Zaher Baher
09/11/2026
دوای دوو ساڵ خەبات و تێکۆشان، دووساڵ دانی باجی سەرکوتکردن و سوتانی ماڵی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، دەسگیرکردنیان و زیندانیکردن و لێدان و ئەشکەنجە ، تەنانەت کچانی خۆێندکار لە پۆلیسخانەکاندا ڕووتکروانەتەوە و سوکایەتییان پێکراوە، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
سەرەتا داخوازییەکانیان وەکو خۆیان دەڵێن هەرگیز دەسەڵات نەبووە بەڵکو ئاشکراکردنی هەموو بەڵگەنامەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی وێستگەی شەمەندەفەری نۆڤی ساد بوو ، لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی بەرپرسیار بوون لەو کارانە، لەگەڵ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە شەقامەکاندا دەستدرێژییان کردۆتە سەریان.
دووساڵ خەبات و تێکۆشان، خۆڕێکخستنی بە کۆمەڵ، بێ ڕابەر و سەرکردە بە بەکارهێنانی دیمۆکراسی و چالاکی ڕاستەوخۆ، دروستکردنی ئەنجومەنەکانی گەڕەک ، ناپلەبەندیی ، بڕیاردانی دەستەجەمعی و گرێدانەوەی بزوتنەوەکەیان بە گەنجان وتوێژاڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. هەموو ئەمانە خەسڵەت و تایبەتمەندی بزوتنەوەکە بوون کە توانی نەك هەر حکومەتی سێبریا هەڵوەشێنێتەوە، بەڵکو لیستی کاندیدەکانیان لە هەڵبژارندەکەی دوو هەڤتە لەمەوبەر زۆرترین دەنگیان هێنا.
ئەم مۆدێلی تێکۆشانە بەم هەموو خەسڵەتانەوە ڕەنگە ببێتە مێتودیێکی نوێ لە بەگژاچونەوە و ڕاپەڕینەکانی شوێنەکانی دیکە بە تایبەت لە ساڵی ئایندەدا لە چوار وڵاتی گەورەی ئەوروپا : ئیسپانیا، ئیتالییا ، فەرەنسا و پۆڵۆنیا هەڵبژاردن دەکرێت بۆیە دەکرێت بڵێین لیستی خوێندکاران تەنها سەرکردایەتی سیاسی سێربیا ناگۆڕێت بەڵکو شێوازە نوێیەکانی ڕێکخستن و هاوپشتی بۆ شوێنەکانی تریش دەگوێزێتەوە.
لەگەڵ وتنی ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانین کە بزوتنەوەکە دژ بە گۆرینی ستەمەکە کە بناغەی هەموو خراپەکارییەکە نەبوو، بەڵکو دژ بە سیاسەتی ئابوری و پەروەردە و ڕۆشنبیری حوکمی لیبراڵ بوو ، گۆڕینی دەموچاوەکان بوو بۆ کردنی هەندێك ڕیفۆرم بەڵام نەك گۆڕانکاری ڕیشەیی . ئەوان دەڵێن ” دوای ئازادی، دەمانەوێت شتێکی ڕادیکاڵ بدەین بە گەلەکەمان، ئەویش دەوڵەتێکی ئاسایی و کارا”
کەواتە گرنگە بزوتنەوەکان لێرەدا نەوەستن ، بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی، دەوام بە خەبات و تێکۆشانیان بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دروستبوونی کۆمەڵگەیەیەکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی.
