Zaher Baher
24/04/2026
زۆرێك لە چەپەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە کاتێک کە دەبینن تێشکانێکی دارایی ڕودەدات وەکو داخستنی هەندێك لە بانقەکان یاخود ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی ئابووریی، وەکو بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە ( بەرزبوونەوەی تێچووەکانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە ) ئیتر ئەو برادەرانە دەڵێن سەرمایەداری لە قەیراندایە ، هەر لەبەر ئەوەی کە لە کتێبەکاندا خوێندویانەتەوە کە بیرمەندەکان ئاوایان وتووە .
من لەم بارەوە زۆرم نوسیوە و پۆستی زۆرم کردوە یاخود لە کۆمێنتی هاوڕێیان و برادەران لەسەر پۆستەکانم سەرنجی خۆمم لەم بارەوە داوە، کە سەرمایەداری زیاتر لە سەدەیەكە قەیرانی بە خۆیەوە نەدیوە .
لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم و یادی ئەو برادەرانەی دەهێنمەوە:
سەرمایەداری سییستەمێکی بەهێزی بەیەکەوە گرێداراوی هەمە لایەنەیە . سیستەمی سەرمایەداری هەر پارە و ئابووری نییە بەڵکی ڕۆشنبیری و فەرهەنگییە ، کولتورییە ، سیاسییە ، هونەرییە ، پەروەردەو خوێندنە ، سروشت و ژینگەیە، نەریت و خووە، دین و مەزهەبە، نەژادپەرستی و ڕایسیزم و فاشیسزمە …… تد
هەمو ئەوانە سیستەمی سەرمایەدارییان تەکمیلە کردووە . گرنگ نییە ئەگەر سەراپای بانقەکانی سەرمایەداری بە صندوقی دراوی نێودەولەتی و بانقی مەرکەزی ئەوروپا و بانقی جیهانییە و لە قەیراندا بن ، یاخوود بەشە ئابوورییەکەی سەرمایەداری لە قەیراندا بێت . ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیستەمی سەرمایەداری لە قەیراندایە . لەبەرئەوەی بەشەکانی دیکەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان زۆر جالاک و کاران هێشتا سەلامەتن ، چونکە مانەوەی کولتور و پەروەردەی سەرمایەدارایانە ، نەریت و خوی بورجوازییانە ، دەسەڵاتی سییاسیانە، بونییە/ پێکهاتەی کۆمەڵی هیرراشیانە / پلەبەندیانە هەروەها چینایەتیانە هەر هەموویان هێشتا بە پێوەن و سەلامەتن. ئەمانە دەتوانن سیستەمەکە بە باشی ڕاگرن ئەو داڕمان و قەیرانەش کە لەو دوو بەشەی کە باسم کردن ڕووی داوە، ژیانیان بەبەردا ببێتەوە.
تا ئەو کاتەی کە تەنها ئەم رستەیە لەسەر زاری خەڵکی بێت و باوەڕیان پێی هەبێت ” ئەمە دوا سیستەم و باشترین سیستەمە کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە و کۆتایی مێژووە ، گۆڕانکاری ڕوونادات ..” دڵنیات دەکەمەوە کە سیستەمەکە لە قەیراندا نییە ئەوە ئێمەین لە قەیرانداین بە پاساو و بیانوی جیا جیا لە جەنگی خۆخۆریداین.
