ئەرشیفەکانى هاوپۆل: كوردی – Kurdi
بەشی كوردی پێگەی ئەناركیستان
یاداوەرییەكانی یەكی ئایار
یاداوەرییەكانی یەكی ئایار
ھەژێن
ئایاری ٢٠١٣
یەكی ئایار لە منداڵی مندا
یاداوەرییەكانی سەردەمی مناڵێم لە بارەی ڕۆژی یەكی ئایارەوە، گەلێك لە یاداوەرییەكانی سەردەمی ھەرزەكاری و دواترم جیاوازن. كاتێك كە قسە دەھاتە سەر كۆمونیزم و كرێكار، بەردەوام لە دەمی باوكمەوە دەمبیست، كە “لە ساڵی ١٩٥٨دا ھەموو كەسێك وەك مۆدێڵ ئەندام و دۆست و لایەنگری پارتی كۆمونیست بووە”، بەڵام ئەو بەخۆی نا. ئەو دەیگێڕایەوە كە” لە یەكی ئایاری ١٩٥٨دا ھەر كەسێك دەستی پاچ و خاكەناز و چەكوش و بێڵی گرتبێت، ئەوەی ھەژار و برسی و كۆڵبەر بووبێت، لە ڕۆژی یەكی ئایاردا خرۆشاوەتە نێوەندی مەیدان و دروشمی بەسەر (لێنین و ستالین) ھەڵداوە”.
ھەرچەندە بەوە دڵخۆشدەبووم، كە كەسە ھەژار و زەحمەتكێشەكان لەو ڕۆژەدا ھێندە ھاودەنگ و یەكگرتوو بوون و پێكەوەبوون. بەڵام داستانێكی ئاوا بۆ من، ھیچ سەرنجراكێشییەكی تێدانەبوو، چونكە من تێنەدەگەیشتم بۆچی و ئامانجیان چی بووە، یا ڕاستر بڵێم، لەبەرئەوەی كە باوكم خۆشی لە كۆمونیستەكان نەدەھات.
ساڵ ھات و ساڵ چوو، ساڵانی پاش ھەرەسھێنانی بزووتنەوەی چەكداریی ناسیونالیستی كورد، ھەموو ساڵێك لە ڕۆژی یەكی ئایاردا خەڵكی ڕوویان لە دەشت و دۆڵ و كێوان دەكرد و دەبووە ئەو ڕۆژەی كەس بە كەس نەبوو و بەزۆری خواردنەوە بووبووە مۆدێلی یەكی ئایارەكان و تا یەكی ئایاری ١٩٧٧ كەسانێكی زۆر چووبوون بۆ سەیران و بەھۆی خواردنەوە و بەدمەستبوونی ھەندێكەوە، لەنێوان لایەنگرانی (حشع) و لایەنگرانی (پدكع)دا بووبوو بە دەمەقاڵێ و سووكایەتیكردن بەیەكتری و ڕۆژەكە لە سەیران و خۆشیییەوە، گۆڕابوو بە ڕۆژێك، كە ناخۆشترین یاداوەریی لە منداڵی مندا بەجێھێشت.
بەڵێ یەك دوو شەو پاش یەكی ئایار، دوو كەس لەلایەن دەستە سەرەتاییەكانی بزووتنەوەی چەكداری تازە دروستبووەوە كوژران و لە دەروونی منی مناڵ‌دا مۆری ناخۆشی و ڕكبوونەوەیان لەو ڕۊژە دا و تەنانەت ڕكم لە سەیران دەبووە و تا ئێستاش بەجۆرێك حەزم بە شادیی و ھەڵپەركێ و ھەرا نییە. ھەموو جارێك كە ھاوسەر و منداڵی كوژراوەكانم دەبینین، خۆبەخۆ یەكی ڕۆژی ئایار وەك یاداوەرییەكی ناخۆش دەھاتەوە بەرچاوم.
یەكی ئایار لە ھەرزەكاریی مندا
كاتێك كە ھێزە چەكدارەكانی (ینك) پەلاماری (قڕناكا و پشتئاشان)یان دا، منی ھەرزەی ڕامیاریی تا بینەقاقام لەژێر كارایی ھەرا و پاگەندەی ئەو ڕۆژانەدا، ھەستم بە سەركەوتنێكی گەورە و بەرز دەكرد، بەتایبەت، كە گوێم لەم دەستەواژانە دەبوو ” لێنین، گۆڕ ھەڵتەقێنە، تەحریفییەكان …. لە كوردستان … “. بەڵام ھەستكردن بەو خۆشی و سەركەوتنە زۆری نەخایاند و كۆتایی پاییزی ھەمان ساڵ، كە بەخۆم بوومە پێشمەرگە و لە دەمی ھاوسەنگەرەكانمەوە وردەكاری ھێڕشەكان و باری دەروونی گیراوەكانی لایەنی پەلاماردراو و ئامانج و تاكتیكی پەلاماردەرم بیست، سەد و ھەشتا پلە ھەستم بە شەرمەزاری دەكرد و دەنگێك لە ناخمدا ھاواری خنكێنراوی كوژراوەكان و قینی چاوی ھاوڕێ بەجێماوەكانیانم بە ھۆشمدا دەدا و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر بە ئاگایدەھێنام. ھەڵبەتە خودی ململانێی نێوان عیراقچی و كاردستانچییەكان، كە من فرەتر بەلای عیارقچییەكاندا دەچووم، لەو بارەوە كارایی خۆی ھەبوو.
یەكی ئایار لە دەمی ھوشیاربوونەوەمدا
ناسین و دەرككردنی پێشینەی ڕۆژی یەكی ئایار، وەك ڕۆژێكی چینایەتی و سیمبولی خەباتی كرێكاران دژی مشەخۆران (بۆرجوازی) ، بۆ كارایی بەرنامەكانی ڕادیۆ كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دەگەڕایەوە، كە بە دابڕانم لە بزووتنەوەی چەكداری، ڕۆژانە لە لایەنگریی لایەنەكەی خۆم دووری دەخستمەوە و بەرەو بیری ڕزگاری كرێكاران و زەحمەتكێشان ڕایدەكیشام. كارایی بەرنامەكانی كانونی ھونەر و ئەدەبیاتی كرێكاریی لەسەر من ھێندە بەرفراوان بوو، كە چیدی گوێم لە ڕادیۆی لایەنەكەی خۆم ڕانەدەگرت و ڕۆژانە بە بەرنامەكانی ئەو ڕادیۆیە بەنگبووبووم.
یەكی ئایاری ١٩٩٠ لە دەمی خۆھوشیاریی كەسیی خۆمدا
لەتەك دابرانی یەكجارەكیم لە بزووتنەوەی چەكداریی كە لە ڕاپەڕینەكەی ١٩٨٧دا بە ناچاری ڕوومتێكردبووەوە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ھزریی و بۆچوونەكانی من بۆ ھەموو شتەكان، ھەرچەندە من لە جەرگەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا دەژیام، ھەموو ساڵێك لە یەكی ئایاردا وەك سوونەتێك نەدەچوومە سەركار و لەو ڕۆژەدا وەك شەیدایەكی بێ‌باك لە شەقامی شارەكاندا بەدەم وتنەوەی سروودی یەكی ئایار و سوودی (ئینتەرناسیوناڵ)ە، لە دووی ھاوبیرانی خۆم دەگەڕام، بەرنامە و سروودەكانی كانوونی ئەدەبیاتی كرێكاریم تۆماردەكردن و دەستاودەست بە ھاوەڵان و ھاوڕێیانی خۆم، بەتابەت لایەنگرانی ئاڵای شۆرش و (حشع) و گروپی ئینتەرناسیونالی كۆمونیست، دەگەیاندن، دەمویست لەو ڕۆژەدا لە ڕەفتار و دڵخۆشیمدا جیاوازی ئەو ڕۆژە بۆ من بە ھەمووان نیشانبدەم، بەتابەت ھاوچینەكانم (كرێكارانی كورەخانەكان).
لەم ساتانە بەدواوە، چیدی یەكی ئایار بۆ من بۆنەیەكی ناڕۆشن نەبوو و ھۆكاری جەنگ و سەیران و خۆمەستكردنی داخدارانەی كەسەكان و كوشتنی كەسەكان بۆ من ناڕۆشن نەبوون، چونكە بەخۆم بووبوومە كرێكار و ڕۆژانە بەپێست و ئێسكم، جیاوازییە چینایەتییەكانم دەركدەكردن و زیاتر زیاتر ناتەبایی و ناجۆری سیستەمە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكەم بۆ دەردەكەوت و باوەڕم بە ھزری ڕزگاری چینەكەم بەھێزتر دەبوو. چیدی لوولەی چەكەكان بۆ من، یەكلاكەرەوەی كێشەكان و كۆتاییھێنەری ستەم نەبوون، دژی شەڕبوون و دژی دەمارگیری نەتەوەیی و دژی سەرمایەداریبوون، ئاوازی سروودێكی مرۆییبوون، كە ڕۆژ بە ڕۆژ منیان لە مرۆڤخۆشویستن و لە ھاریكاری و ھەرەوەزیی و خەمخۆریی بۆ خەڵك نزیكدەكردەوە، وەك داڵدارێكی دێوانە، ھیچ ھۆگرییەكم بۆ حەز و چێژە خۆویستییەكان نەمابوو. حەزمدەكرد لەو ڕۆژەدا ببمە بوركانێك و سیستەم و دەسەڵاتی چینی مشەخۆر بەخۆی و دەوڵەتەكان و لەشكرەكان و ھەمبارەكانی پیشەسازی چەك و بازارەكانی سوودخوازیییەوە، ژێروژوور بكەم.
یەكی ئایاری ١٩٩١
یەكی ئایاری ١٩٩١، ھەرچەندە خەمی شكستی ڕاپەڕین و كۆڕە و باڵی بەسەرمدا كێشابوو، بەڵام دیسانەوە لەو ڕۆژەدا ھەر لە دووی ھاوبیرەكانم وێڵبووم، بەتایبەت كە زۆرێك لە ھاوەڵەكانم گەڕابوونەوە ھەرێمی كوردستان و چەكداری لایەنەكانیان بوون و من ھەستم بە تەنیاییەكی زۆر دەكرد. لەو تەنیاییەدا بۆ یەكەم جار، دیتن و دەركەوتنی دروشمێك بەبۆنەی ڕۆژی یەكی ئایارەوە، شاگەشكەی كردم، ھەرچەندە ھاوبۆچوونیم لەتەك ئەو ڕێكخراوە (راھی كارگر)دا نەبوو، بەڵام دیتنی دروشمی “كرێكارانی جیھان یەكگرن” لەسەر دەرگەی پۆستی ئەو شارەی لێیدەژیام، مژدەیەكی گەورە بوو بۆ من و ھەستی تەنیایی منی لە ڕۆژی یەكی ئایاری ١٩٩١دا ڕەواندەوە و ھیوایەكی بە من بەخشی، بەوەی چیدیكە لەوێدا تەنیابیم.
یەكی ئایاری ١٩٩٢
ھەرچەندە نزیكەی نۆ مانگ بوو گەڕابوومەوە ھەرێمی كوردستان و سەرقاڵی چالاكی ڕێكخراوەیی و یادی ڕاپەڕین و مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار ڕۆژی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان بووم، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەركێكی ڕێكخراوەییەوە، كە لەو ڕۆژانەدا بە من دەسپێردرا [ بردنی ئۆرگان و بڵاوكراوە و نامە ڕێكخراوەییەكانی حككا بۆ ئێران] ئایاری ئەو ساڵەش ھەر لە كۆڕ و كۆبووبەوە ئایارییەكانی ھەرێمی كوردستان بێبەش بووم و لەو ڕۆژەدا ھەردەم بیرم لەلای ھاوڕێ و ھاوكارەكانی مەراسیمەكان بوو. بەڵام لەیەك شت دڵنیابووم، ئەویش ئەوەبوو، كە یەكی ئایاری ئەم ساڵ، سەرەتایەكی دیكە دەبێت بۆ سەرلەنوێ ناساندنەوە و گێڕانەوەی مێژوویی ئەو ڕۆژە و ڕەواندنەوەی ئەو وێنا نادروست و جەژنانەكییەكانەی، كە لە دەھەی ھەفتاكان و ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا لە ھۆش و یاداوەریی ھەزرانی وەك مندا بۆ ڕۆژی یەكی ئایار، دروستكرابوون. لەو ڕۆژەدا دیسانەوە لە شەقامەكانی ئێران‌دا كەوتمەوە سروودگوتن لەبەرخۆمەوە و گەڕان لە دووی كەسانێك، كە لەو ڕۆژەدا ژیان بۆیان واتایەكی دیكەی دەدا؛ ڕۆژی خەباتی چینایەتی و لەدایبوونەوەی ئازادئەندێشی.
یەكی ئایاری ١٩٩٣ ھەولێر و ناچاربوونم بە چوون بۆ ئاكرێ
وەك مەراسیمەكانی دیكە، بە مانگێك پێش ھاتنی ئەو ڕۆژە، چالاكانی ڕێكخراوە چەپەكانی ئەو كاتە لە باخچەی گڵكەند كۆبووینەوە. ئەوانەی كە لەبیرەوەیمدا ناو و وێنایان مابێت، ئەم ھاوڕێیانە بوون: گۆران عەبدوڵڵا، ئەحمەد پاشا، دڵێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، بەختیار (ھۆنەر)، ھیوا، جەمال كرێكار، ئازاد ئارمان (ئیسماعیل)، كاوە حەسەن، چنار حەسەن، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، ھیواكەریم، مامە كەریم، ڕێباز، سیروان عەلی، د. ئەمین، شاپوور، قابیل، عەبدولڕەحمان مەولود، ناڵە حەسەن و كۆمەلێكی دیكە، بەداخەوە ناوی ھەمووانم لەبیر نەماوە …..
پاش بڕیاردان لەسەر شوێنی مەراسیم و بڕگەكانی مەراسیمەكە و وتاری كۆمیتەی مەراسیم و وردەكاری دیكە، بەپێی توانا و ئامادەیی خۆبەخشانە، لێژنەكانی كاركردن و بەرپاكردنی مەراسیم دیاریكران، لەوانە: لێژنەی ھونەریی، لێژنەی پەیوەندی، لێژنەی دارایی و گرتنی ھۆڵ، لێژنەی دابەشكردن و پەخشكردنی بەیاننامە و پلاكارتی مەراسیمەكە. وەك ھەموو جارێك ئێمە [ ڕێبوار و ھیوا و سۆران و ڕێباز و مامە و سیروان و من] ھەم لە لێژنەی ھونەرییدا و ھەم لە لێژنەی ئامادەكردن و كۆپیكردن و پەخشكردنی پلاكارت و كارتی بانگھێشكردندا بەشداربووین.
من بەپێی ئەزموون و دەركەوتنەكانی پێشووتر، داوام لە لێپرسراوی بەشی ئاشكراوی رێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست كرد، كە ئەوكات ھەردووكمان ئەندامی لێژنەی خۆجێیی [مەحەلی] ڕێكخراوەكەمان بووین و لە مەراسیمەكانی دیكەدا چەندین ھەوڵ بۆ بەرگرتن بە من و لێدان لە بوونی من لە ھەولێردا، ڕووبەڕووی گێچەڵ بووبوومەوە، كە بە ھاوڕێ […] بڵێت، لەوێدا گێچەڵ و ناتەبایی دروستنەكات و ململانێ و كێشە نێوخۆییەكانی خۆمان لەوێدا دروستنەكاتەوە. ئەویش بەڵینی بە من دا، ھەرچەندە من بڕوا و متمانەم بە بەلێنەكانی نەمابوو، جونكە ئەو بەخۆیی ھاندەری ئەو ھاورێیە بوو بۆ دژایەتی من.
لە یەكەمین كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكەرانی لێژنەكاندا كە پاش ھەفتەیەك، من لێژنەكەم ئاگاداركرد، كە لە گەشتێكی چەند ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی دەكەم. ئەوانیش بەتایبەت ھاوڕێ ھیوا محەمەد، داوایان لە من كرد، كە وەك نوێنەری كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە ھەولێر، لە كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە سلێمانی بەشداری بكەم و ھەم ئەزموونەكانی خۆمان بۆ ئەوان بگیرمەوە و ھەم لەوانەوە ئەزموونگیری بكەم، تاوەكو بەخۆمان لە ھولێر سوودیان لێوەربگرین.
بەو جۆرە من ڕۆژی دوایی بەرەو سلێمانی و مالوان و ھەڵەبجە، كەوتمەڕێ و لە زنجیرەیەك سەردانی كەسیی و بەشداری كۆبوونەوەكاندا ھەوڵمدا شێوازی كاركردنی خۆمان لە كۆمیتەی مەراسیمەكاندا و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەركەكان لەلایەن لێژنەكانەوە، بە ھاوڕێیان لەو شوێنانە بگەیێنم. بە ھاریكاری و ئاگاداركردنەوەم لەلایەن ھاوڕێیان [بەھنام محەمەد و فاروق محەمەد]ەوە ھەر لەتەك ئەوانیشدا چووم بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە.
شوێنی كۆبوونەوەكە، ھۆڵی فێرگەیەكی ئامادەیی بوو، لەو ھۆڵەدا تیپی شانۆی ئایار [ئەگەر ناوی تیپەكەم بە دروستی لەبیرمابێت]، لەوێدا پرۆڤەیان دەكرد، پاش ئەوەی كە ھەمووان ئامادەبوون، لەسەر سەكۆی ھۆڵەكە دانیشتین و پاش خۆشھاتن گوتن و دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، ھاوڕێیەك، باش لەبیرمنەماوە، كە كێ بوو، بە ھەمووانی گوت “ئەم ھاوڕێیە لە ھەولێرەوە ھاتووە و ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایارە و وەك نوێنەری ئەوان ھاتووە، ھەم ئەزموونی چۆنیەتی كاركردنی خۆیان لە ھەولێر بۆ ئێمە بگێڕێتەوە و ھەم لە ئێمەشەوە ئەزموونگیری بكات و بە ئەوێی بگەیێنێت”.
منیش بە یارمەتی ھەمووان، پاش گەیاندنی سڵاو و پەیامی ھاوڕێیانم لە كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایاری ھەولێر، گوتم ” ئێمە لە یەكەمین كۆبوونەوەی چالاكانی ئامادەی بەشداریكردن لە كۆمیتەكەدا، دەستنیشانی لێژنەكانی ئامادەكاریی دەكەین و پاشان بەپێی خواستی كەسەكان، خۆیان بۆ لێژنەكان ناونووسدەكەن و ھەفتانە تا ڕۆژی مەراسیمەكە، نوێنەرانی لێژنەكان، كۆدەبنەوە و ڕاپۆرت لەسەر چۆنیەتی پێشەوەچوونی كارەكان و پێداویستییەكان و ڕێگرییەكان و ھەنگاوەكانی دوایی و ئەنجامگیری و گێڕانەوەی قسەوباسەكان و ئەنجامگیری كۆبوونەوەكە بۆ بەشداربووانی لێژنەكان. ھەروەھا بە دیاریكراوی قسەم لەسەر چۆنیەتی كاری لێژنەی ھونەریی كە بەخۆم سەرپەرشتیگەری بووم، كرد، ھێشتا دوا ڕستەكەی، پەیامەكەم تەواونەكردبوو و نەچووبوومە سەر وردەكاریی چالاكییەكانی كۆمیتەی ئامادەكاریی، كەسێك لەو بەرمەوە، دەنگی ھەڵبڕی و گوتی “سوپاس كاكە، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن كاردەكەین”. یەكسەر ھاوڕێ “فاروق محەمەد” ئانیشكێكی كوتایە پەراسووەكانی لای ڕاستم، چپاندیە گوێم ” دەزانیت ئەوە كێییە، ئەوە سەرنووسەری بڵاوكراوەی (كۆمونیزمی كارگەری) ئۆرگانی ڕێكخراوی (یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كارگری)یە. پاش ئەوەی كە چووینە دەرەوە، بە ھاوڕێیان (بەھنام و فاروقم)م گوت “بە پێچەوانەی سەرنووسەرەكەیانەوە، ھاوڕێ (….) كە ئەندامی كۆمیتەی نێوەندییانە، لە زۆربەی شتەكاندا دەڵێت ” ھەرچی ھاوڕێ (… / من) بڵێت، من لەلام پەسەندە.
پاش ئەوەی كە ڕۆژی دوایی گەڕامەوە ھەولێر، لە كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكارانی لێژنەكاندا، پاش گێڕانەوەی ئەوەی لە كە كۆبوونەوەی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایاری سلێمانیدا دیتبووم و بیستبووم، دەستبەجێ لەلایەن ھاورێیەكەوە، كە ھاوڕێكخراوەیی خۆم بوو و پێشتر بەپێی ئەزموونی مەراسیمەكانی پێشوو، پێشبینی ئەوەم كردبوو، كە ھەوڵی رێگریی لە من و دەرپەڕاندنم دەدات، چونكە ئەو و ئەو كەسەش، كە ھانی ئەوی دەدا، دەیانزانی پرنسپڵی ڕێكخراوەیی من و كاركردنم ڕێگەی بەشداریكردنی شەڕەدەندوكی كەسیی و لابەلاییم نادات. ھەر ئەم خاڵە لەلایەن ئەوانەوە دژ بەخۆم قۆسترایەوە و ناچاریانكردم لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكەمان نەبێتە قوربانی پیلانێك و كینەدۆزی كەسیی ئەوان، بڕیاری كشانەوەی خۆمم لە كۆمیتەی مەراسیم ڕاگەیاند، بەڵام لەوە دڵنیامكردنەوە، كە ھەموو ئەو كارانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتە بڕیاربووە، ئەنجامیانبدەم، لە دەروەی كۆمیتەش ئەنجامیاندەدەم، تەنیا ئامانجم ئەوەیە، كە كێشەی كەسیی كەسێك لەتەك مندا نەبێتە ھۆی پەككەوتنی كارەكانی كۆمیتەكە و مەراسیمەكە، ھەرچەندە ھاوڕێ ھیوا محەمەد و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان و ناڵە حەسەن و بەختیار (كرێكاری كارەبا) و ھاوڕێ ئارام عەلی داوایانلێكردم بمێنمەوە و تەنانەت ھەندێكیان پێیانخۆشتر بوو، من بمێنمەوە و ئەو بڕوات. چونكە ئەو یەكەم جار بوو، كە خۆی بۆ لێژنەكانی مەراسیم ناونووسبكات و ھەر لە سەرەتاشەوە، دەمزانی ئامانجێكی دیاریكراو لە پشت ئامادەبوونەكەیەوە ھەیە، ھەر بۆیە لە سەرەتای دەستپێكی كۆمیتەكەدا داوام لە لێپرسراوی ھەولێری رێكخراوەكەمان كرد، كە ئەو كەسە لەوە ئاگاداربكات، كە ململانێی نێوخۆیی خۆمان و ڕێكخراوەكەمان نەكێشێتە نێو كۆمیتەی مەراسیمەكەوە.
بەو جۆرە من ناچاركرام، ئەوێ بەجێبھێڵم و لەتەك ھاوڕێیانی (شقە)، بچم بۆ ئاكرێ و لەوێ چالاكی ئایاریی ئەنجامبدەم. ھەرچەندە زۆرم پێناخۊش بوو و دەتوانم بڵێـم، ئەو دەرچوونە بوو بە ھۆی زنجیرەیەك ناخۆشی و پەشیمانیی كەسیی لە درێژەی ژیانمدا، كە تا ئێستاش باجەكەیاندەدەم. [كە پرسێكی كەسییە و پەیوەندی بە چالاكی ڕیكخراوەییەوە نییە]، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێكەوت و قەزاوقەدەرە ڕێكخراوەییەكان، ھۆكاری ڕوودانی ئەو چارەڕەشییەبوون.
یەكی ئایاری ١٩٩٣ لە ئاكرێ
چوونمان بۆ ئاكرێ و شێوەی كاركردنمان وەك ھەولێر نەبوو، چونكە یەكەم بڕیارەكە كتوپڕ بوو و دووەم ماوەی دوو ڕۆژمان بەدەستەوە مابوو. لەبەرئەوە ئەو دوو ڕۆژە تەنیا خەریكی پرۆڤەی سروودەكان و كۆپیكردن و ھەڵواسین و خۆئامادەكردن بووین. ھەرچەندە ئێمە لە ھەولێرەوە چووبووین و ئاكرێ و خەڵكەكەی بۆ ئێمە شوێنێكی نائاشنا‌بوون و ھەستمان بە نامۆیی دەركرد، ھەروەھا لەبەرئەوەی كە یەم جار بوو لە ئاكرێ ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و بەگشتی چەپیش لەوێ مەراسیم بەو سوونەتەوە كە ئێمە ھەمانبوو، بكات، لە ڕاستیدا كەمێك ترسیشمان ھەبوو و داماننابوو، كە چەكدارەكانی پارتی بمانگرن.
بەڵام بە پێچەوانەوە لەتەك دڵخۆشی و پێخۆشبوونی خەڵكەكە و تەنانەت چەكدارەكانی پارتیش ڕووبەڕووبووین، ئەوەش دیسانەوە دوو ھۆكاری ھەبوو؛ یەكەم تازەیی مەراسیمی یەكی ئایار لەوێ و دووەم بەشداریكردنی گۆرانیبێژی ئاكرێ (محەمەد تەھە) بە كۆمەلێك گۆرانی خۆش. بەو جۆرە لە ئامێزی میھرەبانی خەڵكی (ئاكرێ)دا، مەراسیمێكی سەركەوتوومان بەرپاكرد، كە ئەو كەسانەی لە ھەولێر دژایەتی ئێمەیان دەكرد، خەریكی فاڵگرتنەوە بوون لەسەر شكستھێنان و گرتمان. بەتایبەت بۆ من، كە دەرپەراندنم لە مەراسیمی یەكی ئایاری ئەو ساڵە لە ھەولێر، نەك لە كێشی كەسیی منی كەمنەكردەوە، بەڵكو متمانە و خۆشەویستی منی بردەسەر، چ لە نێو ڕێكخراوی خۆمان و چ لەنێو ڕێكخراوەكانی تردا.
بێجگە لە ھەموو سەختییەك و ترس و نیگەرانییەك، ھاوكاتیش خۆشییەكی ھەبوو، یەكێك لەو شتە خۆشانەی، كە قەد لەبیرم ناچنەوە، ئەوەبوو، كە ئێوارەی یەكی ئایار پاش مەراسیمەكە، لە ماڵی ئەو ھاورێیەمان (ح.ع) بووین، كە لەتەكیدا چووبووین و میوانێكی زۆر كۆبووبوونەوە لێمان، لەنێویاندا ئەوانەی كە پاش ڕاپەڕین ئەندام و پێشمەرگەی ڕەوتی كۆمونیست بووبوون. لە وێژەری دەنگوباسی ئەو ڕۆژەی كەناڵی پارتییەوە، لە بارەی یەكی ئایارەوە، بەردەوام گوێم لە وشەی “عەولی” دەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە تێگەییشتنم لە كرمانجی بە ھۆی ڕادیۆی یەكێتی و كۆمەڵەی زەحمەتكێسان لە ساڵانی ھەشتاكاندا زۆر باش بوو، كەچی لەتاو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگی نێو ھۆڵەكە، من “عەولی”م لێبووبووە ناوی كەسێك و وامزانی كەسێكی زۆر بەناوبانگی ئەو ناوچەیە و لە ھاورێیەكم پرسی، ئەرێ ئەو “عەولە” كێیە، لە ڕۆژی ئایاردا ئەوەندە ناویدەھێنن، لەوەدەچێت، شیوعییەكی بەناوبانگ بێت؟ ئیتر بوو بە پێكەنین و ھەرایەك، ھەر مەپرسن، منیش ھەم وڕبووبووم و ھەم لەتەك ئەواندا تا ڕادەی گریان پێكەنیم و ھاتمەوە سەر سفر، (عەول)ە شیوعییەكەی من، تەنیا ژمارەیەك دەرچوو، ھەر “اول من أیار”ەكەی عەرەبی بوو و تا گەییشتبووە بادینان، بوو بوو بە (عەولی ئایار) و دڵی منی بە بوونی چالاك و كەسایەتییەكی ئاوا ناسراو لە بادینان بەناوی “عەول” خۆشكردبوو.
یەكی ئایاری ١٩٨٤ی ھەولێر
لە سەرەتای مانگی ئەپڕیلی ١٩٩٤دا بوو، لە لای ھاوڕێ گۆران عەبدوڵڵا بووم و لە بارەی مەراسیمی یەكی ئایاری ئەو ساڵەوە دەدواین، منیش كتوپڕ ئەم پێشنیارەم بەخەیاڵدا ھات “بۆ ھەوڵندەین، یەكی ئایاری ئەم ساڵ بەنێوی یەكێتی بێكارانەوە بەرپابكرێت، تاوەكو تەكانێك بەم رێكخراوە بدەینەوە و سەرلەنوێ جەماوەری لە دەور كۆبكەینەوە؟”. ھاوڕێ گۆران دەستبەجێ گوتی زۆر باشە و منیش ھەمان بۆچوونم ھەیە، لەم كاتەدا ھاوڕێ (سەردار حەمید) بەرەو بنكەی یەكێتی بێكاران دەھات، لە ئەویشمان پرسی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی “منیش ھاوڕاتانم”، دوابەدوای ئەو، ھاوڕێیان (سیروان عەلی) و (كاوە حەسەن) ھاتن و ئەوانیش پێشوازییان لە پێشنیارەكە كرد، ئەگەر باش لەبیرممابێت، ھاوڕێ (عەبدولڕەحمان مەولود)یش بەسەر قسەوباسەكەدا ھات و زۆری پێباشبوو.
بەڵام ڕۆژی دواتر، كە دانیشتنی تایبەتمان بۆ پێكھێنانی كۆمیتەی بەرپاكردنی مەراسیمی یەكی ئایار ھەبوو، ھاوڕێ (سەردار ) بۆچوونی گۆڕابوو و لەوەش سەیرتر (لێپرسراوی بنكەی ئاشكرای حككع)، ھەرچەندە بانگھێشت نەكرابوو و كۆبوونەوەكە تەنیا بۆ ئەندامانی یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان بوو، كەچی ئەو لەوێ ئامادە بوو و دژایەتی تەواوی پێشنیارەكەی ئێمەی دەكرد و بەدژایەتی (حككع)ی ناویبرد و ئەندامانی حككع لەسەر ڕابەری پارتەكەیان لە مەراسیمەكەدا و پاشكۆبوونی یەكێتی بێكاران پێداگرییاندەكرد. ھەڵبەتە ئەوەمان لەبیرنەچێت، كە ئەندامانی (حككع) لەو سەردەمەدا لە زۆربەی پرسەكاندا دوو دەستەبوون، بۆ نموونە ھاوڕێیان (گۆڕان عەبدوڵڵا و سیروان عەلی) كە ئەو كات ئەندامی چالاكی ئەو پارتە بوون، زۆر بەتەنگ یەكێتی بێكاران و خەباتی جەماوەرییەوە بوون و لەتەك ئێمەدا ھاوبۆچوون بوون و لەلایەن قسەكەرانی پارتەوە، وەك ئێمە دژایەتییان دەكرا.
پاش ململانێییەكی زۆر، بڕیار لەسەر كۆمیتەی ئامادەكاریی مەراسیمەكە، بەناوی یەكێتی بێكاران و ھاوپشتی و كۆمەكی (حككع)ەوە درا. وەك ڕێسای جێكەوتە و پێشینەی ساڵانی ڕابوردوو، كەوتینە دیاریكردنی لێژنەكانی كۆمیتەكە و بۆ ھەر یەكێك لە كارەكان، لەوانە لێژنەی ھونەریی [كە من سەرپەرشتیگەری بووم]، لێژنەی كۆكردنەوەی كۆمەكی دارایی و پەیوەندی لەتەك لایەنەكان و ڕێكخراوەكانی دیكە، لێژنەی پاگەندە و ڕاگەیاندن. بەو جۆرە بەخۆشی و ورەبەزییەكەوە، بۆ ئامادەكاریی و بەرەوپێشبردنی ئەركەكان، دەستەبەكابووین.
بۆ من جیاوازی یەكی ئایاری ئەو ساڵە لەتەك ساڵەكانی پێشتر، دوو شت بوو، یەكەم، ئەو كەسانەی كە ھەموو كار و ئامانجێكیان بووبووە دژایەتی من و ساڵی ١٩٩٣ بە دژایەتی كەسیی، منیان ناچار بە كشانەوە لە كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە ھەولێر كرد، لەوێ نەمابوون، دووەم، یەكێتی بێكاران وەك ڕێكخراوەیەكی جەماوەریی سەربەخۆی زیاتری ھەبوو و بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابوردووەوە، كە كۆمیتەكە و مەراسیمەكە بەناوی ڕیكخراوە ڕامیارییەكانەوە [ڕەوتی كۆمونیست، یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاریی و سەرنجی كرێكار]، ئەو ساڵە یەكی ئایار بەناوی [یەكێتی بێكاران لە كوردستان]ەوە بەرپادەكرا . ئەمە بۆ من ھاتنەدی یەكێك لە خەونەكانم بوو، كە لە ساڵی ١٩٩١ەوە قسەوباسم لەسەر دەكرد.
جەماوەرییبوونەوە و كەمكردنەوەی كارایی و دەستتێوەردانی (حككع) لە كۆمیتەی ئامادەكاریی مەراسیمەكەدا، بواری بۆ بەشداری كەسانی سەربەخۆ و لایەنداری دیكە ڕەخساند، بەتایبەت لە كارە ھونەرییەكاندا، كە من سەرپەرشتیمدەكردن. بۆ نموونە بۆ یەكەم جار كەسانی دەرەوەی بازنەی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاری بواریان بۆ ڕەخسا، كە بەشداری بێبەند و مەرج بكەن و تواناییە ھونەررییەكانیان بخەنەگەڕ و سیمایەكی دیكە بە مەراسیمەكە ببەخشن. لەو كەسانە (ھەڵمەت تاھیر)ی شانۆكار خەڵكی ھەولێر، (فازیل عوسمان) خەڵكی كەركووك، خوێندكار لە ھەولێر، (ھەژار )خەڵكی كۆیە، خوێندكار لە ھەولێر، بێجگە لە شانۆكار ناڵە حەسەن و خۆمان تیپی سروودبێژی، كە پێشتریش لە مەراسیمەكاندا بەشی سەرەكی لێژنەی ھونەری مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار [ڕۆژی كۆمونە و شوراكانی كوردستان] و مەراسیمی یەكی ئایار بووین.
بەو جۆرە ھاوڕێ (فازیل عوسمان) بە چەند سروودێكی نوێ، كە دانەری ئاوازەكانیان بەخۆی بوو، ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر) بە شانۆییەكی كۆمیدی فوتباڵ، كە دواتر من كۆمەڵێك ئیدی خۆمم بۆ زیادكرد و بوو بە شانۆگەرییەكی ڕامیاریی، ھاوڕێ (ناڵە حەسەن) بە شانۆگەرییەك، كە منیش ڕۆڵم تێدا كایەكرد، ھاوڕێ (ھەژار) بە گوتنی كۆمەلێك سروود بەشدارییانكرد.
ھەرچەندە ھەژماری ئەندامانی كۆمیتەی مەراسیم و چالاكانی یەكی ئایار لە ھەولێر لە پێویست زیاتربوون، كەچی وەھا دەركەوتنێكی تازە، ئەندامانی (حككع)ی تووشی شۆككردبوو و ناچاربوون بۆ ھاوسەنگی ھێز، كۆمەڵێك لە ئەندامان و چەكدارانی خۆیان لە سلێمانییەوە بە بیانووی پشتیوانی و سەرپەرشتی بھێنن. ھەڵبەتە ئامادەیی چەكدارانە و ھێنانی ئەندامانی ئەو پارتە لە سلێمانییەوە، چاوەڕوانكراو نەبوو و كتوپڕ دەركەوتنیان لە ڕۆژ و شوێنی بەرپاكردنی مەراسیمەكە [باخچەی گڵكەند]دا پێشبینیكراو نەبوو و كەسانێك كە ئەندامی ئەو پارتەنەبووین، بەتایبەت ھاوڕێ (كاوە حەسەن) و من، ھیچ كاردانەوەیەكمان لە خۆمان نیشاننەدا، تا كاتێك كە ئەوان [لەشكری ئاوردە] كەوتنە ھەوڵی دەستتێوەردانی بڕگە و بەرنامەكانی مەراسیمەكە و لابردنی وتاری ھەندێك لە ھاوڕێیان و پاشوپێشپێكردنی بڕگەكان.
بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەندامانی ھاوردەی (حككع) لە سلێمانییەوە، تەنانەت لە كاتی پێشكەشكردنی بەشەكانی مەراسیمەكەشدا ھەوڵی پاشقوڵگرتنیان دەدا و بڕگە پێشتر دانراوەكانیان لادەبردن و كەسانی خۆیانیان دەخزاندە نێو بەرنامەی مەراسیمەكەوە. ھەرچەندە من بۆخۆم بەپێی ئەزموونەكانی خۆم لەنێو ئەو ڕەوتەدا، دەمزانی كە بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵی پاوانكردن (دۆمنیەت)ی مەراسیمەكە دەدەن، بەڵام لەو بڕوایەدانەبووم؛ یەكەم، لە سلێمانییەوە ھێز بێنن و دووەم، بە ئارەزووی خۆیان بكەونە پاش و پێشكردن و لابردنی ھەندێك لە بڕگەكانی مەراسیمەكە. وەھا دەستتێوەردان و چەپەڵكارییەك، ئێمەی ناچاركرد و لەسەر لابردنی وتارێكی ھاوڕێ (ھیوا كەریم) كرێكاری چێشتخانە و دواخستنی بڕگە ھونەرییەكان، ھاوڕێ كاوە و من لەتەكیاندا ڕووبەڕووبووینەوە. ھەروەھا كە لە كاتی ئامادەكاری كارەكاندا كێشەی زۆریان بەتایبەت بۆ لێژنەی ھونەریی دروستدەكرد، دژی ئەوەبوون، كە ھاوڕێ (فازڵ عوسمان) سروود بچڕێت و بەشداریبكات، دەیانگوت “ئەنارشیستە” [ھەرچەندە ئەو ئەناركیست نەبوو و كەسێكی كۆمونیست بوو، بەڵام لە جۆری كۆمونیزمی حیكمەتی نا]، ھەروەھا بەشداری ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر)یان پێباشنەبوو، چونكە بۆ ئەوان كۆمونیست نەبوو یا كۆمونیستی ھاوجۆری ئەوان نەبوو .
لەو مەراسیمەدا بێجگە لە وتاری یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان و وتاری (حككع) و پەیامی لایەنەكانی دیكە، دوو شانۆنامە پێشكەشكران، یەكەم ئیدە و دەرھێنانی ھاورێ (ھەڵمەت تاھیر) بوو و دووەم، نووسین و دەرھێنانی ھاوڕێ (ناڵە حسەن) بوو. ھەروەھا بەپێشكەشكردنی كۆمەڵێك سروود و ھۆنراوە و پەخشان و گۆرانی ناوەڕۆك و سیمای مەراسیمەكە لە مەراسیمەكانی ساڵانی پێشوو جیاوازتربوو.
لە ھەموو ئەوانە سەرنجراكێش تر، ئەوەبوو، ئەوی كە ئاگای لە ھۆ و جێی سەرھەڵدانی جەنگی نێوان (ینك و پدك)ی نەبووبوو و شانۆییە كۆمیدییەكەی ئێمەی بینیبوو، پێێوابووبوو، كە شانۆییەكەی ئێمە بووەتە ھۆی ھەڵگیرساندنی جەنگەكە، چونكە لایەنگرانی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار، لەوێدا لەتەك گۆڵكردنی ڕەنگی لایەنەكەی خۆیاندا، تەزبیحە زەرد و سەوزەكانیان لەبەرامبەر یەكدیدا ڕادەوەشاند و كەتواری كۆمەڵگە بەشێوەیەكی زیندوو نمایشدەكرا و كاردانەوەی بێنەر و جوڵەی ئەكتەر، سەراپای باخچەی گلكەند و مەراسیمەكی كردبووە مەیدانی نواندنی شانۆییەكی مەیدانی و شانۆنامەی ژیانی ئاسایی ھێنابووە سەر شانۆ و بەرگی ھونەریی بەبەرداكردبوو.
بەداخەوە، لێرە بەدواوە ڕەوتی بەشداری من بەھۆی دووركەوتنەوەم لە ھەولێر و ئەو كۆمەڵە ھاوڕێییەی نێو یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان و چالاكانی خوێندكاران، شێوەی بەشداری و چالاكیم لە مەراسیمەكانی یەكی ئایاردا گۆرانی بەسەرداھات، بەڵام ئێستاش ھەر ساڵ چالاكانە بەشداردەبم و ھەردەم ھەوڵدەدەم سەربەخۆیی خۆم بپارێزم و ڕەدووی ڕەوتە ڕامیارییەكان، كە تەنیا ئامانجیان لە بەشداری مەراسیمەكاندا پاگەندەی پارتیی و ڕامیاریی و ڕاوەئەندامكردنە، نەكەوم. لێرەدا بە یاداوەرییەكی خۆش، كۆتایی بە یاداوەرییەكانم دەھێنم؛ دوو ھەفتە پێش یەكی ئایاری ساڵی ٢٠١١ لە نەخۆشخانە كەوتبووم، وەك خوگرتنی ھەر ساڵەم بە بەشداری و ئامادەیی لەو ڕۆژەدا، كێچ چووبووە كەوڵم و ھەردەم بیرم لە چۆنیەتی بەشداریكردن دەكردەوە؛ نەمدەزانی داوای دەرچوونی یەكجاریی لە نەخۆشخانە بكەم و واز لە چارەسەر بھێنم، یا واز لە بەشداریكردن لە یەكی ئایار بھێنم؟ چەند ساتێك پێش دەستپێكردنی مەراسیمی یەكی ئایار، پزیشكی سەرپەشتكار وەك ھەموو بەیانییەك ھاتوو و “گوتی چییە، بۆ وا شێواوی، ئازارت زۆرە؟” منیش وتم ڕاستیت دەوێت، نا، گرفتێكی دیكەم ھەیە، ناتوانم لێرەدا بیڵێم. لە وەڵامدا گوتی “دواتر وەرە بۆ ژوورەكەم”. منیش بیئۆقرە خۆم گەیاندە ژوورەكەی و گوتم، دكتۆر چیت لێبشارمەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی یەكەی ئایارە و حەزدەكەم بچم بەشداری مەراسیمەكە بكەم و بەڵێنم بە ھاوڕێكانم داوە. پزیشكەكە سەیرێكی كردم و گوتی “ھەرچەندە ئەوە كارێكی نایاسییە، مادام كارێكی خۆشییەكت پێدەبەخشێت، بڕۆ بەڵام من ئاگادارنیم و بە كەسی دیكەش مەڵێ و ھەموو لێپرسراوەتییەك لە ئەستۆی خۆت”. بەو جۆرە خۆم گەیاندە شوێنی مەراسیمەكە و لەوێ كەوتمە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی بەسەرھاتی ڕۆژی یەكی ئایار. لەپڕ كەسێك شانی گرتم و داوای بەیاننامەكی لێكردم و كە ئاوڕمدایەوە، یەكێك لە مامۆستاكانی خۆم بوو، كە بەخۆی یەكێك بوو لە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكانی توركیە، گوتی “ئەوە لێرە چیدەكەیت، خۆ ھاوخولەكانت بەتەمابوون بەیانی بە چەپكە گوڵەوە لە خەستەخانە سەردانیتبكەن”. بەیاننامەكەم دایەدەستی و بەسەرھاتەكەم بۆ گێرایەوە و پێمگوت؛ ھاوڕێ، باشترین شت ئەوەیە منت نەبینیوە، ھیچت لە من نەبیستووە و ھیچت بە من نەگوتووە. توند دەستی گوشیم و بە چەند ھاوڕێیەكی دیكەی خۆی ناساندمی و ئێوارە گەڕامەوە نەخۆشخانە و لەسەر قەرەوێڵەكەم نەخۆشكەوتمەوە …
دوا وشە، ھیوادارم ھاوڕێیان، ئەوانەی كە لەو ڕۆژگارانەدا چالاك و ئامدەبوون، ئەوانەی من ناویانم لەبیرچووە، بەدڵێكی فراوانەوە لەبیركردنی ناویانم لێوەربگرن و ئەوان ئەوەی كە من لەبیرمكردووە، زیادی بكەن و ئەو شتانەی من لە گێڕانەوەیدا ڕاستگۆنەبووبم، ئەوان بە ڕەخنە و سەرنجەكانیان، بۆ من و خوێنەرانی ھێژا و مێژوو، ڕاستیانبكەنەوە. چونكە ڕاستی و ناڕاستیی گێڕانەوەی ھەر كەسێك پەیوەندی بە گرنگیدان و بەھەندوەرگرتنی شتەكانەوە لە ساتی ڕوودانیاندا، ھەیە. نووسینەوەی مێژوو و ڕووداوەكانی نێوی، كاری تاكەكەس نییە و ئەگەر ھەموومان پێكەوە بە تۆماركردن و پاراستنی ڕووداوەكانی لە یاداوەرییەكانی خۆمدا، نەینووسینەوە، ئەوا ڕامیارانی مێژووشێوێنەر و مێژوونووسانی دەرباری دەسەڵات، راستییەكان ئاوەژوودەكەنەوە. ھەر ئەم بۆچوونەیە، كە بووەتە ھاندەری من بۆ ئەوەی یاداوەرییەكانی خۆم لە فەوتان ڕزگاربكەم
**********************
* بەداوای لێبوردنەوە، لە گێڕانەوەی “یاداوەرییەكانی ٨ی مارچ” و ١٨ی ئازاردا ناوی ئەم ھاورێیانەم لەبیركردبوو [ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان، ڕێباز، مامە كەریم، فایق حەسەن، شاناز، نەزمییە، كۆمەلێكی دیكە، كە مەگەر ھاوڕێیانی دیكە یا بەخۆیان بیرمبخەنەوە. جارێكی دیكە داای لێبوردن دەكەم و ھیوادارم بەم دەستپێشخەرییە، توانیبێتم، كە ببمە ھاندەری ھاوڕێیان و چالاكانی ئەو ڕۆژانە، تاوەكو ئەوانیش شان بدەنە ژێر نووسینەوەی بەشێكی ئەو مێژووە، كە من تێیدا بەشدارنەبووم یا لەبریمنەماوە.
** لەبەرئەوەی كە لێرەدا بوار و شوێنی چوونەسەر پاشینەی ناكۆكییە كەسییەكانی ھاوڕێكخراوەییەكانم لەو مەراسیمانەدا نەبوو، ناچار خۆم لەوە ڕوونكردنەوە و باسكردنیان لادا و بۆ ھەل و شوێنێكی دیكە ھەڵگرتوون. لێرەدا تەنیا ئەوە بە پێویست دەزانم، بڵێم ئەو كەسانەم لە ڕێی چالاكی و ژیانی ڕێكخراوەییەوە، ناسیوون و پێشتر نە وەك كەس و نە وەك بۆچوون نەمناسیوون و ھیچ گرفت و كینەكەی كەسییم بەرامبەریان نەبووە و نییە. بەداخەوە ئەوە ئەوان بوون، كە جیاوازی بۆچوون و شێوازی كاركردن و بیركردنەوەیان بە كێشەی كەسیی وەردەگرت و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەیان دەكردە قوربانی ناكۆكییەكان.
آیا آنارشی بی نظمی و آنارشیسم هرج و مرج طلبی است؟
آیا آنارشی بی نظمی و آنارشیسم هرج و مرج طلبی است؟
اصول پایەای فدراسیون آنارشیست در فرانسه
ترجمە از ن. تی‌ف
ورژن اونلاینی برای خواندن و دانلود
Aya Anarchy-online-version
ورژن چاپی برای چاپ و دانلود
Aya Anarchy- Print-version
فریای خۆتان بكەون، خێرا بابەتەكانی یەك ساڵی ڕابوردووتان بشارنەوە
فریای خۆتان بكەون، خێرا بابەتەكانی یەك ساڵی ڕابوردووتان بشارنەوە
ھەژێن
٠٣ی جولای ٢٠١٣
لەم ساتەدا كە من ئەم وشانە دەنووسم، جەماوەری ملیۆنی لە مەیدانی تەحریری قاھیرەدا بەبێ سەركردە و پێشڕەویی پارت، چەند ڕۆژێكە لە سەرتاسەری وڵاتی میسردا لە كۆدەنگییەكی جەماوەرییدا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بڕیاریانداوە، میرایەتی ئیخوانەكان و سەرۆكایەتی مورسی، وەك میرایەتی و سەرۆكایەتی حوسنی موبارەك، بە كۆدەنگی جەماوەریی وەلابنێن.
ھەرچەندە بە سەرۆكایەتی گەییشتنی مورسی و بەدەسەڵاتگەییشتنی ئیخوانەكان، بە كەمترین دەنگ و ڕەزامەندی كۆمەڵگەوە، تەنیا لە سیستەم و میكانیزەمەكانی كاركردی دێمۆكراسیی پارلەمانییدا ئەگەر و توانانی سەرگرتنی ھەیە و لە ھەڵبژاردنەكانی پارساڵ ٢٠١٢دا لە كۆی ھەژماری مافدارانی دەنگداندا كە (50.996.746) ملیۆن كەسی ناو تۆماركراو بوون، تەنیا (23.672.236) ملیۆن كەس بەشداریی دەنگدان دەكەن و لەو ھەژمارەش تەنیا (5.764.952) ملیۆن كەس دەنگ بە سەرۆكایەتی مورسی دەدەن و لە بەرامبەردا زۆرینەیەك لەو ھەژمارە (27.324.510) ملیۆن كەس، بایكۆتی دەنگدان دەكەن و لە ٨٠% خەڵكی دژی ئەو سەرەنجامە بوون، ئەگەر دەنگی ئەوانەش كە مافی دەنگدانیان نەبووە، وەربگرین، ئەوا تەنیا كەمایەتیەكی بچووكی كۆمەڵگەی میسری بەشداری دەنگدانی كردووە و لەو كەمایەتییەش، تەنیا نزیكەی نیوەی، خوازیاری دەسەڵاتی ئیخوانەكان و سەرۆكایەتی مورسی بووە. كەچی تا ھەفتەیەك پێش خرۆشانەوەی جەماوەر لە میسر، زۆربەی ھەرە زۆری نووسەرانی چەپ و ڕاستی كۆمەڵگەی كوردستان، قەوانێكیان بەدەمەوە گرتبوو و بە ئارەزووی خۆیان شوناسی ئیسلامیبوونیان بەسەر ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبیدا دەبڕی و تەنانەت لەوەش زیاتر چەپ لەبەرنەبوونی خوێندنەوە بۆ خودی ڕاپەڕینەكان و دەركنەكردنی سروشتی ڕاپەڕینەكان و نادیدەگرتنی ھۆكاری ڕاپەڕینەكان، ھەر ئاوا وەك تووتی كەوتنە گوتنەوەی دەستەواژەی ھوشیارانە ئامادەكراوی ماسمیدیای خۆراوا، “بەھاری عەرەبی”، بەھەمان شێوە كەوتنە وتنەوەی دەستەواژە ئامانجدارانەكانی ماسمدیای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست، كە بەخۆیان لەبەردەم مەترسی ڕاماڵیدابوون وەك میرایەتی تونس و میسر.
ئەگەر جارەكانی دیكە، بەخت یاری ئەو چەپانە بووبێت و پاگەندە قەرزكراوەكانیان چەند ساڵێك بەدرۆنەخرابنەوە، ئەوا ئەم جارەیان، زۆری نەبرد و كاتی ئەوە ھاتووە فریای وتارە توانجاوی و توتیئاساییەكانیان لەمەڕ ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی، كە بە “بەھاری ئیسلامی” و بە “بەھێزكەری ڕەوتی ئیسلامی”یان لێكدەدانەوە، بكەون و بیانسووتێنن.
وەك بینیمان، جەماوەری نارازی و ئازادیخوازی و گیانی یاخیبوون لەو ڕاپەڕینانەدا كە داینەمۆ و ھەستەی چالاكی و بزووتنەوەكان بوو، زۆر لەوە بەھێزتر و لێبڕاوتر بوو، كە ماسمیدیای خۆراوا و زەمینەسازیی و پێشكاریی ئیخوانەكان و ھەوڵی دەستەمۆگەرانەی پارتە ڕامیارییەكان و لێكدانەوە نادروستەكانی لە چەشنی لێكدانەوەی چەپی عیراق و كوردستان، بتوانێ لە بەردەوامی شۆڕش و نۆژەندكردنەوەی ڕاپەڕینەكان نائومێدی بكات.
پاش شكستخواردنی كاتیی ڕاپەڕینی جەماوەریی میسر و بە میرایەتی گەییشتنی ئیخوانەكان لە ڕێگەی دێمۆكراسی پارلەمانییەوە، كەم نەبوون، ئەو ڕامیارانەی كە لە چەپ و ڕاستی كۆمەڵگەوە، ئەو پەیامە چەواشەكارانەیان بە گوێی ناڕازییانی عیراق و ھەرێمی كوردستاندا دەدا، مادام ڕاپەڕیوانی تونس و میسر، خاوەنی پێشڕەوی پارتیی و ڕامیاریی خۆیان نین، سەرەنجام خەبات و چالاكییەكانیان چوونە باخەڵی ئیسلامییەكانەوە. بەڵام وێنە و دیمەنە ڕاستەقینەكانی ژیان و كەتواری ئەو دوو كۆمەڵگە شتێكی دیكەی جیاواز لەوەی كە ماسمیدیای خۆراوا و دەوڵەتانی عەرەبی نیشانیاندەدا، بوو.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا ڕۆژانە لە تونس بزووتنەوەی لاوان و بزووتنەوەی خوێندكاران و بزووتنەوەی بێكاران و سەربەخۆكان (ئۆتۆنۆمەكان) بە خۆپیشاندان و دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرەی دەوڵەتی و كاری ھونەریی و خەباتی مەیدانی و چالاكی ڕاستەخۆ، ڕووبەڕووی دەسەڵاتی (نەھزەی ئیسلامی) دەبنەوە و لێیان زیندانی دەكرێت و ڕاودەنرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەستە چەقۆكێش و شەلاتییەكانی دەسەلاتی ئیسلامی دەبنەوە، كەچی نە ماسمیدیای خۆراوا و نە میدیای وڵاتانی عەرەبی و نە میدیای چەپی خۆرھەڵاتی نێوەراست، بۆ جارێكیش ڕۆشناییان نەخستەسەر ئەو ڕوودا و دیمەنانە.
ھەر لەبەرئەوە، بۆ ئەوانەی كە سەرچاوەی زانیاری و ئاگاداری‌یان لە بزووتنەوەكانی نێو كۆمەڵگەی میسری، تەنیا ماسمیدیای ئەوروپی و دەوڵەتانی عەرەبی بووە، تەنانەت وێنە و دێمەنی ناڕەزایەتییەكانی دێسەمبەری ٢٠١٢ و ئەپڕیڵی ٢٠١٣ نادیدەدەگرن، ئەو ھەوڵەیان تەنیا لەپێناو یەك شت‌دا بوو، كە پاگەندەی “ئیسلامی بوون”ی ڕاپەرینەكان بیسەلمێنن و لەوێوە پێمانبڵێن، ئەگەر بزووتنەوەی چین و توێژە بندەستەكان و جەماوەرییەكان و تاكە ئازادیخوازەكان، بیانەوێت سەربەخۆ و لە دەرەوەی پاوانگەریی (دۆمینەیتی) پارتەكان و دەستەبژێرە ڕامیارەكان، ھەنگاو بنێت و بەكارێك ھەستێت، ئەوا سەرەنجامەكەی بە دەسەڵاتگەییشتنی ھێزە كۆنەپەرستەكان دەبێت. ئەمە دیوی ڕاستەقینە و ئامانجی پاگەندەی ئەو پارت و گروپە دەسەڵاتخوازانەیە، كە دەترسن شەپۆلی بزووتنەوە ڕادیكاڵەكانی یۆنان و تونس و میسر بگوێزرێتەوە ھەرێمەكەیان و متنانەی جەماوەرییان لەنێوبەرێت.
بەڵام بۆ ئەوانەی كە لە ساڵانی ٢٠٠٧ بەم لاوە ئاگاداری ڕادیكاڵبوون و ھەر ڕۆژەبوونی ناڕەزایەتییە كرێكارییەكانی وڵاتی میسر بوون و ئاگاداری سزادانی ئەفسەر و سەربازە ئازادیخوازەكان و دواتر سووتاندن و ھەڵكەندنی چادری ئازادیخوازان پاش بەدەسەڵاتگەییشتنی مورسی و سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئەپرێلی ٢٠١٣ و مانگرتنە بێئەژمارەكانی كرێكاران و بزووتنەوەی دەستگرتن بەسەر كارگە و كارخانەكان و بزووتنەوەی بنیاتنانتی ھەروەزییە كرێكاریی و جەماوەرییەكان بێت، ھیچ كات بەو سەرەنجامە ناگات كە بەدەسەڵاتگەییشتنی نەھزە و ئیخوانەكان لە تونس و میسر، بەرەنجامی ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی بێت. ھەروەھا لەوەش تێدەگات، چونكە ھەڵبژاردنی ئیسلامییەكان چەند ھۆكاری تایەبتی ھەیە؛ لەوانە كاركردن و ئامادەكاریی چەند ساڵەی ئیخوانەكان بە قۆستنەوەی ھەژاری و نەبوونی بیمەی دەرمانی بۆ ھەژاران، كە باشترین نەخۆشخانەیان لە قاھیرە و شارەكانی دیكەی وڵاتی (میسر)دا بۆ ئەو مەبەستە ھەبوو و ھەروەھا پاگەندەی ماسمیدیای جیھانی لە كاتی ھەڵبژاردنەكاندا بە گەورەكردنەوەی ئەگەری بردنەوەی ئیخوانەكان و گەورەكردنی جەماوەریان لە پاگەندە میدیاییەكاندا، توانییان ڕێژەیەكی زۆر لە دەنگی بەشداربووان بەدەستبھێنن. ڕووداوێكی لەو جۆرە، بۆ وڵاتانی ناوچەكە و دەوڵەتە ئەوروپییەكان لەوە باشتر بوو، كە ناڕەزایەتییەكان بەردەوامییان ھەبێت و ببنە پشتیوانە بۆ وڵاتانی دیكەی كەنداو و خۆرھەلاتی نێوەراست.
ڕاپەڕینەوەی جەماوەری ئازادیخوازی میسر لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، نیشاندەری بەردەوامی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی ئازادیخوازانەیە، بوونێك كە بۆ تاكە ساتێكیش لەو وڵاتەدا خامۆش نەبووە و بەردەوام جۆشی خواردووە و پێگە جەماوەرییەكانی خۆی بەھێزتر كردوون. ئەزموونی میسر، نیشانی‌دا، كە بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی لە دەرەوەی قورمیش و پیلانگێڕیی پارتە ڕامیارییەكاندایە و بە ئاسانی بۆ دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان دەستەمۆ و سەركوتناكرێت، ھەرە لەبەرئەوەیە،كە لە مێژوودا سەروەریی چینایەتی لە دێمۆكراتیترین مۆدێلیدا بۆ پاراستنی خۆی، تەنیا بە سەركوتی پۆلیسی و سەربازیی و ھێنانە سەركاری میرایەتییە دیكتاتۆرەكان توانیویەتی پاشەكشێ بەو بزووتنەوانە بكات.
ھەروەھا بزووتنەوە و ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی و یۆنان و ئیسپانیا و وۆڵ‌ستریت و لەندەن و برازیل، نیشانیاندا، كە ئەوەی تۆڕێكی كۆمەڵایەتی بۆ ھەڵخڕاندنی جەماوەریی دەتوانێت ئەنجامیبدات، سەدان پارت بە دەیان ساڵ ناتوانن، ئەنجامیبدەن. بێجگە لەوەی كە مێژووی پارتە ڕامیارییەكان لە چەپەوە بۆ ڕاست نیشانیداوە، كە بێجگە لە ھەوڵی دەستەمۆكردن و بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە ڕادیكاڵاكان، پارتە ڕامیارییەكان لە مێژووی چەند سەدەی دواییدا، ھیچیان ئەنجامنەداوە و ئەمە باشترین بەڵگەی ناكارایی و ناپێویستبوونی پارت و دەستەبژێرە ڕامیارییەكانە و ئەگەر سەرنجی بزووتنەوەكانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەك بدەین، ھەر بزووتنەوەك، كە كەوتبێتە ژێر كارایی ڕامیاران و جەنەڕاڵە سەربازییەكان، ئەوا سەرەنجامی دەستەمۆبوون و جەنگی خوێناوی نەبڕاوە بووە. لەم بارەوە دوو نموونەی زیندوومان لەبەردەستتان؛ نموونەی یەكەم بزووتنەوەی جەماوەریی ” ١٧ی شوبات”ی ھەرێمی كوردستان، بەھۆی زاڵی پارتە ڕامیارەكان و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەكانەوە، دەستەمۆكرا و كرا بە بزووتنەوەی نوێژی ھەیینی لەسەر شەقامەكان؛ نموونەی دووەم، ڕاپەڕینی خەڵكی (سوریا)یە، كە بەھۆی زاڵیی میلیشیا چەكدارەكانەوە، گۆڕدرا بە جەنگێكی خوێناوی نەبڕاوە، كە سەرەنجام خەریكە بیگۆڕن بە جەنگی مەزھەبیی نێوان شیعە و سوننە مەزھەبەكان.
ھەروەھا ڕاپەڕینەوەكانی دوو ساڵی ڕابوردووی میسر و لیبیا و سوریە و بەحرێن، ئەو ئەزموونەیان خستە بەرچاومان، كە ھەر كات بزووتنەوەكان لاوازبن و شیاوی دەستەمۆكردن بن، ئەوا دەوڵەتە ئەوروپییەكان و ئەمەریكا ھەوڵدەدەن بە پشتیوانی لە میرایەتی وڵاتەكە، بزووتنەوەكان تووشی شكست بكەن، وەك جەزائیر و بەحرەین و سعودیە، ئەگەر بۆیان سەركوت نەكرا، ئەوا لە ڕێگەی دەڵاڵانی بازاری چەك و گروپە مافیاییەكانەوە بیگۆڕن بە ڕووبەووبوونەوەی میلیشیایی و جەنگی بەردەوام وەك لیبیا و سوریە، ئەگەر ھیچكام لەو دوو ھەوڵەی یەكەم و دووەم سەریاننەگرت و ناكاممانەوە، ئەوا لە ڕێگەی پاگەندە و ھەڵبژاردنی پارلەمانییەوە زەمینەسازی بۆ بەدەسەلاتگەییشتنی ھێزە كۆنەپەرستەكانی وەك (نەھزە) لە تونس و (ئیخوان)ەكان لە میسر مسۆگەربكەن و ئەگەر ھاتوو بەوەش شەپۆلی یاخیبوون و ناڕزەایەتی جەماوەر دانەمركایەوە، وەك پیلانی بەگەڕخستنی ھێزی سەربازیی ساڵی ٢٠١١ و ئەم دوو ڕۆژەی دوایی میسر، ھەوڵی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و بەرژەوەندی كۆمپانییە جیھانلووشەكان بدەن،
ھەروەھا لە ھەرێمی كوردستانیشدا، ئەم ڕۆژانە بەكردەوە سەرەنجامی زاڵبوونی پارتە ڕامیارەكان و دەستەبژێرەكان بەسەر ناڕەزایەتی و خرۆسانی جەماوەرییدا دەبینین، كە چۆن لیستی نەوشیروانییەكان (پۆستجەلالییەكان) و ھاوپەیمانە ئیسلامییەكانیان، لە زاڵبوونیاندا بەسەر ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكانی “١٧شوبات”ی ٢٠١١ی ھەرێمی كوردستاندا، دوو ساڵ تازەكردنەوەی شوانەیی مەسعود بارزانی بەسەر كۆمەڵگەی كۆردستاندا، مسۆگەر دەكەن. ئایا وەھا سەرەنجامێك، بەرھەمی قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی جەماوەر و سازشكاریی ئۆپۆزسیۆن نییە، كە لەبری ئەوەی بزووتنەوەی “١٧ی شوبات” بەرەو وەلانان و ھەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی، نوێنەر دەنێرێنە لای سەرۆك و داوای بەزەیی و چاكسازیی لێدەكەن؟ ئایا بڕیاری دیكتاتۆرانەی پارلەمانی ھەرێمی كوردستان، سەرەنجامی ڕێككەوتنی ئۆپۆزسیۆن نییە لەپێناو كۆمەلێك دەستكەوتی كەسیی چەند پارلەمانتارێك و چەند گروپ و پارتێكی ڕامیاریی ؟ ئایا لە ھیچ سەردەمێكی مێژوودا وەك ئەمڕۆ و ئەم ساتە، دەستی ڕامیاران لە پیلان و سازشكارییەكاندا دەرەكەوتووە؟ ئایا لەمە زیاتر پێویستمان بە بەڵگەھێنانەوە لەمەڕ مشەخۆریی و گەندەخۆریی و پەتبەتێنی پارتەكان و دەستەبژێرە ڕامیارەكان ھەیە؟
یاداوەرییەكانی ١٨ی مارچ، ڕۆژی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان
یاداوەرییەكانی ١٨ی مارچ، ڕۆژی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان
ھەژێن
١٦ی ئازاری ٢٠١٣
ھەرچەندە من لە ڕۆژانی ڕاپەڕین و سەردەمی سەرھەڵدان و تێكشكانی “بزووتنەوەی شورایی كوردستان”دا، لە ھەرێمی كوردستاندا نەبووم، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشێكبووم لەو بزووتنەوەیە. كاتێك كە تێكشكانی بزاڤی چەكداری و ئاوارەبوون ئێمەی كردە پەنابەری نێو ئۆردووگەكانی وڵاتانی دەوروبەر، بواری زۆرتر ئاشنابوونم بە بزووتنەوەی جەماوەریی و خەباتی جەماوەریی و شۆڕشی كۆمەڵایەتی بۆ ڕەخسا و بە دابڕانم لە بزاڤی چەكداریی، ئاسۆیی بیركردنەوەم فراوانتر و خوێندنەوەم بۆ مێژووی بزووتنەوە جۆرا و جۆرەكان پەرەیسەند و ھەلم بۆ ڕەخسا، كە لەو بارەوە بۆچوونی تایبەتی خۆم بەپێی تێگەییشتن و پێگەییشتنی خۆم، پەرەپێبدەم.
وەھا سەرەتایەك بوو، بوو بە ھاندەرم بۆ كاركردن و چالاكی لەنێو پەنابەران و بانگەوازكردن بۆ پێكھێنانی شورای سەربەخۆیی پەنابەرانی خۆیان و پوچەڵكردنەوەی ھەوڵی بەكرێگیراوان و شوراكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە بە ئاشكرا و نھێنی لە ڕێگەی ڕەوتە ئیسلامییەكانی نێو ئوردووگەكانی پەنابەراندا، كۆماری ئیسلامی دەیسەپاندن و دەیكردنە دەمراستی خەڵكی. ھەرچەندە ھەوڵ و كۆششی من و ھاوڕێكانم بەرەنجامێكی ئاوای بەدەستەوەنەدا، بەڵام ھیچ كات تا كاتی گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی كوردستان، دەستبەرداری پاگەندە و ھەوڵدان بۆ وەھا شورایەك نەبووم و ھاوكاتی پاگەندەكردنم بۆ ڕێكخراوە و یەكێتی جەماوەریی كرێكارانی كورەخانە و كیشاوەرزی، بەردەوام كارم لەسەر ھوشیاریی كەسەكانی دوروبەرم لەبارەی بزووتنەوەی جەماوەریی و كارایی سەربەخۆبوونی و ڕۆڵی لە بەدیھاتنی داخوازییەكانی پەنابەراندا، دەكرد.
گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی كوردستان، ھاوكاتی دەنگدانەوەی ڕەخنەكانی ئیرەجی ئازەرین [ئەندامی فراكسیۆنی كۆمونیزمی كارگەریی نێو پارتی كۆمونیستی ئێران (حكا) و دواتر یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كۆمونیستی كارگەریی ئێران (حككا) و پارتی كۆمونیزمی كرێكاریی عیراق (حككع)] بوو. ئەودەم تەواوی لایەنگرانی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاریی، بە ھەموو ھێز و توانایانەوە، لە ھەوڵی خۆتەكاندن لە تۆزوگەردی ڕۆژانی ڕاپەڕین بوون و ڕاپەڕینیان تا ڕادەی بەگاڵتەگرتن و بە چەتەگەریی چواندن و لە باشترین باردا خۆیان واتەنی بە “ھەڵچوونی تاڵانگەرانەی جوتیاریی” دەچواند و ھەموویان بەپێچەوانەی ئێستاوە، كە خەریكی نۆرەبڕێیكردن و خۆكردنە ڕۆڵەی ڕاپەڕین و قارەمانسازیین، كەوتبوونە نكۆڵی‌كردن لەوەی كە بەشدار یا لایەنگری وەھا ڕاپەڕینێكی سەربەخۆی جەماوەریی بووبن. تەنیا یەك شت نكۆڵییان لێنەدەكرد، ئەویش ھەوڵدان و پاگەندەیان بوو لە ڕۆژانی پاش (ڕاپەڕین)دا بۆ شورا كرێكارییەكان، ھەرچەندە ئەوەش بە ھەمان ورە و لێبڕاویی ئەوسایانەوە نەبوو، پارادۆكسی شانازیی ڕۆژانی ڕاپەڕین و پەشیمانی و ڕەدووكەوتنی ڕەخنە ئایدیۆلۆجییەكەی (ئیرەجی ئازەرین)، بووبووە باری گرانی سەرشانیان و لە شەڕەدەندووكی سكتاریستییان لەتەك لایەنگرانی شورای خەڵكیدا، زمانی كولكردبوون.
بەڵام بۆ من، كە پێناسە و لێكدانەوەی خۆمم بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی ھەبوو، ھەگیز بەدەم ئەو سووكایەتی و گاڵتەكردنانەوە پێنەكەینیم، كە ڕاپەڕینیان بە تاڵانی و ڕاورووت دەچواند و ھەرگیزیش جوتیارییبوونی ھیچ ڕاپەڕینێكم بە كەمیی نەزانی و وەك ئەوان جوتیارانم بە ناشۆڕشگێڕ ناونەبرد. ھەر لە دووەمین ڕۆژی پەیوەستبوونم بە ڕێكخراوی (ڕەوتی كۆمونست)ەوە، ھەستم بە جیاوازیی بۆچوونم، بەتایبەت لەمەڕ ڕاپەڕین و لێكدانەوە دوور لە كەتوارییەكانی (ئیرەجی ئازەرین) لەتەكیاندا كرد، لێرەا ناچمە نێو قوڵایی ئەو بابەتە، چونكە لە [یاداوەریی و ئەزموونەكانی ڕۆژانی چەپایەتیم]دا فراوانتر لەو بارەوە ڕوونكردنەوە دەدەم.
پاش داخستنی بنكەی ڕەوتی كۆمونیست و پووچەڵبوونەوەی بڕیاری ڕەوكردنی ھەموو ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە بۆ ھەندەران، بۆنە و ساڵیادەكانی ٨ و ١٨ی ئازار و یەكی ئایار و ….تد بوونە سەكۆیەك بۆ پاگەندەی ڕێكخراوەیی و ئایدیۆلۆجی. پاش شكستی بزاڤی شورایی و داخستنی بنكەكانی ڕەوتی كۆمونیست، یادی ١٨ی ئازار دووەمین مەراسیم بوو، كە چەپی دەھێنایەوە ڼێو مەیدان و بە كۆمەڵگەی دەناساندەوە. بۆ من یادی (كۆمونەی پاریس)، شتێكی تازە و نائاشنا نەبوو، ھەموو ساڵێك لەتەك ڕادیۆ كۆمەڵە و لە ڕێی بەرنامە تایبەتەكانی لەو ڕۆژەدا، ئاشنای بەسەرھات و ڕووداوەكان و ئەدەبیاتی ئەو ساڵیادەبووم، ئەوەی كە بۆ من نوێ بوو، ھەم بەشداریكردنی چالاكانەی خۆم بوو لەو ساڵیادەدا و ھەم بەشدارییكردنم بوو لە یادی “بزووتنەوەی شورایی” ھەرێمی كوردستاندا، كە دەیتوانی بەجۆرێك خۆزگە و ئەفسووسەكانم بۆ بەشداریكردن لەو بزووتەنەوەدا، كەتواریی بكاتەوە. بەو بۆنەوە، حەزمدەكرد لەو ڕۆژەدا بە ھەموو بوونێكمەوە، توانا و وزەم بۆ ئەو یادە بخەمەگەڕ.
١٨ی ئازاری ١٩٩٢ سلێمانی
بە وەھا ئامادەییەكەوە، بەشداری یادی ١٨ی ئازار؛ ساڵیادی “ڕۆژی كۆمونە” و ساڵیادی “بزووتنەوەی شورایی” لە كوردستان‌م كرد. ئەو كات ئەزموونی چالاكی و ئامادەكارییمان زۆر كەم بوو، پاش مەراسیمی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی جیھانی ژنان، ئەوە دووەمین مەراسیم بوو، كە ئامادەكاریمان بۆ دەكرد، دابەشكار و جیاكردنەوەی دەستەكانی ئامادەكاریی لەئارادانەبوو، ھەندێكمان خەریكی پاگەندە و ئامادەكردن و زیادكردن و بڵاوكردنەوەی پلاكارت و بانگھێشتكردنی جەماوەر بوون، ھەندێكی دیكەش خەریكی ئامادەكردنی شانۆیی و سروود بوون و ئەوانی دیكە وەك پیشەی ھەمیشەیی ڕێكخراوەی ڕامیاریی خەریكی خۆئامادەكردن بوون بۆ وتاردان.
من ھەم لە گروپی سروودوتندا ھەبووم و ھەم لەبەر نەخۆشبوونی ھاوڕێیەك لە پرۆڤەی شانۆییەكەدا بەشداربووم. ھەروەھا پێش ئامادەكاریی مەراسیمەكە، سەرنووسەری یەكێك لە گۆڤارەكانی ئەو دەمە، داوای وەرگێڕانی شانۆنامەی [ “نە بۆ دەنگدان / نا بۆ ڕیفراندۆم”، نووسینی بێرتۆڵد برێشت]ی لە زمانی فاسییەوە، لێكردم و منیش پاش ماندووبوونێكی زۆر و وەك یەكەمین وەرگێڕانی دەقی فارسی، تەواومكرد، بەڵام بەداخەوە، ھەرچەندە دواتر بەناوی خۆیانەوە بڵاویانكردەوە، بە منیان گوت “وەرگێڕانەكەت چاك نییە”. ئەگەر بە باشی لەبیرممابێت، وابزانم ھەر ئەو دەقە شانۆییە بوو، كە تیپە شانۆیییەكە [بەداخەوە دڵنیانیم، كە ئایا تێپی شانۆی ئایار بوو یا تیپی شانۆی نی‌نا] بۆ یادی ١٨ی ئازار پرۆڤەی دەكرد.
بەڵێ ئەو ڕۆژە بۆ من، ھاتنەدی خەونێكی دێرین بوو، كە لە سەرزەمینی ڕاپەڕینی ٧ی ئازاری ١٩٩١دا لەو ڕۆژەدا دوا پەیام و سروودی كۆمونارەكانی پاریس بە گوێی ھاوچینەكانمدا بچرپێنین و لە یادی “بزووتنەوەی شورایی كوردستان”دا ئەو دەنگانە بێننەوە سەرشانۆ. ڕۆژێك، كە ھەرگیز وێنە و یاداوەرییەكانی چۆنیەتی كاركردن و لەخۆبردوویی ئەو ڕۆژانەی ھاوڕێیان و نادەربەستی و وێناكردنی ناكەتوارییانەی ئەم ڕۆژانەم بەیەكەوە بۆ كۆناكرێنەوە. وێڕای یاداوەرییە خۆشەكانی ئەو ڕۆژە، دەنگبڕان و برینداربوونی دەنگەژیـم لە كاتی وتنی سروودی “ھاوڕێیانی گیانبەختكروو ؛ بەڕێزە گیانبازیتان “، كە بەھۆی زاڵنەبوونی ھاوڕێكانی تەنیشتمەوە بەسەر ھۆنراوە و ئاوازەكەیدا، ناچاربووم، بۆ پڕكردنەوە و بەرزكردنەوەی دەنگی ئەوان، من فرەتر دەنگھەڵبڕم، ئەمە بووە ھۆی تێكچوونی دەنگەژێم بۆ ھەمیشە.
بەڵێ ئەو ڕۆژە دڵخۆشی و ورەبەرزیی و بوژانەوە باڵی بەسەر گشت ئەو ھاوڕێیانەدا وەك یەك جەستە و یەك دەنگ و یەكخواست كێشابوو، ئەوانەی كە ئەمڕۆ وەرەمی پارتایەتی سەراپایانی تەنیوە و كردوونی بە ھەزار و یەك پارچەوە و ھەر چەند كەسێكیان لە بەرامبەركێی دەسەڵات و ناوبانگخوازانەدا، پارت و ڕێكخراو و گروپێكیان قوتكردووەتەوە و كەس ئامادەی گوێگرتن لە كەسی دیكە نییە و ھەر كەسە خەریكی دەبەنگنیشاندانی بەرامبەرەكەیەتی، كە لە ڕاستیدا ئەگەر دەبەنگییەك لە ئارادابێت، ئەوا تەنیا ئەو سكتاریزم و دەسەڵاتخوازییە پارتییەیە، كە باڵی بەسەر ھۆش و بیركردنەوەی زۆربەیاندا كێشاوە و ھاوڕێیانی دوێنێی كردووەتە دوژمنی سەرسەختی ئەمڕۆی یەكدی.
ڕۆژگارێك كە كۆمونیستخوازەكان، پارتی پۆڵایینیان نەبوو و بەسەر كۆمەلێك ڕێكخراو و دەستە و كۆڕ و كۆمەڵی جیاوازدا دابەشبووبوون، ھەمووان لە بەرەیەكەدا وەك بۆچوونە جیاوازەكانی ئاوەزێك و بوونێك (جەستەیەك/ كەسێك) دەردەكەوتن، بەڵام ئەمڕۆكە پاش ئەوەی كە بە فەرمانی سەرووی خۆیان لە پارتێكدا توانەوە، بوونە خاوەنی دەرزەنێك پارتی لەیەكچوو بەڵام تینووی خوێنی یەكدی. كاتێك وێنەكانی پاش تەواوبوونی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ دەھێنمەوە پێشچاوم، كە ھەمووان سەرەڕای جیاوازیی بۆچوون و تێڕامانیان، بەڵام لە كەشێكی ھاوڕێیانە و زانیارییخوازانەوە خەریكی مشتومڕبوون، بەداخەوە ناتوانم بۆ ھیچ كەسێكی بسەلمێنم، ئەو كەسانەی كە لەوێدا بوون، ھەر ئەوانەن، كە ئەمڕۆ لە كایەی پارت و لیدەرچیەتی و ھەڵپەی پلەوپایە و ناوبانگدا تا بینەقاقا نوقمی كولتوور و بیركردنەوەی بۆرجوازییانە بوون و لەبری ڕەتكردنەوەی سەروەریی بۆرجوازی كورد، گلەیی لێدەكەن و خەریكی ئامۆژگارییكردنینی، كە چۆن سەرۆكی باش و میرایەتی باش و پارتی باش و پارێزەری دێمۆكراسی پارلەمانی و سەروەریی یاساكەیان بن!
١٨ی ئازاری ١٩٩٣ ھەولێر
لە ھەولێر بەپێچەوانەی سلێمانییەوە، وەك پێشینەی مەراسیمەكانی پێشووتر، بەر لە مانگێك كەوتینەخۆ و بانگەوازمان بۆ كۆبوونەوەی گشتی گشت چالاكان و بەشداری و پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٣ی ھەولێر كرد، وەك ھەموو جارێك ھاوڕێیانی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی دیكە (ڕەوتی كۆمونیست و یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری و سەرنجی كرێكار) و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی وەك ھاوڕێیانی یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ھاوڕێیانی كانونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ و دەستە و كۆڕ و كۆمەڵەكانی دیكە و تاكە سۆشیالیست و نزیكەكانی ئەو ڕێكخراو و كۆڕ و كۆمەڵانە، لە كۆبوونەوەی یەكەمدا بەشدارییانكرد، لە ھاوڕێیانی بەشدار [ ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان)، جەمال چاوشین، عەبدولراحمان مەولوود، گۆران عەبدوڵڵا، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئەحمەد پاشا، دلێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، ناڵە حەسەن، ھیوا، بەختیار، بەخیتیار (كرێكاری كارەبا)، سۆران كەریم، ھیوا كەریم، رێبوار میدحەت، مامە كەریم، كاوە حەسەن، من و كۆمەڵێكی دیكە ھاوڕێ] بەداخەوە تەنیا ناوی ئەمانەم لەبیرماوە. لەم كۆبوونەوەدا بەپێی ئامادەیی و خۆبەخشیی كەسەكان دابەشكار كرا و لێژنەكانی ئەنجامدانی كارەكان پێكھێنران و ڕۆژی كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكارانی لێژنەكان دیاریكران و ھەر لێژنەش سەرخەتی كارەكانی خۆی دەستنیشانكردن.
ئەگەر بەھەڵەدانەچووبم، ئەو دانیشتنەمان لە بنكەی كانوونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ واتە شوێنی پڕڤەی تیپی شانۆی مژدە یا لە بنكەی یەكێتی بێكاران، ئەنجامدا. وەك جارەكانی دیكە، من كەوتمەوە لێژنەی ھونەری و لێژنەی پاگەندە و بڵاوكردنەوەی پلاكارت و ڕاگەیاندن، ھەروەھا وەك نوێنەری لێژنەی خۆجێی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست، لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكەی ئێمە بەشی ئاشكرای ھەبوو، گرتن و مۆڵەتوەرگرتنی ھۆڵ بۆ مەراسیمەكە بە ئێمە سپێردرا و منیش ئەو داواكارییەی كۆمیتەی مەراسیمەكەم بە نوێنەری بەشی ئاشكراوی ڕێكخراوەكەمان لە ھەولێر گەیاند و ئەویش لەوە دڵنیای كردمەوە، كە بێخەم بم و ئەوە كاری ئەوە و زوو ئەنجامیدەكات و نامەی مۆركراو بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگەی ئاساییش، ئامادەدەكات و بەخۆی جێبەجێیدەكات.
ھەرچەندە ناكۆكی بیركردنەوە و بۆچوون و شێوازی كار و ھەڵسوكەوتمان لەتەك ڕێكخراوەكانی دیكەدا، جیاواز بوو و سووكە گومانێكم لەوە ھەبوو، كە كارەكە ئەنجامنەدات، بەڵام لەولاشەوە بڕوام بەخۆم دەھێڼا، بە خۆمم دەگوت “بڕواناكەم تا ئەو ڕادەیە كار و پرسە گشتییەكان و كارە ھاوبەشەكان بكاتە قوربانی ناكۆكی كەسیی و بۆچوونی كەسیی”.
ئێمە ئەندامانی لێژنەكان، ڕۆژ بە ڕۆژ كارەكانمان ئەنجامدان و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان ئۆتۆمەبێلەكەی خستبووە پێناو ئەنجامدانی كارەكانمان و بەخۆیشی ھاریكارمان بوو. لەو ڕۆژانەدا نزیكایەتی و ھاوڕێیەتییەكی وەھا باڵی بەسەر پەیوەندی ھەندێكماندا كێشابوو، كە بۆ كەسانی دەرەوەی ئەو سێ ڕێكخراوە، ئاساننەبوو، بزانێت كێ لە كام ڕێكخراوەدا ئەندامە و جیاوازیی ڕێكخراوەییمان چییە. بەتایبەت نێوان ئێمە ھاوڕێیانی (حەوزەی شققە) لەتەك ھاوڕێیانی یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری (ئارام عەلی)، سەرنجی كرێكار (جەعفەر عەلی و بەختیاری كرێكاری كارەبا) و ھاوڕێیان ئازاد ئاڕمان و جەمال چاوشین و ھاوڕێیانی گیانبەختكردوو شاپوور و قابیل و كۆمەلێك خوێندكاری زانكۆ، ھێندە گەرموگوڕ بوو، وەك خێزانێكی گەورەمان لھاتبوو. پەرتووكفرۆشییەكەی ئێمە سەرەتا بەرامبەر ئاساییش و بەردەم قەڵا و دواتر بەرامبەر سینەما كریستاڵ، بووبووە بنكەی كۆبوونەوەی گشت چەپەكان و یەكدی بینینیان.
ڕۆژی ١٨ی ئازار، كاتێك كە بە ئۆتۆمەبێلەكەی ھاوڕێ (ئازاد ئاڕمان)، كەرەستەكانی مەراسیمەكەمان بردنە ھۆڵی ڕۆشنبیریی جەماوەر، لەوێ پاسەوانی ھۆڵەكە پێیگوتین، ئێمە ئاگادارنەكراوین و بەبێ مۆڵەتی ئاساییش بۆتان نییە مەراسیم بكەن. قسەیەكی ئاوا وەك فیشەكێك بوو، بە ھەموومانەوە نرا، ئەم، لەوی دەپرسی و ئەو، لەمی دەپرسی “چۆن مۆڵەت وەرنەگیراوە” و ” ئەو دەیگوت، مەگەر ئێمە یەكەمجارمانە مەراسیم بكەین، بۆ شتی وانەبووە” و ھەمووشیان ڕووی دەمیان لە من دەكردەوە ” مەگەر بڕیار نەبوو، تۆ ئەو كارە ئەنجامبدەیت”. منیش ھەرچەند لە كۆبوونەوە ھەفتانەییەكانی پێشووی مەراسیمەكەدا لەوە ئاگادارم كردبوونەوە، كە لیپرسراوەكەمان بەڵێنی داوە بەخۆی ئەو كارە ئەنجامبدات و بە منی گوتووە “پێویستناكات، تۆ خەیاڵی خۆت بەوەوە خەریكبكەیت و من ئەو كارە ئەنجامدەدەم”. دیسانەوە درامەوە بەر ڕێژنەی پرسیار “مەگەر ئێوە لە لێژنەی خۆجێی ھەولێر و بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەتاندا پێكەوە كارناكەن و چۆن لە كارەكانی یەكدی ئاگادارنین؟” دیسانەوە ناچاربووم بڵیم ھاوڕێیان، بەداخەوە من ماڵی ئەو ھاوڕێیە نازانم لەبەرئەوەی تا ئێستاكە بۆ ئێمە ئاشكرا نییە، ھەرچندە بەخۆی لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەكانە!
پاش ماوەیەك چاوەرێ ماینەوە، دواجار ناچاربووین، [ئەگەر بەباشی لەبیرممابێت] ھاوڕێیەك لەتەك ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان بە ئۆتۆمەبێلكەكەی چوون بۆ ماڵی لێپرسراو و لەوێوە چووبوونە ئاساییش و ھاتنەوە و لێپرسراو و مۆڵەتەكەیان لەتەك خۆیان ھێنا. لەم ساتەدا كە ئەوان ھاتنەوە، نزیكەی ٢٠ خولەكی بۆ ئەو كاتەی، كە بۆ دەستپێكی مەراسیمەكە دیاریمانكردبوو، مابوو. ھەرچۆن بوو، بە پەلەپەل، وەخۆ كەوتین و مەراسیمەكەمان بەرپاكرد. ھاوڕێی لێپرسراو بە پێكەنێكی دەستكردەووە وتی “خۆ دیتان بەبێ من ھیچتان بۆ ناكرێت”، لەو كاتەدا سەیرێكی منی كرد و ھاوڕێیانی بەشدار لە كۆمیتەكەدا لەوە تێگەییشتن، كە ھاوڕێی لێپراسراو ئامانجدارانە وەرگرتنی مۆڵەتەكەی دواخستووە و بە منیان گوت ” ئەگەر بمانزانیایە، بەرامبەر بە تۆ ناكۆكی ھەیە، ئەوا بەخۆمان داوای نامەی مۆركراوی ڕەوتمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەكە لێدەكرد و تووشی ئەم دەردیسەرییە نەدەبووین”.
بۆ من، ئەم مەراسیمە دوو ئەزموونی تێدابوو، یەكەم قسەكەی ھاوڕێ (ئـ.. ح-ك) ئەندامی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست لە سلێمانی بۆ سەلما، كە دەیگووت “ئەگەر دەتەوێت گویط لێ‌بگرن و بە پلەیەكی بەرزتر بگەیت، پێویستە دەست بەكڵاوەكەتەوە بگریت”. منیش لەو كەسانە بووم، كە كڵاوێكم نەمابوو تا دەستیپێوەبگرم، دووەم، ئەوانەی ھەڵپەی پشت مایكرۆفۆن و بەردەم كامێرایان بوو، بە ھەموو شێوەیەك دەیانویست چتبوونی خۆیان بسەلمێنن. ھەڵبەتە ئەم كارە، سەرەتای دژایەتیكردنی من بوو، لە زۆربەی چالاكییەكاندا و دواتر لە مەراسیمی یەكی ئایاری ١٩٩٣دا تاڕادەی دژایەتی و گەرپێفرۆستن و دەرپەڕاندن، ناچاریانكردم بەرەو ئاكرێ ملی ڕێگە بگرم. ھەروەھا بەرگرتن بە بەرپاكردنی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی منداڵان كە لە ساڵی ١٩٩٣دا، پێشنیار و ئیدەی من بوو، لەلایەن لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەمانەوە، كە ڕێكخستنی شارەكانی ڕەوتی كۆمونیست ڕەزامەندی لەسەر دابوو و ھەروەھا بەرگرتن بە كۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر سووتاندنی پەتووكخانەی ڕاپەڕین لە ڕانیە، كە نزیكەی ٥٠ كەس لەسەر بانگەوازی ئێمە [ھاوڕێیانی شوقە و ھاورێ ئازاد (بژار) بەناوی لێژنەی خۆجێی ھەولێری ڕەوتی كۆمونست، بەیاننامەی سزاواركردن و بانگەوازمان بۆ كۆبوونەوەی گشت ئازادیخوازانی ھەولێر دەركردبوو و كۆبوونەوەكەمان لە گڵكەند بەرپاكرد. دواتر لە گێڕانەوەی یاداوەرییەكانمدا بەناوی [یاداوەریی و ئەزموونەكانی ڕۆژانی چەپایەتیم]، بە وردی دەچمە سەر زۆر بابەتی دیكەی شاراوەی ئەو ڕۆژانە.
خوێنەری ھێژا، ئەمە كورتەی یاداوەرییەكانی من بوون، لەمەڕ مەراسیمی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و بزووتنەوەی شورایی؛ ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ و ١٩٩٣. دەكرێت زۆر لایەنی دیكەی ئەو چالاكییانە و ھەڵویستگیرییەكانی ئەودەمە، بۆ ھاورێیانێكی دیكە سەرنجڕاكێشتر بووبن و بەو ھۆیەوە لە یاداوەیی مندا تۆمار نەبووبن یا لەبیرم نەمابن، مایەی دڵخۆشییە، ئەگەر ھاوڕێیانی بەشدار و جالاكی ئەو ڕۆژانە قۆڵی لێھەڵماڵن و لەتەك ئێمەدا یاداوەرییەكانیان بەشبكەنەوە. داوایلێبوردن دەكەم، كە لە ھەندێك جێگەدا ناچاربووم، زیاتر لەسەر شتەكان بوەستم یا ڕۆشنكردنەوەی زیاتر بدەم، تاوەكو بتوانم وێنایەكی ڕۆشنتر بخەمە بەرچاوی ئەو خوێنەرە ئازیزانەی، كە لەو ساتەدا ئامادە و بەشدارنەبوون و ئاگایان لەو پرسانە نەبووە. ھەروەھا ئەو كاتیش وەك ئێستا من دژی پلەوپایەی ڕێكخراوەیی بووم و وەك سەرەتاییەك (مەبدەئێك) ڕەتمدەكردەوە و ڕەتیدەكەمەوە و ئەندامبوونم لە لێژنەی خۆجێی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست‌دا، تەنیا لەبەر داواكاریی و سووربوونی ھاوڕێیانم [مامە كەریم، ڕێباز، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیواكەریم، سیروان عەلی (ئەندامانی حەوزەی شوقە)] ڕازیبووم. بەداخەوە بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئەو ھاوڕێیانەوە، نەك ھەر ڕازیبوونی من، نەبووە ھۆی باشتركردنی پەیوەندی ئێمە لەتەك لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕەوت لە ھەولێر و ڕێكخستنی نھێنی شارەكان، بەڵكو بووە ھۆكاری توندوتیژبوونەوەی دژایەتی دوو ھاوڕێی ڕێكخراوەیمان بۆ من، كە لە دەرەوەی ئاپارتمان (شققە)كەی ئێمە دەژیان.
بۆ خوێندنەوەی یاداوەرییەكانی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی جیھانی ژنان، كرتەلەسەر ئەم بەستەرە بكەن: www.hezheen.tk
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی سێیەم
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨
بەشی سێیەم:
به پێی ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتی بێكاران زیاتر له ( ٢٠.٠٠٠) هه‌زار ئه‌ندامی بێكاری ناونووسكراوی هه‌بوو، ده‌سه‌ڵاتی كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا ده‌كرد و چه‌نده ڕێكخراوەكە و داخوازییەكانی بەھەند ده‌گرتن؟
سیروان عەلی :
ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان وه‌ك به‌ره‌یه‌كی ڕاستڕه‌وی كۆمەڵگە، هه‌رده‌م پیشه‌ی به‌رامبه‌رگرتن بووه له ئاست ئامانج و داخوازی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش. بۆیه زۆر سروشتییانه، هه‌ر له یه‌كه‌م هه‌سته‌ی پێكهێنانی (یه‌كێتی بێكاران)ەوه ئه‌و به‌هه‌ر شێوه‌یەك بۆی لوابێت، هه‌وڵی له‌باربردن و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی داوه. ئه‌گه‌ر به تەمەنی ئه‌و ڕێكخراوه‌دا بچینەوە، ئەوا شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌م په‌رچه‌كاردانه‌وانه ده‌بینین. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی بێبنه‌ما بۆ ئه‌م ڕێكخراوه له چه‌شنی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بێكاران خه‌ڵكی ناونووسده‌كه‌ن و داوتر ده‌یانێرن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بۆ ئه‌م مه‌بەسته له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه بیانییەكان ڕێككه‌وتوون. به‌ڵام ئه‌م پاگەنده زوو پووچه‌ڵبوه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ببووه پاڵنه‌رێكی زۆر گرنگ بۆ ڕووتێكردنی خه‌ڵكی لە نووسینگەكانی یه‌كێتی بێكاران، ھەروه‌ھا هه‌ڵسوڕاوانی یه‌كێتی بێكاران لێبڕاوه‌نه ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هه‌زمكرد، به‌رده‌وام بۆ خه‌ڵكیان ڕوونده‌كرده‌وه، كه ئامانجی ئه‌م ڕێكخراوه چییه و چۆن كارده‌كات و پشتی به‌كێ به‌ستووه، بۆ نموونە سه‌ره‌تای یەكێتی بێكاران له شاری هه‌ولێر ھاوڕێیان جمال چاوشین و چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی دی له گازیۆنێكی بازاری پاته لافیته‌كیان له مێزێك دابوو، كه ئه‌وان بۆ ناو نووسكردنی بێكاران و قسه و باسكردن لەگەڵیاندا لەوێدا دەدانشتن. هه‌روها ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه بووبه‌مایه‌ی ئه‌وه‌ی كە پرۆسه‌ی ناونووسكردنی بێكاران له لیستی ئه‌ندامبوون و ده‌ركردنی پێناسه زۆر سەركەوتووانه ئه‌نجامبدرێت و ببێته مایه‌ی كردنه‌وه‌ی بنكه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه له سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا. دوای ئه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه گه‌شه‌یكرد، ئه‌و كاته ده‌سه‌ڵات چووه قۆناغێكی تر بۆ به‌رامبه‌ركێ لەگەڵ ئه‌و ڕێكخراوه‌یە له ڕێگه‌ی چاوترساندن و هه‌ڕشه و ته‌نانه‌ت تیرۆركردنی هه‌ڵسوڕاوه‌كانی. وه‌ك تیرۆركردنی یەكێك له هه‌ڵسوڕاوه په‌یگیره‌كانی (نه‌زیر عومه‌ر ) له بادینان، كه داوتر له شاری سلێمانی گه‌وره‌ترین خۆپیشنادانی لێكه‌وته‌وه. ھەروەھا گەوره‌ترین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌رابه‌مبه‌ركێی ده‌سه‌ڵاتداران كە لەگەڵ یه‌كێتی بێكاران له ڕێكەوتی ١٩٩٣/٦/١٩دا بوو، كاتێك كە یه‌كێتی بێكاران بانگەوازی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌كی خۆراكیی، كه ئه‌و كاته به‌تایبه‌ت كۆژمه‌یه‌كی گه‌وه‌ره‌ی گه‌نم هه‌بوو و ( ئەحمه‌د ئیسماعیل) گه‌وه‌ره سه‌رمایداری ئه‌و كاته له شاری هه‌ولێر خاوه‌نی دەواجن بوو و ڕازی نه‌ببوو ئه‌و به‌شه گه‌نمه بۆ جوجوڵه‌كانی وه‌ربگرێت. یه‌كێتی بێكاران داوایكرد، كه بدرێته بێكاران، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاته ڕازینه‌بوون و (یه‌كێتی بێكاران)یش بۆ ئەو مەبەستە بانگەوازی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی دەركرد. ده‌سه‌ڵاتداران له هه‌موو شاره‌كانی كوردستان هێزه‌كانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەی ئه‌و خۆپیشاندانه ئامادەكردبوو. ڕۆژانه ئه‌ندامان و هه‌ڵسوڕاوانی یەكێتی بێكاران توشی گرتن و هه‌ڕشه و ڕفاندن دەبوونەوە، وه‌ك ڕفاندنی گروپێك له نوێنه‌رانی بێكاران له شاری سلێمانی گه‌ر له ناوه‌كاندا هه‌ڵه‌نه‌بم ھاوڕێیان (ئەنوەره سوور،حاجی ئەنوەر ،ئەكرم چاوشین و چه‌ند هاوڕێكی تر بوون)، هه‌روه‌ها ڕۆژانه هه‌ڵسوڕاوان و نوێنەرانی یه‌كێتی بێكاران ده‌ستگیرده‌كران و دواتر ئازادیان ده‌كردن، لەوانە ده‌ستگیركردنی (سه‌ردار حەمید، ڕیاز كاكه‌شین، سیروان عەلی و چه‌ندین هه‌ڵسوڕاوێكی دیكه)، هه‌ره‌وها بڵاوكردنه‌وه‌ی پاگانده‌ی ئه‌وه‌ی كە چەندین ده‌ستی ترسناك خۆیان مه‌ڵاسداوه، بۆ ئه‌وەی خۆپیشنادانه بۆ شتی دیكه بقۆزنه‌وه؛ بە نموونە باسی (ڕژێمی به‌عس)یان ده‌كرد ، كه ئه‌و كات له ڕۆژنامه فه‌رمی ئه‌و ڕژێمه ( الجمهوریه)دا هه‌واڵی خۆپیشاندانی یه‌كێتی بێكاران بڵاوكرابووه‌وه، بێجگه له‌وه‌ی كه باره‌گاكانی یه‌كێتی بێكاران به هێزی چه‌كدار ئابلۆقه‌درابوون. دیاره دەسەڵاتدارن له‌و مواجه‌هه‌یه‌دا سەركەوتوووبوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ڕێكخراوه (یەكێتی بێكاران) له هه‌ڵسه‌نگاندنێكی نادروستدا هه‌ستان به دواخستنی ئه‌و خۆپیشاندانه بۆ كاتێكی نادیار، كه بووه مایایه‌ی چوونه‌دواوه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه له داهاتوودا. په‌رده‌یه‌كی تر له‌و به‌رامبه‌ركێیانه، هه‌وڵدان بوو بۆ قڵشتدروستكردن لەنێو ڕێزه‌كانی یەكێتی بێكاراندا. من بێجگه له‌وه‌ی ته‌حەفوزی ته‌واوم ھەیە، له‌وه‌ی كە هه‌موو ئه‌وانه‌ی له یه‌كێتی بێكاران جیابوونه‌وه، به‌وه تاوانباربكه‌م، كە ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به پارتێكی سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بوو یان ئه‌وان به‌شێكبوون له پێلانێكی تایبه‌ت، به‌ڵام من بێگومانم له‌وه‌ی له‌وه‌دا سەركەوتووو بوون، كه یه‌كێتی بێكاران دوو كه‌رت بكه‌ن، بەوەی ڕێكخراوێكی وه‌ك( ڕێكخراوه‌ی بێكاران) له شاری سلێمانی دروستبكه‌ن، كه زۆربه‌ی ئه‌ندامانی پێكهێنه‌رانی ئه‌و ڕێكخراوه (ڕ.ب)، بەخۆیان ئه‌ندامی چالاك و هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی بێكاری بوون و كه‌سی زۆر دڵسۆزی به‌رژه‌وندییەكانی بێكاران بوون. به‌ڵام به هۆی جیایی ڕوانگەیان بۆ كاركردن و خراپ ماممه‌ڵه‌كردنی (حزبی كۆمونیست)ێش لەگەڵ دیده جیاكان و به هۆی ها‌ندانه‌كانی دەسەڵاتداران به‌تایبه‌ت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، توانیان یه‌كێتی بێكاران له شاری سلێمانی دووكه‌رت بكه‌ن. ماوه‌یەكی زۆر پرسی بێكاران تێكەڵكرا بە شه‌ڕێك، كه له ئامانجه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه دوور بوو. هه‌وڵێكی تری ده‌سه‌ڵات تاوانباركردنی (یه‌كێتی بێكاران) بوو بەوەی كە سه‌ربه حزبی كۆمونیسته. له سه‌ره‌تادا ئه‌م پاگەندەیه مایه‌پووچ بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌م ڕاست نه‌بوو و ھەم پێكهاته‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی بێكاران هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو ڕه‌نگێكی له خۆی كۆكردبوه‌وه و هه‌روه‌ها ئامانجه‌كان و تێكۆشانه‌كانی لەپێناو داخوازی چاره‌سەری بێكاریدا بوون. به‌ڵام له دوای قۆناغی ئه‌و قڵشته‌ی كە كه‌وته نێو یه‌كێتی بێكاران، حزبی كۆمونیست هه‌ر وه‌ك چه‌شنی هه‌موو پارته‌كانی نێو ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بێكاراندا ده‌كرد، وه‌ك چۆن ئه‌وان ڕێكخراوه‌ی سه‌ر به پارته‌كانیان هه‌بوون، ئاواش ئه‌ندامانی ئەو حزبە ده‌ستیان به داگیركردنی ئه‌و ڕێكخراوه كرد و له‌وه‌ی ڕێكخراوه‌یەكی جه‌ماوه‌ریی بێت، كەوڵیانكرد و ئه‌مه‌ش یارمه‌تییەكی زۆر بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سەڵاتداران سیاسه‌تی ئیحتواكردنی ئه‌و ڕێكخراوه بكه‌ن، جارێك به ئیحتواكردنی حزبی كۆمونیست و جارێكیش به ئیحتوا كردنی ئه‌و ڕێكخراوه به په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ی به حزبێكەوە، كە بەخۆی له ڕووی سیاسییه‌وه ئیحتواكراوه. ئه‌مانه‌ی سه‌رەوه كە باسمكردن، خاڵه سه‌رەكییەكانی دوژمنایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتداران بوو لەگەڵ یه‌كێتی بێكاران.
گۆران عەبدوڵڵا :
سەرەتا دەمەوێت لێتێكچوونێك بۆ هاوڕێ سیروان چاك بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە، كە ڕۆژنامەی (الجمهوریە) هەواڵی خۆپیشاندانەكەی بڵاونەكردەوە، بەڵكو ڕۆژنامەی(العراق) بوو لە ژمارەی ٥٢٦٣ی ١٩٩٣/٦/١٨دا بوو.
دەسەڵاتدارانی كوردستان یان باشتر بڵێین یەكێتی و پارتی، نەك هەر ئەو سەردەمەی كە یەكێتی بێكارانی تێدا دروستبوو، بەڵكو لە ئێستاشدا ئامادەنین وەڵام بەیەك داخوازی جەماوەریی بدەنەوە، ئەگەر ئەو داخوازییە بەرژەوەندی مادی و حیزبیی بۆ خۆیان تێدانەبێت. ئەوان لەو سەردەمەدا بە هەموو شێوەكان دژایەتیانكردین. لەژێر فشاردا دانیشتنیان لەگەڵ دەكردین، هەوڵی دەستەمۆكردنیان دەداین، لێرە و لەوێ داواكارییەكی بچكۆلانەی ڕێكخراوەكەیان لە چەشنی مۆڵەتی دەركردنی ڕۆژنامە یان گرتنی هۆڵیان جێبەجێدەكرد. بەڵام هەرگیز ئامادەنەبوون وەڵام بە داخوازییە سەرەكییەكانی بێكاران بدەنەوە. ستراتیژییەتی ئەو دوو حیزبە، دەستگرتنبوو بەسەر قووتی خەڵكدا و ناچاركردنی خەڵك بوو بە ئینتماكردن بۆیان و هەتا ئەمرۆش ئەو سیاسەتەیان هەر بەردەوامە. بۆیە زۆر سەرسەختانە ڕێگرییان لە گەورەبوونی هەموو ڕێكخراوەیەكی سیاسی و جەماوەریی دەكرد.
ئاكۆ محەمەد :
بە بۆچوون و بەپێی ئەزموونی من، دەسەڵات لە ناوچە و شارەكانی كوردستاندا نەك ڕێكخراوەی جەماوەریی و داخوازیی كۆمەڵایەتی بەهەند وەرنەدەگرت، بەڵكو تەنانەت لە كردەوەدا نیشانیدەدا، كە لەنێوان باڵەكانی دەسەڵاتیشدا جۆرێك لە لەبەرچاونەگرتن هەبوو، چونكە ئەمە مێنتاڵێتی میلیشیایی شاخ و ئوردووگەكانی هەندەران بوو و كارییان لەسەر سڕینەوەی شوناس و بوونی یەكدی و پێكەوەش كاریان لەسەر سڕینەوەی هەموو دەنگێكی ناڕازی دەكرد، بۆ نموونە تیرۆرەكانی ئەو سەردەمانە، تیرۆری هاوڕێ (نەزیر عومەر) ناسراو بە”ئارام” پەیامنێری دەنگی بێكاران لە ناوچەی بادینان (شارۆچكەی سمێڵ) و چالاكی ئەو ڕێكخراوە، پاش ئەوەی لە چالاكی نەوەستا و بێدەنگەی نەكرد، هەم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و هەم لەلایەن هیزە ئیسلامییەكانەوە هەڕەشەی لێدەكرا و سەرەنجام تیرۆریانكرد و جەستەكەیان بە سووتاوی لە دەرەوەی سمێڵ فرێدابوو. ئەم هەڵویستە لەبەرامبەر خۆپیشاندان و سەردانییەكانیشدا بەجۆریك خۆی دەنواند، بێجگە لەوەی دەسەڵات ترسی لە بزاڤی جەماوەیی هەبوو، ھەروەھا زەمینەی سەركوتی میلیشیایی و تیرۆر و ناجێگیریی باری ڕامیاریی ناوچەكە، ئەو نایەی دابووە دەست دەسەڵات، كە هەموو دەنگێك پشتگوێ بخات. لەبیرمان نەچێت، ئەوكات شوناسی ڕاستینەی دەسەڵات وەك ئیستا بۆ خەڵك دەرنەكەوتبوو و زۆرینەی ئەوانەی كە ئەورۆكە وەك ئۆپۆزسیۆنی فەرمی ناسراون یا لە لیستی گۆران‌دا [مەبەستم سەرانی ئەو لیستەیە] كۆبوونەتەوە، داردەستی ئەو دەسەڵاتە بوون و تەنانەت لە نووكی ڕمی دەسەڵاتدا دژی بزاڤە ڕادیكاڵ و كۆمەڵایەتییەكاندا وەستابوون، نموونەش بكوژانی هاوڕێ (بەكر عەلی) چالاكی ئاوارەكان و بێسەرپەنایانی سلێمانی و ئەندامی یەكێتی بێكاران، بە ڕۆژی نێوەڕۆ لە خۆپیشاندانێكی جەماوەرییدا بۆ دابینكردنی خانووبەرە و سەرپەنای گونجاو یا بواردان بە مانەوەی ئاوارەكان لە كەلاوەكانی سەربازگە و بینا كۆنەكاندا لە جەرگەی شاری سلێمانیدا بە فەرمانی پارێزگاری ئەو كاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشانداندانەكە، تیرۆركرا. وابزانم، ئەم نموونانە وەك مستێك لە خەروارێك بەسن و دەتوانن وێنایەكی كەتواریی و ڕاستگۆیانە لەو ڕۆژگارە و دژایەتییەكانی دەسەڵات بۆ بزووتنەوە ناڕازییەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بخەنە بەرچاوی كەسانێك، كە لە ئێستادا لەتاو شێوێنراوی ڕاستییەكان و خۆشباوەڕییاندا پێیانوایە ناڕەزایەتی خەڵكی كوردستان لە دروستبوونی ڕێكخراوە مەدەنییەكان (NGO) یا كۆمپانیای وشە و لیستی گۊڕانەوە سەریانھەڵداوە. بەڵام كاتێك كە كۆمونیستەكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی ئەو كات پەردەیان لەسەر ڕامیاریی سەركوتگەرانە و نایەكسانی و نادادوەری و گەندەڵی و جەنگی نێوخۆیی دەسەڵاتداران ھەڵدەماڵی، جەنەراڵە ڕیفۆمخوازەكانی ئەمڕۆ و فەرماندەرانی جەنگی دوێڼێ، كە لە ئێستادا دەیانەوێت بۆ ھەمیشە سواری ملی ناڕزایەتی خەڵكی ببن و بەلارێیاندابەرن، لە ڕیزی پێشەوەی سەركوتگەرانی ناڕەزایەتی بێكاران و چین و توێژە بندەستەكانی دیكەی كۆمەڵگەدا بوون و بارودۆخێك كە ئەمڕۆ زاڵە و كۆمەڵگەی بەسەر كەمینەی دەوڵەمەند و زۆرینەی ھەژاردا دابەشاندووە، بەری ڕامیارییە سەركوتگەرییەكانی كەسانێكە، كە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان یا لە لوتكەی ئۆپۆزسیۆندان و دەیانەوێت ناڕەزایەتییەكان بۆ چەند دەھەی دیكە، قۆرخ و دەستەمۆ بكەن.
سیروان عەلی :
زۆر سوپاس ھاوڕێ گۆڕان بۆ ڕاستكردنەوەی ئه‌و هه‌ڵه‌یه .
درێژەی ھەیە ….
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم : http://wp.me/p17qj9-1N
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم : http://wp.me/p17qj9-1S
************************
ئیمەیل y.beekaran@post.com
ئەرشیڤی http://issuu.com/yekeeti-beekaran
فەیسبووك https://www.facebook.com/yeketi.bekaran
ئەگەر كۆمەڵگە سەرۆكی پێویستبێت، كەواتە كۆمەڵیش مێگەلە !
ئەگەر كۆمەڵگە سەرۆكی پێویستبێت، كەواتە كۆمەڵیش مێگەلە !
ئەگەر سەرنجی گلەیی و گازەندەی دەسەڵاتخوازان و كایەكەرانی بواری ڕامیاریی بدەین، ئەوا لە چەپەوە بۆ ڕاست، سەرۆكایەتی ڕەتناكەنەوە، كە ئەمەش بۆ بڕوابوونیان بە مێگەلبوونی كۆمەڵ دەگەرێتەوە.
ئەوانەی كە گلەیی و گازەندەی سەرۆك دەكەن، گلەیی و گازەندەیان لەو بازنەیە تێپەڕناكات، كە؛ یا وەك سۆرانییەك دژی سەرۆكایەتی كرمانجێكن، یا وەك یەكێتییەك [بە لیستەكەی نەوشیروانیشەوە] دژی سەرۆكایەتی پارتییەكن، یا وەك ئیسلامی و چەپێك لەو بڕوایەدان كە ئەوان بەخۆیان دەتوانن سەرۆكی باشتربن !
بەڵام بۆ ئێمە ئەناركیستەكان، ڕەخنەمان لە كێبوونی سەرۆك و تاكەی سەرۆكبوونی نییە، بەڵكو ڕەخنەمان لە ھەبوونی خودی سەرۆكایەتی ھەیە، كە فیلۆسۆفی سەرھەڵدان و ھەبوونی، بۆ بنەما و ڕێكخستنی خوا و كۆیلە، شوانە و مێگەل دەگەرێتەوە و ئەوی لەجیاتی ڕەتكردنەوەی بیرۆكەی سەرۆكایەتی، كەسێكی دیكە وەك سەرۆك بۆخۆی كاندیددەكات، بیەوێت و نەیەوێت مۆری مێگەلی لە خۆیی و كۆمەڵەكەی دەدات و لەباشترین باردا، كۆیلەیەكی وەفادارە بۆ چەوسێنەرەكەی و ترسی لە ئازادبوون ھەیە !
ئەگەر تاك و كۆمەڵگەی كوردستان بە ئاستێك لە خۆھوشیاریی ئازادیخوازانە گەییشتبن، ئەوا بۆ ڕزگاربوونی چ وەك تاك و چ وەك كۆمەڵ، پێویستە ھەنگاوی یەكەم سەرۆكایەتی ڕەتبكاتەوە، ھەنگاوی دووەم، ڕەتكردنەوەی نوێنەرایەتی ڕامیارەكان و سیستەمی قوچكەیی پارلەمانەكەیان، ھەنگاوی سێیەم، ڕەتكردنەوەئ سیستەم و ڕێكخستنی قوچكەیی كۆمەڵگە، كە بنەمای پاراستن و مانەوەی چەوسانەوەن، بە ھەموو شێوەكانییەوە.
ئەوی پێیوایە، كە سەرۆكایەتی ( نەوشیروان موستەفا ) لە سەرۆكایەتی مەسعود بەرزانی؛ میرایەتی چەپەكان لە میرایەتی ڕاستەكان، جیاواز و باشترە، بێگومان كەسێكی خۆشباوەڕە و لە سەردەمی خێلایەتیدا خەریكی وڕێنەكردنە !
بۆ تاكی ھوشیار، ھەبوونی سەرۆك و ڕابەر، سەراپایای ئاوەزی كۆمەڵگە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و تاكە زیندووەكان لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا تووشی شۆك دەكات، چونكە ڕابەر و سەرۆك، یاداوەریی سیستەمی خێڵایەتی و نازیین !
نا بۆ سەرۆك و سەرۆكایەتی
نا بۆ پارتـــــــــــــــــــــایەتی
نا بۆ نوێنـــــــــــــــــەرایەتی
نا بۆ دێمۆراسی پارلەمـــانی
نا بۆ دەوڵــــــــــــــــــــــەت
بەڵێ بۆ دێمۆكراسی راستەوخۆ و كۆمەڵگەی ئازاد
سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان
١٩ی ئەپڕیڵی ٢٠١٣
www.anarchistan.tk
www.facebook.com/anarkistan
www.twitter.com/anarkistan
تێبینی: خوێنەرانی ھێژا، ئەم نووسینە لە ڕێكەوتی ١٩ی ئەپڕیلی ٢٠١٣دا نووسراوە، لەبەرئەوەی ماوەی ھەڵای ھەڵبژرادنەكان زۆری مابوو، بڵاوكردنەوەیمان دواخست، بەڵام ھەرچەندە بەبێ گاڵتەجاریی ھەڵبژاردن ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك درێژكرایەوە و تا دوو ساڵی دیكە، خۆشباوەڕان، دەبێت خەون بە سەرۆكی باشەوە ببینن، وەھا گۆڕان و ڕووداوێك ھیچ لە ھەڵوێستگیریی ئێمە ناگۆڕێت و ھەر ھەمان ھەوڵوێستمان دەبێت ….
“نا بۆ سەرۆك و سەرۆكایەتی” …
لایه‌نه تاریکه‌کانی حوکمی لیبراڵی مه‌ندێلا و ANC له خوارووی ئه‌فریقادا
لایه‌نه تاریکه‌کانی حوکمی لیبراڵی مه‌ندێلا و ANC له خوارووی ئه‌فریقادا
زاهیر باهیر
له‌نده‌ن- 29/06/2013
له‌وه ده‌کات مه‌ندێلا ، ئه‌ستێره گه‌شه‌که‌ی ئاسمانی خه‌بات و تێکۆشانی زتاتر له 30 ساڵی مێژوی خه‌ڵکانی ڕه‌شی وڵاتی ئه‌فریقا دژی ڕژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ڕایسستی ئه‌وێ، له ئاوابووندا، بێت، باوکی نه‌ته‌وه‌یی و سمبولی ئه‌و به‌رگری و به‌رهه‌ڵستکارییه، به ڕۆح زیندو و به جه‌سته مردوو ، له سات و کاتی خۆیدا، بێت، ئیدی بۆ هه‌میشه ئه‌م دوونیایه به‌گشتی و دوونیای خه‌ڵکانی ڕه‌ش و ڕوتی ئه‌و وڵاته، به‌تایبه‌تی، به‌جێده‌هێلێت، له هه‌مانکاتیشدا چ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک و چ حوکمێکیش له دوای خۆی به پێوه‌ده‌بێت!!!!
پیاوێکی کاریزمایی ئاوا، پیاوێکی ئاوا دڵ گه‌وره ، پیاوێکی ئاوا دووربین و لێبورده که سیاسه‌تی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیانی له‌بری به‌کارهێنانی توندووتیژی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له کۆنه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و کۆنه‌به‌رپرس و پیاوه‌کانی ده‌وڵه‌تی پێشوو، له نێوانی سه‌رجه‌می دانیشتوانی ئه‌وێ، گرته‌به‌ر، که به‌مه نه‌ك خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی و دۆستانی، سه‌رسامکرد، به‌ڵکو نه‌یاره‌کانیشی. پیاوێکی به ئه‌مه‌ك و به‌وه‌فا به‌رامبه‌ر به‌و وڵات و ئه‌و گه‌لانه‌ی که له‌کاتی ته‌نگانه‌دا پشتیان تێنه‌کردن، هه‌ر ئه‌م پێزانینه‌ش بوو که چه‌نده‌ها جار له وه‌ڵامی سه‌رانی ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژاوادا، که ته‌کیان پێهه‌ڵده‌چنی ، ده‌یگوت ” ئێمه پشت له دۆسته‌کانی ڕۆژی ته‌نگانه‌مان ناکه‌ین، ئه‌و ڕۆژانه‌ی که ئێوه هه‌موو شتێکتان به‌رامبه‌رمان ده‌کرد”. دیسانه‌وه خۆڕاگرێتی 27 ساڵ زیندانی، که 18 ساڵیان به ته‌نهایی، ژیانی زیندانێتی به‌سه‌ر ده‌برد. ئه‌مانه‌و گه‌لێك خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی تری ئه‌و پیاوه، ئه‌و تایبه‌تێته‌ی ده‌داتێ که نه‌توانرێت نکوڵی له ڕۆلی و هه‌ڵوێستی مرۆڤانه‌ی ئه‌و له به‌رامبه‌ر هه‌ندێک کێشه‌ی ناوخۆی وڵاته‌که‌ی و وڵاتانی ئه‌فریقاو هه‌ندێک نه‌ته‌وه‌ی تر‌و ئه‌مریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا، بکرێت.
من لێره‌دا نامه‌وێت باس له سه‌رده‌می خه‌باتی ئه‌و وANC یاخود پرۆسه‌ی وتووێژی ئه‌وان له گه‌ڵ ڕژێمه کۆنه‌که‌دا و هۆکاره‌کانی ڕودانی ئه‌و پرۆسه‌یه، بکه‌م. ئه‌وه به‌خۆی نوسینێکی تایبه‌تی ده‌وێت و ده‌بێت به کۆڵه‌نایزکردنی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن بریتانیاوه ، په‌یوه‌ستبکرێته‌وه ، که له ساڵانی سه‌ره‌تای چه‌رخی پێشووتره‌وه ده‌ستیپێکرد. ئه‌وه‌ی که من له‌م کورته وتاره‌دا ده‌مه‌وێت بیخه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ر، سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ANC یه به مه‌ندێلاشه‌وه که هه‌ر له ساڵی 1994 وه هه‌تا هه‌نووکه‌ش جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، تاکو بزانین پاش ئه‌و خه‌باته دوور و درێژه چه‌ندێك کاری باش بۆ خه‌ڵکانی هه‌ژار له‌وێ کراوه و لایه‌نه تاریکه‌کانی ئه‌و حوکمه‌ش کامانه‌ن.
کۆمه‌ڵگه‌ی خواروی ئه‌فریقا له‌سه‌رده‌می کۆڵۆنی و ڕژێمی ڕایسستیدا یه‌کێک بووه له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی که نادادوه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و نایه‌کسانی نێوانی تاکه‌کانی و چینه‌کان و توێژاڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی، که‌لێنی فراوانی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندان هه‌ژاران ، به‌رده‌وام له گه‌شه‌کردندا بوون. ته‌نها ئه‌وه‌نده کافییه که ئه‌وه بڵێم له سه‌ره‌ده‌می کۆڵۆنیدا خه‌ڵکانی ڕه‌شپێستی خاوه‌نی خودی وڵاته‌که بۆیان نه‌بوو به‌سه‌ر شۆسته‌کاندا بڕۆن، له‌کاتی چوون بۆسه‌رکاریاندا بۆیان نه‌بوو سواری پاسه‌کان ببن. ئه‌مانه‌و گه‌لێك سته‌می تر‌و ته‌ماشانه‌کردنیان وه‌کو مرۆڤ، زه‌مینه‌ی دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی ANC ، خولقاند. ئه‌مانیش وه‌کو هه‌ر پارتێکی تر که له ده‌ره‌وی ده‌سه‌ڵات بوون، مژده‌ی هێنانی به‌هه‌شتیان به هاووڵاتانیان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک که ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و ڕووبه‌ڕووی که‌تواره‌که ده‌بنه‌وه، پرنسپڵیان سه‌باره‌ت به هاوکێشه‌کان و گیر‌و گرفته‌کان، به ته‌واوی ده‌گۆڕرێت.
کاتێک که ANC له ساڵی 1994 دا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست هه‌ندێك ڕیفۆرمی گرنگیان کرد، وه‌کو : دروستکردنی زیاتر له 2 ملێون خانوو ، دروستکردنی ڕێگاوبان ودایه‌نگا و باخچه‌ی ساوایان و دووقاتکردنی ژماره‌ی قوتابخانه‌کان به دروستکردنی قوتابخانه‌ی تر، به‌خۆڕاییکردنی خوێندن و خه‌سته‌خانه‌و چاره‌سه‌ری نه‌خۆش به‌بێ به‌رامبه‌ر، بردنی ئاو و کاره‌با بۆ ژماره‌یه‌کی زۆر له دانیشتوان و زیادکردنی ڕێژه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی و هه‌ندێك شتی تری له‌م چه‌شنه.
ڕاسته ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ندێك له کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی هاووڵاتیان بوون که له هه‌مانکاتیشدا بوونه هۆی هێنانی ئیش و کار له بواری بیناسازی و ڕێگاوباندا گه‌رچی ئه‌مانه‌ش کاتی بوون، به‌ڵام له ڕاستیدا سیاسه‌تی ڕژێمی پێشووی وڵات و سه‌رده‌می کۆڵۆنی، مه‌ترسییه‌کی وایان بۆ دروست نه‌بوو به‌حوکمی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌وه سازش له‌سه‌ر هه‌ندێک پرنسپڵی ANC کراو دواتریش له جیهانی واقیعدا فه‌رمانڕه‌وایانی نوێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌وانه‌ی ترشیان، که ده‌یانویست بیکه‌ن، بوون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی باری ژیان له سه‌رانسه‌ری دونیادا به خواروی ئه‌فریقاشه‌وه له گرانبوون و سه‌ختبووندابوو، قه‌یرانی ئابوری جیهانی ئه‌و وڵاته‌شی وه‌کو گه‌لێکی دیکه گرته‌وه. له‌ولاوه‌ش بارودۆخی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیساسی هه‌ندێ له وڵاته‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش کارایی نێگه‌تیڤی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وێش دانا، که یه‌کێك له‌وانه په‌ناهێنانی 3 ملێون خه‌ڵکی تر له وڵاتانی مالی و زیمبابۆی و وڵاتانی تره‌وه، له‌وێ خۆیانگرته‌وه. که‌واته گه‌ر چاکسازییه‌کیش یاخود ژماره‌یه‌کی زیاتری خان‌و و قوتابخانه و خه‌سته‌خانه و ئه‌وانه‌ی تر که له سه‌ره‌وه ناونوسم کردن، له به‌رامبه‌ر زیادبوونی دانیشتوانه‌که‌ی هه‌م وه‌کو هاووڵاتیانی خۆی و هه‌م خه‌ڵکانی هاتوی وڵاتانی تر، کرابێت، شتێکی زۆر که‌م بووه‌و داواکاری و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی گه‌ر له زیادبووندا نه‌بووبێت ، ئه‌وه هه‌ر وه‌کو خۆی ماوه‌ته‌وه.
وڵاتی خواروی ئه‌فریقا، یه‌کێکه له وڵاته هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی دونیا له خه‌ڵوز و زێڕ و ئاڵتون و کانزا سروشتییه‌کان و میوه و دانه‌وێڵه و گه‌لێکی تر له که‌ره‌سه‌و مه‌تیریاڵی تری به‌کار نه‌هاتوو (خام). له %80 ی زێڕ و ئاڵتونی جیهان له‌م وڵاته ده‌رده‌هێنرێت، وڵاتی دووهه‌مه له جیهاندا له به‌رهه‌مهێنانی خه‌ڵووز، یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی که شه‌رابێکی یه‌کجار زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنن و دابینی به‌شێکی زۆری سوپه‌رمارکێته‌کانی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌ت فه‌ره‌نسا، ده‌که‌ن. که‌چی کرێی ڕۆژێکی کرێکارێك که له کێڵگه‌و باخه‌کاندا کار ده‌کات ته‌نها 4 پاوه‌ندی بریتانی و 92 پێنسه، مووچه‌ی مانگێکی کرێکارێکی کانه‌کان له نێوانی 250 بۆ 269 پاوه‌ندی بریتانییه. خه‌ڵکان و خێزانێکی یه‌کجار زۆر تا ئێستاش له‌ژێر که‌پرو ته‌نه‌که و له‌وحدا وه‌کو خه‌ڵکانی ئاواره، نه‌ك هاووڵاتیانی وڵاته‌که، ده‌ژین.
که‌لێنی نێوانی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هه‌ژاران ڕۆژ به ڕۆژ له فراوانبووندایه، هه‌ژاری و بێخانووبه‌ره‌یی و بێ‌کاری و توشبوونی خه‌ڵکی به نه‌خۆشی ئه‌یدز که له ئێستادا زیاتر له 7 ملێون له دانیشتوانه‌که‌ی توشبوون. کوژرانی خه‌ڵکێکی زۆر ڕۆژانه، که له ساڵێکدا زیاتر له 15 هه‌زارکه‌س ده‌کوژری که به‌شی زۆریان ئافره‌تانن و هه‌ندێکیش له کوژراوان پۆلیسن، 6 ملیۆن چه‌ک له‌و وڵاته‌دا هه‌یه. ڕاده‌ی هه‌ژاری له‌و وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا به ڕاده‌یه‌که که گرانه بسه‌لمێنرێت. به پێی یه‌کێک له ئاماره‌کان له ساڵی 2008 دا له %50 ی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی ئه‌وێ له %7.8 داهاتی ئه‌و وڵاته‌یان به‌رکه‌وتووه، که له کاتێکدا له %83 ی خه‌ڵکه سپییه‌که له %20 داهاته‌که‌ی به‌رکه‌وتووه، ئه‌مه له به‌رامبه‌ر له %11 ی ئه‌و داهاته بۆ هه‌مان ڕێژه‌ی خه‌ڵکه ڕه‌شپێسته‌که‌ی. ئامارێکی تازه‌ی بانقی جیهانی نیشانیده‌دات که 7 ملیۆن له خه‌ڵکه‌که‌ی داهاتی ڕۆژانه‌یان له‌ژێر 1.25 دۆلاره‌وه‌یه و 15 ملیۆنیش داهاتی ڕۆژانه‌یان له‌ژێر 2 دۆلاره‌وه‌یه، هه‌روه‌ها نیوه‌ی کۆی منداڵانی ئه‌و وڵاته له هه‌ژاریدا ده‌ژین.
ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی توێژاڵیکی خه‌ڵکه ڕه‌شپێسته‌که که جێگای توێژاڵی سپیپێستی ده‌سته‌بژێری سه‌رده‌می حوکمی ڕایسستییان گرتۆته‌وه، هه‌بوونی گه‌نده‌ڵییه‌کی زۆر به‌تایبه‌ت له نێوه‌ندی سیاسییه‌کان و سه‌رانی ANC ، بێڕه‌حمێتی و دڕنده‌یه‌تی پۆلیس له مامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌دا به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی وڵات، Zuma ، پاوه‌رێکی زیاتری به پۆلیس دا، که ئه‌م سیاسه‌ته له‌وێ به سیاسه‌تی ” ته‌قه به قه‌سدی کوشتن ” ناسراوه ، ئه‌وه بوو له 16/08/2012 ، 34 کرێکاری کانه‌کانیان که ته‌نها تاوانیان داوای مافی ڕه‌وای خۆیان بوو، له خوێنی ساردی خۆیاندا گه‌وزاند.
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که ساڵه‌هایه‌کی دوورودرێژ خه‌باتیان دژی ڕژێمی ڕایسستی کۆن کرد و خه‌ڵکانی خوودی ANC یش، چاوه‌ڕوانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاوایان نه‌ده‌کرد، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ، که ته‌نها ناو‌و ڕه‌نگی فه‌رمانڕه‌واکانیان، گۆڕاوه، ئه‌گینا سیاسه‌تی کۆن و سیسته‌می کۆڵۆنی بۆ هه‌ره زۆربه‌یان هه‌ر له‌وێدایه و ده‌ستی لێنه‌دراوه.
بۆچی سه‌رانی یه‌ک به دوای یه‌کی ده‌وڵه‌ت وANC له‌و خه‌ونه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یانبینی، فه‌شه‌لیان هێنا؟
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا وه‌کو له سه‌ره‌تادا په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا، دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کی ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینی بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی خواروی ئه‌فریقا به‌م ئاکامه بگات. یه‌که‌میان: پاشه‌کشه‌ی ANC له پرنسپڵیان و ئه‌و دروشمانه‌ی که هه‌ڵیانگرتبوون، له‌وانه: وه‌کو له به‌ڵێنه‌کانیاندا ده‌یانگوت، له به‌رژه‌وه‌ندی ” هه‌ژارترین هه‌ژاری وڵات” کارده‌که‌ن و پاشه‌کشه‌کردنیان له “Freedom Charter ” که کرۆکی سیاسه‌ته‌که‌یان و دروشمه‌کانیان بوو ، هه‌ر له دابه‌شکردنی سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ، زه‌وی و زار، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئابوری لیبراڵ، نه‌گرتنی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌و بازرگانی ئازاد، هێننانه خواره‌وی ڕێژه‌ی بێ‌کاری ، زیادکردنی کرێی کرێکاران له هه‌موو به‌شه‌کانی سه‌ر کاردا، بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی و هێنانی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌هێڵانی تاوان و … گه‌لێکی تر له‌مانه.
گه‌ر ANC ئه‌م سیاسه‌ت و دروشمانه‌ی خۆیانیان جێ به‌جێ بکردایه، بێگومان تا ڕاده‌یه‌کی باش ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌گۆڕی. به‌ڵام ئه‌مان نه‌ك هه‌ر پاشه‌کشه‌یان له‌مانه هه‌مووی کرد، به‌ڵکو که‌وتنه مامه‌ڵه‌و سازشێکی گه‌وره‌شه‌وه له‌گه‌ڵ کۆنه‌پایه و پله‌داره‌کانی حوکمی پێشووتردا که ئه‌مه‌ش فاکته‌ری دووهه‌مه له نه‌هاتنه‌دی خه‌ونه‌که‌ی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که‌ی ئه‌و وڵاته. له‌وانه‌ش: سازشکردنی ANC له‌سه‌ر هێڵانه‌وه‌ی هه‌ندێك له وه‌زاره‌ته گرنگه‌کانی ده‌وڵه‌تی نوێ له ده‌ستی کۆنه وه‌زیره‌کانی یا پیاوانی حکومه‌تی پێشووتردا، وه‌کو: وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی بزنس و کارکردن، وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و سه‌رۆکی بانقی ناوه‌ندی وڵات و هه‌ندێکی تر له‌و شوێنه گرنگانه، که ئه‌مانه‌ش به‌خۆیان یارمه‌تی ئه‌وه‌یاندا که مامه‌ڵه‌کانی له‌سه‌ر یارمه‌تی و قه‌رزوه‌رگرتن له‌گه‌ڵ صندوقی دراوی نێو ده‌وڵه‌تی و بانقی جیهانیدا، کران، به‌و شێوه‌یه بڕۆن که ئه‌و دوو ده‌زگه دراوییه ده‌یانویست و له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان بشکێنه‌وه . کاتێک که ANC و سه‌رانی نوێی ده‌وڵه‌ت له ڕێکه‌وتنه‌که، به‌ئاگاهاتن، زۆر دره‌نگ بوو نه‌ده‌توانرا به‌ندوو مه‌رجه‌کان هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه یا بگۆڕرێت. له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌ر ئه‌و گروپه ده‌سته‌بژێره که‌وتنه کۆمه‌کی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی ئه‌وێ له کاتی وتووێژ کردندا که ANC پێداگریی له‌سه‌ر دانی باجی زیاتر‌و زیادکردنی بڕی تاریف ( که دانانی باجێکی پێویسته له‌سه‌ر شمه‌کی بێگانه بۆ به‌رگریکردن له شمه‌کی خۆماڵی) ده‌کرد، که له‌مه‌شیاندا فه‌رماڕه‌وایانی نوێ دۆڕاندیان. دوای ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌م فه‌رمانڕه‌وا نوێیانه قبوڵی دانه‌وه‌ی قه‌رزه زۆره‌که‌ی که له‌سه‌ر حکومه‌تی پێشوو بوو، کرد. له‌مانه‌ش زیاتر، ئاماده‌بوون به‌وه‌ی که سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی سامان له‌ده‌ستی خه‌ڵکه که‌مه‌که‌ی سه‌ر به حوکمڕانانی پێشوودا، بمێنێته‌وه له‌ته‌ك ڕازیبوونیان به سیاسه‌تی ئابوری لیبراڵ و نیو-لیبراڵ که باوه‌شکردن بوو به مامه‌ڵه‌و بازرگانی ئازاد، خۆکردنه‌وه‌ش بوو بۆ بازاڕی ئازاد، ئاماده‌بوون و په‌یوه‌ستبوون بوو به به‌ندوو مه‌رجه‌کانی ده‌زگه دراوییه‌کانی جیهان سه‌باره‌ت به هه‌ر قه‌رزو یارمه‌تییه‌ك له‌وانه‌وه، په‌شیمانبوونه‌وه بوو له به گشتیکردنی ( به ده‌وڵه‌تیکردنی) به‌شه تایبه‌تیه‌کان، به‌تایبه‌تی کانه‌کان و هه‌ندێک له کۆمپانیا گه‌وره‌کان، مامه‌ڵه‌ی باشی بزنس له‌سه‌ر حسابی کرێکاران و کارمه‌ندان، ڕینه‌گرتن له گه‌نده‌ڵی و دژایه‌تی نه‌کردنی، لێگه‌ڕان له کۆمپانیا گه‌وره‌کان که نه‌یانده‌ویسست که‌مێک له سوودو قازانجه‌که‌یان، ببه‌خشن، له پێناوی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌که‌دا به دروستکردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌نێو خۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا، هه‌روه‌ها عه‌فوو کردنیان له ده‌ستگرۆییکردنی ده‌وڵه‌ت له دانه‌وه‌ی کۆنه قه‌رزه‌کان، ڕێگه‌دان به گواستنه‌وه‌ی بنکه‌ی کۆمپانیا گه‌وره‌کان بۆ وڵاتانێکی تر، که هه‌ندێکیان وایانده‌زانی به‌هاتنی حکومه‌تی تازه به‌رژه‌وندییه‌کانیان ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه ، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا، هه‌ندێکیان ڕه‌ویان بۆ شوێنه‌کانی تر، کرد. ئه‌مانه‌و زۆری تر که ANC سازشیکرد له‌سه‌ریان.
ئه‌م بارودۆخه‌ی که ئێستا له‌وێ به‌رقه‌راره، به‌ڵگه‌ی کورتێتی ته‌مه‌نی ANC و فه‌شه‌لهێنانی سیاسه‌تی لیبراڵ و نیو-لیبراڵه، که هاوکاتیش له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بزوتنه‌وه‌ی گه‌نجان و لاوان له خۆپیشاندان و داگیرکردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌کاندا، له پێشه‌وه‌چوندایه، که ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئاشکرای دوو دیارده‌یه، یه‌که‌میان دیارده‌ی تێشکانی سه‌رجه‌می سیاسه‌تی لیبراڵ و نیو-لیبراڵن، دووهه‌میشیان بڕوانه‌مان و له‌ده‌ستدانی متمانه به سیاسییه‌کان و ڕۆڵی پارت و ڕێکخراوه سیاسیه‌کانه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی به‌دناوی هه‌ڵبژاردنی دیمۆکراسیانه. بۆیه وڵاتی خواروی ئه‌فریقاش ناتوانێت له‌مانه به‌ده‌ر بێت به‌تایبه‌ت له کاتێکدا که وه‌چه‌ی نوێی 2 ملیۆن گه‌نجی له دایکبووی دوای ساڵی 1994 که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به پارته سیاسسیه‌کانه‌وه نییه، که له ساڵی 2019 دا ئه‌م ژماره‌یه ده‌بێته زیاتر له سێیه‌کی ده‌نگده‌رانی ئه‌وێ و به ڕێژه‌ی سه‌دیش له %40 ی ده‌نگده‌ران پێکده‌هێنن و ده‌چنه ڕیزی نه‌وه‌ی یاخیبوانی ئێستاوه. ئه‌م گۆڕانه گه‌وره‌یه‌ی که له دانیشتوانی ئه‌وێدا ڕووده‌دات له‌شانی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیدا له شوێنه‌کانی تر، ده‌بێت خواروی ئه‌فریقا به‌ره‌و کوێ به‌رێت؟ ئه‌مه پرسیارێکه‌و سه‌ردانه‌واندنی خه‌ڵکی بۆ سیسته‌می سه‌رده‌م یا به‌گژاچونه‌وه‌ی، له ئاینده‌دا، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه.
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ / بەشی دووەم
مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨
بەشی دووەم






پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.