ئەرشیفەکانى هاوپۆل: لێدوان

لێدوان

سەرکردە دز و گەندەڵەکەی  سریلانکە ئەم بەیانییە ڕایکرد  

زاهیر باهیر

13/07/2022

پاش خۆپیشاندان و پرۆتێستێكی زۆر و مانگرتنی کرێکارانی سریلانکە دواجار توانییان کۆتایی بە حوکمداری خێزانی ڕاجەپاکسە  بهێنن .  دوا سەرۆکیان کە Gotabaya Rajapaksa، ڕۆژی شەمەی ڕابوردوو ، 09/07 پاش داگیرکردنی ماڵ و ئۆفیسەکەی بە ناچاری ڕایکرد و خۆی شاردەوە.  لە شوێنێکی شاراوەوە قسەکەرەکەی ڕایگەیاند کە ڕۆژی 4شەمە واتە ئەمڕۆ، 13ی مانگ بە فەرمی دەست لەکار دەکێشێتەوە.  لەگەڵ ئەوەشدا خۆپیشاندەران باوەڕیان پێنەکردو هەر بەردەوامن لە خۆپیشاندانا بەڵام ئەمڕۆ 4 شەمە ، 13ی مانگ بەکاتی وڵاتی مالی گەیشتە ئەوێ . مالی کە وڵاتێکی بچوکە و تەنها ڕوبەرەکەی 8.30 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە زۆر بچوکە بۆ دانیشتوانەکەی کە 252,768 کەسن .

ڕاجەپاکسە ویستی ڕۆژی دووشەمە ڕابکات ، کە چووبووە فڕۆکەخانە لەوێ کارگەرانی فرۆکەخانە لە بەشی مۆرکردنی پەساپۆرت ، پەساپۆرتەکەیان بۆ مۆر نەکرد و ئیتر ناچاری گەرانەوە بوو بۆ حەشارگە شاراوەکەی .  بەڵام ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی جێتی سەربازیی خۆی و خێزانەکەی و دوو پاسەوانی شەخسی بە دزییەوە دەرچون و گەیشتنە وڵاتی مالی .

ڕاجەپاکسە پیاوێکی زۆر گەندەڵ و دز و بێ بەزەیی بووە .  لە نێوانی ساڵی 2005 و 2015دا وەزیری بەرگری بوو کە براکەی سەرەککۆمار بووە.  لەو کاتەدا توانی بە زەبری کوشتن و فڕاندن و هەڵکەندنی تامیلییەکان زیاتر لە 40 هەزار لە پڵنگەکانی تامەلی بکوژێت و ئێستا زۆرێكیان هەر بێ ناونیشان و بێ شوێنن .

بۆچی تا ئێستا بە فەرمی دەست لەکار کێشانەوەی ڕانەگەیاندووە؟

تا ئێستا ئەم کابرایە بە فەرمی دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە ئەویش لەبەر ئەوەی هێشتا نەگەیشتۆتە جێگای مەبەستی کە ئیمارەتە.  ئیمارات وڵاتی سەرۆکان و دیکتاتۆرانی تڕۆکراو و لێکەوتوە ، کە بریارە ئەمڕۆ بگاتە ئەوێ .  بە گوێرەی یاساو دەستوری سریلانکە سەرۆك کۆمار پارێزبەندی هەیە هەتا بە فەرمی سەرۆك بێت ناتوانرێت بدرێتە دادگە .  ئەمیش دەیزانی کە هەر بە فەرمی دەست لەکار بکێشێتەوە یەکسەر دەگیرێت پاش تۆمارکردنی دەعوا  لەسەری  دەدرێتە دادەگە.

چی چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا؟ :

بڕیارە لەم یەك دوو ڕۆژەدا حکومەتی نوێ پێكبهێنرێت.  خۆپیشاندەران نایانەوێت ئەوانەی لە حوکمی پێشوودا بەشدار بوون بە هۆی دزی و گەندەڵییانەوە لە حکومەتی نوێدا بەشدار بن .

دروستبوونی حکومەتی نوێ زەحمەتە بتوانێت بارودۆخی سریلانکە سەقامگیر بکات.  سریلانەکە 51 ملیار دۆلار قەرزاری صندوقی دراوی نێودەوڵەتیە و مایە پوچی خۆی ڕاگەیاندووە چونکە ئەوەی زەررورە لەوێ دەستناکەوێت .  بۆ ئەوی کە تۆزێك بارودۆخە بێتەوە سەر خۆی بۆ ماوەیەکی کەم، ئەوە دەبێت صندوقی دراوی نێونەتەوەیی 4 ملیار دۆلاری دیکەی بە قەرز بداتێ ، ئەمەشی پێنادرێت ئەگەر حکومەتی نوێ سەر بە ئەمەریکا و غەرب نەبێت .

دەکرێت حکومەتی نوێ پەنا بۆ پوتین بەرێت تاکو نەوت و غازی هەرزانی پێبدات و شتێکیش قەرزی بداتێ ، ئەم بژێرەیەشی لەبەردەمدایە .  هیندستان چی تر ئامادە نییە کە هاوکاری ئابوریی بکات هەر وەکو چۆن ئامادە نەبوو کە ڕاجەپاکسە بە تەیارەی سەربازیی ڕابکات بۆ ئەوێ.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕووداوەی کە لە سریلانەکە روی دا گەورەترین روداوە لە دوای ” سەربەخۆبوونییەوە” لە ساڵی 1948 وە چونکە خەڵکەکەی توانییان خراپترین حکومەت کە زیاتر لە 20 ساڵە لەوێ حوکم دەکات بە بڕواکردنە سەر خۆیان و یەکێتییان و بەکارهێنانی کەمترین توندوتیژی لە لایەن ئەمانەوە کۆتاییان بە ڕژێمی کۆن هێنا.  ئێستاش هەر کەس و لایەنێکی دیکە بێنە سەر حوکم گەر چاکسازی لە ژیانی خەڵکیدا نەکەن بە دڵنیاییەوە هەمان خەڵك بە ئەزموونی زیاترەوە دەتوانن ئەویش لا بدەن .

ئەوەی گرنگە لێرەدا بەرگری و بەرخۆدانی خەڵکییە دژ بە زوڵـم و زۆر و ستەمکاریی، زۆر زیاتر لەوەی کە کێ دەهێننە سەر حوکم ، چونکە ڕووداوەکان بە گوێرەی خواستەکانی خۆمان ڕوو نادەن و هەلو مەرجی لانی کەم ناوچەییاان دەوێت بۆ ئەوەی کە دەتەوێت بیکەیت ، بۆیە ڕاپەڕیوان بە گوێرەی ئەو هەل و مەرج و بارودۆخەی کە بۆیان دەڕەخسێت گۆرانکاری دەکەن نەك بە گوێرەی لەوەی کە سەد دەر سەد دەیانەوێت.

……….

وێنەی دووهەم وێنەی خەڵکییە کە لە ڕیزدان بۆ بینینی ناوو دەرەوەی کۆشکی سەرەککۆمار.

لێدە، بیکوتە

زاهیر باهیر

01/07/2022

لێدە تەپڵی شادمانی جەنگ با دەنگی بەرزتر بێت… بیکوتە دەهۆڵی شەڕی بەرژەوەندیی، تا صەدا و زرمەی بڵندتر بێت ، با لێدانی کەڕەنای جەنگ دڕ بە تاریکی و لێڵی و بێ دەنگی ئاسمانی سووری ڕەنگگرتوو بە خوێن، زیاتر بدات …. با قەڵای لاشە و کەلەسەری  کوژراوان و قوربانیانی جەنگ باڵابەرزتر و بەهێز تر بێت … با لافاوی خوێنی سەربازانی بەزۆرگیراو و خەڵکانی بێ تاوان ڕەنگەکەی, سووری تۆختر بێت…. با قوڕی گیراوەی  سەری باوکان و دایکان و ئازیزانی قوربانییەکان لە هەموو کات زیاتر خەستتر بێت ….. با فرمێسکی زیاتری چاوی دایکان و خوشکان جۆگەلەکەیان بە خوڕتر بێت…. با دەروازەی جبەخانەکان و کارخانەکانی جەنگ بۆ هەمیشە ئاوەڵاتر بێت ….با مامەڵەی کڕیاران و بازرگانانی جەنگ و خوێن هەمیشە لە برەودا بێت….. تا سامان و سەرمایەی زیاتری کەڵەکەبووی سامانداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکان زیاتر بێت                                                                       

چۆن بڕیارێك دەردەکەن بیکەن …. چۆن هاوکاری جەنگ و خوێن دەکەن بیدەن….دەی چی لە ئێوە دێت ئەی بڕیاردەران و سەرکردەکانی جەنگ… پوتین ، بایدن ، بۆریس، ئیمانوێل و ئەوانی ترتان؟ خوێنتان لەبەر ناڕوات ، تەنانەت دڵۆپێك عارەقیشتان لێ ناچۆڕێت….  منداڵ و ئازیزانتان بە بەلاش تیاناچێت… با لەوان بڕوات … بۆچی نەڕوات؟ … ئەوان لە کاتی ئاشتیدا با سامان و سەرمایە دروست بکەن و لە کاتی جەنگیشدا با پارێزگاری لێبکەن….  ئەوان هەر بۆ ئەوە باشن و  مەخلوقێكن بۆ ئەوە دروستکراون .. زیندەوەرانێکن بۆ بارکێشان و کارکردن و بەکارهێنان خولقێنراون ….. دەی با دەهۆڵ و کەڕەنای جەنگ دەنگیان بڵند تر صەدایان ترسناکتر و کاراییان مەترسیدارتر بێت …..

پەمپی کەن … پارەی زیاتری تێخەن… هاوکاری چەك و تەقەمەنی زیاتری بکەن….بوغرایی ژێلینیسیکی و هاندانی ئێوەی سەرکردەکان و بڕیاردەرانی  جەنگ و فاشییەتی پوتین با وڵاتێك وێرن بێت … با گۆمی خۆێن  قووڵتر بێت ….با کاری زیاتر بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان پەیدا بێت … با بەخەڵکانی بەیەکەوە ژیاوی چەند سەد ساڵە لە یەك بترازێن و بەش بەش بن …. چی لە ئێوە دێ؟  ئێوە چ دەربەستێكن؟…

ئێوە جەنگێك بەڕێوە دەبەن کە هەژاران زیاتر هەژار دەکات … کە جەرگسوتاوان زیاتر خەمناك و وێڵی ژیانی مندالەکانیان دەکات ….. ژینگەی سروشتی و ژینگەی ژیانی دانیشتوانی  چەند وڵاتێك وێران دەکات …..ئێوە جەنگێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن.

سەخاوەتی ئێوە لە بن نایەت..، بە ملیار دۆلار و پاوەند و یورۆ دەخنە ئەم پرۆژە گەورەیەوە … پرۆژەی جەنگ و خوێن … بۆ یەك چرکەش بیر لەوە ناکەنەوە کە بوجەکەتان کەم و کەمتر دەبێتەوە … کەسێك لە پەڕلەمانتارەکانیشتان گلەیی و بناشتێك ناکات … بۆ ئەم بازرگانی و جەنگە ئێوە دەستکراوەن .. پارەتان زۆرە … ئیدی گرنگ نییە لە ئەمەریکا زیاتر لە 30 ملیۆن کەس ئەکسێسی چارەسەری بەلاشی نەبێت … گرنگ نییە ڕۆژانە بە سەدان کەس هەر لەوێ یا بکوژرێت یا خۆی بکوژێت … با پیشەسازی چەك و تفاقی کوشتن بەردەوام بێت.. گرنگ نییە لە وڵاتەکەتا ئەی بایدن بە ملیۆن کەس لە هەژاری و بێ خانووبەرەدا بژین … بۆ هەموو ئەمانە پارە هیچ نییە … لە بریتانیاش با هەر ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە سەرکەوێت ، با کولفەی ژیانی دانیشتوانەکەی گرانتر بێت … با کرێکارانی ڕێگاو هاتووچۆ و بەشی تەندروستی و فڕۆکەخانەکان و مامۆستایان و پۆست و گواستنەوەی پێویستییەکان و بەشەکانی خزمەتگوزاری و ئەوانی دیکە هەر شەقام بکوتن بۆ زیادکردنی مووچە … با هەر مانبگرن بۆ چەند پاوەنێکی زیاتر …با 6.5 ملیۆن نەخۆش هەر لە ئینگلتەرەدا لە لیستی چاوەڕوانی دکتۆر و نەشتەگەریدا بن…..  بۆ هیچ یەکێك لەمانە پارە نییە بەڵام بۆ بەردەوامدان بە شەڕ … بەردەوامدان بە کوشتن و بڕین و وێرانکردنی خاك و نیشتمانی ئۆکرانییە داماوەکان پارە کێشە  نییە .. بوجەی تایبەتی ناردنی چەکی قورس و هەموو کەرەستە و ماتریالیەکانی  جەنگ گرفتێك نییە … ئێوە هەموو ئەمانە دەکەن ئەی بڕیاردەرانی جەنگ و وێرانکاریی … بەڵام ئەوەی کە ئەم جەنگە دەباتەوە تەنها و تەنها دوو کەسە لە ناوتانا : پوتین و ئەردۆگان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان .   جەنگێکتان دەستپێکردوە کە ناتانەوێت کۆتایی پێبهێنن، داخوازی و پێشنیار و چاوەڕوانیتان بەزاندنی پوتین و گۆڕینی ڕژێمە … بەڵام خۆتان دەزانن کە پوتین وا بە ئاسانی ناچیتەوە دواوە .. بەهای ڕۆبل لە ئێستادا بەرزترە لە سەردەمی پێش شەر،  ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەوێ کە 8.1 هێشتا نزمترە لە بریتانیا و تورکیا و هەندێك وڵاتی دیکەی ناتۆ.. ڕێژەی پەسەندکردنی کەسایەتی پوتین-یش زیاترە لە پێش جەنگەکە.   

 

ئێستاش بۆیان بکرێت هەمان شت دەکەنەوە

زاهیر باهیر

20/06/2022

کۆنگۆ یەکێك بووە لە کۆڵۆنییەکانی دەوڵەتی بەلجیکا و لە ساڵی 1960 خەڵکی کۆنگۆ بە خەبات و تێکۆشانیان توانییان خۆیان لە کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکا ڕزگار بکەن و پاتریك لومومبا ،Patrice Lumumba ، لە ڕۆژی 01/12/1960 دا بوە سەرەك وەزیرانی ئەوێ .  

لەبەر ئەوەی کۆنگۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو بە یورۆنوێم و تەختە و عاج ترسی ئەوەشیان لە پاتریك هەبووە کە کەسێکی چەپ بووە نزیكبێتەوە لە ڕوسیا و ڕوسیاش دەستی بکات بەم سامانە سروشتیانە.  دوای ئەوەش پاتریك  یەكێك بوو لە ئایکۆنەکانی خەباتی ئەفریقییەکان.

ئەم هۆکارانە مەترسی زۆری هەبوو بۆ ئەمەریکاو بەلجیکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆیە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێری خەستی تۆڕی سیخوڕیی سی ئای ئەی-دا بوو دواتریش توانرا بەشێك لە بزوتنەوەکەی ئەوێ و لایەنگرانی خودی پاتریك هەڵگێڕنەوە دژ بە پاتریك و ڕژێمە نوێیەکەی .

ئەم کارە زۆر بە جددی وەرگیرا و بەکرێگیراوەکانی بەلجیکاش هاوکاری گەورەی ئەو لایەنەیان کرد کە دژ بە پاتریك و ڕژێمەکەی وەستابوونەوە.

لە ساڵی 1961 دا کەمتر لە ساڵێك حوکمڕانی پاتریك،  کودەتایەکیان کرد و ڕژێمە نوێەیەکەی کۆنگۆیان ڕوخان.  لە کودەتاکەدا  پاترییکیان گرت و بەندیان کردو  ئەشکەنجەیەکی دڕندانەیان دا. دواتریش لە لایەن  تیمێکی ڕاهاتوو لەسەر کوشتن تەقەیان لێکرد و کوشتیان. لەمەش خراپتر سەرکردەی پیلانەکە  کە سەرکردەیەکی میلیتەری  بەلجیکی بوو دوای دەرهێنانی دوو دانە ئاڵتونییەکەی، لاشەکەی پاتریکی خستە ناو ئەسیدەوە و دوو دانە ئاڵتونییەکەشی هەواڵەی حکومەتی ئەو کاتەی بەلجیکا کرد.

ئەمە هەر ئاوا بە نهێنی مایەوە تاکو   ساڵی 2000  کە کۆمیساری پۆلیسی بەلجیکا جیرارد سۆیتێ دان بەوەدا دەنێت کە تەرمی لومومبای پارچە پارچە کردووە و پاشماوەکانی بە ئەسید  تواونۆتەوە. ئەم کابرایە ئەم نهێنییەی لە بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتەری تی ڤی بەلجیکادا کەشف کرد.  هەر لەوێدا دوو دانی ئاڵتونی نیشاندا کە گوایە هی پاتریکە بەڵام گلەیی و بناشتێکی زۆری هاتە سەر.

پاش ئەم هەموو ساڵانە ئێستا بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو کێشەیە و ئاساییکردنەوەی  پەیوەندی نێوانی هەردوو دەوڵەت  هەردوو دانەکەیان لە کەیسێکی نایابدا لە لایەن سەرەك وەزیرانی ئێستای بەلجیکاوە رادەستی کوڕکەی پاتریک، ڕۆلاند  و خێزانەکەی پاتریک کردەوە .

پاتریك ئەو کاتەتە  تەمەنی  تەنها 35 ساڵ بوو، تاکە گوناهی ئەو بەرگرییکردن خەباتکردن بوە بۆ وڵاتەکەی بە ڕزگارکردنی لە چنگی دەوڵەتی داگیرکەری بەلجیکی.

  کۆنگۆ لە سای کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکادا لە ساڵی 1885 دا و لە ماوەی 23 ساڵی حوکمکردندا 10 ملیۆن لە دانیشتوانی کۆنگۆ لە پێناوی دەستکەوتنی عاج و لاستیك و دار و تەختە ویورۆنوێمدا بە هۆی برسییکردنیان و ئافات و پەتاوە ناچار بە مردن کردووە.

هەرگیز متمانە بە قسەی سیاسییەکان و بزنسمانەکان مەکە

زاهیر باهیر

20/05/2022

لە 31 ی ئۆکتۆبەرەوە تاکو 12 ی نۆڤەمبەری پارەکە ، 2021 ، کۆنفرانسیێك سەبارەت بە پرسی ژینگە لەسەر خواستی یو ئێن لە سکۆتلەندە/ بریتانیا بەسترا کە حکومەتی بریتانیا خاوەنماڵ بوو.  لەم کۆنفرانسەدا کە پارەیەکی خەیاڵی تێدا سەرف کراو قسە و باسێكی بێ شوماری بێ مایە لەسەر ژینگە کرا و بەڵێنی زۆری بێ بەرهەمی لەسەر درا … کە دەبێت ئاوا بکرێت و ئاوا نەکرێت .  هەر یەك لە دەوڵەتاکان بڕێك لە بەرپرسیاری ڕیفۆرمکردنی ژینگەیان لە ستنوری خۆیانا خستە سەرشانی خۆیان بۆ ئەمەش وەختیان دانا بۆ جێ بەجێکردنی بەرنامەکانیان.

بریتانیا کە یەكێك بوو لەوانە و کۆنفرانسەکەیان هەڵدەسوڕاند بەڵێنیان دا تاکو 2050 ئیتر کێشەی ژینگە ئەوەندە چارەسەر بکرێت کە چی تر مەترسی بۆ خودی ژینگە و سروشت خۆیان  و بۆ دانیشتوانیشی دروست نەکەن.

لەگەڵ ئەم هەموو کارئاسایی و قسە زلانەدا هەر لەو کاتەدا سەرەکوەزیرانی ئیرە ، بۆریس جۆنسۆن، بە تەیارە لە سکۆتلەندەوە گەڕایەوە بۆ لەندەن ، هەر ئەو کاتەش سەرۆکی یەکێتی ئەورپاش بە تەیارەی جێت سەفەرێکی دەوروبەری 100 کیلۆمەتری لە شارێکەوە بۆشارێکی دیکە  کرد ، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە بزنسمانە گەورەکانی دونیا بە تەیارەی تایبەتی خۆیان هاتبوون بۆ کۆنفرانسەکە و گەڕانەوە.

هەر ئەو کاتە دەبوایە بمانزانیایە ئەوانەی کە ئەمان بە قسە دەیڵێن و ڕای دەگەیەنێن و بە کردەوە نایکەن و خۆیان باوەڕیان پێی نیە.

قسەی من لەسەر بریتانیا و سیاسییەکانی ئێرەیە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکرایەوە کە لە نیوانی ئێستاو ساڵی 2025 دا 50  پلان لەسەر مێزی پەسەندکردن و وەرگرتنی مۆڵەت هەیە تاکو جێ بەجێ بکرێن حکومەت بڕیاری مۆڵەتەکان بدات.  بێ گومان پلانی وێرانکردنی زیاتری ژینگە.

هەر لە مانگی جێنیوەریدا واتە کە هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزی ڕەزامەندی لەسە بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە وشك نەبووبووە حکومەتی بریتانی مۆڵەتی بە کۆمپانیای نەوت و کێڵگەی گازی ئەبی گەیڵ لە ڕؤژهەڵانی سکۆتلەندە دا، ئەمە لە کاتێكدا کە مۆڵەتی فراونکردنی کانەکانی خەڵوز لە باشووری وێڵس هەر لە کۆتایی ئەو مانگەدا درا. ” تەنها لە ماوەی شەش مانگدا بەریتانیا لە بانگەشەکردنی خۆی وەک پێشەنگی کەشوهەوا ڕۆیشت بۆ پاڵپشتیکردنی سووتەمەنی بەردینی، هەر ئەو شتەی کە باری نائاسایی کەشوهەوا دەباتە پێشەوە” ئەمە قسەی بەرێوەبەری کۆمپانیای Uplift بوو.  درێژەی بە قسەکان داو وتی :  “ پارانەوەی دەوێت بۆ باوەڕپێکردنی ئەمە. فراوانکردنی نەوت و غازی دەریای باکوور بەو مانایەیە کە بەریتانیا – کە هێشتا سەرۆکایەتی بەڕێکردنی ئەم پلانەی بە دەستەوەیە – ئێستا وێرانکەرێکی مەترسیدارە بۆ کەشوهەوا”.

ئەمە لە کاتێکدا کە توێژینەوەیەکی زانستی نوێ لەم هەفتەیەدا دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی شوێنەکانی ئێستای سووتەمەنی بەردینی پێویستیان بە زوو داخستنی دەبێت ئەگەر بمانەوێت ڕێژی گەرمکردنی جیهانی  لە سنووری پێوەری گەرمکردنی جیهانی 1.5C بمێنێتەوە کە لەلایەن حکومەتەکانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری کراوە.

دەکرێت لێرەد خاڵێکی گرنگ باس بکەم کە ئەویش لە ئێستادا ناو بەناو وەزیرەکان و بزنسمانەکان قسە لەسەر کردنەوەی کانی نوێیی  خەڵوز فراوانکردنی ئەوانەی کە هەن دەکەن .  ئەمە لە کاتێکدا کە مارگرێت تاچتەر کە لە ساڵی 1979 دا هاتە سەرحوکم پاش مانگرتنە مەزنەکانی ماینەرر ساڵی 1984/1985 و تێشکانی، توانی کە کانەکان داخات و ئەو هەموو کرێکارانە بێ کار بکات کۆمۆنێتی  ئەو ناوچەیەش کە کانەکانی داخرابوون وێران بوو.  دیار بوو بڕیارەکەی تاچتەریش بڕیاری سیاسیانە بوو بۆ تێشکانی نقابەی ماینەر بوو کە کرێکارانی زۆر یاخی بوون سەرۆکی نقابەکەشیان ، ئەرسەر سکارگڵ ، سۆشیالیست بوو.  ئیدارەی ئەو کاتەی بریتانی دەیزانی تێشکانی ئەوان یانی تێشكانی سەنگەری بەهێز و  یەکەمی کرێکارانی بریتانیا و تێشکانی یاخیترین بەشی کرێکارانی بریتانیایە. ئەو کاتە حکومەت دەیوت ئێمە خەڵوزمان ناوێت ، بەڵام دواتر خەڵوزی پؤلەندییان هێناو  نرخەکەش زۆر گرانتر کەوتەوە لەوەی کە لە بریتانیا بەرهەم دەهێنرا.

ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا پلانەکەی پوتین تەکمیلە دەکەن: 

زاهیر باهیر

28/04/2022

پێش ئەوەی کە کرۆکی مەبەستەکەم ڕون بکەمەوە، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئۆکارانیا یاخود ناتۆ هەرچییان کردبێت و پێشینەیان هەر چۆن بووبێت بەو مەرجەی کە پلانی هێڕشکردنە سەر ڕوسیایان دانەنابێت ، شتێک نییە کە پاساوی هێڕشی دەوڵەتی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بکات ، دوای ئەوەش ئەوەی کە سوپای ڕوسیا و پوتین دەیکەن لەوێ وێرانکاری و کوشتن و بڕنی خەڵكە واتە سوتاندنی تەڕ و وشك بە یەکەوە ئەوەی دڵی هەبێت و مرۆڤایەتی هەبێت دەبێت دژی جەنگ بێت بەلام بۆ ئەوەش دەبێت ددژی سیستەمەکە بێت نەك بە تەنها دەوڵەتی ڕوسیا و یا ئۆکرانیا.

هاوکاتیش ئەوەی کە ناتۆ و وڵاتانی غەرب دەیکەن تەنها و تەنها تەواکردنی پلانەکە ی پوتینە و وێرانکردنی تەواوی ئۆکرانیایە و کردن بەشێکی زۆری گەلەکەی بە کۆچەر و پەنابەر ، کە لە ئێستادا زیاتر لە 11 ملیۆن لە خەڵکەکەی دەربەدەری وڵاتان بوون.

 ئەوەی ناتۆ و غەرب دەیکەن بە دانی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا و هەرا و هۆریای هاوپشتی و ئەم شتانە بۆ وەستانی شەڕ نییە بۆ “سەرکەوتنی” ئۆکرانیا بەسەر ڕوسیادا نییە ، خۆیان زۆر باش دەزانن لەگەڵ ئەو هەموو یارمەتییەی ئەواوند بە هەر هەموو شێوەیەك تەنانت بە هەبوونی کەتیبە سەربازییەکانیشیان لە ئۆکرانیا و ڕاهێنانکردن بە بەشێك لە سوپای ئۆکرانیا لە بریتانیا و لە پۆڵندە و لە خودی ئۆکرانیا خۆیدا، کەچی هێشتا سوپای دەوڵەتی روسیا هەر لە هێڕش و هاتنەپێشەوە و وێرانکاری زیاتری ئۆکرانیا بەردەوامە.

لای من دوو مەرج هەیە بۆ وەستانی ئەم شەڕە :

یەکەم: هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ناتۆ و غەرب دژ بە ڕوسیا بێ گومان ئەمە نەك ڕەنگە ڕوسیا تێكبشکێنێت بەڵکو بەشێکی جیهانیش لەناو بچێت لە سەرەنجامی بوونی جەنگەکە بە  جەنگی هێزی ناوکیی.

دووەم : بانگکردنی ڕوسیا بۆ سەر مێزی لیدوان و کردنی سازش لە هەردوو لاوە . واتە دانی شتێك بە ڕوسیا ، دەنا ڕوسیا ڕازی نابێت . هاوکاتیش  دیژکەمکردنی ڕوسیا [ پاشەکشە] لە بەشێك لە داخوازییەکانی .

بێ گومان گریمانی دووەم باشترین حەلە .  گەر چی ئەندامانی ناتۆ و وڵاتانی غەرب دەڵێن کە ئەم شەرە دژ بە ئەوروپا هەموویەتی ، بەڵام هاوکاتیش وەکو ئەوروپا هەمویان داوای لێدوان و ئاگربەستی ناکەن ، تەنانەت ڕیگاش بە زێلینسکی –ش نادەن کە بە کراوەیی و ئازادییەوە وتووێژ لەگەڵ ڕوسیادا بکات .  بەڵام ناتۆ و غەرب ئەوەیان ناوێت ، ئەوان دەیانەوێت ئۆکرانیا بە تەواوی وێران ببێت تاکو :  کۆمپانیاکانیان قازانجی زیاتر بکەن لە سەرمایەگوزاریدا، تاکو بە تەواوی لە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵك لە هەموو شوێنێك دەدەن، تاکو مەزاج و ڕادەی ڕایسیسزم و پێکەوەنەژیانی ، پێکەوەکارنەکردنی ڕوسییەك و ئۆکرانییەك بگاتە ڕادەی خوێنڕشتن بە ئەستورکردنی ڕک و کینەی نێوانیان، تاکو سەرمایەداری تەمەنی درێژتربێتەوە ، تاکو هەیمەنەی ناتۆ و سیستەم و خودی دەوڵەتەکانی بە هەیبەتتر بن ، تاکو چەکە نوێیە دروسکراوەکان بە تەواوی تاقی بکرێنەوە و چەك و تەقەمەنی زیاتر بفرۆشرێت ، تاکو بە تەواوی وڵاتانی سکەندناڤیاش دەبنە ئەندامی ناتۆ …… 

نا بۆ دەوڵەت بە هەموو ئاست و ئیدیۆلۆژییەکانیەوە. خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی کۆمەکی و پێکەوەژیانێکی سەرتاسەریی ئازاد.

جیهان نۆرمان

22/04/2022

خەباتی ڕادیکال دژ بە فاشیستەکان و نازییەکان ، لە ئەوروپای پێش و پاش جەنگی جیهانی دووەم، هەر ئەو دەستە ئەنارکیست و کۆمۆنیستانە بوون کە بە هەمان هەڵوێست لە خەباتدا بوون دژ بە بەرەی «دژە فاشیزم» ی باڵەکانی چەپ و ڕاستی دەوڵەت.  فاشیزم بەرهەمی ئەو بارو و زروفەیە کە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایە لە قەیراندایە و شیرازەی بەرێوەچوونی دەستەڵات و کۆمەڵ لە بچڕان و تێکچووندایە. ناکۆکییە چینایەتییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە، ململانێی نێوان باڵەکانی نێو دەوڵەت، نێوان خودی سەرمایەداران لە گرژی و رقە بەریدایە. پێداویستی ڕاگرتنی سەلامەتی گشتی سەرمایە و دەوڵەتەکەی دژ بە مەترسی سەرهەڵدانی راپەرینی گشتی چەوساوەکان، هەل و مەرجێکی خولقاوە بۆ دەستەیەکی توندڕەوی نێو دەستەلات تا بتوانێت بە زەبری داپڵۆسین و تۆقاندن، خۆ بەختکەرانە، بەرژەوەندی سەرمایە بپارێزن. ئەوەی ناو نراوە بە فاشیزم هەر بەرهەمی سروشتی دەسەڵاتی دیمۆکراسی سەرمایە خۆیەتی . توندڕەوی و بەکارهێنانی زەبر و زۆر لە لایەن دەوڵەتەوە تەنها پەیوەندی بە نەزعەو سایکۆلۆژی کەسەکانی نێو دەستەلاتەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ هەڵقوڵاوی سروشتی دڕندانە و دژ بە مرۆڤ و دژ بە ژیانی سەرمایە خۆیەتی.

هەلوێستی ڕاست، هەر لە سەر ڕێبازی هاوڕێیانی ڕابووردوو، وەك لە سەردەمی جەنگی جیهانی «دووەم» دا، لە ئیتالیا، لە ئەڵمانیا، لە ئیسپانیا، لە هۆڵەندە، لە بەلژیکا، فەرەنسا…، خەباتە دژ بە هەموو بەرەکانی دەوڵەت، دژ بە هەموو ئیدیۆلۆژییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایە، چ فاشیزم، چ دژە فاشیزم. چەوساوەکان تەنها یەك بزووتنەوە و یەك ئامانجی چینایەتیان هەیە، ئەویش لە ناوبردنی چەوساندنەوەی مرۆڤە، لە ناوبردنی تێکدانی ژیانە لە لایەن دەوڵەتەوە، لە لایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانیەوە.

سەرکەوتو بێت یەکیەتی بزووتنەوەی چەوساوەکان بۆ کۆمەڵگەیەك، بۆ پێکەوە ژیانێکی بێدەوڵەتی ئازاد و کۆمەك.

لیبراڵ، فاشیی، چەپی دەسەڵاتخواز

زاهیر باهیر

23/04/2022

چەمکێك نییە ناوی حکومەت و دەوڵەتی دیمۆکراتی بێت مەگەر لە لای لیبراڵەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان و چەپە دەسەڵاتخوازانی ئەنتی فاشیی.  حکومەت یا ڕاستتر دەوڵەت کە مانایەکی فراوانتر و هەمە لایەنە دەگەیەنێت هەموویان لە ناوەرۆکد یەكن کە داپڵۆسەر و سەرکوتکەر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کەمایەتییەکی زۆر کەم و سیستەمی کاری کرێگرتە و کۆیلایەتییین.  بۆ ئەمەش دوو جۆر، دوو شێواز لە حوکمڕانیی بە گوێرەی پێویستییان، دەگرنەبەر .  شێوازێکیان ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە ئەوروپا دەیبینین کە ناوی دەوڵەتانی دیمۆکراتیی و مەدەنی و پێشکەوتوویان بەسەردا بڕاوە ، شێوازی دووهەمیان سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینە ئاشکراکەیە، کە لە ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناوین وڵاتانی دیکە دەیانبینین.

ئەم دوو شێوازە وەکو وتم خزمەتی دەسەڵات و مانەوەی دەکەن کە پەیوەستە بە مانەوەی سیستەمەکەوە بۆ ئەمەش حکومەتەکان یا دەوڵەتەکان پۆلینە کراون:  ئەمیان فاشییە و ئەویان لیبراڵە و ئەوی تریان چەپە.  ئەوەی کە لیبراڵ دەکاتە فاشی و ” دەوڵەتی فاشیی” دەکاتە لیبراڵ و چەپ،  تەنها و بە تەنها بڕ و ئاستی بەرگریکردنە [ مقاوەمەیە].   لە هەر شوێنێك بەرگریی و بەگژاچونەوەی خەڵکی بۆ دەستپێوەگرتنی مافەکانیان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوو،  ئەوە کام لەو دەوڵەتانە چەپن و لیبراڵێکی باشن بێ سێ و دوو دەبنە دەوڵەتێك یا خود  حکومەتێکی فاشییی لە بەرانبەریانا.  لەم بارەیەوە بە دەیان نموونەمان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرە فاشیی و لیبراڵ و چەپی دەسەڵاتخوازە،  بە بەردەوامی لە بەهێزکردنی یەکدیدان.  ئەوەی کە پێی دەوترێت فاشیی، لیبراڵ و چەپ بەهێز دەکات و هاوکاتیش چەپ و لیبراڵیش فاشی و فاشییەت بەهێز دەکەن، کە لە ناوەرۆکدا هەمویان ئامانجی سەرەکییان دەستگرتنە بەدەوڵەتەوە و پارێزگارییە لە سیستەمی مەوجوود، بۆیە هیچ جیاوازییەکیان لەو بارەو نییە .

هەر با تەماشای فەرەنسا بکەین ئەوەی ئیمانوێل مایکرۆنی هێنایە سەر حوکم لیبراڵەکان نەبوون بەڵکو لی پان و حیزبەکەی بوون کە بووە هۆی یەکگرتنی چەپ و نقابە و لیبراڵ و سۆشیالدیمۆکرات لەژێر دروشمی ئەنتی فاشیدا و لە مەترسی هاتنە سەرحوکمی فاشییەتدا دەنگ بە ماکرۆن درا و هێنرایە سەر حوکم .  پاش 4 ساڵ حوکمڕانی ماکرۆن نەك هەر هیچی نەکرد بۆ کرێکاران و کۆمۆنێتی ئەو نەتەوانەی کە لەوێ  جێگیر بووبوون بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانەوە،  بەڵکو زۆر شتی خراپتری کرد و ویستی بیکا وەکو ریفۆرمی کار و سەر کار، لێدان لە نقابەی کرێکاران ، بەرزکردنەوەی ساڵی  تەمەنی خانەنیشیکردن ، زیاتر فشار و بەستدانان بۆ سەر موسڵمانان ڕێگرییکردن لێیان بە بەکارهێنانی یاسای دژە تیرۆر، هەموو ڕێگرییەك لە کۆچبەران و پەنابەران و زۆری تر، لەگەڵ ئەمانەشدا هێستا بۆ 4 ساڵی دیکە ئەم کابرایە هەڵدەبژێرێتەوە و  دێتەوە سەر حوکم .  بۆچی؟ چونکە چەپ و نقابە و سۆشیالدیمۆکرات پێیان باشترە کە دەنگ بە شەیتانی بچوك بدەن تاکو شەیتانی گەورە، دەنگ بۆ مەترسی کەمتر یا بچوکتر بدەن تاکو لە بۆ مەترسی زیاتر یا گەورە تر.

بەم شێوەی ئەنتی فاشیی کە ئایدۆلۆژیی هەناوی چەپەکان و دروشمی سەرەکییانە ڕۆڵی خراپی خۆیان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا بینیوە و دەبینن.  بۆ نموونە لەم جەنگەی ئەمڕۆی ڕوسیا و ئۆکرانیادا،  پشتگیری لە حکومەتی ئۆکرانیا دژ بە ڕوسیا دەکەن لە ژێر ناوی ئەنتی فاشییەتدا، ئەنتی ئیپریالیزم دا ،  هەندێکیشیان پشتگیری لە پوتین و دەوڵەتی ڕوسیا لەژێر ناوی ئەنتی ناتۆ ، ئەنتی غەرب ، ئەنتی سەرمایەدارییدا، دەکەن.

بە کورتی ئەوانەی کە ئەنتی فاشین و ئەنتی ئیمپریالیستین مەرج نییە ئەنتی سەرمایەداریی بن ، بەڵام هەمو ئەنتی سەرمایەدارییەك بێ هیچ جۆرە گومان و دڵە ڕاوکێیەك دژ بە فاشییەت و بە ڕایسسیزم و هەموو جۆرەکانی جەنگن، چونکە دەزانن ڕەگ و ڕیشەی و ئەوانە لە خودی سیستەمەکەدایە، پێچەوانەی ئەوان، ئەنتی فاشیی، کە ئاوا تێدەگەن کە جەنگ و بێ کاری و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی هی دەوڵەت و حکومەتی خراپن، گرفتەکە حکومەت و دەوڵەتی خراپن نەك خودی سیستەمەکە.

Zaherbaher.com

دەسەلاتە جۆراوجۆر و جیاجیاکانی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری جیهانیی لق و پۆپی یەك دارن. 

جیهان نۆرمان

21/04/2022

ڕەگ و ریشەکانی ئەو دارە لە ناخی دڵی مرۆڤە چەوساوەکانی دونیادا، لە ژیان و ژینگەدا ووزە و توانا دەمژێ بۆ سەرمایەداران.

دژایەتی کردنی لقێکی، باڵێکی ئەو بوونە چینایەتیە، وەك دوژمنێکی تایبەت و سەربەخۆ لە کۆی لق و پۆپەکانی تری دەوڵەت، لە کۆی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیی، جگە لە هێز بەخشین بە کۆی سەرمایە هیچ ئەنجامێکی تر ناداتە دەست.

مێژووی ململانێی نێوخۆی بەشە پێکهێنەرەکانی سەرمایە، مێژووی ناکۆکی نێوان پێداویستەکانی مرۆڤ دژ بە پێداویستەکانی سەرمایە، کە بەرهەمی سروشتی کردار و پرۆسەی چەوساندنەوەی پرۆلێتاریای دونیایە، ئەوەی چەند جارە خستە روو، کە سەرکەوتنی ئیدۆلۆژییەك، یاخود باڵێکی سەرمایە بە سەر باڵێکی تردا، هەر لە خزمەتی چەوسێنەراندایە. بەردەوام، بزووتنەوەی شۆرشگێری خۆ ئازادکەرانەی چەوساوەکان، شێوێنراوە و دەشێوێنرێ لە لایەن ئیدیۆلۆژی و سیاسەتی بەرگریکردن لە باڵی دیمۆکراسیی و لیبێرالیزمی دەوڵەتەوە دژ بە باڵی «فاشیزم»، وەك ئەوەی هەردوو باڵەکە لق و پۆپی هەمان سەرچاوە نەبن!

سەرکەوتنی بەرەی دیمۆکراتی بە سەر بەرەی «فاشیزم» دا هەر سەرکەوتنی سەرمایەیە، هەر سەرکەوتنی دەوڵەتە بە سەر ئەلتەرنەتیڤی خەباتی خود ئازادی مرۆڤانەی چەوساوەکاندا.

هێرشی دەسەلاتی سەرمایەداریی لە ڕوسیا بۆ سەر یوکرانیا، وەك هێرشی دەستەڵاتەکانی نێو دامەزراوەی ناتۆ بۆ سەر جێگاکانی تر لە دونیادا، وەك هێرشی دەسەلاتی سەرمایە لە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، بەرهەمی راستەوخۆی هەمان بارو و زرووفە، ئەویش بەرهەمهێنانی سەرمایە لە رێگای چەوساندنەوەی مرۆڤ و سروشتەوە.

سەرکەوتن، یاخود دۆرانی هەر باڵێك هیچ ئەنجامێکی تری نابێت بۆ چەوساوەکان جگە لە زیاتر کۆیلەکردنیان.

یەکێتی خەباتی چینایەتی چەوساوەکانی دونیا دژ بە هەموو لایەنەکانی دەوڵەت، دژ بە هەموو پارچەکانی سەرمایە تاکە رێبازە بۆ بەدیهێنانی کۆمەلگەیەکی کۆمەکیی ئازاد.

بایکۆتکردنی بەرەیەکی سەرمایە تەنها سود بە بەرەکانی تری سەرمایە دەبەخشێ و تواناو یەکیەتی چینایەتی خەباتەکان تێك دەدات.

چ وڵاتێك؟ چ نیشتمانێك؟

جیهان نۆرمان

20/04/2022

چ وڵاتێك، چ نیشتمانێك هەیە لە دونیادا کە مرۆڤ تێیدا کۆیلەی کاریکرێگرتە و سەرمایە نەبێت؟

چ ووڵاتێك، چ نیشتمانێك هەیە لە دونیادا کە دانیشتوانەکەی بە دەستی زۆرداران و سەرمایەدارانی نێو خۆی و دەرەوەی، وەك کۆیلەی کار نەچەوسێنرێنەوە؟

پایە بەرزی، سەروەت و سامان زۆری هەر ووڵاتێك، هەر نیشتمانێك لە دونیادا، گەر بەرهەمی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و ژینگە نەبێت؟ کەواتە بەرهەمی کێ یە، بەرهەمی چییە؟

وڵات، نیشتمان لە هەموو دونیادا، بەهەشتە بۆ دەستەڵاتداران، بۆ سەرمایەداران، بەڵام باری گرانە، زەحمەت کێشان و ژیان لە دەستدانە بۆ چەوساوەکان.

وڵاتی ئازاد، نیشتمانی ئازاد تەنها بۆ دەستەڵاتداران بوونی هەیە، هەرگیز بۆ مرۆڤی چەوساوە نەبووەو نابێت.

هەموو وڵاتێك، هەموو نیشتمانێك لە دونیادا، پارچە زەوییەکی داگیرکراوە لە لایەن دەستەیەکی سەرمایەدارەوە کە لە نێویدا ڕێگە بە«گەلێك» دراوە کە وەك ژێردەستە بە یاسای مافی کۆیلەی کار “بژی”

چەوساوەکان ژیانیان داگیر کراوە، جا لە ئەمەریکا بن، لە چین بن، لە روسیا بن، لە ئەوروپا بن، لە تورکیا بن، لە ئیسرائیل بن،..یاخود لە کوردستان.

ئیدیۆلۆژی و بزووتنەوەی رزگارکردنی ووڵات، یاخود ئازادکردنی نیشتمان، هیچ نییە جگە لە شێواندنی خەباتی چەوساوەکان بۆ زیاتر هێشتنەوەیان وەك کۆیلەی کاریکرێگرتە. چەوساوەکان تەنها یەك خەباتیان هەیە، ئەویش وە دەست خستنەوەی خودی بوونیانە، خودی ژیانیانە وەك مرۆڤی ئازاد. لەم خەباتەشدا هەموو چەوساوەکانی دونیا، بە زمان و نەتەوەی جیاوازەوە، هەر یەك ئامانج، هەر یەك بەرژەوەندییان هەیە، ئەویش لە ناوبردنی سیستەمی سەرمایەدارییە، لە ناوبردنی دەوڵەتە بە هەموو شێوازو ئاستێکیەوە.

دومەڵێك…

دارا جوتیار

07/023/2022

کە هەتوان و چارەسەر دەکرێت، لەبنەوە گوشتەوزوون دەهێنێتەوە تا دێتە سەرەوە سەرەنجام بزمەتە ڕەق و پیسەکە فڕێدەدات و پێست و گۆششتە ساڕێژبووەکە لەپێست و گۆشتەکەی دەوروبەرو پێشتری خۆی جوانتر دروست دەبێتەوە، لێ ئەگەر بیتەقێنیت تەواوی لەشت دەکاتە کێمو زوخاو و برینەکە دەتەنێتەوە پیستر و زیاتر لەپێشتر دەردەدارت دەکات!

مەبەستم لەم نمونەیە:

کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لە برسێتی و بێ نانیەوە تا جەنگە خوێناویەکان هەمیشە باسی شۆڕش و ڕاپەڕینە دەکرێت وەک چارەسەر!

هەموو ڕاپەڕینێك گۆشتەوزوون و چارەسەری برینەکان ناهێنێت، زۆربەی ڕاپەڕینەکان وەک تەقاندنی بێ دەواو دەرمانی دومەڵ و برینەکان وان بەشێوەیەکی کاتی خورویەك و ئازارێک دەشکێنن، لێ بۆگەن و تەنینەوەیەکی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە چەند بەرابەر چارەسەرەکە سەختتر دەکات، ڕاپەڕینی 31 ساڵ پێش ئێستای خەڵکی کوردستان باشرین نمونەیە و دەتوانین هەزاران نمونەی دیکەش هەن لەمێژووی دوور و نزیکدا بهێنینەوە!

هەر ڕاپەڕینێك دەبێت لانیکەمی دەواو دەرمانی دەستبردن بۆ برینەکەی لەهەگبەدا بێت دەنا دەبێتە خۆ گینگڵدان دووبارە گیرخواردنەوە لەناو کێمو زوخاوی برینەکەدا !

پرسیار ئەوەیە….

چ وەك تاك و وەك کۆ، بیر لەگۆڕینی چی دەکەینەوە چی دەخەینە جێگەی چی؟ مەبەستم لە خستنە جێگە، تەنها گۆڕینی دەم و چاو نیە، چون کێشەکە تەنها لەدەمو چاودا نیە، کێشەکە لە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و دابەشکردندایە! کێشەکە لەخاوەنداریدایە، سەرچاوەو هۆکاری خاوانداری و مڵک و دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە چیەو لەکوێوە هاتوە؟ ئەی بنێشت فرۆشێك بۆچی و خاوەنی چی؟

هۆکاری ئەم جیاوازیە گەورەیە چیە؟

ئایا ئامادەین لابردنی ئەم جیاوازیانە بکەینە هەتوانی برین و قڵشتە پڕ لەزوخاو و مەرگەکە؟ ئەو شێواز و فۆرمانەی لە فۆرمی حوکومەتی و پەرلەمانی و ” دیموکراتی “وە تا دیکتاتۆریەت و پاشایەتی و خەلافەت، بەهەندێک جیاوازیەوە جگە لەکوشتار و خوێن و چەوسانەوە شتێکی دیکەیان پێشکەش بە ئێمە کردوە؟

گرفتەکە: خاوەندارێتی “مڵکیەتی ” تایبەت قازانج سەرمایەیە لەسەر یەکتر؍ دەسەڵاتداری و حەزی دەسەڵاتداری پەیوەندی بە مڵکیەت و مشەخۆریەوە هەیە دەنا کەس ئامادە نیە بێ دەسکەوت و ئیمتیاز کار بۆ کەس بکات کە نەیانکردوەو هەرگیزیش نایکەن! جگە لەپڕۆلیتەرەکان کە بەهەڵخەڵەتاندن و زەبر خراونەتە خزمەت کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارەکەوە!

دەسەڵاتدریی گرفتە،

یانی تا پەیڕەوی لەشێوەکاری بەڕێوەبەری دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتیی بکەین کە دەسەڵات دەبەخشێتە کۆمەڵە کەسێك، یانی زۆربە بێدەسەڵات دەمێننەوە ئێمە هەر لەناو زوخاوو مەرگی برینەکانماندا دەتلێینەوە!

پرسیار ئەوەیە … دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات چی دەگەیەنێت، جگە لەمشەخۆری و خوێمژی ئەو کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارانە بەسەر زۆرینەکەوە؟

ئایا ئامادەی ڕاپەڕینێك هەین کە دەسەڵاتداری و مالیەکییەت و مشەخۆری لەخۆمان وەک تاک و بەگشتی و لەکۆمەگەشدا وەلابنێین و فڕێ بدەینە ئەولاوە و لەگۆڕی بنێن و دەستبکەین بەژیانێکی هەرەوەزی و بەهرە وەرگرتن لە داهێنان و تواناکانی یەکتر! یا هەر هەمان تاسو حەمام کەف و کوڵێک دەکەین؟

ئەگەر ئامەدەین، مەرج نیە ڕاپەڕین هەمان ئەو شێوازانە بێت پەلامارێك بۆ سەرەوە و کوشتن و ڕاونانی کۆمەڵێك و ڕێسانەوەی هەمان خوری، بەڵکو هەر ئێستا لەهەموو ناوەندێکی کارکردن و بەرهەمهێنان و کوچەو کۆڵان و گەڕەکێکدا خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی هەرەوەزیانەو هاوبەش بکرێتە هەتوانی برینەکە تا لەژێرەوە ئەو گۆشتەوزوونە دەهێنێت دواجاریش بزمەتە ڕەق و پیسەکەی سەرەوە فڕێدەداتە لاوە و بۆهەتایە بەتەنەکە خۆڵەکەی دەسپێرێت و زبڵدانەکەی مێژوو دەکاتە دوا مەنزڵی هەتاهەتایی!