All posts by azadebram

ئازادیی و ددیمۆکراسی لە بریتانیادا

09/06/2022

5 ساڵی خایاند تاکو  چەند ڕاستییەك دەربارەی هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی 2017 ی بریتانیا دەردەکەوێت .  لەو کاتەدا جێرمی کۆربن سەرۆکی پارتی لەیبەر [ کرێکاران] و تریزە مەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی حیزبی موحافیزین بوو .  جێرمی کۆربن کابرایەیەکی چەپ و پاشەڵپاك و سۆشیالیتە.  لە سەروبەری هەڵبژاردنەکەدا خاوەنی مانیفێستێکی ڕادیکال بوو  واچاوەڕوان دەکرا کە هەڵبژاردنەکە بباتەوە.

چەند ڕۆژێك پێش هەڵبژاردنەکە کۆمپانیای YouGove  پۆلێکی [ ڕاپرسییەك]  لە ناو خەڵکدا ڕیكخستبوو بەڵام ئەنجامەکەیان بڵاو نەکردەوە، کەس یش پرسیاری هۆکارەکەی نەکرد. ئێستا پاش 5 ساڵ یەکێك لە کارمەندانی کۆمپانیای یوگۆڤ کە چیتر لەوێ کارا ناکات  ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکومەت بەربەستێکی گەورەی داناوە بۆ ئەوەی  ئەنجامی ئەو پۆڵە بڵاونەکرێتەوە ، کۆمپانیاکەش لەبەرە ئەوە بڵاوی نەکردۆتەوە.  ئەو کارمەندە پێشینەی کۆمپانیاکە کە ناوی کریس کارتسە لەم ڕۆژانەدا  ئاشکرای کرد کە ئەنجامی پۆڵەکە وابووە  کە بە چەندەها میل حیزبی لەیبەر لە پێش حیزبی موحافزینەوە بووە، ترسی ئەوە هەبووە بڵاوکردنەوەی ببێتە هۆی ئەوەی کە جێرمی کۆربن سەرۆکی ئەو کاتەی حیزبی لەیبەر هەلبژاردنەکە بباتەوە .

 کریس کارتس دەڵێت ئەگەری بڵاوکردنەوی ئەو زانیارییە  بووە هۆی شڵەژانێکی جددی لە کۆمپانیاکەدا. هەر لە درێژەی  قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە پەڕلەمانتاری حیزبی موحافیزین ، نەدیم زەهاوی، هەڕەشەی کردووە بە دەست لەکارکێشانەوەی ستیڤن شکسپیر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یوگۆڤ  ئەگەر سەرەنجامی پوڵەکایان هەڵە دەرچوو.  کریس دەلێت  ” نەدیم زەهاوی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری جێبەجێکارەوە، ستیڤن شکسپیر، کرد و وتی ئەگەر ئەنجامی پوڵەکەیان هەڵە بوو داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکات.” کریس دەڵێت ئیتر بۆ هەموومان ڕونبووەوە کە ئەگەر هەڵەبین ئەوە هەموومان کارەکانمن لە دەست دەدەین.  

لات سەیر نەبێت کە ….

09/06/2022

لات سەیر نەبێت کە نیوەی زیاتری دکتۆرەکان و زۆینەی نێرسەکانی کە لەبەشی خزمەتگوزاری  تەندروستی نیشتمانی بریتانیادا  کاردەکەن لە ولاتانی دیکەوە هاتوون.

بریتانیا نەك هەر لە سیاسەتی بە تاڵانبردن و ڕوتکردنەوەی سامان و کەرەسەی خاوی بڕێك لە وڵاتانی دیکەدا بەردەوامە، بەڵکو لە توانا و ئەزموونی مرۆیشدا هەر بەردەوامە .

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە ئاماژە بە ژمارەی دکتۆر و نێرسەکانی بەشی خزمەتگوزاری  تەندروستی نیشتمانی بریتانیا دەکات زانیاری سەرسامکەریان تێدایە:

  • بەشی نەخۆشی و چارەسەر زۆرێك لە دکتۆر و کارمەندەکانیان لە دەرەوەی ئەوەروپا و وڵاتانی ناوچەی ئابووری ئەوروپا بەکاردەهێنینن.  بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی گشتی پزیشکیی تەنها 7،377کە لە سەدا 37  لە کۆی 19،977 کە لە ساڵی 2021 دەستیان بەکار کردوە، شەهادەی بریتاییان هەیە.
  • زۆربەی دکتۆرە بێگانەکان لە هیندستانەوە دێن کە خۆیان 600 هەزار دکتۆریان پێویستە هەروەها لە پاکستانەوە کە ئەوانیش 200 هەزار دکتۆریان پیویستە . ئەمەش لای زۆرێك وەکو پرسێکی ئەخلاقی دەردەکەوێت کە بریتانیا لێی بێ بەشە بە بەکارهێنانی دکتۆری ولاتانێک کە خۆیان زۆر پێی زەروورن.
  • لە ساڵی 2021 دا، 1645 دکتۆر لە هیندستانەوە و 1629 لە پاکستیانەوەو 1250 لە میسرەوە و 1197 لە نایجیریا و 522 دکتۆریش لە سۆدانەو کاریان لە بەشی خزمەتگوزاری تەندروستی بریتانیادا کردووە. ژمارەی هەموویان بە ڕێژەی سەدی 31.3 دەکات کە دوو لەسەر سێی ئەو دکتۆرانە دەکەن کە ناوی خۆیان لای ئەنجوومەنی گشتی پزیشکیی تۆمار کردووە.
  • هەر ئاواش ژمارەی مامان و  نێرسی هاوردە لە ساڵی : 2021/2022 کە لە وڵاتانی دەرەوەی بریتانیا و ئەوروپاوە هاتوون و کاریان لێرە کردووە 23،408 کەسن کە 3000 نێرس و دکتۆر لەمانە لە نایجیریاوە هاتوون.  ئەم ژمارەیەی ساڵی 2021 و 20122 ،  9 جار زیاترە لە ژمارەی نێرسەکانی ساڵی 2017 – 2018

مانگرتنی کریکارانی قیتارە ژێرزەمیینییەکان [ ئەندەرگراوند]

06/06/2022

ئەمڕۆ، دوو شەمە، 06/06/22 لە لەندەن 4000 کرێکاری محەتەکانی شەمەنەفەرەکانی ژێڕزەمینی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر مانیانگرتووە ، کۆتایی مانگرتنەکە سبەینێ ، ڕۆژی سێ شەمە ، سەعات 8 ی بەیانی دەبێت.

مانگرتنی ئەم کرێکارانە بەشێکی سەبارەت بە سەلامەتی بەکارهێنەرانی محەتە و قیتارەکانە کە بە هۆی ئەو بۆشاییەی [ شاغیر ] کە هەیە لە بوون و تەعینکردنی ستافدا کە 600  شاغیرە دروستبووە .  کاتی خۆی ئیدار بەڵێنی بە نقابە دا کە ئەو شاغیرانە پڕ بکاتەوە ، بەڵام ئێستا پەشیمان بووەتەوە ، ئەمەش وای کردوە کە کە نقابە پیداگریی لەسەر ئەوە بکات ، ئەمە جگە لەوەی کە بەتەنگهاتنەوەی بەکارهێنەرانی محەتەکانە و سەلامەتییانە ، بەڵکو گەر ڕێگا بە ئیدارە بدرێت ئەمە بکات بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی دیکەدا هەوڵی دەرکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران دەدات .

مانگرتنی ئەمڕۆ تا ڕادەیەك تەواوی قیتارەکانی ناو لەندەنی وەستاندووە و زۆرێکیش لە محەتەکانی داخستووە.  کرێکاران و کارمەندانی قیتارە ژێرزەمینییەکان و سەر زەوی ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە گەیاندنی کرێکاران و کارمەندان و هەر هەوو ئیشکەرانی دیکە بۆ سەر کارەکانیان ، کە ڕۆژانە زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس قیتار بەکاردەهێنن لە هاتووچۆیاندا .

ماوەیەکی زۆرە کە کرێکارانی بەشێك لە هێڵەکانی شەمەنەفەر لە لەندەندا لە ناکۆکیدان لەگەڵ ئیدارەدا لە سەر پرسی سەلامەتی و کرێی زیادە و دەرنەکردنی کرێکاران کە نزیکەی سێ مانگە،  بەڵام لە کاتی جیا جیا و ڕۆژانی جیا جیادا دەیکەن . بە هۆی پەتای کۆرۆناوە بەکارهێنەرانی قیتار و پاسەکان زۆر زۆر کەمی کرد ئەمەش بووە هۆی هاتنەخوارەوەی دەرامەتی پاس و قیتار و نوقسانی بودجەیان .  دەوڵەت 15بە بڕی  ملیار پاوەند هاوکاری کرد دیار بوو لەبەر بزنس بوو نەك بۆ هاوکاری کرێکارەکان ، بەڵام ئەم کەمە پارەیە ئەو بۆشاییەی کە لە بودجەدا هەیە پڕ ناکاتەوە.  ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە کە نقابە داوای پارەی زیاتر دەکات و حکومەتیش ئامادە نییە، لەو بارەشدا ئیدارە بۆ بەڕێکردنی کار و کرێکاران بەو بودجە کەمەوە دەبێت بەشێك لە کرێکاران دەرکەن و گوێش نەدەنە سەلامەتی بەکارهێنەرانی قیتارەکان.

هەر ئەمڕۆ کرێکارانی بەشی ئەدمینی نقابەی دائیرەی بەرید و پۆست لە مانگرتندان.

ئەوە جەنگی ئابوورییە کە کارایی زیاتری هەیە نەك جەنگی سەربازیی

زاهیر باهیر

04/06/2022

مێژوو و ئەزموونەکان پێمان دەڵێن جەنگ، هەر جۆرە جەنگێك بێت دۆڕاوی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوان و هاووڵاتیانن لە خەڵکە هەژار و ئاساییەکە. کۆتایی هەموو جەنگێکیش بە سەرکەوتنی لایەنێك لە هەڵگیرسێنەرانی جەنگ کۆتایی دێت و دۆڕانی ئێمە. جەنگی نێوانی دەسەڵادارن، دەوڵەتەکان  هەر جۆرێك بن جەنگێکی ڕەوا نییە و پشتگیرکردنی هەر لایەکیان هەڵە و نادروستە.

 لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیادا، لە لابەلاکردنەوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە  پێشبینییەکانی هەردوو لا بە هەڵە دەرچوون.  پوتین وا پێشبینی دەکرد کە لە دوو هەفتەدا یاخود لە مانگێکدا دەتوانێت ئۆکرانیا داگیربکات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ مەرامەکانی خۆی ملکەچ بکات.  ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆش وایان پێشبینی دەکرد کە ڕوسیا لە ماوەیەکی کەمدا تێدەشکێی و قۆناخی سەردەمیش لە قۆناخی مەترسی ڕوسیا و شەڕی سارد و گەرم تێدەپەڕێنن و پشتی وڵاتانی وەکو چین و بێلەڕوس و ئێران و سوریا و وڵاتە دۆستەکانی دیکەی ڕوسیا دەشکێنن.  بەڵام واقیع پێچەوانەی بیرکردنەوە و تاکتیکەکانی هەردوولایان ڕۆیشت.

ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە چەکی گەمارۆدانی ئابووریی و فشار خستنە سەر ڕوسیا و تەریککردنی زیاتری، بە زەرەری ئەمەریکا و ئەوروپا و سەراپای جیهان گەڕایەوە زیاتر لەوەی کە ببێتە چەکێك بۆ چۆکدادانی ڕوسیا و کشانەوەی لە ئۆکراینا و ڕازیبوونی بە مەرجەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی* .

شەڕەکە سەد ڕۆژی تێپەڕاند و ئامارەکان و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تا رادەیەکیش ئەمەریکایە کە لە پێگەیەکی لاوازی ئابووریدان، کە بە دوایدا لاوازی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی  و دەسەڵاتیان دێت.  هەر ئەمەشە کە ئێستا هەر هەموویان ڕازین بە وتووێژ و دانوستاندن بەڵام لە هەڵوێستی بەهێزیی ئۆکرانیاوە نەك لەم پێگە لاوازەی ئێستایدا تاکو هەژموون و کرێدتی خۆیان و ئۆکرانیاش بپارێزن . بەڵام وڵاتێک چەند شار و شارۆچکەیەکی داگیرکرابێت زۆریکش لە ئۆفیس و کۆمپانیا و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکرابێت و لە سنوری دەریای ڕەشەوە  ئابلوقە درابێت، چۆن دەکرێت کە بەهێز بکرێت بۆ کاتی وتووێژ؟ 

هەر هەموویان بە نهێنی ئەوە دەدرکێنن کە چارەیەکیان نییە جگە لە سازشکردن و وتووێژ  لەگەڵ پوتین –دا ، بەڵام تەنها ئەمریکایە و هەندێك لە ئابووریناسەکان و ڕۆژنامەنوسەکانن کە بە ئاشکرا ئەوە دەلێن.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا  هێنری کیسنجەری کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکی و سیاسەتمەدار وتی ”  ڕەنگە کۆتایی شەرەکە بەوە بێت کە ئۆکرانیا بڕێك لە خاکەکەی لەدەست بدات” بایدن و ئەوانی دیکەش نایشارنەوە کە تاکە ڕێگایەك وتووێژ و دانوستاندنە.  ڕۆژی سێ شەمە، 31/05 ، جۆ بایدن بە  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وت ” داگیرکردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی دێت بەڵام ئەمریکا دەبێت چەک و تەقەمەنی بەرچاو دابین بکات بۆ ئەوەی بەرزترین کاریگەری لەسەر مێزی دانوستانەکان بدات بە ئۆکرانیا”.

ئەم وەرچەرخانە لە بۆچوون وهەڵوێستدا چۆن ڕووی دا؟

لە کاتێکدا زیاتر لە 40 دەوڵەت هاوکاری و هاوپشتی ئۆکرانیایە، بە سەدەها ملیار دۆلار هەم وەکو کۆمەکی مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان و هەم وەکو دانی چەك و تەقەمەنی قورس بە سوپای ئۆکرانیا دراوە. ئەمە  جگە لە سەرفکردنی وەخت و پارەی دیکە لە ڕاهێنانی بڕێک لە سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی چەکە نوێیەکانی  کە لە ئۆکرانیا و پۆڵۆنیا و لە بریتانیا بەڕێدەکرێت بە چونی پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانە.

لە سیاسەتی بۆیکۆتی نەوت و غازی ڕوسی،  ڕوسیا نەك هەر زەرەری نەکردووە بەڵکو بە هۆی فرۆشتنیانەوە بڕی قازانجی نەوت و غازی، بەرزتر بۆتەوە. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ  لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵداساڵی 2022 دا، پوتین  شانازی بە زیادە حیسابی ئێستاوە دەکات کە بە بڕی ٩٦ ملیار دۆلار (٧٦ ملیار پاوەند) –  بەهای غاز و نەوت زیادی کردووە کە سێ ئەوەندەی ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی 2021 دەکات.

 کاتێک یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا قەدەغەکردنی بەشێکی خۆی لە هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا ڕاگەیاند، ڕوسیا بەمەش زەرەری نەکرد بەڵکو قازانجی کرد، چونکە  تێچووی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕوسیا سوودێکی دیکەی دارایی بەدەستبهێنێت.  

ڕووسیا هیچ کێشەیەکی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە [بەدیل] بۆ وزەکەی، هەناردەی نەوت و گاز بۆ چین لە مانگی نیساندا زیاتر لە سەدا 50 لە بەرانبەر ساڵانی پێشترا زیادی کردووە. هەروەها هیندستان هەر لە سەرەتاوە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشو نەوتی لە ڕوسیا کڕیوە و دایناوە لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەم بارودۆخەی دەکرد.  کڕینی نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستانەوە و دەوامدان بە سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ ڕوسییادا ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە هیندسستان نیگەران کرد .  هەر زوو وەزیری دەرەوەی بریتانیا خۆی گەیاندە هیندستان و ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ بە هەڵوەشاندەنەوەی ئەو سیاسەتە ڕازی بکات .  بەڵام نەك هەر ئەوان ڕازی نەبوون کورد وتەنی کچی خۆیان نەکردە قوربانی کوڕی خەڵکی، بەڵکو جوابێکی ئاواشیان پێدان سڕیان کردن و جارێکی دیکە نەتوانن ئەو داوایە لە حوکمڕانانی هیندستان بکەن.

سەرباری ئەمانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات ئەمساڵ ئابووری بە ڕێژەی  لە سەدا 8.5 دابەزێت بەهۆی داڕمانی هاوردەکردن لە ڕۆژئاوا. بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە وڵاتانی گروپی 7 دا [G7 ] کێشەیەکی ترە.  لە  بەرواری 18/05/22  ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەو وڵاتانی گروپی 7 دا ئاوا بووە:  بریتانیا بە ڕێژەی لەسەدا 9، [بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵدا ] ئەمەریکا لە سەدا 8.3 ، ئەڵمانیا لەسەدا 7.14 ، کەنەدا لە سەدا 6.8 و ئیتالیا لەسەدا 6 ، فەرەنسا لە سەدا 4.8 ، یابان لە سەدا 1.2  .

هەڵئاوسانی پارەش یانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی خەڵك کە هەر هەموو شتێك گران بووە و گرانتریش دەبێت .  هەر بۆ نموونە لە بریتانیادا کە نرخی غاز لە مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی لە سەدا 54  سەرکەوت، لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەم ڕێژەیە زیاتر سەر دەکەوێت دوای ئەوەی کە گرێبەستی نێوانی حکومەت و کۆمپانیاکانی غاز لەسەر وەستانی بەرزبوونەوەی نرخ لە ڕادەیەکدا ، کۆتایی دێت ، ئەو کاتە وا پێشبینی دەکرێت کە ماڵێکی ئاسایی نرخی غازیان لە نێوان 700 بۆ 800 پاوەند لە ساڵێکدا زیاتر بدەن.

لە ئەنجامی جەنگەکەدا، ئابووریی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی قۆناغێکی گەشەسەندنی خاو یان نەرێنی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتری پارە دەبێتەوە. ئابووریناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بارودۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشوو کە هەڵئاوسانی پارە زۆر سەرکەوت.  لە لایەکی دیکەوە بەڕیوەبەری  بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت: “لە ئێستادا، سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕن.  ئەمە  لە کاتێکدا44 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن “

یەکێتی ئەوروپا نەك هەر پێشنیاری ڕاگرتنی دانی پارەی بە ڕوسیا  لەلایەن وڵاتانی نزیک لە ڕووسیاوە کردووە، بەڵکو یەکێتی ئەوروپا  دژایەتیشیان دەکات.  بەڵام ئەمە کارێکی لۆژیکانە نییە چونکە هەندێك لەو وڵاتانە زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن؛ ئەڵمانیا 12%ی نەوتەکەی و 35%ی غازەکەی لە روسیا دەکڕێت، هۆڵندە لە سەدا 15 ، ئەو ئامارانەش لە هەنگاریا زۆر زیاترن.    ڕەنگە سزاکان زیانیان بە توانای قەرزکردنی ڕووسیا گەیاندبێت، بەڵام تەنها بەرزبوونەوەی لە سەدا 70ی  نرخی غازی جیهان، هاوسەنگیی [باڵانسی] پارەی ڕووسیای زیاد کردووە.  زیادەی مامەڵەی بازرگانی ڕوسیا بە گوێرەی حیسابی ئێستای، بەپێی بانکی ناوەندییەکەی، لە ئێستا لە سێ هێندەی ئاستی پێش شەڕەکە، زیاترە.

ئەمانە هەموی تا ڕادەیەك دەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە سزادانی ڕوسیا  بە ئاشکرا زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا کە ئەو سزایانە دەسەپێنن.    ئەم گەمارۆیە نرخی دانەوێڵەکانی بە ڕێژەی لە سەدا 48 بەرزکردۆتەوە بە بەراورد بە ساڵی  2019، ئەمەش بازاڕەکانی وێران کردووە، بەتایبەتی لە سەرانسەری ئەفریقادا.  هاوکاتیش  بەهای ڕۆبڵ گەر چی لە سەرەتادا شکا بەڵام ئێستا هەڵساوەتەوە و بەرزیش بووەتەوە. ڕوسیا لەو گەمارۆیەی کە لە سنوری ئۆکرانیا لەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشی داناوە کە ناهێڵێت دانەوێڵە و بەرهەمەکانی دیکەی ئۆکرانیا هەناردەی وڵاتانی دیکە بکرێت ، روسیا گەنمەکەی خۆی بەو نرخەی کە دەیەوێت دەیفرۆشیێت .  کەواتە هەندێك لە زەرەر و زیانەکانی شەڕەکە هەر خودی شەڕەکە و سزادانەکانی ڕوسیا، خۆیان  قەرەبووی ڕوسیا دەکەنەوە. بە واتایەکی دیکە ڕوسیا جەنگەکە بە پارەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات.  

لەم ماوەیەدا ئەمەریکا و ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیان سەلمێنرا کە چی دی ئەم شەڕە لە ڕێگای جەنگی سەربازییەوە نابرێتەوە و ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا چی تر ناتوانن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن. دەبێت  بیر لە کردنی  سازش و وتووێژ لەگەڵ پوتین-دا بکەنەوە و بایدن لە ڕۆژی دووشەممە، 23/05  گەیشتە ئەو قەناعەتە و ڕایگەیاند کە ئەمریکا “سیستەمی موشەکی کە توانای گەیشتنە ناو ڕوسیای هەیە “ بۆ ئۆکرانیا نانێرێت. . لەوەدەکات پاش قسەکردنی نێوانی پوتین و سەرکردەکانی فەرەنسا وئەڵمانیا کە ڕۆژی شەمە، 28/05 بۆ 80 خولەك ئەنجام درا کە لەو تەلەفونەدا پوتین هۆشداری  لە بەردەوامی گواستنەوەی چەکی ڕۆژئاوایی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا داوە. لەوە دەکات ئەو هەڕەشەیەی پوتین هەڵوێستی بایدن-ی گۆڕیبێت کە وڕاوەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی موشەکی دوور هاوێژی مەدای 165 کیلۆمەتری بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.   تا ئێستا تەنها ئەو موشەکانە دراون بە ئۆکرانیا کە مەدای هاویشتنیان لە 70 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات ئەویش بەو مەرجەی کە نەنرێت بە ناو ڕوسیاوە.

ئەنجامگیریی

ئەوەی کە ئێستا ڕوونە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستدایە ئەوەیە کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوونادات گەرچی ڕەنگە ئەم شەڕە ماوەیەکی دیکەش هەر بەردەوام بێت.  ئۆکرانیا بە تەواوی وێران بووەو ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنەوەی لە ئێستادا بە بڕی زیاتر لە تریلیۆنێك دۆلار خەمڵێنراوە ، نزیکەی 11 ملیۆن کەسی ئاوارە بووە کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر. هاوکاتیش لەوە ناکات کە پوتین بە بێ مەرج لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و ئەوروپاش بۆیان دەرکەوت کە گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی کە لەسەر ڕوسیایان دانا زیاتر لەسەری خۆیاندا شکاوەتەوە، ئەنجامی ئەمەش لە لایەن هاووڵاتیانیانەوە بە هیچ شێوەیەك قەبوڵناکرێت و ئەمە جەنگێکی ئابوورییە دژ بە خەڵکی و  تەحەمول ناکرێت و سەرەنجام دەبێتە هۆی پرۆتێستی گەورە و ڕاپەڕینیش، بۆیە دەکرێت کە ئەوروپا ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت و سازش لەگەڵ پوتین-دا بکەن لەسەر حسابی زەوی و خاك و گیانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا.

گەر ئەمەش ڕووبدات کە گریمانی زۆری هەیە ، بێ گومان پوتین لەم جەنگەدا براوە دەبێت و چی تر ئەمەریکاو سەرکردەکانی ئەوروپا ناتوانن بە هیچ تەماشای بکەن، هاوکاتیش بەها و ئەرزشی ناتۆ و پێشبڕكێی چەک لە لایەن ئەمەریکاوە وەکو پێشتر نامێنێت.

*تکایە بۆ زانیاری لەسەر گەمارۆ و سزای ئابووریی تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە کە من لەو وتارەی ناوەڕاستی مانگی مارت-دا پێشبینی سەرەنجامی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانم لەسەر ڕوسیا کردووە.

https://emrro.com/sizaugemaroy.htm

Zaherbaher.com

مانگرتنی کرێکارانی دائیرەی پۆست لە لەندەن

05/06/2022

دوێنێ شەمە، ٤/٦/٢٢ ، ٣٥٠٠ کرێکاری دائیرەی پۆست بەرید لە ١١٤ ئۆفیسدا وەستان لە کار و مانیان گرت. مانگرتنەکایان پەیوەندی بە داخوازییەکانیانەوە هەیە کە پارەیەکی کەمیان بۆ زیاد کراوە کە لە کاتێکدا تێچووی پێداویستییەکانی ژیان بە ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتون . پاش وتووێژێکی زۆر ئیدارە ساڵی پار بڕیاری دا کە بە ڕێژەی لە سەدا ٢.٥ مووچەیان سەرکەوێت هەروەها ٥٠٠ پاوەندیشیان لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بدرێتی. ئێستا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئیدارە زیادکردنی کرێ و موچەی هەڵپەساردووە ئەمەش بووەتە هۆکاری وەرگرتنی هەڵوێست و کردنی مانگرتن.

ئەندامەکانی هەمان نقابە کە کاری ئەدمینی دەکەن ئەوانیش بڕیارە لە ڕۆژی دووشەمەوە مانبگرن.

سەرۆکی نقابە لە ڕاگەیاندنێکا دەڵێت ” “سوپاسی خەڵک دەکەین بۆ تێگەیشتن و پشتگیریکردنیان، و داوا لە ئیدارە دەکەین کە بگەڕێنەوە سەر مێزی وتووێژ بۆ یەکلاییکردنەوەیەکی ڕاستەقینە کە کرێکارە پاڵەوانەکان شایانیانە و دەبێت ڕێزیان لێبگیرێت”.

ئاگر کەوتنەوە لە ناو کارگەکانی بەنگلادش و ڕمانی کارگەکان بوونەتە ڕوودانی مانگانە

05/06/2022

بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەك کە بووە هۆی تەقینەوەیەکی گەورەی کیمیایی دوێنی، شەمە، درەنگانێك، لانیکەم ٣٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 300 ی تر کە هەندێکیان زۆر خراپ سووتاون، دەناڵێنن بە سووتانی جەستەیانەوە. ئەمە لە کۆگایەك ڕوویداوە کە پڕ بوە لە کۆنتەینەر [ صندوقی گەورەی پڕ لە کاڵاو شمەك ]. ئەم کۆنتەینانە لە مەخزەنێکی سەر بەندەری دەریا دانراون و ئامادەبوون بۆ بارکردن و هەناردەکردنیان. ژمارەی قوربانییەکان زۆر زیاترن لە 300 چونکە 7 کەسی ئای تی کە بەکاری فەیسبووك و ئایتییەوە سەرقاڵ بوون ئەوانیش بوونەتە قوربانی. لە ناو بریندارەکانیشا 40 کرێکاری ئاگر کوژانەوە و 10 پۆلیسیشی تیادایە.

زۆرێک لە خەستەخانەکان پڕ کراون لەم بریندارانە و ئەو دکتۆرانەشی کە لە هۆڵیدەی بوون گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەمان.

بەداخەوە کە تەماح و کۆکردنەوەی سەرمایەی زیاتر و گوێ نەدان بە گیان و ژیانی کرێکاران و خێزانەکانیان، لە لایەن خاوەنکار و کۆمپانیا و کارگەکانەوە چاوپۆشییەکی زۆر کراوە لە گرتنەبەری ئامۆژگاری و یاسا و ڕێساکانی سەلامەتی سەر کار لە ناو کارگە و کۆمپانیاکاندا، هەر بەم هۆکارەشەوە مانگانە ڕووداوی گەورەی وەکو ئاگر کەوتنەوە و ڕوخانی کارگەکان ڕوو دەدەن و کارەساتی زۆر گەورە بە سەر ژیانی خودی کرێکارەکان و خێزانەکانیشیاندا دەهێنن.

بێ گومان حکومەتی بەنگلادش دەبێت بەرپرسیاریی یەکەم هەڵگرێت لەم تاوانانەدا بە گوێ نەدان لە پشکنینی بەردەوامی شوێنەکانی سەر کار بۆ سەلامەتی کرێکاران.

لە ساڵی 2020 دا 70 کەس لە کەوتنەوەی ئاگرێکدا لە چەند شوقەیەکدا لە شاری دەکا گیانیان لە دەست دا. لە مانگی تەموزی 2021 دا 54 کرێکاری سەر کاری پرۆوسەی دروستکردنی خۆراك و خواردەمەنی لە دەرەوەی شاری دەکا دووبارە بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە گیانیان لە دەست دا.

مانگرتینی کرێکارانی بەشەکانی قیتار و میترۆکانی بریتانیا

26/05/2022

لە کاتێکدا کە نرخی پێداویستییەکانی ژیان بە ڕادەیەک سەرکەوتووە کە جێگای بڕوا نییە. غاز بە ڕێژەی لە سەدا ٥٤ ، خواردن بە ڕێژەی لەسەدا ٦ پێداویستییەکانی دیکە بەڕێژەی لە سەدا ٢٠ هەندێك پێداویستییەکانی دیکە ناتوانیت لە دوان زیاتر بکڕیت، ڕێژەی هەڵئاوساوانی پارە بۆ لە سەدا ٩ بەرزبوەتەوە کە لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەم ڕێژەی بەرزبوونەوە لە مانگی ١٠ دا دەکرا. هاوکاتیش کەلێنی نێوانی سامانداران و هەژاران گەلێك فراوانترو زیاتر بووە، بەڕێوەبەرە گەورەکان ٢٨ جار لە کرێکارێکی ئاسایی زیاتر وەردەگرن و هەندێکیشیان ١١١ جار زیاتر وەردەگرن.

ئەمەی سەرەوە کەمترین قسەو ئامارە لەسەرئەو بارودۆخەی کە زۆرینەی خەڵکی بریتانی لە زۆربە توێژاڵەکانی کۆمەڵ تێیدا دەژین ، کەچی سەرۆکی بانقی مەرکزی بریتانیا دوو مانگ لەمەو پێش داوای لە کرێکاران و کارمەندان کرد کە داوای سەرکەوتنی کرێ و مووچە نەکەن چونکە بارودۆخی ئابووری زۆر خراپە و هەڵئاوسانی پارە زیاتر هەڵدەکشێت ئەمە لە کاتێکدا کە تەنها موچە ساڵانەکە ٦٣٠ هەزار پاوەندە بێ لە بەشێ پشکەکانی و ئیمتیازەکانی دیکەی.

هەر لەم سات و وەختەدا سەرەك وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیرەکانی دیکە بڕیریان داوە کە زیادکردنی موچە و کرێ بۆ کرێکارانی کە لە بەشی کەرتە دەوڵەتییەکانی وەکو خەستەخانە و پەرەوەردەو شارەوانی وهاتووچۆو شوێنەکانی دیکەدا کار دەکەن ، هەڵبپەسرێت و لەوەی کە لە مانگی دەی پارەکەدا پاش تێپەڕینی ئافاتی کۆرۆنا بە ڕێژەی لەسەدا ٢ زیادبکرێت ئەویش لە مانگی نیاسانی ڕابودووەوە کاری پێدەکرێت نەک لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە. بە گوێرەی چەند راپۆرتێکی نوێش بەشێکی زۆری ئەوانەی کە لە هەژاریدا دەژین، کاردەکەن.

ئەمە جگە لەوەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی پەرلەمان و پیران بڕیاری داوە کە ٩١ هەزار لە ڕاوێژکەران و کارمەندانی دیکە کە بۆ وەزیرەکان و پەڕلەمانتارەکان کار دەکەن لە ئیشەکەیان دەربکرێن بە پاساوی ئەوەی کە پارە نییە. هەر لەم بارودۆخەشدا بڕیاریان دا کە فەندی کرێکاران و کارمەندانی کرێکارانی بەشەکانی قیتار و میترۆکان ببڕێت بەهۆی ئەمەشەوە ٢٥٠٠ کرێکار بێ کار دەبن و هەندێ لە محەتەکان بێ چاودێری ستاف دەمێننەوە کە هاوکاری پیر و پەککەوتە و ئەوانەی کە زمان نازانن دەکەن .لەمانەش گرنگتر بە گوێرەی لائیحە تازەکەی وەزیری ناوخۆ مانگرتن یاساخ دەکرێت لە بەشە گەنگەکانی پیشەسازیدا کە بەشی هاتووچۆ یەکێکە لەوانە.

لە وەڵامی ئەمەی حکومەتدا نقابەی ئەو کرێکارانە کە ٤٠ هەزار کرێکارن لە ١٥ بەشدا کاردەکەن بە ڕێژەی لە سەدا ٨٩ یان دەنگیان دا کە ئەگەر حکومەت بڕیارەکانی نەگۆڕێت و ئامادەی وتووێژ نەبێت ئەوە ئەمان لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا، حوزەیراندا، مان دەگرن. هەندێك لە نقابەکانی دیکەش هاوپشتیان دەبن .

دیارە نقابە ئەم ڕێژە گەورەیە وەکو هێز و فشارێکی زۆر گەورە دەتوانێت لەسەر مێزی وتووێژ دژ بە ئیدارەی هاتووچۆ و حکومەت بەکاربهێنێت، لانی کەم بڕیارەکەی حکومەت لە ئێستادا ڕاگرێت.

هەرگیز متمانە بە قسەی سیاسییەکان و بزنسمانەکان مەکە

زاهیر باهیر

20/05/2022

لە 31 ی ئۆکتۆبەرەوە تاکو 12 ی نۆڤەمبەری پارەکە ، 2021 ، کۆنفرانسیێك سەبارەت بە پرسی ژینگە لەسەر خواستی یو ئێن لە سکۆتلەندە/ بریتانیا بەسترا کە حکومەتی بریتانیا خاوەنماڵ بوو.  لەم کۆنفرانسەدا کە پارەیەکی خەیاڵی تێدا سەرف کراو قسە و باسێكی بێ شوماری بێ مایە لەسەر ژینگە کرا و بەڵێنی زۆری بێ بەرهەمی لەسەر درا … کە دەبێت ئاوا بکرێت و ئاوا نەکرێت .  هەر یەك لە دەوڵەتاکان بڕێك لە بەرپرسیاری ڕیفۆرمکردنی ژینگەیان لە ستنوری خۆیانا خستە سەرشانی خۆیان بۆ ئەمەش وەختیان دانا بۆ جێ بەجێکردنی بەرنامەکانیان.

بریتانیا کە یەكێك بوو لەوانە و کۆنفرانسەکەیان هەڵدەسوڕاند بەڵێنیان دا تاکو 2050 ئیتر کێشەی ژینگە ئەوەندە چارەسەر بکرێت کە چی تر مەترسی بۆ خودی ژینگە و سروشت خۆیان  و بۆ دانیشتوانیشی دروست نەکەن.

لەگەڵ ئەم هەموو کارئاسایی و قسە زلانەدا هەر لەو کاتەدا سەرەکوەزیرانی ئیرە ، بۆریس جۆنسۆن، بە تەیارە لە سکۆتلەندەوە گەڕایەوە بۆ لەندەن ، هەر ئەو کاتەش سەرۆکی یەکێتی ئەورپاش بە تەیارەی جێت سەفەرێکی دەوروبەری 100 کیلۆمەتری لە شارێکەوە بۆشارێکی دیکە  کرد ، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە بزنسمانە گەورەکانی دونیا بە تەیارەی تایبەتی خۆیان هاتبوون بۆ کۆنفرانسەکە و گەڕانەوە.

هەر ئەو کاتە دەبوایە بمانزانیایە ئەوانەی کە ئەمان بە قسە دەیڵێن و ڕای دەگەیەنێن و بە کردەوە نایکەن و خۆیان باوەڕیان پێی نیە.

قسەی من لەسەر بریتانیا و سیاسییەکانی ئێرەیە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکرایەوە کە لە نیوانی ئێستاو ساڵی 2025 دا 50  پلان لەسەر مێزی پەسەندکردن و وەرگرتنی مۆڵەت هەیە تاکو جێ بەجێ بکرێن حکومەت بڕیاری مۆڵەتەکان بدات.  بێ گومان پلانی وێرانکردنی زیاتری ژینگە.

هەر لە مانگی جێنیوەریدا واتە کە هێشتا مەرەکەبی سەر کاغەزی ڕەزامەندی لەسە بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە وشك نەبووبووە حکومەتی بریتانی مۆڵەتی بە کۆمپانیای نەوت و کێڵگەی گازی ئەبی گەیڵ لە ڕؤژهەڵانی سکۆتلەندە دا، ئەمە لە کاتێكدا کە مۆڵەتی فراونکردنی کانەکانی خەڵوز لە باشووری وێڵس هەر لە کۆتایی ئەو مانگەدا درا. ” تەنها لە ماوەی شەش مانگدا بەریتانیا لە بانگەشەکردنی خۆی وەک پێشەنگی کەشوهەوا ڕۆیشت بۆ پاڵپشتیکردنی سووتەمەنی بەردینی، هەر ئەو شتەی کە باری نائاسایی کەشوهەوا دەباتە پێشەوە” ئەمە قسەی بەرێوەبەری کۆمپانیای Uplift بوو.  درێژەی بە قسەکان داو وتی :  “ پارانەوەی دەوێت بۆ باوەڕپێکردنی ئەمە. فراوانکردنی نەوت و غازی دەریای باکوور بەو مانایەیە کە بەریتانیا – کە هێشتا سەرۆکایەتی بەڕێکردنی ئەم پلانەی بە دەستەوەیە – ئێستا وێرانکەرێکی مەترسیدارە بۆ کەشوهەوا”.

ئەمە لە کاتێکدا کە توێژینەوەیەکی زانستی نوێ لەم هەفتەیەدا دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی شوێنەکانی ئێستای سووتەمەنی بەردینی پێویستیان بە زوو داخستنی دەبێت ئەگەر بمانەوێت ڕێژی گەرمکردنی جیهانی  لە سنووری پێوەری گەرمکردنی جیهانی 1.5C بمێنێتەوە کە لەلایەن حکومەتەکانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری کراوە.

دەکرێت لێرەد خاڵێکی گرنگ باس بکەم کە ئەویش لە ئێستادا ناو بەناو وەزیرەکان و بزنسمانەکان قسە لەسەر کردنەوەی کانی نوێیی  خەڵوز فراوانکردنی ئەوانەی کە هەن دەکەن .  ئەمە لە کاتێکدا کە مارگرێت تاچتەر کە لە ساڵی 1979 دا هاتە سەرحوکم پاش مانگرتنە مەزنەکانی ماینەرر ساڵی 1984/1985 و تێشکانی، توانی کە کانەکان داخات و ئەو هەموو کرێکارانە بێ کار بکات کۆمۆنێتی  ئەو ناوچەیەش کە کانەکانی داخرابوون وێران بوو.  دیار بوو بڕیارەکەی تاچتەریش بڕیاری سیاسیانە بوو بۆ تێشکانی نقابەی ماینەر بوو کە کرێکارانی زۆر یاخی بوون سەرۆکی نقابەکەشیان ، ئەرسەر سکارگڵ ، سۆشیالیست بوو.  ئیدارەی ئەو کاتەی بریتانی دەیزانی تێشکانی ئەوان یانی تێشكانی سەنگەری بەهێز و  یەکەمی کرێکارانی بریتانیا و تێشکانی یاخیترین بەشی کرێکارانی بریتانیایە. ئەو کاتە حکومەت دەیوت ئێمە خەڵوزمان ناوێت ، بەڵام دواتر خەڵوزی پؤلەندییان هێناو  نرخەکەش زۆر گرانتر کەوتەوە لەوەی کە لە بریتانیا بەرهەم دەهێنرا.

کەلێنی نێوانمان تا دێت  فراوانتر دەبێت

20/05/2022

لە کاتێكدا کە ژمارەی هەژاران، بەرزبوونەوەی نرخی پیداویستییەکان، کەمکردنەوەی کرێی سەر کار و موچە ، هەڵکشانی کرێی خانوو و بەرزبوونەوەی سلفەی عەقار، زیادبوونی نرخی بەنزین و گاز و کارەبا ، عیلەتەکان و نەخۆشەکان، هەڵکشانی ژمارەی لیستی نەخۆشەکان بۆ چارەسەرکردنیان  …. هەر هەموو ئەمانە لە بەرزبوونەوەدان ، هاوکاتیش ژمارەی دەوڵەمەندەکانمان ، ملیاردەرەکانمان لە بریتانی لە زیادبووندان .  بێ گومان ئەمە جێگای سەر سوڕمان نییە.  زۆر لۆژکانەیە لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە تایەکی ئەم تەرازووە لارەسەنگ بێت، دەزانیت کە  تایەکی بەرزەو تایەکی نزمە و بە چاو دیارە هەر وەکە هۆکارەکەشی دیارە.  بە مانایەکی دیکە لە هەر شوێنێك بیستت ژمارەی دانییشتوانە هەژارەکەی لە بەرزبوونەوەدایە ، ئەوە بۆی مەگەڕێ و دەزانیت کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی لە هەڵکشاندایە ، لە هەر وڵاتێکیشدا پێیان وتیت کە ژمارەی دەوڵەمەندکانی لە زیادبووندا ، ئەوە ئیتر دەزانیت هەر دەبێت ئاواش بێت کە ژمارەی هەژارانی دانیشتوانەکانیشی لە زۆر بووندایە .

بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیستی دەوڵەمەندەکانی بریتانیا لە  سەندی تایم-دا ژمارەی ملیاردەرەکان لە 171 ملیاردەرەوە لە ساڵی 2020 دا هەڵکشا بۆ 177 لە ساڵی 2021 بە دەوڵەمەندبوونی زیاتری  6 دەوڵەمەندی دیکە لەو ساڵەدا.

ئەو دوو کەسەی کە لە وێنەکەدان دووبران بە تەمەنی 86 ساڵی و 82 ساڵی کە هیندین، پارساڵ بوونە دەوڵەمەندترین کەسی بریتانیا کە سامانیان گەیشتە 28.5 ملیار پاوەندی ئەستەرلینی .

ئەم 177 ملیاردەرەی بریتانیا سامانی ناوکۆیی یا هاوبەشی هەموویان 653 ملیار پاوەندە.  ئەم بڕە پارەیەش بە بڕی 59 ملیار پاوەند واتە بە ڕێژەی لە سەدا 9.4 لە ساڵی 2020 وە سەرکەوتووە.  

ئیتر گرفتەکە ڕوونە هیچ مەتەڵێکی تێدا نیە.   کورد دەڵێ: گوێز بە ژمارە، مایەکەی دیارە.

پۆلیس لە هێڕشێکیانا شکستێکی گەورەیان هێنا

17/05/2022

لە لەندەن ، بێ گومان لە زۆرێك لە شارەکانی دیکەی بریتانیاش، یەکێك لە کارەکانی پۆلیس هەراسانکردنی خەڵك و دروستکرنی گرفتە بۆیان.  لەو ئەرکانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە دەیکەن بەسەرادانی محەتەی قیتارەکانە، بەسەر شۆپەکانا، بەسەر شوێنە قەرەباڵغەکانی دیکەدایە بۆ پشکنین و دۆزینەوە کەسانێك کە دۆکۆمێنبتی فەرمی مانەوەیانیان لەم وڵاتەدا پێ نییە.

ماوەیەكە لە هەراسانکردنی کرێکارانی گەیاندندان، Dilevery  Workers ، ڕۆژی شەمە 14/05 لە ڕۆژەهەڵاتی لەندەن، پاشنیوەڕۆ مەفەرزەیەکی پۆلیس بە ڤانێکەوە دەدەن بەسەر شۆپێکدا و لە دەرەوە یەكێک لەو کرێکارانە کە شت دەگەیەنێتە کڕیارەکە ڕادەوەستێنن و پاش چەند خولەکێك دەیگرن و دەیخەنە ناو ڤانەکەوە . بەڵام هەر لەوێدا خەڵك ئەڵەمبازیان دەبێت و هەوڵدەدەن کە کرێکارەکە لە گرتن و بردن ڕزگار بکەن.

  دوای دوو سێ خولەکێک چەند سەد کەسێك کۆ دەبنەوە. پۆلیس چاری نامێنێت و داوای هێزی زیاتر و بە پەلە دەکەن .  لەگەڵ هاتنی چەند سەیارە و ڤانی دیکەی پۆلیس-دا خەڵکی زیاتریش کۆ دەبنەوە و ئیتر پۆلیس چاری نامێنێت زۆر دڕندانە لە ژن و لە پیا و ، لە گەنج و پیر لە کەسانی خاوەنپێدوایستی و کەمئەندامیش دەدەن . 

ئەمانە هیچ کار ناکاتە سەر بڵاوەکردنی خەڵک و تا زیاتریشی خایاند خەڵکی زیاتر گردبوونەوە و بەرگرییان لەیەکدی کرد .  بەهۆی یەکگرنتی خەڵکەوە و بەرگریکردن لە خۆیان پۆلیس هیچی بۆ نەمایەوە تەنها لە هەوڵی خۆڕزگاربوون و کشانەوەدا بوون و ئەوانەی کە گیرا بوون ڕزگار کران.

ئەمەیە چالاکی راستەو خۆی خۆڕسکیی کە تاکە ڕیگایەکە بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکان نەك گرتنەبەری ڕێگای پەڕلەمان و جەنگی ئەهلی و بزوتنەوەی چەکداریی.