لە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل-دا

11/08/2026

شاخ

لە رۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێل-دا تێمایەک هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن دەسەڵات وادەکات مرۆڤە باشەکان لە ژێر فشار و زوڵمدا بگۆڕن بۆ بەشێک لە ستەمکاری و تەسلیمبوون، ژوری ١٠١ ژورێکە کە تایبەتکراوە بۆ ئەم ئامانجە، لەوێدا فشاری تایبەت بەکاردەهێنرێت تا رۆحی بەرەنگاری هەر مرۆڤێکی جوامێر بگۆڕن بۆ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لە دڵڕەقی سیستەمەکە.

لە کەمپەکانی قڕکردنی جولەکەکانیشدا لە ئەڵمانیای نازی، تیمێک هەبوون بە ناوی (سۆندەر کۆماندۆ) کە لە زیندانییەکان خۆیان پێکهاتوو، ئەم کۆماندۆیانە لە پێناوی زۆرتر مانەوەی خۆیاندا هەماهەنگی تەواوی پۆلیسی (ئێس ئێس)یان دەکرد، لە پاراستنی ئارامی کەمپەکە و خنکاندن و سوتاندنی جەستەی قوربانییەکان کە بەشێکیان کەس و کاری نزیکی خۆیان بوون.

لە سەردەمی رژێمی بەعسیشدا زۆر کەس دەبوونە تەواری و جاشی سیستەمە ستەمکارەکە تا بەو هۆیەوە خۆیان لە زوڵم و ستەم بپارێزن.

ئێستاش لە سایەی جەردەسالارییەکەی هەرێمەوە هەمان تێما هەیە، کەمێ لە مرۆڤە جوامێرەکان، بەشێکی کەم لە خەڵکە باشەکە توانیویانە تا ئێستا تەحەمولی ژووری ١٠١ی زوڵم و بێداردی سوڵتەی هەرێم بکەن. تەنانەت یاسا لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ داد، ئامرازێکە بۆ زوڵم، بەشی هەرە زۆری ئەو زوڵمەی لەسەر خەڵکی کوردستانە بە یاسا پالپشتیکراوە، لە بری ئەوەی دادوەر لە لۆژیک و فەلسەفەی دادپەروەری رابمێنێت، تەنها جاڕچییەکە و فەرمانی قەڕاڵەکان دەخوێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە رەشبینی و بێئومێدی لە رزگاربوون هێندەی تر ئیرادەی مرۆڤە باشەکان دەهاڕێت، جیا لە بەرەنگاری و مردنێکی شکۆمەندانە، تەنها یەک رێگە کراوەیە کە ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی تا هەتایە قوربانی نەبیت، ببیت بە سۆندەر کۆماندۆ، یان ببیت بە وینستۆنی ژوری ١٠١ی ناو رۆمانەکەی ئۆروێل.. ببی بە بەشێک لە ستەمکارییەکە بۆ ئەوەی لە بەشێکی ئەو هەموو هەڕەشە و ئیهانە و چەوساندنەوەیە رزگارت ببێت… ئەگەر نابیت بە سۆندەر کۆماندۆ ئەوا هەر لەو جێگەیەدا بە فیشەکێکی زوڵم و ستەم بەلاتدا دەهێنن، ئەگەر نابیت بە بەشێک لە کاسەلێسی حیزبی بیگ برازە دەبێت تەحەمولی جڕوجانەوەرەکانی ناو ژوری ١٠١ بکەیت..

دەردی پابەندی بە ئەخلاقەوە، ئازاری رێزگرتن لە شکۆی خۆت، مەینەتییەکانی باشبوون لەم فەزایەدا زۆر قورسە.. زەلیلییەکی ئێجگار قورسە، لەبەر ئەوەی نەبووین بەبەشێک لە سیستەمە هیچ و پوچەکە دەبێت تەحەمولی ئەو زەلیلییە بکەین..

باشبوون لەم فەزایەدا بە بڕی ئیکرامییەکان و ژمارەی رێزلێنانەکانت ناپێورێت، بەڵکو بە رادەی زەلیلیمان پێوانە دەکرێت.. ئەگەر تۆ لەمن زەلیلتریت دڵنیابە هی ئەوەیە کە لە من جوامێرتر و باشتریت.