All posts by azadebram

سەرمایەداریی لە جەوهەردا باش و خراپی نییە، هاوکاتیش دەوڵەتەکانی یەك جەوهەر و یەك ئامانجیان هەیە

14/01/2025

زۆربەمان بەراوردێك دەکەین لە نێوانی هەندێک دەوڵەتی سەرمایەداریدا وەکو بریتانیا و وڵاتانی ، بۆ نموونە ، سکەندناڤیا.  ئەوانەی کە ئەوە ڕایانە دوو فاکتەری سەرەکی یاخود فاکتەرێك لەو وڵاتانەدا نابینن :

یەك: جەوهەر و ئامانج و شێوازی کارکردنی سەرمایەداری  یەكێکە ، ئەوەی کە وای کردووە کە لەوێ ژیان بە گشتی تا ڕادەیەك باشترە ئەوە بەڵگەی گەشەی ناتەواوی سەرمایە و سەرمایەدارییە .  لە بریتانیا چونکە سەرمایەداری لە ئەو پەڕی باڵادایە ژیانی خەڵك زۆر خراپترە تاکو سوید و نەرویج و زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپی.  گەر تێبینی بکەین وردە وردە ئەوەی کە لێرە هەن ( بریتانیا) دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوانیش .

دوو: بزوتنەوەی خەڵك ، کرێکاران و بەگریکردن لە مافەکانیان . لە هەر شوێنێك ئەم بزوتنەوەیە لاواز بێت وەکو لە بریتانیا و ئەمەریکا و کەنەدا و زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا ، سەرمایەداری بەهێزە و ڕێگرێك نییە یا زۆر بێ وەیە بۆ ئەوەی کە دەیکات . ئەم فاکتەرە ڕەنگە کارایی نەبێت لەسەر ئەو وڵاتانی سکەندناڤیا چونکە بزوتنەوە لەوێ تا ڕادەیەك مردووە ، بەڵام فاکتەری یەکەم ڕؤڵی سەرەکی هەیە.

بێ گومان فاکتەری دیکەش هەن بەڵام زۆر سەرەکی نین وەکو ژمارەی دانیشتوانی خەڵکەکەی.

هەر با تەماشای بریتانیا بکەین:

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ لە ژێر ناوی : داهاتی خێزانە مامناوەندییەکان لە بریتانیا زۆر کەمترە و هەژارترن لە وڵاتانی  هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی. 

ڕاپۆرتەکە دەڵێت

ژیانی بەریتانییەکان 39% خراپترن لە هاوتای هۆڵەندی بەهۆی تێچووی خانووبەرە کە  44% زیاترە لە تێکڕای ڕۆژئاوای ئەوروپا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا نرخەکان لە بەریتانیا بەڕێژەی 8% زیاترە لە تێکڕای 38 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، بەڵام خێزانە ناونجییەکانی بریتانیا  زیاتر کاریگەرییان لەسەر تێچووی خانووبەرە هەبووە تاکو وڵاتانی دیکە کە بە ڕێژەی  44%لە بەریتانیا زیاترە لە تێکڕای OECDئەو وڵاتانەی کە لە سەرەوە ژمارەیان دانراو .

کاتێک کە مەیلی خێزانە کەم داهاتەکان بۆ خەرجکردنی زیاتر لە پێداویستییەکان و کەمتر بۆ شتە لەکشەرییەکان لەبەرچاو دەگیرێت، خێزانە ئەڵمانییەکان ساڵانە 21% یان 2300 پاوەند باشترن لە هاوتاکانیان لە بەریتانیا و جیاوازی لەگەڵ خێزانە هۆڵەندییەکان زیاترە، کە 39%یە.

گەورەترین قەرزدەری بەریتانیا، بانکی هالیفاکس، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، تێکڕای تێچووی خانوویەک بۆ کەمێک کەمتر لە 300 هەزار پاوەند بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی لە مانگی نۆڤەمبەردا 1.3% بەرزبووەتەوە. سەرەڕای پەتای Covid و قەیرانی تێچووی ژیان و بازدانێکی گەورە لە تێچووی خانووبەرە لە بەریتانیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەبینرێت.  نرخی خانووبەرە لە ماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە 25% بەرزبووەتەوە. پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە.

لە بازاڕدا کرێی خانوو لە بەریتانیاش بەرزبووەتەوە – بە ڕێژەی 9.1% تا تشرینی دووەمی 2024، بەپێی فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ تێکڕای بەرزبوونەوەی کرێی خانوو کەمتر بێت بەڵام هێشتا پێشبینی دەکرێت بە ڕێژەی 4% بەرزبێتەوە.

ژمارەی قوربانییەکانی غەززە هەڵەیە

11/01.2025

قوربانییەکانی غەزە زۆر زیاترن لەوەی کە ئیمە فەرمییەکەی دەزانین . بە گوێرەی زانیاری فەرمی وەزارەتی تەندروستی غەززە ژمارەی کوژراوانی خەڵکانی مەدەنی لە غەززە کەمتر لە 48 هەزارە .  ئەم ژمارەیە لە سەر بناخەی ئەوانەی کە لە خەستەخانە مردوون و ئەوانەی کە کەس و کاریان ئاگەداری خەستەخانەکانیان کردۆتەوە بێ لەمانەش حسابی ئەوانەی کە کە لە ژێر دار و پەردوودان کە خەمڵێنراوە بە 11 هەزار کەسی نادیار و ونبوو ، هەروەها ئەوانەشی  بە هۆکاری جەنگەکە گیان لە دەست داوە لە ژمارەی فەرمی کە ئەو ژمارەی سەرەوەیە نین .

بە گوێرەی ڕاپۆرتی Lancet medical journal کە لێرەوە بڵاوکراوەتەوە  قوربانییەکانی غەززە بەڕێژەی لە سەدا 40 زیاترە لە ئامارە فەرمییەکە کە بە ژمارەش دەکاتە 64،260 کەس.

لەم قوربانیانە لەسەدا 59 یان ژنانن و منداڵان و ئەوانەی کە تەمەنیان لەسەر و 65 ساڵییەوەیە .  بەڵام ئیسرائیل نکوڵی لەم ژمارەیە دەکات دەڵێن ئەوان لە هەموو لایەنەکانی دیکە لە شەردا زۆر زیاتر ئاگایان لە خەڵکانی مەدەنی هەیە .  ئەوان وا دەڵێن  “ئەوان ڕاگەیاندنیان داوە کە بریتین لە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بۆ چۆڵکردن، ناوچە سەلامەتەکان و گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک و هەموو ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی.  ئەو ژمارانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕەنگدانەوەی دۆخی سەر زەوی نییە”.

بەڵام هیچ وەختێك لایەنی باڵادەستی جەنگ راستیی ژمارەی قوربانییەکانی جەنگەکانیان ناڵین و دەیانەوێت ئەوە بە خەڵك ڕاگەیەنن کە کوشتارە زۆرەکە، ئەگەر بووش بێت ئەوە خەتای خودی خەڵکەکە خۆیەیەتی .

لە وەڵامی ئیسرائیل دا ئەوە دەرەنجام دەکەین کە دەڵێن ئەوەی کە کوژارەوە دەبێت خۆیان لۆمە بکەن و ئەوان خۆیان تاوانبارن ، دەنا ئەوان هەموو شتێکیان کردووە بەڵام کە خەڵك بە قسەیان نەکات ئەمان ئیتر چی بکەن؟

لە لەندەن پۆلیس ڕێپێوانی هاوپشتی فەلەستین یاساخ دەکات

10/01/2025

بەیانی، شەمە، 11/01 بڕیارە کە ڕێپێوانێکی گەورە بکرێت بۆ بەرگریی لە فەلەستینیەکان لە کەناڵی  بی بی سی-یەوە دەستپێبکات تا دەگاتە شوێنی مەبەست.  بەڵام پۆلیس ڕێگایان پێ نادات بە بیانوی ئەوەی کە چەند سەد مەترێك دوورە لە کڵێسای جوولەکانەوە ، بەیانی شەمەش جوولەکەکان دەچنە کڵێسا.

لە کاتێکدا پۆلیس ئەو بڕیارەی داوە نزیکەی 50 خۆپیشاندان زیاتر کراوە تا ئێستا بەڵام بە وتەی خۆشیان تا ئێستا ڕووداوێك لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕوی نەداوە بەرانبەر جوولەکەکان.

هاوکاتیش سێزدە کەس لە ڕزگاربووانی هۆلاکۆست یا نەوەکانیان نامەیەکی هاوبەشیان واژۆ کردووە بۆ دژایەتیکردنی بڕیارەکەی پۆلیس بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ڕێپێوانەکە لە دەرەوەی بی بی سی. لە نامەکەدا هاتووە: “ئێمە وەک ڕزگاربووانی جولەکەکانی هۆلۆکۆست، و نەوەی ڕزگاربووان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم هەوڵە ڕوونە بۆ ڕێگریکردن لە خەڵک لە دژایەتیکردنی جینۆسایدی غەززە ئەم نامەیە دەنووسین”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەگەڵ هەزاران خۆپیشاندەری دیکەی ئاشکرای جوولەکە، بەشداریمان لە چەندین خۆپیشاندان و ڕێپێوانی  فەلەستین کردووە لە لەندەن و جگە لە پشتیوانی و گەرمی لەلایەن هاوخۆپیشاندەرانمانەوە هیچمان وەرنەگرتووە.”

لە وەڵامی پۆلیس دا ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە پۆلیسیان بە ” دەسەڵاتی سەرکوتکەر ناوبردووە” ، وتیشیان  “هاوپەیمانی فەلەستین ئەو واتایە ڕەتدەکاتەوە کە ڕێپێوانەکانمان بە جۆرێک دوژمنایەتی یان هەڕەشەن بۆ سەر گەلی جولەکە”.

هاوکاتیش ڕێکەخەارانی ڕێپێوانەکە بە پۆلیسیان وتووە ئێمە هەر لەوێ دەیکەین ڕێڕەومان ناگۆڕین .  پۆلیسیش دەڵێت لەو بارەدا ئەوان چاریان نییە جگە لە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیانە و دراوە پێیان .

ئەوەی ئاشکرایە پۆلیس وەکو دەزگەیەکی سەرکوتکەری پارێزەری حکومەت و دەوڵەت هەر لە بیانوو دەگەڕێن تاکو دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بە گوێرەی یاسا بسەپێنن.

داهاتی بەڕیوەبەرە گەورەکان و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکان لە بریتانیادا  لە هەڵکشاندایە

06/01/2025

ساڵ بە ساڵ داهاتی ئەو توێژاڵەی سەرەوە و خەڵکە ساماندارەکان لە هەڵکشاندایە بە ڕادیەك کە جێی سەر سوڕمانە .

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ سەد کەس لەو توێژاڵانەی سەرەوە بڕی داهاتی ساڵانەیان هەر موچەکانیان بێ لە پشك و موخەسەساتی دیکەیان لە ئەمساڵدا 113 جار زیاترە لە کرێیەکی ئاسایی ساڵانەی کرێکارێك. هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە ئەمانەی  لە ڕۆژی 5 شەمە و هەینی هەفتەی پێشوو واتە  2ی مانگ و 3ی مانگ و ڕۆژی دووشەمە هەتا سەعات 11.30 سەر لەبەیانی هەر یەکەیان توانیویانە لەو ماوەیەدا بە قەدەر داهاتی ساڵێکی کرێکارێکی ئاسایی کە موچەکەیان کە 37،430 ملیۆن پاوەندە وەرگرن .

بری کاری تەنها سەعاتێکی ئەم توێژاڵە 1،298 پاوەند و لە دەقەیەکدا نزیك دەبێتەوە لە 22 پاوەند..

لە سەری سەری لیستی ئەو بەڕێوەبەر گەورانەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای AstraZenec کە 18،7 ملیۆن پاوەند بووە لە ساڵی 2024 دا .  لە دوای ئەو بەڕیوەبەری گشتی جێبەجێکاری کۆمپانیای RelX and Tufan Erginbilgiç  13،6 ملیۆن پاوەند هەروەها بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیا دروستکردنی سەیارەی ڕۆلس ڕۆیس کە ئەویش هەمان  مووچەی هەبووە . هۆی دانی ئەم پارە زۆرە بەمانە  کۆمپانیاکانیان بەوە پاساوی دەداتەوە گەر ئەوە نەکەن ئەوە ئەوان کۆمپانیاکە بەجێدەهێڵن دەڕۆن بۆ ئەمەریکا و ئەمانیش بەرگەی ئەو ململانێ و کێبڕکێیە لەگەل کۆمپانیاکانی دیکەدا ناگرن .

skyscrapers in the City of London skyline

چەمکە ئایدۆلۆجییەکان

Zaher Baher

05/01/2025

خۆڕزگارکردن لە ئایدۆلۆجییەت هەر ئەوە نییە کە ئایدۆلۆجیانە بیر نەکەیتەوە ، بەڵکو زۆر زۆر گرنگیشە کە لە دەربڕینی ئایدۆلۆجیانەش خۆت رزگارر بکەیت .  هەر ئەوە گرنگ نییە کە تۆ شتی ڕاست و دروست بڵێیت ، بەڵکو ئەوەش گرنگە کە تۆ بە زمانی یا دەربڕینی ئایدۆلۆجیانەش نەیڵێیت و دەری نەبڕیت.

هەر ئەوە گرنگ نییە کە تۆ خۆت بەکەسێکی سادە و ئاسایی بزانیت ، بەڵکو گرنگیشە کە وەکو کەسێکی سادە و ئاسایی ئاخافتن بکەیت و تێت بگەن یان تێگەیشتنت لێبکرێت .

چەمکی ئایدۆلۆجی چەمکێکی زۆر ئاڵۆزە و نەك هەر زۆربەی خەڵك بە خوێندەوار و نە خوێنەوارەوە لێی حاڵی نابن، بەڵکو لە ئاڵۆزییەکەیدا دەکەوێتە هەڵەشەوە و لێکدانەوەی نادروستی بۆ دەکرێت ، لە لێکدانەوەی ناردرستییشەوە نەك هەر کەس لێت حاڵی نابێت بەڵکو خەڵکی تێڕوانینێکی سەیر و سەمەرەویانەیان بۆشت دەبێت .

بۆ نموونە:

زۆرێك لە ئێمە چەمکی : ” ناکۆکی نێوان کار و سەرمایە” دەڵێینەوە و دەڵێین تا ئەم ناکۆکییە یەکاڵا نەبێتەوە کێشەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە ”  و زۆرێك لەم چەمکانە دەڵێینەوە.

دەی ئەم چەمکە گەرچی لە ناوەرۆکدا ڕەنگە ڕاستیەکی تێدا بێت بەڵام  چەمکێکی ئایدۆلۆژیانەیە.

بۆچی؟

یەك: زۆر ئاڵۆزە و هەموو کەس لەمە تێناگات و پێویستی بە شرۆڤە و بێنە و بەردەیەکی زۆر هەیە.

دوو: دەربڕێنێکی نا دروستە بۆ خەڵکانی ئاسایی و تەنها ئەوە نیشان دەدات کە دەربڕی یا نوسەری ئەو چەمکە دەیەوێت بیگەیەنێت کە ئەو کتێبی زۆری خوێندۆتەوە بەتایبەت سەربارەی ئابووریی و شتی زۆر دەزانێت و کەسێکی ئاسایی نییە .

سێ: گەر زۆر وردیشی بکەیتەوە لە ناوەرۆکیشدا تا ڕادەیەك ناڕاست و نادروستە ، چونکە لە لایەکەوە ناکۆکییەك نییە لە نێوانی کار و سەرمایەدا.  کار و سەرمایە دوو وشەی مردون و بێ بکەرەکەی هیچ مانایەك نابەخشن و گوێگر تووشی سەرەگێژە و چەواشەیی دەکات.  بەکار هێنانی دوو وشەی مرد و بێ ‘بکەر’  هیچ درروست ناکات و هیچیش ناداتە بە دەستەوە .

چوار: هەر دروستیش نییە کە تۆ سنوری ئەو ناکۆکییە ببەستیتەوە بە تەنها ” کار و سەرمایەوە” چونکە ناکۆکی لە ڕوی تریشەوە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی قازنج و دواتریش سەرمایە دروست دەبێت هەیە.  بۆ نموونە لە ڕێگەی مامەڵە و بازرگانییەوە .

پێنج: ئەم چەمکە زیاتر بەکارهێنانەکەی بۆ کاری کرێکاران بۆ سەرمایەداران بەکاردەهێنرێت کەواتە زۆر تەسكە لە سنوری سەردەمێکی زۆر کەمی چەند سەد ساڵێکدا بەکاردەهێنریت کە لە کاتێکدا کار بە درێژایی مێژوی دروستبوونی کۆمەڵی قوچەکەیی و دواتر چینایەتیی، دوو توێژاڵ دوو چینی دژ بەیەك و ناتەبا بە یەکدی هەبوون .

چەمکی دروستی نائایدۆلۆژیانە:

بەکارهێنانی چەمکی دروستی نائایدۆلۆژیانە بۆ ئەم مەبەستە  چەمکی : ناکۆکی نیوانی کرێکاران سەرمایەداران-ە ، ناکۆکی نێوانی چەوساوە و چەوسێنەرانە ، ناکۆکییەکانیش تەنها لە ڕێگای کاری زیادەوە دەبێت بە نرخی کەمتر یاخود بازرگانی و مامەڵە بەنرخی زیاتر لە تێچوون ئەو سەرمایەیە دروست دەبێت لە ڕێگای قازانجەوە .

دوای ئەوەش ئەم ناکۆکییە سنورداری سەردەم و چین و توێژاڵی فەعال نییە، بۆیە وەکو لە خاڵی چواردا لە سەرەوە وتم لە هەموو کۆمەڵێکی قووچەکەیی و چینایەتیدا هەیە کەواتە گشتگیرە.

درۆن و بەندیخانەکانی بریتانیا

03/01/2025

درۆن هەر ئەوە نییە شەڕی پێبکرێت، یاخود تیرۆر ئەنجامبدات .  ئەمڕۆ لە بریتانیا لە ئینگلتەرە و وێڵس بەرەنگاربوونەوەیەکی دەوڵەت نییە تاکو بە درۆن سەرکوتبکرێت ، بەڵام درۆن هێشتا لێرەش بە جۆرێکی دیکە سەرکوتی خەڵکانی زۆر بارخوار دەکات یا بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە.

درۆن لێرە لەبری شەڕ قاچاخچییەکان و فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان بەکاری دەهێنن بۆ دزەکردنی  مادەی هۆشبەر بۆ ناو بەندیخانەکان .

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم یەك دوو ڕؤژە ، لە کاتێکدا کە درۆن بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2020 وە بەکاردەهێنرێت بەڵام هەرگیز وەکو ساڵی پار نەبووە .

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لە 10 مانگی ساڵی پارەکەدا ژمارەی ئەو درۆنانەی کە مادەی هۆشبەریان بۆ بەندییەکانی هەندێک بەندیخانە گواستۆتەوە لە ڕێگای پەنجەرەی بەندیخانەکانەوە 1296 جار درۆن مادەیهۆشبەری بۆ بەندیخانەکانی ئینگلتەرە و وێڵس بردووە کە دەکاتە 130 تێکڕای مانگانە، بەندییەك بەندیخانەکانی چواندووە بە فڕۆکەخانە.   ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە سالی 2023   واش پێشبینی کراوە کە هەتا کۆتایی 2024 ئەم ژمارەیە سەردەکەوێت بۆ 1550 جار کە لە ساڵی 2022 دا 478 جار بووە کە بە بەراورد بە 2022  ساڵلی 2023  ژمارەکە سێ جار سەرکەوتووە .

ئەمە لە کاتێکدا کە نابێت درۆن لە مەدای 400 مەتر نزیك لە بەندیخانەکان ببێتەوە.  ئەم درۆنانە لە شەوی تاریکدا خۆیان دەگەیننە بەندیخانەکان و پانییان تەنها یەک مەترە و 7 کیلۆ مادەی نایاسایی هەڵدەگرێت و بە پارەیەکی زۆر گران لە بەندیخانەکاندا دەفرۆشرێنەوە .  گەر چی جۆرێك لە تەکنەلۆجیا بەکارهێنراوە لە کەشفکردنیاندا پێش گەیشتنە بەندیخانەکان ، بەڵام بە گوێرەی قسەی پۆلیس  و لایەنەکانی کە لەو بوارەدا شارەزان زۆر سەرکەوتوو نەبووە .

چەند سەرنجێك دەربارەی دیدارەکەی دەم پارتی بۆلای ئۆجەلان

Zaher Baher

29/12/2024

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم کە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە هەمیشە لە قازانجی خودی کەیسەکە خۆیەتی و بە سوودی نەك هەر کوردستانی باکور و تورکیا دەگەڕێتەوە تەنانەت کارایی ئەرێنی زۆریش لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی خودی کێشەکانیان دادەنێت .

گفتوگۆ و ئاشتەوایی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەتا گەر پەکەکە سازشیش بکات هیشتا لە قازنجی خۆیان و لایەنەکانی دیکەن کە لەسەرەوە باسم کردن .

ئەوەی کە من لێرەدا دەینوسم ڕەنگدانەوە و پەیوەندی بە بارودۆخی هەنوکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم دوو سێ هەفتەیەدا ڕویداوە هەیە. بەگۆڕینی بارودۆخەکە بێ گومان شیکردنەوە و ڕای جیاواز دێتە ئاراوە.

سەرنجەکان:

یەك: زۆر زۆر بە دەگمەن ڕێدەکەوێت کە لایەنی براوە یا باڵادەست داوای گفتۆگۆ و وتووێژ لە لایەنە لاوازەکەی بەرانبەری بکات.  ئەمەش یانی تورکیا کە ئێستا لایەنێکی باڵادەستە و گەورترین سەرکەوتنی لەم ڕووداوانەی ئەم دواییەدا تاکو ئێستا بەدەستهێناوە، کە دەیەوێت گفتۆگۆ لەتەك پەکەکەدا بکات دەبێت جێی گومان و تێرامان بێت .

تا ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانانی هەسەدە سەبارەت بە ئەردۆغان و هاوکارانی ئەو کە مەترسیدارترین هەڕەشە دەکەن هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ڕۆژئاوا و کورد تێدا نابینرێت.

 لەگەڵ وتنی ئەوەشدا نابێت پەکەکە یا ئۆجەلان گفتۆگۆ ڕەتبکەنەوە دەبێت ئەوە رەچاو بکەن کە بارودۆخی تورکیا و ناوچەکە گۆڕاوە و بەرەوگۆڕانکاری زیاتر ، بەڵام نەك بە قازنجی کورد ئەوەی کە تا ئێستا دەیبینین، دەڕوات .

دوو: ئۆجەلان کە 27 ساڵە دیلە و بەندە و ژمارەی دیدارەکانی کەس وکار و پارێزەرانی بۆ لای، لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت ، هاوکاتیش ئەو مامەڵە ناشینرینەی کە حکومەتی فاشی تورکیا لەگەڵیدا دەیکات ڕێگرن لەوەی کە ئەو وەکو دیلێك ، بەندییەك ئازادانە بیربکاتەوە و ڕای ڕاست و دروستی خۆی  بڵێت و بینێرێت بۆ قەندیل. 

لەبەر ئەو هۆکارانە دەبێت هەمو قسە و پەیامێکی ئۆجەلان بخرێنە ژێر پرسیا و شیکردنەوەیەکی زۆر وردەوە ، کە لە زۆر حاڵەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەك حسابیان بۆ بکرێت .

سێ : سەرانی پەکەکە و گرفتی سەرەکی :  بە درێژایی ئەم 27 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە کە سەرکردەیەك یا خود چەند ڕابەر و سەرۆکێك بەخۆی پەروەردە بکات و بتوانن بێ لە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان و پەیام و پێشنیارەکانی ئەو، هیچ جۆرە بڕیارێك بدات چ سەبارەت بە تورکیا و چ بە کوردستانەکانی دیکە بە تایبەتی هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا .

سەرانی پەکەکە ئەوەندەی لە کێبڕکێی دانی دیمانەدان لەناو یەکدیدا ئەوەندە لە کێبڕكێی دانی پێشنیارێك، پێشنیازێك ، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لە نێوانی خۆیاندا نین . هەر بۆیە کە یەکێکیان دیمانەیەك دەکات دەبێت بە زووترین کات ئەوانی دیکەش دیمانەی خۆیان یا نوسینی خۆیانیان هەبێت .  ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە پەکەکە هەر وەک چۆن ناوەندێکی بڕیار و جێبەجێکاریی خۆیان نییە، هەر ئاواش ناوەندێکی یەکگرتوشیان بۆ نوسینی ، شییکردنەوەی ، دیمانەیەكی فەرمی پەکەکە نییە.

خودی ئەمەش ئەو گرفتەی بۆ پەکەکە دروستکردووە کە لە پرسی ئاشتی و ئاشتەواییدا هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان، و ئۆجەلانیش ئەوە حاڵییەتی واتە دیل و بەند کە ڕەنگە لەژێر هەندێك فشاری ناوەوە و دەرەوەدا ڕا و بۆچونی هەڵە بدات ، کە سەرەنجام بە زیانی هەموو لایەك بگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو پەیامە بکەین کە بە نوێنەرانی دەم پارتیدا ناردویەتییە دەرەوە دەبینین کە پەیامێکی ئێکجار و سادو و ساکار و لاوازە  و وەکو پەیامێك وایە بۆ ئاشتەوایی نێوانی دوو کەسی ئاسایی شەڕکەر، یا ڕەنجاندنی دڵی نێوانی دووکەس بێت تاکو ئاشتببنەوە ئاوایە  .

بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە قەندیل و سەرانی پەکەکە نە ناوەندن و نە خاوەن بڕیار ئەوەیە ئەگەر تەماشای پەیامەکانی ئۆجەلان بکەیت ئەوە دەلێت ئەو  ” خاوەن بڕیارە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە ” ئەمەش یانی پێگەی سەرەکی لە پرسی کوردی باکورداد بۆ خۆی داناوە، ئەوە کە ناوەندە ، ئەوە کە بڕیار دەرە ، نەك قەندیل و سەرانی بەناو فەرمی ئێستای پەکەکە .

ئۆجەلان لەم پەیامەیدا نە داخوازییەکی سیاسی هەیە و نە مەرجی هەنوکەیی بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی و حکومەتی نوێی سوریاش هەیە. هەر ئاواش هیچ پێشنیارێکیشی تێدا نییە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەسەدە و پەیەدە و هەرێم و حیزبەکانی باشووریش.  ونبوونی ئەم پەیامانە و زۆری دیکەش جێی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەییە بە ئۆجەلان و پەیامەکانی ئێستای . 

دیارە من ناڵێم کە ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی شل کردوە بۆ تۆرکیا، یا مێشکی داوەتە دەست حوکمڕانانی تورکیا ، بەڵام پەیامێکی ئاوا سادە و ساکار ماستێکە و بێ موو نییە .

لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت پەکەکە خۆیان گەر بتوانن لەبەر ڕۆشنایی رووداوەکانی ئێستا و بارودۆخی تایبەتی خۆیان و هێز و  ئایندەیان و  ڕەچاوکردنی پێگە و سوودی هەرێمی باشوور و  پرسی ڕۆژئاوا و هەسەدە و کوردانی دیکەی دەرەوەی هەسەدە، هەڵسەنگاندن بکەن. ئەمانن کە لە مەیدانەکەدان نەک ئۆجەلان، ئەمانن حکومەتی تورکیایان بێزار کردووە نەك ئۆجەلان، ئەمانن پادارن و ئۆجەلان بێ پا.  هاوکاتیش سەرنجی پەیامەکان و ڕا و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دیمانە و دیدارەکانی ئێستا و ئایندەی لەگەڵ تورکیا یا هەر لایەنێکی دیکە، دەبێت زۆر بە وردی بدەن.

  دەکرێت تێڕوانینی ئەمان بۆ ئۆجەلان وەکو ڕابەرێك، سەرکردەیەکی ڕۆحی بێت نە سەرۆکێکی بڕیاردەر ، هەرچەند دەبوایە پەکەکە ئەمەی هەر لە سەرەتاوە بکردایە ، ئێستا لەم کاتە ناسکەشدا هەر درەنگ نییە.  

یونیسێف دەڵێت، نزیکەی لە هەر پێنج منداڵ یەکێکیان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەژین

28/12/2024

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی یونیسێف منداڵانێکی زۆر لە جیهاندا قوربانی دەستی ئەو شەڕ و ئاژاوانەن کە لە زۆر ڕوەوە شوێن و وڵاتەکانی ناسەقامگیر کردووە کە نەك هەر لەڕووی هەژاری و تیاچونیانەوە زەرەرمەند بوون بەڵکو لە زۆر ڕووی دیکەشەوە کارایی خراپیان لەسەر دانراوە .

ڕاپۆرتەکە ڕۆشنایی خستۆتە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

+ نزیکەی یەک لە پێنج منداڵی جیهان لەو ناوچانەدا دەژین کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

+ بەپێی ئەو ئامارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە 473 ملیۆن منداڵ بەدەست خراپترین ئاستی توندوتیژییەوە دەناڵێنن لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

+ ڕێژەی ئەو منداڵانە کە لە ناوچەکانی بەیەکاداندا دەژین لە سەرانسەری جیهاندا دوو هێندە زیادی کردووە لە نزیکەی 10% لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆ نزیکەی 19%، هەروەها هۆشداریشیدا کە ئەم زیادبوونە دراماتیکییە لە زیانەکانی بۆ منداڵان پێویستە نەک ببێتە “ئاسایی نوێ.

+  لە ساڵی 2023 وە 32 هەزار و 990 پێشێلکاری سەختی لە دژی 22 هەزار و 557 منداڵ پشتڕاستکردەوە، کە بەرزترین ئامارە لەو کاتەوەی ئەنجومەنی ئاسایش نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر چاودێری کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر منداڵانی جیهان بڕیاریدا.

+ کۆی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە زۆر ئاوارە بوون لە ساڵی 2023دا گەیشتە 47.2 ملیۆن کەس.

+ ژمارەی کوژراوان دوای نزیکەی 15 مانگ لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە زیاتر لە 45 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و لە کۆی ئەو حاڵەتانەی کە پشتڕاستکراوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە 44% منداڵن.

+ لە ئۆکرانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا قوربانیی منداڵانی زیاتری پشتڕاستکردووەتەوە بە بەراورد بە تەواوی ساڵی 2023، پێشبینیشی کردووە لە ساڵی 2025 دا زیادبوونی زیاتری منداڵان هەبێت.

+ ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی سەرنجی بۆ دۆخی نالەباری ژنان و کچان ڕاکێشا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتە بەرفراوانەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی لە ململانێکاندا بڵاوبوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هایتی تەنها لە ماوەی ساڵی 2024 دا ژمارەی ڕووداوە ڕاپۆرتکراوەکانی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان بە ڕێژەی 1000% زیادیکردووە.

+ ئاماژەی بەوەش داوە کە منداڵان بە تایبەتی لە کاتی شەڕدا تووشی بەدخۆراکی بوون، کە بە تایبەتی هەڕەشەیەکی کوشندەیە لە سۆدان و غەززە. زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە پێنج وڵاتی زیانلێکەوتووی ململانێکان لە برسێتیدان.

+ هەروەها ململانێ کاریگەری جددی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندنی منداڵان هەیە. لەسەدا چل لە منداڵانی کە نەکوتراون یانی بە کەمی کوتراون  لەو وڵاتانەدا دەژین کە بە تەواوی یان بەشێکیان کاریگەری ململانێیان لەسەرە، ئەمەش وایان لێدەکات زۆر زیاتر بەرەوڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک سورێژە و ئیفلیجی منداڵان ببنەوە.  لە مانگی تەمموزدا نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە دەستنیشانکرا، یەکەمجارە لە دوای چارەکە سەدەیەك  ڤایرۆسەکە لەوێ دەرکەوت .

+ زیاتر لە 52 ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی زیانلێکەوتووی ململانێ لە خوێندن بێبەشن، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززە، و ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان لە سۆدان، زیاتر لە ساڵێک لە خوێندن بێبەش بوون.

+ لە وڵاتانی دیکەی ململانێدا، لەوانە ئۆکرانیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و سوریا، قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتبوو، لەناوچوون یان دووبارە ئامانجیان بۆ دانرابووەوە، بەمەش ملیۆنان منداڵ دەستیان بە فێربوون نەگەیشتبوو.

+ ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵانیش زۆر گەورەیە”. توێژینەوەیەک کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی War Child پشتگیری کراوە، ڕایگەیاندووە کە 96%ی منداڵانی غەززە هەستیان بەوە کردووە کە مردنیان نزیکە و نزیکەی نیوەیان دەیانەوێت لە ئەنجامی ئەو زەبر و زەنگەی کە بەسەریاندا هاتووە بمرن.

May be an image of 8 people and child

ئەم کوردە چەند هەژارە

Zaher Baher

24/12/2024

ئەم کوردە چەند هەژارە کە ئەندام پەڕلەمانتارێك، یا سەناتۆرێكی ئەمریکی  قسەیەکی مەسڵەحەت لەبارەی کوردەوە دەکات، ئیتر ئەمان شاگەشکە دەبن، نازانن ئەوانە هەر قسەی کەسانێکن کە زیاتر پەرواوێز خراون و هیچیان بەدەست نییە . ئەم کوردانە هیچ زانیارییەکیان نییە لە سەر مێژوی ڕەشی ئەمەریکا و سەراپای سیاسەتەکانی .

گەر تەماشای هەموو ڕاگەیاندنەکانی هەر سیاسییەک و ئەندام پەڕلەمانتارێکی  ئەوروپی، هەر سەرەکوەزیرانێکی ئەوروپا، هەر سەناتۆرێكی ئەمەریکی بە سەرۆکەکانیشیانەوە بکەیت ، ئەوەی کە دەیڵێت سەبارەت بە هەسەدە و کوردی ڕۆژائاوا ئەمەیە ” شەڕکەرێکی باشن ، هاوپەیمانییەکی باشن لە جەنگدا دژ بە داعش ، ئاسایشی ئێمە دەپارێزن” تەنانەت هەرگیز باسی پەیەدە ناکەن ، کە هەسەدە لەشکری پەیەدەیە.

ئەو ڕاگەیاندنەی ئەوان یانی چی؟

یانی ئەوان تەنها هاوپەیمانی سەربازییان هەیە لەگەڵ کوردانی ڕؤژئاوا دژ بە داعش و گروپە تیرۆریستییەکان ، نەك هاوپەیمانی سیاسی لەسەر چارەنوسی کوردانی ڕۆژئاوا.

یانی هاوپەیمانی ئەمان لەگەڵ هەسەدەدا تەنها وەختییە و بۆ مەبەستێکە ، کەی ئەو مەبەستە بەسەر چوو ئەوە نە هاوپەیمانی دەمێنێ و نە دۆستایەتی.

یانی نەدانی هیچ جۆرە ڕاگەیاندنێك دژ بە تورکیا هیچ هەڵوێستێكی دەوڵەتی دەربارەی تورکیا ، نەبا تورکیایان لێ زویر ببێت.

یانی هەتا گروپە تیرۆریستەکان بەهێز بن و مەترسی لەسەر ئەوروپا و ئەمەریکا دروستبکەن ، هەسەدە پێگەی لای ئەمەریکییەکان و ئەوروپا بەهێزتر دەبێت  و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە .

ڕوخانی خەلافەی داعش لە ڕەقە ، هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لاوازبوونی پێگەی هەسەدە  لای ئەمریکا و سیاسییەکانی ئەوروپا.  لە کاتی خۆیشیدا من سەبارەت بەمە قسەی خۆمم کردووە و پۆست و وتارم لەسەر نوسیوە .

بەرنجامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەر ئەوە نییە کە ڕوویداوە و دەیبینین

Zaher Baher

20/12/2024

ئەو جەنگەی نێوانی ئیسرائیل و حەماس گۆڕانکاری گەورە و گرنگی لە ناوچەکەدا کرد کە تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە.  ئەمەی کە ڕوویدا بەڕای من کۆتایی پرۆژە گرنگەکە نییە کە لێکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرا، بەڵکو چەند دیاردە و ڕووداوێکی دیکەیشی یە دوای خۆیدا هێناوە یا دەیهێنێت، کە تا ئێستا بۆ زۆربەمان ناڕوون و شاراوەیە .

هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم لە کۆتایی هەفتاکانی چەرخی رابوردوودا گەر چی لە لای زۆرێك لە چەپەکانی جیهان بە شۆڕش ناوزەدە کرا بەڵام لە ڕاستییدا نەك هەر شۆڕش نەبوو بەڵکو ڕەدیەکی گەورە بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کولتوری خەڵکی ئێراندا.  هەندێك لەو ئاڵوگۆڕانەش تا ڕادەیەك ناوچەکە و بگرە هەندێك شوێنی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.

هاتنی ئەوان  بۆسەر حوکم و جەنگیان لەگەڵ عێراق دا باشترین چەک بوو بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی لە ئێراندا و تا ڕادەیەك لە عێراق -یشدا.   هەناردەکردنی بەناو شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروشمێکی زۆر جددی گەورە بوو کە لەلایەکەوە بووە هۆی داکوتان و بەرقەراربوونیان لە حوکمکردنیاندا بە هەناردەکردنی قەیرانەکانیان و سەرقاڵکردنی ئێرانییەکان بە جەنگەوە و پرزە لێبڕینیان،  لە لایەکی دیکەشەوە کاراساتێکی گەورە بوو کە بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەشدا هات.

حوکمڕانی ئەمان پەیامێکی گەورەش بوو بۆ سعودییە کە ڕابەر و پێشڕەوایەتی سوونەی جیهان بوو.  ئا لەم بارەدا ئێران و سعودییە کەوتنە بەرانبەر بەیەك کە هەر یەکەیان نوێنەر و ڕابەری لایەنێکی ئیسلام بوون، ئیڕان شیعە و سعودییە سوونە.  بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ بوو لە هەر شوێنێک بۆیان بکرایە، هاوکاتیش بەهێزکردنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە وجوودیان هەبوو.

  پێویست ناکات من دەستنیشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بکەم کە بە هاوکاری و پارەی هەردولایان لە عێراق و شوێنی تریشدا دروست کران.   لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنیان لەو جەنگەی کە لە ئەفغانستان دژ بە ڕژێمەکەی نەجیبوڵا کردیان کە بە وەکالەتی ئەو حیزب و لایەنانە کران کە هەردوولایان هاوکاری کۆمەڵەکانی خۆیانیان دەکرد.

جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس جگە لەوەی کە تا ئێستا چی بەدوای خۆیدا هێناوە و چی لەناو بردووە و چی خولقاندوە، دوو دیاردە یاخود ڕووداوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەورەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە کارایی خۆیان لەسەر خودی وڵاتەکانیان و ناوچەکەش دادەنێن و هەر ئاواش لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا یاخود ئەوەی کە خۆیان بە ‘ کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی’ ناوی دەبەن.  ئەو دوو دیاردەیەش :

یەك: وەکو ئاشکرایە تورکیا گەر ڕۆڵی سەرەکی نەبووبێت لەوەی کە ئێستا لە سوریا خولقاوە ئەوە یەکێك بووە لەو لایەنانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بووە.  هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا لەو جەنگەی ئیسرائیل و حەماس و ئەمەی کە ئێستاش ڕووی دا ئەو براوەی دووهەمە ئەگەر یەکەم نەبێت دوای ئیسرائیل. 

ئەوەی کە ڕوویدا هاوکێشەی هێزی  لە ناوچەکەدا گۆڕی. نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوو هێشتاش لە زیانەکانی داهاتووش دەرباز نەبووە و پاشەکشەی گەورەی کردووە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە . ئەو چی تر توانای بەڕێکرن و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستەکانی ناو عێراق و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و گروپگەلی دیکەی نەما و بۆ هەمیشە ڕژێمی ئاخوندەکان ئەو ئیرادە و توانا و وزەیەیان لە دەست دا پاش بنکەنکردنی بناخە دەرەکییەکانی حوکمەکەیان  لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی.

 ئێران  چی تر ناتوانێت بەردەوامی بە سیاسەتی پێشتریان بدەن ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ململانێ گەورەیەی کە بناخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئەو چەند سەدەیەی نێوانی شیعە و سوونە لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانی دا ، لانی کەم بۆ چەند دەیەیەکی دیکە بەم شێوەیەی کە لەم چوار دەیەیەی پێشوودا بینمان خەفە کرا و ئەو کارەسات و نەهامەتییە گەورەیەی کە ئەم ماوە درێژە کە تا ئەم ڕۆژانەش میللەتانی ئەم ناوچەیە بە دەستییەوە دەیانناڵاند ، لە کۆڵ کرانەوە، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ململانێی نێوانی گروپە سوونییەکان لە داهاتوودا ڕوونادات. بە هاتنی ئەم بارودۆخەش ئەو پرۆژانەی کە ئێران بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکە بە  دەستیوە بوو بیکات وەکو هیلالی شیعیی ئەوەش بەسەر چوو.

دوو: گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە کە ڕویداوە، کە نازانینن تا چەندێك دەوام دەکات ، دۆڕانی پێگە و پلەی دینی و ڕابەرایەتی تەرەفی سوونیی سعودییە.  ڕووداوەکانی ئەم دوایە ڕۆڵی ئێرانی وەکو دەوڵەتێکی چالاك لەو بوارەدا نەهێڵاو ئێستا ئەو ڕۆڵ و چالاکی و هێزە بە دەوڵەتی تورکیا و لە بری پاشای سعودییە بە خەلیفەی عوسمانی، ڕەجەب ئەردغان،  شوێنی دەگیرێتەوە.

  لەمەولا ئەوە تورکیایە کە ڕابەرایەتی تەریقە و نەهجی سوونیی دەکات، ئەردۆغانە ڕۆڵی پیاوە ئەفسانەییەکە، سوڵتانەکەی سوونە و سوونەگەریی دەبینێت،  ئیتر ڕێکخراوە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان و زانکۆ ئیسلامییەکان بە ئەزهەر و کۆمەڵە دینیەکان و زاناکان بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانیشەو لە لایەن ئەردۆغانەوە هاوکاری دەکرێن بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عەلی قەرەداخی بووە کەسی یەکەم لەو دەزگەیەدا، ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان خزمەتی سوڵتان دەکەن.