ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

چ وڵاتێك؟ چ نیشتمانێك؟

جیهان نۆرمان

20/04/2022

چ وڵاتێك، چ نیشتمانێك هەیە لە دونیادا کە مرۆڤ تێیدا کۆیلەی کاریکرێگرتە و سەرمایە نەبێت؟

چ ووڵاتێك، چ نیشتمانێك هەیە لە دونیادا کە دانیشتوانەکەی بە دەستی زۆرداران و سەرمایەدارانی نێو خۆی و دەرەوەی، وەك کۆیلەی کار نەچەوسێنرێنەوە؟

پایە بەرزی، سەروەت و سامان زۆری هەر ووڵاتێك، هەر نیشتمانێك لە دونیادا، گەر بەرهەمی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و ژینگە نەبێت؟ کەواتە بەرهەمی کێ یە، بەرهەمی چییە؟

وڵات، نیشتمان لە هەموو دونیادا، بەهەشتە بۆ دەستەڵاتداران، بۆ سەرمایەداران، بەڵام باری گرانە، زەحمەت کێشان و ژیان لە دەستدانە بۆ چەوساوەکان.

وڵاتی ئازاد، نیشتمانی ئازاد تەنها بۆ دەستەڵاتداران بوونی هەیە، هەرگیز بۆ مرۆڤی چەوساوە نەبووەو نابێت.

هەموو وڵاتێك، هەموو نیشتمانێك لە دونیادا، پارچە زەوییەکی داگیرکراوە لە لایەن دەستەیەکی سەرمایەدارەوە کە لە نێویدا ڕێگە بە«گەلێك» دراوە کە وەك ژێردەستە بە یاسای مافی کۆیلەی کار “بژی”

چەوساوەکان ژیانیان داگیر کراوە، جا لە ئەمەریکا بن، لە چین بن، لە روسیا بن، لە ئەوروپا بن، لە تورکیا بن، لە ئیسرائیل بن،..یاخود لە کوردستان.

ئیدیۆلۆژی و بزووتنەوەی رزگارکردنی ووڵات، یاخود ئازادکردنی نیشتمان، هیچ نییە جگە لە شێواندنی خەباتی چەوساوەکان بۆ زیاتر هێشتنەوەیان وەك کۆیلەی کاریکرێگرتە. چەوساوەکان تەنها یەك خەباتیان هەیە، ئەویش وە دەست خستنەوەی خودی بوونیانە، خودی ژیانیانە وەك مرۆڤی ئازاد. لەم خەباتەشدا هەموو چەوساوەکانی دونیا، بە زمان و نەتەوەی جیاوازەوە، هەر یەك ئامانج، هەر یەك بەرژەوەندییان هەیە، ئەویش لە ناوبردنی سیستەمی سەرمایەدارییە، لە ناوبردنی دەوڵەتە بە هەموو شێوازو ئاستێکیەوە.

دومەڵێك…

دارا جوتیار

07/023/2022

کە هەتوان و چارەسەر دەکرێت، لەبنەوە گوشتەوزوون دەهێنێتەوە تا دێتە سەرەوە سەرەنجام بزمەتە ڕەق و پیسەکە فڕێدەدات و پێست و گۆششتە ساڕێژبووەکە لەپێست و گۆشتەکەی دەوروبەرو پێشتری خۆی جوانتر دروست دەبێتەوە، لێ ئەگەر بیتەقێنیت تەواوی لەشت دەکاتە کێمو زوخاو و برینەکە دەتەنێتەوە پیستر و زیاتر لەپێشتر دەردەدارت دەکات!

مەبەستم لەم نمونەیە:

کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لە برسێتی و بێ نانیەوە تا جەنگە خوێناویەکان هەمیشە باسی شۆڕش و ڕاپەڕینە دەکرێت وەک چارەسەر!

هەموو ڕاپەڕینێك گۆشتەوزوون و چارەسەری برینەکان ناهێنێت، زۆربەی ڕاپەڕینەکان وەک تەقاندنی بێ دەواو دەرمانی دومەڵ و برینەکان وان بەشێوەیەکی کاتی خورویەك و ئازارێک دەشکێنن، لێ بۆگەن و تەنینەوەیەکی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە چەند بەرابەر چارەسەرەکە سەختتر دەکات، ڕاپەڕینی 31 ساڵ پێش ئێستای خەڵکی کوردستان باشرین نمونەیە و دەتوانین هەزاران نمونەی دیکەش هەن لەمێژووی دوور و نزیکدا بهێنینەوە!

هەر ڕاپەڕینێك دەبێت لانیکەمی دەواو دەرمانی دەستبردن بۆ برینەکەی لەهەگبەدا بێت دەنا دەبێتە خۆ گینگڵدان دووبارە گیرخواردنەوە لەناو کێمو زوخاوی برینەکەدا !

پرسیار ئەوەیە….

چ وەك تاك و وەك کۆ، بیر لەگۆڕینی چی دەکەینەوە چی دەخەینە جێگەی چی؟ مەبەستم لە خستنە جێگە، تەنها گۆڕینی دەم و چاو نیە، چون کێشەکە تەنها لەدەمو چاودا نیە، کێشەکە لە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و دابەشکردندایە! کێشەکە لەخاوەنداریدایە، سەرچاوەو هۆکاری خاوانداری و مڵک و دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە چیەو لەکوێوە هاتوە؟ ئەی بنێشت فرۆشێك بۆچی و خاوەنی چی؟

هۆکاری ئەم جیاوازیە گەورەیە چیە؟

ئایا ئامادەین لابردنی ئەم جیاوازیانە بکەینە هەتوانی برین و قڵشتە پڕ لەزوخاو و مەرگەکە؟ ئەو شێواز و فۆرمانەی لە فۆرمی حوکومەتی و پەرلەمانی و ” دیموکراتی “وە تا دیکتاتۆریەت و پاشایەتی و خەلافەت، بەهەندێک جیاوازیەوە جگە لەکوشتار و خوێن و چەوسانەوە شتێکی دیکەیان پێشکەش بە ئێمە کردوە؟

گرفتەکە: خاوەندارێتی “مڵکیەتی ” تایبەت قازانج سەرمایەیە لەسەر یەکتر؍ دەسەڵاتداری و حەزی دەسەڵاتداری پەیوەندی بە مڵکیەت و مشەخۆریەوە هەیە دەنا کەس ئامادە نیە بێ دەسکەوت و ئیمتیاز کار بۆ کەس بکات کە نەیانکردوەو هەرگیزیش نایکەن! جگە لەپڕۆلیتەرەکان کە بەهەڵخەڵەتاندن و زەبر خراونەتە خزمەت کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارەکەوە!

دەسەڵاتدریی گرفتە،

یانی تا پەیڕەوی لەشێوەکاری بەڕێوەبەری دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتیی بکەین کە دەسەڵات دەبەخشێتە کۆمەڵە کەسێك، یانی زۆربە بێدەسەڵات دەمێننەوە ئێمە هەر لەناو زوخاوو مەرگی برینەکانماندا دەتلێینەوە!

پرسیار ئەوەیە … دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات چی دەگەیەنێت، جگە لەمشەخۆری و خوێمژی ئەو کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارانە بەسەر زۆرینەکەوە؟

ئایا ئامادەی ڕاپەڕینێك هەین کە دەسەڵاتداری و مالیەکییەت و مشەخۆری لەخۆمان وەک تاک و بەگشتی و لەکۆمەگەشدا وەلابنێین و فڕێ بدەینە ئەولاوە و لەگۆڕی بنێن و دەستبکەین بەژیانێکی هەرەوەزی و بەهرە وەرگرتن لە داهێنان و تواناکانی یەکتر! یا هەر هەمان تاسو حەمام کەف و کوڵێک دەکەین؟

ئەگەر ئامەدەین، مەرج نیە ڕاپەڕین هەمان ئەو شێوازانە بێت پەلامارێك بۆ سەرەوە و کوشتن و ڕاونانی کۆمەڵێك و ڕێسانەوەی هەمان خوری، بەڵکو هەر ئێستا لەهەموو ناوەندێکی کارکردن و بەرهەمهێنان و کوچەو کۆڵان و گەڕەکێکدا خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی هەرەوەزیانەو هاوبەش بکرێتە هەتوانی برینەکە تا لەژێرەوە ئەو گۆشتەوزوونە دەهێنێت دواجاریش بزمەتە ڕەق و پیسەکەی سەرەوە فڕێدەداتە لاوە و بۆهەتایە بەتەنەکە خۆڵەکەی دەسپێرێت و زبڵدانەکەی مێژوو دەکاتە دوا مەنزڵی هەتاهەتایی!

بەکارهێنانی توند و تیژی دیاردەیەکی جیهانییە و هۆکاری سەرەکیشی کولتوورە

29/11/2021

زۆرێكمان وادەزانین کە ئەو توند و تیژییەی کە بەرانبەر ژنان لە کوردستانا بەکاردەهێنرێت هەر لەوێیە و دوای ئەوەش دین هۆکاری سەرەکییەتی.  لە ڕاستیدا ئەو دیارەدەیە نە مەحەلەییە و نە دینیش هۆکاری سەرەکییە بەلکو زیاتر پەیوەوەستە بە کولتورەوە ، کولتوری باوکسالاریی، کولتوری کۆمەڵی جیانیەتیی و هیرراشی، پلەبەندیی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانەی گروپی ” هاوکاری ژنانی سیسخ” دوای کردنی ڕاپرسییەك کە 700 ئافرەت وەڵامیان داوەتەوە و لە سەدا 70 یان، لە لایەن باوك و دایکیانەوە یاخود ئەندمانی خێزانەکەیانەوە ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە  و ئازاریان چێشتوە. کە ئەمانە پێشتر بێدەنگییان هەڵبژاردووە.  سێیەکی ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە وتویانە لە منداڵیدا ڕووبەڕوی دەستدرێژی جنسی بوونەتەوە، حەوتیەکەیشیان زیاتر لە کەسێك دەستدرێژی کردۆتە سەریان .  زۆربەی ئەم قوربانیانە لە ماڵەوە ڕووبەڕوی بوونەتەوە و کەسانی خراپەکاریشیان ناسیوە.

ئەو دەستدریژیە جاری واهەبووە لە لایەن کەسێکی زۆر مەشووری کۆمۆنێتییەکەوە بووە ئەوەش ئاوایکردووە کە زۆر زەحمەت بووە کە ژنەکە ، کچەکە هیچ سکاڵایەك بکات.  ڕاپۆرتەکە دەلێت خواردنەوەی مەشروب و توندوتیژی ناوماڵ بەیەکەوە پەیوەستن چونکە کولتوری خواردنەوە لەناو پیاوانی کۆمۆنێتی  سیخەکانا، بەهێزە هەروەها پرسی پەروەردە و زۆرڵیکردنیش ڕۆڵی خۆی دەبینێت چونکە نەوەی کۆن تەنها لێدان بە مامەڵەی خراپ دەزانن .

لە ڕاپۆرتەکەدا کچێك بە ناوێکی خوازراوە ناوی هاتووە کە لە لایەن مامەیەوە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە تا 13 ساڵی لاقەی کراوە ، خێزانەکەی لەبری ئەوەی نەبا شویەکی باشی بۆ نەبێت قڕ و قپیان لەو گرفتە کردووە.  ئەو دەڵێ ” مامم پایەیەکی کۆمۆنێتییەکە بووە بە کابرایەکی زۆر دیندار و باش ناسراوە ناو بە ناو لە ماڵی ئێمە دەمایەوە ، ئیتر لەو کاتانەدا ئاوای لێدەکردم… ڕۆژێك بە ئامۆزاکەمم وت ئەویش بۆ دایکی گێڕایەوە ، دایکیشی بۆ دایکم .  دایکم لێیدام وتی کە تۆ ئیتر پاکیزە نیت دەبێت بە شووتبدەین، ئیتر منیش لە ترسا پاشگەز بوومەوە و وتم درۆم کردوە هەر دەستی بۆ بردوم .  نە دەکرا باوکم بیبیستایەتەوە دەیکوشتم جونکە باوکم براکەی زۆر خۆشدەویست ….”

ئەم چیرۆکە تراجیدیایە تەنها هی تاکە کچێك لە کۆمۆنێتیەدا نییە بەڵکو بە دەیەهای دیکەیان هەمان چیرۆك یا هاوشێوەی ئەوەیان هەیە.  بە دڵنیاییەوە لەناو میللەت و کۆمۆنێتییەکانی دیکەشدا هەبوون و تا ئێستاش هەن.

ئایا بەڕاست ” بزوتنەوەی گۆڕان” ی ئێستا جیاوازی هەیە لە “گۆڕانی” سەردەمی نەوشیروان موستەفا؟

21/11/2021

کەم نین ئەوانەی کە لە ” بزوتنەوەی گۆڕان” وازیانهێناوە یاخود ئەوانەی کە هیشتا لە ناوەوەن و گازەندە و گلەیی ئەوەیانە کە “گۆڕان” گۆرانی سەردەمی کاك نەوشیروان نییە .

ئەوانەی کە ئەمە باوەڕیانە یا ساویلکەن یاخود نایانەوێت لە قودسییەتی نەوشیروان موستەفا بهێننەخوارەوە، یاخود بەرژەوەندیان لەم قسە و بۆچوونانەدا هەیە و بە پاساوی مانەوەیان، کە گوایە دەکرێت گۆڕانکاری لەو بزوتنەوەیەدا بکرێت، بەردەوامن تیایدا.

لە ڕاستیدا مێژوی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لە دروستبوونییەوە تاکو ئێستای ئەوەی نیشانداوە و دەدات کە هیچ گۆرانکارییەك بەسەر ئەو بزوتنەوەیەدا نەهاتووە و هەر وابووە چ لەسەردەدمی نەوشیراوان موستەفا و چ لەسەردەمی کوڕەکانی و سەید عومەر-یشدا. هەر بۆ ڕاستی قسەکانم بە بەڵگەوە، تەنها لە چەند لایەنێکی “بزوتنەوەی گۆران” لە سەردەمی نەوشیروان و دوای ئەویش، دەدوێم.

یەکەم: پێکهاتەی ” گۆڕان ” : ئەوانەی کە گۆڕانیان دروستکرد و یا هاتنە ناو گۆڕانەوە، لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی-یەوە هاتوون، کە نەك هەر لە ڕێکخراوێکی گەندەڵەوە هاتوون، بەڵکو خۆشیان یا گەندەڵبوون یاخود بە جۆرێك لە جۆرەکان لە گەندەڵییەوە ئاڵابوون. ئەمە جگە لەوەی کە نەوشیروان موستەفا کەسی دووهەمی یەکێتی بووە، خاوەنی هەموو دەسڕۆییەك [ صەلاحییەت] بووە لە دانانی کەسەکاندا بۆ ئیدارەکان و پۆستەکان . ئەو کەسی سەرەکیش بووە لە دانانی بەرنامە و پلان و سیاسەتی یەکێتیش . ئەوانی دیکەشیان سەرکردەو بەرپرسی گەورە بوون لە یەکێتی نیشتمانی-دا خاوەنی پۆست و پلەو پایە بوون یاخود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی بوون. کەواتە ناکرێت بە کەسەکانی ناوەوەی ڕێکخستنێکی شکستخواردوو کە ساڵەهایەکی دووروو درێژ لە شکستدا بوون ، لەڕێکخراوێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و مشەخۆر بوون، چاوەڕوانی شتێکی نوێی ئاوایان لێبکرێت کە جیاواز بێت لەو پێگەیەی کە لێوەی هاتوون. بە کورتی زۆرینەی کەسانی سەرکردەی ” بزوتنەوەی گۆڕان” و خوارەوە و جەماوەەرەکەیان هەمان کەسانن کە ساڵەهایەكی درێژ یا ڕؤڵی گەوەررەیان هەبووە یاخود چەپڵە لیدەربوون.

دووەم: پرسی گەندەڵیی و چارەسەری: گوایە ئەم کێشەیە خاڵێکی سەرەکی بوو بۆ دروستکردنی ئەو بزوتنەوەیە. ئەوەی ئاشکرایە کەسە سەرەکییەکانی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو خودی یەکێتی-دا وەکو باسدەکرێت لە هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵیی-دا بوون بەڵام نەیان توانی تەڵە پوشێكیش بگۆرن . کاتێکیش کە ڕێکخستنێکی نوێشیان دروستکرد خۆشیان یا بوونە گەندەڵ یاخود لە گەندەڵییەوە ئاڵان. جەنگی ئەمان لەتەك یەکێتی و پارتی-دا بۆ بەرژەوەندی ئەو میللەتە هەژارە نەبوو بەڵکو شەڕی پشکی کوسییەکانی هەرێم و بەغدا و پلە باڵاکانی دیکەی وەکو پارێزگار و بەڕیوەبەریئ گشتی شوێنە هەستیارەکان و بەشە خزمەتگوزارییەکان بوو. کەواتە دروشمەکەی ئەوان کە لەناو یەکێتدا و لە سەرەتای دروستکردنی بزوتنەوەکەیاندا، کە هەمیشە دەیانوتەوە ” خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو” درۆیەکی شاخداربوو.

سێیەم: پرسی ماڵباتیی و بنەماڵەیی : ئەمەش خاڵێکی دیکەی ئەجەندەکەی نەوشیروان موستەفاو و هاوەڵەکانی بوو کە هەمیشە پەنجەی تاوانیان بۆ خانەوادەی تاڵەبانی و بارزانی ڕادەکێشا. بەڵام کە بزوتنەوەکەیان، خۆی گرت و پێگەی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەهێز بوو، نەوشیروان موستەفا و کەسە نزیکەکانی نەیانتوانی جیاوازییەك دروستبکەن، نەیانتوانی خۆیان لە قوتابخانەی کوردایەتی و بۆگەناوی فکری قەومی بهێننە دەرەوە، نەك هەر نەیانتوانی گەنجاێکی متمانە بە خۆ و ڕزگار بوو لە قودسییەتی سەرکردە و حیزب ڕزگار بکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی دروست بوو، لە مردنی نەوشیروان موستەفادا ئەمە باشتر دەرکەوت،. هەڵسوکەوتی نەوشیروان و بڕیاری تاکڕەوانەی ئەو و وەسییەتنامەکەی، میراتگریی منداڵەکانی، ئەمانەیان سەلماند.

چوارەم دارایی و بوجەی گۆڕان: نەوشیروان موستەفا هەر لە سەرەتادا زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە لایەن تاڵەبانی-یەوە پێبەخشرا، هاوکاتیش سەرچاوەی داهاتی ئەمان وەکو یەکێتی کردنەوەی پرۆژە و پیتاکی خەڵکانی دەوڵەمەند و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی بوون. کاتێکیش کە مشەخۆریی و گەندەڵی لەناو ڕیزەکانی-دا تەشەنەی کرد ئیدی نەك هەر ئەو پارانە بەشی نەدەکرد بەڵکو کەوتنە داخستنی ڕۆژنامە و کەناڵەکەیان و کەمکردنەوەی بەشە پارەی بەشەکانی دیکەش. کاتێکیش کە نەوشیروان مرد، سەنا و پیاهەڵدانی بە باوکی هەژارانی بۆ کرا کە گوایە لە دوای خۆی تەنها چەرخێک و پاکەتێك جگەرەی بەجێهێڵاوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە نەوشیروان بە ملیۆن دۆلاری لە پاڵ موڵك و خانووو کارگەی لە دوای خۆی بۆ منداڵەکانی بەجێهێشت . لە ئێستاشا وەکو دەوترێت منداڵەکانی جێگای باوکیان گرتۆتەتەوە و دەسەڵاتی تەواویان هەیە و ” بزوتنەوەی گۆڕان” یان، کۆنترۆڵکردووە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمانیش هەمان ڕێچكەی ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانییان گرتەبەر.

پێنجەم : پرسی ئابووریی و بەرهەم‌هێنان:ڕاستە ” بزوتنەوەی گۆڕان” لیژنەیەکیان یا ژوورێکی تایبەتییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردبوو کە جۆرەها لێکۆڵینەوەی ئابووریانەی تیادا دەکرا و ڕاپۆرتی لەسەر دەدرا و وتاری لەسە دەنوسرا، بەڵام لە ڕاستیدا بەرنامەی ئەمانیش جیاواز نەبوو لە سەراپای حیزبە لیبراڵەکانی دوونیا بە یەکێتی و پارتیشەوە . چەقی ڕیفۆرمی ئابوریانە لای ئەمانیش بەخێرهاتنی بازاڕی ئازاد و باوەشکردنەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە بەگەڕخستنی پارە و سەرمایەگوزاریی لە پرۆژە گەورەکانا، بوو، کردنی کەرتەکانی کە موڵکی دەوڵەت بوون بە کەرتی تایبەتی … هەر هەموو ئەمانەش سەرەنجام گەر بیشکرانایە بەتاڵەی زیاتر و بەرزکردنەوەی نرخی پیداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بێ خانوو و سەرەپانی خەڵکی و زۆر شتی دیکەی بە دووی خۆیدا دەهێنا. بۆ ئەمەش لەپاڵ گورجکردنەوەی یاساکان و دانانی یاسای نوێ زەروورەی جێبەجێکردنیان لەسەر خەڵك بە زۆر و بە خوایشت زەروور بوو لە سەپاندنیا. لە سەرپێچیکردنی خەڵکیشا بەرانبەر بە دەسەڵاتی حکومەت و کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانی کارگە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار، بەو یاسایانە پشتیان دەشکانن. بەم جۆرە کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی کوردستان بە یاسا لە پێناوی دەوڵەمەندبوونی توێژێکی کەمی کۆمەڵ، دەبووە ئەرکێکی گەوەرەی سەرشانیان.

خاڵێکی جیاواز کە هەیان بوو لەتەك پارتی و یەکێتی-دا دانانی خەڵکی تەکنۆکرات بوو لە شوێنەکانا، بەڵام ئەمانە هەر تئیوری و پاگەندەی حیزبی بوو چونکە دەرکەوت لە هەر شوێنێکدا کە پێیاندرابێت کەسانی حیزبی خۆیان یا خود ئەو لایەنانەی کە لە گەڵیانا لە بەرەیەکدا بوون داناوە، بێ ئەوەی کە بچوکترین ئەزموونیا لە بواری کارەکەدا هەبووبێت.

شەشەم: پرسی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی: لە ڕاستیدا ئەوەی کە بۆ ئێمە ئاشکرا بوو ” بزوتنەوەی گۆڕان” بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەەردەیی زۆر جیاوزی لە پارتی و یەکێتی نەبوو. ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لەناو کۆمەڵدا هەبوون و هەن بە هیچ کام لە بەرنامەکانی هیچ لایەکیان لابەلانەدەبووە. کۆمەڵێك تا بیناقاقەی لە گواوی خێڵایەتی و عەشایەرگەریی و دین و شەریعەتی ئیسلامی کە پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵی کوردستان بن و گلابێت، یەکیش تەواوکەری ئەوی تریان بێت لە حەلکردنی کێشەی بوونی زوڵم و زۆر و چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاك و بیروڕا و یەکسانی خەڵکی و لەناوشیاندا یەکسانی جێندەیی، نەك هەر ئەستەم بوو کە بە بەرنامەکەی ئەو بزوتنەوەیە ئەم کێشانە بنەبڕبکرێن، بەڵکو کارێکی نەکردەش بوون. لە کۆمەڵێکی ئاوا قوچکەییدا، لە ئابووریەکی قۆرخکراودا، لە هەبوونی فەرهەنگ و پەروەردەیەکی دواکەوتودا کە زۆر خراپتر لە سەردەمی بەعس، مەحاڵە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەراپای ئەو کێشانە بکرێت کە کۆمەڵ لە هەموو بوارەکانا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

سەبارەت بە پەروەردە و پێگەیاندن و ڕۆشبیریی و چارەسەری تەندروستی ، لەبەر ئەوەی ئەمانیش بەرنامەیەکی لەیەکچووی لایەنەکانی دیکەیان هەبوو، لە ئاوا حاڵەتێکدا زۆر مەحاڵە کە بتوانێت هەنگاوێکی نوێ بنێت. ئەمە جگە لەوەی هەر یەك لە پرسی پەروەردە و پێگەیاندن و پرسی چارەسەری تەندروستیی بە توندی گرێدراونەتەوە بە پرسەکانی ئابووریی و سیاسەتی حیزب و دەوڵەت و دین نەریت و تەواوی سەروبەندی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ناتوانرێت و ناکرێت باس لە ئازادیی ژنان بکرێت لە وڵاتیکدا کە دین و شەریعە و عورف و عادەتی خێڵەکیانە نەك هەر پێوەری باشی و خراپی تاکەکانی کۆمەڵ بێت، بەڵکو ئامرازی حوکمکردنیش بێت. ناتوانرێت قسە لەسەر پرسی چارەسەری بەلاش و خوێندنی خۆرایی بکرێت بەڵام هاوکات بنەمای ئابووری وڵات لەسەر بناخە و ڕێڕەوی ئابووری لیبراڵ بێت. کەواتە سەراپای پرس و کێشەکان وەکو ئەڵقەکانی زنجیرێك زۆر مەحەکەمانە بە یەکەوە گرێدراون.

تۆوی شکستی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو ڕەحمی خودی دروستبوونی خۆیدا چەکەرەی کردبوو، ئیدی ئەوە گرنگ نییە کە سەرکردەیەکی حەکیم یا نورانی، بە ئەزوموون، نێتباش…. ڕابەرایەتی بکات یا نەیکات، چونکە سیستەمی سەردەم نەك تەواوی سەرکردەکان بە باش و خراپیانەوە، بەڵکو حکومەتەکانیشیان دەکاتە بورغوویەکی سواوی چەرخی سییستەمە. سیستەمەکە بە بێ ئەو و بە ئەوەوە ، بەباشی دەسوڕێت خۆی دەچەسپێنێت.

ئەوەی کە بەربەستی دروستی سیستەمەکەیە هەوڵدان و کارکردنە لە دەرەوەی خودی سیستەمەکە، ڕێنەکردنە لەسەر نەزم و ڕەوتی ئەو ، ڕێکخستنی خودی جەماوەر خۆیەتی بە دوور لە هەژموونی سەرکردە و حیزب و دین و نەریتی دواکەوتووانە. کارکردنی دەستەجەمعیانەی خەڵكە کە خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانن و دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن، نەك حیزب و سەرکردەکان و ئەوانەی کە لە فەلەکی سیستەمی مەوجوددا، دەسوڕێنەوە و بە ئومێدن کە گۆڕانکاری تیادابکەن .

Zaherbaher.com

لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا

جیهان نۆرمان

20/11/2021

کاتێك مرۆڤەکان وەکو چەکەکان، مامەڵەیان پێدەکرێت!!

زاهیر باهیر

18/11/2021

ئەوەی سەرەوە تایتڵی وتارێکی ئەم ڕۆژانەی ڕۆژنامەی گاردیان بوو.  ئەو تایتڵە نەك هەر بۆ کۆچبەرانی کورد لە باشوردا  یاخود کورد و عەرەبی سوریی تەنانەت بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی لیبیا و مەغریب و ئەفغانستانیش هەر ڕاستە.  هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەموو شتێك، هەموو پەیوەدنییەك،  هەموو مامەڵەیەك لەنێوانی یەکێتی ئەوروپا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی سەرەوە کەوتۆتە مامەڵەی پارە و تێچون و کێبڕكێی دەنگهێنانی حیزبەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.

ئا لەم بارەدا، لە هەندێكیانا تا ڕادەیەك گونی وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و   ئەوروپای ڕۆژئاوا بە  تایبەتی ، لە لایەن حوکمڕانانی وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوین ، یا ئەفەریقا ، یاخود ئاسیای ناوەڕاستەوە گیراوە، بێ گوێدانە هۆکاری کۆچی خەڵكی یاخود ئاساسیش و سەلامەتی و پاراستنی ژیانیان و مامەڵە لەگەڵیانا وەکو مرۆڤ. 

بۆ سەلماندنی قسەکەم با هەر دوو سێ نمونەیەك بهێنمەوە.  هەر با دوور نەڕۆینن تەماشای ئاکەپەی حکومەتی تورکیا بکەین، بزانە چۆن ڕەجەب ئەردۆگان زۆر هۆشیارانە و زانایانە و لە کاتی خۆیدا پەنابەران بەکاردەهێنیت هەم بۆ پرسی دارایی و هاوکاری تورکیا هەم بۆ سەپاندنی داواو ویستەکانی لە یەکێتی ئەوروپا.  لای هەموان ئاشکرایە کە ئەردۆگان پارەیەکی مشەی نەك هەر وەکو بەرتیل بۆ گلدانەوەی لێشاوی پەنابەران کە دەیانویست بەرەو ئەوروپا هەڵبێن، وەرگرتووە، بەڵکو لەو پارەیەش دەخوات کە یەکێتی ئەوروپا وەکو میزانێیەك بۆ پەنابەرانی ئۆردوگاکانی نێو تورکیای، داناوە.

حکومەتی مەغریب ڕێگری لە خەڵکی پەنابەر و کۆچبەر بۆ ئیسپانیا دەکرد لە بەرانبەر یارمەتینەدایی ئیسپانیا بە بزوتنەوەی سەربەخۆی بیابانی ڕۆژئاوا. بەڵام لەو کاتەوەی کە ئیسپانیا ڕێگای بە سەرۆکی ئەو بزوتنەوەیە داوە کە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بگاتە ئیسپانیا، ئیتر مەغریبیش لە تۆڵەی ئەوەدا ڕێگای داوە بە خەڵکی خۆیان یاخود دەرەوەی وڵاتی خۆیان کە بچن بۆ ئیسپانیا.  لە لیبیا یەکێتی ئەوروپا پارەدەدات بە حکومەت و کۆمپانیاکان کە پاسەوان و گاردەکانیان چاودێری کەناری دەریاکان دەکەن تاکو هەر کات هەر بەلەمێكی پەنابەر، گروپێك ویستی ڕزگاری بێت و بگاتە ئیتالییا، فەرەنسا ، ئیسپانیا ، ئەم گارد و پاسەوانانە بیانگرن و بیانگێڕنەوە بۆ ئۆردۆگاکانیان کە لێی هەڵاتوون .

لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەشدا، هەڵاتنی کوردەکان و خەڵکانی دیکەیە و ڕوکردنیانە لە ئەوروپا لە ڕێگای بێلەڕوسەوە.  لەوێش حکومەتی بێلەڕوس وەکو چەکی فشاری سیاسی بەکاریاندەهێنێت و دەیەوێت کارئاساییان بۆ بکات بۆ گەیەشتنیان بە پۆڵۆنیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا .

ئیتر بەم شێوەیە پەنابەری سەرلێشێواو و نەگبەت بووەتە چەکێکی سیاسی، دارایی ، فشارێکی کۆمەڵایەتی لە لایەن هەندێك حکومەتەوە لەسەر حکومەتانی وڵاتانی ئەوروپا، واتە زیاتر لەوەی وەکو مرۆڤی لێقەوماو و سەرگەردان بناسرێن، کەچی بە صەفەقەیەکی باش، یا بازرگانییەکی باش مامەڵەیان پێدەکرێت و لەسەر بڕی پارەی ڕێکەوتنی ئەم مامەڵەیە داهاتوی ئەم پەنابەرە کڵۆڵانە، دیاریدەکرێت.

لەم ڕەوەوە من شتێکم لەسەر ئەم پەنابەرر و کۆچبەرانە نەوتووە، چونکە من بە مافی خۆمی نازانم کە بڵێم وەرن یاخود مەیەن ، نازانم ئەو زروفەی کە ئەوانی پاڵپێوە ناوە بە تایبەتی ، چییە.  ئەوە بڕیاری خۆیانە بەڵام ئەوەندە دەزانم کە هەر هەبوونی پارە و ماڵ و سەیارەی باش هەموو شتێك نییە، و مرۆڤ بەختەوەر ناکات. ژیانی پڕ لە ئاسایش و سەلامەتی و بوونی ئازادیی و پەیوەندی مرۆڤانە و ڕێزگرتن لە کەسایەتی مرۆڤەکان و نەبوونی غەدر و کەڵەگایی و باندیی سیاسی و دارایی و مسۆگەرکردنی داهاتوی منداڵانت و زۆری دیکە لەم مافە سەرەتاییانە ، نەك هەر زەروورن بەڵکو دەبێت خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانیان بکرێت.  کەواتە نیشتمان هەر ئەوە نییە کە لێی لە دایكبویت، بەڵکو ئەوانەی سەرەوەیە و زۆری تریش، دەنا تاکە پێڵاوێکی دڕاو ناهێنێت ، ئاڵاکەت کلێنکسێك کە قونی پێ پادەکەیتەوە ناهێنیت ، نەك هەر شایانی ڕشتنی خۆێنت و بەرگریلێکردنی نییە ، بەڵکو شایانی ئەوەش نییە کە تاکە تنۆکێك عارەقیشی لە پێناودا بۆ بڕێژیت .

هاوکاتیش ئەوەش دەزانم وەکو زۆرێک لە ئێمە بە گەیشتنیشیان بەم وڵاتانە و مانەوەیان و زامنکردنی ژیانیشیان ئیدی لە هەر ڕێگایەکەوە بێت هەر بەختەوەەریان ناکات و ئاسوودە نابن.  هۆکاری ئەمەش زۆرە گەر چی گەلێکیان ناوکۆییە ، بەڵام هەندێکیان ، لە شوێنێکەوە کەم تا زۆر بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت.

بێ تاقەتی و غوربەت و هەست بە تەنهایی، بە  هاوەڵێتی  هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، فاکتەری سەرەکیش، دابڕانە.  دابڕانە لە خودی خۆت، دابڕانە لە سروشتی خۆت و خودی سروشت، دابڕانە لە پەیوەندی  و بەهای مرۆیانە ، دابڕانە لە مافی بوونی ئۆتۆنۆمی تاك.

ئەمە خاڵی ناوکۆیی نێوان پەنابەران و کۆچبەران و هاووڵاتیانی وڵاتەکانن. بەڵام ئێمەی کورد پاشخانێکی دیکەشمان هەیە ، ئەویش مێژوی لانی کەم نزیکمان نیشانی دەدات، کە ئیمە هەمیشە وەکو قوربانییەك، وەکو زەلیلێك، نەگبەتێك تەماشامان کراوە و حسابمان بۆ کراوە.  لەم ڕەوکردنەشدا هەر ئاوا دەبینرێین. ئێمە تەنها یەکجار قوربانی نەبوین، جێگای بەزەیی و خێر و سەدەقە نەبوین ، بەڵکو مایەی چاولێکردن و ستایشش و نمونەیەکی باش و مرۆڤانە بوین ، کە تەواوی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتە گەورەکانی دیکە لەپاڵ ڕۆژهەڵاتی ناوین –د تا ڕادەیەك پاراست لە تەشەنەکردنی فکر و ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی ، ئەویش جەنگی کۆبانی بوو، کە بەهۆی کوڕ و کچە گەنجەکان و هاوکاری و یارمەتی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازنی دونیاوە ئەو مێژووەیان دروستکرد .  ئەوە تاکە ڕوداو بوو کە ئێمە وەکو قوربانی نەناسراین ، جێگای بەزەیی نەبوین ، زەلیل و کەنەفت نەبوین ، بەڵکو ملبەرز ، مرۆڤدۆست ، نموونەیی بوین .

سەیرە زۆر سەیرە ئێمە بەهەندێك کولتور، روداو ڕاهاتوین، باکمان پێی نییە ، ڕاکردن ، کۆچکردن [ دیارە ئەمە سەرزەنشتی کۆچبەران و پەنابەران نییە] بەمانە ڕاهاتوین ، گەرچی کۆچکردن جۆرێکە لە یاخیبوون کە خەڵکی هەڵیدەبژێرێت ، بەڵام گەر تەماشا بکەین ئەوەی کە ئەمڕۆ بەسەر ئەو کۆچبەرە کوردانە لە سەر سنوری بێلەڕوس و پۆڵۆنیا دێت کە ئەو پەڕی نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت ، ئەمە جگە لە چەشتنی سەرما و برسێتی و تینوێتی و ڕوتوڕەجاڵی و لە دەستدانی خۆیان یاخود منداڵیان و سوکایەتی قاچاخچی لە پێشترا و دواتریش و ئەو ژیانە مەمرە و مەژییەی کە دەیبەنەسەر بە گەیشتتینیان بۆ ئەوروپا تاکو وەڵامێکی ئەرێیینیان دەستدەکەوێت .  ئەمانە ئەوەمان دەداتە دەست کە ئێمە گیانی بەرگریکردنمان  نییە یاخود زۆر کەمە ، هێزی ڕاوەستانمان لەسەر پێی خۆمان نییە ، دەنا دەیەکێکی ئەوەی کە لەو سەر سنورانە دەچێژین و پێماندەکرێت، بە بەگژاچونەوەی دەسەڵات و خەبات لە پێناوی ئەوانەی کە ئێمە وادەزانین کە گەیشتینە ئەوروپا دەمانبێت ، بکەین بە دڵنیاییەوە بێ لە دەستدانی ئەو هەموو پارەیە کە دەیدەینە قاچاخچی و مەسرەفی ڕێگا، دەتوانین گۆڕانکاری گەورە بکەین .  بەڵام ئێمە مرۆڤانی تێشکاوین، زەلیلین، ڕەوکەرین، هەڵهاتوین .

ئەمەی سەرەوە ئەوە ناگەیەنێت کە دەبێت کۆچبەران ئەوە بکەن بە تایبەت کەمن خۆم لە کوردستانا نیم بە ڕەواشی نازانم داوای ئەوەیان لێبکەم .  بەڵکو ئەمە تەنها فکرەیەکە لای من کە قابیل بە بیرکردنەوەیە، نە شتێکی دیکە.

Zaherbaher.com   

Migrants in limbo at Poland-Belarus border as Polish legalise pushbacks |  Euronews
Poland-Belarus: How social media posts fuelled the migrant crisis - BBC News
E.U. Blames Belarus for Migrant Crisis at Poland Border - The New York Times

ئامرازەکانی بەرهەمهێنان:

زاهیر باهیر

12/10/2021

لە ڕێگای موڵکایەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە بە تەنها، پڕۆلیتاریا ناچەوسێنرێتەوە و  قازانج دروستنابێت و سەرمایەش  کەڵەکە نابێت ئەگەر دەزگەیەکی توندووتیژ و خوێنڕێژی وەکو دەوڵەتی، لە پشتەوە نەبێت.  ئەوە دەوڵەت و دەسەڵاتە کە پارێزگاری لە سەروەت و سامان و خاوەنەکانیان دەکات، دەنا کرێکاران و هەژاران لە ماوەیەکی کەمدا ڕەچەڵەکی خۆیان دەردەهێنن و سامانەکانیشیان فەرهود دەکەن.

دەوڵەت تا ئێستاش باشترین و بەکارترین ئامرازە بۆ پاراستنی موڵکیەت و بەردەوامپێدانیی.  سەرمایەداری چەندێك جیهانیگیریی بێت، هێشتا ناتوانێت بێ دەوڵەت بژی و دەستبەرداری ببێت.

دەوڵەت  پایەی هەرە سەرەکی ئەم سیستەمەیە ، بۆیە خەباتکردن دژ بە دەوڵەت، خەباتە دژ بە سیستەمەکە ، داخوازی دەوڵەت، هەر چەشنێکیان بێت ، داخوازی مانەوەی ئەم سیستمەیە و درێژکردنەوەی تەمەنێتی. 

سەرسام مەبە کە لە لانکەی دیمۆکراتیی، لە نێو کۆمەڵی مەدەنی ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە!!

زاهیر باهیر

04/10/2021

دوی ئەوەی کە  Sarah Everard لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە دەستی پۆلیسێك کە پلەیەکی تایبەتی هەبوو ئەویش بە مۆڵەت پێدانی بە چەكهەڵگرتن و متمانەپێکردنی تا ڕادەی پاراستنی کەسانی دیبلۆماسیی، وتار و ڕاپۆرتێکی ئێکجار زۆر لەسەر ئازادیی کچان  و ژنان و سەلامەتییان لە نێو ماڵان و لە دەروەدا، نوسراوە.  هاوکاتیش گەلێك چەڵتە چەڵتیشی لە دیوەخانی بەڵتەچییەکانی بریتانیادا لەسەر کراوە .  زۆرێکیش پێشنیار و پێشنیاز بۆ چاککردنی ئەو بارودۆخە، کراوە.

ئێستاش لە گەرمەی دادگاییکردنی ئەو پۆلیسەدا، Wayne Couzens ، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا لە دوای کوژرانی ‘ سارا’ وە لە 28 هەفتەدا 81 ژن کوژراون،  کە دەکاتە نزیکەی 3 ژن لە هەفتەیەکدا، کە 16 لەمانە لەلایە ئەو پۆلیسانەوە بوون کە لە خزمەتدا/ پیشەکەیاندا بەردەوامبوون.

لە نێوانی ساڵی 2009 وە بۆ 2018  بە ژمارە 1425 کچ و ژن کوژراون کە تەمەمیان لە نێوانی 14 و 100 ساڵدا بووە. لەم ژمارەیە، 1425 ، 278 ژنیان تەمەنیان لەسەرو 60 ساڵەوە بووە، لە 127 کەیسی ئەم قوربانیانە خراپترین شێوەی توندوتیژی لە کوشتنیانا، بەکارهێنراوە.  لە بەکارهێنانی توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتوە کە 9 ژن لە 13 ژن لە قوربانییەکان کە تەمەنیان لەسەرو 80 ساڵەوە وە بوون، قوربانی لاقەکردن و دەستدرێژی جنسی بوون.  لەگەڵ ئەمەشدا لە ساڵی 2018/2019 دا تەنها لە سەدا 6 ی ئەم پیاوە تاوانبارانە سزایاندراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە سای ئازادیی دەستکەوتنی زانیارییەکان، دەستکەوتووە، لە سەدا 62ی ئەو  ژنانەی کە کوژراون لەسەر دەستی مێرد و بۆیفرێند یاخود کۆنە مێرد و بۆیفرێددا بووە، سێیەکی ئەم قوربانیانەش یا  ماڵیان بەجێهێشتووە و ڕۆیشتون، یاخود لە پرۆسەی ماڵ بەجێهێڵاندا بوون.  لە سەدا 92 ئەوانەی کو کوژراون ، لە لایەن ناسیاویانەوە کوژراون، یەك لە دوازدەی ئەو ژنانەشی کە کوژراون لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون.

بەداخەوە کە ئەوە حاڵی ژنانە لەم وڵاتەدا، دیارە ئەوانەشیان کە دەژین ڕوبەڕوی گەلێك کێشەی هەڵاواردنی و کۆمێنتی سیكستیانە و مامەڵەی زۆر ناشیرینی خێزان بە مێرد و باوك و دایك کەس کارەوە بوونەتەوە یا دەبنەوە.  هەروەها کرێ و موچەی کەم کە تا ئێستاش ژنان لە سەدا 15 کەمتر لە پیاو وەردەگرن لە کەرتە تایبەتییەکانی کارکردندا.  ئەمە جگە لەوەی کە ڕووبەڕووی دوکەوتنی پیاو دەبنەوە و گێچەڵی زۆریان پێدەکرێت، کە زۆر جار ئەم کەیسانە دەگاتە پۆلیس و داگاش.

ئەمە نیشانی دەدات  ئاشکرایە کە هەرگیز ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵی سەرمایەداری و لیبراڵدا بەدەستنایەت، تا ئەو کاتەی کە پرسی چینایەتی و کۆمەڵی پلەداریی [ هیرراشی] بمێنێت ئەم کێشانە بەردەوام دەبن، کە ئەمانەش خەسڵەت یا تایبەمەندی خودی سیستەمەکە خۆیەتی.

ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم: جێگای داخە کە ڕۆشنبیری کورد و جالییەی کوردی لە بریتانیا بە مەبەست یاخود بێ مەبەست ئەم ڕووە قێزەوند و نامرۆیانەی نێو ئەم کۆمەڵە و ئەم دەوڵەتە باس ناکەن ، بۆیە تا ئێستاش لەناو ڕەوەندی کوردی لێرە و لە کوردستانیش وڵاتی بریتانیا و ئەمەریکا بە پێشڕەوی دیمۆکراتی و ئازادیی ، مرۆڤدۆستی، دەزانن.  

 

The 81 women, named below.

Some of the victims, first column, top to bottom: Judith Nibbs, Palmira Silva, Riasat Bi; second column, top to bottom: Rosina Coleman, Norma Bell; third column, top to bottom: Ruby Wilson, Nellie Geraghty; fourth column, top to bottom: Ruth Williams, Eulin Hastings, Lea Adri-Soejoko; fifth column, top to bottom: Paula Castle, Iris Owens

دەوڵەت بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستان و ئەنارکیستانی کوردستان

دەوڵەت بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستان و ئەنارکیستانی کوردستان

لەم مشتومڕە ئازاد و كراوەیەدا، كە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئەنجامدراوە و لە سایتە كوردییەكاندا خراوەتە بەرچاوی خوێنەران، ئەم ھێژایانەی خوارەوە بەشدارییان كردووە:

زاھیر باھیر، ** ****، ھەژێن، تاھیر ساڵح شەریف، سیروان عەلی، سەلام عارف، شێخ عەبدول

بەرایی:

هاوڕێ زاهیر باهیر، کە ئەناركیستێکی ڕەخنەگری” دەوڵەت ” و ڕەخنەگری تێزی ” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا “ی مارکس و مارکسیستەکانە، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا چەند پەرەگرافێکی لە وتارێکی ” میخائیل باکۆنین* ” لە بارەی دەوڵەتەوە بڵاوکردەوە. بەڕێز ** **** کۆمێنتێکی ڕەخنەیی لەسەر هەمان بابەت نووسی. پاشان هاوڕێ هەژێن هاتە ناو گفتوگۆکەوە. بەدوای ئەویشدا، من [تاھیر ساڵح]، بە کۆمێنتێک بەشداری گفتوگۆکەم کرد و مشتومڕەکە دەربارەی پێویستبوون و پێویستنەبوونی “دەوڵەت” لەڕوانگەی مێژووییەوە درێژەی کێشا و چەند بابەتی لاوەکیش هاتە نێو گفتوگۆکەوە.

لەم گفتوگۆیەدا، دوو تێڕوانینی مارکسیستی و ئەناركیستی بەرامبەر بە “دەوڵەت ” بەرچاو دەکەون، دوو تێڕوانین، کە لە بناغەوە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ چەمکی ” دەوڵەت “دا دەکەن. خاڵی سەرنجڕاکێش  لەم گفتوگۆیەدا، تێڕوانین و تێگەیشتنە ناکۆک و جیاوازەکان نییە، بەڵکو دەرکەوتنی شێوازو گیانێکی نوێیە لە گفتوگۆی نێوان مارکسییەکان و ئەناركیستەکانی کوردستاندا. سەرەڕای جیاوازییە فیکری و جیهانبینییەکان، هەموو لایەک بە گیانێکی هاوڕێیانە، ڕێزنان لە بیروڕای یەکتری و دوور لەسکتاریزمی گروپی و مهاتەرات مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، کە ئەمەش دیاریدەیەکی نوێیە لەناو ئەو گەڕەلاوژە و شیروتیر لەیەکهەڵکێشانەی نێو دنیای سیاسەت و فیکری کوردیدا.

پێویستە ئەوەش بڵێم، کە ئاستەمە ئەم باس و مشتومڕانە لە چوارچێوەیەکی سنوورداری وەک فەیسبووکدا جێگایان بێتەوە. لەسەر پێشنیاری هاوڕێ ” هەژێن ” بڕیارماندا ئەم تەوەرەیە بگوازینەوە بۆ نێو (سایتی کوردستانپۆست ئینفۆ) و (سایتی سەکۆی ئەنارکیستانی كوردستان). بابەتی ” دەوڵەت “، تەوەرەیەکی کراوەیە و هەر کەسێک کە خوازیاربێت بیروبۆچوونی خۆی لەسەر بنووسێتەوە، یان بۆچوون و ڕەخنەکانی خۆی لەسەر ڕوانگەی بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە بنووسێتەوە، دەتوانێت بۆ هەردوو سایتەکەی بنێرێت.

دوایین شت کە پێویستە ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە کە ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، سەرەتایەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکی “دەوڵەت” و هیچ  یەکێک لە بەشداربووانی ئەم تەوەرەیە، ڕوانگەی کۆنکرێتی خۆی و ئەنجامگیری تەواوەتی خۆی سەبارەت چەمکی ” دەوڵەت ” نەخستۆتەڕوو. بەهۆی دەستپێکردنی سەرەتایی باسەکەش، کۆمێنت و بۆچوونەکان پەرژوبڵاون و بە ناچاری پەل بۆ چەند کێشەی لابەلای دیکە دەهاوێژن، کە لەدەرەوەی تەوەرەی [ دەوڵەت و چەمکی دەوڵەت ]ن. بەو هیوایەی کە لە داهاتووی مشتومڕەکاندا، خۆ لە باسی لاوەکی بپارێزرێت.

بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە لەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایل، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

serberg-online

Click to access dewllet-%20online%20version.pdf

http://issuu.com/home/docs/dewllet-_print_version/edit/embed

بۆ چاپکردنی پەرتووکەکە لەسەر کاخەز، کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە

serberg- print

Click to access dewllet-%20print%20version.pdf

http://issuu.com/home/docs/dewllet-_online_version/edit/embed

ڕۆژاوا، ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

ڕۆژاوا، ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

زاهیر باهیر-سلێمانی

٢٠/٠٥/٢٠١٤

بەشی هەشتەم:

 

نۆیەم:مەترسییەکان و پێشبینییەکان:

هەر وەکو لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتەدا پەنجەم بۆ ڕاکێشا کارێکی ئاسان نییە کە پێشبینی ئەوە بکەیت کە لە داهاتوودا ئەم کانتۆنە کوردییانە بەرەو کوێ دەڕوات و چارەنوسیان بەچی دەگات. کۆمەڵێک هۆکار، وەکو هۆکارە دەرەکییەکان لەتەك بارودۆخی ناوخۆ، ڕۆڵیکی یەکجار گەورە و گرنگ دەببینن لە تێشکان یا سەرکەوتنی ئەم ئەزمونە نوێیە.

لە کاتێکدا کە من باس لە سەرکەوتنی ئەم ئەزمونە وەك ئەزمونێکی نوێ، کە لە ئێستادا هەیە، دەکەم ، گەلێک دوورە لەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری کورد و کەسانی دیکەی بەپەرۆشی ئەو پرسەی کورد لە ڕۆژاوا، دەیبینن و تێگەیشتنیان بۆ سەرکەوتن و نوێیەتی ئەم ئەزمونە چییە و چۆنە.  ئەمە جگە لەوەی کە سەرکەوتن لای من سەرکەوتنی هەمیشەیی یا ڕووبەڕوو نەبوونەوەی تێشکان ، نییە. دیدو و بۆچونی من بۆ ئەم ئەزمونە نوێیە– دیسانەوە جەخت لەسەر ئێستای ئەم ڕووداوە دەکەمەوە، نەك ئایندەی – گەر بەم شێوەیەی ئێستا هەنگاو بنێت، هەنگاوێکە بۆ دانانی بەردی بناغەی بینای کۆمەڵگەیەکی نوێ، کۆمەڵگەیەکی ناهیراشیانە، ناقوچکەییانە، کە خەڵكی خۆی بڕیارەکانی ژیانی خۆی بدات، کۆتایی بە دەسەڵاتی بیرۆکراتیانە، کۆتایی بە هەموو چەشنەکانی سەروەرێتی لە هەموو کایەکانی ژیاندا، بهێنێت ، کۆمەڵگەیەك کە دەسەڵات و دەوڵەت و بنچینەکان و پایەکانی ئەوانی تیادا، ونبێت.

من لێرەدا نامەوێت چی دیکە لەسەر ئارەزوومەندی ئەو شێوە خۆبەڕێوەبەرایەتییەی گەل بە خۆی، کە من مەبەستمە،باس بکەم، چونکە لە زۆر جێگای دیکەدا ، سەرنجی خۆمم لەسەر ئەوە داوە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو دیاردەو بنەمایانەی کە ئەم ئەزمونەی ڕۆژاوای کوردستانی لای من کردووە بە ئەزمونێکی نوێ، دروستکردنی ئیدارەی خۆجێی بەهێزی داهاتوو نییە، هەبوونی دەوڵەتی کوردی و حکومەتی کوردی لەو دەڤەرەدا نییە، نەعرەتەی قەومیانەو ئازادی وتنەوەی سرود و زەقکردنەوەی دروشمی کوردی و ئاپۆچێتی نییە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی نانەتەوەیی و بێ هەست و هەژموونی نەتەوەییە، بەڵام پڕ لە نەتەوە، کۆمەڵگەیەکی بێ دین و بێ ئیمان ، بەڵام پڕ لە دین و ئیمانی جیاواز، کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە کولتور و لە فرەزمانی جگە لە زمانی کوردی، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ لە کوڵتوری جیا جیا   و فرەزمانی، کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە ڕەنگ و ڕەگەز و جێندە، هاوکات فرە ڕەنگ و فرەڕەگەز وفرەجێندە.

ئەوانەی سەرەوەیە کە من ئومێدی خۆم و خەڵکانی دیکەی وەکو خۆم لە ماناو تێگەیشتنی وشەی “سەرکەوتنی” ئەو ئەزموونە نوێیە، لە ئەوانی دیکەمان، جیا دەکەمەوە ،بە پێویستیشی دەزانم کە بڵێم من زۆر خۆشحاڵم بەو ئەزمونەو بەوپەڕی تێگەیشتن و توانای خۆمەوە لایەنگری تەواوی ئەو ئەزموونەم، لانیکەمی لە ئێستادا، چونکە سەرباری ئەوانەی کە لە بەشەکانی پێشوودا لەسەریان دوواوم، پێویستە یادی خوێنەر بخەمەوە، سەرەڕای ئەوانەیکە لەسەر بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، تەڤدەم،وتومن، دەڵێم ئەم بزوتنەوەیە بناغەی سێ مەسەلەی گەورەشیان لەو کۆمەڵگەیەدا لەقکردووە، کە یەکەمیان: لاوازی ئافرەت و شاردنەوەی هێز و توانای ئەو بەشەی کۆمەڵگەیە. کارکردنی ئەم بزوتنەوەیە لە سەر هاتنی ئافرەتە بۆ سەر شانۆی ژیان وەکو کارایەك و بینینی ڕۆڵێکی گەلێك گەورە لە هەموو بوارەکاندا.دووهەم:مەسەلەی ناسیوناڵیزم و هەستی ناسیونالیزمییانەیە.ئەمان کار لەسەر کاڵکردنەوەی جەوهەر و ڕەنگ و دروشمی کوردایەتی و نەعرەتەی قەومی، دەکەن.سێیەم: مەسەلەی دین و ئاینە، کە گەورەترین گورزیان لە دین و ئاین، داوە کە لەم بوارەدا بە دەیەها فەرسەخ پێشی نەك هەر خواروی کوردستان، بەڵکو بریتانیایشان داوەتەوە. ئەم سێ پرسە گەورەیەی کە ئەوان کاریان لەسەرکردووەو کاری لەسەر دەکەن جێگای ستایش و لێوەفێربوونە.

 

یەکەم: هۆکارە دەرەکییەکان:

* ڕژێمی ئەسەد و هاوسەنگی هێز:

بێ گومان سەراپای بارودۆخەکە لە سوریا لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەوە گۆڕاوەو هاوکێشەکان لاسەنگ بوون. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا هێز و ئومێدی سەرکەوتن بە لای هێزی ڕاپەڕیواندا دەشکایەوە و ئێستاش پێچەوانەکەی دەبینرێت.

بەڕای من ئەسەد هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا زۆر زیرەکانە مامەڵەی لەتەك ڕوداوەکاندا   کردوەو دەکات ، بۆ ئەمەش دوو سیاسەتی گرنگ و کارای بەڕێکرد.یەکەمیان:کشانەوەی هێزەکانی لە دەڤەرە کوردییەکاندا ،گەرچی بەشێکی بەهۆی فشاری گەورەی خەڵکی کوردستانەوە بوو. دووهەمیان: سنورو خۆکردنەوە بوو بۆ ڕێکخراو و هێزە تیرۆریستەکان. گرتنەبەری ئەم تاکتیکەش دوو لێدانی ( زەربە) گەورەی لە خەڵکانی ڕاپەڕیو، دا. یەکەمیان: هێزە تیرۆریستەکان توانییان تەواوی ئاقار و مەبەستی ڕاپەڕینی خەڵکی بگۆڕن و ئیحتیوای بکەن ، بەم کارەش پرۆسەی ڕاپەڕینەکەیان قێزەوەند و مەترسیدار کرد تا ئەو ڕادەیەی کە لە ئێستادا هێزێکی کاریگەر بەناوی لەشکری ئازاد، کە ناوی دەرکردبوو، نەماوەتەوە و بوونی نییە. دووهەم: بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە ئەسەد توانی سیاسەتی ئەمەریکا و ئەوروپا و فەرمانڕەوایانی ناوچەکەش سەبارەت بە هەست و سۆزیان بۆ ڕاپەڕیوان و کۆمەککردنیان، بە تەواوی کەمبکاتەوە. ئەسەد بە کردەوە نیشانیدان، کە جێگرەوەی ئەو و ڕژێمەکەی، ئەم تیرۆریستانەن، نەك لایەنێکی دیکە.

دیارە کە ئەمەی لە سەرەوە وتم ئەوە ناگەیەنێت کە لە ئایندەشدا بارودۆخەکە بە قازانجی ئەسەد و ڕژێمەکەی دەگەڕێتەوە، چونکە لە سیاسەتدا شتێکی چەسپاو،جێگیر،نییە، هەروەکو چۆن نە دۆستی هەمیشەیی و نە دووژمنی هەمیشەیی،هەیە، بەڵکو بەرژەوەند و بەرژەوەندی هەمیشەیی، هەیە. بەڵام قسەی من لەسەر ئەم سات و کاتەیە هەم لە هەڵسەنگاندنی ئەم ئەزمونە نوێیە وهەم سەرجەمی شتەکانی دیکەش. کەواتە لەم بارودۆخەدا سێ ئەگەر وجودی هەیە: یەکەم : ئەو جەنگەی کە ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا دەیکەن، – ئاشکرایە لە ئێستادا جەنگەکە جەنگی خەڵکی نییە- گەر بیدۆڕێنن و ئەسەد بە سەرکەوتووی لەم مەیدانی جەنگەدا بێتە دەرێ، هاوکاتیش سیاسەتی بەرامبەر بە کورد لەوێ بگۆڕێت و ڕێگا بدات کە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە لە ئێستادا هەیە ، بە هەندێك دەستکارییەوە، کە لە بەرژەوەندی ئەو و ڕژێمەکەی بێت، بمێنێتەوە، ئەوە جۆرێك لە جۆرەکانی ئۆتۆنۆمی، بەرقەرار دەبێت. دووهەم : ئاگربەستێك لە نێوانی موعارەزەی سوری – نەك کوردەکان- لەتەك ڕژێمدا لەسەر بناغەی دەستکێشانەوەی ئەسەد و پارتەکەی پاش هەڵبژاردنێکی ئازاد. لەم حاڵەتەدا گرانە کە بزانرێت کێ یا چ لایەنێك جڵەوی دەوڵەت دەگرێتە دەست و هەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد و کێشەکەی چۆن دەبێت. سێیەم: هەرەسهێنانی ئەسەد و ڕژێمەکەی لەسەر دەستی هێزە تیرۆریستەکاندا و جێگرتنەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی بەوان. ئا لەم بارەدا بەڕای من کورد نەك هەر نابێت بە هیچ، بەڵکو ئەوەشی کە هەیانە لە دستیان دەچێت. دیارە ئەگەری دیکە بۆ تیاچوونی ئەسەد وەکو مردنی ، کوشتنی، کودەتای سەربازی ، کە ئەگەرگەلێکی لاوازن ،هەنە.

 

* سیاسەتی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە تایبەت تورکیا:

ڕوودانی ئەو ئەگەرانەی کە لە سەرەوە دەستنیشانم، کردن مەحاڵە بە بێ ڕازیبوونی، یا لانیکەم پرس و ڕاوەرگرتنی تورکیا و دەوڵەتەکانی ناوچەکە. دەوڵەتی تورکی لە دوو ڕووەوە بە کێشەی سوریاوە، پەیوەست و بەستراوەتەوە. یەکەمیان: بوونی کورد لە تورکیا و کێشەکەیان. لە ئێستادا هەڵوێستی تورکی بەرامبەر بە کوردانی باکور و کێشەکەیان، تا ڕادەیەک گۆڕاوە. ئەگەر کێشەی کورد لە باکوری کوردستاندا لابەلا بکرێتەوە، ئەوە هەنگاوێکی گەورە دەبێت لە لابەلا کردنەوەی کێشەی کوردی ڕۆژاوا. ئاشکرایە کاتێك کورد کێشەی لە باکور و باشوری کوردستاندا نەمێنیت، ئەوە ئەگەری لابەلاکردنەوەی کێشەکەی لە ڕۆژاوای کوردستانیشدا، چاوەڕوانکراوە.   دووهەم: ڕژێمی تورکی پەیوەندییەکی گەرم و بەهێزی لەتەك هەندێك لە ڕێکخراو و هێزە تیرۆریستەکاندا تا کۆمەکردنی مادی و مەعنەویشیان، هەیە.

هەرچیش سەبارەت بە دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکەیە، وەکو قەتەر و سعودییە، ئەمان خولقێنەری گروپە تیرۆریستەکانن، هاندەر و کۆمەککاریانن، داڕێژەری نەخشە و پلانی هێڕشبردن و ئایندەیانن. ئەم دوو وڵاتە سیاسەتی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆی خۆیان و وێرانکاری و داڕوخانی وڵاتانێك کە تیرۆریستەکانیان بۆ ڕەوانە دەکەن، گرتۆتە بەر، هەر لەبەر ئەمەش گۆڕینی سیاسەتیان لەم مەیدانەدا بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەسەر وڵاتانی تێوەگلاو بە شەڕوشۆڕی تیرۆریستانەوە، ڕەنگدەداتەوە، ئەمەش لە ڕۆژاوای کوردستاندا لە کاتێکدا کەشەڕی هێزە کوردییەکان، بە تایبەت لە ئێستادا تاکە شەڕیانە لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیانەی وەکو داعش و بەرەی نوسرە، بە ئاشکرا دەبینرێت. لە ئایندەشدا ئاشتی و نائاشتێتی، دۆستی و نادۆستایەتی ئەم دوو وڵاتەی کەنداو لەتەك وڵاتانێك و ئاسایشیان کە ئەم گروپە تیرۆریستیانە کنەی لێدەکەن، لە ڕێگای ئەوانەوە ئەم دوو وڵاتە بە ڕۆڵی خۆیان دەوریان دەبێت.

هەرچی ئێرانیشە، وەك هەمووان دەیزانیین، پاشەڕۆژ و ئایندەی خۆی بە سوریاوە بەستۆتەوە، مانەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی، مانەوەی ئەوانە ، نەمانی ئەسەد و ڕژێمەکەی گەر سیاسەتیان نەگۆڕن، لاوازبوون و نەمانییان دەبێت. سیاسەتیشیان بەرامبەر پەکەکە و پەیەدە ، بە گوێرەی قسەی هەندێك لایەن ، سیاسەتی یارمەتی و هاوکارییە، بەڵام لەبەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەك، من ناتوانم ئەوە بڵێم، تەنها دەتوانم کە بڵێم سیاسەتی ئەوان لەتەك هێزە کوردییەکاندا هەمان سیاسەتی ڕژێمی سورییە ، کە بارودۆخی نە شەڕ و نە ئاشتییە، هاوکاتیش بە حوکمی ئاڵۆزی کێشەکە و دیارنەبوونی ئایندە زۆرگرانە کە بزانرێت لە داهاتوودا ئێران، چ جۆرە سیاسەتێك، لەتەك ڕۆژاوادا بەکاردەهێنێت.

 

سێیەم: سیاسەتی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا:

بەهۆی گەشەی زیاتری سەرمایەداریی و دیاردەی گڵۆبەڵایزەیشنەوە وڵاتێك نەماوەتەوە کەم تا زۆر سەرمایەداری وەکو سیستەمێك نەیگرتبێتەوە، ئەمەش کارێکی ئاوای خولقاندووە کە تەنها وڵاتێك لەم سەرزەمینەدا نییە، ئەوەندەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا: ئابوری، کۆمەڵایەتی ، سیاسی، فەرهەنگی، کولتوریکە بازنەی سەرمایەداری، نەبەزێنێت بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت. ئیدی کەم تا زۆر، دوور تا نزیك هەر وڵاتە بووەتە پاشکۆی ئەوی دیکەیان و بێ هاوکاری و بێ یارمەتی یەکدی، یا ژیانیان مەیسەر نابێت یاخود لە هەندێك بنەماکانی ژیان بێ بەش دەبن.

هەر لەو ڕوانگەوە من ڕام وایە کە لەکاتێکدا بەرەنگاربوونەوەیەك، ڕاپەڕینی خەڵکانی وڵاتێك دژ بە فەرمانڕەواکانیان و سیستەمی فەرماڕەوایەتییان، لە هەر شوێنێکدا سەری هەڵدابێت یا سەر هەڵبدات کارایی و هەژموونی خۆی لەسەر خودی سەرمایەداری داناوە و دادەنێت، هەر بەم هۆیەشەوە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەوانی دیکەشیان ، ناتوانن دەستەوەستان و دوورەپەرێز دابنیشن، بەم هۆیەشەوە هەڵوێستی دۆستایەتی یا دژایەتی لێوەردەگرن و دیارە ئەم هەڵوێستەشیان لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوندییەکانیاندا دەبێت.

بێ گومان ئەمەی ڕۆژاواش لەو هاوکێشەیەی سەرەوە، چ لە ڕوی بزوێنەری بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی خەڵکی ڕۆژاواوە و چ لە ڕوی سەرەنجامەکەشییەوە، کە لە ئێستادا، وەکو ئەزموونێکی نوێ خۆی دەنوێنێت، دەرناچێت.

ئاشکرایە هێزی بزوێنەری بزوتنەوەکەی ڕۆژاوا پەیەدەیەو پەیەدەش زۆر نزیکە لە پەکەکەوە و پەکەکەش ئەو هێزەیە کە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا بە هێزێکی مەترسیدار و تیرۆریستی دەزانن. ئەم سیاسەتەی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا بەرامبەر بەوان تا ئێستاش هەر وایە، ئەمەش یانی کۆنترۆڵنەکردنی پەکەک و پەیەدە و هێزەکانیان، لەلایەن ئەوانەوە، بە واتایەکی دیکە یانی زامننەکردنی بەرژەوەندییەکانیان لەوەی کە پەکەکە و پەیەدە لە ئێستادا بەدەستیدەهێنن.  ئەگەر ڕوونتر قسە بکەین دەڵێین ئەو دەستکەوتەی ڕۆژاوای کوردستان، لانیکەمی لە ئێستادا، نە لە بەرژەوەندی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوایە و نە لە بەرژوەندی وڵاتانی دەرودراوسێ و ناوچەکەشە بە حکومەتی هەرێمیشەوە کە زۆرینەی ئەم وڵاتانەش پێگەیەکی بەهێزی سەربازی و ئابوری ئەوانن.

ئالێرەوە من دەگەمە ئەو سەرەنجامەی کە بڵێم هاوکاری و دووژمنایەتیکردنی ئەو ئەزمونە نوێیەی ڕۆژاوا لەلایەن ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاواوە دەکەوێتە سەر گۆڕینی سیاسەتی پەکەکە و پەیەدە و ئایندەی ئەو ئیدارە خۆجێیەش خۆی. هێز و پێگەی ئەو ئیدارە خۆجێیەش، دەکەوێتە سەر دوورو نزیکیی لە پەکەکە و پەیەدەوە، واتە ئایا ئەو ئیدارەیە دەتوانێت بە تەواوی سەربەخۆ لە پەیەدە و بزوتنەوەی تەڤدەم بمێنێتەوە و هەمان ڕێڕەوی ئیدارەکانی دیکەی جیهان دەگرێتەبەر، یاخود وەکو ئێستا دەمێنێتەوە و ڕۆڵی بزوتنەوەی تەڤدەم تیایدا گرنگتر و بەهێزتر دەبێت.

دیارە لێرەشدا ڕۆڵی چین و ڕوسیا و ململانێیان لەگەڵ ئەمەریکا و بەرەی ڕۆژاوادا، نابێت فەرامۆش بکرێت کە دەتوانن هاوکێشە و هاوسەنگەکان بەبارێکی دیکەدا بگۆڕن، ئەمەش کارایی خۆیی و دەوری خۆی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان دادەنێت. ئەوەشی تا ئێستا ئاشکرایە پشتگرتنی ئەسەد و ڕژێمەکەیەتی لە لایەن ئەوانەوە، بەڵام ئەوەی کە نائاشکرایە، سیاسەتیانە بەرامبەر بە کانتۆنە کوردییەکان.

درێژەی هەیە