ڕۆژی#یەکی_ئایار سیمبوڵی مانگرتنی گشتیی و بەرەنگاربوونەوەی سەروەریی چینایەتی

#١ی_ئایار بۆ کرێکاران ڕۆژی بەرەنگاری کۆیلەتییە، بۆ چەوسێنەرانی کرێکاران ڕۆژی ئاهەنگ و شادی مانەوەی سەروەریی چینایەتی!

#١ی_ئایار بۆ کرێکاران سیمبۆڵی یەکێتی چەوساوان و مانگرتنی گشتیی بوو و هەیە، بۆ پارتییە چەپەکان ڕۆژی مێگەلکردنی کرێکاران لەنێو حزبەکان و دوورخستنەوەیان لە خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی!

#١ی_ئایار ڕۆژی ڕەتکردنەوەی کار و کرێکار بوون بوو و هەیە، بۆ ڕامیاران و حزبەکان و دەوڵەتەکان ڕۆژی پیرۆزکردنی کار بووە لە ڕوسیەی بۆلشەڤیکی تاکو ئاڵمانیای نازی و ئۆروپای دێمۆکراتیی ئێستا!

#١ی_ئایار خاڵی دەرکەوتن و تەقینەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی کرێکاران بوو، بۆ دەوڵەتگەرایان ڕۆژی توندکردنەوەی زنجیرەکانی یاسای سەروەریی چینایەتی!

#١ی_ئایار بۆ کرێکارانی هوشیار ڕۆژی خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە، بۆ حزبچییەکان ڕۆژی خۆشباوەڕکردنی کرێکارانە بە «ڕابەری باش و حزبی باش و حکومەتی باش و چەوسێنەری دێمۆکرات نیشتمانپەروەر نەتەوەپەرست»!

#١ی_ئایار بۆ کرێکارانی یاخی ڕۆژی ڕەتکردنەوەی بوونە چینایەتییەکانی کۆمەڵی مرۆڤایەتییە، بۆ ڕەوتە چەپەکان ڕۆژی پیرۆزکردن و پێویستبوونی دەوڵەت!

لە یەکەمین ساڵیادی (٢٠٢١/٠١/٠٦) مەرگی هاوڕێ تەیب عارف

06/01/2022

خزمان، ئەندامانی خێزان، هاوڕێیان و دۆستانی هاوڕێ تەیب، بەشدارانی گرووپی یانەی ئازادیخوازان،

ئێمە وەک گرووپی (یانەی ئازادیخوازان) هاوڕێیان و هاریکارانی هاوڕێ (تەیب عارف) هەموو ڕۆژ و ساڵێک یادی هاوڕێی ماندوونەناس و ورەبەرز و بڕوا پتەوی خۆمان دەکەینەوە و هەرگیز ناتوانین ئەو لەبیربکەین، چونکە ئەو بووە بە بەشێک لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ئەم گرووپە و چەندین کۆڕ و کۆمەڵی دیکەی پانتاییەکی جوگرافی کە بە عیراق ناسراوە.

ئێمە وەک سەرپەرشتیکارانی یانەی ئازادیخوازان و وەک هاوبیرانی هاوڕێ (تەیب عارف) خۆمان بە هاوخەم و هاودەردی خزمان و خێزان و هاوەڵان و دۆستانی ئەو دەزانین و مەرگی ئەو بە خەم و لێدانێکی گەورە لە بوونی شۆڕشگەرانە و کۆمەڵایەتیی خۆمان دەزانین.

هاوکات وەک وەفادارییەک بۆ خەون و ئامانجەکانی هاوڕێ (تەیب عارف) و گشت هاوڕێیانی ئازادیخواز و ڕێبوارانی ڕێی گەییشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتیی، بە ئەوان و ئازیزانی ئەوان بەڵێن دەدەینەوە،کە بوونە شۆڕشگەرانە و کۆمەڵایەتییەکەی ئەوان لەنێو تێکۆشانی خۆمان دەپارێزین و وەک ڕۆشنایی و ڕێنمایەک لە ساتە سەخت وتاریکەکانی تێکۆشانی خۆمان لەبەرچاویان دەگرین.

هەردەم یاد و یاداوەریی (هاوڕێ تەیب)ی ئازادیخواز و کۆمونیستی دژە حزب و دژە دەوڵەت، وەک ورەبەخش و هیوابەخشی ئێمە و هاوچینانی چەوساوەی شۆڕشگەر دەمێنێت.

گرووپی (یانەی ئازادیخوازان)

٥ی جێنیوەری ٢٠٢٢

https://www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN

———————-

* ئەو وێنانە هەڵبژاردەیەکن لەو وێنانەی کە لەلایەن هاوڕێ تەیب بڵاوکراونەتەوە و جۆرێک لە یاداوەریی و دیتنی ئەو دەردەخەن

May be an image of rose

May be an image of 1 person and body of water

May be an image of 1 person, standing, outdoors and tree

May be an image of ‎1 person and ‎text that says "‎ما هي 5 حقائق عنك؟ بخيل يعطي نصيحة جيدة له قلب من ذهب أناني مستمع رائع مزعج کسول كذاب متسلط لا يستسلم أبدا متحزلق مو موهوب وب بشكل لا يصدق‎"‎‎

May be an image of 1 person, tree, body of water and nature

May be an image of nature, tree and mountain

بیست و شەشەمین یاد و ڕێزنان لە تێکۆشانی یەکێک لە ھونەرمەندانی کاروانی بەرەو جیھانێکی ناچینایەتی (کاروان عوسمان)

ھەژێن

٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

بەرایی، ئەوەی کە لێرەدا من دەخوازم بیڵێم و دەریبڕم، بەس ھەستی کەسیی خۆم و داکۆکیکردنە لە قوربانییەکی سیناریۆ ڕامیارییەکانی دیکتاتۆریی و بەرەھەڵستکارە چەکدارەکانی، داکۆکیکردنە لە کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی، بە دیاریکراوی کاروان ئوسمان چ وەك کەسێتی تایبەت و چ وەک ھونەرمەند.  دەکرێت  من ھەڵەبم و ھەر کەس ئازادە ئەم ھەوڵەی من چۆن دەخوێنێتەوە، بەڵام من ناتوانم خۆم گێلبکەم و گوێ لە ھەست و ھاوارەکانی ناخی خۆم نەگرم، کە کاروانەکان پێکرا من بۆ دەنگھەڵبڕین بانگەوازدەکەن. پێویستە ئەوەش بڵێم، کە من کاروان ئوسمان وەک کەسێک لە نزیکەوە ناناسم و ھیچ نزیکایەتییەکی خێزانی لەنێوان من و ئەو نەبووە و تاکو ئێستاش ھیچ پەیوەندییەك لەنێوان من و ئەندامانی خێزانەکەی ئەو نەبووە  و نییە، ئەوەی بۆ کاروان و ھاوڕێکانی ئەنجامیدەدەم، ئەرکێکی ویژدانی و مۆڕاڵیی سەر شانی منە بۆ ھەر قوربانییەکی دیکەی دەستی بەعس و بزووتنەوەی چەکداری و جەنگ.

ئەی ھاوئامانج و ھاوچین و ھاودەری منی بە زیندوویی ھێڵڕاو بۆ زیاتر چەشتنی خەمی مەرگی ئازیزانی وەک تۆ و دیتنی زیاتری دیمەنی ورد و خاشبوونی ئێسک و پرووسکی نەداران و بێدەسەڵاتانی جیھان، ئەی ئەو کەسەی کە تاکو ئێستاش پاش بیست و شەش (٢٦) ساڵ، ھێشتا خۆت و ئەندامانی خێزانەکەت و ئازیزان و ھونەر و ھزری ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و دادپەروەرییخوازانە و خیاڵ و خەونبینت بۆ کۆمەڵی ناچینایەتی، بەردەوام باجی تاوان و تۆمەتێک دەدەن، کە ڕۆژگارە ڕەشەکان و  دەستە شاردراوەکانی (ئەو دیوی چیا) زەمینەسازی بوون و ئامانجی ئاوا سیناریۆیەک بەس تەنیا دەست و پەنجەی ھونەریی تۆ نەبوون، بەڵکو ھەر ئاوا ئامانجی لێدان بوو لەو ڕێبازە ھونەرییەش بوو؛ کە تۆ تازە خەریکبووی دەتھێنایە نێو کۆمەڵی کوردان. ئاوا تاوان و تۆمەتێک بۆ ناشیرینکردنی تێکۆشان و جیھانێک بوون، کە تۆی بێباوک؛ کە تۆی ھەژار؛ کە تۆی کرێچی؛ کە تۆی ئەویندار؛ کە تۆی ھونەرمەند؛ کە تۆی ئازادیخواز؛ کە تۆی خەمخۆری منداڵانی ڕووتەڵە و برسی جیھان؛ کە تۆی شەیدای پیاسەی کاتی خۆنیشتنی کەناری دەریا لەتەک دڵدارەکەت؛ کە تۆی ھاندەر و بانگەوازکەری یاخیبوون و گۆرانیگوتنی منداڵان بۆ ئازادی لەسەر شانۆی شەقامی شارەکان و بەری ڕوبار؛ کە تۆی پەیامدەری دونیای ناچینایەتی؛ دونیایەک بەبێ خاوەنکار و  سەروەر؛ بەبێ سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی وڵات و بەبێ جەنەڕاڵ؛ دونیایەک کە ھەمووان لەوێدا تەنیا مرۆڤن و بەس، بەبێ ئاوەڵناوە ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی و نەژادی و شوناسە دەستکردە ڕامیارییەکان، مرۆڤایەتی بەرەو لووتکەی ڕۆشنبیری و کولتوورێکی بەرزی مرۆیی دەبات، تەنیا حەز و ئارەزوو و داخوازییە ھاوبەشەکانیان کۆیاندەکاتەوە و کۆمەڵ پێکھاتەیەکی ئارەزوومەندانە دەبێت و “سەر سەریشمان تاکو چاوبڕکا، بێجگە لە ئاسمان ھیچی دیکە نییە”.

ئەم ڕۆژ و  ئەم ساڵ وەک بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو لە ھەر شوێنێکی دونیا بم و تاکو دەمێنم، بۆ ئامانجەکانی تۆ کڕنووشدەبەم و سەری ڕێز و ستایش بۆ خۆت و ھونەر و ھەڵوێستە ئازادیخوازییەکانی تۆ دادەنەوێم و بە ھەموو  ئەوانەش کە لە دەمی دەسەڵات و قەرەباڵخییەوە بڕیاردەدەن و ئەوانەی لەنێو  بڕیاری دادگە و لێکۆڵەرانی بەعسی بۆ ڕاستییەکان دەگەڕێن، بە دەنگی بەرز دەڵێم خۆزگە ھاوڕێ کوژراوەکەی تۆ، ئازیز و قوربانی نەخشەی ڕامیاران (موحەمەد خۆرشید) برای من و باوکی من بووایە، تاکو بە ھەموو دەمھەڕاشەکانی بازاری نەزمی چینایەتی بڵێم و نیشانبدەم، سەرباری ھەموو تۆمەتەکان و ھەموو گومانەکان و ھەموو ھەوڵە ڕامیارییەکان بۆ بەعسییانە دادگاییکردنەوەی ھەر سات و ھەر ڕۆژە و ھەر ساڵەی ئێوە (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)، لێرەوە ھاوارمدەکرد (کاروان ئوسمان) باجی بیرکردنەوە و ھەڵوێست و ھونەرە یاخییەکەی خۆی داوە و بێجگە لەوە ھیچ شتێک نییە، مرۆڤێکی ئاوا بەرز بکاتە بکوژی یەکێک لە ھاوڕێ و ھاوبیر و ھاوکار و خۆشەویستترین ھاوەڵی خۆی، کەسێک (موحەمەد خۆرشید)، کە تەنیا کاروان ئوسمان و ئیسماعیل سەکران و گیتار و ھونەرە شۆڕشگێڕییەکەی ئەوان دەکاتە ھاوڕێ و ھاودەمی خۆی.

من نازانم، ئەو ھەڵبەستە|ھۆنراوەی خوارەوە ھی چ نووسەرێکی بوێر و شۆڕشگێڕ و بە ویژدان و خۆھوشیارە، بەڵام بە سروودکردن و چڕینی ئەو ھەڵبەستە لەو ڕۆژگارەدا کە [نا]گوتنێک بەس بوو بۆ لەسێدارەدان و تاوانبارکردنی ھەر عێراقییەک. ئەودەم بەپێچەوانەی ئەو ھونەرمەندانەی کە دوا ئومێدی خۆیان بە لوولەی چەکە ھەڵھاتووەکان گرێدابوو  بە (ھۆ برای کاروانچی) و (ھۆ کاکی پێشمەرگە) چەکدارە ئاشبەتاڵکردووەکان بۆ بردن لەتەک خۆیان بانگدەکەن. ڕێک ئا لەو کاتەدا (کاروان ئوسمان) و ھاوڕێکانی (ئیسماعیل سەکران) و (موحەمەد خۆرشید) و …تد کۆمەڵێک سروود و گۆرانی ئامادەدەکەن و سروودی (بھێنە پێش چاو، سەر سەریشمان بێجگە لە ئاسمان  ھیچی دیکە نەبێت)، کە (ئەلف تاکو یا) دژایەتکردن و ھاندانە بۆ بەرەنگاریکردنی کردەوەکانی بەعس و سیستەمی داگیرکاری و بانگدانە بۆ ماف و ئازادییە سرووشتییەکانی مرۆڤ و ھەڵکردنی ئاڵای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی و خۆشەویستییە لە ڕۆژگارێکدا، کە کیمیاباران و ئەنفال جوتیاران و گوندنشینان قڕدەکەن و بزووتنەوەی چەکداری وەک پێشینە مێژووییەکەی بەرەو باوان ڕەودەکات و ئا لەو کاتەدا بەداخەوە بە سیناریۆیەک موزیکژەنی ئازادخواز (موحەمەد خۆرشید) دەکوژرێت و ھاوڕێ و ھاوبیرەکانی (کاروان و ئیسماعیل) بە تۆمەتی کوشتنی ئەو  تاوانباردەکرێن و بە سێدارە سزاوادەکرێن، بکوژ وەک بەرزەکی بابان دەردەچێت و تاجی کوردایەتی لەسەر دەنرێت و بە وجۆرە “بە بەردێک چۆلەکە ئازادیخوازەکان دەکوژرێن*”، بەداخەوە ئەو کات و ئێستاش ھەر ئاوا، نەک ھەر ھەڵوێست و بیرکردنەوە و ئامانجی کاروان و ئیسماعل بەو تۆمەتە لەبیربردرانەوە، بەڵکو ئامانج و ھەڵوێست و بیرکردنەوەی ئازادیخوازانەی جوانەمەرگی قوربانیکراو (موحەمەد خۆرشید) کەوتە ژێر تەپوتۆزی ئەو ڕۆژگارە تاریکە، کە ئەویش ھاوبیر و ھاوئامانج و ھاوخەونی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) بوو و بەشداری کارەکانی ئەوان بووە**.

لێرەدا ناچمە سەر وردەکاریی دیتن و بۆچوون و ھەستی من، بەداخەوە بەو جۆرەی کە بە خۆم و کاروان ئوسمان و موحەمەد خۆرشید و ئیسماعیل سەکران و  خوێنەران بەڵێنمدابوو، کە ئەم ساڵ بۆ ئەم ڕۆژە بابەتێکی شیکاریی ئامادەبکەم، نەمتوانی و لەبەرئەوە داخوازیی بەخشین دەکەم، چونکە گرفتاری دوو ھەفتەی ڕابوردوو و ئازاری دەست و پەنجەکانم و ھەندێک کاتگیریی چاوەڕواننەکراو لە ئەنجامدانی بەڵێنەکەم دوایخستم. بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەر ئەو بەڵێنە ئەنجامدەدەم و وەک ئەرکی سەرشانم و وەفاداریی خۆمم بۆ کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی کە پێشەنگ و تەنیا تیپی موزیکی و ھونەرمەندانێکی شۆڕشگێڕی ھزر سۆشیالیستیی کوردی-زمانی ئەو ڕۆژگارە بوون و تەنیا کەسنێک بوون، کە ڕەخنەریان لە ئاشبەتاڵی بەرەی کوردایەتی ھەبوو و گۆرانی و سروودەکانی کاروان ئوسمان [نموونەیە ئەو سروودەی خوارەوە]، ھەم ڕەخنەبوون لەوانەی پێش پاسدار دەکەون و ھەڵەبجە دەکەنەنە بەرەی جەنگی عیراق-ئێران و خەڵکی قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەوڵیر و بادینان دەخەنە بەردەم تەڵەی ئەنفال و بەخۆشیان وەک بەرزەکی بانان و لە شێوەی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بەرەو ئوردووگەکانی ئێران و تورکیە و سوریە ھەڵدێن و خوێنی پێنج ھەزار ھەڵەبجەیی و نزیکەی سەد و ھەشتا (١٨٠) ھەزار گوندنشین و جوتیاری ئەنفاڵکراو دەکەنە سەرمایەی ڕامیاریی و ئامرازی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار بەناوی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی ھەڵەبجە و گەرمیان و بادینان …تد

کاتێک ھەڵەبجە کیماباراندەکرێت، کاتێک گەرمیان و بادینان ئەنفالدەکرێن و  سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ھەندەران ڕەودەکەن، کاتێک شەقامەکانی شاران دەبنە شانۆی نماییشی ئەنفالکرانی جوتیاران و گوندنشینان و چۆکی نائومێدی گشت سەردەمە تاریکەکان لەسەر سنگی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات دەچەقێت، لەو کاتەدا کاروان و ھاوڕێکانی خەڵک و ھونەرمەندان بۆ بەرەنگاریکردن و ھەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوتر و شۆڕشگێرانەتر بانگەوازدەکەن:

خوێن لە چاوی ماتی شەوا [١]

لە شەقامی چۆڵی خەوا [٢]

خوێن لە لاشەی شەھیدەکان [٣]

خوێن لە پۆستەی ڕەشەباکان [٤]

مارتان نەکوشت [٥]

کاتێ بەردتان لە دەستا بوو

ماریش پۆپەی لەسەر بەردی ئاشپەستێ بوو [٦]

بۆ نەتانکوشت

*     *     *     *     *

لوولەی تفەنگی چەوساوان

ڕاستەڕێیەکیش ھەڵناکا [٧]

ئەی ئەوانەی کە دڵتان [٨]

ئەوەندە خۆی خواردەوە

ھەتاکو کرمی ھەڵھێنا [٩]

ھەر نەتاندی شەوی ڕەشی ھەڵەبجەمان

چ خۆرشیدێکی داھێنا [١٠]

*     *     *     *     *

لە شارەکان، بەری ڕوبار

بەردی شانۆی گەمارۆیە [١١]

ھەموو مناڵانی برسی

فێربوون کە گۆڕانی بڵێن [١٢]

بەڵام کوانێ دەست و پەنجەی ھونەرییتان [١٣]

لە کاتێکا لوولەی تفەنگ ڕاستە ڕێیەکیش ھەڵناکا [١٤]

————————————————————-

* سیناریۆی کوشتنی جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و تاوانبارکردنی ھاوڕێکانی خۆی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)  لە ھەمان سیناریۆی کوشتنی نووسەری تورکی-زمان (سەباحەدین عەلى) دەچێت، بە کەمێک دەستکارییەوە و دەشکرێت لەو سیناریۆیە کەڵکوەرگیرابێت؛ [ نووسەرى بەناوبانگ (سەباحەدین عەلى) کە بەرھەڵستکارێکی ئیمپراتۆریی ئوسمانییەکان بوو، بە فێڵ و تەڵەکە لەسەر سنوورى بولگاریا لە کاتى هەڵهاتنی، ئەویان کوشت. ئەوەندە (سەباحەدین عەلى) خرایە ژێر فشاری دەروونی و فیزکی ئەوەندە، تاکو دوا جار ناچاربوو، کە بەرەو ھەندەران ڕابکات و ئەو کات لەسەر سنوورى تورکیە- بولگاریا بەدەستى یەکێک لە بەکرێگیراوانی دەوڵەت ئەو کوژرا و پیلانگێڕان، بەسەرھاتی کوشتنی (سەباحەدین عەلى)  ئاوا نیشاندەدەن، کەسێک ئەوی کوشتووە، کە ھاوڕێ و ھاوگەشتی ئەو بووە و لەبەر چاوبڕینە پارەیەکەی ئەوى کوشتووە!

[١] کوژرانی سەدان ھەزار ھەزاران کەس بە کیمیاران و ئەنفال

[٢] بێدەنگیی ناچارییانەی شەقامی شارەکان بە ھۆی سەرکەوتگەریی ئەو سەردەمە

[٣] کوشتنی خەڵک

[٤] کیمیاباران و ئەنفال وەک پەیامی بەعس بۆ خەڵکی ئازادیخواز

[٥] مار ئاماژەیە بۆ دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی بەعس

[٦] گیرۆدەبوون و تێکشکانی فەرمانداریی بەعس لە ساڵ و مانگەکانی کۆتایی جەنگی عیراق ئێران

[٧] ئاماژەیە بۆ بەرەنگاری ڕزگاریخوازانەی خەڵک لە شێوەی بزووتنەوەی چەکداری و بە شێوازێکی تێکشکاو و نیگەتیڤی دەبینێت و ھیچ ئومێدێک لە ئەو بەدیناکرێت

[٨] ئاماژەیە بۆ کەسانی ئازادیخواز

[٩] نائومێدی و کوژران و زیندەبەچاڵ بوون لە بیابان

[١٠] دەنگدانەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و دەرکەوتنی فاشیزمی دەوڵەت و دیکتاتۆریی بەعس و سەدام حوسەین

[١١] تێپەڕبوونی کاروانی ئەنفاڵکراوان بەنێو شاری کەرکووک

[١٢] منداڵانی برسی ھوشیاربوونەتەوە و ھوشیاریی چینایەتی سەریھەڵداوە

[١٣] ڕەخنە لە بێدەنگی ھونەرمەندان و نووسەران و بانگەواز بۆ شێوازێکی دیکەی تێکۆشان لەنێوەندی شارەکان

[١٤] تێکشکانی بەرەنگاریی گوندەکان و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری و زیانبەخشیی بزووتنەوەی چەکداری

——————————————–

** زانستکاران بە ئاوا سەرەنجامێک گەییشتوون، کە دەنگ لەنێو چینەکانی ھەوا دەمێنێتەوە و ھەرگیز وننابێت، خۆزگە کاتی کوشتنی ئازیز و جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و لەسێدارەکانی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)  و ئێستا مرۆڤایەتی بەو تەکنۆلۆجی و توانایە بگەشتایە، کە دەنگەکانی ئەو ڕوداوانە بگێڕدرێنەوە و بکرێنە بەڵگەی شکارکردنی تاوانەکە، تاکو ڕاستی و درۆیی زۆربەی تاوانە بێ ئەژمارەکانی ئەم سەردەمە پڕ دڕندایەتییە دەربکەوتایە.

بۆ گوێڕاگرتن لەو سروودەی سەرەوە بە دەنگی ھونەرمەندی جوانەمەرگ (کاروان عوسمان)، لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە کرتەبکە

یادەوەرییەكانی ڕۆژانی ٨ی مارچ

ھەژێن

٥ی جونی ٢٠١٣

ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە گوتارێكی ڕەخنەیی لە شێوازی یادكردنەوەی ڕۆژی جیھانیی ٨ی مارچ لە كوردستان و ھەوڵەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بەشداریبكەم، بەڵام لە كۆتایی گوتارەكەمدا ئەم بیرۆكە كۆنەم (نووسینەی یادەوەریی و ئەزموونەكانی خۆم) بیركەوتەوە و بڕیارمدا ھەم پێش و لە ڕۆژی ٨ی مارچ ھیچ بابەتێك بڵاونەكەمەوە، چونكە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەكردن بۆ نووسەران و پارتییەكان و وێنە بڵاوكردنەوە و خۆكردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیكەی لەو جۆرە ..تد .

بەگوێرەی یاسای ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ھەر شتێك كە پیرۆزبكرێت، یا پێچەوانە دەبێتەوە یا دواجار گاڵتەجاڕیی و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنێت؛ لێرەدا دوو نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی سێكیولاریست [عەلمانی] دەھێنمەوە، كە ھەر یەكە لە ئێمە بەجۆرێك لەتەكیاندا سەروكاری ھەبووە و بەگوێرەی بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرانبەریان، تێگەییشتن و تا ڕادەیەك وێنایەكی لەیەك نزیكمان لەلا دروستبووە یا دەبێت .

یەكەم : مەزارگە یا مەرقەدەكان بەدیاریكراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە كەربەلا ، كە بۆ ئەوانەی بوون بە (شیعە) سەرەتا شوێنی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون. بەڵام بەگوێرەی یاسایی ڕەتكردنەوەی دەستپێك، ھەنووكە یا ڕاستر بڵیم دەمێكە مەزارگە ئاینییەكان بوون بە جێ-ژووانی دڵداران و تامەزرۆیانی سێكس و دەستبازی و … تد.

دووەم : ڕۆژی ٨ی مارچ و یەكی ئایار، كە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی ٨ی مارچ، ڕۆژی یەكسانیخوازیی ئازادیخوازان دەكەم. زۆرێكمان بەسەرھاتی سووتان و خنكانی ١٢٩ كرێكارانی مانگرتوو، كە زۆرینەیان ژن بوون و كرانی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨ بە ڕۆژی جیھانی تێکۆشان و ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن لە ژنان، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەكردنەوە ناكات. بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی ١٢٩ ژن لە كرێكارانی مانگرتووی كارخانەیەك واتە پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولكردنی لە ساڵی ١٩٠٨ بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت، بەڵام لە ئێستاشدا كراوەتە بۆنەیەك بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماكردن و پاگەندەی پارتییەكان و وێنەپەخشانكردنی كەسانی خۆبەڕابەرزان. دیسانەوە لە نموونەی دووەمیشدا لەتەك ھەمان سەرەنجامی یەكەمدا ڕووبەڕووین و كۆتاییەك دەبینین، كە ھیچ پەیوەندییەكی لەتەك سەرەتاكەیدا نییە، بەڵام لە ھەر دوو بارەكەدا دوو خاڵی نێوكۆیی بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە، یەكەم پیرۆزكردن و دووەم ڕەتكردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەك ئامانجی سەرەتایی.

بەم پێشەكییە كورتەوە، دەست بە كەشكۆڵی یادەوەرییەكانمدا دەكەم و ئەوەی لەبیری مندا مابێت، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە …

ساڵی ١٩٨٣ كە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی كۆڕەك [ینک]، ھەم لەتەك بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە* ماركسیستەییەكەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلكە پڕ زانیارییەكەی (ئافرەت لە مێژوودا، نووسینی ھەڤاڵ كوێستانی) تێگەییشتنێكی سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان لەلا دروستبوو.**

ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ من كەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم لە ژنان و بەگوێرەی دەركی سەرەتایی و كرچوكاڵی ئەو کاتی خۆم، كەوتمە ئاشناكردنی كەسەكانی دەوروبەرم لەو بارەوە. بەڵام ھاوكات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ كۆمەڵە [كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی بەشی ئێران]، كە دەیان فەرسەخ بەراورد بە (كۆڕەك)، كە من ئەندام و لایەنگری بووم، لەپێشتر بوو و بابەتە ڕۆژانەییەكانی ئەو ڕادیۆیە، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیكاڵتر دەكردەوە و بابەتەكان بەڕادەیەك كاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت، كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە كاروباری نێوماڵدا بەشداریمدەكرد و خۆم پۆشاكەكانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و خاوێنكردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریكاریی خوشكەكانم دەكرد و ھیچ بەلامەوە گرنگنەبوو، كە كوڕان و پیاوانی دەوروبەرم چۆن تەماشای من دەكەن و چی دەڵین، ھەموو ڕۆژێكی ٨ی مارج ھاودەنگی ڕادیۆ كۆمەڵە ھەوڵمدەدا گوتارەکانی ئەو ڕۆژەی ڕادیۆکە بەگوێی ھاوەڵان و ناسیاوانی خۆم بگەیێنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا [ئوردووگەی ئێران] دەنگی ڕادیۆكەم تەواو بەرزدەكردەوە، تاوەكو ژنانی كۆڵان و بەلایەنی كەمەوە، خوشكەكانم گوێدێری ئەو بابەتانە بن و بەرانبەر ستەمێك كە لە ئەوان دەكرێت، ھەستەوەر ببنەوە.

٨ی مارچی ١٩٩٢، سلێمانی

ئێمە كۆمەڵێك چالاكی (پیاوی) بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین و بە ھاریكاریی كۆمەڵێك لە چالاكانی (پیاوی) ڕێكخراوە چەپەكانی دیكە، خەریكی خۆئامادەكردن بووین بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی ٨ی مارچ، بێجگە لە ئامادەكردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوكردنەوەی بانگەواز و ھەڵواسینی پۆستەرەكان، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە و ڕێكخراوە و كۆمەڵەكانی بەناو ژنان بكەین. ڕۆژیكیان لە تەك ھاوڕێیان (فاروق حەمە موئمین و بیھنام محەمەد) چووینە فێرگەیەكی ئامادەیی كچان لە گەڕەكی (مەجید بەگ) یا (كارێزە وشك) بوو، بە كۆمەڵێك كارتی بانگەوازەوە چووینە نێو پۆلەكان و لەنێو یەكێك لە پۆلەكان مامۆستاكە بەگەرمی پێشوازی لە ئێمەكرد و گوتی ” كچینە ھەستن” بەخێرھاتنی ئێمەی كرد و بە دەستڕاكێشان بۆ من گوتی ” با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین” منیش پێكەنین گرتمی و زانیم كە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەكەمە، سوپاسمكرد و دەستم بە قسەكردن بۆ خوێندكارەكان كرد، بەڵام كچەكان ھەر بە قسەی مامۆستاكە و سمیڵتاشراوییەكەی من پێدەكەنین، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەكردن و كارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە، زۆر لە قسەكانم تێنەگەیشتبن.

ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەك ئەو دوو ھاوڕێیە چووینە سەردانی بنكەی ڕێكخراوەكانی بەناو ژنان، لەوانە یەكێتی ژنانی سەر بە (ینك) و كۆمەڵەی ژنانی سەر بە (حشع)، ئەگەر بەباشی ناوی ڕێكخراوەكانم لەبیرمابێت. دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە تەماشای ئێمەیان دەكرد و بەلایانەوە سەیربوو، پیاوان بانگەواز بۆ یەكسانی ژن و پیاو بكەن، بێجگە لەوە ژنانێك كە لە بنكەی ڕێكخراوی ژنانی (ینك) بوون، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو، لەبەرئەوەی ئێمە دژی كوشتنی ژنانێك بووین، کە بەبیانووی شەرف و نامووس تیرۆرکرابوون. ھەروەھا قسەیان لە “عادات و تقالید”ی كوردەواریی دەكرد و ئێمەش بە ئەوانمان گوت، ئێمە بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەكوژی ژنان بەناوی “شەرف و نامووس و سیخوڕیی بەعس”، تەنیا ھاتووین كە بۆ مەراسیمەكە میوانداریتان بكەین و بەس، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن. ھەر ئاوا لەلای خاتوونەكانی بنكەی كۆمەڵەكەی سەر بە (حشع)یش لەتەك پێشوازی گەرموگوڕ ڕووبەڕوو نەبووینەوە و گوتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین.

ڕۆژی ٥ی مارچ، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەكە، ھەواڵێك بە ئێمە گەییشت، ھاوسەری ھاوڕێیەكمان، كە بڕیار بوو ڕۆژی ٨ی مارچ بڕگەكانی مەراسیمەكە پێشكەشبكات، لەلایەن براكەییەوە، كە چەكداری (بزووتنەوەی ئیسلامی) بوو، براوەتەوە بۆ ماڵە باوان و ھەڕەشەی جیاکردنەوەی لە ھاوسەرەكەیان لە ئەو كردووە، ئێمەش ئەو كات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەك ھەمان دوو ھاوڕێ، بە ئاوەزی ئەو کاتمانەوە چووینە سەر ماڵی كابرای (ئیسلامی) و پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان بە ھاوڕێكەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەكانی، بەمەرجێك بەشداری پێشكەركردنی مەراسیمەكە نەكات.

ڕۆژی دواییتر، لەتەك دوو ھاوڕێی دیكەی (ئاوارەی كەركووك)، كە بەیەكەوە لە (ھوتێل سۆمەر) لە ئەسحابەسپی دەژیاین، چووین بۆ پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە كە خەریكبوو لە تەواوكردنی ھەڵواستینی پۆستەرەكان ببینەوە، لە سەرەوە بەرەو بەردەركی سەرا دەھاتینە خوار، لە نزیكی باڵاخانەی ئاساییش خەریكی ھەڵواسینی پۆستەر بووین، دیتمان خاوەنی ھوتێلەكە بە پۆشاكی پۆلسیی و كۆمەڵێك ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێك خۆمان خەریككرد و بەملا و بەولا ڕووی خۆمان وەرگێرا، تاوەكو بەباشی نەمانبینێت، بەڕاستی خەم لە ئێمە نیشت، خەم نەك ترس، چونكە ئێمە بە ئاشكرا چالاك بووین و ھێشتا کۆمەڵیش ورەی سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو، تەنیا خەمی دەركردنمان لە ھوتێلەكە ھەبوو، چونكە كەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە زۆربەی پۆستەر و جیاكردنەوە و دەقكردنی كۆپییەكانمان لە ژووری ھوتێلەكەد دەكرد، وەك دواتر بۆمان دەركەوت، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە. مەترسییەكەش ئەوە بوو ئێمە بەناوی ئاوارەی كەركووك لەوێ دەژیاین و لە ڕاستیشدا بێجگە لە من، ھەمووان ئاوارەی كەركووك بوون و ھاوڕێیەكی خۆمان لەوێ كارێكی دەستكەوتبوو، خەمەكەشمان ئەوەبوو، كە ھەم ھەموومان لانەواز دەبووین و ھەم بێجگە لە کۆمەکێكی كەم لەلایەن ڕێكخستنەوە، کاری ئەو هاوڕێیە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ئێمە بوو.

ڕۆژی پێش ٨ی مارچ واتە ٧ی مارچ، دیسانەوە لەتەك دوو ھاوڕێیەكی ڕۆژی یەكەم (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد) خەریكی بڵاكردنەوە و ھەڵواسینی بانگەوازی مەراسیمەكە بووین، گەیشتینە ئەو كۆڵانەی كە مەیدانی دارەسووتاوەكە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێت، گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەك بوو، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ، بوو بە قەرەباڵخی و گوتیان چەند چەكدارێك تەقەیان لە دوو ژن كردووە و بێجگە لە پێوەبوونی ژنەكان، مناڵێكی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە. [دواتر ساڵی ١٩٩٧ ئەم بەسەرھاتەم كرد بە چیرۆكێك بەناوی (خەرمانەی مەرگ) لە گۆڤاری پاژێی ھونەریی (ژیلەمۆ) بڵاوكراوەتەوە].

ڕۆژی ٨ی مارچ، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، مەراسیمەكە لە ھۆڵی ھونەرمەندان بوو، لەسەر شانۆكە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەكان و ڕێكخستنی كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازەکە، كۆمەلێك لە ھاوڕێیانی ژن چالاكانە سەرقاڵی ھاریكاری و خۆڕێكخستن بوون، لەو كاتەدا خاتوونێك كە پێشتر ناوم بیستوو و کاتی ڕاپەڕین یەكێك بووبوو لە چالاكانی (رێكخراوی ژنانی شۆرشگێڕ)، بەجۆرێك ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمەی لەسەر شانۆكە دەربڕی. ھۆكارەكەشی تەنیا خۆشنەھاتن و سكتاریزمی ڕێكخراوەیی بوو، چونكە ئەو سەر بە گروپێكی دیكەی چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەكێك بوو لە ئەندامە باڵاكانی ڕێكخراوەكەی خۆی، لەو كاتەدا كیژۆڵەیەكی ھەژار كە كراسێكی كوردی سەوزی پۆشیبوو و كەوشێكی جۆری كالەی سپی لەپێکردبوو و وەك خۆی گوتی، كراسەكەشی بە قەرز لە ھاوەڵەكانی وەرگرتبوو، لەتەك من خەریكی چاككردنی شتێك بووین، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، پێموابێت ناوی (لیمۆ) بوو، وەك سەرسوومانێك تەماشاێكی منی كرد و منیش لام لە خاتوونە خۆ بە ڕابەرزانەكە كردەوە و گوتم، جا بەڕێزم، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەك لەمەوبەر لە كوێ بوویت، بۆ لە كاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوكردنەوەی كارتی بانگەواز و سەردانی لایەنەكاندا نەھاتی بەشداریبكەیت، بۆ نەھاتی و بە ئێمە بڵێیت “ئەوە لەم ناوە چی دەكەن، بۆ ناڕۆن” و بەخۆت كارەكانت ئەنجامبدابان؟ ھەستمكرد قوڕگی پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ھەرچەندە مەبەستم برینداركردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سكتاریزمی ڕێكخراوەكەی بوو، كە لەو كاتەدا و لەو شوێڼەدا ئاوای لە ئەو كردبوو، كە ئاوا بەرخوردێك بە ئـێمە بكات، لەتەك ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی كە ئاوا وەڵاممداوەتەوە و بەو پرسیارانە ئەوم تەنگەتاو كردووە.

پاش كەمێك ھۆڵی مەراسیمەكە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەكەوە، جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و كەسانێك لەبەرە نەبوونی جێگە، ناچار لە دەرەوەی ھۆڵەكە وەستابوون، مەراسیمەكە دەستیپێكرد و وێڕای ئەوەی كە زۆربەی كارەكان و ئامادەكارییەكان و لێپرسراوەتییەكان ئەندامانی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون، بەڵام لە كۆمیتەی مەراسیم و لە دەستەی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا، رێكخراوە ھاوخەتەكانی دیكەی ڕێکخراوەکەی خۆمانمان بەشداركردبوون، كەچی سەرەرای ئەوەش یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوەكەی دیكە (ھاوڕێكخراوی ئەو خاتوونەی كە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەكرد) ھەلی قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەكە، كە كارتێكی نیوە لاپەڕەیی بوو و ناوی رێكخراوەكەی ئێمەی لەسەر بوو، گوتی ” میوانە بەڕێزەكان ئەمە دەبین، ئەمە ھی كۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێكخراوە ناوی خۆی لەسەر داناوە”.***

لەو ساتەدا ھەڵوێستێكی زۆر جوان و ناسكتاریستانە و لێپرسراوانەم لە ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەو ھەوڵە سكتاریستی و شێوێنەرانە، ھاوڕێیانی ئێمە بە گوتار و چالاكییەكانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەكیان دروستنەكرد. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم ڕێكخراوەكەی ئەو كاتی ئێمە سكتاریست نەبووە، نا تەنیا مەبەستم ساتەكانی ئامادەكاری و بانگەواز و پەخشكردنی پلاكارت و كارەكانی دیكەی مەراسیمەكەیە، كە زۆربەی لە ئەستۆی ئێمە بوو، ئەو كات ڕێكخراوەكانی دیكە، ھەرچەندە بۆ دەزگە سیخوڕییەكانی پارتییەكانی (بەرەی كوردستانی) و ڕژێمی بەعس شاراوەنەبوون، بەڵام لە بەرانبەر ئێمە خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا.

٨ی مارچی ١٩٩٣، باخچەی گڵكەند، یەكەم كۆبوونەوەی پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان

ھەر وەك ساڵی پێشوو لە نێوندی ڕێكخراوە چەپەكان و چالاكانی ئەو ڕۆژگارەدا، كەوتینەوە خۆئامادەكاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣. یەكەم كۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵكەند لە پێشنیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی كۆتایی وەرزی زستاندا بوو، كۆمەڵێك كۆبووینەوە. لێرەدا بەگوێرەی لەبیرمان و ناوەكانی ئەو كاتیان كە من دەمناسین، ئەم كەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە، شاناز، عەزیمە، مەمەخان، ئەختەر حەسەن، چنار حەسەن، كاوە حەسەن، سیروان عەلی، د. ئەمین، جەمال كرێكار، شاپوور عەبدولقادر، قابیل عادل، ھیوا محەمەد، ئارام عەلی، یوسف (جەعفەر عەلی)، بەختیار (ھۆنەر)، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، ھیوا كەریم، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكو محەمەد عەلی و ….. بەداخەوە من ھەر ئەو ھاوڕێیانەم لەبیرماون، ھیوادارم ھاوڕێیانێكی دیكە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێكی دیكە، كە من لەبیری من نەماون، بۆ من بنووسن، تاوەكو لە تازەكردنەوەی ئەم یادەوەرییەدا ناوەكانیان زیادبكەم، ھەروەھا داوای لێبوردن دەكەم، كە ناوەكانم بەو جۆرە نووسیون، كە ئەو كات بەو جۆرە ناسراون، نەك بەو جۆرەی كە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چی بووە و ئێستا چ ناوێكیان ھەیە].

پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشكار و دروشم و بەشەكانی بەرنامەی مەراسیمەكە و لەپێش و پاش دانانی گوتاری ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی ئەو كات ( ڕەوتی كۆمونیست، یەکێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری، ھەستەی كرێكار) كرا، دەستەكانی (لێژنەكانی) كاركردن و ئامادەكاریی دیاریكران و من وەك ھاوڕێیانی دیكەی (شققە)، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی ھونەرییدا بووم. ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە كۆمیتەكەدا بەخۆیان بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و كارتی میوانداری مەراسیمەكە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە (مامە كەریم، ڕێباز كەریم، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیوا كەریم و ئاكۆ محەمەد) و ھاوڕێ سیروان عەلی و ھاوڕی فایق سەعید، دووراودوور چاودێری و ئاگاداریی ئەوان بكەین، نەكا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەكان ببنەوە.

ھەر لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەدا بوو، كە من لەتەك ھاوڕێیانی ژنانی نێو كۆمیتەكەدا ئەم پێشنیارەم كرد، ئەم مەراسیمە وەك ھەلێك بقۆزنەوە و كۆمیتەی ئامادەكار و ڕێكخەری ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕابگەیێنن، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارەی من وەك زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی دیكەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی ١٩٩٢ و جولای ١٩٩٣، لەلایەن سەرپەرشتیكاری بەشی ئاشكرای ھەولێری (ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست) وەك دژایەتییەكی كەسیی بەرانبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر، ڕەتكرایەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی مارچ، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر، كۆمەڵێك لە ھاوڕێیان خەریكی پڕۆڤەی سروودەكان بووین، یەكێك لەو ھاوڕێ ژنانەی كە بڕیار بوو، پێشكەشکاری بڕگەكانی مەراسیمە بێت، بە خەمبارییەوە هات و منی بانگی كرد و گوتی “ھاوڕێ من ناتوانم ئەو كارە بكەم”. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان. براكانی فشاریان خستبووەسەر سەر ئەو و ھەڕەشەیان لە ئەو كردبوو، كە نابێت ئەو كارە بكات. زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو. بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی ٨ی مارچی سلێمانی بوو، ھاوڕێیانێكی ئاوا خۆبەخش و فیداكار و چالاك لەلایەن باوك و براكانییانەوە فشارێكی دەروونی زۆریان دەخرایە سەر . ھەر چۆن بوو، گرفتەكەمان چارەسەركرد و ھاوڕێ (شلێر ڕەشید) ئەو ئەركەی لە ئەستۆگرت، ھەرچەندە خەمی ئەو ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێكماندا كێشابوو، بەڵام بە توانا و ئامادەیی (ھاوڕێ شلێر) بڕگەكانی مەراسیمەكە بە سەركەوتوویی پێشكەشكران.

وەك ھەموو مەراسیمێك، كە ئێمە لەو بوارەدا وەك كەسێكی شارەزا و پیشەیی کە شارەزاییمان وەرگرتبوو، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەكە لەتەك كۆمەڵێك خوێنداكاری زانكۆ و پەیمانگاكان خەریکی گفتوگۆكردن بووین و لەو کاتەدا لەتەك ھاوڕێ (عەزیمە) لەسەر پەیوەندی ڕێكخراوەیی و چۆنیەتی پێشكاریی و ئامادەكاریی بۆ ڕێكخراوی ژنان خەریکی گفتوگۆكردن بووین، كە بە بۆچوونی من ماتریاڵی ئاوا ڕێكخراوەیەك لە ئارادابوو، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن وەستابوو، ھەڵبەتە من یەكێك بووم لەوانەی كە دژی وابەستەیی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.

لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە ھەستی بەو نزیكایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان كردبوو و یەكسەر یەكێك لەو ھاوڕێیانەی بانگكرد و بە ئەوی گوتبوو “ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێكخستنی ڕەوتی كۆمونسیتەوە بكەیت، ئەوا كەسی دیاریكراوی ئەو كارانە منم و ئەو (نووسەری ئەم دێڕانە) ئەو ئەركەی لە ئەستۆ نییە”. ھەڵبەتە، [ھەرچەندە شتەكە ئاوا نەبوو و رێكخراوەكەی ئێمە، ئاوا نەبوو و تەنانەت خودی لێپرسراوانی رێكخراوەكەش ھیچ وێنایەكی دروست و ھێڵ و سەرخەتی ڕێكخستنی رێكخراوەییان نەبوو و (خوداوەكیلی) كاریاندەكرد و كارەكان بەرەو پیشەوە دەچوون [لە شوێنێكی دیكەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەو بارەوە دەدوێم] من بەو ھاوڕێیەم گوت، ئەو شتە وانییە، بەڵام بەخۆت چی بە دروست دەزانی ئاوابكە .. و لەتەك كۆمەڵێك خوێنكار ، كە خەڵكی كۆیە و دوكان و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی، عەلی ھەڵەبجەیی، توبا هەڵەبجەیی، یەك دوو ھاوڕێی دیكە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوكانی [ئەگەر بە دروستی ناوەكەی لەبیری من مابێت]، لە گفتوگۆکردنەکە لەبارەی ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاران، كە پێشتر من لەتەك كۆمەڵێك خوێندكاری سەر بە پارتیی كۆمونسیتی عیراق و كوردستان (حشع و حشك) نیزکبووم و دواتر ھەندێكیان بوون بە پارتیی كاری سەربەخۆ، لەو بارەوە خەریكی بۆچوونگۆڕینەوە و پەیوەندی تەنگاوتەنگ بووین، لەو كاتەدا ھاوڕێ ھیوا كەریم (كەركووكی) ھات و گوتی “جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەكە خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆن، وەرە با ئێمەش بڕۆین”، من گوتم بمبوورە، خەریكی گفتوگۆکردنین و ئەمەیان گرنگترە.

ئەو ڕۆژانە، شتێك بووبووە مۆدێل و لە كۆتایی ھەموو مەراسیمێكدا كۆمەڵێك لە ئەوانەی كە ڕۆڵی “حازرخۆری سفرەدڕ”یان دەبینی و لە ئەنجامدانی كاروبارەكانی وەك پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازكردن و ئامادەكاری ھونەریی و پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆڵێكیان نەبوو و تەنانەت ماڵەكانیشیان لە ئێمەی ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی كۆببوونەوە و مەراسیمەكان بە قات و بۆیباخە گرانبەھاكانیانەوە دەردەكەوتن، لە كۆتایی فیلمی مەراسیمەكاندا، خەیكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤێدیۆ دەبوون. ئێمە كە زۆربەی كارەكانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی كات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی گروپە ئیسلامییەكان و ئاساییش و میلیشیای پارتییەكان دەبووینەوە، هیچ ئاگامان لە ھۆكاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی ھۆڵەكان نەبوو و نەماندەزانی بۆچی ئەوان ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن. بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی مەراسیمەكان بۆ ئێمەش دەركەوت… .

ئۆكتۆبەری ١٩٩٣ كاتێك كە بەرەو توركیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەك ھاوڕێیەكی خەڵكی سلێمانی (ئامانج) گەییشتینە ئانكارا، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە، كە ھێشتا ئەو ئەندامی پارتیی تازە دروستكراوبوو، ئەندامانی (حككع) بەدیاریكراوی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئەو پارتییە، كە پێشتریش لێپرسراوی پەیوەندی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانكارا، پەزیراییەكی زۆرگەرمییان لە ئێمە كرد، كە دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و لێپرسراوەكە لە سەردەمی ڕەوتی كۆمونیست، مەبەستم ئەوەیە، كە من پێش پێكھاتنی ئەو (حككع) ھەم لە وەڵامی نامەكەی مەنسووری حیكمەت و ھەم لەنێو نامەیەكی ١٨ لاپەڕەیی جیاوازیی خۆم لەتەك ئەو پارتییە پێشنیاركراوە لەو سێ ڕێكخراوەی پێشوو، ڕاگەیاندبوو، [ لەو بارەیەشەوە لە شوێنی دیكەدا دەچمە سەر جیاوازییەكان و ھۆكاری وازھێنانی من و نەچوونە نێو رێزەكانی ئەو پارتییە دەخەمەڕوو].

بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم، نەكا خۆی ناڕازیبێت] گوتی “هیچ وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنی مەراسیمەكانتان لەتەك خۆتاندا ھێناون؟” منیش یەكسەر پرسیم، بۆچی؟ لە وەڵامدا گوتی ” لێرە زۆر بەكەڵكن، ئەو ھاوڕێیانەی كە تا ئێستا ھاتوون، ئەو شتانەیان داون و سوودیان لە ئەوانە وەرگرتووە، مەگەر بە ئێوەیان نەگوتووە، خۆ فڵانەكەس (… لێرەدا ناوەكان نانووسم، چونكە نامەوێت شتەكان تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزێن) ئەوە دەزانێت؟”، منیش گوتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو شتانە نین و ئێمە هەرگیز قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە، بەڵام بەخۆت نازانیت، فڵانەكەس بەرانبەر من، ھەموو ناكۆكییەكی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزاندووە. ئیدی لەو ساتەدا من وەك ئەكتەری فیلمێكی ھیندی، ھەموو شتەكانم بەیادھاتنەوە و بۆ من دەركەوت، بۆچی قارەمانانی پشت ھۆڵ ھێندە ھەڵبەی وێنەگرتن و ڤیدێۆگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەكانیان بوون و زۆریان بەلاوە مەبەستبوو! [لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە، تەنیا لادانی دەمامكەکانە لە ڕووی ھەوڵی كەسانێك، كە ھەم ڕێگربوون و ھەم لەسەر پرسەكان سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی و كەسییان بۆ خۆیان دەكرد.

ئێستا پاش نزیكەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە، لە ئەزموونەكانی خۆم لە مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و مەراسیمەكانی دیكە و بەراوردکردنی ھەڵوێست و دەربرین و كاركرد و بیركردنەوە و ھەوڵی چالاكەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن، ئەم شتانە لەلای من لەلای گەڵاڵەدەبن :

– ھاوڕێیانێكی ژن، كە ئەو كات چالاك و دەركەوتە بوون، بێجگە لە یەك دوو كەسیان، كە لە پاش دروستبوونی (رێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان) كەوتنە ھەوڵی خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆڵی بەرپرسو پێگەخوازیی، ئەوانی دیكە، بەتایبەت ئەوانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣ لە ھەولێر ناومھێناون، كەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و بۆ ئەوان ھیچ گرنگنەبوو، ناویان ھەبێت یا نا.

– گیانی ھاریكاری و ھاوتێکۆشانیی و ھاوڕێیەتی بەسەر ھەمووان باڵیكێشابوو و زۆرێك تەنانەت خۆیان لەبیركردبوو، ھەرچەندە وەك گوتم ئەو خۆلەبیركردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەكەدا لەلایەن كەسانی پێگەخواز و ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری كەسیی و ڕامیاریی لەسەر دەكرا.

– بەداخەوە ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووی ناچارییە و ئەركی مێژوویی ھەر یەكە لە ئێمەیە بەرانبەر بە نەوەكانی داھاتوو، كە بە ئەوان ڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی ٨ی مارچ بۆ ژنانێكی توشبوو بە نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، بووە بە ڕۆژێك بۆ خۆنواندن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و ئارەزووی خۆیان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر تێکۆشانی ڕەوای ژنانی ئازادیخواز. لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانەی منیش ھەر بەو ئامانجەیە، ژنانێكی چالاك، كە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و ڕۆژەكانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەكان و نەبوونی و ھەزار و یەك دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووكایەتی خێزانەكانیان، دەنگیان بەڕووی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا ئامادەی گیانبەخشین بوون، بیانھێنمە قسە، تاكو بە ژنانێكی دەسەڵاتخوازی ڕەدوكەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن ” شێواندنی مێژوو بەسە، دەمتان داخەن و بڕۆن خەریكی ڕامیاركردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی كەسیی خۆتان بن، بەرۆكی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو ئازادی کۆمەڵ و جیھانێكی یەكسان و دادپەوەر، بەردەن!”

دوا ڕستە، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان، بەتایبەت ئەوانەی كە من ناومھێناون، ئەگەر ھەڵەیەك لە ناوەكانیاندا ھەیە، ئەگەر ھەڵەیەكم لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و ئەگەر كەسێك ئاوای دەبینێت، کە من خواستوومە مێژوو بشێوێنم، با ئەو دەربەستانە و بە بەرپرسیاریی مێژووییەوە خامەكەی بەدەستەوەبگرێت و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەكانی من ڕاستبكاتەوە. چونكە بۆ من یەك شت بنەمای كار و ھاندەرمە، ئەگەر ئێمە چالاكانی ئەو ڕۆژگارە و ئەم ڕۆژیش، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیركراو و تاڕادەیەك شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد، كە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەكانی ئەم ڕۆژ و داھاتووشن، ھەڵنەستین، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین، چونكە كەم نین ئەوانەی كە خەریكن لەسەر بێدەنگەكردنی ئێمە، سەرمایەگوزاری ڕامیاریی دەكەن! ھەروەھا بە بۆچوونی من، ڕزگاریی ژنیش وەك ڕزگاریی ھەر تاكێكی دیكە، تەنیا بە خۆبیركردنەوە و خۆرێكخستن و خۆھوشیاریی و خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە ڕەوتی بزووتنەوە كۆمەڵاتییەكانی دژی نایەكسانی و نادادوەرییدا ئەگەری بەدیهاتنی هەیە ، ھەر بەو شێوەی، كە ڕزگاری ھەر مرۆڤێك لە گرەوی تێکۆشان و دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی!

______________________________
* مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی ماركسیزم، ئەوەیە، كە زۆرینەی سۆشیالیستخوازەكانی ئەو كات و كۆمونیستەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بەو جۆرە لە كۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن، كە دۆزینەوە و داهێنان و بیردۆزیی (كارل ماركس) بێت و پاشرەوانی ئەو ئەو ئایدیالیزمەیان پەرەپێداوە و ئاوای دەبینن کە دەبێت کۆمەڵ لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزانە بەرەو كۆمونیزم بڕوات، ھەروەك چۆن لە ئایینەكاندا سەرەتا ھۆش (یەزدان) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت، واتە لە ھۆشەوە مادە و كردار و گۆڕان دەستپێدەكەن. ڕێك بە پێچەوانەی ئەوەوە، كە مێژووی نیشانیدەدات، ھزری كۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەكاندا ھەبووە و تێکۆشان و ئەندیشەی تاك و كۆمەڵە یەكسانیخوازەكان مامانی لەدایكبوونییەتی، قسەكەرانی ئەو بزووتنەوەیە، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەكەی و پێداچوونەوەی ئەزموونەكانی.

** دەزانم لەتەك خوێندنەوەی یەكەم دێری یادەوەرییەكانی من، ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروستدەبێت، مەگەر تۆش خەریكی ئەوە نیت، خۆت بناسێنێت؟ لەوەڵامدا تەنیا دەتوانم بڵیم، نەخێر، چونكە؛ یەكەم وەك كەسایەتی خۆم بە سوپەر-مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆكەی ڕابەرایەتی بكەم، دووەم، دوو شت بوون بە ھاندەری نووسینەوەی ئەو یاداوەرییانەی خۆم، ئەوەی كە ژنان و پیاوانێك پەیدابوون، خەریكن تاوانی كۆمەڵێك ژنكوژ كە بڕواناكەم لە ئاستی کۆمەڵدا ڕێژەیان بكاتە لە سەدا یەكی ھەژماری پیاوان، بەسەر شانی زۆربەی پیاواندا دەدەن، كە من بۆ خۆم بەگوێرەی ناسینی نزیكم لە زۆرێك لەو ژنانە، كەسانیكن، كە بەخۆیان ئەزموونێكی تاڵ یا شكستخواردووی ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەكانیش كەسانێكن، كە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بكەن. لێرەدا نە مەبەستم ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەكسانیخواز، بەڵكو ئەوانەن، كە یەكەم تاوانی كەمینەیەكی ھەرە كەمی پیاوان بەسەر شانی ھەموو پیاواندا دەدەن و دووەم، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی لە ژنان، لە ستەم و ھەڵاواردنی ئابووریی و كولتووریی و ڕامیارییەوە، بكەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان، كە بەوەش دەیانەوێت لاقی كولتووری بۆگەنكردووی “نەتەوە”كەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەریی بۆرجوازی “نەتەوە”كەیان لەو لیتاوەدا دەربكێسن، كە بۆ ژنانی كوردستان خەستکراوەتەوە.

*** مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێكخراوەكەی دیكە، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانە لە مەراسیمی ٨ی مارچ، كە دەیانەوێت بیكەنە ڕۆژی پاگەندەکردن بۆ خۆیان، بەڵام ئێمە ئەندامانی خوارەوە، زۆر لەو شتە نائاگابووین و وەك سەربازێكی نائاگا “فی سبیل اللە” خزمەتمان بە ڕابەربوون و حەزە كەسییەكانی ئەندامانی سەرەوەی ڕێکخراوەکانی خۆمان دەكرد.

بەڕێزە گیانبازیتان لەپێناو ڕزگاری لەم مەینەتبارییە

بەڕێزە گیانبازیتان لەپێناو ڕزگاری لەم مەینەتبارییە”

لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی مانگرتنی کرێکارانی شیکاگۆ ١٨٨٦ مەیدانی هایمارکت

یاداوەرییەكانی یەكی ئایار

یاداوەرییەكانی یەكی ئایار

ھەژێن

ئایاری ٢٠١٣

یەكی ئایار لە منداڵی مندا

یاداوەرییەكانی سەردەمی مناڵێم لە بارەی ڕۆژی یەكی ئایارەوە، گەلێك لە یاداوەرییەكانی سەردەمی ھەرزەكاری و دواترم جیاوازن. كاتێك كە قسە دەھاتە سەر كۆمونیزم و كرێكار، بەردەوام لە دەمی باوكمەوە دەمبیست، كە “لە ساڵی ١٩٥٨دا ھەموو كەسێك وەك مۆدێڵ ئەندام و دۆست و لایەنگری پارتی كۆمونیست بووە”، بەڵام ئەو بەخۆی نا. ئەو دەیگێڕایەوە كە” لە یەكی ئایاری ١٩٥٨دا ھەر كەسێك دەستی پاچ و خاكەناز و چەكوش و بێڵی گرتبێت، ئەوەی ھەژار و برسی و كۆڵبەر بووبێت، لە ڕۆژی یەكی ئایاردا خرۆشاوەتە نێوەندی مەیدان و دروشمی بەسەر (لێنین و ستالین) ھەڵداوە”.

ھەرچەندە بەوە دڵخۆشدەبووم، كە كەسە ھەژار و زەحمەتكێشەكان لەو ڕۆژەدا ھێندە ھاودەنگ و یەكگرتوو بوون و پێكەوەبوون. بەڵام داستانێكی ئاوا بۆ من، ھیچ سەرنجراكێشییەكی تێدانەبوو، چونكە  من تێنەدەگەیشتم بۆچی و ئامانجیان چی بووە، یا ڕاستر بڵێم، لەبەرئەوەی كە باوكم خۆشی لە كۆمونیستەكان نەدەھات.

ساڵ ھات و ساڵ چوو، ساڵانی پاش ھەرەسھێنانی بزووتنەوەی چەكداریی ناسیونالیستی كورد، ھەموو ساڵێك لە ڕۆژی یەكی ئایاردا خەڵكی ڕوویان لە دەشت و دۆڵ و كێوان دەكرد و دەبووە ئەو ڕۆژەی كەس بە كەس نەبوو و بەزۆری خواردنەوە بووبووە مۆدێلی یەكی ئایارەكان و تا یەكی ئایاری ١٩٧٧ كەسانێكی زۆر چووبوون بۆ سەیران و بەھۆی خواردنەوە و بەدمەستبوونی ھەندێكەوە، لەنێوان لایەنگرانی (حشع) و لایەنگرانی (پدكع)دا بووبوو بە دەمەقاڵێ و سووكایەتیكردن بەیەكتری و ڕۆژەكە لە سەیران و خۆشیییەوە، گۆڕابوو بە ڕۆژێك، كە ناخۆشترین یاداوەریی لە منداڵی مندا بەجێھێشت.

بەڵێ یەك دوو شەو پاش یەكی ئایار، دوو كەس لەلایەن دەستە سەرەتاییەكانی بزووتنەوەی چەكداری تازە دروستبووەوە كوژران و لە دەروونی منی مناڵدا مۆری ناخۆشی و ڕكبوونەوەیان لەو ڕۊژە دا و تەنانەت ڕكم لە سەیران دەبووە و تا ئێستاش بەجۆرێك حەزم بە شادیی و ھەڵپەركێ و ھەرا نییە. ھەموو جارێك كە ھاوسەر و منداڵی كوژراوەكانم دەبینین، خۆبەخۆ یەكی ڕۆژی ئایار وەك یاداوەرییەكی ناخۆش دەھاتەوە بەرچاوم.

یەكی ئایار لە ھەرزەكاریی مندا

كاتێك كە ھێزە چەكدارەكانی (ینك) پەلاماری (قڕناكا و پشتئاشان)یان دا، منی ھەرزەی ڕامیاریی تا بینەقاقام لەژێر كارایی ھەرا و پاگەندەی ئەو ڕۆژانەدا، ھەستم بە سەركەوتنێكی گەورە و بەرز دەكرد، بەتایبەت، كە گوێم لەم دەستەواژانە دەبوو ” لێنین، گۆڕ ھەڵتەقێنە، تەحریفییەكان …. لە كوردستان … “. بەڵام ھەستكردن بەو خۆشی و سەركەوتنە زۆری نەخایاند و كۆتایی پاییزی ھەمان ساڵ، كە بەخۆم بوومە پێشمەرگە و لە دەمی ھاوسەنگەرەكانمەوە وردەكاری ھێڕشەكان و باری دەروونی گیراوەكانی لایەنی پەلاماردراو و ئامانج و تاكتیكی پەلاماردەرم بیست، سەد و ھەشتا پلە ھەستم بە شەرمەزاری دەكرد و دەنگێك لە ناخمدا ھاواری خنكێنراوی كوژراوەكان و قینی چاوی ھاوڕێ بەجێماوەكانیانم بە ھۆشمدا دەدا و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر بە ئاگایدەھێنام. ھەڵبەتە خودی ململانێی نێوان عیراقچی و كاردستانچییەكان، كە من فرەتر بەلای عیارقچییەكاندا دەچووم، لەو بارەوە كارایی خۆی ھەبوو.

یەكی ئایار لە دەمی ھوشیاربوونەوەمدا

ناسین و دەرككردنی پێشینەی ڕۆژی یەكی ئایار، وەك ڕۆژێكی چینایەتی و سیمبولی خەباتی كرێكاران دژی مشەخۆران (بۆرجوازی) ، بۆ كارایی بەرنامەكانی ڕادیۆ كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دەگەڕایەوە، كە بە دابڕانم لە بزووتنەوەی چەكداری، ڕۆژانە لە لایەنگریی لایەنەكەی خۆم دووری دەخستمەوە و بەرەو بیری ڕزگاری كرێكاران و زەحمەتكێشان ڕایدەكیشام. كارایی بەرنامەكانی كانونی ھونەر و ئەدەبیاتی كرێكاریی لەسەر من ھێندە بەرفراوان بوو، كە چیدی گوێم لە ڕادیۆی لایەنەكەی خۆم ڕانەدەگرت و ڕۆژانە بە بەرنامەكانی ئەو ڕادیۆیە بەنگبووبووم.

 

یەكی ئایاری ١٩٩٠ لە دەمی خۆھوشیاریی كەسیی خۆمدا

لەتەك دابرانی یەكجارەكیم لە بزووتنەوەی چەكداریی كە لە ڕاپەڕینەكەی ١٩٨٧دا بە ناچاری ڕوومتێكردبووەوە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ھزریی و بۆچوونەكانی من بۆ ھەموو شتەكان، ھەرچەندە من لە جەرگەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەژیام، ھەموو ساڵێك لە یەكی ئایاردا وەك سوونەتێك نەدەچوومە سەركار و لەو ڕۆژەدا وەك شەیدایەكی بێباك لە شەقامی شارەكاندا بەدەم وتنەوەی سروودی یەكی ئایار و سوودی (ئینتەرناسیوناڵ)ە، لە دووی ھاوبیرانی خۆم دەگەڕام، بەرنامە و سروودەكانی كانوونی ئەدەبیاتی كرێكاریم تۆماردەكردن و دەستاودەست بە ھاوەڵان و ھاوڕێیانی خۆم، بەتابەت لایەنگرانی ئاڵای شۆرش و (حشع) و گروپی ئینتەرناسیونالی كۆمونیست، دەگەیاندن، دەمویست لەو ڕۆژەدا لە ڕەفتار و دڵخۆشیمدا جیاوازی ئەو ڕۆژە بۆ من بە ھەمووان نیشانبدەم، بەتابەت ھاوچینەكانم (كرێكارانی كورەخانەكان).

لەم ساتانە بەدواوە، چیدی یەكی ئایار بۆ من بۆنەیەكی ناڕۆشن نەبوو و ھۆكاری جەنگ و سەیران و خۆمەستكردنی داخدارانەی كەسەكان و كوشتنی كەسەكان بۆ من ناڕۆشن نەبوون، چونكە بەخۆم بووبوومە كرێكار و ڕۆژانە بەپێست و ئێسكم، جیاوازییە چینایەتییەكانم دەركدەكردن و زیاتر زیاتر ناتەبایی و ناجۆری سیستەمە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكەم بۆ دەردەكەوت و باوەڕم بە ھزری ڕزگاری چینەكەم بەھێزتر دەبوو. چیدی لوولەی چەكەكان بۆ من، یەكلاكەرەوەی كێشەكان و كۆتاییھێنەری ستەم نەبوون، دژی شەڕبوون و دژی دەمارگیری نەتەوەیی و دژی سەرمایەداریبوون، ئاوازی سروودێكی مرۆییبوون، كە ڕۆژ بە ڕۆژ منیان لە مرۆڤخۆشویستن و لە ھاریكاری و ھەرەوەزیی و خەمخۆریی بۆ خەڵك نزیكدەكردەوە، وەك داڵدارێكی دێوانە، ھیچ ھۆگرییەكم بۆ حەز و چێژە خۆویستییەكان نەمابوو. حەزمدەكرد لەو ڕۆژەدا ببمە بوركانێك و سیستەم و دەسەڵاتی چینی مشەخۆر بەخۆی و دەوڵەتەكان و لەشكرەكان و ھەمبارەكانی پیشەسازی چەك و بازارەكانی سوودخوازیییەوە، ژێروژوور بكەم.

یەكی ئایاری ١٩٩١

یەكی ئایاری ١٩٩١، ھەرچەندە خەمی شكستی ڕاپەڕین و كۆڕە و باڵی بەسەرمدا كێشابوو، بەڵام دیسانەوە لەو ڕۆژەدا ھەر لە دووی ھاوبیرەكانم وێڵبووم، بەتایبەت كە زۆرێك لە ھاوەڵەكانم گەڕابوونەوە ھەرێمی كوردستان و چەكداری لایەنەكانیان بوون و من ھەستم بە تەنیاییەكی زۆر دەكرد. لەو تەنیاییەدا بۆ یەكەم جار، دیتن و دەركەوتنی دروشمێك بەبۆنەی ڕۆژی یەكی ئایارەوە، شاگەشكەی كردم، ھەرچەندە ھاوبۆچوونیم لەتەك ئەو ڕێكخراوە (راھی كارگر)دا نەبوو، بەڵام دیتنی دروشمی “كرێكارانی جیھان یەكگرن” لەسەر دەرگەی پۆستی ئەو شارەی لێیدەژیام، مژدەیەكی گەورە بوو بۆ من و ھەستی تەنیایی منی لە ڕۆژی یەكی ئایاری ١٩٩١دا ڕەواندەوە و ھیوایەكی بە من بەخشی، بەوەی چیدیكە لەوێدا تەنیابیم.

یەكی ئایاری ١٩٩٢

ھەرچەندە نزیكەی نۆ مانگ بوو گەڕابوومەوە ھەرێمی كوردستان و سەرقاڵی چالاكی ڕێكخراوەیی و یادی ڕاپەڕین و مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار ڕۆژی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان بووم، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەركێكی ڕێكخراوەییەوە، كە لەو ڕۆژانەدا بە من دەسپێردرا [ بردنی ئۆرگان و بڵاوكراوە و نامە ڕێكخراوەییەكانی حككا بۆ ئێران] ئایاری ئەو ساڵەش ھەر لە كۆڕ و كۆبووبەوە ئایارییەكانی ھەرێمی كوردستان بێبەش بووم و لەو ڕۆژەدا ھەردەم بیرم لەلای ھاوڕێ و ھاوكارەكانی مەراسیمەكان بوو. بەڵام لەیەك شت دڵنیابووم، ئەویش ئەوەبوو، كە یەكی ئایاری ئەم ساڵ، سەرەتایەكی دیكە دەبێت بۆ سەرلەنوێ ناساندنەوە و گێڕانەوەی مێژوویی ئەو ڕۆژە و ڕەواندنەوەی ئەو وێنا نادروست و جەژنانەكییەكانەی، كە لە دەھەی ھەفتاكان و ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا لە ھۆش و یاداوەریی ھەزرانی وەك مندا بۆ ڕۆژی یەكی ئایار، دروستكرابوون. لەو ڕۆژەدا دیسانەوە لە شەقامەكانی ئێراندا كەوتمەوە سروودگوتن لەبەرخۆمەوە و گەڕان لە دووی كەسانێك، كە لەو ڕۆژەدا ژیان بۆیان واتایەكی دیكەی دەدا؛ ڕۆژی خەباتی چینایەتی و لەدایبوونەوەی ئازادئەندێشی.

یەكی ئایاری ١٩٩٣ ھەولێر و ناچاربوونم بە چوون بۆ ئاكرێ

وەك مەراسیمەكانی دیكە، بە مانگێك پێش ھاتنی ئەو ڕۆژە، چالاكانی ڕێكخراوە چەپەكانی ئەو كاتە لە باخچەی گڵكەند كۆبووینەوە. ئەوانەی كە لەبیرەوەیمدا ناو و وێنایان مابێت، ئەم ھاوڕێیانە بوون: گۆران عەبدوڵڵا، ئەحمەد پاشا، دڵێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، بەختیار (ھۆنەر)، ھیوا، جەمال كرێكار، ئازاد ئارمان (ئیسماعیل)، كاوە حەسەن، چنار حەسەن، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، ھیواكەریم، مامە كەریم، ڕێباز، سیروان عەلی، د. ئەمین، شاپوور، قابیل، عەبدولڕەحمان مەولود، ناڵە حەسەن و كۆمەلێكی دیكە، بەداخەوە ناوی ھەمووانم لەبیر نەماوە …..

پاش بڕیاردان لەسەر شوێنی مەراسیم و بڕگەكانی مەراسیمەكە و  وتاری كۆمیتەی مەراسیم و وردەكاری دیكە، بەپێی توانا و ئامادەیی خۆبەخشانە، لێژنەكانی كاركردن و بەرپاكردنی مەراسیم دیاریكران، لەوانە: لێژنەی ھونەریی، لێژنەی پەیوەندی، لێژنەی دارایی و گرتنی ھۆڵ، لێژنەی دابەشكردن و پەخشكردنی بەیاننامە و پلاكارتی مەراسیمەكە. وەك ھەموو جارێك ئێمە [ ڕێبوار و ھیوا و سۆران و ڕێباز و مامە و سیروان و من] ھەم لە لێژنەی ھونەرییدا و ھەم لە لێژنەی ئامادەكردن و كۆپیكردن و پەخشكردنی پلاكارت و كارتی بانگھێشكردندا بەشداربووین.

من بەپێی ئەزموون و دەركەوتنەكانی پێشووتر، داوام لە لێپرسراوی بەشی ئاشكراوی رێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست كرد، كە ئەوكات ھەردووكمان ئەندامی لێژنەی خۆجێیی [مەحەلی] ڕێكخراوەكەمان بووین و لە مەراسیمەكانی دیكەدا چەندین ھەوڵ بۆ بەرگرتن بە من و لێدان لە بوونی من لە ھەولێردا، ڕووبەڕووی گێچەڵ بووبوومەوە، كە بە ھاوڕێ […] بڵێت، لەوێدا گێچەڵ و ناتەبایی دروستنەكات و ململانێ و كێشە نێوخۆییەكانی خۆمان لەوێدا دروستنەكاتەوە. ئەویش بەڵینی بە من دا، ھەرچەندە من بڕوا و متمانەم بە بەلێنەكانی نەمابوو، جونكە ئەو بەخۆیی ھاندەری ئەو ھاورێیە بوو بۆ دژایەتی من.

لە یەكەمین كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكەرانی لێژنەكاندا كە پاش ھەفتەیەك، من لێژنەكەم ئاگاداركرد، كە لە گەشتێكی چەند ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی دەكەم. ئەوانیش بەتایبەت ھاوڕێ ھیوا محەمەد، داوایان لە من كرد، كە وەك نوێنەری كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە ھەولێر، لە كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە سلێمانی بەشداری بكەم و ھەم ئەزموونەكانی خۆمان بۆ ئەوان بگیرمەوە و ھەم لەوانەوە ئەزموونگیری بكەم، تاوەكو بەخۆمان لە ھولێر سوودیان لێوەربگرین.

بەو جۆرە من ڕۆژی دوایی بەرەو سلێمانی و مالوان و ھەڵەبجە، كەوتمەڕێ و لە زنجیرەیەك سەردانی كەسیی و بەشداری كۆبوونەوەكاندا ھەوڵمدا شێوازی كاركردنی خۆمان لە كۆمیتەی مەراسیمەكاندا و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەركەكان لەلایەن لێژنەكانەوە، بە ھاوڕێیان لەو شوێنانە بگەیێنم. بە ھاریكاری و ئاگاداركردنەوەم لەلایەن ھاوڕێیان [بەھنام محەمەد و فاروق محەمەد]ەوە ھەر لەتەك ئەوانیشدا چووم بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە.

شوێنی كۆبوونەوەكە، ھۆڵی فێرگەیەكی ئامادەیی بوو، لەو ھۆڵەدا تیپی شانۆی ئایار [ئەگەر ناوی تیپەكەم بە دروستی لەبیرمابێت]، لەوێدا پرۆڤەیان دەكرد، پاش ئەوەی كە ھەمووان ئامادەبوون، لەسەر سەكۆی ھۆڵەكە دانیشتین و پاش خۆشھاتن گوتن و دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، ھاوڕێیەك، باش لەبیرمنەماوە، كە كێ بوو، بە ھەمووانی گوت “ئەم ھاوڕێیە لە ھەولێرەوە ھاتووە و ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایارە و وەك نوێنەری ئەوان ھاتووە، ھەم ئەزموونی چۆنیەتی كاركردنی خۆیان لە ھەولێر بۆ ئێمە بگێڕێتەوە و ھەم لە ئێمەشەوە ئەزموونگیری بكات و بە ئەوێی بگەیێنێت”.

منیش بە یارمەتی ھەمووان، پاش گەیاندنی سڵاو و پەیامی ھاوڕێیانم لە كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایاری ھەولێر، گوتم ” ئێمە لە یەكەمین كۆبوونەوەی چالاكانی ئامادەی بەشداریكردن لە كۆمیتەكەدا، دەستنیشانی لێژنەكانی ئامادەكاریی دەكەین و پاشان بەپێی خواستی كەسەكان، خۆیان بۆ لێژنەكان ناونووسدەكەن و ھەفتانە تا ڕۆژی مەراسیمەكە، نوێنەرانی لێژنەكان، كۆدەبنەوە و ڕاپۆرت لەسەر چۆنیەتی پێشەوەچوونی كارەكان و پێداویستییەكان و ڕێگرییەكان و ھەنگاوەكانی دوایی و ئەنجامگیری و گێڕانەوەی قسەوباسەكان و ئەنجامگیری كۆبوونەوەكە بۆ بەشداربووانی لێژنەكان. ھەروەھا بە دیاریكراوی قسەم لەسەر چۆنیەتی كاری لێژنەی ھونەریی كە بەخۆم سەرپەرشتیگەری بووم، كرد، ھێشتا دوا ڕستەكەی، پەیامەكەم تەواونەكردبوو و نەچووبوومە سەر وردەكاریی چالاكییەكانی كۆمیتەی ئامادەكاریی، كەسێك لەو بەرمەوە، دەنگی ھەڵبڕی و گوتی “سوپاس كاكە، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن كاردەكەین”. یەكسەر ھاوڕێ “فاروق محەمەد” ئانیشكێكی كوتایە پەراسووەكانی لای ڕاستم، چپاندیە گوێم ” دەزانیت ئەوە كێییە، ئەوە سەرنووسەری بڵاوكراوەی (كۆمونیزمی كارگەری) ئۆرگانی ڕێكخراوی (یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كارگری)یە. پاش ئەوەی كە چووینە دەرەوە، بە ھاوڕێیان (بەھنام و فاروقم)م گوت “بە پێچەوانەی سەرنووسەرەكەیانەوە، ھاوڕێ (….) كە ئەندامی كۆمیتەی نێوەندییانە، لە زۆربەی شتەكاندا دەڵێت ” ھەرچی ھاوڕێ (… / من) بڵێت، من لەلام پەسەندە.

پاش ئەوەی كە ڕۆژی دوایی گەڕامەوە ھەولێر، لە كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكارانی لێژنەكاندا، پاش گێڕانەوەی ئەوەی لە كە كۆبوونەوەی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایاری سلێمانیدا دیتبووم و بیستبووم، دەستبەجێ لەلایەن ھاورێیەكەوە، كە ھاوڕێكخراوەیی خۆم بوو و پێشتر بەپێی ئەزموونی مەراسیمەكانی پێشوو، پێشبینی ئەوەم كردبوو، كە ھەوڵی رێگریی لە من و دەرپەڕاندنم دەدات، چونكە ئەو و ئەو كەسەش، كە ھانی ئەوی دەدا، دەیانزانی پرنسپڵی ڕێكخراوەیی من و كاركردنم ڕێگەی بەشداریكردنی شەڕەدەندوكی كەسیی و لابەلاییم نادات. ھەر ئەم خاڵە لەلایەن ئەوانەوە دژ بەخۆم قۆسترایەوە و ناچاریانكردم لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكەمان نەبێتە قوربانی پیلانێك و كینەدۆزی كەسیی ئەوان، بڕیاری كشانەوەی خۆمم لە كۆمیتەی مەراسیم ڕاگەیاند، بەڵام لەوە دڵنیامكردنەوە، كە ھەموو ئەو كارانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتە بڕیاربووە، ئەنجامیانبدەم، لە دەروەی كۆمیتەش ئەنجامیاندەدەم، تەنیا ئامانجم ئەوەیە، كە كێشەی كەسیی كەسێك لەتەك مندا نەبێتە ھۆی پەككەوتنی كارەكانی كۆمیتەكە و مەراسیمەكە، ھەرچەندە ھاوڕێ ھیوا محەمەد و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان و ناڵە حەسەن و بەختیار (كرێكاری كارەبا) و ھاوڕێ ئارام عەلی داوایانلێكردم بمێنمەوە و تەنانەت ھەندێكیان پێیانخۆشتر بوو، من بمێنمەوە و ئەو بڕوات. چونكە ئەو یەكەم جار بوو، كە خۆی بۆ لێژنەكانی مەراسیم ناونووسبكات و ھەر لە سەرەتاشەوە، دەمزانی ئامانجێكی دیاریكراو لە پشت ئامادەبوونەكەیەوە ھەیە، ھەر بۆیە لە سەرەتای دەستپێكی كۆمیتەكەدا داوام لە لێپرسراوی ھەولێری رێكخراوەكەمان كرد، كە ئەو كەسە لەوە ئاگاداربكات، كە ململانێی نێوخۆیی خۆمان و ڕێكخراوەكەمان نەكێشێتە نێو كۆمیتەی مەراسیمەكەوە.

بەو جۆرە من ناچاركرام، ئەوێ بەجێبھێڵم و لەتەك ھاوڕێیانی (شقە)، بچم بۆ ئاكرێ و لەوێ چالاكی ئایاریی ئەنجامبدەم. ھەرچەندە زۆرم پێناخۊش بوو و دەتوانم بڵێـم، ئەو دەرچوونە بوو بە ھۆی زنجیرەیەك ناخۆشی و پەشیمانیی كەسیی لە درێژەی ژیانمدا، كە تا ئێستاش باجەكەیاندەدەم. [كە پرسێكی كەسییە و پەیوەندی بە چالاكی ڕیكخراوەییەوە نییە]، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێكەوت و قەزاوقەدەرە ڕێكخراوەییەكان، ھۆكاری ڕوودانی ئەو چارەڕەشییەبوون.

یەكی ئایاری ١٩٩٣ لە ئاكرێ

چوونمان بۆ ئاكرێ و شێوەی كاركردنمان وەك ھەولێر نەبوو، چونكە یەكەم بڕیارەكە كتوپڕ بوو و دووەم ماوەی دوو ڕۆژمان بەدەستەوە مابوو. لەبەرئەوە ئەو دوو ڕۆژە تەنیا خەریكی پرۆڤەی سروودەكان و كۆپیكردن و ھەڵواسین و خۆئامادەكردن بووین.  ھەرچەندە ئێمە لە ھەولێرەوە چووبووین و ئاكرێ و خەڵكەكەی بۆ ئێمە شوێنێكی نائاشنابوون و ھەستمان بە نامۆیی دەركرد، ھەروەھا لەبەرئەوەی كە یەم جار بوو لە ئاكرێ ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و بەگشتی چەپیش لەوێ مەراسیم بەو سوونەتەوە كە ئێمە ھەمانبوو، بكات، لە ڕاستیدا كەمێك ترسیشمان ھەبوو و داماننابوو، كە چەكدارەكانی پارتی بمانگرن.

بەڵام بە پێچەوانەوە لەتەك دڵخۆشی و پێخۆشبوونی خەڵكەكە و تەنانەت چەكدارەكانی پارتیش ڕووبەڕووبووین، ئەوەش دیسانەوە دوو ھۆكاری ھەبوو؛ یەكەم تازەیی مەراسیمی یەكی ئایار لەوێ و دووەم بەشداریكردنی گۆرانیبێژی ئاكرێ (محەمەد تەھە) بە كۆمەلێك گۆرانی خۆش.  بەو جۆرە لە ئامێزی میھرەبانی خەڵكی (ئاكرێ)دا، مەراسیمێكی سەركەوتوومان بەرپاكرد، كە ئەو كەسانەی لە ھەولێر دژایەتی ئێمەیان دەكرد، خەریكی فاڵگرتنەوە بوون لەسەر شكستھێنان و گرتمان. بەتایبەت بۆ من، كە دەرپەراندنم لە مەراسیمی یەكی ئایاری ئەو ساڵە لە ھەولێر، نەك لە كێشی كەسیی منی كەمنەكردەوە، بەڵكو متمانە و خۆشەویستی منی بردەسەر، چ لە نێو ڕێكخراوی خۆمان و چ لەنێو ڕێكخراوەكانی تردا.

بێجگە لە ھەموو سەختییەك و ترس و نیگەرانییەك، ھاوكاتیش خۆشییەكی ھەبوو، یەكێك لەو شتە خۆشانەی، كە قەد لەبیرم ناچنەوە، ئەوەبوو، كە ئێوارەی یەكی ئایار پاش مەراسیمەكە، لە ماڵی ئەو ھاورێیەمان (ح.ع) بووین، كە لەتەكیدا چووبووین و میوانێكی زۆر كۆبووبوونەوە لێمان، لەنێویاندا ئەوانەی كە پاش ڕاپەڕین ئەندام و پێشمەرگەی ڕەوتی كۆمونیست بووبوون. لە وێژەری دەنگوباسی ئەو ڕۆژەی كەناڵی پارتییەوە، لە بارەی یەكی ئایارەوە، بەردەوام گوێم لە وشەی “عەولی” دەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە تێگەییشتنم لە كرمانجی بە ھۆی ڕادیۆی یەكێتی و كۆمەڵەی زەحمەتكێسان لە ساڵانی ھەشتاكاندا زۆر باش بوو، كەچی لەتاو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگی نێو ھۆڵەكە، من “عەولی”م لێبووبووە ناوی كەسێك و وامزانی كەسێكی زۆر بەناوبانگی ئەو ناوچەیە و لە ھاورێیەكم پرسی، ئەرێ ئەو “عەولە” كێیە، لە ڕۆژی ئایاردا ئەوەندە ناویدەھێنن، لەوەدەچێت، شیوعییەكی بەناوبانگ بێت؟ ئیتر بوو بە پێكەنین و ھەرایەك، ھەر مەپرسن، منیش ھەم وڕبووبووم و ھەم لەتەك ئەواندا تا ڕادەی گریان پێكەنیم و ھاتمەوە سەر سفر، (عەول)ە شیوعییەكەی من، تەنیا ژمارەیەك دەرچوو، ھەر “اول من أیار”ەكەی عەرەبی بوو و تا گەییشتبووە بادینان، بوو بوو بە (عەولی ئایار) و دڵی منی بە بوونی چالاك و كەسایەتییەكی ئاوا ناسراو لە بادینان بەناوی “عەول” خۆشكردبوو.

یەكی ئایاری ١٩٨٤ی ھەولێر

لە سەرەتای مانگی ئەپڕیلی ١٩٩٤دا بوو، لە لای ھاوڕێ گۆران عەبدوڵڵا بووم و لە بارەی مەراسیمی یەكی ئایاری ئەو ساڵەوە دەدواین، منیش كتوپڕ ئەم پێشنیارەم بەخەیاڵدا ھات “بۆ ھەوڵندەین، یەكی ئایاری ئەم ساڵ بەنێوی یەكێتی بێكارانەوە بەرپابكرێت، تاوەكو تەكانێك بەم رێكخراوە بدەینەوە و سەرلەنوێ جەماوەری لە دەور كۆبكەینەوە؟”. ھاوڕێ گۆران دەستبەجێ گوتی زۆر باشە و منیش ھەمان بۆچوونم ھەیە، لەم كاتەدا ھاوڕێ (سەردار حەمید) بەرەو بنكەی یەكێتی بێكاران دەھات، لە ئەویشمان پرسی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی “منیش ھاوڕاتانم”، دوابەدوای ئەو، ھاوڕێیان (سیروان عەلی) و (كاوە حەسەن) ھاتن و ئەوانیش پێشوازییان لە پێشنیارەكە كرد، ئەگەر باش لەبیرممابێت، ھاوڕێ (عەبدولڕەحمان مەولود)یش بەسەر قسەوباسەكەدا ھات و زۆری پێباشبوو.

بەڵام ڕۆژی دواتر، كە دانیشتنی تایبەتمان بۆ پێكھێنانی كۆمیتەی بەرپاكردنی مەراسیمی یەكی ئایار ھەبوو، ھاوڕێ (سەردار ) بۆچوونی گۆڕابوو و لەوەش سەیرتر (لێپرسراوی بنكەی ئاشكرای حككع)، ھەرچەندە بانگھێشت نەكرابوو و كۆبوونەوەكە تەنیا بۆ ئەندامانی یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان بوو، كەچی ئەو لەوێ ئامادە بوو و دژایەتی تەواوی پێشنیارەكەی ئێمەی دەكرد و بەدژایەتی (حككع)ی ناویبرد و ئەندامانی حككع لەسەر ڕابەری پارتەكەیان لە مەراسیمەكەدا و پاشكۆبوونی یەكێتی بێكاران پێداگرییاندەكرد. ھەڵبەتە ئەوەمان لەبیرنەچێت، كە ئەندامانی (حككع) لەو سەردەمەدا لە زۆربەی پرسەكاندا دوو دەستەبوون، بۆ نموونە ھاوڕێیان (گۆڕان عەبدوڵڵا و سیروان عەلی) كە ئەو كات ئەندامی چالاكی ئەو پارتە بوون، زۆر بەتەنگ یەكێتی بێكاران و خەباتی جەماوەرییەوە بوون و لەتەك ئێمەدا ھاوبۆچوون بوون و لەلایەن قسەكەرانی پارتەوە، وەك ئێمە دژایەتییان دەكرا.

پاش ململانێییەكی زۆر، بڕیار لەسەر كۆمیتەی ئامادەكاریی مەراسیمەكە، بەناوی یەكێتی بێكاران و ھاوپشتی و كۆمەكی (حككع)ەوە درا. وەك ڕێسای جێكەوتە و پێشینەی ساڵانی ڕابوردوو، كەوتینە دیاریكردنی لێژنەكانی كۆمیتەكە و بۆ ھەر یەكێك لە كارەكان، لەوانە لێژنەی ھونەریی [كە من سەرپەرشتیگەری بووم]، لێژنەی كۆكردنەوەی كۆمەكی دارایی و پەیوەندی لەتەك لایەنەكان و ڕێكخراوەكانی دیكە، لێژنەی پاگەندە و ڕاگەیاندن. بەو جۆرە بەخۆشی و  ورەبەزییەكەوە، بۆ ئامادەكاریی و بەرەوپێشبردنی ئەركەكان، دەستەبەكابووین.

بۆ من جیاوازی یەكی ئایاری ئەو ساڵە لەتەك ساڵەكانی پێشتر، دوو شت بوو، یەكەم، ئەو كەسانەی كە ھەموو كار و ئامانجێكیان بووبووە دژایەتی من و ساڵی ١٩٩٣ بە دژایەتی كەسیی، منیان ناچار بە كشانەوە لە كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە ھەولێر كرد، لەوێ نەمابوون، دووەم، یەكێتی بێكاران وەك ڕێكخراوەیەكی جەماوەریی سەربەخۆی زیاتری ھەبوو و بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابوردووەوە، كە كۆمیتەكە و مەراسیمەكە بەناوی ڕیكخراوە ڕامیارییەكانەوە [ڕەوتی كۆمونیست، یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاریی و سەرنجی كرێكار]، ئەو ساڵە یەكی ئایار بەناوی [یەكێتی بێكاران لە كوردستان]ەوە بەرپادەكرا . ئەمە بۆ من ھاتنەدی یەكێك لە خەونەكانم بوو، كە لە ساڵی ١٩٩١ەوە قسەوباسم لەسەر دەكرد.

جەماوەرییبوونەوە و كەمكردنەوەی كارایی و دەستتێوەردانی (حككع) لە كۆمیتەی ئامادەكاریی مەراسیمەكەدا، بواری بۆ بەشداری كەسانی سەربەخۆ و لایەنداری دیكە ڕەخساند، بەتایبەت لە كارە ھونەرییەكاندا، كە من سەرپەرشتیمدەكردن. بۆ نموونە بۆ یەكەم جار كەسانی دەرەوەی بازنەی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاری بواریان بۆ ڕەخسا، كە بەشداری بێبەند و مەرج بكەن و تواناییە ھونەررییەكانیان بخەنەگەڕ و سیمایەكی دیكە بە مەراسیمەكە ببەخشن. لەو  كەسانە (ھەڵمەت تاھیر)ی شانۆكار خەڵكی ھەولێر، (فازیل عوسمان) خەڵكی كەركووك، خوێندكار لە ھەولێر، (ھەژار )خەڵكی كۆیە، خوێندكار لە ھەولێر، بێجگە لە شانۆكار ناڵە حەسەن و خۆمان تیپی سروودبێژی، كە پێشتریش لە مەراسیمەكاندا بەشی سەرەكی لێژنەی ھونەری مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار [ڕۆژی كۆمونە و شوراكانی كوردستان] و مەراسیمی یەكی ئایار بووین.

بەو جۆرە ھاوڕێ (فازیل عوسمان) بە چەند سروودێكی نوێ، كە دانەری ئاوازەكانیان بەخۆی بوو، ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر) بە شانۆییەكی كۆمیدی فوتباڵ، كە دواتر  من كۆمەڵێك ئیدی خۆمم بۆ زیادكرد و بوو بە شانۆگەرییەكی ڕامیاریی، ھاوڕێ (ناڵە حەسەن) بە شانۆگەرییەك، كە منیش ڕۆڵم تێدا كایەكرد، ھاوڕێ (ھەژار) بە گوتنی كۆمەلێك سروود بەشدارییانكرد.

ھەرچەندە ھەژماری ئەندامانی كۆمیتەی مەراسیم و چالاكانی یەكی ئایار لە ھەولێر لە پێویست زیاتربوون، كەچی وەھا دەركەوتنێكی تازە، ئەندامانی (حككع)ی تووشی شۆككردبوو و ناچاربوون بۆ ھاوسەنگی ھێز، كۆمەڵێك لە ئەندامان و چەكدارانی خۆیان لە سلێمانییەوە بە بیانووی پشتیوانی و سەرپەرشتی بھێنن. ھەڵبەتە ئامادەیی چەكدارانە و ھێنانی ئەندامانی ئەو پارتە لە سلێمانییەوە، چاوەڕوانكراو نەبوو و كتوپڕ دەركەوتنیان لە ڕۆژ و شوێنی بەرپاكردنی مەراسیمەكە [باخچەی گڵكەند]دا پێشبینیكراو نەبوو و كەسانێك كە ئەندامی ئەو پارتەنەبووین، بەتایبەت ھاوڕێ (كاوە حەسەن) و من، ھیچ كاردانەوەیەكمان لە خۆمان نیشاننەدا، تا كاتێك كە ئەوان [لەشكری ئاوردە] كەوتنە ھەوڵی دەستتێوەردانی بڕگە و بەرنامەكانی مەراسیمەكە و لابردنی وتاری ھەندێك لە ھاوڕێیان و پاشوپێشپێكردنی بڕگەكان.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەندامانی ھاوردەی (حككع) لە سلێمانییەوە، تەنانەت لە كاتی پێشكەشكردنی بەشەكانی مەراسیمەكەشدا ھەوڵی پاشقوڵگرتنیان دەدا و بڕگە پێشتر دانراوەكانیان لادەبردن و كەسانی خۆیانیان دەخزاندە نێو بەرنامەی مەراسیمەكەوە. ھەرچەندە من بۆخۆم بەپێی ئەزموونەكانی خۆم لەنێو ئەو ڕەوتەدا، دەمزانی كە بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵی پاوانكردن (دۆمنیەت)ی مەراسیمەكە دەدەن، بەڵام لەو بڕوایەدانەبووم؛ یەكەم، لە سلێمانییەوە ھێز بێنن و دووەم، بە ئارەزووی خۆیان بكەونە پاش و پێشكردن و لابردنی ھەندێك لە بڕگەكانی مەراسیمەكە.  وەھا دەستتێوەردان و چەپەڵكارییەك، ئێمەی ناچاركرد و  لەسەر لابردنی وتارێكی ھاوڕێ (ھیوا كەریم) كرێكاری چێشتخانە و دواخستنی بڕگە ھونەرییەكان، ھاوڕێ كاوە و من لەتەكیاندا ڕووبەڕووبووینەوە. ھەروەھا كە لە كاتی ئامادەكاری كارەكاندا كێشەی زۆریان بەتایبەت بۆ لێژنەی ھونەریی دروستدەكرد، دژی ئەوەبوون، كە ھاوڕێ (فازڵ عوسمان) سروود بچڕێت و بەشداریبكات، دەیانگوت “ئەنارشیستە” [ھەرچەندە ئەو ئەناركیست نەبوو و كەسێكی كۆمونیست بوو، بەڵام لە جۆری كۆمونیزمی حیكمەتی نا]، ھەروەھا بەشداری ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر)یان پێباشنەبوو، چونكە بۆ ئەوان كۆمونیست نەبوو یا كۆمونیستی ھاوجۆری ئەوان نەبوو .

لەو مەراسیمەدا بێجگە لە وتاری یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان و وتاری (حككع) و پەیامی لایەنەكانی دیكە، دوو شانۆنامە پێشكەشكران، یەكەم ئیدە و دەرھێنانی ھاورێ (ھەڵمەت تاھیر) بوو و دووەم، نووسین و دەرھێنانی ھاوڕێ (ناڵە حسەن) بوو. ھەروەھا بەپێشكەشكردنی كۆمەڵێك سروود و ھۆنراوە و پەخشان و گۆرانی ناوەڕۆك و سیمای مەراسیمەكە لە مەراسیمەكانی ساڵانی پێشوو جیاوازتربوو.

لە ھەموو ئەوانە سەرنجراكێش تر، ئەوەبوو، ئەوی كە ئاگای لە ھۆ و جێی سەرھەڵدانی جەنگی نێوان (ینك و پدك)ی نەبووبوو و  شانۆییە كۆمیدییەكەی ئێمەی بینیبوو، پێێوابووبوو، كە شانۆییەكەی ئێمە بووەتە ھۆی ھەڵگیرساندنی جەنگەكە، چونكە لایەنگرانی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار، لەوێدا لەتەك گۆڵكردنی ڕەنگی لایەنەكەی خۆیاندا، تەزبیحە زەرد و سەوزەكانیان لەبەرامبەر یەكدیدا ڕادەوەشاند و كەتواری كۆمەڵگە بەشێوەیەكی زیندوو نمایشدەكرا و كاردانەوەی بێنەر و جوڵەی ئەكتەر، سەراپای باخچەی گلكەند و  مەراسیمەكی كردبووە مەیدانی نواندنی شانۆییەكی مەیدانی و شانۆنامەی ژیانی ئاسایی ھێنابووە سەر شانۆ و بەرگی ھونەریی بەبەرداكردبوو.

بەداخەوە، لێرە بەدواوە ڕەوتی بەشداری من بەھۆی دووركەوتنەوەم لە ھەولێر و ئەو كۆمەڵە ھاوڕێییەی نێو یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان و چالاكانی خوێندكاران، شێوەی بەشداری و چالاكیم لە مەراسیمەكانی یەكی ئایاردا گۆرانی بەسەرداھات، بەڵام ئێستاش ھەر ساڵ چالاكانە بەشداردەبم و ھەردەم ھەوڵدەدەم سەربەخۆیی خۆم بپارێزم و ڕەدووی ڕەوتە ڕامیارییەكان، كە تەنیا ئامانجیان لە بەشداری مەراسیمەكاندا پاگەندەی پارتیی و ڕامیاریی و ڕاوەئەندامكردنە، نەكەوم. لێرەدا بە یاداوەرییەكی خۆش، كۆتایی بە یاداوەرییەكانم دەھێنم؛ دوو ھەفتە پێش یەكی ئایاری ساڵی ٢٠١١ لە نەخۆشخانە كەوتبووم، وەك خوگرتنی ھەر ساڵەم بە بەشداری و ئامادەیی لەو ڕۆژەدا، كێچ چووبووە كەوڵم و ھەردەم بیرم لە چۆنیەتی بەشداریكردن دەكردەوە؛ نەمدەزانی داوای دەرچوونی یەكجاریی لە نەخۆشخانە بكەم و واز لە چارەسەر بھێنم، یا واز لە بەشداریكردن لە یەكی ئایار بھێنم؟ چەند ساتێك پێش دەستپێكردنی مەراسیمی یەكی ئایار، پزیشكی سەرپەشتكار وەك ھەموو بەیانییەك ھاتوو و “گوتی چییە، بۆ وا شێواوی، ئازارت زۆرە؟” منیش وتم ڕاستیت دەوێت، نا، گرفتێكی دیكەم ھەیە، ناتوانم لێرەدا بیڵێم.  لە وەڵامدا گوتی “دواتر وەرە بۆ ژوورەكەم”. منیش بیئۆقرە خۆم گەیاندە ژوورەكەی و گوتم، دكتۆر چیت لێبشارمەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی یەكەی ئایارە و حەزدەكەم بچم بەشداری مەراسیمەكە بكەم و بەڵێنم بە ھاوڕێكانم داوە. پزیشكەكە سەیرێكی كردم و گوتی “ھەرچەندە ئەوە كارێكی نایاسییە، مادام كارێكی خۆشییەكت پێدەبەخشێت، بڕۆ بەڵام من ئاگادارنیم و بە كەسی دیكەش مەڵێ و ھەموو لێپرسراوەتییەك لە ئەستۆی خۆت”. بەو جۆرە خۆم گەیاندە شوێنی مەراسیمەكە و  لەوێ كەوتمە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی بەسەرھاتی ڕۆژی یەكی ئایار. لەپڕ كەسێك شانی گرتم و داوای بەیاننامەكی لێكردم و كە ئاوڕمدایەوە، یەكێك لە مامۆستاكانی خۆم بوو، كە بەخۆی یەكێك بوو لە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكانی توركیە، گوتی “ئەوە لێرە چیدەكەیت، خۆ ھاوخولەكانت بەتەمابوون بەیانی بە چەپكە گوڵەوە لە خەستەخانە سەردانیتبكەن”. بەیاننامەكەم دایەدەستی و بەسەرھاتەكەم بۆ گێرایەوە و پێمگوت؛ ھاوڕێ، باشترین شت ئەوەیە منت نەبینیوە، ھیچت لە من نەبیستووە و  ھیچت بە من نەگوتووە. توند دەستی گوشیم و  بە چەند ھاوڕێیەكی دیكەی خۆی ناساندمی و ئێوارە گەڕامەوە نەخۆشخانە و لەسەر قەرەوێڵەكەم نەخۆشكەوتمەوە …

دوا وشە، ھیوادارم ھاوڕێیان، ئەوانەی كە لەو ڕۆژگارانەدا چالاك و ئامدەبوون، ئەوانەی من ناویانم لەبیرچووە، بەدڵێكی فراوانەوە لەبیركردنی ناویانم لێوەربگرن و ئەوان ئەوەی كە من لەبیرمكردووە، زیادی بكەن و ئەو شتانەی من لە گێڕانەوەیدا ڕاستگۆنەبووبم، ئەوان بە ڕەخنە و سەرنجەكانیان، بۆ من و خوێنەرانی ھێژا و مێژوو، ڕاستیانبكەنەوە. چونكە ڕاستی و ناڕاستیی گێڕانەوەی ھەر كەسێك پەیوەندی بە گرنگیدان و بەھەندوەرگرتنی شتەكانەوە لە ساتی ڕوودانیاندا، ھەیە. نووسینەوەی مێژوو و ڕووداوەكانی نێوی، كاری تاكەكەس نییە و ئەگەر ھەموومان پێكەوە بە تۆماركردن و پاراستنی ڕووداوەكانی لە یاداوەرییەكانی خۆمدا، نەینووسینەوە، ئەوا ڕامیارانی مێژووشێوێنەر و مێژوونووسانی دەرباری دەسەڵات، راستییەكان ئاوەژوودەكەنەوە. ھەر ئەم بۆچوونەیە، كە بووەتە ھاندەری من بۆ ئەوەی یاداوەرییەكانی خۆم لە فەوتان ڕزگاربكەم

 

 

 

**********************

* بەداوای لێبوردنەوە، لە گێڕانەوەی “یاداوەرییەكانی ٨ی مارچ” و ١٨ی ئازاردا  ناوی ئەم ھاورێیانەم لەبیركردبوو [ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان، ڕێباز، مامە كەریم، فایق حەسەن، شاناز، نەزمییە، كۆمەلێكی دیكە، كە مەگەر ھاوڕێیانی دیكە یا بەخۆیان بیرمبخەنەوە. جارێكی دیكە داای لێبوردن دەكەم و ھیوادارم بەم دەستپێشخەرییە، توانیبێتم، كە ببمە ھاندەری ھاوڕێیان و چالاكانی ئەو ڕۆژانە، تاوەكو ئەوانیش شان بدەنە ژێر نووسینەوەی بەشێكی ئەو مێژووە، كە من تێیدا بەشدارنەبووم یا لەبریمنەماوە.

** لەبەرئەوەی كە لێرەدا بوار و شوێنی چوونەسەر پاشینەی ناكۆكییە كەسییەكانی ھاوڕێكخراوەییەكانم لەو مەراسیمانەدا نەبوو، ناچار خۆم لەوە ڕوونكردنەوە و باسكردنیان لادا و بۆ ھەل و شوێنێكی دیكە ھەڵگرتوون. لێرەدا تەنیا ئەوە بە پێویست دەزانم، بڵێم ئەو كەسانەم لە ڕێی چالاكی و ژیانی ڕێكخراوەییەوە، ناسیوون و پێشتر نە وەك كەس و نە وەك بۆچوون نەمناسیوون و ھیچ گرفت و كینەكەی كەسییم بەرامبەریان نەبووە و نییە. بەداخەوە ئەوە ئەوان بوون، كە جیاوازی بۆچوون و شێوازی كاركردن و بیركردنەوەیان بە كێشەی كەسیی وەردەگرت و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەیان دەكردە قوربانی ناكۆكییەكان.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: