لە ئەوروپا دژ بە خەڵکی بێیانە بە ناوی ڕایسیسزم و لە وڵاتانی دیکە بە ناوی کۆچبەران و لێقەوماوان، هەمان ناوەرۆک و هۆکاریان هەیە  

Zaher Baher

30/06/2026

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەوروپادا دەیینینن بوونی کەمپەینێکی ئێکجار گەورە لەژێر ناوی پارت و ڕێكخراوی جیا جیادا دژ بە پەنابەر و کۆچبەر و تەنانەت نەوەیەکیش کە هەر لە ئەوروپا لە دایک بوون .

ئەمڕۆ لە هەندێك وڵاتی دیکە هەمان کەمپەینی لەو چەشنە هەیە بەڵام بە ناوی دژە کۆچبەران .  یەکێك لەو وڵاتانە ئەفریقای باشوورە کە خودی خۆی ماوەیەك زۆر لەژێر  حکومەتی ڕایسیستی توێژاڵێك لە سپی پێستەکاندا دەیناڵاند  تاکو ساڵی 1994.  ئێستا لەم وڵاتەدا پارت و گروپگەلی زۆر دروست بووە بۆ ناردنەوەی ئەفریقییەکانی دیکە کە نزیکەی 3 ملیۆن کەسن کە لە وڵاتانی وەکو : مالی ، کۆنگۆ و ، نایجیریا و مۆزەمبیق و زیمبابۆی و تد  هاتوون. کەمپەینی دژ بەوان لە سەرەتای ئەمساڵدا زۆر بەهێزتر تا پێشتر دروست بووە تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمە چەند ڕۆژێکە  جەماوەرێکی زۆر بە تێڵا و دار و ئامرازە کۆنەکانی شەڕەوە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و داوای ناردنەوەیان دەکەن بۆ وڵاتەکانی خۆیان .  خەڵکەکە ئەوەندە توڕەن فەزایەکی زۆر مەترسیداری لەوێ دروست کردووە ، وای لێهاتووە کە ئەوانەی هاتوون خۆیان بە ناچاری لە ترسی گیانی خۆیان دەیانەوێت بگەڕینەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 50 هەزار کەس کە ” نایاسایانە” هاتوونەتە ئەفریقای باشوورەوە لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون ، پۆلیس دەیەوێت ڕەوانەی  ئەو وڵاتانەیان بکەنەوە  کە لێوەی هاتوون

ڕایسیسزم و ڕە و کۆچ ڕیشەی گرفتەکە نەبوون نین بەڵکو ئەمانە ئیفرازاتی سیستەمی سەرمایەدارییە کە لە کاتێکدا خولقینەری جەنگ و بێ کاری و نەبوونی و بێ ماڵ حاڵ و ڕەوکردنە.  لە لایەکی دیکەوە هەر سیستەمەکەیە کە لە ڕێگەی دەوڵەتەکانەوە کە کۆمپانیا و بزنسمان و ئێلیت هەڵی دەسوڕێنن دەستبەرداری هەندێك خزمەت و خزمەتگوزاری لە وڵاتەکانیاندا بوون بە داخستنیان، کەمکردنەوەیان، بڕینی بیمەکان و فرۆشتنی خانووەکانی سەر بە شارەوانی ، دروستنەکردنی خانوی دیکە ، داخستنی هەندێک لە بەشەکانی خەستەخانەکان و کەمکردنەوەی دکتۆر و نێرس و زۆر کەموکوڕی دیکە کە دەوڵەت خولقاندویەتی کە ئەمەش وای کردووە کە خزمەتگوزارییە مەوجودەکان لە عەوێزەی هەموو خەڵکی وڵاتەکەدا نایەن. ئەمانە و، لە پاڵ هەندێك ڕەفتاری نە شیاو و قێزەوەندی خودی پەنابەران و کۆچبەران خۆیان، زەمینەی بۆ سەر هەڵدانی کەسان و پارت ڕێکخراوی  ڕایسستانە لە وڵاتانی دیکەشدا بە ناوی ناردنەوەی کۆچبەران رەخساندووە . 

گەرچی ناوەکان جیاوازان ، بەڵام چالاکییەکان دژ بە کۆچبەران و بە بێیانە لە  ئەورپاش و لە وڵاتانی دیکەدا یەك ناوەرۆکیان هەیە و هەمان هۆکاری بوون یا دروستبوونیان هەیە .