All posts by azadebram

ئەو جەنگەی کە بە یەك تەلەفون دەکرێت بووەستێرێت ، وا مانگی سێیەمیشی تەواو دەکات: 

زاهیر باهیر

08/05/2022

جەنگێکە بەردەوامە کە تەنها بە تەنها لە قازنجی ئەمریکا و بریتایا و سەرمایەدارنی جیهانە لە زەرەروو زیانی خەڵکی ئۆکرانیا و سەراپایای گەلانە.

جەنگێکە کە بە تەلفونێیکی کەمتر لە 30 چرکە تەنها و تەنها بە 6 وشە لەگەڵ زێلێنسکیدا دەوەستینرێت : ” بڕۆ وتووێژ بکە تۆ ئازادیت”. بەڵام ئەوە ڕوونادات چونکە لە قازانجی سیستەمەکەیە ، لە قازانجی دەوڵەت و دەوڵەت مەدارانی بریتانیا و ئەمریکا و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکانی دونیایە. ئەمان دەیانەوێت ئەو جەنگە درێژە بکێشێت ، ئەمان ئەوەندەی بیر لە هاوکاری حکومەتی ئۆکرانیا و ناردنی پارە و چەك و تەقەرمەنی نوێ بۆ ئەوێ دەکەنەوە، گەر چواریەکی ئەوە بیریان لە ئاشتی و ئاگربەستی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بکرادیەتەوە ، ئەگەر چواریەکی ئەو هەوڵ و کۆششە دیبلۆماسییانەی کە سەرفی دەکەن بۆ هاندانی زێلینسکی لە بەردەوامیدان بە جەنگ و وەستان لە وتووێژ و هاندانی دەوڵەتەکانی دیکە بۆ هاوکاری دارایی و عەسکەری حکومەتی ئۆکراینا، ئێستا دەمێك بوو ئەو شەڕە وەستا بوو.

خێرە کە ئەمەریکا 33 ملیار دۆلاری دیکە کە 20.4 ملیار لەمە نرخی  نوێترین چەك و تەقەمەنی عەسکەرییە بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت؟ خێرە کە سەرەك وەزیرانی بریتانیا 1.3 ملیار پاوەند تەرخان دەکات بۆ هاوکاری سەربازیی ئۆکرانیاو ناردنی چەکی نوێ دژ بە ڕوسیا؟  ئایا ئەمە بۆ مەبەستی مرۆڤایەتییە؟ ئایا ئەمە بۆ لێدان و مەحفکردنەوەی فاشییەتە ؟ ئەی ئەگەر ئەمەندە بە بە زەیی و دڵسۆزن ئەو هەموو ملیۆن کەسە  لە هاووڵایانی خۆیان لەو پەڕی ناخۆشی و برسێتی دا ژیان دەبەنە سەر بەڵام ئەم مرۆڤ و مرۆڤ دۆستانە بۆ هاوکاریان نابن ؟ کرێکارانێک خەبات دەکەن، مان دەگرن بۆ پێنسێ ، سێنتێ زیاتر بە هەزار شەرەشەق ئەگەر بۆیان زیاد بکرێت . بۆجی ئەمەیان بەلاوە نامرۆڤانەیە ؟ بۆچی مەنعی دروستکردنی نقابەیان لێدەکرێت ؟

ئەو کەسەی کە باوەڕ بە چەمکی مرۆڤدۆستی و مرۆڤایەتی ئەمەریکا و بریتانیا بکات ، یا لە نەخوێندنەوەی مێژووەوەیە ، یا لە گێلییەوەیە یاخود لە بەرژەوەندی کەسایەتی یاخود چیانیەتییەوەیە.

ئایندە و برسێتی

07/05/2022

دوای ڕوودانی جەنگەکە بۆ زۆربەمان دەرکەوت کە ئۆکرانیا و ڕوسیا چ سەنگێکی سیاسی و ئابوورییان هەیە. ئۆکرانیان یەکەم نێرەری دانەوێڵەیە دوای دانەوێڵە پەینی کیمیاوی یاخود مەوادی بەپیتکەری زەوی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ئۆکراینا ساڵانە 33 ملیۆن تەن لە گەنم بەرهەم دەهێنێت و لەمەش 20  ملیۆن تەنی هەناردەی دەرەوەی خۆی دەکات، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی جەنگەکەوە مەترسی ئەوە هەیە کە دروێنەی گەنم بە ڕێژەی لە سەدا 35 دابەزێت لە چاو ساڵانی پێشتردا.  بێ  گومان جەنگەکە لە سێ لاوە کارایی خۆی دادەنێت لە سەر ناردنە دەرەوەی گەنم .  یەکەم: بە هۆی کەمی بەرهەمهێنانەوە .  دووەم:  مەترسی درێژە کێشانی جەنگەکە بۆ ئەمەش دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕێگرە لە ناردنە دەرەوەی گەنم و دەیانەوێت هەموی ئەمبار بکەن بۆ کاتی پێویستی خۆیان .  سێیەم: لە سەدا 90 گەنمی هەناردە لە ڕێگای بەندەرەوە دەڕوات کە لەسەر دەریای ڕەشە ، بەڵام لە ئێستادا دەریای ڕەش بە سنوری ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە دەورەی گیراوە و ڕێگا نادات هیچی ئۆکرانیا بگاتە دەرەەوەی خۆیان.  بەم هۆیەشەوە نرخی گەنم لە مانگی ئازاردا لە جیهاندا بە بری لە سەدا 20 سەرکەوت. ئۆکرانیا لە هەناردەکردنی پەینی کیمیاوی و مەوادەکانی بەپیتکردنی زەویش لەگەڵ روسیادا ڕۆڵی سەرەکی هەیە بەڵام بە هۆی جەنگ و گەمارۆدانی بەندەرەوەکانی سەر دەریای ڕەش لە لایەن روسیاوە ، هەرناردە ناکرێن ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی دەوری هەیە لە زیادنەکردنی بەروبوومی دانەوێڵەدا .

بێ گومان سەرکەوتنی ئەم نرخە هۆکاری دیکەشی هەیە لەوانە گوڕن لە ژینگە و کەشوهەوا کە پارساڵ  زۆر گەرم بوو ڕۆڵی خۆی هەبوو لەسەر بەرهەمهێنانی گەنم لە ڕوسیا و هیندستان و ئەمەریکاش. هەروەها ئۆسترالیا و کەنەدەش کە بەرهەم‌هێنەرێکی باشن ئەوانیش بە هۆی گەرمای ساڵی پارەوە ئەوەندەیان بەرهەم نەهێنا ، گەرمی ساڵی پار وڵاتانی خواروی ئاسیاشی گرتەوە ئەوانیش ئەوەندە دەغڵو داننیا بەرهەم نەهێنا ئەمە جگە لەو شوێنانەی کە شەڕی لێ هەیە وەکو سوریا و یەمەن و ..

بەم هۆیانەی سەرەوە ئابووریناسەکان وا پێشبینی دەکەن کە ساڵی ئایندە برسێتی لە زۆر شوێندا بڵاودەبێتەوە.

پرۆتێستەکانی سریلانکە بەردەوامن

07/05/2022

زیاتر لە 6 هەفتەیە پرۆتێستەکانی سریلانکە دژ بە حکومەت کە پێداویستییەکانی ژیان لە مەوادەکانی بژێوییەوە تا دەگاتە دەرمان و غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆلین ، لە تەواوبووندایە و حکومەتیش لەبەر ئەوەی کە چاوەڕوانی پێدانی قەرزی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات لە توانایدا نییە چارەسەری کێشە ئابوورییەکان بکات.

پرۆتێست و خۆپیشانەدانەکان بە ڕادەیەك فراوان و بەهیز بوون کە بووە هۆی دەست لەکار کێشانەوەی سەراپای کابینەی وەزیرەکان جگە لە برا و برازای خودی سەرەك کۆمار نەبێت . لە لایەکی دیکەشەوە مانگرتنی گشتی لە لایەن تەواوی خەڵکەوە دەستی پێکرد ، بۆ سەرکوتکردنیشیان حکومەت 85 هەزار پۆلیسی خستە سەر شەقامەکان و بریار و یاسای حاڵەتی تەواریی بۆجاری دووهەم دەرکرد . جاری یەکەم لە 01/04 وە بۆ 14 /04 ئەوە ئێستاش جاری دووهەمە .  حالەتی تەواریش یانی دانی دەسەڵاتێکی زۆر بە پۆلیس لە گرتن و دەسگیرکردنی هەر کەسێك کە “یاسا بشکێنێت” بێ ئەوەی کە پارێزەر و دادوەر و دادگە مافی دەستتێوەردان و بەرگرییان لە بەندکراوان یا دەسگیرکراوان هەبێت و  هەروەها بانگەوازی سوپا بۆ هاوکاری پۆلیس لە سەرکوتکردنی خەڵکیدا.

داخوازی خەڵکی لە زەمانەتکردنی پێداویستییەکانی ژیانەوە تێپەڕیوە و ئێستا داوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیرانیش دەکەن.

پاشەکشەی ئەمریکا لە یاسایەکی 49 ساڵیی

04/05/2022

ڕاستە ئەمەریکا سەرچاوەی پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا و ساماندارە هەرە گەورەکانی دونیا و خاوەن زانکۆی گەورە و وڵاتێکی زۆر گەورەی کشتیاریی و پیشەسازییە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچێك لەمانە بەڵگە و ئاماژە نین بۆ نەبوونی هەرژاریی خەڵکانێکی زۆری ئەمەریکی و بەرزی ڕادی ڕایسیسزم و جوداکاریی و تاوان و کوشتنی هاووڵاتییان و  دینداریی و پێشەوەچوونی ڕادی ڕۆشنبیری خەڵکەکەی.

ئەوەی کە ئێمە لەسەر کۆمەڵی ئەمەریکا دەیبیستین ، کۆمەڵێکی زۆر دواکەوتوو و زۆربەیان زانیاریی وایان لەسەر وڵاتانی دیکە و زانیاری تەندروستی و زانیاری گشتی و دەرەوەی ژیانی خۆیان نییە.

لەهەموی خراپتر دینداریی و هەیمەنەی دینداران لە سەر کۆمەڵ و حکومەتی ئەریکییە کە ئێکجار گەوەرە و کارایە.  کە بەداخەوە کە ئەو کاراییە لەسەر توێژاڵێکی یا زۆربەی گەلی ئەمەریکی زۆر دەکەوێت .

ساڵی 1973 لەوێ، ژنان توانییان ئازادیی لەباربردنی کۆرپەلەیان بەدەستبهێنن ، گەرچی بزوتنەوەیەکی گەورەی توندڕە و دژ بەو ئازادییە هەر لەو کاتەوە بەردەوامە تا ڕادەی کوشتن و هەڕەشەکردن لە ئەو دکتۆر و نێرسانەی کە کۆرپەلە لەباردەبەن و سوتاندنی چەند عیادەیەك و گردبوونەوە لەبەردەم عیادەکانا و ڕێگەگرتن لەو ژنانەی، کچانەی کە دەیانەوێت کۆرپەلەیان لەباربەرن.

ڕؤژی دووشەمە، 02/05/22 دادگای باڵای ئەمەریکی بە بڕیاری زۆرینەی دادوەرەکان بڕیاری یاساخکردنی لەباربردنی کۆرپەلەیان داو و کۆمەڵی ئەمەریکییان بۆ ساڵانی پێش 1973 گێڕایەوە.

خراپی ئەم بڕیارە و بوونی بە یاسا دەبێتە هۆی لەدەستدانی گەلێك لە ژنان و کچانی دووگیان بەو کۆرپەلانە، کە لە کاتێکدا پەنادەبەن بۆ لەباربردنی کۆرپەلەکانیان لە شوێنی ناتەندروست و نەشیاو و ناپسپۆڕو نەشارەزادا ، لە لایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی کۆیلەبوونی زیاتری ژنان و کچان بە دەست منداڵێکەوە کە نەیانویستووە بییانبێت ، هاوكاتیش دەبێتە هۆی زیاتر هەژاری و برسێتیان کە لە کاتێکدا ناتوانن کاربکەن و حکومەتیش  ئامادە نییە وەکو پێویست ئاسانکارییان بۆ بکات و بییمەی منداڵان و کارئاساییکردن لە باخچەی منداڵان و خوێندندا برەوی پێبدرێت و چارەسەری تەواوی بۆ بکرێت .

سەبارەت بەم بڕیارە نوێیە ڕۆژنامەنوسێك قسەیەکی زۆر جوانی کرد.  ئەەو وتی ” دەکرێت وڵاتێک دیمۆکراتی بێت کە هاووڵاتیانی مافی دیمۆکراتییان لەسەر لەش و جەستەی خۆیان نەبێت ؟”

شەڕی بە وەکالەت

زاهیر باهیر

01/05/2022

بەداخەوە بەردەوامبوونی شەڕەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەم شەرەی نێوانی ڕسیا و ئۆکرانی شەڕی بە وەکالەتی ناتۆ و غەرب و ئەمەریکایە لەگەڵ ڕوسیادا. گەرچی وەکالەت بێت یاخود ڕاستەوخۆ هە جەنگێکە دژی خەڵکانی هەژار و ئاسایی لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا بۆیە زەروورە کە دژ بە جەنگ بین و لەوەش گرنگتر دژ بە سیستەمی جەنگ و جەنگدروستکردن، بین.

وردە وردە لەڕێگای زلهێزەکان و ژنان و پیاوە بەرپرسەکانیانەوە لە سای ڕاگەیاندنەکانیان ئەو شەڕی بە وەکالەتە باشتر بۆ ئێمە ڕووندەبێتەوە .  هەر بۆ نموونە با چەند قسەیەکی گەورە بەرپرسانی جیهانی بە بەڵگە بهێنمەوە:

+ سەرەکوەزیرانی بریتانیا ، بۆریس جۆنسۆن، لە سەفەرەکەیدا بۆ ئۆکرانیا ئامۆژگاری زێلنسکی کرد کە وتووێژ لەگەڵ ڕوسیادا نەکەن.

+ Liz Truss وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە وتەکانی کە لە مانشن هاوس دای وتی : سەرکەوتنی تەواومان دەوێت زائیدەن ڕزگارکردنی تەواوی بەشە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا بە جەزیرەی قەرم-یشەوە ” زەرووراتی ستراتیجییە”  بۆ غەرب .  تەنانەت قسەشی بۆ ناتۆ و ناوی ناتۆوە کرد : بۆ غەرب.

وتی ” ئەگەر پوتین بیباتەوە ئێمە هەرگیز هەست بە سەلامەتی ناکەین” . دیارە دەشیوێت کە پوتین پێش هەڵبژاردنی گشتی بریتانیا بروات تاکو سەرکەوتنەکەیان  ببێتە دەسکە گوڵی پارتی موحافیزین بۆ هەڵبژاردنەوەیان.

+ ڕای ئەمریکییەکانیش ڕەقتر بووە بەرانبەر ڕوسیا. بۆ ئەمەش لەم ماوەیەدا بایدن وتی : من لەسەر قسەکەی مانگی ئازارم سوورم . کە وتی  ” پوتین ناتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە” .  ئەمە لەلای زۆرێك لە ڕۆژانامە نوسانوە بە  ‘ گۆڕینی ڕژێم ‘ لە قەڵەم درا ، گەرچی ئەو نکوڵی کرد بەڵام خۆی لە راستیدا یان جێنگی ڕژێم .

  وەزیری بەرگرییەکەشیی Lioyd Austin  لە ئێستادا دەلێت : دەمانەوێت ڕوسیا بۆ هەمیشە ” لاواز ببێت” تاکو هەرگیز توانای نەبێت کە هەڕەشە لە دراوسێکانی بکات .

ناتۆ و غەرب و ئەمەریکا هەتا بۆیان بکرێت شەڕەکە بە وەکیلەکەیان دەکەن واتە بە ناڕاستەو خۆ نەك بەڕاستەوخۆ ، کە ئەمەش وەك ەڕۆژنامەنوسێکی مەشوری  ڕۆژنامەی گاردیان وتی : ناتۆ وەك نەخۆشێك وایە بەڵام نکوڵی لیدەکات ، لە ڕاستیدا بە چەند پێوانەیەك ناتۆ لەگەڵ ڕوسیادا لە جەنگدایە.

پرۆتێست سەبارەت بە پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە و گیانلەبەران 

30/04/2022

دوێنێ شەمە، 30/04/22 ، بزوتنەوەی پاراستنی ژیانی ئاژەڵ و باڵندە و گیانلەبەر لە چەند شارێکی بریتایان دایان بەسەر 20 لق لە یەکێك لە سوپەرمارکێتە گەورەکانی بە ناوای ‘ مۆریسن ‘  ، لەو شارانە:  گلاسگۆ، برادفۆرد و غەربی سەسێکس.  بۆ ئەم مەبەستەش جلی قەسابییان لەبەر کردبوو تاکو ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە لابردنی مریشکەکان لەڕەفەکانیان، نیشان بدەن.

 ئەوان دەڵێن مریشکەکانی ناو دەواجنەکان بە مادەی کیمیاوی بەخێو دەکرێن تاکو بە ڕێژەی لە سەدا 400 زووتر گەورە ببن لە بەرانبەر ماوەی ئاسایی گەورە بوونیانا.

پرۆتێستی گروپی Just Stop Oil

28/04/2022

ئەمڕۆ 5شەمە ، 28/04 ، 35 چالاکوان لەو گروپە دایان بەسەر بەنزیخانەیەی کۆمپانیای شێڵ دا لە سەر ڕێی سەریع [ مۆتۆڕوەی] لە دەرەوەی لەندەن و  پەمپەکانیان شکان و ڕێگایان لە سەیارە گرت کە لەوێ بەنزینی تێبکەن .

 گەنجێکیان  بە ناوی Nathan کە 22 ساڵە وتی ” من ڕەتی دەکەمەوە کە هەر دانیشم ببینم تەوژم و شەپۆلی گەرمی و وشکەساڵی خەڵکی لە دونیادا لە باشووری جیهاندا بکوژێت و خیزانەکان لە بەردەم بژاردەی خۆگەرمکردنەوە یاخود برسێتی، بن .  ئەگەر سیاسییەکانا و بیرۆکراتەکان ڕەفزی ئەوە بکەن کە شتێك بکەن ئیتر ئەوە دەکەوێتە سەر شانی خەڵکانی ئاسایی کە ئەوە بکەن کە ئەوان نایکەن” 

 

ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا پلانەکەی پوتین تەکمیلە دەکەن: 

زاهیر باهیر

28/04/2022

پێش ئەوەی کە کرۆکی مەبەستەکەم ڕون بکەمەوە، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئۆکارانیا یاخود ناتۆ هەرچییان کردبێت و پێشینەیان هەر چۆن بووبێت بەو مەرجەی کە پلانی هێڕشکردنە سەر ڕوسیایان دانەنابێت ، شتێک نییە کە پاساوی هێڕشی دەوڵەتی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بکات ، دوای ئەوەش ئەوەی کە سوپای ڕوسیا و پوتین دەیکەن لەوێ وێرانکاری و کوشتن و بڕنی خەڵكە واتە سوتاندنی تەڕ و وشك بە یەکەوە ئەوەی دڵی هەبێت و مرۆڤایەتی هەبێت دەبێت دژی جەنگ بێت بەلام بۆ ئەوەش دەبێت ددژی سیستەمەکە بێت نەك بە تەنها دەوڵەتی ڕوسیا و یا ئۆکرانیا.

هاوکاتیش ئەوەی کە ناتۆ و وڵاتانی غەرب دەیکەن تەنها و تەنها تەواکردنی پلانەکە ی پوتینە و وێرانکردنی تەواوی ئۆکرانیایە و کردن بەشێکی زۆری گەلەکەی بە کۆچەر و پەنابەر ، کە لە ئێستادا زیاتر لە 11 ملیۆن لە خەڵکەکەی دەربەدەری وڵاتان بوون.

 ئەوەی ناتۆ و غەرب دەیکەن بە دانی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا و هەرا و هۆریای هاوپشتی و ئەم شتانە بۆ وەستانی شەڕ نییە بۆ “سەرکەوتنی” ئۆکرانیا بەسەر ڕوسیادا نییە ، خۆیان زۆر باش دەزانن لەگەڵ ئەو هەموو یارمەتییەی ئەواوند بە هەر هەموو شێوەیەك تەنانت بە هەبوونی کەتیبە سەربازییەکانیشیان لە ئۆکرانیا و ڕاهێنانکردن بە بەشێك لە سوپای ئۆکرانیا لە بریتانیا و لە پۆڵندە و لە خودی ئۆکرانیا خۆیدا، کەچی هێشتا سوپای دەوڵەتی روسیا هەر لە هێڕش و هاتنەپێشەوە و وێرانکاری زیاتری ئۆکرانیا بەردەوامە.

لای من دوو مەرج هەیە بۆ وەستانی ئەم شەڕە :

یەکەم: هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ناتۆ و غەرب دژ بە ڕوسیا بێ گومان ئەمە نەك ڕەنگە ڕوسیا تێكبشکێنێت بەڵکو بەشێکی جیهانیش لەناو بچێت لە سەرەنجامی بوونی جەنگەکە بە  جەنگی هێزی ناوکیی.

دووەم : بانگکردنی ڕوسیا بۆ سەر مێزی لیدوان و کردنی سازش لە هەردوو لاوە . واتە دانی شتێك بە ڕوسیا ، دەنا ڕوسیا ڕازی نابێت . هاوکاتیش  دیژکەمکردنی ڕوسیا [ پاشەکشە] لە بەشێك لە داخوازییەکانی .

بێ گومان گریمانی دووەم باشترین حەلە .  گەر چی ئەندامانی ناتۆ و وڵاتانی غەرب دەڵێن کە ئەم شەرە دژ بە ئەوروپا هەموویەتی ، بەڵام هاوکاتیش وەکو ئەوروپا هەمویان داوای لێدوان و ئاگربەستی ناکەن ، تەنانەت ڕیگاش بە زێلینسکی –ش نادەن کە بە کراوەیی و ئازادییەوە وتووێژ لەگەڵ ڕوسیادا بکات .  بەڵام ناتۆ و غەرب ئەوەیان ناوێت ، ئەوان دەیانەوێت ئۆکرانیا بە تەواوی وێران ببێت تاکو :  کۆمپانیاکانیان قازانجی زیاتر بکەن لە سەرمایەگوزاریدا، تاکو بە تەواوی لە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵك لە هەموو شوێنێك دەدەن، تاکو مەزاج و ڕادەی ڕایسیسزم و پێکەوەنەژیانی ، پێکەوەکارنەکردنی ڕوسییەك و ئۆکرانییەك بگاتە ڕادەی خوێنڕشتن بە ئەستورکردنی ڕک و کینەی نێوانیان، تاکو سەرمایەداری تەمەنی درێژتربێتەوە ، تاکو هەیمەنەی ناتۆ و سیستەم و خودی دەوڵەتەکانی بە هەیبەتتر بن ، تاکو چەکە نوێیە دروسکراوەکان بە تەواوی تاقی بکرێنەوە و چەك و تەقەمەنی زیاتر بفرۆشرێت ، تاکو بە تەواوی وڵاتانی سکەندناڤیاش دەبنە ئەندامی ناتۆ …… 

نا بۆ دەوڵەت بە هەموو ئاست و ئیدیۆلۆژییەکانیەوە. خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی کۆمەکی و پێکەوەژیانێکی سەرتاسەریی ئازاد.

جیهان نۆرمان

22/04/2022

خەباتی ڕادیکال دژ بە فاشیستەکان و نازییەکان ، لە ئەوروپای پێش و پاش جەنگی جیهانی دووەم، هەر ئەو دەستە ئەنارکیست و کۆمۆنیستانە بوون کە بە هەمان هەڵوێست لە خەباتدا بوون دژ بە بەرەی «دژە فاشیزم» ی باڵەکانی چەپ و ڕاستی دەوڵەت.  فاشیزم بەرهەمی ئەو بارو و زروفەیە کە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایە لە قەیراندایە و شیرازەی بەرێوەچوونی دەستەڵات و کۆمەڵ لە بچڕان و تێکچووندایە. ناکۆکییە چینایەتییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە، ململانێی نێوان باڵەکانی نێو دەوڵەت، نێوان خودی سەرمایەداران لە گرژی و رقە بەریدایە. پێداویستی ڕاگرتنی سەلامەتی گشتی سەرمایە و دەوڵەتەکەی دژ بە مەترسی سەرهەڵدانی راپەرینی گشتی چەوساوەکان، هەل و مەرجێکی خولقاوە بۆ دەستەیەکی توندڕەوی نێو دەستەلات تا بتوانێت بە زەبری داپڵۆسین و تۆقاندن، خۆ بەختکەرانە، بەرژەوەندی سەرمایە بپارێزن. ئەوەی ناو نراوە بە فاشیزم هەر بەرهەمی سروشتی دەسەڵاتی دیمۆکراسی سەرمایە خۆیەتی . توندڕەوی و بەکارهێنانی زەبر و زۆر لە لایەن دەوڵەتەوە تەنها پەیوەندی بە نەزعەو سایکۆلۆژی کەسەکانی نێو دەستەلاتەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ هەڵقوڵاوی سروشتی دڕندانە و دژ بە مرۆڤ و دژ بە ژیانی سەرمایە خۆیەتی.

هەلوێستی ڕاست، هەر لە سەر ڕێبازی هاوڕێیانی ڕابووردوو، وەك لە سەردەمی جەنگی جیهانی «دووەم» دا، لە ئیتالیا، لە ئەڵمانیا، لە ئیسپانیا، لە هۆڵەندە، لە بەلژیکا، فەرەنسا…، خەباتە دژ بە هەموو بەرەکانی دەوڵەت، دژ بە هەموو ئیدیۆلۆژییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایە، چ فاشیزم، چ دژە فاشیزم. چەوساوەکان تەنها یەك بزووتنەوە و یەك ئامانجی چینایەتیان هەیە، ئەویش لە ناوبردنی چەوساندنەوەی مرۆڤە، لە ناوبردنی تێکدانی ژیانە لە لایەن دەوڵەتەوە، لە لایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانیەوە.

سەرکەوتو بێت یەکیەتی بزووتنەوەی چەوساوەکان بۆ کۆمەڵگەیەك، بۆ پێکەوە ژیانێکی بێدەوڵەتی ئازاد و کۆمەك.

لیبراڵ، فاشیی، چەپی دەسەڵاتخواز

زاهیر باهیر

23/04/2022

چەمکێك نییە ناوی حکومەت و دەوڵەتی دیمۆکراتی بێت مەگەر لە لای لیبراڵەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان و چەپە دەسەڵاتخوازانی ئەنتی فاشیی.  حکومەت یا ڕاستتر دەوڵەت کە مانایەکی فراوانتر و هەمە لایەنە دەگەیەنێت هەموویان لە ناوەرۆکد یەكن کە داپڵۆسەر و سەرکوتکەر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کەمایەتییەکی زۆر کەم و سیستەمی کاری کرێگرتە و کۆیلایەتییین.  بۆ ئەمەش دوو جۆر، دوو شێواز لە حوکمڕانیی بە گوێرەی پێویستییان، دەگرنەبەر .  شێوازێکیان ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە ئەوروپا دەیبینین کە ناوی دەوڵەتانی دیمۆکراتیی و مەدەنی و پێشکەوتوویان بەسەردا بڕاوە ، شێوازی دووهەمیان سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینە ئاشکراکەیە، کە لە ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناوین وڵاتانی دیکە دەیانبینین.

ئەم دوو شێوازە وەکو وتم خزمەتی دەسەڵات و مانەوەی دەکەن کە پەیوەستە بە مانەوەی سیستەمەکەوە بۆ ئەمەش حکومەتەکان یا دەوڵەتەکان پۆلینە کراون:  ئەمیان فاشییە و ئەویان لیبراڵە و ئەوی تریان چەپە.  ئەوەی کە لیبراڵ دەکاتە فاشی و ” دەوڵەتی فاشیی” دەکاتە لیبراڵ و چەپ،  تەنها و بە تەنها بڕ و ئاستی بەرگریکردنە [ مقاوەمەیە].   لە هەر شوێنێك بەرگریی و بەگژاچونەوەی خەڵکی بۆ دەستپێوەگرتنی مافەکانیان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوو،  ئەوە کام لەو دەوڵەتانە چەپن و لیبراڵێکی باشن بێ سێ و دوو دەبنە دەوڵەتێك یا خود  حکومەتێکی فاشییی لە بەرانبەریانا.  لەم بارەیەوە بە دەیان نموونەمان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرە فاشیی و لیبراڵ و چەپی دەسەڵاتخوازە،  بە بەردەوامی لە بەهێزکردنی یەکدیدان.  ئەوەی کە پێی دەوترێت فاشیی، لیبراڵ و چەپ بەهێز دەکات و هاوکاتیش چەپ و لیبراڵیش فاشی و فاشییەت بەهێز دەکەن، کە لە ناوەرۆکدا هەمویان ئامانجی سەرەکییان دەستگرتنە بەدەوڵەتەوە و پارێزگارییە لە سیستەمی مەوجوود، بۆیە هیچ جیاوازییەکیان لەو بارەو نییە .

هەر با تەماشای فەرەنسا بکەین ئەوەی ئیمانوێل مایکرۆنی هێنایە سەر حوکم لیبراڵەکان نەبوون بەڵکو لی پان و حیزبەکەی بوون کە بووە هۆی یەکگرتنی چەپ و نقابە و لیبراڵ و سۆشیالدیمۆکرات لەژێر دروشمی ئەنتی فاشیدا و لە مەترسی هاتنە سەرحوکمی فاشییەتدا دەنگ بە ماکرۆن درا و هێنرایە سەر حوکم .  پاش 4 ساڵ حوکمڕانی ماکرۆن نەك هەر هیچی نەکرد بۆ کرێکاران و کۆمۆنێتی ئەو نەتەوانەی کە لەوێ  جێگیر بووبوون بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانەوە،  بەڵکو زۆر شتی خراپتری کرد و ویستی بیکا وەکو ریفۆرمی کار و سەر کار، لێدان لە نقابەی کرێکاران ، بەرزکردنەوەی ساڵی  تەمەنی خانەنیشیکردن ، زیاتر فشار و بەستدانان بۆ سەر موسڵمانان ڕێگرییکردن لێیان بە بەکارهێنانی یاسای دژە تیرۆر، هەموو ڕێگرییەك لە کۆچبەران و پەنابەران و زۆری تر، لەگەڵ ئەمانەشدا هێستا بۆ 4 ساڵی دیکە ئەم کابرایە هەڵدەبژێرێتەوە و  دێتەوە سەر حوکم .  بۆچی؟ چونکە چەپ و نقابە و سۆشیالدیمۆکرات پێیان باشترە کە دەنگ بە شەیتانی بچوك بدەن تاکو شەیتانی گەورە، دەنگ بۆ مەترسی کەمتر یا بچوکتر بدەن تاکو لە بۆ مەترسی زیاتر یا گەورە تر.

بەم شێوەی ئەنتی فاشیی کە ئایدۆلۆژیی هەناوی چەپەکان و دروشمی سەرەکییانە ڕۆڵی خراپی خۆیان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا بینیوە و دەبینن.  بۆ نموونە لەم جەنگەی ئەمڕۆی ڕوسیا و ئۆکرانیادا،  پشتگیری لە حکومەتی ئۆکرانیا دژ بە ڕوسیا دەکەن لە ژێر ناوی ئەنتی فاشییەتدا، ئەنتی ئیپریالیزم دا ،  هەندێکیشیان پشتگیری لە پوتین و دەوڵەتی ڕوسیا لەژێر ناوی ئەنتی ناتۆ ، ئەنتی غەرب ، ئەنتی سەرمایەدارییدا، دەکەن.

بە کورتی ئەوانەی کە ئەنتی فاشین و ئەنتی ئیمپریالیستین مەرج نییە ئەنتی سەرمایەداریی بن ، بەڵام هەمو ئەنتی سەرمایەدارییەك بێ هیچ جۆرە گومان و دڵە ڕاوکێیەك دژ بە فاشییەت و بە ڕایسسیزم و هەموو جۆرەکانی جەنگن، چونکە دەزانن ڕەگ و ڕیشەی و ئەوانە لە خودی سیستەمەکەدایە، پێچەوانەی ئەوان، ئەنتی فاشیی، کە ئاوا تێدەگەن کە جەنگ و بێ کاری و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی هی دەوڵەت و حکومەتی خراپن، گرفتەکە حکومەت و دەوڵەتی خراپن نەك خودی سیستەمەکە.

Zaherbaher.com