراون”4

ڕووبەڕووبوونەوەی دروستکردنی کۆنفیدرالیزم داخوازی دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز دەکات کە کار لەسەر پایە سەرەتاییەکانی وەکو ناناوەندگەرایی، ئیکۆلۆجی کۆمەڵایەتی [ سۆشیال ئیکۆلۆجی]، پەیوەستبوونەوە و فێمەنیزم کە ئەرکگەلێکی زۆر گرنگن .  هەر یەك لەم پایانە بەستراون بە یەکدییەوە کە هیچ کامیان بێ ئەوی دیکەیان ناکرێت و کارا نابن.  بوكچین ئەمەی زۆر بە باشی ڕونکردۆتەوە کە دەڵێت ” قسەکردن لەسەر  دروستکردنەوەی کۆمەڵ و پەیوەدندیمان لەتەك دونیای سروشتیانەدا ، گوایە  تەنها دەتوانرێت لە ڕێگەی ناناوەندگەراییەوە یاخود لۆکاڵیزمەوە یاخود خودی  خۆڕاگریی خودئیکتیفاییەوە، هەر لە فەزای ناتەواوی چارەسەرەکانا دەمانهێڵێتەوە”4 وێرای ئەمەش بوکچین پێداگریی لەسەر ئەوە دکات کە ناناوەندگەرایی و خودئیکتیفایی بە تەنها مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کارێکی دیمۆکراتیانە بێت و لە توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵ-دا سەرکەوتوو بێت لە ئامانجەکەیدا ، هەر بەم هۆکارەش بەردەوام دەبێت و دەڵێت ” ڕاستییەکی گرفتاوییە کە دەرك بەوە نەکەین ، کە ناناوەندگەرایی، خودئیکتیفایی  بە تەنها خۆیان و لە خودی خۆیانا بە زەروورە بە پرۆسەیەکی دیمۆکراتی بناسین . شارە نموونەییەکەی Plato  [قوتابییەکەی سوقرات و مامۆستاکەی ئەرستۆل]  لە کۆمارەکەیدا لە ڕاسستیدا وا کڵێشە کێشرابوو کە خودئیکتیفا بێت، بەڵام خودئیکتیفابوونەکەی تەنها بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی  جەنگاوەرەکانی و هەروەها نوخبە فەلسەفییەکەی، بوو.  بەڕاستیش ئیمکانێتی  پاراستنی خودئیکتیفابوون پابەندە بە تواناوە، هەر  وەکو لە بەرگرییکردنی  شاری Sparta   [شارێکی گەورەی یۆنانییە کۆنەکان] لە   بەرانبەر هەژموونی ” گەندەڵیدا” لە دەرەوەی کولتورەکان، دەیبینین ( کە کاراکتەرێکە و دەتوانم بڵێم هێشتا لە زۆر کۆمەڵی داخراوی  ڕۆژهەڵاتا دەردەکەوێت).  هەر بە هەمان پێوەر  ناناوەندگەرایی لە خودیی خۆیدا زەمانەتی ئەوە ناکات کە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیمان دەداتە دەست.  کۆمەڵێکی ناناوەندگەرایی زۆر بە ئاسانی لە شانی   هیراشیەتێکی ئەوپەڕی ڕەق و تەقدا. دەکرێت هەبێت.  بەرچاوترین نموونە ئەوروپا و فیوداڵیزمی ڕۆژهەلاتە.  ڕیزبەندی هیراشیانەی  کۆەمەڵایەتی کە تیایدا  ئەمیرەکان و دوقەکان [ کەسانی میراتگرەوی خانەوادە هەرە دەوڵەمەندەکان ، ئەرستۆکراتییەکان – زاهیر]  و بارۆنییەکان لە پلە و پێگەی باڵادا نیشتوون و دانیشتوانی کۆمۆنێتییە  ناناوەندگەرییەکان [ ئۆتۆنۆمییەکان] بەڕیوەدەبەن .  لەگەڵ هەموو ڕێزێکمدا بۆ fritz Schumacher ، بچوك مەرج نییە کە جوان بێت……ئەگەر ئێمە ستایشی ئەم کۆمۆنێتییانە بکەین هەر لەبەر ئەوەی کە ناناوەندگەریین ، یا خودئیکتیفایین  یاخود بچوکن یا ” تەکنەلۆجیایەکی ماقوڵ و بەجێ ” بەکاردەهێنن  ئەو کاتە ئێمە ناچاردەبین کە فەرامۆشی ئەو هۆکارەش بکەین کە لە ڕوی کوڵتورەوە وەستاو و مەنگن ، ئەمە جگە لەوەی هەر بە ئاسانیش لە لایەن دەستەبژێرە دەرەکییەکانەوە پاوان بکرێن  “4

بوکچین کە باسی لە کۆنفیدراڵیزم کردووە لە ڕووی سیاسییەوە وەکو جێگرەوەیەك بۆ دەوڵەت-نەتەوە دایناوە.  ئەو دەیزانی کە لە کاتێکدا کە دەوڵەت دەزگاو سیاسەتی خۆی هەیە ، هاوکاتیش ئابوریی سەرمایەداریی لە ڕێگای دەزگەکانییەوە وەکو  هێزی سەربازیی و پۆلیسیی و سیخوڕیی و دەزگای دیکەی وەکو : کەنیسە و مزگەوت و بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و میدیا و دادگا،  ئابورییەکەی لەو ڕێگایانەوە دەسەپێنێت و کۆمەڵ کۆنترۆڵ و هەیمەنە دەکات .  بوكچین  باوەڕی وابوو کە کۆنفیدراڵیزم لە رێگای شارەوانییە ئازادیخوازەکانەوە دەبێت دەزگەکانی خۆی بخولقێنێ ، کڵێشەی سیاسەتەکانی خۆی بکێشێ، ڕؤشنبیریی و پەروەردەی خۆی بەکاربێنێ، ئابووریی خۆی دروست بکات ، تاکەکانی کۆمەڵ یاخود هاووڵاتیانی توانادار بکات .  ئابەم شێوەیە بوكچین جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە و وتویەتی ” کاتێك کۆنفیدراڵیزم وەکو مەبادیئەکانی یاخود بنەماکانی ڕێێکخستنی کۆمەڵ  دەگاتە ئەو پەڕی پێشکەوتنی ئەو کاتەی  کە خودی ئابووری کۆنفیدرەڵایز کرا [ واتە کە ئابوریی ئازاد کرا لە لایەن کۆنفیدراسوێنەکەوە و خاوەندارێتی لێکرا- زاهیر]  ئەویش کێڵگەکانی ناوچەکە ، کارگە و کارخانەکان هەروەها ئەو پرۆژانەی  کە پێویستن بۆ کۆمەڵ، بخرێنە ژێردەستی شارەوانییە لۆکاڵەکانەوە ، ئیدی ئەمە تەواوی کارەکەیە .  کاتێك کە کۆمۆنێتیەکە بچوك یا گەورە لە تۆڕێكی گرێدراو و یەکگرتوودا لەتەك  کۆمۆنێتییەکانی دیکە، دەستدەکەن بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی خۆیان، ئەوە ئەنجامدانی کارەکەیە”4

جانێت بێڵ  لە کتێبەکەیدا: The Politics of Social Economy, Libertarian Municipalism لە بەندی 11 دا  بە زمانێکی ئاسانتر و پاراوتر هەوڵیداوە کە باشتر ئایدیاکانی بوکچین سەبارەت بەو کۆپلەیەی  سەرەوەی ئەو،  ڕونبکاتەوە و شرۆڤەیان بکات.  ئەو دەڵێت کۆنفیدراسیوێن تۆڕێکە کە تیایدا چەند لایەنێکی  سیاسیانە  بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی  گەورەتر لە هەموویان، یەکدەگرن .  وێڕای ئەوەی کە لایەنێکی  گەوەرەتر لە پرۆسەی هاوپەیمانێتییانا دروستدەبێت ، بەڵام  لایەنە  بچووکەکان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا  خۆیان هەڵناوەشێننەوە و گۆڕیان گومنابێت ، بەڵکو لەبری ئەوە، ئازادیی و شوناسنامە و سەروەرێتی  خۆیان، گەرچی لەو هاوپەیمانێتییەشدان،  هەر دەپارێزن.”5

شتێکی ئاشکرایە و خاڵێکی سەرەکییە  گەر خەڵکی  لە ڕووی ئابورییەوە بە گوێرەی  پێویستییەکانیان یەکسان نەبن، ئەوە لە ڕوانگەی سیاسسیشەوە جیاوازی گەورە لە نێوانیانا دەردەکەوێت و ئەو کاتەش بەیاکادان و شەڕوشۆڕ  لە نێوانیانا سەر هەڵدەدا.  هاوکاتیش ئاشکرایە کە یەکسانی ئابووریی ڕوونادات ئەگەر خودی خەڵکی خۆیان کۆنترۆڵی ئابوورییان نەکەن.  ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئابووریی بەهیچ شێوەیەك نابێت لە دەستی خاوەندارێتی تایبەتییدا بێت، یاخود لە دەستی دەوڵەتا کە ناوی خاوەندارێتی خەڵکی/ کەرتی گشتی  لێنراوە ، یا بەهاوبەشی لە دەستی خاوەندارێتی دەوڵەت و خاوەندارێتی تایبەتدا ، ببێت، بە واتایەکی دیکە ئابوری تێکەڵە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی .  جانێت بێڵ لە هەمان کتێبدا Libertarian Municipalism لە بەندی 12 دا ، لە بەشی بە شارەوانیکردنی ئابووریی [Municipalaised Economy ] کە تەرخانی کردووە بۆ ئەو جۆرە ئابوورییەی کە کۆمۆنێتییەکە پێویستێتی  جیاوازی ئەو جۆرە ئابوورییە دەکات لە  جۆرەکانی دیکەی ئابووریی، کە لە کۆمەڵانێکدان کە لە سەر بناغەی کۆمەڵی چینایەتی خۆیانیان گرتووە.  ئەو دەڵێت :

شارەوانی ئازادیخوازان  گەشە بە فۆرمێك لە خاوەندارێتی گشتی دەدات ، کە لە ڕاستیدا گشتییە.  سیاسەتی ئابوریانەی شارەوانی ئازادیخوازان، پێشنیاری جۆرێك لە ئابوریی دەکات کە نە خاوەندارێتی تایبەتی لێدەکرێت ، نە پارچە پارچەش دەکرێت بۆ هەرەوەزییە گچکەکان و نە خۆماڵیکردنیش دەبێت،  بەڵکو ئابورییەکە، کە شارەوانیانە [ واتە ئازادکراوە – زاهیر] کراوە و خراوەتە ژێر دەسەڵاتی  کۆمێنێتییەکەوە  “خاوەندارێتی گشتی” و هەر لە لایەن ئەویشەوە  کۆنترۆڵدەکرێت.”

ئەم بەشارەوانیکردنەی ئابوریی [ئازادکردنی ئابوریی – زاهیر]  یانی ” خاوەندارێتی”  و بەڕێوەبردنی ئابوریییەکە  لە لایەن هاووڵاتیانی کۆمۆنێتییەکەوە،  موڵکەکان بە هەردك جۆرییەوە: زەوی و کارگەکانەوە،  چی دی موڵکی  تایبەتیی نابن و خاوەندارێتی تایبەتییان لێ ناکرێت بەڵکو دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی تەواوی هاووڵاتییان لە ئەنجوومەنەکانیانا.  لەم بارەدا هاووڵاتیان بە کۆمەڵ ، هەموان،  ” خاوەندارن” بە سەرچاوەکانی سامانی ئابوریی کۆمۆنێتییەکانیان و خۆیان  فۆرمیلەیان دەکەنەوە و  ڕەزامەندی لەسەر  سیاسەتی ئابوریی بۆ کۆمۆنێتییەکە، دەدرێت.  ئەوە ئەوانن نەك بیرۆکراتەکان و سەرمایەدارەکان،  کە سەبارەت بە ژیانی ئابوریی ، بڕیارەکان دەدەن……… لە کۆمەڵێکی ماقوڵی/ ژیریی  ئەنارکیستیدا  نایەکسانی ئابوریانە  لە ڕێگای گێڕانەوەی  سامان ، موڵکییەتی تایبەتی و هەروەها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ  شارەوانی، لەناودەچێت،  بەهۆی  بە شارەوانیکردنی ئابورییەوە،  [ ئازادکردنی ئابوورییەوە زاهیر] سەرچاوەکانی  سامانی  چینی  خاوەندار لە لایەن خەڵکانی ئاساییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەخرێتە ژێر چنگی کۆمۆنێتیەکەوە  تاکو بۆ بەرژەوندی هەموان بەکاربهێنرێت. “5

 

چەمکی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك:

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان ، پەکەکە، پێش سەردەمی بەندکرنی و لەسەردەمی بەندیی-دا بیری لە بزوتنەوەی پەکەکە و لێکدانەوەی بۆ کردووە ،  هەروەها شیکردنەوەی بۆ هەرەسهێنانی شورەویی ئەو کاتەو بلۆکی وڵاتانی کۆمۆنیستی لە ڕۆژهەڵاتا، کردووە.  هاوکاتیش ئەزموون و ئایدۆلۆجی هەر هەموو پارتە کۆمۆنیستەکانی لە جیهاندا لە گەڵ یەکدیدا بەتایبەت ئەوانەی خۆرهەڵاتی ناوین بەیەکەوە گرێدەداتەوە و  شاهیدی دەستکەوتەکانیان بوو، کە  لە زەمینەی واقیعدا ،  هەموو شتێك بوو جگە لەوەی کە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەکرد.  لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانی ئۆجەلان لەبەندیخانەدا خۆئاشناکردنی بوو  بە ئایدیاکانی مورەی بوکچین .   ئۆجەلان لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە چەند جارێك نامەی بۆ بوكچین ناردوە  تاکو لە ئایدیاکانی ئەو  باشتر تێبگات بۆ ئەوەی لەگەڵ چەمکەکانی پەکەکەدا بیانگرێتە بەرچاو، بەڵام بوکچین لە کۆتایی ژیانی و لەسەر پێخەفی مردن،  بووە، هەر لەبەر ئەوەش نەیتانیوە بچێتە گفتوگۆیەکی زۆر جددیەوە نە بە پەیام و نە بە نوسین .

لەسەرەتای ئەم چەرخەدا ئۆجەلان بە تەواویی تێگەیشت کە پرۆژەکەی بوکچین سەبارەت بەئەنجومەنەکانی هاووڵاتییان و پرسی کۆنفیدراڵیزم،  دروستترین چارەسەرن بۆ هەموو نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەییەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەژین.  دوای ئەم تێگەیشتنە ، ئۆجەلان ئایدیای دەوڵەت-نەتەوەی ڕەتکردەوە.  لە ڕاستیدا ئەو ئێستا باوەڕی وایە دەوڵەت-نەەتەوە ڕەگوڕیشەی گرفتەکانە زیاتر لەوەی کە چارەسەربێت ، ئەو وای دەبینێت کە ئەوە دەوڵەت-نەتەوەیە کە تا ئێستاش کارەسات بۆ خەڵک دەهێنێت.  دەنوسێت “ئەگەر دەوڵەت-نەتەوە بڕبڕەپشتی سەرمایەداریی مۆدێرن بێت ، بە دڵنیاییەوە قەفەسێکە بۆ کۆمەڵە سروشتییەکە………دەوڵەت-نەتەوە لەژێر ناوی کاپیتاڵیزم-دا کەویکرنی/ ماڵیکردنی  کۆمەڵ دەکات و کۆمۆنێتییەکە لە سروشتە بناغەییەکانی نەیار/ غەریب دەکات”6

ئۆجەلان    باوەڕی وایە نەك هەر نەتەوەکان ئایندەیان  لەژێر سایەی دەوڵەت-نەتەوەدا نییە ، بەڵکو تاکەکانیش – هاووڵاتیان- ئایندەیان نیییە مەگەر خۆیان لەتەك جۆرێك لە مۆدێرێنیتی کۆمەڵ-دا بگونجێنن ” هاووڵاتیبوون لەسایەیدا [ سایەی دەوڵەت-نەتەوە -زاهیر]  هیچ پێناسەیەکی نییە بەڵکو ڕوودانی  گۆڕانکارییەکە لە خاوەندارێتی تاییبەتی کۆیلایەتییەوە بۆ کۆیلایەتی دەوڵەت”6

ئۆجەلان دەیزانی  کە ڕیشەی گرفتەکان   لە گەلێك کۆمەڵدا ، وەکو کۆمەڵی کوردیی، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە لێوەی هاتووە، کامانەن.  لای ئۆجەلان تەنها ئەوە بەس نەبوو کە  بە تەنها دەوڵەت-نەتەوە ڕەتبکاتەوە ، ئەو باوەڕی وایە  لەتەك ئەوەشدا خەڵکی دەبێت  تەرکیز بکاتە سەر گرفتێکی سەرەکی دیکە کە لە کۆمەڵدا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژە  هەیە،  کە پرسی ژنانە.  ئۆجەلان زۆری لەسەر کۆمەڵی کۆن [قەدیم] خوێندۆتەوە ، هەر لەکاتی یەکەم مەدەنییەتەوە پێش 10 هەزار ساڵ هەروەها ڕۆڵی ژنان لەو کۆمەڵانەدا هەر لەو سەردەمانەوە .  بەو خوێندنەوە قوڵە، ئەو دەرکی بەوە کرد کە کەهەموو پرسەکان، کێشەکان هەر لە دەوڵەت-نەتەوەوە لە ڕێگای چەوساندنەوە و بەکارهێنان و کۆیلەکردنەوە تا دەگاتە کێشەی ژنان و یەکسانی جێندەیی زۆر بە توندی بە یەکدییەوە گرێدراونەتەوە هەر لەبەر ئەوەش ناتوانرێن بەجیا چارەسەربکرێن.  لە ڕاستیدا ئۆجەلان وابیردەکاتەوە کە چەوساندنەوە و بەکارهێنان لە کۆیلەکردن و سەرکوتکردنی ژنانەوە دەستپێدەکات ”  بەبێ کۆیلەکردنی  ژنان هیچ کام  لە جۆرەکانی دیکەی کۆیلایەتی نەیدەتوانی بوونی هەبێت ، ئیتر لە بەردەوامبوون و گەشەکردنی خودی کۆیلایەتی  بگەڕێ…..بەبێ سەرکوتکردنی ژنان  سەرکوتکردنی سەرجەمی کۆمەڵەکە مەحاڵ بوو یاخود پێشبینی نەدەکرا”6

ئۆجەلان زۆر بە جددی کێشەی ژنانی وەرگرتووە تا ئەو ڕادەیەی وای بیردەکردەوە کە ژنان نەتەوەیەکی کۆڵۆنایزکراون.  چەمکەکانی ئەو سەبارەت بە ژنان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ئەو چەند پەرۆشی پرسی ژنانە، جەختکردنەوەی  لەسەر  بەشداریکردنی ژنان لە یەکەم تێگەیشتن و هەنگاونانی خەباتکردنا بۆ چارەسەرکردنی  گرفتەکانیان و هەروەها سەراپای گرفتەکانی کۆمەڵیش،  بناغەیین.   ئۆجەلان بە کەتواریی کاری لەسەر ئەمە کردوە کاتێك کە لە شاخ بووە  توانیوێتی زۆرێك لە ژنان تێکەڵاوی بزوتنەوەی پەکەکە بکات، نەك هەر لە کورد ، تەنانەت لە غەیرە کوردیش .  بە تێپەڕبوونی زەمەن ئۆجەلان زیاتر  لە ڕۆڵی ژنان  ئاگابووەوە ، نەك هەر بە تەنها لە جەنگینیانا بە چەك دژی  دەوڵەت ، بەڵکو جەنگینیان  دژ بە دەوڵەت لە ڕێگای جیاوازەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێکی نوێ لەسەر بناغەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ” کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك بۆ کوردستان  دەوڵەت-نەتەوە نییە ،…….بەڵکو سیستەمێکی دیمۆکراتیانەی خەڵکییە بە بێ دەوڵەت”6

 

بۆچی ئۆجەلان ئەوەندە پێداگریی لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك کردووە؟ پێناسەی ئۆجەلان بۆ ئەو چەمکە چییە؟

ئۆجەلان لە شوێنێکدا پێناسەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیكی لە چەند وشەیەكدا کورتکردۆتەوە ” دیمۆکراسیی ، ئیکۆلۆجیی ، کۆمەڵی ئازادیی جێندەیی….. یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەولەت” 7

ئەو باوەڕی وایە سەرمایەداریی لە سەر 3 پایە دروستبووە و خۆی گرتووە:  سەرمایەداریی مۆدیرین، دەوڵەت-نەتەوە، پیشەسازییبوون [  پیشەسازیکردنی وڵات – زاهیر]. ئەو  باوەڕی وایە کە خەڵکی خۆیان دەتوانن ئەمانە واتە ئەو 3 پایەیە بە ” دیمۆکراسی مۆدیرانانە، نەتەوەی دیمۆکراسی،  ئابووریی کۆمونانە [ بە هاوبەشیکردنی ئابوریی – زاهیر]  لەتەك پیشەسازی ئیکۆلۆجیانە [ وڵات ئیکۆلۆجیانە پیشەسازی بکرێت – زاهیر]” 7 جێگابگرنەوە.

ئایدیای کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لای ئۆجەلان  خۆڕێکخستنی خودی خەڵکی خۆیەتی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. ئەو ئەم پلانە بە کاری خەڵکە ڕەشووڕووتەکەی  خوارەوە دەبینێ کە لە ڕێگای دەستەجەمعییەوە، بڕیارەکان  سەبارەت بە کاروبارەکانیان  لە لایەن خۆیانەوە دەدرێت ، نەك لە دەرەوەی خۆیان، ئەویش لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە کە لەوێدا کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت یاخود هەر ئیدارەیەکی دیکەی پاوانخواز ڕەتدەکاتەوە.  ئەو نوسیوێتی ” کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك نموونەیەکی واقیعیانەیە بۆ خەڵکانی سەرکوتکراو. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك  مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەت-نەتەوە نییە. لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ ناکرێت.  هاوکاتیش کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک بە کوڵتورکردنی ڕێکخستنی پێشنیارکراوی  نەتەوەی دیمۆکراسییە.  کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لەسەر بناغەی بەشداریکردنی جەماوەرە ،  پرۆسەی بڕیادانەکانە کە کۆ کۆمۆنێتیەکان دەیدەن”6 ئۆجەلان بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکانی و دەڵێت ” [ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ] .. دەتوانێترێت  بە ئیدارەیەکی سیاسی نادەوڵەت  یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەوڵەت ناوزەد بکرێت.  پرۆسەی بڕیاردانی دیمۆکراسییانە نابێت چەواشەیی دروستبکات لەتەك ئەو پرۆسانەی کە ناسراون بە دیمۆکراسی لەلایەن ئیدارە کۆمەڵایەتییەکانەوە.    ئیدارەی دەوڵەتەکان تەنها ئیدارەی دەوڵەتین بەڵام دیممۆکراسییەت، فرمانڕەوایی دەکات.  دەوڵەتەکان لەسەر بناخەی دەسەڵات/ هێز دامەزراون ، بەلام دیمۆکراسی لەسەر بناغەی بڕیاری هەرەوەزی / بەکۆمەڵی کە هەموویان لەسەری ڕێککەوتون و ڕیکن، بنیاتنراوە”6

تائێستا پێناسە و دیدی کۆنفیدراڵیزم لە لایەن بوکچینەوە و هەروەها پێناسە و ڕوانگەی ئۆجەلان-یشم  سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك، باس کردووە.  ئێستاش با بزانیین چ وێکچونێک و جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو چەمکەداو هەروەها لە دیدی ئەم  دوو کەسەدا هەیە؟ .  بەڕای  من هەردوو تێزەکە و دید و ڕوانگەی بوكچین و ئۆجەلان زۆر نزیکی و وێکجوون، هاوبەش دەکەن.  ڕەنگە ئەوان هەردوکیان دوو چەمکی جیاوازیان بۆ تێزەکانیان هەڵبژاردبێت ، بەڵام مانا و ئامانج لای هەردووکیان یەکە.

چەند جیاوازییەکی لاوەکی لە نێوانیئانا هەیە وەکو ئەوەی ئۆجەلان کۆنفیدراڵیزم-ی کردووە  بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك.  هەروەها لە بری بەکارهێنانی شارەوانییە ئازادیخوازەکان ئۆجەلان ناوی جیا جیای بۆ ئەو ئیدارانە هەڵبژاردووە وەکو ئەوانەی کە لە ڕۆژاوادا پیادەکراون.  ئەوەندەی من ئۆجەلانم خوێندبێتەوە ئەوە تێگەیشتوم تیئورەکەی – کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك- وەکو چارەسەرێك بۆ بەیەکادانەکان و گرفتەکانی نێوان نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکانە  تایبەتن بەو ناوچەیەی کە ئەو سەری لێوەدەرهێناوە .  بەڵام بوکچین زیاتر لە ئۆجەلان ڕۆیشتووە و باوەڕی وایە کە کۆنفیدراڵیزم چارەسەرە بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی و ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە پاوانخوازیی سەرمایەداریی لە هەموو لایەکەوە.  لەبەر ئەمەش کۆنفیدراڵیزم لای بوکچین چارەسەرە بۆ گرفت و کێشەکانی خەڵکی کە لە جیهاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە نەك هەر بە تەنها لە ناوچەیەکدا یاخود لە چەند وڵاتێکدا.

جیاوازییەکی دیکەش هەیە .  ئۆجەلان لە شیکردنەوە و توێژینەوەکەی بۆ مێژوی مەدەنیانەی مرۆڤ، چەوساندنەوە و کۆیلایەتی، ئەو باوەڕی وایە کە کۆیلایەتی لە کۆیلەکردنی ژنانەوە دەستی پێکردووە و هیراشییەتیش لە پاوانخوازیی پیاوانەوە بۆ ژنان دستی پێکردووە ، گەر چی لە شوێنێکی دیکەدا لەگەڵ بوکچین-دا دێتەوە کە دەڵێت ”  من بە بەردەوامی ئەوەم خستۆتە ڕوو کە کۆمەڵی باوکسالاریی لە ” شامان” [ شامان پیاوانی ریشچەرم و دەمڕاستی خاوەن کەسایەتی بوون – زاهیر ] شێخە بەتەمەنە خاوەن ئەزمونەکان ، سەرکردە سەربازییەکان، بووە.  ڕەنگە کارێکی  ژیرانە بێت ئاوڕێك لە بنەما نموونەییەکان بۆ کۆمەڵێکی نوێ لەناو ئەم جۆرە گەشەکردنەدا بدەینەوە  لەشانی  ” کۆمەڵێکی نوێ”وە  کە مەبەستمانە تاکو بزانین کە بارودۆخێك هەبووە  بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی هیراشی/قوچکەیی  لەناو خێڵەکانا.  بەم شێوەیە دابەشبوونە زەروورییەکە گەیشتە دواکڵێشەی، ئەمەش لە کاتێكدا کە سیستەمی هیراشی تەشەنەی بە فۆرمیلەکردنی / پێكهێنانی  چینێکی سابیت و هەروەها ڕێکخراوی شێوە دەوڵەتی ، کرد”8

پرسی سیستەمی هیراشیی/ قوچکەیی ڕۆحی تئیورەکەی ئۆجەلانە وەکو شارەوەانی ئازادیخوازان بۆ بوکچین، گەرچی هەردووکییان هیراشییەت بە بە بناغەی کۆمەڵی چینایەتی دەزانن . ئاشکرایە کە بوکچین زۆر قوڵتر لە ئۆجەلان لە كێشەی هیراشی و کۆمەڵی هیراشیانە ڕۆچووە، زیاتر و قوڵتر لە ئۆجەلان سەبارەت بەوەی  کە چۆن پاوانخوازیی لە نێو سەرانی خێڵەکان و ، سەرانی خێزان و  بەتەمەنەکان و هەروەها لە پاوانکردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ،  پێش کۆمەڵی چیانیەتی، بوونی هەبووە.  ” بە گوێرەی کارل مارکس ” یەکاسانییەکانی نێو کۆمەڵە سەرەتاییەکان ” بە گەشەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەرەسی هێنا، کە لەوێدا ئەوانەی کە خاوەنی سامان و موڵك بوون هێزی کاری ئەوانەیان بەکارهێناوە کە هیچیان نەبووە.  بەڵام بە تێڕوانینی مێژوی هاوچەرخ ، بوکچین ئەوە تێگەیشت کە شیکرردنەوەی چین بە تەنها لە خۆیدا شرۆڤەی تەواوی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ناکات.  کۆتاییهێنان  بە کۆمەڵی چینایەتی پەیوەندی نێوانی باڵادەستان و ژێردەستان چارەسەرناکات …… بوکچین پێداگریی لەسەر زەروورەی نە‌هێڵانی نەك بە تەنها چینەکانی نێو کۆمەڵ بەڵکو هیراشییەتی نێو کۆمەڵیش ، کردووە….. هیراشیەت و پاوانخوازیی[هەیمەنە] لە دیدی بوكچینەوە لە ڕوی مێژوییەوە پایەی داپڵۆسین و سەرکوتکردن بووە و هەر لەوێوە پەیوەدنییەکانی چینایەتی بناغەیان گرتووە”9                   

لەگەڵ ئەو شرۆڤەیەی کە لە وێکچوون و جیاوازیەکانی نێوان بوکچین و ئۆجەلان کردومە، جانێت بێڵ باوەڕی وایە کە تئیورەکەی ئۆجەلان زۆر یان کەم هەمان ئەوەی بوكچینە  و ئۆجەلان تئیورەکەی بوکچینی خستۆتە کارەوە .  لەیەکێك لە بۆنەکانا ئەو دەڵێت ” من وا بیردەکەمەوە کەبوکچین ساوایەکی بووە و ئۆجەلانیش کردویەتی بە منداڵێك“10 ئەو لەسەر قسەکانی  بەردەوامدەبێت و دەڵێت ”  ئۆجەلان هەندێك لە مۆدێلە ئۆریجانەڵەکەی[ ئەسڵی] بوکچینی گۆڕیوە.  بوکچین ئەنارکست بووە بەو شێوەیە ئەو دژی هەموو جۆرەکانی هیراشی بووە هەر لە : هیراشی نەژادیی، جێندەیی، سێکسی پاوانخوازیی لە لایەن دەوڵەتەوە تا دەگاتە پەیوەندییە شەخسییەکان.  مستەر ئۆجەلان جەخت لەسەر هیراشی جیندەیی و  گرنگیی ئازادی ژنان دەکات.  ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین گۆڕانی تئیوریی کە من بزانم “10

سەرەڕای ئەم لێکچوون و جیاوازیانە ، بەڕای من جیاوازییەکی دیکەی گەورە لە نێوانی دیدی  بوکچین و ئۆجەلاندا هەیە .  بوكچین باوەڕی وایە دروستکردنی شارەوانییە ئازادیخوازەکان بناغەی بنیاتنانی کۆنفیدراڵیزمە.  دروستکردنی کۆنفیداراڵیزمیش بە تەواوی بەندە و متمانە دەکاتە سەر پەروەردە و پێگەیاندن ، ڕێکخستن و بەشداریکردنی خەڵکی.  ئۆجەلانیش باوەڕی وایە ئەو بەشداریکردنە کاری خودیی خەڵکی خۆیەتی و دەبێت لە ڕێگای کۆبونەوەی جەماوەریی/ ئەنجوومەنەکانەوە بێت بۆ لێدوان و گفتوگۆکردنی پرسە هەنووکەییەکان و ئەوانەشی کە پەیوەندییان بە بارودۆخەکەوە هەیە ، بڕیارەکانیش دەبێت بە کۆمەڵ/ هەرەوەزیانە بدرێن.  بۆ بەڕیکردنی ئەمەش  ئەو  پێشنیاری ئامرازی  دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ دەکات.

گەرچی لای ئۆجەلان ئامانج هەر هەمان ئامانجی بوکچینە وەکو پێشتر خستمە پێشچاو،  بەڵام ڕێگای گەیشتن بە قۆناغەکە لە لایەنێکەوە یاخود لانی کەم ئەوەی کە لە ڕۆژاوا و لە باکور  دەتوانین بیبینین ، جیاوازە.  تاکو ئەم چرکەیە ئۆجەلان سەرۆك و ڕابەری پەکەکەیە و سەرۆک و ڕابەری ڕۆحیی کوردانی باکور و ڕۆژاوایە و  هەروەها زۆرێک لە کوردانی باشور و ڕۆژهەڵاتیش .  ئەوە ڕاستیە کە ئۆجەلان پەیوەندی بە حیزبەکەی و خەڵکەکەیەوە کردووە کاتێ کە لە بەندیخانەوە دەیتوانی بیکا . ئەو هەوڵی زۆریدا بۆ ڕازیکردنیان بۆ گۆڕانی پەکەکە بۆ بززوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی.  بەرەنجامی ئەوەش لێدوان و گفتوگۆیەکی زۆری لە ساڵی 2012 وە خستەوە، دوای ئەوەش سەبارەت بە ئایدیای ڕەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە ، پابەندبوون بە ئاگربەستییەوە ، هەروەها گفتوگۆکردن دەربارەی ئەنارکیزم . لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە نەگۆڕا بەوەی کە ئێمە و ڕەنگە ئۆجەلانیش، دەیویست.

کاتێک کە پەیوەندی نێوانی ئۆجەلان و دەرەوەی لە مانگی نیسانی 2015 دا بڕا و بارودۆخێکی نوێ لە باکوردا بە هۆی هێڕشی ناڕەواو فاشیانەی دەوڵەتی تورکیاوە نەك هەر بۆ سەر پەکەکە بەڵکو هەموو کورد لەوێ، پەکەکە زیاتر میلیتەرایز / عەسکەرتاریی بوو ، لەبەر ئەمەش   بۆ پەکەکە گرنگتر بوو بایاخ بەبەرپەرچدانەوەی دەوڵەت بدات تاکو بەردەوامبوون لەسەر پرۆژەکەی پێشتری.  لە ڕۆژاواش زۆر یا کەم هەمان شت ڕویدا، بەڵام لەوێ لەبری شەڕ دژ بە سوپای ئەسەد ناچارکرا بەوەی کە بەرگریی لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکە بکات لە بەرانبەر داعش دا**  جێگای گومان نییە کە لەسەردەمی شەڕ لە هەر وڵاتێکدا،  بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی/ جەماوەریی لاواز دەبێت و بزوتنەوەی سەربازیی بەهێزتر .  هەر بەو شێوەیەش لە باکور و ڕۆژاواشدا پەکەکە و پەیەدە لەسەر حسابی بزوتنەوە جەماووەرییەکە  زیاتر بەهێز بوون.

ئالیرەوە من دەرنجامی ئەوە دەکەم کە لە باکور و ڕۆژاوادا جوتێك حیزبی هیراشی بە زەبتوڕەبت لە پشتەوەی دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکن لە هەردوو کوردستانا . هەر بەو هۆیانەی سەرەوە ئەمانە ئەو پارتیانەن کە بڕیارە گرنگ و گەوەرەکان دەدەن ، پلان دەکەن، کڵێشەی سیاسەت دەکێشن و گفتوگۆ و سازش لەگەڵ دوژمنانیان و دەوڵەتەکانا دەکەن ، هەر ئەمانن کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدن.  بە دڵنیاییەوە ئەمانەش کێشە و پرسی زۆر گەورەن کە داهاتوی کۆمەڵی ڕۆژاوا و باکوریی پێوە بەندە.   بەداخەوە و بۆ بەدبەختیی، پارتە سیاسییەکانن کە ئەم بڕیارانە دەدەن لەبری خودی خەڵکەکە لە کۆبونەوە و ئەنجوومەنەکانی خۆیانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە.

لای بوکچین هۆکار و ئەرکی دروستکردنی شارەوانییە ئازادایخوازەکان و کۆنفیدراڵیزم کاری خەڵکەکەیە یاخود “هاووڵاتیانە” وەکو ئەو ناوی خەڵکی بە هاووڵاتیان دەبات، بەلام لای ئۆجەلان و پەکەکە  لانی کەم  لە حاڵی حازردا، ئەرك و ئامانجی پارتە سیاسییەکانە.

لە بەشی کۆتایی ئەم وتارەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە.  ئایا ئەوەی کە لە ڕۆژاوادا هەیە لە ئێستادا کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە ؟

وەڵامی ئەم پرسیارە یەکجار قورسە بۆ من چونکە من لە وەرگرتنی زانیارییەکانما تەنها متمانەم کردۆتە سەر ئەوەی کە لەسەر ڕۆژاوا دەستم دەکەوێت، ئەویش دووکەوتنی دەنگوباس و هەواڵە لە ڕادوێ و تیڤی ، ماڵپەرەکان ، سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی فەیسبوك و چوونە کۆبونەوەکانە.    بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە و تێگەیشتن لە هەموو لایەنەکانی کە پەیوەندی بە ئایندەی رۆژاواوەیە پێویستم بە کردنی چەند توێژینەوەیەکی بنەڕەتی هەیە . ئەم کارەش چونە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژاوایە ، قسەکردنە و دیمانەکردنی خەڵکێکی زۆرە لە زۆربەی مەیدانەکان و لە پلە و پایە جیاوازەکانی هەموو کەرتێکی کۆمەڵی ڕۆژاوادا.  بینینی کۆمونەکانە و بەشداریکردنی کۆبونەوەکانیانە و دووکەوتنی بریارەکانیانە .  بینینی هەرەوەزییەکان و شیکردنەوەی هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتەکانە لە نێوانی بزوتنەوەی تێڤدەم و پەیەدە و هەروەها لە نێوانی ئەوان و ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی، خۆسەرییەکەیە لەگەڵ کردنی زۆر کاری تر.

هەموومان تێبینی ئەوەەمان کردووە کە زۆرێك نوسراو لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لە ڕۆژاوادا ، هەیە.  زۆربەی زۆری ئەم نوسینانە پۆزەتیڤانە و هاوپشتیانەیە بۆ ڕۆژاوا،  هەموویان یەکدەگرنەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لەوێ دروست بووە یاخود لە دروستبووندایە.

بە بروای من گرفتی سەرەکی زۆربەی ئەو نوسینانە پەراوێزخستنی شتە سەرەکییەکانیانە ، ڕووداوەکانە لە بەرانبەر ڕۆڵ و هەژموونی پەیەدەدا کە تا ڕادەیەك لەیاد کراون.  ‌هاوڕێیانێك کە ئەم نوسینانەیان نوسیوە یاخود لەبیریان کردووە یا نەیان ویستووە ئەوە بڵێن کە  دروستکردنی کۆنفیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ئەرکی ئەنارکیستەکانە.  ئەنارکیستەکانن نەك پارتە سیساسییەکان کە دەبێت بەشداری بکەن و لە ڕێگای بزوتنەوە جەماوەرییەکەوە لە پرۆسەی دروستکردنی کۆنفیداراڵزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکەوە بگلێن چونکە هەندێك کێشەو   پرس دێنە پێشەوە کە دەببێت لە ڕێگای شارەوانی ئازادیخوازەوە کە بناغەی کۆمەڵی ئازادە، لابەلابکرێتەوە. بوکچین دەنوسێت ” پێش سەردەمی کۆمەڵی چینایەتی ” گەرچی ناکرێت ئیمە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ( یاخود کۆمۆنیلیزم )   ببینین کە پەیوەست بە ئەنارکیزمەوە نەبێت چونکە ئەوان [ئەنارکیستەکان – زاهیر] زۆر بە دووی ترادیسۆنی ئەنارکیزمی کلاسیکییەوەن “4   .

لە پرسی ڕۆژاوادا زۆر پرسیار هەیە کە بکرێت زۆرێکیش لە کێشە یەکلایینەکراوەکان هەن، کە دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت.  وەکو : ئایا هەموو کەسێك ئازادە لە بەشداریکردن لە سیاسەتا و بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانا  کە بڕیارەکانی تیادا دەدرێت ؟ ئایا ئەو کێشانە  کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن و ئەو بڕیارانەی کە دەدرێن ئایا بە دەستەجەمعی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە دەدرێن؟ ئایا هەرەوەزەییەکانی هەنوکە بەڕاستی لە لایەن کۆمیۆنەکانەوە خاوەنداری لێدەکرێت یاخود ئیدارە خۆسەرییەکە یان جۆرێك لە تێکەڵەیە لە خاوەندارێتی تایبەتی و گشتی ، هەروەها ئایا هەموو کەس دەتوانێت کە ببێتە ئەندام لەم هەرەوەزەزییانەدا بە پشتگوێخستنی  ئەوەی کە ئەوانە کێن و جیاوازییان چییە ، هەروەها چۆن بەرهەمی ئەم هەرەوەزیانە دابەشدەکرێت؟ ئایا کۆمونەکان  و ‘ماڵەکانی گەل’ لە ڕاسیتیدا گروپ یا ڕێکخراوێکی  هیراشی نین؟  بۆچی سەرۆك و هاوسەرۆکیی  لە پلەکانی خۆیانا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ  دەمێننەوە؟ ئایا سەرۆکی ئیدارە خۆسەرییەکە و ئەوانەی کە لە پلەیەکی بەرزی تێڤدەم و کۆمونەکاندان  لە ڕێگای دیمۆکراسی ڕاستەوخۆوە هەڵدەبژێرێن یاخود هەر دادەنرێن؟  چەندێك بە جددی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك کار بەرەو بەدیهێنانی کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیانە دەکات و تا ئێستا چی لەو بارەوە بە دەستهێنراوە؟  لە ڕاستیدا پرسیارگەلێکی زۆری تر سەبارەت بە لایەنەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك هەیە و دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت و وەڵامەکانیان تاووتوێی  بکرێن.

بە بۆچونی من ئەوانەمان کە تا ئیستا دەربارەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك نوسیومانە وەڵامی زۆرێک لە پرسیارکانمان نەداوەتەوە یاخود کاری تەواومان لەسەر ئەم پرۆژەیە نەکردووە.  من هەندێك لەو هاوڕێیانە دەناسم کە لە سەر ئەم پرسە وتاریان نوسیوە زۆر لە ڕۆژاوا نەماونەتەوە تاکو سەبارەت بە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵەکەی بزانن و توێژینەوەی تەواو لەسەر ئەم پرسە بکەن.   ئەو کەسانەشی کە بۆ ماوەیەی زۆر لە ڕۆژاوا ماونەتەوە ئەو هاوڕێیانە بوون کە پەیوەندییان بە یەپەگە و یەپەژەوە کردووە .

لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا ، ئەبێت لەسەر ئەوە پێکبێین کاتێك کە دەنوسین و توێژینەوەی ڕۆژاوا دەکەین نابێت ڕۆژاوا پەراوێز بخەین لەو بارودۆخەی کە دەورەی داوە .  دەبێت بە باشی دوژمنەکانی ڕۆژاوا لە ناوەوەی سوریا و دەرەوەی ببینین، هەروەها بەردەوامبوونی لە شەڕییدا دژ بە داعش و بە ڕژێمی ئەسەد ، تورکیا و ئەگەری شەڕی داهاتوش کە  ڕەنگە عێراق و ئێران و تورکیا  یەکبگرن  دژ بە پەکەکە ، نەدەینە لاوە.

سەرەڕای هەموو ئەوەی کە باسمکردن  دەبێت دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کۆمەك و هاوپشتیی نێونەتەوەیی  کارا و بەهێز لە لایەن چەپ و کۆمۆنیست و سوشیالیست و نقابی و ئەنارکیستەکانەوە نەبوو هەروەها هەمان یاخود لەو چەشنە بزوتنەوەیە لە هێج وڵاتێکی دراوسێ یا لە ناوچەکەدا ڕووی نەدا .  ئەگەر بارودۆخی ڕۆژاوە جیاواز بوایە لەوەی کە هەر لە 2015 وە پێیدا دەڕوات و ئەو هەلو مەرجانەی کە باسم کردن بهاتنایەتە کایە ، ڕەنگبوایە ڕۆژاوا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منی بە بارێکی پۆزەتیڤانە  بدایەتەوە و نموونەیەکی باشتری بدایەتە دەستمان.

 

Zaherbaher.com

*Communalism ئەم چەمکە هی بوکچینە  ، وەکو چەمکێکی سیاسی فەلسەفی بەکاری هێناوەو گەشەی پێکردووە و وەکو خۆبەڕیوەبەرییەك  یاخود سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی  کە کۆمونەکان بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆیانەوە لە فیدراسوێنێکدا یەکبگرنەوە پەیڕەوی مەبادیئەکانی خاوەندارێتیی بکەن و بیخەنە پراکتیکەوە .   

**ئەم وتارە پێش هێڕشی دەوڵەتی فاشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ، ڕەشنوسەکەی نوسراوە .

 

سەرچاوەکان

[1] Anarchist and Radical Texts/The Anarchist Sociology of Federalism

2 Libertarian municipalism – Wikipedia https://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism

 

3 Biehl J. Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, Oxford University Press 2015, P 227

 

4 The Meaning of Confederalism | The Anarchist Library https://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism.pdf

5 The politics of Social Economy, Libertarian Municipalism. Biehl, J. P 110 and 118  https://drive.google.com/file/d/0B6YOyGNakE86b3RLY2RZN0dySUE/view?usp=sharing

6 http://www.freeocalan.org/wp-content/uploads/2012/09/Ocalan–Confederalism.pdf

7 Democratic Confederalism – ROAR Magazine

 8 Abdullah Ocalan, Capitalism and unmasked gods and naked kings: Manifesto for a Democratic Civilization, Volume ll (page 110). Published New Compass Press, Porsgrun, Norway and International Initiatives edition, Cologne, Germany 2017

9 The Murray Bookchin Reader. Edited by Janet Biehl (page 75) https://archive.org/details/themurraybookchinreader

10 Golphy O. Rojava’s democratic confederalism: the experiment of an American theory. 2016. https://www.reddit.com/r/syriancivilwar/comments/4fxpd5/rojavas_democratic_confederalism_the_experiment/

 

 

 

 

فراخوان برگزاری تظاهرات در دفاع از جنبش های اعتراضی کارگران، زنان و زحمتکشان در ایران

فراخوان برگزاری تظاهرات در دفاع از جنبش های اعتراضی کارگران، زنان و زحمتکشان در ایران

نزدیک به 40 سال است که حکومت جمهوری اسلامی سلطه خود را در تمامی عرصه های اجتماعی به مردم تحمیل نموده است و در این میان طبقه کارگر، جنبش زنان و اقشار محروم و تحت ستم که اکثریت آحاد اجتماعی را تشکیل می دهند، در فشاری مضاعف قرار دارند. آنها از تمامی حقوق بی بهره اند. حداقل دستمزد کارگران چهار مرتبه پائین تر از خط فقر قرار دارد و نزدیک به 90 در صد از آنان یا قرار داد موقت دارند و یا جهت اشتغال مجبورند برگه های سفید را امضا نمایند. کارگران واحدهای تولیدی، صنعتی، کشاورزی، خدماتی و آموزشی نظیر معلمین، پرستاران، زنان، بازنشستگان، دانش آموزان و دانشجویان، زندگی پر مشقت و فلاکتباری را سپری می سازند. مجموعه شرایط تحمیلی از طرف نظام سرمایه داری جمهوری اسلامی، موجب آن گردید که به اعتراض همه جانبه دست یازند و از حقوق اقتصادی و سیاسی خویش دفاع نمایند. جنبشی که به سرعت تمام شهرهای کوچک و بزرگ را احاطه نمود و مهر هراس و وحشت را در دل حاکمیت سیاسی اسلامی کوباند. جمهوری اسلامی، درمانده از پاسخگویی به جنبش اعتراضی به سرکوب و کشتار و دستگیری های وسیع در نقاط مختلف کشور دست زده است . امروزه حاکمیت کلریکال و سرمایه به تعقیب و دستگیری ها تداوم می بخشد و بویؤه فعالین کارگری و زنان را به بی داد گاه های اسلامی احضار می نماید و هراس آن دارد که اعتصابات کارگری در ارتباط با جنبش اعتراضی عمل نماید و بعد بحران سیاسی جمهوری اسلامی را عمیق تر سازد. در چنین شرایطی وظیفه ماست که از وضعیت اسف بار اجتماعی و نیز برای آزادی زندانیان سیاسی و در دفاع از جنبش اعتراضی و جنبش دیرینه زنان که سهم ویژه ای در اعتراضات سراسری بعهده دارند، متحد شویم، زیرا دیگر حاکمیت قادر نیست چون گذشته به آسانی حکومت نماید.

تاریخ برگزاری تظاهرات ایستاده: شنبه 3 مارس 2018 از ساعت 16 تا 18

محل تظاهرات: میدان تروکادرو صحن حقوق بشر. متروهای شماره 6 و 9
Place du trocadéro Métro No. 6 – 9

مستحکم باد جنبش های اعتراضی کارگران، زنان و زحمتکشان
سرنگون باد نظام سرمایه داری جمهوری اسلامی در ایران
نه به سرمایه داری چه خصوصی چه دولتی
زنده باد انقلاب اجتماعی خود مدیریتی کارگری
زنده باد آزادی، زنده باد سوسیالیسم
کمیته زنان ضد سنگسار پاریس
شورای همبستگی با جنبش کارگری ـ پاریس
جمعی از آنارشیست ها و آنارکوسندیکالیست های پاریس
8 اسفند 1396 ـ 27 فوریه 2018