All posts by azadebram

ئاگر کەوتنەوە لە ناو کارگەکانی بەنگلادش و ڕمانی کارگەکان بوونەتە ڕوودانی مانگانە

05/06/2022

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەك کە بووە هۆی تەقینەوەیەکی گەورەی کیمیایی دوێنی، شەمە، درەنگانێك، لانیکەم ٣٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 300 ی تر کە هەندێکیان زۆر خراپ سووتاون، دەناڵێنن بە سووتانی جەستەیانەوە. ئەمە لە کۆگایەك ڕوویداوە کە پڕ بوە لە کۆنتەینەر [ صندوقی گەورەی پڕ لە کاڵاو شمەك ]. ئەم کۆنتەینانە لە مەخزەنێکی سەر بەندەری دەریا دانراون و ئامادەبوون بۆ بارکردن و هەناردەکردنیان. ژمارەی قوربانییەکان زۆر زیاترن لە 300 چونکە 7 کەسی ئای تی کە بەکاری فەیسبووك و ئایتییەوە سەرقاڵ بوون ئەوانیش بوونەتە قوربانی. لە ناو بریندارەکانیشا 40 کرێکاری ئاگر کوژانەوە و 10 پۆلیسیشی تیادایە.

زۆرێک لە خەستەخانەکان پڕ کراون لەم بریندارانە و ئەو دکتۆرانەشی کە لە هۆڵیدەی بوون گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەمان.

بەداخەوە کە تەماح و کۆکردنەوەی سەرمایەی زیاتر و گوێ نەدان بە گیان و ژیانی کرێکاران و خێزانەکانیان، لە لایەن خاوەنکار و کۆمپانیا و کارگەکانەوە چاوپۆشییەکی زۆر کراوە لە گرتنەبەری ئامۆژگاری و یاسا و ڕێساکانی سەلامەتی سەر کار لە ناو کارگە و کۆمپانیاکاندا، هەر بەم هۆکارەشەوە مانگانە ڕووداوی گەورەی وەکو ئاگر کەوتنەوە و ڕوخانی کارگەکان ڕوو دەدەن و کارەساتی زۆر گەورە بە سەر ژیانی خودی کرێکارەکان و خێزانەکانیشیاندا دەهێنن.

بێ گومان حکومەتی بەنگلادش دەبێت بەرپرسیاریی یەکەم هەڵگرێت لەم تاوانانەدا بە گوێ نەدان لە پشکنینی بەردەوامی شوێنەکانی سەر کار بۆ سەلامەتی کرێکاران.

لە ساڵی 2020 دا 70 کەس لە کەوتنەوەی ئاگرێکدا لە چەند شوقەیەکدا لە شاری دەکا گیانیان لە دەست دا. لە مانگی تەموزی 2021 دا 54 کرێکاری سەر کاری پرۆوسەی دروستکردنی خۆراك و خواردەمەنی لە دەرەوەی شاری دەکا دووبارە بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە گیانیان لە دەست دا.

مانگرتینی کرێکارانی بەشەکانی قیتار و میترۆکانی بریتانیا

26/05/2022

لە کاتێکدا کە نرخی پێداویستییەکانی ژیان بە ڕادەیەک سەرکەوتووە کە جێگای بڕوا نییە. غاز بە ڕێژەی لە سەدا ٥٤ ، خواردن بە ڕێژەی لەسەدا ٦ پێداویستییەکانی دیکە بەڕێژەی لە سەدا ٢٠ هەندێك پێداویستییەکانی دیکە ناتوانیت لە دوان زیاتر بکڕیت، ڕێژەی هەڵئاوساوانی پارە بۆ لە سەدا ٩ بەرزبوەتەوە کە لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەم ڕێژەی بەرزبوونەوە لە مانگی ١٠ دا دەکرا. هاوکاتیش کەلێنی نێوانی سامانداران و هەژاران گەلێك فراوانترو زیاتر بووە، بەڕێوەبەرە گەورەکان ٢٨ جار لە کرێکارێکی ئاسایی زیاتر وەردەگرن و هەندێکیشیان ١١١ جار زیاتر وەردەگرن.

ئەمەی سەرەوە کەمترین قسەو ئامارە لەسەرئەو بارودۆخەی کە زۆرینەی خەڵکی بریتانی لە زۆربە توێژاڵەکانی کۆمەڵ تێیدا دەژین ، کەچی سەرۆکی بانقی مەرکزی بریتانیا دوو مانگ لەمەو پێش داوای لە کرێکاران و کارمەندان کرد کە داوای سەرکەوتنی کرێ و مووچە نەکەن چونکە بارودۆخی ئابووری زۆر خراپە و هەڵئاوسانی پارە زیاتر هەڵدەکشێت ئەمە لە کاتێکدا کە تەنها موچە ساڵانەکە ٦٣٠ هەزار پاوەندە بێ لە بەشێ پشکەکانی و ئیمتیازەکانی دیکەی.

هەر لەم سات و وەختەدا سەرەك وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیرەکانی دیکە بڕیریان داوە کە زیادکردنی موچە و کرێ بۆ کرێکارانی کە لە بەشی کەرتە دەوڵەتییەکانی وەکو خەستەخانە و پەرەوەردەو شارەوانی وهاتووچۆو شوێنەکانی دیکەدا کار دەکەن ، هەڵبپەسرێت و لەوەی کە لە مانگی دەی پارەکەدا پاش تێپەڕینی ئافاتی کۆرۆنا بە ڕێژەی لەسەدا ٢ زیادبکرێت ئەویش لە مانگی نیاسانی ڕابودووەوە کاری پێدەکرێت نەک لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە. بە گوێرەی چەند راپۆرتێکی نوێش بەشێکی زۆری ئەوانەی کە لە هەژاریدا دەژین، کاردەکەن.

ئەمە جگە لەوەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی پەرلەمان و پیران بڕیاری داوە کە ٩١ هەزار لە ڕاوێژکەران و کارمەندانی دیکە کە بۆ وەزیرەکان و پەڕلەمانتارەکان کار دەکەن لە ئیشەکەیان دەربکرێن بە پاساوی ئەوەی کە پارە نییە. هەر لەم بارودۆخەشدا بڕیاریان دا کە فەندی کرێکاران و کارمەندانی کرێکارانی بەشەکانی قیتار و میترۆکان ببڕێت بەهۆی ئەمەشەوە ٢٥٠٠ کرێکار بێ کار دەبن و هەندێ لە محەتەکان بێ چاودێری ستاف دەمێننەوە کە هاوکاری پیر و پەککەوتە و ئەوانەی کە زمان نازانن دەکەن .لەمانەش گرنگتر بە گوێرەی لائیحە تازەکەی وەزیری ناوخۆ مانگرتن یاساخ دەکرێت لە بەشە گەنگەکانی پیشەسازیدا کە بەشی هاتووچۆ یەکێکە لەوانە.

لە وەڵامی ئەمەی حکومەتدا نقابەی ئەو کرێکارانە کە ٤٠ هەزار کرێکارن لە ١٥ بەشدا کاردەکەن بە ڕێژەی لە سەدا ٨٩ یان دەنگیان دا کە ئەگەر حکومەت بڕیارەکانی نەگۆڕێت و ئامادەی وتووێژ نەبێت ئەوە ئەمان لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا، حوزەیراندا، مان دەگرن. هەندێك لە نقابەکانی دیکەش هاوپشتیان دەبن .

دیارە نقابە ئەم ڕێژە گەورەیە وەکو هێز و فشارێکی زۆر گەورە دەتوانێت لەسەر مێزی وتووێژ دژ بە ئیدارەی هاتووچۆ و حکومەت بەکاربهێنێت، لانی کەم بڕیارەکەی حکومەت لە ئێستادا ڕاگرێت.

هەرگیز متمانە بە قسەی سیاسییەکان و بزنسمانەکان مەکە

زاهیر باهیر

20/05/2022

لە 31 ی ئۆکتۆبەرەوە تاکو 12 ی نۆڤەمبەری پارەکە ، 2021 ، کۆنفرانسیێك سەبارەت بە پرسی ژینگە لەسەر خواستی یو ئێن لە سکۆتلەندە/ بریتانیا بەسترا کە حکومەتی بریتانیا خاوەنماڵ بوو.  لەم کۆنفرانسەدا کە پارەیەکی خەیاڵی تێدا سەرف کراو قسە و باسێكی بێ شوماری بێ مایە لەسەر ژینگە کرا و بەڵێنی زۆری بێ بەرهەمی لەسەر درا … کە دەبێت ئاوا بکرێت و ئاوا نەکرێت .  هەر یەك لە دەوڵەتاکان بڕێك لە بەرپرسیاری ڕیفۆرمکردنی ژینگەیان لە ستنوری خۆیانا خستە سەرشانی خۆیان بۆ ئەمەش وەختیان دانا بۆ جێ بەجێکردنی بەرنامەکانیان.

بریتانیا کە یەكێك بوو لەوانە و کۆنفرانسەکەیان هەڵدەسوڕاند بەڵێنیان دا تاکو 2050 ئیتر کێشەی ژینگە ئەوەندە چارەسەر بکرێت کە چی تر مەترسی بۆ خودی ژینگە و سروشت خۆیان  و بۆ دانیشتوانیشی دروست نەکەن.

لەگەڵ ئەم هەموو کارئاسایی و قسە زلانەدا هەر لەو کاتەدا سەرەکوەزیرانی ئیرە ، بۆریس جۆنسۆن، بە تەیارە لە سکۆتلەندەوە گەڕایەوە بۆ لەندەن ، هەر ئەو کاتەش سەرۆکی یەکێتی ئەورپاش بە تەیارەی جێت سەفەرێکی دەوروبەری 100 کیلۆمەتری لە شارێکەوە بۆشارێکی دیکە  کرد ، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە بزنسمانە گەورەکانی دونیا بە تەیارەی تایبەتی خۆیان هاتبوون بۆ کۆنفرانسەکە و گەڕانەوە.

هەر ئەو کاتە دەبوایە بمانزانیایە ئەوانەی کە ئەمان بە قسە دەیڵێن و ڕای دەگەیەنێن و بە کردەوە نایکەن و خۆیان باوەڕیان پێی نیە.

قسەی من لەسەر بریتانیا و سیاسییەکانی ئێرەیە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکرایەوە کە لە نیوانی ئێستاو ساڵی 2025 دا 50  پلان لەسەر مێزی پەسەندکردن و وەرگرتنی مۆڵەت هەیە تاکو جێ بەجێ بکرێن حکومەت بڕیاری مۆڵەتەکان بدات.  بێ گومان پلانی وێرانکردنی زیاتری ژینگە.

هەر لە مانگی جێنیوەریدا واتە کە هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزی ڕەزامەندی لەسە بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە وشك نەبووبووە حکومەتی بریتانی مۆڵەتی بە کۆمپانیای نەوت و کێڵگەی گازی ئەبی گەیڵ لە ڕؤژهەڵانی سکۆتلەندە دا، ئەمە لە کاتێكدا کە مۆڵەتی فراونکردنی کانەکانی خەڵوز لە باشووری وێڵس هەر لە کۆتایی ئەو مانگەدا درا. ” تەنها لە ماوەی شەش مانگدا بەریتانیا لە بانگەشەکردنی خۆی وەک پێشەنگی کەشوهەوا ڕۆیشت بۆ پاڵپشتیکردنی سووتەمەنی بەردینی، هەر ئەو شتەی کە باری نائاسایی کەشوهەوا دەباتە پێشەوە” ئەمە قسەی بەرێوەبەری کۆمپانیای Uplift بوو.  درێژەی بە قسەکان داو وتی :  “ پارانەوەی دەوێت بۆ باوەڕپێکردنی ئەمە. فراوانکردنی نەوت و غازی دەریای باکوور بەو مانایەیە کە بەریتانیا – کە هێشتا سەرۆکایەتی بەڕێکردنی ئەم پلانەی بە دەستەوەیە – ئێستا وێرانکەرێکی مەترسیدارە بۆ کەشوهەوا”.

ئەمە لە کاتێکدا کە توێژینەوەیەکی زانستی نوێ لەم هەفتەیەدا دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی شوێنەکانی ئێستای سووتەمەنی بەردینی پێویستیان بە زوو داخستنی دەبێت ئەگەر بمانەوێت ڕێژی گەرمکردنی جیهانی  لە سنووری پێوەری گەرمکردنی جیهانی 1.5C بمێنێتەوە کە لەلایەن حکومەتەکانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری کراوە.

دەکرێت لێرەد خاڵێکی گرنگ باس بکەم کە ئەویش لە ئێستادا ناو بەناو وەزیرەکان و بزنسمانەکان قسە لەسەر کردنەوەی کانی نوێیی  خەڵوز فراوانکردنی ئەوانەی کە هەن دەکەن .  ئەمە لە کاتێکدا کە مارگرێت تاچتەر کە لە ساڵی 1979 دا هاتە سەرحوکم پاش مانگرتنە مەزنەکانی ماینەرر ساڵی 1984/1985 و تێشکانی، توانی کە کانەکان داخات و ئەو هەموو کرێکارانە بێ کار بکات کۆمۆنێتی  ئەو ناوچەیەش کە کانەکانی داخرابوون وێران بوو.  دیار بوو بڕیارەکەی تاچتەریش بڕیاری سیاسیانە بوو بۆ تێشکانی نقابەی ماینەر بوو کە کرێکارانی زۆر یاخی بوون سەرۆکی نقابەکەشیان ، ئەرسەر سکارگڵ ، سۆشیالیست بوو.  ئیدارەی ئەو کاتەی بریتانی دەیزانی تێشکانی ئەوان یانی تێشكانی سەنگەری بەهێز و  یەکەمی کرێکارانی بریتانیا و تێشکانی یاخیترین بەشی کرێکارانی بریتانیایە. ئەو کاتە حکومەت دەیوت ئێمە خەڵوزمان ناوێت ، بەڵام دواتر خەڵوزی پؤلەندییان هێناو  نرخەکەش زۆر گرانتر کەوتەوە لەوەی کە لە بریتانیا بەرهەم دەهێنرا.

کەلێنی نێوانمان تا دێت  فراوانتر دەبێت

20/05/2022

لە کاتێكدا کە ژمارەی هەژاران، بەرزبوونەوەی نرخی پیداویستییەکان، کەمکردنەوەی کرێی سەر کار و موچە ، هەڵکشانی کرێی خانوو و بەرزبوونەوەی سلفەی عەقار، زیادبوونی نرخی بەنزین و گاز و کارەبا ، عیلەتەکان و نەخۆشەکان، هەڵکشانی ژمارەی لیستی نەخۆشەکان بۆ چارەسەرکردنیان  …. هەر هەموو ئەمانە لە بەرزبوونەوەدان ، هاوکاتیش ژمارەی دەوڵەمەندەکانمان ، ملیاردەرەکانمان لە بریتانی لە زیادبووندان .  بێ گومان ئەمە جێگای سەر سوڕمان نییە.  زۆر لۆژکانەیە لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە تایەکی ئەم تەرازووە لارەسەنگ بێت، دەزانیت کە  تایەکی بەرزەو تایەکی نزمە و بە چاو دیارە هەر وەکە هۆکارەکەشی دیارە.  بە مانایەکی دیکە لە هەر شوێنێك بیستت ژمارەی دانییشتوانە هەژارەکەی لە بەرزبوونەوەدایە ، ئەوە بۆی مەگەڕێ و دەزانیت کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی لە هەڵکشاندایە ، لە هەر وڵاتێکیشدا پێیان وتیت کە ژمارەی دەوڵەمەندکانی لە زیادبووندا ، ئەوە ئیتر دەزانیت هەر دەبێت ئاواش بێت کە ژمارەی هەژارانی دانیشتوانەکانیشی لە زۆر بووندایە .

بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیستی دەوڵەمەندەکانی بریتانیا لە  سەندی تایم-دا ژمارەی ملیاردەرەکان لە 171 ملیاردەرەوە لە ساڵی 2020 دا هەڵکشا بۆ 177 لە ساڵی 2021 بە دەوڵەمەندبوونی زیاتری  6 دەوڵەمەندی دیکە لەو ساڵەدا.

ئەو دوو کەسەی کە لە وێنەکەدان دووبران بە تەمەنی 86 ساڵی و 82 ساڵی کە هیندین، پارساڵ بوونە دەوڵەمەندترین کەسی بریتانیا کە سامانیان گەیشتە 28.5 ملیار پاوەندی ئەستەرلینی .

ئەم 177 ملیاردەرەی بریتانیا سامانی ناوکۆیی یا هاوبەشی هەموویان 653 ملیار پاوەندە.  ئەم بڕە پارەیەش بە بڕی 59 ملیار پاوەند واتە بە ڕێژەی لە سەدا 9.4 لە ساڵی 2020 وە سەرکەوتووە.  

ئیتر گرفتەکە ڕوونە هیچ مەتەڵێکی تێدا نیە.   کورد دەڵێ: گوێز بە ژمارە، مایەکەی دیارە.

پۆلیس لە هێڕشێکیانا شکستێکی گەورەیان هێنا

17/05/2022

لە لەندەن ، بێ گومان لە زۆرێك لە شارەکانی دیکەی بریتانیاش، یەکێك لە کارەکانی پۆلیس هەراسانکردنی خەڵك و دروستکرنی گرفتە بۆیان.  لەو ئەرکانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە دەیکەن بەسەرادانی محەتەی قیتارەکانە، بەسەر شۆپەکانا، بەسەر شوێنە قەرەباڵغەکانی دیکەدایە بۆ پشکنین و دۆزینەوە کەسانێك کە دۆکۆمێنبتی فەرمی مانەوەیانیان لەم وڵاتەدا پێ نییە.

ماوەیەكە لە هەراسانکردنی کرێکارانی گەیاندندان، Dilevery  Workers ، ڕۆژی شەمە 14/05 لە ڕۆژەهەڵاتی لەندەن، پاشنیوەڕۆ مەفەرزەیەکی پۆلیس بە ڤانێکەوە دەدەن بەسەر شۆپێکدا و لە دەرەوە یەكێک لەو کرێکارانە کە شت دەگەیەنێتە کڕیارەکە ڕادەوەستێنن و پاش چەند خولەکێك دەیگرن و دەیخەنە ناو ڤانەکەوە . بەڵام هەر لەوێدا خەڵك ئەڵەمبازیان دەبێت و هەوڵدەدەن کە کرێکارەکە لە گرتن و بردن ڕزگار بکەن.

  دوای دوو سێ خولەکێک چەند سەد کەسێك کۆ دەبنەوە. پۆلیس چاری نامێنێت و داوای هێزی زیاتر و بە پەلە دەکەن .  لەگەڵ هاتنی چەند سەیارە و ڤانی دیکەی پۆلیس-دا خەڵکی زیاتریش کۆ دەبنەوە و ئیتر پۆلیس چاری نامێنێت زۆر دڕندانە لە ژن و لە پیا و ، لە گەنج و پیر لە کەسانی خاوەنپێدوایستی و کەمئەندامیش دەدەن . 

ئەمانە هیچ کار ناکاتە سەر بڵاوەکردنی خەڵک و تا زیاتریشی خایاند خەڵکی زیاتر گردبوونەوە و بەرگرییان لەیەکدی کرد .  بەهۆی یەکگرنتی خەڵکەوە و بەرگریکردن لە خۆیان پۆلیس هیچی بۆ نەمایەوە تەنها لە هەوڵی خۆڕزگاربوون و کشانەوەدا بوون و ئەوانەی کە گیرا بوون ڕزگار کران.

ئەمەیە چالاکی راستەو خۆی خۆڕسکیی کە تاکە ڕیگایەکە بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکان نەك گرتنەبەری ڕێگای پەڕلەمان و جەنگی ئەهلی و بزوتنەوەی چەکداریی.

هیندسستان  هەناردەی گەنمی وەستان

16/05/2022

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ هیندستان کە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنانی گەنمە بڕیاری دا چی تر گەنم هەناردە نەکات.

هیندستان وای پێشبینی دەکرد کە کە لە ساڵی 2022/2023 دەتوانێت 10 ملیۆن تەن گەنم هەناردە بکات بەڵام ئەمساڵ لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کە کارایی خراپی خۆی داناوە لەسەر دروێنەی گەنم و بەرهەمەکەی بڕیاری داوە کە چی تر هەناردەی گەنم نەکات و لە نێو خودی وڵاتدا بەکاربهێنرێت.

هەر بە گوێرەی ئەو راپۆرتە هیندستان پێویستی بەوە هەیە ساڵانە 25 ملیۆن تەن گەنم بەرهەم بهێنیت کە ئەمەش زۆر مەحاڵە یەکەم بەهۆی بارودۆخی شەرەکەوە کە نازانرێت هەتا کەی بەردەوام دەبێت و هەم بەهۆی تێکچوونی جەو و  ژینگەوە.

هەناردەنەکردنی گەنم  لە لایەن هیندستانەوە ئەوەندەی تر نرخی گەنم بەرز دەکاتەوە ، لە ئێستادا نرخی گەنم بە ڕێژەی لە سەدا 40 لە چاو ساڵی پار و پێراردا بەرزبووەتەوە .  

تاکتیکی سێیەمی سەرەك کۆمار پووچەڵ بووەوە

15/05/2022

سەرەك کۆماری سری لانکە، گۆتە ڕاجەپاکسا، تا ئێستا سێ تاکتیکی بۆ دامرکاندنەوەی مانگرتوان و خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەران کە دژ بە حوکڕانییەکەین ، بەکارهێناوە.

تاکتیکی یەکەم : بەکارهێنانی تووندوو تیژی دژ بە خەڵکی کە لە سەر شەقامەکان بوون کە  داوای دەست لەکار کێشانەوەی هەموو کاربەدەستاینی حکومەتیان دەکرد، بەڵام شکستی هێنا. دوەم: سەرەک وەزیران کە برای گەورەی خۆی بوو ڕۆژی 2شەمەی پێشوو ناچارکرد بە دەست لەکار  کێشانەوە بەڵكو بارودۆخەکە ئەهۆن بێتەوە و هەموو گرفتەکانیش بکەوێتە ئەستۆی ئەو.  ئەم تاکتیکەش هەر بێ ئەنجام بوو .  سێیەم تاکتیکی: دانانی سەرەك وەزیرانی نوێی ، Ranil Wickremesinghe ، کە 5 جار سەرەك وەزیران بووە . دواجاری لە نێوانی ساڵی 2015 و ساڵی 2019 دەدا بووە.  ئەم کابرایە باوەڕی بە سیاسەتی ئابووری لیبراڵ هەیە و دۆست و خوشەویستی کاربەدستانی صندوقی دراویی نێودەوڵەتی و زۆرێك لە حکومەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە.  بەڵام خەڵکی بەمەش ناڕازین لەبەر چەند هۆیەك : یەکەم : ئەزموونی پێشوی ئەم کابرایەیان لەبەر چاوە کە پارێزەری مانەوەی خێزانی ڕاجەپاکەسا بووە لە حوکمکردندا، دۆستی وڵاتانی غەرب و صندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووە ، ئاڵاوە لە گەندەڵییەوە.  دووەم: ناڕەزاییکەران دەڵێن ئەگەر ئەو ، ڕانیڵ، ڕاستدەکات  با گۆتە [ سەرەك کۆمار] بنێرێتەوە ماڵەوە  هەروەها سەرەک وەزیرانی کۆن  بداتە دادگا بە هۆی ئەوەی کە پیاوەکانی ئەو توندووتیژییان بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.  کە لە کاتێکدا ئەم ئامادە نییە هیچێك لەمانە بکات چاوەروانی ئەوەی لێناکرێت کە خەڵکی سری لانکە قەبوڵی بکەن بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامن و بەردەوام دەبن .

ئایا دەکرێت ئەم سیستەمە لە ڕێگای ریفۆرمەوە چاكبکرێت؟

10/05/2022

پێش هاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بە هەزاران پەرتووك و توێژینەوە و وتار لەسەر ئەم بابەتە نوسرەاون و بە دەیەهاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە.  لەبەر ئەوە ئەم نوسینە نەك ڕەنگە جێگای ڕەزامەندی گەلێك نەبێت، بە دڵنیایییشەوە مایەی قەناعەتکردن بە هیچ کەسێکیش نییە بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.

هەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز هەبووە بەرانبەر بە سیستەمی مەوجوود. تێڕوانینی یەکەم کە تێڕوانینێکی باو و سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە  گۆڕانکاریی ڕەت دەکەنەوە و ڕادەستی سیستەمەکە بوون. تێروانینی دووەم دەزانن کە ئەم سیستەمە کەم و کوڕی هەیە و بەڵام تا ئێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بە خۆیەوە دیوە. بە ڕای ئەمان  دەکرێت بە بەردەوامی لە نێو هەناوی خۆیدا ڕیفۆربکرێت و باشتر ببێت.  بۆ ئەمەش باوەڕيان بە هەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان هەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ڕیفۆرمیستیان لێبنێین.  لایەنی سێیەم کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگە و پاساوەکانیان ڕەتدەکرێتەوە ، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە هەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕینی بە سیستەمێك کە کۆمەڵی  ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.

من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە.  ڕەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی هەموو ئارگویمێنیتکەران چونکە کەسێك نییە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵی ئایندە بکات جگە لە پێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت هەتا هەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بە ڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت.  بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بە ئامارەوە  گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم .

هاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و کەنەدە بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بریتانیا گرفتێك لەوێدا نابینم.

بریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەڕلەمانی جیهانی و یەكێكە لە وڵاتە گەوەرکان کە کۆڵۆنایزی گەلێك و ڵات و نەتەوەی کردووە ، هەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لە دەوڵەمەندی  و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە،  دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لە ژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە. 

من لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم زۆرێك لە لایەنەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی هەر زۆر بە کورتی  بە ئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لە سای سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.

یەکەم: ژیان بە گشتی لە بریتانیا: ژیان لێرە ڕۆژ بە ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت .  گرانییەك کە بریتانیا لە دوای حەفتاکانەوە و هەندێك لە توێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بە خۆیەوە.  من لە زۆرێك لە پۆستە فەیسبووکییەکانما و لە نوسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لە گەوەرەبوندایە، داهاتی خەڵکی لە داکشاندابووە زۆر لە پێش شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە.  پێش شەڕەکە  بانقی ناوەندی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا داهاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە ڕادەی داهاتی ساڵانی پێش 2010 وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە.  بی گومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین  بە هۆی ئەم جەنگەوە لە ساڵی 2023 دا ئەمە ڕوونادات.  هەندێك لە ئابووریناسەکان دەڵێن لە ساڵی 2030 دا داهات بە داهاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 ڕێکدەبێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە کە ڕاپرسی لەسەر کراوە لە بریتانیا 2 ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو [ڕوشد] ناتوانن کە هەموو ڕۆژێك خواردن بخۆن بە هۆی گرانییەوە، واتە هەر لە 7 کەسی ڕوشد یەك کەس . ئەم گرفتە لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە بڕی لە سەدا 57 زیادی کردووە .

وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناهەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە بۆ نموونە وەزیری هاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە هەر دوو ساڵ جارێک گوایە ئەمە بۆ هەر سەیارەیەك 23 پاوەند دەگێڕیتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانی هەموان.  وەزیری پەروەردە، نەدیم زەهاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێك زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەرگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێكی دایەن و دایەنگا بۆ  دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.

لە ساڵی 2010 و تاکو ئێستا حکومەت بە بڕی لە سەدا 60 بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردۆتەوە ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە هەروەها لەسەر هونەر و کولتوریش.

کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر [ ئێلیت] و کرێکاران  بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە.  بە گوێرەی توێژینەوەیەك و ڕاپرسییەك کە ساڵێك زیاتر پێش لە ئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی هەندێك لە کۆمپانیاکان [ بەڕێوەبەرە گەورەکان] کە 350 کەسن بڕی موچەیان 53 جار ز یاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە 43 بەڕێوەبەریان موچەیان 100 جار زیاترە لە کرێکارێکی ئاسایی.  موچەی ساڵانەیان لە 15.5 ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر 8 ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە-یە.   

دووەەم:  وزەو سووتەمەنی: غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل بە گشتی لە هەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە بەڵام لە بریتانیا بە ڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە.  لە سەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بە ڕێژەی لە سەدا 54 چوەتە سەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکەی حکومەت لە سەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت  و ئەو کاتە کۆمپانیاکان لە بەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن.  ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم چەند ڕۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی لە ماوەی  3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا  5 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ هەمان ماوە، 3 مانگ.  هەر ئاواش کۆمپانیای ‘ شێڵیش’ ش بۆ هەمان ماوە 7.3 ملیار پاوەندی قازنج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 30 پێنس زیادی کردووە . 

ڕاستە بەشێكی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان هاتنە دەرەوەی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا و بوونی شەڕەکە و بەردەوامبوونێتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت .  هەڵئاوسانی پارە لە مانگی ئازاردا لەسەدا 7  بوو کە زیاترە لە 30 ساڵ لەمەوبەر و وا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا 10.  هەموو ئەمان لانی کەم داهاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند دابەزاندووە.

ڕاستییەك هەیە کە ڕێژەی بێ کاریی زۆر نزمە بەڵام ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێك بکەن کە کرێیان لە خوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێك کەسیش وێڕای کارکردنیان بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنەتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین.  ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو لەوانەی کە کار دەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکت-ن واتە بێ گرێبەستیی و هیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و  هۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە ، هەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی هەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت.  هاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشار و هەراسانکردنی دەزگەی سۆشیال ڕزگاریان بێت و هیچ نەبێت  یەك دوو دانەیەك لەو بیمانەی کە وەری دەگرن بەردەوام بێت.

سێیەم : بەشی تەندروستیی: لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا هەموو کارئاساییەك بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تا ڕادەی فەرامۆشکردنی هەندێك بەشیان.  هەندێك لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە هەموو خەستەخانەیەکدا هەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە هەر بە سێ خەستەخانە یەکێك لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن.  کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەست دەهێنێت.  لە سەر و 6 ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.  خەستەخانەکان نزیکەی 5 هەزار دکتۆر و 40 هەزار نێرسی دیکەیان پێویستە.  زۆر جار نەخۆش لە بەشی ئیمێرجنسی 24 کاژێر و هەندێك جاریش 48 کاژێر چاوەروان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، هەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێك چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.

لە بواری دانسازیشدا ورەدە وردە لە سای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێك لە عیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لە ساڵی پارەوە زیاتر لە 2000 دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێهێلاوە ، ژمارەیان 23،733 دکتۆر بووە لە کۆتایی ساڵی 2020 و دابەزیوە بۆ 21،544 . لە ئێستادا وا خەمڵێنراوە کە 4 ملیۆن کەس لە بریتانیا بێ دکتۆری ددانن.  لە هەندێك ناوچەدا بۆ 100،000 کەس تەنها 32 دکتۆری ددان هەیە.

چوارەم: پرسی خانووبەرە و بێ جێگا و ڕێگایی:  کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی  و بێ ڕێگایی لە ساڵی 1979 وە کە مارگرێت تاچتەر هاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لە گەورەبوون و فراوانبوودایە . هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لە لایەن حکومەتی موحافیزینەوە، هاوکاتیش تاچتەر یەكێك لەو ڕیفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy  بوو واتە مافی کڕین.  بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لە خانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بە داشکاندنی 15 هەزار پاوەندی ئەو کاتە .  لە ساڵی 2015 دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ 50 هەزار پاوەند. بێ گومان ئەم سیاسەتە نەك هەر وای کرد کە  ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوە و بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بە خاوەنکارەوە کە لە کاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێك بیر لە مانگرتن بکەنەوە چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لە لایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا.  هاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بە هێنانی سلفەوەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.

بێ گومان هۆکاری دیکەش هەن بۆ ئەمە هەر وەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لە لە کاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، هاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە و کڕینی خانوویەکی زۆر لە لایەن نەك هەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو.  ئەمانە هەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بەسەر دەبەن دانا.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ڕێژەی ئەوانەی کە لە سەر شەقامەکان دەژین لە ساڵی 2010 وە تا ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 38 زیادی کردووە.

پێنجەم: منداڵان لە سای حوکمی لیبراڵدا: لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنهاباڵ [ واتە هەر خۆی لە تەك منداڵەکانیدا دەژی]  و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن.  لێرە بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین ، بە هاتنی ئەمساڵیش 350 هەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونوسکران . خراپی ژیان و گێرمە و کێشەکانی، ژیانی خێزانی هەڵوەشاندۆتەوە  و ئیدمانبوونی زۆرێك بە مادە هۆشبەرەکان و خراپ مامەڵکردنی منداڵان تا ڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لە لایەن خودی خێزانەکە و دەور و بەرە نزیکەکەیانەوەیە، هەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێك لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان هەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بە ئاگابوون لە منداڵان .  بەڵام هەندێك لەم منداڵانە لە  تەمەنی مێردمنداڵییاندا ڕووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە هۆشبەرەکان و شەڕ و چەقۆ وەشاندن دەبنەوە ئیتر دەنێرێنە شوێنێك کە پێی دەڵین Custody [ بەشی ئاگالێبوون – ڕیعایە] هەم بۆ گەورەکردن و هەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ ڕزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە هەیانە.

بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی [The National Audit Office ] کە لە ساڵی 2021 دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا 53 ئەو منداڵانەی کە لە بەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن . پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لە کەستەدین لە ساڵی 2024 دووقات ببێتەوە.

هەفتە نییە لە شارێک لە شارەکانی بریتانیا چەندەها کەس  بە چەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لە ژن و گەنج و تا دەکاتە پیرە پیاو و پیرێژن ، بەشێك لەمانە مێردمنداڵانن کە بە هۆیەك لە هۆکارەکان ئاڵاون لە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە لایەن گەوەرەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردهێنرێن. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بە ڕێژەی لە سەدا 14 سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی ناسیاویانەو ڕووداوێکە کە هەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.

شەشەم: دیمۆکراتیی و ئازادیی:   کە باس لە دیمۆکراتی دەکرێێت وادەزانرێت هەر هەموو دەزگەکان لە هەموو بوارەکاندا بە هەڵبژاردنە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن .  ئەوەی کە گرنگە بە هیچ شێوەیەك دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لە دروستکردنی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان ، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی ، دانانی یاساو ڕیساکان ، کەمکردنەوە و زیادکردنی باج و دانانی ڕاوێژکارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە دانانی دادوەر و سەرۆکی پۆلیس  و دەزگە سیخوڕییەکان و سەرۆكی بانق و  بەڕیوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگەکانی دیکە بە دەنگدان نییە.

سەبارەت بە ئازادیی-ش لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە ئازادییەك نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سییاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بە هەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگەی سیخوریدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئازادیی نییە لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا.  کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر جاودێری سەر و مڕی پۆلیسدان لە کات داواکردنی ئیش دا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەهۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایە و بەو شێوەیەش ئەو کەسە لە وەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت .

هەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیاتر دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری 1150 گرپی چەپەکان کردووە و چوونەتە ناویانەوە.  لەم ماوەیەدا 131 پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە.  ئەمەش لە سەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان هەڵەخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لە سەریان لە پارەکەوە  لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لە ڕۆژی سێ شەمەوە، 09/05/ وە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردۆتەوە.

من پێشتر بە دەیەها بەڵگە و ئامارەوە بە وتار و پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.

حەوتەم: گەندەڵی و  ڕسوایی [ فەزیحە]: ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا هەیە وێرای هەبوونی  میدیا و سۆشیال میدیایەکی چالاك و لایەن و دەزگەی وەچ دۆگ و هۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا هەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە هەر لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و هیندستان و نایجیریا و …  بەڵام تەنها جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بە یاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە.  من لەسە رئەمە لە ساڵی 20111 دا وتارێکی دوور و درێژم نوسی بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەك کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی موحافزین کەسەکان هەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم  و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات ، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەری هەڵداوە بە دەیەها ئابڕوچوون و گەندەدڵی لە حکومەت دەرکەوتووە.

هەشتەم : پرسی ژینگە: باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لە سەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێكە بە مرۆڤیشەوە لە سای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لە هیچ  شوێنیکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت .  ڕووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تا ڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی هەموو شتێك وەکو چۆن پارەکە لە کوردستاندا ڕویدا ، لافاو و تۆفان ڕوداوێکن کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر و بە دەوامتر ڕوودەدەن.  باوەڕ ناکەم کەسێك هەبێت نکوڵی لەمە بکات .  ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەك خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسە و دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان. .

ئەنجامگیریی

من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم هەموو گیروگرفتەی هەبێت و ساڵ بە ساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت  ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی هەر سێ حیزبە سەرەکییەکە : پارتی موحافیزین ، پارتی کرێکاران [لەیبەر] پارتی لیبراڵ دیمۆکرات هەر هەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ  بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream  ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە.   ڕاستە ‘پارتی کرێکاران’  لێرە [ بریتانیا] کە هاتە سەر حوکم چەند ڕیفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ هاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لە داهاتی خانەنشینان بەڵام هاوکاتیش سسیتەمی کاری هاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکای شارەوانی زیاتر کرد ، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستان کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابییانی زانکۆی بڕی و کردی بە قەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن.  قەرزی قوتابییانی زانکۆ کە ساڵانە لە 9 هەزار پاوەندەوە دەسیتپیدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان ڕەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.

با واز لە هەموو ئەو ئامار و ئاماژانە کە من لەم وتارەدا  پەنام بۆ بردوون بهێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوە و پشتی پێنەبەستین ، بەڵام حەقیقەتێك هەیە ، واقیعێك  هەیە و تەرجومەی ژیانیحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بە ساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتمییان خراپتر دەبێت.  من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم چونکە هەموومان ئەوە لە ژیانا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین هەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بە تێپەڕینی 12 ساڵی ڕەبەق کە 3 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێکرد و پاش فشارێکی زۆری  گروپە فشارییەکانیش  ئەی بۆچی لە هەلبژارادنی ئەندامانی شارەونییەکانی ڕۆژی 5 ی ئەم مانگە [ ئایار] دەنگدەر سزای حیزبی حاکمیان دا نزیکەی 400   کورسییان لەدەست چوو؟ بڵیی خەڵکی بە هەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و هەستیان بە باشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم هەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵك بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بە پرسی ژینگە ، ئازادیی ، کوژرانی ژنان ، قورسبوونی ژیان ، چاكسازی لە خەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرە و بێ جێگا و ڕێگایی..؟

حوکمڕانانی بریتانی نەك هەر لە باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانیانا شکستیان هێنا بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لە ڕێگای گۆڕیینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان هێنا : نموونەی زیندوو عێراق ، سوریا ، لیبیا ، ئەفغانستان .  ساڵانە لە ئەفغانستان 4.5 ملیار پاوەندیان سەرف کردووە بەڵام لە کۆتاییدا تالیبانیان هێنایەوە سەر حوکم.

بێ گومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایتستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بە کردنی  داخوازییەکانی  بزنس بە یاسا بۆ هەژارکردنی هاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی “یاسا شکێنان” .

لایەنگری لە دەوڵەت و سیستەم بە دانی لەسەدا 80 موچە بۆ ئەو  کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا هەمویان هەمان سیاسەتیان بەکار‌هێنا.  مەسەلەکەش لە مرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو.  دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە 28 ملیۆن کرێکار لە بریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە ، جگە لە پرۆتێست و ڕاپەڕین و دەستبەسەراگرتنی هەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ 28 ملیۆن کرێکار لانی کەم 40 ملیۆن کەس بە موچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵك چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقار و کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەبا و  سوتەمەنی بداتەوە ، ئایا بزنس لە دەوڵەت خۆش دەبێت لە حاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.

بۆ ئەمە دەوڵەت 5.2 ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە 3.5 ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا  و بزنسی ساختە کە هەندێکیان هەر وجوودیان نەبوو.  حکومەت لەم بڕە پارەیە 2 ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە . ئەوەشی کەماوەتەوە لە غەر غەرەدایە.  ئەمە هاوکارییەکەی دەوڵەت بوو .    

Zaherbaher.com

هیچ هێز و دەوڵەتێك نییە بتوانێت لەبەردەم هێزی جەماوەردا خۆی بگرێت

10/05/2022

ڕەنج و قوربانییەکانیی خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەرانی سری لانکە چوە قۆناغیکی دیکەوە .  پاش بەردەوامبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایی و فروانبوونی، ڕۆژی هەینی ڕابوردوو حکومەت ناچار بوە کە حاڵەتی ئیمێرجنسی ڕاگەیەنێت ، بەڵام ئەمە نەك هەر دادی حکومەت و دەوڵەتی نەدا بەڵکو بەنزینێك بوو کرا بە سەر ئاگردا بۆیە دوێنێی دووشەمە ، 09/05 نارەزایییەکان و مانگرتنی گشتی توانی هەنگاوێکی دیکە داخوازییەکانیان بەرنە پێشەوە.

دوێنێ پاش هێڕشی پۆلیس و هێزە بەکرێگیراوەکانی دیکە 5 کەس لە خۆپیشانداران گیانیان لەدەست دا و 200 پۆلیسیش بریندار بوو.  دواجار خۆپیشاندەران هێڕشیان کردە سەر ماڵ و ئۆفیسی سەرەک وەزیران ، میهاندە ڕاجەپاکەسە کە پێشتر واتە لە نێوانی 2005 بۆ 2015 سەرەك کۆمار بووە،  و ئاگریان تێبەردا.  بە پەلە هێزێ پۆلیس و هێزی ڕزگارکەر توانییان سەرەک وەزیران و خێزانەکەی ڕزگار بکەن لە سوتان.  هاوکتیش خۆپیشاندەران دایان بەسەر زیاتر لە 12 کۆشك و خانوی زۆر ناوازەی وەلاکەرانی سەرۆك وەزیران و سەرۆک کۆمار و ئاگریان تێبەردان.

میدیا دەڵێت کە سەرۆكی دەوڵەت کە برای سەرەك وەزیرانە ڕۆژی هەینی داوای لە براکەی کردووە کە دەست لەکار بکێشێتەو بۆ ئەوەی کە بارودۆخەکە هێور ببێتەوە و ئەویش بتوانێت لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە، بەڵام ئەم تاکتیکە سەری نەگرت و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بووە کە بەرەو ئەوە دەڕوات کە سەرەک کۆمار خۆشی دەست لە کار بکێشێتەوە یاخود بە هەزاران کەسی نێو ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان ، بکوژن.

شارستانی و گرفتی قەڵەوی و کێش زیادبوون

08/05/2022

شارستانی چەندێک خۆشی و سەفای بۆ خەڵکی هێنابێت لەوە زیاتر نەهامەتی بۆیان هێناوە.  هەر بە هۆی شارستانیەوە کە بە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەزانین سەدەها نەخۆشی سەری تێکردوین کە کاتی خۆی چەند جۆرێك لەم نەخۆشیانە یا هەر نەبوون یاخود بە دەگمەن بوون.

میدیای بریتانی بە هەندێكیان دەڵێت نەخۆشی دەوڵەمەندبوون و دەوڵەمەندەکان،  بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر نەخۆشی هەژارەکانە کە بەشێکی زۆری بە هۆی کەمدەستی و هەژارییەوە هەم ڕووبەڕویان دەبێتەوە و هەم توانا و پارەی چارەسەریانیان نییە .

لەو نەخۆشیانە نەخۆشی قەڵەوی و کێش زیادبوونە . بە گوێرەی راپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی  ساڵانە لە ئەوروپادا 1.2 ملیۆن کەس بە هۆی کێش سەرکەوتن و قەڵەوییانەوە دەمرن.

ئەو ڕاپۆرتە دەلێت هەر بە هۆکاری ئەم دەرەدوە هەر لە ئەوروپادا ساڵانە 200 هەزار کەس توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و دەمرن.

ڕاپۆرتەکە زۆر وردەکاری تێدایە لەوانە :

+ لە سەدا 59ی دانیشتوان کە تەمەنیان پێگەیشتوە واتە ڕوشدن و لە سەدا 8ی منداڵانێک کە تەمەنیان لەژێر 5 ساڵەوەیە کێشیان زیادە

+ ئەوروپا لە سەری سەری ئەم لیستەوەیە لە جیهاندا،  تەنها لە دوای ئەمەریکاوەیە.

+ قەڵەوی و کێش زیادیی دەبێتە هۆی نەخۆشی ئێسقانەکانی هەیکەلی عەزمی و نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشی دڵ و لانی کەم 13 جۆری شێرپەنجە بە قەڵەوی و کێشی زیادییەوە بەندن.

+ لە هەندێك وڵاتی ئەم کیشۆرەدا [ ئەوروپا] لەوە دەکات ئەم نەخۆشییە لە مەترسی جگەرە کێشان لەسەر تەندروستی تێپەڕێنێت.

+ لە ئەوروپاشسدا بریتانیا لەدوای ئیسرائیل و ماڵتا و تورکیاوە دێت ، واتە چوارەمە لە قەڵەویی دانیشتوانەکەیدا.

+ پیاوان زیاتر ڕووبەروی قەڵەوی و کێش زیادیی دەبنەوە لە ئەوروپا، گەر چی لە ئەوروپادا ڕێژەی قەڵەوی پیاوان لە سەدا 22  و هی ژنان لە سەدا24.

+ هۆکاری ئەم قەڵەوبوونەش ڕژێمی خواردن و جووڵەنەکردن و کەمکردنی ڕاهینان و پێشەوچوونی دیجیتەڵە واتە لە زۆر وەخت و بۆ زۆر شت پیویست ناکات لە ماڵ دەرچیت دەتوانیت لە ئۆن لاین ئۆردەری بکەیت: خواردن ، کاڵاکان ، دانی پارەی قائیمەکانی غازو ئاو و کارەبا و دانەوەی قەرز و زۆری تر .