ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

ئایا لە سایەی سیستمی سەرمایەداری کارەساتەکان سروشتیین؟

خوێندنەوەی بە کورمانجی-لاتینی

لەپەیوەند بە بوومەلەرزە بەناوبانگەکەی لیشبۆن (Lisbon )ی سالی 1755, کە هەموو خواروی ئەوروپای رۆژئاواو باکوری ئەفریقای گرتەوە و بە هەزاران کەسی بەمەرگ سپارد، لەنامەیەکدا (ڕۆسۆ  بۆ ڤۆلتێر)دەنووسێت:

” دەبێت دان بەوەدا بنێیت کە ئەوە سروشت نییە  دوو هەزار خانووی شەش یان حەوت نهۆمی لەو شوێنەدا کۆ کردۆتەوە، بەڵکو ئەگەر دانیشتوانی ئەو شارە گەورەیە لەجیاتی ئەو بینا بەرز و چەند نهۆمییانەبە شێوەیەکی ئاسۆیی و سادە و لێکجودا نیشتەجێبوونایە ئەوا زیانەکان زۆر کەمتر دەبوو، وە ڕەنگە هیچ زیانێکیش رووی نەدایە”

بەراورد بە زیانەکانی ئەم بوومەلەرزەیەی کە لە تورکیا و سوریا ڕویدا، بومەلەرزە بەهێزەکانی یابان زیانی گیانیی زۆر زۆر کەمی بەدواوە بووە، تەنانەت زیانە مادییەکانیشی زۆر زۆر کەمتربووە بەجۆرێک هەم زیانی مرۆیی و هەم زیانی مادیش قابیلی بەراوردکردن بە بوومەلەرزەکانی ناوچەی ئێمە نین. وەک بینیمان شارۆچکەی {ئیرزین}یش لەتورکیا کە نێزیک لە چەقی بوومەلەرزەکەیە هیچ زیانی بەرنەکەوتووە و بووشە بە پەناگەی 20000 لێقەوماوی ناوچەکانیتری کارەساتەکە. وەك سەرۆکی شارەوانی و بەلێندەری بیناسازی دەلێن ئەمەش بەهۆکاری ڕەچاو کردنی شێوازی دروستکردنی باڵەخانەی نزم و تۆکمە و دەرنەچوون لە ستانداردی بیناسازیی خۆڕاگر بەرانبەر بوومەلەرزە. لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە

لەسایەی سیستەمی چینایەتی-دا  کاولکاری و زیانەکان  تەنها حوکمی کارەساتە سرووشتییەکە نییە بەسەر قوربانیان و چینی چەوساوە و چین و توێژە پەراوێزخراوەکاندا، بەڵکو کەمتەرخەمییە لە جۆری [کوالێتی] بیناسازی و ڕەچاونەکردنی ستانداردی دژ بە بوومەلەرزە، لە پێناو قازانجی زیاتردا!

هەروەها بە لێکۆڵینەوەی  زانستی و سەلمێندراو پشتڕاست کراوەتەوە کە بەشێك لە ڕوداوە سروشتیەکانی وەک لافاو و زریان وشکەساڵی و پیسبوونی ژینگە کە ساڵانە بە هەزاران مرۆڤ تووشی نەخۆشی کوشندە دەکات دەرئەنجامی هەڵپە و چاوچنۆکیی سەرمایەدارن و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیانە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا کە خودی سیستم لەبری لەبەرچاوگرتنی ژیان و تەندروستیی خەڵک و هەسارەکە، قازانجی کردوەتە قیبلەی خۆی و بەشی هەرە زۆری قوربانیەکانیش چینە چەوساوە و هەژار و پەراوێزخراوەکانن!

هەموو ئەو قوربانیانەش جارێکی دیکە دەبنەوە ئامانجی قازانجپەرستی کۆمپانی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتمەندان.

لە جیهاندا 10 وڵات لە هەمو وڵاتانی دیکە زیاتر بوومەلەرزە تێیاندا ڕوودەدات ئەوانەش: یابان، تورکیا، ئێران، پێرۆ، ئەمەریکا ، ئیتالیا، فلیپین، مەکسیکۆ، 

چین و ئەندەنوسیان. هۆکار بۆ ڕوودانی بوومەلەرزە زۆرن، بەڵام هۆکارە هەرە سەرەکییەکان بریتین لە لەسەریەکی و خزان و بەریەكکەوتنی پلێتەکان، جووڵەی ماگما لە گڕکانەکاندا، گۆڕانی پلەی گەرمی یان پەستانی ئاو و بای بەهێز.

بەداخەوە ئەوەی کە لە زیهنی زۆرینەدا جێگیر بووە، بینینی تەنها دیوێکی کارەساتەکانە کە گێڕانەوەیانە بۆ کاری خودا یا غەزەبی خودا یا سروشتی بوونی کارەسات و بە ئاسایی بینینی زیان و قوربانیەکان!

گەر بە مێژوی وڵاتاندا  بچینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەپێش گەشەی پیشەسازی و فراوانبوونی کۆمپانیا و فابریقە بەرهەمهێنەرە زەبەلاحەکان و چالاکییە چاوچنۆکییەکانیان، ڕوودانی هەندێك لەم کارەساتە سروشتییانە زۆر کەمتر بووە بەڵام بە بەرەوپێشچوونی سیستەمی سەرمایەداری و داگیرکاریی جیهانییانەی سەرمایە، ڕوودانی ئەم کارەساتانە بوونەتە میوانی وەرزییانە و ساڵانە.

ئەوەی ڕوون و بەرچاوە لە سایەی سیستەمی چاوچنۆکی سەرمایەداریدا کارەساتە سروشتییەکانیش بەرگ و ناوەرۆکێکی چینایەتییان وەرگرتووە. لە هەر کاتێکدا کە ڕووداوێکی سروشتی ڕوودەدات بەشی هەر زۆرینەی قوربانییەکان لە خەڵکانی هەژار و نەدار و چین وتوێژە پەراوێزخراوەکانن، ئەمەش بەهۆی چڕیی ژمارەی دانیشتوان لە جوگرافیایەکی بچووکدا و لە باڵەخانەی بەرزدا و هەروەها پەڕپووتی و نزمیی کوالێتیی بیناسازیی بیناکانن کە بنەمای ستانداردی ئەندازیاریی پاراستن لە لافاو و بوومەلەرزە و تەڕوتووشی و دیاردەکانی دیکە لە نەخشەو پلانی دروستکردنی بیناکاندا ڕەچاو نەکراون. 

گەر تەماشای ئەم بوومەلەرزەیەی تورکیا و سوریا بکەین ئەو ڕاستییەی سەرەوەمان بۆ دەسەلمێ کە قوربانییەکان زیاتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی هەژارەکاندا بوو ، لەو شوێنانەدا بووە کە خانووەکان و باڵەخانەی گەورە و بەرز کە قازانج پەرستی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتداران لە پێناوی قازانجدا هیچ گرنگیەکان بە توکمە بنیاتنان و خۆڕاگری  بەرانبەر ئەو ڕوداوە سروشتیە چاوەڕوانکراوانە لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەبەرچاو نەگیراوە.

بینیمان چۆن تازەترین باڵەخانەکان کە بەشێکیان لەکەمپینی دەنگ کۆکردنەوەی هەڵبژاردندا دراونەتە خەڵك لە باڵەخانە کۆنەکان خراپتر وێران بوون بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەمە ڕێك وەك دان ڕۆکردن بۆ باڵندە و تەپکەنانەوە بۆ گرتن و پاشان کوشتنیان بووە. بەداخەوە بۆ خۆشباوەڕیی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش کە بە کڕینی دەنگیەکانیان بۆ ئەردۆگان و حیزبەکەی، بینا بێکوالێتییەکانی کە بۆیان دروستکرا بوونە گۆڕستانی بەکۆمەڵ بۆیان.

  سەدان بەڵگە و لێدوانی ڕۆشن لەمیدیای کۆمەڵایەتی و تەنانەت میدیای تورکیدا دەبینین لەسەر گەندەڵی دەسەڵاتداران کە لە تۆڕێکی بەیەکەوەگرێدراودا تا ڕادەی ئەو پەڕی و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو کاربەدەستە بچووکەکان و بەڵێندەرەکان و کۆمپانییەکانی خانووبەرە دروستکردن. بۆیە لە دروستکردنی خانووەکاندا ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و مەرجەکانی سەلامەتی ژیانی نیشتەجێبووان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەی بناغەییترین ئامانج بووە!

 لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر بۆ خۆپاراستن  و دانانی مەرج و کوالێتی بیناسازی بۆ بەڵێندەران بەڵام بەداخەوە دەبینین ژمارەی قوربانییەکانی ڕووداوی بوومەلەرزە جار لەدوای جار سەردەکەون. بۆ نموونە لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999دا قوربانییەکان لە سەرو 17000 کەسەوە بوون، کەچی لەمەی ئەمساڵدا تا ئەم بەیانییە زیاتر لە 40000 بوون . ئامارە تازەکان پێمان دەڵێن کە ژمارەی قوربانییەکان دەچێتە سەرو 45000 کەسەوە. ئەمە جگە لەوەیی کە زیاتر لە 150000 بریندار و هەزاران خێزان بێ ماڵ و حاڵ و بوون.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانەی کە تائێستا ئاشکرا بوون هەموو ئەو هۆشیاریپێدان و ئاگادارکردنەوە پێشوەختانەی ڕوودانی بوومەلەرزە لە لەلایەن پسپۆڕان و زانایانی بواری جیۆلۆجی و کەشوهەوا و سروشتناسیەوە بە دەوڵەتی تورکیا و کاربەدەستە باڵاکان فەرامۆش کراون. لە کاتێکدا کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەو بارەوە ئاگاداری دراوە و چاوەڕوانی خراپتریش کراوە، زانا و شارەزایەك  بە ڤیدیۆ ئاگاداری و زانیاری سەبارەت بە ڕودانی کارەساتێکی ئاوا  خستوەتە ڕوو بەڵام  ڕژێمی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بە ئاقاری پاراستنی ژیانی خەڵک نەناوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی کە لە سەرەەوە باسمان کرد، حکومەتی تورکیا و سوریا بەرپرسیارن لە مردنی ئەم هەموو خەڵکە و سەدەها هەزار لە برینداران و ملیۆنانیتر کە سەرگەردان و ماڵوێران بوون.

 بە گوێرەی زانیارییەکان، هەندێك لە خەڵکی ناوچەکانی شوێنە هەژارەکان و دوورەدەستەکان لە ڕۆژی سێهەمدا 

ئینجا هاوکاری و  تیمەکانی فریاکەوتن و خزمەگوزاریی گەیشتونەتە لایان، ئەمەش بە لەدەستدانی کاتی زێڕین دادەنرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەو نیوە گیانانەی ژێر دار و پەردووی باڵەخانەو ماڵەکاندا بوون. بێگوومان کەسێک گەر ساغیش بێت بەڵام ماوەی دوو هەفتە بەبێ خۆراك و خواردنەوە و جووڵە لە بۆشایەکی داخراو و بێ ئۆکسجیندا گیربخوات دیارە بەشی هەر مردن دەبێت.

لە هەموو شتێک ناخۆشتر پشتگوێخستنی قوربانییەکانی ژێر دار و پەردووی بوومەلەرزەکەی سوریایە. دەبینین لە میدیاکاندا هەتا ئەم ڕۆژانەی دواییش سەرانی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا زیاتر هەر باسی تورکیایان دەکرد و لە هاوخەمیی تورکیادا بوون نەك سوریا هەر وەکو ئەوەی کە هیچ لە سوریا ڕووی نەدابێت.

شاری داگیرکراوی عەفرین کە ڕژێمی تورکیا لەسالی 2018 دا دوای 58 ڕۆژ لە باراندنی ئاگر و ئاسن بەسەریاندا داگیری کرد، ئێستا دەروازەکانی ئەو شارە لەلایەن سەربازەکانی تورکیاوە بە ڕوی خۆبەخشان و کۆمەککاراندا داخراوە.

ئێمە ناڕەحەتی و هاوخەمی و پەژارەی خۆمان بۆ خێزانانی قوربانییەکان دەردەبڕین، هاوکاتیش  سەرباری سروشتیبوونی کارەساتەکە. بەڵام مەرگ و بریندار بوون و  سەرگەردان بوونی دانە بەدانەی قوربانیەکان وەك تاوانی کۆمەڵکوژی ئامانجدار دەخەینە ئەستۆی ئەم سیستمە هار و دڕەندە چینایەتیەی سەرمایە و خودی دەسەڵاتدارانی تورکیا و سوریا و کۆمپانیا قازانج خۆر و خوێنخوارەکانیان. ئێمە ئەم کەمتەرخەمی و بێباکییەی دەوڵەت و کاربەدەستە چاوچنۆکەکان بەر لە ڕوودانی بوومەلەرزەکە و کەمتەرخەمیشیان بۆ ڕزگارکردنی قوربانیانی ژێر بینا ڕووخاوەکان هاوشێوەی جەنگە ڕاستەوخۆکانیان دەبینین و بە بەشێك لەو جەنگە چینایەتیەی دەزانین کە سیستمی سەرمایە لەسەرتای بوونیەوە تا هەنووکە لەبەرامبەر ملیارەها لە کرێکار و چین و توێژە چەوساوەکاندا بەڕێوەیبردوە و بەڕێوەیدەبات.

سەکۆی ئەنارکستانی کورد-زمان

٢٠٢٣/٠٢/١٨

   

گەندەڵیی هەیە و بە یاسایی دەکرێت

زاهیر باهیر

10/01/2023

من لەسەر گەندەڵیی زۆرم نوسیوە هەمیشەش ڕیشەکەیم گێڕاوەتەوە بۆ بوونی دەسەڵات ئیتر ئەو دەسەڵاتە لە هەر شێوەیەکدا بێت ، لە دەسەڵاتی گەورەی خێزانێکەوە تاکو حکومەت  و دەوڵەت.  لای من دەسەڵات بە هەموو جۆرەکانییەوە سەرجاوەی گەندەڵی و گەندەڵکارانن بۆیە گەر دەتەوێت گەندەڵی بنەبڕ بکەیت ئەوە دژایەتی هەموو چەشنەکانی دەسەڵات بکە.

بریتانیای عوزما غەرقە لە گەندەڵی بەڵام بە یاسایی کراوە.  یەكێک لەو گەندەڵیانەی کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت و ناوی بە کاری دووهەم لە دەرەوەی کاری پەڕلەمانتاری دەبرێت بەڵام لە ڕاستیدا گەندەڵییە، ئەو کاری دووهەمەیە.

پەڕلەمانتاریی لێرەش وەکو کوردستان ئیمتیازە و مشەخۆرییە ، پارەیەکی باش ، پلە و پایەکی  باش ، ڕفرێنسێکی دروست و بەهێز بۆ دەستکەوتنی کار لە ئایندەدا کە بە هەر هۆکارێك واز لە پەڕلەمانتاری بهێنیت.  بە گوێرەی یاسای بریتانی پەڕلەمانتارەکان دەتوانن سەرەڕای ” کار و ئەرکی ” پەڕەلەمانتاری لە پاڵیدا کارێکی دیکەش بکەن ئەوەندەی نەیشارنەوە و ئاشكرای بکەن . ئەم کارەی دووهەمیش خۆ هاوکاری هەژاران و بێ خانووبەران و پەنابەران نییە بەڵکو کارە لە گەڵ کۆمپانیا گەورە و بچوکەکاندا .. لەگەڵ بزنسەکاندا .

کردنی ئەم کاری دوووەمە ئەمەندە قێزەوەند و تڕۆ بووە حیزبی حاکم دەیەوێت سنورێکی بۆ دابنێت و حیزبی موعارەزەش [ حیزبی کرێکاران] قسە لەسە یاساخکردنی دەکات کە هاتنە سەر حوکم.

ژمارەیەك لە ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی حاکم کە لە سەدا 54 ی پەڕلەمانتاران دروست دەکەن ، لە ساڵی 2019 وە تاکو کۆتایی ساڵی ڕابوردوو لە نێوانی خۆیاندا 15.2 ملیۆن پاوەندیان بە کردنی کاری دووهەم پەیدا کردووە ئەمە بێ لە قاچ و قوچی تر وەکو دیاری و خزمەتی دیکە و موچەی ساڵانەیان و بیمە و دانی کرێی خانوو بۆیان وەکو خانووی دووەم . 

ترێزە مەی کۆنە سەرەکوەزیران لەو کاتەوە هێنایانە خوارەوە تاکو ئێستا لە ڕێگای قسە و موحازەرەدانەوە 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە، جگە لە موچەی ساڵانەی ئەندام پەڕلەمانییەکەی کە 85 هەزار پاوەندە ، بۆریس جۆنسۆن کە لە مانگی سێبتەمبەردا دەستیان لە کار کردن پێکێشایەوە هەر بە تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەدانی 4 موحازەرە کە هەر سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پەیداکردوە  1 ملیۆن پاوەندی بە موحازەرەدان بۆ زانکۆ و بزنس و کۆمپانیاکان لە ئەمەریکا وەرگرتووە ئەمە بێ لە بەلاشی سەفەرەکەی و ئوتێلی مانەوەیی و نانخواردن و گواستنەوەی لە ئوتێلەکەیەوە بۆ هۆڵی قسەکرندەکەی … هەر هەموو ئەمانەش بەلاش بووە .

ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی لەیبەر کەمتریان پەیدا کردووە ، بێ گومان هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتن  بزنس و کۆمپانیاکان تەنها پەیوەدنییان لەگەڵدا دەبەستن بۆ داهاتوو کە دێنە سەر حوکم .  ئەمان 1.2 ملیۆن پاوەندیان لە نێوانی خۆیاندا پەیدا کردوە .  ئەوەی کە زۆری پەیدا کردوە دەیڤد لامییە کە ئێستا شادۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانییە کە 202 هەزار پاوەندی لە ساڵی 2019 وە دەستکەوتووە بێ لە موچەی پەڕلەمانتاری و خۆشی چەندەها موڵك و خانوی هەیە و داوێتییەوە بە کرێ .

نیگەرانییەکە ئەوەیە کە خەڵکانێك هەن چاوەڕوانی ئەمانە دەکەن کە ژیانیان بگۆڕن لە ڕێگای هەڵبژاردنیانەوە.  ئای کە جێگای داخە.

بەندە گرنگ و مەترسیدارەکانی لائیحەی نوێی دژە نقابە لە بریتانیا:

زاهیر باهیر

06/11/2023

بەهۆی چڕبوونەوەی مانگرتنە کرێکارییەکانی کەرتی دەوڵەتییەوە حکومەتی بریتانیا دەیەوێت لائیحەی دژە نقابە  کە ڕەشنوسە بە زووترین کات بخاتە بەردەم پەڕلەمان و دواتر هەواڵەی ئەنجومەنی پیران و لۆردی بکات.  بۆ ئەمەش بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا لە پەڕلەماندا تاووتوێ بکرێت .

بەندە گرنگ و  مەترسیدارەکانی لائیحەکە :

  • لە ئێستادا نقابە کە ڕۆژی مانگرتن دیاری دەکات دەبێت 14 ڕۆژ پێش ئەو ڕۆژە ئاگەداری خاوەنکار/کۆمپانیا بکات لەگەڵ هەندێک زانیاری ورردی تردا تاکو خاوەنکار مشوری خۆی بخوات و شکست نەهێنێت .  بە کوردییەکەی دانی بوارە تاکو خاوەنکار دیعایەی دژ بە مانگرتنەکە بکات و لە میدیادا بیکاتە هەڵا و بە شەخسیش هەندێك لە چالاکوانانی نێوکرێکاران گەر بتوانرێت پەشیمان بکرێنەوە ،  بە کورتی هەلێکی باشە یا بۆ تێشکانی مانگرتنەکە یاخود بۆ لاوازکردنی بە رادەیەك کە نە دەنگی هەبێت و نە ڕەنگ.
  • لە ئێستادا ڕێژەی دەنگەداران کە دەنگ دەدەن بە مانگرتن دەبێت لە سەدا 50 ی ئەوانە بێت کە دەنگەکە دەدەن بە ئا یا نا . بەڵام لە سای لائیحە نوێکەدا دەبێت لە سەدا 40 ئەوانەی کە دەنگ دەدەن بە مانگرتن ئەو کاتە دەتوانرێت مانگرتنەکە یاسایی بێت .  بۆ نموونە : لە ئێستادا ئەگەر 1000 کرێکار هەبن لەمانە تەنها 400 دەنگ بدەن بە هەر بارێکدا ، ئەگەر زۆرینەی دەنگەدەران بە پەسەندکردنی مانگرتن بێت ئەوە مانگترتنەکە دەکرێت ، بەڵام لە سای لائیحە تازەکەدا ئەو 400 دەنگدەرە دەبێت لانی کەم لە سدا 40 یان دەنگیان بە مانگرتن دابێت ئەو کاتە مانگرتنەکە دەکرێت دەنا یاسایی نییە .
  • لە ئێستادا نقابە ئەرکی سەرشانی نییە لە کاتی مانگرتن دا حسابی ئیمێرجنسی بکات ، بەڵام دەیکەن لەبەر خاتری خەڵك بۆ نموونە کە دکتۆر و نێرسەکان ماندەگرن هەمیشە نقابە ئیحتیاتی ئەوە دەکات کە نەخۆش ببینرێت و بگەیەنرێتە خەستەخانە لەبەر ئەوە هەندێك لە دکتۆرەکان و نێرسەکان لە بەشە گرنگەکاندا و هەندێك لە تیمی ئیسعاف مانگرنتەکە نایانگرێتەوە لەسەر بڕیاری نقابە خۆی .  بەڵام لە سای یاسای نوێدا نقابە دەبێت پابەند بێت بەوە کە لە سەدا 20 لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و نەخۆشخانە، مامۆستایان ، کرێکارانی هاتووچۆ : قیتار ، میترۆ ، پاس، بەشی ئاگرکوژێنەرەوە ، فەرمانبەر و کارمەندی پەساپۆرتی ئەوانەی کە لە سەر سنورەکان کاردەکەن  …لە کاتێکدا کە نقابە پابەست نەبیت یا ئەندامانی پابەست نەبن بەم بڕیارەوە خاوەنکار دەستڕؤیی [ صەلاحییەت] هەیە  کە نقابە  بەرێتە دادگا و هەروەها بۆشی هەیە کە ئەو کرێکارانەی کە پابەند نەبوون بە بڕیارەکەوە لەسە کار نەبون یەکسەر لە کار دەربکرێن.
  • لە ئیستادا کاتێك کە کرێکاران دەنگ بە مانگرتنەکەیان دەدەن دەتوانن هەتا 6 مانگ هەر کات بیانەوێت مانبگرن بێ گەرانەوە بۆ جارێکی دیکەی دەنگدان.  بەڵام لە سای لائیحە نوێکەدا بەتەمان ئەمە کەمبکەنەوە بۆ کەمتر لە 6 مانگ.

ناکرێت و نابێت …

زاهیر باهیر

28/12/2022

ناکرێت و نابیت شتە بچوکەکان بە هەند وەرنەگرین و ڕەتیان نەکەینەوە.  هەموو شتێکی گەورە بنەمایەکی بچوکی هەیە ، هەموو شتێکی گەورە لە لەسەر زەمنیەی شتە بچوکەکان تێستی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت ، زانراوە و دەزانرێت کە قەبوڵ دەکرێت یاخود ناکرێت.

هەموو سوکایەتییەکی گەورە  بە هەر کەس دەکرێت لە سوکایەتی بچوکەوە دەستی پێکردوە ، زەوتکردنی ئازادییە گەورەکان لە زەوتکردنی ئازادییە بچوکەنانەوە دەستیپێکردوە و دەکات . لێسەندنەوەی مافە گەورەکانمان لە قەدەخەکردنی مافە بچوکەکانمانە دەستی پیكردووە ، هەر خاڵ و ڕوداوی گەورەیە لە خاڵ و ڕووداوی گچکەوە دەستپێدەکات، مەیل و حەز و پێداویستییە گەورەکان لە بچوکەکانەوە نکوڵی لێکراوە، هەموو پرس و کێشە گەورەکان لە خۆیانەوە هەڵنەتۆقیون و گەوەرە نەبوون، بەڵکو بە پرۆسەی بچووکی و گچکەییدا ڕۆیشتون و گەورە بوون.

زۆربەی کات ژنێك کە لاقەی جنسی دەکرێت یاخود دەکوژرێت پێشتر تەحەڕوشی پێکراوە ، پێشتر سوکایەتی پێکراوە ، پێشتر دەستی بۆ هێنراوە بە هۆیەك لە هۆیەکان قەبوڵ کراوە . کرێکارێک ، کارمەندێك کە قەبوڵی لێسەندنەوەی مافێکی بچوکی  کرد ، لەوێدا ناوەستێ و هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ زەوتکردنی مافە گەورەکانی.  

لەبەر ئەوە هەر کات شتە بچوکەکان قەبوڵ کران، ئەوە خۆشکردنی زەمینەی قەبوڵکردنی شتە گەوەرەکانە ، بۆیە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە و جوداخوازیی و تانە و تەشەرەکان و ئەوانی دیکە دەبێت هەر لە هەنگاوی یەکەمدا ڕووبوڕوویان ببینەوە، بییانوەستێنن پێش ئەوەی گەورەبن.  کە گەورە بوون ڕاوەستانیان ستەم و گران بێت .  

ململانێی دوو گەندەڵی ئەی ئێن سی بۆ سەرکردایەتی ئایندەی ئەی ئێن سی،ANC

زاهیر باهیر

20/12/2022

لەو کاتەوەی کە باشووری ئەفریقا لە  ساڵی 1994 وە لە  دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ، ڕایسیسزم، ڕزگاری بووە ، نەك هەر نەیتوانیوە ژیانی خەڵکەکەی لە ڕوی ئابوورییەوە بەرەو پێشەوە بەرێت ، بەڵکو خەڵکەکەی هەژارتر بووە ، گرانی زیاتر پەرەی سەندووە ، بێ لانەو بێ جێگایی زۆرتر بووە .  هەر وەکو چۆن لە سای دەسەڵاتی خۆماڵیدا لە باشووری کوردستان ژیانی خەڵکی خراپتربووە هەر ئاواش لە باشووری ئەفریقا.

سەکردەکانی ئەی ئێن سی کە بوونەتە سەرۆکی وڵاتەکە یەك لە دوای یەك لە گەندەڵییەوە ئاڵاون سەرۆکی پێشتر جەیکەب  زوما ئەوە لەسەر گەندەڵی دەنگی پێنەدرا و لە ڕابەرایەتی دووریان خستەوە . ئەمەی ئێستا  Cyril Ramaphosa، ئەم کابرایە کە پێشتر سەرۆکی گشی نقابەکانی هەموو باشووری ئەفریقا بووە و زۆر چالاك بووە لە ساڵی 1987 دا بۆ 3 هەفتە مانگرتنی گشتی کرێکارانی ئەوێ سەرکردایەتی مانگرتنەکەی کردووە و زیانێکی ئێکجار گەورەی ئابوورییان بە دەوڵەتی پێشینەی ئەوێ گەیاند .  بە  هاتنەدەرەوەی مەندێلا لە بەندیخانەوە دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵیی ڕامافۆسا وەکو قارچکی بەهاری لای خۆمان هەڵتۆقی و بوو بە ملیوێنەر و بزنسمانێکی گەورە .  دواتریش لەپەراوێزی گەندەڵییەکانی سەرۆکی پێشتری وڵات ، جەیکەب زوما، ئەم بە باشترین سەرکردە بۆ ئەی ئێن سی و سەرەك کۆماری ئەوێ هەڵبژێررا و ئەوەندەی دیکە ئاڵا لە گەندەڵییەوە.

لە ئێستادا ئەی ئێن سی کۆنفرانسی پەنجا و پێنجەمی دەگرێت .  لەم کۆنفراسەدا دوو کەسیان بەربژێر کردووە بۆ سەرۆکی ئەی ئێن سی و سەرۆکی ئاییندەی باشووری ئەفریقا . ڕامفۆسا کە سەرۆکی  هەنوکەییە و ئەوی دیکەیان  لە لایەن بەشێکی ئەی ئێن سی-یەوە ، کە لایەنگری سەرۆکی پێشینەن، جەیکەب زوما-ن. ڕامسفۆسا لەسەر گەندەڵی تێیگیراوە و دەیانەوێت لای بەرن.

ڕکەبەرەکەی ڕامفۆسا،  کۆنە وەزیری تەندروستی بوە کە لەسەر گەندەڵی لەسەردەمی کۆرۆنادا لە وەزارەت دوورخرایەو ناوی Zweli Mkhize  یە کە کۆنتراکتی پەتای کۆرۆنای بە کۆمپانیەك داوە کە لە لایەن  کەسێکی تێکەڵاو بە خۆی کۆنترۆڵکراوە .

نەیارانی ڕامفۆسا دەیانەوێت ئەو دەست لەکاربکێشێتەوە بەهۆی ئابرووجونێکەوە کە پەیوەندی بە دۆزینەوەی کۆگایەکی پارەی نەختینەییەوە هەبووە لە کێڵگەکەیدا. ناوبراو ڕەتی کردووەتەوە کە هەڵەی کردبێت و هیچ تاوانێکیشی تۆمەتبار نەکراوە.  بەڵام دۆزینەوەی ئەم پارەیە  پرسیاری لەسەر ئەوە دروستکرد کە چۆن پارەکەی دەستکەوتووە و ئایا ئەو پارەیەی ڕاگەیاندووە و بۆچی ڕاپۆرتی نەکردووە کاتێک دزەکان دەچنە ژوورەوە و لە مۆبیلیاتەکان دەریانهێناوە.

کە ئەم راستیانە دەزانیت ئیتر ئایندەی خەڵکانی هەژاری باشووری ئەفریقات بۆ دەدەکەوێت لە سایەی ئەم سەرۆك و ڕێکخراوانەدا، هەمان تاس و هەمان حەمام بەڵام لە شوێنی جیاوازدا.

هەڵئاوسانی پارە و زیادکردنی کرێ و مووچە لە بریتانیا

زاهیر باهیر

18/12/2022

سەرەكوەزیران و وەزیری دارایی و سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگەلەند لە بەرانبەر داخوازییەکانی کرێکارانی بەشەکانی پەروەردە و تەندروستی و چارەسەر و ئاگرکوژێنەرەوە و شارەوانییەکان و هاتووچۆ بە هەموو بەشەکانییەوە و بەرید و پۆست و بەشە دەوڵەتییەکانی دیکەدا دەلین هەڵئاوسانی پارە ڕێێژەکەی بەرزە و بە زیادکردنی کرێ و مووچە ئەم ڕێژەیە زیاتر دەچیتە سەرەوە. 

ئەمەی سەرەوە بیانویەکی زۆر زۆر لاوازی ئەو سێ لایەنەی سەرەوەیە کە پێچەوانەکەی دروستە .  ئەوەی کە هەڵئاوسانی پارەی سەرخستووە کرێ و مەچەی زیادە نییە بەڵکو سەرکەوتنی بڕی قازانجە ، ئەو خەڵاتیی و شایستە و شیرینیانەیە  کە پێشکەش بە سەرۆك و سەرۆکی جێ بەجێکاری کۆمپانیا و بانقەکان و بۆرسە و بەشەکانی دیکەی دارایی دەکرێت.

بۆ سەلماندنی ئەوەش پێویستت بە هێنان و بردنی چەند فۆرمیلەیەکی حسابی  و هێنان و بردنی چەند چەمکێکی ئابووریانە کە ئابووریناسە لیبراڵەکان بۆ هەڵخەڵەتاندنمان بەکاری دەهێنن نییە.  بە گوێرەی ئامارەکان بڕی ڕێژەی بەرزبوونەوەی کرێ و موچەی کرێکارانی بەشی کەرتە ئەهلییەکان و دەوڵەتییەکان لە سەدا 6 دایە و لەوە تەجاوازی نەکردووە  ئەمە لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لە سەر و لەسەدا 11وەیە .  بە زمانی سادە تێچوی پێداویستییەکانی خەڵکی بەڕێژەی لە سەدا 11 و زیاتریش چووتە سەرەوە کەچی ڕێژەی بڕی زیادبوونی کرێ یا موچە بە ڕێژەی لەسەدا 6 .

 هەر وەکو ئابوریناسێکی بریتانی دەڵێت ” پرسیارێک کە مشتومڕەکان سەبارەت بە هەڵاوسان دەشێوێنێت ئەمەیە: چۆن ئامارە فەرمییەکان کە بەرزبوونەوەی مووچە بە تێکڕا 6% نیشان دەدەن – کە زۆر لە خوار 10.7%ی پێوەرەکانی نرخی بەکاربەرەوەیە – لەگەڵ گێڕانەوەی بەیلیدا [ ئاماژەیە بە ئەندرو بەیلی-یە سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگلەندە ] دەگونجێت؟ چۆن داتاکانی یەکلاکردنەوەی مووچە کە بەدواداچوون بۆ ئەو گرێبەستە گەورانە دەکات کە ئەمساڵ لەلایەن خاوەنکارە گەورەکانەوە لە سەرانسەری کەرتی گشتی و تایبەتدا پێشکەش دەکرێن، هۆکارێک بۆ نرخی هەڵهاتوو، واتە فڕینی نرخ، ئاشکرا دەکەن کاتێک دەریدەخات ئەو گرێبەستانە بە تێکڕا تەنها 4%؟”

Paul Donovan, کە سەرۆکی جێ بەجێکاری ئابوورییە لە بانقی سویسری  ” پشکنینی بەرزبوونەوەی تێچووی مووچەی لە سەرانسەری کەرتی هۆتێلەکاندا کردووە، کە لە کۆتایی ساڵی 2019 وە بۆ بەرهەمهێنان ڕێکخراوە، و بۆیان دەرکەوتووە کە لە نێوان ٥5% بۆ 6% بووە.. نرخی چێشتخانە و هۆتێلەکان بە ڕێژەی 16% بەرزبووبوونەوە”.

Paul Donovan,  بۆی دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرانی هۆتێلەکان ستافی کەمتر بەکاردەهێنن بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنان، ئەمەش کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی مووچە سنووردار دەکات . ئەم بەرزبوونەوەی کاراییە بۆ خاوەن پشکەکان دەگوازرایەوە نەک بەکاربەران، کە ئەوەی پێدەوتن کە نرخەکان پێویستیان بە بەرزبوونەوە بوو بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پارەی مووچە ببنەوە.

ئابووریناسە بریتانییەکە دەڵێت بە شێوەیەکی فراوانتر کۆمپانیاکان لە ئەمریکا لە ماوەی سێ مانگدا تا کۆتایی مانگی ئەیلول قازانجی چارەکە ساڵێکیان نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا دوو ساڵ پێشتر2.4 ملیار دۆلار بووە و لە هەشت ساڵی پێش پەتای کۆرۆنادا تێکڕای دوو ملیار دۆلار بووە.

هاوکاتیش شیکارییەکانی سەندیکای یونایت بۆ گەورەترین 350  کۆمپانیای بەریتانیا ڕەوتێکی هاوشێوەی ئاشکرا کرد – ڕێژەی قازانج لە ساڵی 2021دا بە ڕێژەی 73% زیاتر بووە لە ساڵی 2019.  شیکارییەکە دەڵێت “هەرچەندە فرۆشتن لە ساڵی 2021 دا دابەزیوە، بەڵام قازانجەکان هێشتا وەکو موشەك فڕیون “، سکرتێری گشتی سەندیکاکە، شارۆن گراهام وتی. “تەنانەت بە لابردنی کۆمپانیاکانی وزە لە ژمارە کۆمپانیاکان ، تێکڕای قازانج هێشتا بازدانێکی  سەرسوڕهێنەر کە 52%.”

داتا فەرمییەکان ئاشکرای دەکەن کە نرخی بەکارهێنانی  هۆتێلەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵاوسانی بەریتانیا، بۆیە ڕەنگە ئەو نرخە گەورەکردنەی لە ئەمریکادا بەناوبانگ بووبێت لە سەرانسەری کەرتی هۆتێلەکانی بەریتانیادا دووبارەکرابێتەوە.  سەدان بەرهەم لە دوکانەکاندا هەن کە سوودیان لە دابەزینی تێچووی گواستنەوە و کەمبوونەوەی تێچووی کەرەستەی خاو و تێچووی کار وەرگرتووە کە هاوشێوەی ئەمڕۆ نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نرخەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.

Not all British labor sectors have the same efficiency and pressure on the state

Zaher Baher

17/12/2022

There are many buyers working in different sectors including the industrial sector, which is factories and companies, the hospitality sector, which is many aspects such as tourism, bars, bars, restaurants, hotels, hostels and restaurants. Others work in shops and supermarkets. Others are those who work mostly in the service departments: health, education, fire brigade, telephone and communications, water, electricity and gas buyers and those who maintain highways and all transportation departments, insurance departments, departments Tax collection, garbage collection workers. Today’s reality in Britain shows that the part that puts the most efficiency and pressure on the state is the services sector, ie the latter part of the above paragraph.

For example, there are dozens of incidents every day that the fire brigade must reach. What will happen if doctors, nurses, those working in the nursing home, ambulance teams, other employees and IT departments go on strike for a week? . . . . What about teachers, school cleaners, cooks, kindergarten judges and nurseries if they go on strike? What about the workers in the transport department? If they stop working, every other sector will suffer a huge failure because not only the workers in shops, supermarkets and other places, they are on strike and will not get to work? This not only stops workers in other departments from working, but also customers, tourists and guests of bars, clubs, restaurants and hotels cannot reach their destinations. If they are not the nerves of production and industry of the country, they are the nerves of blood and oxygen circulation throughout the individuals of society and government, whose efficiency can never be compared to that of other sections of the workers.

هەموو کەرتە کرێکارییەکانی بریتانیا کارایی و فشاریان لەسەر دەوڵەت چوون یەك نییە

زاهیر باهیر

17/12/2022

کڕیکاران زۆرن و لە بەشی جیا جیادا کار دەکەن لەوانە بەشی پیشەسازیی کە  کارگە و کۆمپانیاکانە ، بەشی  میواندارێتی [هۆسپیتەڵەتی]  کە زۆر لایەنی وەکو گەشتوگوزار و باڕ و یانەکانی خواردنەوەو خواردن و ئوتێل و هۆستڵ و چێشتخانەن. بەشێکی دیکەیان لە شۆپەکان و سوپەرمارکێتەکاندا کار دەکەن . هەندێکی تریان   ئەوانەن کە زیاتر لە بەشە خزمەتگوزارییەکاند کاردەکەن : بە شی تەندروستی ، پەروەردە و خوێندن ، ئاگرکوژانەوە ، بەشی تەلەفون و پەیوەندییەکان ، کڕیکارانی ئاو و کارەبا و غاز و ئەوانەی  کە چاودێری جادەکانی های وەی دەکەن و هەموو بەشەکانی گواستنەوە و هاتووچۆ، بەشی بیمەکان، بەشی کۆکردنەوەی باج و خەراج، کرێکارانی کۆکەرەوەی زبڵ و پیسایی…

واقیعلی ئەمڕۆی بریتانیا ئەوە دەردەخات کە ئەو بەشەی کە کارایی گەورە دادەنێت فشار دەخاتە سەر دەوڵەت بەشی خزمەتگوزاتییەکانن واتە دوابەشی بڕگەکەی سەرەوە.

بۆ نموونە کە ڕۆژانە دەیەها ڕوداو روودەدات کە دەبێت تیمی ئاگرکوژێنەرەوە بگاتە فریایان.  ئەگەر دکتۆر و پەرستار و ئەوانەی کە لەبەشی خانەی پیران و تیمی ئیسعاف و  کارمەندانی دیکە و بەشی ئای تی کار دەکەن،ئەگەر هەفتەیەك مانبگرن چێ ڕوودەدات؟ . ئەی مامۆستایان و وانەبێژان و پاكکەرەوەی قوتابخانە و چێشت لێنەرانی قوتابیانی  قوتابخانە و دادەکانی باخچەی منداڵان و حەزانە، ئەگەر مان بگرن ؟ ئەی کرێکارانی بەشی هاتووچۆ کە ئەگەر ئەمان لە کار بووەستن  ئیتر هەمو کەرتێکی تر گەر نەوەستێت ئەوە توشی شکستی زۆر گەورە دەبێت چونکە نەك هەر کرێکارانی شؤپ و سوپەرماکییەت و شوێنەکانی دیکە ئەوانیش وەکو ئەوە وایە لە مانگرتن دا بن و ناگەن سەر کار؟  ئەمە نەك هەر کرێکاراکانی بەشەکانی دیکە دەوەستێنێت لە کار ، بەڵکو کڕیاران و  گەشتکەران و میوانەکانی باڕ و یانە و جێشخانە و هوتێلەکانیش ناتوان بگەنە  شوێنی مەبەستیان . ئەمانن گەر شادەماری بەرهەمهێنان و پیشەسازییازی وڵات نەبن ئەوە شادەماری جوڵەی خوێن و ئۆکسجینی هاتووچۆی سەراپای تاکەکانی  کۆمەڵ و حکومەتن کە کاراییان هەرگیز بەراورد ناکرێت بە کارایی بەشەکانی دیکەی کرێکاران . 

هەڵوێسی ئەمریکا و غەرب

زاهیر باهیر

28/10/2022

من وا هەست دەکەم کە ئەمەریکا و غەرب ڕوخانی  ڕژێمی ئێرانیان پێ باش نەبێت لەبەر بوونی چەند هۆکارێك کە مانەوەی هەمان ڕژێم تا رادەیەكی زۆر لە بەرژەوەندی هەردوولایانە .

یەك: مانەوەی ئیران وەکو تەرەفێکی سەرەکی لە بەرانبەر عەرەبی سعودییەدا لای ئەوان مەبەستە هەر هیچ نەبێت لەبەر دوو هۆ: یەکەم : کڕینی چەك و تەقەمەنی و وابەستەیی زیاتری سعودییە بە ئەمان . دووەم: ئەو لە بەرانبەر وەستانەوەی ئێران و سعودییە بە یەکدی، هەمیشە وەکو پشکۆیەکی نەگەشاوە وایە و هەر کات بیانەوێت بۆ نانەوەی پشێوییەك لە ناوچەکەدا بە فویەك یا باوەشێنێك ئەو پشکۆیە دەگەشێننەوە.  لەم بارەشدا هەردوولا دەکرێت ببنە بنەمای دروستکردنی گروپی تووندڕەو بەکارهینانیان لە هەر شوێنێکدا ئەمەریکا و غەرب بیانەوێت.

دوو: هەتا  ڕژێمی ئێران بمێنێت ئیسرائییل هەست بە ئارامی تەواو ناکات هەر وەکو هێزێکی سەرەکی ناوچەکە دژی و هەم وەکو سەرچاوە وکۆمەککاری حەماس و حیزبوڵا و سوریا  و عێراقی شیعە.  لەم بارەشدا ئیسرائیل هەر وەکو هەمیشە لە باوەشی غەرب و ئەمریکادا دەمێنیتەوە هەردوولایان دەکرێت سوود بە یەکدی بگەیەنن و یەکدیش بەکاربهێنن.

سێ : تا ئێستا ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەی ئێران وەکو بزوتنەوەیەکی بێ خاوەنی سەربەخۆ ماوەتەوە و هیچ لایەك و هیچ حیزبێك نەیتوانیوە ئیدیعای خاوەندارێتی لێبکات.  ئەمەش لە ئێستادا پرسیارێکی بێ وەڵام لای ئەمریکییەکان و غەربییەکان دروست دەکات کە ئایا لەگەڵ شەیتانی هەنووکەدا دەست و پەنجە نەرم بکەن یا جاوەڕوانیکردنی شتێکی ” خراپتر ” کە ڕەنگە گۆڕانکارییەکی جیاواز لە ویست و خواستی ئەوان بهێنێتە کایە.

چوار: مانەوەی ڕژێمی ئێران بەهانە و بیانویەکی باشە بە جێگیربوونی زیاتر و داکوتانی پێگەی باشتر و دانانی بنکەی سەربازی  لە لایەن ئەمەریکاوە لە عێراق و لە سعودییەوە و شوێنەکانی دیکە وەکو هێزێکی ئێحتیاتی لە ناوچەکەدا لە بەرانبەر هەموو ڕودا و مەترسییەکی ناوخۆی ناوچەکە و وجوودی ڕوسیاش دژ بەوان.

پێنج: داڕمانی ڕژێمی ئێران یانی تەواوبوونی ئەو گەمە خوێناوییە کە 42 ساڵی ڕەبەقە ئەوان ڕەشوڕووتی ئێران و عێراق و تەواوی ناوچەکە لەو خوینەدا دەگەوزێنن، کە مانەوەی سەرەوەریی و سەروەتی ئەوانە.بە دڵنیاییەوە  ڕەنگە هۆکاری دیکەش هەبن بەڵام من لە ئێستادا پەیان پێ نابەم.

داڕمانی ئابووریی بریتانیا نەك بە گۆڕینی دەموچاوەکان بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش زەحمەتە چارەسەر بکرێت

زاهیر باهیر

17/10/2022

ئەوەی کە ئەمڕۆ بە ناوی ئابوری  لیبراڵ لە زۆرێك لە وڵاتاندا پیادەدەکرێت، ئابووریی نییە بەڵکو جەنگێکی سەرانسەرییە کە بەرانبەر بە دانیشتوانەکەی بەڕێدەکرێت. جەنگی ڕووتانەوە و چەوساندنەوە و برسسیکردنی زۆرینە و هەڵکەندنی زۆرێك لە زێدی خۆیان و باوباپیرانیان و دروستکردنی جەنگێکی ڕاستەوخۆی کوشتن و بڕین و وێرانکارییە.

ئابوورییەك کە لەسەر خۆێن و جەنگ و کوشتن و بڕین بژی و بەردەوام بێت ئەمە چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بۆ کەمایەتییەکی ئێکجار کەم خێرێکی زۆر بداتەوە نەك بۆ هەموان ، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك چەند فۆرمیلەیەکی وەکو بەرزکردنەوەی بەهای پارە و دابەزینی، زیادکردنی ڕێژەی سوو و کەمکردنەوەی، هەڵئاوسانی پارە و دابەزاندنی بیسوڕێنێ و بەڕێی بکات، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بە پژمەی کەسێكی زۆر دەوڵەمەندی وەکو ڕۆبێرت مەردۆك ، جۆرج سۆرۆ، ئێلون میسك ، جێف بیزۆس و بیڵ گەیت و هەندێکی تریان بدات لە تایەك لە دارایی وڵاتان، چ ئابوورییەکە؟، ئابوورییەك کە تەنها 4 وشەی بەسە لەلایەن ئەو زاتانەی سەرەو بۆ داڕمانی: ” ئەم سیستەمە هەرەس دەهێنێت” ، دەبێت چ ئابووریەك بێت؟

بریتانیاش یەکێکە لەو وڵاتانە  خاوەنی ئەو چەشنە ئابوورییە و لەم جەنگەدایە. دوای قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 تا ئێستا بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی بریتانیا لە خراپیدایە و  ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو خراپتر دەڕوات کە لە ئێستادا گەیشتۆتە لوتکە.  هەر بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە شەش ساڵدا چوار سەرەك وەزیری سەر بە هەمان حیزب هاتوون و ڕۆیشتوون .

لەگەڵ ئەوەشدا باری ژیانی خەڵکی بریتانی بەرەو خراپ و خراپتر ڕۆیشتووە.  کولفەی ژیان بە ڕێژەی لە سەدا 10 کە ئابووریناسەکان و حکومەت پێیدەڵێن هەڵئاوسانی پارە سەرکەوتووە ، لیستی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و داخڵبوون بە خەستەخانەکان لە 6 ملیۆن کەسەوە لە مانگی نیسانەوە بۆ 7 ملیۆن کەس سەرکەوتووە، کولفەی منداڵ لە حەزانەدا، باخچەی منداڵاندا سێیەک و دوو لەسەرسێی داهاتی خێزان دەبات ، بەهای پاوەند لە ساڵی 1976 وە وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەرزبوونەوەی غاز و کارەبا بە ڕێژەی لە سەدا 84 لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرکەوتنی زیاتریش لە ساڵی نوێدا، ئەوانەی کە سلفەی عەقاری 200 هەزار پاوەندیان لەسەرە کە تا ڕادەیەك کەمە، وا پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی سلفەکەیان بە بڕی 5 هەزار و 100 پاوەند سەرکەوێت، کرێی خانووش بە ڕادەیەك لەبەرزبوونەوەدایە کە زۆرێك چی تر ناتوانن بیدەن، مەرکەزی خۆراك بەخشینەوەکان هەفتانە زیاتر قەرەباڵغ دەبن و خۆی داوە لە ملیۆنێك کە بەشێكی زۆریان کار دەکەن.

بە هاتنی سەرەك وەزیرانی نوێ ، لیز ترووس، و دەستەو تاقمەکەی ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان برد.  سیاسەتەکانی حکومەتی نوێ لە ئابووریدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەیانیان کرد هەر لە دژایەتی ژینگە، هەڕەشەی زیاتری سەرکوتکردنی خەڵکی و سنوردارکردنی زیاتری ئازادییەکان لە ڕێگای یاساوە، هەڵوەشاندنەەوەی لە سەدا 45 باج لەسەر داهاتی زیاد لە 150 هەزار پاوەند کە بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەوە بکەوێتە کار، هێڵانەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکان کە لە ئێستادا  بە ڕێژەی لە سەدا 19 یە کە ئەمیش بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا ببێتە لەسەدا 25 ،  زیادکردنی بەشدارایکردنی بیمەی نیشتمانیی، هەڕەشەی دەستگرتنەوەی سەرفکردنی پارە  لە خزمەتگوزارییەکاندا، هەندێکی دیکە لەم سیاسەتانە وای کرد کە بەهای پاوەند هاڕە بکات و هاوکاتیش کارایی زۆر خراپی لەسەر تەواوی ئابووریی دانا. هەموو ئەمانە ڕۆژانە لە سەر ژیانی ئاسایی هەرە زۆرینەی خەڵك ڕەنگدەداتەوە.

بۆ چارەسەری ئەو بارەی کە خولقێندارا و بۆ ئەوەی بەهای پاوەند زیاتر نەشكێ، بانکی مەرکەزی بەدەم حکومەتەوە هات وبڕیاری دا کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بایی 65 ملیار پاوەند ‘بۆند’ی [ لام وایە بە کوردی کۆمپیالە و سەنەدی کۆنی خۆمان دەگرێتەوە]  کڕی بۆ فرۆشتنەوەی .  ماوەی ئەو دوو هەفتەیەیە کە بۆی دیاریکرابوو  تا ڕۆژی هەینی هەفتەی پێشوو بوو، 14/10 تەنها بایی 7 ملیار بۆند کڕڕا و نرخی پاوەندیش هیچ نەچووە سەرەوە و یارمەتی حکومەتیشی نەدا لە ئارمکردنەوەی بازاڕ و بۆرصەدا.  ناچار سەرەك وەزیران وەزیری دارایی کە برادەر و هاوپەیمانێکی زۆر نزیك و دێرینی خۆی بوو دەرکرد و کەسێکی دیکەی کردە وەزیری دارایی .

ئایا دانانی  وەزیری دارایی نوێ ئەم گرفتە لابەلا دەکاتەوە؟

بە بڕوای من گرفتەکە نەك هەر بە گۆڕینی دەموچاوەکان، بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش لابەلا نابێتەوە. ڕاستە سەرەك وەزیران وەزیرێكی نوێی داناوە و بڕێك ئایدیای هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و هەرەها لە گەلێك لەو سیاسەتانەی  پەشمیان بووەتەوە بەڵام پەشیمانبوونەوە و هەڵپەساردنی بڕیارەکانی بۆ ئایندە، نە یارمەتی بەردەوامبوونی حوکمی دەدات و نەچارەسەری گرفتەکانیش دەکات،  چونکە 40 ملیار پاوەند دەبێت جێگای بۆ بکرێتەوە و پڕ بکرێتەوە کە نازانرێت لە کوێوە هاتووە.

 لەم وڵاتانەدا لەبەرئەوەی حکومەت لەسەر پارەی باج دەژی ناتوانێت و ناکرێت بڕیاری هاوکاری کەرتێکی خزمەتگوزاریی وەکو پەروەردە، تەندروستیی، هاتوو چۆو ئەوانی دیکە بدات، یاخود باج  لەسەر لایەنێك بهێنێتە خوارەوە یا بیمەکان زیاد بکات  ئەگەر بە گوێرەی ئەو پارەیە، پارەی بۆ دیاری نەکرابێت و سەرچاوەی هاتنی ئەو پارەیە یا ئەو بڕە باجە داشکاوە بەیان نەکرابێت.

چارەسەرکردنی ئەم 40 ملیارەش کە ڕەنگە بڕێك بەهای پاوەند بەرزبکاتەوە و ئابووریش تۆزێك ببوژێنێتەوە. بەڵام نانی ئەم هەنگاوە بۆ  وەزیری نوێی دارایی یاخود هاتنی حیزبی  لەیبەر  بۆ سەر حوکم زۆر زەحمەتە چونکە پەیداکردنی ئەم 40 ملیار پاوەندە بە ڕای من تەنها لە یەكێك لەم  چوار ڕێگایەوە دەکرێت . 

یەکەم: کەمکردنەوە و بڕینی بەشێك لە بیمەکان و پارەی شارەوانییەکان و خزمەگوزارییەکانی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن.  ئەمەش گرفتی زیاتر دروست دەکات هەر لە زیادبوونی ژمارەی بەتاڵە و بوون بە بارێکی قورس بەسەر دەوڵەتەوە و  کەمبوونەوەی توانای کڕینی کاڵاکان، واتە هێواشکردنەوەی نشونمای ئابووریی ڕۆیشتن بەرەو قەیران.

دووەم: زیادکردنی باج لەسەر سامانداران و کۆمپانیاکانی بزنس و سەپاندنی باج بە سەر ئەو سەرمایانەی کە لە وڵاتانێك دانراون و باجیان لەسەر نییە.  ئەمەش ناکرێت و مایەی قەبوڵ نییە لە لایەن ئەو لایەنانەوە.

سێیەم: چاپکردنی پارەی زیادە لە لایەن بانقی مەرکەزییەو هەر وەکو لە سەردەمی کۆرۆنادا کرا لەژێر ناوی quantitative easing  ، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری قەرزی نەتەوەیی کە دانەوەی دەوێت .

چوارەم:  بەدەوڵەتیکردنی کەرتە تایبەتییەکانی وەکو وزە و ئاو و هاتووچۆ و هەندێکی دیکەیان. کردنی ئەمەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوە هەیە و پارەیەکی زۆری دەوێت و گرفتێکی زۆریش بۆ دەوڵەت لە ئێستادا دروست دەکات، بۆیە کردنیان زۆر زەحمەتە.  

بێ گومان ئایندەیەکی نزیك وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و داهاتوی ئابووری بریتانیامان بۆ دەردەکەوێت .