ئەرشیفەکانى هاوپۆل: وتار

وتار

سیستەمی ئەمریکی بە شێوەیەکی خراپ تێشکاوە*

Bernie Sanders

و: زاهیر باهیر

نەتەوە یەکگرتووەکان، چارلی کیرک، غەززە، داخستنی دەرگای دامەزاراوە حکومییەکان و ئەو قەیرانانەی دیکە لەبیر بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە.  با لەبری ئەوە باسی ئەو واقیعە بکەین کە میدیای کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان و سیستەمی سیاسی کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان زۆر باسی ناکەن.

 ئەوەی ئێمە لە ئێستادا شاهیدین گەشەکردنی دوو ئەمریکایە.  یەکێک بۆ چینی ملیاردێردو ئەوی تریان بۆ هەموو کەسێکی تر.  لە ئەمریکایەکدا دەوڵەمەندترین خەڵک بە شێوەیەکی قێزەون دەوڵەمەندتر دەبن و هەرگیزا و هەرگیز ئاوا باش نەلواوە بۆیان.  لە ئەمریکایەکیاندا کەسانی ساماندار زەنگینتر دەبن و پرە لە  سامان و تەماح و دەوڵەمەندییەکی خەیاڵاوی  کە وا دەکات بڵێیت کە سەردەمی زێڕین و زۆر بێگەرد دەرکەوتووە.  هاوکاتیش ئەمریکای دووەم هەیە – ئەمریکایەک کە زۆرینەی خەڵک بۆ ژیانیان  ئەم مووچە دەیانداتە دەست ئەو مووچە و هەوڵدەدەن  بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە زۆر سەرەتاییەکانی ژیان، وەك  خۆراک، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە و پەروەردە لە دەستەویەخەدابن.

ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە پێشتر لە مێژووی ئێمەدا ئەوەندە کەس خاوەنی ئەوەندە سامان و دەسەڵات نەبووە کە لە کاتێکدا زۆرێک لە بێ هیوایی ئابووریدا دەژین. لە ئەمریکای یەکەمدا، پیاوێک – ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، کە خاوەنی زیاتر لە 480 ملیار دۆلارە، خاوەنی سامانی زیاترە لە 52%ی خێزانەکانی ئەمریکایە.  دواتریش ماسك 290 ملیۆن دۆلاری بۆ هێنانی ترەمپ بۆ ناو کۆشکی سپی خەرج کرد، کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە زیاتر لە 180 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. ئەوەش بەدەستهێنانێکی زۆر باشە لەسەر وەبەرهێنانەکەی. بەڵام وادیارە هەر ئەوە بەس نییە بۆ ماسک. بۆ ئەوەی مۆتیڤێکی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەبێت، دەستەی کارگێڕی تێسلا پێشنیاری کرد کە پاکێجی مووچەی یەک تریلۆن دۆلاری پێبدرێت، تریلۆنێك دۆلار  ئەگەر هەندێک ئامانجی بەدیهێنا.

 جێف بیزۆس چوارەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە و سامانەکەی 232 ملیار دۆلارە. دەتوانێت بە کەشتی بەرەو ڤێنس بە یەختەکەی کە 500 ملیۆن دۆلارە سەوڵ لێدات بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی کە 50 ملیۆن دۆلار تێچوویەتی.  لەوێ ئەڵقەیەکی 3-5 ملیۆن دۆلاری بە هاوسەرەکەی بەخشی  – چونکە لەنێو ئەم شتانەی تردا ، ڕێژەی باجی فیعلی کە لەسەر ئەوە  تەنها 1.1% .

مارک زوکێربێرگ، سێیەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، سامانەکەی 258 ملیار دۆلارە. ئەو 110 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ کڕینی 11 خانوو لە شاری پالۆ ئاڵتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تایبەتی خۆی، هەروەها 270 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ زیاتر لە 2300 ئەکر زەوی لە هاوایی لەگەڵ بنکەرێکی ژێرزەمینیی 5000 پێی چوارگۆشە و سێ یەخت کە بەپێی زانیارییەکان بەهای زیاتر لە 530 ملیۆن دۆلارە.

لاری ئێلیسۆن، دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان – کە سەرمایەکەی 377 ملیار دۆلارە – لەم دواییانەدا لە یەک ڕۆژدا نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. خاوەنی دوورگەیەکی تایبەتە لە هاوایی لەگەڵ بەلەمێکی فڕۆکەی جێت، ئێستاش دەوترێت هەوڵی کڕینی کۆمپانیا گەورەکانی میدیای وەک وارنەر برۆس و سی ئێن ئێن دەدات.

تەنها ئەم چوار پیاوە بەیەکەوە سامانیان  زیاترە لە 1.3 تریلۆن دۆلارە. بەڵام ئەوە بە تەنها هەر ئەوان نین. ئێستا 1%ی ئەوانەی کە لەسەرەوەی کۆمەڵەوەن  خاوەنی سامانی زیاترن لە 93%ی خەڵکەکەی کە لە خوارەوەی کۆمەڵن. ئەو 1%یە لە جیهانێکدا دەژین کە بە تەواوی لە ئەمریکییە ئاساییەکان دوورخراوەتەوە. ئەوان سواری میترۆی قەرەباڵغ نابن بۆ ئەوەی بچنە سەر کارەکانیان، یان لەناو قەرەباڵغی هاتوچۆ ناکەونە ناو ترافیکەوە بۆ ئەوەی بگەنە ماڵەوە. ئەوان بە فڕۆکەی تایبەت و هێلیکۆپتەر کە خاوەنیانن دێن و دەچن. لە سەرانسەری جیهان لە کۆشکەکاندا دەژین، منداڵەکانیان دەنێرن بۆ نوخبەترین قوتابخانە ئەهلیەکان و لە دوورگەکانی خۆیان پشوو دەدەن. ئەوان بۆ خۆشی خۆیان ، چەند ملیۆنێك دۆلار خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بە کەشتییە موشەکییەکانی خۆیانەوە بفڕن بۆ بۆشایی ئاسمان.

هەر ئەوە نییە پاشان ئەمریکای تریش ، دووهەمیش، هەیە، کە زۆرینەی ڕەهای گەلەکەمان تێیدا دەژین. بۆ ئەوان ئابووری تەنیا تێشکاو نییە، بەڵکو لە داڕماندایە. لەم ئەمریکایەدا سەرەڕای زیادبوونی بەرفراوانی بەرهەمهێنانی کرێکاران، کرێی هەفتانەی ڕاستەقینە بۆ کرێکاری ئاسایی ئەمریکی ئەمڕۆ کەمترە لە چاو زیاتر لە 52 ساڵ لەمەوبەر. لەم ئەمریکایەدا، خەڵک توانای سەردانی پزیشکیان نییە (ئەگەر ئەوەندە  بەختەوەر بن پزیشێکێك بدۆزنەوە) .  لەمانەش زیاتر لە نیوەی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووەکانیان دەدەن و ناتوانن تێچووی گرانبەهای چاودێری منداڵان بدەن یان منداڵەکانیان بنێرن بۆ کۆلێژ.

لەم ئەمریکایە نرخی سەوزە و میوە و خواردنە تەندروستەکانی تر بۆ زۆر کەس لە دەرەوەی بودجەیانە .  بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان سیستەمەکە تەنها تێنەشکاوە، بەڵکو لە ڕووخاندایە و تادێت لە ژیانی جیهانی سێیەم دەچێت. هەموو کەسێک پێویستی بە چاودێری تەندروستی هەیە. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە 85 ملیۆن ئەمریکی تەئمینی تەندروستییان نییە یان تەئمینەکەیان زۆر کەمە و لە سای حوکمداریی ترامپدا بە بڕی 15 ملیۆینی دیکە ئەم ژمارەیە زیادی کردووە ئەمەش ئەو  پرۆژەیەی ترامپە کە پێی دەڵێن پرۆژەی، یا لائیحەی  گەورە و جوان.

هەموو کەسێک پێویستی بە خانووبەرەیە ، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەی 800 هەزار ئەمریکی بێ ماڵ و حاڵن و زیاتر لە 20 ملیۆن ماڵ زیاتر لە 50%ی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووکانیان دەدەن. لە ساڵی 2000 وە تێکڕای کرێی خانوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و نرخی خانویەکی مامناوەندی بۆ زیاتر لە 435 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.

هەموو کەسێک پێویستی بە پەروەردەیەکی شایستە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ سیستەمی چاودێری منداڵانمان تێشکاوە و بە شێوەیەکی باوەڕ پێنەکراو گرانە. زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکانمان وێرانن و مامۆستایان کەم مووچە و کەم بەهان و خوێندکارانی ئەمریکی لە بیرکاری و زانست و خوێندنەوە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنە نێودەوڵەتییەکانیان لە دواوەن.  خوێندنی کۆلێژ بۆ ملیۆنان کەس ناتوانرێت و قوتابخانە پیشەییەکان شکست دەهێنن لە ڕاهێنانی ئەو کارمەند وکرێکارانەی کە زۆر پێویستمانە. هەموو کەسێک پێویستی بە خانەنشینییەکی مسۆگەر و پارێزراو هەیە. بەڵام نزیکەی نیوەی کرێکارە بەتەمەنەکان هیچ پاشەکەوتێکی خانەنشینییان نییە و هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چۆن هەرگیز بە هیچ پارچەیەکی کەرامەت و ڕێزەوە خانەنشین دەبن. هاوکات 22%ی کەسانی بەساڵاچوو هەوڵدەدەن بە داهاتێکی کەمتر لە 15 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بژین.

بەسە بەس

 وەک دادوەری دادگای باڵا لویس براندیس لە ساڵی 1933 دا وتی: دەتوانین دیموکراسی لەم وڵاتەدا هەبێت یان دەتوانین سامانێکی گەورەمان لە دەستی کەم کەسەکاندا چڕبێتەوە، بەڵام ناتوانین هەردووکیانمان هەبێت. ئەو هۆشدارییە لەمڕۆدا پەیوەندیدارترە. لەم ساتەوەختە سەرەکییەی مێژووی ئەمریکادا، دەبێت حکومەتێک و ئابوورییەک دروست بکەین کە بۆ هەمووان کار بکات، یان بەردەوام دەبین لە خلیسکان بۆ ئۆلیگارشی – کە چینی ملیاردێر حکومەتەکەمان و ئابووریمان و داهاتوومان کۆنترۆڵ دەکات. با بە هاوئەمریکییەکانم بڵێم: دەزانم ژیانی ڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری هەبێت، بەڵام نابێت ڕێگە بە خۆمان بدەین کە بکەوینە نائومێدی. ئەگەر ڕێگە نەدەین لە لایەن ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئۆلیگارشیەوە دابەش بین، دەتوانین ئەو ڕێگایە بگۆڕین کە لەسەری دەڕۆین. هەڵبژاردنەکە ڕوونە. با پێکەوە بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوەستین.

…………….

*بۆ زانینی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە ئەمەریکا بە پێویستیم زانی کە ئەم وتارە وەرگێرمە سەر زمانی کوردی کە لە 24ی سێبتەمبەردا لە لایەن بێرنی سێندەر، سێنەتای ئەمەریکی ،  لە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دا بڵاوی کردۆتەوە.  دیارە من لەگەڵ ئایدیای ئەودا نیم کە بە گۆڕینی حکومەت دەکرێت خەڵکی لەو بارودۆخە ڕزگاری ببێت.

یەکێتییە ڕاستەقینەکان!!

زاهیر باهیر

19/09/2024

دوای ئەوەی کە بەرانبەر مەلابەختیار کرا و داخستنی  دەزگەی ڕاگەیاندکانی لە لایەن یەکێتییەوە،  چەندەها کەسی ناوداری کۆن و نوێی ناو یەکێتی هاتنە سەر خەت و هەر یەکە بە چەشنێك ناڕەزایی خۆیانیان بەرانبەر ئەو کارەی پاڤێڵ تاڵەبانی دەربڕی.

ئەوەی کە ئاشکرابوو هەندێکیان بە جۆرێك قسەیان دەکرد کە ئەمان یەکێتییە ڕاستەقینەکەن نەك ئەوانەی کە ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی دەکەن .

 ئاماژەکردن بەم قسەیە و بە هەڵوێست و ڕابەرایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ ئەوان لە دوو هەڵویستەوە بوو.  یەکێکیان لە هەڵوێست و پێگەی نەزانی و بێ ئاگایی لە کوشتار و تیرۆرەکانی یەکێتی بەرانبەر بە هەڤاڵانی خۆی و نەیارانیێتی.  ئەوی دیکەیان نەوێری و بودەڵەیییە کە لە پێاوی مانەوەی تەنها پێستەکەیاندا کردیان. گەر چی ئەمان  هەر هەموو هەڵوێستەکانی یەکێتی لە شاخ و لە شاریش دەزانن کەچی بەو جۆرە قسەیان دەکرد یا ئێستاش دەیکەن  کە یەکێتی پێشتر پەیڕەوی دیمۆکراسی و وتووێژ و ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە سەرکردایەتی کردووە و ڕێزی لە ڕا و بۆچوونی جیاواز گرتووە و زۆر مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەو دیاردانەدا کردووە .

ئایا بەڕاست ئەمە وایە؟ ئایا یەکێتی ناڕاستەقینە و ڕاستەقینە هەبووە و هەیە؟

ئەگەر ئەم برادەرانە مەبەستیان لە یەکێتی ڕاستەقینە باس لەو یەکێتییە کە دوای دروستبوونی دایە شاخ ، بابزانین بەڕاستی یەکێتی کە لە شاخ و شار بووە لە سەردەمی جەلال تاڵەبانید چۆن بووە؟  ئایا راستەقینە بووە و ئەمەی ئێستا ساختەیە یا ناڕاستەقینەیە؟ ئایا ئەم برادەرانە ئەوە نازانن هەڵسوکەوت و سیاسەتی ئێستای یەکێتی درێژە پێدانی سیاسەتەکەی “ڕەحمەتییە” ، مام جەلال و نەوشیروان؟ 

باشە ئەوە یەکێتی نەبوو کە ئەوەی کردیان بە ئاش شتێکی دیکە نەما بیکەن؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڤاڵەکانی خۆی بە تەور دادەپڵۆسی؟ ئەی یەکێتی نەبوو چەندێکی دیکەی لە هەڤاڵانی خۆی کوشت  یاخود دانی بە کوشت لەوانە ڕێبوار و دەزگیرانەکەی؟ ئەی یەکێتی نەبوو لە ساڵانی هەشتاکاندا چووە سەر شیوعییەکان و قەسابخانەی لێدروست کردن؟ ئەی لایەك ما کە یەکێتی شەڕی لەگەڵیاندا نەکردبێت و لێی نەکوشتبێتن ؟ ئەی ئەوە کێ بوو کە هەڤاڵ جووجەڵە و صدیقەفەنی و نوری حەمەعەلی و ئەندازیار فەتاحە قەڵەو و برایمئ حەمەخورشە و عەلی بۆسکانی و  چەندەهای دیکەی تیرۆر کرد ؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هێڕشیان کردە سەر کۆمۆنیستەکان و سیانیان لێکوشتن تەنانەت دەیانویست کە جەنازەکانیشیان نەدەنەوە؟ ئەی هەر یەکێتی  نەبوو کە هەڕەشەی لە کەسانێك دەکرد کە تەنها و تەنها جیاوازی ڕاو بۆچوونیان هەبوو وەکو فوئادی مەجید میسری و کەسانی دیکە تا گەیشتە سەر دوو هاوڕێی ئێمە لە گروپی کار؟  ئەی لە شاریشدا دەستیان بە خوێنی ڕؤژنامەنوسان سوور نەبوو؟  ئەمانە و دەیەها نموونەی دیکە.

باشە برادەران کە ئێوە ئەو یەکێتییە بە دروست و ڕاستەقینە دەزانن ، بە خۆتان بزانن و نەزانن ئەگەر ئێوەش دەستان لە خوێنی ئەو کەسانەدا نەبوو بێت، لە  کردنی ئەو هەڕەشانەدا نەبووبێت ئەوە بە دڵنییاییەوە ئەوە ئێوە شەریکە تاوانی یەکێتین و تاوانبارن .

لەمەش زیاتر ئەی هەر ئێوە نین و نەبوون کتێب و بیرەوەری و یادەوەری خۆتان نوسیوەتەوە کە هەر هەموی باس لە خراپی و کاری تیرۆریستیانەی یەکێتی دەکات؟ لێرەدا ناکرێت دوو هەڵوێستی جیاوازی تەنانەت دژ بە یەکیشتان هەبێت .

یەکەمیان نوسینی ئەو یادەوەری و بیرەوەریانەیە دژ بەو یەکێتییەی کە ئێستا خۆتان بە ڕاستەقینەی دەزانن و خۆتان بە بەشێکی گرنگی دادەنێن ، کەواتە دەبێت بە ئاشکرا ئەم هەڵوێستەتان ڕەت بکەنەوە و سەرزەنشتی خۆتان بکەن بۆ نوسینی ئەوانە .  خۆ ئەگەر ئەوانەی کە نوسیوتانە و وتوتانە باوەڕتان پێی هەیە و ئێستاش پێداگریی لەسەر دەکەن، ئەوە نابێت باس لە یەکێتی ڕاستەقینە بکەن چونکە بە وتنی ئەوە تاوانبارکردنی خۆتانە.

یەکێتی نیشتمانی و پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تاکو ئەم چرکەیە یەکێك لە ڕەشترین لاپەڕەکانی  مێژویان لە مێژوی کورد دا تۆمار کردووە .

 ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ، برادەران ئێوە لە چ بەرەیەکن ؟ چ هەڵوێستێک وەردەگرن ؟ چ قسەیەك دەکەن و کامیان هەڵدەبژێرن؟ قسە و ڕستە و چیرۆکی نێو کتێب و بیرەوەییەکانتان ، یاخود قسە و بانگەوازییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشترتان؟ ناکرێت خورمژتان بوێت، ناکرێت بڵێن هەردوو هەڵوێستەکەتان ڕاست و دروستە .

بۆ ئەوەی تۆزێك متمانەتان لای دۆستانتان و خەڵکانی ئاسایی بمێنیت باشترە خۆتان ساخبکەنەوە.  

Zaherbaher.com

تەسکبوونەوەی زیاتری ئازادییەکانمان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە

زاهیر باهیر

05/12/2023

ئەوەی ئاشکرایە لای گەلێكمان دەوڵەتەکان بە چەپ و ڕاستیانەوە ، بە دیمۆکراتی و دیکتاتۆریانەوە هەموو ڕووداوەکان بە باش و خراپیانەوە دەدقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە پاراستن و بەردەوامییدان بە سیستەمی سەرمایەداری کە خودی خۆیان پایە سەرەکییەکەین .

نموونە زۆرە لەو  بارەوە، نزیکترینیان قەیرانە داراییەکەی 2008 ، پەتای کۆرۆنا، ئێستاش 7ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، 2023 . لەم ڕووداوەنەدا نە کۆمپانیا گەوەرەکان و نە خاوەنکار و نە دەوڵەت قسوریان نەکردووە لە بەکارهێنانییان وەك پاساوێك  دژ بە خەڵکانی هەژار و چەوساوە و دانیشتوانی وڵاتەکانیان.

من لێرەدا هەر وەکو بەڵگەیەك چەند شتێک دەخەمە بەرچاو کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕۆژی یەکشەمەوە وەرمگرتووە.

+ ئازادی ڕادەربڕین لە مەترسیدایە کاتێک کۆڕ و جێگای قسەکەران هەڵدەوەشێنڕێتەوە، جا چ قسەکردنەکە  لەلایەن چەپەوە بێت یان ڕاست.

+ ئاهەنگی خەڵاتکردن بۆ ڕۆماننووس و وتارنووسی لەدایکبووی فەلەستین ئادانیا شیبلی لەلایەن پێشانگای کتێبی فرانکفۆرتەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە بەهۆی “ئەو شەڕەی کە حەماس دەستیپێکردووە“.   ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە بەرلین، بودجەی کەمکراوەتەوە بەهۆی میوانداریکردنی بۆنەیەکی ڕێکخراوی دەنگی جولەکە بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەنگۆی ئەوش هەیە کە دابخرێت.

+  فەرەنسا هەموو خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەلەستین قەدەغە دەکات.

+ مایکل ئایزن لە پۆستی سەرنووسەری گۆڤاری بایۆپزیشکی ئیلایف لە پۆستەکەی دوورخرایەوە بەهۆی دووبارە تویتکردنی پۆستێکی ماڵپەڕی تەنزئامێزی پیاز کە بە مانشێتی “ڕەخنە لە غەززییە مردووەکان گیرا بەهۆی بەکارنەهێنانی دوا وشە بۆ ئیدانەکردنی حەماس

+ دەیڤید ڤێلاسکۆ، سەرنووسەری گۆڤاری ئارتفۆروم کە گۆڤارێکی پێشەنگی هونەرییە، بەهۆی واژۆکردنی نامەیەکی کراوە کە داوای “رزگاری فەلەستین و… کۆتاییهێنان بە کوشتن و زیانگەیاندن بە هەموو هاووڵاتیانی مەدەنی و ئاگربەستی دەستبەجێی” دەکات، لە کارەکەی دوورخرایەوە.

+ زانکۆی کۆڵۆمبیا دوو گروپی خوێندکاری، خوێندکاران بۆ دادپەروەری لە فەلەستین و دەنگی جوولەکەکان بۆ ئاشتی ڕاگرت.

+ هۆتێلەکانی هیڵتۆن دوای فشاری ژووری بازرگانی جولەکەکانی ئۆرتۆدۆکس کۆنفرانسێکی لە شاری هیوستن لەلایەن کەمپەینی ئەمەریکا بۆ مافەکانی فەڵەستین هەڵدەوەشێنێتەوە.

+ لە بەریتانیا، وەزیری زانست، میشێل دۆنیلان، دوو ئەکادیمیستی دەستنیشناکرد لە چاوەدێریکردنیان  بە تایبەتی سەبارەت بە ڕەخنەگرتن، بەهۆی بۆچوونەکانیان دەربارەی ئیسرائیل و ململانێی غەززەوە، کە بۆچونیان لەگەڵ میدیای فەرمی دەوڵەتییدا نایەتەوە.

+ زانکۆی هیوای لیڤەرپوول وتارێکی ڕەخنە لە سیاسەتی ئیسرائیل لەلایەن مێژوونووسی بەریتانی-ئیسڕائیلی ئەڤی شلایمەوە هەڵدەوەشێنێتەوە ( ئیلغادەکاتەوە)

+ پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ناوەڕۆک لە چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و سایتە هەواڵییە فەلەستینییەکان لادەبەن، یان ئەکاونتەکانیان ڕادەگرن.  ئینستاگرام لە بایۆسی بەکارهێنەرانی فەلەستینیدا دەشڵێت “تیرۆریستانی فەلەستینی بۆ ئازادی خۆیان دەجەنگن”. دواتر داوای لێبوردن دەکات، ئیدیعا دەکات کە  هەڵەیەکە لە وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکیدا”

+ کەسان و ڕێکخراوەکان، لەنێویاندا زۆربەیان کە جولەکەن، قسە و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان هەڵوەشاونەتەوە، قەدەغەکراون یان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینییەکان.

+ ڕەنگە لە هیچ شوێنێکدا هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی دەربڕینی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین هێندەی ئەڵمانیا توند نەبووبێت. فەیلەسوفی ئەمریکی جوولەکە سوزان نەیمان نووسیویەتی: “لە بەرلین، وشەی ‘ئاپارتاید’ دەتوانێت خێراتر هەڵبوەشێنیتەوە لەوەی کە وشەی N لە نیویۆرک هەڵبوەشێتەوە.”

+ ئەو ،  سوزان نەیمان،  دەڵێت، ئەڵمانیا زۆر “رێبازێکی فۆرمولەیی بۆ حیساباتی مێژوویی” گرتۆتەبەر، سەیری جولەکەکان دەکات “وەک ئەوەی بە دەنگێکی یەکپارچە قسە بکەن کە بۆ هەمیشە لەسەر ستەمکاری خۆیان جێگیر بوون  “. لە کۆتاییدا دەڵێت: “ئێستا گومانم هەیە زۆرترین شت دەتوانین لە [ئەڵمانیا] فێربین،

+ نووسەرێکی دیکەی ئەڵمانی ئەمریکی، دیبۆرا فێڵدمان، تێبینی ئەوەی کردووە کە تەنیا ئەو جولەکانەی کە ڕەخنەیان لە ئیسرائیل نییە، وەک جوولەکەیەکی ڕاستەقینە سەیر دەکرێن.  وەک کەسێک کە لە مێژە بە هەمان شێوە قسەی لەسەر تێڕوانینەکانی کۆمەڵگا موسڵمانەکان کردووە – کە موسڵمانە لیبڕاڵ و عەلمانییەکان کە ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن زۆرجار بە “ناڕەسەن” لە قەڵەم دەدرێن – ئەوە دیدگایەکە کە من لێی تێدەگەم.  نەیمان و فێڵدمان هەردووکیان واژۆکارن لەسەر نامەیەکی کراوەی نووسەران و هونەرمەندان و ئەکادیمییە جوولەکەکانی ئەڵمانی کە “سەرکوتکردنی نائارامکەری ژیانی مەدەنی لە دوای توندوتیژییە ترسناکەکانی ئەم مانگە لە ئیسرائیل و فەلەستین” ئیدانە دەکات.

+ هۆکارەکانی پشتی پەردەی سەرکوتکردنی دەنگە لایەنگری فەلەستینییەکان لە ئەمریکا جیاوازن، بەڵام لێرەشدا زۆر کەس تووشی سەرسوڕمان بوون. جنێڤیڤ لاکیر، مامۆستای یاسا لە زانکۆی شیکاگۆ و پسپۆڕی پێشەنگی ئازادی قسەکردن و یاسای دەستووری ئەمریکا، تێبینی دەکات: “ئەو تەرازووە من و چڕییەکەی سەرسام کردووە“. ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەست دەکەیت وەک مەکارتیزمێکی نوێ وایە… سەرکوتکردنی قسەکردن کە ماوەیەکە نەمانبینیوە. ”  خەڵک لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و هەڵدەوەشێنەوە نەک بەهۆی “بەرەوپێشبردنی توندوتیژی” بەڵکو “داوای ئاگربەست” و “ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل“. لاکیر دەڵێت مانای “قسەی ڕقاوی” فراوانتر بووە “بۆ ئەوەی ئەو قسەیە بگرێتەوە کە بە بڕوای من بە تەواوی ڕەوایە، زۆرجار قسەی لایەنگری ئاشتییە. ”  هەوڵێکە بۆ دووبارە کێشانەوەی هێڵە ئەخلاقییەکان لە دەوری ئەوەی کە بە قبوڵکراو دادەنرێت بۆ پووچەڵکردنەوەی دیدگا فەلەستینییەکان.

بنەما و میکانیزمەکانی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

بنەما و میکانیزمەکانی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) چین و ئەو سیستەمە چۆن ڕێکدەخرێت؟

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ سەرھەڵدان و خۆگرتن و بەردەوامیی خۆی، کۆمەڵێک بنەمای ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی ھەن و پێویستن، لەنێو ئەوانە:
– پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
ئەو پەیوەندییە سرووشتییانەن، کە نێوان خەڵکی ھەن؛ لەنێوان ھاوسێیان و ھاوکاران و ھاوپیشان و ھاوگوندان و ھاوشاریان و ئەوینداران و یار و یاوەران درووستدەبن و خۆشەویستی و سۆز و یەکتر پەسەندکردنی کەسەکان بنەمای ئەوان دەبن. تەواو پێچەوانەی پەیوەندییە ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجییەکان، کە زۆرداری دەوڵەتیی و سەربازیی و یاسا ڕامیارییەکان و کڵێشە ئایدیۆلۆجیی و پارتییایەتییەکان درووستکەری ئەوان ھەن و لەسەر بنەمای سەروەریی دەوڵەتی و فەرمانداریی و میلیشیایی، کۆمەڵەکان جیھان، کە ھەزاران ساڵ پێکەوە ژییاون و تیکەڵیی ئاسایی وەک ھاوسایی و ھاریکاریی درووستکەری دۆسایەتی ئەوان بووە، دەکرێن بە دوژمنی یەکدی و جیاواز بە یەکدی دەناسرێن؛ لەسەر بنەمای پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجی بۆ ملکەچکردنی خەڵک، خەڵکی کۆڵانێک، گەڕەکێک، گوندێک، شارێک، ناوچەیەک لەسەر دەسەبەندیی پارتییەکان و میلیشیاکان بەشکراون و ھاوسێ و ھاوکار و ھاوپۆل و ھاوگوند و ھاوشار و یار و یاوەر دەکرێن بە دوژمنی یەکدی و تەنانەت دایک و کچ و خوشک و باوک و کوڕ و برا دەکرێن بە دوژمنی یەکدی و خوانی خێزان دەگۆڕدرێت بە مەیدانی زۆرانبازیی پارتییایەتی و دوژمنایەتی ئایدیۆلۆجیی، کە سەرەنجام سەروەریی پارتییەک یان مشەخۆریی و دەڵاڵیی کۆمەڵێک ڕامیارانی نێو پارلەمانێک دەستەبەردەکرێت، کۆمەڵێک سەرمایەدار بەھرەمەند دەبن و تەواوی دەزگەکانی سیستەمی ڕامیاریی مسۆگەرکەری مشەخۆریی و سەروەریی ئەوان دەبن و دەسکەلای ئەوان [ ڕامیاران و فەرمانداران و سەرمایەداران] دەبن. لەبەرئەوە کۆمەڵایەتییبوونەوە، ئەلف و بێی گۆڕان و شۆڕش دەبێت.
– بەرژەوەندی و پێویستیی گشتیی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ھاوپشتیی و ھاوبەرژەوەندیی و پێداویستیی گشتییەکانی کەسەکان سەرھەڵدەدەن و تان و پۆی کۆمەڵ پێکدەھێنن. ھەر ئەوەش دەبێت بە بنەمای یەکگرتنی ھاودەردان و ھاوپیشان و ھاوکاران و ھاونیشینگان. ئەگەر باری ژییان و گوزەران و پێگەی ئابووریی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ سەرنجبدەین و لە حەز و ئارەزوو و خەون و خەیاڵە ھاوبەشەکانی ئەوان وردببینەوە، دەردەکەوێت، کە زۆربەی کەسەکان بەس خوازیاری ئاشتی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریین. بەڵام بەرانبەر ئارەزووەکانی زۆربەی خەڵک، کەمینەیەکی زۆر کەم لە دەسەڵاتداران و ڕامیاران و کۆمپانیداران بەرژەوەندیی ئەوان لەسەر جەنگ و وێرانکردن و ناچارکردن و سەرکوتکردنی ئەندامانی کۆمەڵ ڕاوەستاوە و تاقە ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی لە نەھامەتییەکانی سیستەمی ڕامیاریی و کۆتاییھێنان بە بار و دۆخێک، کە لەسەر ھەموو کۆمەڵەکان جیھانی سەپێندراوە، ئەوەش بەس گەڕانەوەیە بۆ سەر بنەماکانی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و ھەر ئەوەیە کە دەتوانێت گرفتەکان چارەسەربکات، لەبەر ئەوەی کە لەسەر بنەمای ھاوبەرژەوەندیی و پێویستییەکانی زۆربەی کەسەکان دادەمەزرێت و پێشتریش ھەر ئەوە بووە، کە کۆمەڵی خۆبەڕێوەبەر و ناچینایەتیی مسۆگەر کردووە.
– ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی
ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی یەکێکە لە کۆنترین بنەماکانی کۆمەڵ و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی، ھاوکاتیش یەکێکە لە سەرەکیترین بنەماکانی کولتوور و بەھا و نەریتە کۆمەڵایتییەکان، کە دەسەڵاتی کولتووریی درووستدەکەن و ئەوەش مەرجی جێگربوونی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان درووستکەری سیستەمی کۆمەڵایەتیین. ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی پایەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بناخەی ئەو دەبن. لەبەر ئەوە بەبێ ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی نە کۆمەڵ بوونی ھەیە و نە پەیوەندی کۆمەڵایەتیی درووستدەبن و نە ھیچکام پایەدار دەمێننەوە. ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان پێشتر وەک یاسا و خاڵبەندیی دەستووریی نووسراوە نەبوون و بەس بە کولتووربوونی ئەوان و بە بەدیھێنانی پشتیوانەی دەسەڵاتی کولتووریی، بوون بە یاسایەک و لەنێو ئاوەزی کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ تۆماربوون و خۆبەخۆ لەلایەن ھەموو ئەندامانی کۆمەڵێک وەک دەستوورێک پەیڕەوکراون.
– ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی
بەشداریکردنی گشتیی خەڵک و ئازادی کەسەکان و یەکسانی دارایی و بڕیاردانی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی پایەی سیستەمی کۆمەڵایەتیین و بنەمابوونیان ئەوان دەکات بە میکانیزمی خۆگرتن و دامەزران و بەردەوامبوونی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی و ھاوکات لە سەرھەڵدانی ملھوڕیی کەسیی و دەستەیی کەسانێک ڕێگریدەکات، کە ئامانجیان ژێرچەپۆک-خستنی ئەندامانی کۆمەڵ دەبێت بۆ بەدیھێنانی حەز و ئارەزووە سەروەرانە و مشەخۆرانە و ناکۆمەڵایەتییەکانی خۆیان و ملکەچکردنی زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ خواستە ناڕەواکانی خۆیان.
– ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان
ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان تان و پۆی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی دەبن. ڕێکخراوە ئاسۆییەکان یان خۆ-ڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی تەواو پێچەوانەی ڕێکخراوە ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجیی و چینایەتییەکان و (سەندیکا و یەکێتیی و شوورا نێوەندگەرا و قووچکەییەکان) دەبن. ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆیی و ئازادەکان لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ئازادانە و خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-بڕیاردانی گشتیی ئەندامەکانی ئەوان سەرھەڵدەدەن، ئیدی ئەو کەسانە توێژێکی جەماوەریی یان چینێکی کۆمەڵایەتیی یان خەڵکی گوندێک بن، جیاکەرەی سەرەکیی ڕێکخراوە ئاسۆییی و سەربەخۆکان لە ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و ئەو ڕێکخراوانەش، کە گرووپە ڕامیارییەکان یان دەوڵەتەکان بەناوی “خەڵک و جەماوەر” درووستیانکردوون، ھاوئاستیی ماف و ئەرک و داخوازی و پێویستیی ئەندامانی ڕێکخراوانە دەبن، نە ھیچ کەس سەرۆکی کەسێکی دیکە دەبێت و نە ھیچ کەسیش فەرمانبەری فەرمانی سەرووی خۆی؛ تێکۆشان و بەدیھێنان و بڕیاردان و ئەنجامدان ئەرکی ھەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکان و ڕۆڵی ڕاسپێردراوانی کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامان، یان ڕاسپێردراوانی ئەنجوومەنی سەرپەرشتیکردنی ڕێکخستن، ئەنجامدانی بڕیارەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەبێت، نەک بڕیاردان و سەپاندن و پاوانکردنی دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێک بەناو سەرۆک و ڕابەر و سکرتێر، یان ھاوسەرۆک.

ئەی میکانیزمەکانی چۆنێتیی کارکردن و بەڕێچوونی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی)

ئەی میکانیزمەکانی چۆنێتیی کارکردن و بەڕێچوونی (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) کامانەن؟

– کۆبوونەوەی گشتیی
کۆبوونەوەی گشتیی لە ئەوە ڕێگرییدەکات، کە کەسێک یان کەمینەیەک لە سەرووی خەڵک یان لە پشت خەڵکەوە بڕیاربدات، یان خۆی ڕێکبخات و لەسەر ئایەندەی کۆمەڵ بڕیاربدات. کۆبوونەوەی گشتیی بەھا و بڕوا-بە-خۆ-بوون و پێگەی شاییشتە بۆ کەسەکان دەگێڕێتەوە و وەک فێرگێک ئەندامانی کۆمەڵ پەروەردەکات، کە ھەموو کەسێک توانا و بەھرەیەکی ھەیە، ھەموو کەس لەنێو کۆمەڵ ڕۆڵی بە کەڵک و گرنگی ھەیە؛ ھەموو کەس دەتوانێت بیربکاتەوە و بۆچوونی تایبەت بە خۆی ھەبێت و چالاکانە لە بەرھەمھێنانی ھوشیاریی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی بەشداریبکات و بە کۆمەڵی خۆی خزمەتبکات. ھەر ئاوا لەنێو ھۆش و ئاوەزی کۆمەڵایەتیی واتای “توانا و ناتوانا، زانا و نەزان” پووچەڵدەکاتەوە و ئەو ڕاستیە دەردەخات، کە ئەوە سیستەمە ڕامیارییەکان و پێکھاتەی پلەبەندیی و نێوەندیی و قووچکەیی بەڕێوەبەریین، کە کەسەکان خۆشباوەڕ و ناچالاک و گۆشەگیر و نادەربەس و نەزان و لە خۆ-نامۆ-بوو و پاشڕەو دەکەن و ھیچ کەس سزاوار بە نەزانیی و دەسەپاچەیی و خۆشباوەڕیی و دواکەوتەیی و ڕامکراویی لەدایکنەبووە و نابێت و ھەر کات بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی توانا و بەھرەی کەسەکان زەمینە بڕەخسێت، ھەزاران و ملیۆنان توانا و بەھرەی مرێندراو و لاوازکراو دەژێنەوە و پەرەدەسێننەوە و ئەو ڕاستییە دەسەلمێت، کە سیستەمی ڕامیاریی سیستەمی لەنێوبردنی توانای زۆربەی خەڵک و ملکەچکردنی ئەوان دەبێت بۆ ھەلپەرستیی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەمینەیەکی ڕامیار و دارا و دەسەڵاتدار.
– گفتوگۆی گشتیی
گفتوگۆکردنی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ لە بارەی پرسەکانی ژییانی خۆیان و کۆمەڵەکەی خۆیان و ژینگەی کۆمەڵ و ئایەندەی کۆمەڵ لەنێو کۆبوونەوەی ھەموو خەڵک (کۆبوونەوەی گشتیی)، بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتی ئەندامانی کۆمەڵ و درووستکردنی بڕوای کۆمەڵایەتیی و دەرکەوتنی پشتیوانی و دڵسۆزیی کەسەکان بۆ یەکدی، زەمینەسازییدەکات و کەسەکان زیاتر بە یەکدی و لەتەک دەردی یەکدی ئاشنادەبن و بۆ ھەموو کەس دەردەکەوێت، کە زۆربەی دەردەکان و داخوازییەکان و ئارەزووەکان و خەمەکان و نەھامەتییەکان ھاوبەشن و ئەوە سیستەمە ڕامیارییەکانن، ئەوە دووبەرەکییە ڕامیارییەکانن، کە کەسەکان بە یەکدی نائاشنا و تەنانەت بە دوژمن یەکدی دەگۆڕن و ناتەبایی کۆمەڵایەتیی درووستدەکەن.
– بڕیاردان و ئەنجامدانی گشتیی
کاتێک کە ئەندامی کۆمەڵ ھەموو پێکەوە لەسەر پرسە ھاوبەشەکانی خۆیان بڕیاردەدەن و پێکەوە و شان بە شانی یەکدی ھەرەوەزییانە ئەرکەکانی کۆمەڵ ئەنجامدەدەن، یەکگرتنی توانا و ھێز و وزەی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ وەک پەڕجوو دونیایەکی نموونەیی دەئافرێنێت.
کاتێک کۆی ئەندامانی کۆمەڵ خۆیان لەسەر شتێک بڕیاردەدەن، بەدڵنیاییەوە ھەر بەخۆیشیان دڵسۆزانە و پەیگیرانە بڕیارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن و ئامادەن لەپێناو ئەنجامدان و سەرکەوتنی بڕیارەکانی خۆیان تێبکۆشن و تەنانەت ئامادەی گیانبەخشینیش ھەن. چونکە کۆمەڵ و سیستەمێکی ئاوا (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) بەشێک لە ژییان و بوون و خۆشیی و بەختەوەریی خودی کەسەکان دەبێت. بەڵام کاتێک کەسەکان ژێردەست و ملکەچی بڕیادانی دەستەبژێرێکی ڕامیار یان دەستەبژێرێکی دارا ببن و ناچارییانە بە ئەنجامدانی شتەکان ملبدەن، بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانەکە دڵسۆزانە و سەرکەوتوو و درووست دەرناچێت، چونکە کاتێک مرۆڤ بە شتێک ناچاردەکرێت، ئیدی ھیچ ھۆگرییەکی بۆ ئەنجامدانی شتەکە نابێت و ئامادەنییە دڵسۆزانە کات و وزە و ژییانی خۆی بخاتە خزمەتی سەروەریی و مشەخۆریی کەسانێکی دیکە [پارتیی و دەوڵەت]، کە زۆردارانە لەسەر ھەموو کۆمەڵ بڕیاردەدەن.
– ھەڵبژاردنی ڕاسپێردراوان بۆ سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی بڕیارەکان
کاتێک کە ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ بڕیاردەر دەبن و خۆیان ئەنجامدەری بڕیارەکانی خۆی ببن و ھەر خۆیشیان کەسانێکی خۆبەخش بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەنجامدانی کارەکان دەستنیشانبکەن، لە بارێکی ئاوا ھەم توانا و ھەم متمانە و ھەم ھوشیاریی ھەمووان پەرەدەسێنێت و ھەم ھەمووان سامانەکانی کۆمەڵ و ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاریی دەپارێزن و بە پێداویستیی و دارایی خۆیان دەزانن و و پاراستنی ئەوان بە ئەرکی خۆیا دەزانن، چونکە لە باری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ بەرانبەر ئایەندەی خۆیان و نەوەکانیان بەرپرس دەبن و بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتیی دەبێت بە بەشێک لە ئاوەز و ئەتواری کۆمەڵایەتیی.
– خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی
خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی یەکێکە لە ئەو میکانیزمە کاراییانەی، کە ھەموو ئەندامێکی کۆمەڵ دەگۆڕێت بە پشتیوانی کەسەکانی دیکە و ھارمۆنییەکی کۆمەڵایەتیی دەئافرێنێت، کەسەکان وەک سەردەمە کۆنەکان “ھەموو کەسێک لەپێناو ھەمووان و ھەمووان لەپێناو ھەموو کەسێک”، سەراپای کۆمەڵ دەبێت بە یەک خێزانی گەورە و پڕ لە خۆشەویستیی و سۆزداریی بۆ یەکدی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەبێتە بنەمای پێکەوەژییان و کۆمەڵایەتییبوون و کۆمەڵ.
خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی بەس لە بواری کاسە-ھاوسایی و کۆمەکی دراویی و ..تد نامێنێتەوە، بەڵکو زۆربەی بوارە تازەکانی ژییان دەگرێتەوە و ھەموو گرووپە خۆجێییەکانی [لۆکاڵییەکانی] وەک خۆکۆمەکیی نەخۆشان، ئالوودانی دەرمانە بەنگکەرەکان، پەککەوتووان، منداڵان، ژینگەپارێزیی و بەرخودان و..تد دەگرێتەوە و گرووپ و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی ئەو بوارانە وەک یەکێک لە پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی زۆر چارەنووسسازیان دەبێت.
– ھەرەوەزی ئابووریی
ھەرەوەزی ئابووریی یەکێکە لە پایە و میکانیزمە گرنگ و سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ڕزگاربوونی خەڵک لە وابەسەیی بە سیستەمی ڕامیاریی و کۆمپانییە جیھانلووشەکان و ھەر ئاوا ئامرازێک بۆ خۆ-بەسێی ئابووریی و خۆشگوزەرانی گشتیی خەڵک و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرھەڵدانەوە و پەرەسەندنی متمانەی کۆمەڵایەتیی، چونکە دابینکردنی گوزەران [ئابووری] بڕبڕەی ھەموو پێکھاتەیەکە و بەبێ ئابووری [مەبەست ئابووری کۆمەڵایەتییە] نە خێزان و نە کۆمەڵ خۆیان ناگرن و نەدەگرت؛ لەبەر ئەوە (سەربەخۆیی ئابووریی) مەرجی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتیی کەسەکان و کۆمەڵ دەبێت.
بێجگە لەوەی کە ھەرەوەزییە ئابوورییەکان پایە و میکانیزمی بنەڕەتیی و سەرەکیین بۆ سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھەر ئاوا ھەر ئێستا و لەنێو ئەم سیستەمە ڕامیاریی و گەندەڵە دەتوانرێت ھەرەوەزییەکانی بەرھەمھێنان ئامرازێک بۆ ڕزگاربوونی خەڵک لە بیکاریی و کەم دەرامەتیی و لە بەدبەختیی و ناچاریی و ئاوارەبوون بن؛ بۆ نموونە ھەر ڕۆژ گەنجەکان لەبەر بێکاریی و نائومێدیی بەرەو شارەکانی دیکە و وڵاتانی دیکە سەری خۆیان ھەڵدەگرن و ڕێگەی ڕێکەوتە مەرگئاوەرەکان دەگرنەبەر و ئاوا دیتوومانە و دەبینین گەنجە نائومێدەکان خەون و خەیاڵە ڕەوا و شیرینەکانی خۆیان دەبەنە قووڵایی دەریاکان و بە ھەمان ڕادەی خەون و خەیاڵە شیرینەکانی خۆیان، خەم و دەرد و ناسۆریی بۆ خۆیان و دەوروبەری خۆیان بەجێدەھێڵن. بەڵام ئەگەر ھەر چەند کەسێک لە ئەو کەسانە کە بەرەو ئۆروپا و وڵاتانی دیکە سەری خۆیان ھەڵدەگرن و سەرەنجامیش ھەرچەند بە بێوەی بگەنە شوێنی مەبەست، ھەرگیز پێگەی کۆمەڵایەتیی و کاری ئارەزوومەند و شاییستەی تواناییەکانی خۆیان بەدەستناھێنن و باشترین کارێک کە بەدەستیدێنن، شاگردیی و خزمەتکارییەکە، کە خەڵکی وڵاتانی پەنادەر بە ئاسانی خۆیان ئامادەی ئەنجامدانیان نین، ئیدی با ڕەتکردنەوەی داخوازی پەنابەریی و مۆڵەتی مانەوە و سووکایەتیی ڕەگەزپەرستانە و دەردیسەرییەکانی دیکەی لەو لاوە بوەستن. لە بەرانبەر ئەوە، ئەگەر ھەر چەند کەسێک لەو کەسانە، ئەو بڕە پارەی کە بۆ گەییشتن بە ئۆروپای تەرخاندەکەن و لە دەمی دایک و باوک یان منداڵ و ھاوسەری خۆیان دەگرنەوە و دەیکەنە باخەڵی قاچاخچییان، ئەگەر ئەو بڕە پارە بۆ پڕۆژەیەکی ھەرەوەزیی [وەک نانەواخانە، فیتەریی، سەرتاشخانە، دارتاشی و کشتوکاڵ و باخداریی و خانەی پیران و دایانگەی منداڵان و ..تد] تەرخانبکەن، ھەم خۆیان لە بێکاریی ڕزگاردەبن و ھەم لە ملکەچیی بۆ مووچەی دەوڵەت و داراکان ئازاددەبن و ھەم زیادەی داھاتێک، کە لە لە باری کاری کرێگرتە لە ڕەنجی ئەوان دەچێتە باخەڵی خاوەنکار، بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە.
لە ئەو بارەوە لە سەراپای دونیا پڕۆژەی ھەرەوەزییە ئابوورییەکان نموونەیەکی سەرکەوتوو و درەوشاوەن و تاقە ئامرازێکی درووست و بەکەڵکن، کە ئەندامانی کۆمەڵ لە وابەستەیی و چاوەڕوانی و گیرۆدەیی و خۆشباوەڕیی بە فریادڕەسیی ڕامیاران و داراکان و پووچگەرایی پێویستیی سیستەمی ڕامیاریی دادەچڵەکێنن و ھێز و خۆ-باوەڕیی و ئاوەز و خۆھوشیاریی بۆ کەسەکان دەگێڕنەوە و ئیدی بە ئاسانی کەسەکان ناگەڕێنەوە ژێر باری سەروەریی و دەسەڵاتداریی و ڕامکاریی ڕامیاران و سەرمایەداران و دەوڵەت. لەو بارەوە لە گەرمەی قەیرانی دەھەی ڕابوردووی بانکەکان و بازاری سەرمایەداریی، بەپێچەوانەی ئەوە، ھەرەوەزییەکانی یۆنان و ئیسپانیا و شوێنەکانی دیکە نموونەی خۆشگوزەرانیی و سەرکەوتوویی و دەربازبوون لەو قەیرانە بوون و تاکو ئێستاش بەردەوام بەو ئاستە ماون و بەردەوام ھەن.
– ھەرەوەزی جەماوەریی
ھەرەوەزی جەماوەریی نێوان ئەندامانی چینە ڕەنجدەرەکان ھەمیشە ھەبووە و ئێستاش بە جۆرێک ماوە و ھێشتا پەنیڕەودەکرێت، ئەوەش نیشانەی ھاودەردیی کەسە نەدار و بێدەسەڵاتەکراوکانە بۆ یەکدی و جۆرێک بەرخودان بەرانبەر ملھوڕیی دەسەڵاتداران و داراکان. ئەگەر ڕابوردووی ھەر کۆمەڵێک سەرنجبدەین، ئەو ڕاستییە دەبینین، کە ھەرەوەزی جەماوەریی چین و توێژ کۆمەڵایەتییە نەدار و بێدەسەڵاتەکراوەکان بزووتنەوەیەکی خۆکرد و خۆڕستی کۆمەڵایەتیی و دیاردەیەکی ئەرێنی کولتووریی بووە و ھەیە.
ھەرەوەزی جەماوەریی یەکێکە لە ئەو بنەما و میکانیزمانەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پتەوتر و متمانە و خۆشەویستیی و ھاوپشتیی و ھاوخەمیی و ئاشتەوایی نێوان کەسە ھاودەرد و ھاو-خەون و ھاو-ئارەزووەکان درووستدەکات و ھەر ئەوەش دەبێت بە بناخەی خۆ-ھوشیاریی بە پێویستیی خۆ-ڕێکخستنی ئازادانەی جەماوەریی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی بۆ بەدیھێنانی داخوازییە ھاوبەشەکانی چین و توێژ کۆمەڵایەتییەکان. یەکێک لە نموونە درەوشاوەکانی ھەرەوەزی جەماوەریی دەخیلەی ھاوکاران، ھاوسێیان، ھاوپۆلان و..تد و زۆر جار لە ئەو دەخیلەیە یان بەجیا دەخیلە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی بۆ کەسانێک کە گرفتارن و توانای مسۆگەرکردنی گوزەران و دەرمان و پێویستییەکانی خۆیان نییە. لە ئەو بارەوە نموونەی زۆر ئەرێنیی ھەن، ئەگەر بە ڕابوردووی خۆمان بگەڕێینەوە یان دەوروبەری خۆمان سەرنجبدەین، بە ئاشکرا دەبینین.
خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-ھوشیاری کۆمەڵایەتیی
خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-ھوشیاری کلیلی کردنەوەی ھەموو دەرگە داخراوەکانی ئاوەزی کەسیی و ھوشیاریی کۆمەڵایەتیی و ژییان و داھاتوون، ھەر ئاوا کە خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی خەڵک زەمینەی درووستبوونی سەروەریی و مشەخۆریی ڕامیاران و داراکان و ھەموو بەدبەختییەکانی کۆمەڵ دەبن و ھەر لەبەر ئەوەشە، کە ڕامیاران و دەسەڵاتداران و داراکان بەوپەڕی توانای خۆیان بۆ خۆشباوەڕکردن و ناھوشیارکردن و ڕامکردنی خەڵک کۆششدەکەن و دەزگەی گەورە و پڕ خەرج بۆ ئەو مەبەستە تەرخاندەکەن و بووجەی زەبەندە بۆ ھاندانی پارتییایەتی و ڕامیارییکردنی خەڵک و خۆشباوەڕکردنی خەڵک بە “سەرۆکی باش ، پارتیی باش ، پارلەمانتاری باش ، فەرمانداریی باش ، دەوڵەتی باش” تەرخاندەکرێت؛ ھەر بۆ ئەو مەبەستە مانگانە سەدان و ھەزاران ملیۆن لە داھاتی کۆمەڵەکانی جیھانی بۆ پارتییە ڕامیارییەکان [لە چەپڕەو بۆ ڕاستڕەو] خەرجدەکرێت، بەڵام کاتێک کەسانی نەخۆش و پەککەوت و ھەژار یان کرێکاران و مامۆستایان و بێکاران و خانەنشینان بەرانبەر گرانبوونی خۆراک و کاڵاکان و زیادبوونی کرێخانوو و گرانی دەرمان و پێویستییەکانی دیکە، زیادکردنی چەند دینار و دۆلارێک داخوازییدەکەن، نەک ھەر دەسەڵاتداران ئامادەی ملدان بە داخوازییە ڕەواکانی ئەوان نین و نابن، بەڵکو ھەموو ھێزەکانی سوپا و پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکانی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک ناڕازی دەھێننە مەیدان و بۆ بێدەنگکردنی خەڵک بە ھێزە سەرکوتگەرەکان فەرماندەدرێت؛ گوللـە بەرانبەر داخوازیی نان!
خۆ-بیرکردنەوە و خۆ-ھوشیاریی خەڵک سەرەڕای ڕزگارکردنی خەڵک لە خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی و پاشڕەویی، تەنانەت ئەندامی ھێزەکانی پۆلیس و سوپا دادەچڵەکێنێت و بۆ نێو بەرەی خەڵک دەگێڕێتەوە و ئەوان لە ئەوە ھوشیاردەکاتەوە، کە ئیدی ئەوان [ھێزە پارتیی و دەوڵەتییەکان] بۆ بەردەوامی پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی ڕامیاران و دەسەڵاتداران و داراکان ئامادە نەبن، کە لە دایک و باوک و خوشک و برا و ھاوسێ و یار و ھاوەڵی خۆیان تەقەبکەن و بۆ خۆڕزگارکردن، پێویستە بگەڕێنەوە و ببنەوە بە بەشێک لە ھێزی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەرییخواز.
– خۆ-بەرپرسیارەتی و ویژدانی کۆمەڵایەتیی
کاتێک کە ئەندامانی کۆمەڵ خۆ-ھوشیار بن و بە ئاوەزی خۆیان بیربکەنەوە و لەتەک ھاودەردەکانی خۆیان خۆکۆمەکیی بکەن و چالاکانە لەنێو گرووپە خۆجێی و ڕێکخراوە جەماوەرییە ئازادەکان و کۆبوونەوە گشتییەکان بەشداریبکەن و ئایەندەی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و ھیچی دیکە ڕازینەبن، کە کەمینەیەکی ڕامیار و دەسەڵاتدار و دارا لەجیاتی و بۆ ئەوان بڕیاربدات، ئیدی بەرپرسیاریی کەسەکان لە بواری ژییان و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ دەبێت بە دیاردە و تایبەتمەندیی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵ و بەرپرسیاری کۆمەڵایەتیی لەنێو ئاوەزی ھەموو کەسێکی کۆمەڵ درووستدەبێت و نادەربەسیی و خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی دەبێت بە نەنگییەکی کۆمەڵایەتیی.

(سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و کەتواری ئەم ڕۆژگارە

ئایا لە ئێستا (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) بوونی ھەیە؟

ئەرێ و نەخێر. بەداخەوە بەس لەنێو کۆمەڵەکانی ئامازۆن و چەند کۆمەڵێکی دیکە لە ئەفەریکا و خواردووی ئاسیا جۆرە سرووشتییەکەی ھەیە، کە زادەی کۆمەڵە سرووشتییەکانە و وەک سەرچاوەی سیستەمی سرووشتیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ ماوە و بە بەرخودان بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری و نەزمی تازەی بازار [نیئۆلیبرالیزم] خۆی پاراستووە و لە ھەموو گۆشەکانی جیھان تێکۆشان بۆ گێڕانەوە و نۆسازکردنەوەی ھەیە و ئاوا مرۆڤناس و کۆمەڵناسەکان ئاماژەدەدەن و کەسانی لێکۆڵەر و گەشتیاران دەڵێن، ھێشتا لە گۆشە و کەناری جیھان کۆمەڵە سەرەتاییەکان ماون، کە جۆرە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەیەتییان ھەیە؛ تاکو ڕادەیەک بەشێوەی کۆمونەیی دەژین.
ھەڵبەتە نەبوونی ئەوان لە ئەم ڕۆژگارەی ئێمە بەڵگەی ئەوە نییە، کە نەبوون و نابن. چونکە ئەگەر تەنانەت بەس خەیاڵێکی خۆشیش بێت، ئەگەری بەدیھاتنی ھەیە، ھەڵبەتە ئەگەر ھوشیاری و ویستی ئەندامانی کۆمەڵ بۆ بەدیھێنانی بوونی ھەبێت؛ چونکە ھەموو گۆڕانەکان و ھەموو سیستەمەکان و ھەموو ئەوەی کە لە ئەم ڕۆژ ھەیە و سەرھەڵدەدات، بەرەنجامی خەیاڵکردنی مرۆڤ بوون و پاش ئەوەی کە مرۆڤەکان بۆ ئەزموونکردنی خەیاڵەکانی خۆیان کۆششیان کردووە، خەیاڵە ئەستەمەکان گۆڕاون بە کەتواری ڕۆژ و پەرەیان سەندووە و جیھانگیر بوون؛ ڕۆژگارێک سیستەمی (خێڵایەتی)ی و (دەرەبەگایەتی)ی و (بۆرجوازی)ی لەئارانەبوون و لەنێوچوونی دووانی یەکەم خەیاڵ بوو!
لە ئەو بارەوە لەوانەیە باشترین نموونە سیستەمی سەرمایەداریی و جیھانگیریی نەزمی تازەی بازار [نیئۆلیبرالیزم] بێت، کە ئەگەر سەد ساڵێک پێشتر کەسێک لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا لە بارەی سەرھەڵدانی سیستەمی سەرمایەداریی قسەی بکردایە و بیگوتایە “ڕۆژگارێک دەوڵەت سەراپای ژییان و بوونی و نەبوونی مرۆڤ و کۆمەڵ ژێردەست دەکات و بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەت ھیچ کار و چالاکیێک و پڕۆژەیەک بوارنادرێت”، یان ئەگەر پەنجا ساڵێک پێشتر لە ھەر گۆشەیەکی جیھان کەسێکی بیگوتایە “ڕۆژگارێک نەزمی بازاری بەڕەڵای نیئۆلیبرالیزم ھەموو گۆشەکانی جیھانی داگیردەکات و وەک نیویۆرک و واشنتن و لەندەن و ..تد خواردنی مێکدۆناڵد و تۆڕی سێکسفرۆشیی دەگەنە ھەرێمی کوردستان”، بەدڵنیاییەوە ھەموو خەڵک دەیگوت “خەیاڵپڵاوییە”، ھەر ئاوا کە ئێستا بە ئەم بیرۆکە پێشنیارکراوەی من و ھەزاران خەیاڵی دیکەی ئازادیخوڵزیی و یەکسانیخوازیی و دادپەروەریخوازیی بە ئەستەم دەزاندرێن و دەکرێن بە مایەی گاڵتەوگەپی کەسە ڕامیارکراوەکان و کەسە پاشڕەوەکانی ئەوان و ملکەچەکانی سیستەمی دەوڵەتیی.
لەبەر ئەوە و لەسەر ئەو بنەمایەی کە خەیاڵە ئەستەمەکانی دوێنێ کەتواری ئەم ڕۆژە هەن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەریخواز پەیگیرانە بۆ بەدیھاتنی خەیاڵەکانی ئێستا کۆشش بکات، بەدیھاتنی خەیاڵەکانی ئەم ڕۆژەی ئێمەش ئەستەم نین و نابن؛ ھەموو کەتوارێک بە ئاستی ھوشیاریی مرۆڤەکان پەیوەست هەیە، ئەگەر خەڵک خۆ-ھوشیار بێت، بەدیھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ئاسانترە و ئەگەر خەڵک بە ھەمیشەیی-بوونی سەروەریی چینایەتی خۆشباوەڕ بێت، بەردەوامی و تەشەنەکردن و گەشەکردنی سیستەمی ڕامیاریی [سیستەمی پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی و سەروەریی چینایەتی] مسۆگەرتر دەبێت و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی وەک خەیاڵێکی خۆش دەمێنێتەوە. هەر ناهوشیاریی و خۆشباوەڕیی چەوساوانە بوە بە خاڵی بەهێزیی سیستەمی بەڕێوەبەریی چینایەتیی و هاوکات بوە بە خاڵی لاوازیی بەرەی شۆڕش و سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.

سەریھەڵدان و چۆن کەتواریی کردنەوەی سیستەمی خۆڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی

سیستەمێک کە لەنێو تیئۆری یان خەیاڵ سەریھەڵدابێت،چۆن کەتواریی و کردەیی دەکرێتەوە؟

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی پێشینەیەکی زۆر کۆنی ھەیە و وەک تۆماری پێشینەیی نموونەی لەنێو گوند و شارە ئازادەکانی ڕابوردوو ھەیە، کە بە دێمۆکراتی [سیستەمی دێمۆکراسی، نەک سیستەمی پارلەمانی] ناسراوە، لە ڕابوردووی زۆربەی گوندەکان ناوچەی خۆمان دەتوانین ڕابوردوو و دوایینەی سیستەمێکی ئاوا بدۆزینەوە و ببینین، کە تاکو ئێستاش ئەگەر دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییایەتی لە گوندەکانی لای خۆمان دەربکەین، خۆ بە خۆ لەتەک ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی خەڵک ڕووبەڕوو ھەین، چونکە لەنێو کولتووری خەڵکی ناوچەکە، لەنێو ئاوەز و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە، لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ناوچەکە، لەنێو ڕێکخستنی سرووشتی خەڵکی ناوچەکە بنەمای سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ھەن و خۆشبەختانە ھێشتا کۆمەڵەکانی ئێمە وەک کۆمەڵە نێوەندەکان [کۆمەڵەکانی باکوور] بەتەواویی لە پێشینەی خۆبەڕیوەبەری کۆمەڵایەتیی دانەبڕاون و سیستەمی دەوڵەت بە تەواویی نەبووە بە بەشێک لە ئاوەز و کولتووری خەڵک.

بێجگە لەوە، تیئۆری بەرەنجامی ئەزموونگەریی و ژییان و کارکردنی خەڵکییە، ھیچ کەتوارێک بەبێ خەیاڵ و ئارەزووی مرۆڤ بەدینەھاتووە، ئیدی ئەو خەیاڵە ئارەزووکردن بۆ ئازادیی و ڕزگاریی و خۆشگوزەرانیی بووبێت، یان بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی و ملھوڕیی چینایەتی. بەڵام لێرەدا لە بارەی تیئۆریەکی زادەی خەیاڵ و دوور لە کەتوار و ئەزمووننەکراو قسەناکەین، چونکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی گەڕانەوەیە بۆ سەر ڕابوردووی خۆمان، گێڕانەوەی ڕابوردووە بۆ نێو ژییانی کۆمەڵایەتیی خۆمان، خۆڕزگارکردنی خۆمانە لە سیستەمە داگیرکەرەکان| ڕامیارەکان.

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ھەم گەڕانەوەیە بۆ سەر سرووشتە کۆمەڵایەتییەکەی خۆمان و ھەم ھوشیارانە ئەزموونکردنەوەی ئەزموونی کۆمەڵە پێشینەکانە لە سەردەمێک، کە مرۆڤایەتی لەتەک فەوتان ڕووبەڕووە و خەریکە کۆمەڵایەتیی-بوونی مرۆڤ دەبێتە ئەفسانە و چەپاوڵگەریی بازار و پاوانگەریی دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێت بە کولتوورێکی جیھانگر و مرۆڤەکانی بە ئەوپەڕی لە-خۆ-نامۆ-بوون و ڕۆبۆت-بوون گەیاندوون.

سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پارلەمانیی

ئایا ناکرێت (سیستەمی پارلەمانیی) و (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) تێکەڵ بکرێن؟

[نا] و نەخێر و ھەرگیز. چونکە دوو سیستەمی زۆر جیاوازن و تەنانەت دژی یەکدین؛ سیستەمی پارلەمانیی، سیستەمی میانجیگەرایی نێوان دەستەبژێرە دارا و ڕامیارەکانە و دەنگدان و ھەڵبژاردنی پارلەمانیی بێجگە لەوەی کە ئامرازی سەرگەرمکردن و خەڵەتاندنی خەڵکییە بۆ خۆشباوەڕکردن سەریھەڵداوە، ھاوکاتیش بەکاربردنی دەنگی خەڵکییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەی نێوان دەستەبژێرە دارا و دەسەڵاتخوازەکان و ڕەوایەتییدان بە مشەخۆریی و ملھوڕیی ئەوان. ئەوەش پێشینەیەکی درێژی ھەیە؛ شان بە شانی بوونی کۆمەڵە ئازادەکان، کۆمەڵ خێڵەکییەکان ھەبوون، کە چەکەرەی سیستەمی ڕامیاریی بوون و سیستەمی دەوڵەتیی لەنێو ئەوانەوە سەریھەڵداوە و بە ئەم ڕۆژگارە گەییشتووە. ڕابوردوو ئایینکاران و میرزاکان و دەربارانی دیواخان میانجکەری نێوان سەرۆکخێڵ و میرەکان بوون، ئێستا بەوپەڕی پەرسەندن و بە لووتکەگەییشتنەوە، ڕامیاران|پارلەمانتاران ھەمان ڕۆڵدەگێڕن و وەک لۆبییەک ھەمان پاداشتی دارا و دەسەڵاتداران وەردەگرن .

بە کورتیی و پوختیی، سیستەمی پارلەمانیی ڕەتکردنەوەی سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) دەبێت و لەسەر بنەمای لەنێوبردنی ھەموو بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ؛ لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتیی و ئاوەز و ھوشیاری کۆمەڵایەتیی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی کۆمەڵایەتیی سەریھەڵداوە. سیستەمێکە بۆ مسۆگەرکردن و پاراستنی مشەخۆریی و سەروەریی کەمینەیەکی دارا و ڕامیار لە سەرووی ھەموو کۆمەڵ و بۆ ئەو مەبەستەش، پارتییە ڕامیارییەکان کە گەمەکەری سەرەکیی سیناریۆکانی دەنگدان و ھەڵبژاردنی پارلەمانیین، ئامرازی دووبەرەکی-کردنی نێوان خەڵک و خۆشباوەڕکردنی خەڵکیین بە ھەمیشەیی-بوونی سەروەریی چینایەتی .

بەرانبەر بە ئەوەش، سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی واتا ڕەتکردنەوەی ھەموو سیستەمە ڕامیارییەکان و لەنێو ئەوانەش گەشەکردووترینیان، کە سیستەمی پارلەمانییە. چونکە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئاشتەوایی و ھەرەوەزی و خۆکۆمەکی و خۆھوشیاری کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێت و خۆی ڕادەگرێت و دەتوانێت بەردەوام ببێت. میکانیزم و بنەما و ڕێکخستن و ئامانجەکانی ئەو لە میکانیزم و بنەما و ڕێکخستن و ئامانجەکانی سیستەمی ڕامیارییەکان جیاوازن و بە ڕەتکردنەوەی ئەوان دەتوانن کارا و ئەرێنیی بن.

ھەرچەندە جیاوازی ئامانج جۆری ئامراز دەستنیشاندەکات، بەڵام جیاوازی نێوان سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و سیستەمی (پارلەمانی) بەس جیاوازی ئامانجی ئەوان نییە، بەڵکو جیاوازی ڕێکخستن و میکانیزم و شێوازی کارکردنی ئەوانە. لەبەر ئەوە ھەرگیز ناتوانرێت سیستەمی (خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) و سیستەمی (پارلەمانی) تێکەڵبکرێن، چونکە لەنێوبەری یەکدی دەبن و مەرجی بوونی ھەر یەک لەئەوان بە نەبوون و لەنێوچوونی ئەوی دیکەیان پەیوەستە، ھەر وەک جەنگی و ئاشتی، کە دەستپێکردنی یەکێک لە ئەوان، خۆبەخۆ کۆتاییھاتنی ئەوی دیکەیان دەبێت؛ یان ڕزگاری [خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی] یان کۆیلەتیی [سیستەمی دەوڵەتیی]، لەنێوان ئەوان ئاشتیی و ئەگەری ئامێتەبوون نییە!

سیستەمی ڕامیاریی بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە ئاژاوە، بە دووبەرەکیی ئەندامانی کۆمەڵ، بە گەندەڵی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ھەیە. بەڵام سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ بەدیھاتن و دامەزران و بەردەوامبوونی خۆی، پێویستی بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، یەک دەست و یەک ڕێزبوونی ئەندامانی کۆمەڵ، متمانە و خۆشەویستی کۆمەڵایەتیی، بەھێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بە کورتیی و پوختیی، پێویستی بە سەرھەڵدانی ھارمۆنیی ژییانی کۆمەڵایەتیی ھەیە.

ئەوەش لە سایەی سیستەمی ڕامیاریی ئەستەمە، چونکە تاکو سیستەمی ڕامیاریی؛ ڕێکخستنی پارتییایەتی؛ پێکھاتنی پلەبەندیی و قووچکەیی و نێوەندگەرا بڕیاردەری سەرووی خەڵک بن و بمێنن، ھەرگیز و ھەرگیز سیستەمی کۆمەڵایەتیی و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی سەقامگیر نابن، بەڵکو بە بەردەوامیی و پەرەسەندنی سیستەمی ڕامیاریی شوێنەوارە پێشینەییەکانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەنێودەبرێن و بۆ تێگەییشتن و وێناکردنی ئەو شتە،بەس سەرنجدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی جارانی پێش ڕاگواستنی گوندەکان و ئێستا دەتوانێت باشترین بەڵگە بێت، کە بە چ ڕادەیەک مرۆڤایەتیی لەنێوچووە .

بەبێ حکوومەت سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی چۆن سەردەگرێت؟

بەبێ (دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و پارتیی و لەشکر و پۆلیس و ڕۆڵی دەستەبژێرەکان)، چۆن (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) سەردەگرێت؟

بە دڵنیایی، کاتێک ئێمە بە ئاوەزی ڕامکراو و بە ھۆشی شۆردراوە و لە-خۆ-نامۆ-بوون و ھەمیشەیی دیتنی سیستەمی ڕامیاریی و کەتواری کۆمەڵی ئەم ڕۆژگارە، لە کۆمەڵی سبەینێ بڕوانین، وێناکردنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵ بەبێ دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و دەسەڵاتداریی پارتییەکان و لەشکر و پۆلیس و زیندان و قەنارە، ئاسان نییە، بەڵکو ئەستەمیشە. چونکە لە ئەم ڕۆژگارە ھەڵپەی دەسەڵات و زاڵبوون و دەوڵەتمەندبوون و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و مشەخۆریی بووە بە کولتووری زۆربەی خەڵک و ئەو بنەما دڕندانەیە بووە بە فیلۆسۆفی ژییانی خەڵک “ئەگەر تۆ من نەکوژی، من تۆ دەکوژم، ئەگەر تۆ دەستی من نەبڕی، من دەستی تۆ دەبڕم، ئەگەر تۆ لەسەر من زاڵنەبی، من لەسەر تۆ زاڵدەبم، ئەگەر تۆ پارووی دەمی من نەڕفێنی، من شیری دەمی منداڵکەی تۆ دەڕفێنم ” ….تد. لە بارێکی ئاوا ئەگەر خۆ-ھوشیاریی بوونی نەبێت و بەردەوام لەنێو ھەموو بوارەکانی ژییان بۆ کردەیی کردنەوە و سەلماندنی پێویستیی و بوونی ڕابوردوویی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بانگەواز نەکەین و کۆشش نەکەین و خۆمان ڕێکنەخەین و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە ئاسۆیی و سەربەخۆکانی خۆمان پێکنەھێنین، وێناکردنی دونیایەکی خاڵی لە زۆرداریی و ھەڵپە و چەپاوڵ و پاوانگەریی، زۆر ئاسان نییە و ئەستەمە.

بەڵام ئەوەش لەبیرنەکەین، کە ئەگەر سەد ساڵێک پێشتر لە بارەی ھەر دوو سیستەمەکە (سیستەمی دەوڵەتیی ئێستا) و (سیستمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ئایەندە) بۆ خەڵکی لای خۆمان قسە بکرایە، بەدڵنیاییەوە زۆربەی خەڵکی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی باشتر و کەتوارییتر دەبینی و وێنادەکرد و تێدەگەییشت، تاکو سیستەمی دەوڵەتیی، بەتایبەت دەوڵەتی ھاوچەرخ و نەزمی بازاری بەڕەڵڵا (نیئۆلیبراڵ). چونکە سەد ساڵێک پێشتر وەک ئێستا پارتییایەتی و ڕامیاریی و پارلەمان و دەوڵەت لەسەر ئاوەزی خەڵک زاڵ نەبووبوون و کاناڵەکانی میدیا لەجیاتی خەڵک بیریان نەدەکردەوە و خەڵک لە کەتواری ژییانی خۆیەوە شتەکانی تەماشادەکردن، نەک وێناکردنی ئایدیۆلۆجیایانەی شتەکان. خەڵک دارای ئاوەزی خۆی، بیرکردنەوە خۆی، ئەزموونی خۆی، ژیریی خۆی بوو و سەربەخۆیی کەسەکان، سەربەخۆیی ئاوەزی کۆمەڵایەتیی، خۆبیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئەزموونگەری کۆمەڵایەتیی و ھارمۆنی پێکەوەژییانی کۆمەڵایەتیی بەرھەمدەھێنا و ھێنابوو؛ کاتێک کەسێک کە بە ئامانجی خەڵەتاندنی خەڵک پڕۆپاگەندەی دەکرد، یەکسەرە لەتەک بەرەنگاری خۆ-ھوشیاریی خەڵک ڕووبەڕوو دەبوو و خەڵک بەو کەسەیان دەگوت ڕامیارە و ڕامیاریی دەکات. لەوانەیە باشترین نموونە ئەوە بێت، کە پێرێ و دوێنێ و تەنانەت ئێستاش تاکو ڕادەیەک ھێشتا خەڵکی لای خۆمان بە ڕامیاری و پارتییایەتی و پارلەمان و دەوڵەتگەرایی دەگوت و دەڵێن درۆ و دەسەلە و سیستەمی خەڵەتاندنی خەڵکی. ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە، چونکە ڕابوردووی خەڵکی زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی بووە، بەتایبەت لە ئەو گوندانە، کە دەسەڵاتداریی خان و سان و شێخ و بەگلەران نەبووە و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیی و یاسا سرووشتییەکان بنەمای خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵەکان بوون.

ئایا ئەگەری بەدیهاتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی هەیە

ئایا ئەو ئەگەرە ھەیە، ڕۆژێک لە ڕۆژان (سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی) لە گشت لایەک بەدیبێت یان سەربگرێت؟

پێش ھەموو شتێک، بەدیھاتنی ھەر شتێک وابەستەی ئامادەیی ھۆشیی و کردەیی و کۆمەڵایەتیی ئەندامانی کۆمەڵ دەبێت. ڕوودانی ئەوەش پێویستی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ھەیە؛ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە واتای گۆڕانی ئابووریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای گۆڕانی ھەمە لایەنەی ژییان و دونیابینیی و شێوازی بەرھەمھێنان و جۆری دارایی سامانەکانی کۆمەڵ، ڕوودانی ئەوەش خۆھوشیاری کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و بزاڤی کۆمەڵایەتیی و بەرخودانی کۆمەڵایەتیی پێویستە و گەرەکە.

بەدیھاتنی سیستەمێکی ئاوا کاری شەو و ڕۆژێک نییە. چونکە سیستەمی چینایەتیی بە یەک شەو و ڕۆژ دانەمەرزراوە، تاکو بتوانرێت بە یەک شەو و ڕۆژ لەنێوببرێت. سیستەمی چینایەتیی یانەیەکی سەربازیی، یان پۆلیسخانەیەک نییە، تاکو بە داگیرکردن و چەککردنی پاسەوانەکانی لەنێوببرێت و لەنێوبچێت؛ لە ئەم ڕۆژگارە سیستەمی چینایەتیی بە ھۆکاری ملدانی زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەکانی جیھان بە ملکەچیی و دەقگرتن بە ژێردەستەیی سەروەریی کەسێک، یان پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەتێک، بووە بە بەشێک لە کولتووری خەڵک و گۆڕانی کولتووری خەڵکیش ڕوودانی شەو و ڕۆژێک نییە و نەبووە، ڕەوتێکی درێژخایەن و فرە ڕەھەند و فرە بارە و بەردەوام بووە و دەبێت. لە ئەم ڕۆژگارە سەروەریی چینایەتیی بەس بە زۆری چەک و داگیرکاریی نەسەپێندراوە، بەڵکو بە کاراییدانانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و بوونی بە بەشێک لە ئاوەز و ژییانی نادەربەسانەی خەڵک جێگربووە و خۆی ڕاگرتووە و بەردەوام بووە و دەبێت.

لەسەر ئەو بنەمایە، پێش ھەموو شتێک ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی پێویستە، ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی فرە لایەن و فرە مەیدانە؛ بە ھۆنراوە، چیرۆک، ڕۆمان، شانۆگەریی، موزیک، گۆرانی و سروود و ڕاگەیاندن و چالاکیی بەردەوام و خەباتی ڕاستەوخۆ..تد. بە کورتیی و پوختی گۆڕانی سەراپای بوونی ھۆشیی و ماددیی مرۆڤەکانی ئەم ڕۆژگارە پێویستە. لە بەرانبەر کۆششی ئازادیخوازانە، دەوڵەتی ھاوچەرخ ھەیە، کە لە ئەم ڕۆژگارە لووتکەی گەشەکردنی سیستەمی ڕامیارییە [چینایەتییە] و ھەزاران ساڵێک بە چەک و کۆمەڵکوژیی و داگیرکاریی و وێرانکردن پێگەییشتووە و بە ئەم ڕۆژە گەییشتووە؛ چەندین سەردەمی و قۆناخی [خێڵەکی، ئایینی، پاشایی، دەرەبەگی، تاکپارتیی، پارلەمانیی] بڕیون، تاکو بووە بە ئەو شتە، کە ژێردەستەکەی ئاوا بزانێت، کۆمەڵی مرۆڤایەتیی ھەرگیز بەبێ دەوڵەت بوونی نەبووە و نابێت و دەوڵەت ھەمیشەیی بووە و دەمێنێت.

لەبەر ئەوە پێگەییشتن و دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ڕەوتێک و پڕۆسێسێکی درێژخایەنە و بەپێچەوانەی گۆڕینی سیستەمە ڕامیارییەکان، ھەرگیز بە کودەتای سەربازیی و ڕاپەڕینی کاتیی خەڵک و یەک شەو و ڕۆژ و بەس بە ڕوخاندنی دەوڵەت بەدینایێت و ھەر ئاواش لە ڕێی ھەڵبژاردن و دەنگدان پارلەمانیش بەدینایێت، ھەر ئاوا پەرەسەندن و جیھانگیریی ئابووری سەرمایەداریی ھەرگیز مرۆڤایەتی لە بەدیھێنانی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی نزیکناکاتەوە و بە پێچەوانەوە، بەو ڕادەی سیستەمی سەرمایەداریی گەشەبکات، بە ھەمان ڕادە چین و توێژ و کەسە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان لە سەربەخۆیی و خۆبوون و بڕوابەخۆبوون دووردەخاتەوە و سەرەتانی لەخۆنامۆبوون زیاتر مرۆڤایەتی لەنێودەبات و لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی نائومێددەکات، چونکە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی تەواو پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی پارلەمانیی بۆرجوازییە و ھەرگیز سیستەمی پارلەمانیی و دەوڵەت بە خۆشیی خۆیان بواری سەرھەڵدانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی نادەن. لە ئەو بارەوە سەرھەڵدان و پەرەسەندن و بەکولتووربوون و بوونی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی بە بەشێک لە ڕۆشنبیریی خەڵک، خۆبەخۆ بە واتا ڕەتکردنەوەی سیستەمە ڕامیارییەکانە لە خیڵەکیی تاکو پارلەمانی.

ھەر ئاوا بۆ بەدیھاتنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی، ھاوکاتی ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتیی و کۆششی کولتووریی، کۆششی ئابوورییش پێویستە، کە بە چالاکیی کردەیی دەکرێت و گونجانی سیستەمەکە دەسەلمنێت؛ ھەرەوەزی ئابووریی، کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرھەمھێنان، کۆمەڵایەتیکردنەوەی دارایی و سامانەکانی کۆمەڵ، تاکو ئەو شوێنەی کە دەکرێت و دەگونجێت، گۆڕینی دارایی تایبەتیی بە دارایی کۆمەڵایەتیی، ھەڵبەتە ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانە، نەک بە ئەو جۆرەی کە بۆلشەڤیکەکان لە ڕوسیا وەک دیکتاتۆریی پارتیی و فەرمانداریی و لەسەر بنەمای دارایی دەوڵەتیی خەڵکیان بە ئابووریی دەوڵەتیی و (کێڵگە دەوڵەتییەکان ) ناچارکرد.

ئێستا ئیدی پرسی گۆڕان و لەنێوبردنی سیستەمی چینایەتیی، بەس پرسی لەنێوبردنی سەروەریی و ئازادبوون و یەکسانی ھەموو خەڵک نییە، بەڵکو پرسی مەرگ و مانە. چونکە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی سیستەمی چینایەتیی بە قۆناخی لەنێوبردنی ھەموو شتێک گەییشتووە، کە لە چاوچنۆکیی و پەلکێشانی خۆی ڕێگرییبکات، سیستەمی چینایەتیی وێرانکردنی ژینگەیە، جەنگی میلیشیایی و ناوچەیی و جیھانییە، جەنگی ئابووریی و کولتوورییە، برسییەتی و ئاوارەیی و تیرۆریزم و ئاژاوەنانەوە و تایبەتکردنی سەرچاوەکانی ژییان ( خاک و ئاو و ھەوا و وزە و ڕۆشنایی.. تد.) و پاوانکردن و چەپاوڵکردنی ھەموو بوونێکی مادیی و ھۆشیییە!