All posts by azadebram

سێ گریمانی وەستانی شەڕەکەی ناتۆ و ڕوسیا

زاهیر باهیر

09/03/2022

من باوەڕ ناکەم ئەم شەرەی ناتۆ و ڕوسیا ، یاخود ڕوسیا و ناتۆ تەشەنە بسەنێت بۆ جەنگی جیهانی سێیەم ، هەر ئاواش ئەم شەڕە درێژە ناکێشێت چونکە زۆر یان کەم لە ئێستادا ئامانجەکانی خۆی پێکاوە هەر لە وێرانکردنی ئۆکرانیا و کوژرانی سەدان کەسانی بێ تاوان کە ئەمەش رێگا خۆشکەرە بۆ سەرمایەگوزاری و بۆ قازنجی زیاتری کۆمپانیا جیهانخۆرەکان، فرۆشتنی چەک و تەقەمەنییەکی زۆر لە داوی شەرەکە،  دروستکردنی گیانی نەژادپەرستی و ڕایسستی تا ڕادەیەك لە نێوانی هەردوو میللەتدا، ناسینی ناتۆ و بەرەی غەرب بە هێزی خێر و ڕوسیا بەهێزی شەڕ [ کە هەردوکیان وەکو یەکن]، کردنی زۆرێکی خەڵکی بە شەڕخواز و شکاندن و بەدناوکردنی زیاتری وشەی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست [ کە هەموان دەزانی نە پوتین کۆمۆنیستە و نە روسیاش سۆشیالیست و کۆمۆنیست] ، بەرزکردنەوەی نرخی هەموو شتێك و خولقاندنی هەژارییەکی بێ وێنە لەم سەردەمەدا ، بوژاندنەوەی سەرمایەداریی و بەهێزبوونیی زیاتری ، هەر ئاواش بەشێکی زۆری لە چەپ و بەرەی چەپی کرد بە شەڕخواز ، کە کەوتنە بەردەمی دەماندنی هەمانەی میدیای  درۆو دەلەسە و کارایی دانانی هەژموونی سەرمایەداری تا ڕادەی ئەوەی کە لە دوێنێوە داوای ئەوە دەکرێت کە لە شەقامەکانی ئەوروپا کە سەفارەتی مۆسکۆی لێیە ناوی شەقامەکان بگۆڕێن بکرێن بە ناوی زیلینسسکی-یەوە،  وەکو چۆن کاتی خۆی شەقامەکانی دەگۆڕان بە شەقامی لینین و ئەم و ئەو.

لە ئێستادا 3 گریمانی وەستانی شەر هەیە کە دوانیان لاوازن و یەکێكیان بەهێزە .  یەکەم : خۆپیشاندان و پرۆتێستی گەورە لە هەموو شارەکانی ڕوسیا  بۆ وەستانی جەنگ. دووەم: یاخیبوونی بەشێکی زۆر لە سوپای هەردولا،  کە گریمانێکی لاوازە .  سێیەم : کە گریمانی زۆر بەهێزە سازش و دانوستادنی هەردوو لا واتە نێوانی ناتۆ و ڕوسیا یاخود هەر بە تەنها ئۆکرانیا و ڕوسیا ، گەر ناتۆ ڕێگا بدات.

سزا و گەمارۆی ئابووریی لەسەر ڕوسیا ڕۆڵی گەورەی هەیە بەڵام نەك لە ئێستادا بەڵکو لە داهاتوودا ، مەگەر شەڕەکە دریژە بکێشێت.  ڕوسیا لە ئێستادا 650 ملیار دۆلار ئیحتیاتی هەیە بەڵام نازانین چەندی دەستی بەسەردا گیراوە لە لایەن ئەم وڵاتانەوە ، هەرەها بێ گومان بەشێکییشی لە شێوەی ئاڵتون و ئەڵماسدایە کە دەبێت بگۆڕرێتەوە بۆ دۆلار ، لەم بارەشدا نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە واتە ئەمەریکا بەهێزتر دەبێت .

  سزاو نەهێنانی نەوت و گاز کە لە کاتێکدا ئەمریکا لە سەدا 5 ی نەوتی ڕوسیا و وەردەگرێت و ڕەنگە بتوانێت ئەمە قەرەبوو بکاتەوە بە وەرگرتنی نەوتی زیاتر لە سعودییەوە کە ئێستا لە وتوو و وێژدان.  بریتانیا لە سەدا 7 وەردەگرێت لەڕوسیا  بەڵام هەر لە ئێستاوە نرخی غاز و کارەبا لە مانگی داهاتووە بە بڕی 700 پاوەند لە ساڵێکدا لانی کەم، لەسەر هەر خێزانێك یا بزنسێك زیاد دەبێت .  ئەگەر بریتانیا ئەمە بکات ئەوەندەی تر زەرەرمەند دەبێت چونکە سەرەنجام ئەو پرۆژانەی کە هەیانە دەبێت دوای بخەن جونکە هەر لە ئیستاوە کە هیچ نەبووە بەرزی نرخی پێداویستتییەکانی ژیان گەڕاوەتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاکان.  ئەڵمانیا لە سەدا 30 وزەی ڕوسیا هاوردە دەکات .  کەواتە تۆزێك زەحمەتە کە ئەم ولاتانە هەموویان ببنە یەك ڕا بۆ بایکۆتی وزە لە ڕوسیاوە ، گەرچی ڕەنگە پوتین ئەم دەستپێشکەرییە بکات.  

دومەڵێك…

دارا جوتیار

07/023/2022

کە هەتوان و چارەسەر دەکرێت، لەبنەوە گوشتەوزوون دەهێنێتەوە تا دێتە سەرەوە سەرەنجام بزمەتە ڕەق و پیسەکە فڕێدەدات و پێست و گۆششتە ساڕێژبووەکە لەپێست و گۆشتەکەی دەوروبەرو پێشتری خۆی جوانتر دروست دەبێتەوە، لێ ئەگەر بیتەقێنیت تەواوی لەشت دەکاتە کێمو زوخاو و برینەکە دەتەنێتەوە پیستر و زیاتر لەپێشتر دەردەدارت دەکات!

مەبەستم لەم نمونەیە:

کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لە برسێتی و بێ نانیەوە تا جەنگە خوێناویەکان هەمیشە باسی شۆڕش و ڕاپەڕینە دەکرێت وەک چارەسەر!

هەموو ڕاپەڕینێك گۆشتەوزوون و چارەسەری برینەکان ناهێنێت، زۆربەی ڕاپەڕینەکان وەک تەقاندنی بێ دەواو دەرمانی دومەڵ و برینەکان وان بەشێوەیەکی کاتی خورویەك و ئازارێک دەشکێنن، لێ بۆگەن و تەنینەوەیەکی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە چەند بەرابەر چارەسەرەکە سەختتر دەکات، ڕاپەڕینی 31 ساڵ پێش ئێستای خەڵکی کوردستان باشرین نمونەیە و دەتوانین هەزاران نمونەی دیکەش هەن لەمێژووی دوور و نزیکدا بهێنینەوە!

هەر ڕاپەڕینێك دەبێت لانیکەمی دەواو دەرمانی دەستبردن بۆ برینەکەی لەهەگبەدا بێت دەنا دەبێتە خۆ گینگڵدان دووبارە گیرخواردنەوە لەناو کێمو زوخاوی برینەکەدا !

پرسیار ئەوەیە….

چ وەك تاك و وەك کۆ، بیر لەگۆڕینی چی دەکەینەوە چی دەخەینە جێگەی چی؟ مەبەستم لە خستنە جێگە، تەنها گۆڕینی دەم و چاو نیە، چون کێشەکە تەنها لەدەمو چاودا نیە، کێشەکە لە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و دابەشکردندایە! کێشەکە لەخاوەنداریدایە، سەرچاوەو هۆکاری خاوانداری و مڵک و دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە چیەو لەکوێوە هاتوە؟ ئەی بنێشت فرۆشێك بۆچی و خاوەنی چی؟

هۆکاری ئەم جیاوازیە گەورەیە چیە؟

ئایا ئامادەین لابردنی ئەم جیاوازیانە بکەینە هەتوانی برین و قڵشتە پڕ لەزوخاو و مەرگەکە؟ ئەو شێواز و فۆرمانەی لە فۆرمی حوکومەتی و پەرلەمانی و ” دیموکراتی “وە تا دیکتاتۆریەت و پاشایەتی و خەلافەت، بەهەندێک جیاوازیەوە جگە لەکوشتار و خوێن و چەوسانەوە شتێکی دیکەیان پێشکەش بە ئێمە کردوە؟

گرفتەکە: خاوەندارێتی “مڵکیەتی ” تایبەت قازانج سەرمایەیە لەسەر یەکتر؍ دەسەڵاتداری و حەزی دەسەڵاتداری پەیوەندی بە مڵکیەت و مشەخۆریەوە هەیە دەنا کەس ئامادە نیە بێ دەسکەوت و ئیمتیاز کار بۆ کەس بکات کە نەیانکردوەو هەرگیزیش نایکەن! جگە لەپڕۆلیتەرەکان کە بەهەڵخەڵەتاندن و زەبر خراونەتە خزمەت کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارەکەوە!

دەسەڵاتدریی گرفتە،

یانی تا پەیڕەوی لەشێوەکاری بەڕێوەبەری دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتیی بکەین کە دەسەڵات دەبەخشێتە کۆمەڵە کەسێك، یانی زۆربە بێدەسەڵات دەمێننەوە ئێمە هەر لەناو زوخاوو مەرگی برینەکانماندا دەتلێینەوە!

پرسیار ئەوەیە … دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات چی دەگەیەنێت، جگە لەمشەخۆری و خوێمژی ئەو کەمینە مالیک و دەسەڵاتدارانە بەسەر زۆرینەکەوە؟

ئایا ئامادەی ڕاپەڕینێك هەین کە دەسەڵاتداری و مالیەکییەت و مشەخۆری لەخۆمان وەک تاک و بەگشتی و لەکۆمەگەشدا وەلابنێین و فڕێ بدەینە ئەولاوە و لەگۆڕی بنێن و دەستبکەین بەژیانێکی هەرەوەزی و بەهرە وەرگرتن لە داهێنان و تواناکانی یەکتر! یا هەر هەمان تاسو حەمام کەف و کوڵێک دەکەین؟

ئەگەر ئامەدەین، مەرج نیە ڕاپەڕین هەمان ئەو شێوازانە بێت پەلامارێك بۆ سەرەوە و کوشتن و ڕاونانی کۆمەڵێك و ڕێسانەوەی هەمان خوری، بەڵکو هەر ئێستا لەهەموو ناوەندێکی کارکردن و بەرهەمهێنان و کوچەو کۆڵان و گەڕەکێکدا خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردنی هەرەوەزیانەو هاوبەش بکرێتە هەتوانی برینەکە تا لەژێرەوە ئەو گۆشتەوزوونە دەهێنێت دواجاریش بزمەتە ڕەق و پیسەکەی سەرەوە فڕێدەداتە لاوە و بۆهەتایە بەتەنەکە خۆڵەکەی دەسپێرێت و زبڵدانەکەی مێژوو دەکاتە دوا مەنزڵی هەتاهەتایی!

چی دەزانین لە جەنگەکە و چی فێردەبین گەر بمانەوێت

زاهیر باهیر

06/03/2022

  • ئەم شەڕە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا نییە بە تەنها وەکو میدیای ناتۆ و ئەوروپا پێماندەڵێن، بەڵکو شەڕی ناتۆ و ئەمەریکا و سەرجەم دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە بەرەیەکدا دژ بە ڕوسیا، یاخود ڕوسیا دژ بەوان.
  • دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕێگا بە هیچ کەسێك نادات لە وڵات دەرچێت گەر تەمەنی لە نێوانی 18 و 60 ساڵدا بێت .
  • ناتۆ و ئەمەریکا و ئەوروپا ئەوەی لە توانایاندا بووە و هەیە کردویانە بۆ حکومەتی ئۆکرانیا بە هاوکاری دارایی ، چەك و تەقەمەنی ، تەیارەی جەنگیی ، مووشەك و  داو و دەرمان ، کەلوپەل و پۆشاك، خواردەمەنی و وەرگرتنی خەڵکەکەی لە وڵاتەکانی خۆیاندا.
  • لەم شەرەدا میدیا پرسیارە گرنگەکەی لەبیر بردوینەتەوە کە بۆچی پوتین دەستی بەو  هێرشە دڕندەیە دژ بە خەڵکی ئۆکرانیا کرد و دار و بەردی بەسەر زۆر لە بینای هەندێك شارەوە نەهێڵاوە ، لێرەدا تەنها هەر هێڕشەکەی ڕوسیا دەبینرێت نەك هۆکاری هێڕشەکە.
  • میدیا دنەی هەموومانی داوە و هەموومانی خستۆتە سەر شەقامەکان بۆ دژایەتکرنی ڕوسیا و دژ بە جەنگبوون .  لە ڕاستیدا و کە جێگای داخە هەرە زۆرینەمان کە لەسەر شەقامین دژ بەم جەنگە ، دژ بە جەنگ نین بەڵکو ئێمە دژ بە داگیرکردنی ڕوسیاین ، ئێمەی زۆرینەی کردووە بە جەنگخواز نەك بە ئاشتیخواز، دژ بە ڕوسیا نەك بە ناتۆ و ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیا جیهانخۆرەکان.
  • میدیای بریتانی هەمو وەختەکەی بۆ باس و خواسی جەنگ تەرخان دەکات ، هەڵبەتە بۆ هاوپشتی دەوڵەتی ئۆکرانی و دژ بە ڕوسیا ، تا ئەو رادەیەی کە ئاڕ تی یاساخکرا ، حیزبی لەیبەری بریتانی ، پارتی کرێکاران ،  سەرۆکەکەی ئەو 11 ئەندام پەڕلەمانتارەی کە ئەندامی سەرەکی کەمپەینی دژ بە جەنگن ئاگەدارکرانەوە کە ڕەخنە گرتن لە ناتۆ یانی دەمبەستنیان و تاڕادەیەك تەجمید کردنیان .  ئەوەیە دیمۆکراتییەت. هەر ئاواش بە بڕیارێکی پوتین هەرکەس هەواڵی درۆ بڵاوبکاتەوە تا 15 ساڵ حوکمدەدرێت، کە بڕیارێکی زۆر ترسناکە چونکە دەتوانرێت هەموو شتێکت ئاو بۆ حساب بکرێت کە درۆ دەکەیت.
  • دەستپێکردنی جەنگ زۆر گرانە چونکە ئامادەکارییەکی زۆر زۆری دەوێت و دۆزینەوەی دۆست و لایەنی هاوڕات ، دەبێت حساب و کیتابێکی بێ ئەندازەی بۆ بکرێت ، بەڵام تەواوبوونی زۆر جار بە دوو دانیشتنی نێوانی هەردو لا دەکرێت کۆتایی بێت.
  • غەباوەتی زیلینسکی نیوەی وڵاتەکەی وێران بووە کەچی فۆرمی هاتنەناو یەکێتی ئەوروپا واژۆ دکات .  ئەمە ڕەنگە خۆی و لایەنگرانی بە چالەنجی بزانن، بەڵم ئەمە لە غەباوەت زیاتر شتێ تر نییە.
  • بە سیاسیکردنی وەزش و هەموو چالاکییەکی وەرزشەوانی : لە بیرمە گەر تاکە یاریکەرێکی تۆپی پێ پشتگیری لە مانگرتن یاخود خۆپیشاندانی کرێکاران بکردایە لیا دژ بە شەڕی بریتانیا و ئەمەریکا بوایە ، ئیتر دەبوایە ئەو یاریکەرە بە پەندی پسات بکرایە و پەشیمانبوایەتەوە لە هەڵوێستەکەی ، گاسکۆین [ گەزە] ایاریەکەرە بەناوبانگەکەی سەردەمی خۆی، تاکە کەسێك بوو کە ئەو هەڵوێستەی هەبوو کەچی هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لێدەکرد.  دەیڤد پێکەم بە ئاشکرا وتی نابێت وەرزش بە سیاسەت بکرێت .  ئەی ئەمە بە سیاسەتکردن نییە کە وەرزشەوانەکانی ڕوسیا لە هەموو چالاکییەکی وەرزشیدا دووربخرێنەوە؟ ئەی بۆچی ئێستا یەکە یەکە میدیا بە دوای کەسانی ناوداری بواری وەرزشدا دەگەڕێ تاکو بێنە سەر تی ڤی و دژ بە ڕوسیا بوەستنەوە و کەمپەینی دوورخستنەوەی هاووەرزشکارەکانیان بکەن؟
  • لەم شەرەدا زەرەرمەندی یەکەم و سەرەکی دانیشتوانی هەژاریی ئۆکرانیایە و دەربەدەربونیانە، سوودمەند کۆمپانیا زەبەلاحەکانە کە دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا ئەوەندە قازانج بکەن کە لە 10 ساڵدا ئەوەندە نەکەن بە چەکفرۆشتن و بیناکردنەوەی ئۆکرانیا و ئاوەدانکردنەوەی دروستکردنەوەی ڕێگا و بان و بورج و خەستەخانە و قوتابخانە و زۆری تر ، ئەمەش بۆ ماوەیەك داهاتی زۆرێك لەو وڵاتانە دەبوژێنێتەوە و خەڵکێکی زۆر دەکەوێتە کارەوە ، سەرمایەداریی هەناسەیەکی پیادێتەوە و هەنگاوێکی دیکەش بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵك دەباتە دواوە هەر وەکو کۆرۆنا کردی.
  • سیاسەتی دووفاقەیی و دووڕویی دەوڵەتانی ئەوروپی کە چۆن مامەڵەی ” چاو شین و پرچ زەرد و پرچ ئاڵ و سپیپێستەکان، مەسیحییەکان و ئەوروپییەکان”  دەکەن و چۆنیش هاوکاری کەسانی دەرەوەی ئەوروپا دەکەن.
  • کەرە دێزە : بەشێك لە کرێکارانی دووەم نقابەی گەورەی بریتانیا کە کرێکارانی بەندەرەکانن دوێنێ ئامادە نەبوون کە پاپۆڕە نەوتییەکان کە بارهەڵگری نەوت و غازی ڕوسیان، بەتاڵبکەنەوە بەناوی دژایەتیکردنی ڕوسیا و هاوپشتی ئۆکرانیا.  ئەم کەرە دێزانە کە حەز بە تۆپینی خۆیان دەکەن و مردنی خاوەنەکەیان کە ئێمەین، ئەمانن.  ئەمان لەمەدا هاوڕا و هاوپشتی دەوڵەتەکان و سەرمایەداران و ساماندارانن.  باشە ئێوە ئەو هەموو چەك و جبەخایەتان بۆ سعودییە هەواڵە کرد تاکو منداڵان و کەسانی بێ تاوانی یەمەن بکوژێت بۆ بۆ چرکەیەك مانتان نەگرت؟ باشە بۆ مانتان نەگرت لە بارکردنی چەك و تەقەمەنی بۆ دەوڵەتی فاشی تورکیا کە بۆ قڕانکردنی هاوچینەکانی خۆت و کوردانی ڕؤژئاوا و هەندێكیش لە کوردانی باشوورە؟ بۆ بۆ چرکەیەك مانتان نەگرت بۆ ناردنی چەك بۆ لیبیا؟  ئەی ئێوە بۆ هاوپشتی چینەکەی خۆتان هەر بۆ نموونە نێرس و دکتۆر و کارمەندەکانی خەستەخانەکان کە لە پرۆتێستا بوون، هەر قسەیەکتان نەکرد ؟ بۆچی بۆ چرکەیەکیش کارتان ڕانەگرت لە هاوپشتی مانگرتنی کرێکارانی میترۆکانی لەندەن لە ڕۆژی 3 شەمە و 5شەمەی هەفتەی پێشوو؟ ئەی کەرانی دێز ئەوە نازانن کە بەیانی حکومەت دەتوانێت بتاندات بە دادگا بە بیانوی ئەوەی کە ئێوە بە یاسای دژە نقابە بۆتان نییە کە کێشە ئابوورییەکانتان بکەنە کێشەی سیاسی ؟ ئێوە نەک هەر ئەوەتان کردووە لەوەش خراپترتان کردووە کە بێ هیچ بیانویەك هاتوون ئەو چالاکییەتان کردووە کە لە سەر هەر هەمو وماڵێك و بزنسێكی بچووک و گەورە دەکەوێت بە زیادکردنی زیاتری دانی پارەی غازو کارەبا؟   
  • چەمکی سەربەخۆیی:  ئەم جەنگەی ئێستا باشتر چەمکی سەربەخۆیی سەلماند کە تەنها وەهمی نەتەوەییەکان و لیبراڵەکان و فاشی و ڕایسستەکانن. ئەمڕۆ وڵاتێك نییە  لەم دونیایەدا کە سەربەخۆ بێت ئەگەر سەربەخۆیی، سەربەخۆیی ئابووریی و سیاسیی بێت .  تا گەورەتر بێت و بەهێزتر بێت وڵات،  زیاتر بارخوراترە. ئەمڕۆ وڵاتانی وەکو ئەمریکا و ڕوسیا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسە پاشکۆترن بە بازاڕی جیهانی تاکو وڵاتێکی بچوکی چەند سەد هەزار کەسی ئەفەریقا. 
  • هەڵوێسیئ ئیسرائیل و کوردەبۆرە:  ئیسرائیل کە یەکەم وڵاتی بەهیزی هەموو ناوچەکەیە و دووەم هێزە لە جیهاندا، کە تاکە وڵاتێکی ناودارە کە تا ئێستا هەڵوێستی خۆی بە هەڵواسراوی لە بەرانبەر ئەم شەڕەدا هێڵاوەتەوە و لایەنگری هیچ لایەکیان نییە. حکومەتی ئیسرائیلی دەزانن گەر دژایەتی ڕوسیا بکەن زۆر زەرەر دەکەن .  ڕوسیا ئاسمانی سوریا دەپارێزێت بەڵام بۆ ئیسرائیلی دەکاتەوە کە لە حیزبوڵا و هێزی ئێرانی بدات و جاروباریش ئەسەدیش بکوتێت.  ببینن چەند گڵاوە سیاسەت؟ زیلیسنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کە خۆی جولەکەیە تەلەفونی بۆ نەفتەلی بێنێت ، سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل کردوە بۆ هاوکاری و تێکەوتنی وەستانی جەنگ ، لەگەڵ هەبوونی 250 هەزار جولەکە لە ئۆکرانیا، نەفتەلی پاش دوو ڕۆژ وەڵامی لێگێڕاوەتەوە ، هەر ئیسرائیلیش بوو کە دانیشتن و وتووێژی لە نێوانی هەردوو لادا ڕەخسان.

 کوردەبۆرە: کوردەبۆرەش هەمو وەک فەرد و هەم وەکو حیزب و حکومەت بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە ، یا دەبێت دژ بە ڕوسیا بیت یا دەبێت دژ بە ئۆکرانیا دەنا تۆ هەلوێستت نییە!!!!!! ئەم سەنگەر لەو دەگرێت و ئەو سەنگەر لەم دەگرێت تا بیناقای لە سۆز و پەرۆشدا بۆ دەوڵەتێکیان لە لیتەدایە.

  • مێژو نیشانی دەدات  کە روسیا دەستی بە خوێنی هەندێك لە گەلان و هەزاران هەزار کەس سوورە بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە ناتۆ و ئەمەریکا و ئەوروپا زۆر زیاتر لەوان و کەم وڵاتیش هەیە کە ئەمان دەستیان تێوەردنەدابێت یاخود شەڕیان تێدا نەکردبێت.

ونی جەنگ

جیهان نۆرمان

06/03/2022

ونی جەنگ پەیوەند نییە بە ژیریو گێلی، بە توندرەوی ئەم یاخود ئەو سەرمایەدارو دەستەلاتدارەوە. بوونی خودی دەولەتو سەرمایە، یاخود دەستەلاتداری خۆی لە خۆیدا بریتییە لە بوونی جەنگ. دەبێت کەسێك زۆر بێبەشبێت لە ژیری، یاخود مەرامێکی تایبەتی لێلکردنی راستییەکانی لە پشتەوە بێت، گەر جەنگی ئێستای روسیاو ئۆکرانی بگێرێتەوە بۆ نیازو مەرامێکی سایکۆلۆژییانەی پوتین؟

لەم راستی شێواندنەدا، چەپەکان بە هەموو تەوژمەکانیانەوە زیاد لە راسترەوەکان کالای گێلکردنیان لە بازاری مێدیاکاندا نمایشدەکرێ. هیچ لایەنێك، هیچ تەوژمێکی چەپ هۆکاری جەنگ ناگێرێتەوە بۆ سەرچاوەکەی، کە خودی کردارو پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەیە. بە پێچەوانەوە هەمیشە هەلوێستو هەلسەنگاندنی چەپەکانی دونیا بۆ جەنگ لە بازنەی تەسکی سیاسیدا تێپەریان نەکردووە. ئەویش بە گشتی، بریتییە لە مافی دیمۆکراتیانەی هەر وولاتێك بۆ سەروەری خۆی، لە بەرگریکردن لە ئازادی نیشتمانی، یاخود بەرگریکردن لە بەرەی دیمۆکراسی سەرمایە دژی بەرەی دکتاتۆری سەرمایە! وەك ئەوەی سەرمایەی دیمۆکراسی دکتاتۆری نەبێت دژی ژیان، دژی مرۆڤو ژینگە!

بۆ نمونە لە جەنگی کەنداودا چەپەکان بە دوو بەرەی جیاواز خزمەتی سەرمایەیان دەکرد. لە لایەك بەرەی سەر بە دیمۆکراسی کە پالپشتی ئەمەریکاو ئەوروپا بوون، لە لایەکی تر بەرەی دژە ئیمپریالیزمی پالپشتی عێراق.

ئەم جەنگەی ئێستا، وەك هەموو جەنگەکانی تر، بە دەر لە هەموو جیاوازی بارووزرووفو تایبەتمەندییە مێژووییەکان، درێژەی جەنگی بەردەوامی سەرمایەیە بۆ سەر مرۆڤی چەوساوەو ژیان بە گشتی لە پێناوی زیاتر دەستەلاتو قازانجدا. ریشەی ئەو جەنگە، وەك ریشەی هەموو جەنگەکان، لە زەمینەی سیستەمی بەرهەمهێنانی زێدە بەهادایە، واتە لە چەوساندنەوەی گیانو دەروونی مرۆڤو ژینگەیدایە. خەباتی راستو کاریگەر دژی ئەم جەنگەو هەموو جەنگێك، تەنها خەباتی چەوساوەکانە دژی ئەوانەی کە راستەوخۆ لە نێو ژیانیاندا دەیان چەوسێننەوە، واتە لە نێو کارەکانیاندا، لە نێو شارو وولاتەکانیاندا، نەك لە هیچ جێگەیەکی تر!

بەرەی بەرگری نیشتمانیو نەتەوە پەرستی دوژمنی هەموو خەباتێکی شۆرشگێری راستە بۆ لە ریشەکێشانی جەنگ. تەنها خەباتی راستەوخۆ دژی چەوسێنەران لە هەموو جێگایەك، واتە دژی سەرمایەداران، واتە دژی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە، رێبازی راستی ئەنتەرناسیۆنالیستییە بۆ لە ناوبردنی جەنگو چەوساندنەوە.»

مانگرتنی کرێکاران و سایەقی میترۆکانی لەندەن

03/03/2022

ساڵ زیاترە کە کێشەی نێوانی نقابەی کرێکارانی  میترۆ [ قیتاری ژێرزەمینیی ] لە ئارادایە و تا ئێستا چەند جارێك مانگرتنیان کردوە هەندێك جار لە شەودا و هەندێك جاریش  لە هەندێك هێلی قیتارەکاندا بووە،  تاکو ئیدارەی هاتۆچۆ لە بڕیارەکانی پەشیمانببێتەوە و ڕێکەوتن بکەن.

  کێشە کرێکارانی میترۆکانی هاتووچؤ لەسەر دەرکردنی کرێکاران و هەل و مەرجی کارکردن و موچەی خانەنشینی و ئەم پرسانەیە ، تاکو ئێستا چەند جاررێك دانیشتن کراوە لە نێوانی نقابەی کرێکاران و ئیدارەدا بەڵام نەگەیشتونەتە ڕێکەوتن .

بەو هۆکارەی سەروە نقابە خۆی گورجتر کردەوە ماوەیەك لەمەوبەر بە ڕای زۆرینەی کرێکاران  بڕیاری مانگرتنی  دوو ڕۆژی سەرانسەریی هەموو هێڵەکانی میترۆی  لە لەندەنا دا کە مانبگرن تا ئەو کاتەی کە ئیدارە ئامادە دەبێت بۆ داخوازییەکانیان.

 نقابە بڕیاری دا کە ڕۆژی 3 شەمە ،01/03 و ئەمڕۆ 5 شەمە 03/3 مانگرتن بکەن بۆ هەموو ڕۆژەکە.  تا ئێستا مانگرتنەکە زۆر سەرکەوتوو بووە و زۆربەی زۆری وێستگەکان داخراون و ئەوانەشی کە کار دەکەن ناچار بوون کە یا  لە ماڵەوە کار بکەن یاخود بە پاس و بەسەیارە بگەنە سەر کاریان.

بەیانی ئەنجام و هەژموونی مانگرتنی ئەم دوو ڕۆژە دەردەکەوێت و بە دڵنیاییەوە  ئیدارە ئامادەی وتووێژ و سازش دەبێت بەلام تا جەندێك؟ ئەوەیان کەس نازانێت.    

زیندانی و کەرەنتینەی کۆرۆنا کاریگەری نەما 

دارا جوتیار

28/02/2022

قەیرانەکان پێویستی بە ڤایرۆسی کاریگەرتر هەیە- جەنگ-! ئێستا کەرەنتینەی خەڵك لەترسی جەنگ نەك لەماڵەکاندا لە ژێرزەمین و میترۆکاندایە!

دەیانگوت: مناڵەکانیشتان ماچ مەکەن حەرف لەگەڵ یەکتر نەگۆڕنەوەو بەدەم یەکەوە پێنەکەنن ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوەو دەتانکوژێت!

ئەوکات پرسیم گووتم ئەم هەموو بەخەمەوەبوونە چیە؟ مەگەر چەک و فیشەك بوبۆمبەکان و پەجەلێکێشانیان گواستنەوە نیەبۆ گیانکشانی بەرامبەر؟؟

ئەمێستا خۆیان ئەو چەکانە دەگوازنەوە کە لەچاوتروکانێکدا ملیۆنەها بەشەر دەکوژێت نەك هەرئەوە ئەم هەسارەیە کاول دەکات! لە بچوکترین دەوڵەتەوە تا گەورەترین، لە دیکتاتۆرترینەوە تا دیموکراتیترین، بەهەموو فۆرمە دینی و نەتەوەیی و مۆدێرنەو علمانیەکەیەوە، نەك تەنها کوشندەی مرۆڤ بەڵکو بە گشتی ژیان و ژینگە کوژن خێرو قازانج لە کوشتاردایە!!

خۆشخەیاڵیەکانمان بەتەبلیغاتی فریودەرانەیان بە تیوریسیۆن و فەیلەسوفەکانیان، ڕێگە ڕاستەکەی ژیانیان لێ ونکردین و دوایانخستین لەژێرەو ژوورکردنی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەو خوێنمژانەو خوێنڕێژانەیان!

ئەگەر نەفەسێك بۆ جوڵەکردن ماوە، دەبێت بۆ هاتنە مەیدان بەدژی تەواوی دەسەڵاتی سەرمایەو قازانج لەتەواوی دنیادا بەکاری بهێنین، ڕێگەکەی ئەوان لەئاشتی و جەنگیاندا هەر مەرگە، دوا وێستگەی ژیان خۆی هەر مەرگە.

با لەپێناو ئایندەدا بێینە مەیدان و بمرین ، لەپێناو سەرەونگونکردنی ئەم سیستم و دەسەڵاتی سەرمایەدا بمرین، لەپێناو ژیان و ئایندەی بەکۆمەڵ و هەرەوەزیانە

کارکردن ڕێکخستنەوەی ژیان و ژینگەیەکی ئازادانەو یەکسان و ئارام بۆ نەوەکانی داهاتودا بمرین!

با نەهێڵین منداڵەکان ببن بەژێر داروپەردووی ژێر بۆمبەکانەوەو بێ فریاگوزارێك بمرن، زیندەوران سروشت گوڵ و گیاو باڵندەو مێرووەکان پاراستنی هەموویان لەئەستۆی ئێمەیە، چون ئێمە هەست بەم مردنە دەکەین!

بڕوخێت خوێنخواری و خوێنڕێژی سەرمایە!

بەڵێ بۆ ژیانی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بێچین و چەوسانەوە کە

تەنها ڕێگەی ڕزگاری سەرجەم گەلانی جیهانە، ئەگەر بەدیبێت یانا؟!

ڕەنگە نەیزانیت

24/02/2022

هەموومان فەرەنسامان لە ئەوروپاد بە وڵاتێکی جیاواز لە ڕوی وەکو دەڵێن عەلمانییەوە و ئازادی تاکەکانییەوە، مافی ژنان و  کولتوری شۆڕشگێڕانەوە ، جیاواز بینیوە.  بەڵام گەلێکمان ئەوەمان نەزانیوە کە لە فەرەنسادا دایکان تەنها توانیوایانە کە کۆرپەلەکانیان دەربێنن ئەوەندی  ماوەی سكبوونیان لە 12 هەفتە زیاتر نەبێت. ئەمەش وایکردووە کە بە هەزاران لە ئافرەتان ڕووبکەنە  هەندێك وڵاتانی تری ئەوروپا لەوانە بریتانیا بۆ دەرهێنانی کۆرپەلەکەنیان .

ژنان لە فەرەنسا لە ساڵی 1975 وە مافی دەرهێنانی کۆرپەلەکانیان هەبووە بەڵام بەو مەرجەی کە سکبوونیان لە 12 هەفتە تەجاوازی نەکردبێت ، کە ئەمەش لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپادا تەنانەت بریتانیاش کە کۆمەڵێکی ماوحافیزکارە هەتا هەفتەی 24 دەکرێت دایکان کۆرپەلەکەیان دەربهێنن.

دوێنی , ، 4شەمە، 23/02/2022 پەڕلەمانی فەرەنسا لە ژێر فشاری کەمپەینی ژنان و هاوپشتیوانیاندا  ماوەی لەباربردنی کۆرپەلەیان لە 12 هەفتەوە بۆ 14 هەفتە درێژکردەوە.  گەرچی ژنان بە زۆری لەمە ڕازی نین و داوای درێژکردنەوەی زیاتری دەکەن بەڵام لە ئێستادا خراپ نییە . 

فڕێدانی خۆاردن و کەرەسەکانی خواردن

23/02/2022

ساڵانە بە هەزارەها تەن خواردن فڕین دەدرێتە دەریاکانەوە یاخود ریسایکڵ دەکرێنن بۆ دروستکردنی وزە لەبری ئەوەی بدرێت بە هەژاران بە خۆڕایی یاخود بدرێتە دەزگە خەیرییەکان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتیکی نوێ 200 هەزار تەن خواردن فڕێدراون لەبەر ئەوەی نافرۆشرێت یاخود بەرواری بەسەرچونیان لە تەواوبووندایە سوپەرمارکێتەکان نایانەوێت ئەوە بە بەلاش بدرێت بە خەڵکی تاکو نرخی خواردنەکان و کەرەسەکانی خوارن نەشکێت،  ئەوان ئەمەیان پێ باشترە .  ئەمە لە کاتێکدا زیاتر لە 600 هەزار کەس کە هەندێکیشیان کاردەکەم لەسەر خواردن وەرگرتن لە لایەن مەرکەزەکانی خواردن بەخشینەوە ، کەرەسەکانی خواردن بە بەڵاش وەر دەگرن.

بێ گومان ئەم سیاسەتەی سوپەرمارکێتەکان نابێت غەریب بێت ، هەر ئاواش جل و کەلوپەلێکی زۆریش کە وەرزی بەکارهێنانیان بەسەردەچێت و پارەی کافیی ناکات ئەوانیش لەناو دەبرێن بێ ئەوەی کە بیبەخشن بە نەبووان و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان دەژین.

سەرکەوتنێکی بزوتنەوەی ژنان یاخود بزوتنەوەی شەپۆلی سەوز 

22/02/2022

دوێنێ ژنانی کۆڵۆمبیا بە تێکۆشان و هەوڵی خۆیان توانییان مافێکی گەورەی خۆیان دواجار لە ڕێگای دادگاوە دابین بکەن.

ژنانی کۆڵۆمبیا دەیەیەك زیاترە کە تێدەکۆشن بۆ هەبوونی مافی لەباربردنی کۆرپەلە بەڵام دەسەڵات و دادگا و حیزبە موحافیزکارەکان هەموو ڕێگایەکیان لێبریبوونەوە بۆ گەیشتن بەم مافەیان. 

لە کۆڵۆمبیا ئافرەتان لە حاڵەتی زۆر زۆر دەگمەنی وەکو گەر دایکەکە کە سکی هەیە ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە یاخو سکی هەبێت بە هۆکاری لاقەی جنسییەوە یاخود ژیانی کۆرپەلەکەی نێو سکی لە مەترسیدا بێت و مەترسیش پەیدا بکات بۆ سەر ژیانی دایکی ئەو کاتە مۆڵەتی لەباربردنی کۆرپەلەکەی هەبوو.

ساڵانە بە دزییەوە 400 هەزار لەباربردنی کۆرپەلە ڕوودەدات کە تەنها لە سەدا 10 یان یاسایانە لەباردەبرێن. لەساڵی 2020 دا لانی کەم 26،233 رووی داوە کە لەباربردنی کۆرپەلەکە هیچ سەلامەتییەکی تێدا نەبووە بۆ دایکانیان. لە نێوانی ساڵانی 2006 و 2019 دا 350 ژن دادگایی کراون لەبەر لەباربردنی کۆرپەلەکانیان کە لەوانە 20 کچی تەمەن خوار 18 ساڵەوەیان تێدا بووە .

پاش ئەم هەموو خەباتە دوێنی ژنانی کۆڵۆمبیا توانییان مافی لەباربردنی کۆرپەلەکانیان یاسایانە تاکو تەمەنی کۆرپەلەکە دەگاتە 24 هەفتە ، هەبێت .

سایەقی لۆری و بە شێكی زۆر لە کرێکارانی ئەسدا لە بریتانیا هەڕەشەی مانگرتن دەکەن:

22/02/2022

ئەسدا کە سێیەم سوپەرمارکێتی بریتانیایە سایەقی لۆرییەکانی هێنان و بردنی کەرەسەکانی سوپەرمارکێتەکە و بەشێکی دیکەی کرێکاران لەوێ هەڕەشەی زیادکردنی کرێیان دەکەن.

ماوەیەکی زۆرە کە نقابە لە وتووێژدایە لەگەڵ ئیدارەی ئەسدادا لەسەر زیادکردنی کرێ  سەرەنجام ئیدارە ڕازی بوو بە زیادکردنی کرێیان لەنێوانی لە سەدا 5 و لە سەدا 7.5 .

  ژمارەی سەراپای کرێکارانی ئەسدا 12 هەزارن و 8000 لەمانە ئەندامی نقابەن و لە سەدا 80 ئەندامان کە سایەقی لۆرین یاخود لە 23 مەرکەزی دابەشکردنی کەرەسەکانی سوپەرمارکێتەکەدا کاردەکەن ، ڕەتی ئەو برە پارەیەیان کردوە کە بڕیاری زیادکردنی لەسەر درابوو.

 لە ئێستادا سایەقی لۆرییەکان سەعاتی 15.07 پاوەند وەردەگرن و ئەو کرێکارانەشی کە لە مەرکەزی دابەشکردنی خواردنەکاندا کار دەکەن  13.09 پاوەند بۆ هەر سەعاتێکی کارکردن وەردەگرن .  بێ گومان ئەمە پێش داشکاندنی باجە.

پێش کریسمس سایەقی لۆرییەکانی سوپەرمارکێتی تێسکۆ هەڕەشەی مانگرتنیان کرد و مەترسییەکە لەسەر 13 مەرکەزی دابەشکردنی کەرەسەی خواردنەکانی تێسکۆ بوون.  خۆشبەختانە ئەمان توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن بێ ئەوەی بگاتە حاڵەتی مانگرتن .

هەر لەو سەروبەرەدا سایەقەکانی لۆری کە کاریان بۆ لایەنەکانی دیکە دەکرد کە لەوانە سوپەرمارکێتی ئاڵدی  و مارکس سپێنسەر-یشی تێدا بوو پاش هەڕەشە مانگرتن توانییان سەرکەوتن بە دەستبهێنن و کرێی سەعاتێکیان بەرزبووەوە بۆ 16 پاوەند.