All posts by azadebram

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

و: زاهیر باهیر

بەشی دووهەم

داخستنی وەرشەکان کە لە ساڵی 1848 دا بوو بە هۆی ڕاپەڕینی ڕۆژانی حوزەیران، کە توندووتیژییەکەی، پرۆدۆنی تاسان. لەگەڵ ئەو تاسانەشدا پرۆدۆن، بە چوونی  بۆ بینینی بەست و ڕێگرەکان لە بەرەکانی دژ، ئەوەندە لای گرنگ بوو، ئەو  چونەی خۆی بۆ باستێل لەو کاتەدا، ئاوا دبینی  ” یەکێك بووە لە کارە  شەرافەتمەندەکانی  ژیانم” ، بەڵام لە سەردەمە ئاڵۆزەکانی ڕووداوەکانی 1848دا ئەو دژ بە یاخیبونەکە بوو کە لەگەڵ ڕێڕەوی ئاشتیانەدا نەدەهاتەوە، ئەوەش هەڵوێستێكی ئاسایی جووتبوو بووە بەسەراپای ژیانی پرۆدۆن کە هەڵوێستی ئەو دژ بە توندووتیژی، بووە. لەبەرئەمەش پرۆدۆن هەڵچوون و خۆپیشاندانەکانی مانگی شوبات و ئایار و حوزەیرانی 1848 پەسەندنەدەکرد وێڕای ئەوەی کە ئەو بە پەرۆش و دڵگەرمییەوە دژ بە زوڵمە کۆمەڵایەتی و  سایکۆلۆجیی و نادادپەروەرییەکان، کە خودی ئەوانەش هۆکاری ڕوودانی یاخیبوونەکان بوون، وەستایەوە.

Sagra ڕۆژنامەیەکی ئەنارکیانەی بەناوی El Porvenir لە ساڵی 1845 دا لە La Coruña دەرکرد کە لە ئایدیاکانی پرۆدۆن-وە بەهرەی وەرگرتبوو. سیاسییەکانی کەتەلۆنیای وەکو Francesc Pi i Margall  بوو بە وەرگێڕێ سەرەکی کارەکانی پرۆدۆن بۆ سەر زمانی ئیسپانی کە لە دوایشدا بۆ ماوەیەکی زۆر کەم لە ساڵی 1873 دا بوو بە سەرۆکی ئیسپانیا، کە ئەو کاتە سەرۆکی پارتی دیمۆکرتی فیدراڵیی کۆماریی بوو.  بە گوێرەی قسەی جۆرج ودستۆك،  George Woodcock کە دەڵێت ” ئەم وەرگێڕانانە کاراییەکی قوڵ و بەردەوامی لەسەر گەشەکرنی ئەنارکیزم لە ئیسپانیا دوای ساڵی 1870 ، هەبوو.  بەڵام پێش ئەوکاتە ئایدیاکانی پرۆدۆن کە لە لایەن  Pi وە قسەی لەسەر کرابوو، هەر ئەو کاتە هەستێکی زۆر سەبارەت بە بزوتنەوەی فیداڵی لە سەرەتای ساڵانی 1860 کانەوە بەو هۆیەوە دروستبووە.  هەروەها بە گوێرەی Encyclopædia Britannica, ” سەردەمی شۆڕشی ئیسپانیای 1873 Pi i Margall هەوڵی ئەوەی دەدا کە سیستەمێکی سیاسی  نانێوەندگەرایی یاخود ” کانتۆنیی cantonalist ”  لەسەر هێڵەکانی پرۆدۆن، دروستبکات.

کۆتایی ژیانی پرۆدۆن

پرۆدۆن لەسەر سوکایەتیکردن بە سەرۆك لویس- ناپلیۆن بۆناپارت لە ساڵی 1849وە بۆ 1852 گیراوە، دوای ئازادبوونی لە نێوانی ساڵەکانی 1858 بۆ 1862 لە بەلجیکا ژیانی دوورخراوەیی بەسەربردوە.  پاش هاتنی ئازادیی دوای نەمانی ئیمپراتۆریەت  لە ساڵی 1863 دا ، پرۆدۆن گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.

مردنی

پرۆدۆن لە 19 ی مانگی کانونی دووهەمی ساڵی 1865  لە Passy کۆچی دواییکردو  لە گۆڕستانی Montparnasse لە پاریس نێژرا.

فەلسەفە

ئەنارکیزم

بە گوێرەی قسەی مایکڵ باکۆنین، Mikhail Bakunin، پرۆدۆن یەکەم کەس بووە کە خۆی بە ئەنارکیست ناوزەدە کردووە.  لە کتێبی : موڵکییەت چییە؟  کە لە ساڵی 1840 دا بڵاوبووەوە، ئەو پێناسەی ئەنارکی بە ” نەبوونی ماستەر، نەبوونی سەروەر، باڵادەست” کردووە، هەروەها نوسیوێتی ” هەر وەك چۆن مرۆڤ  بەدووی دادوەریی لە یەکسانیی –دا دەگەڕێت، هەر ئاواش کۆمەڵ لەدووی ڕژێمی ئەنارکی دەگەڕێت ” .  پرۆدۆن  لە سالی 1849دا لە بانگەشەی ” داننان بە شۆڕشگێڕیی” وتی  ”  لەسەر دەستی هەرکەس فرمانداریم بکرێت، ئەوە  زۆردار و دیکتاتۆرە، من بە دوژمنمی دەزانم”

درێژەی هەیە

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟

زاهیر باهیر

01/06/2020

ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات نە ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەرە و نە تازەیە و نە کۆتایی ئەم جۆرە کاردانەوەیەی خەڵکیشە.  حکومەتە یەك بەدوایەکەکانی ئەمریکا ناتوانن نە فێری وانە وەرگرتن لە ناڕەزاییەکانی پێشتری  خەڵکەکەی ببن، نە دەشتوانن دەسگەی دەوڵەت لە پرسی رایسیزم و فاشیزم و نایەکسانی و بەتاڵەیی خەڵکەکەی و زوڵموزۆری پۆلیس و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، پاکبکەنەوە.

ئەمەی کە ڕوودەدات لە ماوەی 50 تا 60 ساڵەی ڕابوردووە چەند جارێکی دیکەش ڕوویداوە ، چەندجارێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵێنی درۆ بە خەڵکی دراوە ، کە گوایە جارێکی تر ئەمە ڕووناداتەوە چارەسەری بنەبڕیی، بۆ دادەنێن.

بێ گومان قسە و درۆی سیاسیی هەرگیز نابێت بڕوای  پیبکرێت ئەمە چ جای ئەوەی کە ئەوان باس لە گۆڕانی ڕیشەیی ناکەن کە زەمینەسازیی ئەو ڕوداوانەیە.  ئەوان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی بگەیەنن ئەمانەی کە ڕوودەدات کاری مرۆڤێکی، دەستەیەکی، بەڕیوەبەرێکی ، فرماندەرێکی  خراپە، نەك دەوڵەت و حکومەتەکەی و دەستورەکەی.

زیاتر لە شەش شەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیی لە ئەمەریکا لە زیاتر لە 15 دەڤەریدا / هەرێمیدا بەردەوامە.  لە ئەمڕۆوە لە چەندەها شاردا هێزی تایبەتی و سەربازیان هێناوەتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران.  ترامپ پەیتا پەیتا هەڕەشە دەکات و خۆپیشاندەران بە ” ئاژاوەچی و بەڵتەچی و تێکدەر و ئەنارکیست ” ناو دەبات .  بی گومان پەیامەکانی نەك هەر ناتوانێت بچوکترین کارایی ئاشتەوایی بگەیەنێت ، بەڵکو خەڵکی زیاتر ڕکئەستورتر و تووڕەتر لە دەوڵەت و حکومەت دەکات.  هەر لەبەر ئەمەش ژمارەی خۆپیشاندەران و بەیەکادانەکان لەگەڵ پۆلیس-دا لە زیادبووندان، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لاو دەسگیرکردنی زیاتر لە 4500 گەرچی گرانە کە ژمارەیەکی تەواو ڕاستت دەستبکەویت بە هۆی ئەوەی کە کە لە چەندەها شاری گەورەدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.

ئایا کوشتنی تاکە کەسێك ئەوە دەهێنێت؟

ئەوەی کە لە ئەمەریکا روودەدات لەسەر پرسی کوژرانی تاکە کەسێك نییە.  پرسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە.  خەڵكانی ڕەشپێست  و ئیتنیکییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوێ پێکدەهێنن، ئەمەریکای ئێستا بە هاوکاری و کاری وزە پڕوکێنی باوك و دایك  باپیران و نەنك و  و باپیرە گەوەرە و دایەگەورەی  ئەمان دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پشکی زۆری بێ کاریی ، بێ خانووبەرە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان ، قەرەباڵخی نێو بەندیخانەکان، بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، نەبووەکان، هەڵواردن و بەکارهێنانی ئاڕاستە و مەیلی ڕایسسیتانە بەرانبەریان….. بەر ئەمان دەکەوێت.

هەموو ئەمانەیە کە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و توندووتیژی بەکاردەهێنن و بێ متمانە ببن بەرانبەر نەك هەر پۆلیس بەڵکو سەرۆکی شارەوانیەکان و  هەموو بەرپرسێك تا دەگاتە سەرۆکی دەوڵەت.

خەڵکانێك کە ئەم هەموو ماوە دوورودرێژە زوڵموزۆریان لێدەکرێت ڕووبەرووی ئەوانەی سەرەوە دەبنەوە کە ناوم هێنان،  و بەڵێنی درۆیان پیدەدرێت و گوێیان لێ ناگیرێت و قسەیان ناڕوات ، ئیتر جگە لە توندوتیژی دەکرێت چ ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر تاکو وەکو هاووڵاتییەکی سپیی ئەمەریکی تەماشایان بکرێت؟ داخوازییەکانی ئەمان نە گۆڕینی سیستەم بووە و نە گۆڕینی حکومەت ، بەڵکو باشکردنی ژیانیان بووە لە هەموو بوارەکاندا، داخوازییەك بووە کە هەر هیچ نەبێت وەکو هاووڵاتیەکی سپی پێست تەماشایان بکرێت .

کە ئەمانە هیچی نەکرێت ، هەڵبژاران هیچ نەگۆڕێت ، کەڵەکەی زیاتری سەرمایە و بوونە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی چیهانی ، خێرێکی بۆ ئەمان تیادا نەبێت .. ئایە بێ لە گرتنەبەری توندوتیژی تاکو ئاوڕیان لێبدرێتەوە لای ئەوان، ڕیگا چارەیەکی دیکە هەیە؟

ئەم هاوپشتیی و خەمخۆرییە بۆچی بۆ کورد ناکرێت، ئەی کورد مرۆڤ نییە؟

دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە، 31/05 ، لە هەندێك وڵاتی وەکو بریتانیا ، ئەڵمانیا ، دانیمارك خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقام و بەردەم سەفارەتی ئەمەریکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ئەمریکی.  ڕۆژی 01/06 ئەم ناڕازاییانە تەشەنەی کرد بۆ ولاتانی دیکەی وەکو ئیرلەندە و خواروی ئەفەریقا و لە لەندەنیش دووبارە بوەوە.

بۆچی بۆ کورد ناکرێت ؟

دەبیت لە یەك شت تێبگەین ئەویش زۆر جار کە خەڵکی دێتە سەر شەقام پەیوەندی بە ڕەوایی و ناڕەوایی پرسسەکەوە نییە [ دیارە پرسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا پرسێکی یەکجار رەوایە ] بەڵکو زۆر جار میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و دەیانجوڵێنێت.

هەر میدیایە ڕووداوەکان بە باش و خراپ بڵاو دەکاتەوە ، هەر میدیایە کە رەوایەتی ناڕەوایەتیی بە کەیسەکان دەدات.  میدیاش میدیای ڕژیمە و  ئیدی لە ئەمەریکا یا ئەوروپا ، هەر وڵاتێکی دیکە بێت هەتا بە وڵاتانی عەرەبیشەوە، کە زیاتر پشگیریی جۆرە پرسێك دەکەن کە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکان و سیستەمەکە بێت.

دەوڵەتی تورکیا کە ئەو پەڕی دووژمنایەتی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات و هاوکات خۆشی ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دەوڵەتانە ، لەم لاشەوە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە بە هێز و زەبری میدیا کراونەتە تیرۆریست، حکومەتی تورکیش بە دیمۆکراتیی ، ناکرێت لێرەدا میدیا پرسی کورد یاخود ئەو هەمو کارەساتەی کە بەسەر کوردستانەکانا هاتووە بە ڕەوا نیشان بدات و بە سۆزەوە باسی بکات.  هەر لەبەر ئەمە، یا هەر باسی ناکات و دەیشارێتەوە ، یاخود زۆر بە کەمی ، یا کە باسی دەکات دەیشێوێنێت.  لەبەر ئەم هۆکارە پرسی ئێمەی کورد  کش و ماتە ، هەر ئەمەشە کە لە ئەوروپادا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بۆ ئێمە ناکرێت.

با ئەوەش بڵیم کە ئێمە خۆشمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە نەك هەر پشتگیری خەڵکی وڵاتەکانی کە لێی دەژین لەو کێشانەی کە هەیە و بەشی زۆریشی خۆمان دەگرێتەوە، ناکەین، بەڵکو پشتگیری پرسەکەی خۆشمان ناکەین.

ئەمەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات و میدیای ئەوروپی زۆر بە گەرمی باسی دەکەن و پیشانی دەدەن ، ئەمانە بە پلانە چونکە سەرمایەدارانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەیانەویت ترامپ ئاوا تڕۆ بیت گەر لە ێستادا دەست لەکار نەکێشێتەوە دڵنیایی ئەوە بکەن کە لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵنەبژێرریتەوە .  ئەمان دەزانن ترامپ بەو سیاسەتانەی کە بەڕێیدەکات زەربەیەکی گەورە لە سەرمایەداران و سیستەمەکە دەدات وەکو ئەمەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ئەمەریکا.

ئەمەریکا بەرەو کوێ؟

وەکو وتم ئەمەی کە روودەدات نە جاری یەکەمە و نە دواجاریش دەبیت، هاوکاتیش  ئەم خەڵکە نە ڕوخانی دەوڵەتی دەوێت  و نە تێشکانی سیستەمەکە.  لە بە ئومێدترین حاڵەتدا لابردنی ترامپە ، کە ئەمەش کەمتر چاوەڕواندەکریت.

ئەمەریکا و سیستەمەکەی بەمە ناڕوخیت، ڕەنگە دەمووجاوەکان بگۆڕێن بەڵام خودی سیستەمەکە هەر لەوێ دەمێنتەوە.  سستەمی سەرمایەداریی کە ئەمەریکا لە لوتکەی  هەڕمەکەیدایە پێکهاتەیەکی هەرەمیی  ئابووری و سیاسی و کوڵتوری و فەرهەنگی و پەروەدەیی و بازاڕییە [ مارکێت] .  بەشە سیاسییەکەی کە حکومەتە و خەڵکی دەیەوێت بیرۆخێت ، هەرە بەشە لاوازەکەی سەرمایەدارییە ، بۆیە بە ڕوخانی حکومەتێك هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت،  چونکە قەوارە ئابورییەکە و ئەوانەی دیکەی کە ناوم هێنان ساخ و سەلامەتن، هەیکەلەکە وەکو خۆی ماوەتەوە تەنها ڕیزێك دوو ڕیزی لێڕوخاوە ، دروستکردنەوە ئەوەش ئاسانە .

خەڵکی گەر خۆی ڕێکنەخات لە ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکانا، گروپە ئاسۆییە ڕادیکالەکان لەسەرکار و لە گەڕەک و لە شەقامەکان و لە زانگۆکاناو هەوڵی گۆڕینی بنەرەتی لە بنەوەی کۆمەڵ و بە پەلکێشان بۆئەو لایەنانەی کە وتم ،  گەر ئەمانە نەکرێت گۆرانکاری بنەڕەتی بەدیناهێنرێت.

لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا ، مانای ئەوە نییە کە دەبیت ناڕەزایی خەڵکی لە پێناوی داخوازییە ڕەواکانیانا ڕەتبکرێنەوە، بە پێچەوانەوە هاوکاری و هاوپشتی و کۆمەكپێکردنیان کار و ئەرکی هەموو کەسێکی چەپ و سۆشیالیست وکۆمۆنیست و نقابیی و ئەنارکیستەکانە.

من دڵنیام ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕوودەدات زۆر شت دەگۆڕێت  نەك هەر بە فشاری خۆپیشاندەران، بەڵکو بە فشاری بزنس و بریتانیاش بۆیە هەندێك شت کە ڕوویانداوە تا ئێستا ، رەنگە جارێکی دیکە روونەدەنەوە.  ئەم خۆپیشاندانانە ، دەرسی خۆی نەك هەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا دەدا، بەڵکو بە بریتانیا و وڵاتانی دیکەش. پێیان دەڵێت چی تر  ژیان ئاوا ناڕوات و خەڵکی گۆرانکاری لە زۆر بواری ژیانیا دەوێت.

Zaherbaher.com

 

 

 هاوخەمیی و هاوپشتیی  بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا گەیشتە ئەوروپا:

هاوخەمیی و هاوپشتیی  بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا گەیشتە ئەوروپا:

01/06/2020

دوای کوشتنی George Floyd  خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕازایی لە 6 شەوی رابوردوودا کە زیاتر لە 40 شاری گەورەیی ئەمەریکای گرتۆتەوە زیاتر لە 4100 کەسیش لە خۆپیشاندەران دەسگیرکران، بەرەدوامە.   دوێنێ ، ڕۆژی یەکەشەمە ، 31/05/20 ، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بریتانیا و کۆپنهاگن و ئەڵمانیا وەکو دەربڕینی هاوخەمیی و هاوپشتیی بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا و خێزانی جۆرج، دەستیپێکرد .

لە بریتانیا لە شارەکانی:  لەندن و مانشستەر و کاردیف، خەڵکێکی زۆر هاتنە سەرسەقامەکان. لە لەندەن نزیکەی 7 هەزار کەس لە مەیدانی ترفگەڵ سکوێر کۆبونەوە و بەرەو پەڕلەمان و دواتر بەرەو سەفارەتی ئەمەریکی ملیان نا .

خۆپیشاندانەکان زۆر ئاشتیانە بووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس هێشتا 24 کەسی دەسگیرکرد کە بەشی زۆریان لەبەرئەوەی کە ئامۆژگارییە یاساییەکانیان فەرامۆش کردووە سەبارەت بە کۆرۆنا.

لە بەرلین و کۆپنهاگن  خەڵکێكی زۆر لەبەردەم سەفارەتی ئەمەریکیدا ناڕەزایی خۆیان دەربڕی دەربارەی مەیلی ڕایسستیانە و  کاری دڕندانەی پۆلیس لە ئەمەریکا.

لە واشنگتۆن لەبەردەم کۆشکی سپی هێڕشی خۆپیشانداران و ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوو کە توانییان دڕ بە ڕیزەکانی پۆلیس بدەن و بچنە پێشەوە هەر لەبەر ئەمەش بە پەلە هێزی تایبەتی نهێنی فریای سەرۆك ترامپ کەوتن و بەکێشیان کرد بۆ ژێرزەمینەکە کە ئەمینترین شوێنە و سەرۆکەکانی ئەمریکا کە مەترسییان بۆسەر دروست دەبێت دەیانخەنە ئەوێوە .  لە ڕۆژی 11/09 دا ‘دیك چێنی’ کە بریکاری جۆرج بوش بوو بەپەلە گەیاندیانە ئەوێ بۆ سەلامەتی ژیانی.

ترامپ ڕوو بەڕووی زۆر ڕەخنە و قسە بۆتەوە سەبارەت بە مامەڵەکردنی خۆپیشاندەران کە بایاخێکی ئەوتۆیان پێنادا و تاوانباریان  بە ” تاڵانچی و بەڵتەچیی و ئاژاوەچی و ئەنارکیست” دەکات. هاوکاتیش هەرەشەیان لێدەکات کە بەسەگی هار و چەکی زۆر ناباو هێڕشیان بکرێتە سەر.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەمەی کە ڕویدا دووڕوویی و دەبڵ ستاندەری حکومەت و حیزبی دیمۆکراتی ئەمەریکی نیشاندەدات کە هەڵوێستیان چۆنە لە هۆنگۆنگ و کە زۆرر بە ئاشکرا پشتگیرییان لە خۆپیشاندانەکانی ئەوێ دەکەن و ڕاگەیاندنی توندوتیژ بەیان دەکەن. داوایان لە چین دەکرد کە بچن قسە و سازش لەتەك خۆپیشاندەرانا بکەن .  لە ئێستاشدا چین هەمان شتی خۆیان دەداتەوە بە چاویانا وەکو”  دیمەنێکی زۆر جوانە [ دیمەنی دوکەڵ و ئاگراوی ئەمەریکا] دەتوانن بچن لە باڵکۆنییەکانتانەوە تەماشاکار بن .  ئەمە لە ڕەدی پیلۆسی قسەکەری کۆنگریس دا کە بەرانبەر بە خۆپیشاندانەکانی هۆنکۆنگ کە  وای بە چینییەکان دەوت .  یاخود : ترامپ خۆت مەشارەوە بڕۆ ناو خۆپیشاندەرانەوە و بزانە چییان دەوێت و وتووێژیان لەگەڵدابەکە”

هاوکاتیش جۆن بایدنی کاندیدی پارتی دیمۆکرات خۆی گەیاند یەکێك لە مەرکەزەکانی خۆپیشاندەران داوای قسەکردنی لەگەڵدا دەکردن و گوایە ئەو داخوازییەکانیان دەگەیەنێت بە بەرپرسیاران .  کە بەمە دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن و خۆپیشادانەکان دایمرکێننەوە ، بەڵام هەموان دەزانن کە ئەو خۆپیشاندانانە نە ڕابەر و نەسەرکردە و نە مەرکەز، هیچیان نییە.

ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن:

ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن:

زاهیر باهیر

30/05/2020

کۆرۆنا کە قەیرانێکی ئابووریی قووڵی دروستکردووە و بریتانیا لە دوای ساڵی 1932 وە بەخۆیەوە نەبینوە هەر وەکو هەمو قەیرانەکانی دیکە زیاتر لە سەری کرێکاران و هەژاران و خەڵکانی ئاساییدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە.  هەمیشەش لە قەیران و جەنگەکانا ئافرەتان و پیر و پەککەوتە و منداڵان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییەکانەوە بوون.

ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی کۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە هەمووان ئافرەتانن کە پشکی شێری ئەم قوربانییە پێکدەهێنن نەك لەیەك لاوە بەڵکو لە زۆر لایەنەوە.

لە کاتێکدا کە یاسای یەکسانی لە کرێ و موچەدا لە بریتانیا لە 29/05/1970 بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود کرێی کە لە نیوانی ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا هەیە وردە وردە بنەبڕ بکردایە، کەچی پاش 50 ساڵ هێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی سەرکاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا 15 هەر ماوە.

لە قەیرانە داراییەکەی 2008 دا کە هەتا دەستپێکردنی کۆرۆنا-ش لە بریتانیا هەر بەردەوامبوو، لە سەدا 86 ی کارایی بڕینی بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان، لەسەری ژناندا شکایەوە.

 

هاتنی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی کە لە 50 ساڵی رابوردوودا کرا، لەوە دەکات گەر هەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری لە دەستبچێت.

ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و کۆفی شۆپ و  سوپەرمارکێت و چێشتخانەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی بەشی گەشتیاریی و هێڵەکانی فڕین و  خزمەتگوزارییدا لە سەدا 67 کۆی کرێکاران پێکدەهێنن، لە کاتێکدا کە کۆرۆناش  ئەم بەشەی زۆر باش کوتاوە  لەوە ناکات هەتا بەهاری ساڵی ئایندە، 2021 ، دۆخەکە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، کەواتە لێرەشدا  هەر ژنانن کە باجی گەورە دەدەن.

ژنان لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی دایەنگاکانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوك] کاری سەرەکی دەکەن.  هەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوك، ڕیژەی کارکردنی  ژنان لە سەدا 97 .  بەشێکی ئەمانەش کارەکانیان لەدەستدەچێت پاش ئەوەی کە دایکانی ئەو ساوا و منداڵانە لە کارەکانیان دەردەکرێن یاخود ناچاردەکرێن کە کارەکانیان بەجێبهێڵن ئەو کاتە خۆیان ئاگایان لە ساوایان و منداڵەکانیان دەببێت.

کولتوری خاوەنکار لە کەرتی تایبەتیی-دا ، نادەوڵەتیی، وایکردووە کەمتر ئافرەتانیان وەرگرتووە، کاتێکیش کە وەریشیان گرتوون بە پارەی کەمتر لە پیاوانی هاوەڵکاریان، بووە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوکمی بوون بە دایك یا دیکبوونیان ئەگەریی لەسەر کار دواکەوتنیان هەیە ، دووگیان دەبن ، منداڵیان نەخۆش دەکەوێت ، توندووتیژییان بەرانبەر بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەرکار و بەرهەمهێنانی کەم .  لەم ساتە وەختەشدا باشترین بیانوو هەیە بۆ خاوەنکار کە ژنان لەسەر کار دەرکەن ، یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، ساڵانە 54000 ئافرەت هەر بەو هۆکارانەوە لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن.

 

توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێکی ئاسایی هەفتەی لە 2 بۆ 3 ئافرەت لە لایەن هاوژینەکانیانەوە، یاخود برادەرە کوڕەکانیانەوە یا لە لایەن کۆنە مێردو کۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەکانیانەوە، دەکوژرێن .

لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو وەختێك زیاتری کردوە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕۆژی 09/04  لەو کاتەوەی کە کۆرۆنا دەستیپێکردوە ڕێژەی پەیوەدنیکردنی ئافرەتان بە هێڵی هاوکاریی و کۆمەكپێکردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی کە بەرانبەریان بەکارهێنراوە،  بە ڕێژەی لە سەدا 26.88 لەچاو پێشترا زیادیکردووە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە لەوەتی کۆرۆنا هاتووە لە سەدا 47 ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەدا 14ی دیکەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە موچەی لە سەدا 80 ی سەر کاریان ، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان کەمە.

لە سەدا 69 ئەوانەی کە کار دەکەن و موچەکەیان کەمە ژنانن، کە تەنها یەک لە دە کەسیان دەتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی دیکەیان کارەکانیان وەکو کاری پاککردنەوە و کار لە باڕ و دووکان و سوپەرمارکێت و شوێنەکانی دیکەدا  و شۆفێری پاس و کاری شەمەنەفەرەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی ، دەبێت ڕۆژانە لەسەر کار ئامادەبن ، ئا لەم بارەشدا کە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەکانی سەرکار داخراون، بەشی زۆری ئەوانیش کاریان نییە.

ئەمانە هەمووی بەڵگەن کە قوربانییەکانی دەستی هاوردەکانی کۆرۆنا، بەشی هەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن کۆرۆنا ڕێسەکەی 50 ساڵ لەمەوبەری لە بریتانیا کردەوە بە خوریی.

Zaherbaher.com

 

 

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

کورتەیەك لە ژیان و کارەکانی پرۆدۆن

و: زاهیر باهیر

بەشی یەکەم:

پرۆدۆن بە شۆڕشی فەرەنسای 1848 سەرسامبوو، بەشداری لە ڕاپەڕینەکەی مانگی شوبات و دەستورکەیدا کرد ، کە ناوی ” یەکەم بانگەشەی ڕژێمی کۆماریی ” لێنا و لای ئەو  کۆمارێکی نوێ بوو ، بەڵام هاوکاتیش بەگوومان بوو دەربارەی حکومەتە کاتییە نوێیەکە کە   Jacques-Charles Dupont de l’Eure  ( 1767-1855 ) سەرۆکی بوو، کە هەر لە کاتی شۆڕشی فەرەنسای 1789 کەسێکی سیاسیی بوو، گەرچی زۆربەی وەخت ئەو لە ڕیزی موعارەزەدا بووە. لە شانی ئەم پیاوەوە حکومەتە کاتییەکە لە لایەن لیبراڵەکانی وەکو Alphonse de Lamartine(بەرپرسس لە کاروبارەکانی دەرەوە) و Alexandre Auguste Ledryeet-Rollin ( بەرپرسی کاروباری ناوخۆ) Adolphe Crémieux ( دادوەریی و دادگا) و Auguste Burdeau ( جەنگ) ئەمانەوە بەڕیوەدەبرا. بەگومانبوونی  پرۆدۆن لەبەر ئەوە بوو کە ئەوانە هاندەر و خوازیاری چاکسازیی سیاسیانە بوون لەسەر حسابی چارەسەری ئابووریی کۆمەڵایەتی، کە لای پرۆدۆن ئەوە خاڵی جیاوازی و بناخەیی بوو. لە کاتی شۆڕشی مانگی تەموزی 1830 پارتی کۆماریی سۆشیالیست حکومەتێکی دژیی لە بەرانبەر حکومەتی ناوەنددا لە  Hotel de Ville پێکهێنا.  لەو حکومەتەشدا  Louis Blanc, Armand Marrast, Ferdinand Flocon و Alexandre Martin بەشداربوون.

پرۆدۆن دید و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ڕیفۆرم کە پرۆژەیەك بوو لە 1849 دا، لەژێر ناوی Solution du problème social ( حەلی گرفتی کۆمەڵایەتیی) تەواوکرد. لەم پرۆژەیەدا پڕۆگرامی کۆمەك و هاوکاریی دارایی  لە نێوانی کرێکارانا  خستەڕوو.  لەم پرۆژەیەیدا ، پرۆدۆن باوەڕی وابو کە ئەمە کۆنترۆڵی پەیوەندییەکانی ئابووریی لە سەرمایەداران و خاوەندراوەکان و دراوبەدەستەکانەوە دەگوێزێتەوە بۆ کرێکاران.  بەشی سەرەکی پلانەکەی پرۆدۆن دامەزراندنی بانك بوو بۆ دانی کرێدت [ نقد] بە سوویەکی یەکجار کەم و هەروەها داهێنانی کاغەز کە بەهای پارەی هەبێت لەبری خودی پارە، کە پارە بە حسابی ئاڵتون، دەخەمڵێنرا، دەستاودەستدەستی دەکرد.

لەسەردمی دووەم ڕژێمی کۆماریی( (1848–1852 ، پرۆدۆن گەورەترین هەژموونی جەماوەریی لە ڕێگای ڕۆژنامەگەرییەوە هەبو، لەو کاتەدا لە چوار ڕۆژنامەدا دەستبەکار بوو کە ناوەکانیان : Le Représentant du Peuple (February 1848–August 1848), Le Peuple (September 1848–June 1849), La Voix du Peuple (September 1849–May 1850) و Le Peuple de 1850 (June 1850–October 1850)..

ستایەڵی نوسینە جەدەلییەکانی لەتەك ناسراویی  کەسایەتی خۆی وەکو کەسێکی سیاسی لە دەرەوەی حکومەت، جیاوازبوو. ئەمەش ململانێیەکی ڕۆژنامەگەریانەی لەشێوەی گاڵتەجاڕییدا بەرهەمهێنا کە بۆ  زۆرێك لە کرێکارەکانی فەرەنسا بوو، هاوکاتیش ئەوانی دیکەی تەرە دەکرد. ئەو بە بەردەوامی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەت دەگرت و هانی  چاکسازیکردنی ڕژێمی ئیئتمان [ کرێدت] و ئاڵوگۆڕکردنی دەدا.  لەم بوارەشدا ئەو  لە سەرەتای 1849 دا هەوڵی دامەزراندنی بانکێکی جەماوەریی( (Banque du people  ، دا، بەڵام وێڕای ئەوەی کە زیاتر لە  13 هەزار کەس واژۆی پرۆژەکەیان کرد( کە زۆربەیان کرێکاران بوون) بەڵام بەهای دەنگەکان کەمتر بوو لە 18 هەزار فرانکی سویسری ، ئیدی خودی پرۆژەکە، مرد.

لە ساڵی 1848 پرۆدۆن خۆی بۆ ئەنجوومەنی دامەزرێنەر خۆی کاندید کرد، گەرچی لە پاریس و لیۆن و بێسانکون و لیلیی، دەنگی هێنا کەچی سەرکەوتوو نەبوو.  بەڵام ئەو لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی-دا کە لە 4 ی مانگی حوزەیرانی 1848 دا کرا سەرکەوتوو بووو وەکو بریکار لە گفتوگۆ و لێدوانەکانی وەرشەکانا [وەرکشۆپەکان] لەسەر ئاستی وڵات، کاریکردووە.  ئەم وەرشانەش لە 25 ی شوباتی 1848 دا لە لایەن لویس بلانکی کۆمارییەوە دروستکران.  کاری ئەم وەرشانەش دۆزینەوە و دانی کار بوو بە بێکاران، بەڵام پرۆدۆن هەرگیز دڵگەرم [موتەحەمیس] نەبوو دەربارەی ئەم وەرشانە. ئەو لە جەوهەردا ئەمانەی وەکو دەسگە خێرخوازییەکان دەبینی، کە گرفتەکانی سیستەمە ئابوورییەکەی حەلنەدەکرد. هاوکاتیش بێ هەبوونی جێگرەوەیەك بۆ کرێکاران کە پشتیان بە وەرشەکان بەستبوو بۆ مانەوە و ژیانیان، پرۆدۆن دژ بە لەناوبردنی ئەم وەرشانە، نەبوو.

ناڕەزایی و مانگرتنەکان لە پاکستانا بەردەوامن

ناڕەزایی و مانگرتنەکان لە پاکستانا بەردەوامن:

27/05/2020

دەوڵەت و خاوەنکار و خاوەنزەوییەکان وەکو هەموو کاتتێکی دیکەیان هەر کارەساتێك سروشتی یا ناسروشتی کە دێتە پێشەوە زۆر بە چاکی بەکاریدەهێنن بۆ لێدانی خەڵکی بەدەستهێنانی بەژەوەند و دەسکەوتی زیاتری خۆیان.

ئافاتی کۆرۆناش یەكێکە لەوانە کە لە سەرانسەری دونیا گەر لە ئێستاشدا لەسەری خەڵکانی هەژار و بەشمەینەتی وڵاتاکانیان نەشکابێتەوە ، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە دوو مانگی ئایندەدا ئەوە ڕوودەدات.

پاکستانیش بەدەر نییە لەو وڵاتانە و خاوەنکارەکانیشی دەبەنگترنین لە خاوەنکاری دیکەی دونیا، بۆیە لە هێڕشێکی گەورەدان بۆ سەر کرێکاران و کارگەران بە نەدانی موچە بە زۆریان هەر لە مانگی ئازارەوە، دەرکردنی زۆرێکی دیکە بێ ئەوەی کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختیان پێبگات، کەمکردنەوەی موچەی ئەوانەی کە دەمێننەوە لەسەر کار، نەدانی پارەی زیادەکاریی ، ئۆڤەرتایم ، نەدانی پارەی ڕۆژانی هۆڵیدەی.

ئەمانەش بە ئاسانی بەسەر خاوەکارانی پاکستانا تێنەپڕیوە بۆیە لە هەفتەی پێشووە ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکانی کرێکارانی چنین و ڕستن و دروستکردنی پۆشاك بەردەوامە لە شاری لاهور و کەڕاچی و هەندێك شاری دیکەدا، بەردەوامە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێك لەو مانگرتن و ناڕەزاییانەدا پۆلیس تەقەی لە 100 کەس کردووە ، ئەنجامەکەی هێشتا دیارنییە.

‘باست’ کە کرێیکارێکە لەوێ دەلێت ” من  89 پاوەندی بریتانیی موچەی مانگانەمە و دەبێت 7 سەرخێزان بژێنم، ئەم جەژنە نەمتوانییوە بگڕێمەوە بۆ ناویان و جەژنیان لەگەڵدا بکەم چونکە نرخی کەرەسەکان گرانبووە و پارەی هاتۆچۆش گران بووە”

‘مەنسور’ کە کرێکارێکی دیکەیە ” دەلێت قەیرانەکە هەر هەبووە بەڵام کۆرۆنا باشتری خستە ڕوو، یاساکانی دژ بەکرێکارانشی ڕونترکردەوە و پەلەی دا بەجێبەجێکردنیان ، لە ئێستادا کە کرێکارەکان دێنە سەر کار هەر لەدەرگای هاتنە ناوەوەی کارگەکەوە ، پاسەوانی دەرگاکە ناوی پێیە و پێی دەلێت تۆ ناتوانیت ئیتر کار بکەیت.  زۆرێك لە کرێکاران ئاوا دەزانن کە دەرکراون ”

بەرهەم و داهاتی کاری رستن و چنین و دروستکردنی پۆشاک لە پاکساتان لە سەدا 9ی داهاتی هەموو پاکستانە و لە سەدا 70 هەناردەی پاکستانیش پێکدەهێنێت.

دەربڕنی ناڕەزایی  دژ بە کەرەنتینە

دەربڕنی ناڕەزایی  دژ بە کەرەنتینە

17/05/2020

دوێنێ رۆژی شەمە ، 16/05 ، لە گەلێك لە شارەکانی بریتانیا، لەوانە لەندەن، مانشستەر ، گڵاسگۆ، ساوز هەمپتن ، بێڵفاست  هەروەها لە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپاش.

خەڵکی گەر چی بە ژمارەیەکی کەمیش بوو دژ بە کەرەنتینە وەستانەوە.  لە لەندەن 19 کەس دەسبەرکران و 10 کەسیش سزای پارەیان درا لەسەر شکاندنی بڕیاری حکومەت کە مانەوەی خەڵکە لە ماڵەوە لانی کەم هەتا 28/05.

ناڕەزاییەکان لە بریتتانیا  ئەم دروشمانەی خوارەویان بەخۆوە گرتووە و ئەم قسانەش دەکرد:

” دژ بە پێکوتە، مافی ناڕەزاییان هەیە”.

“پاکەتێك لە درۆیە بۆ شۆردنەوەی مێشکیت و دەیانەوێت بە گوێرەی نیزام ڕاتگرن” .

” نا بۆ بریاری کوتان ، نا بۆ نۆرماڵەتییەکی نوێ، نا بۆ بۆ نایاسیی قەرەنتینەکردن”.

” هەرگیز باوەرم نەبووە کە لە نەوەیەك دەبم کە سەکوتکردنی ئازادیی سیڤڵ ببینم سەبارەت بە ڤایرۆسێك کە درۆیە. ئەمە هیچ نییە بە بەراورد بەوەی  کە ڕووبەرووی دەبینەوە”.

” کارەساتەکانی کە لە قەرەنتینەدا ڕوودەدەن ببینن”

” وڵاتێکی گەشەکردوی ئابووریی نە مامەڵە و ئاڵوگۆڕی هەیە، نە گەشتیار، من دەبێت دووکانەکەم داخەم لە….کارایی کەرەنتینە زۆرن و زۆریش خراپترن لە خودی ڤایرۆسەکە:  پشێویی دەرونیی، توندووتیژی ماڵەوە و ناو خێزان ، دووکان داخراوە، شانۆ ، سینەما ، چێشتخانە هەموویی داخراون کە زەروور نیە.”

” لە درۆکردن بوەستن”

” بڵێ نا بۆ زورداران”

” بجەنگە بۆ ئازادیی”

” من بەشدارییم کردووە چونکە زۆر دڵگرانم بە ئازادییە مەدەنییەکان کە لێمان سەندراوەتەوە”.

” پسپۆرەکان درۆ دەکەن ، خەڵکی دەمرێت.”

” گوێ لە میدیا مەگرە، گوێ لە خەڵك بگرە”.

“سەرۆکی حکومەتی سکۆتلەند خائینە، ئێمە ئاژەڵ نین”.

 

پوچگەرایی لە بەهێزترین دەولەتی جیهان و پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا:

پوچگەرایی لە بەهێزترین دەولەتی جیهان و پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا:

زاهیر باهیر

16/05/2020

پوچگەرایی تا ئەو ڕادەیە لە ئەمەریکادا بەرجەستەبووە کە لات زەحمەت دەبێت کە چاوەروانی شۆڕش بکەیت کە لە وڵاتێکی ئاوادا ڕووبدات .

بە گوێرەی وتارێکی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی کە هەندێك ڕاستی دەخاتە بەرچاومان کە لە حەقەتدا دەکرا پێشبینی پێچەوانەکەی بکرایە.  بە گوێرەی ئەو وتارە :

  • لە سەدا 82ی ئەمریکییەکان دەڵێن باوەڕیان بە خوا هەیە .
  • لە سەدا 26 یان دەڵێن هەستی ئیماندارییان گەشەی زیاتری کردووە بە ڕوودانی کۆرۆنا . تەنها لە سەدا 1 یان ئیمانیان لاواز بووە .
  • دوو لەسەر سێ 3/2 یان، باوەڕیان وایە کە کۆرۆنا پەیامێكە لە خوداوە.
  • لە سەدا 31 ئیماندارانیان باوەڕیان وایە کە ئەمە پەیامێکە لە خواوە داوا لە مرۆڤایەتی دەکات کە خۆیان بگۆڕن . لە سەدا 31ی دیکەیان بە جۆێكی ئاوا هەمان بیرکردنەوەیان هەیە.
  • لە ناو پرۆتستانەکانا لە سەدا 43 پیان زۆر زیاتر ئیماندارن تاکو کاسۆلۆکییەکان کە لە سەدا 28 یانن.
  • ئیماندارێتی لە نێوانی ڕەشپێستەکانا زۆر بەهیزترە کە لە سەدا 47 ڕیژەکەیەتی  لە بەرانبەر خەڵکانی لاتین کە  بە ڕیژەی لە سەدا 37 ن و سپیپێست  بەڕێژەی لە سەدا 27 ن.
  • لەم سەردەمەی کۆرۆنادا ڕێژەی باوەڕداران بە خوا بە بڕی لە سەدا 2 بەرزبۆتەوە.

ڕاپۆرتەکە وردەکاری زیاتری تیادایە ئەمە لە کاتێکدا کە ئەمەریکا یەکێکە لە نابەرانبەرترن ، نایەکسانیترین کۆمەڵی جیهان .

لەوە دەکات گەر کۆمەڵی سۆشیالیستیشیان بۆ دروست بکەیت زهنیەت و مێتەڵێتی  خەڵکەکەی هێشتا ڕێگەی پێنەدات و هەڵیوەشێننەوە .

جیاوازی نێوانی حکومەتی بریتانی و کوردستان لە گەمژاندنی خەڵکیدا:

جیاوازی نێوانی حکومەتی بریتانی و کوردستان لە گەمژاندنی خەڵکیدا:

زاهیر باهیر – 08/05/2020

 

لە کوردستانا حکومەت ڕووداوەکان دەخولقێنێت و دوای ئەوە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و میدیای کوردی خەڵکی پیوە سەرقاڵ دەکەن وەکو پێشتر وتم تاکو خەڵکی سەرنجیان لەسەر کێشە سەرەکییەکان لابچێت.

 

لە بریتانیا پێچەوانەیە میدیای هاوپشتی حکومەت ڕووداوەکان دروستت دەکات و هەڵیان دەگرێت بۆ ئەو کاتانەی کە حکومەت دەبێتە جێگای ڕەخنە و سەرزەنشتکردن.

بۆ نموونە بەزمی  چەپڵەڕێزانیان  بۆ کارمەندانی بەشی تەندروستیی دروستکرد کە لە کاتێکدا خەڵکی زۆر باش دەیزانی کە گرفتی سەرەکی خەستەخانەکان نەبوونی زۆری پیداویستییەکان بوو بۆ ڕووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا.

 

دواتر پیرێکی 99 ساڵە کە مانگێك کەمتری مابوو ببێتە 100 ساڵ و خۆی کۆنە کاپتنی سەربازیی بوو ویستی چەند هەزار مەترێك پیاسە بکات تاکو 3000 پاوەند کۆبکاتەوە بۆ هاوکاری بەشی تەندروستی.  بەڵام میدیا کە هەر لەو کاتەدا حکومەت لەو پەڕی قەیراندا بوو کە لێشاوی مردنی خەڵکی لەبەرزبوونەوەدا بوو بەهۆی بێ دەربەستیی و ویستی ئەمانەوە،  میدیا چووە ژێڕ ڕیشی کابرای پیری داماو وایان لێکرد نزیکەی 3 هەفتە بە یارمەتی ئامرازیكی ڕێکردنەوە، ڕێکردنەکەی زیاد بکات و بە هەمان شێوەش کۆکردنەوەی پارەکەش.  ئیدی کابرا بەشێکی زۆری میدیا و هەواڵی تی ڤی و ڕادیۆکانی داگیر کرد و تا بووە هەواڵی سەرەکی بریتانیا و پلەی ” کۆڵۆنیالی” لە لایەن شاژنەوە بەدەستهێنا و 30 ملیۆن پاوەندیشی کۆکردەوە . کابراش بەر نەدەکەوت بۆ دیمانەکردن و بردنی بۆ سەکەنە سەربازییەکەی کاتی خۆی کاری لیدەکرد و تەیارەیان بۆ خستە ئاسمان و ڕیزێ سەربازو ئەوفسەریان خستە بەردەمی لە کاتی یادکردنەوەی تەمەنی 100 ساڵییەکەیدا،  و بە دەیەها هەزار کارتی پیرۆزبایی پێگەیشت و گەر ئەم زروفەش نەبوایە ڕیزیی وێنەگرتن لەتەکیا لانی کەم دوو سێ کیلۆمەترێك درێژەدەبووەوە.

 

لە ئێستاشدا، یەکەم ڕاوێژکاری بەشی تەندروستی بۆ حکومەت لەم وەختی کۆرۆنایەدا، کە پڕۆفیسۆرێکی 53 ساڵە کابرایەکی زۆر بە توانا یە لە کار و باری زانستا کە هەمیشە ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد کە لە ماڵەکانیانا بمێننەوە و نەچنە دەرەوە .  بەڵام ئەم کابرایە دۆستێكی ژنێکی بە شووی هەبووە کە لە ڕۆژی لە 30/03 و 08/04 دا دۆستە ژنەکەی هاتووە بۆ لایی و ماوەتەوە لای .  کەچی ڕۆنامەی تەلگراف کە دۆست و هاوپشتی حکومەتە کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەیزانی ئەم چیرۆکەی دوای 37 ڕۆژ لە جاری یەکەمەوە و 28 ڕۆژ لە جاری دووهەمەوە کەشف کرد .  بۆچی هەر یەکسەر نەی وت و هەڵی گرت بۆ ئەم دواییە؟

وەڵام: لەبەر ئەوەی ئەو کاتە ڕوداوی تر هەبوو بۆ گەمژاندنی خەڵك.  بەڵام ئێستا کە بریتانیا بووە بە یەکەم وڵاتی ئەوروپی لە قوربانییەکانی کۆرۆنا کە لە 30 هەزار تێپەڕیوە ، زۆر لایەن حکومەتیان خستۆتە ژێر فشارەوە بۆچی ئەمە؟ هۆکاری مردنی ئەم هەموو خەڵکە چییە؟ بۆچی زۆربەی کارمەندانی بەشی تەندروستی کە مردون خەڵکانی ڕەش و بنەچە ئیتنیکین؟

ئالێرەدا میدیا تورەکەکەی هەڵڕشت و ئەوەی کە زیاتر لە مانگێکە دەیزانی ، خەڵکی پێوە سەرقاڵ کرد.  ئیتر لە دوێنێوە هەر باس باسسی ئەم پیاوەیە و چی کردووە ، ئەم ژنە بە شووە چۆن مێرد و منداڵی بەجێهێڵاوە و هاتووە بۆ لای ئەم کابرایە …. هەموو لاپەڕەکانی تابلۆ و ڕۆژنامە کانی بریتانیا و میدیای پڕکردۆتەوە.

ئە ئاوا دەمانگەمژێنن!!!!

گارە-گاری “لامەرکەزی” و چەند تێبینییەک

گارە-گاری “لامەرکەزی” و چەند تێبینییەک

هەژێن پیزە قەرەج

09/05/2020

پێش هەموو شتێک، ئەوەی لە پاڵ سیستەمی دەوڵەتیی بە (فێدراتیڤ | لامەرکەزی | ئۆتۆنۆمی|خودموختاری) ناونراوە، هەر شتێک بێت، بەس ئەوە نییە، کە پڕۆپاگەندە دەکرێت.

گار-گارێک کە جەلالی و نیئۆجەلالییەکان بەرپایانکردووە، لاساییکردنەوەی قێزەونتری گارە-گاری “ڕیفراندۆم”ەکەی مەلاییەکانە و بەس، ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکانە، ڕاکێشانەوەی ئەندامە تۆراوەکانە، خۆشباوەڕترکردنی خۆشباوەڕانە؛
ئەگەر مەلاییەکان ٥٠% بەڕاستیی ئامانجیان لە سیناریۆی “ڕێفراندۆم” جیابوونەوە بووبێت، ئەوا ٥% ئامانجی جەلالییەکان [لایەنگرانی بنەماڵەی تاڵەبانی و دارودەستەکەی] و نیئۆجەلالییەکان [لایەنگرانی بنەماڵەی نەوشیروان] جیاکردنەوەی کارکێڕیی سلێمانییە لە هەولێر و دهۆک ..

فێدراتیڤکردنی [لامەرکەزیکردنی] پارێزگاکان جەنگی نێوخۆ نییە و دەستی مەلاییەکان لە سلێمانی یان دەستی جەلاییەکان لە هەولێر و دهۆک نابڕێت؛
لە مێژووی ئاڵمانیا هەرێم هەبوون، کە بە زۆریی یان ماوەیەکەی درێژ ئێس‌پێ‌دێ یان سێ‌دێ‌ئو فەرماندار بوون یان زۆرینەی دەسەڵاتدار بوون، بەڵام هەرگیز بەو واتایە نەبووە، کە پارتییەکەی بەرانبەر لەو ناوچە هیچ کارە بووبێت؛
بە واتایەکی دیکە زۆر ئاساییە، چەند ساڵی دیکە پدک لە پارێزگای سلێمانی ببێتە زۆرینە و هەر بە یاسای جیایی پارێزگاکان و سیستەمی پارلەمانیی پدک هەمان مافی چالاکیی و هەبوونی نێو سلێمانی هەیە.

لامەرکەزیکردنی سلێمانی بە واتای سەربەخۆیی ئابووریی لە فەرمانداریی نێوەندیی ئێراق و فەرمانداریی هەرێم یان هەڵوەشاندنەوەی فەرمانداریی هەرێم نییە. بە گوێرەی یاسای عیراقی فێدراڵ داهاتی عیراق بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت و پشکی سێ پارێزگاکەی هەرێم ١٧% دەبێت و لەنێو ئەو ١٧% پشکی سلێمانی دەستنیشانکراوە و پاش لامەرکەزیی-بوونی سلێمانی پشکەکە هەر ئەوەندە دەبێت کە تاکو ئێستا جەلالیییەکان و نیئۆجەلالییەکان و لاورگەکانیان [پارتیۆکە لاورگە ئیسلامی و چەپەکان] حەپەلووشیانکردووە !

تاقە شتێک کە دەگۆڕێت، ئەوەیە، ئەو یاسایەی کە تاکو ئێستا بەهۆی بۆشایی نێوان هەولێر و بەغداد پەیڕەونەکراوە، بۆ سەپاندنی زەمینە ئاسانتر دەبێت، ئەویش گەڕانەوەی سەرجەمی داهاتی پارێزگاکانە بۆ هەزێنەی نێوەند و دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکان، کە پشکەکەی سلێمانی هەر هەمان پشکی جارانە و بەس .. بە واتایەکی دیکە ئەگەر جەلاییەکان و نێئجەلالییەکان ڕاستگۆیانە و دەستپاکانە داهاتی کۆمپانییەکانی نەوت و چیمەنتۆ و …تد بنمەماڵەی تاڵەبانی و نەوشیروان ڕادەستی بەغداد بکەن، پشکەکە بە هەموان ڕێژەی زیاددەکات، چونکە دزییەکان نامێنن. ئەوەش واتە کاتێک چەتەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی و نەوشیروان نەتوانن داهاتی کۆمپانییەکان و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی وەک ئێستا حەپەلووشبکەن، بۆ بەدەسەتهێنانەوەی دزی و تاڵانییەکەی ئێستا هەمان داهاتی دزراوی کۆمپانییەکان لە پشکە داهاتەکە دەردەکەن؛
ئەوەش واتە بەشی خەڵک هەر ئەو بەدبەختییەی ئێستا بە زیادەوە دەبێت.

وەک گوتم، ئەو گارە-گارە لاساییکردنەوەیەکی قێزەونتری “ڕێفراندۆم”ەکەی مەلاییەکانە بۆ کۆکردنەوەی ئەندامە تۆراوەکان و گێلترکردنی گێلەکانە، سەرانی جەلالی و نیئۆجەلالی و مەلایی و ئیسلامی و چەپ [بە دیاریکراوی حشع] بەس کەسانی فەرماندار و ڕامیار و لۆبی نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ خۆیان سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانی فرە-بەشن لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکووک و …تد، هەرگیز ئامادە نین بۆ خاتری گێلەگێلی چەند شارچییەک بەرژەوەندی ئابووریی خۆیان لەنێو جەنگ و ئاگر بنێن؛ چونکە “نەتەوە و نیشتمان و ئایین و یەزدانی” سەرمایەداران و دەسەڵاتداران دۆلارەکان و قامچی دەسەڵاتە و بەس، بەس چەوساوەی گێلکراو بڕوای بەو شتانە هەیە!

ئاوای دابنێین، جەلالییەکان و نیئۆجەلاییەکان هەر بەڕاستیی ١٠٠% خوازیاری سەپاندنی یاسای فێدراڵیی پارێزگاکان و جیاکردنەوەی پارێزکاگانن، ئەی پرسی پارێزگای هەڵەبجە چی بەسەر دێت؟ ئایا جەلالییەکان و نیئۆجەلالییەکان ئامادەن ئەو مافە بە پارێزگای هەڵەبجە بدەن و خەڵکی ئەوێش سەربەخۆ لە نێوەندبوونی سلێمانی بڕیاربدەن و راستەوخۆ بۆ هەزێنە و فەرمانداریی بەغداد بگەڕێنەوە؟

کەڵکی گارە-گاری “لامەرکەزیی” لە ئیستا بۆ جەلالییەکان و نیئۆجەلاییەکان بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و لەبیرکردنەوەی پرسی نەدانی مووچەیە، کە سیناریۆ و ڕێکەوتنی مەلاییەکان و جەلالییەکان و نیئۆجەلاییەکانە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک لەم ساتە، تاکو داخوازیی مووچە بگۆڕن بە لامەرکەزیی، هەر ئاوا داخوازیی مووچە و ناڕەزایەتییەکانی کاتی “ڕیقناندۆم”ەکەی مەلاییەکان گۆڕدران بە داخوازیی “دەوڵەت” …

لامەرکەزییکردنی پارێزگاکان ناکاتە کۆتاکردنی ملهوڕیی پاراستن و زێرەڤانی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و کۆتاکردنی ملهوڕیی زانیاریی و “دژەتیرۆر” لە هەولێر و دهۆک … بەپێچەوانەی تێگەییشتنی چەوساوەی گێلکراو هەر کات لە هۆرامان و سارەزوور و گەرمیان و شارباژێر و قەرەداخ خەڵک ڕاپەڕێت، بەبێ یەک و دوو هێزەکانی زێرەڤانی بۆ سەرکوتکردن دێن، چونکە ئەوان پاڕیزەری سەروەریی چینایەتییین و هەر ئاوا سەرانی پدک لەو ناوچانە بەرژەوەندی ئابووریی و پشکیان هەیە. هەر ئاوا هەر کات لە زاخۆ، دیانە، دهۆک، هەولێر خەڵک راپەڕین و دەسەلاتی مەلاییەکان لەق ببێت و سەروەریی چینایەتی بکەوێتە مەترسی، ئەوا هێزەکانی “دژەتیرۆر” لە زاخۆ کوشتوبڕدەکەن.

سنووری وڵاتان و لامەرکەزیی حکومەتەکان بەس لەنێو هۆشی چەوساوەی گێل بوونیان هەیە، بەرژەوەندی و دەسەڵاتی سەرمایە کیشوەر و وڵات و هەرێم و ناوچە و پارێزگا و شار و گوندی ناناسێت و ئەو کڵاوە بەس بۆ کۆیلەی سوپاسگوزار درووستکراوە.

بە درێژایی تەمەنی سەروەریی چینایەتیی ئەو سیناریۆ و گەمانە هەبوون، بەس شێوە و ڕەهەندەکانیان گۆڕدراون، تاکو چەوساوەی گێلکراو ڕەدووی ئەو بەزمانە بکەوێت، بازاری ڕامیاران و سەرمایەداران گەرم دەبێت و کۆیلانی سوپاسگوزاریش هەر خەریکی ماچکردنی چەکمەی جەلادان دەبن.

لامەرکەزیی هەرگیز مەترسی جەنگی نێوان پارتییە دەسەلاتدارەکان [یان راستر بڵێم کۆمپانییە هەرێم-لووشەکان] لەنێونابات، بەپێچەوانەوە، لەبەر ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان و عیراق هەر پارتییە و هیزی سوپایی و پۆلیسیی خۆی هەیە، هەر کات بەرژەوەندی ئابووریی یەکێک لە کۆمپانییەکان [پارتییەکان | حزبەکان] لە پارێزگای ژێر دەسەلاتی پارتییەکەی دیکە بکەوێتە مەترسی، بەدڵنیاییەوە پارتیی فەرماندار لە پارێزگاکەی دیکەوە دێت و هێرش دەهێنێت…

دەوڵەت هەر دەوڵەتە، حکومەت هەر حکومەتە، جەلالد هەر جەلادە، مشەخۆر هەر مشەخۆرە، کۆیلە هەر کۆیلەیە، ئەوەی سەری تۆی چەوساوەی گێلکراو لەژێر چەکمەی کامە جەلاد دەپڵێشێتەوە، ئەوەی ڕەنجی دزراوی تۆی چەوساوەی گێلکراو لەنێو گیرفانی کێ کەڵەکە دەبێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە تۆی چەوساوەی گێلکراو کۆیلەی سەروەریی پارتییەک، سەرمایەدارێک، حکومەتێک، پارلەمانێک، دەوڵەتێک، زلهێزێک هەیت و تاکو تۆ “فی سبیل اللە” وەک ئەکتەری نێو سیناریۆکانی رامیاران و سەرمایەداران خەریکی گوتنەوەی بەزم و بالۆرە ڕامیارییەکان بیت، وەک کەری نێو هۆنراوەکەی (پەشێو) بارەکەت چل مەن دەبێت!

بە کورتیی: خۆزگە پاش ڕوخاندنی فەرمانداریی بەعسییەکان و چێکردنەوەی فەرمانداریی عیراق، یەکسەر لەجیاتی دوو فەرمانداریی نیوەند و هەرێم، فەرمانداریی پارێزگاکان پەیڕەوبکرایە و هەر پارێزگا پارلەمان و فەرمانداریی خۆی هەبووایە. بەدڵنیاییەوە زۆرێک لە نەهامەتییەکانی نێوان شیعە و سوننە، هەرێم و نێوەند، …تد ڕوویاننەدەدا و ڕووبەڕووبوونەوەی نەاڕەزایەتی دانیشتووانی پارێزگاکان لەتەک پارتیی یان هێزی فەرمانداری پارێزگاکان جێگەی قین و دەمارگیریی (شیعە و سوننە) و (کورد و عەرەب)، (موسوڵمان و مەسیحی) و (موسوڵمان و ئێزیدی) دەگرتەوە، جەنگی نێوان برا-دزەکان جێگەی جەنگی نێوان ناهوشیاران و خۆشباوەڕانی شیعە و سونننە، کورد و عەرەب، …تد دەگرتەوە؛ ئێستا ئێمە بینەری جەنگ و شەڕەجنێوی نێوان هیرۆ و کوڕەکانی، کچەکەی نەوشیروان و کوڕەکان، نێچیر و مەسروور و مەسعود دەبووین؛ بینەری جەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی حشع و ئیسلامییەکان …

هەر ئاوا، پێش گارە-گارەکەی “ڕیقناندۆم” نووسیم، ئەگەر نەمرین، “بانە و سەریاس”ی پاش ڕیقناندۆم دەبینین و چ پێویست بە “سێ تەڵاقە ناکات”، ئێستاش دەێڵێمەوە ئەگەر نەمرین “بانە و سەریاس”ی پاش “لامەرکەزیی” دەبینین و هیچ پێویست بە “سێ تەڵاقە”ی نێوان “سۆرەی قوندەرباب” و ” بادینی سەگباب” ناکات، هەموو “سۆرە قوندەربابەکان” و “بادینییە سەگبابەکان” چەوساوەی گێلکراون و وەک کۆیلەیەکی سوپاسگوزار خەریکی ماچکردنی چەکمە و شەلاقی چەوسێنەرانن.

ئەڵتەرناتیڤی من بۆ دەوڵەت و حکومەتی مەزکەزیی و لامەرکەزیی، خێڵەکیی و پاشایی و نەتەوەیی و ئایینی و سێکیولار و چەپ، خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ناوچەکانە لەنێو قەبارەی کانتۆنەکان [کانتۆنی هۆرامان، کانتۆنی شارەزوور، کانتۆنی شاربازژێر، کانتۆنی قەرەداخ، کانتۆنی گەرمیان، کانتۆنی دەشتی هەولێر، کانتۆنی بادینان]، بەدیهاتنی ئەوەش پێویستی بە چەند هەنگاوێکە :

– وازهێنان لە پارتییەکان | حزبەکان

– فڕێدانی چەک و وازهێنان لە سوپا و پۆلیس و سیخوڕیی

– خۆڕێکخستن لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و ئەنجوومەنەکانی گەڕەک و سەندیکاکانی کارخانە [هەڵبەتە بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و خۆجێیی و ناڕامیاریی]

– هەوڵدان بۆ پێکهێنانی خۆبەڕێوەبەریی هەنگاو بە هەنگاوی گوند و گەڕەک و کارخانە و خزمەتگوزارییەکان تاکو دەکاتە پێکهێنانی تۆڕی فێدالیستیی خۆبەرێوەبەرییەکانی کۆمەڵگەیەک ….

– بەڵام لە هەمووی گرنگتر و پێویستتر خۆلادانە لە چەکدارکردن و ڕامیارییکردن و حزبییکردنی بزووتنەوەکە، چونکە سەرەنجامەکەی ئەو ماڵوێرانی و تێکشكانە دەبێت، کە بەسەر خۆسەریی گوند و شارەکانی باکوور [ ئامەد و دەرسیم و وان و …تد]

– خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی گوند و ناوچە و هەرێمەکان پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە [سەربەخۆبوونی تاک و جەماوەر]، گۆڕینی شێوازی ژییان [خۆڕزگارکردن لە بازار و کۆمپانییەکان | خۆبەسێی ئابووریی]، گۆڕینی شێوازی ڕێکخستن [ناقووچکەیی و نانێوەندیی واتە ئاسۆیی و بەبێ سەرۆک و هاوسەرۆک، خۆجێی]

– ئەوانە و دەیان هەنگاو و هەوڵی دیکەی کۆمەڵایەتیی کە لەم ساتە خەیاڵی من بڕناکات، یان من ئەوان نازانم … ئەوە بڕیاری کەسێک نییە و نابێت، پرسی گشت کۆمەڵ دەبێت، بەڵام لەبیرنەکەین، هەموو گۆڕانێک لە تاکەکەس و لە خودی تۆوە دەستپێدەکات؛ تۆ یەکێکی لە بەردەکانی پێکهاتنی دیوارەکان و پردەکان، تۆ دڵۆپی پێکهاتنی دەریاکان و گەردی پێکهاتنی شاخ و گردەکان دەبێت و بەبێ تۆ و تۆکانی دیکە هیچ بوونێت بوونی نییە و نابێت! بەبێ خۆشباوەڕیی و گیلبوون و دۆشدامانی من و تۆ و ئێمە هیچ ملهوڕیی و مشەخۆریی و دەوڵەت و سەروەرییەک بوونی نییە و نابێت!

ئەگەر خوازیار هەیت دیوار و پردەکانی مشەخۆریی سەرمایەداران و ملهوڕیی ڕامیاران بڕووخێن، تۆ وەک یەکێک لە بەردەکانی پێکهێنانی ئەو دیوار و پردانە لەنیو ڕیزبەندییەکە دەربچۆ، تاکو دیوار و پردەکانی سەروەریی چینایەتی [کۆیلەتی خۆمان] بڕووخێن!

کەی خۆهوشیاریی خۆبەڕێوەربەریی کۆمەڵایەتیی لەنێو ئاوەزی تاکەکانی کۆمەڵ سەریهەڵدا، ئەو کات هەڵهاتنی خۆری ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی و یەکسانی و دادپەروەریی مژدەی سبەینێ دەبێت .

“دەستم بە هەویرە، هەر ئەوەندەم لەبیرە”