All posts by azadebram

سویسرییەکان  لە ڕاپرسییەکی سەرانسەریدا  دەنگ لەسەر گۆڕینی یاسا دەدەن سەبارەت بە مافی ئاژەڵ و پەلەوەر و گیانلەبەرانی دیکە :

زاهیر باهیر

23/09/2022

مەبەست لەم ڕاپرسییە بەدەستهێنانی مافی زیاترە بۆ گیانلەبەر و ئاژەڵ لە وڵاتی سویسرادا.  لەم ویکەندەدا [ شەمە و یەکشەمە] ئەو ڕاپرسییە دەکرێت لە سەر دەستووری سویسرا کە لە ئێستادا بەناو “ئاسوودەژیانی و کەرامەتی ئاژەڵەکان” دەپارێزێت.  گەر  ڕاپرسییەکە بیباتەوە ئەوە دەستوور   دەستکاری دەکرێت بۆ ئەوەی مافی ئاژەڵێک لەخۆ بگرێت کە بە چڕی بە کارگەیی نەکرێت، واتە وەکو ئەوەی کە لە کارگەدا دروست بکرێن و گەورە بکرێن.  یاسای نوێ گەر ڕاپرسییەکە ببرێتەوە ڕێژەی کۆکردنەوەی بڕی ئاژەڵەکان دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە ئۆرگانییەکاندا بگونجێت.

بە گوێرەی  پۆڵەکانی ئەم ڕۆژانەی پێشوو  دەریدەخات 52%ی دەنگدەران دژی قەدەغەکردنەکەن و 47% پشتگیری لێدەکەن.

ئەگەر پێشنیاری دەنگدان بە پرسە تازەکە واتە گۆڕینی دەستوور لەو بارەوە سەربگرێت و  پەسەند بکرێت، دەستووری سویسرا کە لە ئێستادا گوایە  “ئاسوودەژیانی و کەرامەتی ئاژەڵەکان دەپارێزێت، دەستکاری دەکرێت بۆ ئەوەی مافی ئاژەڵێک لەخۆ بگرێت کە بە چڕی وەکو لە کارگەدا بێت ڕەتبکرێتەوە.  یاسای نوێ ڕێژەی کۆکردنەوەی ئاژەڵەکان بۆ ستانداردە ئۆرگانیکەکان بەدی بهێنن.

سیلڤانۆ لیگەر، بەڕێوەبەری کارگێڕی گروپی پاراستنی ئاژەڵان بەناوی Sentience Politics کە پێشنیاری دەنگدانی کردووە، دەڵێت بەپێی یاسای ئێستای سویسرا، “دەتوانیت 27 هەزار مریشک لە شوێنێکدا بهێڵێتیەوە کە ژوورەکەیان بۆ جووڵەکردنیان نزیکەی قەبارەی لاپەڕەیەکی کاغەزی A4 یە“.

بەرازەکان لە شوێنێکدا دەهێڵرێنەوە، تا 1500 بۆ هەر کێڵگەیەک،  کە شوێنی هەر 10 بەراز بە قەدەر شوێنێ وەستانی سەیارەیەکە، چالاکوانانی کەمپەینەکە دەڵێن  ناتوانرێت لەو بارودۆخانەدا بە شێوەیەکی شکۆمەندانە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکان بکرێت،

بە دەنگدان بە گۆڕانکارییەکە لە دەستووردا، ژینگە دەپارێزێت لەڕێگەی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە خۆراکی ئاژەڵان و پشتبەستن بە سۆیەی ئاژەڵ کە ئەویش پیوییستی بە بڕینەوەی دارەستانەکان هەیە . هاوکاتیش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی  پرۆتینی ئاژەڵیی .

میشێل داربێلای بەرپرسی بەرهەمهێنان و بازاڕ و ئیکۆلۆژیای SBV وتی ” جووتیارانی سویسرا دەتوانن تا 18 هەزار مریشکی هێلکەدار و 27 هەزار مریشك بۆ گۆشتەکەی بەخێو بکەن”.  ئاماژەشی  بەوەشکردووە، ئەگەر قەدەغەکردنەکە پەسەند بکرێت، زۆرترین ژمارەیان دەبێت 4 هەزار مریشکی هێلکەدار و 500 مریشک بۆ  گۆشتەکەی ، لەکاتێکدا گۆڕانکاری لە ستانداردەکانی بەرازدا بە مانای دابەزینی 50%ی بەرهەمهێنانی گۆشتی بەراز دێت.

بەڵام داربێلای ئیدیعای کردووە، تەنیا 3%ی بەکارهێنەران لە سویسرا گۆشتی پەلەوەر و بەرازی ئۆرگانیکی خۆشگوزەرانی بەرزتریان دەویست. ئەو وتیشی  هەرچەندە قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک و هێلکە و گۆشتی بەراز لە سویسرا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بەڵام نابێتە هۆی رێگریکردن لە هاوردەکردن و هەروەها کەمکردنەوەی بەکارهێنانی.

لە ساڵی 2020دا سویسریەکان کەمتر گۆشتیان خواردووە لە چاو تێکڕای یەکێتی ئەوروپا، کە نزیکەی 51 کیلۆگرام بووە بۆ هەر سەرێک، لە کاتێکدا بەکارهێنانی شیر و بەرهەمە شیرەمەنیەکان زیاتر بووە کە 301 کیلۆگرام بووە. دوایین زانیارییەکانی بەردەست دەریدەخەن کە تێکڕای بەکارهێنانی گۆشتی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2018دا 69.8 کیلۆگرام بووە بۆ هەر تاکێک، لە کاتێکدا شیر و شیرەمەنی لە ساڵی 2019 دا 600 گرام بووە لە ڕۆژێکدا، واتە 219 کیلۆگرام لە ساڵێکدا.

تاوانی گیان کێشانی مهسا، ژینا ئەمین

دارا جوتیار

٢٠/٠٩/٢٠٢٢

پێدەچێت تاوانی گیان کێشانی مهسا، ژینا ئەمین ببێتە ئەو گەردەلولەی نەتەنها پەچەو حیجابی سەپێنراو بەسەر ژنانی ئێرانەوە نەهێڵێت، بەڵکە کارێك بە عەبا و عەمامەی ئاخوند و ئیمامانی تاران بکات تا ئێستا با بەهیچ دەوارێکی شڕی نەکردبێت و

ڕوتیان بکاتەوە قولی ڕەش و سپیان لەبواردا ڕەنگاو ڕەنگ (ملون) پیشانمان بدات!

یەکێك لە هەرە درەخشانیەکانی هەر هاتنە مەیدان و ناڕەزایەتیەک لە ئێراندا ئەوەیە، هەمیشە سنورەکانی نەتەوەو مەزهەب و تایفەگەری تێدەپەڕێنێت، لە تاران چەخماخە بدات دەگاتە بچوکترین گوندی کوردستان و هەموو ناوچەکان، لەهەر گوندێکیش پروسک بهاوێ دەستبەجێ دەگاتە تاران!

ئەمە حەقیقەتی کۆمەڵگەی چینایەتیە کە بەهەزاران حیزب و قەلەم بەدەست و دام و دەزگەی جیاجیای دەولەتی و بەناو نادەولەتیش دەیانەوێت بیشارنەوە!

ئەم دەورەیە لەهەر شوێنێکی دنیا ئەگەر پێکهەڵپرژانی لایەنگرانی دوو تیپی فوتباڵیش ڕوبدات، لەوانەیە یەکسەر بگۆڕێت بە پەلاماردانی دەسەلاتداران و دەولەت و دامو دەزگەکانیان، چون بەڕێوەبەران و خاوەنانی ئەم سیستمی قازانج سەرمایەیە بە خوێنمژینی بێپەردەی ملیاران چەوساوەی ئەم جیهانە هێندە خۆیان و سیستمەکەیان ڕوون و ئاشکرا کردوەتەوە هیچ تیۆر و کتێب و میدیایەک لەبەرزترین ئاستی توانایی خۆیدا ناتوانێت بیشارێتەوە!

هەر ڕۆژەی لەگۆشەیەکی دنیاو ئەمڕۆ لە ئێران،

ڕۆژێك دێت ئەم ڕژێمە هارو دڕندە دینی و مەزهەبیەی سەرمایە فڕێبدرێتە لاوە، لێ گرنگتر لەوە ئەوەیە دوای ئەوە کۆمەڵگە چۆن ژیان و ژینگە بنیات دەنێتەوەو دەبوژێنێتەوە؟

ژیان و ژینگەیەك کە خاڵی بێت لەهەر چەوساندنەوەیەکی نەتەوەی و تایفی و ڕەگەزی و چینایەتی!

ئەوەی لە ڕۆژانی سەرنگوونی دەسەڵاتی ئاخوندانی ئێراندا مەترسیە لەسەر خەڵک تەنها جەلادە عەمامە بەسەرەکانی سەرمایە لەتاران نین، بەڵکە ڕیزێک لە ڕابەرانی دەیان حیزبی جۆراو جۆری دەسەڵاتخوازی هەمە ڕەنگیشە، کە هەر ئێستا بە زولف و پەرچەمی ژاکاوی ژینا ئەمینیدا هەڵدەگژێن و پێشبڕکێیانە لەسەر دەسەلات و خۆ فەرزکردن بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیودا هەرکەس دەیەوێت دروشم و بەیداخی خۆی بەسەر سەر و پرچی ژیناو قوربانیانی دەستی ئەم ڕێژێمە هارو دڕندەیەی سەرمایەدا داکوتێ!

ئەو حیزب و ڕەوتانە هەر ئێستا هێندەی لە خەمی ئەودانە کامیان دەبێتە دەمڕاستی ئەو خەڵکە، هێندە لەخەمی ئایندەی کۆمەڵگەدا نین ئەگەرچی هەریەك خەمی یەکەم بوون و دەمڕاستیان وا بەخەڵک دەرخوارد دەدەن کە ئەم خەمەیان لەخەمی ئایندەی ئەواندایە!

——————————–

لێدانی مۆری قەومی و دینی و تایفەگەری لە ڕاپەڕینەکانی ئێران و هەر ڕاپەڕێنێك لەهەر شوێنێکی دنیا،وە بردنی بەو ئاڕاستەیەدا قورسترین زەربەو لێدانە لە کەمەری چینە چەوساوەکان و گەورەتری کۆمەکە بە دەوڵەت و دەسەلات و کۆمپانیا خوێنمژەکان!

 

کرێکارانی بەندەری لیڤەرپول لە مانگرتندان

20/09/2022

سەدان کرێکار لە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی کۆنتێنەر[ بارکردن و داگرتنی بارەکان لە کەشتییەکان] لە بەریتانیا لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە مانگرتندان بەهۆی ناکۆکی لەسەر مووچە، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە زنجیرەکانی گەیشتن و ڕۆیشتنی کاڵاکان لە بەریتانیا زیاتر تێکبدات . ئەندامانی یونایت، نقابەی کرێکارەکان،  لە بەندەری لیڤەرپوول چەند کاتژمێرێک دوای پرسەی ژنەشا دەستیان بە چالاکییە پیشەسازییەکان کرد، دوای ئەوەی پێشنیارێکی مووچەیان لەلایەن گروپی بەندەرەکانی پیلەوە ڕەتکردەوە کە خاوەنی شوێنەکەن.

دوای ئەمانیش کرێکاران لە فێلیکسستۆ، گەورەترین بەندەری کۆنتێنەر لە بەریتانیا، دەست بە مانگرتنێکی بۆ هەفتەیەك دەکەن، ئەم کرێکارانە پێسێتر بۆ دوو هەفتە مانیان گرت بەڵام دوای ٨ ڕۆژ بەهۆی مردنی ژنەشاوە مانگرتنەکەیان وەستان.

 ئەندامانی یونایت ، نقابەکەیان، لە بەندەری سۆفۆلک کە نزیکەی نیوەی باری کۆنتێنەرەکان بەڕێوەدەبات کە دەچنە ناو بەریتانیا، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەستاندنی کارکردن لە ٢٧ی ئەیلولەوە، دوای ئەوەی گرێبەستێکی مووچەی ٧%یان ڕەتکردەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەوە بڕیاردرابو.  مانگرتنێکی پێشووی هەشت ڕۆژە لە فێلیکسستۆ کە مامەڵە لەگەڵ کاڵاکان بۆ ١٧ هێڵی جیاوازی کەشتیوانی دەکات کە لە ٧٠٠ بەندەردا، بەڕێوە چوو.

سکرتێری گشتی یونایت، شارۆن گراهام، وتی: “کرێکاران لە سەرانسەری وڵات نەخۆشن و بێزارن ڕشانەوەیان دێت کە بەبەردەوامی پێیان دەوترێت کە ڕابێن و بیگوزەرێنن لەگەڵ ئەو ستاندەرەی ژیانیان کە هەیانە، لە کاتێکدا خاوەنکار لە دوای خاوەنکار تاوانبارە بە قازانجکردنی بەربڵاو.” وتی خاوەن بەندەرەکە پێویستە “ئۆفەرێکی گونجاو و بەڵێنەکانی پێشووی مووچە جێبەجێ بکەن”.

بەندەرەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٥٢٥ هەزار کۆنتێنەریان مامەڵە کردووە و کاڵاکانی ناو کۆنتێنەرەکان لە سەرانسەری جیهاندا دابەشکراون، بەرهەمەکان بریتین لە هاوردەکردن و هەناردەکردن، وەک شتومەکی تاکەکەسی و پیشەسازی.

 

مەترسییەکان لەسەر ڕاپەڕینی خەڵك لە ئێران

دارا جوتیار

٢٠/٠٩/٢٠٢٢

خەتەری سەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران لە ئێستا تەنها جەلادە عەمامە بەسەرەکانی سەرمایە نین لە تاراندا!

لە حالێکدا ئەم جەلادانە هاوپەیمانی یەکێك لە هێزە بەهێزەکانی ئێستای دنیا سەرمایەدارین کە (ڕوسیایە) و ئێستا لە جەنگی ئۆکرانیاو ناتۆدا لە حاڵی شکست و پاشەکشەدایە، بواری ئەوە دەدات بە ئەمریکاو ڕۆژئاوا هەرچی جڕوجانەوەری گۆشکراوی نەتەوەۆەرست و مەزهەبیە بیخەنە کار و هەریەک دەست بەسەر دوو بەرزای و دوو شار و دوو بیرە نەوت و دوو کارخانەدا بگرێت و ئێران بکەنە جێگەی دەم تێژەنینی کۆمپانیا جیهانیە خوێنخۆرەکانی خەلکی چەوساوەی ئێران!

دەیان حیزب و جەرەیانی گۆشکراوی قەومی و تایفی چل سال نوستوو لەدەرەوەی ئێران ئێستا هەریەک لەپێشبڕکێی سەرمایەگوزاریدان بەسەر قوربانیانی چل سالەی چەوساوانی ئێرانەوە!

لە سەرنگونکردنی جمهوریەتی سەرمایەی ئیسلامی ئێران گرنگتر ئەوەیە ڕێگە بگیرێ لەم دەیان حیزب و جەرەیانە قەومی و دینی و مەزهەبی و هەر هێزێکی دەسەلات خواز مۆری خۆی لەخوێنی خەڵک هەلنەکێشێت و بیدات لە ئایندەی ناوچەیەک یا ئێران بەگشتی!

 

بۆ مەرگی ژینا

شاخەوان عەلی

١٩/٠٩/٢٠٢٢

مەرگی ژینا، نە پەیوەندی بە ژنبوونەوە هەیە، نە کوردبوون.

ژنگەلێک هەن لە ئێراندا نەک لە مەترسیدا نین، بەڵکو خۆیان مەترسین. ئینسانێکی زۆر هەن لە ئێراندا بە شوناسی کوردیەوە، وەلێ نەک قوربانی نین، بەڵکو جەلادن.

بەکارهێنانی مەرگی ژینا بۆ ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی، یان ئاوەژوکردنێکی نەزانانەیە، یاخود بۆ هەڵسوڕانی ئەو ئاشی سوڵتەویەتەیە کە ژیناکانی پێ دەهاڕدرێ.

ڕەگی هەر نالەباریەکی ژیانی مرۆڤی ئەم دوونیایە دەچێتەوە سەر ئەو چینایەتیەی کە دەسەڵات دروستی دەکات.

مەرگی ژینا پەیوەندی بە ستەمکاری دەسەڵاتەوە هەیە کە خنکێنەری ئازادییە.

چەوساندنەوە و دیقپێکردنی ژیناکان سوێیەکی ئێجگار سەختە… ئەمما بەکاربردنی ئەم کارەساتانە بۆ ژەهری قەومی و سیاسی و خۆدزینەوە لە بنچینەی کێشەکە، ئەسڵی ئەو زەخمەیە کە سوێیەکان دروستدەکات.

 

لە   تاکە ڕۆژێکدا لە بریتانیا بڕیاری زیندانی کردنی 50 چالاکوانی ژینگە درا

17/09/2022

زیاتر لە 50 خۆپیشاندەر کە داوای رێوشوێنی بەپەلە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا، لە رۆژێکی ئەم هەفتەیەدا رەوانەی زیندان کران، دوای ئەوەی رەتیانکردەوە پابەندی رێوشوێنەکانی دادگا بن.

ڕؤژی د4شەمە ، 14 ی مانگ لە هەڵمەتێکیاندا تێرمیناڵی نەوتی Warwickshire  گەمارۆ دا وێڕای  ئەوەی کە زۆربەیان پێشتر بە  فرمانی دادوەر و دادگە  نزیکنەکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە مەبەستیان داگیرکردن یاخود گەمارۆدان بوو ، لێ  یاساخ کرابوو . ڕۆژی 5شەمە کە دران بە دادگە ئەوان ڕەتیان کردەوە پابەند بە یاسا و بڕیارەکانی دادگە بن.  لە کاتی دادگاییکردنیاندا کە دەبوایە دانیشتنایە لە هۆڵی دادەگەدا  لەسەر کورسییەکان بەڵام ئەوان وەستان و پشتیان لە دادوەر کرد و لێدوانی ئامادەکراویان سەبارەت بە ئەندازە و خراپی قەیرانەکە دەخوێندەوە. 

یەکێک لەو چالکوانانەی کە تۆمەتبار کرابوو کراسەکەی داکەند بۆ ئەوەی وشەی “دادپەروەری ساختە کە منداڵان دەکوژێت” لەسەر جەستەی نوسرابوو ئاشکرا بکات ، لە کاتێکدا یەکێکی دیکەیان  کۆپییەکی کتێبی زەوی بێ نیشتەجێی دەیڤید واڵاس-وێڵزی بەرزکردەوە و پێشنیاری بۆ دادگا کرد کە بخوێنرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە لەبەرامبەردا 30 خۆپیشاندەر لە شاری بێرمینگهام و 21 خۆپیشاندەر لە لەندەن زیندانی کران و بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لەبەردەم دادگاکان ئامادەبن.  کاتێک گروپی چالاکوانی “بیوەستێنە نەوت بوەستێنە”،  رایگەیاند کە دەتوانن لە زینداندا ڕووبەڕووی ماوەی درێژخایەن ببنەوە”.  بەگشتی ئێستا 54 خۆپیشاندەر لەو چالاکوانانە لە زینداندان و لە مانگی نیسانەوە کە گروپەکە دەستی بە داخستنی تێرمیناڵەکانی نەوت کردووە، زیاتر لە 1350 کەس دەستگیرکراونلە ڕاگەیاندنەکەیاندا گروپەکە وتی: “لە کاتێکدا حکومەت دوو هێندە لە وزەی سووتەمەنی بەردینی زیادکردووە بە سیاسەتی “پەرەپێدان و دابینکردن” و شکاندنی پابەندبوونی مانیفێستەکەی سەبارەت بە دریڵکردن و لەدەرهێنانی نەوتدا ، ئێمە لایەنگرانی دژ بە بە بەدەرهێنانی نەوت دەبین لە گرتنەبەری رێ وشوێنی ڕاستەوخۆی ناتوندوتیژ بۆ داوای کۆتاییهێنان بەم جینۆسایدە کە پرۆژەی مردنە،  ئێمە دەرئەنجامەکانی کارەکانمان قبوڵ دەکەین و پێویستمان بە بەزەیی نییە، پێویستمان بەوەیە ئێوە هەنگاو بنێن و بەشداریمان بکەن.”

هەڵوێستی عومان بەرانبەر بە قاچاخچێتی بە کۆچبەران و خراپ مامەڵەکردنیان

16/09/2022

لەم چەند ڕۆژەدا ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل سەبارەت بەو باسسەی سەرەوە لە ڕۆژنامەی گاردیاندا بڵاوکرایەوە . لەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە چۆن حکومەتی  عومان ناتوانێت یا ڕاستتر نایەوێت کە مامەڵەی ناشیرینی ئەو کرێکارانەی کە بە ناوی کاردکردنەوە دەهێنرێن بۆ وڵاتەکەی، بوەستێنێت.

ڕێکخراوی دوو بۆڵد ، Do Bold ، کە هاوکاری ئەو کرێکارانە دەکات کە لە وڵاتانی کەنداودا گیریان خواردوە، دیمانە لەتەك 649 یاندا کردووە کە لە وڵاتی سیارە لیۆنەوە بۆ عومان هێنراون.

لەو دیمانەیەدا ژنەکان باسی ئەوە دەکەن کە چۆن هەڵخەڵەتێنراون بەوەی کە پێیان وتراوەا کاریان لە کارخانە و چێشتخانە و هۆستڵ و ئوتێلەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکادا بۆ دەدۆزنەوە. 

دوبۆڵد ئاماژەی بەوەشکردووە، 80%ی ئەو ژنانەی کە دیمانەیان لە تەکدا کراوە  رایانگەیاندووە کە رۆژانە لە نێوان 16 بۆ 20 کاتژمێر کار دەکەن و 99%یان هیچ رۆژێکی پشوویان نییە.  نزیکەی لە 91% وتوویانە کە ئازادیی هاتوچۆیان کەمکراوەتەوە، لەنێویاندا دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە.   زیاتر لە نیوەیان وتوویانە کە مووچەیان لێ دزراوە و یەک لەسەر سێیان ئیدیعایان کردووە کە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.

وەک لە زۆرێک لە وڵاتانی کەنداودا باو و ئاساییە کە ماڵەکان لە عومان خزمەتکارانیان هەبێت . ئەم خزمەتکارانەش بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتانی کەم داهات لە ئاسیا و ئەفریقا لەلایەن چەند نوستگەیەکەوە کە بۆ ئەو مەبەستە دامەزراون ، دەتوانن ئەو کارە بکەن .

ئەو کرێکارە کۆچبەرانەی ناوماڵ کە لە عومان دامەزراون لەژێر سیستەمی کەفالەت و کەفالەتکارییدا کاردەکەن، کە پێگەی یاسایی ئەوان بە خاوەنکارەکەیانەوە دەبەستێتەوە.   ئەگەر کرێکارێک گرێبەستەکە بشکێنێت و بڕوات – یان هەڵبێت، ئەگەر بۆ نموونە قوربانی دەستدرێژیکردن بن – ئەوە بە تاوان دادەنرێت و دەتوانێت ببێتە هۆی زیندانیکردنی کرێکارەکە.

لەم حاڵەتانەدا هەندێك لەو کرێکارانە پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردوە و شکاتیان لە خاوەنماڵەکان کردووە کە مامەڵەی ناشیرینیان بەرانبەریان کردووە، بەڵام نەك هەر هیچیان بۆ نەکردوون بەڵکو لای خاوەنماڵەکانیش ئاشکرایان کردوون و ئەزێت و ئەشکەنجەیەکی زۆریان دراوە و غەدرێکی زۆریشیان لێکراوە بە درێژکردنەوەی سەعاتی سەر کاریان لەناو ماڵدا و لێبرینی موچەیان و بەندکردنیان و زۆری تر.

لیستێك لە تاوانەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی – مۆنارکی ئیمپراتۆری بریتانیی

کەژاڵ حەمەڕەشید فەتاح

13/09/2022

لیستێک لە تاوانەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی-مۆنارکی ئیمبپراتۆری بەریتانیا لەژێر هەژموونی شاژنە ئێلیزابێسدا..

نەخشەکەی کیشوەری ئەفریقا پێمان ئەڵیت کە دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا (مۆنارکی) لە هەر ووڵاتێکی ئەو کیشوەرەدا چاوی بڕیوەتە بەنرخترین سەروەت و سامانی سروشی ئەو ووڵاتانە.، هەر لە ئاڵتون و نەوت و مس، ئەلۆمنیۆم، ئەڵماس، گازی سرووشتی، ئاسن، پەموو، هەتا دەگات بە قاوە، چا، خووری و سامانە سرووشتیەکانی تر. بۆ بەدەستهێنانی ئەو سامانە گرانبەهایانە پرۆسەی خوێناوی لە هێرش و داگیرکاری (کۆلۆنیالی) بەڕێخست کە قووربانیەکانی گیانی ملیۆنان مرۆڤ بووە بێجگە لە تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕ تراجیدیاو تراوما لە ژیانی لایەک لە دانیشتوانی گۆی زەوی.

دزی و تاڵانی ئینگلیزەکان لە ووڵاتی هندستان لە نێوان ١٧٦٥-١٩٣٨ مەزەندەکراوە بە ٤٥ ترلێۆن پاوەند. ئەوەندەیان تاڵانی کردبوو هیندیەکان بە زمانی خۆیان پێیان دەووتن (تاڵانچی-Looter) تا وای لێهات ووشەی Looter چوە ناو زمانی ئینگلیزیەوە.

هەر لە ساڵانی داگیرکاری هندستاندا ساڵی ١٩٤٣ بە سیاسەتی تینوو برسیکردن لەبەشی ڕۆژهاڵاتی هندستان کە بەنگلادیشی ئێستایە، نزیک بە 2.1 بۆ 3.8ملیۆن بەنگالی گیانیان لەدەستدا.

تەنها نازیەکان نەبوون کە کەمپی قڕکردن-کۆمەڵکوژیان درووستکردبوو، ئینگلیزەکانیش لە کینیاو باشووری ئەفریقا لەو کەمپانەیان درووستکرد بوو.

شاژنە ئێلیزابێس تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو کە بەریتانیا جەنگێکی وەحشیانەی بەرامبەر کینیا بەرپاکرد لەپێناو پاراستنی ئەو سیستمە ڕاسستیەدا کەلەوێ دایان مەزراندبوو. سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ڕەشپێستی کینیا ڕاپێچی کەمپەکانی قڕکردن و توانەوە-(کۆنسێنترەیشن کەمپ) کردو لەناویان بردن، لەو دەمەدا کە چەرچڵ سەرەک وەزیرانی بەریتانیا بوو دەیوت کینیا خاکەکەی بەپیت و دەوڵەمەندە دەبێت هەر بۆ سپی پێست بێت.

ساڵی ١٩٥٢ شاژن ئێلیزابێش سەردانی کینیای کرد، شەش مانگ دواتر ئۆپەراسیۆنی کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی کینیا کە بە بزووتنەوەی (ماو ماو Mau Mau) ناسرابوو و لەدژی داگیرکاری بەریتانیا سەریهاڵدابوو دەستیپێکرد. لەو قەتڵوعامەدا ٩٠،٠٠٠کەس لەسێدارەدران، سەدان هەزار بۆمب بەکارهێنرا، ٤٢٠،٠٠٠ کەسی کینیا بەر تۆپباران کەوتن، ملیۆن و نیوێک خرانە کەمپەکانی قڕکردن-لەناوبردن.

هەروەها لەباشووری ئەفریقا کەمپی قڕکردنیان درووستکرد لە دەورانی جەنگی ناسراو بە جەنگی بۆر،-Bore War لەویدا کە دانیشتوانی باشووری ئەفریقا لەدژی ئیمپریالیزمی بەریتانی دەجەنگان.

ئەم گۆمی خوێن و جینۆسایدانە ئامانجەکەی داگیرکاری و دزینی سامانە بەنرخەکانی ئەو ووڵاتانە بوو.

ئەڵماس/دایمۆندی کۆهینور گرانبەهاترین ئەڵماسە لە جیهاندا. ئەو ئەڵماسە عەیارە ١٠٩یە کێشی ٢١.٦ گرامە پێکهاتەیەکی سەرەکی تاجەکەی سەری شاژنەو لە ئەفریقاوە دزراوە،

هەروەها نقێم/لوئلوئە بەنرخەکەی تاجەکەی سەری شاژن عەیاری ٥٣٠ لە ئەفریقاوە هێنراوە/دزراوەو بە ئەستێرە گەروەکەی ئەفریقا ناسراوە، نرخەکەی مەزەندەدەکرێت بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار.

کاتێکیش کۆلایەتی هەڵوەشایەوە لە ١٨٣٤دا، لەجیاتی قەرەبووکردنەوەی کۆیلەکان، لەبڕیارێکی شەرمهێنەردا بەریتانیا ٢٠ملیۆن پاوەند قەرەبوو ئەدات بە خاوەن کۆیلەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەست چوونی دامودەزگاکانیان.

هەر لەسەردەمی شاژندا، ١٩٤٨-١٩٦٠ ئینگلیزەکان جەنگ و هێرشیان دەستپێکرد بۆسەر ووڵاتی(Malaya یان مالی) بەئامانجی تاڵانکردنی کانزاکانی وەک مس، تەنەکە، لاستیک، و ..هتد. بۆ ئەم مەبەستە گازی ژەهراوی (ئۆرەنج ئەیجنت) یان لەئاسمانەوە ڕشت بەسەر خەڵکەکەدا و لەئەنجامدا زیاتر لە ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا. دواتر ئەمریکاش وانەی لەم کارەی بەریتانیا وەرگرت و هەمان تەکنیکی کوشندەی بەرامبەر گەلی ڤێتنام بەکارهێنا.

لە ساڵی ١٩٥٠-١٩٥٣ زیاد لە ٨٠،٠٠٠ سەربازی بەریتانی نێردران بۆ کۆریا بۆ یارمەتیدانی سوپای ئەمریکا لە قەتڵوعامکردنی نزیک بە ٤ ملیۆن کەسدا.

١٩٥٣ کاتێک گەیانا لە پرۆسەیەکی دیمۆکراتیدا سەرۆکی خۆی هەڵبژارد، بەریتانیا بەفەرمانی چەرچڵ ئەو حکومەتە هەڵبژێردراوەی ڕاماڵی و سووپاو کەشتی جەنگی لەوێ دامەزراندو کاری تەوای دامەزراوەکانی گەیانای ڕاگرت و هەوڵی سەربەخۆیی ئەو ووڵاتەی لەبەین برد.

١٩ی ئۆگەستی ساڵی ١٩٥٣ بەریتانیا ڕابەرایەتی کۆدەتاکەی ئێرانی کرد بۆ لابردنی دکتۆر محەمەد موسەدەق کە لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا هەڵبژێردرا وەک سەرەک وەزیران، ئامانج لەم کودەتایە لەبەینبردنی دۆخی دیموکراسی و بوژانەوەی ڕژێمی شاهنشایی ئێران بوو.

١٩٦٢-١٩٧٠ جەنگێکی ڕانەگەیەندراو/نهێنی لە یەمەن هەڵگیرساندبوو کە ٢٠٠،٠٠٠ قوربانی لێکەوتەوە. ئێستاش بەریتانیا چەک دەدات بە سعودیەو هانی ئەدات و چاودێری هێرش و بۆردومانەکانی سعودیە دەکات بۆسەر یەمەن.

پەرلەمانی باریتانیا لەدەورانی تونی بلێردا ڕەزامەندیدا بەبڕیاری هێرشکردنە سەر عێراق کە بوەهۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و دواتریش بوە هۆکاری سەرهاڵدانی داعش.

بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە دابەشکردنی کوردستان و لە پەیمانەکانی لۆزان و سایکس بیکۆداو ئێستاشی لەسەر بێت بەریتانیا ڕۆڵی گەورەی هەیە لە هێشتنەوەی گەلی کورد لەو دۆخە ئاڵۆزەداو هەروەها لە بەربەست دانان لەبەردەم شۆڕشەکانی ئازادیخوازی کورداو دەستگرتن و پاڵپشتیکردنی تورکیا لەبەرامبەر شۆڕشی ڕۆژئاڤادا.

ئەوەش ئەزانین کە لە دەورانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەم بۆ ماوەی چەندین ساڵ گەلانی عێراق بەکوردو عەرەب و نەتەوەو پێکهاتەکانی ترەوە قووربانی گەورەی ئەو داگیرکاریەبوون و لەو ماوەیەدا سامانی بەنرخی نەوتی عێراقیان بەتاڵان دەبرد.

لەئێستاشدا بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە ناتۆدا و لە بەڕێوەبردنی ئەو جەنگ و تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرێت لە لیبیا و فەلەستین وعێراق و سوریاو ئەفگانستان و ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست بەگشتی .

ئەتوانین بڵێین کە ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا و مۆنارکیەکانی فراوانترین شێوازی داگیرکاریان بەڕێخستوە لە مێژوودا زیاتر لەهەر دەسەڵاتداریەکیتر بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی هەژموونی سپی پێست و چەوسانەوەو لەناوبردنی ئەوانی تر.

.

شاژنی بەریتانیا کۆچی دوایی کرد بێئەوەی داوای لێبووردن بکات لەو گەلانەی جیهان کە تاوانی دزی وتاڵانی و داگیرکاری و کۆمەڵکوژی و توانەوەو جینۆسایدی بەرامبەریان ئەنجامداوە. شاژن مردوو هەرگیز پەشیمان نەبوو وە شەرمەزار نەبوو لەو هەموو تاوانەی کە خێزانەکەیی ئەنجامیان داوەو ئەوانەش کە لە حوکمرڕانی خۆیدا ئەنجامدراون.

ئەکرێت ئەنجامدەرانی تاوانە گەورەکان بەم شێوەیە لە ئاسوودەییدا سەربنێنەوەو دادگاو لیپێچینەوە نەبینن و، جیهانیش بەشەهامەتەوە بەڕێیان بکات؟؟؟؟

تێبینی,

لەکاتێکدا کە نوێنەرانی کۆلۆنیالیزم و سەرمایەی خەریکی مەراسیم گێڕانن بۆ مردنی ساژن ، لەلایەکی تر شەپۆلێکی نارەزایەتی لە دژی مێژووە خوێناویەکەی خێزانی مۆنارکی و جێگرتنەوەی خێرا بە کوڕەکەی شازن و بەردەوامی سیستمی پاشایەتی لە ئارادایە.

سەرچاوەی ئەم زانیاریانە چەندین پەیج و ئەکاونتی تویتەرو یوتیوبن کە بەشێکن لەو شەپۆلی ناڕەزایەتیانە.

-کتێبی (. A People’s History of the British Empire The Bloodstained Never Dried) by John Newsinger, بە فراوانی باسی ئەو مێژووە خوێناویانەی ئیمپراتۆری بەریتانیا دەکات.

ئازادیی، دیمۆکراتیی و دەسەڵاتی پۆلیس لە بریتانیادا

زاهیر باهیر

13/09/2022

من لەسەر ئەو ناونیشانەی سەرەوە بە دەیەها پۆست و وتارم نوسیوە بۆیە لیرەدا نایەم سەری خوێنەر بەوەوە بیەشینم.  ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەیە کە دراوە بە پۆلیس.  بێ گومان پۆلیسیش هەر وەك یەکێك لە ئێمە لە بواری خۆماندا خزمەت بە سیستەمەکە و مانەوەی دەکەین, ، ئەویش ئاوایە ، هەمیشەش ڕام وابووە کە جیاوازی نێوانی کرێکارێك و پۆلیسێك تەنها ئەوەیە کە پۆلیس زەبر و زەنگ و کوشتن و سەرکوتکردنی لە خودی خۆیدا هەڵگرتووە کە ئەوەش تایبەتمەندی سروشتی پیشەکەیەتی ، کە ئەم داپڵۆسەرە و بکوژە دەنا هیچ زێدە باییەك دروست ناکات بگرە لەسە زیدەبایی و باج و خەراجی کرێکاران دەژی.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەوەی کە پۆلیسی ئاوا دەسەڵاتدار کردووە یاسایە ، یاساش کە بیرۆکەیەکە یا لە لایەن گروپی Think-Tank وە دەردەبڕێی یا لە لایەن تاکە زیرەکەکانی توێژاڵی نوخبەوەیە کە زۆربەیان ئامۆژگاریکەر و ڕاوێژکاری تایبەتین. دیارە تەواوی بیرۆکەکانیش هەمووی لە خزمەتی دەوڵەت و سیستەمەکەدایە و بۆ مانەوەی ئەوە گەرچی زۆرینەی کۆمەڵ پێشوازی لیدەکات و بە پێویستی دەزانێت ، بەڵام جەوهەری خودی بیرۆکەکان هی هەر کەسێك و هەر لایەنێك بن دەوڵەت و سیستەمەکە سوودمەند و  بەهێزتر دەکات دەخرێتە بەردەم پەڕلەمانتاران و لەوێشەوە دەچێتە بەشێکی دیکە کە یاسادانەرانن  ئیتر کە بوو بە یاسا ئەوەشی کە دەبێت یاسا بەڕێوەی ببات پۆلیس و دادگەیە.  بەشێکیش لەم یاسایە کە لە  بواری کەمکرندەوەی ئازادییەکان و سەرکوتکردندان دەدرێنە بەشی پۆلیس .

هەموو جارێکیش بە ڕوودانی شتێك هەر ئەوەندەی کە خەڵکی لەو بازەنەیەی کە بۆی دانراوە تەجاوازی کرد ئیتر سنوری بازنەکە تەسکتر دەکرێتەوە بە دانانی یاسای نوێ وەکو چۆن لە کۆتایی ساڵی ئایندە و سەرەتای ئەمساڵد لە بریتانیا کرا تا ڕادەی یاساخکردنی هەندێك دروشم و وتنەوەیان و ڕێگەگرتن لە هەندێك کەس و قاوقیژ نەکردن و فیکە لێنەدان ڕێز لە بێ دەنگی و ئاشتیی خۆپیشاندانەکە .  ئەمانە ئێستا یاسان و تۆش لەبەردەم ڕەحمەتی دەسەڵاتی پۆلیسدای لەسەر شەقامەکان ، ئەویش خۆی و خوای خۆی چۆنی لێکدەداتەوە و چۆن جێ بەجێی دەکات.

لە مردنی ژنەشا، نەك شاژن  [ کە مانای ژنی شا دێت بەڵام ئەم خۆی شا بوو مەلیك بوو ]، لە گواستەوەی کفنەکەی  بۆ یەك دوو شارێك تاکو وەکو میدیا دەڵێت خەڵکی لە بریتانیادا چانسی ئەوەیان هەبێت کە ڕێزی لێبنێن. لە چەند ساتێكی ئەم ڕێزلێنانەدا چەند ڕوداوێك لە لایەن کەسان و گروپی ئەنتی مۆناخ، مەلیکیی ، ناڕەزایی دەربررا و هەندێك لەم دروشمانە بەرزکرایەوە وەکو ” شای، مەلیکی من نییە ”  یەكێك هاواری کرد و بە ‘ئەندروی’ کوڕی مەلیکەی وت ” ئەندرو تۆ نەخۆشیت ”  یەكێ تر هاواری کرد ” ئیمپریالیزم بگێن ، ڕژێمی مەلیکیی هەڵوەشێننەوە ” هەروەها کاتێك چارلس –ی کوڕی مەلیکە دانرا بە جێنشینی دایکی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵیش هاواری کرد و وتی ” کێ هەڵیبژاردووە؟؟”  بەڵام هەندێک لەوانەی دەوروبەری وتیان دەمت داخە و یستیان دەمکوتی بکەن ئەویش وتی ” سەرۆکی دەوڵەتیان بەسەرمان سەپاند، بێ ئەوەم پرسمان پێبکەن ”  

ئەمانە هەر یەکسەر بە گوێرەی یاسا پۆلیس ئامبازیان بوون و لە زەویدا تەختیان کردن و کەلەبچەکران و بەرەو مەرکەزی پۆلیس ڕفێنران وەکو ئەوەی کە گەورەترین تاوانبار بن .

لای من و ئەوانەمان کە زانیارییان لەسە یاسای ئەم وڵاتە  و دەسەڵاتی دەوڵەت پەڕلەمان هەیە ، ئەم رووداوانە ئەوەندە ئاساییە کە هەر کەس بە تەمای کردنی شتێکی ئاوا بێت دەبێت خۆی هەڵگرێت بۆ لێدان و کەلەبچەی پۆلیس و سەپاندنی یاسا بەسەریاند تاکو نەك هەر ئەمە دووبارە نەکەنەوە بەڵکو لە ئایندەدا بە چەند میلێکیش نابێت توخنی خۆپیشاندان وپرۆتێست بکەونەوە .

بۆ ئەو “تاوانانە”ی کە کراون و لەسەرەوە ناوم هێناون سزایان لە 1000 پاوەندەوە یاخود یەك مانگ بەندیکردن تاکو  5000 پاوەند یاخود 12 مانگ بەندیخانە ، سەپێنراوە بێ گومان دەکەوێتە سەر جۆری ” تاوانەکە” و وەخت و شوێن و بۆنەکە و هەروەها بەررگریی لەخۆکردن کە پۆلیس دەیەوێت بتگرێت .  بەڵام هەر هەموویان لە یەك خاڵدا هاوبەشن کە شێواندنی ئاشتی و بێ دەنگییە ، بریندارکردنی هەستی کەسانی دیکەیە. سزای هەڵمیزان بە پەیکەرێکی وەکو هی چێرچڵ یاخود کرۆموێڵ ، کۆنە جێنرالی قەڵتاخشڕی بریتانیا و ئەوانی دیکە سزاکەی 10 هەزار پاوەندە یا چەند ساڵێك بەندیخانەیە.

ئەمەش ئازادیی دەربڕین و سەربەستی خۆپیشاندان و پرۆتێستە لە بریتانیادا ، کە یاساکان ئەوەندە لاستیکیە دەکرێت پۆلیس و دادگە بە ئارەزوی خۆیان لێکدانەوەی بۆ بکەن و هەر هەمووشیان دروستن و دەربازبوون لێیان مەحاڵە.

مانگرتنی کرێکاران و کارمەندانی پۆستە لە بریتانیا

08/09/2022

کرێکاران و کارمەندانی ڕۆیەڵ مەیل دوای ئەوەی دوو ڕۆژ لە مانگی ڕابوردوودا مانیان گرت،  ئەمڕۆ و بەیانیش ، 5شەمە و هەینی ، 08ی مانگ و 9ی مانگ  115 هەزار کرێکار کە لەلایەن سەندیکای کرێکارانی پەیوەندییەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەشدارن لە مانگرتنەکەدا دەکەن  کە بەهۆی ناکۆکی لەسەر مووچە بڕیار دراوە.

دەیڤ وەرد، سکرتێری گشتی نقابەکەی کرێکاران  لە وەڵامی ئیدارە و کۆمپانیای دائیرەی پۆستدا  وتی: ” کەس بڕیاری مانگرتن بە سووک  ناگرێت و نازانێت ،  گومان لەوەدا نییە ، بەڵام کرێکارانی پۆستە پاڵیان پێوەدەنرێت بۆ کردنی ئەو کارە هەروەها ناتوانرێت گومان لەوەدا هەبێت کە کرێکارانی پۆستە بە تەواوی یەکگرتوون لە ئیرادەیان بۆ دەستەبەرکردنی بەرزکردنەوەی مووچەی شکۆمەند و دروست کە شایەنیانە”.  ئەو ئاماژەشی بەوەش کرد ” خەڵک ناتوانن بەردەوام بن لە ژیان لە وڵاتێکدا کە سەرۆکەکان ملیارەها پاوەند قازانج بەدەستبهێنن لە کاتێکدا کارمەندەکانیان ناچارن لە مەرکەزەکانی خۆراك بەخشینەوە خۆراک بەدەستبهێنن ” بەردەوام بوو لەسەر  قسەکانی وتی ” پەیامی ئێمە سادەیە و دەڵێن خزمەتگوزاری پۆست بچڕ بچڕ دەبێت و ئەمەش جددیە تاکو موچەی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنین”